وتوێژ لەگەڵ ڕەفیق غەفوور ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەبارەت بە کۆنفڕانسی سەد ساڵەی پەیماننامە لۆزان کە لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤-ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە شاری لۆزانی سویس بەڕێوەچوو. بەرنامەی ڕاوێژ، پێنجشەمە ١٠-ی ئووتی ٢٠٢٣، ستێرک تیڤی
وتوێژ لەگەڵ ڕەفیق غەفوور ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
سەبارەت بە کۆنفڕانسی
سەد ساڵەی پەیماننامە لۆزان کە لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤-ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە شاری لۆزانی
سویس بەڕێوەچوو.
بەرنامەی ڕاوێژ، پێنجشەمە ١٠-ی ئووتی
٢٠٢٣، ستێرک تیڤی
حەسەن قازی: بینەرانی
خۆشەویست، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا ئەو کۆنفڕانسە تا و
توێ دەکەین کە سەبارەت سەدساڵەی ئیمزا
کرانی پەیماننامە لۆزان لە مانگی پێشوو دا لە ٢٢، ٢٣ ٢ ٢٤ –ی مانگی جووڵای یان
مانگی تەمووز لە شاری لۆزان هەر ئەو شوێنەی کە ئەو پەیماننامەی شوومی لۆزانی لێ
ئیمزا کرا بوو، بەڕێوە چوو. ئێمە لەم بەرنامەیە دا لە گەڵ بەڕێز ڕەفیق غەفوور
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لایەنە جۆر بە جۆرەکانی ئەو کۆنفڕانسە تا و توێ
دەکەین. زۆر بە خێر بێی بەڕێز غەفوور!
ڕەفیق غەفوور:
زۆر سپاس
قازی: پێم خۆش بوو
لەوە ڕا دەست پێ بکەین دەزانین ئەمڕۆ ١٠-ی ئاغوستوس یان ئووتە و ئێستا سەدو سێ ساڵ
لە پەیمانی سێڤر ڕادەبرێ. دیارە ئەوە شارگەڕەکێکە ئێستا لە نێو پاریس دا، لەوێ کارگە یان مەعمەلێکی چینی دروست کردن، پۆرچین
هەبوو کە لەو کارگەیە دا ئەو کۆبوونەوەیە کراوە، دوای هەڵوەشانی ئیمپڕاتوری
عوسمانی و هێزە هاوپەیمانەکانی بەرەوەی شەڕ توانیویانە لەو کۆنفڕانسە دا بە جۆرێک
داوخوازەکانی خۆیان بە تایبەتیش ئینگلیستان
بە سەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی کە مەرکەزیان لە ئەستەنبووڵ بوو بە شێوەیەک
بە سەریان دا بسەپێنن. لەو کۆنفڕانسە دا بوو کە هێندێک ماف بۆ کوردانیش هاتە گۆڕێ
پێم خۆش بوو وەکوو دەروازەی باسەکەمان کە
دیارە پێوەندیش پەیدا دەکاتەوە بە کۆنفڕانسی لۆزان لەوەڕا دەست پێ بکەین. لە سەر
سێڤر ئەگەر بۆچوونێکت هەیە فەرموو!
غەفوور:
تەنیا شتێکی بچووک لە سەر سیڤەر، هەڵبەت
هەوڵدانێکی کەم بوو بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قەوارەیەکی پچووکیش بێ بۆ خەڵکی
کوردستان دابین بکرێ، بەڵام بە ڕاستی لە چوار چێوە و لە سنوورێکی زۆر تەنگ و تەسک
دا بوو تا ئەو کاتەش تەنها گرنگییەک کە سێڤر هەیبووبێ ئەوە بوو تا ئەو کاتەش پرسی کورد، دۆزی کورد بە
گشتی پرسێکی نێونەتەوەیی، نێو دەوڵەتی بوو کە حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرا
بەڵام دواتر وەکوو بەڕێزتان دەزانن لۆزان
ئەو پەیمانەشی ڕەد کردەوە و ئیتر پرسی کورد، کێشەی گەورەی دوای سیڤرش ئەوە بوو کە
پرسی کورد لە لۆزانەوە لە پرسێکی نێو دەوڵەتی، نێونەتەوەیی دەرچوو و بوو بە پرسی
ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە بە هۆی لۆزانەوە کوردستانیان بە سەر دا دابەش کرا، بە
بڕوای من تەنیا ئەوەی کە خاڵی پۆزیتیڤ بێ لە سێڤر ئەوە بوو کە تا ئەو کاتەش، لەو
ڕێکەوتنەی سێڤریش دا پرسی کوردستان پرسێکی نێو دەوڵەتی بوو قسەی لە سەر دەکرا.
قازی: وەک باست کرد
دیارە هێندێک لە پسپۆڕانی مێژووش هەر ئەو بۆچوونی بەڕێزتیان هەیە باسی ئەوە دەکەن
دەڵێن کە ئەو پەیمانەی سێڤڕ سەرەڕای ئەوەی کە کەموکووڕییەکانی چ بێ و چ نەبێ،
بەڵام بۆ یەکەم جار دۆزی کوردی لە ئاستێکی نێونەتەوەیی و لە چوارچێوەی پەیمانێکی
نێونەتەوەیی دا هێنایە گۆڕێ بەڵام وەک مەلۆتکەیەک وا بوو و بەر لەوەی دارەدارە بکا
لە بەین چوو. و تەنانەت ناوەکەشی وەک دەزانی لە ژێر تەئسیری سیستمی دەنگسازی زمانی
عەڕەبی؛ ئەو ناوانەی کە ڕەنگە بە ڕێگای زمانی عەڕەبییەوە هاتبنە ناو کوردی زۆر
کورد بە تایبەتی لە باشووری کوردستان ناوکە وەکوو " سیڤەر " تەلەفوز
دەکەن. بەڵام ئێستا ئەمن وەبیرم هاتەوە کە یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆنفڕانسە،
یەکێک لەو ئاکادێمیسیەنانەی کە لەوێ بابەتێکی پێشکێش کرد لەوێ باسی ئەوەی کرد کە
ئەو پەیماننامە و ئەو شوێنە " سێڤر " ە، کورد بە هاسانی دەتوانێ بڵێ
" سێڤر" و تکای کرد، گوتی تکا دەکەم
لەوەی دواوە وەک سێڤر باسی ئەو شوێنە بکەن.
غەفوور: هەوڵ دەدەین وا بکەین
قازی: لەوەی
دەگوزەرێین. ئێمە لەوە ڕا دەست پێ بکەین بزانین ئەو کۆنفڕانسە بە دەستپێشخەری کۆمیتەیەک
پێک هاتبوو، گرووپێک پێکهاتبوو کە ئەوانە یا ئەندام بوون لە کۆنگرەی نەتەوەیی
کوردستان دا یان نزیک بوون لە کارەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی. پێم خۆش بوو لە سەر بەک
گڕاوند و زەمینەی ڕێکخەرانی ئەو کۆنفڕانسە هێندێک زانیاری بدەی بە بینەران چونکە
لەوانەیە لە دەرەوە جۆرێکی دیکە وەرگیرابێ. پێیان وا بووبێ کە یەک ڕێکخراو ئەوەی
بەڕێوەبردووە. لەوە ڕا دەست پێ بکەین لە سەر ڕێک خستنی کۆبفڕانسەکە.
غەفوور:
ڕەنگە ئەو بۆچوونە لەوەوە هاتبێ کە ئێمە
ساڵی پار لە ٩٩ ساڵەی ڕێکەوتنی لۆزان دا کۆنفڕانسێکمان کرد لە هەمان شار و لە
هەمان ساڵۆن کە ئەوان دانوستاندنەکانیان تێدا کرد بوو. جەنابتان ئاگادارن. لەو کۆنفڕانسە بڕیار درا لە سەد
ساڵەی لۆزان دا، هەڵبەت پێش ئەوەش کاری بۆ کرا بوو، ئەو کۆنفڕانسی ٩٩ ساڵە، کەنەکە
بۆخۆی کردی؛ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەوێ بڕیار درا کە کۆنفڕاسێکی فراوانتر و
بە بەشداری زۆربەی هەرە زۆری پارتی و ڕێکخراوە
کوردستانی و کەسایەتییە کوردستانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات کۆنفڕانسێکی
فراوانتر بکرێ. ڕەنگە ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان بێ کە وەکوو ئەوە کەنەکە کردبێتی.
ڕاستە پێشنیار و ئینیسیاتیڤی کەنەکە بوو
کە شتێکی وا بکرێ بەڵام ڕێکخەرەکە ئەو کۆمیتەیە بوو کە جەنابت باسی ئەکەی.
ژمارەیەکی زۆر پارتی و ڕێکخراوی کوردستانی لە ناو ئەو کۆمیتەیە دا بوون هەتا هەڵبژاردنی
سپیکەرەکان بابڵێین قسەکەرەکانی کۆنفڕانسەکەش بە ڕێکەوتنی هەموو ئەو لایەنانە کرا
کە لە ناو ئەو کۆمیتەیە دا بوون، نزیکەی ٥٢ کەس لە ناو ئەو کۆمیتە دا بوو. یانی
تەنیا کەنەکە بڕیاری نەدا بوو کێ قسەکەر بێ لەو کۆنفڕانسە دا. هەر یەک لەو
لایەنانە پێشنیاری جۆراوجۆری هەبوو لەبەر ئەوە لە ئەنجام دا لە سەر ئەو پڕۆگرامە
پێکەوە ڕێکەوتین کە پڕۆگرامێکی بەو جۆرە
بێت و چوار پانێل بێت و پانێلەکانیش بەو
شێوەیە دابەش کران وەکوو بینیتان لە کۆنفڕانسەکە دا. بەڵام من پێم خۆشە
لێرە، ڕەخنە زۆر هاتن هەڵبەت
قازی: دەگەینە سەر
ڕەخنەکان دوایە باسیان دەکەین
غەفوور:
بەڵام شتێک حەز دەکەم لێرە بیڵێم بۆ ئەوەی لە کاتی قسەکانماندا ئەگەر بکرێ وا باس
بکەین باشە!
قازی: بەڵێ، فەرموو!
غەفوور:
یەکێک لە سەرنجەکان کە هات سەرنجی کۆمەڵێک پسپۆڕ بوو لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و
یاسایی دا کە لۆزان ڕێکەوتنە نەک پەیمان،
یانی ئێمە مەسەلەن ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە لە ڕووی زانستییەوە سەیری کەین بە
لۆزان ناتوانین بڵێین پەیمان ئەتوانین بڵێین ڕێکەوتن لە ناو چەند دەوڵەتێک، چونکە
ئەگەر بیخەینە بواری نێونەتەوەییەوە پێویستە ئەو دەستەواژانە بە دیقەت حیسابی بۆ
بکرێ.
قازی: ئەوە دروستە،
بەو مەعنایە دروستە کە لە ئەدەبییاتی سیاسی کوردی دا زۆر لە ئەسڵی مەسەلەکە ناگۆڕێ
مەسەلەن لە ڕووی حقووقییەوە بە زمانی ئینگلیسی و فەڕانسە پێی دەڵێن treaty و traite ی بۆ بەکار دێنن جا ئەوە لە کوردی دا، کوردیی کورمانجی
یا سۆرانی، یا زازاکی یا هەورامی چۆنی تەرجومە بکەینەوە لە ڕاستیدا لە ئەسڵی
مەسەلەکە دا هێج گۆڕانێک پێک نایە لە ئەدەبی کوردی دا چونکە ئەو وشە و بێژانە لە
کوردیدا بەکاری دێنین لەو پێوەندییە دا لە ڕووی حقووقییەوە ڕۆنەنیشتووە، بەڵام لە
مەحکەمەیەکی ناونەتەوەیی دا بە زمانی ئینگلیسی باسی treaty یا agreement بکرێ فەرقی ئەوانە دەردەکەوێ.
غەفوور: ئەمنیش مەبەستم ئەوەیە.
قازی: پێم خۆش بوو سەبارەت بە
بەشداری لەو کۆنفڕانسە دا باس بکەی. دەزانین کە پێش ئەو کۆنفڕانسە کە بە
دەستپێشخەری ئێوە و ئەوانەی باست کردن بەڕێوە چوو، هێندێک هێزی سیاسی دیکەش هەر لە
شاری لۆزان کۆنفڕانسیان بەڕێوە برد؛ مەبەستم هێزی کوردی یە. ئەو بەشدارییەی کە
ئێوە چاوەڕێتان دەکرد چۆن بوو؟ جاری لە پێشدا باسی بەشداری ئەو کەسانە بکەین کە
بانگهێشتنتان کرد بوون، پێوەرتان چ بوو بۆ ئەو بانگ هێشتنی خەڵک و ئاکادێمیسیەن و
بەشدارانی دیکە؟
غەفوور: یانی ئەوەی کە لای ئێمە گرنگ
بوو بە ڕاستی، وتیشمان و لە بەرنامەکەش دا وا نووسرا بوو کە هەڵوێستێکی کوردستانی
یە لە بەرامبەر ڕێکەوتنی لۆزان دا. یانی هەڵوێستێکی تەواو کوردستانی بێ هەر لە بەر
ئەوەش ئامانج ئەوە بوو هەتا بکرێت هەموو لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئی
هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بتوانن هەر یەکە بە شێوازێک بەشدار بێ،
لەگەڵ ئەوەش کەسایەتی کوردستانی، ئاکادێمیکار، ژنی کورد، پێکهاتەکانی تری کوردستان
هەموویان یانی دەنگێکی کوردستانی تەواوی هەبێ لە سەر ئەو بنەمایەش وەک پێشتریش
باسم کرد کۆمیتەیەکی ئاوا فراوانی بۆ دروست کرا بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێ لە هەموو
لایەکەوە دەنگی جۆراجۆری کوردستانی بێ. هەر بەڕاستیش وا کەوتەوە، ئەوەی کە
بانگهێشت کرا بوون لە سەروو هەزارکەس بوون کە بانگهێشتیان بۆ چوو بوو بەردەوامیش
هەتاکوو کۆنفڕانسەکەش دەستی پێکرد هەر داواکاری هەبوو خەڵکی زیاتر ئەیانویست بێن
بەشداربن، بەڵام لە دواجارا نزیکەی ٧٥٠ کەس بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون ئەوەش بە
جۆرێک لە جۆرەکان؛ ڕاستە ڕەنگە هەندێک لایەن بەشدار نەبووبن، بەڵام کەم بوون ئەوەی
بەشدار نەبوون بە گشتی خەڵکی کوردستان هەم بە نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراو هەم وەک
کەسایەتی بە ڕاستی بوو بە دەنگێکی
نەتەوەیی، بوو بە هەڵویستێکی نەتەوەیی کە هەم لە ڕووی چەندێتییەوە و هەم لە ڕووی
جۆنێتیشەوە جۆراوجۆرێکی، تایبەتمەندییەکی ئاوای تێدا بوو کە خەڵکانێکی جۆراوجۆر و
لایەنی جۆراوجۆری تێدا بەشدار بوون. ئەو ئامانجە تا ڕادەیەک پێکرا لەگەڵ ئەوەی
ئێمە هیچ پارتی و ڕێکخراوێکی کوردستانیمان
پەراوێز نەخست و هەر هەموویان بە فەرمیش دەعوەت کران. بەڵام وەکوو خۆت
ئەزانی و ڕا و بۆچوونی هێندێک لایەن خۆی دوورەپەرێز دەگرێ لەو جوورە کارە
نەتەوەییانە بە داخەوە، هەڵبەت خەڵکی ئەوانیشی تێدا بوو، خەڵکی جۆراوجۆری تریشی
تێدا بوو کە هەر ڕەنگە وەکوو هەست و ڕوح خۆیان بە کەسایەتی نەتەوەیی بزانن بەدەر
لە داوخوازی پارتییەکەشیان، لایەنەکەشیان هاتن بەشدار بوون ئەوەش جێی خۆشحاڵی بوو.
بەڵام بە گشتی بۆ ئێمە بەشدار بوون ئێمە پۆزیتیڤ بینیمان لە ئاستێکی باش دا بوو.
قازی: بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی
کە بەردەنگی ئەو کۆنفڕانسە بە جۆرێک ئەو لایەنانەن کە دەستیان هەبوو لە ئەنجامدانی
ئەو تریتی یە، ئەو پەیماننامەیە ، یا ئەو رێکەوتنە دا هیچ حەولی ئەوە هەبوو کە بۆ
وێنە لە کۆڕی دیپڵۆماتیکی بریتانیا یا ئی فەڕانسە
و ئەو وڵاتانەی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە لۆزان دا لەوانە بگێڕدرێتەوە.
فکرێکی ئاواتان هەبوو؟
غەفوور: بەرنامەکە چۆنە، بەرنامەی لۆزان بەردەوام دەبێ.
کار کردن لە سەر ئەم رێکەوتنەی لۆزان. هەر بۆیەش ویسترا لە یەکەم هەنگاو دا
دەنگێکی کوردستانی کۆ بێتەوە لە بەرانبەر ئەوە دواتر بۆ قۆناغی داهاتوو لە دوو سێ
مانگی داهاتوو دا بڕیارە کۆنفڕانسێکی تری فراوان بۆ خەڵکی بە تایبەتی ئەوڕووپی و
دەرەوەی کورد ڕێک خەین، کۆمەڵێک کەسایەتی گەورەی جیهانی بە تایبەتی خەڵکی ئەو
وڵاتانەش کە بەشدار بوون لە واژۆ کردنی ئەو ڕێکەوتننامەیە ئەوانە بەشداریان پێ
بکرێ. هەڵبەت بۆ ئەو کۆنفڕانسەش کە بەڕێوە چوو هەندێک پارلمانتارانی وڵاتانی
ئەوڕووپی بە تایبەتی ئەوانەی کە هاوکارمان بوون لە وەرگرتنی ویزا، یارمەتیدان بۆ
هاتنی میوانەکان پێیان خۆش بوو بەشدار ببن و داواشیان کرد بوو بە ڕاستی بەڵام
چونکە کۆنفڕانسەکە ناوی هەڵوێستی کوردستانی بوو پێمان خۆش بوو لە پێشدا ئەو دەنگە
کوردستانییە یەکگرتووە دەر بکەوێ کە ئەمە خەڵکی کوردستانە داوایەکی وای هەیە،
زەمینەسازی بێ بۆ هەنگاوی داهاتوو کە کۆنفڕانسێکی تری نێونەتەوەیی لەو بابەتەوە بێ
قازی: باسی ویزات
کرد، زیاتر خەڵک لە باشووری کوردستانەوە
بەشدار بوون وا نییە؟
غەفوور: ئەوانەی کە وەکوو میوان هاتبوون لە دەرەوەی ئەوڕووپا
ژمارەیان لە چاو هەموو ئەورووپا و با بڵێین
سەر بە هەموو پارچەکانی کوردستان بوون زۆر کەمتر بوو. بە گشتی لەوانەیە
کەمتر لە سەد کەس بووبن ئەوانەی لە
کوردستانەوە هاتبوون بە ڕاستی. ئەوانی
تری، باقییەکەی تری لە سەرانسەری ئەورووپا، لە ئەمریکا، لە ئوسترالیاوە، لە
کاناداوە، لە شوێنی جۆراوجۆری ترەوە هاتبوون.یانی ژمارەیەکی ئەوتۆ لە کوردستانەوە
نەهاتبوو. تۆ دەزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هات و چۆ هاسان نییە، لە باکوورەوە
بە دەگمەن خەڵک دەتوانێ ئێستا بێت و بشگەڕێتەوە بەشداری لە کۆنفڕانسێکی وا دا
بکات. لە ڕۆژئاوا بە داخەوە لە بەر ئەوەی ڕێگەیان پێ نەدرا چەند کەسێکی زۆر
لەوێشەوە بانگهێشت کرا بوون بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرا لە سنوور بپەڕنەوە بێنە
باشووری کوردستان لەوێوە بێنە دەرەوە ، ئەوان نەیان توانی بەشدار بن بە گشتی وەکی دی زۆربە
ئی دەرەوەی وڵات بوون.
قازی: مەسەلەی مێدیا چۆن.
چونکوو ئەمن بە تایبەتی مەسەلەی مێدیا دەپرسم دەمەوێ زەقی
کەینەوە بە جۆرێک. ئەویش ئەوەیە کە ماوەیەک لەمەو پێش کۆنفڕانسێک هەبوو لە پارڵمانی ئوڕووپا، پێم وا بێ لە پێوەندی دا بوو
لەگەڵ ڕٶژهەڵاتی کوردستان، وا بزانم هێندێک لە ڕێبەرانی هێزە سیاسییەکانی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد بوو. ئەمن پێم وایە لە ماوەی پازدە، بیست
ساڵی ڕابردوو دا کەم کۆنفڕانس هەبووە کە ئاوا پێشوازی لێ بکرێ لە لایەن مێدیا
ڕا. یانی زۆر دەنگی دایەوە بە ڕاستی دەسگا سەرەکییەکانی تێلێڤیزیۆنی ئوڕووپا بەشی
فارسییەکەیان هەموویان باسی ئەو کۆنفڕانسەیان کرد. لە پێوەندی لەگەڵ ئەو
کۆنفڕانسەی لۆزان بە تایبەتیش ئەوەی کە ئەو پەیمانە، ئەو ڕێکەوتنە، ئەو تریتییە
ناسراوە لە لایەک، دووش لە وڵاتێک دەبێ کە لە ڕووی جوغڕافیاییەوە پەیمانەکە لەوێ
بەستراوە و هەر ئەوە بۆخۆی دەتوانێ زەمینەی سەرنج ڕاکێشان بێ. بەشداری مێدیا لە
کۆنفڕانسی لۆزان دا چۆن بوو؟
غەفوور: بە ڕاستی مێدیا بە
تایبەتی کوردی، ئی بیانی نەبوو، بەڵام هی کوردی هەموویان بانگهێشت کرا بوون، هەر
هەموویان هیچی لێ پەراوێز نەخرا بوو، بەڵام هێندێکیان هاتن و هێندێکیشیان نەهاتن.
بە ڕاستی لە ئاستی پێویست دا نەبوو ڕەنگە ئەگەر ئەو بەراوەردە
زۆر لە یەکچوونی کەم بێ لەگەڵ ئەو کۆنفڕانسەی جەنابت باست کرد لە پارلەمانی
ئەوڕووپا. ئەتۆ بۆخۆت دەزانی ئێستا ئێران بەردەوام لە ڕۆژوڤی دنیا دایە، کارێکی
لەو جۆرە ئی کوردستانیش بە تایبەتی، ئەو سێ چوار لایەنەی بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون
نزیکبوونەوەیەکی نوێ بوو لە بەینی ئەو هێزانە، ئەوە تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەبوو
ڕاستە، بایەخەکان جیاواز بوو. بەڵام لۆزان بۆ خەڵکی ئەوڕووپا و بۆ دام و دەزگاکانی
ئەوڕووپی بە ڕاستی ئێستا، لە ئێستا دا دوای سەد ساڵ شتێکی زۆر ناسراو نییە لە لایان.
یەعنی خەڵکی ئەوڕووپا بە زۆری حەتتا پارلەمانتارەکانیش بۆ ئەوان شتێکی ئەوەندە
گرنگ و جێگەی بایەخ نەبووە ئەمە چییە ئەم مەسەلەیە وا ئێستا دیسان جارێکی دیکە
زیندوو دەکرێتەوە و باس دەکرێ. ئەوەندە لە ڕۆژەڤی ئێمە دایە و ئێمە ئازارمان پێ
چێشتووە و ئیمەی ئاوا لێکردووە بۆ ئەوان مەسەلەیەکی ئاوا گرنگ نییە لە ڕاستیدا
یەعنی ڕۆژەڤی ئەوان نەبوو بەڵام دیسان مێدیاکانی خۆمان هەرچەند کەموکووڕیشی تێدا
بوو یەک لەوانەش ئەم مێدیایە بوو [ مەبەستی ستێرک تیڤی یە.ح.ق.] لە بڵاوکردنەوەکەیدا
هەندێک، من شتەکانم بینی هێندێک هەڵە و کەموکووڕی تێدا بوو.
قازی: مەبەستت ستێرک تیڤی یە؟
غەفوور: مەبەستم ستێرک تیڤی، مەبەستم ئەم کاناڵەیە. ڕەنگە
ئەیان توانی کاری وردتری لە سەر بکەن. کاناڵەکانی تر ئەوانەی بەشدار بوون بە
تایبەتی ئی باشووری کوردستان، هەموویان بانگهێشت کرا بوون، هێندێکیان بەشدار بوون
وەک NRT.
قازی: دیارە ئێمە کراوەین بۆ ڕەخبە چونکە ڕەخنە دەبێتە هۆی
ئەوە مرۆڤ لە کارەکانی داهاتوو دا ئەوەی لەبەر چاو بێ و کارەکانی کەمتر کەموکووڕی
هەبێ. قسەکەت زۆر بە جێیە.
غەفوور: بە تایبەتی خەڵکەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات، من بۆخۆم
بەرپرسی کۆمیتەی ڕاگەیاندنم لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و ئەو مێدیاکارانەی
باشووری و ڕۆژهەڵاتی بە تایبەتی زۆربەی زۆریان ئەناسم ئەکرا جۆرێک هەم ئاهەنگی لە
بەینی ئێمە دا ببوایە تا کارەکان باشتر بچێتە پێشەوە بۆ جاری داهاتوو هیوادارم ئەو
شتانە لەبەر چاو بگیرێ.
قازی: زۆر باشە بێینە سەر بابەتەکان، باسی ئەوەت کرد کە ٤
پانێل هەبووە. هێندێک لەسەر کارەکانی کە لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژە دا کران بدوێ. یەک ناوەرۆکی پانێلەکان
چۆن بوو؟، وە دوومیش وەک ئەمن دەزانم وڕەنگە بینەرانیش ئاگادار بن کە بەتەنیشت
کۆنفڕانسەکە و ئەو موناقەشات و باسانەی کە پێشکێش دەکرا
خۆپیشاندانیش/ موزاهەرەش هەبوو، لەو بارەیەوەش ئەگەر زیاتر بدوێی باش دەبێ.
غەفوور: یانی بابەتەکان بە گشتی پەیامی پارتی و لایەنە
سیاسییەکان بوو، پەیامی کەسایەتییەکان بوو، هەڵوێستێکی نەتەوەیی لە هەمبەر ئەو
ڕێکەوتنە شوومە دا کە بەسەر کوردستان دا سەپێندرا. دواتر پانێلک بوو کە لە ڕووی
یاسایی و لە ڕووی مێژووییەوە کۆمەڵێک ئاکادێمیسیەنی کورد، ئاکادێمیکاری
کورد لەو ڕووەوە چۆن ئەیبینن. پانێلی سێهەمیان مەسەلەی
پرسی ژن بوو لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا چی بە سەر دۆخی ژن هات و هەڵوێستی ژنیش
لە بەرانبەر ئەو رێکەوتنامە دا چۆن دەبێ، تێکۆشانی ژن لەو ماوانە دا، لەو ساڵانە
دا. وپانێلێکیش بەشێکی بۆ پێکهاتەکانی کوردستان، ئاسووری، ئەرمەنی، سریانی، کلدانی
و ئەوانە یانی وەکوو وتم پێشتریش هەوڵمان دا هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و هەموو توێژ
و چینەکانی کوردستان بە گشتی دەنگیان هەبێ لەو ناڕەزایەتییە بەرانبەر بە
ڕێکەوتنەکە. بە گشتی ڕەنگە ناوەرۆکی وتەی هێندێک لە پانێلیستەکان یا بابەتەکان
وەکوو پێویست نەبووبێ، وەکوو ئەو ڕەخنانەی کە بۆمان هاتن بە ڕاستی لە دەرەوەی
کۆنفڕانسەکەوە، یان ئەوانەی کە بەشداری کۆنفڕانسەکەش بوون بەڵام بە گشتی هەموو لە
چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتننامەی لۆزان دابوو کە چی بە سەر خەڵکی کوردستان هێنا و
ئامانجی سەرەکی ئێمەش بە ڕاستی بە دەر لە لۆزان خۆی چی کردئەوە بوو لە ئێستا دا چی
بکرێت کە جارێکی تر لۆزانێکی بەو جۆرە بە سەر خەڵکی کوردستان دا نەیەت وەک پێناسە
کرا، لۆزانێکی ئالترناتیڤ، وەک پێشتر بەڕێز سەرۆک ئاپۆ پێشنیاری کرد بوو کە
پێویستیمان بە لۆزانێکی ئاڵترناتیڤ هەیە بۆ
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەعنی مەبەست لەوەیە جۆرێک ڕێکەوتنێکی تر بۆ پێکەوە
ژیان لەو ناوچەیە، ئەوە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان بوو بەداخەوە کەم باس کرا،
لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا
و هەرێمی کوردستانی گەورە و لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیایەی
ئێمە دا چ هەنگاوێک بنرێ بۆ جۆرێکی تر لە چارەسەری بۆ کێشەکان لەو ناوچەیە. ئەوەش
یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکان بوو بەڵام بە تێری باس نەکرا. بە داخەوە بە چڕی باسی
ئەوە نەکرا.
قازی: دیارە
بەداخەوە ئەمن بە شەخسە هەرچەند بانگهێشتنیش کرا بووم نەمتوانی بەشداری بکەم بەڵام
هێندێک لەو گرتە ڤێدێئۆییانەم تەماشا کرد کە هەڵگیرابوون و تەنانەت دوو لە
باسەکانیشم دابەزاندووە یانی و
نووسیومنەوەو بڵاوم کردنەوە.
وردە وردە دەگەینە سەر مەسەلەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکانیش. یانی جوورێک ناتەباییم
دەدی، جوورێک کەمایەسیم دەدی لە شێوەی بەڕێوەبردن دا. باشتر نەبوو کە ئەو کۆمیتەیە
پێشتر ئەو کەسانەی کە هەڵیان دەبژێرێ بۆ ئەوەی پانێلەکان بەڕێوەبەرن و بە تایبەتش
ئەوەی کە پێویستە یەکسانی جێندری هەبێ، یانی ژنێک و پیاوێک دەوری بەڕێوەبەرییان
بێ، بەڵام مومکینیشە کۆنفڕانسێکی ئاوا گرینگ، کە گرینگی هەیە هەم بۆ کوردان و هەم
بۆ لایەنەکانی نەیاری کوردان و میللەتانی دیکەش کە کۆنفڕانسێکی ئاوا پای وانیش
دەگرێتەوە، دەکرا پێشتر کلاسێک دابندرێ کە پانێلێک چۆن بەڕێوە دەچێ؟ چونکە
تەسەورێکی وا ساز دەبوو ئەو کەسانەی کە لەوێ پانێلەکانیان بەڕێوە دەبرد بە پێی
سەلیقەی شەخسی دەجووڵانەوە. بۆ وێنە بابەتێک هەبوو ١٥ دەقیقەی کات هەبوو یەکی دیکە ٤٠ دەقیقە.
نازانم لەوە ورد بوویەوە یان نا؟
غەفوور: بەڵێ مامۆستا کەموکووڕی هەبوو ڕاستە، لە دیوانەکان دا،
لە چۆنییەتی بەڕێوەبردن دا. حەتتا لە پانێلیستەکان دا. بەڵام وەکوو وتم پێشتر تۆ
وەرە ٥٢ لایەنی جیاواز ڕێک کەون مەسەلەن تۆ چوار ئاکادێمیکارت دەوێ ڕێک کەون لە
سەر ئەوەی کێ و کێ بەشدار بێ. بە داخەوە ئەو کێشەیە لای ئێمە کە مەسەلەی حیزبایەتی
لەم شتانە دا زۆر جار تۆخ ئەبێتەوە، ئەو لایەنانەی بەشدار بوون هەر کەس حەزی ئەکرد
پانێلیستێک بێ ئی ئەو بێ. حەتتا هێندێک جار مەسەلا موناقەشەکانیشمان هێندێک جار
توندتریش ئەبوو لە سەر ئەو مەسەلانە.
لەبەر چاو نەئەگیرا کەسێکی پسپۆڕ کە لەو بوارە دا بە تەواوەتی پسپۆڕە بەڵام کەسێکە
کە هەر لە بواری ئاکادێمی خۆی دا کار دەکا یانی ئەوانە کێشە بوون.
قازی: بۆ وێنە جێگای چەند مێژووزانی زۆر ناسراوی کورد کە
پێشتر لەو زەمینەیە داکاریان کردووە و حەتتا لە تێلێڤیزۆندا کاریان کردووە بۆ وێنە کەسێکی وەک دوکتور جەبار قادر، کەسێکی وەکوو
دوکتور نەجاتی عەبدوڵا جێگای ئەوانە خاڵی بوو چون شتیان نووسیوە لەو بوارە دا،
کتێبیان نووسیوە. لە
سەر لۆزان، لە سەر سەروبەندی عوسمانی
غەفوور:
ئینجا یەک لە کێشەکان ئەوەیە ناڵێم، هەم ٥٢ کەس، هەم وەرە دابەشیشی کە بە سەر هەر
چوار پارچەی کوردستان دا هەم وەکوو جەنابت گوتت لایەنی جێندریش لەبەر چاو بگرە.
ناکرێ چوار پانێلیست خەڵکی یەک پارچە بن و
هەمووشیان پیاو بن. ئەی باشە بۆ هەر پارچەیەک یەک پانێلیستی بەر ئەکەوێ جا تۆ وەرە
لە ناو ئەو هەزارەهایە و ئەو پارتی و فڵان پارتیش داوا ئەکا ئەوەی ئەو بێ. یانی
ئیشێکی ئاسان نییە لە ڕاستیدا ڕێکەوتنی کوردان هەموو جارێ ئەم کێشانەی تێدا یە، لە
دواجار ئەبێ بە کەموکووڕی بۆ خودی کۆنفڕانسەکە خۆی بە داخەوە. ئەگەر تۆ تەنیا بیر
لەوە بکەیتەوە کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو بێ بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو مەسەلانە شتێکی
جیاوازە، شتێکی جیاوازتر و باشتریشی لێ دەر ئەچێ بەڕاستی. ئامانجەکە هێندێک جار
دەرکەوتنی لایەنێک بێت و پشت گوێ خستنی خەڵکە ئاکادێمیکار پسپۆڕەکە بێ لەو بوارە
دا ئەو کێشانەی تێدادروست ئەبێ. ئەو موشکیلانەمان هەبوو، ئەو کێشانەمان هەبوو.
قازی: زۆر باشە، ئێستا
گەیشتینە ڕەخنەکانمان بڵێین. ڕەخنەی جەنابت زیاتر.
غەفوور:
لەبەر ئەوەی لەوێ بووم بینیم.
قازی: دەمەوێ
ڕەخنەکان بورووژێنم چونکە بەڕێزت بە جۆرێک خاوەنی مەسەلەکەی لە کۆمیتەکە دا بووی و
لە بەڕێوەبەرایەتی ک.ن.ک دای. یەکەم لە سیاسەتمەدارانی ناوچەیی یا بڵێین خەڵکی
سویس وابزانم شارەداری لۆزان بەشداری کردبوو.
غەفوور:
شارەداری لۆزان ئاخافتنێکی دوور و درێژیشی کرد
قازی: لەسەر
ناوەرۆکی قسەکانی ویش پرسیارم هەیە. بەڵام لە قسەکانی چەند پانێلیستان دا بیستم
دەیانگوت ئێمە ڕەخنەمان لە پەیماننامەی لۆزانە، هیچ ڕەخنەیەکمان لە سویس نییە!
غەفوور:
ڕاستە.
قازی: بەڵام ئەوە
نیشانەی ئەوە بوو کە لە راستیدا کەمێکیش زانیاری مێژوویی سەبارەت بە دەوری سویس دە
لۆزان دا کەمە. چونکە سویس لە وەختی خۆی دا کە ئەو کۆنفڕانسە لە شاری لۆزان
بەڕێوەچووە، لە بەشی یەکەمی کۆنفڕانسی لۆزان دا؛ کە وەک دەزانی دوو بەش بووە
دەستەی نوێنەرایەتی شووڕەوی سۆسیالیستی کە وەک چاودێر لە کۆنفڕانسکە دا بەشدار
بوون، گرووپێکی تیژپەڕی رووسی پاتراو تەقەیان لێ کردوون، سەرۆکی
دێلێگاسیۆنەکە واتسڵاڤ ڤۆرۆڤسکی کووژراوە
و دوو هاوکارەکەی بریندار بوون. پاشان قاتڵەکان بێ ئەوەی حوکم بدرێن بەرەڵا کران و
تا ساڵی ١٩٤٦ی پێ چوو نێوانی سۆڤیەت – سویس ئاسایی بێتەوە. دیارە ئەوە پەڵەیەک لە
مێژووی قەزایی سویس دا و ناکرێ لەبەر ئەوەی میواندارییان کردووە باس نەکرێ. ئەمن
بە دڵنیاییەوە دەزانم ئەگەر کابرای شارەداری لۆزان لە زمان کوردێکەوە ئەوەی گوێ لێ بووبا، پەسنی
وشیاری کوردانی دەدا.
غەفوور: زۆر زۆر ڕاستە
مامۆستا، ئەو قسەی جەنابت تەواوە، یەعنی فێعلەن ئەگەر ئەو کەسانەی کە باسەکانیان
پێشکەش دەکرد ئەو وردەکارییەیان هەبوایە وئەوەیان هانیبایە زمان واتایەکی دیکەی
دەبەخشی. بێگومان سویسرا کاتی خۆی ئەو میواندارییەی قبووڵ کردووە کۆنفڕانسەکان
لەوێ بکرێن و بەو شێوازە بێت و دابەشکردنەکان و ئەو ناحەقییەی بەرانبەر بە خەڵکی
کوردستان کراوە هەموو لە بەر چاوی ئەو کراوە، لانی کەم لە هیچ ڕوویەکەوە هەڵوێستی
ئەو وڵاتەی تیدا نەبوو وەکوو ئێستاش هەر دیسان لەبەر چاوی ئەو وڵاتەوە، خۆی بە
وڵاتێکی بێ لایەن ئەزانێ بەڵام بێ لایەنی ئەوە نابەخشێ ئیتر تۆ لە بەرانبەر
هەموو ناحەقییەک دا بێ دەنگ بی. سویسراش بە ئەندازەی ئەوەی کە جەنابت باست کرد
لەوێ ڕووی داوە بە ئەندازەی ئەوە ئەویش بەشدارە لەمە دا.
قازی: یانی ئەو مەسەلە شتێکە کە زۆریش ڕوون نەکراوەتەوە.
دوایە مەسەلەیەکی دیکە لە کۆنفڕانسەکە دا هەبوونی چوار ئاڵا بوو. کە زۆر لایەن
دەڵێن ئەگەر ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە کورد یەک نەتەوەیە و کورد دابەش کراوە،
زوڵمێکی مێژوویی لە کورد کراوە و لێرە وەختێک دەڵێین کورد پای هەموو کوردێک
دەگرێتەوە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەو سنوورە دەوڵەتییانەی کە دوای لۆزان دروست بووە و
ڕەسمییەتی قانوونییان هەیە. ئەوە بە جێگای خۆی. ئێمە دەزانین، هەر دووکمان جوان
دەزانین کە ئەو مەسەلەی ئاڵاش دە ڕاستیدا هێندە پێشینەیەکی زۆر دوور و درێژی نییە
لەم سەروبەندەی کە ئێمەی تێدا دەژین. بۆ وێنە لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دا باسی
ئاڵا هەر لە گۆڕێ دا نەبوو. ئەمن بۆخۆم وەبیرم دێ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی
ئاکسا بووم؛ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات جارێک ویستمان
دەست پێشخەری ئەوە بکەین و ئەو ئاڵایەی کە لە ئەستەنبووڵ دروست کراوە دوایە لە
زەمانی خۆیبوون و لە ئاگری هەڵکراوە، دوایە بە هێندێک ئاڵوگۆڕەوە لە سابڵاغێ
هەڵدراوە ویستمان لە کۆبوونەوەیەک دا ئاڵا دانێین
یەکێک لە ڕێبەرە سیاسییە بەناوبانگەکان ئامۆژگاری کردین ئەوە نەکەین و گوتی ئەو
کارە کێشەمان بۆ ساز دەکا. یانی ئەوە لە سەردەمی ئێمە دا دیاردەیەکی تازەیە. بەڵام
لەو ساڵانەی دواییدا لە باشووری کوردستان پارڵمانی کوردستان ئاڵایەکی بە ڕەسمی
ناسیوە. لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆسەری دێمۆکڕاتیک ئاڵایەکی داناوە. ئایا نەدەکرا، ئایا
کۆمیتەکە فکری ئەوەی نەکردەوە کە بەیەک دروشمەوە ئەو ئاکسیۆنە بکەن. بە
تاقە سەمبولێکەوە؟ بێ ئاڵا!
غەفوور: دەزانی چۆنە مامۆستا بۆ خۆی لۆگۆیەکی لۆزان هەبوو،
ئەوە داندرابوو، ڕەنگە وەکوو باس کرا ئەو لۆگۆیە بە گەورەیی پیشان بدرایە واتایەکی دیکەی دەبوو. بەڵام داوخوازی ئەو
ئاڵایانەش هەبوو. دیسان دێمەوە سەر ئەوەی کە ٥٢ لایەن بەشدار بوون، ئەگەر
ئاڵایەکیان زەق بووبایەتەوە ئەبووە جێی ڕەخنە بۆ ئەوانی تر. ناچار ئێمە هاتین
وتمان لەبەر ئەوە بە فەرمی ئێمە وەکوو
ک.ن.ک بە ڕسمی دان بە ئاڵای باشووری کوردستان دەنێین ئەوە ئاڵای ئەو هەرێمەیە و
پەرلەمانی ئەو هەرێمە بڕیاری لە سەر داوە پیرۆزی خۆی هەیە و ڕێزی خۆی هەیە. بە نیسبەت هەر پارچەیەکی تریش هەر بە هەمان
شێوە. ئێمە بە چ حەقێک ئی ڕۆژئاوا دانێین و ئی باشوور دانەنێین. ئەوەی باکوور
وایان بڕیار داوە ئەو ڕەنگانە ئی ئەوان بێ، ئەو ئاڵایە ئی ئەوان بێ. ڕۆژهەڵات دیسانیش ئاڵایەکە، وا بۆ ئێمە ئەڵێن ئی سەردەمی
قازیی محەمەدە و ئی ئەو سەردەمەی کۆماری کوردستانە و ئەوەش خەڵکێک ئەوەیان ئەوێ.
ئێمە وتمان هیچ لایەک بێ بەش نەبێ لەوە، بەڵام ئەوانەی کە ئەو
ڕەخنەیە ئەگرن بە ڕاستی بە ساڵانە، بە ساڵان ئێمە داوایان لێ دەکەین وەرنە ناو
ک.ن.ک یا لانی کەم وەرنە کۆبوونەوەکانی ک.ن.ک با لەوێ ئەگەر سەمبولیکیش بێ بڕیار
لە سەر هەندێ سەمبول و لۆگۆی خۆمان بدەین. بۆ ئامادە نین بێن لەوێ ئەو موناقەشەیە
بکەن. پێم وایە مەسەلەی ئاڵا وەک بیانوویەک
بە کار دێت، لەچاو کێشەکانی تری کوردستاندا، بە ڕەئی من کێشەی هەرە پچووکە،
کێشەیەکی هەرە دوایی یە ئێمە کێشەی لە سەر دروست کەین و شەڕی لە سەر دروست کەین
ئێستا. سەمبولێکە. وەکوو لایەنی یاساییش بڵێین
ئێستا لەم وڵاتەی ئێمەی تێدا دەژین ئێستا لێرە فەڕانسەییەکانی ئێرە مافی ئەوەیان نییە ئاڵای
فەڕانسەییەکانی کانادا بە کار بێنن، ئاڵای فەڕانسەییەکانی فەڕانسە بەکار بێنن.
مادام تۆ هەرێمێکی فەرمیت لە چوارچێوەی عێڕاق دا، تۆ هەرێمێکی فەرمیت لە چوارچێوەی
خۆ سەری لە چوارچێوەی سووریا دا بە چ حەقێک تۆ ئاڵای وڵاتێکی دیکە بەکار
دێنی،بەشێکی تر. لە لایەنی قانوونیشەوە ڕاست نییە بەڵام بیانووە.
قازی: بەڵام نا هەمیشە بیانوو نییە. ئێستا هەر ئەو ڕەخنەی جەنابت باسی دەکەی دە
ڕاستیدا لە پشتیوانی کردن لە شۆڕشی ژن. ژیان، ئازادی کە لە دەرەوەی وڵات دەکرا هەر
جێگایەک کە ئێرانییەکان ئاڵای خۆیان دەهێنا، ئەو ئاڵای شێروخورشید کە پێوەندی نییە
بە جمهووری ئیسلامییەوە ئەگەر ئاڵای کوردستانیش هاتبا نێو موزاهەرەکە بە وردی ئارگومێنتی ئەوانیش ئەوە
بوو بە کوردەکانیان دەگوت ئێوە بۆتان نییە ئاڵای کوردستانی عێڕاق بێنن.
غەفوور:
خۆ شەرت نییە ئەوان ئەیڵێن ئارگومێنتەکە هەڵە بێ.
قازی: مەبەستی من
ئەوەیە ئەو ئاڵایەی کە لە باشووری کوردستان هەڵدەکرێ و هەڵکراوە ئاڵای پارتییەکی
سیاسی نییە، ئاڵای هەرێمێکە، پارڵمانەکەی قەراری لە سەر داوە و پێشینەکەشی دەگەڕێتەوە
سەر باکووری کوردستان، لە ئەستەنبووڵ دروست کراوە ئەو ئاڵایە. ئەو ئاڵایە لە
ئەستەنبووڵ دروست کراوە، خۆیبوون بەکاری هێناوە، هاتووە ئالوگۆڕێکی تێدا پێک
هاتووە لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد بەکارهاتووە و ئەو جار لە باشووری
کوردستانیش زۆر نزیک بووەتەوە لەو ئاڵایەی کە خۆیبوون بەکاری هێناوە.
غەفوور:
ڕاست دەکەی نزیک بووەتەوە بەڵام بە فەرمی هەرێمی باشووری کوردستان بڕیاری لە
سەر ئەوە داوە. خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری لە سەر ئەوە داوە. ئێمە مەجبوورین
پابەند بین، ڕێز لەوە بگرین. مادام ئیدارەیەکی فەرمی یە، مادام بڕوا پێکراوە،
مادام ئێمەش دەمانەوێ ئەو قەوارە و ستاتوویە هەبێ و بپارێزرێ ئێمە ڕێزی ئەوەی لێ
ئەگرین.
قازی: مەبەستم ئەوەیە
بڵێم لە داهاتوو دا ئەگەر بکرێ لە
بۆنەیەکی ئاوا دا، سەمبۆلێکی تاقانە و یەکگروتوو کە هەموان لە سەری ڕێک کەون، هەبێ
باشترە.
غەفوور:
وایە زۆر ڕاستە.
قازی: یانی ئێفێکتی
زیاتر دەبێ.
غەفوور:
بە ڕاستیش وایە، بەڵام با بێن ڕێک کەوین لە سەری.
قازی: ئێستا پێش
ئەوەی کە بگەینە سەر ئەنجام نامەی کۆنفڕانسەکە، ئەو کاتەی کە ماومانە. لایەنی
دیکەی کەموکووڕی بۆ خۆت چت وەبەرچاو هات؟ لە ڕووی لۆجستیک و شوێنی حاوانەوە هیچ
موشکیلە نەبوو وا نییە؟
غەفوور: موشکیلە
نەبوو، ئەوەی لە دەرفەتی ئێمە دا بوو. شتێکی تر بڵێم ئەوانە تێچوونێکی زۆری تێ
دەچێ، مەسرەفێکی گەورەیە وەکوو خۆتان ئەزانن. بۆ ئێمەش، یانی کۆمیتەکە هەمووی بە
ڕاستی هەموو ئەو مەسرەفە لە خەڵکی کوردستانەوە دابین کراوە، لە تاکە تاکەی خەڵکی
کوردستان ئەوانەی کە ئیمکانییەتیان هەبووە و هاریکاریان کردووە. یەعنی کۆنفڕانسەکە
سەرانسەر ڕێک خستنی و بەڕێوەچوون و ئیدارە کردنی، ئابووری، لۆجیستیک هەر هەمووی
کوردستانییەکی ڕووت بووە، کوردستانییەکی سیرف بووە بۆیە ئێمە وەکوو هەڵوێستێکی
کوردستانی ناومان لێ خست باش بوو بە گشتی، لە ڕووی لوجیستیکتتەوە کەموکووڕییەکی وا
نەبوو، گازندە و گلەییەکی وا نەبوو لە سەر کۆنفڕانسەکە.
قازی: زۆر باشە
ئێستا بێینە سەر ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە.
دیارە ئەنجامنامەکەتان کردووەتە سێ بەش زەحمەت نەبێ مادە بە مادە بیخوێنەوە و قسەی
لە سەر بکە.
غەفوور:
کات زۆر نابا؟ چونکە دە خاڵە
قازی: ئەوەندەی
کاتمان ماوە تەرخانی دەکەین بۆ ئەنجامنامە، مەبەستم زیاتر تەفسیر کردنێتی.
غەفوور:
" ١- پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت
لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس."
یانی ئێمە وابکەین لە ڕای گشتی و فەرمی جیهانی
کە بڕوا بەوە بێنن خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی وەک هەر گەڵێکی تر بڕیار لە
سەر چارەنووسی خۆی بدا ئینجا بە هەر شێوازێک بێ. دیارە ئەوە، ڕەنگە تەفسیری زۆری
نەوێ.
قازی: داوایەکی زۆر ڕەوایە، فەرموو بەردەوام بە.
غەفوور: "
٢- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمیسیۆنێکی
نێونەتەوەیی دروست بکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، ئەو کۆمیسیۆنە
لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و
ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ."
ڕەنگە ئەو بابەتانەی کە پێوەندی بە دەرەوەی کوردستانەوە هەیە، بە ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە
هەیە هەمووی بروانین لە بواری دیپڵۆماسی دا کاری لە سەر بکەین، هەمووی لە یەک بچن،
هەمووی یەک داواکاری بێ کە چۆن ئێمە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هان بدەین کێشەکەمان کە کێشەی ئێمە نییە لە ڕاستیدا،
کێشەی ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان بەسەر دا دابەش کراوە دۆزی ئێمەیە.
قازی: باشە بۆ ئەو مەسەلەیە بۆ ئەو خاڵی دووەمە
یەکەم هەنگاوی کە دەبێ هەڵبگیرێ ئەوەیە کە پێوەندی بکرێ لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە
یەکگرتووەکان و ئەو داوایەیان لەگەڵ بهێندرێتە گۆڕێ.
غەفوور: وایە ڕاستە، بۆ ئەوەش ئێمە ئێستا حەفتەی داهاتوو، چەند
ڕۆژێکی تر دیسان کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی هاوبەشمان هەیە کە زیاتر لە سی پارتی و
ڕێکخراوی کوردستانی لەو کۆمیتەیە دا بەشدارن لە سەر ئەنجامەکانی ئەو کۆنفڕانسە و
چۆنیەتی پیادەکردنی ڕاسپاردەکانی کار بکەین، یەکێک لەوانە ئەو خاڵە ئەبێ ئێمە چۆن
وەفدێک بنێرین، شاندێک بنێرین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان.
قازی: زۆر باشە
غەفوور: " ٣-
کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەنان. بۆ ئەم مەبەستە
ھەنگاوی کرداری بنرێت." ئەویش دیسان پێوەندی بە وی یەکەمەوە هەیە. ئێمە ناڵێم
لەو کۆبوونەوەیەی بێ پێویستە شاندێک دروست بکرێ سەردانی ئەوێ بکا و ئەو داوایانە
بێنێتە زمان.
"٤- ھەوڵ بدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ببن بە ئەندامی
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە
نێودەوڵەتیەکان." یەکێک لەوانە بۆ نموونە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێو
دەوڵەتییە. هەندێک لەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەر دا دابەش کراوە، ئەوەی من لە
بیرم بێ نە تورکیا، نە عێڕاق تا ئێستا ئەندام نین لەو دادگایە.
قازی: بەڵام ئەوە جوورێکی سەیر فۆرموولە کراوە.
غەفوور: فۆرموولەکە ڕەنگە تەواو نەبێ چونکە ئەگەر ئەندام
نەبێ تۆ ناتوانی کۆمەڵێک شکایەت هەیە، کۆمەڵێک داواکاری هەیە بیکەی لەبەر ئەوەی
لەوێ نییە.
"٥ - دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی
دیبلۆماسی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ئەنجامنامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا."
ئەوەش فۆرموولەکەی ئەکرێ باشتر بێ.
قازی: ئەو خاڵانەی کە زۆر ڕوونن ڕەنگە پێویستییان بە
لێکدانەوە نەبێ.
غەفوور: " ٦- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین
پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجام
دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە. دڵنییاییش فەراھەم بکەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی
نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی کوردستان بە پشت بەستن بە یاسای قەدەغەکردن و سزادانی
تاوانی نێودەوڵەتی." ئەو خاڵانە
تەقریبەن هەر هەمووی پێوەندیی بەیەکەوە هەیە. پێوەندیی بەو کارەدیپڵۆماسییانەوە
هەیە ئێمە لە داهاتوو دا بە کردەوە بیکەین.
قازی: " ٧- رێگری کردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی
کوردستان بەگشتی و لە رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان
بەتایبەتی. بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی
نێودەوڵەتی یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لە
نێوان تورکیاو رۆژئاوای کوردستان جێگیر بکرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری
ناوچەکە. "
غەفوور: خاڵێکی گرینگە ئەوە
قازی: ئەوەش زۆر گرینگە بە تایبەتی بە لەبەرچاو گرتنی ئەو
هێرشە پەیتا پەیتایانەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. ئەوەش هەر
پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە دامەزراندنی پێوەندییەکی ڕەسمی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە
یەکگرتووەکان. و بیل موناسەبە دوای ئەو کۆنفڕانسی ئێوە بەڕێز حەمەدەمین پێنجوێنی نووسراوەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە
وابزنم لە کۆنفڕانسیش پێشکێشی کردبوو کە لە کاتی خۆیدا ئەوان وەک کورد چوون
پێوەندییان کردووە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. یانی دەبێ حەولێکی
ئاوا بدرێ لە ئاستێکی بەرز دا.
" ٨- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و
چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان و
گیراوانی تری سیاسی ئازاد بکرێن."
غەفوور: خاڵێکی گرینگە
بۆ وێنە تورکیا، باکووری کوردستان، ناوچەی هەرە گەورەی کوردستانە، بەشی زۆری خەڵکی
کوردستانیش یانی وەکوو ژمارەش لەوێن. ئێ ئەگەر تۆ بتەوێ پرسێکی گرنگ لەوێ چارەسەر
بکەی و ڕێبەرێکیش لە زیندان دا بێ، بتەوێ کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکەی، کاتێک کە
ئەو دەستبەسەرە، کاتێک کە ئەو گۆشەگیرە
چۆن ئەتوانی دیالۆگ بکەی. یەعنی ئەگەر نییەتێکی باش هەبێ بۆ دیالۆگ، بۆ چارەسەری
ئەبێ لەوێوە دەست پێ بکا بە ڕاستی یانی دەرگایەک بکرێتەوە.
قازی: ئەوە زۆر زۆر گرینگە چونکە ئەوە زیاتر لە دوو
ساڵە کە هیچ پێوەندییەک نییە لەگەڵ بەڕێز ئوێجاڵان و ئەوە نیگەرانییەکی گشتی پێک
دێنێ لە ناو کۆمەڵانی گەلی کوردستان.
بەشی "دووەم:-- لە ئاستی ناوخۆیی
کوردستان
١- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیە باڵا
نیشتمانیەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیە کەسی و سیاسیەکان."
کە ئەوەش تەبیعی یە دەبێ وابێ.
٢-
وەلانانی ناکۆکیە سیاسیە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ناکۆکیە
ناوخۆییەکان.
٣-
دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەت گرتنی پاراستنی و
پشتگیری لەقەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆ بەڕێوەبەری ڕۆژئاوا."
ئەوەش پێم وایە هەمیشە هەڵوێستی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بووە. وا نییە؟
غەفوور: ڕاستە
قازی: واتە پاراستنی ئەو دوو قەوارانە
"پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی
کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بۆ ھەماھەنگی ھاوکاری لەبواری سیاسی و ئابوری و کولتوری و کۆمەڵایەتی.
راپەڕاندنی
ئەرکە ھاوبەشەکان.
٤-
بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی
کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار
پارچەی کوردستان.
٥-
مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی
کوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان."
دیارە لێرە دا شتێک هەیە هێندێک کەس لێی
تێنەگەیشتبوون ئەویش موستەلەحەی گەلانی کوردستان بوو کە دیارە مەبەست لەو گەلانەیە
کە غەیری کوردن و لە کوردستان دا دەژین.
"
٦- نرخاندن و ھاندانی
خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەو دانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە
لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.
سێیەم:—،لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی
کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە:
١- پارچەکانی کوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سوریاو
تورکیا بە فەرمی بناسرێن. لە ناو تورکیا و سوریادا بەو دیڤاکتۆیەتییەی کە خۆیان دەخوازن پەسەند بکرێن."
ئەوەش واتە ئەو قەوارانەی کە هەن ڕەسمییەت پەیدا بکەن.
"٢- ئەو دیڤاکتۆ خۆبەڕێوبەری کوردستان لە ناو
ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەکان دا دانی پێدا بنرێت و بەفەرمی بناسرێت."
ئەوەش زۆر گرینگە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەمووە فیداکاری و لە خۆبوردوویی کە لە
کوردستان کراوە دە بەرانبەر داعش دا.
غەفوور: مافێکی ڕەوایە
قازی: هەنگاوێکی تەبیعییە ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان
یان کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەو بارەیەوە بتوانێ وڵامدەر بێ.
"٣
- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان
پێویستە بەھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت، شکاندنی
سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە رێکەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.
٤- داخوازیەکی جدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بەو بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمایەتیەکانی نا
موسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاواردە کردن جێبەجێ بکرێت."
کە دیارە ئەوەش نازانم ئەو داوخوازە بۆ دەبێ لە تورکیا بکرێ چونکە ئەگەر تورکیا
کردبای دەیکرد. هەر چۆنێک بێ لە پێوەندیی لەگەڵ گەلانی ناموسوڵمان و مەسەلەی زمان و کولتور بۆ وێنە ئی
ئەرمەنییەکان و غەیری ئەوان ئەوە دیارە پێشێل کراوە بەڵام ئەگەر تەماشای چەند بڕگە
و قۆناغی مێژوویی بکەین هێندێک ئاڵوگۆڕ کراوە. بۆ وێنە لە کوردستان لە هێندێک
شوێنان شارەداری کورد حەولیان داوە بۆ نوێژەنکردنەوەی کلیساکان، یانی حەولی ئاوا
هەبووە لە کۆمەڵی تورکیا دا.
"
٥- ئێزیدی و یارسانەکان
کە لەناو کاتاگۆری نا موسڵمان دان ناساندنی فەرمیان پەسەند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی
بۆ رۆم و ئەرمەنی و سریانی وکلدانی قبوڵ کراوە بۆ کوردانی ئێزیدی و یارسانەکان
پەسەند بکرێت.
"
کە دیارە ئەوەش لەگەڵ پەیمانی لۆزان پێوەندی پەیدا ناکاتەوە. بۆچوونی بەڕێزت چییە؟
غەفوور: ئەوە زیاتر پێوەندی بە جارنامەی مافی مرۆڤەوە
هەیە.
قازی: " ٦- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی
رۆژئاوای کوردستان ھەریەک نوسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و
ئەرکەکانی
بەرانبەری بکرێتەوە."
ئەوە داوایەکی زۆر مەنتقی یە. چونکە باسمان کرد هەم لە باشووری کوردستان، هەم لە
ڕۆژئاوای کوردستان کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەنووسی خۆی بەدەستەوە گرتووە،
هەرچەند نارازیش بین لە سیستمەکان بەڵام تەنیا ئەو شوێنانەی دەکرێ بە کردەوە ئەوە
بکەن ئەوانن. یانی ئەگەر ئێوە لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێوەندیی بگرن
و ئەوە ڕەسمییەتیش پەیدا کا ئەو حەولە لەگەڵ خۆسەری ڕۆژئاوا و باشوور هاسانتر جێ
بەجێ دەبێ ئەگەر بڕیاربێ ئیدارەیەکی دائیمی لەمەڕ لۆزان دابمەزرێندرێ.
غەفوور: ئەوە ڕاستە.
قازی: بە ڕاستی ئەوە داوخوازێکی بەجێێە.
"
٧- ئۆرگانێکی راوێژکاری
و رێنیشاندەر لە نێو بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت.
لە
پێناو ھۆشیاری بەرچاو روونی و پلاندانانی ھاوبەش.
٨-
داواکارین لە ھەردوو دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق و رۆژئاوای کوردستان، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان
چارەسەر بکەن و لە بەرامبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی و کولتوری و ئابوری کۆمەڵاتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن. بە
پشت بەستن بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە فەرمی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان."
لەوبارەیەشەوە ئەگەر هێندێک شی کەیەوە، چونکە کاتیشمان هەیە.
غەفوور: یانی بەشێک لە پارلەمانی کوردستان ئەوان کاتی
خۆی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان ناسی و ئیعترافیان بەوە کرد. باشە مادام تۆ
بە فەرمی ئەیناسی، هەر وەکوو چۆن هەموو خەڵکی کوردستان هەرێمی باشووری کوردستان بە
فەرمی ئەناسێت و کاری بۆ ئەکا و خزمەتی ئەکا و هەوڵ ئەدا بیشی پارێزێ تەنانەت ئێمە
لە بوارە دەوڵەتییەکانیش دا دایمە یەکێک لە ئەرکەکانمان ئەوەیە کە ئەو هەرێمە
پێویستە بپارێزرێ و بەهێز بکرێ و پشتگیری بکرێ. مادام ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆی
ئیعتراف بە باشووری کوردستان ئەکا پێویستە هاوکاری زیاتری بکا.
قازی: " ٩- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر
کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز
عەبدوڵا ئۆێجالان و گیراوانی تری سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن."
وا بزانم ئەوە باس کرا بوو.
"
١٠:- بە پێی مادەی ١٤٠ ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق
چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی
ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.
سەرکەوتوو
بێت ئیرادەی گەلی کوردستان
نەمری بۆ شەھیدانی رێگای ئازادی خەڵکی کوردستان."
غەفوور: مامۆستا دووخاڵ گرینگە من قسەئ لەسەر بکەم.
قازی: فەموو
غەفوور: ئەوەی کەزیاتر ڕەخنەی کەوتە سەر و خەڵکی تریشی
هان دا ئەو ڕەخنانە بکەن یەکەمیان باسمان کرد ئاڵا و ئەوشتانە بوو و دووەمیشیان
باس کردنی گەلانی کوردستان لەسەر ئەوەش قسەیان کرد، قسە کرا. ئێمە خۆ کەسی
ڕەگەزپەرست نابین و دژی مافەکانی خەڵکی تریش نابین لە کاتێکدا خۆمان دەیان ساڵە بە
هۆی ئەو شتانەوە زوڵممان لێ دەکرێ. باشە ئەرمەنی، ئاسووری، کلدانی خەڵکیتر کە لە
سەر جوگرافیای کوردستان ئەژین گەلی جیاوازن، خەڵکی جیاوازن. ئەگەر بڵێین گەلانی
کوردستان هیچ تاوانێک نییە، هیچ هەڵەیەک لەوە دا نییە لەبەر ئەوەش بە زانابوون ئەو وشانە بەکار دێن.
ئێمە لای خۆمان، لە ئەدەبییاتی خۆمان دا قەت باسی کەمینەش ناکەین، ناڵێین کەمینە ،
ئەڵێین پێکهاتەکانی کوردستاب، گەلانی کوردستان من کێشە و ئەشکالییەتێک لەوە دا
نابینم.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز غەفوور بۆ بەشداریت
لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. پێم وایە ئەو زانیاری و
شیکردنەوەکانی بەڕێزت هەموو لایەنەکانی ئەو کۆنفڕانسەی جارێکی دیکە خستە ڕوو.
هیوادارم سەرکەوتوو بن و ئەو کۆنفڕانسەی کە باست کرد لە پێوەندیی لەگەڵ دەرەوەی
کوردەکانیش بە زوویی ڕێک بخرێ.
غەفوور: زۆر سپاس بۆ تۆش، سپاس بۆ بەرنامەکەت
قازی: گەلێک مەمنوون. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە
دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەو بەرنامەیە ئێوارەی پێنجشەمە ١٠-ی
ئووتی ٢٠٢٣ لەتێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. لە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە
دەکرێ ڤیذئۆی ئەم بەرنامەیە لە حیسابی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب دا تەماشا
بکەن.
https://www.youtube.com/watch?v=tEels_PqsGs&t=1453s
No comments:
Post a Comment