Thursday, August 3, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتورهاوژین بەقاڵی کۆمەڵناس، لێکۆلەرەوە لەمەڕ دین و دەسەڵات سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پێنجشەمە ٣-ی نۆڤامبری ٢٠٢٢

وتوێژ لەگەڵ دوکتورهاوژین بەقاڵی کۆمەڵناس، لێکۆلەرەوە لەمەڕ دین و دەسەڵات سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پێنجشەمە ٣-ی نۆڤامبری ٢٠٢٢
حەسەن قازی:  ژن، ژیان، ئازادی. بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ یەکەم بەرنامەی وەرزی تازەی تێلێڤیزیۆن. وەک دەزانن لە وەرزی تازەدا کاتی بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ڕاوێژ گۆڕاوە و لە چوارشەمۆیانەوە هاتووە بۆ پێنجشەمۆیان و سەعاتەکەشی کەوتووەتە دواتر و لەمەو دواوە هەر پێنجشەمۆیەک نا پێنجشەمۆیێک سەعاتی ٧-ی ئێوارە بە کاتی ناوەندی ئوڕووپا ئەو بەرنامەیە بڵاو دەبێتەوە. لە یەکەم بەرنامەی وەرزی تازە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور هاوژین بەقاڵی کە لێکۆلەرەوە، ئاکادێمیسیەن و تێکۆشەری فێمێنیست و لەم بەرنامەیەشدا بەردەوام دەبین لە ئاخافتن و قسە کردن لە سەر ئەو بزووتنەوە تازەیەی کە لە ڕۆژهەڵات هەیە و هەر وەها زەمینەی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز بەقاڵی!
دوکتورهاوژین بەقاڵی: زۆر سپاس کاک حەسەن،
قازی: لەوەڕا دەست پێ بکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دا زۆر باس و موناقەشە هەیە. پێم خۆشە ئەگەر بکرێ کورتە مێژوویەکی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باس بکەی. دیارە لەو ساڵانەی دواییدا مەسەلەی داعش یش هاتووەتە گۆڕێ بەڵام بێ پێوەندی لەگەڵ ئەمە ئەگەر بکرێ کورتە مێژوویەک باس بکەی. فەرموو!
بەقاڵی: من ئەگەر بمەوێ باس لە مێژووی ئیسلامی سیاسی لە ناو کوردستان دا بکەم، کوردستان بەشی ڕۆژهەڵاتی هەڵبەت، ئەبێ بگەڕێمەوە بۆ شۆڕشی ٥٧ [ ١٩٧٩]. لە کاتی شۆڕشی ٥٧ دا کەسانێکمان بوو لە کوردستان دا کە ئەمان بە تەئسیر لەو شتەی کە لە باشوور ڕووی دەدا، ڕەوتێکی ئیسلامی لەوێ دروست ببوو بە تایبەت لە هەڵەبجە، هەر وەها لە عێڕاقدا، ئێمە ئیخوان ئەلموسلیمینی عێڕاقمان هەبوو لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە ئەم کەسانەی هاتوچۆی ئەوێیان  کرد بوو، لەلایەکی دیکەشەوە کەسانێک هەبوون کە هاتوچۆی تارانیان ئەکرد و لە ژێر کاریگەری بیروڕای کەسانێکی وەکوو عەلی شەریعەتی و ئەمانە دا بوون هاتبوونەوە بۆ ڕۆژهەڵات کاتی شۆڕش. ئەم کەسانە توانییان لە ناو مزگەوتەکاندا فەعەلییەتەکانیان دەست پێ بکەن و کەم کەم مەکتەبی قورئانی دانێن لە پێشدا لە مەریوان دایان نا دوایە لە سنە دایان نا. دوو کەسیان کە وەک ڕێبەری فکری دەناسرێن یەکێکیان ئەحمەدی موفتی زادە بوو، یەکێکیان ناسری سوبحانی بوو. ئەم دوو کەسە توانییان دوو ڕەوتی جیا لە بواری ڕێکخراویی، بەڵام لە بواری فکرییەوە زۆر نزیک بە یەک دروست بکەن.
ناسری سوبحانی توانی لە نیهایەت دا ئیخوان ئەلموسلیمینی ئێران دامەزرێنێت هەڵبەت لەگەڵ ڕەفیقەکانیدا، ئەحمەدی موفتی زادەش مەکتەبی قو
رئانی پێک هێنا. ئەم کەسانە لە هەوەڵەوە لە بواری سیاسییەوە، یانی بۆچوونێک کە هەیان بوو لە سەر سیستمی سیاسی زۆر دوور لەو شتە نەبوو کە خومەینی ئەیویست دایمەزرێنێ لە ناو ئێراندا. ئەمان بە شیدەت موتەئەسیر لەئەفکاری ڕێبەرانی فکری جەهانی ئیسلام کەسانێک وەک ئەبووعەلا مەودوودی بوون و لە ژێر کاریگەری ئەو دا توانییان  کەسانێک ڕێک خەن و بۆچوونە سیاسییەکانیان باس بکەن لە ناو کوردستان دا. ئەمانە لە ئەوەڵەوە هەر وا کە وتم کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ جمهووری ئیسلامیدا نەبوو، بەڵام هێدی هێدی وەختێک کە خومەینی باس لە ویلایەتی فەقیهه ئەکا و وەختێک کە سونییەکانیش لەگەڵ گرووهەکانی تر ئەخاتە پەراوێزەوە باس لە پیاوێکی شیعەی دوازدە ئیمامی فارسی چینی مامناوەندی ئەکات، ئەم کەسە ئەتوانێ وەلی فەقیهه بێ، ناکۆکی کەوتە بەینیانەوە و ئەوە بوو کە  ناسر سوبحانی و ئەحمەد موفتی زادە هەر دووکیان ئەکەونە زیندانەوە و لە نیهایەتیشدا ناسری سوبحانی بە داخەو ئیعدام ئەکرێت و ئەحمەدی موفتی زادەش لە دوای دە ساڵ زیندان وەختێک کە دێتە دەرەوە فەوت ئەکا.
قازی: با لێرە ئیستێک بگرین. ئەو لایەنی کورد بوونیان یا گرێدراو بوونیان بە هووییەت واتە ناسێنەی کوردی چەندە تەئسیری هەبوو کە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی و شیعەگەری زاڵ دە بەرانبەریان دا ڕاوەستێ، مەبەستم کورد بوونیانە لە ڕووی ئێتنیسیتییەوە؟

بەقاڵی: بۆ ڕەوتی ئیخوان ئەلموسلیمین کە ناسر سوبحانی ڕێبەری فکری بوو ڕەنگە کورد بوونەکە زۆر بەرچاو نەبووبێت، ئەوان زۆرتر بنەما دینیەکە و هووییەتە دینییەکەیان لەبەر چاو بوو. بەڵام مەسەلەی موفتی زادە جیاواز بوو، موفتی زادە دایم هەوڵی ئەدا هەر دوو ناسێنە بەیەکەوە پێش بخات بەڵام بە ڕوانگەیەکی کامیلەن دینی و ئیسلامییەوە. یانی ڕوانگەی ئەو لەگەڵ کوردەکانی تر، کوردەکان و چەپەکانی ناو کوردستان دا کامیلەن جیاواز بوو. هەر وا کە عەرزم کردن ئەوان لە پێشا جیاوازییەکی وایان نەئەدی لە بۆچوونیاندا بە نیسبەت سیستمی ئیسلامی لەگەڵ ئەو شتەی کە لە ناو تاران دا ڕووی ئەدا. و ئەیانەویست کوردایەتی تا ئەندازەیەک  فەرهەنگی بکەن، وەک مەسەلەیەکی فەرهەنگی تماشای کەن و ئیدانتیتێ و هووییەتی کوردیان لە ئێسپاسێکی کولتووری دا پێش بەرن.
قازی: زۆر باشە. دەزانین دوای شۆڕش کە وردە وردە حیجابی زۆرەملی پەیدا بوو، و دیارە لە جلوبەرگی کوردی ژنانە دا دەسماڵ هەیە کە پێوەندی نییە بە لەچەک و ئەو شتانەوە ڕاستەوڕاست، بەڵام لە شارەکان بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە زۆر ژنی کورد لە ئیدارە و مەدرەسە و ئەو جۆرە شوێنانە کار دەکەن، لە ژیانی شاریانە دا بۆ ژنی کوردیش مەسەلەی حیجاب هاتە گۆڕێ. بە چ شێوەیەک دەتوانین ئەوە بە کێشە بۆ ژنانی کوردیش دابنێین لەو سەروبەندی دا، یانی ئیجباری بوونی حیجاب؟   
بەقاڵی: بۆ مەسەلەی حیجاب ئەتوانین دوو ڕوانگەمان بێ. یەکێک ڕوانگەی کولتووری ئایا لە کولتووری ئێمە دا مەسەلەی حیجاب هەبووە یا نەبووە. یەکێکیش مەسەلەیەکی سیاسییە یانی حیجاب لە سەدەی بیستمەوە لە لایەن ئئیسلامی سیاسییەوە سیاسی دەکرێ. ڕاستە لە کولتووری ئێمە دا مەسەلەی حیجاب بەو شێوازە کە ئێمە دەیناسین یانی داپۆشینی کامڵی بەدەنی ژن بەو شێوازە لە سەرەتاوە نەبووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئەو داپۆشینە کامڵە  ئێلێمانێکی مۆذڕن بووە. ئێلێمانێکی مۆدێڕن بووە  کە لە نتیجەی جیاییەک بەینی کاری ناوماڵ و کاری دەرەوە بە وجوود دێت یانی لە سەرەتای سەرمایەدارییەوە ئێمە ئەو جیابوونەوە ئەبینین یانی  ژنان ئەچنە ناو ماڵەوە، پیاوان لە دەرەوە کار ئەکەن و نەزمێکی ڤیکتۆریایی بە شیدەت تەبلیغ ئەکا بۆ ئەم شێوە لە تەقسیمی کارە. وەختێک کە ژنان ئەچنە ناوەوە هەرچەند داپۆشتر بن، هەرچەند بەرگیان دەست وپێ گیرتر بێ مۆدێرنترن، هاودەنگترن لەگەڵ ئەو نەزمە ڤیکتۆریاییە دا کە یەکێک لە ئێلێمانە مۆدێرنەکانە.
جا ئەمە درەنگ دێتە ناو کوردستان. من پێم وایە ئەوەی کە ئێمە ئەبینین بەرگ دەبەر کردنی ژنان، داپۆشینێکی کامڵ نەبووە، حیجاب بەو مانایە لە کوردستان دا نەبووە پێم وایە لەبەر ئەوەیە ئەو ج
یابوونەوە و جیاوازی یە لە بەینی  کاری  ناوماڵ و کاری دەرەوە بەو شێوازە لە ناو کوردستان دا زوو پەرەی نەساند و درەنگ کەوتە ناو کوردستانەوە. هەر چەند لەو ئاخرانە دا ئەو شتە  ڕووی دا و ژنەکان چوونە ناوماڵەوە و ژنەکان بەرگێکیان دەبەر کرد، جلوبەرگێکی کوردی کە تا ئەندازەیەک ئەتوانین بڵێین دەست و پا گیرە. من پێم وایە دەسماڵ و پشتێند ناتوانێ بەشێک لە جلوبەرگی ئاسایی و ڕۆژانەی ژنی دێهات بێ کە لەسەر زەوی دا کار ئەکەن. و پێم وایە ئەم جۆرە بەرگ پۆشینە، لیباس دەبەر کردنە تەنانەت مۆدێلەکەی لەوانەیە تازە بێت، لەوانەیە مۆدێرن و تازە بێت و قەدیم وا نەبووبێت. من کارم لە سەر نەکردووە بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم کە پێشتر ئاواهی، بەم شێوازە نەبووە. پێم وایە دەست پا گیرە. یانی ژنان ئا ئێستا بەو بەرگانەوە ناتوانن بچنە ناو شەقامەکان و سەنگەر دروست کەن و بەرخوە بدەن. بۆیە بە لحازی کولتوورییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڵێ پۆششی ژنانی کورد، پوششێکی ئازادتر بووە بەڵام ئایا ئەمە بە مەعنای ئەوەیە کە واتە ژنان لە ناو کوردستان دا ئازاد بوون یا بەرابەری بەینی ژن و پیاو هەبووە؟ بە هیچ عینوانێک ئێمە ناتوانین نەتیجەیەکی ئاوای لێ بگرین.
لە بواری سیاسییەوە، ئەگەر حیجاب وەک ئەمرێکی سیاسی تماشا کەین ئیسلامی سیاسی حیجابی سیاسی کردووە. لەو بوارەشەوە کوردستانیش هەر دەرگیرێتی، ئێمە ناتوانین بڵێین دەرگیر نییە، گەشتی ئێرشاد لە ناو سنەش دا هەیە، هەبووە. ژنانی کوردیش لە ناو شارەکاندا، لە ناو شارە کوردەکاندا، لە ناو شەقامەکاندا نەیان توانیوە ئەو جۆرە کە ئەیانەوێت پووششیان بێت. لە لایەکی ترەوە ئێمە گرووپە ئیسلامییەکانمان هەس، ئیسلامی سیاسیمان هەیە لە ناو کوردستانیشدا. تەنیا
تماشای باشوور بکەین بزانین ئیسلامی سیاسی چی بە سەر حیجاب و لیباس دەبەر کردنی ژنان لە باشووردا هێناوە. ئایا ئا ئێستا ژنان ئەتوانن لە ناو شەقامەکاندا بە ڕاحەتی لە ناو باشوور دا سەرپۆشەکانیان لادەن و بە بێ ئەوەی کە جەختیان لە سەر بکرێ هەر لیباسێک کە پێیان خۆشە دەبەری کەن. موقایسەی وەزعیەتی ئا ئێستای ژنانی باشوور بکەین لەگەڵ بیست ساڵ لەمە پێشدا وەختێک کە ئیسلامی سیاسی لەوێ ئەوەندە پەرەی نەساندبوو. ئەبینین کە ئەو کات زۆر زۆر ئازادتر بوون، کە واتە هەم لە لایەن حکوومەتی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامییەوە لە ناو کوردستانیشدا ئێمە ئەو جەختەمان لە سەرە ژنی کورد هەم لە لایەن گرووپی ئیسلامی سیاسییەکەشمانەوە، هەم بە لحازی کولتووریشەوە ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئێمە ئەوەندە ئازاد بووین. حیجاب فەقەت لەچەکە لە سەر کردن نەبووە زۆر شتی تری هەبووە کە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەی دەست وپێ گیربوونی ئەوەی کە بە ڕاحەتی کەسێک نەتوانێ کار بکا.نەقلی قەولێک هەیە لە پێشەوا قازیی محەمەد لە زەمانی کۆماریی کوردستان باسی ئەوەی کردووە کە لە نەزەری دا هەیە کە ئەگەر بکرێ جلوبەرگی پیاوانەی کوردی بە تایبەتی پێج و ئەوە بگۆڕدرێ، چونکە وەختێک ئەتۆ لە سەنگەر دای لە وانەیە ڕیشووی پێچەکەت پێش لەوە بگرێ بە دروستی دیفاع لە خۆت بکەی. نەقلی قەولێکی وا هەیە.
بەقاڵی: بەڵێ، ئەو شتە بۆ ژنانیش هەیە. جلوبەرگەکە زۆر بەرگێکی جوانە لەگەڵ ئەوە دا هەین بەڵام ئەتوانێ دەست و پێ گیر بێ.
قازی: زۆر باشە. با ئێستا ئێمە هێندێک نزیکتر بینەوە لە حاڵ و هەوای ئێستا. ئێستا لە ١٦-ی سێپتامبرەوە نزیکەی ٦ حەفتەیە حەڕەکەتی یا بڵێین شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، شۆڕشی ژینا دەستی پێکردووە. ئەمن داخویانییەکم دیت وا بزانم ئی شەخسییەتێکی مەزهەبی بوو ئی ناوچەی سەقز وا بزانم پشتیوانی کردبوو لە بزووتنەوەی خەڵک. پێم خۆشە بزانم بۆچوونی ئەو لایەنەی کە بە ئیسلامی سیاسی دادەندڕین لە پێوەندی لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانانەی ئێستا چۆنە؟
بەقاڵی: ئا ئێستا ئێمە چەند دانە گرووپی ئیسلامیمان هەیە لە دوای فەوتی ڕێبەرە فکرییەکانیان. جەماعەتێک هەن بە ناوی " جەمعییەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران " کە زۆر موتەئەسیرە لە ئیخوان ئەلموسلیمینی جەهانی، ڕێبەرە فکرییەکەشی هەر ناسر سوبحانی بووە. مەکتەب قورئان دوو باڵی سەرەکی هەیە، باڵێکی سەعدی قوڕەیشی هەیە  کە خۆیان وەک " شووڕای مودیرییەتی مەکتەب قورئان" ناو ئەبەن، باڵێکیشمان هەیە بە ناو حەسەن ئەمینی کە ناویان " شووڕای مەکتەب قورئانی کوردستان" ە. هەر وا جیهادییەکانیشمان هەیە، سەلەفییەکانیش، سەلەفییە جیهادییەکان. سەلەفییە جیهادییەکان و هەر وا باڵی حەسەن ئەمینی شایەد بڵێین تۆزێک لە پەراوێزن. دیارە سەلەفییەکان کە ئەسڵەن  ئەلئان ڕێکخراوەیەکی ئەوتۆیان نییە کە بتوانن رێئاکشنێکیان بێ نیسبەت بەو شتەی کە ڕوو دەدا. کۆمێنیکەیشنێکیشیان نییە لەگەڵ خەڵک، نە لەگەڵ خەڵک دا و نە لەگەڵ دەوڵەت دا. زۆر پەرتەوازتر لەوەن بەڵام بە تایبەت ئەمە باڵی سەعدی قوڕەیشی مەکتەب قورئان و جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحە کە واکونشیان نیشان دا نیسبەت بەم شتە کە ڕووی داوە. بەیانییەیان دا، بەیانییەیەکەی مەکتەب قورئان باڵی سەعدی قوڕەیشی باس لەوە ئەکات کە ئێمە ڕێکخراوەیەکی سیاسی نین کە واتە مەجبوور نین بۆ هەموو ڕووداوێکی سیاسی واکونێش نیشان بدەین بەڵام لە نیهایەت دا نیشان ئەدات کە دەنگیان ئەخەنە پاڵ دەنگی خەڵکەوە. بەیانییەکەی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران ئەیدات سەرنجڕاکێشترە لەو نەزەرەوە کە وەزعییەتی ئیسلام سیاسیمان لە ناو کوردستان دا بۆ ڕوون ئەکاتەوە. دەعوەت و ئیسلاح بەیانییەکەی لەم ئاخرانەوە ئەدا وە دیاریشە کە ئەندامەکانی زۆریان لێ کردووە کە ئەم بەیانییە حەتمەن بدات و ڕوونکردنەوەیەکی بێ. ئەلێن ئێمە مەرگی مەهسا ئەمینی – بە ناو مەهسا ئەمینی ش ناوی ئەبەن  نە ژینا -  وای نیشان ئەدەن کە ڕووداوێکە وەک ڕووداوەکانی تر، کە ئێمەش وەک تەشەکولێکی مەدەنی  پێویست ناکا هەمیشە واکونێش نیشان بدەین جا دواییش دژی ئەو توند و تیژیانەن  کە ڕوو دەدا بەڵام توند و تیژییەکان وا نیشان ئەدەن کە لە لایەن هەر دوو تەرەفەوە بووە. مەسەلەن توندو تیژییەک کە لە بەلووچستان کراوە مەحکووم ئەکەن، توندو تیژییەک کە لە کوردستان کراوە مەحکووم ئەکەن و هەر وەها تێرۆریزمێک کە لە شاهجراغ [_ی شیراز] کراوە. یانی زمانێکی حکوومەتی. لە نیهایەتیش دا ئەڵێن با بێین گفتوگۆ بکەین، گفتوگۆ لە بەینی کێ دا؛ ڕێفۆرمخواز و ئوسوولگەرا. یانی چی جون دێن ئەڵێن سەدا و سیما کارێکی زۆر باشی ڕێک خستووە
وئێمە ئەبێ ڕێز لەو کارە بنێین.
قازی: مەبەستت لە دەزگای ڕادیو و تێلێڤیزیۆنی ئێران ە؟
بەقاڵی: بەڵێ.یانی بەیانییەکان کامیلەن گفتوگۆیەکە لە ناو خۆیان دایە، لە ناو سیستم دا. جا ئەمانە  لە حاڵێکدا ئەڵێن ئێمە تەشەکولێکی مەدەنین کە لە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ بەولاوە یا ئابانی ٢٠١٩ و کاتێک کە شؤڕشی ئابان دەست پێ ئەکا ئەمانە ئێعلام ئەکەن ئێمە تەشەکولێکی مەدەنین لە حاڵێکدا پێشتر لەم فاسیلە دا تەواوی حەولیان ئەوە بووە وەک حیزبێک خۆیان نیشان بدەن، وەک حیزبێکی سیاسی. بارها لە دەوڵەتی ئێران دەرخاستی موجەویزیان کرد، موجەویزیان پێ نەدان، بەڵام چراغ سەوزیان پێ دان کە کارەکانیان بکەن. ئۆلگوویان ئاک پارتی تورکیا بوو لە عەرسەی سیاسەتدا و هەر وەها ئەوەندە فەعالییەتی سیاسییان بردە سەرەوە بە تایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ڕوانگەیەکی ڕێفۆرمخوازەنەشیان بوو، ئەوەندە بردیانە سەرەوە کە بوونە ئەبزارێک بۆ پێوەندی لە بەینی دەوڵەتی ئێران و وڵاتە ئیسلامییەکاندا. وڵاتە ئیسلامییە عەڕەبییەکان. ئەم کەسانە بەو فەعالییەتانەوە ئێستا بۆ شۆڕشی ژینا ئەڵێن ئێمە تەشەکولێکی مەدەنین. ئەمە دیارە سیاسەتێکە هەتا ٢٠١٩ پشتیوانییان لێ ئەکرد ڕێفۆرمخوازنە بوو، ئەم سیاسەتە هەڵوەشاوەتەوە. لە لایەن جارێک ڕاپەڕینی ٢٠١٧، جارێک ڕاپەڕینی ٢٠١٩ ئەم سیاسەتە هەڵوەشاوە و سیاسەتێکیان بۆ نەماوە کە بیکەن بۆیە مەجبوورن خۆیان وەک تەشەکولێکی مەدەنی نیشان بدەن.
قازی: زۆر باشە ئێستا پێم خۆش بوو بزانم جەنابت دوکتوراکەت لە سەر چی کردووە، دەکرێ لە سەر تێزەکەشت هێندێک زانیاری بدەی کە لە چی پێک هاتووە؟
بەقاڵی: پرسیاری سەرەکی من لە ناو تێزەکەمدا ئەوە بوو کە چۆن دیسکۆرسێکی دینی جێی خۆی دەدا بە دیسکۆرسێکی دینی تر. من ئەمزانی ئالوگۆڕییەک ڕووی داوە لە ناو کوردستاندا. ئێمە جاران تەسەوفمان بوو، دیسکورسێکی سۆفی مەنیشانەمان بوو بەڵام لە دوای شۆڕشی ٥٧ [ ١٩٧٩] بە تایبەت دیسکورسێکی تر بە ناوی ئیسلامی سیاسی دێتە ئاراوە و ئەمە کە تەواوی سپەیسی دینییەکە ئەگرێتە بەر. پرسیاری من ئەوە بوو کە ئەم ئاڵوگۆڕە چۆن ڕوو ئەدا. و بۆ ئەمەش هاتم کانتێکستی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی کوردستان لە دەورەی هاوچەرخدا بەڕڕەسیم کرد ئەوە کە چۆن ئەتوانێ ئەم دینە بگۆڕێت، ئەو دیسکورسانە بگۆڕێت، مەعنا و مەفاهیمەکەی بگۆڕێت و تەنانەت تاریفێک کە لە خوا هەیەتی بیگۆڕێت. پرسیارە سەرەکییەم ئەمە بوو لە ناو تێزەکەم دا.
قازی: کارەکەتان وەک کتێب کەنگێ دەردەکەوێ؟
بەقاڵی: تا ئێستا مەقالەی زۆر لێ دەرهاتووە هەڵبەت هەر بە زمان فەڕانسەیی، ئیتر کتێبەکەشی هەر خەریکم لە سەری و هیوادارم بڵاو بێتەوە.
قازی: ئێستا با بگەینە سەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دیارە پێشتریش لەو بارەیە لەم بەرنامەیە دا قسە کراوە بەڵام پێم خۆش بوو بؤچوونی بەڕێزیشت بزانم. پێت وایە ئەگەر هاتبا ژینا لە سەقز کووژرا با و لە سەقز ئەو هێرشەی کرابا سەری ئەو ڕووداوە بەو شێوەیە دەیتوانی دەنگ بداتەوە چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی جیهانی دا؟
بەقاڵی: ئێستا پرسیارەکە ئەتوانین بە دوو شێوە بکەین،ئەگەر لە سەقزدا بووبایە و نە لە تاران دا، ئەگەر ژینا سەقزی نەبووبایە، و تارانی بووبایە و هەر لە تاران دا بووبایە ڕەنگە شۆڕشێک هەر بووبایە چونکە لە ناو کوردستان دا ئێمە ئەوەندە ڕێکخراوەمان هەیە و کۆمەڵگای مەدەنی ئەوەندە قەوی هەیە کە شتی وا قەبووڵ نەکات و بتوانێ بیکاتە شۆڕشێک بەڵام  ئەوەی کە ئایا ئەیتوانی ئەم شۆڕشە بنێرێ بۆ شوێنەکانی تر ڕەنگە لەوەدا کێشەی بۆ دروست بووبایە. ئەوەی کە ژینا لە تاران وای لێ هات بە نەوعێک تارانیشی هەستاند و یارمەتی ئەو شۆڕشەی دا کە پەرە بگرێ، پەرە بسێنێت لە شوێنەکانی تری ئێران، ئەگینا لەوانە بوو هەر ڕاپەڕینێک بوایە بەڵام  هەر لە ناو کوردستاندا بمایەتەوە.
قازی: بەڵام ئەوشێوەیەی کە ڕێوڕەسمی ئەسپاردە کردنی کرا ئەوە تەئسیرێکی زۆری هەبوو بەتایبەتی ئەو ڕستەیەش کە لە سەر کێلی گۆڕەکەی نووسرا " ژینا گیان تۆ نامری ناوی تۆ ئەبێتە ڕەمز" کە ئەو قسەیە بە ڕاستیش دووربینییەکی قووڵی تێدایە.
بەقاڵی: ئەمە هوشیاری ئەو خەڵکە نیشان ئەدا کە چۆ، لە کوێ دا، کێ چی بکات و هەر کەسە چۆن ئەتوانێت خزمەت بکات بەو دۆزە.
قازی: لە سەر مەسەلەی کاراکتێریزە کردنی، واتە ناو لێنانی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە ئایا لە ڕوانگەی جەنابتەوە وەکوو کەسێکی کە چالاکێکی فێمێنیستی دەکرێ بەوە بڵێی شۆڕشێکی فێمێنیستی یا چۆنی دەبینی؟

بەقاڵی: ناتوانم بڵێم شۆڕشێکی فێمینیستی بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم ئەمە ڕاپەڕینێکی فێمێنیستی یە. بۆ حاڵی بوونی باشتر لەمەش ڕەنگە باشتر بێ بگەڕێمەوە بۆ کانتێکستێک کە ئەم ڕاپەڕینە لێوەی هاتووە.
جمهووری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە تووشی قەیرانی جۆراجۆر ببوو، هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ٥٧وە کاتێک کە بە دەسەڵات گەیشت. قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بەڵام زۆر سەرچاوەی نەبوو کە وڵامی ئەو قەیرانانە بداتەوە نموونەیەکتان بۆ ئەڵێم بۆ وێنە لە بواری ئابوورییەوە تەنیا سەرچاوەی کتێبی " اقتصاد ما " بوو ئی محەمەد باقری سەدر. ئەو کتێبە یەک سێری شتی زۆر زۆر گشتی لە سەر ئابووری ئەڵێت بە تەمایە ئابوورییەک ئیسلامی مەعرفی کات، لە سووڕەتێک دا هیچ چوارچێوەیەکی نییە. جمهووری ئیسلامی زۆر زوو بۆی دەرئەکەوێت بەم شتانە ناتوانێ وڵاتێک ئیدارە بکات. لە نیهایەت دا لە دوای شەڕ[ی ئێران- عێڕاق] ڕوو ئەکاتە سیستمی نێئۆ لیبێرالیسم و سیاسەتەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو. ئەم سیاسەتانە پەیڕەو ئەکات نەتیجەی ئەم سیاسەتانە  یەکێک لە ئاکامەکانی ئەوەیە ئێمە بێین هەموو شتەکانی پووڵی کەینەوە، بێین هەموو شتەکان بفرۆشین. نەخۆشخانە، مەدرەسە، فەزا سەوزەکان. تەواوی ئەمانە بە کێ ئەفرۆشێ، بە سپای پاسداران واتە لە نیهایەت دا ئێمە چیمان ئەبێت، ئێمە نەوعێک نێئۆ لیبێرالیسمێکی زۆر ڕووت و توند و تیژی کە شێوازێکی مافیایی بەخۆیەوە ئەگرێ. کاردانەوەی ئەم سیستمە چییە خەڵکێکی زۆر فەقیر ئەبن، تەواوی شتەکان ئەفرۆشرێن مەسەلەن خوێندن دەکرێتە پووڵی، نەخۆشخانە دەکرێتە پووڵی، خەڵکێکی زۆر ئەچنە ناو پەراوێزەوە، پەراوێزی ناو شارەکان. جاری وایە بڕێک لە شارەکان بۆ وێنە لە سنە قەراغ شار سی تا چل لە سەدی شار ئەگرێتە خۆی. مەناتقێک دروست ئەبن بە ناوی مەناتقی " غەیرە ڕەسمی". مەناتقی غەیرە ڕەسمی یانی تەنانەت دەوڵەتیش ئیتر ئەو گەڕەکانە ناناسێت. ئەمە چی لێ ئەبێتەوە؟ ڕاپەڕین. ڕاپەڕینی ٢٠١٧ی لێ ئەبێتەوە، ڕاپەڕینی ٢٠١٩ی لێ ئەبێتەوە. ڕەنگە زۆر کەس تا ئێرە لەگەڵ من دا بێت، کەسانێک کە ڕوانگەیەکی چەپیان هەیە هەڵبەت. ئەم ڕاپەڕینانە ئەبنە هۆی ئەوە کە سیاسەت هەڵوەشێتەوە. ئەمە قسەی ئالەن بادیۆ یە، فەیلەسووفی سیاسی لە فەڕانسە. باس لەوە ئەکا کە بڕێک لە ڕاپەڕینەکان کە لەملا و ئەولا ڕوو ئەدەن، لە فەڕانسەش ڕووی دا بوونە هۆی ئەوە کە بۆچوونی خەڵک نیسبەت بە سیاسەت  زۆر بگۆڕدرێ. یانی ئەڵێ ئەسڵەن سیاسەت هەڵئەوەشێتەوە. ئەم شتە لە ئێران دا لە کاتی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ ڕوو ئەدا ئیتر خەڵک تماشای ڕێفۆرمخواز و ئوسوولگەرا ناکات. سیاسەت بە مەعنای ئەوە کە پێوەندییەکی دیالێکتیک لە بەینی سیاسەتەکان دا ئیتر ئەم شتە لە ناو جمهووری ئیسلامی دا نامێنێ. زۆر کەس هەتا ئێرەش هەر لەگەڵ من دایە بەڵام  ڕوانگەی جۆراجۆر لە سەر ئەمە هەیە کە ئایا شۆڕشی ٢٠١٩ کە ئەبێتە شۆڕشی ژینا ڕاپەڕێنێکی فێمێنیستی لە ناو خۆیدا هەیە یان نا؟ کەسێکی وەکوو یۆسفی ئەبازەری
مەسەلەن کە کۆمەڵناسێکە لە زانکۆی تاران پێی وایە کە ئەمە نەتیجەی شۆک دەرمانییەکە جمهووری ئیسلامی خۆی بووەتە هۆکاری دروست بوونی. بە چ شێوەیەک سیاسەتە نێئۆ لێبڕاڵییەکانی جمهووری ئیسلامی بتەوێ و نەتەوێ ئەم ڕاپەڕینانەی دروست ئەکرد و ناڕەزایەتی دروست ئەکرد. کە وایە باشتر وایە کە بێین شۆک دەرمانییەک لە کۆمەڵگا بدەین و ناڕەزایەتییەکان لە عەرسەی ئابوورییەوە بگواژینەوە بۆ عەرسەی فەرهەنگی.عەرسەی فەرهەنگیش پێی وایە کێی تێدایە ئەکتەرەکانی کێن ژنان، نەتەوە پەراوێزخراوەکان کە ئەو بە ناوی " اقوام"  ناوی ئەبات. پێی وایە ئەمە شتێکی فەرهەنگی یە و ئەمە لە کۆنتڕۆڵی دەر ئەچێت  وە لە نەهایەتدا ئەم شتە ڕوو ئەدا کە ئێمە ئەیبینین. بەڵام من کامیلەن موخالیفی ئەم شتەم. بە پێچەوانەوە ئەم ڕوانگەیە چەند ئیشکالی هەیە. یەکێک ئەوە کە ئێمە بڵێین مەسەلەی ژنان، پرسی نەتەوە پەراوێزخراوەکان پرسێکی کولتووری یە ئەمە ڕوانگەیەکی حکوومەتی یە. جمهووری ئیسلامی تەواوی تەلاشی لە بەرابەر ئەو دوو پرسە دا ئەوە بووە کە ئەو پرسانە سیاسەت زودایی بکات و بیانهێنێتە عەرسەی کولتوورییەوە. مەسەلەیەکی تر ئەوەیە ئایا ئەم کەسانەی کە ئەو بۆچوونەیان هەیە نەیانتوانیوە، هێشتا نەیانتوانیوە بەینی نەتەوە پەراوێزخراوەکان، پرسی جینسی جینسییەتییەکان، پرسی چینایەتی بەینی ئەمانە بەیەکەوە گرێ دەن. یانی گرێیەک لە بەینی ئەمانەدا نابینن.
قازی: یانی ئەوانە لێک بەستن
بەقاڵی: بەڵێ لێک بەستن. تەنیا چینایەتییەکە، مەسەلەی چینایەتییەکە ئەبینن. وە ئەو دوانەی تر ئەخەنە پەراوێزەوە. هەر ئەو دوانەش نین، زۆر شتی تر هەن لەگەڵی دا. ئەم ڕوانگەیە ئەم کێشانەی هەیە و مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە ئەو پێی وایە ئێستا جەخت کراوە لە سەر ژنان و لە سەر نەتەوەکان. لە حاڵێکدا جمهووری ئیسلامی بنەمای خۆی لە سەر کۆنتڕۆڵی جەستەی ژن داناوە هەر لە سەرەتاوە لە ساڵی ٥٧وە. کاتێک کە لە ٢٠١٩ ئیتر ئەبینێ تەواوی سیاسەتەکانی هەڵوەشاوەتەوە تەواوی هەوڵی ئەوەیە، پەلەقاژە ئەکا بۆ ئەوەی ئەو بنەمایە ڕاگرێت، ئەو بنەمایە کە لە سەر کۆنتڕۆڵی جەستەی ژنە.  بۆیە دێت حیجاب بوودجەکەی ئەوەندە زۆر ئەکاتەوە، ستادی بۆ دروست ئەکا و گەشتی ئیڕشادی بۆ دروست ئەکا. لەو لاوە دێت ئەیەوێ کۆنترٶلێ زاو و زێ بکات، کارە بەو حەدە دەگات دێت ئەو ژنانەی کە حامیلەن سەبت ئەکات بۆ ئەوەی کە نەهێڵێ منداڵ لەبەر بەرن، لەبارچوونی ژێر زەمینی بکەن. بە شیدەت ئەیەوێ بەدەنی ژن کۆنتڕۆڵ کا چونکە ئەمە بنەمای جمهووری ئیسلامی یە، ئەمە شتێکی پەراوێزخراوی فەرهەنگییەکە کە جمهووری ئیسلامی بییەوێ لەو  عەرسە دا شەڕ بکات نییە، بەڵکوو بنەمایەتی. بۆیە من پێم وایە ئەمە ڕاپەڕینێکی فێمێنیستیشە چونکە ژنان لەم ڕاپەڕینە دا ئەیانەوێ جەستەی خۆیان وەرگرنەوە لە جمهووری ئیسلامی.
قازی: بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە ئەو حەڕەکەتە، ئەو ڕاپەڕین و سەرهەڵدانانە  لە ماوەیەکی ئاوا کورت دا زۆر شتی گۆڕیوە و بێ گومان زۆر شتیش دەگۆڕێ بێ ئەملاو ئەولا، بەڵام لە باری نەریتییەوە ئەگەر تەماشا بکەی چەمکی فێمێنیزم کە دە ڕاستی دا یەک چەمک نییە  و وەک دەزانی ئەنواعی بۆچوونی فێمێنیستی هەیە لە ئاستی جیهانی دا. پێت وایە ئەو نێهزەتەی کە دژی حیجابی زۆرەملی پەیدا بووە و ئەو دەورە پێشەنگایەتییەی کە ژنان توانیویانە لە کۆمەڵی ئێران و بە تایبەتی  لە ڕۆژهەڵاتدا بیگێڕن  چەند دەتوانێ ئەو فکرە هەڵەیەی کە لە سەر چەمکێکی وەک فێمێنیزم هەیە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک دا – ئەمن باسی هەڕەمەی گەل دەکەم، نەک توێژێکی تایبەتی – یانی چۆن ئەوە بڕەوێنێتەوە و ڕوانگەیەکی موسبەت دروست بێ یانی ئەوە قبووڵ بکرێ کە بۆ وێنە کاتێک یەکێک لەچکەکەی فڕێ دەدا ئەوە نیشانەیەکیشە لە ئازادی وەک لە دروشمەکەشدا هەیە.
بەقاڵی: ئەو لەچەک فڕێدانە، یا لەچەک سووتاندنە لە پێش هەموو شتێکدا جۆرێک بەرپەرچدانەوەی ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامی سیاسی کە جمهووری ئیسلامی بنەماکەی لە سەر ئەوەیە. باسم لەوە کرد کە ئیسلامی سیاسی یانی جمهووری ئیسلامی بنەماکەی لە سەر ئەو شتەیە، ئەگەر کات ببێ باسی ئەوەش دەکەم  کە بۆچی پێم وایە جمهووری ئیسلامی بنەمای خۆی لە سەر کۆنتڕۆڵی جەستەی ژن داناوە وە حیجاب بووەتە سەمبولێک، سەمبولی ئەسڵی، ئەگەر لابدرێ لەوانەیە ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەسەر دابێت یا بنەماکەشی بڕووخێت. ئەمە چەندە کاریگەری لە سەر زێهنییەتی خەڵک داناوە، لە سەر گۆڕانی زێهنییەت داناوە ئەتوانم بڵێم شۆکێکی لێداوە، شۆکێکی نە تەنیا لە خەڵکی ناو ئێران داوە بەڵکوو  لە خەڵکی تەواوی وڵاتە ئیسلامییەکانیشی داوە هەرچەند کە وڵاتە ئیسلامییەکان هێشتا بە تەردیدەوە تماشای ئەو شتە دەکەن. بەڵام لە ناو خەڵکی ئێراندا لانی کەم توانیویەتی  ئاوڕێک بداتەوە لەوەی کە ئێمە بۆچی دەبێ جەستەی ژنان کۆنتڕۆڵ بکەین. دیارە باسی فێمێنیسم تەنیا لەوە دا کورت نابێتەوە کە ئێمە  جەستەی خۆمان وەرگرینەوە. نا، زۆر شتی تری لە پەنا دا هەیە بەڵام لە سەر ئەمە ئەتوانین خۆشبین بین کە  خەڵک ئیتر ئاگاهبووەتەوە کە ژن جەستەی خۆی، خۆی ئەبێ کۆنتڕۆڵی کات، خۆی ئەبێ بڕیاری بۆ بدات. ئەمەش شتێکی کەم نییە بە ڕای من.
قازی: زۆر باشە، دەزانین کە لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیش لە هێندێک ناوچەی جوغرافیایی دا دوو گەلی کورد و تورکی ئازەربایجانی بەیەکەوە دەژین و لە ڕووی مێژووییەوە  هەر دووکیان لەو ناوچانە بوون و هاوژینییەکی هێمنانە لە ناویان دا هەبووە- ناوی جەنابیشت لێرە دا هاتە گۆڕێ -، بەڵام هەر چۆنێک بێ لە هێندێک بڕگەی مێژووییشدا وەزعی زۆر ناخۆش هاتووەتە گۆڕێ بۆ وێنە ئەو شەڕەی لە ساڵی ١٩٧٩ لە نەغدە قەوما لە نێوان کورد و توورک یا شیعە و سوننی و بەو مانایە نییە کە لایەنی کوردیش هیچ لایەنی مەنفی نەبووبێ بەڵام  چونکە کورد لایەنی دەوڵەتی نەبوو دیارە لایەکەی دیکە جوورەیەک پشتیوانی دەوڵەتی هەبوو. ئەو ڕووداوە وەزعێکی زۆر ناخۆشی دروست کردووە و بە تایبەتیش  لەو ساڵانەی دواییدا لە ژێر تەئسیری نکووڵی کردن لە هوویەتی جۆر بەجۆر لە لایەن جمهووری ئیسلامییەوە، زەمینەی ئەوە ساز بووە کە هووییەتی نەتەوەیی بێنە ڕوو وسەرهەڵێنن. ئەوە لە ئازەربایجانیش تا ڕادەیەکی زۆر دەبیندرێ و ئەوە لەوانەیە زەمینەی ئەوەش پێک بێنێ کە لە دەرەوەش ڕا تەئسیر لە سەر مەسەلەکە دابندرێ، هەر لەسەر مەسەلەی کورد نا، لەسەر مەسەلەی ئازەربایجانیش ئەوە هەیە. بەڵام وا دەردەکەوێ ئەو وەزعەی کە لە چەند حەفتەی ڕابردوو ڕا هاتووەتە گۆڕێ ئاتمۆسفێرێکی هێندێک نەرمتری ساز کردووە، بۆ نموونە دوێنێ شەوێ باسێکی ٧ ساعەتی هەبوو لە پلاتفۆڕمی کلاب هاوس دا لە نێوان ڕووناکبیرانی کورد و ئازەربایجانی دا، یا چالاکوانانی سیاسی کە بەیەکەوە گفتوگۆیان دەکرد. پێت وایە لەو بارەیەوە ژنی کورد و ژنی تورکی ئازەربایجانی دەتوانن ڕۆڵی زۆر چالاکتر بگێڕن بۆ ئەوەی بتوانن لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە دا دروست بکەن؟ بۆچوونی بەڕێزت لەو بارەیەوە چۆنە؟
بەقاڵی: بەڵێ کامیلەن هاودەنگم لەگەڵتان دا. بە ڕاستی ئەمە دەتوانێ هەلێک بێ بۆ یەکگرتنی ژنانی تورک یان ئازەری بڵێین هەر چۆنێک کە خۆیان پێناسە دەکەن لەگەڵ ژنانی کورد دا و هەڵبەت لەگەڵ ژنانی تریشدا، ژنانی عەڕەب، ژنانی فارس، ژنانی بەلووچ بەڵام چونکە لە بواری جوغرافیاییەوە ئێمە لە یەکتری نزیکین بۆیە باسی ئەمە ئەکەین. چونکە خاڵی هاوبەشیان زۆرە یانی مێکانیزمەکە، فەزاکە هەیە بۆ ئەوەی کە ئەم ژنانە یەک کەون. تماشا کەن ئێمە ژنانی تورک و ژنانی کورد هەر دووکمان لەگەڵ دوو دانە پرس دا ڕووبەڕووین، وەکوو فێمێنیست هەڵبەت. فێمینزمێک کە لە مەرکەز دا هەیە کە زۆر جار فێمێنیزمێکی مەرکەزگرە و ڕوانینی بۆ پرسی ئێمە و پرسی ژنان لە  ئازەربایجان، لە کوردستان  ڕوانینێکی تەنانەت ئۆریانتالیستی یە . ئێمە لە لایەکەوە ئەتوانین بەیەکەوە یەک بگرین و دژی ئەوە بین دژی ئەو ڕوانینگە مەرکەز گرییەی ڕەوتی فێمێنیزم بین، فێمێنیزم لە تاران، تاران وەک مەرکەز ناو ئەبەم، لە لایەکی تریشەوە ئەتوانین ئاوڕێک لە کۆمەڵگاکانی خۆمان  بدەینەوە و ئەو مەسەلانەی کە لە ناو کۆمەڵگەی خۆمان دا لەگەڵیان ڕووبەڕووین بەیەکەوە بەرڕەسی بکەین. هەر دوکی ئەتوانم بڵێم دوو کۆمەڵگەن کە پیاوسالاری تێدا هەیە و ناسیۆنالیسمێکی ڕووت ئەم پیاوسالارییە قەوی ئەکا کە هەم ژنی فێمێنیستی تورک و هەم ژنی فێمینیستی کورد لەگەڵ ئەم شتەدا ڕووبەڕووە. بۆیە ئێمە ئەو دوو خاڵە هاوبەشەمان هەیە و بە باشی ئەتوانین پشت بە پشتی یەک  بەرەنگار بوونەوەمان لەگەڵ ئەم دوو شتە بەرینە پێشەوە.
قازی: ئەگەر ئێمە تەماشای ڕەوتی ئەو ملە و خەباتە بکەین  و وای دابنێین کە سەردەکەوێ و دیارە زۆر لە بۆچوونەکانیش، یانی ئەو پێشبینییانەی کە دەکرێ پێیان وا نییە کە ڕێژیم بتوانێ ئەو حەڕەکەتە دابمرکێنێ. بە بۆچوونی بەڕێزت لەئەگەری سەرکەوتنی ئەو حەڕەکەتە دا تەئسیرات و ئیمپەکتی چ دەبێ لە سەر وەزعی ژنان بە گشتی لە وڵاتانی ئیسلامی؟


بەقاڵی: هەتا ئێستا هەر سەرئەکەوێ، تا ئێستاش سەر کەوتووە. ئەگەر شۆڕش کورت نەکەینەوە لە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و بزانین کە پێش لە هەموو شتێک ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، بنەما کۆمەڵایەتییەکانن کە زۆر گرینگن کە ئاڵوگۆڕیان بە سەر دابێ. ئەگەر ئاوا ڕوانینێکمان بێ من پێم وایە تا ئێستاش سەر کەوتووە ئەو شۆڕشە. بۆ تەئسیرێک کە لە سەر کۆمەڵگانی تر دا، وڵاتانی تر دا هەیەتی دیسان ڕەنگە بێمەوە سەر بابەتەکەی خۆم کە ئیسلامی سیاسی یە. ئیسلامی سیاسی لە ناو میسر و پاکستان بە تایبەت لەم دوو وڵاتە دا تێئۆریزە کرا و لە ناو ئێراندا بە دەسەڵات گەیشت. هەر لە سەرەتاشەوە قەیرانی زۆری بوو،قەیرانی تێئۆری زۆری بوو، بەڵام زۆر هەوڵی ئەدا خۆی لەگەڵ زرووف دا بگونجێنێت. لەگەڵ مارکسیزم دا مەسەلەن کتێب دەر ئەکات مەسەلەن ئیسلام و مارکسیزم، ئیسلام و سەرمایەداری، ئیسلام و نێئۆ لیبێرالیسم، ئیسلام و مۆدێرنیتە، ئیسلام و دێمۆکڕاسی هەر لەهەوڵ دابووە کە خۆی لەگەڵ زرووف دا ڕێک بخا. لە عەمەلیشدا خۆی ڕێک دەخست مەسەلەن نموونەیەکمان هەیە لە ناو تورکیا  کە نەتەنیا هێزێکی سیاسی بوو بەڵکوو هێزێکی ئابووریش بوو، ئەگەر بڕوانین مەسەلەن ئاسۆساسیۆنێک بە ناوی موسایید لە تورکیا چۆن لە ٢٠٠٠ وە هەتا ٢٠١١ کاتێک کە تورکیا پەیرەوی لە سیاسەتە نێئۆلیبێرالەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو ئەکات، چۆن ئەوان دێن پانزدە لە سەد لە داهاتی نەتەوەیی تورکیا بە دەستەوە دەگرن، ئاک پارتی بە ناو ئەم ئەنجومەنەوە. لە ئەندۆنێزیش هەر ئەو شتە ڕوو ئەدا، ئێرانیش هەڵبەت. بۆمان دەر ئەکەوێ کە چۆن ئیسلامی سیاسی پێک دێت، چۆن خۆی رێک ئەخات. بەڵام لە نیهایەت دا وەختێک کە ئەم زرووفە تووشی قەیران دەبن، نێئۆلیبێرالیسم کە تووشی قەیران ئەبێت ئەویش تووشی قەیران ئەبێت. قەیرانەکان بوونە هۆی ئەوە کە بە بونبەستێکی تێئۆری بگات ئیسلامی سیاسی، ئەم وەزعییەتە کەسێکی وەکوو ئاسەف بەیات بە " پەسا ئیسلامیسم" ناوی ئەبات. من پێم وایە ئەم شۆڕشە کە لە ئێراندا خەریکە ڕوو ئەدات، لە حاڵی ڕوودان دایە جۆرێک ئێعلامی شکستی ئیسلامی سیاسییە، نەوعێک ئێعلامی پەسا ئیسلامیسمە. وە لە ناو وڵاتە ئیسلامییەکاندا هەر وا کە وتم لە بڕێ شوێن دا هەوڵی بۆ ئەدەن. ئێمە دوو حەفتە لەمەو پێش گرووپێک لە نەجەفەوە هاتبوون، گرووپێکی فێمێنیستی لە نەجەفەوە هاتبوون بۆ کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیی کە لە ناو پاریس دا بەڕێوە چوو، زۆربەی بەشداران لە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە هاتبوون. دەیانگوت ئێمە لە نەجەف هیچ ئەمنییەتێکمان نییە کە باسی ئەو شتە دەکەین کە لە ئێران ڕوو ئەدا. یانی ئێستا گەورەترین بڤە لە ناو نەجەف دا ئەوەیە کە تۆ خەریک بی باسی ئەوە بکەی لە ناو ئێران دا چ ڕوو ئەدا بۆ ژنان. یانی تەنانەت ئەوان تەهدیدی گیانی کراون ئەو گرووپە. کە واتە گرووپهایەک هەن کە هەوڵ ئەدەن بەڵام خەڵکی ئاسایی بە تەردیدەوە هێشتا تماشای بارودۆخی ئێستای ئێران ئەکەن بە تایبەتی لە ئەفریقا ، لە بەشی جنووب و ئەمانەی دا هێشتا هەر بەتەردیدەوە لێی ئەڕوانن بەڵام وەک ئاسۆیەکە بۆ ژنان.
قازی: بەڕێزت دیارە ئاگاداری کە ئەو شۆڕشە بووەتە هەوێنێک بۆ زۆر کاری هونەری لە ڕۆژهەڵات و لە ئێران. یەکێک لەو کارانە وەک دیاری گەیشتووە بە تێلێڤیزیۆنی ستێرک، دیارە تێکستەکەی بە فارسی یە بە یەکەوە گوێمان لەو کلیپە دەبێ و تەماشای دەکەین و زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەم  بەرنامەیە دا و هیوادارم بە زووییش تێزەکەت وەکوو کتێب دەربکەوێ.
بەقاڵی: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست ئێستا بەیەکەوە کورتە ڤیدێئۆیەک دەبینین  و گوێی لێ دەگرین، پارچەیەکی هونەرییە. تێکستەکەی بە زمانی فارسی یە.  تا بەرنامەیەکی دیکە ماڵاواییتان لێ دەکەم.

تێبینی ئەم وتوێژەی بەرنامەی ڕاوێژ  لە ئێوارەی پێنجشەمە ٣-ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=ZvLcKJMc9gQ











 

No comments: