Friday, August 11, 2023

وتوێژ لەگەڵ دیانا نامی بەڕێوەبەری ئیکورۆ " ڕێکخراوی مافی ژنانی ئێرانی و کورد" لە سەر کتێبەکەی Girl with A Gun، پێنجشەمە ٢٩-ی جوونی ٢٠٢٣

وتوێژ لەگەڵ دیانا نامی  بەڕێوەبەری ئیکورۆ " ڕێکخراوی مافی ژنانی ئێرانی و کورد" لە سەر کتێبەکەی
   Girl with A  Gun، پێنجشەمە ٢٩-ی جوونی ٢٠٢٣

حەسەن قازی:  بەڕێز نامی زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ ئەم بەرنامەیە. دیارە جەنابت دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی ژنانی ئێرانی و کوردی و بە دەرەجەی یەکەمیش نووسەری ئەم کتێبەی [ کتێبەکە نیشان دەدا]. ئێمە ئەمشەو لە سەر ئەم کتێبە قسە دەکەین کە بە زمانی ئینگلیسییە گرڵ ویت ئێ گان  ( کچ بە چەکێکەوە). دیارە ئەو کتێبە کە من خوێندوومەتەوە و زۆر چێژم لێ دیوە تەرخان کراوە بۆ ژیاننامەی نەک هەر شەخسی بەڵکوو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیش. بەڕێزت لە ماوەیەکی درێژی چەندین ساڵە تا ١٩٩٠کان کە هاتووی بۆ ئوڕووپا. ئەمن بێ ئەوەی کە بمەوێ لەگەڵ بەڕێزت هیچ موجامەلە و ئەوەی کە ئێرانی پێی تەعاروفێک بکەم  بە ڕاستی چێژم لەو کتێبە وەرگرت چونکوو پێم وایە سەرەڕای ئەوەی کە مومکینە لە سەر هێندێک بەشێ بۆچوونم هەبێ یا ڕەخنەم هەبێ کە دوایە باسی دەکەم، پێموایە سەرچاوەیەکە بۆ ئەو کەسانەی بە زمانی ئینگلیسی دەخوێننەوە و ئاشنا نین لەگەڵ ئەدەبیاتی کوردی یا ئەدەبیاتی فارسی بۆ ئەوەی ئاگادار بن لە کورتە مێژوویەکی خەباتی ژنان بە تایبەتی  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای گۆڕانی ڕێژیم لە ساڵی ١٩٧٩، ئەگەر ئەو کتێبە بخوێننەوە دە ڕاستیدا وەکوو سەرمقەستێکە دێتە دەستیان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو خەباتە کە خەباتێکی کە دە عەینی حاڵ دا قارەمانانە بووە بەڵام خوێناویش بووە بتوانن تەعقیب بکەن. زۆر بە خێر بێی.
دیانا نامی: زۆر سپاست دەکەم کاک حەسەن بۆ ئەوەی کە دەعوەتت کردووم بۆ بەرنامەی ڕاوێژ و سپاست دەکەم. خۆشحاڵم کە چێژت لە کتێبەکەم بینیوە و منیش حەول و تەقەلام ئەوە بووە کە بە ڕاستی بتوانم  بە قەولێ  تەسویرێ لەوە بدەم کە لە کوردستان چی گوزەرا لەزەرفی ئەو دە ساڵ، دوازدە ساڵە دا کە ژنان هاتنە ڕیزی پێشمەرگەوە و موبارەزەیان کرد. هیوادارم کتێبەکەم توانیبێتی بڕێک لەو ئیتلاعاتە بدا بە خەڵک بە تایبەتی  بە زبانی ئینگلیسی شتمان زۆر زۆر کەمە لە سەر کوردستان، موبارەزە یەکجار زۆر کراوە و بە داخەوە نە لە باری تاریخییەوە شتمان زۆرە دەتوانم بڵێم تەقریبەن نییە و نە لە باری خاترات و ئەوانەوە خەڵک زۆر کەم  هاتوون بیروڕای خۆیان نووسیوە. بەسەرهاتی خۆیان ڕەنگە بڵێم باشترە. من حەولی ئەوەم دا بەشێک لەو تاریخە بتوانم، یا لەو بەسەرهاتانەمان بینووسم  و بیخمە ئیختیاری دنیا، ئەوانەی کە بە ئینگلیسی ئەتوانن بیخوێننەوە. هیوادارم بتوانین بە زمانی دیکەش تەرجومە بکرێ لە داهاتوو دا و ئەم تەجروبە ئەتوانم بڵێم ئەوە تەجروبەی تەنها من نییە، بە ڕاستی تەواوی ئەو ژنانە کە لەوێ بوون و موبارەزیان کردووە من نموونەیەکم یان قەترەیەکم لەو دەریایە و حەزم کرد تەسویرێکی عموومی تر بدەم بە خەڵک.
قازی: زۆر باشە، ئەمن تەماشای کتێبەکەم کرد، سەردێڕەکانی یا سەربەندەکانی، فەسڵەکان یا چاپترەکانیم وەرگێڕاوە لە سی و سێ بەش پێک  هاتووە و بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بیری بینەرانیشمان لەگەڵ بێ هەتا دوایی و ناوەرۆکی کتێبەکە بزانن پێم خۆش بوو سەرقەڵەمەکانی باس بکەین. جەنابت لە ئەوین و خۆشەویستییەکی کە نیسبەت بە باوکت هەستت پێ کردووە لە منداڵییەوە لەوەڕا دەست پێ دەکەی جا من پێم خۆش بوو ئەو مەسەلە تێکەڵ بکەی لەگەڵ چلۆنایەتی بنەماڵەییتان لە شاری بانە. فەرموو!
نامی: باوکم نانەوا بوو پیاوێکی هەتا بڵێی مێهرەبان و دڵی گەورە بوو. زۆر زۆر خانەوادەی خۆش دەویست و پێی خۆش بوو بە قەولی خۆی ئەیوت نەیەڵێ قەت هاوسەر کەم بین و لە ناو ئەو خەڵکە دا کەم دیار بین. تەبعەن وەکوو دەوڵەمەندی دەوڵەمەند نەبووین، باوکم نانەوا بوو ئەڵبەتە فەقیر نەبووین ئەوەیشی بوو بەڵام زۆر هەوڵی ئەدا کە لیباسمان پۆشتە و پەرداخ بێ، چووزانم خواردنمان باش بێ ئەهمییەتی بە سڵامەتیمان زۆر ئەدا. بەڵام لە هەمووی موهیمتر ئەوە بوو کە فەرقی نەئەخستە بەینی کچ و کوڕەکانی. من هەمیشە لە کتێبەشمدا نووسیومە داستانێک کە باوکم ئەیگێڕاوە بێ حەد پێم خۆش بوو، ئێستا بیری لێ ئەکەمەوە زەوق ئەکەم. پێی دەگوتین وەختێک کە من لە دایک ئەبم ئەڵبەتە باوکم سێ ژن دێنێ بۆ ئەوەی منداڵی بێ، ئیتر دایکم ئەو ئارەزووەی بەراوەرد دەکا.
قازی: یانی پێش ژنی سێهەم منداڵی نەبووە؟
نامی: ژنێکی بە سەر منداڵەوە ئەڕوا، کە دوای دوو حەفتە منداڵەکەشی ئەمرێ، ژنی دووهەمی مناڵی نابێ ئەسڵەن لە لێی جیا ئەبێتەوە. ئیتر لەگەڵ دایکم کە ئیزدیواج ئەکەن، زەماوەند ئەکەن من ئەبم بە ئەوەڵین منال، بەقەولێ زۆر ئاواتە خواز بووم. جا باوکم وا ئەگێڕێتەوە ئەچێ بۆ گەڕەکەکە ئەو وەختە خورما و کشمیش و ئیتر نوقڵ و نەبات و ئەوانە پەخش ئەکاتەوە بە دەر و دراوسێ دا، هەموو پێی ئەڵێن شاتر (یانی نانەوا) پیرۆزباییت پێ ئەڵێین کە کوڕت بووە. ئەویش ئەڵێ: کوڕم نەبووە و کچم بووە بەڵام بە سەد کوڕی ناگۆڕمەوە. یانی بە زەوقەوە هەمیشە باسی ئەکرد من زۆرم پێ خۆش بوو. هەمیشە ئەو ئێحساسەی پێ ئەدام کە باوکم ئێمەی بە تایبەتی خۆش ئەوێ، دیارە هەر من نا!
قازی: ئەوە دیارە شتێکی زۆریش دەگمەنە لە کۆمەڵێکی بڵێین تا ڕادەیەک داخراو دەوسەروبەندی دا، لە شارێکی سنووری وەکوو بانە
نامی: سنووری و چکۆڵە ئەوە بەڵێن. ئەوە زۆر ئێعتماد بە نەفسی ئەدامێ. خۆشەویستی باوک بە قەولێ ئەو ئێعتماد بە نەفسەی موڕەتەب پێ ئەداین، دەستی ئەگرتین لە هەڵپەڕین، بچین بۆ دووکان نانی لێ وەربگرین، چووزابم بمانبا بۆ خەرید شت بکڕین، بچین بەملا و بەولا. هەمیشە پێی دەگوتین چ پارچەیەکتان پێ جوانە بۆتان بکڕم، وا نەبوو خۆی بیکڕێ و بیهێنێتەوە. حەتمەن نەزەری ئێمەی ئەپرسی. خودی ئەوانە زۆر ئێعیماد بە نەفسی دابوو بەمن، بە تایبەت وەکوو مناڵی ئەوەل، لە خانەوادە من خوشک و بڕایەکی تریشم هەن بەڵام  من گەورەی مناڵەکانم . ئەو ئێعتماد بە نەفسەی پێ دابووم کە بە زۆر شت قاییل نەبم، زۆر شت بێتە ژێر سوئال بۆم، تەبعیزات، مەسائیلی دەوروبەر، فەرقی بەینی ژن و پیاو و زۆر مەسەلەی تر ئەبوو بە سوئال بۆم. بەڵام ئەو خۆشەویستییەی کە باوکم پێی داین من پێم وابێ زۆر موهیم بوو لە زیندەگی من دا و فکر ئەکەم لە زیندەگی زۆر کچا موحەبەتی باوک و ئەرزش و ئیحتڕامێک کە باوک دای ئەنێ بە تایبەت بۆ کچەکەی ئیعتماد بە نەفس و ئیحتڕامی کچەکەی یەکجار ئەباتە بان لە ناو جامعە دا.
قازی: باشە، بە لێکدانەوەی خۆت پێت وایە کە ئەنگیزەی چ بوو کە ئاوا ڕەفتاری دەکرد، یانی لە چی ڕا ئەوەی وەرگرتبوو پێت وایە. پێشینەی سیاسی هەبوو؟

نامی: باوکم پێشینەی سیاسی هەبوو، دوایە بنی ئادەمێکی زۆر بەرابەری تەڵەب و ئازادیخواز بوو. خۆی بە منی ئەگوت کە دوایی ئیتر بووین بە پێشمەرگە و بووم بە سیاسی، ئەیوت من پێشمەرگەی زەمانی قازیی محەمەد بووم یانی پێشینەی سیاسی هەبوو و ئەفکاری زۆر پێشڕەویشی بوو، تا ئەندازەیەک چەپ بوو بەڵام  زۆرتر عەلاقەی بە سیاسەتەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو، کوردستانی خۆش ئەویست حەزی ئەکرد بە قەولێ کوردستان ئازاد بێ. تەبعەن من هەمیشە ئیحتیڕام بۆ فکری قاییل بووم بەڵام دوایی من وەکوو کۆمۆنیستێک، وەکوو سۆشیالیستێک باوکم ئەو ئیحتڕامەشی بۆ نەزەراتی من قاییل بوو یانی قەت وا نەبوو بە سەر من دا داسەپێنێ چ بیروڕایەکی بووە یا خۆی ویستوویە چی بکا وە ئەوە زۆر بە لامەوە با ئەرزش بوو هەمیشە.
قازی: ئیستا بگەینە ئەوەی کە وشیاری سیاسی لە بەڕێزت دا پێک هات. لە کتێبەکە دا سەردێڕی یەکێک لە بەندەکانە. وشیاری سیاسی لە بەڕێزت و خوشکت دا چۆن پێک هات خانمی شاییستە؟
نامی: هەر وا کە کوتم باوکم خۆی پێشینەی سیاسی هەبوو  و جاری وابوو بەعزە قسەیەکی ئەکرد من ئەو وەختە نەم ئەزانی مەعنای سیاسەت چییە. بەڵام هەر ئەو قسانەی کە ئەیکرد سوئالی بۆ من دروست ئەکرد. مەسەلەن وەبیرم دێ جارێک باسی مەزهەب بوو، باسی وجوودی خودا، ئایا عەقیدەت بە مەزهەب بێ یا نەت بێ . باوکم بە منی ئەوت باسی فڵان شت مەکە بە قەولی فارسی ئەڵێ: " دیوار موش دارە، موش گوش دارە" یانی دیوار مشکی هەیە و مشکیش گوێچکەی هەیە. ئەو وەختە ئەوە ئێشارەی خەڵک بوو بۆ ساواک، کە ئەم  قسانە باری سیاسی هەیە من زۆر لەوە حاڵی نەئەبووم دوایی کە گەورەتر بووم موتەوەجتهه بووم. یا مەسەلەن مەسەلەیەک کە زۆر زۆر بەلامەوە موهیم بوو فەقیری و هەژاری ناو جامعە و لە لایەکی کەشەوە دەوڵەمەندی بوو. ئێمە لە گەڕەکێک دا بووین، بە ڕاستی ئێمە بە جۆرێک موتەوەسیت بووین لە باری تەبەقاتییەوە، بەڵام ماڵە مجێورێ بوو لە پاڵ ئێمەوە هەرچی ڕۆژ بوو ژنەکە خۆی و دوو دانە منداڵ ئەهاتن بە گەڕەک دا ئەگەڕان بە سەتڵێکەوە خواردنیان کۆ ئەکردەوە، نانی ئێوارەیان کۆ ئەکردەوە. ئەمن زۆر زۆر هەمیشە دڵم بۆیان ئەسووتا. مناڵ بووم نەم ئەزانی بۆچی وایە بەڵام هەمیشە دڵم لە لایان بوو. دوای ئەوەش لەولاترمانەوە ماڵێک بوون نزیکی ئەو وەختە لە بانە شارێکی چکۆلە، ماڵەکەیان چوار پێنج تەبەقە بوو، بێنزی ئاخرین سیستمیان بوو و ئەمن هەمیشە بۆم سوئال بوو بۆچی ئەوەندە فەرق هەیە، بۆ ناکرێ هەمووی بەرابەر بن. لە خوا ئەپاڕامەوە کە ئەو وەزعە بگۆڕێ و خوا هیچی نەکرد و ئەوە باعیس بوو من ئیمانم لە دەست بدەم بە مەزهەب. بەڵام ئەوەی کە بوو بە مەسئەلە بۆم بۆچی تەبەقات هەیە من فکری ئەوەم کردەوە کە ئەبێ جوابی تەواوی سوئالەکانم لە سەر ئەم عەرزە پەیدا کەم.
قازی: ئەوە کەنگی دەستی پێکرد. لە خودی بانە دەستی پێکرد یان دوای ئەوەی کە چوویە سنە؟
نامی: نەخێر لە بانە دەستی پێکرد جا من ئەو مەسەلانەم لەگەڵ باوکم باس ئەکرد و زۆر جار دایکم پێی ئەوتین بێدەنگ بە، قسە مەکە خراپە، بەڵام من نەمئەزانی بۆ خراپە. ئیتر باوکم جاری وا جوابی ئەدامەوە جاری وا بوو ئەیوت کچم بێدەنگ بە! باسی مەکە ئەمانە. وە لە  لایەکی تریشەوە ئێمە دراوسێیەکمان بوو دادە ئامەیان پێ ئەوت دوو کوڕی ئەو وەختە پێشمەرگە بوون بە ناوی خەلیلی مستەفا زادە..
قازی: خەلیلی مستەفا زادە هەر هەمان خەلیل شەوباش ە کە لەگەڵ نەمر سولەیمانی موعینی گیرا و شەهید بوو و دوای ئەویش براکەی بوو کە لە بانە ئێعدام کرا
 نامی: بەڵێ، لە بانە ئێعدامیان کرد. من زۆر منداڵ بووم لە بانە وەبیرم دێ کە ئەو ئێعدامە کرا خەڵک هەموو، ژنان چووبووینە سەر بانی ماڵەکان، هی وابوو دۆعای ئەکرد، ئەپاڕانەوە، هی وا بوو قسەی ئەوت بە حکوومەت بە ترسەوە، بەڵام دادە ئامە دراوسێمان بوو، مامانی گەڕەک بوو هەموو ژنەکان خۆشیان ئەویست، هەموو ژنەکان، خۆشی زۆر زۆر ژنی چاک بوو و تەبعەن بیری سیاسی هەبوو، دوو کوڕی پێشمەرگە بوون بۆیە بڕێکی زۆر لە مێهرەبانییەکەی لەوەوە دەهات کە شتی تەشخیس ئەدا، موشکیلاتی خەڵکی تەشخیس ئەدا و ئەیویست کۆمەک کا. ئەو دوو کوڕەی ئەویش ئێعدام کران و پێشمەرگەیەکی تر ئەوەش بوو بە مەسەلە بۆ من کە بۆچی ئەم کوڕانە ئێعدام کران. ترس و وەحشتێک لە دڵمدا نیشت کە کوشتنی خەڵک ئەبێ بۆ وا ئازاد بێ. وە مەسەلەیەکی دیکەش کە ژیانی منی زۆر تەغییر دا ئەوە بوو کە ئێمە لە زەماوەندێک بووین، زەماوەندی کوڕێک بوو کە لە دووکانی باوکم دا کاری دەکرد. کوڕەکە بۆ جوانی بڵێم بە ڕاستی جوان نەبوو یانی بە هەموو ئیحتیڕامم بۆ ئینسان، مەسەلەم ئەوە نییە بەڵام ئەمەوێ موقایسەیەک بکەم بەینی خۆی و ژنەکەی. بە عەمر بوو ئەو وەختە نزیکی سی، سی و دوو ساڵی بوو پیاوێکی زۆر درێژ، چاوێکی نەی ئەدی، دوای ئەوە ژنی هێنا ڕۆژی زەماوەندەکەی ئەو ئیزدیواجی کرد لەگەڵ کچێکی شایەد تەمەن پانزدە، شازدە ساڵ. کچێکی زۆر جوان قەت لە بیرم ناچێ قیافەی، لیباسێکی سووری بووکیی جوانی دەبەر دابوو، قزێکی ڕەش تا سەر کەمەری، چاو و برۆیەکی زۆر جوان و ئەوانە. ئەو وەختانە مۆد بوو، ڕۆژێک خەنەبەندان بوو، ڕۆژێک بووکیان ئەبرد بۆ حەمام، و ڕۆژی سێهەمیش ئەوە ئیتر زەماوەندەکە بوو. وە بیرم دێ لەو جەڕەیانە دا ئێمە ئەو دوو سێ ڕۆژە لەوێ بووین، کوڕەکە لە دووکانی باوکم کاری دەکرد وەکوو کوڕی باوکم وا بوو ئەسڵەن، هەمووی هەڵپەڕین و خۆشی و لیباسی جوان دەبەرکردن. دوایی شەوی زەماوەندەکە هەمووشتێک لەپڕ گۆڕا. خۆشەویستی و پێکەنین و ڕەقس و گۆرانی هەمووی وێستا. بوو بە گریان و شیوەن و قسە کردن و ناڕەحەتی ئەوەی کە من وەبیرم دێ ژنان هێندێکیان دەیان وت دەستیان خۆش بێ ئەبێ بیکوژن، هی واش هەبوو ئەیوت گوناحە فەقیرە ئەخە بۆ بیکوژن. من ئەو وەختە هێشتا پەنج ساڵیشم نەبوو بەڵام بە قەولێ ئەڵێ ئەوەندە منداڵ بووم خۆم لە پشتی داوێنی کراسەکەی دایکم ئەشاردەوە، ئەترسام. نەم ئەزانی چ ئیتیفاقێک خەریکە ئەکەوێ. کێ قەرارە بکووژرێ لە ناو ئەو زەماوەندە دا. دایکم دەستی گرتین چووینە دیوێک دیم بووکەکە لە گۆشەیەکەوە دانیشتووە و کزۆڵکەی کردووە و ئەژنۆی گرتووەتە باوەشی، فرمێسک ئەهاتە خوار بە چاوی دا، زاوا لە ناوەڕاستی دیوەکەیا وێستا بوو جەماعەتێکی زۆر ژن بە دەورەوە، پیاو بە دەورەوە. زاوا پای کردبوو بە کەوشێکا ئەیوت هەر ئەینێرمەوە، پەردەی بەکارەتی نەبووە ڕووسوور نەبووە هەر ئەینێرمەوە. دایکی هات، دایکی بووکەکە هات ماڵیان زۆر دوور نەبوو، پاڕاوە کەوتە سەر دەست و پای زاوا دا مەینێرەرەوە کچەکەم ئەگینا  باوک و براکانی ئەیکوژن چونکە ئەڵێن ئابڕووی ئێمەی بردووە، نامووسمان نییە کچەکەمان بەکارەتی نەبووە. ئە وەختە ئەوەڵ جار بوو من ئەوەم ئەبیست. نەم ئەزانی بەکارەت ئەسلەن  چییە، چ مەسئەلەیەکە.  باوکم وەبیرم دێ تەواوی خەڵک ساکت بوون. ناڵێم هی وا بوو جنێوی ئەدا. باوکم چووە پێشەوە وتی: ناوی نابەم کابراکە وتی فڵانکەس تۆ ئەو ژنە بنێریتەوە بۆ ماڵی باوکی ئەی کوژن، ئەگەر ئەم بنێرنەوە تۆش ئەبێ ئەم شارە بە جێ بێڵی. باوکم مەنزووری ئەوە بوو ئەم شارە بە جێ بێڵێ، خۆی ئەی توانی بچێ لە گەڕەکێکی تر ماڵ بگرێ کارگەری ئەو بوو کاری دیکەی دەست نەئەکەوت، کارم نییە، ئەوەی باوکم ئەو حەڕەکەتە کە کردی باعیس بوو جەوەکە گۆڕا، ئەم جار ژنان دەستیان پێ کرد ڕاست ئەکا مەینێرەرۆ، پیاوانی تر هاتنە مەیان و مەینێرەرۆ، زاوا قەبووڵی کرد ژنەکە نەنێرێتەوە. ئەسڵەن ئەوە بوو بە شتێک لە زێهنی من دا کە حەتتا یەک نەفەر ئەتوانێ فەزایەک بگۆڕێ ئەگەر بییەوێ. وە ئەوە بوو بە مەسئەلەیەکی تر بۆ من بۆچی ئەبێ ژنێک لە سەر ئەوەی کە خوێنی نەبووە نەک پەردەی بەکارەتی نەبێ چونکە زۆر ژن هەن تەبیعی پەردەی بەکارەتیان هەیە و خوێنیان نابێ وە ئەوە لە ناو زانستی ئێمە دا نەبوو ئەو وەختە و ئێستاش زۆر کەس نایزانێ!
قازی: ڕەسم ئاوا بوو کە دەبوو پەڕۆ خوێناوییەکە بنێرنەوە بۆ ماڵی بووک
نامی: بەڵێ پەڕۆ سوورەکە بینێرنەوە و بیگەڕێنن بە ناو خەڵک دا، نیشانی بدەن کە ئەوە کچەکەمان کچ بووە و هیچی نەکردووە. ئەوە ژیانی منی گۆڕی. واقعیەن ئەگەر بڵێم مەسائیلی سیاسی ئەم شتانە بوو کۆ ببووەوە بەیەکەوە.
قازی: دوایە ئەو وشیاری سیاسی ئێوە لە پێوەندی لەگەڵ ئەوە دا پەیدا دەبێ کە بەرێزت و خوشکت لە بانە خوێندنتان  تەواو دەکەن و دەچن بۆ سنە و دەچن بۆ دانیشسەرا لە وێندەرێ.
نامی: دوایی کە ئیتر دەرسم لە ڕاهنمایی  تەواو کرد لە نەزەری دا ئیتر چووم بۆ دانیشسەرای سنە ئەو وەختە  ئەوەڵ شەو بوو کە چووینە دانیشسەرا تەقریبەن ١٢ کچ بووین لە بانەوە کە چوو بووین هەموو زۆر خۆشحاڵ بووین ئەوەل جار بوو ئەچووینە جێگەیەکی جەمعی، چووینە سێڵف سێرویسەکە، ساڵۆنی غەزاخۆرییەکە، خواردنەکە
قازی: تەمەنتان چەند بوو ئەو دەمی؟
نامی: من شازدە ساڵم بوو، وەختێ چووینە ئەوێ هەموو دانیشتبوون بە خۆشی، ئێمە ‌غەزاکانمان کە هێنا،خواردنەکە جێگە نەبوو دانیشین. ساڵۆنەکە پڕ بوو لەوانەیە بڵێم دووسەد سیسەد نەفەری لێ بوو. دەنگە دەنگ و قەرەباڵغ بوو زۆر. کچێک بانگی کردین وتی ئێمە تۆزێکی دیکە ئەڕۆین لە گۆشەیەکەوە بووم وتی ئێمە تۆزێکی دیکە ئەڕۆین لەسەر مێزەکە بێنە ئەم جێگەی ئێمە. ئێمەش وێستاین و ئەوان هەستان ڕۆیشتن پێنج شەش نەفەرێک و ئێمەش دانیشتین. من وە بیرم دێ من ئاخر نەفەر بووم لە سەر مێزەکە. تەماشام کرد لە پڕ قیژەیەک هات دەنگێکی عەجایب، شیتەیەکی زل. هەموو کەس بێ دەنگ بوو، ئەسڵەن باوەر کە ئەتوت دەنگی هەناسەی خۆمان ئەبیست ئاوا ئارام بوو. دەنگی دڵی خۆمان ئەبیست. دیم یەکێک دەستی کرد بە جنێو دان بە فارسی " جون لقها، احمقها، احمق" ئیتر چووزانم قسەی پیس ئەوەی بەزاری دا هات وتی.
قازی: بۆ خۆی کورد بوو ئەو کەسە؟
نامی: ئەو کەسە خۆی کورد بوو بەڵێ. لەوێ کاری ئەکرد. ئەو وەختە لە زەمانی شا دا تەبعەن لە مەدرەسە ئەبوو هەمووی بە فارسی قسە بکەن. ئەمجا دەستی کرد بە جنێو دان و ئەوانە و هاتە پێشەوە. من زۆرم پێ سەیر بوو نەم ئەزانی چی بووە ئەسڵەن. تا هات و ساڵۆنێکی گەورە و هەر هاتە پێشەوە و دەنگەکە نزیک بووەوە، نزیک بووەوە هاتە ڕووبەڕووی من، ڕووی کردە من دەستی کرد بە قسە وتن بە من، من ئەوەڵ باوەڕ ئەکەی کاک حەسەن  پێم وا بوو لەگەڵ کەسێکی ترێتی. تەماشایەکی ئەملاو ئەولای خۆمم کرد دیم نا بەڕاستی ڕووبەڕووی من وێستاوە و قسە ئەکات منیش هەر ئەوەندە لێم پرسی بە فارسی وتم تۆ لەگەڵ منتە؟ وتی: خەفە بە و دەنگت دەر نەیە بەڵێ لەگەڵ تۆمە. تومەز بەقەولێ ئەو ئەیویست ئەوەڵین ڕۆژمانە هاتووینەتە وێ بمان ترسێنێ، زبانمان ببەستین و سکووت کەین هیچ نەڵێین.
قازی: ئەوە دەبێتە چ ساڵێک بە تەقریب
نامی: ساڵێ بەر لە ئینقیلاب، ساڵی ١٩٧٨، ٧٧ و ٧٨ و ئەوانە بوو. منیش بە قەولێ ئەو ئیحتڕامەی لە ماڵەوە بووم و ئەو ئیعتیماد بە نەفسەی باوکم پێی دابووین ئەسڵەن نەم ئەتوانی ئەوە تەحەمول کەم یەکێک ئاوا ڕووبەڕوو لە ناو دووسەد سێسەد نەفەر دا ئاوا قسەم پێ بڵێ. سینییەکەم هەڵگرت و دام بە سەر مێزەکە دا غەزا پرش و بڵاو بووەوە و ئەوانە وەختێک ئەوەم کرد دیم ئەو قیژاندی و هەڵات  ڕوویی، زۆر جالب بوو تەواوی ساڵۆنەکە دەستیان کرد بە چنگاڵەکان و کەوچکەکانیان دایان بە سەر مێزەکان دا جەماعەتێکی زۆر لە کرماشان و شارەکانی تر، کچی فارس و کورد و هەمووی هاتن بۆ لام و  دەستیان کرد بە لێ پرسینم تۆ لە کوێوە هاتووی؟ وتم لە بانە  ئا پەس تۆ دێمۆکڕاتی، وتم نا من دێمۆکڕات نیم، پەس تۆ توودەیی، وتم نا توودەیی نیم، تۆ موجاهیدی وتم نا من ئەسڵەن مەزهەبی نیم، ئەی تۆ چریکی. من ئەوەڵ جار بوو ناوی هەموو ئەوانەم ئەبیست.
قازی: ڕەنگە ناوی دێمۆکڕاتت بیستبووبێ لە بەر باوکت.
نامی: بەڵێ لەبەر باوکم بیستبووم. و هەر وەها لەبەر کوڕەکانی دادە ئامەش کە ئێعدام کرا بوون. بەڵام ناوی ئەوانیترم نەبیستبوو . دیم نا بابا، شتهایەک هەیە کە من لێی ئاگادار نێم و ئەو مەسەلە باعیس بوو کە ئەو کچانەی کە هاتبوون بۆ لای من زۆربەیان چریک بوون، چریکی فیدایی، بەعزێکیان برایان، کەس و کاریان ئێعدام کرا بوو و ئەوە بوو بە باعیسی ئەوە کە ئێمە هەستەهایەکمان لەوێ دروست کرد هەستەی موتالەعاتی، شوعار نووسین وەبیرم دێ ئەوەڵین شوعارێک کە نووسیمان " مرگ بر شاه " بوو، دوای ئەوە شوعارێکی دیکە کە لە دانیشسەرا نووسیمان لە سەر دیوارەکانی " نەوتی ئێران لە ئاوی فەڕانسە هەرزانترە ". ئەمانەمان بە فارسی نووسی.
قازی: لەو وەختە دایە کە یەکێک لەوتێکۆشەرە کوردانەی کە لە زیندان بەر بووە خزمێکی هەبووە لە دانیشسەرا و بەڕێگای وی ڕا لەگەڵ ئێوەش ئاشنا دەبێ؟
نامی: ئیتر لەو فاسیلەیە دا بوو کە بە قەولێ ئیڕتیباتمان گرت لەگەڵ دانیشەراکانی تر، دانیشگاکان و دانیشجووەکان و بە قەولێ فەعالییەتێ  دەست پێ کرد بوو بەر لە ئینقیلاب. هەر لەو دەورانە دا من و یەکێک لە ڕەفیقەکانم کە ڕەفیقی زۆر نزیک بووین لە بانەوە بەیەکەوە هاتبووین مامێکی ئەو زیندانی سیاسی بوو ناوی عەبدوڵای مەولەوی بوو، خەڵکی بانە بوو، بەڵام لە زێندانی شارێکی تر بوو، باش لە بیرم نییە یا ئەوین بوو یا شوێنێکی تر. بە هەر حاڵ زیندانی سیاسی بوو ئازاد کرا هات بۆ ئەوێ، بۆ دانیشسەرا سەری برازاکەی بدا، ناویان نابەم لە بەر ئەمنییەت و سڵامەتییان چونکە ئێستە ئەوانە لە ئێرانن، یانی برازاکەی واتە ڕەفیقەکەی من. ئەو مەعرفی کردین چون منیش زۆر خۆشحاڵ بووم کەسێک لە زیندان هاتووەتە دەر سیاسییە یانی کەسێک پەنج شەش ساڵ زیندانی بوو بێ بە لامەوە ئیتر زۆر زۆر موهیم بوو، تەبعەن زۆریش موهیم بوو. چون بەیەکەوە موعەرفی کردین و ئەوە ئەوەڵ جار بوو لەگەڵ کەسێک ئاشنا بووم، لەگەڵ پیاوێک کە چەپ بوو، بیروڕای سۆشیالیستی بوو، کۆمۆنیست بوو و ئەوە زۆر منی بە قەولێ نزیک کردەوە بە مەساییلی سیاسی کۆمۆنیستی و دواییتریش وەختێ کە من بووم بە معەلیم لەوێ تەواو بووین ئیتر ساڵی ئینقیلاب بوو بووین بە معەلیم من لەگەڵ برازەکەی و پوورزایەکی خۆیان چووین بۆ دێیەک بە ناوی "بۆیەن"، بۆیەنی سەروو لە مەنتەقەی بانە کە یەکترمان ئەدی هەر وا جار جار. هەرچی پێنجشەمەیەک بوو ئەهات بە دوامان دا بۆ دێ و ئەتوانم بڵێم ڕابیتەیەکی عاتیفی، مەخفی خۆشەویستییەک دروست بوو بەڵام بە بێ ئەوە بە یەک بڵێین قەت. تا ئەوە کە ناردی بە قەولێ بۆ خوازبێنی من. زۆریش جەوان بووم. هێشتا شۆڕش نەببوو، دروست وەختی ئینقیلاب بوو. دەوری ئەوەڵی جونبش بوو. ناردی بۆ خوازبێنی من و منیش تەبعەن پێم خۆش بوو وتم باشە ئەو وەختە دەوری ئەوەڵی جونبش بوو ئەوان ئەسلەحەیان هەڵگرت تیمێکی پێشمەرگەیان دروست کرد بوو. دیارە باوکیشم موافیق نەبوو، ئەوان خانەوادەیەکی زۆر دەوڵەمەند بوون ماڵی مەولەوی مەشهوورن لە بانە، تایفەیەکی گەورەن، عەشیرەت وەکوو خان و ئاغا و ئەوانە نەبوون بەڵام دەوڵەمەندن. باوکم هەمیشە موشکلی ئەوە بوو ئەیوت ئەوان خانەوادەیەکی گەورەن تەقریبەن ساختومانێکیان بوو ئەتوانم بڵێم نزیکی پازدە بیست ئوتاقیان بوو. چوارتا پێنج تەبەقە بوو تەواوی خانەوادەکانیان بووک و پوور و خوشک و دایە گەورە و باوە گەورە و مناڵەکانیان حەموویان لەو ساختومانە دا بوون و باوکم وەحشەتی ئەوە بوو ئەیوت یۆ ئەچیتە ناو تایفەیەکی گەورە ئەوان دەوڵەمەندن، ئێمە فەقیرین دوایی تەشەر ئەدەن لە تۆ. بۆ ئەوەڵین جار بوو من ڕووم بوو لەگەڵ باوکم باسی ئەوە بکەم  وتم بابە ئێمە سیاسین ئەسڵەن هەر دووکمان کۆمۆنیستین عەقیدەمان بە بەرابەرییە مەسەلەی فەقیری و دەوڵەمەندی مەسەلەی ئێمە نییە.
قازی: ئەوەی کە دەڵیی ئێمە کۆمۆنیستین ئەو دەمی هیچتان خوێندبووەوە هیچ کۆبوونەوەی ئامووزشی و خوێندنەوەی کتێبتان هەبوو؟
نامی: هەر لە دانیشسەرا دەستمان پێ کرد بوو بە کتێب خوێندنەوە، کتێبی فەلسەفی و کتێبی چەپ، ئەو وەختە زۆرتر کتێبی، باوەڕ کە بنی ئادەم بیری دەکردەوە مەسەلەن " ماهی سیاە کوچلو " ( ماسیە ڕەشە پچووکەکە) دەخوێندەوە، ئەخرشتێکی وا نەبوو بەڵام مەمنووع بوو. زۆر کتێبی کە ئەو وەختە ئەمانخوێندەوە مەمنووع بوون شتێکی عەجایب نەبوون بە نەزەری من ئەسڵەن. بەڵام بۆچی نا لە سەر ئینقیلابی ڕووسییە شتمان ئەخوێندەوە.
قازی: زۆر باشە، ئیدی ئەو دەمی ئێوە دەستتان کرد بە هێندێک چالاکی ئاشکرا بۆ ڕێک پێدان و ڕێکخستنی معەلیمان، باسی ئەوەشمان بۆ بکە!
نامی: ئیتر لە بانە ئەمن لەگەڵ چەند معەلمێکی تر دەستمان پێکرد کوتمان ئێمە دەبێ کۆمیتەی معەلیمان دانێین خوشکم شایستە هەر ئەو وەختە لەگەڵ ڕەفیق و هاوکلاسییەکانی خۆیان کۆمیتەهای دانش ئاممووزییان دروست کرد و تەقریبەن فەزای شار بە دەست جەوانانەوە بوو، ئەو وەختە زۆرتر بە دەست ئێمەومانانەوە بوو و دواییتریش ئێمە حەتا وەک کۆمەڵە  " کۆمیتەی ژنانی شاری بانە" مان دانا.
قازی: ئەوە دواترە ئیدی وا نییە؟
نامی: بەڵێ، بەڵام هەر لە دەورانی شەڕەکاندا کۆمیتەی ژنانی شاری بانەمان دروست کرد.
قازی: مەبەستی من پەیوەست بوونی بەڕێزت بە کۆمەڵەیە.

نامی: بەڵێ، بەڵێ ئەوە دواییتر بوو. بەڵام هەر لە جەرەیانی شەڕەکانی ناو شار دا ئێمە کۆمیتەی ژنانی بانەیشمان دروست کرد کە وەبیرم دا لە جونبشی موقاوەمەت چ دەوری ئەوەڵ، دەوری دووەم بە تایبەت، دوای شەڕی سێ مانگە دوای ئەوە کە پێشمەرگە شاری گرتەوە هاتنەوە ناو شار. دەوڵەت دووبارە حەملەی کرد ئەمجار مەسەلەن یەکێک لە بنەکەکان ئیتر دەورانی، خۆت وەبیرت دێ، زۆر خولاسە بڵێم دەورانێکە شارەکان بە دەست پێشمەرگەوە بوو، ئیتر بنکەمان بوو، مەقەڕمان بوو، چووزانم ئەنواع و ئەقسام هەستەمان بوو، فەعالییەتی موتالەعاتی و ئەو جۆرە تێکۆشانانە.
قازی: پرسیار ئەوەیە لەو مەرحەلەیە دا کە لە چالاکی نهێنی ڕا چووی بەرەو چالاکی ئاشکرا و مەجبوو بووی شار بەجێ بێڵی ئەوە چ پێواژۆیەک بوو؟
نامی: دەقیقەن ئێستا ئەمەوێ ئەوە بڵێم. ئێمە یەکێک لەو بنکانەی کە بوومان ئەزقەزا هەر لە ماڵی "مەولەوی" بوو، بەڵام ئەوەشم لە بیر نەچێ یادی بەخێر عەبدوڵا شەڕێک بوو لە مەریوان لە لایەن کۆمەڵەوە ئەو وەختە عەبدوڵا مەسئوولی نیزامی ناوچەی بانە پێم وا بێ کۆمەڵەش بوو، موسەلەح بوو چوو بۆ مەریوان بەڵام لەو شەڕە دا دوای ئەوەی کە شەڕەکە تەواو ئەبێ تەقەیان لێ کرد، دانەیەک لە دوژمنانەکانیان لە واقعدا کە پێم وا بێ ئاغایەک ئەبێ لە پشتەوە تەقەی لێ ئەکا عەبدوڵا کووژرا.
قازی: ئێوە چەند مانگ بەیەکەو بوون ئەو دەمی؟
نامی: ئێمە وەکوو بەیەکەوە بوون قەت بەیەکەوە نەبووین بەڵام ژن و مێردیش هەر نەبووین. داوای کرد بووم  بەڵێن درا بوو، دەزگیران بووین. شایەد هەموو دوو سێ مانگ یانی وا بێ کە عەلەنی بێ. ئیتر دوای ئەمە دەوڵەت کە شارەکانی گرتەوە، دەوری دووەمی جونبش ئیتر کۆمەڵە عەلەنی بوو، ئێمە پەیوەست بووین بە کۆمەڵە. وەختێک دەوڵەت شاری گرتەوە ئەو وەختە کۆمیتەی مەرکەزی کۆمەڵە داوایان لە من کرد و سێ کەسی تر کە ببین بە کۆمیتەی شاری بانە. ئەو وەختە کۆمیتەی شاری بانەمان دروست کرد، بەڵام کۆمیتەی شاری بانە زاهیرەن ئەبوو مەخفی بێ بەڵام بانە زۆر چکۆڵە بوو من بە جۆکیش لە کتێبەکە دا نووسیومە کافی بوو سواری تاکسی بی بڵێی  ئەچمە ماڵی پوورم، ناوت نەبردایە، ئادرێست نە دابایە ئەیبردی بۆ ماڵی پوورت تاکسی. شارێکی وا چکۆڵە بوو هەموو یەکترمان دەناسی، خەڵکیش ئاگادار بوون ئێمە چ فەعالییەتێکمان کرد بوو . هەر ئەو وەختەش حیزبی توودە و چریکهای ئەکسەرییەت لەگەڵ دەوڵەت فەعالییەتیان بوو و هاوکاری دەوڵەتیان ئەکرد. یەکێک لەو شەوانە تەماشام کرد ماڵەکەی ئێمەیان موحاسەرە کرد، ئەڵبەت چەندین جار، بەڵام شەوێکی کە زۆر ترسناک بوو ئەوە بوو کە جەماعەتێ پاسدار ڕژانە ماڵەوە ئێمە خەوتبووین، نیمەشەو بوو جەماعەتێ پاسدار ڕژانە ماڵەوە، نەفەرێکیان لەگەڵ بوو دەموچاوی خۆی داپۆشیبوو، زۆر جالب بوو چونکە هیچ جێگەیەکت نەدەدی، قیافەت ئەدی و چاوی. بە چاوی دا ئێحساسم کرد ئەیناسم، دەقیقەن برای رەفیقێکم بوو کە ببوو بە توودەیی..
قازی: ئەگەر دەکرێ باسی ئەوە بکەی تا ئەو جێگای کە بە ڕێزت بزانی، دیارە لەسەر ئەو بابەتە کاری لێکۆڵینەوە و دوکتورا کراوە بەڕێزێک بە ناوی فاتمەی کەریمی لە سەر ژنانی کۆمەڵە کاری کردووە، دوکتورای وەرگرتووە و ئەوەی وەکوو کتێب بە زمانی فەڕانسەیی بڵاو کردووەتەوە. چالاکی ژنان لە ڕێزی کۆمەڵە دا  بە وردی کەنگێ دەست پێ دەکا و مەسەلەی چەک هەڵگرتنی ژنان و بەشداریکردن لە جەبهەی شەڕ؟ 
نامی: ئێمە هەموو وەک کۆمەڵە وەختێک لە دەوری دووەمی جونبشا، لە دەوری ئەوەڵی جونبش دا ئێمە ژنان ئیدی دەستمان کرد بە فەعالییەت لەگەڵ کۆمەڵە، و دەوری دووەم تەشکیلاتی نهێنیمان بوو لە هەموو شارەکان  و دوای ئەوە کە ئێمە هەموومان بە قەولێ دەورانی دەستگیرییەکان و ئێعدامەکانی ساڵی ٦٠ [ ١٩٨١] بوو، ساڵەکانی ٦٠ ئەو وەختە یانی زەربەی خوارد تەشکیلاتەکەمان، کەسانێکمان لێ گیرا و چەند نەفەرێکیان لەوێ ئێعدام کران، یادی بەخێر شەهید حەبیبوڵا لوتوڵاهی کە لەگەڵ ئەو بە یەکەوە لە تیمێک دابووین، کۆمیتەی مەخفی بوو. ئەو هەر ئەو وەختە ئێعدام کرا داوایان لە خانەوادەکەی کرد کە بێن پووڵی گولەکان بدەن و ئەوانە. بەهەر حاڵ ئێمە ئیتر ئەو وەختە هیچ چارمان نەما، دوای ئەوە تەسمیممان گرت ببین بە پێشمەرگە. یانی لە ساڵی شەست دا ژنان ئیتر هاتنە دەرەوە، ئەوانەی کە لە خەتەر دا بووین چوون پەیوەست بووین بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. ساڵی شەست دەبێتە ساڵی ١٩٨١ بە بەرواری زایینی. ئەو وەختە بووین بە پێشمەرگەی کۆمەڵە.        
قازی: یانی ئەوەڵین دەستەی  پێشمەرگەی ژن دە نێو کۆمەڵە دا لە مەنتەقەی ئێوە دروست بوو یا لە جێگای دیکەش هەبوو؟
نامی: نەخێر، لە جێگایەکی دیکە دا دروست بوو، ئێمە وەختێ چووین ئەزقەزا ژنان هەر لە ئەوەڵەوە نەبوون بە پێشمەرگە، چووینە سەفی پێشمەرگە بەڵام لە بیمارستان، یا لە ئینتیشارات یا لە ڕادیۆ  یا لە موخابەرات سازمانیان  داین. ئەمجار وردە وردە ئیعتڕازمان کرد وە داوامان کرد ئێمە وەکوو پێشمەرگە ئەبێ موسەلەح بین وەهەر وەها هەر فەعالییەتێک کە پێشمەرگە ئەیکات، جەولە ئەچێ، شەڕ ئەچێ، ئەچنە دێهات، ئەچن ئەگەڕێن ئەبێ لە تەواوی ئەوانە دا بەشداری بکەین و ئەوە بوو کە ئەوەڵین دەستەی ژنانی پێشمەرگە  لە کۆمەڵە دا لە ساڵی ٦١ دا دروست بوو. یانی ساڵێک تەقریبەن دوای ئەوە کە چووینە دەرەوە. ئەوەڵین دەستەی پێشمەرگە دروست بوو بەڵام ئەوە بەو مەعنا نەبوو کە ئیتر بەرابەری بوو، لە بیرم دێ هەر ئەو وەختە جەماعەتێک زۆر پێشمەرگەی پیاو وتیان ئەگەر ژنان موسەلەح بن ئێمە چەک دائەنێین، یانی ئەڕۆین.
قازی: سەبەبیان چ بوو؟
نامی: سەبەبیان ئەوە بوو کە ژن ناتوانێ پێشمەرگایەتی بکا، لە باری فیزیکیشەوە، لەباری ڕووحیشەوە کە گۆیا ژن ترسەنۆکە و ناتوانێ و ژن نابێ لە سەفی پێشمەرگە دا بێ. من ناڕەحەت نەبووم لەوەی کە ئەڕۆن چونکە ئەمزانی بە ڕاستی سەدان ژن دێن ئەبن بە پێشمەرگە و هەر ئەوە باعیس بوو ئەزقەزا ژنانێکی زۆر ڕوو بکەنە کۆمەڵە و کۆمەڵە  وەکوو ئەوەڵین سازم
انێک بە نەزەری من کە ژنی موسەلەحی نارد بۆ جبهە و  لە شەڕ دا شیرکەتمان کرد وە لە جەولەکاندا موڕەتەب بووین نەخشێکی گەورەی بوو لە کوردستان و ئەوە ئیدامەی بوو تا دە ساڵ، دوازدە ساڵ کە ئێمە پێشمەرگە بووین.
قازی: بە تەجروبەی شەخسی خۆت، ڕێئاکسیۆن و کاردانەوەی خەڵک چ بوو؟ خەڵکی دێهات بە تایبەتی، خۆ ئێوە بە چەکداری لە نێو شار دا نەبوون، ڕێئاکسیۆنی خەڵکی دێهات و لادێ چۆن بوو دەو سەروبەندیدا؟، سەرەتاکانی دەڵێم.
نامی: لە ئەوەڵەوە خەڵک پێیان عەجیب بوو، نەک ئەوەی بڵێن ناتوانن. باوەڕ ئەکەی دوایی ئیتر ئێمە چووینە ناوخەڵک، خەڵک  ڕەحەتتر وەریان گرت تا پێشمەرگە کانی ناو کۆمەڵە. یانی ئیستیقباڵێک کە خەڵک کردیان بێ وێنە بوو. نزیکی دوازدە ساڵ کەم نییە پێشمەرگە بیتی و لە سەر ماڵی خەڵک زیندەگی کەی. پێشمەرگە ژنەکان هەمیشە خزمەتی تایبەتییان وەرئەگرت لە خەڵک یانی تایبەتی تر بووین. یانی بەڕاستی من تەجروبەی خۆم بە ڕاستی ئەبێ لێرۆ تەشەکور کەم و سپاس و قەدردانی کەم لە تەواوی زەحمەتێک کە خەڵکی دێهات بۆیان کێشاوین. قەت بیرم ناچێ مەسەلەن من باوکم موڕەتەب لیباسی بۆ ئەناردین، چەند دەست کەوا و پانتۆڵم بوو ئی پێشمەرگانە. قەت بیرم ناچێ  هەرچی ئەچوومە هەر دێیەک ژنان ئەهاتن بەرەوپیرمان، پیاوان  حەتتا، وای لێ هاتبوو  جاری وا بوو پیاوەکان ئەیانگرتینە باوەش ماچیشیان ئەکردین، یا ئەچوون مەسەلەن کڵاویان بۆ من ئەهێنا بە دیاری ئەیان وت ڕووسەرییەکەت لا بە. موزاحیمە ڕووسەری، کەوا و پاتۆڵمان دەبەر دا بوو. ئەبێ کڵاوت بە سەرەوە بێ. یانی ئەوانە ئاسانتر لە ناو جامیعەدا وەر ئەگیرا هەتا ناو خۆمان دا. 
قازی: لە باری سیاسییەوە هێندێک ئاڵوگۆڕ دەکرێ،  ساڵی ٨٢ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دروست دەبێ،دواتر خیلاف دێتە پێشێ، ئێوە دێنە باشووری کوردستان و دوایە  ئیزدیواج دەکەی و... دێنە ئوڕووپا، چونکە کاتمان کەم ماوە هێندێک بە کورتی باسی ئەو بڕگەیە لە ژیانیشت بکە!
نامی: یەکێک لەو شتانەی کە بەنەزەری من لە تاریخی کوردستان دا زۆر ناخۆش بوو شەڕی دێمۆکڕات و کۆمەڵە بوو، بە داخەوە لە هەر دوو لا زۆر کەس کووژرا و تەواو بوو بە هەرحاڵ بەڵام ئەوە زۆر   ڕووداوێکی ناخۆش بوو کە ڕووی دا. دوایی ئیتر لە ناو کۆمەڵەی ئەو وەختە دا، ئێستا نا، ئەڵبەتە کۆمەڵەی ئەو وەختە هەوڵی ئەدا کۆمۆنیست بێ، فەرقی بێ، عەمیقەن عەقیدە و ئیمانمان بوو بە ئازادی و بەرابەری و هەروا حیزبی کۆمۆنیست. بەڵام ئیختیلاف پێش هات لە سەر ئەوەی کە بە تایبەت، لە سەر زۆر مەسەلە. شەڕی کۆمەڵە و حیزب یەکێک لەوانە بوو، ڕابیتە لەگەڵ عێڕاق یەکێک لەوانە بوو و شەڕی ئەمریکا، بە تایبەت حەملەی ئەمریکا بە عێڕاق و وجوودی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ئۆردووگاکان لە عێڕاق، چۆن ئۆردووگاداری ئەکەن، چون ئیتر فەعالییەتێک نەئکرا. یانی دەوڵەتی ئیقلیمی کوردستانیش موخالەفەتی ئەکرد، نەی ئەهێشت دەوڵەتی ئێران فشاری ئەهێنا بۆ وان. ئەوە بوو بوو بە بەحسێکی گەورە و ئێمە جیا بووینەوە. وە ئەو جەماعەتەی جیا بووینەوە بە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری هەموومان هاتین بۆ ئوڕووپا ساڵی ١٩٩١ بوو، ئەواخیری ٩١ بوو  کە من ئەو وەختە ئیزدیواجم کردبوو و مناڵێکیشم بوو هاتین بۆ ئوڕووپا. لە ئەسڵ دا وەختێک هاتم بۆ ئینگلیس سالی ٩٥ بوو هاتم بۆ ئینگلیس.
قازی: لە کوێ ڕا هاتی بۆ ئینگلیس؟ یەکسەر لە باشوورەوە نەهاتی؟
نامی: نەخێر لە ڕێگای تورکیاوە هاتم
قازی: لە ئینگلیس چت کرد لە سەرەتا ڕا؟
نامی: لەئینگلیستان وەختێک گەیشتمێ من یەک کەلیمە ئینگلیسیم نەئەزانی. هەر یێس و نۆ نەبێت. موتەرجمێکیان پێ موعەرەفی کردم ناوی سوبحیە بوو، کچێکی  زۆر ژیکەڵە و وریای کورد بوو، سوبحیە دوو سێ جار لەگەڵ من هات کچەکەم سەبتی ناو کەین لە مەدرەسە. ڕۆژی سێیوم وەبیرم دێ کە قەرار بوو بێت نەهات ئەو دوو جار لەگەڵمان هات ئەهات بۆ ماڵەوە ئێمەی ئەبرد و موڕەتەب تەوزیحی بۆ ئەداین لە کوێ شت بکڕین، بە شت ئەڵێن چی. ئیتیلاعاتی پێ ئەداین لە سەر ئینگلیستان. وەختێک نەهات من نیگەران بووم، دوای ئەوە لە مەدرەسەی کچەکەمەوە ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە زەنگم دا بۆ ئیدارەکەیان کە کوردی قسەیان ئەکرد کوتم ئەمڕۆ قەرار بوو سوبحیە بێ بەڵام  نەهات. ئەو کەسەی کە جوابی داوە وتی سوبحیە مردووە وتم سوبحیە بۆ مردووە نەخۆش بوو؟ وتی نا، وتم حەتمەن تەسادوف بووە بۆیە مردووە، وتی هیچ کامی نەبووە بەداخەوە بەڵام مێردەکەی سوبحیە شکی بردووە ئەو لەگەڵ یەکێک لە هاوکارەکانی دڵیان بە یەکەوەیە، سوبحیەی بردووەتەوە بۆ عێڕاق، سوبحیەیان لە عێڕاق کوشتووە، مێردەکەشی گەڕاوەتەوە بۆ ئینگلیس.
قازی: وەختێک دەڵیی عێڕاق مەنزوورت باشووری کوردستانە؟
نامی: بەڵێ  باشووری کوردستانە. باوەڕ دەکەی ئەسڵەن من وشک بووم یانی زۆر ناڕەحەت بووم.
قازی: ئەوە بوو بە هۆی ئەساسی بۆ ئەوەی حەول بدەی یارمەتی ژنان بکەی؟

نامی: مەسەلەکە ئەوە بوو من لە تەریقی ڕەفیقێکمەوە زەنگم دا بۆ پۆلیس و ئەم داستانە چۆن کە ئێستا گێڕامەوە، گێڕامەوە بۆ پۆلیس. وتم ئەمە قەتلی نامووسی یە. پۆلیس وتی قەتڵی نامووسی فەرهەنگی خۆتانە، ئەوە کولتووری ئێوەیە ئێمە ئەبێ ئیحتڕامتان بگرین ئەگینا بە ئێمە ئەڵێن ڕاسیست. قسەکەی ئەو منی زیاتر شۆک کرد لە ڕووداوەکە. گۆیاcultural relativism . من پێم وت بە پۆلیسەکە ئەوە جورمە، جینایەتە، ئەو کچە کووژراوە. وتی لێرە نەبووە بە ئێمە مەربووت نییە. ئەوە باعیس بوو ئیتر من " ڕێکخراوی مافی ژنانی ئێرانی و کورد" لە ساڵی ٢٠٠٢ دا  دامەزرێنم و ئێستا تەقریبەن ٢٢ ساڵە فەعالییەتمان هەیە. نزیکی ٢٥ کارمەندمان هەیە.
قازی: دیارە لێرە دا ئەوە بڵێین کە ئەگەرچی ڕەنگە لە ناو کۆمەڵگای کوردیش زۆر بە بەربڵاوی پێی نەزاندرابێ بەڵام پێویستە ئەم بەرنامەیە، دیارە پێشرتیش لە چەند بەرنامەی تێلێڤیزۆیۆنی دیکە دا بەشدار بووی پێزانی دەرببڕێ بۆ ئەو کارانەی دەی کەی . وا بزانم تا ئێستا چەندین جار خەڵات کراوی باسی ئەو خەڵاتانەش بکە!
نامی: ئەوەڵ وەختێ ئەو ڕێکخراوەمان دامەزراند هەم دەوڵەت ئێمەی قەبووڵ نەبوو، هەم پۆلیس ئێمەی قەبووڵ نەبوو، سۆشیاک سرویس ئێمەی قەبووڵ نەبوو، هەم جامعەی کوردی و جامعەی ئێرانی و جامعەی ئەفغانی هیچی ئێمەیان قەبووڵ نەبوو. و پێیان ئەوتین ئێمە باعیسی بێ ئابڕوویی دەبین بۆ کۆمەڵگا. حەتتا منیان تەهدید ئەکرد بە کوشتن، سێ جار پەلاماریان دام کە لە خیابان و لەملاو لەو لا لێم دەن لەبەر دادگە لێم دەن. بەڵام ئێمە کٶلمان نەدا  دوایی ئیتر یەکێک لەو خەڵاتانەی کە وەرم گرت زۆرم پێ خۆش بوو خەڵاتێک بوو لە لایەن Kurdish Progress Organization  ناوێکی وا، خەڵاتی ئەوەی کە قەدردانییان کرد لە کارهایەک کە ئێمە کردوومانە. لە کۆبوونەوەیەک دا پیاوێک هات لە جەلەسەیەکی گەورە دا کە بوومان، لە کۆنفرانسێک وتی من یەکێک لەو کەسانەم کە پارێزگاری ئێوە ئەکەم. من کەسێک لەوانە بووم کە ئەموت ڕێکخراوەکەتان ئاور تێ بەردەدەم، تۆیش ئەکوژم. بەڵام ئێستا ئیفتیخارتان پێوە ئەکەم. بەڵام جگە لەوە ئەو خەڵاتانەی کە وەرم گرتووە یەکیان ئەوەیە کە وەکوو ژنی ساڵی ئینگلستان لە ساڵی ٢٠١٤ دا ناسرام  کە بێرکلیس بانک سپانسۆری بوو. دوایە لە پڕۆژەیەکی بی بی سی دا بە ناوی ١٥٠ ژنی ناودار لە جیهاندا. دوای ئەوەش خەڵاتی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوایە زانکۆی ئێسێکس لە ٢٠١٦ بوو دوکتورای ئیفتیخاری پێ دام. و ساڵی ٢٠١٩ش دوکتوری ئیفتیخاری زانکۆی سەنت – ناندرووم وەرگرت و هەر وەها خەڵاتێکی مدیترانەیی کە ڕێکخراوێکی ئەمریکای لاتینی و ئێسپانیاییە خەڵاتێکی نێونەتەوەییان پێ دام بۆ ئەوەی توانیومە ئەو کۆمەگە گەورەیە بە ژنان بکەین لە سەر قەتڵی نامووسی، ئیزدیواجی مناڵان و ئیزدیواجی زۆرەملی.  کە لەو بوارانە دا کارمان کردووە و ئەوەی کە وەختێک باسی خەتەنەی ژنان دەکەن هەمیشە پێیان وا بووە ڕەشەکان، ببوورن ئەڵێم ڕەش مەبەستم ئەفریقا و ئەوانەی کە ڕەش پێستن ئەیکەن. بەڵام نەیان ئەزانی ئەخر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆرە. ئەو تەغییرانەی کە بە وجوودمان هێنا، قانوونی زۆرمان لە ئینگلیس گۆڕی، بۆ وێنە قەتڵی نامووسی ئیتر کاڵچر نییە، بوو بە جورمی سەنگین یانی وەکوو کوشتنی عەمد حیساب ئەبێ، خەتەنەی ژنان، ئیزدیواجی ئیجباری، ئیزدیواجی مناڵان، دوایە مەسەلەی بەکارەت. تەواوی ئەوانە ئێستا لە ئینگلیس مەمنووع بووە و باعیس بووە نەک لە ئینگلیستان، لە زۆر لە وڵاتانی ئوڕووپایی و ئەمریکایی  قەدەغەبێ.
قازی: تکایە زۆر بە کورتی باسی ئەو خانمەش بکە کە یارمەتی کردووی بۆ ئامادە کردنی ئەم کتێبە.

نامی: بەڵێ کارەن ئەتوود هات موساحەبەی لەگەڵ کردم ئەو خەبەرنگاری ڕۆزنامەی ئیندیپێندنت بوو وەختێک کە خەڵاتی ژنی ساڵیان دا بەمن، تۆزێ باسی ژیانی خۆمم بۆ کرد و هەر وا قسەمان ئەکرد وتی دیانا تۆ ئەبێ کتێب بنووسی لە سەر ژیان نامەت. وتم بە ڕاستی زۆرم دڵ پێوەیە بنووسم بەڵام نازانم کەی وەختی هەیە. وتی هەر وەختێ ویستت کۆمەگت ئەکەم.
قازی: لە ئاخری دا با ئەمن ڕەخنەکەی خۆم بڵێم، جوابێکی کورتیشم دەوێ. یەک ئەوەی بەڕێزت لە کتێبەکەت دا باسی دایکت کەم دەکەی، باست کردووە بەڵام زۆر کەم. ئایا ئەوت هێشتووەتەوە بۆ کتێبی دواتر ئەوە یەک. دووەمیش لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لە نێوان کۆمەڵە و دێمۆکڕات دا، زیاتر بە ملی دێمۆکڕات دا هێناوە و بەلای کۆمەڵە دا دات شکاندووە. نموونە هەیە بەڕێزێک هەیە بە ناوی حاتەم مەنبەری کە بۆ خۆی پێشمەرگەیەکی دێمۆکڕات و زۆر چالاک بووە بەڵام لە کتێبەکەی دا بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ هەر دوو لای مەسەلەکەی دیوە. یانی من پێم وایە بۆچوونی بەڕێزت لەسەر ئەو شەڕە بڕێک یەک لایەنەیە. ئەوە بۆچوونی منە، قەدیم منیش کە دێمۆکڕات بووم، دێمۆکڕاتێکی دژی ئەو شەڕە ناوخۆییە بووم.
نامی: بەڕاستی منیش هەمیشە دژی شەڕ بووم. سەبارەت بە دایکم ئەو بنیادەمێکی بێ حەد زەحمەتکێش بوو، واقیعەن زەحمەتی بە ئێمەوە کێشا. ئەمن لە بیرمە هەرچی ئەچوومەوە بۆ ماڵەوە ئەوەندە لیباسی دائەنا، ئەیشت. قەتیش بۆڵەی نە ئەکرد هەمیشە دڵسۆز بوو. لە کتێبەکەدا زۆر کەم باسم کردووە چونکە ڕاستت دەوێ لە قەیدی حەیات دایە و کتێبەکەم عەلەنییە، حەزم نەئەکرد لە کتێبەکەم دا بەعزە شتهایەک بڵێم کە باعیسی موشکڵ بێ بۆ ئەو. بەڵام لە سەر حیزبی دێمۆکڕات بەڵام تەبعەن من خۆم کۆمەڵە بووم و بەڕاستی کە پێم وا بێ ئەو شەڕە کە دامەزرا ئێستا عەمیقەن عەقیدەم وایە کە حیزبی دێمۆکڕات دامەزرێنەری شەڕەکە بوو.
قازی: بەڵام نەک لەناوچەی بانە، چون بانەییەکان شەڕی یەکتریان نەکردووە قەت.
نامی: نەخێر. درەنگتر شەڕی بانە دەستی پێکرد. بەڵام  ئەوە بوو من نەمئەتوانی یەکلایەنە فکر کەمەوە چونکە پێم وا بوو شەڕ حیزبی دێمۆکڕات دەستی پێکرد و کۆمەڵە ئەبوو  جواب بداتەوە.
قازی: زۆر باشە، ئێستا باسی فەعالییەتی ڕێکخراوەکەتان لە کتێبێک دا دەنووسن؟
نامی: ئەوە لە بەشی دووەمی کتێبەکە دا دەبێ، چونکە زۆر کەس کە کتێبەکەیان خوێندووەتەوە لێم ئەپرسن دوایی فڵان شتە بوو بەچی؟
قازی: یانی ژیانت لە ئینگلیس ئەو بیست و قسوور ساڵەی کە لەوێ بووی؟
نامی: ئەوەش هەر قەرارە لەگەڵ کارەن بیکەین بە کتێبێکی تر و کتێبی دووەممان. هیوادارم تا چەند ساڵێکی تر بێتە دەر ئەویش
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دیانا نامی بۆ بەشداریت لەو بەرنامەیە دا. دیارە ناوی " گەلاوێژ" یش هەر ناوی جەنابتە.
نامی: ناوی ئەسڵیم گەلاوێژە
قازی: زۆر خۆشحاڵ بووم، داوای سەرکەوتنت بۆدەکەم.
نامی: مەمنوونم، سپاست دەکەم.
قازی
: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم وتوێژە لەگەڵ بەڕێز دیانا نامی ئێوارەی پێنجشەمە  ٢٩-ی ژووەن بە شێوەیەکی زیندوو لە بەرنامەی ڕاوێژی ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە حیسابی بەرنامەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتووب دا بە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=Hr9DCpglXs4&t=2187s









 

No comments: