سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان
سەد ساڵەی
پەیمانی لۆزان
سوهەیلا قادری، دوکتورای مێژوو
بەر لەوەی باس لە پەیماننامەی
لۆزان بکەین دەبێ بگەڕێینەوە سێ ساڵ پێشتر واتە سەردەمی پەیمانێک کە بە پەیمانی
سێڤر ناسراوە. سێڤر شارێکە لە دەوروبەری پاریس
لە نزیک ڤێرسای و ئەوە لەوێ بوو لە ساڵی ١٩٢٠ پەیماننامەیەک لەمەر
دابەشکردنی بەشی ئاسیایی ئیمپراتۆری عوسمانی ئیمزا کرا.
لە پەیماننامەی سێڤر دا مافی کوردەکان تا ڕادەیەک بە ڕەسمی ناسرا بەڵام تەنیا لە
بەشێکی پچووک لە کوردستانی باکوور لە ناوچەی بۆتان، حەکاری و ناوچەیەک لە نزیک
سووریا و تورکیای ئێستا.
ئەوە لە پێوەندی لەگەڵ دامەزراندنی ئەرمەنستانێکی سەربەخۆ هاتە گۆرێ، کاتێک بڕیار بوو دەوڵەتێک بۆ ئەرمەنستان لە شەش ویلاتی ڕۆژهەڵاتی
ئیمپراتوری عوسمانی پێک بهێندرێ کە بەشی سەرەکی ئەو ناوچانە کورد نشین بوون. هەر
وەها بڕیار درا دەوڵەتێکی خودموختاری کوردیش لە ناوچەیەکی کوردستان پێک بێ کە
وەکوو ناوبەرێک بێ لە نێوان ئەو ئەرمەنستانەی کە دەبوو دامەزرێندرێ و تورکیا بۆ
ئەوەی بتوانێ کێشەی پێوەکاڵانی ئەو دوو نەتەوەیە لەگەڵ یەکدی دا چارسەر بکرێ. یانی
کوردەکان دەو ناوە دا دەبوون بە ناوبەرێک لە نێوان ئەرمەنییەکان و تورکەکاندا.
مەسەلەی کوردستانی باشووری یانی کێشەی ویلایەتی مووسڵیش بە تایبەتی لە سەردەمی
پەیمانی سێڤر دا بڕیار بوو ببێ بە بەشێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و دوایە وەسەر وڵاتێک بخرێ کە دواتر ناوی
عێڕاقی لێ نرا. بەو پێیە ئەگەر ئێمە بێین و بڵێین پەیمانی سێڤر مافی کوردەکانی بە
تەواوی پەژراندووە و بە ڕەسمی ناسیوە پێم وایە ئەوە جۆرەیەک خۆشبینییە لەو
بارەیەوە. ئەوە ڕاستە مافی خودموختاری کوردەکان تا ڕادەیەک بە ڕەسمی ناسرا و گوترا
دوای ساڵێک ڕێفڕاندۆم دەکرێ و ئەگەر کوردەکان ویستیان سەربەخۆ بن لە داوخوازەکەیان دەکۆڵدرێتەوە گەلۆ کوردەکانی
ویلایەتی مووسڵ واتە کوردەکانی کوردستانی باشووریش هەر ئەوەیان دەوێ یان نا؟ و
ئەگەر هاتوو ئەوانیش ئەو داوایەیان بەرز کردەوە ئەو دەمی دەکرێ دەوڵەتێکی سەربەخۆی
کوردستان پێک بهێندرێ. تەنانەت لەو
هەلومەرجیشدا بریتانیا ئامادە نەبوو لەو ناوچەیە دەست هەڵگرێ کەخاوەن نەوت بوو و پەرژەوەندی ئابووری زۆر
گرینگی لەوێ هەبوو..
ئەوە لەمەڕ پەیماننامەی سێڤر ئەگەر ئێستا بێینە سەر پەیمانی لۆزان. ئێمە نابێ لە
بیرمان بچێ لەو سەروبەندیدا ئێمە لە کۆمەڵێکدا دەژیاین ئیسلام دەورێکی زۆر گرینگی
هەبوو. کوردەکانی کوردستانی باشوور واتە ئی ویلایەتی مووسڵ ئەوانیش سەر بە
ئیمپراتۆری عوسمانی بوون، باوەڕیان بە حکوومەتی سوڵتان هەبوو، شێخ مەحموودی بەرزنجیش
شێخ بوو، لە بنەماڵەی شێخانی بەرزنجی بوو دیارە باوەڕمەندێکی موسوڵمان بوو،
ئەوەشمان لە بیر بێ کاتێک کەمالیستەکان خەباتی خۆیان دەست پێ کرد بە دژی بوونی
هێزی بێگانە لەوێندەرێ لە دوو ئامرازی گوشار کەلکیان وەرگرت یەکیان ئیسلام و
ئەویدیکەشیان کوردەکان. ئەوان لەوە دا سەرکەوتن مەسەلەی ئیسلام زۆر گەورە بکەنەوە
و بڵێن ئیسلام دە مەترسی دایە و بەم پێیە توانیان گشت دژبەرانی بوونی هێزی بێگانە
لەوێ بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن و دوایە توانیان کوردانیش بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن.
بوونی کوردەکان لە ئەڕتەشی کەماڵیستەکان دا لە ڕاستیدا وەسیلەیەکی زۆرگەورەی سیاسی
و عەسکەری بوو و هەر ئەو ئامادەبوونەی کوردەکان و سەرۆکە کوردەکان و خێڵە کوردەکان
بوو کە ڕێگەی خۆش کرد بۆ کەماڵیستەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەشە ڕؤژهەڵاتییەکانی
ئیمپراتۆری عوسمانی کە بریتی بوو لە کوردستان و ئەرمەنستان دیسان داگیر بکەنەوە.
دیارە ئیسلام لەوە دا تەئسیری بوو، کۆمەڵی کوردی تەنانەت هەتا دوای شەڕی دووەمی
جیهانیش کۆمەڵێکی زۆر باوەڕمەند و مەزهەبی بوو نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ و ئەوە بنیچەی
فکری زۆر لە سەرۆکە کوردەکان بووە. ئەوە ڕاستییەکە ناکرێ ئێمە چاوی لێ هەڵبورین.
دوایە دەبێ سەرنج بدەین شێخ مەحموود دەیویست ببێ بە مەلیک یا پادشای کوردستان و
نەخشە ڕێیەکی کۆنکرێتی نەبوو، و نە بەرنامەیەکی سەرتاسەری هەبوو بۆ هەموو کوردستان
و نە هەدەفی ئەوەی هەبوو کوردستان هەمووی لە دەوری ئامانجێکی تاقانە و بەرنامەیەکی
یەکگرتوو کۆ بکاتەوە. شایەد ویلایەتی مووسڵ جگە لە شاری مووسڵ بۆی بەس بوو و هەر
بۆیەش ئەگەر هەر کام لە ئینگلیسییەکان یان تورکە کەماڵیستەکان ئیزنیان دابایە ئەو بگاتە ئەو ئامانجەی خۆی، ئەمن پێم وایە
ئێمە لە ئەمڕۆ دا کە لەو مێژوویە دوور کەوتووینەتەوە دەتوانینین بڵێێن، دەتوانین
بگەین بەو ئاکامە شێخ مەحموود هەر کام لەو دوو لایەنە ئەگەر زیاتریان یارمەتی دابایە ئامادە بوو کەلکی لێ وەرگرێ. هەر
بۆیەش کاتێک ئوێزدەمیر هات و پێوەندی پێوە کرد و بەڵێنی هاوکاری دایە و سۆزی دا
ئەوانیش کارێک بۆ کوردەکان دەکەن، کوردەکان درکیان بەوە نەکرد کە تورکە
کەماڵیستەکان نایانەوێ ویلایەتی مووسڵیان لە دەست دەرچێ و بکەوێتە ژێر دەسەڵات و
قەیموومییەتی ئینگلیسییەکان. بۆیە کاتێک ئێمە دیسان چاو لەو مێژوویە دەکەینەوە
دەگەڕێنەوە سەر ئەو مەسەلەیە کە ئەودەمی کۆمەڵی کوردستان دە ڕاستیدا ئامادەیی
ئەوەی نەبوو بتوانێ بەرنامەیەکی کۆنکرێت و یەکگرتوو بۆ هەموو کوردستانی عوسمانی
بهێنێتە گۆڕێ. چونکە ئەوەندەی کە دەگەڕێتەوە سەر کوردستانی ئێران یان کوردستانی
ڕۆژهەڵات هیچ کاتێک بەرنامەیەکی ئاوا لە ئارادا نەبوو کە ئەو بەشە لە
کوردستان ببێ بە بەشێک لەو دەوڵەتە
کوردییەی کە بڕیار وابوو ئەو دەمی دابمەزرێندرێ. بۆیە ئێمە دەبێ لەو ڕوانگەیەوە
مەسەلەکە چاو لێ بکەین و تەنیا ئەوە شێخ مەحموود نەبوو باوەڕی بە ئیسلام هەبوو و پێبەند
بوو پێی تەنانەت ئەو سەرکردە و سەرۆکە کوردانەش کە لە قاهیرە و ئەستەنبووڵ و
شارەکانی دیکەی ئیمپراتوری عوسمانی ئەو سەروبەندی دەژیان لە جێگای وەک شام و جێی دیکە ئەوانیش کەم و زیاد ئەو
کێشەیەیان هەبوو و نەیان دەتوانی ڕێگە چارەیەکی کۆنکرێت بۆ گەیشتن بە
ئامانجەکانیان دیاریی بکەن.
دیارە لە ڕوانگەی شێخ مەحموودەوە ئیسلام زۆر گرینگ بوو، یەک لەبەر ویستی خۆی کە
نازناوێک پەیدا کا و وەک پادشای کوردستان بناسرێ و دووش مەسەلەی ئیسلام وەک پێشتر
باس کرا هەتا بەر لە شەڕی جیهانی دووەم یەکجار زۆر گرینگ و بنەڕەتی بوو لە بەستێنی
کۆمەڵی کوردی دا وەکوو هۆکارێکی سەرەکی کۆمەڵناسانە.
لە لایەکی دیکەوە کەماڵیستەکان توانییان لە یارمەتی باڵشوییەکانیش کەلک وەربگرن لە
ڕووی عەسکەرییەوە و ئەوە دواتر هۆکارێکی کاریگەر بوو بۆ شوێنکردنی لە سەر سیاسەتی
هێزە گەورەکان بە تایبەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێبازەی لە ناوچە
دا وەبەریان گرت.
تورکەکان بە یارمەتی کوردەکان شەڕی سەربەخۆییان بردەوە بە دژی بوونی هێزە بێگانە و
دژی ئەرمەنییەکان و مەسیحییەکانی ناو تورکیا. دیارە بەشێک لە کوردەکان بە تایبەتی
بنەماڵەی بەدرخان سکولار بوون و لە ڕاستییدا تەنیا لایەنێک بوو لەسەر ئەو باوەڕە
بوون کوردستانێک دابمەزرێندرێ کەهەموو بەشەکانی کوردستان بگرێتەوە بەڵام بەداخەوە
پاشماوەی سەرۆکە کوردەکان هەر وا لە
دۆخێکی بەیناوبەینی دا بوون لە نێوان هەڵبژاردنی کوردەکان و ئیسلام و هەڵبژاردنی
ئینگلیسییەکان و ئەگەری ساز بوونی دەوڵەتێکی خودموختار.
جا ئێستا بگەڕێینەوە سەر ئەوەی
لۆزان چ شوێنێکی دانا لە سەر نەتەوە ناتورکەکانی ئیمپراتۆری عوسمانی. کوردەکان
ئەوەڵین نەتەوە و شایەد گەورەترین نەتەوە بوون ئەو پەیمانە زەرەرێکی زۆری پێ
گەیاندن، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ ئەرمەنییەکان، نەستوورییەکان، کەلدانییەکان،
ئاسۆرییەکان و یونانییەکان کە ئەوانیش ئەو
دەمی پێیان دەگوتن ڕۆمی زەربەی زۆریان وێکەوت بەو پەیماننامەیە. لەبیرمان نەچێ لە
سەردەمی لۆزان دا تورکەکان لەوە دا سەرکەوتن بە کەمینەکراوەکانی نەتەوەیی بکەنە
کەمایەتی مەزەبی و ئەوە ئاکامی وتووێژ و ڕاوێژی دوور و درێژ بوو لە پاریس و
لەندەن لە نێوان ئینگلیسییەکان، کەماڵیستەکان،
فەڕانسەییەکان و ئیتالیاییەکان بۆ ئەوەی لە پەیماننامەی سێڤر ڕا بگەینە
پەیماننامەی لۆزان.
لە کۆنفڕانسەکانی لەندەن لە مانگەکانی فێورییە و مارسی ساڵی ١٩٢١ و پاریس لە مارسی
١٩٢٢ کە بە بەشداری نوێنەرانی بریتانیا، فەڕانسە، ئیتالیا و تورکیای کەماڵیست
بەڕێوە چوون بڕیاریان دا بە چ شێوەیەک بە ناوەرۆکی پەیمانی سێڤر دا بچنەوە و بگەنە
پەیمان و قەراردادێکی تازە و ئەمەیان بە چەند قۆڵی لەگەڵ تورکە
کەمالیستەکاندا ئەنجام دا. ئێستا
ئاڕشیوەکانی وەزاڕەتی کاروبارەی دەرەوەی فەڕانسە و بریتانیا زانیاری یەکجار زۆرمان
لەو بارەیەوە دەخەنە بەردەست و ئێمە دەزانین لە سێڤرەوە بۆ لۆزان پێواژۆیەکە کە
بەدڕێژایی دوو سێ ساڵ بە هاوکاری نوێنەرانی وڵانانی هاوپەیمان بریتانیا، فەڕانسە،
ئیتالیا و کەماڵیستەکان بەڕێوە چووە. لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩٢١ فەڕانسە لەگەڵ تورکە
کەماڵیستەکان پەیمانی ئاشتی ئێمزا کرد و سنوورەکانی سووریایان
دیاری کرد و تەقریبەن سنووری ئێستای تورکیا – سووریا هەمان سنوورە کە ئەو دەمی
دیاریی کرا. ئیتالیاش لە لایەن خۆیەوە چوو و لەگەڵ کەمالیستەکان ڕێک کەوت و
بریتانیاش ناچار کرا لە ئاست پێشڕۆیی هێزە کەمالیستەکان و زاڵ بوونیان بە سەر خاکی
تورکیا دا و ئەو سەرکەوتنانەی وەدەستیان هێنابوو، پەژراندی پێویستە لە سەر
ئاشتییەکی نوێ لەگەڵ تورکە کەمالیستەکان ڕێک کەوێ.
بە تایبەتی دەوڵەتی عوسمانی کە مەکۆی ئەستەنبووڵ بوو دەوڵەتێکی زۆر لاواز بوو و چ
هێزی نەبوو و نەیدەتوانی ببێتە بەردەنگی هاوپەیمانان. هەر بۆیەش کەماڵیستەکان لە
ساڵی ١٩٢١وە لە ڕاستیدا بوون بە بەردەنگی سەرەکی هێزە هاوپەیمانەکان. و ئەوان بوون
کە مەسەلەی قەرارداد و پەیماننامەی نوێیان هێنا گۆڕێ. ئەوە یەکەم جار بوو لە دوای
شەڕی یەکەمی جیهانی وڵاتێک کە لە شەر دا شکا بوو کە بریتی بوو لە ئیمپراتوری
عوسمانی بە نوێنەرایەتی تورکە کەماڵیستەکان دەیتوانی بێتە پێشێ و داوخوازی
پێداچوونەوە و دیسان نووسینەوەی قەرادادێکی ئاشتی بکا، ئەوە جاری یەکەم بوو. تا
ئەو دەمی لە ناو ئەو ١٨ پەیماننامەیەی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ئیمزا کرا بوون
ئەوە تاقە پەیماننامە بوو کە بەداخەوە دەتوانم بلێم لە بێ بەختی کوردان و نەتەوە
ناتورکەکانی دیکەی کە لە ناو ئیمپراتۆری عوسمانی دا بوون، دیسان پێی دا هاتنەوە و
لە لۆزان ناوەرۆکی تەواو گؤرا و تێیدا بەکەمینەکراوە نەتەوەییەکان وەلا نران و
تەنیا بوونی کەمایەتییە مەزهەبییەکان لەو پەیماننامەیە دا هاتە گۆڕێ و ئەوەش لەمەڕ
ئەرمەنییەکان، ئاسۆڕییەکان، نەستورییەکان و کەلدانییەکان بوو. تەنانەت ئێزیدییەکان
کە مەزەبیان جوێ لە ئیسلامە ئەو بەندانەی پەیماننامەی لۆزان لەمەڕ کەمایەتییە
مەزهەبییەکان واتە بەندەکانی ٣٨ تا ٤٤
نایان گرێتەوە. ئەو بەندانە بە وردی باس لە مافی کەمایەتییە مەزهەبییەکان
دەکەن و باسی ئەوە دەکەن لە ڕووی کولتوورییەوە مافەکانیان چییە و دەتوانن زمانی
خۆیان بە شێوەی زارەکی واتە تەنیا بەشێوەی شفاهی لە دادگان و دەزگا ڕەسمییەکاندا
بەکار بێنن، و زمانی تورکی زمانی ڕەسمی تورکیایە و ئەو کەمایەتیە مەزهەبییانە
دەبنە خاوەنی زنجیرەیەک لە مافگەلی مەزەبی و کولتووری دە چوارچێوەی تورکیا دا. بۆ
کوردانیش هەرهیچ لەو پەیمانە دا نەهاتە گۆڕێ، تەنانەت ئێمە هیچ هەیئەتێکی کوردمان لە کاتی ئیمزای ئەو
پەیماننامەیە دا لە لۆزان نەبوو. ئەو هەیئەتە تورکەی کە هاتبووە لۆزان بۆ
نوێنەرایەتی دەوڵەتی کەمالیست دوو کەس لە
ئەندامەکانی کورد بوون کە هەر دووکیان ڕایانگەیاند ئێمەی کورد و تورک یەکسانین و
ئێمە لە چوارچێوەی تورکیا دا مافێکی تایبەتیمان ناوێ، ئێمە هاوڕێیەتی
کەماڵیستەکان دەکەین و هەر ئەوە بووە هۆی
سەرەکی کە دەنگی کوردەکان لە کۆنفڕانسی لۆزان دا بە گردبڕی نەبیسترێ، هەڵبەت لە
کۆنفڕانسەکە دا زۆر باسی کورد کرا بەڵام باسەکە لە سەر کوردەکانی ویلایەتی مووسڵ
بوو چونکە بریتانیا بەرنامەی ئەوە بوو دیاریکردنی سنووری نێوان تورکیای عوسمانی و
عێڕاقی داهاتوو بە کۆمەڵی نەتەوان بسپێرێ و کارێکی وا بکا لەم کۆنفڕانسە دا لە سەر
ئەو سنوورە بڕیار نەدرێ چونکە دەیویست ویلاتی مووسڵ بخاتە سەر عێڕاق. بەو پێیە ئەو
شتانەی کە لە کۆنفڕانسی لۆزان دا سەبارەت بە کوردەکان دێتە گۆڕێ و دیارە زۆریش
چاوڕاکێشن و زانیاری زۆرمان لەبەر دەست دەنێن لەو بارەیەوە، تەنیا لەمەڕ کوردەکانی
کوردستانی باشووری واتە وێلایەتی مووسڵ بوو. سەبارەت بە کوردەکانی کوردستانی
باکووری یان تورکیای ئێستا و بەشێک لە سووریا لە جێدا دۆزی کوردەکان نەهاتە گۆڕێ و
هیچ هەیئەتێکیش لەو کۆنفڕانسە دا نەبوو کە بەرگری لە مافی کوردەکان بکا.
هۆی ئەوە بوو لە نێوان بنەماڵەی بەدرخانەکان و شەمزینییەکان و ئەو نوێنەرەی لە کۆنفڕانسی
سێڤر نوێنەرایەتی کوردانی کرد بوو واتە ژەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان کە سەر بە
خانەدانی بابانەکانی سلێمانی بوو و پێشتر لە کاربەدەستانی پایەبەرزی عوسمانی بوو
خیلافی زۆر هەبوو، ئەوانە هاودەنگ نەبوون و نەیاندەتوانی نەخشە ڕێیەکی دروست و
بەرنامەیەکی هەمووگرەوە بۆ کوردستانی داهاتوو گەڵاڵە بکەن. لەو کۆنفڕانسەدا
نەبوون، بیروڕایان جیاواز و دژی یەک بوو و
دوای سێڤر ئیدی شەریف پاشایان لە نوێنەرایەتی خست بوو و ئێمە ئیدی هیچ هەیئەتێکمان
لە هیچ کام لە کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەکاندا نەبوو کە بتوانێ نوێنەرایەتی کوردستان بکا
و لەگەڵ ئەو هەموو خۆلێ گێل کردن و لا لێ نەکردنەوانەی کە کرابوون بتوانێ
دەنگی کوردەکان بگەیێنێە گوێی کۆمەڵی
نێونەتەوەیی. هەر بۆیەش بەداخەوە کوردەکان لە کۆنفڕانسی لۆزان دا دەنگیان نەبوو و
لەوێ کەسیان نەبوو بەرگری لە مافیان بکا، هەر بۆیەش جگە لە ویلایەتی مووسڵ باسی
کوردە باکوورییەکان و ڕۆژئاوای ئەمڕۆ نەکرا و هەر وەک لە سەرەوە گوترا پێشتر ئەو
شتانە لە کۆنفڕانسەکانی لەندەن و پاریس لە دوای سێڤر یەکلا کرابوونەوەو قەرار وا
داندرابوو لە کۆنفڕانسی لۆزان دا دۆزی کوردان هەر باسی لێوە نەکرێ. چونکە زۆربەی
کوردەکان موسڵمان بوون و کوردەکان لە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا دا شانبەشانی تورکەکان
بەشداریان کرد بوو و کوردەکان شتێک یان بەرنامەیەکی تایبەتییان نەبوو کە پێشنیاری
بکەن بە کەماڵیستەکان بە تایبەتیش کە کەماڵیستەکان بەڵێنیان پێ دابوون ئێمە
جۆرەیەک خودموختاریتان دەدەینێ لە کۆنگرەکانی سیواس و ئەرزەڕۆم کە لە ساڵی ١٩١٩ دا
بەسترابوون. لەوێدا بەڵێنیان دا بوو بە کوردەکان خودموختارییەکی زۆر هەروایان بۆ
بسەلمێنن وئەمن پێم وایە کوردەکانیش بەجۆرێک فریوی ئەو بەڵێنەی
کەمالیستەکانیان خوارد بوو. بۆیە لە لۆزان دەنگێکمان نەبوو.
دەبێ ئاماژە بکەین ئێستا سەد ساڵ لەو پەیمانە تێ دەپەڕێ، ئەو کوردانەی لە باکووری
کوردستان دەژین و هەر وەها ئەو کوردانەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یان ئێران دەژین بە
داخەوە هێشتا لە هەموو مافی بنەڕەتی و سەرەتایی خۆیان بێ بەشن و هیچ مافێکیان دەست
نەکەوتووە و ئەوە سەرەڕای چەندین شۆڕش، شەڕ و خەباتی دوور و درێژی نەتەوەی کورد لە
بەرانبەر نەیارانی دا، تەنانەت لە تورکیا لە زۆر ڕووەوە لە مافی خۆیان بێ بەشن و
لەگەڵ جۆرێک لە لەناوچوونی کولتووری و ژێنۆسیدی کولتووری ڕووبەڕن. زمانیان خەریک
بوو لە ناو دەچوو، خەریک بوون بە تەواوی دەتوانەوە و ئەوە ئاکامی کۆنفڕانسی لۆزان
بوو و ئەوە تڕاومایەکی گەورەیە بۆ کوردەکان و هەر وەها بۆ نەتەوە مەسیحییەکانی
دانیشتووی عوسمانی پێشوو.
ئەمن
وەکوو کەسێک کە سەبارەت بە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ڕووخانی
ئیمپراتۆری عوسمانی کارو لێکۆڵینەوەم کردووە دەمەوێ بڵێم جارێ لە ڕۆژەڤی کاری هێزە
جیهانییەکاندا ئەمن هیچ بەرنامەک نابینم بۆ تێکدان و گۆڕانی ئەو سنوورانەی ئێستای
ناوچە. ئەمن پێم وایە دەبێ مێژوو لە ڕوانگەی سەردەمی تایبەتی ڕووداوێک کە تێیدا
قەوماوە چاو لێ بکەین و لێکاڵای کەینەوە. ئەمن پێم وایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا
دەبێ سیستمی ناناوەندی سەرهەڵبێنن کە
بتوانن وڵامدەری ئەو فرەیی و چەندایەتییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن و ڕێگە چارەیەکی
لەبار بدۆزنەوە. بەر لە هەموو شت ئەمن پێم وایە پێوییستە مافی بنەڕەتی و سەرەتایی
گشت ئەو نەتەوانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی جۆر بەجۆر دەژین لە
ڕوانگەی حقووقییەوە بە ڕەسمییەت بناسرێ و مافی یەکسانی و بەرابەری تەواویان هەبێ.
ئێمە ناتوانین وەپێش مێژوو بکەوینەوە و پێش مێژوو هەنگاو هەڵێنینەوە. دەبێ ئەو
کۆمەڵانە بگەنە ئەو ئاکامەی کە بە تەنیشت خەباتی حیزبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی یەوە چ بەرنامەیەک، بۆ چ بەشێک و بۆ کام وڵات لەبارە.
ئەمن وەک کەسێک کە مێژووم خوێندووە ناتوانم بۆچوونێکی کۆنکرێتتر لەوەم هەبێ تەنیا
دەتوانم بڵێم باشتر دەبوو ئەمڕۆ لە
کوردستانی ئێران کە من لەوێوە دێم مافی کوردان هەر بە هەمان ئەندازە بووبا لەگەڵ مافی
ئەو شیعانەی کە لە ناوەندی ئێران دەژین. باش دەبوو ئەگەر ئەوانە مافی یەکسانیان
هەبووبا. ئەگەر کوردێکیش توانیبای لە ئێران ببێتە سەرۆک کۆمار و چاک دەبوو ئەگەر
لە چوارچێوەیەکی دێمۆکڕاتیکدا حیزبە کوردەکانیش توانیبایان خەباتیان کردبا و
بەرنامەی خۆیان هێنابایە گۆڕێ و ئەو دەمی
خەڵک بڕیاریان دەدا کامە بەرنامەیان پێ باشترە و کامە ڕێگەچارەی سیاسی بۆیان
لەبارتر و بەجێترە. ئەمن بارودۆخ ئاوا دەبینم.
تێبینی: ئەمە ناوەرۆکی وڵامی ئەم پرسیارانەیە کە لە بەرنامەی تایبەتی
پەیمانی لۆزانی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن بە
زمانی فارسی لە سێشەمە ١٨-ی تەمووز پێشکێش کرا.
No comments:
Post a Comment