وتوێژ لەگەڵ دوکتور جەبار قادر مێژووناس، نووسەر و لێکۆلەرەوە سەبارەت بە ساختەکارییەکی مێژوویی لە نموونەی کتێبی " کوردلەر" دا، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، بەرنامەی ڕاوێژ پێنجشەمە ١-ی ئاوریلی ٢٠٢١
وتوێژ لەگەڵ
دوکتور جەبار قادر مێژووناس، نووسەر و لێکۆلەرەوە سەبارەت بە ساختەکارییەکی
مێژوویی لە نموونەی کتێبی " کوردلەر" دا، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، بەرنامەی
ڕاوێژ پێنجشەمە ١-ی ئاوریلی ٢٠٢١
حەسەن قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ، لە ڕاوێژی ئەمجارەمان
دا بە ڕێگای سکایپ میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور جەبار قادر مێژوو زان و هەر
وەها نووسەر و لێکۆلەوەو. بەڕێزیان دیارە پێشتریش لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشدارییان کردووەئەمشەو باسی کتێبێک
دەکەین کە بەڕێز جەبار قادر نووسیویەتی بۆ ناساندنی ساختەکارییەکی گەورە کە نزیک
سەد ساڵ لەمەو پێش کراوە و بە داخەوە ئەو شێوە کارە هەتا ئێستاش بەردەوامە. دیارە
لە سەر ئەو کتێبە نووسراوە بەڵام ئێمە لەم بەرنامەیە دا دەمانەوێ بە وردە ڕیشاڵ و
تەفەروعات سەبارەت بەو کتێبە قسە بکەین. بەڕێز جەبار قادر زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ ڕاوێژ!
دوکتور جەبار قادر:
ئێوارەتان باش. زۆر زۆر سپاس مامۆستا حەسەن.
قازی:
داوای لێ بوردن دەکەم کە ئێمە لە ڕێکلامی بەرنامەکەدا هەڵەیەکمان کرد بوو، دیارە
بەڕێزت ئەو کتێبەت لێکاڵا کردووە و لێکت داوەتەوە و دووەمیش پێش ئەوەی بچینە سەر
بابەتی کتێبەکە دەزانین لە ١٦-ی مانگی مارس پرۆفێسۆر کەماڵ مەزهەر ئەحمەد کە دیارە
مێژوونووسێکی ناسراو بوو لە کوردستان و بەڕاستیش کارەکانی بۆ ڕوون کردنەوەی مێژوو
یارمەتیدەر بوون بە تایبەتی یەکێک لە کتێبە بەنێوبانگەکانی " کوردستان لە ساڵەکانی
شەڕی یەکەمی جیهانیدا " تەنانەت وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیسیش. وەک
بزانم بەڕێزت لە نزیکەوە کارت لەگەڵ کردووە و ناسیوتە پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە
هێندێک لە سەر ئەو خەسارە بدوێی فەرموو!
جەبار قادر:
زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە، سڵاو بۆ بینەرانی بەڕێزتان. بەداخەوە پرۆفێسۆر کەماڵ
مەزهەر ئەحمەد لە ١٦-ی مارس کۆچی دوایی
کرد لە دوای چەند ساڵێک لە نەخۆشی و لە زەحمەتی و لە ناڕەحەتی لە شاری
بۆن و تەرمەکەی برایەوە بۆ کوردستان. دوکتور کەماڵ مەزهەر ناوێکی زۆر دیارە
بە تایبەتی لە بواری مێژوونووسی دا و من
دەتوانم بڵێم ئەگەر باس لە مێژوونووسانی کورد بکەین دەتوانین باس لە سێ سەردەمی سەرەکی بکەین یەکەمینیان
سەردەمی شەڕەفخانی بەدلیسی یە، دووەمینیان سەردەمی محەمەدئەمین زەکی یە و سێیەمیان
بە دوکتور کەماڵ مەزهەر دەست پێ دەکا. من لە ساڵی ١٩٧٠وە دوکتور کەماڵ مەزهەرم
ناسیوە. ئەو کاتە من قوتابی بووم لە زانکۆی بەغدا. ئەو لە دوای رێکەوتننامەی ١١-ئازار
کە گەڕایەوە بەغدا یەکەمین وەجبە کە دەرسی پێ وتین ئێمە بووین. بۆ ئێمە وانەکانی
ئەو زۆر نوێ بوو، زانیارییەکان تایبەتی بوون کۆمەڵێک دەستەواژەی بەکار دەهێنا هەتا
وەکوو ئەو کاتە ئێمە پێی ئاشنا نەببووین. دوکتور کەماڵ مەزهەر قەڵەمێکی زۆر چالاک
بوو لە حەفتاکان و هەشتانکاندا بە تایبەتی نزیکەی ٣٠ کتێبی نووسیوە تەنها لاپەڕەی
کتێبەکانی کە من لەم ڕۆژانەدا دەم ژمارد
نزیکەی دە هەزار لاپەڕەیە و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بڵاوی کردووەتەوە پێم وایە
ئەوەیش نزیکی دەهەزار لاپەڕە بێ و بە زمانی ڕووسی نزیکەی هەزار و پێنجسەد لاپەڕەی
نووسیوە. تەنها تێزی دوکتورا ناوکەکەی ٧٣٥ لاپەڕەیە. و کتێبێکی لە باکۆ بڵاو
کردبووەوە. دوکتور کەماڵ مەزهەر مێژووی لە لای خوێنەری کورد خۆشەویست کرد وە ئەو
کتێبەی کە لە تایتلێ پڕۆگرامەکەی ئێوەدا پێشان درا " مێژوو " دەسپێکێکی
زۆر گرینگ بوو بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە ساڵی ١٩٨٣ بڵاوی کردەوە و پێم وایە ئەوەندی
کەبیرم بێ نزیکەی دەهەزار دانەی لێ چاپ کراوەلە ماوەیەکی زۆر کورت دا لە بازاڕ
نەما. خەڵک زۆر بە پەرۆشەوە دەیان کڕی. بۆیە دوکتور کەمال مەزهەر وەک وتم پێگەیەکی
زۆر گرینگی هەیە، بە سەدان خوێندکاری ماستر و بە دەیان خوێندکاری دوکتورای پێ
گەیاندووە، ڕەنگە بە هەزاران قوتابی زانکۆی دەرچواند بێ، بۆیە ناوێکی زۆر گەورەیە
و بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەرهەمەکانی زۆر گرینگن و ئێمە کۆمەڵێک لە دۆستان و لە
قوتابیانی دڵسۆزی لێژنەیەکمان دروست کردووە بۆ ئەوەی هەموو بەرهەمەکانی کۆ
بکەینەوە و سەر لەنوێ سەرجەم بەرهەمەکانی لە چاپ بدەینەوە و بڵاویان بکەینەوە.
قازی:
مامۆستا جەبار وابزانم یەک دوویەک لە کارەکانی کراوەتە زمانی ئینگلیسیش، لەو
پێوەندییەش دا دەزانین کە ڕەخنەگرتن و ڕوانگەی ڕەخنەیی هەرچۆنێک بێ لە ئاستی
ئەکادێمێکی کوردی دا لە ڕاستیدا بەو شێوە کە دەبێ ڕۆ نەنیشتووە بەڵام ئەمن لە بیرمە
ساڵانێکی زۆر لەوە پێشتر ڕەخنەگرێک باسی ئەوەی کرد بوو کە ئەو لە نووسینەکانی دا
بەشێوەی زۆر ڕادیکال ناچیتە سەر مەسەلەکان. جەنابت لەو بارەیەوە لێک دانەوەت چۆنە؟
جەبار قادر:
بەڵێ ئەو کتێبەی کە جەنابت باسی دەکەی: "کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی
جیهانیدا" لە دەسپێکدا لە ساڵی ١٩٧٥ کە ساڵێکی زۆر سەخت بوو بۆ کورد لە باشووری
کوردستان لە دوای رێکەوتننامەی جەزاییر لە نێوان سەدام و شای ئێراندا لەو کاتە دا
دوکتور کەماڵ مەزهەر بڵاوی کردەوە دوایی مامۆستا محەمەدی مەلا عەبدولکەریم وەری
گێڕا بۆ زمانی عەڕەبی و دواییش کرا بە ئینگلیزی. ئەوەی گرینگە ئەمن لێرە دا
ئاماژەی پێ بکەم ئەو کتێبەی لە ساڵی ١٩٦٧
لە باکۆ بڵاو کردبووەوە دەربارەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی عێڕاق لە ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩٣٢ دواتر دوکتورا
ناوکێکەشی هەر بەو ناونیشانە بوو بەڵام بۆ ساڵانی ١٩٣٢ بۆ ١٩٥٨لە گۆڤارێکی
بریتانیایی دا لەبارەیەوە نووسرا بوو و باس لەوە کرابوو کەماڵ مەزهەر لە ژێر وشەی کوردستان دا چی تێ دەگا؟ وە دوکتور
کەماڵ مەزهەر لەو کاتە دا کە ساڵی١٩٦٣یە باسی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور و
ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و من شەخسی لە خۆیم بیستووە کە ئەو بە تەما بوو ناوی
بنێ لە باشووری کوردستان بەڵام ئەو کاتە کە لە باکۆ دەیخوێند و مەڕحوومی باوکی
جەنابت [ مەبەست ڕەحیم قازی یە] سوپرڤایزەرەکەی
بوو واتە سەرپەرشتیاری تێزی دوکتورایەکەی بوو قەبووڵ نەکرابوو بڵێ باشووری
کوردستان گوتبوویان ئێمە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کە هەن کوردستانەکان پێناسە
دەکەین واتە کوردستانی عێڕاق و کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیا و کوردستانی
سووریا و ئا بەو شێوەیە. بەڵێ ئەو پیاوێکی
زانستی بوو وەکوو وتم بە ڕاستی بۆ یەکەمین جار بە مێتۆدی زانستی، ئەوەی پێی دەڵێن
ڕێبازی لێکۆڵینەوە لە بواری زانستی مێژوو دا لە لای کورد، هیچ نەبێ لە باشووری
کوردستان ئەوەندەی من ئاگادارم ئەو یەکەم کەس بوو کە بەم شێوەیە، بەو مێتۆدی
زانستییە لە مێژوو بکۆڵێتەوە وخوێنەران بەو مێتۆدە ڕێنوێنی بکا. هەڵبەت خەڵک
دەتوانێ بیر و بۆچوونی جیاوازی هەبێ، بە تایبەتی ئەو کتێبەکانی لە کاتێکدا
نووسیبوو، نیوەی مرۆڤایەتی سەر بە سۆشیالیزم و مارکسیزم و لێنینیزم بوون لەبەر ئەوە هەڵبەت کاریگەری ئەو ڕەوتە
فکرییە لە سەر لێکۆڵینەوەکانی ئەویش بە دیارە بەڵام لە دواییدا دوای بە تایبەتی
گڵاسنۆست و پڕۆسترۆیسکا دوکتور کەماڵیش بە بۆچوونەکانی خۆیدا لەو بارەیەوە پێیدا
چووەوە لە هەندێ شت دا و ئەو سفەتە زانستییەی تێدا بوو کە پیاوێکی زۆر خاکەڕایی
بوو و زۆر متواضع بوو کە بە عەڕەبی دەڵێن و ئەو سیفەتەی تێدا بوو ئەگەر بۆی دەر کەوتایە لە بوارێکدا
شتێکی بە هەڵە لێک داوەتەوە جورئەتی ئەوەی تێدا هەبوو ددان بەوە دا بنێ و بڵاوی
بکاتەوە و بڵێ من لەوە دا هەڵەم کردووە و ئێستا ڕاستی دەکەمەوە.
قازی:
زۆر زۆر سپاست دەکەم مامۆستا بۆ ئەو بەشە ئێستا ئەگەر ئیزنت لەسەر بێ بێینە سەر
بابەتی سەرەکی بەرنامەکەمان. ئەویش سەبارەت بە کتێبی " کوردلەر " ە کە
ئەوە دیارە لە ئاتمۆسفێڕکدا، لە دواییەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا کە ڕێکخراوی ئیتیحاد و تەڕەقی دروست دەبێ و
فکری ناسیۆنالیستی دێتە گۆڕێ و دیارە لە زەمانی سوڵتان عەبدولحەمیدیش دا ئەو
حەڕەکەتی تەنزیمات و ئەوە دەست پێ دەکا وا بزانم لە حاڵ و هەوایەکی ئاوا دا ئەو
کتێبە نووسراوە چونکوو ئیتیحاد و تەڕەقی بۆچوونێکی وایان هەبووە کە ئەو ناوچەی
ئانادۆڵی بە تەواوی لە خەڵکی دیکە، لە ئێتنیسیتەی دیکە لە مەسیحیان، دیارە ئەرمەنی
و کورد و ئەوانە پاک بکەنەوە و بەتەواوی بیکەنە تورکی جا پێم وایە ئەو کتێبە لە
ژێر تەسەوری فکرێکی ئاوا دا نووسراوە. ئەگەر بکرێ هێندێک لەو بارەیەوە سەبارەت بە
مەسەلەی کۆلۆنیالیزم لەو سەروبەندی دا و هەر وەها جەمعییەتی ئیتیحاد و تەرقی
هێندێکشی بکەیەوە لە پێشدا دوایە دەگەینە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە و ئەو ساختەکارییەی
کە بە ناوی کابرایەکی ئەڵمانی کراوە.
جەبار قادر:
جەنابت دەزانی مەسەلەی شێواندنی مێژووی کورد بە ڕاستی بابەتێکی زۆر فرەوانە و
خەڵکی زۆر جیاواز لەمە دا بەشدارییان کردووە بەتایبەتی ئەوانەی نزیکی کاربەدەستانی گەلانی سەردەستە، ئەوانە
زۆریان ئەفسەر بوونە یا ئەفسەری ئاسایش بوونە لەدواییدا دوای ئەوەی کوردیان سەرکوت
کردووە ئەمجار دانیشتوون لە سەر مێژوو و لە سەر کولتووری کوردی شتیان بڵاو
کردووەتەوە. ئەوانەی نوێنەرایەتی کۆلۆنیالیزمی بەتایبەتی بریتانیایی و فەڕانسەییان
دەکرد بە هەمان شێوە لە دیدێکی سێنتریزمی ئوڕووپاییەوە هەڵسەنگاندیان بۆ بارو دۆخی
کۆمەڵایەتی و مێژوویی کورد کردووە و تەنانەت کوردناسان با بڵێین ڕۆژهەڵاتناسانی
ئایدیۆلۆجی بە تایبەتی لە وڵاتە سۆشیالیستەکان ئەوانیش بە شێوەیەکی تر لە
چوارچێوەی دیدێکی ئایدیۆلۆجی دا ڕووداوەکانی مێژووی کوردیان لێک دەدایەوە و جگە
لەهەموو ئەمانە لایەنێکی تریش هەیە کۆمەڵێک کوردیش دەوە دا بەشدارییان کردووە
هێندێکیان بە بێ ئاگایی و هێندێکیان بۆ
بەرپەرچدانەوەی نەیارانی کورد ئەمانیش بەشداری دەکەن لە شێواندنی مێژووی کورد دا
قەبە کردنی هەندێ شت، گەورەکردنەوەی هەندێ ڕووداو، هەندێ سەرکردایەتی، هەندێ
لێکدانەوەی کە لەگەڵ لۆژیکی ڕەوتی مێژووییدا ناخوێنێتەوە جا ئەم بابەتی شێواندنی
مێژووە بابەتێکی زۆر فرەوانە.
ئەوەی کە جەنابت باسی دەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتی " ئیتیحاد و تەرەقی" دا
بە تایبەتی دوای ئەوەی سێ کوچکەکەی تەلعەت و جەمال و ئەنوەر دەسەڵات دەگرنە دەست
ئیتر ڕەوتێک لە ناو ئیتیحاد و تەڕقی، جەنابت دەزانی وە زۆر لە بینەرانیش ڕەنگە
بزانن لە سەرەتا دا کە ئیتیحاد و تەرەقی دروست کرا ناوی " ئیتحادی عوسمانی
جەمعییەتی" بوو. واتە کە عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سکووتی و ئەوانە ئیتر لە
ساڵی ١٨٨٩ دا کە دروستیان کرد ئەوان بەو
واتایە دروستیان کرد کە هەموو گەلانی ئیمپراتورییەتی عوسمانی لە چوارچێوەی
دەوڵەتێکی فێدێراڵی دا بن، بەڵام دوای ئەوەی کە تورکەکان باڵا دەست بوون لە ناو
ڕێکخراوەکە دا و بەرەو تورکچێتی بردیان ئیدی لێکدانەوەیەکی وا لە ناو دەستەبژێری
تورکچییە ئیتیحادییەکاندا پەیدا بوو کە
سەردەمی ئیمپراتۆرییەکان بە سەر چووە و ئەوە ئیمپڕاتۆری نەمسا- مەجار لە ناو
دەردەچێ، ئیمپراتۆری ڕووسیای تزاری لە ناو دەچێ کە واتە ئیمپراتۆرێتی عوسمانیش
بەرەو لە ناوچوون دەچێ چونکە باڵکانی لە دەست داوە، عەڕەب لەگەڵ ئینگلیزدا ڕێک
کەوتن لە دژی دەوڵەتی عوسمانی بۆیە بیرکردنەوەیەکی وا هەبوو کە دەبێ تورکەکان
بگەڕێنەوە ئانادۆڵ و لە نێو ئانادۆڵ دا دەوڵەتێکی تورکی تاک زمان و تاک کولتوور و
تاک نەتەوە بۆ خۆیان دروست بکەن. لێرەدا ئەو کاتە ڕەنگ بێ تەنها بەربەست لە
پێشیانا کە ما بێ کورد بوون چونکوو ئەرمەنەکان قڕ کران و یۆنانییەکانیش لە ڕێگای
ئەوەی پێی دەڵێن " بەیکلوو" یانی گۆڕێنەوەی دانیشتووان لەگەڵ
باڵقان دا ئەوانیش وڵات بەدەر کران کە وا
دوو ڕەگەزی سەرەکی مانەوە ئەوانیش کورد و عەڵەوییەکان بوون. ئەوکاتە تورکەکان
پێیان وا بوو کە بە ئاسانی دەتوانن ئەمانە
لە نێو تورک دا بتوێننەوە و ئەو کاتە کێشەیەک لە ئارادا نابێ.
جا ئەو کتێبەی کە ئێمە باسی دەکەین بە ڕاستی لەو دیدەوە هاتووە، تەنانەت ئەم
نووسەرە بۆ خۆی کتێبێکی نووسیوە سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا لە ئانادۆڵ دا
دەمێنێتەوە یا نامێنێتەوە؟ ئەو کتێبەشی هەڵبەتە لە ژێر ناوی پڕۆفێسۆرێک بە ناوی
" جۆن مولس" نووسیوە و دەڵێ گۆیا ئەمە کۆنفڕانسێک بووە لە لەندەن لەوێدا
ئەمە باس کراوە. وە پڕۆفێسۆرەکە گۆیا ئەڵمان بووە تەنانەت ئەمە بۆ
بینەران ڕەنگە سەرنجڕاکێش بێ مرۆ بیگێڕێتەوە. خەریک بووە ئەم
کتێبە کێشەیەکی دیپڵۆماسی لە نێوان ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانیدا
دروست بکا. باڵوێزی ئەڵمانیا دێتە لای تەلعەت
باشا ئەڵێ من کەسێکم، پرۆفێسۆرێکم لە ئەڵمانیا بەم ناوە
نەدۆزیوەتەوە و کتێبێکیش بەم ناوە دەرنەچووە
و دیدی ئەڵمانیاش وەکوو هاوپەیمانێکی دەوڵەتی
عوسمانی بەم شێوەیە نییە لە بەر ئەوە هیوادارم دانەر یا وەرگێر – چونکە ئەو لەوێ
ناوی خۆی نابوو وەرگێڕ -
دەبێ ئەمە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێ. تەبعەن تەلعەت پاشا بانگی دەکا چونکە
پیاوی خۆیەتی وپێی دەڵێ خۆت ون کە بۆ ماوەیەک بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە دروست نەبێ.
قازی: مامۆستا لە سەر کاراکتێر و کەسایەتی ئەو شەخسە دیارە
لە بەشی دواتر دا هێندێک درێژتر قسەی لە سەر بکەین، ئێستا بێینە سەر ناوەرۆکی
کتێبەکە. کتێبەکە جاری یەکەم کەنگێ چاپ بووە و ناوەرۆکەکەی چییە و بە چ
ڕێگایەکدا ویستراوە نکووڵی لە بوون و کەسایەتی کورد بکرێ لەو ناوچەیە دا؟
جەبار قادر: بەڵێ کتێبەکە ناوی: " کوردلەر، تاریخی و
ئیجتیماعی تەحقیقات " واتە ( کوردەکان: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی
" لە سەری نووسراوە دوکتور فریچ و
نووسراوە کە ئاکادێمیای ڕۆژهەڵاتناسی بێرلین بڵاوی کردووەتەوە. وە بەڕێوەبەرایەتی گشتی عەشاییر و موهاجیرین وەری
گێڕاوەتە سەر زمانی تورکی. ناوی هیچ وەرگێڕێکی بە سەرەوە نییە، ساڵی ١٣٣٤-ی ڕۆمی
لە ئەستەنبووڵ چاپ کراوە واتە ١٩١٨ لە چاپخانەی
" ئۆرخانییە" وکتێبخانەی سودی یا سعوودی بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە ٣٨٤
لاپەڕەیە و هەڵبەتە بە تورکیی عوسمانی نووسراوە. حەڤدە لاپەڕەی یەکەمی دید و
بۆچوونەکانی نووسەری کتێبەکە دەخاتە ڕوو ئەوی تری هەمووی بە شێوەیەک لە شێوەکان
وەرگێڕانی تورکی زانیارییەکانی شەرەفنامەی شەڕەفخانی بەتلیسی یە. پێش ئەوەی باسی
حەڤدە لاپەڕەکە بکەم کە دید و بۆچوونەکانی ئەم نووسەرە دەخاتە ڕوو ئەوەیە کە لە
زانیارییەکانی شەڕەفخانی بەتلیسی دا هەر وەکوو شەڕەفخان بەشێکی زۆری بۆ بنەماڵەی
بەتلیسی میرانی بەتلیسی تەرخان کردووە و بە هەمان شێوە باسەکانی باسی میرنشینەکان،
باسی هۆزەکان، باسی خێڵەکان، تەنها هەندێ جیاوازی هەیە ئەویش ئەوەیە بۆ نموونە
ناوی عەشێرەتەکانی بە لاتینیش نووسیوە. هەڵبەتە شەڕەفخانی بەتلیسی شتی وای
نەکردووە وە لە هەندێ جێگە دا زانیاری تازەتر بە تایبەتی لە سر جان ماڵکۆڵم لە "مێژووی
ئێران"، لەوێ زانیاری وەرگرتووە و هەمیشە ئاماژە بە سەرچاوەی ڕۆژئاوایی دەکا
چونکە ویستوویەتی وا بە خەڵکی بداتە قەبووڵ کردن کە ئەمە لە ڕاستیدا
ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی ئەم کتێبەی نووسیوە و لە
ئەڵمانییەوە کراوە بە تورکی. هەڵبەتە نە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی بە ناوی
فریچ هەبووە و منیش و خەڵکی تریش پێش من زۆر بۆی گەڕاون و هەتا توانیویانە سێرچیان
کردووە، بیبلیۆگڕافیا جیاوازەکانیان سەیر کردووە، سەیری دەزگاکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانیایان کردووە هیچ
ڕۆژهەڵاتناسێک بەم ناوە نەبووە و هیچ کتێبێکیش بەم ناونیشانە لە ئەڵمانیا بڵاو
نەکراوەتەوە. کە واتە کتێبەکە وەرگێڕان نییە بەڵکوو لە ئەساسدا بە تورکیی عوسمانی
بڵاو کراوەتەوە.
ئەوەی کە نووسەری ڕاستەقینەیەتی پیاوێکە بە ناوی " ناجی ئیسماعیل" کە
پیاوێکە بە ڕەچەڵەک ئارناوود واتە ئەڵبانی یە یە بەڵام پیاوی " ئیتیحاد و
تەرەقی " یە، تەنانەت لە دەزگای تەشکیلاتی مەخسووسە کە لە دواییدا دەبێ بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی
دەوڵەتی عوسمانی، سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەو لەوێدا لە هۆبەی وەرگێڕان کاری
کردووە چونکە ئەم پیاوە کۆمەڵێک زمانی زانیوە. بۆخۆی خەڵکی ئەلبانیا بووە، لە
هەنگاریا کشتوکاڵی خوێندووە دوایی چووەتە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی ئەندازیاری بخوێنێ
بەڵام لەوێ بە قسەی خۆی فەلسەفەی خوێندووە. تەنانەت هەندێ لە نووسەرەکان دەڵێن
دوکتورای لە فەلسەفە وەرگرتووە. هەندێ کەس دەڵێن گۆیا دوکتورای لە فەلسەفە
وەرگرتووە بەڵام کاتێک هاتووەتە ئەستەنبووڵ بە پیشەکەی خۆی کاری نەکردووە چونکە
دەروازەی باڵا
" بابی عالی" بە تایبەتی سوڵتان عەبدولحەمید و ئەوانە زۆر ڕقیان لە
فەلسەفە بووە و بە زانستێکیان زانیوە کە هەڕەشە لە دەسەڵاتی دێسپۆتیزمی سوڵتانەکان
دەکا. لەبەر ئەوە لە ڕۆژنامەوانیدا کاری کردووە. لە دەسپێکا وەکوو پەیامنێرێک لە
سەر شەقامەکان بووە، لە قەرەقۆڵەکان بووە، لە ئوتێلەکان بووە زانیاری کۆ
کردووەتەوە بردووتەتی بۆ ڕۆژنامەکان. بە
قسەی خۆی سەروتاری زۆر لە ڕۆژنامەکانی نووسیوە چونکە ئەو خۆی دەڵێ، لای نووسەرێکی
تورک خۆی هەڵکێشاوە بە ناوی " عابدین نەسیمی" کە دۆستی بووە و زۆر
زانیاری لێوە وەرگرتووە و لە کتێبێکی خۆیدا : "ییلارن ئیچیندە" ( لە نێو ساڵەکاندا) لە وێدا ئەو زانیارییانەی بڵاو کردووەتەوە.
قازی:
مامۆستا با لێرە پرسیارێک بێنینە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە فەرمووت ئەو کتێبە یەکەم جار
١٩١٨ بڵاو بووەتەوە و دوایە دەزانین کە ئیتیحادچییەکان موشکیلەیان بۆ پەیدا بوو لەگەڵ
ڕێژیمی تازە و زۆربەیان لە بەین چوون و
ئەوانەش کە مابوونەوە بەڵام ئەوە لە ساڵی ١٩١٨ تا ساڵی ١٩٢٣ واتە تا کانی پێک هاتنی
دەوڵەت نەتەوەی تازەی تورک هەرچۆنێک بێ ئەو کتێبە بە چ شێوەیەک کەلکی لێ
وەرگیراوە؟ دواتر دەگەینە سەردەمەکانی دواتر بەڵام لە سەرەتاوە لە ١٩١٨ کە ئەو
کتێبە بڵاو بووەتەوە بە چ مەبەستێک کەلکی لێ وەرگیراوە؟
جەبار قادر:
کتێبەکە ئەوەی سەرنج ڕادەکێشێ لە لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکە دا دەڵێ لێرە دا بەرگی
یەکەم تەواو دەبێ واتە بە تەما بووە بەرگی دووەم بنووسێ و دەڵێ دوای ئەوەی ئەم
زانیارییانەمان خستە ڕوو لە بەرگی دووەم
دا باسی گرینگی ئەم مێژووە ئەکەین کە لێرە دا باسمان کردووە.
باسی کتێبێکی تری دەکرێ گۆیا لە سەر نیشتەجێ کردنی عەشیرەتە کوردەکان بەڵام ئەوە
تاکوو ئێستا زانیاریمان لە بارەیەوە نییە،
بەس ئەو بۆی نەکراوە بەرگی دووەم بکا چونکە ساڵی ١٩١٨ ناچار ئەبێ ڕا بکا بۆ ئێران.
ئەو دادگایەی جەنگ کە مستەفا پاشای یاموڵکی سەرۆکایەتی دەکا و فەرمانی لە سێدارە
دانی مستەفا کەماڵ و هاوڕێکانی دەر ئەکا فەرمانی گرتنی بۆ ئەم کابرایەش دەرکردووە،
ئەم ناجی ئیسماعیل ە کە ئەو کاتە زیاتر بە " هابیل ئادەم" ناسراوە چونکە
زۆربەی نووسینەکانی بە ناوی هابیل ئادەمەوە بڵاو کردووەتەوە نەک بە ناوی خۆیەوە. جا
ڕا دەکا، ڕاکردنەکەشی بە ڕاستی چیرۆکێکی ئەوەیە دەڵێ ڕۆژنامەیەکی ئینگلیزی
دەردەچوو لە وێدا لە ئەستەنبووڵ، لەوێدا ڕاگەیاندنێکیان بڵاو کردووەتەوە کە
کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەیەوێ بچێ بۆ ئێران پێویستی بە وەرگێڕێکە. ئەم دەڕوا خۆی
وەک وەرگێڕ، هەرچەندە دەڵێ من فارسیم نەزانیوە، لەگەڵ یەکێکیش دا ئەمجار بە ناوی
ناجی ئیسماعیل تەبریزی دەچێ بۆ ئێران ماوەیەکیش لەوێ دەبێ هەتاوەکوو ساڵی ١٩٢٢
ناگەڕێتەوە بۆ تورکیا کە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا رێزێمی تازە نایگرێتە خۆی هەرچەند
کتێبێکیش دەنووسێ بە شان و باڵی مستەفا کەماڵدا هەڵدەدا و دەڵێ بۆ من کتێبەکانم بە ناوی، دوازدە
ناوی پرۆفێسۆری ئوڕووپایی بە کار هێناوە؛ فریچ ی بەکارهێناوە، فیلیچ ی بە کار
هێناوە بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە دەڵێ پرۆفێسۆر لیباە، لیباە هەر هابیل ە
ناوەکەی خۆیەتی بەڵام تیپەگانی وەرگەڕاندووە، سەراوژووری کردووە.
قازی:
مامۆستا لە بارەی ناوەرۆکی کتێبەکە پێم وابێ بەشێکیشی تەرخان کردووە بۆ مەسەلەی
زمان، ئەوەی کە کوردی زمان نییە، کوردی وشەی کەمە، لە باری ڕێزمانەوە گوتوویە
ڕێزمانی کوردی و فارسی هەر یەکە. دیارە ئێستا ئەو قسە و قسەڵۆکانە لە ڕووی
زانستییەوە هەمووی بنکۆڵ دەکرێ، بەڵام
دەڵێ چی لە کتێبەکە دا؟
جەبار قادر:
بۆ خۆی ئێمە دەبێ ڕاستییەک بڵێین ئەم کاتەی ئەم پیاوە ئەو کتێبەی نووسیوە
زانیارییەکان لە سەر کورد زۆر کەم بوونە و ئەو زانیارییانەی لە سەدەی ڕابردوو دا
لە بارەی کوردەوە بڵاو کراونەتەوە هەموو ئەو قسانەی کە ئەو کردوویەتی ئەو
چیرۆکانەی کە باسی کردووە دەربارەی کورد و ئەفسانە، دەربارەی ئایین لە لای کورد،
دەربارەی زمان، دەربارەی ڕۆڵی شەڕەفخانی بەتلیسی لە مێژووی کورد دا، دەربارەی وشەی
کورد هەموو ئەوانە کە ئەو باسی کردووە بە ڕاستی هیچ ئەرزشێکی زانستییان نەماوە
لەبەر ئەوە من خۆم بە وەرگێڕانی کتێبەکەوە
مەشغووڵ نەکرد چونکە زانیم کە هیچ زانستێکی تازەی تێدا نییە. بەڵام ئەوەی کە
پێوەندی بەو پرسەوە هەیە کە جەنابت دەیکەی ئەوەیە دەڵێ لە بڵاوکراوەیەکی ئەکادێمیای
ڕووسی، بێ ئەوەی ناوی کتێبەکە یا ناوی سەرچاوەکە بێنێ تەنانەت من سەیری
بیبلیۆگرافیای کوردناسیم کرد کە هەشت هەزار و ئەوەندە ناونیشانی تێدایە وە بە
دەگمەن کتێبێک هەیە بە فەڕانسەیی، بە ئینگلیسی، بە ئەڵمانی، بە ڕووسی بڵاو
کرابێتەوە، هی خانمێکە ناوی ژاکا موسائیلیان ە لە ساڵی ١٩٩٦ بڵاو کراوەتەوە هیچ
ئاماژەیەک نییە بە کتێبێکی بەو شێوەیە. تەنانەت سەیری ئەوانەی ژابام کرد، سەیری
بەرهەمەکانی هەموو ئەو کەسانەی کە پێوەندییان بە بابەتەکەوە هەیە شتێکی وا نییە،
ئەو دەڵێ بۆ ئەوەی ژمارەکەم تەواو لە بەر دەست دا بێ [ چاو لە کامپیوتر دەکا]
وابزانم لێرە دا تۆمارم کردووە، دەڵێ لەو کتێبە دا ئاماژەیان بە کۆمەڵێک زمان
کردووە و ٨٣٠٧ وشەیان لە بەینی زمانی
ڕووسی و ئەڵمانی و کوردی و ئەوانە بەراورد کردووە، جا ئەو خشتەیەکی داناوە
بۆ جەنابتم نارد لەوێدا دەڵێ تەنها ٣٠٠ وشەی ئەم ٨٣٠٧ وشەیە کوردین ئەوانی تری یا
فارسین، بەهلەوین، عەڕەبین، تورکین تەنانەت هەندێک وشەی عەڕەبی کە هاتوونەتە ناو
زمانی تورکی ئەڵێ ئەوانەش عەڕەبی نەماون چونکە واتای تریان گرتووە.
جا ئەوەی گرینگە لێرە دا ئاماژەی پێ بکرێ بە درێژایی سەدەی بیست کە دادگاکانی
تورکیا دادگایی ڕۆشنبیرانی کوردیان کردووە هەمیشە ئەمەیان وتووە، ئەوەتا
ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمان دوکتور فریچ ی ناوە
دەڵێ ئەم زمانەی ئێوە کە ئێوە ئیدیعا دەکەن زمانێکی سەربەخۆیە تەنها ٣٠٠ وشەیە، بە
٣٠٠ وشە چۆن زمانێک ئیدارە دەکا، تەنانەت لە دادگای DDKO کە شەهید مووسا
عەنتەریشی تێدا بووە داواکاری سەربازی دادگاکە ٣٠٠ کەشی پێ زۆر بووە سفرێکی لاداوە
کردوویە بە ٣٠، مووسا عەنتەر ئەڵی خوات هەبێ، ئەڵێ ئاخر ئەفەندم بەو شێوەیەش نا! نەنانەت جووجەڵەش ٣٠ دەنگ
زیاتری هەیە یانی تۆ بۆ قەباحەتێکی وا بە گەلی کورد دەکەی ئەمە مووسا عەنتەر لە
بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژەی بەم ڕووداوە کردووە. ویستم بەس ئەمە بڵێم ئەو
خشتەیەی کە دروستی کردووە کە وشەکان کۆ دەکەیەوە ئەو ڕەقەمە ناکا کە ئەو وتوویەتی
بەڵکوو لەوە زیاتر دەکا لەبەر ئەوە
لەوێشدا هەڵەی کردووە و قسەکەی دروست نەبووە.
قازی:
مامۆستا لە تورکیای تازە دا یانی لە دوای ساڵی ١٩٢٣ ئەو کتێبە بە خەتی لاتینیش چاپ
کراوەتەوە. چ ساڵێک ئەوە بە خەتی لاتینی چاپ کراوە؟
جەبار قادر:
ساڵی ٢٠١٤ چاپ کراوەتەوە یانی سەدەیەک دوای ئەوە. بەڵام ئەوەی گرینگە مامۆستا لێرە
دا باسی بکرێ ئەوەیە کە مۆری هەر دوو پارڵمانی تورکیا؛ مەجلیسی مەبعووسانی عوسمانی
و تورکییە بویوک میلەت مەجلیسی بە سەرەوەیە واتە لە کتێبخانەی پارڵمانی تورکیا چ
لە سەردەمی عوسمانی، چ لە سەردەمی تورکیا. من گومانم نییە هیچ نەبێ لە نیوەی
یەکەمی سەدەی ڕابردوودا کە هێشتا هەموو خەڵک دەیانزانی حەرفە عەڕەبییەکان
بخوێننەوە، تورکیی عوسمانی بخوێننەوە، کۆمەڵێک زۆر ڕەنگ بێ لە سیاسەتمەدارانی تورک
بەو ڕووحییەتە و بە وەی کە لەو کتێبەدا هاتووە کە کورد ئەفسانەی تایبەت بە خۆی
نییە لە بەر ئەوە ڕەچەڵەکی دیار نییە، کە کورد زمانەکەی تەنها ٣٠٠ وشەیە، بە سێسەد
وشەش زمان نابێ.
شتێکی تریش کە ئەو باسی دەکا بە حەرس ناوی دێنێ، حەرسیش لە بەرانبەریدا نووسیویە
کاڵچر یانی وشەی کولتوور، وابزانم لە کورمانجیش دا ئەو چاند و چاندنە هەر لەو
حەرسەوە هاتووە، بەرانبەر بەوە داندراوە، جا ئەو دەڵێ کورد کولتوورێکی زۆر تایبەت
بە خۆشی نییە، لەبارەی ئایینیشەوە ئەڵێ لە بەینی ئەو ئایینانە کێ سەرکەوتووە ئەوە
کاریگەری هەبووە وە هەر عەشیرەتێکی کورد ئایینەکەی بۆ خۆی بە شێوەیەک دروست کردووە
کە لەگەڵ کولتوورەکەی خۆیدا بگونجێ. بەڵام هەندێ شتیش دەکا مەسەلەن دەڵێ زۆربەی
گەلانی ڕۆژهەڵات ئەسڵی خۆیان دەبەنەوە سەر عەڕەب تەنها فارس نەبێ، ئەڵێ کوردەکانیش
بە تایبەتی ئەو مەلا و هینانەی لە ناویان، بەڵام ئەوە ڕاست نییە چونکە ئەسڵی ئەوان
بە بۆچوونی ئەو تورکە.
قازی:
زۆر باشە مامۆستا، فەرمووت کە ٢٠١٤ بە خەتی لاتینی بڵاو بووەتەوە باشە ئەوە هەر وا
بە شێوەی سەربەخۆ بڵاو بووەتەوە یان تەفسیریشی لە سەر کراوە. باسی ئەوە کراوە ئەوە
گزییە و هەڵبەستراوە؟
جەبار قادر:
تەنها پاش وتەیەکی لە سەر نووسراوە کە ئیسماعیل بەشیکچی نووسیویەتی هەڵبەتە دەڵێ
ئەمە شتێکی دروست کراوە و نووسەرەکەی نە فریچ ە و نە بە ئەڵمانی نووسراوە بەڵکوو
کابرایەکە ناوی ناجی ئیسماعیل ە لە دوای ئەوەی ساڵی ١٩٣٤ قانوونی پاشناو دێتە
ناوەوە ناوی پێلیستر بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ ناجی ئیسماعیل پێلیستر. پێلیستریش ناوێکە
لە وڵاتانی باڵکانە تەنانەت ئێستا پارتییەکی زۆر گەورە لە مۆنتۆنیگرۆ هەیە بە ناوی
پێلیستر. بەڵام ئەو لە هەموو کتێبەکانی کە وەکوو وەرگێڕ ناوی خۆی نووسیوە،
نووسیویەتی هابیل ئادەم ناجی ئیسماعیلی بەکار نەهێناوە. هەڵبەتە کردنەوەی ئەم گرێ
کوێرانە و ئەم کۆدانە مامۆستا حەسەن بە
ڕاستی یەک سەدەی ویستووە یەعنی بۆ ئەوەی بزانن جارێ لە ئەوەلەوە ئەم کابرایە کێیە.
تا ١٩٩٠ کانیش باسی ئەم کتێبەی " کوردلەر" هەر لە ناویشدا نییە، باسی
کتێبی تر دەکەن، باسی لیستی کتێبەکانی. دوو توێژەری تورک لە گۆڤاری "
توپلومساڵ تاریهه" مێژووی کۆمەڵایەتی لیستیان دروست کردووە باسی ٥١ کتێب
دەکەن کە هەندێکی بۆ خۆیان بینیویانە و
هەندێکیان نەبینیوە و هەندێکی دەڵێن نازانین چاپ کراوە یا چاپ نەکراوە و هەندێکشی
دەڵێن هیچ ناوێکی بەسەرەوە نییە بەڵام
براوەتە پاڵ ئەم. هەر وەها لیستێکیان کردووە بۆ ٥١ وتاریشی کە لە ڕۆژنامە و
گۆڤارەکاندا بڵاوی کردووەتەوە. ئەم کابرایە کابرایەکی زۆر زیرەک بووە بە ڕاستی،
زۆر ئاگادار بووە، زۆر شارەزا بووە مەسەلەن لەو کتێبەیدا مرۆڤ دەتوانێ پرسیار بکا
بۆ بە ناوی کەسێکی ئەڵمانەوە ئەم قسانەی کردووە یانی بە بۆچوونی من و زۆر لەو
توێژەرانەی تریش کە لە سەریان کۆلێوەتەوە دوو سێ هۆی سەرەکی باس دەکەن کە یەکەمیان
ئەوەیە کە بە زمانی کەسێکی ئەورووپییەوە بێ لای خەڵک زووتر وەردەگیرێ نەک بە زمانی کەسێک کە ئەو
پێوەندییانەی لەگەڵ " ئیتیحاد و تەرەقی " دا هەبێ. دووەمیان ئەوەیە لەو
سەردەمەدا کە کورد هێشتا پێگەیەکی زۆر گرینگیان لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا هەبوو
کەس نەیتوانیوە بەو شێوەیە بێ بڵێ میلەتێک بەو نێوە ئەسڵی نییە، زمانی نییە و کولتووری
نییە و هیچ ئەوەی نییە و بتوێتەوە لە ناو
تورکا باشترە. کەس نەیتوانیوە بەو زمانە قسە بکا لە بەرانبەر کورد. ئەمە
لەدواییدا، لە دوای ساڵی ١٩٢٣ دەبێ بەوە. دوای ئەوە زمانێکیشی بەکار هێناوە وەکوو
زمانی زانستی زۆر بێ لایەن جیاواز لە زمانی ئەوەی کە توێژەرانی ڕۆژهەڵات بە کاریان
هێناوە یا بە کاری دێنن تاوەکوو ئێستەیش. دوایی دەزانێ کابرایەکی ئەوڕووپایی هیچ
بەرژەوەندی نییە لەوەی بێت بڵێ ئەم میلەتە هین نییە واتای ئەمەیە ئەمە شتێکی
زانستی یە و ئەمە هیچ مەبەستێکی یا هیچ ئاجێندایەکی سیاسی لە دواوە نییە.
قازی:
مامۆستا باسی بەشیکچی ت کرد کەسی دیکە بە زمانی تورکی یا لە جوغرافیای تورکیا دا
ئەو کەسانەی کە لە سەریان نووسیوە، رانیویانە لە قاوی بدەن بەڕێزت دەتوانێ باسی کێی دیکەش بکەی؟
جەڤار قادر:
ئەوانەی باسیان کردووە ڕەوتی ژیانیان ڕوون کردووەتەوە، بڵاوکراوەکانیان باس کردووە
هەر ئەو کابرایە پێش هەموو کەسێکە عابیدین نەسیمی
لە سێ کتێبی دا زۆر بە فرەوانی باسی کردووە، لە چەند ژمارەی گۆڤاری "
مێژووی کۆمەڵایەتی" دا زانیاری زۆر لە سەری بڵاو کراوەتەوە لە سەر
بڵاوکراوەکانی. بەڵام بۆ یەکەمین جار کە گومانێک لەوە دروست بووە کە ئەم خاوەنی
کتێبی " کوردلەر" بێ دوکتور محەمەد بایراک گوتوویەتی لە ١٩٩٠ کاندا و تەنانەت ئەو لەوێ باس لەوە دەکا
کە کچێکی هەبووە زۆر نزیکی تانسوو چیلەر بووە و تەنانەت کاری گەندەڵی و شتی واشی
بۆ کردووە وەکوو باس بکرێ. بەڵام لە دوای ئەوە ئەوەی من بزانم، ڕەنگە خەڵکی تریش
هەبێ باسیان کردبی، بەڵام من نەمبینیبێ. بەڵام برادەرێک بە ناوی عەلیشان ئاکپینار
کوڕێکی گەنجی لێکۆلەرێکی باشە لە سەر قوتابخانەی عەشیرەتەکان لە ئەستەنبووڵ نامەی
ماسترێکی نووسیوە و توێژەرێکی ئینگلیسی هەیە بە ناوی یۆجین ئێستا پاشناوەکەیم لە
بیر نییە کە بۆ یەکەمین جار لە سەر " عەشیرەت مەکتەبی" نووسیویەتی و
ئەوەشی وەرگێڕاوەتە سەر تورکی و لەگەڵ نامەی ماسترەکەی خۆی دا وەکوو کتێبێک بە ناوی " مەکتەب عەشیرەتی
" بڵاوی کردووەتەوە. ئەویش وتارێکی زۆر وردی لە سەر نووسیوە و من بۆ خۆم زۆر
ئیستیفادەم لێ کرد و تەنانەت لەو کتێبەشدا وەکوو پاشکۆ بڵاوم کردووەتەوە. هەوڵم دا
پێوەندی پێوە بکەم و ئیزنی لێ وەرگرم بە داخەوە و هەندێ برادەریشم تەکلیف کرد،
بەداخەوە، لێرەوە داوای لێ بوردنی لێ دەکەم، ئەو زۆر بە وردی باسی لێوە کردووە وا
دیارە زۆر شارەزایە لە خوێندنەوەی تێکستی عوسمانی و بەڵگەنامە دا. و تەنانەت من
برادەرێکم تەکلیف کرد کە لە ئارشیڤی عوسمانی کار دەکا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی بۆ
دۆزیمەوە دەربارەی ئەم ئیسماعیل ە. لەوێ بە ئیسماعیل ناجی ئەفەندی لە بەڵگەنامە
عوسمانییەکاندا باسی کراوە. ئەم هابیل ئادەم ە کردەوەی زۆر سەیری کردووە مەسەلەن
ئەوەی خدێوی میسر عەبباس حیلمی ئیقناع کردووە کە ئەو ببێ بە مەلیکی ئەلبانیا و ئەم شتێکی بۆ تەزویر دەکا
بەڵگەنامەیەکی بۆ دروست دەکا لە سەر پێستی ئاسک دەینووسێ و مۆری قەشەیەکی کاتۆلیکی
لە ئیتالیا لێ دەدا و لە نێو کتێبخانەی واتیکان دا دەیشارێتەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان
ڕایدەگەیێنێ کە شتێکی وای دۆزیوەتەوە وە بەو شێوەیە عەبباس حیلمی دەبێ بە تەنها
میراتگری بنەماڵەی کاتسرۆت کە دوا بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەلبانی بوونە پێش ئەوەی
عوسمانییەکان ئەلبانیا داگیر کەن بەڵام دوایی چیرۆکەکە هەمووی کەشف دەکرێ و عەبباس
حیلمی لە ترسا کتێبێکیشی لە دژی دەنووسێ ئەڵێ "ڕەدی موفتەرییاتی هابیل
ئادەم" لای ئەوان هەر بە هابیل ئادەم باس دەکرێ. لە کۆتایی ژیانی دا بە ڕاستی
گرووپێکی مافیایی دروست دەکا تەنها دەتوانی ناوی ئەوەی لێ بنێی. دە دوازدە کەس لە
خۆی کۆ دەکاتەوە بە ناوی ئەوانەوە ڕەزامەندی وەردەگرێ ڕۆژنامە دەرکا، گۆڤار دەرکا
و هەرچی کۆمپانیا و شتی وا هەیە ڕێکلامیان لێ داوا دەکا. ئەو کۆمپانیایەی ئامادە
نەبوو بێ ڕێکلامی بداتێ کۆمەڵێک وتاری لە سەر نووسیوە، مەسەلەن بانکی بازرگانی
ئامادە نەبووە زیاتری بداتێ دوو سێ وتاری لە سەر نووسیوە بە زانیاری زۆرەوە و
ناردوویەتی بۆ مەعمییەلەکانی کە ئەم بانکە وەزعی زۆر خراپە خەریکە ئیفلاس ئەکا و
خەڵکەکە پارەکەی کێشاوەتەوە و بانکەکە لە کۆتایی دا ئیفلاسی کردووە. دوو سێ
کۆمپانیای ترشی وا لێ کردووە. شتێکی هەیە لەگەڵ شاعیری ناوداری تورک نازم حیکمەت،
دەزانێ کاری نییە و باری دارایی خراپە دەڵێ وەرە لای من لە ڕۆژنامەی
"یارن"، ڕۆژنامەیەکی هەبوو بە ناوی "یارن" وەرە لەوێ کار بکە
دەتکەم بە مودیری تەحریر. دەیکا دوایی سێ چوار وتاری لە دژی سۆڤییەت بۆ دەنووسێ و
دەیداتێ و دەڵێ باش بیخوێنەرەوە و دوایی پێی دەڵێ بیبە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە
نزیکی سۆڤیەتن هەڕەشەیان لێ بکە ئەگەر ڕێکلاممان نەدەنێ ئەوە ئەمانە بڵاو
دەکەمەوە. نازم حیکمەتیش دەڵێ ئەمە کەی کاری من نییە ئەمن بەڕێوەبەری نووسینم ئەمن
بەرپرسیاری رێکلام پەیدا کردن نیم، کارەکە ناکا و واز لەو کارە دێنێ. هەڵبەتە ڕۆژنامەی
هەبوو، نزیکەی چل و هەشت ئاڵقەی بیرەوەری خۆی لەو ڕۆژنامەیە دا ڕۆژنامەی
"یارن" لە ساڵی ١٩٣١ بڵاو کردووەتەوە، بە تەما بووە حیزبی کۆماری
عەلمانی کرێکاران و جووتیاران دابمەزرێنێ بەڵام ڕێگەی نەدرایە چونکە دەزانی
ئایدێئۆلۆژی کەمالیزم دەڵێ تورک یەکە و
جیاوازی چینایەتی و چی و چی و ئەوانە نییە، وتیان تەنانەت بەوە تۆمەتباریان کرد
ڕۆژنامەکەشیان داخست، وتیان ئەمە دەیەوێ دووبەرەکی دروست بکا لە ناو نەتەوەی تورک
دا و تورک جیا بکاتەوە و وشەیەکی ئەوەشیان بەکار هێناوە ئەڵێن ڕۆژنامەکەی "
مەوازیعلی" یە مەوازیعلی ئەوەی بە فارسی پێی دەڵێن جەعلی، ئێستا پێی دەڵێن فەیک
نیووز. جا ئەوکاتە گۆیا فەیک نیووزی بڵاو کردووەتەوەبە لە ڕوانگەی ئەوانەوە.
قازی:
باشە مامۆستا چارەنووسی دوایی ئەو کابرایە چ بوو؟
جەبارقادر:
چارەنووسی دوایی ئەوەیە دووسێ گێچەڵی بە کۆمەڵێک خەڵک دا کرد، بە کۆمەڵێک کۆمپانیا
کرد دوایی کۆمپانیاکان شکاتیان کرددەرکەوت کە ئەم تۆمەتی نۆ دروست کردوون ئیتر
عیسمەت ئینوونوو قەراری دا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەرچی ڕۆژنامە وشتی وای هەیە
لە ساڵی ١٩٣٢ دا ڕایانگرت و کارەکانی ڕاگیرا و ئیتر ئەوانەی بە دەورییەوە بوون
چونکە بەخێوی دەکردن و پارەیان پەیدا دەکرد، ئەوانە لێی جیا بوونەوە، یەکێ چوو بۆ
هەنگاریا، یەک بۆ ئەلبانیا هەر یەکەی بە لایەکدا ڕۆیشتن، بە تەنیا مایەوە. تەنانەت
زۆر شت لە ژیانی دا نادیارە. کەس نازانێ کەی لە دایک بووە، کەس نازانێ بە دروستی
چی خوێندووە بڕوانامەی لە چی دا هەیە وە
کەیش مردووە. باسی ساڵی ١٩٣٩ و ١٩٤٠ دەکەن بەڵام گومان هەیە لەو ساڵە دا. من بۆخۆم
سەد لەسەد بۆم ساخ نەبووەتەوە ئایا لەو ساڵە دا مردووە یان نا. بەڵام لە دوای ساڵی
١٩٣٤وەئیتر باس و خواسی ئەوەندە نامێنێ.
قازی:
باشە مامۆستا ئەو کتێبە لە کوێ چاپ بووە؟ لە باشوور کام وەشانخانە چاپی کردووە.
چۆن پەیدا دەبێ؟
جەبار قادر:
کتێبەکەی من ئەکادێمیای کوردی چاپی کردووە لە هەولێر. من بۆخۆم ئەندامی ئەکادێمیای
کوردی بووم سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادێمیا بووم و لە دوای نەمانیشم لەوێ، هەڵبەتە
وازم هێنا چونکە لەوێ نیم بەڵام پێوەندیم هەیە. تەنانەت بیرۆکەکە چونکە بۆخۆی لە
ئەسڵا لێکۆڵینەوەیەک بوو، بیرۆکەکە هی سەرۆکی ئەکادێمیا هاوڕێی بەڕێزم دوکتور
عەبدلفەتاح بۆتانی بوو کە وتی باشترە با وەکوو کتێبێک بڵاوی بکەینەوە و ئیتر وا
بڕیارمان دا. بۆ ئەوەی خەڵک شارەزای هینەکەش بێ، دەقە ئەسڵییەکەشمان لەگەڵی بڵاو
کردووەتەوە، واتە کتێبێکی نزیک ٥٠٠ لاپەڕەیی لێ دەرچووە.
قازی:
ئەسڵەکەی بە تورکیی عوسمانی؟
جەبار قادر:
بەڵێ دەقە عوسمانییەکە وەکوو خۆی بڵاو کراوەتەوە.
قازی:
زۆر زۆر سپاست دەکەم مامۆستا، سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەدا بەڕاستی
زانیارییەکانت و ئەو کارەی کە کردووەتە نرخی زۆرە بۆ ئەوەی ئینسان لەو ساختەکاریانە ئاگادار بێ کە بەدژی کوردان
دەکرێ. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، دوایین قسەش ئەگەر شتێک هەیە بیفەرموو!
جەبار قادر:
زۆر سپاس. هەڵبەت جەنابت دەزانی کتێبێک ئاوا بە ٤٥ دەقیقە هەر دەکرێ مانشێتەکانی و
بە گشتی باسی لێوە بکرێ. پێم وایە کۆمەڵێک شتمان باس کرد، هیوادارم بینەرانی
بەرنامەکەتان کەلکیان لێ وەرگرتبێ، زۆر سپاس بۆ جەنابت ئەم دەرفەتەت ڕەخساند.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان، تاکوو
ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم وتویژە لە ئێوارەی پێنجشەمە ١-ی ئاوریلی ٢٠٢١ بە ڕێگای سکایپ بە شێوەیەکی زیندوو لە
تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ
بەرنامەکە لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیووب لەم لینکە دا ببینن.
https://youtu.be/E_sTzjU_O40
No comments:
Post a Comment