گفتوگۆی بەرنامەی ڕۆژەڤ ی کورد کاناڵ لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی. " خەسارناسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. لەبەرە بەری ساڵیادی ئەو شۆڕشە دا. سێشەمە ٢٣-ی ئووتی٢٠٢٣، پێشکێشکار عەلیی لەیلاخ
گفتوگۆی بەرنامەی ڕۆژەڤ ی کورد کاناڵ لەگەڵ پرۆفێسۆر
عەبباس وەلی. " خەسارناسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. لەبەرە بەری ساڵیادی ئەو شۆڕشە
دا. سێشەمە ٢٣-ی ئووتی٢٠٢٣، پێشکێشکار عەلیی لەیلاخ
عەلیی لەیالاخ:
بینەران و خۆشەویستانی کورد کاناڵ، خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ڕؤژهەڵاتی کوردستان و
سەرجەم کوردستانیانی خۆشەویست لە خزمەتی ئێوە داین لە بەرنامەی ڕؤژڤ ی ئەمجارە.
مژاری بەرنامەکەمان تەرخان کردووە بە
ئاوڕدانەوەیەک لە یەک ساڵی ڕابردوو، چونکە ساڵێک پر لە کشمەکش بوو لە ئێران
و لە کوردستان و دەنگدانەوەی ئەم ڕووداوەش دەرەوەی کوردستانی بینی و ئێستاش بە
جوورێک لێکەوتەکانی دەبینین و ئەوەی کە گرینگە شۆڕشێک لە کوردستان دەستی پێکرد جا
تایبەتمەندی شۆڕش چییە، ڕاپەڕین بێت ئێمە لە بەرنامەکانی دیکە باسمان کردووە. ساڵێک
تێپەڕکرا خەڵک چییان بە دەست هێنا، کۆماری ئیسلامی چی لە دەست دا؟ ئایا ئەو شۆڕشە
دامرکاوە؟ هۆکاری دامرکاندنی یا نەخێر لەوانەیە وەکوو دەلێن خۆڵەمێشێک بێ ئەگەری
گەشانەوە و گڕکانی هێشتا هەر بەردەوامە.
یەک لەو عەزیزانەی کە لە دەسپێکی شؤڕشی ژیناوە لەگەڵ تێلێڤیزیۆنی کورد کاناڵ ناوە
ناوە کاتی داناوە و زەحمەتی کێشاوە پرؤفسۆر دوکتور عەبباسی وەلی شڕۆڤەکار و
مامۆستای زانکۆ کە ئەمجارەش لەگەڵمانە.
بەڕێز عەبباس وەلی ئەم کاتەت باش!
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: ئەم کاتەتان باش و سڵاوم هەیە لە خزمەتی بینەران و بیسەرانتان دا.
لەیلاخ:
بەڕێز جەنابت یەک لەو کەسانەی کە هەر لە یەکەم چرکەساتی ڕووداوەکانی یەکساڵی
ڕابردوو وەکوو ئێلیت و بژاردەیەک، وەکوو کەسێک کە لە حەوزەی کاری خۆت شارەزای لە
دەرکەوتن لە ڕاگەیاندنە غەیرە کوردەکانیش
بە جوورێک داشداری و قسەی خۆتت هەبووە لە موجادەلە کردنەکان، یا قسەکان،
دیالۆگەکان. هەمیشە تەرکیزت لە سەر ئەوە بووە کە کورد دەبێ کورد وەکوو خۆی قسە
بکات و تووشی هەڵەی ڕابردوو نەبێت. لە بەرەبەرەی یەکساڵەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی
داین دەمەوێ بە کورتی لە جەنابت بپرسم ئەو شۆڕشە یا هەر شتێک کە جەنابت بە پێی
حەوزەی تەخەسوسی خۆت ناوی لە سەر دائەنێی
بەتەواوی دامرکاوە؟
وەلی: نا، نەخێر
دانەمرکاوە، بەڵام دیارە زۆر سەبر بووەتەوە، ڕەنگە بتوانی بڵێی بە جوورێک چەقیوە
بەڵام ئەو شۆڕشە، یانی بەشێک لەو شۆڕشە هەر وا بەردەوامە بەڵام بە گشتی وەکوو
پرؤسەیەکی یەکگرتوو، دینامیزمەکەی، جووڵانەکەی، جووڵانەوەکەی کەم بووەتەوە ئەوانەش
هۆکاری تایبەتی هەیە بەڵام بە بێ گومان ئەوە ئاخری ئەو شۆڕشە نییە و لە هەلومەرج و
بارودۆخێک کە موناسیب و موساعید بێ بۆ شۆڕشەکەی ئەوە سەر هەڵدەداتەوە. و ئەو سەرهەڵدانەوەیە
حەتمییە، ئەوەی کە دیار نییە ئەوەیە کە ئەوە لە چ کاتێکی ڕوودەدا. جا بۆ ئەوەی کە
شتێکی وا ببێ بە باوەڕی من ئەو هەلومەرجەی کە پێویستە دەبێ بێتە پێشێ ئەو هێزانەی
کە ئێستا ئامادەن، بە نەزەری من ئامادەن بێنە نێو مەیدانێ، ئەوانە دێنە نێو
مەیدانێ بەڵام ئەوەی کە ئێستا گرینگە، ئەوەیە کە دەو دەورەیەی دا، دەو فەترەیەی دا
کە شۆڕش ئەنێرژییەکەی کەم بووەتەوە، شۆرش بە جوورێک ڕەنگە بڵێین کە چەقیوە، دەو
دەورەی دا ئێمە دەبوو چ کارێکمان کردبایە، یا چ کارێکی بکەین کە ئەو بەشانەی کە لە
جەماوەری ڕؤژهەڵات و هەر وەتر جەماوەری ئێران بە گشتی کە دە شۆڕشێ دا بەشدارییان
نەکرد، ئەگەرچی لە دوورەوە یا لە ڕووی فکرییەوە و لە ڕووی ئاڕمانی و ئامانجەوە
لەگەڵ شۆڕش یەک بوون، لەگەڵ ئامانجەکانی شۆڕش یەک بوون بەڵام بەشداریی چالاکیان
تێدا نەکرد ئێمە دەبوو چمان کرد بایە و ئێستا چ دەبێ بکەین کە ئەوانە بێنینە نێو
شۆڕش. چون ئەوانەی کە هێزی چالاکی شۆڕشن و ئێستا بێدەنگن بێ گومان ئەوان دێن
دەمەیدانەوە بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەو کەسانەی کە نەهاتوون، ئەو بەشەی کە لە
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات؛ کە ئەلبەتە کەمتر بووە، بەڵام لە ئێران بەشێوەیەکی گشتی کە دە
شۆڕشەکەی دا بەشداری نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ ئامانجەکانی شۆڕش یەک بووە و
بە دڵ پشتیوانی لێ کردووە بەڵام دە کردەوە دا بێدەنگ بووە.
لەیلاخ:
زۆر سپاس کاک دوکتور ببوورە دێمە ناو باسەکەوە وڵامی یەکەمی جەنابت بۆم من چەندین
پرسیاری ساز کردووەجەوهەرین. ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ هەر ئەوانەی باست کرد من لە
پرسیارێک دا گەڵاڵەی بکەم و پێشکەشی بکەم.
فەرمووت چ کارگەلێکمان کردووە و چیمان نەکردووە ئەوە بۆ خۆی دەتوانێ پرسیارێک بێت.
دەمهەوێ بڵێم ئەو توێژە خۆڵەمێشییە کە باسی دەکەن لە کۆمەڵناسی دا، لە کوردستان
بەشداری زیاتریان کرد تا شارەکانی
دیکە. هەر ئێستا جەنابت وات باس کرد.
هۆکاری ئەوە چییە جا دەچمە سەر پرسیاری دیکە.
وەلی: ئەگەر بە وردی
لێی بکۆڵینەوە ئەو شۆڕشە شۆڕشێک بووە بە دژی دەسگای حاکمییەت و دەسگای حاکمییەت سوڵتەی خۆی لە ئێرانێ دا بە
ڕێگای سێ مێکانیزمی تەبعیز، جیاکاری و دەرهاویشتن دامەزراندووە یانی مێکانیزمی
وەکوو ئاپارتاید. ئەو ئاپارتایدانە یەکیان جینسییەتی بووە، یەکیان نەتەوەیی و
زمانی بووە، یەکیشیان ئایینی و فەرهەنگی بووە. ئەڵبەتە ئەوانە دە چوارچێوەی
قەیرانێکی گەورەی ئابووری دا بووە کە ئەو قەیرانە ئابوورییە بنەمایەکی چینایەتی
هەیە و ئەو شۆڕشە ئەوانەی تا ڕادەیەکی زۆر لێک هاڵاندووە. لە جێگایەکی وەکوو
کوردستانێ ئەو شۆڕشە نەتیجەی پێک هاتن و
چوونە باڵ یەکی سێ میکانیزمی ئاپارتاید بووە بەڵام لە تارانێ یا جێگاکانی دیکە و
لە بەلووچستانیش هەر وەک کوردستان بووە؛ بەڵام لە جێگای دیکە وەکوو تارانێ یا
وەکوو ئازەربایجانێ یا خووزستانێ یەک یا دوو لەو ئاپارتایدانە هەبوون بۆیە بەشێک
لە جەماوەر ئەو هێزەی تەجهیز / تەیار کردنی نەبووە کە بیکا و لە سەرەتاکانی ئەو
شۆڕشە دا وای لێ هات کە ئەو حەڕەکەتەی کوردستانێ، ئەو ڕاپەڕینەی کوردستانێ تەئسیرێکی
زۆر گەورەی هەبوو دە سەراسەری کردنی ئەو شۆڕشەی دا. ئەو تەئسیرە بوو بە هۆی ئەوەی
کە پێوەندی لە نێوان پەراوێز، واتە ئەو کۆمەڵگە غەترە حاکمە، غەیرە فارس زمانە، ئەو
کۆمەڵگەیانەی کە هووییەتی نەتەوەییان فارس
نییە ئەوانە لە پەراوێز دا ئەوانە ئەنێرژییەکی تایبەتی بگرن و ئەو پێوەندییەی
نێوان ناوەند و پەراوێز کە لە زەمانی شۆڕشی مەشرووتەوە/ دەستوورییەوە بەو جوورە
دامەزرابوو کە هەمیشە ئەنێرژییەکە و سیاسەتەکە و حەڕەکەتەکە لە ناوەندەوە دەهات بۆ
پەڕاوێز، لە مەرکەزەوە دەهات بۆ پیراموون ئێستا ئەوە هەڵگەڕاوەتەوە. لە لایەکی
دیکەش ئەو سێ دۆخی دەباڵەیەکەوە چوونە، ئەو سێ فۆڕمە، ئەو سێ جوورە لە ئاپارتاید
لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دا ڕەنگی دایەوە. پێناسەی ژینا. پێناسەیەکی
هاوبەشی جۆر بەجۆری، دێمۆکڕاتیک، پلووراڵ بوو و هەستان و دژایەتی بە دژی ئەو سێ
ئاپاریایدانە
لەو شۆڕشە دا ڕەنگی داوە. و لێرە دا حکوومەت بە وردی زانی کە هۆی سەراسەری بوونی
ئەو شۆڕشە پەراوێزە نەک ناوەند بۆیە ئەوان دەستیان کرد بە سەرکوتی پێناسەی
دێمۆکڕاتیک، پلووڕاڵی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و دووەمەیش ویستیان ئەو پێوەندییەی
نێوان ناوەندو پەڕاوێز کە بەو شۆڕشە ئاوەژوو ببووەوە و گۆڕا بوو ئەوەی بهێننەوە
سەر دۆخی جاران. هەڵبەت لێرە دا پێداگری دەکەم
لەبەر تایبەتمەندییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات و لەبەر کەمکاری بەشە
دێمۆکڕاتیکەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لەوانە ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش دەناو دا، لێرە
پێداگری لە سەر دەکەم، کارەکان جوورێک چوونە پێشێ کە بەشی سەلتەنەت خواز و
دەستی ڕاستی تیژپەڕ گەشەیان کرد و هاودەنگ
لەگەڵ جمهووری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر ئەو نوختەیەی کە لە ڕووی ستڕاتێژیکەوە
گرینگ بوو یانی ئەو هووییە و ئەو پێناسەی پلووراڵ، دێمۆکڕاتیکەی کە لە ژێر چەتری
ژن، ژیان، ئازادی دا هاتبووە پێشێ و دروست ببوو، و دووهەمیش ئامانجیان ئەوە ئەو
هێزەی کە گۆڕان و ئاوەژووبوونەوەی پێوەندی نێوان پەراوێز و ناوەند دروستی کردبوو و
قورساییەکی زیاتر لە خۆی دابوو بە ڕۆژهەڵات و هەر وەها بە بەلووچستان دە چوارچێوەی
ئێران دا، ئەوە بشکێنن. هەر لە بەر ئەوەش بوو کە سەلتەنەت خوازەکان دەست لە دەستی
جمهووری ئیسلامی دا ئەو کارەیان کرد. و ئەو کارە بووە هۆی ئەوە ئەو شۆڕشە کە لە سێ
مانگی ئەوەڵی دا، دە ستراتێژی خۆی دا، یانی دە عەمەلییاتی خیابانی و جادەیی و گشتی
دا سەرکەوتوو بوو، کەم کەم ئەنێرژی خۆی لە دەست دا بەو شێوەیە کە نەیتوانی ئەو ڕێبەراتییەی
خیابانی کە لە ناوەندی ئاسۆیی دا هاتبووە پێشێ ئەوەی بکا بە ڕێبەرایەتییەکی سیاسی
کە لە سەرەوە ڕا بێ و ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوو لە نێوان سەرەوە و خوارەوەی ئەو
حەڕەکەتە دروست بکا. دەو
بەینەی دا بە باوەڕی من ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتی خەتاکاری ئەسڵی بوو کە
ئەوانە نە توانییان ئەو ڕێبەرایەتییەی دروست بکەن و نە توانییان ڕێگایەکی دیکەی پێ
نیشان دەن. نەتیجەی ئەوە بوو کە ئەو شۆڕشە بە بێ سەر ماوە. ئێستاش ئەو شۆڕشە بە بێ
سەرە.
لەیلاخ: دوکتور وەلی سپاس بۆتێبینییەکانت، بۆ ئەو قسانەی کە بە
ئەزموونی جەنابت هەم لە ڕەوتی یەکساڵی ڕابردوو و هەم لەو تەخەسوسەی کە لە بواری
کۆمەڵناسی و لە سیاسەت دا هەتە، ئاماژەت بەوە دا کە لە شۆڕشی مەشڕووتە
بەو لاوە گۆڕانکارییەکان لە مەرکەوە و بەرەو حاشیە
بووە، ئەمجارە کە کوردستان بڵێین بوو بە چەقی ئەو گۆڕانکارییە لە چەند مانگی
سەرەتاوە بینیمان پێشوازییەکان خراپ نەبوون، ئەمە پرسیارە دوای ئەوە کە ئاماژەت پێ
دا هێندێک بەناو ئەتوانین بڵێین ئۆپۆزیسیۆن
شێوەی هەڵسوکەوتی ئەوان و بۆلد کردنەوەی هێندێک کەسایەتی و هێندێک
وەکوو تەجزیەتەڵەبی و ئەمانە ئەمە تەئسیری دانا لە سەر شارەکانی مەرکەز کە
بکشێنەوە یا هەست بە مەترسی کەن کە یەکپارچەگی بە قەولی خۆیان وڵاتێک لە مەترسی
دایە لە کاتێکدا داواکاری خەڵک بە گشتی
نەمانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە بوو، شێوەی فەلسەفی نەبوو، ئێوە چۆنی لێ دەڕوانن؟
وەلی: بێ گومان ئەو هێنانە گۆڕێی مەسەلەی تەجزیەتەڵەبی،
تەمامییەتی ئەرزی، مەسەلەی تاک زمانی، مەسەلەی ئیتیلاف دەگەڵ سپای پاسداران ئەوانە
حەموو ستڕاتێژی وێژمانی/ گفتمانی بوو بۆ ئەوەی کە ئیمکانی ئیتیلافی گەورەتر لە
بەین بەرن. دەو کارەی دا دەستە ڕاستییەکان و بە تایبەتی سەلتەنەتخوازەکان موئەسیر بوون . ئەویش لەبەر
ئەوە بوو وەختێک بەو ستراتێژییە هاتنە پێشێ کە ئێمە دەمانەوێ ئیتیلاف لەگەڵ فەرد
بێ و لەگەڵ حیزب نەبێ ئەوە دەمی بۆ ئەوەی بوو کە زەمینەی وەکالەت دان بە ڕەزا
پەهلەوی ئامادە بکەن. وەختێک کە ئەو ستراتێژییەی وەکالت دان شکستی خوارد و
جەماوەێکی کەم ڕەئیان پێ دا، ئەو ستراتێژییەیان گۆڕی و ئەمن کوتم و هێرشیان کردە
سەر ئەوە کە پێوەندی نێوان پەراوێز و ناوەندی بپچڕێنن و بۆمباران و مووشک بارانی
بارەگا و جێگاکانی حیزبەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشوور بەشێک لەو ستراتێژییەی بوو
کە حکوومت کردی و لە ئاست ئەمە ئۆپۆزیسیۆنی دەستی ڕاستیش لەگەڵ مەسەلەی تەجزییە
تەڵەبی و لەگەڵ مەسەلەی تەمامییەتی ئەرزی
لە فەزای وێژمانی دا دەگەڵ حکوومەت دەستیان دا یەک. بە باوەڕی من دەو بەینەی دا
هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی غەیری کورد سەرگەردان مابوون ئەوان نەدەیانتوانی
هەڵوێستێکی بگرن کە شەقڵی زیدی "نەتەوە" یانی زیدی ئێرانییان لێ بدەن، نە دەیانتوانی کە
ئەو وەزعەی قبووڵ بکەن. ئەو ئینفیعال و دەستەوەستانی
ئەوان ئەو ئیمکانەیان نەما کە بتوانن بێن بۆ لای پەراوێزێ و بتوانن ئیتیلافێکی
موئەسیر دروست بکەن، دە عەینی حاڵ دا، لێرە دا دەبێ ئەوەی بە ڕاشکاوی بڵێم بە
باوەڕی من هێزە کوردەکانیش ئەو وەزعەیان
بە دروستی نەخوێندەوە. ئەمن زۆر جار کوتم کە ئەو دەمی، دەو بارودۆخی دا دەبوو
سیاسەتی کوردی دە چوارچێوەی سێ بازنەی دەباڵ یەک دا بێ. یەکەمی ئەوە بوو کە هێزە
کوردەکان دەبوو دەنێو خۆیان دا ئیتیلافێکی مەحکەم
لە سەر بنەمای بەرنامەیەکی لانی کەم/ مینیمۆم
بەڵام یەکگرتوو، بەرنامەیەکی کە تەنێ تەعبیری سیاسی لێ بکرێ سەرەڕای
ئیدێئۆلۆژی جیاوازی حیزبەکان. ئەو موشکیلە بۆ ئیتیلاف نەیەتە پێشێ. ئەمن تەنانەت
پێشنیارم کرد ئەگەر ئیتیلافێکی وا کرا کە ئێستا دەو وەزعە ئاستەمەی مێژوویی دا
ئەوە زۆر گرینگە کە حیزبە کوردەکان، هێزە
کوردەکان بتوانن ستادێکی هاوبەش و یەکگرتووی عەمەلییاتی و وێژمانی دروست بکەن و
تەنانەت پێداگریم کرد کە ئەوە زۆر باشتر دەبێ ئەگەر وتەبێژی ئەو ستادە ژن بێ چونکە
ئێمە دە چوارچێوەی شۆڕشی ژن. ژیان. ئازادی دا بووین و دە چوارچێوەی سیاسەتی کوردی
دا ژنەکان دیار نەبوون. ئەوە زۆر کۆسپێکی خراپ بوو. بازنەی دووەم کە بەدەوری ئەو
بازنەی یەکەم دا دەبوو هەبێ ئیتلاف لەگەڵ هێزە پەراوێزەکانی غەیری فارس بوو، دوای
ئەوەی کە ئەو ئیتیلافە دەکرا ئەو دەمی ئێمە دەمانتوانی بە هێز و هەر وەتر بە بەرنامەیەکی
موشەخەس کە هێزی لە پشتە دانیشین و لەگەڵ هێزە فارسەکان مامڵە و موزاکەرە
بکەین. ئەوانەی کە چوون بۆ مامڵە لەگەڵ
هێزە فارسەکان بە دەستی بەتاڵ چوون. لەلایەکەوە ڕێژیم دەیکوتان، لە لایەکەی دیکەشەوە
هیچ موئتەلیفیان بەو شێوەی پەیدا نەدەکرد لەبەر ئەوەی کە ئیمکانات بۆ ئەوە
نەهاتبووە پێشێ و هێزە فارسەکان، یانی هێزە ئێرانییەکانیش بە وردی لەوە
دەگەیشتن کە ئۆپۆزیسیۆنی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ هێزی خۆی دەو چوارچێوەی دا لە دەست دەدا.
بۆیە ئەوانیش پاشەکشەیان کرد بوو، موزاکەراتیان دەکرد بەڵام بەهیچ جوور ئامادە
نەبوون بەڵێن بدەن بۆ هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەک. لێرە دا مەسەلەکە ئەوەیە ئایا ئێمە
هەلومەرجەکەمان دروست خوێندەوە؟ بە نەزەری
من نا! ئایا ئێمە هیچ لێکدانەوە/ هەڵسەنگاندنێکی موشەخەسمان لە سەر ئەو هەلومەرجە
موشەخەسە کردبڵێ هەنووکە ئاڕایشی هێزەکان، بەرژەوەندی/ قازانجی هێزەکان، حدوود و
سنووری دەسەڵاتیان دەو چوارچێوەی دا چییە
و ئێمە بەرەو کوێ دەڕۆین و دەبێ چۆن بڕۆین. ئەو پرسیارانە بە نەزەری من نەهاتنە
گۆڕێ. بە نەزەری من ئێمە دەرفەتێکی گەورەی مێژووییمان سەدی هەشتا لە دەست داوە و
سەدی بیستی ماوە. هیوادارم ئەو سەدی بیستەی یان ئەو پەڕی ئەو سەدی سییەی دە فازی
دووەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا باشتر، عاقڵانەتر، وردتر و ڕوونتر و شەفافتر
بەرەو ئەوە بچین کە ئەوەی وەگەر خەین، مۆبیلیزەی بکەین.
لەیلاخ: دوکتور جەنابت هەر بۆ خۆت، لە یەک دوو جار لە بەرنامە
دا کە من لە خزمەت جەنابت دا بووم هاوتەریب لەگەڵ حیزبەکان باست لەوە دەکرد کە،
حیزبە کوردەکان مەبەستمە، باست لەوە دەکرد کە کورد لە ئێستاوە هەر نابێ خۆی
ببەستێتەوە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لە ئێستاوە دەبێ لە دەرکەوتنەکانی، لە
دیدارەکانی، عەرز بێ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەبێ جێگە و پێگەی
کوردستانی خۆی بپارێزێ کە شاهیدی ڕووداوی دیکەی وەکوو ٥٧ ەکە نەبینەوە. ئێستا
پرسیار ئەمەیە بۆچی ئەم خەباتە بە شێوەیەک
حاڵەتی فەلسەفی بە خۆیەوە گرت. لە حاڵێکدا دەبێ سیاسییانە بجووڵێیەوە، بۆ
ئەولەوییەتیان پێشبار بە نەمانی کۆماری ئیسلامی نەدرا، یانی کۆماری ئیسلامی
نەهێڵی ئەو خەڵکە لە سەر شەقام داوا کا
ئینجا لە درێژەی پڕۆسەکە تۆ داواکاری خۆتت هەبێ وەکوو کورد. ئێوە چۆن لەوە
دەڕوانن؟
وەلی: بە باوەڕی من کورد هووییەتێکی نەتەوەیی هەیە کە ئەو
هوویەتە نەتەوەییە وەکوو دیوارێکی دەتوانێ سیاسەتەکەی بپارێزێ، لە عەینی حاڵ دا
ئەگەر ئەو سیاسەتی کوردی هەر لە پشت ئەو دیواری نەتەوەیی یا بە تەعبیرێک دیواری
ئێتنیکی بمێنێتەوە ئەوە کورد سەرکەوتوو نابێ. ئێمە دەبێ ئەوە قبووڵ بکەین ئەگەر
تەماشای بەرنامەی حیزبەکان بکەین. حیزبە کوردەکان، حیزبە کوردەکان هەموویان حیزبی
ئۆتۆنۆمیستن. یانی جوورێک ئۆتۆنۆمییان دەچوار چێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا دەوێ.
ئەگەر ئەوە دروست بێ و ئەمن هەڵە نەکەم کە
فکر دەکەم کە حیزبە سەرەکییە کوردەکان ئاوان، چ حیزبی دێمۆکڕات، چ
کۆمەڵە، چ پەژاک، چ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – کۆمەڵە ئەوانە هیچیان دە بەرنامەکانیان دا سەربەخۆ خواز نین کە تەواوی سیاسەتەکەیان لە
پشت دیواری نەتەوەیی خۆیان کۆ بکەنەوە و لەوێڕا تەعامول بکەن، لەوێڕا شەڕ
بکەن.لەوێڕا سیاسەتەکانیان بەرەو پێش
ببەن. ئەگەر ئێمە بۆچوونەکەمان ئەوەیە کە دەمانەوێ دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ
دا ئەو ئۆتۆنۆمییەی بە دەست خەین جا ئەوە چ بنەمایەکی فێدراڵی هەبێ یا نەبێ، یا
جوورێک لامەرکەزی بێ نازانم ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە، بەڵام هەر چۆنێک بێ بەرنامەکە
ئۆتۆنۆمیستە. چاو لە ناوە کان بکە، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، یا کۆمەڵەی
شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەوە ناوەکەی بەخۆوەیەتی و
ئەگەر وابێ ئێمە نابێ، لە ڕووی ستراتێژیکەوە ئەوە هەڵەیە کە ئێمە سیاسەتەکەمان
تەنیا لە پشت ئەو دیوارە دا بێڵینەوە. ئەو دیوارە ئی ئێمەیە، ئێمە دەبێ ئەوەی زۆر
مەحکەم بکەین لەوێ بمێنین، ئەوەمان هەبێ بەڵام دەبێ سیاسەتەکەمان بەرینە دەرێ
ئەگەر قسە لە سەر ژیان لە ژێر
حاکمییەتی ئێران دایە بۆ بەڕێوەچوونی سیاسەتێکی دێمۆکڕاتیک دەبێ موئتەلیفمان هەبێ،
دەبێ بەرنامەیکمان هەبێ بۆ ئەو لایەنانەی ئیتیلافیان لەگەڵ دەکەین شیاوی قبووڵ و
پەژراندن بێ، و بەرنامەی ئەوانیش بۆ ئێمە جێی قبووڵ و پەسند بێ. شەڕ دەبێ لە سەر
ئەو بەرنامانە بێ. دیوارە نەتەوەییەکە یان دیوارە
ئێتنیکییەکە لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر دیوارەکەی بڕووخێنین لە دەرەوە وەکوو زەمانی شۆڕشی ١٣٥٧/ ١٩٧٩ ی، کە
ئەو دەمی دیوارەکە ڕووخا بەو مانایەی ئەو ئیدێئۆلۆژییەی کە ئەوەی شکاند لە بنچینە
و بنەمای حیزبە کوردەکان دا هەبوو.توودەییەکان و فەداییەکان و
ئەوانیدی بەودیوارە ڕووخاوەی دا هاتنە ژوورێ، ئەو دیوارەیان دەورە دا هاتنە ژوورێ.
ئێستا ئێمە دەبێ لەو تەجروبەی فێر بین، ئەو دیوارە وەکوو خیابانێکی یەک تەڕەفەیە،
ئێمە دەچینە ژوورێ بەڵام دەتوانین ئیزن بدەین بێنە ناو ئێمە بەو مەرجەی ویستەکانی
ئێمە قبووڵ بکەن. ستراتێژییەکە دەبێ لە سەر بنەمایەکی ئاوا دابندرێ، ئەوە بەو
مانایە نییە کە ئێمە هووییەت/ ناسێنەی خۆمان لە دەست دەدەین وەک هێندێکان دەڵێن
یان ئێژن ئەوە سیاسەتێکە پێشتر تەجروبە کراوە، نا وا نییە ئەو سیاسەتە پێشتر
باسی نەکراوە. ئەمن ناڵێم بۆ وێنە بچین لەگەڵ حکوومەتێکی ئیتیلاف بکەین لە بەر تەوەهومێک کە گۆیا ئەو حکوومەتە دژی
ئەمپریالیستە نا. ئەمن ناڵێم ئەو کارەی بکەین. ئەو حکوومەتە حکوومەتێکی پرۆتۆ
فاشیستە واقیعەن. ئەوە ئەگەر نێوی بنێی فاشیزمی ئیسلامی دروستە. دەگەڵ ئەوەی
ئیتیلاف ناکرێ، لە هەلومەرجێک دا کە ئەو حکوومەتە خەریکە دەکەوێ، یان لەلاوازترین
دۆخی خۆی دایە. دەبێ ئەو پرسیارەی لە
خۆمان بکەین ئایا ئەو بەرنامەی ئۆتۆنۆمییەی کە دامانناوە، ئەو بەرنامە حیزبییانەی
کە نووسیومانە و هەموو ساڵێکیش پەیتا
پەیتا لە کۆنگرەکانی خۆمان
دا باسیان دەکەین و دەیان گۆرێن و زیاد و کەمیان دەکەین،
ئایا وەدیهاتنی ئەو بەرنامەی هەمانە تەنیا بە هێز و بەدەستی کورد دەکرێ؟ ئەگەر
ناکرێ دە چوارچێوەی ئێرانێ دا بەو مانایەیە کە بۆ وەدیهاتنی ئەو بەرنامەیە یا دەبێ
حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک لە ئێرانێ هەبێ کە ئێمە بتوانین تەعامولی لەگەڵ بکەین یا
دەبێ لەگەڵ هێزێکی کە بتوانێ بە جوورێک ئەو بەرنامەیەی ئێمە قبووڵ بکا، ئێمەش
بتوانین بەشێک لە بەرنامەی ئەوان قبووڵ بکەین لەگەڵ ئەوانە تەعامول بکەین و
ئیتیلاف بکەین. ئەوە ستراتێژییەکی بەرەو پێشە، جا بە باوەڕی من شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
کە ئەو زەرفییەتەی داوە بە کوردستانێ باشترین وەخت بوو بۆ موزاکەرات و تەعامول.
لەیلاخ: زۆر سپاس ببوورە چونکە کاتمان بەرەو کۆتایی دەڕوا ئەمن
پرسیارم ماوە، بەڵام یەک پرسیار وەکوو دوایین پرسیار جەنابت ئاماژەت بەوە دا لە
ئەگەر فازی دووەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەو شۆڕشە نیشانەکانی دیارە
دانەمرکاوە. لە ساردی داوە بەڵام تازە کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی پێش
ئەو شۆڕشە و خەڵکیش هەر بەو شێوە. دەمهەوێ
بە کورتی جەنابت ئاماژە بەوە بکەی لە ئەگەری فازی دووهەمی شۆڕشی ژینا بە هەر چۆنێک
و لە هەر کوێ ئەو بیست لە سەدە پەرەی پێ بدرێ و کوردستان خۆی بە دەست بێنێتەوە و
خەڵکی ئێران بە گشتی جەنابت چۆنی لێ دەڕوانی؟ چ بکرێ لە واقیعدا قەرەبووی
کەمکارییەکان یان لە واقیع دا هەڵەکانی ڕابردوو بکاتەوە؟ زۆر بە کورتی
وەلی: خوێندنەوەی من ئەوەیە کە ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
شکافێکی دروست کرد، لە لایەکەوە ئێمە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیمان هەیە لە ڕۆژهەڵات کە
تا ڕادەیەکی زۆر ئەوانەی لەو کۆـەڵگەیە دان چالاکانی سیاسین. ئەمن حدوود و سنووری
کۆمەڵگەی مەدەنی بە بەرخوەدان و ڕاوەستان لە هەمبەر بە حکوومەت دەناسێنم. ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە لە هەلومەرجی ئێستا دا ڕادیکاڵ
بووە بەڵام بە نەزەری من حیزبە سیاسییە کوردەکان لە حاڵەتێکی ستاتوس کۆ دا یانی
هەلومەرجی هەیی ( مەوجوود) دا ماونەوە. ئەمن پێم وایە بۆ ئەوەی لە فازی دووەم دا
ئامادەییەکی تەواو هەبێ حیزبە کوردەکان دەبێ بە شێوەیەکی ڕادیکال بە سەر بەرنامەکانیان.
ڕێبەرایەتییان،وەزعییەتی سازمانییان و هەر وەها وەزعی خۆیان لە باشوور دا بچنەوە و
لە ئێستاوە ئەوە بکەن بەڵام بەشێوەیەکی کراوە و شەفاف. نەک ئەوەی بیکەن و دوایە بە
ئێمە بڵێن ئەوە کردمان نەزەری تۆ چییە؟ ئەوە بە کار نایە و هەمیشەش ئاوا کراوە.
گرینگ ئەوەیە ئەو پێداچوونەوەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا، شەفاف و دێمۆکڕاتیک بکرێ
کە ئەو خەڵکەی کە دەچێتە خیابانێ و سینگی
خۆی وەبەر گوللان دەدا ئەوانیش نەزەریان
هەبێ دە وەیدا. دەزانی ئەوە زۆر گرینگە بە باوەڕی من ئەو شۆڕشە کە شۆڕشی ژن، ژیان،
ئازادی یە ئەوەندەی کە من دەتوانم بیخوێنمەوە، ئەوەندەی کە ئەمن تێی دەگەم،
مومکینە ڕاست بێ مومکینە هەڵە بێ، بەڵام ئەوەندەی ئەمن تێی دەگەم هیچ تەئسیرێکی
ڕادیکاڵی لە سەر وێژمانی ئەو حیزبانە، یانی دیسکۆرسی ئەو حیزبانە، لە نەزەر ئاڕایشی
سازمانی ئەوانە، هەر وەها فکری ستڕاتێژیکیان دانەناوە . یانی چ گۆڕانکارییەک کراوە
کە ئەو هووییەتی جینسییەتی کە ئاوا ئیستا لە ئێرانێ چالاکە، ئاوا ئەو ڕێژیمەی
قەمتەر کردووە و ناچاری کردووە بە پاشەکشە ، ئەو هووییەتە چ ڕەنگێکی دە گوفتمان و
دە سازمان و دە ستراتێژی ئەو حیزبانە دا داوەتەوە؟ ئەوە ئایا بووتە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکی
بنەڕەتی دە هیڕارشی حیزبی دا ببێ؟ ئایا بووەتە هۆی ئەوە کە ئیدێئۆلۆژی حیزبی یا
گوتاری حیزبی بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بگۆڕدرێ؟ ئایا سەبەب بووە کە بەرنامەکانی حیزبی
بەرەو ئەوە بڕۆن کە پێداچوونەوەیەکی ڕادیکاڵیان لە سەر بکرێ؟ ئەگەر ئەوانە نەبووە تەئسیری ئەو شۆڕشی ژن،
ژیان، ئازادی کە ئەو وەزعەی لە ئێرانێ دەو دوازدە مانگەی دا پێک هێناوە چ بووە؟
لەیلاخ:
زۆر سپاس، ئەگەر قسەیەک مابێ سپاست دەکەم دوکتور گیان کاتت دانا. کاتمان بەرەو
کۆتایی دروا هەوڵ ئەدەین لە دەرفەتەکانی دیکەش بە وردی و زیاتر لە خزمەتی جەنابتان
دا بین.
وەلی: زۆر سپاستان
دەکەم، هەر وەتر سپاس لە بینەران و بیسەرانتان سپاس.
لەیلاخ:
سپاسی دووبارە بۆ بەڕێزت تەمەن درێژ بی. بەڵێ بینەرانی ئازیز و خۆشەویست بە
بەشداری میوانی بەڕێزی بەرنامە دوکتور عەبباس وەلی لە خزمەتی ئێوە دابووین.
ئاوڕدانەوەیەک بوو لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە خەسارەکان، لە دەسکەوتەکان، لە
ئەگەرەکان. هیوادارم هەموومان پێکەوە چونکە ئەو شۆڕشە شۆڕشی چینێکی تایبەت نەبوو،
بەڵکوو شۆڕشی هەموو توێژ و چینەکان بوو، سەر لەنوێ پێکەوە بین بۆ گەیشتن بە بەهاری
ئازادی. کات شاد.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە سێشەمە ٢٣-ی مانگی ئووتی ٢٠٢٣ لە کورد کاناڵەوە بە
شێوەیەکی زیندوو بڵاو کراوەتەوە. دابەزاندنی ناوەرۆکی بەرنامە لە بەر گرینگی
قسەکانی پرۆفێسۆر وەلی لە لایەن وێبنووسی ڕوانگەوە کراوە. دەکرێ لە تۆڕی کۆمەڵی
یوتیووب دا ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە دا ببینن،
No comments:
Post a Comment