وتاری دوکتور ئازاد حاج ئاقایی، زانکۆی یاگێلۆنی- کڕاکۆ، پۆلەند لە کۆنفڕانسی سەد ساڵەی لۆزان ٢٣/٧/٢٠٢٣
وتاری دوکتور ئازاد حاج ئاقایی، زانکۆی یاگێلۆنی- کڕاکۆ، پۆلەند
لە کۆنفڕانسی سەد ساڵەی لۆزان
٢٣/٧/٢٠٢٣
دیارە
هاوڕێیان و پانێلیستەکانی دوێنێ باسیان لە سەر زۆرێک لە لایەنەکانی پەیماننامەی
لۆزان کرد و ئەمڕۆکەش هەر یەک لە بەڕێزان زۆر بابەتیان ورووژاند بۆیە ئەمن ناچمە نێو
وردەکارییەکانی ئەم بابەتەوە تەنیا ئەو شتەی کە من ئەمڕۆ باسی لێ دەکەم وەکوو
فەکتی مێژوویی دوو بڕگەیە و لە سەر ئەساسی ئەو دوو بڕگەیە ئەمن ئارگیومێنتەکەی خۆم
پێشکێشی ئێوە دەکەم و باسی ئەوە دەکەم کە بۆ ئێستاکەش دوای سەد ساڵ بەسەر
تێپەڕبوونی کۆنفڕانس و گرێبەستی لۆزان دا کورد بەردەوام تووشی ئەم بەلەنگازی و
پەرێشانییەی ئێستاکە بووەتەوە.
هاوڕێیان و ئازیزان! ئەوەی کە ئێستاکە لە لای ئێمە گرینگە دوای سەد ساڵ لە تێپەڕبوونی
کۆنفڕانسی لۆزان ئێمە وەکوو جەستەیەتی سیاسی، وەکوو نەتەوەی کورد، وەکوو گەلی کورد
لێرە کۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدەین ئازارێکمان پێ گەیشتووە. ئەو ئازارە
بەردەوام دووپات دەکەینەوە و بەردەوام باسی ئەوە دەکەین کە ئێمە سەد ساڵ پێش دەوڵەتە زلهێزەکان و دۆخی
جێئۆگرافیک و ژێئۆستراتێژیکی کوردستان ئەم تڕاومایەی خستووەتە ناو جەستەی سیاسی
کوردەوە. باشە ئێمە ئەو تڕاومایە چۆن تێئۆریزە بکەین؟
کاتێک
ئێمە باس لە تڕاومای سیاسی دەکەین مەبەستمان کەسێکە، تاکێکە تووشی کێشەیەک و ئازارێکی سایکۆلۆجی و ڕەوانی دەبێت و دوای ماوەیەک ئەم ئازارە ڕەوانییە، ئەم
تڕاومایە، ئەم تڕاوما سایکۆلۆژیکە تەواوی
ناسێنە و چارەنووسی ئەم ئینسانە تێک دەدات. ئەگەر ئێمە بێین ئەم تڕاوما سایکۆلۆژیکە بخەینە ناو جەستەی گەلێکەوە
وەکوو گەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین دوای سەد ساڵ کورد بە هۆی پەیمانی لۆزان، بە
هۆی سەرنەکەوتنی پەیمانی سێڤر کە ئەویش تڕاومایەکە بۆخۆی، ئێستاکەش بەردەوام خەریکە
ڕابردووی خۆی دێنێتەوە ناو ئێستاکەی، ئەمە کێشەی سیاسی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و هەر چوار پارچەی کوردستانە.
بۆیە من تەنیا باس لە دوو بڕگە لە ئاخافتنەکانی لۆرد کرزن دەکەم و باسی ئەوە دەکەم کە چۆن بەر لە
کۆنفڕانسی لۆزان تورکیا چ ئیدیعایەکی هەبوو، چ داوخوازییەکی هەبوو. دوای تێکچوونی
هاوسەنگی هێز ئەم داوخوازییانەی تورکیا و بریتانیا بەرەو چ
ئاڕاستەیەک چوون و ئەوە لە غیابی چ شتێک ڕووی دا.
ئەگەر ئێمە بڕوانینە ناو دەقی ڕەشنووسەکانی لۆزان، لە دەسپێکەوە باسی ئەوە دەکرێ، تورکە ناسیۆنالیستەکان
باسی ئەوە دەکەن کوردەکان لەگەڵ تورکەکان یەک ڕەگەزن، هاوبیرن، هاو ڕەگەزن، هاو
ئایینن و تەنیا لە ویلایەتی مووسڵ کەمینەیەکی بچووکی عەڕەب هەیە. لە لایەنی
ئابووریشەوە بازرگانی مووسڵ زۆرتر لەگەڵ ئاناتۆلیا دایە و دواتر ئەو خۆ
بەڕێوەبەرییەی کە لەوێ داوا دەکرێت، دانیشتووانەکەی زۆرتر پێیان خۆشە لەگەڵ تورکیا بمێننەوە. بەڵام ئێمە دەبینین بە پێی هاوسەنگی هێز کە بەر لە
پەیمانی لۆزان هەیە لە ناوچەکە، وا دەکا کە لۆرد کرزن لە ساڵی ١٩٢٢ وڵامی تورکیا بەم
شێوەیە بداتەوە کە کوردەکان خۆیان هیندو ئوڕووپایین، تورکەکان ئاڵتایین و لە یەک
ڕەگەز نین و لە سەردەمانی ئیمپراتوری عوسمانیشەوە کوردەکان زۆر جار بەرەنگاری
دەوڵەتی عوسمانی بوونەتەوە و زۆر شتی تر.
بەڵام دەبینین دوای ماوەیەک کە هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت، سەرکەوتنی کەماڵیستەکان لە
چاناک کالا، هاتنە کایەی هێزی سۆڤیەت، ڕکەبەرایەتی نێوان سۆڤیەت و بریتانیا یان
بڵێین بۆلشویکەکان و بریتانیا و بە تایبەتی باندۆر کردنیان لە سەر کەنداو وا دەکا
کە ڕوانگەکانی بریتانیا بە نیسبەت قەزییەی کوردی بگۆڕێت. نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت
کە لەو ماوەیە دا ئاڵۆگۆڕێک لە ناو حیزبی تۆری [حیزبی کۆنسێرڤاتیڤی بریتانیا] ش
ڕوو دەدات و لە ١٥-ی نۆڤامبری ١٩٢٢ دا هەر وەک دەبینین بێرنارد لۆ بە جۆرێک
کاریگەری دەخاتە سەر سیاسەتەکانی بریتانیا.
من بۆچی باسی ئەم بڕگە مێژووییانە دەکەم. لەماوەی ئیمزا کرانی پەیمانی سێڤر تا
گرێدانی پەیمانی لۆزان ئاڵوگۆڕێک لە هاوسەنگی هێز دێتە مەیدان. ئەم ئاڵوگۆرەی هاوسەنگی هێز بە چ واتایەکە؟ دوو لایەنی هەیە،
لایەنێکی دەرەکی هەیە، لایەنێکی ناوخۆیی هەیە. لایەنە دەرەکییەکە با بیخەینە سەر
ئەستۆی زلهێزە جیهانییەکان. هێزە ئیمپریالیستەکان لەبەر ئەوەی کە مافێکیان بۆ کورد
وەکوو سوبجێکتێکی سیاسی دیاری نەکرد.
بەڵام
با لەوە بەر بچینە ناو سیاسەتی خودی کوردەکانەوە کە بزانین لە
نێوان پەیماننامە سێڤر تا پەیماننامەی لۆزان کە ئەم دوویە گرێ دەدرێت ماوەی ساڵ و نیوێک ڕەنگە بەردەوام بێت چ شتێک
ڕووی داوە؟
ئێمە
دەبینین لە شەڕەکانی ڕزگاریخوازانەی - ئەگەر بە پێی تێرمینۆلۆژی تورکەکان باسی بکەین – تورکە ناسیۆنالیستەکان و بەشێکی
زۆر لەو کەسانەی کە پاڵپشتی و یاریدەی مستەفا کەماڵیان دا عەشیرە کوردەکان بوون،
هۆکارەکەی چ بوو؟ ئیسلام وەکوو ئایینێک لەو ماوەیەدا وەکوو چیمەنتۆیەکی ئایدێنتیتی،
وەکوو ناسنامەیەک بوو بە هۆکاری لێک نزیکردنەوە و لێک نزیکبوونەوەی تورک و کورد.
ئەمە ناتورالیستە، شتێک نییە تو بڵێی خراپە یان باشە. بەڵام دەرەنجامە سیاسییەکەی،
لێکەوتە سیاسییەکەی دەبێ بە چی.
بە
هۆی ئەوەی کە کورد وەکوو هێزێکی سیاسی لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٢ تا ١٩٢٣ نەیتوانی خۆی
وەکوو هێزێکی سیاسی و بە ڕێکخراوەکراو نیشان بدات وەکوو کارتێک، وەکوو ئامرازێک بە
کار هات، ئەمە بەشێکی ئەم کێشەیەیە. بەشی دووهەم کە دەبێتە هۆی نووسین و گرێدرانی
پەیماننامەی لۆزان جیا لە هۆکارە دەرەکییەکان کە من باسم لە سەر کرد و دوکتور نایف
یش باسی لە سەر کرد، کێشەیەکی تر ئەوەیە کە لە ویلایەتی مووسڵ کە ئێستاکە
باشووری کوردستانە ئێمە دەبینین شێخ مەحموود لەگەڵ ئوێزدەمیر پێوەندی چڕ و پڕی
هەیە ئەوە لە کاتێک دایە بەپێی ڕەشنووسەکانی بەر لە کۆنفڕانسی لۆزان ئێمە دەبینین
کە کۆرزن باسی ئەوە دەکا ئێمە ڕاستە شێخ مەحموود وەکوو
کارتێکی گوشار بە نیسبەتی دەوڵەتی عێڕاق بەکار دێنین بەڵام هەڵسوکەوتی شێخ مەحموود
و تەئکید کردنەوەی لە سەر ئایینی ئیسلام و
برایەتی موسوڵمانەکان دە ناو جوگرافیایەکی
سیاسی دا دەبێتە هۆکاری بەهێز کردنەوەی پێگەی تورکەکان و بە تایبەت مستەفا کەماڵ. ئەمە لە کاتێک دایە کە لەو
سەردەمیش دا مستەفا کەماڵ وەکوو زیندووکەرەوەی خەلافەتی ئیسلامی خۆی پێناسە دەکرد.
لێرەیە هەڵە سیاسییەکان، لێرەیە کە نەبوونی
خوێندنەوەیەکی رێئال لە سیاسەت لە لای کورد لەو سەردەمە دا ڕوو دەدات.
باشە ئێستاکە ئێمە لە
ساڵی ٢٠٢٣ ین سەد ساڵ بە سەر پەیمانی لۆزان تێپەڕیوە، ئێمەی ئاکادێمیسیەن، ئێمەی
سیاسییە کوردەکان چۆن بیر دەکەینەوە، تڕاومایەکە لەگەڵمانە، بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ دروست دەکەین، ئەمڕۆ
لێرە، بەیانی حیزبێکی تر، دوو بەیانی یەکی تر و جۆرێک دەمانەوێ ئەو تراوما سیاسییە
کە ئێمەی خستووەتە ناو گێژاوێکی رێئال پۆلیتیکەوە ئێمە بێین وەکوو قوربانییەک
دووبارە خۆمان نیشان بدەین.، بەڵام ڕاستە ئەگەر لە فەترەیەکی مێژوویی دا هێزە زلهێزە
جیهانییەکان توانیبێتیان ئەم گوشارە بخەنە
سەر کورد نەک وەک نەتەوەیەک، وەک، من باسی سەردەمی کۆن دەکەم، سەد ساڵ لەمەوبەر
وەک چەندین هۆز و عەشیرەی لێک جیا و داپچڕاو و دابڕاو لێکتر، ئێستاکە دوای سەد ساڵ ئێمە چی دەکەین؟ با ئێمە باسی
شتێک بکەین. لە ساڵی ١٨٩٨ کە ڕۆژنامەی
کوردستان چاپ دەکرێت و ئێمە تێکستی سیاسی کوردیمان هەیە بۆ یەکەم جار تا ساڵی ١٩٢٣
ئەم فەترەیە، فەترەیەکی زۆر زۆر شیاوی خوێندنەوە و تێگەیشتنە بۆ ئەزموونی سیاسی
کورد، لە سەردەمی پێش شەڕی جیهانی یەکەم و ئێستاکە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی من ئەگەر خوازیاری ئەوە بم کە قەرینەیەکی نوێ دروست
بکەم بۆ ئەم سەردەمی خۆمان. ١٩٩٨ و ٢٠٢٣
سەد ساڵ، سەد ساڵ. کۆنتێکستە سیاسییەکە بەرەو کوێ چووە؟ لە ناو
ئەو دوو کۆنتێکستە سیاسییە کە ماوەی سەد ساڵ جیاوازییان هەیە، کورد بە
ئاکادێمیسیەن و بە سیاسی و بە بیزنسمەن و بە سەرمایەدارەوە، من لایەنە ڕەشبینانەکەی لەبەر چاو
دەگرم، ئەگینا دەسکەوتی زۆر باش هەیە، بەڵام وەکوو ئاکادێمیسیەن پێویستە بەردەوام ڕەخنە بگیرێ. بۆ وەی کە وەخۆ بێینەوە، بۆ وەی کە بتوانین ئەو دەرفەتانەی کە لە کیس چوون قەرەبوویان
بکەینەوە، ئەو تڕاومایەی کە لە مێشکی ئێنسانی کورد لە ناوی دا بەردەوام دەژیت
دووبارە دووپاتە نەبێتەوە.
لە
ماوەی ئەو یەک سەد ساڵە، لە کۆنتێکستی ئەو یەک سەد ساڵە دا ئێمە توانیومانە دوو
دەسکەوتی باشمان هەبێ کە بە هەر شێوازێکیش بێ دەبێ بیپارێزین. بەڵام حیزب وەکوو
قەوارەیەکی بە ڕواڵەت مۆدێڕنی سیاسی بەلام بە ستڕاکچێرێکی تەواو خێڵایەتی و عەشیرایەتی دووبارە بەرهەم
هاتووەتەوە. من بێ ئەوەی کە ئاماژە بکەم بە هیچ لایەن و گرووپێک، بەردەوام ئەمە لە سیاسەتی ڕۆژانەی خۆمان دا دەبینین.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئاکادێمیسیەنە کوردەکان ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی
سیاسەتن بە دەنگێکی بوێرانەوە، بە زمانێکی ئاکادێمیکەوە بتوانن ئەو قورساییە بخەنە سەر لایەنە سیاسییەکان؟ زۆر دوور ناچین لە ماوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا کە
وەکوو شۆڕشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا ئێمە دووبارە بینیمان کە ئەم کێشەیە بە شێوازێکی تر، قەڵشتە سیاسییەکانی
نێوان حیزبەکانی دووبارە زیندوو کردووەتەوە و بەردەوام ئەم زێهنییەتە بنەماڵەیی و
ئەو زێهنییەتە عەشیرەتییە بە شێوازێکی مۆدێڕن خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. چۆنە، خێرە
دوای سەد ساڵ ئێمە نەمانتوانیوە عەقڵانییەتێکی سیاسی، بە پێی ئاوەزمەندییەتێکی
سیاسییەوە لانی کەم ئەو تڕاومایەی کە لە
سەد ساڵی ئەخیر دا ئێمە هەمان بووە، بتوانین ساڕێژ بکەینەوە. ئەی ئەگەر پارتییە
سیاسییەکان وەکوو ستراکچری سیاسی کۆمەڵگای کوردستان من دەڵێم ئەگینا دیارە هەموو
بە جیاوازی ئایدێئۆلۆژیکی خۆیانەوە دەتوانن، ئەو مافەیان هەیە کە هەر ڕێچکەیەکی
سیاسی دەگرنە پێش با بیگرنە پێش، بەڵام ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە لەو زێهنییەتە
خێڵەکییە، لەو مێنتالیتییە کە بەردەوام کورد لە ماوەی ئەو سەدساڵە دا خۆی دووپاتە
کردووەتەوە وەدەر بکەون. ئایا لە ماوەی ئەو یەک سەد ساڵە دا کورد بە
ئاکادێمیسیەن و بە سیاسییەوە نەیتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکا؟
من
یەک شت دەڵێم، قەڵشتێکی گەورە لە نێوان تێفکرینی سیاسی ئێمە و کردەی
سیاسی ئێمە دا هەیە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ئایدێئۆلۆژییەکانی سەدەی ١٨
نزیکبوونەوەیەک لە نێوان فکری سیاسی و کردەی سیاسی هەبوو ئێستاکە بەهۆی ئەو نێۆ لیبێرالیسمەی کە هاتووەتە ئاراوە
جیاوازییەکی زۆر پان و بەرین، قەڵشتێکی زۆر گەورە لە نێوان ئایدیای سیاسی و کردەی
سیاسی دا هەیە.
هیوادارم وەکوو پێشنیارێک کەسانێکی زۆر
وەکوو ئێلیتی سیاسی، بەشێک لە ئێلیتی سیاسی کوردستان کە لە دەرەوەن، لە ئوڕووپان، ئەمانە بتوانن ڕێکخراوێک، فۆرومێک دوور لە هەر جوورە
پێوەندییەکی حیزبایەتی دروست بکەن بۆ ئەوەی کە بتوانن کێشەکان بە جوانی بخوێننەوە.
هیوادارم کورد- ئاکاد بتوانێ لەوە چالاکتر
بێ و بتوانێ کاریگەرییەکی زۆرتری لە سەر
دروست کردنی لۆبی و لێک نزیککردنەوەی فکرە جیاوازە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە
ئامانجەکانمان بێت. زۆر سپاس هەر بژین زۆر سپاس بۆ بەشداریتان.
[ چەپڵەی
ئامادەبووان]
بە ڕێگای ئەم لینکەی
خوارەوە دا دەکرێ ڤیدێئۆی پێشکێشکارییەکە ببینن!
https://youtu.be/JbBQNGhdueg
No comments:
Post a Comment