Sunday, July 30, 2023

وتوێژی دووەم لەگەڵ دوکتور نەجاتی عەبدوڵا سەبارەت بە مێژوو نووسی کوردی، خەسار ناسی مێژوونووسی کوردی و هەر وەها گوتنەوە و شێوازی بەڕێوەچوونی وانەی مێژوو لە زانکۆکانی باشووری کوردستان

وتوێژی دووەم لەگەڵ دوکتور نەجاتی عەبدوڵا سەبارەت بە مێژوو نووسی کوردی، خەسار ناسی مێژوونووسی کوردی و هەر وەها گوتنەوە و شێوازی بەڕێوەچوونی وانەی مێژوو لە زانکۆکانی باشووری کوردستان
یەکشەمە ٢٥-ی نۆڤامبری ٢٠١٨

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور نەجاتی عەبدوڵا پسپۆڕی مێژووی مۆدێڕن و هەر وەها جێگری سەرۆکی ئەکادێمیای کوردی لە هەوڵێر. زۆر زۆر بەخێرهاتنیان دەکەین، بەڕێزیان پێشتریش لەم بەرنامەیە دا بەشدارییان کردووە، لە بەرنامەی ئەمشەو دا ئێمە باسی مێژوو نووسی کوردی، خەسار ناسی مێژوونووسی کوردی و هەر وەها گوتنەوە و شێوازی بەڕێوەچوونی وانەی مێژوو لە زانکۆکانی باشووری کوردستان دەکەین. گەلێک بەخێر بێی مامۆستا!
دوکتور نەجاتی عەبدوڵا:زۆر سپاس، منیش سپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم و سپاس بۆ بینەرانی خۆشەویستیش.
قازی: وەک دەزانی پێش ئێمە بەرنامەیەک هەبوو سەبارەت بە ڕۆژی بنەبڕ کردنی توند و تیژی لە دژی ژنان. وەکوو ڕۆژێکی جیهانی. پێشتریش لە بەرنامەکانی ئەمڕۆی ستێرک تیڤی دا و دوێنێ شەویش هەر لەو بارەیەوە قسە کرا. پێم خۆش بوو پێش ئەوەی بێینە نێو بابەتەکەمان بە کورتی دیتنی ئێوەش لە سەر ئەو ڕۆژە بزانم.
نەجاتی عەبدوڵا: خۆی لە خۆیدا بەشداریکردنی کۆمەڵگای کوردی لەم پرسە دا، لە پرسی وشیار کردنەوەی ئافرەت و پرسی بنەبڕ کردنی توندو تیژی دژی ژنان  خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو  مۆدێرنیزە کردنی کۆمەڵگای کوردی، بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان کە وا هەموو تاکەکان وەکوو یەک بە یەکسانی تێیدا بژین. من ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێکی  پیرۆز دەزانم، پیرۆز لەو بارەیەوە کە ئێمە بتوانین بەشدار بین لە ئاست ئەو توند و تیژییەی کە لە بەرانبەر ئافرەت دا هەیە هەر هیچ نەبێ  بتوانین لە ئێستا دا کەمی بکەینەوە.
قازی: ئێستا بێینە سەر بابەتەکەی خۆمان ئێمە لە پڕۆگرامێکدا کە نزیک ١٠ مانگ لەمەو بەر هەمانبوو باسی ئەو لێکۆڵینەوانەی بەڕێزتانمان کردسەبارەت  بە کورد ناسی لە فەڕانسە، یانی مژار و چەمکی کوردناسی لە فەڕانسە و ئینگلیستان کە ئێوە لەو زەمینانە دا کارتان کردووە و چەند کتێبتان بڵاو کردووەتەوە، ئەمشەو دەمەوێ ژیاتر لەسەر مەسەلەی مێژوو قسە بکەین وەکوو پێشتریش ڕامگەیاند. لەسەرەتا ڕا پێم خۆشە لەوە ڕا دەست پێ بکەین بە بۆچوونی ئێوە لە باری تێئۆرییەوە مێژوونووسی چۆن دەتوانین پێناسە بکەین؟
نەجاتی عەبدوڵا: مێژوونووسی ئەگەر ئێمە پێناسەیەکی وردی بۆ بکەین واتا مێژووی دیسیپلینی مێژوو، واتە ئەو مێژووەی لە دیسیپلینەکان و مێتۆدەکانی مێژوو دەکۆڵێتەوە لە بارەی ئەم ڕووداوانەی کە چ لەم سەردەمە دا ڕوو دەدەن و چ ئەوانەی پێشتر ڕوویان داوە. واتە بە جۆرێکی تر مێژوونووسی دەکاتە کۆی ئەو ڕووداوانەی کە وا لە ژیان و مۆدی ژیان ڕوو دەدەن وەکوو ئەو سەرچاوانەی کە بە کار هاتوون. سەرچاوە گشتییەکان ڕۆژنامە، چاپەمەنی، ئاڕشیڤ و ئەوانەی کە بەکار هاتوون و پارەی کۆن و ئەوانە هەموو دەبنە دەسکرد و سەرچاوەیەک بۆ قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بمانەوێ قۆناغێکی وەک کۆماری مەهاباد وەرگرین، بمانەوێ بزانین مێژوونووسی کۆماری مەهاباد چییە؟  ئێمە هەموو ئەو ماتریالانە و مۆدانەی ژیان و هەموو ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە ڕوویان داوە، هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان کردووە لە مێژووەکەدا، هەموو ئەو بیرەوەرییانەی کە نووسراون و ئارشیڤی ئێران و ئارشیڤی ئەمریکا و سۆڤیەت، کۆی ئەمانە دواجار دەبێتە هیستێریۆگرافی ئەوەی پێی دەگوترێ مێژوو نووسیی کۆماری مەهاباد.
قازی: دیارە ئەو مەسەلەیە ئەگەر تەماشای ڕەوتە مێژووییەکەی بکەین، یانی لە باری تاریخییەوە، کڕۆنۆلۆژیکەوە دیارە ماناکەشی هێندێک گۆڕاوە وا نییە؟ مەبەستم ئەوە بوو کە لە باری تێئۆرییەوە هێندێک باس بکەی، ئەو مێژوونووسی مۆدێڕن لە کەنگێوە دەتوانین بڵێین دەستی پێکردووە؟ بی پێوەندی دانەوە بە مێژوونووسی کوردی دوایە دەگەڕێینەوە سەر ئەوە.
نەجاتی عەبدوڵا: مێژوو زانستێکی کۆنە هەر لە سەردەمی هێرۆدۆتەوە لە پێش زایینەوە هەبووە هەتا دەگاتە سەدەکانی ناوەڕاست. لە سەدەکانی ناوەڕاست مێژوو زیاتر پەیوەست بووە بە پیاوانی قەشەی ئایینی  و زیاتر پەیوەست بووە بە تێئۆلۆژیا واتە بە خوداناسییەوە، بەڵام  لە سەدەی ١١ و لە سەدەی ١٢ هەنگاوێکی گەورەتر داوێ ئیدی لەوێوە کە شەڕی سەد ساڵە ڕوودەداتن ئینگلیستان و فەڕانسە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ یەکتر بەشەڕ دێن ئەمە هوشیاری نەتەوەیی دروست دەکا لای هەر دووکیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ڕابردووی خۆیان و سەر مێژووی خۆیان . دروست هەر لە سەدەی ١٤ و لە سەدەی ١٥ کاتێک کە چاپەمەنی دروست دەبێ ئە لەوێوە ئیدی مێژوو قۆناغێکی گرینگتر بەخۆیەوە دەگرێ، ئیدی کتێب لەوەی کە وەک دەستنووس بمێنێتەوە، وەک سەرچاوەیەک بمێنێتەوە لە لای کەس دەبێتە ماتریالێک و دێتە نێو ماڵەکان، دێتە نێو ماڵی مێژوو نووسەکان. کتێبی چاپکراو دروست دەبێ، مێژووی گرێک و ڕۆمان چاپ دەکرێتەوە، ئیتر ئەمانە دەبنە ماتریاڵێک  دەچنە ناو ماڵی خەڵک، بەڵام قۆناغی هەرە گەورەی مێژوو، هەموو قۆناغە گەورەکانی مێژوو بە تایبەتی لە سەدەی ١٩وە دەست پێ دەکات. لە سەدەی ١٩وە زانستی مێژوو قەڵەمبازێکی گەورە داوێ، قوتابخانەی تایبەت دروست دەبێتن ئەمانە تایبەت دەبن بە مێژوو، گۆڤاری تایبەت دروست دەبێ بە مێژوو، کۆمەڵەی مێژوو نووسان دروست دەبێتن ئەمە هەموو  باسی ئوڕووپا دەکەم باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆمان ناکەم. بەڵام دواتر لە سەدەی بیستەمەوە ئیدی قەڵەمبازێکی زۆر زانستی تر داوێ مێژوو، قوتابخانەی نوێ پەیدا دەبێتن، بۆ نموونە لە فەڕانسە قوتابخانەی
"ئانالەکان" هەیە ئەو گۆڤارەی کە لە ساڵی سییەکاندا دەریان دەکرد گۆڤارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو، دواتر ئاخرین جار کە مێژوو ئێستا پێی گەیشتووە؛ ئەوەی پێی دەگوترێ میکڕۆ مێژوو واتە ئەوەی لە سەر مێژووی زۆر نوێ کار دەکا، لە سەر مێژووی ژنان کار دەکا، لە سەر مێژووی چینە پەراوێزکراوەکان کار دەکاتن، یانی مێژوو قۆناغی زۆر زۆر گەورەی بە خۆیەوە بڕیوە و ئێستا بووەتە زانستێکی سەربەخۆ،
قازی: بەڵام ئەگەر بوارە سەرەکییەکانی لەبەر چاو بگرین پێت وایە بەشێکی کۆمەڵایەتی یە و بەشێکی مێژووی سیاسی، گەلۆ وایە ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی بمانەوێ دابەشی بکەین.
نەجاتی عەبدوڵا: نا، خۆی مێژوو بە شێوەیەکی گشتی یە، بەڵام مێژووی سیاسی هەیە، مێژووی کۆمەڵایەتی هەیە، بە تایبەتی مێژووی دەسەڵاتداری و چینەکان هەیە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەڕێوە بردووە، مێژووی ئایینی هەیە بەڵام دواجار کۆی ئەمانە هەمووی لە یەک خانە و لە یەک دیسیپلین دا کۆ دەبێتەوە کە پێی دەگوترێ مێژوو کە ئەویش ئەو زانستە گەورەیەیە هیچ زانستێک نییە بتوانێ بە بێ مێژوو بێ. هەموو زانستەکانیش مێژوویان هەیە و بۆیە مێژوو باوکی هەموو زانستەکانی ترە.
قازی: زۆر باشە، ئێستا بێینە سەر مێژوونووسیی کوردی. دیارە بە شێوەیەکی گشتی وا بزانم دە بەینی لانی کەم دە ناو توێژاڵکی خوێندەواری کوردیدا تا ئەو جێگای کە زاندراوە زۆر کەس پێیان وایە کە " شەڕەفنانە"ی شەڕەفخانی بتلیسی کە لە ساڵی ١٥٩٥- ی زایینیدا نووسراوە ئەوە دەتوانێ یەکەم مێژووی کورد بێ، کە دیارە بە زمانی فارسی نووسراوە، بەڵام وا بزانم بە زمانی عەڕەبی شتی کۆنتر هەیە. سەبارەت بە مێژوونووسیی کوردی و بە تایبەتیش  هێندێک سەرچاوە کە وەکوو مێژوو ئەهەمییەتی مێژووییان هەیە بۆ وێنە ئەو مێژووەی کە مەستوورەی کوردستانی لە ساڵی ١٨٤٦ نووسیوە یانی بە تایبەتی  لە پێوەندی لەگەڵ دۆزی ژن دا چونکە تاقە ژنێک بووە کە دەتوانین بڵێین  بۆ یەکەم جار ئەگەر جوغارافیای ئێرانیش حیساب بکەین یەکەم ژن بووە مێژووی نووسیوە. لەو زەمینانە دا سەبارەت بە مێژوونووسیی کوردی، ناوەرۆکی ئەوانە و گەلۆ لەگەڵ ئەو پێوانە و ئەو پێشوەچوونانەی کە لە زانستی مێژوونووسی دا پێک هاتووە ئەو بەرهەمانە چۆن هەڵدەسەنگێندرێن؟
نەجاتی عەبدوڵا: یەکەم بگەڕێینەوە سەر پاشخانەی مێژوونووسیی کوردی. مێژوونووسیی کوردی بە ڕاستی زۆر هەژارە. ئێمە هەتا دەگاتە سەدەکانی دەورانی ئیسلام هیچ مێژوونووسێک نییە باسی کوردستانی کرد بێ، تەنیا دەڵێن گۆیا هەندێک کەس ئەسڵی کورد دەبەنەوە سەر مادەکان، بەڵام ئەوە بە ڕاستی هیچ بەڵگەیەکی وا بڕواپێکراومان نییە
قازی: باری نەزەرییە زیاتر
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ باری نەزەری یە و مادەکان دەشێ گەلانی تریشی تێدا بێ و هەر بەس کورد نەبێ. هیچ بەڵگەیەکی واماننییە، دواتر مادەکان خۆیان هیچ بەڵگەیەکیان لە دوا بەجێ نەماوە بۆ ئەوەی بە ئێمە بسەلمێنن کە ئەوانە کوردن یان نا. ئەمە زیاتر باری تێئۆریکە. تاقە سەرچاوەیەک کە ئێمە هەمان بێ لە پێش زایین سەرچاوەیەکی سریانی یە  قەشەیەک بە ناوی قەشە زەیخا نووسیویەتی، کتێبێکی نووسیوە لە ٥٥٠-ی پێش ژایین دروست لەو کاتەی کە دەوڵەتی ماد دەڕووخێ، یانی بی زەبت لەو سەروبەندە ئەو دەستنووسەی نووسیوە ناوی " کرۆنۆلۆژیای ئەربیلا" یە، ئەم کرۆنۆلۆژی ئەربیلایە کە بە سریانی نووسراوە مێژووی هەولێر دەگێڕێتەوە لە دوو سەدەی پێش زایینی دا. ئەم سەرچاوەیە کورد نەینووسیوە دەستخەت بووە لە ساڵی ١٩١٥ لە ئەڵمانیا چاپ کراوە دوایە ئێستا خۆشبەختانە لە ئەڵمانییەوە  کراوەتە کوردی و بە فارسیش بڵاو کراوەتەوە، تەرجەمەی عەڕەبیش کراوە. ئەمە تاقە سەرچاوەیەکە کە بەدەستەوەیە، بە ناوی " کرۆنۆلۆژیای ئەربیلا" لە لایەن عەبدولموئمین دەشتی یەوە تەرجەمە کراوە. دووجاریش چاپ کراوەتەوە، بە عەڕەبی و بە فارسیش هەیە. مەنزوورم ئەوە بوو بڵێم ئێمە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەمان نییە تا دەگەینە قۆناغی ئیسلامی. لە قۆناغی ئیسلامی دا ئێمە مێژووی سەدەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی پێش ئیسلاممان زۆر تاریکە. یانی زانیارییەکی ئاوامان لەبەر دەست دا نییە تا دەگەینە سەدەی نۆیەم، لە سەدەی نۆیەم  یەکەم مێژوونووسی کورد کە ئەبوو حەنیفەی دینەوەری یە. دینەوەری کوردە، خۆی بە ئەسڵ دا کوردە خەڵکی دێیەکە نزیک کرماشان لەوێ ئەو کتێبێکی نووسیوە، کتێبێکی مێژوویی گرینگی نووسیوە بە ناوی " اخیار الطوال" بە زمانی عەڕەبی. ئەم کتێبە باسی مێژووی ئێران دەکا لە سەردەمی ئەسکەندەری مەقدوونی یەوە تادەگاتە سەدەی نۆیەم خۆی لە ساڵی ١٨٩٥مردووە، تا دەگاتە سەدەی نۆیەم باسی مێژووی ئێران دەگێڕێتەوە لەوێندەرێ لە چەند جێگایەک باسی کورد دەکا، کورد وەک نەتەوەیەک نا بەڵام مێژووی کورد دەگێڕێتەوە ئێمە دەتوانین ئیستیفادەی لێ بکەین.
قازی: وەختێک دەڵیی ئەبوو حەنیفەی دینەوەری مێژووی کورد دەگێڕێتەوە یانی لە تەسەوری ویدا کورد وەکوو چەمکێک چۆن پێناسە دەکرێ؟
نەجاتی عەبدوڵا: نا، کورد هیچ چەمکێکی نەبووە لە لای ئەو. باسی شوێنە کوردییەکان دەکاتن، باسی شار و شوێنەکان دەکاتن و هێندێک ڕووداو دەگێڕێتەوە بە پێوەند لەگەڵ مێژووی کورد دا بەڵام  وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ  باسی کورد ناکاتن. مامڵەکردن لەگەڵ کورد وەک نەتەوە مەفهوومێکی نوێ یە.
قازی: بەڵێ دەزانم نوێ یە، بەڵام ئەو چۆنی باس دەکا؟
نەجاتی عەبدوڵا: ئەو هێندێک زانیاری بە دەستەوە دەدا
قازی: دەڵێ چی، دەڵێ عەشیرەتی کورد، دەڵێ قەومی کورد؟  دەڵێ گرووپی کورد؟ چۆنی دەڵێ؟
نەجاتی عەبدوڵا: باسی مەردوم دەکا، باسی مەردومی کورد دەکاتن. ئەم کتێبە تەرجەمەی فارسیش کراوە. ئەمە ساڵی ١٨٨٨یەکەم جار لە ڕووسیا بڵاو کرایەوە.
قازی: دیارە ئەوە زۆر دواترە لە شەڕەفنامە
نەجاتی عەبدوڵا: نا ئەوە بەر لە شەڕفنامەیە ، چاپ کردنەکەی دوای شەڕەفنامەیە. ئەگینا نووسینەکەی پێش شەڕەفنامەیە. ئەمە سەدەی نۆیەم ە، شەڕەفنامە لە سەدەی شازدەهەم نووسراوە، فەرقیان هەیە.
قازی: دیارە فەرق هەیە، بەڵام یەکەم کتێبی مێژوو کە بتوانین وەک تاریخی کورد باسی بکەین کە چاپکرا بێ.
نەجاتی عەبدوڵا: بێگومان شەڕەفنامەیە.  لە دوای ئەبوو حەنیفەی دینەوەری ئێمە مێژوونووسێکی دیکەمان هەیە بە ناوی " ئەلفارقی". ئەلفارقی کتێبێکی نووسیوە بە ناوی " تاریخی میفارقین و ئامەد" ئەمە بۆ مێژووی مەروانییەکان زۆر گرینگە. ئەمە باسی سەدەی ١٣یە. ئەمە زانیاری زۆر گرینگی تێدایە لەسەر مەروانییەکان. ئیدی بەدەر لەوەوە ئێمە مێژوونووسێکی وامان نییە  کە هەموو وزەی خۆی تەرخانی مێژووی کورد کردبێ تا دەگەینە سەر دەمی مەئموونی بەگەبەگ  کە مێژووی ئەمارەتی ئەردەڵانی نووسیوە ئەمە  بەر لە شەڕەفنامە نووسیویە. یانی مەنزوورم ئەوەیە بیرەوەرییەکانی مەئموونی بەگە بەگ بەر لە مێژووی شەڕەفخانی بدلیسی بووە. بەڵام ئەمە نامیلکەیەکی بچکۆڵانەیە  باسی میرەکانی ئەردەڵان دەکاتن.
قازی: بە چ زمانێک؟  
نەجاتی عەبدوڵا: بە زمانی تورکیی عوسمانی نووسراوە و بە عەڕەبیش تەرجەمە کراوە. بەڵام یەکەم مێژوونووسیی ڕاستەقینەی  کورد، کە سەرومر هەمووی تەرخانی مێژووی کورد کردبێ شەڕەفخانی بەدلیسی یە.
قازی: با لێرە ئیستێک بگرئن. دەزانین کە شەڕەفخانی بدلیسی لە شاری قوم لە دایک بووە و ڕەنگە لە بەر ئەوەش کە ئەساڵەتەن خەڵکی ناوچەی بدلیس بووبێ بەڵام باب و ئەوانەی لە قوم بوون و دە ناو سەفەوییەکاندا پێ گەیشتووە، لە دەرباری سەفەوی دا پێگەیشتووە. لەسەر وی ئەگەر هێندێک بدوێی!
نەجاتی عەبدوڵا: شەرەفخانی بدلیسی کوڕی میر شەڕەفەدینە. میر شەرەفەدین یەکێک لەو میرانەی بوو کە لەگەڵ عوسمانییەکاندا تێک چوو، کە لەگەڵ ئەوان تێک چوو بارگەی گواستەوە بۆ لای سەفەوییەکان؛ جووە لای دەرباری ئێران لە وێندەر پێشوازییان لێ کرد و ئیدی ئە لەوێوە شەڕەفخان لە قوم لە دایک دەبێت و لە دەرباری شایەکانی سەفەویدا گەورە دەبێتن و هەر لەوێندەر دەشیکەن بە ڕاوێژکاری هەموو ئەو هۆز و عەشیرەتە کوردانەی کە وا لەو مەنتقەیە دابوون، ئە لەوێوە زیاتر زانیاری وردی بە دەست دەکەوێ لە سەر هۆزە کوردییەکان، و شوێن و دابەشبوونیان کە ئەمە ئالیکارییەکی زۆری دەکا دواتر بۆ نووسینی شەڕەفنامە چۆن لەوێ  نووسراوە.
قازی: شەڕفبامەی ئەو دەمی نووسیوە کە چووەتەوە عوسمانی و لە بدلیس بووە بە حاکم یا پێشتر نووسیویە.
نەجاتی عەبدوڵا: نا شەڕەفنامە درەنگتر نووسراوە.  بەرگی یەکەمی شەڕەفنامە لە ١٥٩٤ نووسراوە، بەرگی دووەمیشی ساڵێک بەر لە مردنی نووسراوە لە ١٦٠٢، ١٦٠٣
قازی: یانی ئەو دەمی لە عوسمانی بووە؟
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ لە وێندەر بووە. گەڕاوەتەوە وێندەر.
قازی: بڕێک ئەوانە ڕوونتر باس  بکە. مەبەستم ئەوەیە بینەران بە جوانی بۆیان ڕوون بێتەوە.
نەجاتی عەبدوڵا: یەکەم گرینگی " شەڕەفنامە" لەوە دایە یەکەم مێژووی کوردە کە وا سەر لەبەری کوردی وەکوو مێژوویەکی سەرتاسەری کوردستان تەماشا کردووە یانی تەرخانی مێژوویەکی ناوچەیەک نەبووە. بەڵام بێگومان ئێمە ڕەخنەی خۆمان لە شەڕەفنامە هەیە بەڵام هەڵی دەگرین بۆ دواتر لە دواتر باسی دەکەین. بەڵام شەڕەفنامە یەکێکە لەو سەرچاوە گەورانەی کە وا ڕۆژهەڵاتناسەکان لە ڕێگای دوو سەرچاوەوە کوردیان ناسیوە یەکەم لە ڕێگای شەڕەفنامە لە ڕووی مێژووییەکەیەوە و دووهەمیش لە ڕووی : مەم و زین" ی خانی.
قازی: ئێستا لە سەر دەسخەتەکانی شەڕەفنامە. یەکەم دەسخەتی شەڕەفنامە کە چاپ کراوە چ ساڵێک بووە؟
نەخاتی عەبدوڵا: یەکەم دەسخەتی شەڕەفنامە کە چاپ کرابێ ئەو نوسخەیە بوو کە وا سوپای ڕووسیا لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئێران لە ١٨٢٠، لە ١٨٢٦ لە ئەردەبیل ( ئەردەوێڵ) دەستیان بە سەر دا گرت بردیانە سەنت پێترزبورگ، لە وێندەر زاناکان کاریان لە سەر کرد و بەرگی یەکەمی لە ساڵی  ١٨٦٠ بڵاو کراوەتەوە، بەرگی دووەمیشی لە ساڵی ١٨٦٢ بڵاو کراوەتەوە، زێرۆنۆف چاپی کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، دوایە لە چاپەکانی تریشدا بە فەڕانسەییش تەرچەمە کراوە و لە چوار بەرگ دا تەرجەمە کراوە، یانی خۆی لە شەش بەرگدا بڵاو کراوەتەوە، دوو بەرگیان بەرگی یەکەم و دووەمی بە فارسی یە و چوار بەرگەکەی تریشیان بە فەڕانسەیی یە.
 قازی: زۆر باشە، پێم وایە یەکەم جار مەلا مەحموودی بایەزیدی حەولی داوە تەرجەمەی بکاتەوە!
نەجاتی عەبدوڵا: یەکەم کەس ئەوە حەولی داوە کە وا تەرجەمەی بکاتن. و تەرجەمەشی کردووە و تەرجەمەکەش بەو دواییانە هەندێکی بڵاو کرایەوە بە ناوی مێژووی شەڕەفنامە بە ناوی " تاریخی قەدیمی کوردستان" بڵاو کرایەوە. بەڵام مەلا مەحموودی بایەزیدی شتێکی تری کردووە دەگەڕێینەوە سەر لەوجێگایەی کە شەڕەفخان تەواو ببوو دەیویست لە وێندەر مێژووی کورد درێژە پێ بدا بە ناوی " تاریخی جەدیدی کوردستان". نووسیبووشیەوە، ئەو دەسنووسە لە لایەن ژابا ناردرا بۆ ڕووسیا بەڵام بەداخەوە ئەم دەستنووسە هەتا ئێستا هیچ چارەنووسێکی دیار نییە.
 قازی: پاشان لە میسریش چاپءکی هەیە وا نییە؟


نەجاتی عەبدوڵا: ئەمەی میسر چاپی شەڕەفنامەیە. بەڵام کوردییەکە ئەوەی مەلا مەحموودی بایەزیدی بە ناوی
" تاریخی قەدیمی کوردستان "وە تەرجەمەی کردووە ئەمە لە ڕووسیا بڵاو کراوەتەوە.
قازی: بەڵام مەبەستی من ئەوەیە کە ئەسڵی دەستخەتەکە بە  زمانی ئۆرژینال، یانی بە زمانی فارسی  لە میسر چاپ کراوە.
نەجاتی عەبدوڵا: یەکەم جار بە زمانی فارسی لە ڕووسیا بڵاو کراوەتەوە ساڵی١٨٦٠
قازی: ئەی ئەوەی میسر؟
نەجاتی عەبدوڵا: لە میسریش بڵاو کراوەتەوە، دواجار هەم تەرجەمەی عەڕەبیش کراوە، هەم مەتنە فارسییەکەشی لەگەڵە، یەحیا خەشاب و ئەوان بڵاویان کردووەتەوە، پێشەکییەکی زۆر درێژشیان لە سەر نووسیوە.
قازی: دیارە بە داخەوە کوردییەکەی زۆر دەرنگتر دەگاتە سەدەی بیست و ئەوانە، هەم بە کوردیی سۆرانی و هەم بە کوردیی کورمانجی.
نەجاتی عەبدوڵا: کوردییەکەی زۆر بە دەرەنگەوە کەوت بەڵام هەر زۆر گرینگ بوو بڵاو بکرێتەوە بە کوردی. بەڵام کوردییەکەی بەس تەنیا بەرگی یەکەم بوو، خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا بەرگی دووەمیشی بڵاو کرایەوە کە تایبەتە بە سوڵتانانی عوسمانی. دیارە مامۆستا هەژار ئەم بەرگەی تەرجەمەی کوردی نەکردووە دوایی کاک سەلاحەدینی ئاشتی تەرجەمەی بەرگی دووەمیشی کرد کە بریتییە لە میر و سوڵتانەکانی عوسمانی ئەویش خۆشبەختانە لە سلێمانی بڵاو کرایەوە.
قازی: لە باری ناوەرۆکەوە چی. ئەگەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانە تەماشای ناوەرۆکی شەڕفنامە بکرێ. باسی ئەوەت کرد لە ڕێگەی شەڕفنامە ڕا خەڵکی دەرەوە بە کوردەکانیان زانیوە، بەڵام پێت وایە خاڵە لاوازەکانی لە چیدا دەکرێ کورت کرێتەوە؟
نەجاتی عەبدوڵا: شەڕەفنامە سەرچاوتەکی زۆر گرینگە. هەر کەسێک بییەوێ لە سەر مێژووی کورد بنووسێ ناچارە بگەڕێتەوە سەر شەڕەفنامە، هیچ چاری نییە دەبێ بگەڕێتەوە سەر شەڕەفنامە. بەڵام شەڕەفنامە مێژووی بەگ و میرە کوردەکانە، مێژووی چینی سەرەوەی دەسەڵاتە، یانی شەڕەفخان نەهاتووەتە خوارێ باسی ژیانی کۆمەڵایەتی بکاتن لە کوردستانێ چۆن بووە. بۆ ئێمە زۆر گرینگ دەبوو ئەگەر باسی کرد بایە. باسی چینەکانی کۆمەڵگای تێدا نییە. باسی ژنانی تێدا نییە، باسی ژیان لەو سەردەمانە دا چۆن  بووە، کۆشک چۆن ژیایە، پاشاکان چۆن ژیانە ئەمانە هیچیانی تێدا نییە بەس تەنیا گێڕانەوەی میر و دەسەڵاتدارە کوردەکانە، ئەمەش شەڕەفنامە ئیستیفادەی لە سەرچاوەکانی پێش خۆی کردووە. ئیستیفادەی لە ثلاث ... کردووە، ئیستیفادەی لە عەلی یەزدی کردووە.
قازی: ئەوانە بە چ زمانێک بوون؟
نەجاتی عەبدوڵا: بە فارسی نووسراون. بە عوسمانی نووسراون و هێندێکیان بە فارسی نووسراون. ئیستیفادەی لە وانە کردووە، بەڵام خۆشی زانیاری زۆر بووە ئەوانەی ئیزافە کردووە و توانیویەتی ئەو مێژووە بنووسێ کە وا بۆ ئێمە ماوەتەوە.
قازی: ئەوەی کە ئەو شتانەی لە بەر چاو نەگرتووە ئایا هەستی پێ نەکردووە، لێکدانەوەی بەڕێزت چییە یانی هەستی بەوە نەکردووە مەسەلەی ژن ئەوە دێنێ باسی بکرێ یا لەبەر ئەوەیە کە ئەودەمی لە جێدا لە کۆمەڵەلە دا ڕوانگەیەکی ئاوا نەبووە  و جیاوازی جینسییەتی جێگای موناقەشە نەبووە؟ لێکدەرەوەکان چۆنی لێک دەدەنەوە؟
نەجاتی عەبدوڵا: لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا ئەو مێژووانەی دەنووسران مێژووی میر و دەسەڵاتەکان بوون بەڕاستی. مێژووی چینی سەردەستە بوو. بەڵام شەڕەفنامە بۆ نەهاتووەتە ناو مێژووی کۆمەڵایەتی و ئەوەی نەنووسیوە ئەو پرسیارە دەکرێ وڵامەکەی سەخت بێ، ئێمە نەتوانین  لێکی بدەینەوە لەبەرچی شەڕەفنامە نەهاتووە مێژووی کۆمەڵایەتی بنووسێ لەبەر ئەوەی خۆی لە چینی دەسەڵاتدارەکان بووە، لە چینی سەرەوە بووە دیارە وای بە پەسند زانیوە زیاتر مێژوویەک دروست بکا بۆ میر و دەسەڵاتە کوردییەکان تێیان بگەیێنێتن، زیاتر وشیاریان بکاتەوە بڵێ ئەمە مێژووی ئێوەیە.
قازی: بەڵام پێت وا نییە کە ئەوە لە هەموو کۆمەڵگەیەکی ئینسانیدا، لەوانەیە کابرا سەر بە چینێکی سەردەست بووبێ بەڵام خوێندەواری بە تایبەتی لە کۆمەڵی کوردی دا لە ڕێگای مزگەوت و ئەوە ڕا لە چینی سەردەست ڕا دەتوانین بڵێین دەست پێ دەکا و ئەو وشیارییە لە نێو ئەواندا پەیدا بووە. پێت وا نییە؟  بۆ نموونە دەڵێم کەسێکی کە نەخوێندەوار بێ چۆن دەتوانێ باوەڕی بەوە هەبێ کە ژن و پیاو دەبێ بەرابەر بن.
نەجاتی عەبدوڵا: ڕەنگە ئەو بیرە زوو بووبێ بۆ ئەو سەردەمە. ئەو بیرەی ئێستا ئێمە بیری لێ دەکەینەوە و ئێستا باسی یەکسانی دەکەین ڕەنگە لەو سەردەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بوونی نەبووبێ بە ڕاستی.
قازی: دوای شەڕەفنامە دەگەینە تاریخی ئەردەڵان.
نەجاتی عەبدوڵا: ڕێک تاریکاییەکی گەورە هەیە  لە دوای شەڕەفنامەوە. یانی ئێمە لە دوای شەڕەفنامەوە
قازی: تکایە ئەگەر دەکرێ ساڵەکانیش باس بکە.
نەجاتی عەبدوڵا:شەڕەفخان خۆی لە ساڵی ١٦٠٤ یا ١٦٠٥ لەو ساڵانە دا مردووە یانی بەرانبەر ئەو ساڵانە دەوەستێ. لە ساڵی ١٨٠٥ وە ئیدی مێژووی کوردی هەتیو کەوتووە. ئێمە لە سەدەی حەڤدەهەمدا هیچ سەرچاوەیەکمان لەبەر دەست دا نییە تا دەگەینە سەدەی هەژدەهەم هیچ سەرچاوەیەکی دیکەمان لەبەر دەست دا نییە. ئەمجارە بەپێچەوانە مێژوو دەبێتە مێژوویەکی محەلی، ئەوجارە ئێمە لە مێژوویەکی "نەتەوایەتی" یەوە دەگەڕێینەوە سەر مێژووی محەلییات ئەویش مێژووی ئەمارەتی ئەردەڵانە. مێژوونووسیی کوردی ئیدی لە وێندەرەوە سەر هەڵ دەداتن. زەیلێک دەنووسرێتن، عەبدولقادر ناوێک زەیلێک دەنووسێ بۆ شەڕەفنامە، مێژووی متر و بەگەکانی ئەردەڵان تەواو دەکا لە کوێ وەستاوە ئەو لەوێوە دەست پێ دەکاتن، ئیدی لەوێوە مێژوویەکی محەلی دەست پێ دەکا، کۆمەڵێک کڕۆنیکمان هەیە.

قازی: تا دەگەینە مەستوورەی قادری یا مەستوورەی کوردستانی.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ تا دەگەینە مەستوورە. مەستوورە خۆی لە ساڵی ١٨٠٥ لە دایک بووە. خێزانی خوسرەو خانی والی بووە، ئیدی لە ڕێگای ئەمەوە لە چینێکی دەسەڵاتدار بووە، کتێب لە ماڵیان هەبووە، کتێب لە دیوەخانەکانیان هەبووە توانیویە بە هاسانی دەستی بە سەرچاوەکان ڕابگا و سەرچاوەکانی مێژوو موتاڵا بکاتن، لەم ڕێیەوە ئیدی مێژوویەکی بۆ ئەمارەتی ئەردەڵان نووسیوە. مێژووەکە مێژوویەکی محەلی یە، مێژووی سەرتاسەری کوردستان نییە. مێژووی ئەمارەتی ئەردەڵانە.
قازی: دروستە، بەڵام بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە دواتر خوسرەوخانی ناکام ژیانی  لە دەست داوە و کوڕەکەی ماوەیەک حاکم بووە و پاش ماوەیەک مەجبوور بوون ئەوان ئیدی ئەرذەڵانیان بە جێ هێشتووە و هاتوون بەرەو بابان و لە سلێمانی وەفاتی کردووە. پێت وانییە ئەوە خەسڵەتی محەلی بەرهەمەکەی کەمڕەنگتر بکاتەوە، چونکە بە هەر حاڵ تێکەڵاوییەک هەبووە لە نێوان ئەو دوو ئەماڕەتە دا.
نەجاتی عەبدوڵا: خۆی هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دیاردەیەکی دەگمەنە تۆ لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە ژنێک مێژوو بنووسێ خۆی لە خۆیدا ئەمە دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە بە ڕاستی.
قازی: لە هەموو ئێرانیشدا.
نەجاتی عەبدوڵا: بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد گرینگییەکی زۆری هەیە ژنێک لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بتوانێ مێژوو بنووسێ ئەگەر مێژووەکە مێژوویەکی محەلیش بێ گرینگییەکی تایبەتی خۆی هەیە بە ڕاستی. نابێ ئێمە بە کەمی بزانین. هەر لەو دەورانە دا ئێمە هەر لە سەدەی نۆزدە کۆمەڵێک کەسی ترمان هەیە خەریکی مێژوون. مەلا مەحموودی بایەزیدی بە هاریکاری ژابا کۆمەڵێک دەستنووسی نووسیوە، یاریدەی ژابای داوە بۆ فەرهەنگی کوردی – فەڕانسەیی ، فەڕانسەیی – کوردی کە دواتر چاپ کراوە. ئەم دەستنووسانە ئێستا لە ڕووسیا پارێزراون بەشێکی زۆری لە ڕێگای مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە بووە ژابا توانیویەتی ئەم دەستنووسانە بە دەست بخاتن ئەمڕۆ ئەو دەستنووسانە بۆ ئێمە سەرچاوەیەکی گەورەن، پارێزراون و ماونەتەوە.
قازی: باشە، ئێستا ئەگەر ئێمە لەم مێژووانە بگەڕێین کە بە زمانی فارسی بوون لە سەر کورد. یەکەم مێژووی کە بە کوردی لە سەر کورد نووسرا بێ کەنگێ یە؟
نەجاتی عەبدوڵا: مەبەستت چاپ کراوە؟
قازی: بەڵێ بەڵێ، دەستخەت کە دوایە چاپ کرا بێ.
نەجاتی عەبدوڵا: ئێمە مێژووی چاپ کراومان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٥. یەکەم کتێبی مێژووییمان کتێبێکی حوسین حوزنی موکریانی یە بە ناوی: "خونچەی بەهارستان" ، لە دوای ئەوەوە ئیدی دەرکەوتنی کتێبی مێژووییمان دەست پێ دەکا.
قازی: بە کوردیی کورمانجی هیچمان نییە؟
نەجاتی عەبدوڵا: بە کورمانجی هیچ شتێکی وامان نییە لە سەر مێژوو. " عادات و ڕسوومەتنامەی ئەکرادی " مان هەیە مەلا مەحموودی بایەزیدی نووسیویە، بەڵام ئەوە بە وەختی خۆی چاپ نەکراوە. ئێمە باسی سەرچاوەی چاپ کراوە دەکەین بۆ ئەوەی بینەران بە هەڵە لێمان تێ نەگەن. باسی کتێنی چاپکراو دەکەین. یەکەمین کتێبی چاپکراومان "خونچەی بەهارستان"ە کە ساڵی ١٩٢٥ بڵاو کراوەتەوە ئەمە دەکرێ بە یەکەم کتێبی مێژوویی دابنێین کە بە کوردی نووسراوە. یەکەم کتێبی مەنهەجیشمان، کتێبی قوتابخانە کە بە کوردی نووسرابێتن ساڵی ١٩٢٨ە کتێبێکە بە ناوی " دەرسی ئەشیاء " لە عەڕەبییەوە تەرجەمە کراوە و ئەمە لە کوردستانی باشوور دا دەخوێندرا دوای ئەوەی کە ئینگلیزییەکان لە عێڕاق سیستمی ئینتیداب یان هەبوو و یەک لەو دەرسانەی کە بە کوردی دەخوێندرا دەرسی ئەشیاء بوو. واتە یەکەم  کتێبی خوێندمان، مەنهەجیمان ساڵی ١٩٢٨ە. دوایی دووەمین کتێبی مێژووییمان " خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان" ە  شەش سال دوای بەرهەمەکەی حوسێن حوزنی موکریانی، ساڵی ١٩٣١ لە دوو بەرگدا بڵاو دەکرێتەوە لەوێ ئیدی ئەوە ئەمین زەکی بەگ دووەمین کەسە کە مێژووی لە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە دەنووسێ وەک مێژوویەکی سەرتاسەری تەماشای دەکا. یانی ئێمە لە ناو مێژوونووسانی کورد دا دوو کەسمان هەیە مێژووی سەرتاسەریان نووسیوە یەکەمیان شەڕەفخانی بەدلیسی، وە دووەمیان ئەمین زەکی بەداخەوە لە دوای ئەوە ئێمە مێژوویەکی سەراسەریمان نییە کەسێک بێ سەر ومڕ مێژووی کوردی هەمووی بەسەریەکەوە بنووسێ.
قازی: ئەمین زەکی ش دوای هەڵوەشانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و لە ڕاستیدا هەست کردن بە هوویەتی کوردی ئەوەی نووسیوە، یانی لە بەرهەمەکەی دا ئەوە جوان دەبیندرێ.


نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ لە پێشەکی کتێبەکەی دا باس دەکا. لە سوپای عوسمانی دا بووە، لەوێندەرێوە هەست بە کورد بوونی خۆی دەکا، چەکەرە بوونی هەستی کورد بوون دە خۆیدا لە پێشەکی کتێبەکەیدا باس دەکا کە چی هانی داوە ئەویش مێژوویەک بۆ نەتەوەکەی خۆی بنووسێ. من مەنزوورم بوو بڵێم لە دوای شەڕەفنامە یەکەم قەڵەمێک کە مێژووی ئێمەی لە ئاستی سەرتاسەری دا نووسیبێ محەمەد زەکی بەگە. لە دوای ئەوە مێژووی کورد پەرت دەبێتن، ئێمە کتێبێکمان نییە کە هەموو کورد بگرێتەوە و سەرتاسەری بێ. لە دوای ئەمین زەکی بەگەوە کۆمەڵێک مێژوونووس دێنە بوارەکە بەڵام ئەمانە مێژوونووسی پسپۆری بواری تایبەت نەبوون بۆ نموونە ڕەفیق حیلمی دێتە نێو بواری مێژوو، ئەحمەد خواجە دێ، عەلائەدین سوجادی مێژووی ئەدەبی کوردی دەنووسێ ئەمانە زیاتر هاوی بوونە، یانی مێژوونووسی ئاکادێمی نەبوونە یانی لە ڕوانگەیەکی ئاکادێمی مێژوویان خوێند بێ. ئێمە مێژووی نووسی ئەکادێمیمان لە دوای شؤڕشی١٤-ی تەموزی  ١٩٥٨ سەرهەڵدێنن کە کۆمەڵێک قوتابی ئێمە دەڕۆن لە دەرەوە لە سۆڤیەت خوێندن تەواو دەکەن، ئەمانە لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە یەکەم وەجبەی ئەو مێژوونووسە کوردانەن کە وا توانیویانە نە شێوەیەکی زانستی لە سۆڤیەت بخوێنن.
قازی: ئەگەر لێرە پڕانتێزێک بکەیەنەوە و لەو سەرچاوانە بدوێین کە لەسەر مێژووی کورد نووسراون بەڵام بە زمانەکانی غەیری ناوچەیی، واتە بێجگەلە عەڕەبی و تورکی و فارسی. وابزانم لە سەر میرنشینە کوردییەکان بە زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەیی زۆر لێکۆڵینەوە هەیە وا نییە؟ بۆ وێنە شەدادییەکان
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ بەڵێ. مینۆرسکی زۆر کاری کردووە، کاری دیکەش هەیە، بەڵام ئێمە قسەمان لە سەر مێژوونووسیی کوردی بوو.
قازی: لە کام سەرچاوە دا لە کورد وەک هوویەتێکی جیاواز باس کراوە؟ بۆ وێنە لەو تێهەڵکێشەی دا کە مارک سایکس نووسیویەتی. مارک سایکس گرووپە کوردەکان چۆن پێناسە دەکا؟ تەواو بە جیاوایان دادەبێ لەوانی دیکە؟
نەجاتی عەبدوڵا: ئینگلیزییەکان کاتی خۆی کە بەغدایان گرت و دواتر کە ئیمپراتۆری عوسمانی ڕووخا یەکەم کێشەی هەرە گەورەی ئینگلیزییەکان ئەوە بوو چۆن لەگەڵ پرسی کورد دا مامڵە بکەن؟ یانی پرسی کورد بۆ وان دیاریکراو نەبوو، ئێتنیکی کورد سنوورێکی دیاریکراوی نەبوو، کوردستان سنوورێکی دیاریکراوی نەبوو نەیاندەزانی سنووری کوردستان لە کوێ دەست پێ دەکاتن و چ بەشێک بە نەتەوەی کورد دادەندرێ یانی نەتەوەیەکی سەرتاسەری بە ناوی کوردەوە نەبوو ئەوان بتوانن مامڵەی لەگەڵ بکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا پرسێکی گەورەیە. ئەمە لە ناو لێکۆڵینەوەکانیشدا سەری هەڵداوە. بۆیە دەبینی مارک سایکس لە ساڵی ١٩٠٨وە کە بە ناو هەموو کوردستان دا گەڕاوە وتارێکی نووسیوە لە گۆڤاری ئەنترۆپۆلۆژیای بریتانیایی دا لە سەر خێڵ و هۆزە کوردەکان.
قازی: کتێبەکەی یەکەمجار لە ١٩١٥ دا چاپ کراوە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ. وتارەکە یەکەم جار لەو گۆڤارەی دا باسم کرد بڵاو کراوەتەوە، دوایە بووەتە پاشبەندی کتێبەکەی، لە کتێبەکەشیدا بڵاوی کردووەتەوە وەک نەتەوە باسی کورد ناکا وەک عەشیرەت و کۆمەڵێک خێڵی جیا جیا باسی کوردەکان دەکا. هەموو خێڵەکان باس دەکاتن و مەفهوومێک، چەمکێکی ناداتە کورد وەک ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ سەیر بکاتن وەکوو خێڵ و عەشیرە لێیان دەدوێ.
قازی: بەڵام  دەکرێ بگەینە ئەو نەتیجەیە، ئەو ئاکامە وەربگرین کە یەکەم جار ئەمین زەکی بەگ کورد وەک نەتەوە دەبینێ؟
نەجاتی عەبدوڵا: نا، شەڕەفخان یەکەمجار وەک نەتەوە بینبیویە.
قازی: ئەخر شەڕەفخان جێگای پرسیارە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ ئەگەر لە سەردەمی نوێ دا بێ ئەمین زەکی بەگە. بە تایبەتی ئێمە هێشتا قۆناغی دوای ئەمین زەکی بەگمان تێ نەپەڕاندووە و ئەمە قسەیەکی زۆر گەورەیە ئەمن لێرە دەیکەم. بە داخەوە ئەگەرچی کاری زۆر جوان کراوە، ئەگەرچی لێکۆڵینەوەی زۆر باش کراوە لە بواری مێژووی کورد دا، ئێمە  تا ئێستا کارێکمان نەکردووە کە بتوانین لە کارەکەی ئەمین زەکی بەگی تێ پەڕێنێ.
قازی: باسی ئەوەت کرد یەکەمجار کە مێژوونووسی تازە پەیدا دەبن ئەو کوردانەن کە بۆخوێندن چوونەتە یەکەتیی سۆڤیەتی بەرێ و دیارە لە زانکۆکانی وڵاتانی جۆر بە جۆریش ڕەنگە لە تورکیا، لە ئێران خوێندکارانی وا هەبووبن کە مێژوویان خوێندبێ و بە تورکی یان فارسی لە سەر ئەو بابەتە نووسیبێتیان. خەسارناسی ئەو مێژووانە چۆن دەبینی؟
نەجاتی عەبدوڵا: یەکەم کێشەی مێژووی ئێمە ئەوەیە ئایا ئێمە مێژوویەکی سەرتاسەریمان  هەیە یان نا؟ ئەمە پرسیارە گەورەکەیە بە ڕاستی. مێژووی ئێمە مێژوویەکی سەرتاسەری نییە بە ڕاستی مێژوویەکی پارچە پارچە یە.  پارچە پارچە بەو مانایەی ئێمە چۆن نەتەوەکەمان پارچەپارچە بووە، چۆن خاکمان پارچە پارچە بووە، چۆن ناسنامەمان پارچە پارچە بووە مێژووشمان پارچە پارچە بووە. ئێستا ئەمڕۆ مێژوونووسی کورد، هیستۆریاگرافیای کورد هەوڵ دەدا، ئێمە هەموو هەوڵەکانمان ئەوەیە بتوانین ئەم پارچەپارچانەی مێژووی کورد پێکیان بنێینەوە دواجار بتوانین وێنەیەکی کورد دروست بکەین. ئەوە لە بیرت نەچێ ئێمە  فەترەیەکە هەموو سەد ساڵێکە هاتووینەتە ناو مێژوو یانی ئەگەر ئێمە ڕۆژنامەی کوردستان بە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دابنێین، وەک نەتەوە بە مانای مۆدێڕن، ئەمن ڕێک باسی ئەو مەفهوومە مۆدێڕنە دەکەم. ئێمە سەدەیەکە هاتووینەتە ناو مێژوو، یانی هاتنی ئێمە بۆ ناو مێژوو هاتنێکی نوێ یە بە ڕاستی. ئەمە هیچ کەمایەسییەکی تێدا نییە بۆ ئێمە و هیچ شەرمێکی تێدا نییە بۆ ئێمە. ڕەوتی مێژوو ئاوا بووە زوڵمێکی مێژوویی گەورە لە ئێمە کراوە. ئێمەش ئەگەر ڕێگامان هەبوایە، ئێمەش ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیمان هەبوایە ڕەنگە ئێمە زووتر چووباینە ناو مێژوو بەڵام ئەمڕۆ ئەرکی مێژوونووسی کورد زۆر قورستر دەبێ ئێمە دەبێ بتوانین لە ڕێگای هەموو سەرچاوەکانەوە، بۆ وێنە بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی بریتانیا، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی فەڕانسە، ئاڵمان، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی ئیران، ئارشیڤی عوسمانی، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی بەغدا، بگەڕێینەوە سەر ئاڕشیڤی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی لەو سەردەمانە نووسراون، بگەڕێینەوە سەر کرۆنیکی ئەوانەی گەلانی هاوسێ لە سەر ئێمەیان نووسیوە، سریانییەکان چییان لە سەر ئێمە نووسیوە، سەرچاوە عەڕەبییەکان چییان لە سەر ئێمە نووسیوە ئێمە دواجار دەبێ بتوانین لە ڕێگەی ئەمانەوە وێنەیەک دروست بکەین بۆ مێژوویەکی سەرلەبەر بۆ ئەوە کە بتوانین بە نەوەی داهاتوو بڵێین ئەمە مێژوویەکە لە مێژووی ئێمە دەچێ بە ڕاستی.
قازی: باسی عەلائەدینی سەجادی یا سوجادیت کرد کە مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیوە، لەگەڵ باشوور هێندێک باسی شاعیران و ئەدیبانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی کردووە. بەڵام لەو ساڵانەی دواییشدا بۆ وێنە ئەوەی محەمەد ئوزوون کردی لە سوێد ئانتۆلۆژییەکی بڵاو کردەوە تێێدا باسی شاعیر یان ڕۆماننووسی بەشەکانی دیکەش کراوە لەگەڵ باکوور. لەو زەمینانەدا بەرهەمێکی کە لە ڕوانگەی جەنابتەوە گشتگر بووبێ لە باسووووتی کوردستان چ هەیە؟
نەجاتی عەبدوڵا: ڕێک باش بوو باسی مامۆستا عەلائەدینی سەجادیت کرد. ئەمن دروود بۆ گیانی دەنێرم. یەکەم کەسێک کە مێژووی کوردی نووسیبێتەوە بە شێوەیەکی "نەتەوەیی" گوتمان شەڕەفخانی بدلیسی یە، دووەمین کەس ئەمین زەکی یە و سێیەم کەس کە مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیبێ بە ڕوانگەیەکی نەوتەوەیی بەڕاستی عەلائەدین سەجادی یە. عەلائەدین سوجادی دەتوانین بڵێین لە دوای ئەمین زەکی بەگەوە یەکەم پیاو و یەکەم قەڵەمی کوردە کە وا توانیویەتی مێژووی ئەدەبی کورد وەکوو نەتەوەک بنووسێ و لە پێشەکییەشی زۆر بە جوانی باسی ئەوە دەکاتن. باسی ئەوە دەکا چۆن مێژووی بۆ کورد نووسیوە، مێژووی ئەدەبی کوردی، کوردیش دەبێ مێژووی ئەدەبی هەبێ، لە پێشەکی کتێبەکەی زۆر بە ڕوونی باسی کردووە.
قازی: ئەگەر بێینە هێندێک زەمانی تازەتر، لەو ساڵانەی دواییدا کتێبی مێژوویی چ نووسراوە لە باشووری کوردستان؟ وەک کارەکانی دوکتور کەماڵ مەزهەر ئەحمەد
نەجاتی عەبدوڵا: بۆ ئەوەی بۆ بینەران ڕوون بێتن ئێمە لە ساڵی ١٩٢٨وە کتێبی مێژووییمان دەست پێ دەکا و یەکەم کتێبی چاپکراویشمان لە ساڵی ١٩٢٥. ئیدی لەم فەترەیە تا وەکوو ساڵی ١٩٥٨ کتێبی مێژووییمان کەمە. یانی کتێبی مێژووییمان ئەوەندە زۆر نییە بتوانێ پاشخانێکی مێژوویی گەورە بۆ ئێمە بەجێ بێڵێ. لەگەڵ شۆڕشی ١٤-ی تەمووز و دواجار هاتنە سەر کاری ڕەوتی ناسیۆنالیزمی عەڕەب، ئەمن باسی باشووری کوردستان دەکەم؛ لە باشووری کوردستان ئیدی ڕەوتێک دروست دەبێ. ناسیونالیزمی عەڕەب کوردستان بە نیشتمانی عەڕەب دادەنێتن. ئێدی مێژووی کورد لەوێ قەدەغە دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناو خوێندنی مەنهەج شتێک نامینێ بە ناوی مێژووی کورد. دواجار لە ڕێژیمی بەعس دا دەگاتە چڵەپۆپە. بەعس وای لێ هاتبوو حەتتا لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا ئەگەر ناوی کوردستان بهاتبایە ناوی کوردستانی دەستڕییەوە دەینووسی هەرێمی ئۆتۆنۆمی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان
قازی: بەڵام هەر لەو سەروبەندە دا بوو کە کتێبەکانی دوکتور کەماڵ مەزهەر چاپ دەبوو.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ ڕێگا دەدرا هێندێک کتێب لەو سەروبەندانە بڵاو بکرێتەوە بەڵام  بەعس بە شێوەیەکی سیستماتیک دژایەتی مێژووی کوردی دەکرد و دەیویست مێژووی کورد بسڕێتەوە بەڵام لەگەڵ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ئیدی قۆناغی زێڕینی مێژووی کورد لەوێوە دەست پێ دەکا. ڕێک دەمەوێ ئەوە بڵێم وەک چۆن ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ لە لێواری مەرگ ڕا گەڕاینەوە، یانی ئەگەر ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەبوایە ئیدی دەتوانم بڵێم شتێک نەدەبوو بە ناوی کوردستانی باشوور، ئێمە نەدەماین. ئەوە واقعێکە دەبێ ئێمە هەموومان بیزانین. ئێمە وەک نەتەوە لە دیواری مەرگ ڕا گەڕاینەوە لە ڕووی فیزیکییەوە و مێژووەکەشمان لە لێواری مەرگ ڕا گەڕایەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە کە ئەو بەرهەمانەی لە ١٩٩١یەوە لە بواری مێژوو دا بڵاو بوونەتەوە چەند زانستین، چەندە بواری لێکۆڵینەوەی زانستییان تێدایە، چەندە پێشکەوتوو بوون ئەمە باسێکی ترە. بەڵام ئەوەی ئێمە بە سەردەمی زێڕینی مێژوویی کورد دا بنێین سەردەمی زێڕیمی مێژووی کورد لە یەکەم ڕاپەڕینەوە لە ساڵی ١٩٩١وە دەست پێ دەکا  تاوەکوو ئەمڕۆ ئەمە سەردەمی زێڕینی مێژووی کوردە. بەڵام ئەمە ئیدی قسەیەکی ترە ئێمە چەندە ڕەخنەمان هەیە لە سەر بەرهەمەکان، بەرهەمەکان چەندە ئیشکالییەتیان  تێدایە، بەرهەمەکان چەندە کەموکووڕییان تێدایە ئەمە باسێکی ترە دەتوانین قسەی لە سەر بکەین.
قازی: باشە لەو چوارچێوە زەمانییە دا چ کتێبێک، چ بڵاوبووەتەوە بە شێوەی کۆنکرێت لە بواری مێژوو دا؟
نەجاتی عەبدوڵا:  کاری زۆر کراوە. ئێمە تا وەکوو ساڵانی ١٩٩١ و ئەوانە نەمانتوانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی بریتانیا بکەین، نەمانتوانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی فەڕانسە بکەین، نەمانتوانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی ڕووسیا بکەین، نەمانتوانیبوو ئییستیفادە لە ئارشیڤی ئێران بکەین، نەمانتوانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی عوسمانی بکەین. ئەم لێکۆڵینەوە و تێز و نامەی ماستر و دوکتورایانەی کە وا بەو دواییە نووسراون زۆر جار پشت ئەستوور بوون بە سەرچاوە و بەڵگەی زانستی. یانی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانم پێر بڵێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراون قەڵەمبازێکی گەورەن لە مێژوونووسیی کوردی دا، گەرچی ڕەنگە خۆشم تێبینیم زۆر لە سەریان هەبێ.
قازی: دەکرێ ناوی هێندێکیان باس بکەی!
نەجاتی عەبدوڵا: بۆ وێنە دەتوانین بڵێین دوکتور زرار سدیق لە سەر مێژووی کۆمەڵگای کوردی لە سەدەکانی ناوەڕاست دا کۆمەڵێک کاری زۆر جوانی کردووە، کۆمەڵێک کتێبی بڵاو کردووەتەوە و کۆمەڵێک حەلقەی ونی لەو سەردەمانە ڕووناک کردووەتەوە. بۆ وینە دوکتور سەعدی عوسمان مامۆستای پسپۆڕ لە بواری مێژووی عوسمانی کاری زۆر جوانی کردووە و حەڵقەی ونی دۆزیوەتەوە. یان دوکتور عەبدولفەتاح بۆتانی یەکێکە لەوانەی کاری زۆر جوانی کردووە لە سەر کورد لە مێژووی هاوچەرخی عێڕاق دا. ناو زۆرە ئەگەر ناو بدەم با ناحەقی لەوانیدی نەکەین.
قازی: مەبەستم ئەوە نییە. مەبەستم ئەوەیە بۆ ئەوەی بینەر بتوانێ بابەیەکان بەیەکەوە بلکێنێ. کاتمان زۆر نەماوە ئێستا بگەینە خوێندنی مێژوو لە زانکۆکانی باشووری کوردستان. هێندێک زەمینەکەی باس بکە و شێوازی دەرس گوتنەوە و پێوەندی نێوان مامۆستا و شاگرد لەمەر هەڵسەنگاندنی مێژوو.
نەجاتی عەبدوڵا:  ئێمە تاوەکوو ڕاپەڕین لە ١٩٩١ لە کوردستان تەنیا زانکۆیەک کە هەبوو زانکۆی سەلاحەدین بوو. ئیتر ئەمە پێشتر زانکۆی سلێمانی بوو بەڵام لە ساڵی ١٩٨٣ وە بەعس زانکۆکەی هێنا هەولێر و ناوەکەی گۆڕی و کردی بە زانکۆی سەلاحەدین. خۆشبەختانە دوای ڕاپەڕین لە سلێمانی هەم زانکۆی سلێمانی ئاوەدان کرایەوە، هەم زانکۆی دهۆک دروست کرا، هەم زانکۆی کۆیە دروست کرا، زانکۆی سۆران دروست کرا ئێستا کوردستان کۆمەڵێک زانکۆی زۆری تێدا هەیە. بەڵام یەکەم زانکۆ کە تێزی ماستری لە بواری مێژوو دا تێدا نووسرابێ زانکۆی سەلاحەدین ە. لە ساڵی ١٩٨٥ فکر دەکەم تا ساڵی ١٩٨٦ یەکەم وەجبەی مێژوو تەخەروج دەکاتن لە زانکۆی سەلاحەدین. ساڵی ١٩٨٧ تا ١٩٨٨ یەکەم وەجبەی ماستر لە مێژووی کورد دا؛ کە ئەو کاتە مێژووی ئیسلامی پێ دەگوترا، مێژووی کورد نەبوو لە زانکۆی سەلادین دەبێتن. و ساڵی ١٩٩٣ تا ١٩٩٤ بۆ یەکەم جار دوکتورا دەکرێتەوە لە کوردستان لە زانکۆی سەلاحەدین. بۆ ئەوەی وێنەیەکتان بدەمێ لە ساڵی ١٩٨٩وە کە یەکەم ماستر وەردەگرێ لە سەر مێژووی کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٩ نزیکەی ١٧٠ ماستر و دوکتورا پێشکەش کراوە بە گشتی. سەدا پەنجا واتە نیوەی ئەو تێز و ماستر و دوکتورایانە مێژووی ئیسلامی بووە، سەدا چل و سێی  مێژووی هاوچەرخ و نوێ بووە، سەدا حەوتیشی مێژووی کۆن بووە. یانی کوردستان لە دەورانی ئیسلامی دا پانتاییەکی زۆر گەورەی فراوانی داگیر کردووە کە لە سەدا نیوەی هەموو ئەو تێز و نامەی ماسترانەی کە لە بیدایەتەوە تا ساڵی ٢٠٠٩ لە کوردستان نووسراون لە سەر مێژووی سەروبەندی ئیسلامی بوون.
قازی: ئەی سەبارەت بە ڕاپەڕین  و ڕووداوە سیاسییە گرینگەکان بۆ وێنە وەکوو ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان، وەکوو سەلتەنەتی شێخ مەحموودی حەفید لەو بارانەوە لێکۆڵینەوە زۆر نەکراوە وایە؟
نەجاتی عەبدوڵا:کاری زۆر کراوە، تێزی دوکتورا هەیە و تێزی ماستر هەیە لێکۆڵینەوەی زانستی ئی جوانیش هەنە لەو بارانەوە کراون بەڵام ئەمانە حەتمەن وێنەیەکی تەواو نییە یانی کەلێنیان تێدایە. شتێک لە ناو مێژووی کورد دا  کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشاوە دووبارە بوونەوە نییە لە ناو مێژوو یانی دووبارە خوێندنەوە نییە مەبەستم ئەوەیە یانی کەسێک ئەگەر نامەیەکی ماستری کرد لە سەر ئەمارەتی سۆران ئیدی کەسيکی تر ناچێ بچێ لە سەر هەمان بابەتی ئەمارەتی سۆران کارێک بکا لە کاتێکدا ئەم بابەتە پێویستی بە دەیان نامەی ماستر و دوکتورا هەیە لە بوارە جیاجیاکان. تۆ دەتوانی بوارگەلکی جیاجیا بگری بتوانی قسەی لە سەر بکەی. ئەم ڕەخنەیە هەیە، ئەم خەسارناسییە  لە زانکۆکانی ئێمە هەیە بە ڕاستی. بو وێنە لە سەر ئەمارەتی سۆران دوکتورانامەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز هەیە ئیدی کەسی تر نەچووە کاری لە سەر بکاتن. یەک دنیا بواری تر هەیە ئێمە دەتوانین بێین  هەر لە ئەمارەتی سۆران پێوەندیی ئەمارەتی سۆران لەگەڵ ئەمارەتی بابان خۆی لەخۆیدا نامەیەکی ماستری لەسەر  تەرخان دەکرێ. پێوەندیی ئەمارەتی بابان لەگەڵ والی بەغدا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی لە سەر بکرێ. یانی بابەت زۆرە ئێمە بتوانین بگەڕێینەوە سەری. و دوا جار ئەمن لەو بڕوایە دام  دەستەی مێژوو نووسی کورد دووبارە بە سەر ئەم تێز و نامە و دوکتورایانە دا دێنەوە، دووبارە  نوێبوونەوەی تێدا دەبێ چونکە مێژووی کورد دەبێ دووبارە ئێمە هەر پێنج شەش ساڵێک ئاپدەیتی بکەینەوە، دووبارە بە سەری دا بێینەوە و  سەرچاوەی نوێ پەیدا دەبێتن. چونکە مێژووەکەی ئێمە ئەوەندە سترکتوریزە نەکراوە وەکوو خۆی مێژوویەک بێتن و ئیدی هەموو قۆناغەکانی پڕ کرابێتەوە. ئێمە ناچارین ناوە ناوە دەبێ مێژووی کورد خۆی نوێ بکاتەوە یانی مێژوویەک کە لە ساڵی ١٩١٥ نووسراوە یا بۆ نموونە ١٩٢٠ نووسراوە بۆ ئەمڕۆ بۆ ئێمە ئەو کەلکەی نابێتن. بەس لە ڕووی کڕۆنۆلۆژییەوە، لە ڕووی ئاڕشیڤییەوە ئیستیفادەی بۆ ئێمە دەبێتن، ئێمە دەبێ مێژووی خۆمان بەردەوام نوێ بکەینەوە و بتوانێ نوێبوونەوە هەبێ لە  ناو مێژووی کورد دا بە ڕاستی.

قازی: بە پێی چاوەدێری بەڕێزت کە بۆ خۆت لە هەولێری و لە چوارچێوەی ئەکادێمیای کوردیشدا کار دەکەی پێت وایە چ خوێندکار یا چ لێکۆلەرەوە کە لە بواری مێژوو دا کار دەکەن و دەکۆڵنەوە لە چوارچێوەی زانکۆکانی باشووری کوردستان دا چەندە دەستیان کراوەیە؟
نەجاتی عەبدوڵا: دەست کراوەیی لە چ ڕوویەکەوە؟
قازی: لە ڕوی ئەوەوە کە سەرچاوەیان لە بەردەست دا بێ بتوانن دەسەڵاتی سیاسی بەرنە ژێر پرسیار. لەهەموو ڕوویەکەوە.
نەجاتی عەبدوڵا: نا، لە هەموو بوارێک دا دەستیان زۆر کراوە نییە بە ڕاستی. یانی کۆمەڵێک پڕۆبلێماتیکی زۆر گەورە هەیە بۆ ئەو قوتابیانەی کە دەخوێنن. یەکەمیان نەزانینی زمانە. ئەمانەی کە تێزی ماستر و دوکتورا دەکەن دەبێ کۆمەڵێک زمان بزانن بەڕاستی. بەڵام بە داخەوە بەشی زۆریان تەنیا هەر لە زمانی کوردی و زمانی عەڕەبی و یان ئەگەر زمانێکی تر بزانن. ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. دواتر کێشەی سەرچاوە و کێشەی کتێبخانە. بەڕاستی کتێبخانەکانی  زانکۆکانی کوردستان زۆر هەژارن. یانی ئێستا دەبوایە کتێبخانە ناوەندییەکانی زانکۆکانی کوردستان هەموو سەرچاوەیەکی تێدا بایە بۆ خوێندکاری خوێندنی باڵا بتوانێ ئیستیفادەیان لێ بکا بەڵام خوێندکار فەقیرە دەبێ بچێ لەوێ بگەڕێ لە کتێبخانەی تایبەتی دا بگەڕێ تا سەرچاوەیەکی بەدەست دەکەوێ، لەم بپاڕێتەوە هەتاوەکوو سەرچاوەیەکی بە دەست دەکەوێ بە دەردەسەرییەکی زۆر سەرچاوە و شتەکانی بە دەست دەکەوێ. ئێمە کتێبخانەیەکی تایبەتی نیشتمانیمان نییە کە وا قوتابی بتوانێ بگەڕێتەوە سەری  ناچار دەبێ بچی لەم و لەو بپاڕێتەوە  وەرە ئەو سەرچاوەیەم بدەیە. ئێمە ئەگەر کتێبخانەیەکی نیشتمانیمان هەبوایە لە کوردستان خوێندکاری دوکتورا و ماستر ئەم کێشەیان نەدەبوو، کێشەکانیان زۆربەی چارەسەر دەبوو دەیانتوانی سەرچاوەکان بە دەست بێنن.
قازی: زۆر باشە، بەڕێز دوکتور نەجاتی عەبدوڵا زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژدا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.   
تێبینی:  ئەم وتویژە لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٥-ی نۆڤامبری ٢٠١٨  بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.
دەکرێ بەرنامەکە لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیووب لەم لینکە دا ببینن.
https://youtu.be/VewIHpaqtwM











 

No comments: