Saturday, August 5, 2023

وتاری دوکتور سوهەیلا قادری لە کۆنفڕانسی سەد ساڵە لۆزان ٢٢/ ٧ / ٢٠٢٣

وتاری دوکتور سوهەیلا قادری
لە کۆنفڕانسی سەد ساڵە لۆزان

٢٢/ ٧ / ٢٠٢٣ 

بە شانازی دەزانم، بە بەختەوەری دەزانم کە دە ڕۆژێکی ئاوا مێژوویی دەتوانم بەشداری بکەم لە وەبیرهێنانەوەی پەیماننامەی لۆزان و پڕۆسەیەکی کە گەیشتە لۆزان. ڕەخنەیەکی چکۆڵەشم هەیە بەر لەوەی خۆم مەعرفی بکەم  ئەویش ئەوەیە باش دەبوو ئەو پانێلە سەر لەبەیانی بووبایە یان ئەوەڵی نیوەڕۆیە بایە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تەمەرکوز کردن لە سەر قسان زیاتر  لە دوو سەعات زۆر کارێکی زەحمەتە.
من سوهەیلای قادریم، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتم لە شاری مەهابادەوە دێم زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە فەڕانسە دەژیم، دوکتورای تاریخی پێوەندیی نێونەتەوەییم هەیە لە زانکۆی سۆربۆن، تێزەکەم لە سەر سنوورەکانی ئیمپراتوری عوسمانی لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی هەتا پێش شەڕی دووەمی جیهانی نووسیوە. کۆنفڕانسی لۆزان و پەیماننامەی لۆزان دە دڵی کارەکانی من بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پێکهاتن و کێشانی ئەو سنوورانە بووە. من ماوەیەکیش ئەڵبەتە بەختەوەری وەم هەبووە دەگەڵ خانمی دانیێل میتێران لە ڕێکخراوەکەی
" فڕانس لیبێرتێ"  هاوکاری بکەم  و بەو بۆنەوە هێندێک توانیومە لە نزیکەوە لەگەڵ موشکیلات و مەسائیلی کوردی و ئەو ئالوگۆڕانەی کە بە سەر کۆمەڵگاکەمان دا دێن ئاشناییم هەبێ. 
 ئەگەر ئیزن بدەن ئەمن پاورپۆینتێکی چکۆلەم دروست کردووەبۆ ئەوەی زۆر دووبارەی نەکەینەوە، ئەمڕۆ زۆر قسە کرا، زۆرشت کوترا، بەعزێکی دروست بوو، بەعزێکی لە باری مێژووییەوە پێویستی بە ڕاست کردنەوە هەیە، من وەکوو کەسێک کە مێژووی خوێندووە و چاوی بە مێژووەیە تەشخیسم دا کە باشە بە شێوەی کڕۆنۆلۆژیک بێینەوە سەر ڕووداوەکان، بزانین لە کوێ ڕا هاتینە کوێ و بۆ لە سێڤر ڕا گەیشتینە لۆزان؟
پەیماننامەی لۆزان پەیماننامەیەکە کە بە پەیماننامەی ئاشتی ناوی دەبردرێ، شتێکی زۆر پارادۆکسە چونکێ لە  ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا کە ئەو پەیماننامەیە جێ بەجێ کراوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگی ئاشتی و تەبایی بە خۆیەوە نەدیوە و هەر شەڕ و کێشەی تێدا بووە. پەیماننامەی لۆزان هەر وەها کۆتایی بە دوو شەڕی گەورە هێناوە؛ شەڕی یەکەمی جیهانی و شەڕی تورکەکان دژی یۆنانییەکان کە بە شەڕی سەربەخۆیی ناسراوە.
بۆ ئەوەی کە بێینە نێو کڕۆنۆلۆژی ئەو ڕووداوانە، من دەستم پێکردووە لە شەڕی ئەوەڵی جیهانی ڕا. شەڕی ئەوەلی جیهانی لە ٢٨-ی ژووییەی ١٩١٤ دەستی پێکرد ئیمپراتۆری عوسمانی لە ٣٠-ی ئۆکتۆبری ١٩١٤ شەڕی دژی ڕووسیا ڕاگەیاند و لەگەڵ وڵاتانی مێحوەر تێکەڵاو بوو. وەختێک شەڕ دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٩١٥ ڕێکەوتنێک لە نێوان سێر هێنری مەک ماهۆن  و شەریف حوسێنی مەکە کرا. من کاتێک لێکۆڵینەوەم دەکرد لە سەر مەرزەکان هەمیشە فکرم لەوەی دەکردەوە کە چۆنە عەڕەبەکان توانییان وڵاتی خۆیان هەبێ و ئێمە کوردەکان نەمان توانی ئەو دەم بە ئاواتی خۆمان بگەین. لە پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەو نەتیجەیە گەیشتم عەڕەبەکان ڕێکخستنیان هەبوو، بەرنامەیان هەبوو، یەکگرتووییان هەبوو و زانیان هاوپەیمانیی ستراتێژیکی خۆیان دە نێو  وڵاتانی یەکگرتووی شەڕی یەکەمی جیهانی یانی بریتانیا و فەڕانسە و ئیتالیا هەڵبژێرن. کاتێک سوڵتانی عوسمانی داوای جیهادی کردکە بێن و شەر بکەن بە نێوی ئیسلام و بە نێوی جیهاد داوای لە موسوڵمانانی دنیایێ کرد شەریفی مەککە کە بۆخۆی موسوڵمان بوو و لە خانەوادەی پێغەمبەری ئیسلام بوو نەیەویست واریدی ئەو کایەی بێ کوتی عەڕەبەکان پێویستە بۆ ئازادی و بۆ سەربەخۆیی خۆیان شەڕ بکەن نەک جیهاد بۆ ئیسلام. ئەو دەم بوو کە ئەو ڕێگای خۆی هەڵبژارد و ئێمە دیتمان کە ئینگلیسییەکان/ بریتانیاییەکان قەولیان پێ دا کە ئەگەر عەڕەبەکان بێن شۆڕش بکەن و لە شەڕ دا بە زیدی عوسمانییەکان بەشداری بکەن ئەوان وڵاتی خۆیان بۆ دروست دەکەن. دیارە هەر لە هەوەڵەوە پێیان گوتن یا وڵاتێکی سەربەخۆتان بۆ دروست دەکەین یان کۆنفێدراسیۆنی وڵاتی عەڕەب لەبەر ئەوەی دە نێو دانوستاندە نهێنییەکانیان دا بەو نەتیجەی گەیشتبوون نەیاندەویست ئیدی وڵاتێکی گەورەی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک بێنن.
لەو دانوستاندنانەی کە دەبەینی مەک ماهۆن و شەریف حوسێن دا کراوە باسی کوردستان نەکراوە بەڵام دەبێ بگوترێ کە پڕۆژەی عەڕەبە نەتەوەپەروەرەکان بۆ پێکهێنانی وڵاتی عەڕەبستان مەشموولی کوردستان لە قەڵەمڕەوی عوسمانیشدا دەبوو. هەر بۆیە گرینگە کە چاومان لەو دان و ستاندنانە دا ببێ لەو سەردەمە دا.
لە پاش ڕێکەوتننامە مەک ماهۆن و شەریف حوسێنی مەکەی کە دێینەسەر قەراردادی یان ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ، ئەمڕۆ زۆرمان باسی سایکس – پیکۆ گوێ لێ بوو، پێویستە ئەوەی وەبیر خۆمان بێنینەوە کە سایکس – پیکۆ هیچ ڕەبتی بە کوردستانەوە نەبوو. سایکس- پێکۆ ڕێکەوتننامەیەک بوو کە بۆ لەت لەت کردنی ئیمپڕاتۆرئ عوسمانی پێک هاتبوو و لە هیچ جێگایەک باسی کوردانی تێدا نەکرا بوو.

ئەو نەخشەی کە لێرە دا دەیبینن نەخشەی ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆیە هەر ئەو جوورەی کە دەیبینن ئیمپراتۆری عوسمانی دەو نەخشەیەی دا بە پێنج بەش بە پێنج زۆن دابەش کراوە. زۆنی شینە کە وەبەر فەڕانسەی دەکەوێ، کە لوبنان و کیلیکا دەگرێتەوە، زۆنی
A-ی عەڕەبە کە ئەویش هەر لە ژێر نفووزی فەڕانسە دایە بەشێک لە ویلایەتی مووسڵ، بەشێک لە باکووری سووریا و لوبنانی وەبەر دەکەوێ، ئەو جار ناوچەی سوورە کە ناوچەی ژێر نفووزی ڕاستەوخۆی بریتانیایە کە مێزۆپۆتامیا و کووەیت دەگرێتەوەو هەر وەها ناوچەی ئا یە کە ئەویش هەر لە ژێر نفووزی ناڕاستەوخۆی بریتانیا دایە کە ئەویش بەشێک لە کوردستانی لەگەڵە. ئەگەر چاو لە نەخشەکەی بکەن کەرکووک وسلێمانی هەر ئەو دەمیش لە ناوچەی ژێر نفووزی ناڕاستەوخۆی ئینگلیس دا بوون و لە پاشان بەشێکیش لە باشووری سووریا هەتا دەچێتە فەلەستین و ئۆردۆن. ڕووسەکانیش لە سەرەوە  دیارە ناوچەی هەرمەنستان و بەشێک لە کوردستانی باشووریان بۆ خۆیان تەزخان کرد بوو و هەر وەها تەنگەکانی بۆسفۆر و داردانێل لە دەریای ئێژە. دەمێنێتەوە ناوچەی نێونەتەوەیی کە فەلەستین و بەشێک لە بەندەرەکانی حەیفا و سەن ژاندارک و ئەو چەند بەندەرەی سەر دەریای مدیتەرانە وەبەر دەگرێ. ئەو شتەی کە پێویستە لێرە ئاماژەی پێ بکەین بە بێ ئەوەی کە نێوی کوردستان بێ لە سایکس – پیکۆ دا  کوردستان هەر ئەو دەمیش لە نێوان لانی کەم سێ وڵات دا بەش کرا بوو. ڕووسیا و بریتانیا و فەڕانسە.

لە ساڵی ١٩١٨ شەڕ تەواو دەبێ، شەڕ کە لە ٢٨-ی ژووییەی ١٩١٤ دەستی پێکردووە لە ١١-ی نۆڤامبری ١٩١٨ تەواو دەبێ و کۆنفڕانسی ئاشتی لە پاریس دەست بە کار دەکا، لە ژانڤییەی  ١٩١٩. چ دەقەوم
ێ لەو نیوانە دا، ١٤ خاڵەکەی پرێزیدێنتی ئەمریکا، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ویلسن ە کە لە بەندی دوازدەهەمی دا باسی پرێنسیپی ناسیۆلیتەکان دەکا بۆ ئیمپراتوری عوسمانی و دەڵێ ئەو میللەتە غەیری تورکانەی کە لە ئیمپراتوری عوسمانی دەژین حەقی سەربەخۆیی و گەیشتن بە مافەکانی خۆیان هەیە. دە دوایە دا مەعلووم دەکا کە ئەو خاڵی دوازدەهەمی پرێزیدێنت ویلسۆنی دە ڕاستیدا هەر ڕووی لە عەڕەبەکان بوو، ڕووی لە میللەتەکانی دیکە نەبوو. و بەگوێرەی خاڵی دوازدەی پرێنسیپی سەرۆک ویلسنە کە پێکهێنانی ئەرمەنستانێکی سەربەخۆ لە کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس دێتە گۆڕێ.
کە باسی
ئەرمەنستانی سەربەخۆ دێتە گۆڕێ بە خۆشییەوە ئەو دەمی وەفدێکی کوردیش بە سەرۆکایەتی شەریف پاشا ساز دەبێ کە دێتە کۆنفڕانسی پاریس و ئەویش دەڵێ ئەگەر قەرار وایە بۆ ئەرمەنستان، بۆ هەرمەنییەکان ئێوە  وڵاتێک دروست بکەن  پەس پێویستە بۆ کوردەکانیش دروست بکەن.
دەو سەر وبەندەی دا لە تورکیا کەماڵیستەکان  خەریکن تەواوی ئەو شەش ویلایەتە و حەوت ویلایەتەی کە کوردەکان و هەرمەنییەکان پێکەوە داوای دەکەن و لە باشووری تورکیا هەڵکەوتوون و بەشی زۆربەیان کوردنشینن دەگرنەوە، یەک بە دوای یەک دا دە
یانگرنەوە. کەماڵیستەکان دەستیان بە شۆڕش کرد و هێزێکی زۆریان خر کردووەتەوە لە هێزەکانی ئەڕتەشی عوسمانی و هەر وەها کوردەکان.
لە کۆنگرەی ئەرزە ڕوم کە لە بەینی  ژووییە – ئاگوستی ١٩١٩ دەگیرێ پێویستە وەبیر بێنینەوە کە ٥٤ نوێنەری کورد بەشداری کۆنگرەکە دەبن، ٥٤نوێنەری کورد لەوێن و کۆلۆنێل ڕا
ولینسۆن  کە ئەو دەمی ڕێپۆتر دەبێ دەچێ بۆ وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی بریتانیا ڕاپۆرت ئامادە بکا دەڵێ لانی کەم سێ هەزار چەکدرای کورد لە ڕێزی کەماڵیستەکان دا شەڕ  دەکەن. هاوکات کە کەماڵیستەکان کۆنگرەی سیواس و ئەرزە ڕووم دەگرن شەریف پاشا لە کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس دوو مێمۆڕاندۆم پێشکێش دەکا و لە هەر دووکیان دا داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکا. کێشەکە دێنێتە سەر ئەوەی کە بەشێکی زۆر لەو خاکەی کە هەرمەنییەکان داوای دەکەن کوردنشینن دەبێ بۆ کوردەکانیش وڵاتێکی سەربەخۆ پێک بێنن. دە هەمان حاڵدا شەریف پاشا دەڵێ باش دەبێ ئەگەر وڵاتێکی کوردی کە پێکی دێنن ببێتە وڵاتێکی نێوان بڕ، وڵاتێکی حائیل لە بەینی ئەرمەنستان و تورکەکان.
هەتا ئێرە هەتا دەگەینە کۆنفڕانسی
ئاشتی پاریس باسی مەسەلەی کوردستان و پێکهاتنی وڵاتێکی کوردی بە هیچجور لە گۆڕێ دا نەبووە. کە شەریف پاشا ئەوانە پێشنیار دەکا مەسەلەی کوردیش دێنە ناو مەسەلەی کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس و قسە کردن لە سەری دەست پێ دەکا.

لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٢٠ کۆنفڕانسێک لە سەن ڕێمۆ لە ئیتالیا دەگیرێ ئەو کۆنفڕانسە کۆنفڕانسێکی یەکجار زۆر گەورەیە چونکی پەسەندکراوەکانی ئەو کۆنفڕانسەیە کە دواتر دەبێتە بەندەکانی پەیماننامە سێڤر. لە سەن ڕێمۆ کە کۆ دەبنەوە ئیتالیا و بریتانیا و فەڕانسە و ژاپۆن وڵاتە یەکگرتووەکانی سەرکەوتوو لە شەڕ، دوو سێ مەسەلەی گەورە دێتە گۆڕێ یەکیان  دابەش کردنی مانداکانە کە بە فارسی پێی دەڵێن قەیموومییەت بە عەڕەبی پێی دەڵێن ئینتیداب، وشە فەڕانسەییەکەی ماندایە و وشە ئینگلیسییەکەی مەندەیت ە. ئەوەڵین کارێکی کە دەیکەین ئەو ماندایانە بەسەر خۆیاندا دابەش دەکەن. دێرە دایە کە ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ بە شێوەیەکی نافەرمی لە نێوان فەڕانسە بریتانیا دا دێتە ئاراوە. فەڕانسە و بریتانیا بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی کە دە پێشدا دەستنیشانیان کرد بوو دە سایکس- پیکۆ دا دە نێو خۆیاندا دابەش دەکەن، هەرچەند سایکس – پیکۆ ئەو دەم ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتبوو ئاڵوگۆڕەکەش چ بووە ئەوە بوو کە لە تەواو بوونی شەڕ دا، لە دیساممبری ١٩١٨ دا لوید جۆرچ کە سەرۆکوەزیرانی بریتانیا بوو دوو داوا لە ژۆرژ کلێمانسۆ سەرۆکوەزیرانی فەڕانسە دەکا یەک دەڵێ دەبێ ویلایەتی موسڵم بدەیەوە بە تەواوی بێتە ژێر نفووزی بریتانیا دووش ئیجازە بدەی کە وردە وردە فەلەستینیش بێتەوە ژێر نفووزی بریتانیا. ژۆرژ کلێمانسۆ قەبووڵی دەکا دەڵێ مووسڵ بۆ تۆ و فەلەستینیش بۆ تۆ. ساڵی ١٩١٩ وەختێک کە دانوستاندنەکان لە کۆنفڕانسی سەن ڕێمۆ دەست پێ دەکەن فەڕانسەییەکان و بریتانیاییەکان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە مووسڵ یانی کوردستانی باشوور بە تەواوەتی بچێتە ژێر نفووزی دەوڵەتی بریتانیا. لە پاشان لە سەن ڕێمۆ نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یانی نەوتی کوردستانی باشوور، نەوتی ویلایەتی مووسڵیش بەش دەکەن. بریتانیا قبووڵ دەکا کە ٪ ٢٥ لە داهاتی نەوتی ئەو ناوچەیە بدا بە فەڕانسە.  ئەوە قیمەتی وەی دەبێ کە لەو لایەوە فەڕانسە داروبەخشی کردووە و بەشێکی لە خاکی کوردستان داوە بە بریتانیا، بریتانیاش لە باتیان ٪ ٢٥ لە داهاتی نەوتی چ دەوڵەت بەرهەمی بێنێ و چ شیرکەتێکی خسووسی بیدا بە فەڕانسە. کە لە سەر ئەوە ڕێک دەکەون ئەو سەفەر دێنە سەر ئەو باسەی چ وڵاتێک بۆ هەرمەنستان دروست بکرێ و چ وڵاتێک بۆ کوردستان. لە سەن ڕێمۆیە کە دێنە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ وڵاتێکی کوردی بچووک دروست بکرێ لەباکووری کوردستان کە ببێتە حائیل لە نێوان ئەرمەنستان و تورکەکان.
تەواوی پەسندکراوەکانی، تەواوی بڕیار و بەندەکانی کۆنفڕانسی سەن ڕێمۆ لە پەیماننامەی سێڤر – ببورن زۆر کەس دەڵێن سیوەر بەڵام  تەلەفوزی فەڕانسەییەکەی سێڤرە، دەمەوێ تکاتان لێ بکەم کە هەر ئاوا ڕایبگرن-، شارێکە لە نزیک وێرسای لە پاریس و لەوێ فابریکێکی گەورەی چینی سازی هەیە، ئەو پەیماننامەیە لەو فابریکە دەبەسترێ زۆر لە مێژوونووسەکان دەڵێن پەیمانی سێڤر پەیمانێکی زۆر لە شکانهاتوو بوو، زۆر ناسک بوو وەک ئەو چینییانەی کە لە فابریکی سێڤر لەو شارە دروست دەکران.

ئەمەش نەخشەی پەیماننامەی سێڤرە ئەو جوورەی کە دەیبینن هەرمەنستان بە ڕەنگی سوور دیاری کراوە لەو سەرەی، کوردستان ئاوی یە و بەشێک لە تورکیاش ڕەنگەکەی زەردە و بنەوەش کەخاڵ خاڵ داندراوە کوردستانە، یانی نەخشەی کوردستان کە بە گشتی کوێیە و چ وڵاتێکیان بۆ لە بەرچاو گرتووە. هەر ئەو جۆرەی کە دەیبینن کوردستان بەشێکی چکۆڵەیە کە لە دێرسیم و دیاربەکر و خارپوت و لە ناوچەی حەکاری و ئەوانە پێک هاتووە و بەشێکی گەورە لە خاکی کوردنشین و هەر وەها هەرمەنی نشین، بەڵام دیارە کوردەکان زیاتر بوون وەبەر ئەرمەنستانی داهاتوو کەوتووە. لە بەشەکانی دیکەش ئەو بەشەی کە دەبێتە کوردستانی باشووری ئەمڕۆ، ویلایەتی مووسڵ وەبەر ناوچەی ژێر نفووزی بریتانیا کەوتووە و هەر باسی لێ نەکراوە و لە پەیماننامەی سێڤر دا لە بەندی ٦٢ هەتا ٦٤ باسی پێک هاتنی وڵاتێکی خودموختاری کورد دەکەن. ئەمن تێکستەکەم لە فەڕانسەییەوە وەرگێڕاوەتەوەبە کوردی لە بەندی ٦٤ دا دەڵێ ئەگەر هاتوو پاش ساڵێک کوردەکان سەلماندیان کە بەشی زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیهەوێ سەربەخۆ بێ و ئەگەر کۆمەڵی نەتەوەکان قبووڵی کرد کە بێ ئەو مەسەلەی بەرڕەسی بکا ئێمە دەتوانین رێفراندۆمێک بکەین ئەگەر ئەو خەڵکە هەموویان بەشی زۆربەیان داوای سەربەخۆیییان کرد ئێمە دەتوانین لە کۆمەڵی نەتەوەکان داوا بکەین کە بێ و ئەو مەسەلەی بە دەستەوە بگرێ بۆ  چونکی کۆمەڵی نەتەوەکان نە توانای ماڵی هەبوو، نە توانای نیزامی هەبوو و نە هیچ قودرەتی ئیجڕایی هەبوو. دەڵێ دەتوانین داوا لە وان بکەین کە بێ مەسەلەی پێکهاتنی کوردستانێکی سەرنەخۆ لەبەر چاو بگرێ و ئەو کات بریتانیا حازرە کە هیچ چاوەڕوانییەکی لەو بەری ویلایەتی مووسڵ نەبێ یانی دیسان دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە لەکاتی ئیمزاکرانی پەیمانی سێڤر دا لە ڕاستیدا کوردستان قەڵەمڕەوی عوسمانی بە سێ بەش دابەش کراوە. بەشێکی کە دەبێ کوردستانێکی خودموختار بێ، بەشێکی وەبەر ماندای فەڕانسەی کەوتووە کە ئەمڕۆ دەبێتە کوردستانی ڕۆژئاوا، بەشێکی وەبەر ماندای بریتانیا کەوتووە کە دەبێتە کوردستانی باشوور. کەوا بوو نەتیجە وەرگرتنەکەمان ئەوەیە کە لە لۆزان نەبوو کە کوردستان بوو بە سێ بەش و لەبەر ئەوەی لە ئێرانیش هەبوو بوو بە چوار بەش. لە ڕاستیدا لە کۆنفڕانسی سەن رێمۆ ڕا و دوایە لە پەیماننامەی سێڤر ڕا کوردستان بەش بەش کراوە و هیچوەخت پڕۆژەی پێکهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆی کورد بە تەواوەتی لە گۆڕێ دا نەبووە. هیچ کاتێک نە بریتانیا و نە فەڕانسە وەکوو زلهێزی ئەودەمی بە تەمای وەی نەبوون کە وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی پێک بێنن. لەبەر چی لە بەر ئەوەی کە بریتانیا چاوی لە کوردستانی باشوور و لە سەرچاوەکانی نەوتی بڕیبوو، بەرژەوەندی ئابووری و ستڕاتێژیکی هەبوو نەی دەویست ئەوێ بەر دا. ئەو سەفەر فەڕانسە بە هیچ شێوەیەک حازر نەبوو دەست هەڵگرێ لەو سنوورانەی کە لە سەن ڕێمۆ و لە سێڤر لەبەرچاو گیراوە، ئەو بەشە لە کوردستانی ڕۆژئاوا وەبەر سووریا کەوتبوو داوای دەکرد حازر نەبوو دەستبەرداری بێ و لە پاشانیش فەڕانسەییەکان لە جێدا باوەڕیان بە پێکهێنانی وڵاتێکی کوردی نەبوو،دەیان گوت کوردستان نە ڕێگاوبانی هەیە، نە تەمەدونی هەیە، نە کانگاکانی بەرهەم هاتوون، نە پڕۆژەیەکی سیاسییان هەیە، نە لیدرێکیان هەیە ئەوانە چۆن دەیانەوێ ببن بە وڵات؟
ئەوە دە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی فەڕانسە دا هاتووە بۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی خۆیان کە دەڵێ چ کوردستانێک، دەگەڵ کێ بە چ پڕۆژەیەک، دەگەڵ کێهە لیدری کورد؟ بە کام بەرنامە ئێمە بێین وڵات دروست بکەین بۆ کوردەکان؟
بریتانیا سەرباقی وەی لە سەر پڕۆژەی خۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نیمچە خودموختار دە کوردستانی باکوور دا هەر دەڕوا، باوەڕی بەوە هەیە هەتاوەکوو کەماڵیستەکان  ئەوەندە دەچنە پێش کە ئەو خاکەی کە قەول وا بووە  ئەرمەنستان و کوردستانێکی تێدا دروست بکرێ کۆنتڕۆڵی دەکەن و دەیخەنە ژێر دەست خۆیان و لە ئاکامدا هیچ جێگایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانە بتوانن وڵاتێکی کوردی یا هەرمەنی تێدا دروست بکەن.
لە ساڵی ١٩٢١ چەند شتی گەورە دەقەومێ یەکیان کۆنفڕانسی لەندەنە. لە کۆنفڕانسی لەندەن کە لە مانگی ڤێڤرییە و مارسی١٩٢١ دا دەگیرێ وڵاتە یەکگرتووەکان دەگەنە ئەو نەتیجەی کە ناتوانن وڵاتی هەرمەنستان پێک بێنن. ئەو وڵاتە پێک نایە و غەیری مومکینە و خاکەکە دە ژێر کۆنتڕۆڵی کەماڵیستەکان دایە و هەرمەنیش نەماون تەقریبەن لە بەین چوون، یان کۆچیان کردووە و یان بە دوای کوشتار و ژێنۆسیدە پەیتاپەیتاکان دا هەر لە بەین چوون،نەماون ناکرێ وڵاتێکی سەربەخۆیان بۆ پێک بێنن.
کە وابوو سیاسەتمەدارە ڕۆژئاواییەکان دەگەنە ئەو نەتیجەیەی کە ئێمە دەتوانین تەنێا وڵاتێک، ماڵێکی چکۆڵە؛  فواییێک پێک بێنین بۆ هەرمەنییەکان لە بەشێک لەو خاکەی ئەرمەنستانی مێژوویی.
ئەوەی کە دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی کوردیش دوو نوێنەری کەماڵیستەکان لەوێن لەو کۆنفڕانسەی. ئیشاڕەم پێ کرد کوتم  کۆنفڕانسێکی گرینگە لەبەر چی، لەبەر ئەوەی یەکەمین جار بوو کە نوێنەرانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان دەگەڵ نوێنەرانی کەماڵیست لە لەندەن چاویان بەیەک دەکەوت. کۆنفڕانسی لەندەن زۆر گرینگە چونکە یەکەم جارە کەماڵیستەکان دێن بەشداری دەکەن وەکوو بەردەنگی دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان لە تورکیادا. ئەوان کەماڵ نیزام و بەکر سامی بەگ دەڵێن کورد و تورک پێکەوە هیچ موشکیلەیەکیان نییە، کورد هیچ وەخت داوای نەکردووە لە تورکیای جوێ بێتەوە و ئەو سەفەر ئەو بەندی ٦٢-ی پەیماننامەی سێڤر ڕاست نییە سنووری کوردەکان ئەوەندە دوور ناڕوا، کورد پێویستیان بە وڵات نییە، کورد دەگەڵ ئێمەن و دەگەڵ ئێمە وەکوو برا وان.
یانی هەر لە کۆنفڕانسی لەندەن لە ساڵی١٩٢١ مەسەلەی کورد تەواو دەبێ هیچ باسی لێ ناکرێ دوایە، هاوتەریبی وی مەسەلەی ئەرمەنستانیش تەواو دەبێ.
هەر لە هەمان ساڵی ١٩٢١ کە فەڕانسەش دەچێ دەگەڵ کەماڵیستەکان گفتوگۆی ئاشتی دەست پێ دەکا و لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩٢١ قەراردادێکی نهێنیان لەگەڵ ئێمزا دەکا و لە سەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا ڕێک دەکەون. ئیتالیاش لەلایەکی دیکەوە چووە لەگەڵ تورکەکان ڕێک کەوتووە کاری خۆی کردووە.

لە ساڵی ١٩٢٢ش زۆر شتی گەورە دەقەومێ، لەساڵی ١٩٢٢ ئەو سەفەر کۆنفڕانسێک لە پاریس دەگیرێ و لەو کۆنفڕانسەی دا وڵاتە هاوپەیمانەکان سەروەرایەتی تورکیای بە سەر مەرزەکانی دا، بە سەر سنوورەکانی دا لە دەوروبەری ئێران و مێزۆپۆتامیا و تەواوی ئەو ناوچانەی کە کەماڵیستەکان داگیریان کردووە هەتا دەریای ئێژە بە ڕەسمییەت دەناسن. یانی ئیتر هەموو شتێک تەواو دەبێ. ئیتر پەیماننامەی سێڤر تەواو دەبێ و ئەو بڕیارانەی کە دراون هەموو دەچێتە ژێر پرسیار و هەمان ساڵە کە تورکە کەماڵیستەکان  هەر وەکوو بۆخۆتان دەزانن بە سەر یونانییەکاندا زاڵ دەبن، شکستیان دەدەن. ئاگربەستی مۆدانیا ڕادەگەیێندرێ لە ئۆکتۆبری ١٩٢٢ و لە نۆڤامبری ١٩٢٢ کۆنفڕانسی لۆزان دەست پێ دەکا.
لێرە لە شاری لۆزان کۆنفڕانسی لۆزان دەست پێ دەکا، دەوری یەکەمی لە نۆڤامبری ١٩٢٢ هەتا فێڤرییەی ١٩٢٣ و دەوری دووەمی لە ئاوریل هەتا ژووییەی ١٩٢٣یە و لە ٢٤-ی ژووییەی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزان دەبەسترێ. ئەمڕۆ لێرە زۆر باسی لێوە کرا، باسی بەندەکانی پەیماننامەی لۆزان کرا. زۆر بە کورتی دەڵێم کە لە لۆزان حەقی کەمایەتی ئێتنیکی ئەسڵەن لە نەزەر نەگیرا. کەماڵیستەکان لە پێشدا دەگەڵ وڵاتە سەرکەوتووەکانی شەڕ ڕێک کەوتبوون لە سەر ئەوەی کە ئەسڵەن نابێ باسی ئێتنیکەکان بکرێ لە تورکیا، تەنیا دەبێ باسی ئەو کۆمەڵگەیانە بکرێ کە غەیری موسوڵمانن یانی مەسەلەکە بوو بە ئایینی، بوو بە کەمایەتی ئایینی. و لەوێ بوو کە لە بەندەکانی ٣٨ هەتا ٤٥-ی پەیماننامەی لۆزان دا هێندێکیان مافی ئایینی و فەرهەنگی بۆ کەمایەتییە غەیری موسوڵمانەکانی تورکیا لەبەر چاو گیرا کە ئەویش ئێزیدییەکانی وەبەر نەدەگرت.
ئەمڕۆ سەر لەبەیانی ئاماژە بە وەی کرا کە ئێزەدییەکان دەتوانن بچن داوای مافی خۆیان بکەن، بەڵێ ئەو داوایە کراوە دە پێشدا بەڵام هیچ قسەیەک نەچووە سەرێ چونکە ئەو بەندانەی پەیماننامەی لۆزان لە سەر ئەوە زۆر سوورە دەبێ حەتمەن نەتەوەی غەیری موسڵمان بن و حەتمەن دەبێ کەمایەتی مەسیحی بن.

جا بۆیە لە لۆزان زوڵمێکی گەورە کرا، زۆڵمێکی گەورە لە کورد کرا، زوڵمێکی زۆر گەورەتر شایەد لە ئەرمەنییەکان و كەلدانییەکان و ئاسۆڕییەکان کرا. ئێمە لە ساڵی ١٩٢٠وە کە شەریف پاشا مەجبوور بوو ئیستیعفا بکا، لەبەر چی، لەبەرخاتری وەی کە لەقاهیرە و لە ئەستەنبووڵ و لەو لاو لەولای ڕا نامە دەهات بۆ کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس کە ئەوە نوێنەری ئێمە نییە و باوەڕمان پێی نییە و چیدیکە ناتوانێ نوێنەرایەتی بکا لە بەر ئەوەی دەگەڵ بۆغوس نۆبەر پاشای هەرمەنی بەو نەتیجەی گەیشتبوون کە کورد و هەرمەنی دەبێ یەک بگرن بۆ ئەوەی کە یەک دەنگیان هەبێ لە کۆنفڕانس دا. دەی شەریف پاشاش کە ئیستیعفای کرد کورد نوێنەرێکی لە هیچ یەک لەو کۆنفڕانسانە و لە هیچ یەک لەو چاوپێکەوتنە نێونەتەوەییانەدا نەبوو، دەنگی نەبوو ئەسڵەن. لە کۆنفڕانسی لۆزانیش دا دەنگی نەبوو. دوو نوێنەری کوردی تێدا بوو* هاتن گوتیان بابە ئێمە تورک و کورد براین هیچمان ناوێ ئێمە لەگەڵ تورکەکان زۆر باشین و دەتوانین کێشە و موشکیلاتی خۆمان چارەسەر بکەین. دەی دە بەرابەر ئەوەی دا وڵاتانی ئوڕووپاییش ئەو دەمی کە بۆخۆیان  پێویستیان بەوەی بوو کە هەرچی زووتر پەیماننامەیەکی ئاشتی ئیمزا بکەن  بەو نەتیجە گەیشتن دەی باشە ئەوە کوردەکان هیچیان ناوێ، ئەگەر وایە سەروبەری پەیماننامەکەیان پێک هێناوە، بۆخۆیان موشکیلاتی زۆر گەورەی ماڵیان هەبوو، کوشتە و بریندارێکی زۆریان دا بوو، بە ڕاستی پێویستییان بەوەی هەبوو ئەو بەرژەوەندییەی کە هەیانە لە وڵاتانی ژێر ماندا دا کەلکی لێوەربگرن و بتوانن خۆیان ساخ بکەنەوە. بە کورتی ئەوە ئەو پڕۆسەیە بوو کە ئێمەی لە سێڤر ڕا گەیاندە لۆزان و ئەمن دیسان دێمەوە سەر ئەوخاڵەی کە لۆزان ئێمەی بە سێ بەش لە قەڵەمڕەوی عوسمانی دا دابەش نەکرد، ئێمە هەر لە هەوەڵەوە یانی هەر لە سەروبەندی سایکس – پیکۆ ڕا، دە دوایەشدا لە پەیماننامەی سێڤر دا کوردستانی ئێمە لانی کەم بە سێ بەش دابەش کراوە دەنێو ئەو وڵاتانە دا. زۆر سپاستان دەکەم بۆ ئەو کاتەی کە بە من تان دا.
( چەپڵەی ئامادەبووان)    
 

*لە دەوری هەوەلی کۆنفرنسی لۆزان (نوامبری ١٩٢٢-فێڤریەی ١٩٢٣ )، لە ناو هەیئەتی نوێنەرایەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی عیسمەت ئینوونوو، نوێنەرێکی کورد بە نێوی برینجی زادە فوئاد بەگ حازربوو کە دوایە زولفی زادە زولفی بەگ جێگەی گرتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم پێشکێشکارییە  بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=qPmeht1glak


















 

No comments: