Tuesday, July 25, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتور نەجاتی عەبدوڵا سەبارەت بە کورتە مێژووی کوردناسی لە ئوڕووپا, بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، ١٤-ی ژانڤییەی ٢٠١٨

وتوێژ لەگەڵ دوکتور نەجاتی عەبدوڵا سەبارەت بە کورتە مێژووی کوردناسی لە ئوڕووپا
بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، ١٤-ی ژانڤییەی ٢٠١٨
حەسەن قازی: ئەم کاتەتان باش بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ یەکەم بەرنامەی ڕاوێژ لە ساڵی ٢٠١٨-ی زایینی دا لە لایەن خۆم  و ئێکیپی بەرنامەی ڕاوێژ پیرۆزبایی ساڵی تازەتان لێ دەکەم و لەو بەرنامەیە دا بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور نەجاتی عەبدوڵا پسپۆڕی مێژووی هاوچەرخ و هەر وەها جێگری سەرۆکی ئەکادێمیای کوردی لە شاری هەولێر. زۆر زۆر بەخێر بێی مامۆستا. لەگەڵ مامۆستا ئەمشەو هێندێک باسی مێژووی کوردناسی لە ئوڕووپا و ئەگەر کاتیش بمێنێتەوە حەول دەدەین باسێکی گشتی بکەین سەبارەت بە بارو دۆخی کولتووری و زمان لە باشووری کوردستان. بەر لەوەی دەست بە قسەکان بکەین و پرسیار بکەم پێم خۆش بوو بە کورتی مامۆستا بناسێنم.
دوکتور نەجاتی عەبدوڵا لە ١-ی مانگی ٧-ی ١٩٦٦ لە ئاواییەکی نزیک شاری هەولێر لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و د
واناوەندی هەر لە شاری هەولێر تەواو کردووە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ چووەتە ئۆکڕاینا و ماوەیەکی کەم لەئۆکڕاینا لە شاری کیف ماوەتەوە و دوای ئەوەی کە بورسی خوێندنی وەزاڕەتی دەرەوەی فەڕانسەی بۆ دەرچووە بۆ خوێندن چووەتە وڵاتی فەڕانسە. ساڵی ١٩٩٧ لیسانسی مێژووی لە زانکۆی پواتییە لە فەڕانسە وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٨ مێتریس یا بەکالیوریێسی مێژووی لە زانکۆی پاریسی ١٠  وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٩ ماستری وەرگرتووە لە بواری مێژووی هاوچەرخ لە زانکۆی پاریسی ١٠. ساڵی ٢٠٠٦ دوکتورای کردووە لە مێژووی هاوچەرخ لە زانکۆی پاریسی ١٠ و ئەو دوکتورایە بە پلەی زۆر باش بە ناوی: " خێڵ، سنوور و ئێمپراتۆریا، کوردستان، کێشەی سنووری نێوان تورکیا و ئێران لەساڵی  ١٨٤٣ تا ١٩٣٢" کە بە خۆشییەوە بە زمانی تورکی بڵاو کراوەتەوە و وەرگێڕدراوە بە زمانی  عەڕەبیش و بەو زمانەش بڵاو بووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٦ سەرنووسەری گۆوارێک بووە بە ناوی " گۆواری کورد ناسی" کە بە داخەوە تەنیا دوو ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە لە پایتەختی ئاڵمان لە بێرلین. و ڕۆژی ١٠-ی مانگی ١٠-ی ساڵی ٢٠١٠ لەکۆبوونەوەی ٦٦-ی ئەنجومەنی ئەکادێمییای کوردی بە دەنگدانی نهێنی وەکوو ئەندامی کارای ئەکادێمییای کوردی هەڵبژێردراوە و ڕۆژی ١-ی مانگی ٣-ی ٢٠١٢ بووە بە سێکرێتێری ئەکادێمییای کوردی.لە هەڵبژاردنی ڕۆژی ٢٠-ی مانگی ٩-ی ساڵی ٢٠١٥ یانی کەمتر لە ٣ ساڵ لەوە پێشتر بووە بە جێگری سەرۆکی ئەکادێمییای کوردی. بە گوێرەی ئەو لیستەیەی کە لەبەر دەستی منە بەڕێزیان تاکوو ئێستا ٤٧ بابەتی کە بریتن لە نووسینی خۆی و هەر وەها وەرگێڕان زیاتر لە زمانی فەڕانسەییەوە بڵاو کردووەتەوە. لێرە دا دوو کتێبی بەڕێزیان دەبینین [ کتێبەکان نیشان دەدا] کە ئەکادێمیای کوردی لە هەوڵێر بڵاوی کردووەتەوە بە ناوی: "بیبلیۆگڕافیایی کوردناسی" یەکێکیان لە سەر ئەو سەرچاوانەن کە بە زمانی فەڕانسەیین وئەویدیکەشیان لە سەر سەرچاوەی ئینگلیسی یە  تا ساڵی ٢٠٠٩ کە ئەو بەرهەمانە لە بواری لیکۆڵینەوە دا نرخی زۆر تایبەتییان هەیە بە تایبەتی  بۆ وەچەی ئێستا کە بتوانن کەلکی لێ وەربگرن. جارێکی دیکە زۆر بەخێر هاتنی بەڕێزی دەکەم بەڕێز دوکتور نەجاتی عەبدوڵا. پێم خۆش بوو لەوەڕا دەست پێبکەین بەڕێزت بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کردووتە و بەئیحتیمالی زۆر لە سەرەتای ئەو کتێبەشدا [ کتێبەکە هەڵدەگرێ و نیشانی دەدا] ئاماژەی پێ کراوە، لە سەرچاوە فەڕانسەییەکاندا یەکەم لێکۆڵینەوە لە کورد یا کوردناسی لە ئەدەبی فەڕانسەییدا دەگەڕێتەوە کەنگێ؟
دوکتور نەجاتی عەبدوڵا:سەرەتا دەمەوێ سپاسی ئێوەی بەڕێز و سپاسی بینەرانی خۆشەویستی تێلێڤیزیۆنەکەشتان بکەم . من دەمەوێ لەم فەترە و ماوەیەی کە لە دەستم دایە وێنەیەکی خێرای کوردناسی لە فەڕانسە  پێشکەش بە ئێوە بکەم.
قازی: فەرموو!




نەجاتی عەبدوڵا: دەمەوێ لە سەرەتاوە ئەوە بڵێم کە لە فەڕانسە شتێک نییە، قوتابخانەیەک نییە، وانەیەک نەبووە بە ناوی کوردناسی بخوێندرێتن و ئەوە بێ. ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێن کوردناسی لە فەڕانسە بریتییە لەوماتریالەی ئەو گەڕۆکانەی کە وا هاتوونەتە کوردستان و بە کوردستاندا هاتوون لە ڕێگای نووسراوە و کتێبەکانیانەوە دیوێک بووە بۆ ئەوەی کورد بە جیهانا بناسێنن. یەکەم  پێوەندی نێوان  کوردستان و فەڕانسە ڕەنگە بگەڕێتەوە کۆتایی سەدەی سێزدەهەم. ڕێک لە ساڵی ١٢٨٨ گرووپێکی میسیۆنێرە فەڕانسەییەکان لە تەورێزەوە دەچنە مووسڵ، لەڕێگا دا بە ناو کوردەکاندا تێدەپەڕن ئەوا لە وێندەر لە کتێبەکەی خۆیانەوە چەند سەرەدێڕێک باسی کورد دەکەن ئەمە یەکەم ناسینی کورد و فەڕانسە بووە لە ئەدەبییاتی ئەواندا.
قازی: لە سەدەی سێزدەی زایینی
نەجاتی عەبدووڵا: لە سەدەی سێزدە بەڵێ. دواتر سەدەی چاردە و سەدەی پازدە هیچ گەڕۆکێکی تێدا نییە، نەهاتووەتە کوردستان، هیچ گەڕؤکێکی فەڕانسەیی پێی لە کوردستاندا دانەناوە. دواتر لەگەڵ سەدەی شازدەهەم لە کاتێکدا کە قوتابخانەی دەوڵەتی فەڕانسەیی لە ئیمپڕاتۆریای عوسمانی لە ئەستەنبووڵ دەکرێتەوە قۆناغێک دەچێتە پێش، ئیدی لەوێوە لە سەدەی شازدەهەمەوە سێ چوار گەڕؤکێک هاتوونەتە کوردستان بەڵام زۆر  کەم شتیان لە سەر کورد نووسیوە ڕەنگە دیارترینیان " تاڤێرنێ" بێ. تاڤێرنێ کە لە سەدەی ١٦ هاتووەتە کوردستان بازرگانێک بووە شەش جار سەفەری ڕۆژهەڵاتی کردووە دواهەمین جاریش لە تەمەنی ٨٤ ساڵی سەفەر دەکا بۆ مۆسکۆ لە ڕێگای مۆسکۆ مردووە و نەیتوانیوە سەفەرەکەی تەواو بکا.  ئەم بازرگانە بە دوای بەردی گرانبەها دا گەڕاوە، بە ناو بەدلیسدا ڕۆیشتووە، میری بەدلیسی بینیوە و بە ناو کوردستاندا ڕۆیشتووە و بۆ ئەم سەدەیەی ئێمە ، بۆ سەدەی عەڤدە بە ڕاستی سەرچاوەیەکی گرینگە. یەعنی ئێمە هیچ ماتریالی ترمان لە بەر دست دا نییە.
قازی: لە سەرچاوەی فەڕانسەییدا
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ لە سەرچاوە فەڕانسەییەکاندا پێش لەوە هیچ شتێکی ترمان لەبەر دەست دا نییە. دوای ئەمە لە سەدەی عەڤدەهەمەوە، بە تایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی عەڤدەهەمەوە ئیدی کۆمەڵێک گەڕۆکی تریش هاتوونەتە کوردستان بەڵام شتی کەمیان لە سەر نووسیوە. بەڵام دوو ڕووداوی زۆر گەورە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا ڕوویان دا کە وا قەڵەمبازێکی گەورە بوو ئەویش لە " کۆلیژ غۆیال " واتە کۆلیژی شاهانە  بەشی زمانی تورکی و بەشی زمانی فارسی کرایەوە. بە حوکمی ئەوەی ئەمانە دەوڵەت بوون، باسێک لە سەر زمانی کوردی نییە، زمانی عەڕەبیش نەکراوە.
قازی: لە ساڵی چەند؟
نەجاتی عەبدوڵا: لە سالی ١٧٧٤ ( هەزار و عەفسەد و حەفتاو چوار)
قازی: لە پاریس؟
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ لە پاریس. پێنج شەش ساڵێک دواتر ڕێک لە ساڵی ١٧٩٥ قوتابخانەیەکی تایبەت بۆ زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان کرایەوە لە وێدا زمانی تورکی دەخوێندرا، زمانی عەڕەبی دەخوێندرا و زمانی فارسیش دەخوێندرا.
قازی: باشە ئەو ئێناڵکۆیەی کە ئێستا هەیە  درێژەی ئەوەیە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ ڕێک درێژەی ئەوە، هەر ناوەکەی گۆڕاوە هەر هەمان قوتابخانەیە. ئەمانە کۆمەڵێک ڕۆژهەڵاتناسیان پێ گەیاندووە، کۆمەڵێک خەڵک وەکوو وەرگێڕان چوون کاریان تێدا کردووە بەڵام بە داخەوە زمانی کوردی لەوێ نەخوێندراوە بە هیچ شێوەیەک. مەبەستم ئەوە بوو بایەخ دانی فەڕانسە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قازی: زۆر باشە بەڵام لە قالبی باسکردنی عوسمانییەکان و ئەو سەفەرانەی کە کراون تەبیعەتەن لە ڕووی جوغرافیاییەوە کە بەوێدا تێ پەڕیون ئاماژە بە کوردان هەیە، وا نییە؟
نەجاتی عەبدوڵا: بێگومان، گەڕۆکەکان باسی کوردستان ناکەن وەک دەوڵەتێک و کورد وەک نەتەوەیەک. ئەوان چوون سەفەری ئیمپراتوریای عوسمانییان کردووە، چوونە سەفەری ئێرانیان کردییە بە حوکمی ئەوەی کوردستان و کۆمەڵی کوردەواری بەشێک بوونە لەم دوو وڵاتە، مەسەلەن شارەکانی کوردستان بەشێک بووە لە وانە، ئەوانە  کە بە وێدا تێپەڕیون باسی شارەکانی کوردستان و باسی پێکهاتەی کوردیشیان کردووە. بەڵام دەمەوێ بڵێم لە سەدەی هەژدەهەمدا هیچ گەڕۆکێکی فەڕانسەیی پێی نەناوەتە کوردستان تەنیا یەک گەڕۆک نەبێ ئەویش " ژان ئۆتێ" یە  کەرکووک دا هاتووە بە  ناوچەی ئەوەی پێی دەڵێن کوردستانی باشوور، بە وێدا هاتووە زۆر زانیاری ورد لە نووسینەکەیدا هەیە، لەبەر ئەوەی فەڕانسە خۆی لە سەدەی ١٨ دا لە ناو کۆمەڵێک تەنگژەی گەورە دا دەژیا بۆیە سەفەرەکان زۆر نین. بەڵام سەدەی زێڕینی کوردناسی لە فەڕانسە سەدەی نۆزدەهەمە بە ڕاستی.
قازی: جارێ با هەر لە سەدەی ١٨ دا ڕاوەستین، ئەو سەرچاوەیەی کە لە دواییدا ئاماژەت پێ کرد ئەوە تایبەتی سەفەرە بۆ کەرکووک یا دە قالبی جێی دیکە دا باسی ئەوێشی کردووە؟
نەجاتی عەبدوڵا: نا سەفەرنامەیەکی تایبەتی نییە، بە ناو کوردستاندا گەڕاوە، بە ناو کەرکووکیشدا گەڕاوە و شتی لە سەر نووسیوە.
قازی: ئێستا دەگەینە سەدەی ١٩
نەجاتی عەبدووڵا: سەدەی ١٩ سەدەی زێرێنی کوردناسییە بە ڕاستی. لەم سەدەیە دا ئێمە بۆ ئەوەی بابەتەکەمان زیاتر ڕوون بێ باشترە بیکەینە دوو بەش. بەشی یەکەمی نیوەی سەدەی نۆزدەهەم و لەگەڵ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم. نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم قۆناغێکی زۆر گرینگە لە مێژووی کورد لە بەر ئەوەی لەم قۆناغە دا  هەم پێوەندی نێوان کورد و  تورک تێک دەچێتن، شەڕی نێوان تورک و کورد دەست پێ دەکا کە تا ئێستاش ئەم شەڕە هەر بەردەوامە، هەم هەموو ئیمارەتە کوردییەکانی ئیمپراتوریای عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم کۆتاییان دێت و دەبەسرێنەوە بە ئەستەنبووڵ، بە مەرکەز دەبەستێرێنەوە. کۆمەڵێک گەڕۆک هاتوون سەردانی کوردستانیان کردووە باسی ئەوانی گرینگیان دەکەین. یەکەم گەڕۆکیان " ئۆلیڤییێ " بوو. ئۆلیڤییێ پزشک بووە، ناتورالیست بووە هاتووەتە کوردستان بە دوای مێش و مەگەسدا ڕۆیشتووە چەند شتێکیشی لە سەر کوردستان  نووسیوە بەڵام بە ڕاستی بیرو ڕاکانی هەڵەن بە تایبەتی زۆر بە خراپ لە سەر ئێزیدییەکان قسەی کردووەم، لە دوای ئەمەوە سەرچاوەی گرینگ " ژۆبێرت ئامێدێ " بووە، ئامێدێ هاتووە بە فەرمانی ناپلیۆن هاتووە بچێتە ئێران، نامەیەکی پێ بووە، نامەی ناپلیۆن بگەیێنێتە فەتح عەلی شای قاجار. لە ڕێگا لە لایەن میری بایەزیدەوە دەگیرێ حەوت مانگ زیندانی دەکرێتن. ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو فەترەی، ئەو ماوەی کە لە زیندان دا بووە ژنێکی کورد وەرگێڕی بووە لە ڕێگای ژنێکی کوردەوە وەرگێڕانی بۆ کراوە.
قازی: بە ڕێگای زمانی فەڕانسەیی یاچ زمانێک؟
نەجاتی عەبدوڵا: لەوێ باس ناکا چ زمانێکە بەڵام تەسەور دەکەم لە ڕێگای زمانی فارسی یان زمانی عەڕەبی بووبێتن.
قازی: ناوێ ناڵێ
نەجاتی عەبدوڵا: وەرگێڕەکەی ژنێک بووە، ناوی ناڵێ بەڵام لە نووسینەکەی دا زۆر زانیاری وردی لە سەر کۆمەڵگای کوردی تێدایە، لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی تێدایە، باسی جووتیاری کورد دەکاتن، ئەوەی زۆر گرینگە باسی  سنووری کوردستانیش دەکا، سنووری کوردستانیش دەست نیشان دەکا. شوێنی سەفەرنامەی ژۆبێرت ئامێدێ لە دوای ئەوەکانی خۆشییەوە ڕەنگی داوە مەسەلەن " گاسپار درۆڤیل " کە لە دوای وی هاتووە زۆربەی زانیارییەکانی لەو دەچێ. لە دوو فەسڵدا کە میوانی عەسکەر خان بووە لە ئێران هاتووە سەردانی کوردستانیشی کردووە لە دوو فەسڵدا باسی کورد دەکاتن. لەوێ زۆر شتی جالب لە سەر مێژووی چینەکان دەگێڕێتەوە. باسی جووتیار دەکات و باسی کیانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان دەکا. من دەمەوێ ڕێک ئەوە بڵێم لەبەرچی ئەو سەرچاوانە بۆ ئێمە گرینگە.  لە سەر ئەو سەرچاوانەی سەدەی نۆزدەهەم دەتوانین ئێمە دووبارە وێنایەکی ... مێژووی خۆمان بکەیەنەوە لە سەدەی نۆزدەهەم لە ڕێگای ئەم سەرچاوانەوە.
قازی: زۆر چاکە لێرە پرسیارێک دێتە پێشێ چونکە ئێمە دەزانین لە شارێکی وەکوو مووسڵ لە زەمانی عوسمانییەکاندا لەبەر ئەوەی هێندێک دانیشتووی مەسیحی لێ بووە میسیۆنێرە مەزهەبییەکانیش لەوێ چالاکیان هەبووە و تەنانەت لەوێوە لە پێوەندی دابوون لەگەڵ بەشی دیکەی کوردستان کە لە ژێر سوڵتەی ئێراندا بووە بۆ نموونە لەگەڵ ئەو میسیۆنێرانەی کە لە ورمێ یان سەڵماس و دەورو بەری بوون. سەبارەت بەوانە ئەوەندەی کە پێوەندی پەیدا بکاتەوە بە فەڕانسەییەکان چمان بە دەستەوەیە؟



نەجاتی عەبدوڵا: دواتر دەگەمە ئەوە بۆت باس دەکەم.
قازی: چونکە پێم وایە  ئەوەش لە مەڕ سەدەی نۆزدەیە.
نەجاتی عەبدوڵا: ئەمن دەمەوێ باسی ئەوە بکەم لە سەدەی نۆزدە زیاتر دیپڵۆماتەکانن، ئەوانەی پیاوی دەوڵەت و کاردار و جاسووسن ئەمانە زیاتر هاتوون، لایەنێکی دیکە کە هاتوون میسیۆنێرە ئایینییەکانن. خۆی ئەگەر گەڕۆکەکان دابەشیان بکەین  بۆ ئەوەی بینەر ئیدەیەکی هەبێ چوار بەشن: یەکەمیان ئەوانەن کە دیپڵۆمات و پیاوی دەوڵەتن، کارداری دەوڵەت بووینە. دووەم ڕۆمانتیکەکان، و ئەوانەی موغامیرەکان، ئەوانەی سەرەڕۆکان ویستوویانە بگەڕێن. حەزیان لێ بووە بگەڕێن، سێیەم پیاوە ئاینییەکان بوونە و چوارەمیش بازرگانەکان بووینە. بە ڕاستی پیاوە ئایینییەکان، میسیۆنێرە ئایینییەکان لەگەڵ پیاوانی دەوڵەت ئەمانە سەرچاوەکانیان جێگای ئیعتیمادە و زانیاری زۆر وردیان تێدایە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ کۆمەڵێک گەڕۆکی فەڕانسەیی هاتوونەتە کوردستان، لە سەردەمی ڕووخانی ئیماڕەتە کوردییەکان لەوێندەر بوون. بۆ نموونە " یۆژین  فلاندن "  کە هاتووەتە سلێمانی لە سالی ١٨٤٠ لە سلێمانی بووە، لە سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان لە وێندەر بووە خۆی لە ئێرانەوە هاتۆتە سلێمانی چەند ڕۆژێک لە سلێمانی ماوەتەوە میوانی ئەحمەد پاشای بابان بووە، زۆر زانیاری ورد لە بارەی سوپای ئەحمەد پاشای بابان و لە بارەی سەردەمی ئەمارەتی بابان  بە دەستەوە دەداتن. ئەمە سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ ئەمارەتی بابان و دواییەکەی ئەمارەتی بابان. دوای ئەمە لە گەواهی دان بۆ هێرشەکانی حافز پاشا بۆ سەر ئەمارەتی سۆران، میری سۆران سەرچاوەی زۆر گرینگمان هەیە یەکێک لەوانە سەفەرنامەکەی " پووژاڵا " یە. پووژاڵا ڕێک لەو کاتەی دا کە سوپای عوسمانی حافز پاشا هێرشی کردووە بۆ سەر ئەمارەتی سۆران لە کوردستان بووە. خۆی لە کەمپێکدا ٤٠٠٠ ئاوارەی ژن و منداڵی بینیوە، دەڵێ باسی ئەوە دەکا دەگێڕێتەوە دەڵێ لەبەر قرچەی ئەو گەرما سووتێنەرە ئەو ژن و منداڵانە بێ جل هیچ جلیان دەبەر دا نەبوو، هیچ ناویان نەبوو، لەو دەشتە. دەڵێ دایک هەبوو منداڵەکەی لە باوەشی دا مردبوو بەڵام ئەوەندەی خۆش دەویست بەڵام دڵێ نەدەهات منداڵەکەی بنێژێ.
قازی: ئێستا با بێینە سەر میسیۆنێرەکان
نەجاتی عەبدوڵا: میسیۆنێرەکانئەوانی ئیتالیایی زیاتر لە لە مووسڵ بوون.
قازی: فەڕانسەییشیان لەگەڵ بووە
نەجاتی عەبدوڵا: ئەوانیشیان لەگەڵ بووە، زیاتر لە مەنتەقەی مووسڵ و ئەو ناوانە بوون. ئاخرین سەفەرنامە کە تایبەت بێ بە مەسیحییەکان ئی " ژاک ڕێتۆرێ " یە. ژاک ڕێتۆرێ قەشەیەک بووە لە میسیۆنی کاتۆلیکی مەسیحییەکان هاتۆتە لە مووسڵ بووە و لە ئەستەفی و زاخۆ و لە وێبدەر بووە.
قازی: ژاباش لەوێ بووە
نەجاتی عەبدوڵا: نا ژابا زیاتر لە ئەرزە ڕوم بووە. بەڵام ژاک ڕیتۆرێ سەفەرنامەیەکی زۆر جالبی نووسیوە، بە ناو هەموو مەنتقەی دەشتی هەوڵیر و کەرکووک و کۆیە بە ناو مەسیحییەکانی شەقڵاوە دا گەڕاوە بۆ قسە کردن لە سەر  پێوەندی نێوان کورد و مەسیحی لەو دەورانە دا یەکێکە لەو سەرچاوە باشانەی کە وا ئێمە دەتوانین بۆ نووسینەوەی مێژووی کورد ئیستیفادەی لێ بکەین.
قازی: ئێستا لە مەڕ ژابا، سەبارەت بە فەرهەنگی ژابا، ئەو وەکوو فەڕانسەیی حیساب ناکرێ؟
نەجاتی عەبدوڵا: نەخێر، نا لەبەر ئەوەی ژابا بە ئەسڵ پۆلەندی بووە و بە زمانی فەڕانسەیی نووسیوە، خزمەتێکی گەورەی زۆری کردووە.
قازی: زۆر باشە، پێش ئەوەی بگەینە سەدەی ٢٠ لەو نێوانە دا دەتوانین باسی کام  سەرچاوە بکەین وەکوو سەرچاوەیەکی سەربەخۆ کە باسی دۆزی کورد و کوردستانی کردبێ؟
نەجاتی عەبدوڵا: هەموو ئەو گەڕۆکانە کە هاتوونە وێندەرێ نووسینەکانیان تایبەت نەبووە بە کوردستان، ئەوانە هاتوون سەردانی ئیمپراتۆریای عوسمانی و ئێرانیان کردووە. بەڵام لە ساڵی ١٨٧٥ە پێم وابی یەکەم سەفەرنامە کە وا ناوی کوردستانی بە سەرەوە بێ سەفەرنامەکەی " هێنری بێندەر " ە.هێنرێ بێندەر هاتۆتە کوردستان زۆر زانیاری وردی نووسیوە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان و کتێبێکیشە کە بۆ یەکەم جار ناوی کوردستان دەچێتە سەر کتێبێکی فەڕانسەیی گەروە بە ناوی : سەفەر بۆ کوردستان، سەفەر بۆ مێزۆپۆتامییای گەورە". ئەمە لەوێوە یەکەم جارە ناوی کوردستان دەکەوێتە سەر کتێبێکی فەڕانسەیی.
قازی: ئەم بەرهەمە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی؟
نەجاتی عەبدووڵا: نەخێر، کراوەتە فارسی، لە فارسیشەوە ئەبووکر خۆشناو تەرجەمەی کردووە بەڵام  لە فەڕانسەییەوە تەرجەمە نەکراوە.
قازی: زۆر باشە ئێستا دەگەینە سەدەی بیستەم. دەگەینە سەدەی بیستەم و وا بزانم لە ساڵانی چلەکانی ئەو سەدەیە دایە کە نەمر کامڕان بەدرخان ڕێگای دەکەوێتە فەڕانسە. دەکرێ لەو دەمییەوە باس بکەین یان پێش ئەوە هیچی دیکە هەیە؟
نەجاتی عەبدوڵا: ڕێک دەمەوێ ئەوەت بۆ باس بکەم لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە ئیدی قۆناغێکی نوێ لە کوردناسی دەست پێدەکا. لە قالبی کوردناسی دەچێتە دەرەوە و دەبێتە لێکۆڵینەوەی کوردی. کۆمەڵێک ناو هەن بە ڕاستی زانای گەورە بوون و بەشدارییەکی گەورەیان کردییە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتای قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی. یەکێک لەوانە دەتوانین ناوی " بازیل نیکیتین" بێنین  کە کۆمەڵێک لێکپۆڵینەوەی زۆر جوانی کردووە.
قازی: دیارە بازیل نیکیتین رووس بووە لە ورمێ کاری کردووە و لە ژیانی دواتریدا هاتووە لە فەڕانسە ژیاوە و پێم وایە کتێبە بەناوبانگەکەی لە فەڕانسە بڵاو بووەتەوە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ. کتێب و نووسینەکانی هەموو لە فەڕانسە بڵاو بووەتەوە هەر لە فەڕانسەش مردووە بۆیە پێم لە سەر بازیل نیکیتین داگرت، لە دوای ئەوە پییێر غۆندۆ (ڕۆندۆ) ئەفسەرێک بووە لە سووریا ئەمە خزمەتێکی زۆر گەورەی کوردی کردووە کۆمەڵێک وتاری زۆر جوانی بە فەڕانسەیی نووسیوە یەکێک بووە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بەشداری کرد لە ناسین و ناساندنی کورد. لە دوای ئەو " ڕۆژێ لێسکۆ "، ڕۆژێ لێسکۆ دەورێکی زۆر گەورەی بینی، دوایە کامڕان بەدرخان دێتن.
قازی: با پەلە نەکەین، یەک یەک کەمێکیان باس بکەین.دیارە لە پێوەندی لەگەڵ ئینتیدابی فەڕانسە بە سەر سووریا دا لەوێ فەڕانسەییەکان وەکوو بەڕێزت ئاماژەت پێکرد لە پێوەندییەکی ڕاستەوڕاست لەگەڵ کوردەکان کەوتوون بە تایبەتی لەگەڵ هێندێک خوێندەوار و مونەوەرینی کورد کە لەو سەروبەندە دا هەبوون. لەو پێوەندییانە دا واتە لە پێوەندی لەگەڵ کوردەکاندا لە سەرچاوەی فەڕانسەیی دا چ دەبینین زیاتر؟ مەسەلەن بۆ نموونە نووسینەکان ڕۆندۆ کە باست کرد.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ: فەڕانسەییەکان زۆر هاریکاری کوردیان کرد لە وێندەر بە ڕاستی. ئەوەی با پێی بڵێین کوردستانی ڕۆژئاوا. لە وێندەر هەم هاریکاری ئەوەیان کرد کە گۆڤاری " هاوار" دەربچێتن.
قازی: دیارە ئەوە لە خزمەت سیاسەتی ڕۆژی خۆیاندا بووە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ، بەڵام دوا جار بە قازانجی ئێمە شکایەوە. گۆڤاری هاوار یەکێک لە بناغە ڕەئیسییەکانی ڕۆژنامەنووسیی کوردی." ستێر " هەبووە، " ڕۆناهی " هەبووە، کۆمەڵێک ڕۆژنامە و شتی چاک دەرچوون. " پییێر غۆندۆ" خۆشی کۆمەڵێک وتاری زۆر باشی نووسیوە یانی ئەمانە هاریکار بوون کە وا بیرێک لە لای خوێنەرەوەی فەڕانسەیی دروست بێتن لە سەر کورد. لە دوای ئەوانەوە ئیدی کامڕان بەدرخان دێ، یانی لە دوای ١٩٤٧.
قازی: تەنانەت ئەمن وەبیرم دێ لە کۆبوونەوەیەک لە فەڕانسە ژەنەڕاڵێکی خانەنشینی فەڕانسەیی کە وەختی خۆی لە سووریا بووە لە دانیشتنێک دا کە باسی بەدرخانییەکان دەکرا هەستا سەر پێ بە حورمەتەوە. ئێستا بە داخەوە نێوەکەییم وەبیر نایەتەوە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ بەڵێ ماڵی بەدرخان، ئەوانە خانەوادەی بەگ زادەی کورد بوون بە ڕاستی. کامڕان بەدرخان پێم وابی لە ساڵی ١٩٤٧ گەیشتە پاریس ئەگەر غەڵەت نەبم. ئیدی لەوێوە بنگەیەکی دانا بۆ ناساندنی کورد لە فەڕانسە بە ڕاستی. لە دوای ئەویش، هاوشان لەگەڵ ئەو عیسمەت شەریف گەیشتە ئوڕووپا. عیسمەت شەریف و ئەوانە کۆمەڵێک خوێندکاری گەنج بوون ڕۆژنامەکیان دەر دەکرد لە ساڵی ١٩٤٩، پێنج ژمارەی لێ دەرچوو بە ناوی
" دەنگی کوردستان"
Le voix du Kurdistan بە فەڕانسەیی و بە خەتی کوردیی لاتینیش دەرچووە. خۆشبەختانە هەر پێنچ ژمارە لە کتێبخانەیەکی شاری نانتر لە فەڕانسە ماوە، ئۆرجیناڵەکانی ماوە بەس تەنیا لە وێندەر ماوە لە هیچ جێگایەکی تر نەماوە، ئێمە هەموو ژمارەکانمان کۆپی کردووە بۆ ئەوەی بتوانین چاپی بکەینەوە. دوای ئەوە کامڕان بەدرخان گۆڤارێکی دەر کرد بە ناوی  Bultin de Etutde Kurde واتە بولتەنی دیراساتی کوردی کە ١٣ ژمارەی لێ دەرچوو ئەمە ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ناساندنی کورد لای فەڕانسەییەکان. لە دوای ئەوە کۆمەڵێک خوێندکار یەک لەوانە ژان پێیێر ڤینۆ کە تێزی دوکتواریەکەی لە سەر کورد بوو، دوای ئەوە جۆیس بلۆ هات
قازی: لێرە بڕێک ڕابوەستین لە سەر ژان پییێر ڤینۆ. ژان پییێر ڤینۆ تێکۆشەرێکی فەڕانسەیی بوو کە لە باری فکرییەوە وا بزانم مارکسیست بوو و تێزی دوکتوارکەی، پی ئێچ دی یەکە سەبارەت بە دۆزی کورد نووسیوە. بە تایبەتی ئەمن وەبیرم دێ ئەو بزووتنەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٦٧-٦٨ هەبوو، ئەو کۆمیتەیەکی دروست کرد بوو وەک کۆمیتەی پشتیوانی لە گەلی کورد و چەند پۆستێری بڵاو کردەوە کە هەم وێنەی ڕێبەرانی کۆماری کوردستان و ئی شەهیدانی ٦٧-٦٨ سولەیمان موعینی، سمایل شەریفزادە و مەلا ئاوارەی تێدا بوو و لە کۆنگرەیەکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا لە ساڵی ١٩٧٢ کە من وەبیرم دێ، دیارە زۆریش قەدیمە لە بوخارست بەشداری کرد بوو و هەر لەو کۆنگرەیە دا نوێنەری بزووتنەوەی باسکیش لەگەڵ وی هات بوو. ئەو بەڕێز وا بزانم دواتر لە ڕووداوێک دا  لە ئەفغانستان ژیانی لە دەست دا. تێزەکەی چۆنە وابزانم تا ئێستاش وەکوو کتێب دەرنەکەوتووە.
نەجاتی عەبدوڵا: نەخێر وەکوو کتێب چاپ نەکراوە. تێزەکە دوو بەشە. بەشی یەکەمی بریتییە لە سەر لێکۆڵینەوەیەکی پوخت لە سەر کۆمەڵگای کوردی و زیاتر لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد نووسیویەتی، بەشی دووەمەکەی بریتییە لە  کۆمەڵێک بەڵگەنامە کە لە ڕێگای عەڕەبییەوە خۆی تەرجەمەی فەڕانسەیی کردووون بۆ ئەوەی خوێنەری کورد زیاتر لە پرسی کورد بگاتن. تێزەکە تێزێکی نایابە ئێستاش گرینگی خۆی لە دەست نەداوە شایانی ئەوەیە بە ڕاستی هەر وەک وەفایەک بۆ هەم مامۆستا بەڕێزە ئەم تێزە تەرجەمەی کوردی بکرێتن. هاوشان لەگەڵ ئەمە دا، لەو قۆناغە دا ناکرێ ڕۆڵی کۆمەڵێک ڕۆژبامەنووسی گەورە لە بیر بکرێ.
قازی: پێش ئەوەی بگەینە ئەوێ با پرسیارێک لە بەڕێزت بکەم  چونکە لە سەرچاوەیەی کوردی دا ڕۆژنامەی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٦ دەرکەوتووە لە ژمارەیەکی دا باسی هاتنی ژوورنالیستێکی فەڕانسەیی بۆ مەهاباد دەکرێ  کە پێشتر چووەتە تەورێز و لەوێوە هاتووە سەری مەهابادیشی داوە و لەوێ لەگەڵ پێشەوا قازیی محەمەد وتوێژێکی کردووە بەڵام هەتاکوو ئێستا  ناوەرۆکی ئەو وتوێژە یا چاوپێکەوتنە پێم وا نییە لە هیچ سەرچاوەیەکی کوردی دا تەرجومە کرا بێ یا پێێ زاندرابێ. ئیمکانی دۆزینەوەی هەیە بە بۆچوونی جەنابت؟
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ ئیمکانی دۆزینەوەی هەیە ئەگەر چاپ کرابێتن، بەڵام من خۆم ئەوەم بەرچاو نەکەوتووە. بەڵام دەزانم لە ساڵانی ١٩٤٢- ٤٣ تا کوو سەردەمی کۆماریش ڕۆژنامەنووسێکی ڕووس گەشتێکی کردووە بۆ مەهاباد و ئەوانە و لە گۆڤارێکی فەڕانسەییدا کە لە ڕووسیا دەرچووە لەوێدا نووسینێکی بە سێ ئاڵقە بڵاو کردووەتەوە کە من هەمە.
قازی: ناوی چییە؟
نەجاتی عەبدوڵا: بەڕاستی ناوەکەی نایەتەوە خەیاڵم. بەڵام ڕۆژنامەنووسەکە ڕووسە. وتارەکەی بە فەڕانسەیی بڵاو کراوەتەوە. نایەتەوە خەیاڵم، دواتر دەتوانم بینێرمە خزمەتتان.
قازی: ئێستا باسی ڕۆژنامە نووسەکانت کرد. ڕەنگە ئەوەڵین کەسی کە بە زەینت بگا ئێریک ڕۆلۆ بێ.
نەجاتی عەبدوڵا: بی زەبت، بی زەبت منیش دەمەوێ باسی وی بکەن.
قازی: کە هەم ڕۆژنامەنووس بووە و هەم دیپڵۆمات
نەجاتی عەبدوڵا: ئەم و بەڕێزە دەتوانین ناوی کریس کۆچێرا بێنین.
قازی: پێش کۆچێراش زاتێکی دیکە  کە ئێستا هاوسەرەکەشی ماوە و زمانی کوردیی کورمانجی باش دەزانی و ناوی بێرتۆلینۆ  بوو.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ، بەڵێ ئەم ڕۆژنامە نووسانە دەورێکی گەورەیان بینی لە گەیاندنی دەنگی شۆڕشی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژنامەی لۆمۆند دا کۆمەڵێک وتاری زۆر پوخت و جوانیان نووسیوە. ڕەنگە دواترین ئەو کەسانەی کە باسی بکەین جۆیس بلۆیە. جۆیس بلۆش دەورێکی گرینگی بینیوە خودا هەڵناگرێ، دەورێکی گرینگی بینی لە پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەی کوردی بەڵام  قۆناغی پێشکەوتووی لێکۆڵینەوەی کوردی بە ڕاستی لە ٨٠ کانەوە دەست پێدەکا و بە تایبەتیش لە ٩٠ەکانەوە کاتێک کە کۆمەڵێک قوتابی کورد دێنە دەرەوە و تێزی دوکتورا دەنووسن.
قازی: زۆر باشە، ئێستا پرسیارێک ڕەنگە بۆ بەشێک لە بینەرانیشمان چاوڕاکێش بێ ئەویش ئەوەیە ئەو تێزی پایاننامانە، پێ ئیچ دی یانەی کە نووسراون سەبارەت بە کورد ڕەنگە بەشێکی زۆریان پێیان نەزاندرابێ مەگەر ئەو کەسانەی کە دەتوانن بە زمانی فەڕانسەیی بخوێننەوە و خۆیان کاری لێکۆڵینەوە بکەن. ئەگەر دەکرێ هێندێک لەو پێ ئێچ دی یانە و بابەتەکیان بناسێنی.
نەجاتی عەبدوڵا: بی زەبت. تێزی زۆر گرینگ هەنە، نامەی ماستر و دوکتورا کە بە فەڕانسەیی لە سەر کورد نووسراون. وە هەموویان لەو کتێبەیدا کە لای جەنابتە [ ئاماژە بە کتێبەکە دەکا] تا ئەو کاتەی کە من روانیومە ئامادەی کەم چاپی ئاخری دەرچووە ئەگەر نەڵێم هەمووی بەڵام بەشی زۆری نامەی ماستر و دوکتورای ئەوانەی لە سەر کورد بی تێیدایە و و کورتەیەکیش، پێناسەیەکیش لە بارەی تێزەکان هەیە بۆ ئەوەی هەر خوێنەرەوەیەک بییەوێ دەتوانێ بە ئاسانی بیدۆزێتەوە.
قازی: باشە، لە پێش هەموان دا لە تێزەکەی خۆت ڕا دەست پێ بکەین.
نەجاتی عەبدوڵا: بابەتی تێزەکەی من لە سەر " ئیمپڕاتۆریا، سنوور، خێڵ، کوردستان و کێشەی سنووری نێوان تورکیا و ئێران لە ١٨٤٣ تا ١٩٣٢" لە کۆنگرەی دووەمی ئەرزەروومەوە دەستم پێ کردووە تا وەکوو ئەم سنوورەی ئێستا کە نێوان تورکیا و ئێران هەیە لە ١٩٣٢وەوە تەسبیت کراوە، ڕاگیراوە من لە وێندەرەوە وەستاون. ئەم کتێبە  خۆشبەختانە بە تورکی تەرجومە کراوە و تەرجومەی عەرەبیش کراوە بۆ کەسێک کە بییەوێ ئیستیفادەی لێ بکاتن و بە فەڕانسەییش چاپ کراوە.
قازی: لەو تێزەت دا دەبێ زۆر کەلکت وەرگرتبێ لە کارەکانی ئەو هەیئەتی کە مینۆرسکیشی تێدا بووە بۆ ئەوەی کە ئەو سنوورە دیاری بکەن.
نەجاتی عەبدوڵا: بێگومان. ئەم تێزەی من خوێندنەوەیەکە لە نێوان مێژوو و کۆمەڵناسی ئەوەی بە فەڕانسەیی پێی،    دەڵێن ئانتر دیسیپلێنر واتە نووسین لە ناو کۆمەڵێک دیسیپلین دا. ئەتۆ ناتوانی باسی سنووری نێوان ئێران و تورکیا بکەی ئەگەر لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە باسی تەرکیبە و پێکهاتەی کۆمەڵی کوردەواری نەکەی. من لەم تێزەم دا کە پێم لە سەر ئەوە داگرتووە، لە سەر ئەو مەنتەقەیە کە کورد وەک ئەکترێکی نا دەوڵەتی تێیدا بووە.
قازی: باشە ئەو هەیئەتەی کە ئەو سنوورەیان دیاری کردووە دەوی وەختی دا ئەو ئەرکەیان لە لایەن عصبەالامم پێ ئەسپێردرابوو ئەو دەمی وا نییە؟ مەبەستمleague of nations  ە.
نەجاتی عەبدوڵا: ئەمە درەنگترە ئەتۆ باسی ساڵانی ١٩٢٤ – ١٩٢٥ دەکەی. ئەتۆ باسی ویلایەتی مووسڵ دەکەی. مینورسکی هەر دوو جاربەشدار بووە. لە ساڵی ١٩٠٥- ١٩٠٤ یش بەشدار بووە لە دیاریکردنی سنوور دا، لە کوردستان بووە و بە ناو کوردستان دا هاتووە و لە وێ کوردی ناسیوە هەر کتێبەکەشی بەرهەمی کورت تێبینی و سەرنج، بەرهەمی ئەو سەفەرانەیە کە وا لە وێندەر بووە و دواتر باسێکی جوانیشی نووسیوە لە سەر ئەم لێژنەیەی کە وا لە ڕێگای کۆمەڵی گەلان هاتوونە کوردستان باسی ئەوەی کردووە و باسێکی لە سەر ویلایەتی مووسڵ نووسیوە.
قازی: باشە ئەو کەسانە هێندێکیان موهەندیسیش بوون لە ڕووی جوغرافیا ناسی و ئەوە ڕا. پێت وایە ئاست و ڕادەی سەمپاتییان بە نیسبەت داوخوازی کوردان لەو مەرحەلەیە دا چۆن بووە؟
نەجاتی عەبدوڵا: ئەمانە ئەندازیار و کارداری تێکنیکی بوون هیچ پێوەندییەکیان بەوەوە نەبوو یانی سۆزێکیان هەبێ لە سەر کورد.
قازی: یانی ویستیوویانە سنووری دەوڵەتەکان دیاری کەن
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ کورد دەوڵەت نەبووە، کورد وەکوو بەشێک لە ئیمپراتۆریای عوسمانی و بەشێک لە ئێران سەیری کراوە. ئەوانە نەهاتوون، وەزیفەیان نەبووە باسی ئەوە بکەن کورد مەزلوومە
قازی: مەبەستی من ئەوە بوو لە بەر تێکەڵاوی شەخسی خۆیان
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ، بەڵێ زانیارییان داوە لە سەر مەنتیقەکان، لە سەر شوێنەکان، لە سەر دانیشتووانەکەی، زانیاری وردی تێدایە.



قازی: زۆر باشە، ئێستا ئەگەر بگەینە سەر تێزەکانی دیکەی کە جەنابت بتوانی بیانناسێنی
نەجاتی عەبدوڵا: کۆمەڵێک تێزی نایاب  هەیە.
قازی: لە سەر کۆماری کوردستان وا بزانم چەندین کار کراوە، یەک و دوو نییە.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵی کاری زۆر باش کراوە، کتێبێکیش چاپ کراوە لە سەر کۆماری کوردستان هەر بە فەڕانسەیی چاپ کراوە. تێزەکەی کاک حەمید بۆزئەرسڵان ڕەنگە یەکێک بێ لە تێزە هەرە باشەکان، لەوانەی لە سەر کورد نووسرا بێ. تێزەکەی وەکوو کتێبیش چاپ کراوە و زانکۆ کتێبەکەی بۆ چاپ کردووە و یەکێکە لە تێزە نایابەکان.
قازی: نێوی چی یە؟
نەجاتی عەبدوڵا: لە سەر پرسی کوردە بە مانای کورد وەک کەمینە نەتەوەیەک لە پێوەندییە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێکە لەو تێزانە کە بەڕاسی شایانی ئەوەیە ئینسان پەنجەی بۆ ڕاکێشێ.
قازی: بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەڕێزت چاوت لە سەرچاوە ئینگلیسییەکانیش کردووە ئەگەر بەراوەردیان بکەی کامەیان دەوڵەمەندترە لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردیدا؟
نەجاتی عەبدوڵا: بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی وەڵا حەتمەن کتێبخانەی ئینگلیسی دەوڵەمەندترە، زۆریش دەوڵەمەندترە. ئارشیڤی بریتانیاییش  بەداخەوە ئیشێکی وای لە سەر نەکراوە، یەکێکە لە ئارشیڤە دەوڵەمەندەکان و ئاڕشیڤی فەڕانسەییش یەکێکە لە ئارشیڤە دەوڵەمەندەکان بەڵام ئەو دەوڵەمەندییەی لە ئاڕشیڤی بریتانیاییدا هەیە ڕەنگە لە ئاڕشیڤی فەڕانسەیی دا نەبێ. چونکە مێژووەکەی کۆنترە، بەڵام بە داخەوە کورد نەیتوانیوە تا ئێستا سوود لە ئاڕشیڤی بریتانیایی و ئارشیڤی فەڕانسەیی وەربگرێ.
قازی: جا گشت ئەوە لە فەڕانسە گەیشتووەتە ئینالکۆ Institute National des Langue et Civilisations Orientales کە لەوێ لە زەمانی کامران بەدرخانەوە دەست کراوە بە خوێندن و لێکۆڵینەوە لە سەر کورد و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.
نەجاتی عەبدوڵا: پێوەندی ئینالکۆ و کورد بەڕاستی لە کامڕان بەدرخابەوە دەست پێ دەکا. لەوێندەر بەس کورمانجی دەخوێندرا سۆرانی نەبوو. سۆڕانی پێم وابی لە ٧٠کانەوە ئیزافە کراوە، وەکوو پرێنسیپ لە دوای ساڵانی ٧٠ وە ئیزافە کراوە پێشتر هەر کورمانجی دەخوێندرا و سەردەمانێکیش دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەوێ دەرسی گوتووەتەوە، جۆیس بڵۆ لە وێ دەرسی گوتووەتەوە و ئەوان لەوێ دەرسیان گوتووەتەوە و ئێستاش بەردەوامە.
قازی: دیارە سەبارەت بە ئینالکۆ لێرە لە ڕاوێژ میوانێکمان هەبوو  دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ یەکێک لە مامۆستاکانی کە لەوێ کار دەکا. بۆ کۆتایی هێنان بەو باسە بەڕێزت مەسەلەی کوردناسی لە فەڕانسە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەو ساڵانەی دواییدا پێوەندی زیاتر هەبووە لەگەڵ باشووری کوردستان. پێت وایە  لە باشووری کوردستان سەبارەت بە بواری کوردناسی لە فەڕانسە چەندە زانیاری هەیە لەناو کۆڕو کۆمەڵی ئاکادێمی و زانکۆییدا؟
نەجاتی عەبدوڵا: من پێم وایە ئێستا قۆناغێکی زێڕینە بە ڕاستی یانی کورد توانیویەتی لە فەڕانسە بە ڕاستی بناسرێ. ئێستا هەر لە زانکۆکانی فەڕانسە ئێمە ژمارەیەکی زۆر مامۆستامان هەیە، کوردن لەوێندەر دەرس دەڵێنەوە. بۆ وێنە یەک لەوانە حەمید بۆز ئەرسڵان ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ناساندنی پرسی کورد بە دونیای ئانگڵۆفۆن، بە دونیای فڕانکۆفۆن، هەر وەها ئاڵمانۆ فۆن و کتێبەکانی بە ئاڵمانی تەرجەمە کراون، بە ئیتالیایی تەرجەمە کراون، بە عەڕەبی تەرجەمە کراون، بە کۆمەڵێک زمان تەرجەمە کراون و کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی زۆر جوانی  لەسەر کۆمەڵگای کوردی، لە سەر پێکهاتەی کورد وەک کەمینە نەتەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا ئەنجام داوە و کارەکانیشی زۆر زانستییانە نووسیوە.
قازی: ئێستا با بێینە سەر بار و دۆخی کولتووری لە باشووری کوردستان و بە تایبەتی لە  پێوەندیی لەگەڵ مەسەلەی زماندا. لە پێوەندیی لەگەڵ زمان و کێشەی لەمەڕ زمان من تاڕادەیەک ئاگاداریم هەیە، تا ساڵی ٢٠٠٩ و ئەو موناقەشاتەی کە ئەو دەمی هەبوو. لەو سەروبەندیشدا ئەکادێمیای کوردی وا بزانم ئەو دەمی بەڕێز شەفیق قەزاز سەرۆکایەتی دەکرد و دەزانین بێ ئەوەی کە سیاسەتێکی ڕەسمی هەبێ سەبارەت بە شێوەزارە کوردییەکان هێندێک پێشوەچوون کرا، بۆ وێنە خوێندن بە کورمانجی لە مەڵبەندی بادینان. هەر وەها لە هەورامانیش چاڵاکی زیاتر بوو هەر وەک گوتم ئەوە سەرەڕای نەبوونی پشتیوانیی ڕەسمی. وەکوو پێش بەرنامەش قسەمان کرد بەڕێزت ئەو حەولانە چۆن هەڵدەسەنگێنی. دیارە بەڕێزیشت باوەرت هەیە بە فرە ستاندارد بوونی زمانی کوردی و مافی زمانی بۆ هەموو ئاخێوانی کە لە جوغرافیای کوردستاندا دەژین. لەو زەمینانە دا ئەگەر دەکرێ هێندێک لە بۆچوونەکانت باس بکە!
نەجاتی عەبدوڵا: ئەمن دەمەوێ بەڕاستی شتێک بڵێم ئەویش ئەوەیە ئەو کێشانەی کە بەرۆکی زمانی کوردی گرتووە کێشەی ئێستا نین، کێشەگەلێکن کە لە قووڵایی مێژووەوە لەگەڵمان هاتوون. یانی ئەو  دابەشبوونە دیالێکتی و ئەو دابەشبوونە زارانەی کە بە سەر کورد دا داهاتووە گوناهی کوردی تێدا نەبووە. و ئەمە وەک چۆن مێژووی دابەش کراوە، وەک چۆن خاکی دابەش کراوە ئەمانەش دابەش کراون. یانی لە هیچ سەردەمانێکدا کورد دەسەڵاتێکی نەبووە بە سەر هەموو کوردستان دا ڕابگاتن بۆ ئەوەی بتوانێ یەک زمانی هەبێتن . جوگرافیا ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە  لە پەرتەوازە کردنی کورد بۆیە ئێمە هیچ گوناهێکمان نییە وەک نەتەوە دابەش کراین و ئەمە کورمانجی یە، ئەمە هەورامی یە، ئەمە دیاردەیەکی زۆر زۆر سروشتی یە بریتی یە لە بەرەنجامی ئەو تەقسیماتەی کە وا لە سەر کوردستان بووە چ لە ناوخۆی کۆمەڵگا، چ لە ڕێگای داگیرکەران و چ لە ڕێگای جوگرافیاشەوە. بۆیە ئێستا ئێمە لە بەردەم ئەوە داینە قۆناغی هەرە گرینگ ئەوەیە ئێمە ناتوانین بە شەو و ڕۆژێک بە زمانێکی ستاندارد بگەین، ئەگەر کەسێک خەیاڵێکی وای هەبێ بتوانێ وا بە هاسانی بە زمانێکی ستاندارد بگا بە ڕاستی ئەمە خەیاڵە ئەگینا کەس نییە عەز بەوە بکا ئێمە زمانێکی ستانداردمان نەبێ. کاری عاقڵانە و کاری ژیرانە ئەوەیە ئێمە لە سەر هەموو دیالێکتەکان کار بکەین، لە سەر هەموو دیالێکتەکان کار بکەین بە بێ جیاوازی چونکە ئەوانە، هەر دیالێکتێک لەوانە بە ڕاستی گوڵێکن لە باغچەیەک  کە پێی دەگوترێ باغچەی زمانی کوردی. یانی تۆ لە باغچەیەکدا ئەگەر چوار گوڵت هەبێتن یەکێکین بقرتێنی یان وەلایەوە بنێی بژاکێ تەئسیر لە گوڵەکانی تر دەکا.
قازی: ئەو ڕوانگەی بەڕێزت ئەوەی کە دوایی ئاماژەت پێ کرد لە ڕاستیدا لە زماندا مەسەلەی زۆرایەتی و کەمایەتی نییە.
نەجاتی عەبدوڵا: بە هیچ شێوەیەک
قازی: چونکوو کەسێک کە بە زمانێک یا شێوەزارێک قسە دەکا زۆرایەتی بۆ ئەو ئەوەیە کە قسەی پێ دەکا. نموونەی ئاوا لە وڵاتانی ئوڕووپایی زۆرە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکوو فەنلاند نەوەد و چوار لە سەد بە زمانی فەنلاندی قسە دەکەن، شەش لە سەد بە زمانی سوێدی قسە دەکەن بەڵام مافیان دە قانووندا وەکوو یەکە. یانی گوێ نادرێتە ئەوە کێهە زۆربەیە و کێهە کەمایەتی. مەبەستم تێچنێک بوو بۆ قسەکەی بەڕێزت.
نەجاتی عەبدووڵا: ئەمڕۆ چەمکی دێمۆکڕاسی ئەوەیە ئەتۆ چەندە ڕێز لە مافی کەمینە دەگرێ نەک ئەوەی کە ماف بۆ زۆرینە دابین بکەی.
قازی: باشە جەنابت کە لە ساڵی ٢٠١٠ ڕا چالاک بووی وەکوو ئەندامی کارای ئەکادێمیای کورد ئەو باسی زمانییە لە ئەکادێمیا دا گەیوەتە کوێ ئێستا؟
نەجاتی عەبدوڵا: ئەو باسە  گەیشتووەتە ئەوەی ئێمە وا بە پەسند دەزانین ئەمە دەستی لێ نەدرێ چونکە بە ڕاستی مەسەلەیەکی زۆر هەستیارە. بە ڕاستی مەسەلەی زمان و کار کردن لە سەر زمان و زمانی یەکگرتووی کوردی بە ڕاستی  مەسەلەیەکی هەستیارە. بەو مانایە ڕەنگە ئێستا ئەو قۆناغە نەبێ تۆ بتوانی یانی کەلێنێکی دیکە لە کۆمەڵگای کوردەواری بکەیتەوە یانی کاری عاقڵانە ڕەنگە ئەوە بێ، بە ڕای من وەک شەخسی خۆم، هەموو دیالێکتەکان بایەخیان پێ بدرێ. با بچینە پێش بزانین دەگەینە چ قۆناغێکەوە، شایەد ئێمە بتوانین لە دوو ڕێیانێکدا هەموو دیالێکتەکان بەیەکەوە بگەن لە دواجارا بتوانین زمانێکی یەکگرتوو دروست بێ ئەوەی پێی دەگوترێ زمانی یەکگرتوو، بەڵام قەت زمانی یەکگرتوو نابێ لە ڕێگای هێزەوە دروست بکرێ. ئێمە ئەگەر زمانی یەکگرتووش دروست بکەین دەبێ لە ڕێگایەکی زۆر دێمۆکڕاتی و زۆر مەدەنییانە دروستی بکەین نابێ بە هیچ شێوەیەک بە هێز دروستی بکەین.
قازی: لە هێندێک وڵات و لە مەڕ هێندێک زمان  ئاکادێمی زمان هەیە و لە هێندێک وڵات نییە ئەوەش مەسەلەیەکە، لە وڵاتانی کە بە زمانی ئینگلیسی قسە دەکرێ لە زۆربەیان ئاکادێمی زمان نییە، بەڵام ئەگەر تەماشا بکەین لە فەڕانسە ئاکادێمی فەڕانسە هەیە، لە وڵاتانی سکاندیناڤی بۆ نموونە لە سوێد ئاکادێمی زمان هەیە کە بەشێوەیەک دەوریان هەیە لە ڕێک پێدان و گەشە و نەشەی زمان دا. بە پێی ئەو پەیڕەوەی کە بۆ ئەکادێمیای کوردی لەبەر چاو گیراوە فۆنکسیۆن و سنووری سەڵاحییەتەکانی ئەکادێمیا لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردی دا چییە؟
نەجاتی عەبدوڵا: من لە سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم نابێ ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ ئەکادێمیای کوردی وەکوو ئاکادێمی فەڕانسە بێ. بێ گومان ئەکادێمیای کوردی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای کوردییە، ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی کوردییە، ڕەنگدانەوەی ئەو پێکهاتەیەیە  کە دەسەڵاتی کوردی توانیویە ئەکادێمیای تێدا دروست بکاتن یانی تۆ ناتوانی ئەو چاوەڕوانی لە ئاکادێمی سوێدت هەیە لە ئەکادێمیای کوردیت هەبێ بە ڕاستی، لەبەر ئەوەی هەم تەمەنێکی کورتە و هەم ڕەنگە زۆر بەربەستی لە پێش دابی.
قازی: فۆنکسیۆنی چییە لە پێوەندی لەگەڵ زماندا؟
نەجاتی عەبدوڵا: پێوەندییەکەی ئەوەیە یەک ئەرکی هەرە سەرەکی ئەکادێمیای کوردی چاوەدێری کردنی زمانی کوردییە، چاوەدێری کردنی بایەخ پێدانە بە هەموو دیالێکتەکانی کوردی.
قازی: باشە ئەو چاوەدێری کردنە میکانیزمی قبووڵی ئیدەکانی چییە؟ یانی جەنابت وەکوو ئەندامێکی کارای ئەکادێمیای کورد تەماشای بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی دەکەی یا بە کارهاتنی چەمکێک دەکەی بۆ ئەوەی ئەو چەمکە لە لایەن موئەسیسەیەکی ئیدارییەوە قبووڵ بکرێ چ میکانیزمێک ئەوە دەکا؟
نەجاتی  عەبدوڵا: جا من ڕێک ئەوەت پێ دەڵێم. ئێمە بەڕاستی هیچ دەسەڵاتێکی وامان نییە. ئەو دەسەڵاتەمان نەدراوەتێ و نیمانە بتوانین بە سەر ڕۆژنامەکان، بە سەر گۆڤارەکان دا بیسەپێنین. بۆ نموونە لە فەڕانسە ئەگەر وشەیەکی نوێ بێ ئەگەر لەڕێگای ئاکادێمی فەڕانسەوە نەبێ ناتوانێ دواجار بڕیاری لە سەر بدا بڵاوی بکاتەوە بەڵام لە باشووری کوردستان هەر کەسێک بە کەیفی خۆی دەنووسێ، هەر ڕۆژنامەنووسێک بە کەیفی خۆی وشە دادەتاشێ کەسێک نییە بتوانێ بڵێ نا. ئێمە بەڕاستی بە کوردییەکەی دەمەوێ بە ڕاشکاوی پێت بڵێم ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان لەوە دا نییە بتوانین کۆنتڕۆڵ بکەین یا بتوانین خۆمان فەڕز بکەین بە سەر ڕۆژنامەکاندا و بە سەریاندا بسەپێنین  دەبێ وا بنووسی و نابێ وا بنووسی. ئێمە نامیلکەیکمان نووسیوە بۆ ڕێنووسی کورد، هەر چەندە  ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگای سەرۆکی وەزیرانیشەوە گشتاندنێکی کرد کە وا بە سەر دامودەزگاکان دا بسەپێنن کە وا هەموویان بەو ڕێنووسە بنووسن بەڵام هیچکەسێک کاری پێ ناکا. تۆ نووسراوی زمانی کوردی دەزگاکانی کوردستان بخوێنییەوە پڕیە لە هەڵە، پڕیە لە هەڵەی ڕێنووس، نازانن کوردی بنووسن، کوردییەکی زۆر خراپ دەنووسن و کەسیش نییە بتوانێ پێشیان بگرێ.
قازی: وا بزانم نموونەیەک تابڵۆکانە، ئەو تابڵۆیانەی کە لە کوردستان ئامادە دەکرێن. ئێمە دەزانین لە قانوونی بنەڕەتی کۆماری فێدێڕاڵی عێڕاق دا بایەخی کوردی و عەڕەبی وەک یەک وایە  و هەر دووکیان زمانی ڕەسمی فێدێڕاڵن بەڵام زۆر جار دەبینین ئەو تەعبیراتەی کە بۆ نێوەکان بەکار دەهێندرێ فکرەکە عەڕەبی یە و دوایە بە کوردی دەربڕاوە بۆ نموونە فڕۆکەخانەی عێڕاقی ناودەوڵەتی.
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ، بەڵێ. خۆزگە هەر ئەوە بوایە، یانی کوردییەکانیان هەڵەیە، کوردی زۆر زۆر خراپە بە ڕاستی نازانم کێ لێی بەرپرسیارە. ئێمە زۆر حەولمان دا، چەند کۆبوونەوەشمان کرد بۆ ئەوەی بتوانین تابلۆکان یەک بخەین، بۆ ئەوەی تابلۆکان بە کوردی بێ بەڵام بەداخەوە سەرنەکەوتووین و ئێستاش ئێمە لە تەنگژەیەکی زۆر گەورە داین ئەکادێمیای کوردی لەگەڵ ئەو وەزعەی لە کوردستاندا دەگوزرێ لە ئەزمەیەکی زۆر خراپ دایە و وەک عەرەب گوتەنی کەس حەسوودیمان پێ نابا بە ڕاستی.
قازی: باشە بەڕێزت وەکوو ئەندامێکی کارا، وەکوو جێگرەی سەرۆکی ئەو ئەکادێمیایە پێشنیارت چییە  یانی پێت وایە چۆن دەکرێ لەو ئەزمەیە تێ پەڕن؟
نەجاتی عەبدوڵا: ئەم ئەزمەیە ئەزمەیەکە بەرۆکی هەموو کۆمەڵگای کوردی باشووری گرتووەتەوە. نامەوێ بچمە ناو سیاسەت بە ڕاستی ئەوە کاری من نییە باسی ئەوە  ناکەم بەڵام من دەمەوێ بڵێم وەزعی ئەکادێمیا ڕەنگدانەوەی ئەو وەزعەیە وا ئێستا لە کوردستان دەگوزرێ بەڕاستی. ئێستا کوردستان بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و زۆر تایبەتدا تێ دەپەڕێ بێ گومان لەگەڵ خۆشیدا ئەمە ڕەنگدانەوەی لە سەر ئەکادێمیای کوردی، لە سەر کارەکانی ئەکادێمیای کوردی، لەسەر چاڵاکی ئەکادێمیای کوردیش بووە بە ڕاستی.
قازی: ئێوە ئۆرگانێک یا گۆڤارێکی تایبەتیتان  هەیە؟
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ گۆڤارێکی وەرزیمان هەیە، گۆڤارێکە ددانی پێداهێندراوە لە لایەن زانکۆکانی کوردستان وەکوو بابەتی سەرەکی  بۆ تەرخییە کردن ئەوەی بۆ ئوستادی دەڕوا، بۆ پلە بەرزکردنەوە بە کار دەهێندرێ، گۆڤارێکی زانستییە تا ئێستا ٣٩ ژمارەی لێ دەرچووە، دوایین ژمارە وا لە ژێر چاپە من تەسەور دەکەم تا ئێستا دەرچوو بێ ژمارە ٣٩ یە، هەر سێ مانگ جارێک بەردەوام ئێمە ئەو گۆڤارە دەر دەکەین.
قازی: بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی ئەو کۆنسوولگەرییانەی بێگانەی کە لە وڵاتی عێڕاق و لە هەرێمی کوردستان هەن، فەڕانسەییەکانیش لەوێ بوون دەوچەند ساڵەی دواییدا،پێوەندی و تێکەڵاوی فەڕانسە و باشووری کوردستان چۆنە؟
نەجاتی عەبدوڵا: وەڵا پێوەندییەکان زیاتر لە سەر بنەمای پێوەندیی کەسایەتییە. من خۆم پێوەندیم لەگەڵیان هەیە.
قازی: بەشێوەی دامەزراوەیی نییە.



نەجاتی عەبدوڵا: بەشێوەی دامەزراوەیی نییە، نەمانتوانییە بە شێوەیەکی دامەزراوەیی لێ بکەین، زیاتر پێوەندیی کەسایەتییە. بەر لەوەی من بێمە دەرەوە بەڕێوەبەری ئەنیستیتووی فەڕانسە کە تازە هاتبوو بۆ وێندەر سەردانی ئێمەی کرد، لەسەر زۆر پڕۆژە ڕێککەوتین، هەتتا لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە ژوورناڵێکی کوردی – فەڕانسەیی دروست بکەین و بە فەڕانسەیی چاپی بکەین ، لێکۆڵینەوەی کوردی تێدا بیتن، هەموو لێکۆڵینەوەکان بە کوردی بێت و پڕۆژەیەکی هاوبەش بێ لە نێوان ژوورناڵێکی کوردی – فەڕانسەیی.
قازی: فێرکاری فەڕانسەیی لەوێ کار دەکەن؟
نەجاتی عەبدوڵا: بەڵێ مەدرەسەی فەڕانسەیی هەیە، خەڵکێکی زۆری فەڕانسەیی لەوێ کار دەکەن و کۆمینوتییەکی  گەورەی فەڕانسەیی لەوێ هەیە بەڕاستی. یانی تۆ تەسەور ناکەی تۆ بچیتە وێندەر کۆمیونیتتەکی زۆر گەورەی فەڕانسەیی لەوێ هەیە، قوتابخانەی فەڕانسەیی هەیە لە وێندەر و چاڵاکیان هەیە و چاڵاکی دەکەن و کۆمەڵێکی زۆر خەڵکی فەڕانسەیی لەوێ کار دەکەن، ئیشیان هەیە، کۆمپانیا هەیە. کۆمپانیای کافوور لە وێندەر هەیە، کۆمپانیای گەورەتری فەڕانسەییش لەوێ هەن. هەر تەنیا بەس لە شاری هەولێر سێ سووپرمارکێتی فەڕانسەیی لێیە. لە سێ جێگای جیاواز. لە سلێمانی هەیە، لەدهۆک هەیە. فەڕانسەییەکان بە ڕاستی بە شێوەیەکی تەواو گرینگی بە کوردستان دەدەن. ئەوان دەزانن ئەو کوردستانە بۆ سبەینێ گرینگی هەیە بۆیە بایەخی پێ دەدەن.
قازی: زۆر سپاست دەکەم  بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا، ئیدی بەرنامەکەمان کۆتایی دێ. ئەگەر قسەیەکی دوایی هەیە فەرموو.
نەجاتی عەبدوڵا: زۆر سپاستان دەکەم. ئەم هەوڵەی ئێوە و ئەم تلێڤیزیۆنەی ئێوە کە وا لێرە، لەم دوور وڵاتییە دەیگێڕن هەوڵێکە دواجار بۆ دروست کردنی نەتەوەی کورد هیوادارم سەرکەوتوو بن، هیوادارم بەردەوام ببێ و ڕێز لە ئەرک و ماندووبوونتان دەگرم و ئەو سەربازە ونانەی لە پشت کامێرا ئەزییەت دەکێشن بۆ ئەو بەرنامەیە.
قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز دوکتور نەجاتی عەبدوڵا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە ڕاوێژی ئەمجارەشمان کۆتایی دێ. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش .

تێبینی: ئەم وتویژە لە ئێوارەی یەکشەمە ١٤-ی ژانڤییەی ٢٠١٨ بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ بەرنامەکە لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیووب لەم لینکە دا ببینن.

https://youtu.be/l-rP46LGutc








 

No comments: