سڵاو لە گیانی پاک و بیرەوەری ژان پییێر ڤیێنۆ تێکۆشەری فەڕانسەیی دۆستی کورد!
سڵاو لە گیانی پاک و بیرەوەری ژان
پییێر ڤیێنۆ تێکۆشەری فەڕانسەیی دۆستی کورد!
حەسەن قازی
ژان – پییێر ڤیێنۆ لە
ساڵی ١٩٦٩ تێزی دوکتورای خۆی بە ناوی " بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەرەتاوە
تا ئەمڕۆ" لە زانکۆی EHESS ( مەدرەسەی لێکۆڵینەوەی بەرزی زانستی
کۆمەڵایەتی) لە پاریس وەدەست هێناوە، لای کامڕان بەدرخان زمانی کوردی
خوێندووە و دواتر لە INALCO(ئەنستیتووی نەتەوەیی زمانان و شارستانییەکانی ڕۆژهەڵات)، کاری کردووە.
ئەمن لە کۆنگرەی خوێندکارانی کورد لە ئوڕووپا کە لە فێڤرییەی ١٩٧٢ لە بوخارست
بەسترا بۆ جاری یەکەم چاوم پێی کەوت و لە ڕێگای کاک محەمەد موهتەدی را ناسیم.
وساڵێک دواتریش جارێک لە پاریس دیتم. ژان
– پییێر ڤیێنۆ بە دەستپێشخەری خۆی و هێندێک لە هاوڕێیانی لە فەڕانسە کۆمیتەیەکی بە ناوی: " کۆمیتەی
هاوپێوەندیی لەگەڵ شۆڕشی کورد" دامەزراند. دوکتور عەدنان چەلیک سەبارەت بەو
کۆمیتەیە دەڵێ : " جگە لە کۆمەڵەی خوێندکارانی
کورد لە ئەوڕووپا، دوو کۆمەڵەی دیکە هەبوون، ئەو دوو کۆمەڵانە لە لایەن کوردانەوە
ساز نەکرابوون، بەڵام دۆست و لایەنگری کورد بوون. یەکیان لە پاریسێ لە ساڵی١٩٦٣ لە
لایەن ژان پییێر ڤیێنۆ دامەزرا بە ناوی le
comite de solidarite a la Reveolution Kurdeئەوان
زیاتر لەگەڵ باشووری کوردستان تێکەڵیان
هەبوو هەمیشە ناوی سۆرانییان بە کار دێنا " کۆمیتەی پشتگیری شۆڕشی
کوردستان"، ئەو کۆمەڵەیە زۆر سەرنجڕاكێشە، چونکە ئەو دەمی ژان- پییێر
ڤیێنۆ هێشتا لاوێکی بیست ساڵانە بوو و لە ساڵی ١٩٦٣ دا وەک ڕۆژنامەنووس چوو
بۆ باشووری کوردستان و هەڤپەیڤینی کرد لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، بەشداری
شۆڕشی کردبوو، ئەو دەمی خەباتێکی زۆر توند بە دژی حکوومەتی ناوەندی لە کوردستانی
عێڕاق دەکرا و ژان – پیێر ڤیێنۆ ببووە شاهیدی ئەو ملەیە و دوای گەڕانەوەی بۆ
پاریس بڕیاری دا کۆمەڵەیەک بۆ پشتیوانی لە کوردان دابمەزرێنێ. شتی هەرە سەرنجڕاکێش
سەبارەت بەو کۆمەڵەیە ئەوە بوو کە زۆربەی ئەندامەکانی سەر بە کەمایەتییە
نەتەوەییەکان ئوڕووپا بوون. ئەوانیش وەکوو کوردان ئەوانیدی بوون، کەمایەتی بوون.
بۆ وێنە یەکیان سەرۆکی یەکێتی ڤاڵدۆتن بوو، یەکیان ئەندامی بزووتنەوەی نەتەوەیی
باسک بوو، یەکیان سەرۆکی ڕێفۆرمی والۆن بوو و یەکیان ئێدیتۆری ڕۆژنامەی le peuple Breton بوو.
گشت ئەوانەی کە ئەندامی کۆمیتە بوون بۆخۆیان سەر بە کەمایەتییان بوون. یا لە
فەڕانسە، یان لە ئێسپانیا، یان لە برۆتۆن ئەوانیش لە ژێر زوڵمی ئەو دەوڵەتانە دا
بوون و وەک گەلی بێدەوڵەت حەولیان دەدا مافی خۆیان وەربگرن. جگە لەوە ژان
پیێێر ڤیێنۆ لە سەر کوردان لێکۆڵینەوەشی دەکرد. لە ساڵی ١٩٦٩ لە پاریسێ دەیخوێند و
لەوێش بەرگری کرد لە تێزەکەی و لەوێ دەستی کرد بە کار کردن و سەبارەت بە
بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردلە ئینالکۆ دەرسی دەوتەوە. ئەمن دڵم وە ژان دەکەوێ کاتێک
باسی ژان پییێر ڤیێنۆ دەکەم چونکە هێشتا ٣٤ ساڵان بوو ژیانی خۆی لە دەست دا. ئەو
چوو بوو بۆ بەلووچستان بۆ پشتگیری لە خەباتی گەلی بەلووچ و لەوێ لە هەلومەرجێک دا
کە هێشتا مرۆ نازانێ بۆ ژیانی خۆی لە دەست دەدا و لەوێ دەمرێ و هەر لەوێش
ئەسپاردەی خاکی دەکەن. گۆڕی وی لە بەلوچستانە. ئەمن ئێستا لای خۆم دەڵێم گەلۆ
ئەگەر ئێستا ژان – پیێر ڤیێنۆ ژیا با چی دەکرد بۆ گەلی کورد؟ بێگومان زۆر شتی پیرۆزی
لە پێناو کوردان دا دەکرد." [ سێمینارێکی سەرهێڵی بەڕێز دوکتور عەدنان چەلیک " ئالان وارد
قارەمانێکی لە بیرکراوی کوردۆلۆژی لە ساڵانی ١٩٦٠ کاندا" ١١-ی ژووییەی ٢٠٢١ ]
وێنەی شەهید مەلا ئاوارە، یەک لەو پۆستێرانەی " کۆمیتەی پشتگیریی لە شۆڕشی کوردستان" چاپ و بڵاوی کردووەتەوە
لە ساڵی ١٩٧١ ئەم کۆمیتەیە کۆمەڵێک
پۆستێری لە ڕێبەرانی شەهیدی جمهووری کوردستان و ڕێبەرانی شەهیدی کۆمیتەی شؤڕشگێڕی
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بڵاو کردەوە. هەر لە سەر بنەما و پاڵپشتی ئەو وێنانە بوو
کە کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵات بە دەم کۆنگرەی ساڵانەی کۆمەڵەی
خوێندکارانی کورد لە ئوڕووپا کە لەبوخارست بەسترا پێشانگەیەکی شەهیدانی ڕاپەڕینی
چەکدارانەی ٦٧-٦٨ یان وەڕێ خست.
ژان- پییێر ڤینۆ لە ڕووی ئیدێئۆلۆژیکییەوە مارکسیستێکی تڕۆتسکیست و
ئەنترناسیۆنالیستێکی ڕاستەقینە بوو و لە
بزووتنەوەی ڕزگارخوازی گەلان پشتیوانی دەکرد و پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ
بزووتنەوەی باسک، فەلەستین و کوردستان هەبوو.
وێنەیەکی ژان -پییێر ڤیێنۆ لە کاتی ڕاپەڕینی خوێندکاران لە مانگی مەی ١٩٦٨، ئارشیڤی مەمۆ یەتکین
لە نووسینیکی دا سەبارەت بە ڕێکەوتنی ١١-ی مارس
کە ئاوریلی ١٩٧٠ لە لۆمۆند دیپڵۆماتیک دا بڵاوی کردووەتەوە باسی سەفەری خۆی
دا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و دەنووسێ: ویلیام ئیگلتن
کە نووسەری کتێنی " کۆماریی کوردستان ١٩٤٦" ە و ماوەیەک لە تەورێز ژیاوە و باش لە سەر ئەو
مژارە دەزانێ، ئاوا دەنووسێ: " ڕاستی ئەوەیە ئەو فکری کە ئاگری ناسیۆنالیزمی
کوردی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ و ١٩٤٥ دا لە
ئێران خۆش کرد، ئەمڕۆش هێشتا لە مەهاباد و ناوچەی دیکەی کوردستانێ دا هەر
هەیە" ( لاپەڕەی ١٢٦). لە سەفەرێک دا کە من لە هاوینی ١٩٦٦ دا چوومە
کوردستانی ئێران، من خۆشم بەچاوی خۆم دیتم کە ئەو زانیارییە چەند ڕاستە و تێگەیشتم
مەهاباد دەستی لە هیوای خۆی بەر نەداوە و دەیەوێ دیسان ببیتە ناوەندێکی چالاکی
بزووتنەوەی کورد".
ڤیێنۆ لە ساڵی ١٩٧٥ لە بەلووچستان لە سەردەمی ڕاپەڕینی عەشیرەتی بەلووچی دژی دەوڵەتی
پاکستان کووژرا و لە بەر هەلومەرجی شەر دەرەتانی ئەوە نەڕەخسا مەیتەکەی
بهێندرێتەوە بۆ فەڕانسە. گۆڕی ژان – پیێێر
لە بەلووچستانە.
وێنەی ژان – پیێێرڤیێنۆبە سیپاڵی مەدەنی ئی ئارشیڤی مەمۆ یەتکین ە کە لە کاتی
سەرهەڵدانی خوێندکارانی فەڕانسە لە مانگی مەی ١٩٦٨لە نزیکەوە پێوەندی هەبووە لە
گەڵ ڤیێنۆ لە پاریس، وئەو بە خەتی خۆی چەند کتێبی پێشکێشی مەمۆ کردووە کە ئێستا لە
کتێبخانە بەنرخەکەی دا دەپارێزرێ.
ژان –پیێێر ڤیێنو دیارە لە ساڵی ١٩٧٢
دیسان سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و
لەم وێنەیە ی بە بەرگی پێشمەرگە وە بە تەنیشت کاک جەمال قەرەداغی دەیبینن، کە لەو
سەروبەندی دا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی ڕۆژنامەی ئەلتەئاخی بووە.
لە ساڵی ٢٠١٠ دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ چەند
نووسینی ژان – پێیێر ڤیێنۆی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردیی کورمانجی کە ئەم
وتارەی لە خوارەوە دا دەیخوێننەوە لەمانگی ئاوریلی ١٩٧٠ لە ڕۆژنامەی لۆمۆند
دیپڵۆماتێک دا بڵاو بووەتەوە.
لۆمۆند دیپڵپماتیک ی کوردی ،
ژمارەی ١٠، سێپتامبری ٢٠١٠
دوکتور ئیبراهیم سەیدۆ
لە
ساڵانی ١٩٦٠ کان، لە کوردستانی باشوور، بە پێشەنگایەتی مستەفا
بارزانی کە گەڕابووەووە وڵات، بزووتنەوەی کورد دەستی بە شەڕی چەکداری کرد،هێزە کوردەکان ئەوەندە بەهێز
ببوون کە هەرێمی خۆیان خستبووە دەستی خۆیان و حکوومەتی عێڕاق ناچار مابوو لەگەڵیان
دانیشێ و مامڵەیان لەگەڵ بکا. کوردان گەلێک سەرهەڵدانیان دیتووە، و گەلێک شەڕ و
خۆشیشیان تەجروبە کردووە. لە سیاسەتی ڕێئال دا ئەمڕۆ پێی زاندراوە کە مرۆڤ بە سەری
خۆی بە تەنیا نا ناتوانێ بگاتە ئامانجەکانی و پێویستە مرۆڤ دۆزی خۆی
لە ئاستی نێونەتەوییدا بناسێنێ و جگە لە چیای کوردستان، دۆستی دیکەش بۆ خۆی پەیدا
بکا. لە فەڕانسە لەسایەی حەول و
تێکۆشانەکانی کامڕان بەدرخان و ڕۆژنامەی وەک لۆمۆند زۆر جار باسی شەڕی کوردستانێ
کراوە و سەرەڕای دژایەتی تورکیاش چەند
کتێب لە سەر کوردان بڵاو بوونەتەوە. ئەو حەولدانانەی کە کراون، هەرچەند کەمیش بن،
سەرنجی بیروڕای گشتییان بەرەو دۆزی کورد ڕاکێشاوە.
ئەدی، کورد بە شەڕی خۆیەوە ناسرا، لە ساڵانی ١٩٦٠ دا لە سەرانسەی جیهانێدا بزووتنەوەیەکی
ئازادیخواز پەرەی گرتبوو کە ڕووداوەکانی ١٩٦٨ی بە دوو داهات. ئەو وەچە ئازادیخوازە
کە دژی زۆردارییە، بێگومان لە دۆزی
کوردانیشدا ڕەنگێکی خۆی بەدی دەکرد. میللەتێک لە ئاست دەسەڵاتداریی زۆردار دەستی
بە شەڕی چەکداری کردبوو. ئەوە وەچەی ٦٨ یشە، کە لەو بزووتنەوەیە دا خەون و خەیاڵی
گەورەی خۆی دەحاواندەوە. زۆرێک لە میلیتان و تێکۆشەرانی ئەو وەچەیە ئەو دەمی دەستییان کرد
بەیارمەتیدانی کوردەکان. هەر چەند ئەو هاوکارییانە لە ئاستی شەخسییش دا بووبێ،
ئەو حەولدانانە دواتر تەئسیرێکی باشیان
کردە سەر بیرو ڕای گشتی ئوڕووپا.
دەستخەتی نەمر ژان پییێر ڤێیێنۆ بە کوردیی کورمانجی کە ئەم کتێبەی پێشکێش بە مەمۆ یەتکین کردووە و ئێستاش لە کتێبخانە بە نرخەکەی دا پارێزراوە.
خەباتی ئەو دەمی بۆ ناساندنی دۆزی کوردان هاسان نەبوو، چونکە لە ئوڕووپا کە شەڕێکی
گەورە لە سەر
تێپەڕاندبوو تەقینەوەی
سەنعەتی ڕووی دابوو، گۆڕانی کۆمەڵایەتی و وشیاری ڕوویان دەدا و لەبەر گەورە
بوونی بازارێ ئوڕووپا مەیلی تورکیا بەر بە ئوڕووپا زیاتر دەبوو. تەئسیری ئەڕتەشی تورکیا لە سەر حکوومەتیش باوەڕی
ڕۆژئاواییەکانی بە تورکیا بە گوڕتر دەکرد، چونکە ئەڕتەش ئەو دەمی وەک
دەسەڵاتدارییەکی بەهێز دەبیندرا و نیشانەی بەردەوامی بوو. پێوەندی عێڕاقیش لەدوای
سەردەمی پاشایەتی لەگەڵ ئوڕووپا
باش بوو و فەڕانسە و بریتانیا بە یەکەوە چەکیان دەفرۆشت بەو موشتەرییە کە لە بواری نەوت دا هاوکارێکی مەزن بوو. ئێرانیش
پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا گەرم کرد
بوو و بەو شێوەیە پشتگیریی لە کوردان لە هەڕێم دا لاواز کرا بوو. سووریاش ڕێگای
تورکیای وەبەر گرتبوو و سیاسەتی خۆی لە مەر کورد بە ناوی " کەمەری
عەڕەبی" بەو پێیە دەبردە پێشێ. جگە
لەو پێشوەچوونانە کە بۆ دیپڵۆماسی
کوردان ئاستەنگی گەورە بوون، هەر وەها ئەو
چوار وڵاتەش کە کوردی تێدا دەژیان پشتیان لێک بەستبوو، بۆ ئەوەی ئاگری
بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بکووژێننەوە و دایمرکێنن. چونکە ئەگەر ئاگر لە ناوچەیەک بڵێسەی سەند با،
دەیتوانی هەموو وڵاتانی هەرێم بگرێتەوە و هەر چوار وڵاتەکەش بەوەیان دەزانی. بۆیە سەرکەوتنی کوردان لە عێڕاقێ لە ساڵی ١٩٧٠ دەبێ دەو
چوارچێوەیە دا هەڵسەنگێندرێ.
ئەم نووسینەی ژان – پییێر ڤێنۆ کە لەم ژمارەیە دا پێشکێشتان دەکەین یەک لە
نیشانەکانی حەولدانە بۆ ناساندنی بزووتنەوەی کوردان. بۆیە ئێمە دە
نووسینەکەدا دەبینین کە هێشتا وەزعی کوردان باش نەناسرابوو و نووسەر حەول دەدا بەر لە هەموو شت ئەو وەزعە بە خوێنەرەوەکانی خۆی بناسێنێ .
ژان- پییێر ڤینۆ لە ساڵی ١٩٦٩ تێزی دوکتورای خۆی
لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئامادە کرد، و بە ڕەسمی پاڕێزگاری لێکرد و
هەر هەمان ساڵیش لەو زانکۆیەی کە ئێستا بە زانکۆی Inalco دەناسرێ کە پێشتر سەر بە زانکۆی سۆربۆن بوو ، دەستی بە مامۆستایەتی کرد و دەرسی مێژووی کوردستانی
دەگوتەوە. ئەو لەگەڵ کوردۆلۆگی وەک جۆیس
بڵۆ و توماس بوا کاری کردووە. لە گۆڤارە زانستییەکانی ئەو سەروبەندی دا زۆر
نووسینی لە سەر کوردان چاپ کراون و بەڕێگای لێکۆڵینەوەکانی ڕا بۆ ناساندنی
بزووتنەوەی کوردی بناغەیەکی قایم و پتەوی دامەزرێندراوە.
بەر لە مانگێک لە چاپکرانی ئەو نووسینەی کە ئێوە
لە خوارەوە دەیخوێننەوە. لە عێڕاقێ
لە ١١ –ی مارسی ١٩٧٠ پەیمانێک لە نێوان بزووتنەوەی کورد و حکوومەتی عێڕاقێ دا
ئیمزا کرا و بە پێی ئەو پەیمانە ئۆتۆنۆمی
هەرێمی کوردان بە ڕەسمی دەناسرا. ئەم نووسینەش کە دە چوارچێوەی
ئەو پەیمانە دایە کە بوو بە جێی هیوا بۆ
کوردان. ڤینۆ دەو پێوەندییە
دا باسی مەسەلەی کورددەکا و بارودۆخی کوردان لە وڵاتەکانی دیکەش وەبیر دێنێتەوە
Avril 1970, pages 1 et 11
Le
problème kurde
Le
malheur d’une nation sans Etat
ژان پییێر ڤیێنۆ
لۆمۆند دیپڵۆماتیک لاپەڕەی ١ تا ١١، ئاوریلی ١٩٧٠
دۆزی کورد
چارەڕەشی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت
وەرگێڕان لە فەڕانسییەوە بۆ کوردیی کورمانجی :دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ
کردنە کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی
ئەو پەیمانەی دوایی کە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆکی ناوداری کورد کە لە هەموو سەرهەڵدانەکانی کوردستانی
عێڕاقێ لە ساڵی ١٩٣٠ یەوە تا ئەمڕۆ بەشداری کردووە، و بەرپرسیاری " بەعسی
ڕاست ئاژۆ" دا ئیمزا
کرا کە دوای کودەتای ١٧-ی
ژووییەی ١٩٦٨ دیسان هاتنەوە سەر دەستەڵاداری عێڕاقێ گەلۆ لە سنووری
ئەو نەخشەی لامەرکەزییەی کە بەغدا هێنابوویو گۆڕێ تێی دەپەڕێنێ؟
گەلۆ ئەو پەیمانە دەبێ بە دەروازەی ئەو
تێگەیشتنەی کوردان لە سەر ئۆتۆنۆمی هەیانە؟ کوردان تێگەیشتنی خۆیان لەمەر ئۆتۆنۆمی لە ڕاگەیاندنێک دا کە لە ٢٤-ی ئاوریلی ١٩٦٣ دا بڵاویان کرد بووەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا دەربڕیبوو و
مرۆڤ دەتوانێ ئەو ڕاگەیاندنە وەکوو چوارچێوەیەکی داوخوازی دائیمی ئەوان
هەڵسەنگێنێ. بە پێی ئەو زانیارییانەی کەتا ئەمڕۆ بە
دەستی ئێمە گەیشتوون ( دوایی مانگی مارس)،هێشتا زۆر زوویە کە مرۆڤ بتوانێ وڵامی پرسیاری سەرەوە بداتەوە. پارتیی
سۆسیالیستی ژیاندنەوەی عەڕەبی ( بەعس) کە لە ڕۆژهەڵاتی عەڕەبی دا وەکوو مەزنترین دوژمنی داوخوازی کوردان و دژبەری فکری ناسیۆنالیزمێکی غەیری عەڕەب
دە ناو وڵاتێکی عەڕەب دا دەناسرێ و لە سەر بناغەیەکی ئەفسانەیی، ئەگەر
مرۆڤ نەیەوێ بڵێ " سورڕێئالیست" ی ناسیۆنالیزمی عەڕەب دامەزرێندراوە و
و لە دوای ١٠-ی ژووەنی ١٩٦٣ بە دژی کوردان دژوارترین زوڵمی عەسکەری کردووە، و
ئەمڕۆ ئەگەر هەستێ و
مەشڕووع بوونی دواخوازی نەتەوەیی کوردان قەبووڵ بکا، ئەوە دەبێتە پارادۆکسێکی
مێژوویی. میشێل عەفلەق کە یەکێک لە سەرۆکە مێژووییەکانی بەعسە لە سەودای نێوان عێڕاق – کوردەکان دا لە بەیڕووتێ دەورێکی سەرەکی گێڕاوە و هەڵەکانی خۆیان و بزووتنەوەی خۆیانی لە سەر
ئەو بابەتە قەبووڵ کردووە. مرۆڤ دەیەوێ هیوادار بێ کە ڕەخنە لە خۆگرتنی وی دڵپاکانە بێ و نیشانەی
کایەیەکی تاکتیکی نەبێ بە مەبەستی کەلک
وەرگرتن لە کات و فریودانی بیروڕای گشتی عەڕەب و ناونەتەوەیی نەکرابێ.
گەلۆ ناوەرۆکی ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە لە لایەن بەرپرسانی کوردەوە هاتووەتە
گۆڕێ و بووە بە ئامانجی سەرەکی ئەو شەڕی چەکدارانەیە کە بە ساڵانە بەردەوامە و بووەتە هۆی ڕژانی ئەو هەموو فرمێسک و خوێنە چییە؟
خاڵ بە خاڵ پڕۆژەکە ئاوایە:
١- بە ڕەسمی ناسینی دوو نەتەوە بوونی
دەوڵەتی عێڕاق و هەبوونی نەتەوەیی کوردان
لە سەر خاکی خۆیان. کوردستانی
عێڕاق ( یان " باشوور")، بناسرێ
و ئەوە دەبێ بە شێوەیەکی ڕەسمی لە قانوونی بنچینەیی عێڕاق دا بنووسرێ.
٢-دیاریکردنی ئیداریی کوردستانی عڕاق، یانی ئەو خاکەی کە تێیدا کورد زۆربەنە، و بە
پێی کوردان ئەوان بریتین لەو لیوا و قەزایانەیانە: لیوای سلێمانی، کەرکووک ئەربیل ( بە کوردی هەولێر) – قەزای خانەقین کە سەر بە لیوای دیالەیە، قەزای زاخۆ، دهۆک، ئامێدیێ، ئاکرێ، سنجار، شێخان و تەلەعفەر کە سەر بە لیوای مووسڵ ن و ئەوان دە ناو خۆیاندا لیوایەکی
نوێ پێک بێنن و بە ناوی لیوای دهۆک. هەر
سێ قەزای دوایی ئێزەدییان کە کۆمەڵی دینێکی کوردی یە و بە هەڵە پێیان دەڵێن "
باوەڕیی شەیتان پەرستی "، کۆمەڵێکی داخراوە و بە پێی ئیسلامی سوننی قەدەغەیە.
٣- هەڵبژاردنی گشتی لە کوردستان بۆ دیاریکردنی پارڵمانێک ، کە ئەو
پارڵمانە مەکتەبێکی
تەنفیزی پێک بێنێ و ئەویش دەبێ بە حکوومەتی کوردستانی
ئۆتۆنۆم و دەسەڵاتی بە سەر هەموو هەرێمی
کورد دا دەبێ و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبا ( کاروباری حقووقی، پەروەردە و خوێندن، لەشساغی، کشتوکاڵ، تووریزم،
دەمی کۆمەڵایەتی و هتاد)، و بە پێی بەرنامەیەکی ئاوا کە دەوڵەتی عێڕاق بەرەو
فێدرالیسم ببا.
٤-پەروەردە بە زمانی
کوردی لە کوردستان، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن دا، و بەکار هێنانی زمانی کوردی لە
هەموو دەسگاکانی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی دا؛ بەپێشخستنی بێ گرێ و قۆرتی کولتووری
کوردی (بڵاو کردنەوە، زانکۆی هەرێمی، ستاسیۆنی بڵاوکردنەوەی ڕادیۆی کوردی)؛
٥- بەشداری کوردان لە هەموو دەسگاکانی مەدەنی و لەشکری دەوڵەتی ناوەندیی، و ئەو
بەشدارییە دەبێ بە پێی نفووسی کوردان (نزیک دوو میلیۆن) دە ناو نفووسی گشتی عێڕاق
دا بێ ( حەوت میلیۆن): دیاریکردنی کوردێک وەک جێگری سەرکۆماری عێڕاق؛
٦-بەشێکی باش لە نەوتی عێڕاق، بە پێی نفووسی خەڵکی
کوردستان، کە سێ چارەکی ئەو نەوتە لە هەرێمی کوردستان دەردەخرێ( کانگاکانی مووسڵ و
کەرکووک) بۆ گەشەپێدانی کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانێ تەرخان بکرێ و
خەرج نکرێ ، دە ناو ئەڕتەشی عێڕاق دا بەشێکی کورد ( فەیلەق) پێک دێ و لە کوردستان
دادەمەزرێ؛
٧-
ئازادیی چالاکی بێ سنوور بۆ پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان کە تاکە پارتییە لە
کوردستان، لەگەڵ لقی کوردی پارتیی کۆمۆنیستی عێڕاق.
ناسینی هەبوونی نەتەوەیی خەڵکی کورد لە لایەن بەغداوە، کە لە سەردەمی شەڕ دا بە
شێوەیەکی جیدی خۆی ناساند و ئیدی بۆ هەموو کەس ئاشکرایە، و هەر وەها قەبووڵ کردنی داوخوازەکانی کوردەکان
لە بواری کولتووری زمانیش دا بە نەغدەن پێک هاتبوو، بەڵام کێشەی هێنانی لیوای
کەرکووک ( کە بیرە نەوتەکانی بەی حەسەن و جەمبوورێ لەوێ هەڵکەوتوون) بۆ ناو هەرێمی
ئۆتۆنۆمی کورد،کە بە دڵی حکوومەت نەبوو،بە جوێ کردنەوەی قەزا ناکوردەکان چارەسەر
کرا. لە لایەکی دیکەوە، لە بابەتێکی گرینگ دا کوردان سەرکەوتنیان بە دەست هێنا کە
ئەو مژارە لە موزاکەرە کانی پێشوو دا بە
تەواوی ببووە هۆی تێکچوونی موزاکەرەیان و ئەویش بەو مانایەیە کە بەغدا ئاوانسێکی
زۆر گەورەی داوە: هێزی چەکداری خۆڕاگریی کورد (پێشمەرگە) هەڵ ناوەشێتەوە. ئەو هێزە
بە تەنێ لە توانای دایە بەردەوامبوونی دەسگاکانی کوردستانی عێڕاق بپارێزێ،و ئەگەر
مرۆڤ هەموو گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە بەر چاو بگرێ کە لە عێڕاقێ بووە بە عادەت،
ئەو بابەتە گرینگتر دەبێ ( هێندێک لە ئەفسەرانی ڕاست ئاژۆی تیژپەڕ حەولیان دابوو
کە بۆ ڕاگرتن و چەت خستن لە موزاکەرات دا کودەتا بکەن، بەڵام ماوەیەکی کورت بەر لە
پەیمانی مێژوویی ١١-ی مارسی ١٩٧٠ ڕێیان لێ گیرا و پیلانەکەیان پووچەڵ کرایەوە).
دوای ماوەیەک ئەڕتەشی سەرهەڵداوانی کورد دەبێتە
تەشکیلاتی پۆلیسی ناوچەیی و سنووری نێوان عێڕاق- ئێران دەپارێزێ، و ئەوەی کە بگەڕێتەوە سەر
دواخوازی لە مەڕ نەوت ، وا دیارە کوردان دەستیان لێ هەڵگرتووە.
کۆمەڵێکی نوێ کە شەڕی ئەزموون کردووە
سەرهەڵدانی کوردی لە سەرەتاوە خاوەن تایبەتمەندییەکی کەمتازۆر عەشیرەتی بوو، بەڵام
لە بەهاری ساڵی ١٩٦٢ بەم لایەوە، بە
پەیوەست بوونی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕەنگێکی بە تەواوی نەتەوەیی و جەماوەری
بەخۆیەوە گرت کە تێیدا لادێی و ئاغا،
ڕووناکبیر، شارستانی و سەرۆک عەشیرەت، ئەفسەر و سەربازی کورد کە لە ئەڕتەشی عێڕاق
ڕایان کرد بوو، هەموویان لە دەوری یەک کۆبوونەوە. ئەو پارتییە گەورەیە
ناسیۆنالیستییە کە مۆدێرنیست و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێشکەوتوو یە و تێیدا تێندێنسی
مارکسیستی هەمیشە بەهێز بوون ، لە ١٦-ی ئووتی ساڵی ١٩٤٦ لە یەکێتی و یەکگرتنی سێ
بزووتنەوەی کورد پێک هاتووە: پارتیی کۆمۆبیستی کوردستانی عێڕاق (ڕۆژنامەی شۆڕش)،
باڵی چەپی پارتیی کۆنی هیوا و کۆمەڵە ( کۆمیتەی سەرهەڵدانی کوردستان) کە لە
کوردستانی ئێرانێ ببووە پێشەنگ و دامەزرێنەری کۆماری کوردستانی لە مەهابادێ (
١٩٤٦).
ئەو دەرفەتانەی کە حکوومەتی بەغدا دەکاری کردووە، بۆ ئەوەی سەرهەڵدانی بەهێزی
خەڵکی کورد پێشێل بکا – بومبارانی لادێیان بە ناپاڵم، بە کار هێنانی گازی شیمیایی
و ئەسید سۆلفۆریک بە دژی خەڵکی مەدەنی، سووتاندنی خەلە و خەرمان و تاڵانکردنی مەڕ
و ماڵات – هۆی هەرە بەهێز بوون بۆ بڵاو بوونەوە و بەهێز بوونی وشیارییەکی
نەتەوەیی.
مەلا مستەفا بارزانی کەسایەتییەکی بە هێز بوو و بە شێوەیەکی سەیر تەئسیری هەبوو لە
سەر ئەو کەسانەی لە دەوروبەری بوون، ناسیۆنالیستێکی جێی باوەڕ و بەهێز بوو، بەڵام
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆنەپارێز بوو، ژیانی لە تاراوگەی ڕووسیا تەئسیرێکی سیاسی
هێندە زۆری لە سەر نەکرد بوو، فەرماندەیەکی بێوێنەی عەسکەری بوو، تەجروبەیەکی ٢٥
ساڵەی شەڕی پارتیزانی هەبوو، لە بواری سیاسی دا پڕاگماتیست بوو، بەڵام ئاگای لە
ئاستی زانینی خۆشی هەبوو و کەمایەسییەکانی خۆی قەبووڵ دەکرد؛ بە تەواوی پێبەند بوو
بە کۆمەڵی کوردی و ڕێوڕەسم و عادەتی کۆنی وی
و ئەو تایبەتمەندییانە دەرفەتی دەدایە
کە دژایەتی جۆربەجۆر لە ناو بەشی جیاوازی کۆمەڵ دا ( لادێی و ئاغا) نەبنە کێشەو گیرو گرفت
بۆی. ئەو بەو شێوەیە، پێشی ئەوەی گرت کە
جیاوازی سیاسی کە لە ناو ئەندامانی
مۆدێرنیست کە سەر بە ڕووناکبیرانی شاران بوون و ئەندامانی کۆمەڵی کۆن و نەریتی
کورد کە بەرەو نەمان دەچوون (سەرۆک عەشیرەت) زیاد بووبایە.
پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان ( پەدەکە)، لەگەڵ ئەوەشدا کە پشتیوانی دەکا لە ڕێفۆرمی
زەوی و زارو خۆی وەکوو بزووتنەوەیەکی
" شۆڕشگێڕ و دێمۆکڕاتیک و پێشکەوتوو " دەناسێنێ کە مافی
کڕێکاران، جووتیاران، کارمەندان، سەنعەتکاران
و ڕووناکبترانی شۆڕشگێڕی کوردستانی عێڕاقێ دەپارێزێ ( مادەی ٢-ی بەرنامەی
پارتی) باوەکوو ئەوەش لەسەروبەندی ئازادیی نەتەوەییدا لە پێناو " یەکگرتوویی بەرەی نەتەوەیی
" دا، بارودۆخی هەیی کۆمەڵایەتی پاراست، بۆ ئەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ "
سەرۆک عەشێرەتە وڵات پارێزەکان" و ئاغاوەتی وەردە مالیک
لە دەست نەدا: تەنێ زەوی ئەو کوردانەیان داگیر کرد کە لەگەڵ دەوڵەت کار دەکەن و زەوییەکانیان لە ناو جووتیاران دا دابەش کرد
و خەڵکی لادێکانیش ماڵیاتی خۆیان ڕاستەوڕاست دەدا بە مەکتەبی تەنفیزی شۆڕش. قەیرانی گەورەی
ناوخۆیی هاوینی ١٩٦٤ چارەسەر نەکرا، چونکە ئەو کەسانەی کە ئەو دەمی لە هەڵوێستی
چەپەوە ڕەخنەیان لە بارزانی دەگرت (جەلال
تاڵەبانی – ئیبراهیم ئەحمەد) تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون و خۆیان لە حکوومەت نزیک کردەوە و تەنانەت لە
دژی ڕاپەڕینی کوردی بە سەرۆکایەتی بارزانی بە تەواوی هاوکاری ئەڕتەشیان کرد و
ئەمڕۆ مرۆڤ بە زەحمەت دەتوانێ بڵێ کە ئەو شۆڕشگێرانی ناو قاوەخانان کە لە
بەغدایە دە ناو ئاسوودەیی دا دەژین و پۆلیسی عێڕاق دەیان پارێزێ، بەشداری بزووتنەوەی
نەتەوەیی بوو بن.
ئۆتۆنۆمییەکی فێعلی لە هەرێمە ئازادکراوەکانی کوردستانی عێراقێ جێ بە جێ کرا:
بەڕێوەبەریی مەدەنی لە لایەن پارتیی
دێمۆکڕاتی کوردستانەوە لە هەموو گوندەکان دامەزرا. پەدەکە وەکوو یەک لە
ئۆرگانیزەترین و بەهێزترین پارتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێ ( بیست و پێنج هەزار ئەندامی هەیە). مەدرەسە دامەزرێندران و کتێبی پەروەردەیی بە زمانی کوردی بۆ وان چاپ
کران. دەرمانجانەی سووک و چاپخانەش بۆ ڕۆژنامەی پارتی (خەبات) داندرا و و ستاسیۆنێکی نهێنی ڕادیۆ ( دەنگی
کوردستانی عێڕاق) کرایەوە و لە لادێی هەرە پچووکی کوردستانی تورکیا و ئێرانێ خەڵک
گوێیان دەدا ئەو ڕادیۆیە و حکوومەتی عێڕاق هەرچی کردی نەیتوانی بێدەنگی کا. بەڵام
هەموو پەیام و بانگەوازی ئەو ڕادیۆیە ڕووەو کۆمەڵی دەرەوە بێ وڵام مایەوە.
ناوەندیی بەڕێوەبەری ( هەژدە ئەندامن کە دوازدەی
وان سەر بە پەدەکەن)، لە لایەن لێژنەی شۆڕشی کوردستانی عێڕاق ( کە شێست و سێ
ئەندامی هەیە) هەڵدەبژێردرێ و ئەو لێژنەیش وەک پارڵمانی کوردان دەجووڵێتەوە و
تێیدا سوریانی(مەسیحی کەلدانی و نەستووری کە بە زمانی ئارامی دەدوێن) هەن و بە شێوەیەکی
چالاکانە لە بزووتنەوەکە دا بەشداری دەکەن. مەکتەبی تەنفیزی بە کاکڵی شۆڕش
دادەندرێ و پێوەندییەکی بەهێز و دائیمی لەگەڵ بارزانی هەیە. بارزانی سەرۆکی
ئیفتیخاری پەدەکە یە و هەر وەها سەرۆکی لێژنەی فەرماندەیی شۆرشیشە. محەمەد حەبیب کەریم هەم سکرتێری گشتی پەدەکە و
هەم سکرتێری مەکتەبی تەنفیزی یە، بەڵام لەو دواییانە دا مەحموود عەلی عوسمان
هاتووەتە جێی وی. مەحموود عەلی عوسمان لە ناو شۆڕش دا لە دوای بارزانی ناوی
دووەمە.
ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر ئەڕتەشی ڕاپەڕینی کورد، ئەمڕۆ هەژدە هەزار پێشمەرگەی هەیە کە بە دە هێز دابەش کراون. ئەوان دە هاژەکی دژی هەواییان
هەیە بۆ خۆ پاراستن لە بەرانبەر فڕۆکەی بۆمب هاوێژ، نزیکەی بیست تۆپی قورسیان هەیە
و جبەخانەکەیان بە هێزە و ٪ ٩٠ چەکی خۆیان لە شەڕ دا لە ئەڕتەشی عێڕاق بەدەست
هێناوە. دەو شەڕە درێژ و خوێناوییە دا کە فیداکاری و ئێش و ئازاری بێ هەژمار و
تڕاژێدی ئینسانی بەخۆیەوە دیوە، ئینسانێکی نوێی کورد سەری هەڵێناوە کە خاوەن
ئەخلاقێکی شۆڕشگێڕانەیە و بە فیداکاری و زەحمەت و ئینسانییەتێکی جێی باوەڕ دە
هەلومەرجی دژوار دا تاقی کراوەتەوە، بە سەبر، بە تێدیئالیزمێکی خۆشبینانە، بە
وڵاتپارێزییەکی خاوێن کە لە خراپەکانی
ناسیۆنالیسمی عەڕەب دوورە، و لە سەر داوخوازێکی جەماوەری و ئەنترناسیۆنالیزمێکی
بەهێز بنیات نراوە و ساز کراوە.
شۆڕشی کورد لە عێڕاق گەنگەشەیەکی گەورەی لەناو هێزی سیاسی عەڕەب ساز کرد، چەپی عێڕاقی
و بەتایبەتی پارتیی کۆمۆنیست بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی لە ئۆنۆنۆمی کوردستانی
عێڕاق دەکرد و هەر وەها مافی کوردان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی
گەورەی خۆی، بە کوردستانی تورکیا و ئێرانیشەوە بە ڕەسمییەت دەناسی. ئەو پارتییە لە
مێژووی خۆی دا نیشانی داوە کە دژی حکوومەتە دیکتاتۆری و عەسکەرییەکانە و لە دژی
میللەتان نییە. لەو پارتییە دا گەلێک عێڕاقی و عەڕەب هەنە و دە ناو وان دا زۆر
میلتان و تێکۆشەری عەڕەب هەن کە زۆربەیان مارکسیستن و لە دەستی زوڵم ڕایان کردووە
و لە چیای کوردستانێ (هێزی کەماڵ) لە دژی حکوومەتی خۆیان دەستیان داوەتە چەک و شەڕ
دەکەن. بەرەو دوایی ساڵی ١٩٦٧، چیا پڕ بوو
لە ئەندامانی باڵی چەپ و شۆڕشگێری پارتیی کۆمۆنیست و ئەو هێزە کە لە دژی ڕاست ئاژۆ
ڕێفۆرمیستەکان بوو لە ناو گوندە عەڕەبەکان
و هەرێمی ئەحوار لە باشووری عێڕاقێ چالاک بوو. باشووری عێراق لە زەمانی زوو
بوو بە هێلانەی ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی توند( ڕاپەڕینی کۆیلەی ڕەشی بێگانە لە
عێڕاق ، لە ساڵی ٨٦٨ دا).
بەرەێ شەڕی جەماوەری، ڕێک خستنی بەرخوەدانی چەکدارانە کە بەڕێوەبەریی ناوەندی دەیکا، بانگەوازی بەرەو خەڵک کردبوو کە
سەر هەڵ دان و لەگەڵ شۆڕشی کوردستانی عێڕاق بەرەیەکی هاوبەشی شەڕی چەکدارانە ساز
کەن، بەڵام، چیاکان لە لایەن ئەڕتەشی عێڕاقێوە زوو بە خوێن پاک کرانەوە،چونکە بزووتنەوەکە بە شێوەیەکی باش ئامادە نەکرا بوو
و خەڵکی گوندەکان لە پارتیزانەکان ناڕازی بوون. ئەو بزووتنەوەیە لە بواری چەک و
چۆلەوە لە کوردان یارمەتی وەرگرتبوو و عەزیز ئەلحاچ بەرپرسی ئەو بزووتنەوەیە لە
ژێر ئەشکەنجە دا ئیعترافی بەوە کرد و ناچار کرا لە سەر تێلێڤیزیۆنێ بەغدا لە
بیروڕای ڕابردووی خۆی پاشگەز بێتەوە.
لەوان دواییانە دا، لەبەر ئەو زوڵمەی لە کوردان دەکرا، گەلێک سەرهەڵدان لە عێڕاق
ڕوویان دا. ئەوی هەرە گرینگیان لە ٣-ی
ژووییەی ١٩٦٣ لە کەمپی ڕەشید، لە نزیک بەغدا دەستی پێکرد. حکوومەت ئاوای وڵام
دایەوە. " ئێمە بیر لەو ڕووداوە تڕاژیکە دەکەینەوە کە لە کەمپی عەسکەری
قەوما. ئەو سەربازانەی کە تازە لە بەسڕەوە هاتبوونە وێ دەبوو بە شەو بە کامیۆنان بچنە باکوور.
سەعات دووی نیوەشەو کامیۆنەکان ئامادە
بوون، بەڵام سەربازان نەیان دەویست سوار بن، ئەوان بە پشتیوانی یەکتری لە ڕووی
فەرماندەکان چەکیان هەڵکێشا. ئەو بەرپرسانەی بەوەیان زانی فەرمانیان دا بە تانکان
هێرشیان بکرێتە سەر: بە سەدان کەس کووژران.
ڕۆژێک دواتر داخویانییەکی ڕەسمی ڕادەگەیێنێ کە لە کەمپی ڕەشید پێش بە
" پیلانێکی کۆمۆنیستی " گیرا و ئەندامەکانی لە لایەن " هێزی وڵاتپارێز" ڕا لە ماوەی نیو سەعات دا کووژران" ( بە قەڵەمی نازم سەفیر، گۆڤاری Jesuittes Etudes مارسی
١٩٦٤)
هەڵوێستی نوێی ئێران
تا ساڵی ١٩٦٤ کە قاهیرە و بەغدا لە یەکتر نزیک ببوونەوە، هەر
سێک وڵاتی سەرەکی کە کوردستانیان دە ناو خۆیان دا بەش کردووە،یانی تورکیا کە شەش میلیۆن کوردی تێدا دەژی، و ئێران کە چوار میلیۆن کوردی تێدا دەژی و عێڕاق
کە دوو میلیۆن کوردی تێدا دەژی دەناو خۆیاندا پێوەندییەکی پتەویان دامەزراند، بە
تایبەتیش بە بەشداری هاوبەش لە پەیمانی
عەسکەری دا (پەیمانی سەعد ئاباد لە ساڵی ١٩٣٧ و یان بە دووی ویدا پەیمانی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٥)، کە هێندێک لە
خاڵە بنەڕەتییەکانی ئەو پەیمانانە سەبارەت بە ڕێگرییە بە دژی چالاکی بزووتنەوەی
ناسیۆنالیستی کورد.
لە ئێران، مەسەلەی کورد قەت وەک تورکیا و عێڕاقێ نەبووە بە مژاری سەرکوتی خوێناوی.
لە تورکیا لە حەرەبی شێخ سەعید دا ( ١٩٢٥)، ڕاپەڕینی ئاگری ( ١٩٣٠)، و سەرهەڵدانی
دێرسیم ( ١٩٣٧) چل هەزار کورد کووژران، بەڵام لە دامەزراندنئ کۆماری کوردیی
مەهاباد لە کوردستانی ئێرانێ دا، کە لە ژانڤییەی ١٩٤٦ دا پێک هات، ئەوە ڕاستە کە
لەهەلومەرجێکی گەڵێک باش دا پێک هات ( تێکچوونی دەسەڵاتداریی ناوەندی،هاتنی هێزی
ڕووسیا بۆ باکووری ئێران و هاتنی هێزی بریتانیا بۆ باشووری ئێران و ئەوە هەموو دە
چوارچێوەی چالاکی هاوپەیمانەتی دا پێک
هاتن) و ئەو کۆمارە بە پێی کۆماری
دێمۆکڕاتیکی تورکی ئازەربایجان ( پێتەختی تەورێز بوو) کە هەر هەمان سەروبەند پێک
هاتبوو و سەر بە سیاسەتی کۆمۆنیستی بوو، لە سەر بنەمایەکی نەتەوەپەروەری دامەزرێندرانوو
و ئەوەش نیشانەیەکی ئاشکرایە کە مرۆڤ بتوانێ بڵێ کە هێزێکی نەتەوەپەروەری کوردی
هەمیشەیی لە ئێرانێ هەیە.
ویلیام ئیگلتن کە نووسەری کتێنی " کۆماریی کوردستان
١٩٤٦" ە (٣) و ماوەیەک لە تەورێز ژیاوە و باش لە سەر ئەو مژارە دەزانێ، ئاوا
دەنووسێ: " ڕاستی ئەوەیە ئەو فکری کە ئاگری ناسیۆنالیزمی کوردی لە نێوان
ساڵانی ١٩٤٣ و ١٩٤٥ دا لە ئێران خۆش کرد،
ئەمڕۆش هێشتا لە مەهاباد و ناوچەی دیکەی کوردستانێ دا هەر هەیە" ( لاپەڕەی
١٢٦). لە سەفەرێک دا کە من لە هاوینی ١٩٦٦ دا چوومە کوردستانی ئێرانێ، من خۆشم
بەچاوی خۆم دیتم کە ئەو زانیارییە چەند ڕاستە و تێگەیشتم مەهاباد دەستی لە هیوای
خۆی بەر نەداوە و دەیەوێ دیسان ببیتە ناوەندێکی چالاکی بزووتنەوەی کورد.
ئەو کۆمارە پچووکە، سەرەڕای تەمەنی کورتی خۆی ( بە هەموویەوە ساڵێک) بەرهەمێکی
سەیری لە دوای خۆی جێهێشت، بە تایبەتیش لە بواری کولتووری دا: دانانی مەدرەسە .
چاپکردنی کتێبی دەرسی و گۆڤاران بە زمانی کوردی، بەڵام ستالین هەر وەک
ئازەربایجان، دەستی لە پشتیوانی ئەو جمهوورییەش هەڵگرت، چونکە ئەو دەیویست لە بەرانبەر کێشانەوەی هێزەکانی سۆڤییەت (
مانگی ئاوریل و مەی ١٩٤٦) پەیمانی ساز کردنی شیرکەتێکی نەوتی هاوبەشی دوو لایەنەی
ئێرانی – ڕووسی بە دەست بێنێ کە ئەو شیرکەتە لە سەر دەرهێنانی نەوتی باکووری
ئێرانێ کار بکا. ئینجا ئەو جمهووەییەش بە شێوەیەکی تڕاژیک دوایی هات و سەرۆکەکەی
پێشەوا قازیی محەمەد و هەر وەها زۆر سەرکردەی دیکەی کورد لە ٣١-ی مارسی ١٩٤٧ لە
سێدار دران. لە لایەکی دیکەوە دوای داگیرکرانەوەی مەهاباد ( دیسامبری ١٩٤٦)،
ئەرتەشی ئێرانێ ئەو کتێب و چاپەمەنییە کوردییانەی کە دەسگای پەروەردەی جمهووری چاپی
کردبوون هەموویانی سووتاند.
ئەگەر مرۆڤ بڵێ کە بە بەراوەرد کردن لەگەڵ وڵاتەکانی دیکە، پێوەندی نێوان ئێرانی و
کوردان ئارامە و نزیکایەتی ئێتنیکی و زمانی ئەوان بە هۆی ئەوە دابنێ، کەس بەو
قسەیە قانع نابێ ؛ چونکە نزیکایەتی ئێتنیکی – زمانی بە مانای ناسنامەی نەتەوەیی
نییە. ئێمە پێمان وایە ئەوە چەندە هەڵەیە کە ئەگەر مرۆڤ هەموو نەتەوە سڵاوییەکان
بە نەتەوەیەک دابنێ، هەر ئەوەندەش هەڵەیە هەموو نەتەوەیێن ئێرانی بە نەتەوەیەک
دابندرێن! بەڵکوو مرؤڤ دەتوانێ سەردەستی فارسەکان لە " شۆڕشی مەشرووتییەت
" دا ١٩٠٧ – ١٩١١ بە یەک لە هۆیەکانی ئەو هەر ئەمەیە دابنێ و ئەو
شۆڕشە بە ئامانج و شێوازی خۆی زۆر وەشۆڕشی مستەفا کەماڵ دەچوو ( مۆدێرن، لاییک، بە
ناوەند کردنی دەوڵەت. شەڕ بە دژی دەسەڵاتدارتیی بێگانە و گەندەڵیی ناوخۆیی) . بە
ئیدێئۆلۆژییەکی ناسیۆنالیستی لە سەر بنەمای ئێتنیسیتەی فارس ، وەک ناسیۆنالیستە
ئێتنیکییەکانی تورکیا کە لە زەمانی مستەفا
کەماڵەوە هەیە و ناسیۆنالیزمی عەڕەبی لە
عێڕاقێ، بە تەنێ شۆڕش دەتوانێ، بە پێی پێواژۆی کلاسیکی دیالێکتێکی عیللەت و
مەعلوولی، ببێتە سەبەبی هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستی کوردەکان.
سەبەب هەر شتێک بێ، بۆ تاران، دۆزی نەتەوەیی کوردان ناتوانێ لە ئێرانێ هەبێ. حەسەن
ئەڕفەع کە وەک ژەنەڕالێکی ئێرانی لە زۆر ئۆپێڕاسیۆنان بە دژی کوردەکانی ئێران بەشداری
کردووە و هەر وەها لە سەر مەسەلەی کورد
کتێبێکی نووسیوە (٤) لەو کتێبەدا تێگەیشتنی ڕەسمی خۆی دەردەبڕێ و ئاوا دەنووسێ: "
ئێرانی کوردان وەکوو کورد قەبووڵ دەکەن، بەڵام کوردان سەر بە بنەماڵەیەکی ڕەگەزی
ئێرانین و ئەو بنەماڵە لقی ئەو ڕەگەزەی
کوردە. و دەبێ بە بەشێکی ئێرانێ، لە ڕاستیدا، ئێران ئیمپڕاتورییەکی فرە ڕەگەزی
ئاوایە کە لە سەر بنەمای مێژوو، عورف و عادەت و لە سەر گرێدراوی بە پادشاییەوە
داندراوە. هەر بۆیە بۆ ئێرانیان ، کێشە و دۆزێک بە ناوی کوردی بوونی نییە".
لە لای خۆیەوە، ژەنەڕاڵ
تەیموور بەختیار کە کۆنە سەرۆکی پۆلیسی سیاسی ئێرانێ (ساواک)یە لە ڕۆژی ٢٦-ی ژووییەی ١٩٥٨ ئاوای بە ڕۆژنامەی
نیۆیۆرک تایمز گوتبوو: " لە دەرەوەی ئێرانێ، لە هەر جێگایەک دەبن با ببن،
کورد لە هەموو جێیەک وەک ئێرانی دەناسرێن و زمانیشیان فارسی یە. ئێمە لەو باوەڕە
داین ئەو پێوەندییەی ئەوان بە خاکی خۆیان گرێ دەدا لە بیر ناکەن".
لەبەر دژایەتی
خۆیان لەگەڵ عێڕاق و وڵاتە عەڕەبییەکانی دیکە کە هەتا دەهات توندتر دەبوو ( بە
ڕەسمی ناسینی ئیسراییل لە لایەن تارانەوە، بەشداری ئێران لە پەیمانی سێنتۆ،
خۆ بە خاوەن زانینی دوڕگەی بەحڕەین و دوڕگەکانی عەڕەبستانێ؛ ڕقەبەرایەتی سنووری
لەسەر (شەتولعەڕەب)، ئێران ئیدی شۆڕشی کوردان لە عێڕاقێ وەکوو مەترسییەک نەدەدی و
لە ساڵی ١٩٦٤ بەم لایەوە، ئیدی بەشداری لە چالاکی دژی ئەو شۆڕشە نە دەکرد، و لە
پێناو پڕۆپاگاندەی پان ئیرانیستی دژی عەڕەبی، پشتیوانی لە شۆڕشیش دەکرد، بۆیە
بەڕێوەبەرایەتی بارزانی لە بەر هۆی تاکتیکی ئاشکرا نەیدەویست بەر لە وە دەست خستنی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێڕاقێ باسی دۆزی کوردی لە ئێرانێ بکا.
لەبەر ئەو
هۆیانە. ڕاپەڕینی کوردی لە عێڕاقێ ماوەیەکی درێژ لەو " بێلایەنی دۆستانە
"یەی ئێران کەلکی وەرگرت. بە پێی ئەو بێلایەنییە، سنووری عێڕاق – ئێرانی لە
سەر ڕا کرایەوە ( لە لای عێڕاقەوە سنوور دە دەست کوردان دا بوو) و
لە بەر ئەوە دەیان توانی برینداری شەڕ بگوێزنەوە و ئەو
چەکانە کە کوردی ئێرانێ دەیان نارد، یارمەتی لەشساغی دەگەیشتە کوردستانی عێڕاقێ و هەر وەها ڕۆژنامەنووس و کاربەدەستی کورد بەو ڕێیە دا دەهاتن و
دەچوون. بەڵام فڕاکسیۆنێکی حیزبی
دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێ جوێ بووەوە و لە مانگی نۆڤامبری ساڵی
١٩٦٤لە سەر سنووری عێڕاق – ئێران کۆنگرەیەکی پێک هێنا. ئەو باڵە شۆڕشگێڕە " ڕێفۆرمیزمی پارڵمانی"
حیزبی توودە مەحکووم کرد (پارتیی کۆمۆنیستی
ئێرانێ لایەنگری سۆڤییەت") چەند ساڵ دواتر کۆمیتەی
شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەستی بە شەڕی چەکداری کرد: " تەنیا ڕێگای ڕاست بۆ ئازادیی
نەتەوەیی شۆڕشی چەکدارانەیە بە دژی
کۆلۆنیالیزم و پێکوڕەکانی، و ئەو شۆڕشە
دەبێ لە سەر بنەمای ئیدێئۆلۆژی کۆمەڵایەتی نوێ
دابمەزرێ کە بتوانێ کۆتایی بێنێ بە هەژاری،بێ عەداڵەتی، و زوڵم و زۆرداری"
(ڕاگەیاندنی کۆنگرەی دووەم، سەرچاوە: ئێریک
ڕۆڵۆ، " داخویانی شۆڕش لە ئێرانێ"، لۆمۆند دیپڵۆماتیک، فێڤرییەی ١٩٦٦).
هێزێکی پێشمەرگەی ئەوتۆ واتە
کۆمیتەی شۆڕشگێڕ کە فڕاکسیۆنی
دژی بارزانی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق کە
لەگەڵ حکوومەتی بەغدا کاری دەکرد پشتیوانی لێ دەکا، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ – ١٩٦٧
لە کوردستانی ئێران دەستی بە چالاکییەکانی
خۆی کرد. ئەمڕۆ بە دەیان تێکۆشەری حیزبی دێۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە زیندانان دان
و گەلێک لە ڕێبەرانی ناسراوی ئەوانیش کووژراون ، وەکوو مەلا ئاوارە، سماییل
شەریفزادە، و سولەیمان موعینی.
بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە کوردستانی گەورە دا، لە کوردستانی تورکیا، لە
سەروبەندی مستەفا کەماڵ وە، زوڵمێکی کولتووری و زمانی بە شێوەیەکی گەلێک توند و
تیژ و بێ بەزەییانە لە کوردان دەکرێ: قەدەغە کردنی هەموو جۆرە وەشان و چاپەمەنییەک بە زمانی کوردی ( ئەلفوبێی کوردی
بە قاچاغی بڵاو دەکرێتەوە)، نکووڵی کردن لە هەبوونی نەتەوەیی کوردی،کە بە شێوەی
ڕەسمی بە وان دەڵێن
" تورکی شاخاوی ". قانوونێکی ڕەسمی
( ژمارە ٦، ٧٦٣٥) کە ڕۆژی ١٤-ی مانگی فێڤرییەی ساڵی ١٩٦٧ لەڕۆژنامەی ڕەسمی کۆماری
تورکیا دا بڵاو بووەوە و ڕایگەیاندکە " بە هەر شێوەیەک لە شێوان ( بڵاو
کراوە، دیسک و قەید)، هەموو ئامرازێک کە بە زمانی کوردین و لە وڵاتی دەرەوە ڕا بهێندرێن و لە تورکیا بڵاو ببنەوە قەدەغەن". داخویانی سەیری ژەنەراڵ گورسەل هێشتا هەموو کەس لە بیری ماوە: " ئەگەر
ئەو تورکە شاخاوییانە ( یانی کوردان ) ئەوانەی کە لە جێی خۆیان بە ئاسوودەیی
دانەنیشن، ئەڕتەش گوند و شارەکانیان وەبەر بۆمبان دەدا، و گۆلێکی خوێنی وەها ساز بێ کە خۆیان و وڵاتەکەیان دە ناوی دا
بخنکێن" ( سەرچاوە:
ڕۆژنامەی داگنز نیهێتر، ستۆکهۆڵم،
ئۆپتۆبری ١٩٦٠)
کە وابوو، بە ڕەسمی ناسینی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێڕاق لە لایەن بەغداوە دەستەلاتداریی تاران و ئانکارا دەترسێنێ، ترسی
وان ئەوەیە ئەو پێشوەچوونە تەئسیر بکا لە
وشیاریی کوردەکانی وڵاتانی ئەوانیش و
کوردستانی عێڕاق وەکوو ساڵی
١٩٥٩، کە " سەردەمی چەپ " بوو دە شۆڕشی عێڕاقدا،
ببێ بە بنکەیەکی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد لە تورکیا و ئێرانێ، و بەو شێوەیە، ببێتە
شوێنێ شادی و کەیفخۆشی هەموو کوردانی ڕۆژهەڵاتی
نزیک. ڕۆژنامەکانی تورکیا ڕایانگەیاند کە سەردانی وەزیری کاروباری ناوخۆی عێڕاق لە
ئانکارا، ساڵح مێهدی عەماش، کە بەر لە ئاگر بەس لە کوردستانی عێڕاق
پێک هات، بە ئامانجێکی نهێنی بووە کە
پشتیوانی عەسکەری لە ئانکارا وەربگرێ ئەگەر هاتوو موزاکەرە و دانوستاندن
سەری نەگرت ڕیشەی بزووتنەوەی کورد لە عێڕاقێ نەهێڵن و پاکی بکەنەوە. دەبێ مرۆڤ
وەبیر بێنێتەوە کە مادەی ٢٣-ی ڕێبازی
پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق دەڵی: " ئێمە ، لە بەشەکانی دیکەی
کوردستان، لە پێناو ئازادی و وەدەستهێنانی
مافی نەتەوەیی خۆمان پشتیوانی
دەکەین لە دۆزی ڕەوای میللەتی کورد"،
وا دیارە کە
بزووتنەوەی کورد دە بەرنامەی خۆی دا هەموو وەزعی هەیی خاکی و کۆمەڵایەتیی لە
ڕۆژهەڵاتی نزیک دا لەبەر چاو دەگرێ بۆیەش دۆزی کورد دەوڵەتەکانی
عێڕاق، ئێران و تورک بەرەو قەیرانێکی سیستمی و فێدرالیزمێ
دەبا. ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ هێزە دژبەرەکانی هەر سێ وڵاتان هاوکاری دەکا و بە دژی سنوورە دەسکردەکان کە بوونەتەهۆی
پارچەپارچەکردنی کوردستان و ئەوە ئاکامی سیاسەتی ڕۆژئاواییەکانە. هەر وەکوو
بزووتنەوەی نیشتمانیی عەڕەب کە لە دژی
بە باڵکان کردنی ڕۆژهەڵاتی عەڕەبە.
بزووتنەوەی کورد هەر وەها ئامانجی کۆمەڵایەتی دژواریشی لە
بەر دەم خۆی ڕۆناوە، بە تایبەتی سەبارەت بە زەوی و زار، کە هەتا ئێستا ئاکامی
باشیان نەبووە و دەکرێ لە کاتی دامەزراندنی دەسگا ئۆتۆنۆمەکان لە کوردستانی
عێڕاقێ، ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بخاتە ڕوو.
سەرچاوە: وەرگێڕی کوردیی کورمانجی
ژان – پییێر ڤینۆ ، خاوەنی تێزێکی دوکتورایە
کە لە زانکۆی سۆربۆن سەبارەت بە دۆزی کورد ئامادەی کردووە و ڕۆژی ٩-ی
دیسامبری ١٩٦٩ بە فەرمی پارێزگاری لێ کرد.
١- لە سیستمی ئیداری عێڕاقێ دا لیوا، قەزا
و ناحیە هەیە ، کە ئەوەی هەرە گەورەیان لیوا یە.
٢-نۆتی وەرگێڕی کورمانجی: لیوا و قەزا لە
دەقی ماکی نووسراوەکە دا بە پێی تەلەفوزی وان بە زمانی عەڕەبی
نووسراون. بە مانای " هەرێم" و
" شار" ن. لە ناو کوردە باشوورییەکاندا
وشەی " لیوا" بە "
پارێزگا" وەرگێڕدراوە. لە سیستمی ئیداری عێڕاق دا ناوی هەرێم بە پێی ناوی شاری سەرەکی دەردەبردرێ
وەکوو پارێزگای هەولێر، پارێزگای کەرکوو و هتاد.
٣-The Kurdish Republic of 1946,
Oxford University , Londres, 1963
زمانی کوردی وەکوو فارسی، ئۆسێتی،بەلووچی، تاجیکی و پەشتوویی کە زمانی ڕەسمی
ئەفغانستانە لە هەریمی پەشتوونستان ( لە
پاکستانە) یش قسەی پێدەکرێ دەکەونە ناو دەستەی
زمانی " زمانە ئێرانییەکان" ، بەڵام
وەکوو زمانناسان دەڵێن، هەرچەند هەڵوێستی
فەرمی ئێرانێ دەیەوێ ئەو وەک لەهجە بناسێنێ مرڤ، ناکرێ ئەو وەکوو
زاراوەیەکی فارسی قەبووڵ بکا.
٤-The Kurds – an historical and
political study , Oxford University Press, Londers, 1966
تێبینی: جێی خۆیەتی سپاسی خۆم پێشکێشی بەڕێزان، دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ،
دوکتور عەدنان چەلیک، کاک وریا قەرەداغی وکاک مەمۆ یەتکین بکەم کە بێ یارمەتی ئەوان
ئەم بابەتە ئامادە نەدەکرا (ح.ق)
No comments:
Post a Comment