وتوێژ لەگەڵ سیاسەتمەدار و شاعیر حەمەدەمین پێنجوێنی
وتوێژ لەگەڵ
سیاسەتمەدار و شاعیر حەمەدەمین پێنجوێنی لە بەرنامەی ڕاوێژی ستێرک تیڤی دا،
ئەم بەرنامەیە ئێوارەی پێنخشەمە ٢٧-ی
ژووییەی ٢٠٢٣ بڵاو کراوەتەوە!
حەسەن قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارەمان
دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز مامۆستا حەمەدەمین پێنجوێنی شاعیر، نووسەر، تێکۆشەری
سیاسی و دەتوانین بڵێین موسلیحی
کۆمەڵایەتی چونکە زۆری حەول داوە مەسەلەی کورد لە باکوور بە ڕێگای ئاشتی دا
چارەسەر بکرێ. ئێمە لەم بەرنامەیە دا بە ڕێگای ئەم کتێبە دا [ کتێبەکە نیشان دەدا]
کە بەڕێزیان وەکوو بیرەوەری بڵاوی کردووەتەوە بە ناوی
" چۆن بووم بە پرد.
بیرەورەرییەکانی محەمەدئەمین پێنجوێنی "
کە وابزانم ساڵی ٢٠٢١ دەرکەوتووە و ڕەواڵێک کە دەو کتێبە دا هاتووە حەول
دەدەین بتوانین ناوەرۆکی کتێبەکە لە ٤٥ دەقیقە دا ئەگەر بکرێ کورت بکەینەوە. زۆر
زۆر بەخێر بێی بەڕێز پێنجوێنی!
حەمەدەمین
پێنجوێنی: سپاس، بژیت
قازی: بە داخەوە من نەپەرژاوم هەموو کتێبەکە بخوێنمەوە،
لەوەڕا دەست پێ بکەین بەو شێعرە کە بۆ پێنجوێنت گوتووە دەست پێ دەکەی:
پێنجوێنەکەم
شاری هەرمێ و هەنگوینەکەم
ئەی گۆشت و ئێسک و خوێنەکەم
کولووە بەفری شیو و شاخت
دار گوێزی چڕ، بە دەماخت
ئاو و هەوای سازگارت
گەشتی سەیرانی بەهارت
پاییزی پەلکەزێرێنەت
لووتکەکانی وەک پەرژینت
کانییەکانی بەر مانگە شەو
شەپۆلی دەنگی قاسپە کەو
گوڵە شیلانی ڕەنگاوڕەنگ
چەند جۆرە گژو گیای قەشەنگ
کەژاوەی مانگی نیسانت
هەزاران دیمەنی جوانت
بیر وهۆشم ئەورووژێنن
فرمێسک لە چاو قەتیس دێنن.
وا دیارە کە پێنجوێن لە شکڵگرتن و هەوێنی فکری و پەروەردەی بەڕێز دا لە ڕووی
سیاسیشەوە، لە مبداڵی ڕا تەئسیری هەبووە بە تایبەتیش لە بەر هەڵکەوتە
جوغرافیاییەکەی لە سەر سنوورێکی دەستکردی کە دوو بەشی کوردستانی لەت کردووە. پێم
خۆشە هێندێک باسی زەمانی منداڵیت و بەرەو لاوێتیت
بکەی وەک لە کتێبەکە دا دەستت پێ کردووە
پێنجوێنی: وەکوو جەنابیشت
فەرمووت پێنجوێن لە شوێنێکی جوگرافی زۆر
جوان و نایاب دروست بووە. لە ناو زنجیرە چیایەک دایە، هەوایەکی سازگاری هەیە،
کوێستان زەمینە. شکلێکی جوان، هەر چوار دەوری چیایە هەر لەوەشەوە ڕیوایەتێک هەیە کە ئەڵێن بە پێنج
وێنە ناوی هاتووە. مامۆستا ئەمین زەکی بەگ وای تەخمین کردووە ئەڵێ
ئەو ناوە مومکینە لەوەوە هاتبێ، هەرچەند ڕیوایەتی تری زۆر لە سەری
هەیە، کە بەیانیان هەتاو هەڵئەستێ هەتا ئەگاتە ئێوارە شکڵی شارەکە و دیمەن و جوانی شار و ناوچەکە و
ئەوچیایانەی دەوری بە پێنج شکڵ، بە پێنج وێنە ئەگۆڕێ بەیانیان کە هەتاو
هەڵئەستێ لە سەر لووتکەی شاخەکانەوە
ڕەنگێکی هەیە، جوانییەکی هەیە کە هەتاو بەرز ئەبێتەوە و هەتاو دێتە ناو قووڵایی شیو و دۆڵەکانی ناو شارەکەوە شکلێکی
تری هەیە. بە هەر حاڵ ئەو وای وێنا کردووە کە هەتاو لە هەڵهاتنیەوە تا ئاوا بوونی
هەتاو و خۆر پێنج شکڵ و پێنج جۆر وێنە ئەدا بە ناو شار و دەشت و دارستانەکانی.
مەبەستم ئەوەیە کە لە شوێنێکی زۆر جوان و گەشتیاری دا دروست بووە ئەو شارە.
ناوکەشی لە پێنج وێنەوە هاتووە وەکوو ئەڵێن . هەرچەند وەکوو وتمان ریوایەتی
تریشی هەیە.
قازی: لە کتێبەکە دا دیارە باسی ئەوەش دەکەی کە بە جۆرێک
ئاماژەش بێ بە پێنج بەشی کوردستان. پێش ئەوەیکە بەردەوام بین پێم خۆشە بزانم ئەو
بارودۆخە خۆڕسکییەی کە هەبووە لەوێ هیچ تەئسیری هەبووە لەوەدا کە
زەوقی شاعیرانەی بەڕێزت بورووژێنێ یان نا؟
پێنجوێنی: خۆی کە هەر ئەچیتە ناو شارەکەوە وەک ئەوە وایە کە پێنج
تابڵۆ هەڵئاواسرابێ بە دەورو بەری شارەکە دا. فێعلەن هەمووی ئیلهام بەخشن بۆ ئەوەی
ئینسان جەو و فەزای شێعری لێ هەڵبهێنجێ. ئیلهام بەخشە فێعلەن شوێنەکە بۆ شێعر.
شوێنێکی زۆر کۆن ئاوەدان بووە بە درێژایی مێژوو. ئەو ئاسەوار و شوێنەوارە، دیزە و
گۆزە، بەردی نووسراو و ئەو شتانەی کە لە پێنجوێن
دۆزراوەتەوە ئاسارییەکان باسی ئەکەن، شوێنەوارناسەکان باسی ئەکەن لە زۆر کۆنەوە ئاوەدان بووە، لە زۆر کۆنەوە خەڵکی
تێدا نیشتەجێ بووە. مەسەلەن لەوێ ئاسەواری ساسانییەکان ئەوە زۆرە، دۆزراوەتەوە.
شونەوارناسی عێڕاقی وەختێک هاتوون لەوێ کنە و پشکنینیان کردووە، ئاسەواری زەمانی
میدییەکانیان تێدایە. سێ چوار قەڵای تێدایە، " قەڵای کوڕێ " و "
قەڵای کچێ "، " قەڵای پاشا " ئەمانە بە بەردی گەورە و بە بەردی
بیناسازی زۆر کۆن دروست کراون نیشانی ئەوە ئەدەن کە ئەم شوێنە لە زۆر کۆنەوە
ئاوەدان بووە.
قازی: لە چاوپێکەوتنی شاعیرێکی زۆر بەنرخی کورد هەیە بەنێوی
چاوە، کاک فاتحی شێجولئیسلامی کە بۆ خۆی بە ئەسڵ خەڵکی مەریوانە، چاوپێکەوتنێکیان
لەگەڵ کردووە بە زمانی فارسی لە
ساڵی ٢٠٢١ لەوێدا باس دەکا بە منداڵی، کە زۆر منداڵ بووە
بنەماڵەکەیان مەجبوور بوون مەریوان بەجێ بێڵن
و هاتوون و لە پێنجوێن گیرساونەتەوە و باسی بنەماڵەی ئێوە دەکا کە پەناتان
داون و ناوی بەڕێزیشت بە شێوەی کۆنکرێت دێنێ و دەڵێ تەقریبەن
هاوتەمەنین. بەڵام سەیرە دەڵێ ئەمن لە سەر ئەو چوارساڵەی کە لە پێنجوێن بووین هیچم
لە بیر نییە و لە تەمەنێکی منداڵی لەوێ بووم. ئێوەش لە
کتێبەکەتان لە سەرەتاکانیدا ئاماژەیەکی
کورت بەوە دەکەن کە هێندێک خەڵکی ئەو دیو هاتوون بۆ دیوی ئێوە. لەو زەمینانە دا چت
لەبیرە؟
پێنجوێنی: من دیارە مناڵ بووم کە ماڵی شێخولئیسلام لە مەریوانەوە
هاتوونەتە پێنجوێن، وا بزانم لە زەمانی حوکمی قاجارییەکانە کە هاتوون، زۆر پیاو
ماقووڵ و دەستڕۆیشتووی مەریوان و سنە هاتوون بەرەو سلێمانی و پێنجوێن. ئەوان لە
پێنجوێن گیرساونەتەوە. وا ڕێکەوتووە دراوسێی ئێمە بوون. جا هەر بۆ حەقیقەتیش، جا
ئێمە بە کاک فاتیح هەر ئەڵێین کاکە چاوە. وەختی خۆی باوکی شێخولئیسلام خوا عەفووی
کا هەر بە چاوە گیان بانگی کردووە ئێمەش هەر پێی ئەڵێین کاکە چاوە تا ئێستایش.
مناڵ بووە ئێستا ئەو شیربرای ئێمەیە. مناڵ بووە دایکی شیری نەبووە، دایکی ئێمە شیری
داوەتێ کاک فاتیح ئاوا گەورە بووە لە وێ. ئەوەی کە من وەبیرم بێ ئەم قسەیە لە ناو
خێزانی ئێمە دا باو بووە دواییش کە ئێمە گەورە بووین و بووین
بە مێرمناڵ و ئەچووینە مەریوان و ئەوان ئەهاتن
کاکە چاوە ئەو وەختە بیری چەپی هەبوو ئێمەش هەر خێزانەکەمان، برا
گەورەکەمان چەپ خواز بوو لە باڵی بەرەی پێشکەوتنخوازیان پێ ئەوتن لە ناو پارتیی
دێمۆکڕاتی کوردستان دا کە هەمزە عەبدوڵا ڕێبەریان بوو. ئێمەش لە براکەمانەوە ئەو
فکرەی چەپ و چەپخوازییەمان پێ گەیشتبوو کە ئەو ڕەفیقی فاتیحە یانی هاوتەمەنن.
ئەوانیش لە مەریوان مەشهوور بوون. یانی ئەو پێوەندییە ڕووحییە سۆفییەی کە لە بەینی
باوکی من و شێخولئیسلام دا هەبوو دوایی
بوو بە پێوەندییەکی فکری و ئایدێئۆلۆجی چەپی ئەوان لە مەریوان و ئێمە لە پێنجوێن.
یەعنی بەحەقیقەت ئەوەی کە من بێتەوە یادم لە مەریوان دا دوو بنەماڵە کە پێوەندییان
لەگەڵ ئێمەشدا هەبوو ماڵی سەعید بەگی ڕۆستەمی کە کوڕەکانی، ئەنوەریان کوڕە
گەورەیان بوو، کوڕەکانیان هەموو چەپ بوون چەپخواز بوون. ئەنوەر لەگەڵ برا
گەورەکەمان ئێمەش لەگەڵ براکانی تریان. ماڵی سەعید بەگ و ماڵی شێجولئیسلام دوو بنەماڵەی ئاغایی و دینی بوونە هۆی بڵاو
بوونەوەی ئەفکاری چەپ و چەپخوازی لە مەریوان و دەوروبەری مەریوان و ئێمەش لە
پێنجوێن پێوەندییەکمان هەبوو. تەنانەت ئەو پێوەندییەی بەینی ئێمە و کاکە چاوە بووە
هۆی ئەوەی کە ئێمە بووین بە خاڵی پێوەندی حیزبی شیوعی عێڕاق لەو سنوورە لەگەڵ چەپی
ئێرانی لە ڕێگای ئەنوەری ڕۆستەمی و لە ڕێگای کاکە چاوە و براکانی.
قازی: زۆر باشە، ئێستا بگەڕێینەوە سەر سەرپێهاتی خۆت لەو
سەروبەندە دا. فەرمووت کە برا گەورەکەتان
ئەندام بووە لە پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا بۆ خۆشت لە تەمەنی مێر منداڵی
ڕا بەرەو فکری سیاسی دەچی و بە تایبەتی بە
لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە زەوقی شێعریشت هەبووە دواتر لە سەردەمێک دا سەرەڕای ئەوەی
کە وەزعی مادی ئێوە زۆر باش بووە و چەند باغاتان بە ئیجارە گرتووە و ئەتۆ جێی
باوەڕی باوکت بووی بەڵام لە هەمان کاتدا حەولی ئەوەت داوە لە سەر فەللاحان بکەیەوە
و بە دژی قازانج و بەرژەوەندی چینایەتی خۆتان جووڵاوییەوە. ئەگەر دەکرێ هێندێک
باسی ئەوە بکەی.
پێنجوێنی:
لەوێ هێندێک خۆمان مڵکمان هەبوو و حامید بەگی جاف چەند گوندێکی هەبوو لە ناوچەی
پێنجوێن، باوکم گوندەکانی لەو ئیجارە کرد و ئێمەیش وەکوو سەرکار ئیشرافی
کۆبوونەوەی حاسڵات و بەر و بوومی ئەوانمان دەکرد. لەو وەختە دا ئەمن و براکانم
تازە فکری شیوعییەت/ کۆمۆنیستی چوو بووە ئەفکارمانەوە. منیش کە سەیرم ئەکرد ئەم
فەلاحانە لە سەری ساڵەوە، لە بەهارەوە دەست دەکەن بە ئیش کردن، چاندن و گێرە و کێشە
و ئەو شتە بەرهەم ئەهێنن بەڵام ئاغا ئەبێ بچێ لەگەڵی بەشی بکا. مەسەلەن تووتن نیوە
بە نیوە بوو، چەڵتووک لە سەدا دەی بۆ ئاغا بێ ئەویتری بۆ فەلاحەکە بێ، گەنم و جۆ
هەر بەم تەرزە، هەر شتەی ڕێژەیەکی تایبەتی خۆی هەبوو کە بە گوێرەی عورف و عادەتی
ئەو زەمانە چەندە بۆ ئاغا بێ و چەندە بۆ ماڵباتە جووتیارەکە بێ. یەعنی ئەم خێزانە
یەک ساڵی ڕێک ڕەنج ئەدەن ئاغا بێ لەگەڵی بەش بکا. ئێمەش گەنج بووین، شیوعی
بووین کۆم ئەکردنەوە ئەم گوت بەروبوومەکە
شتێک بدەن بە باوکم و ئەویتری بۆ خۆتان. جا باوکم لە سەر ئەوە لە من تووڕە بوو،
لایبردم و برایەکی ترمی خستە شوێنکەی من بۆ حیساباتی ئەو بەر و بوومە.
قازی: دوایە ئیدی ئەو چالاژی سیاسیتان دە چوارچێوەی حیزبی شیوعی لقی کوردستان
بەردەوام بوو؟
پێنجوێنی: من خۆم ئیتر کە لە سەرەتاوە بەو ئەفکارە پەروەردە بووین و کتێبی
مارکسیمان ئەخوێندەوە چووینە ناو ڕێزی حیزبی شیوعی عێڕاقییەوە.
قازی: دیارە حیزبی
شیوعیش لە دوای ساڵی ١٩٥٨ ئیدی چالاکییەکانی نهێنی نەبوو وا نییە؟
پێنجوێنی:
لە زەمانی پاشایەتیدا نهێنی بوو کە شۆڕشی ١٤-ی تەمووز بوو، وەک بڵێین کودەتای
عەبدولکەریم قاسم کە پاشایەتی نەما حیزبی شیوعی سەربەست بوو.
قازی: لەو
سەروبەندانە دا باسی ئەوە دەکرێ کە بە پێی ژمارەی ئەندام یەکێک لە گەورەترین حیزبەکانی ناوچە بووە حیزبی
شیوعی عێڕاق.
پێنجوێنی:
وا بوو.
قازی: بەڕێزت ئەو
سەروبەندە هەر لە هەڵەبجە و کوردستان خەریکی چالاکی بووی یا چۆناوچۆن بوو تا پێش
ئەوەی کە لە ١٩٦١-١٩٦٢ بزووتنەوەی ئەیلوول دەست پێ بکا.
پێنجوێنی: ئەوەی لە کوردستان لە دوای شۆڕشی ١٤-ی تەمووز
ژیانی حیزبایەتی و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و ئەمانە سەربەست کرا. لە کوردستان دوو
هێز هەبوو حیزبی شیوعی هەبوو، پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان هەبوو. ئەم دووهێزە.
بەڵام خەڵکەکە، زۆربەی خەڵکەکە و زۆربەی
خوێندەواری کوردستانی باشوور هەموو بە لای حیزبی شیوعی دا ئەڕۆیشتن. یانی
ئەوانەیش، ئەو سەرکردانەی پارتیی دێمۆکڕاتی کورردستان لەو زەمانە دا، مەبەستم ئەو
قۆناغە تاریخی یەیە هەموو، زۆربەیان لە حیزبی شیوعییەوە هاتبوون سەرکردەکانیان،
پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانیان دروست کرد. جگە لەوەش باڵێکی مارکسی هەبوو لە ناو
پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا بە قیادەی هەمزە عەبدوڵا حەتتا لە نیزامی
داخلییەکەیان، لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دا ئەڵێ: "نسترشیدو بمبائد المارکسیە –
لنینیە" ئەڵێ ئێمە ئیلهام لە فکری مارکسی – لێنینی وەر ئەگرین، لە بەرنامەی پارتیی
دێمۆکڕاتی کوردستانی ئەو وەختە دا. مەبەستم ئەوەیە هەر جەوی عامی عالەمی جەوێکی
چەپخوازی و چەپگریی بوو بە ڕاستی.
قازی: جائەگەر بێینە
سەر مەسەلەی حیزبی شیوعی لەکوردستان. دیارە ئەو حیزبە لە هەموو عێڕاق چالاک بووە
بە تایبەتی لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم دا کە چالاکی ئاشکرای دەکرد و دیارە لە کوردستان هێندێک کاری کرد بۆ
ڕێکخستنی جووتیاران و تەنانەت لە هێندێک
جێگا بوونە هۆی ئەوە کە فێئۆداڵ و ئاغاوەتە کوردەکان هەڵاتن بەرەو ئێران و پەنایان
برد بۆ دەوڵەتی ئێران. تکایە ئەو دەورانە باس بکە هەتا دابڕان لە حیزبی شیوعی دا
پێک دێ، واتە لێژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزی کە بەڕێزت لەگەڵ قیادەی مەرکەزی
دەکەوی.
پێنجوێنی: مەدی شیوعییەت لە عێڕاق دا مەدێکی گەورە بوو، زۆربەی
خەڵقی عێڕاق بە تایبەتی چینی کرێکار و فەلاح و چینی چەوساوە، کاسبکار و ڕەوشەنبیر
هەموو لەگەڵ حیزبی شیوعی دا بوون لە عێڕاق دا و لە کوردستانیش دا. لە زۆر شوێنی
کوردستان پارتی هەر وەکوو ڕێکخراو، بارەگایەک شتێکی وایان مابوو لە هێندێک شاری کوردستان دا ئەمە
بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٩٦٠ە کان، هەتا بیدایەتی شۆڕشی ئەیلوول کە بە قیادەی مەلا مستەفای بارزانی بەڕەحمەت
بێ دەستی پێ کرد شۆڕشی ئەیلوول. لە شۆڕشی
ئەیلوول ئیتر مەدی قەومی و شۆڕشگێڕی و داوای مافی کورد هەڵچوو و هاتە مەیدان
بەشێکی زۆری خەڵقی کوردستان ڕوویان کردە حەڕەکەی شۆڕشی کورد کە چەکیان هەڵگرت و
چوونە چیا، بە مە حیزبی شیوعی وەکوو ئەڵێن وردە وردە پووکایەوە. وردە وردە
جەماهیرەکەی و خەڵکەکەی ڕوویان کردە شۆڕش و بوون بە تەڕەفداری شۆڕش. لە ١٩٦٠ە
کاندا حیزبی شیوعی عێڕاقی بوو بە دوو بەش، بەشێک بە قیادەی عەزیزلحاج کە ئەویش هەر
کوردی فەیلی بوو، بەشێکیش بە قیادەی عەزیز محەمەد
کە لەو ساڵانەی دوایی وەفاتی کرد. حیزب بوو بە دوو بەش بەشی قیادەی مەرکەزی
تەبەنی شۆڕشی چەکدارییان ئەکرد کە ئەبێ ڕژێمی عێڕاق بە شۆڕش و حەڕەکەیەکی چەکداری
بڕووخێ و پرۆلێتاریا بچێتە سەر حوکم. ئەمە ئەفکاری قیادەی مەرکەزی بوو.
قازی: ئەی ئەو
دابەشبوونی کەمپی کۆمۆنیزم لە نێوان سۆڤییەت و چین هیچ تەئسیری نەبوو لەو دابڕانە
دا؟
پێنجوێنی:
ئێمە لە قیادەی مەرکەزی موتەئسیر بووین بە ئەفکاری جیواراییی (گێوارایی) و
کاستڕۆیی، نەک ماوتسێتونگ. ئەوەش هەبوو یانی ئەوانەشی کە لە ناو حیزبی شیوعی دا ما
بوون و موتەئەسیر بوون بە ئەفکاری شۆڕشی چەکداری ماوتسێتونگ و شۆڕشی ڤییێتنام و بڵێین وڵاتەکانی ئاسیا کە بە شۆڕشی چەکداری
سوڵتەیان بە دەست هێنا هەمووی لە دەوری قیادەی مەرکەزی کۆ بوونەوە. قیادەی
مەرکەزیش کە دروست بوو تەبەنی شۆڕشی چەکداری کرد هەر تەنها نەزەری بوو بە بێ ئەوەی
ئامادەکارییەک بکەی بۆ شۆڕشی چەکداری. مەسەلەن شانەی چەکداری دروست کەی، خەلایای
هێزی چەکداری دروست کەی تەنها ئێمە وەکوو شیعارێک وەکوو دروشمێک هەڵمان گرت.
قازی: بەڵام ئەمن پێم
وایە ئێوە دە فکریشتان دا هەبووە کە چونکوو حەڕەکەتی چەکداری هەر لە ناوچەی
کوردستانە، لە جێگای دیکە لە جنووبی عێڕاقیش دەبی ئەو حەڕەکەتە دروست بێ بۆ ئەوەی
زەخت و فشارەکە هەر لە سەر باکووری عێڕاق یا کوردستان نەبێ و هەڵگیرێ. بۆیە دەڵێم
لەبەر ئەوە قیادەی مەرکەزی حەولێکی دا لە باشووڕی عێڕاق حەرەکەتی چەکداری بکا.
پێنجوێنی:
بەڵێ ئێستا دێمە سەر ئەوە. ئەنجا کە ئێعلانی شۆڕشی چەکداریمان کرد فکرەی ئەوە
دروست بوو کە دەبێ لە هەموو شارێک دا شانەی چەکداریمان هەبێ. بۆ ئەوە حیزب بڕیاری
دا چەک بکڕێ. تەبعەن چەک بە پارە ئەکڕدرێ، بۆیە گوتم ئامادە نەبووین، ئەبوایە
پێشتر خۆمان بۆ ئامادە بکردایە ئەنجا ئێعلانی ئەوەمان بکردایە کە ئەمە شۆڕشی چەکداری ئەکەین. بڕیارێکی حیزب
هەبوو کە بچن دەست بگرن بە سەر بانقەکان و پارەی دەوڵەت بێنن چەکی پێ بکڕن.
قازی: کە ئێوە لە
ڕێگای گرووپی " گزنگ " را پارەتان پەیدا کرد.
پێنجوێنی: ئێمە لە سلێمانی
شانەی چەکداریمان دروست کرد. شانە چەکدارییەکان دوو ئەرکمان خستە سەر
شانیان. یەکەم دەست بگرن بە سەر پارەی حکوومەت دا، بیهێنن چەکی پێ بکڕین و یارمەتی
ئیش و کاری حیزبی پێ بکەین، دووهەم ئەوانەی کە ئازاری شیوعییەکانیان داوە و دژی
حیزبی شیوعی بوون و بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەواڵانی حیزبی شیوعی گیراون و ئێعدام
کراون تۆڵەیان لێ بکەینەوە. هەندێ چالاکی کرا لەم بوارە دا.
دوای ئەوە بڕیار درا کە لە ئەهوارەکانی جنووبی عێڕاق شانەی چەکداری دروست بکرێ.
وەکوو ئێمە پشتمان بە چیاکانەوە بوو مەجالی ئەوە هەبوو شانەی چەکداری دروست بکەین
و بچینە چیا. لە جنووبی عێڕاقیش شوێن بۆ خۆ شاردنەوە و پێکهێنانی شانەی چەکداری و
چالاکی دژی دەوڵەت، ئەهوار هەبوو، گۆماو و زۆنگاوەکانی ناو جنووب بوو. لە سلێمانی
کۆنفڕانسێکمان کرد لە مەنتەقەی قەرەداغ گوندێک هەیە پێی دەڵێن ئەستێڵ، هەموو
ڕێکخراوەکانی حیزب لە بەسرە و لە جنووب را هاتبوون. ئیتر لەوێ قیادەمان دروست
کردەوە چونکە حکوومەت قیادەی حیزبی شیوعی کە بە قیادەی عەزیزلحاج بوو ئێعلانی
شۆڕشی چەکداری کرد بوو کەوتینە چالاکی چەکداری لە هەموو عێڕاق دا قیادەکەش لە
بەغدا بوو. لەبەر ئەوە حکوومەت توانی، حکوومەتی ئەوسای عێڕاق توانی دەست بە سەر
هەموو قیادە دا بگرێ و بیگرێ. ئەوەی کە دەرچوو کوردەکان هاتن بۆ کوردستان بۆ لای
ئێمە. عەزیزلحاج گیرا کە گیرا هێنایانە سەر تێلێڤیزیۆن . لە تێلێڤیزیۆن
پەشیمانییەکی پیشان دا، هەندێ قسەشیان پێ کرد بەرانبەر بە شٶڕشی کورد کە شۆڕشی کورد کەوتووەتە دەست
ئێران و بوون بە پیاوی شای ئێران، ئەو وەختە خۆت ئەزانی دوو مەعەسکەر هەبوو،
مەعەسکەری غەرب، مەعەسکەری شەرق، مەعەسکەری شەرق بە قیادەی سۆڤییەت، مەعەسکەری
غەربیش بە قیادەی ئەمریکا و وەکوو موستەلەحاتی خۆمان ئیمپریالیزمی عالەمی. ئەو وای
تەخمین کرد کە مەلا مستەفا و شۆڕشی کورد بوون بە چەکێک بە دەستی ئێرانەوە لەبەر
ئەوە ئەبێ حەرەکەیەکی وا دروست بکرێ کە حەڕەکەی کوردی لە دەستی ئێران وەربگیرێتەوە
و بێتەوە سەر مەساری تەبیعی خۆی کە هەوڵ بدا بۆ ئامانجەکانی خۆی.
قازی: دەزانین کە لە ساڵی ١٩٧٥ حەڕەکەتی کوردی تێک دەچێ
بەڵام لە هەمان کات دا حکوومەتی عێڕاق ئەو چوارچێوەیەی کە بە پێی ڕێکەوتنی ١١-ی
مارسی ١٩٧٠ رای گەیاند بوو دەبوو مەجلیسێک لە ناوچەی خودموختار هەبێ و جەنابت لەو
مەجلیسە دا بەشداریت کرد و نوێنەر بووی تێی دا. ئەو مەجلیسی تەشریعییە چۆن بوو؟
پێنجوێنی: ئەو وەختە وەکوو وتم ئێمە شیوعی بووین، حیزبی شیوعی
عێڕاقی باڵەکەی کە سەر بە سۆڤییەت بووین، ئێمە کە قیادەی مەرکەزی تێک چوو، قیادەی
مەرکەزی بووین بە دوو بەش بەشی ماوی و بەشی جیوارایی،تێک چووین بووین بە دوو بەش.
لەو وەختە دا بەیانی ١١-ی ئازار هاتە پێشەوە، حیزبی شێوعی هۆ /
سەبەبی ئەوەبوو کە شۆڕشی ئەوسای کورد و حکوومەتی بەعسی هێنایە سەر مێزێک و
موفاوەزاتیان کرد و بەیانی ١١-ی ئازاری لێ دەرچوو و حیزبی شیوعی عێڕاقی ئەو
جەناحەی کە سەر بە سۆڤییەت بوو بەشدارییان کرد لە حکوومەت. حکوومەتێکی ئیتیلافی دروست بوو، دوو وەزیریان دا بە حیزبی
شیوعی، دوو وەزیریان دا بە حەرەکەی کوردی بە قیادەی مەلا مستەفا.
حکوومەتێکی ئیتیلافی دروست بوو. یەکێک لە خاڵەکانی بەیانییەی ئازار ئەوە بوو کە
مەجلیسی تەشریعی کوردستان پێک بێ، حکوومەتی عێڕاق ئیعترافی کرد بە ئۆتۆنۆمی بۆ
کوردستان لە زمان سەدام حوسێن کە حکومی زاتی، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان هەبێ. بۆ ئەمە
مەجلیسی تەشریعییان دا مەزراند. ئێمەیش کە حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی تێک چوو بوو
زۆر لە کادرەکان هاتینەوە ناو حیزبی شیوعی قەدیم.
ئێمە کە تێک چووین، قیادەی مەرکەزی کە تێک چوو و بەشێکمان چووینەوە ناو حیزبی
شیوعی و مەجلیسی تەشریعی دەرچوو ئێمە مەجمووعەیەک لە شیوعییەکان چووینە ناو
مەجلیسی تەشریعی ئێمە بەو باوەڕەی کە ئەمە فورسەتێکە، دەرفەتێکە وەکوو ئەڵێ موویەک
لە بەراز بێتەوە هەر باشە، کورد ئیعترافی پێ کراوە، ئۆتۆنۆمی هەیە، حیزبی شیوعی
بەشدارە لە حوکمی مەرکەزی دەرفەتێکی دێمۆکراتییەت هەیە بتوانین لەم رێگەوە خزمەت
بە قەزییەی کورد و مافی کورد بکەین.
قازی: لە کتێبەکەدا لە چەند جێدا باسی ئەوەت کردووە کە کەنگێ
چاوت بە نەمر عیسمەت شەریف وانلی کەوتووە و لە بەر کەمی کات دەبێ لە هێندێک شت
دەرباز بین بگەینە ساڵی ١٩٩٢ کە بەڕێزت لەگەڵ هەیئەتێک چووی بۆ دۆڵی بیقاع
و چاوت بە بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان کەوت. پێشینە و زەمینەی ئەو سەفەر و چاوپێکەوتنە
چ بوو؟
پێنجوێنی: حەرەکەی مارکسی کە بەرەو زەعیفی چوو لەدوای ڕاپەڕینی
کوردستان و نەمانی حکوومەتی عێڕاق و حکوومەتی بەعس و ئەوانە کوردستان ئازاد بوو دەرفەتێک کرایەوە هێزی
پەکەکە لە چیاکانەوە هاتنە ناو شارەکانی کوردستان. کە هاتنە ناو شارەکانی کوردستان
کادرەکانی پەکەکە لە ناو شارەکانی کوردستان دا دەگەڕان بۆ ئەو کەسانەی کە
خەلفییەتێکی سیاسی و چەپ و مارکسییان هەبووە و ئێستا دانیشتوون بە شوێن ئەوانە دا
ئەگەڕان. یەکێک لەوانە ئێمە بووین. ئەو وەختە من ماڵم لە هەولێر بوو دوو سێ
کادری پەکەکە هاتنە لام و باسی ئەو حیزبەیان بۆ کردین. ئێمە ئەو دەمی دەمان
بیست لە ڕادیۆکاندا باسی حیزبی عومالی کوردستانی ئەکرا،
باس ئەکرا کە چالاکیان هەیە لە تورکیا، پەکەکە چالاکی هەیە لە تورکیا بەڵام
حەقیقەت و وەزعی تایبەتی پەکەکەمان نەدەزانی. کە ئەو کادرانە هاتن، هاتنە ناو
شارەکانی کوردستان و گەڕان لەگەڵ خۆیان کتێبی بەڕێز ئوێجاڵانیان ئەهێنا و کاسێتی
ڤیدێئۆییان ئەهێنا. ئێمە ئەوانەمان بینی و کە سەیرمان کرد ئەو کتێبانەی ئوێجاڵانمان
دەست کەوت و خوێندمانەوە، ئەوەی کە کرا بوو بە عەڕەبی بە تایبەتی؛ ئەو وەختە هێشتا
هیچ کتێبێکی ئاپۆ نەکرا بوو بە کوردی خاسەتەن بە سۆرانی، ئێمە وتمان بە شوێن شتێکی
ئاوا دا ئەگەڕێین. حەرەکەیەکی چەپی مارکسیستی شۆڕشگێڕ کە داوای مافی کورد بکا و مافی گەلان
بکا لە ناوچەکە، ئێمە مەجمووعەیەک بە شوێن ئەوە دا بووین. ئیتر پێوەندیمان لەگەڵ
ئەوانە دا پەیدا کرد نزیکەی ساڵێک، ئەوان کوتیان ئێمە لە کوردستانی باشوور هێزێکمان
دروست کردووە بە ناوی "پاک"، پارتیی ئازادیی کوردستان، دەعوەتیان کردم
بۆ کۆنفڕانسێک لە چیای زاگڕۆس. چووین بۆ ئەوێ من خۆم بەشداریم کرد لەو کۆنفڕانسە
کە زانیم فێعلەن حەڕەکەیەک هەیە و ڕێکخستنێکیان دروست کردووە، ئەوە ساڵی ١٩٩٢ بوو.
ئیتر پاش ئەو کۆنفڕانسە دەعوتیان کردم بۆ بیقاع وتیان ئێمە لە بیقاع ئاکادێمیای
عەسکەری مەعسووم قۆرقمازمان هەیە، سەرۆک ئوێجاڵان لەوێیە حەز
ئەکەن بچن سەردانێکی بکەن. ئیدی لە مانگی ٢-ی ١٩٩٢ ئێمە چووینە بیقاع لەوێ بە
دیداری بەڕێز ئوێجاڵان شاد بووین.
قازی: ئەوە لەم
کتێبە دا [ کتێبەکە نیشان دەدا] با
بینەرانیش بیبینن بە ناوی: " دێمۆکڕاتیک کورتولوش، وە ئوزگیور یاشام
ئینشا.ئیمراڵی نۆتلاری" ئەوە ئەو یادداشتانەیە کە تێیدا باسی ئەو
چاوپێکەوتنانە هاتووە کە بەڕێز
ئوێجاڵان لەگەڵ هەیئەتەکانی
هەدەپە هەیبووە، من ئەو کتێبەم خوێندووەتەوە، گەڕام لاپەڕەکانم نەدۆزییەوە، بە
تەواوی دڵنیام کە لەم کتێبە دا باسی جەنابت هەیە و وا دیارە ئەو
دیدارانەی کە لە دۆڵی بیقاع ڕا دەستی پێ کردووە درێژەی هەبووە. خۆشت لە کتێبەکەت
دا باست کردووە کە حەولت داوە پێوەندی
دروست بکەی و بۆ جۆرێک لە ئاشتەوایی و پێک هێنانی لایەنەکان. لەو زەمینانە دا
ئەگەر دەکرێ هێندێک بە چڕی باس بکەی.
پێنجوێنی: یەکەم دیدارمان لەگەڵ بەڕێز ئوێجاڵان لە مانگی ٢-ی
ساڵی ١٩٩٢ بوو. دوایی ئەو دیدارانە بەردەوام بوو. ٩٣ ێش هەر چوومەوە بۆ لای بەڕێز ئوێجاڵان ئەو وەختە بە
ناڕەحەت ئەڕۆیشتین. بە پێ لە زاخۆ وە
چووین تا نزیکی قامشلۆ ئەنجا لەوێ هاواڵان بۆیان ڕێک خستین چووینە بیقاع.
ئەوانە دەوامی کرد هەتا من هاتمە ئوڕووپا، لە ڕێگەی بەڕێز ئوێجاڵانەوە هاتم بۆ
ئوڕووپا. لە ئوڕووپا دەستمان کرد بە کارو چالاکی لەگەڵ هەواڵان دا. ئەنیستیتووی
کوردیمان دروست کرد لە بەرلین لەگەڵ بەڕێز عیسمەت شەریف، دوای ئەوە پارڵمانی
کوردستان دروست بوو (پەکەدەوە)، من یەکێک
بووم لە دامەزرێنەران و ئەندامانی ئەو پارڵمانە.
بووم بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارڵمانەکە، شکلە
حکوومەتێکیشمان دروست کرد بوو، وەزارەتی تەندروستی و وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری و
وەزاڕەتی ، من بووم بە کولتوور باقانی، کاک ڕەمزی وەزیری تەندروستی بوو ، یانی
شکلە حکوومەتێکمان دروست کرد جا ئەوەش
چیرۆکێکی هەیە ئێمە لەگەڵ عیسمەت شەریف چووین بۆ لای بەڕێز ئوێجاڵان لە
ئەوڕووپاوە، پێمان وت با ئەمە بکەین بە حکوومەتی مەنفا بۆ کورد. بەڕێز ئوێجاڵان
وتی ئەمە کارێکی گەورەیە ئەمە ئێعلان بکەین دوژمنەکانمان هەمووی گەلەکۆکیمان لێ
ئەکەن، بەڵام ئێوە بڕۆن لە ڕێگەی پارڵمانەوە؛ دوایی بوو بە کۆنگرەی نەتەوەیی، لە
ڕێگای ئەوەوە لە دەوڵەتە ئەوڕووپییەکان ئەم مەسەلەیە باس بکەن. مەسەلەن ئێمە
چووینە لای فەڕانسە، لای ئینگلیس. کۆبوونەوەی پارڵمانی کوردستان هەر شەش مانگ
جارێک لە وڵاتێکی گەورە ئەمان کرد. ئەوە ئیستیغلال ئەکرا ئەو برادەرانەی پێوەندی
دەرەوە باسی ئەوە دەکرا کە ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دروست بێ ڕەئی ئێوە چییە؟
موختەسەر ڕەئی هەموو دەوڵەتەکانی ئەوڕووپا، کە ئێمە هەموو
دەوڵەتەکان موفاتەحەمان کردوون و باسی ئەوەمان لەگەڵ کردوون بە تایبەتی کاک
عیسمەت کە شارەزاییەکی زۆری هەبوو لە قەزایای دیپڵۆماسی و عەلاقاتی دووەلی دا.
ڕەئییەکان بەم جۆرە بوو بەشێک ئەیان وت بیکەن
ئێمە پشتگیریتان ئەکەین، بەشێک ئەیان وت ئێوە نابێ
بیکەن و ئێمە نامانەوێ
دەوڵەتی تورکیا تێک بچێ بە تایبەتی ئەمریکییەکان، چونکە جووین بۆ کۆنگرێس
چووین بۆ لای سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان پەتڕۆس غالی.
من و عیسمەت شەریف و هاوڕێیەکی دیکەمان لەگەڵ بوو. سێ ڕەئی دروست بوو هێندێکیان
ئەیان وت ئەگەر بیکەن دژتان ئەبین وەکوو ئەمریکا و ئاڵمانیا، هەندێک ئەیان وت
بیکەن. ئەوانەی کە بەرژەوەندیان لەگەڵ تورکیا و وڵاتی عەڕەبی نەبوو وەکوو عێڕاق و
سووریا ئەیان وت بیکەن ئێمە پشتگیریتان ئەکەین، هەندێکیشیان بێدەنگ بوون ئەیان وت
ئەمە هینی ئەم مەرحەلەیە نییە باسی بکەین. ئاوا بوو.
مەسەلەی پڕۆسەی ئاشتیش کە ئەوە شتێکی
گرنگە هەر چەند لە کتێبەکەشم دا باسم کردووە و لە هەندێک شوێنیش. جارێک بە ڕەحمەت
بێ مام جەلال بانگی کردم وتی بڕۆ بە برادەران بڵێ
من لەگەڵ ئەردۆغان قسەم کردووە کە مەسەلەی کورد بە شەڕ چارە نابێ بە ئاشتی
چارەسەری ئەکەین. ئەویش بە منی گوتووە ئەتۆ لەو مەیدانە دا، لەو بابە دا چیت پێ
ئەکرێ بیکە. مام جەلال وتی بە برادەران بڵێ
داوایان کردووە کەسێک بنێرن بۆ تورکیا کە مۆری پەکەکەی پێوە نەبێ چونکە
ئەوان ناتوانن لەگەڵ پەکەکە دابنیشن، بەڵام شارەزای سیاسەتی پەکەکە بێ بچین قسە
بکەین لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دا بزانین چییان ئەوێ و ئەیانەوێ چی بکەن. منیش چووم
بۆ قەندیل لەوێ ئەو وختە هەواڵ موراد سەرۆکی کۆنسەی بوو لەگەڵ هاوسەرۆک سۆزدار
ئاوێستا دانیشتین باسم کرد وتم مام جەلال پڕۆژەیەکی وای هەیە ئێوە ئەڵێن چی؟ شەوێک
مامەوە، موشاوەرەتیان لەگەڵ خۆیان کرد وتیان بچۆ. من چووم بۆ تورکیا لەوێ ئەو
وەختە مودیری دەسگای موخابەرات ( میت ) ئەمرە تانر بوو، کابرایەکی تر بوو پێش ئەم
هاکان فیدانە. لەوێ ئەوم دی، سێ کەس دانیشتبوون کە ئەمن چووم خۆی و دوو کەسی تر. ئەنجا من پێم وتن من
ئەتوانم نۆت بگرم وتیان فەرموو سەربەستی،
دەفتەر و قەڵەمی خۆم هەبوو، من داوای موتەرجمێکی کوردم کرد کوتیان ئەوە مەمنووعە موتەرجیمی عەڕەبیان بۆ
هێنام وتیان خۆمان موتەرجمێکی عەڕەبمان
هەیە، عەڕەبی ئەزانی وتم بەڵێ. موتەرجمێکی
عەڕەبیان هێنا سێ کەس دانیشتبوون خۆی مودیری موخابەرات ( میت)، ئەوان پێیان
ئەوت سایین موستەشار، ژنێکیش وتی ئەوە
مودیری ئیستیخباراتی داخلی یە، یەکێکیش مودیری ئیستیخباراتی عەسکەری. وتی ئێمە کە
ئەم قسەیە ئەکەین لە ژوورێکی پچکۆلە دا دانیشتبووین سێ کەس ئەوان، موتەرجیمەکە و
منیش لێرە.[بە دەست نیشان دەدا] بەرانبەریان دانیشتبووم. وتی ئێستا ئێمە کە ئەو
قسانە ئەکەین، ئەو وەختە ئەردۆغان ڕەئیس وزەرا بوو، عەبدوڵا گول ڕەئیس جمهوور بوو،
وتی ئێمە کە ئەم قسانە ئەکەین ئەو بەڕێزانە بە ڤیدێئۆ سەیرمان ئەکەن سوئال لە من
ئەکەن منیش سوئالەکانت لێ ئەکەم ، هەر سوئالێک جواب ئەدەیتەوە جواب ئەدەیتەوە و
هەر سوئالێکیش جواب نادەیتەوە کەیفی خۆتە سەربەستی. مەجلیسی ئەمنی قەومیش ئەوانیش
چەند زابتێک دانیشتبوون. ئەوان زۆر ئیهتیمامیان بەوە دابوو. منیش ئیتر بەوە دەستم
پێ کرد وا بزانم لەو کتێبەشدا نووسیومە وتم من " سڵاوی سەرکردەکانی پەکەکە
بەڕێز موراد قەرەیلان و بەڕێز جەمیل باییک بۆ ئێوە هەیە بۆ سەرکۆمار
و سەرۆکوەزیران، لەبەر ئەوەی ئێوە یەکەم دەوڵەتن
کە ئەڵێن کورد هەیە و ئەمانەوێ چارەسەری کێشەی کورد بکەین . ئەوان ئەو
قسەیە بە گرنگ وەردەگرن". ئەوانیش جوابیان دامەوە. وتم فەرموون ئەمن هاتووم
بە ئاگاداری قیادەی قەندیل و پەکەکە و بە ئاگاداری سایین جەلال تاڵەبانی.
[ وتم: " ئەو برادەرانە داوای گەورەیان نییە، تەنها دەیانەوێت کورد مافی خۆی
هەبێت، بە زمانی خۆی قسە بکات و بخوێنێت، وەکوو میللەتێک لە دەستوور دا بڵێن لە سەر زەوی و لەم وڵاتە دا هەیە" ئیتر
ئەوان کەوتنە پرسیار کردن، دیار بوو بەشێک لە پرسیارەکان پرسیاری سەرۆک کۆمار و
سەرۆک وەزیران بوون کە ڕاستەوخۆ گفتوگۆکەیان دەبینی.
ئەم دانیشتنە سێ سەعات و نیوی خایاند. جارێک پشوویەکمان دا، بۆ ئاو و قاوە
خواردنەوە، بەڵام پشووەکەش هەر بە ڤیدێئۆ و کامێرا تۆمار دەکرا. لە پشووەکە دا
ئەمرە تانر وتی: " من خزمەتم تەواو بووە و خانە نشین دەبم، بەڵام سەرۆک کۆمار
و سەرۆک وەزیران خانەنشینی یەکەمیان بۆ شەش مانگ دوا خستووە، بۆ ئەوەی
لێکۆڵینەوەیەک ئامادە بکەم لە سەر چۆنێتی چارەسەر کردنی کێشەی
پەکەکە و کورد لە تورکیا "، وتی: " من بۆ ئەوە مەسعوود بارازانیم
بینیوە، جەلال تاڵەبانیم بینیوە، لەگەڵ زۆربەی سیاسییەکانی باشوور دا قسەم کردووە،
لەگەڵ کەسایەتی سیاسی باکووریشدا قسەم کردووە. ڕا و بۆچوونی هەموان کۆ دەکەمەوە بۆ
ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد" .
وتم: " ئەم کارەی تۆ دەیکەیت، شتێکی پیرۆزە، شتێکی مێژووییە بۆ کورد و بۆ
تورکیش و شایانی ئەوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیت پێ بدرێ و دەبیت بە قارەمانی ئاشتی و
کۆتایهێنان بە شەڕ و ئاژاواە ، وتم ئەمە کارێکی مرۆڤدۆستانەشە، شەڕ چ سوودێکی
هەیە، ئەو ملیار دۆڵارانەی لە شەر دا خەرجی دەکەن، لە
ئاوەدانیدا خەرجی بکەن، وڵاتەکەتان دەبێت بە بەهەشت".
لە درێژەی دانیشتنەکە دا و ئەوەی تورکیا دەیویست و دواتریش بۆ برادەرانی قەندیلم
گواستەوە، کورت و پوخت ئەمە بوو. " پەکەکە چەک دابنێت و بە چەند قۆناغێک لە
سنووری تورکیا بچێتە دەرەوە، لە بەرامبەریشدا پارڵمان یاسای لێبوردن دەر بکات و
بێنەوە ناو تورکیا، پێوەندی بە هەدەپەوە بکەن و
کاری سیاسی بکەن. لە پارڵمان ململانێی خۆیان لە چوارچێوەی دەستوور دا بەڕێوە بەرن.
دەیانەوێت بەشداری دەسەڵات بن بە پێی پێگەیان لە هەڵبژاردن و کورسیەکانییان ، با
بەشدار بن. دەیانەوێ بەشداریش نەبن ، دەتوانن ئۆپۆزیسیۆن بن، شەست کەس هەن لە
پەکەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە لیستی ڕەش دان و لێبوردن نایانگرێتەوە،
ئەوانە دەتوانن، یان لە هەرێمی کوردستان دابنیشن، بۆ ئەمە ئێمە خۆمان لەگەڵ
بارزانی و تاڵەبانی ڕێک دەکەوین، ئەگەر ئەوەش ناکەن، با بچنە هەندەران.
تورکیا خەرجی سەفەرکردنیشیان دابین دەکات. لە ماوەی پێنج ساڵێش دا تورکیا دەستە
دەستە بڕیاری لێبوردن بۆ ئەو شەست کەسەش دەر دەکات. ئەو پێنج ساڵەش بۆ ئەوەیە کە
بتوانرێت لەو ماوەیە دا هەستەوەرییەکی میللی وەها دروست بکەین کە زەمینە بۆ
لێبوردنی ئەو کەسانە خۆش بکات.
وتم: " ئەمانە هەموو شتی باشن، بەڵام پێویستە متمانە دروست بێت، چونکە بە
یاسا لێبوردنی گشتی دەر دەکرێت، بەڵام لە
تورکیا " بکەری نادیار" هەیە، ئایا ئەوانەی بەر لێبوردنی گشتی دەکەون،
ناکەونە بەر لێشاوی تێڕۆر کردن؟"
ئەمرە تانر بە پێکەنینەوە وتی: " دەوڵەت شتی وا ناکات کاری بکەری نادیار،
وڵاتی تر دەیکات کەسێک شتی وا بکات ئێمە بە پێی یاسا سزای دەدەین". .....
لە کۆتایی دانیشتنەکە دا وتم: " باشە ئەگەر پەکەکە هەموو داواکارییەکانی
تورکیای پەسەند کرد و ئێوە هیچتان نەکرد . ئەمرە تانر تۆزێک ڕاوەستا. وتی: : ئەوسا
منیش دێم پێوەبدی دەکەم بە قەندیلەوە!" منیش وتم: " ئەهلەن وە سەهلەن،
لەوێ خۆم پێشوازیت لێ دەکەم".
کۆبوونەوەکە تەواو بوو، من لە دڵی خۆم دا وتم : " من بە تەما بووم بمگرن،
کەچی وا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەکەم بە گەریلا!"
پۆزشێک بۆ
ئەمرە تانر
من یەک دوو جار باسی ئەم دیدارەی ئەمرە تانرم کردووە. فورات نیوز چاوپێکەوتنیان
لەگەڵ کردم و لە زمان منەوە ئەو قسەیەی ئەو بڵاو بووەتەوە، میدیای تورکیش
هەڵیگرتەوە و بەند و باوی شۆڤێنییانەیان بۆ هۆنیوەتەوە. دوو سێ جار بانگیان کردە
پارڵمانی تورکیا. نەژاد پەرست و شۆڤێنییەکان ئەوەی نەشێ بە ئەمرە تانریان کرد، لە
سەر ئەوەی بە پێنجوێنی وتووە: " دەجمە
قەندیل" ئەویش
جوامێرانە بەرگری لە خۆی کرد و وتی:
" ئێستاش لە سەربۆچوونی خۆم سوورم و کێشەی کورد لە تورکیا هەر بە گفتوگۆ
چارەسەر دەکرێت". منیش لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەم، بۆیە لێرە دا بە چاکم زانی پۆزشێک بۆ ئەمرە تانر
بهێنمەوە ئەگەر لە سەر قسەی من دووچاری تەنگ و تاو بووبێت. ] ( قسەکانی ناو [ ]
تێهەڵکێشی باسەکەیە و لە کتێبی چۆن بووم بە پرد، لاپەڕەی ٤١٢ تا ٤١٧
وەرگیراوە)....
قازی:
بە داخەوە کاتمان کەمە بەڵام ئەگەر بە یەک
دوو جوملەش بێ باس بکەی. جەنابت ئێستا وەزعی کورد لە حاڵی حازر دا؛ یانی دەزانین
کە بشێوێنی هەیە، خەبات هەیە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شٶڕشی ژن، ژیان. ئازادی، لە باکوور هەڵبژاردن کراوە گرووپێک
دیسان چوونە مەجلیس، و ماوەیەکی زۆرە هیچ خەبەر نییە لە بەڕێز ئوێجاڵان ، مەسەلەی ئازاد بوونی بەڕێز
ئوێجاڵان بۆ خەباتی گەلی کورد گرینگە بە گشتی و بە تایبەتیش لە باکووری کوردستان.
لەو بارەیەوە ئەگەر لە چەند جوملەیەک دا بۆچوونەکانی بەڕزتانمان گوێ لێ بێ. فەرموو.
پێنجوێنی: ڕاستە ئێستا کێشەی کورد گەیشتووەتە قیممە، کێشەی کورد
لە ژێر چنگ و دەستی دەوڵەتی هەرێمی و ئیقلیمی دا نەماوە کە وەکوو کارت ئەم دەوڵەت
بە کاری بهێنێ بەرانبەر بە ئەو دەوڵەت و ئەم دەوڵەت بە کاری بهێنێ. وەکوو ئێران
کێشەی کوردی بە کار ئەهێنا دژی حکوومەتی عێڕاق، عێڕاق کێشەی کوردی ڕۆژهەڵاتی بەکار
ئەهێنا دژی حکوومەتی ئێران ئێستا مەسەلەی کورد لە دەستی دەوڵەتی ئیقلیمی نەماوە بووە
بە مەسەلەیەکی گەورە لە بەینی دەوڵەتە گەورەکان. دەوڵەتە گەورەکانی دنیاش چوار
دەوڵەتن.ئەمریکا و بریتانیا، ڕووس و چین. مەسەلەی کورد کەوتووەتە دۆخێکەوە ئەوان
ئەیانەوێ یاری پێ بکەن و وەکوو کارت بەکاری بێنن. ئەویش بۆچی وای لێ هات ئێستا حالییەن کوردستان مەخزەن
و بەحرێکی گەورەی غاز و نەوتە. بە تایبەتی
غازی ئەم دواییەی باشووری کوردستان کە کەشف بوو. کۆرییەکان کەشفیان کرد ئەڵێن غازی
کوردستان ئەو مەنتەقەیە کە لە دووز خورماتووەوە تا چەمجەماڵ و دێتەوە لای سلێمانی
ئەو حەوزە غازیبە قەدەر غازی سێبێریا ئەگەر زیاتر نەبێ کەمتر نییە. ئەمە ڕاپۆرتی
کۆرییەکانە کە داویانە بە حکوومەتی عێڕاقی و من لە دەمی مام جەلالەوە ئەم قسەیەم
بیستووە. ئەمە ئێستا بووە بە کێشە هەموو دەوڵەتەکان ئەیانەوێ لینکێک لەگەڵ
کوردەکان دروست کەن بۆ ئەوەی بەشێک لەم غازە کە ئیحتیاتییەکی تەبیعی گەورەیە بۆ
عالەم، بەشێک لەم غازە بکەوێتە دەستیان. ئەمە دەوڵەتانی گەورە. دەوڵەتانی ئیقلیمیش
کە کوردستانیان ئەم چوار دەوڵەتە داگیر کردووە و پارچەیان کردووە هەر کەسە بیر
لەوە دەکاتەوە چۆن حیسەی خۆی زیاتر بێ. تا ئێستا تورکیا ئیستیفادەی کردووە لە نەوت
و غاز لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە،
ئێرانیش بەشێکی ئیستیفادەی کردووە لەوە. ئێستا دەوڵەتەکانی تریش ئەیانەوێ. لەبەر
ئەمە قەزییەی کورد ئەم چوار دەوڵەتەی کە داگیرکەری کوردستانن چوارساڵە
کۆبوونەوە ئەکەن کە لە سەر موستەوای ئیستیخبارات و وەزیری جەنگ و ڕەئیس وزەرا و
سەرۆکەکان و هەموو دەسگاکانی سیاسی و ئابووری و ئیستیخباراتی چۆن کێشەی کورد کەم
بکەنەوە. ئەوە دەستیان پێ کردووە لە هەرێمی کوردستانەوە. هەرێمی کوردستانیان
گەمارۆ داوە. مەسەلەی ئابووریان لە دەست وەرگرتینەوە، نەوت و غازەکە دراوە بە حکوومەتی
مەرکەزی، سنوورەکانیان داوا لێکردووین، دەبێ سنوورەکانیش تەسلیم بە حکوومەتی
مەرکەزی بکەین، مەتارەکانیش عەینی شت. یەعنی کێشەی کورد و حکوومەتی هەرێمی
کوردستانیان لە باشووری کوردستان و وەکوو خۆیان ئەڵێن شیمالی عێڕاق گەمارۆ داوە،
وردە وردە پچووکی ئەکەنەوە. هێرشێکی گەورەی دەوڵەتی تورک و لەگەڵ بەشێک لە
حکوومەتی عێڕاق و بەشێک هێزی کوردی ئیتیفاقیان کردووە کە هێرشێکی گەورە هەر لە
چوارچێوەی کەمکردنەوە و بێدەسەڵات کردنی پڕۆسەی سیاسی و ئەزموونی کورد، دۆزی کورد
هێرشێکی گەورە بکەن بۆ سەر پەکەکە و هێزی قەندیل و لە ناو شارەکانیشدا ئەوەتا خۆت
دەزانی لە باکوور و حەتتا لە باشووریش کەوتوونەتە لێدان و کوشتن و ئیختیالاتی
کادرانی پەکەکە. هێرشێکی گەورە کە حەرەکەی پەکەکە بە گەورەترین هێز ئەزانن، چوار
دەوڵەتی داگیرکەر بە هێزێکی وای ئەزانن کە
ئەبێ لە پێشدا لەم هێزە گەورەیە بدرێ بۆ ئەوەی کێشەی کورد و دۆزی کورد
پچووک بکرێتەوە دەستیان پێ کردووە. بەڵام ئەمەش لێرەوە حەز دەکەم بە هەموو کەس
کە ئێمە دەبینێ ئەمەش ئاخر کارتی دەوڵەتی ئاکپارتی و مەهەپەیە، دەوڵەتی تورکیایە و
سەر ناگرێ چونکە بۆ خەڵکی کورد و خەڵکی
ئازادیخوازی مەنتەقەکە لە ناوبردنی قەزییەی کورد لە ناوبردنی
هێزی ئازادی و دێمۆکڕاسییە لە شەرقی ئەوسەت.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز پێنجوێنی بۆ بەشداریت لە
بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە
دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش
تێبینی: ئەم
بەرنامەیەی ڕاوێژ دانی بەیانی ١٩-ی تەمووز
ئاستە کراوە و پێنجشەمە شەو ٢٧-ی تەمووز لە ستێرک تیڤییەوە بڵاوکراوەتەوە. دەکرێ
بە ڕێی ئەم لێنکە دا ڤیدێئۆی بەرنامەکە ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=OmTaPGR6eiA
پاشکۆ
محمد امین پێنجوێنی
٣٠-ی تەمووزی ٢٠٢٣
ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن
پێش بیست ساڵ یەکەم کۆنفرانسی لۆزان
لە وتارەکەماندا
لە دووەم کۆنفرانسی لۆزان، ئاماژەمان بەوە کرد، کە ساڵی ۱۹۹۷ *بۆ
یەکەمجار لە میژووی گەلی کورددا،
ئەنستیتوی کوردی بەرلین بۆ لێکۆڵینەوە و زانست کۆنفرانسێكمان لە بارەی پەیماننامەی
لۆزان بەست، کە سێ ڕۆژی خایاند لە حەفتا و پێنجەمین ساڵوەگەڕی ئەم پەیمانە
شوومەدا.
لە کۆنفرانسەکەدا گەلێک کەسایەتی مێژوونووس،
مێژووزان و سیاسەتمەداری گەورەی جیهانیی و کورد بانگهێشت کرابوون، هەموویان لە
سیمینارەکانیاندا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە کورد زوڵمێکی مێژوویی گەورەی لێ کراوە
بۆیە پێویستە لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەو مەزڵومیەتە لا ببرێت .
ئێمەش وەکوئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی، لە
ئەنستیتوی کوردی بەرلین بڕیارمان دا کە شاندێك بنێرین بۆ ئەمریکا بۆ لای سکرتێری
گشتی نەتەوە کگرتووەکان.
شاندەکەمان پێكهاتبوو لەم بەڕێزانە:
دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی هاوسەرۆکی
ئەنستیتوتی کوردی بەرلین
ـ محەمەد ئەمین پێنجوێنی بەڕێوەبەر و هاو
سەرۆکی ئەنستیتوی کوردی بەرلین
ـ پرۆفیسۆر
مێهرداد ئیزەدی مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی میشیگان
ـ عەلی ییگیت
ـ دکتۆر ئیلهان قزڵهان.
ئەوەی لێرەدا گرنگە و مەبەستە بوترێ وردەکاری
ئەو دیالۆگە بخرێتە ڕوو کە لە نێوان سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێگرەکەیدا و
شاندەکەی ئێمە پێش بیست ساڵ ڕوویدا و ئێمە
داوای چیمان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد چونکە ڕووداوێکی مێژووییە پێویستە هەموو
کوردێک بیزانێت.
یەکەم ـ
یاداشتێکمان بەناوی کۆنفرانسی یەکەمی لۆزانەوە پێشکەش کرد کە بەشێوەیەکی زانستی و
قانونی مێژویی نوسرابوو.
دووەم ـ ئەونامەیەی کە بەڕێز ( عەبدوڵڵا
ئۆێجالان)، نووسیبوی لەگەڵ نامەیەکی دەمکی (شەفەوی) کە بەڕێزیان
بە منی گووتبوو پێشکەش بە (پەترۆس غالی) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
کرا. لە نامەکەدا هاتبوو ئێمە ئامادەین
شەڕ لە گەڵ دەوڵەتی تورکیادا بوەستێنین و دەست بە دیالۆگ بکەین لە ژێر چاودێری
نەتەوە یەکگرتووەکاندا و پرسی کورد چارەسەر بکەین
.
دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی کە سەرۆکی شاندەکە بوو
گووتی: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە قەتڵوعامی دەرسیم، چیای ئاگری، گەڵی
زیلان، کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال بە جینۆساید بناسرێ (ئەو کاتە لە کۆنگرێسی
ئەمەریکا گفتوگۆ لەسەر قڕکردنی ئەرمەنەکان دەکرا، کە بە جینۆساید بناسرێت)
لە وەڵامدا گوتیان: ئێوە هەرکات وەکوو
ئەرمەنەکان دەوڵەتتان هەبوو ئەو داوایە بکەن، ئێمەش ئەیخەینە پرۆگرامی
کۆبوونەوەکانمان بۆ گفتوگۆ.
منیش گووتم: با وەکوو فەلەستینیەکان ئەندامێکی
چاودێرمان هەبێت.
لە وەڵامدا گوتیان: بیست دەوڵەتی عەرەبی داوای
لێمان کرد، ئەوسا بڕیار درا
فەلەستینییەکان چاودێرێکیان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت
پرۆفێسۆر
میهرداد ئیزەدی گوتی: ئێوە پێمان دەڵێن وازلە شەڕی چەکداری بهێنن. باشە! لە
بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەمان بدەن قسە بکەین، با لێرەوە دەنگی ئاشتییانەی
خۆمان بگەیەنینە هەموو دنیا، کە ئێوە ڕێگە نەدەن هیچ چارەیەکی ترمان لەبەردەمدا
کراوە نییە، جگە لە شەڕی چەکداری بۆ خۆ پاراستنمان.
بەناوی
شاندەکەوە داوامان کرد نامەکەی بەڕێز ئۆێجاڵان، وەکوو وتاری سەرۆکی هۆزی هیندییە
سوورەکان( بیگ چیف) بخرێتە ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. هەر بۆ
مێژوو و وەفایەک بۆ ڕۆحی (عیسمەت شەریف وانلی)، دەڵێم (دکتۆر عیسمەت، دکتۆر جەبار
قادر وسەلیم فورات) ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە پێكهێنان و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی
یەکەمی لۆزاندا. بە هەوڵێکی تایبەتی و شەخسی خۆمان و لە ڕێگەی ( عیسمەت
کەتانی)یەوە توانیمان بگەینە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
*ئەو کاتە
عیسمەت کەتانی یاریدەدەری سکرتیری گشتی بوو بۆکاروباری مرۆڤایەتی.
براتان محەمەد
ئەمین پێنجوینی
• بە باشمان زانی کە لەکۆنفرانسی دووەمی لۆزاندا
ئەم چالاکییە مێژوییەتان بۆ باس بکەین
• ڕاست کردنەوەی هەڵە، لە ئاخاوتنی وتارەکەماندا
لە کۆنفرانسی دووەمی لۆزان گوتوومانە کۆنفرانسی یەکەم ساڵی۱۹۹٥
بووە ،ڕاستییەکەی ساڵی ۱۹۹۷ داوای لێبوردن دەکەین.
No comments:
Post a Comment