Tuesday, October 24, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتور فەرەنگیس قادری، زانکۆی ئێگزێتر –بریتانیا سەبارەت بە ئالنکارییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبیی کوردی و هەر وەها تازەگەریی لە شێعری کوردی دا و کورتە باسێک لە سەر گۆواری دەروازە.

وتوێژ لەگەڵ دوکتور فەرەنگیس قادری، زانکۆی ئێگزێتر –بریتانیا  سەبارەت بە ئالنکارییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبیی کوردی و هەر وەها تازەگەریی لە شێعری کوردی دا و کورتە باسێک لە سەر گۆواری دەروازە.
یەکشەمە ١٩-ی مەی ٢٠١٩

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور فەرەنگیس قادری کە لێکۆلەرەوەیە لە ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوەکانی عەڕەب و ئیسلامی لە زانکۆی ئێگزێتر لە بریتانیا. بەڕێزیان لە ساڵی ٢٠١٦ تێزی دوکتورایەکەی پێشکێش کردووە بە ناوی" پەیدا بوون و بەرەوپێش چوونی شێعری نوێی کوردی، بۆچوونێکی بەراوەردکارانە". لەم بەرنامەیەدا لەگەڵ بەڕێزیان ناسی ئالنگارییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبی کوردی و هەر وەها تازەگەری لە شێعری کوردی دا دەکەین  و لە دوایی پڕۆگرامیش دا باسی گۆواری " دەروازە " دەکەین  کە لێرە دەیبینن [ گۆوارەکە نیشان دەدا]. گۆواری دەروازە گۆوارێکە چەند ساڵ لەوە پێش بە دەستپێشخەری ژمارەیەک لە ئاکادێمیکاران دەستی پێ کردووە و سەرنووسەری سەرەکەشی ڕەحمەتی دوکتور ئەمیری حەسەنپوور بوو. ئەو گۆوارە هەتا ئێستا سێ ژمارەی لێ دەرکەوتووە بەڕێز دوکتور فەرەنگیس قادری ش یەکێکە لە ئێدیتۆرەکانی ئەو گۆوارەیە . ژمارەی ٣-ی تازە دەرکەوتووە لەم پڕۆگرامە دا سەبارەت بەو گۆوارەش لەگەڵیان قسە دەکەین. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز قادری. لەوە ڕا دەست پێ بکەین سەبارەت بە ئالنگارییەکان/ چالشەکان لە بەر دەم نووسینی مێژووی ئەدەبیی کوردی، چونکە ئێمە دەزانین ئەوە بابەتێکی زۆر گرینگە لە پێناو ڕێک پێدانی نەتەوە بوونی کورد دا. بەگشتی پێم خۆش بوو بۆچوونی بەڕێزت بزانم سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی کە لەو بارەیەوە هەیە. فەرموو!
دوکتور فەرەنگیس قادری: زۆر سپاس. ئەگەر بەوە دەست پێ بکەم کە  یەکەم هەنگاو بۆ نووسینی مێژووی ئەدەبی کوردی، کۆ کردنەوە، ئێدیت کردن وە چاپکردنی دەقە ئەدەبییەکانە. لە بەر ئەوە کە ئەم دەقە ئەدەبییانە مەرجەعی سەرەکین بۆ نووسینی مێژووی ئەدەبی. جا چ دەبێ ئەگەر لێکۆلەر، مێژوو نووس دەستی بە بەشێکی زۆر لەم دەقە ئەدبیانە نەگات؟ چ مێژوویەک ئەنووسێت و چ ڕیوایەتێک دروست ئەکات، بە خوێنەر ئەدات. ئەمە یەکێک لە گرینگترین ئاستەنگەکان لە نووسینی مێژووی ئەدەبی کوردی دایە لەبەر ئەوەی کە دەزانین بەشێکی زۆر بەرچاو لە ئەدەبییاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبییاتی کلاسیک لە ناو چووە، و بەشێکی بەرچاویش لە دەقەکان، لە دەقە ئەدەبییەکان هەتاکوو ئێستا وەکوو دەستخەت، دەستنووس ماونەتەوە، بڵاو نەبوونەوە و لەبەر دەست خوێنەران نین. دیارە بەڵگەش بۆ ئەو ئیدیعا کە ئێمە دەڵێین بەشێکی زۆر لە ئەدەبییاتی کلاسیکمان بە تایبەتی لە ناو چووە زۆرە، دیارە من لە وتارەکەم دا ئاماژە بە زۆر بەڵگە ئەدەم بەڵام یەکێکیان بۆ نموونە ئەولیا چەڵەبی لە سەیاحەتنامە بەناوبانگەکەی دا لەو بەشەی کە سەردانی ئامێدیای کردووە لە دەور و بەری ساڵی ١٦٦٠ باسی ژیانی ئەدەبی ئەو شارە دەکا و ناوی چەند شاعیرێک ئەبات و قەسیدەیەک ئەنووسێتەوە، لە شاعیرێک بە ناوی مەلا ڕەمەزان کوردکی. ئێمە هیچ زانیارییەک لە سەر ئەو شاعیرە نازانین، کە دیارە شاعیرێکی بەناوبانگ بووە ئەوەندەی کە چەڵەبی هاتووە یەک لە قەسیدەکانی نووسیوەتەوە. لە هیچ مەرجەعێکی ترا ئێمە لە سەر ئەو شاعیرە نازانین. و هەر وەها بەڵگەی وای تر زۆرە. جا بۆیە زانیاری ئێمە لە سەر ئەدەبییاتی کوردی بە تایبەتی ئەدەبییاتی کلاسیک زۆر کەمە، زۆر پچڕ پچڕە دیارە دەتوانین بڵێین لە دە ساڵی ڕابردوو دا زۆر کاری بەرچاو و گرینگ کراون. کۆمەڵێک کەس کاری زۆر جیدییان کردووە بۆ دیتنەوە، پەیدا کردن و ئێدیت کردن و بڵاو کردنەوەی دەستخەتەکان کە زۆر گرینگن. کۆمەڵێک زانیاری تازەیان بە ئێمە داوە کە پێویستە بەم زانیارییە تازانە کە هەمانە پێداچوونەوەیەک بکەینەوە بەوەی کەئێمە بە مێژووی ئەدەبی کوردی دەزانین  و سەر لە نوێ بنووسرێتەوە. کێشەیەکی تر، یا ئاستەنگێکی تر ئیعتیباری زانیارییەکانە ئەوەی  کە لە ناو مێژووی ئەدەبی کوردی دا هەیە، چ لەناو مێژووی ئەدەبی کوردی، چ لە ناو ئانتۆلۆژییە کاندا.
قازی: مەبەستت لەو سەرچاوانەن کە ئێستا بە دەستەوەن؟
قادری: بەڵێ، لەو سەرچاوانەی کە هەتا وەکوو ئێستا بە ناوی مێژووی ئەدەبی کوردی نووسراون. تا چ ئەندازەیەک ئەو زانیارییانە جێگەی باوەڕن؟ بۆ نموونە زانیارییەکان لە سەر ساڵی ژیانی شاعیرەکان، ئەدیبەکان، ساڵی لە دایکبوون و وەفاتیان یا لە سەر ژیانیان. یا هەر وەها خودی دەقە ئەدەبییەکان کاتێک ئەینووسنەوە بڵاوی ئەکەنەوە، بە چ شێوازێک ئەینووسنەوە هێندێک جار هەڵەی تێدایە. ئەگەر کات هەبێ ئەتوانم ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەم. جگە لە مارف خەزنەدار لە کتێبی " مێژووی ئەدەبی کوردی " دا و عەلائەدین سەجادی لە " مێژووی ئەدەبی کوردی " دا کە ساڵی ١٩٥٢ نووسراوە جگە لەم دوو کەسە باقی مێژوو نووسەکان پێمان ناڵێن بە چ مێتۆدێک بۆ نموونە ئەگەر ئەڵێن مەلای جزیری ١٥٦٧ لە دایک بووە لەسەر چ ئەساسێک ئەوەیان دۆزیوەتەوە. وە لە ڕاستیدا کاتێک کە لێی ورد دەبینەوە بەشێکی بەرچاوی ئەو داتایانە، زانیارییانە  لە سەر ئەساسی حەدس و گومانە. جا بۆیە هێندێک جار مێژوونووسەکان تاریخی زۆر جیاواز لەیەک بە دەستەوە ئەدەن. کە مەلای جزیری نموونەیەکی زۆر باشە بۆ نموونە مارف خەزنەدار ١٥٦٧ هەتا ١٦٤٠ بە ساڵی ژیانی مەلای جەزیری دەزانێ، بەڵام قەناتی کوردۆ کەتاریخی ئەدەبییاتی کوردی بە کورمانجی نووسیوە ئەو مەلای جەزیری بە شاعیری سەدەی ١٢ دەزانێ. یانی جیاوازییەکە چەند ساڵ نییە چەند قەڕنە. وە هەر وەها عەلائەدینی سەجادی ١٤٠٧ هەتا ١٤٨١ بە ساڵی ژیانی جزیری دەزانێ. بە قەرن فەرق هەیە و ئەمە کێشەیەکی زۆر جیدی یە. لە سەر مەلای جزیری کە یەکێک لە شاعیرەکانە ئەو کێشە زۆر دووپاتە بووەتەوە. وە هەر وەها لە سەر ژیانی ئەدیبەکان بە ڕاستی زانیاری ئێمە زۆر کەمە بەڵام هەندێک جار مێژوو نووس یا لێکۆلەر ئیعتراف بەوە ناکا کە زانیاری ئێمە لە سەر ئەم ئەدیبە کەمە، یا نازانین، شتێک لە سەری نازانین بۆیە تا کاتێ کە زانیاریمان دەست نەکەوێ لە سەری نەنووسین. هەندێک جار زیادەڕەوییەکی زۆریشیان کردووە ئەوەی کە ژیانێک دروست ئەکەن یا وێنایەک ئەدەن لەو ئەدیبە. عەلائەدینی سەجادی نموونەیەکە لەو نموونانە. تا ئەو جێگا زیادەڕەوی دەکا تەنانەت شکڵ و زاهیری ئەدیبەکان وێنا دەکا و زۆر سەرنجڕاکێشە کە وێنایەکی زۆر مینیاتۆریانە لە شاعیرە کلاسیکەکانمان پێ ئەدا کە ئەڵبەت کەسانێک پێشتر ڕەخنەیان لێ گرتووە.
قازی: پێت وا هەیە بۆ ئەو مەسەلەیە پاڵپشتی چییە، پێت وا نییە ئەوەی لە سەر بنەمای شێعری ئەوان وینا کرد بێ. پێت وایە ئەو شكڵ و شەماییلانە لە چی هەڵێنجێندراون؟
قادری: ئەبێ پێمان بڵێ. یانی ئەگەر مێژوو نووس یا لێکۆلەر ئیدیعایەک ئەکا ئەشێ پێمان بڵێ لە سەر چ ئەساسێک ئەو ڕیوایەتە دروست ئەکات. پێمان ناڵێت. یا هەندێک جار ئەمە یەکێک لەو کێشانەیە ئەمن لە ناو کارەکانی سەدیق بۆرەکەیی دا دیومە.  بۆ نموونە ئەڵێت بە پێی ئەو سەرچاوانەی لەبەر دەستمان دایە. بەڵام پێمان ناڵێ ئەو سەرچاوانە کامەن. چونکە کاتێک تۆ ئەڵێی ئەبێ ناوی سەرچاوەکان لیست بکەی. بە خوێنەر بڵێی کە کامەن سەرچاوەکان کە من بچم و خۆم بە دوا دا چوونی بۆ بکەم. وە هەر وەها شێوازێک کە دەقە ئەدەبییەکان بڵاو دەبنەوە  لە ناو مێژووی ئەدەبی کوردی  و هەر وەها ئاتۆلۆژییەکان بە ئێدیتێکی باش چاپ نەبوونە دیارە ئەمە بەشێکی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە هەتا ئێستا چاپکردنی دیوانە کلاسیکەکان بە ئێدیتێکی باش ئیتیمامێکی وای پێ نەدراوە بۆیە ئەو دەقانەی کە لەبەر دەست ئێمەیە هەندێک جار هەڵەی چاپی تێدایە، هەڵەی زمانی تێدایە، و هەر وەها لە شەرحی شێعرەکان دا هەندێک جار مێژوونووسەکان تووشی هەڵە بوون. نموونەیەکی ئەو شەرحانەیە کە مارف خەزنەدار لە سەر شێعرە هەورامییەکان ئەی دا، کە دیارە کەسانێک وەکوو حەکیم مەلا ساڵح وتاری هەیە لە سەری و ڕەخنەی لێ گرتووە کە بە هەڵە لە هەندێک وشە تێگەیشتووە، بە هەڵە شەرحی کردووە.
قازی: دیارە ئێستا کە باسی مێژووی ئەدەبی بەو شێوەیە دەکەین، ئەو سەرچاوانەی کە لە زەینت دا بوو باست کرد زیاتر باسی شێعر، شێعری کلاسیکن. بەڵام لە ساڵەکانی دواتر دا نزیکەی بیست، بیست و پێنج ساڵ لەمەو پێشتر  بۆ وێنە لە سوێد رەحمەتی مەحمەد ئوزوون ئانتۆلۆژی ئەدبیی کوردی وا بزانم دە دوو بەرگ دا بڵاوی کردەوە کە لە وێدا باسی ڕۆمانی کوردی، پەخشانی کوردیش دەکرێ. بەڵام لەوانی دیکە دا زیاتر باسی شێعرە.

قادری: بەڵێ زیاتر باسی شێعرە هۆکارەکەی دیارە زیاتر لەبەر ئەوەیە کە شێعر گرینگرترین، بەهێزترین ژانری ئەدەبییە لە ئەدەبییاتی کوردی دا. وە ئەزانین کە پەخشان مێژوویەکی ئەوەندە درێژی نییە لە کوردی دا. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە تا ئێستا هەمانە ئێمە تەنێ چەند پەخشانێک دەناسین لە کۆتایی سەدەی ١٩.
قازی: بۆ وێنە ڕۆژنامەی کوردستان کە لە ساڵی ١٨٩٨ بڵاو بووەتەوە، زۆری پەخشانە، مەقالەقانی پەخشانن.
قادری: بەڵێ. جگە لە ئوزوون بۆ نموونە مارف خەزنەداریش بەشی پەخشانی هەیە یانی وا نییە کە پەخشان لە بیر کرا بێ بەڵام  ئەوەی کە لە بیر کراوە هەندێک جار زاراوەیەکی تایبەتە. و ئەمە یەکێک لەو کێشانەیە.
قازی: باشە لێرە دا ئەو پرسیارە بکەین گەلۆ دەکرێ ئێمە باسی ئەوە بکەین پێویستی بەوە هەیە کە مێژوویەکی ئەدەبی مان هەبێ هەموو شێوەزارەکان بگرێتەوە یا  هەر شێوەزارەی دەبێ مێژووی ئەدەبی خۆی هەبێ؟
قادری: دەتوانین مێژوویەک بنووسین، مێژووی ئەدەبی کوردییەک بنووسین کە هەموان بگرێتەوە بەڵام بەو شەرتەی کە بە شێوازێکی دروست ڕەنگدانەوەی هەموو زاراواکان بێ. بۆ نموونە ئێستا تایتڵی، عینوانی تەواو ئەو مەرجەعانە تاریخی ئەدەبییاتی کوردییە، نە تاریخی ئەدەبییاتی سۆرانی یا کورمانجی. بەڵام ئەوەی کە دەیبینین تاریخی ئەدەبییاتی یەک زاراوی تایبەتە کە لە ناویان دا سۆرانی بەهێزترینە، لە دوای ئەویش کورمانجی دێ. ئەوەی کە ئەیبینین ئەدەبییاتی گۆرانی یا هەر باس ناکرێت یا زۆر بە کەموکورتی، زۆر زۆر مارجینەلایزد کراوە، پەراوێز خراوە. دوای گۆرانی ئەدەبییاتی بادینان زۆر پەراوێز خراوە، هەر باسی ناکرێت. دەتوانرێ مێژوویەکی ئەدەبی بنووسرێت بەو شەرتەی هەمووانی تێدا بێت.
قازی: بەڵام شیکردنەوە، ئانالیز کردنی شێعری کلاسیکی، بۆ نموونە ئەگەر ئەتۆ تەماشای ئەو دامەزراوەی بکەی کە لە زەمانی ڕێژیمی پێشوو لە عێڕاق هەبوو لە بەغدا هەبوو: " کۆڕی زانیاریی کورد " و دواتر بوو بە " کۆڕی زانیاریی عێڕاق، بەشی کورد" لەوێ لە سەر شێعری کلاسیکی کوردی زۆر کار کراوە، یانی شیکردنەوە و ئەوانەش هەیە بۆ وێنە ڕەحمەتی مامۆستا مەسعوود محەمەد سێ بەرگی نووسیوە لە سەر ژیان و بەرهەمەکانی حاجی قادری کۆیی.
قادری: بەڵێ، ڕاستە! زۆر کار کراوە، زۆر کاری جیدیش کراوە بەڵام ئەگەر شتێک وەکوو گێڕانەوە بۆتانی بڵێم  قەناتی کوردۆ کاتێک کە تاریخی ئەدەبییاتی کوردییەکەی ئەنووسێ بە کورمانجی گلەیی ئەکا ئەڵێ لە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانەی کە تا ئێستا لە سەر مێژووی ئەدەبییاتی کوردی نووسراوە بە خوێندنەوەیان، کەسێک کە دەیانخوێنێتەوە تەنیا ئەدەبییاتی سۆرانی یە کە ئەدەبییاتێکی دەوڵەمەند و بەهێزی هەیە. بەڵام کورمانجی و گۆرانیش ئەدەبییاتێکی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە. هەرچەند کوردۆ بۆخۆی لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەش کە گرتوویە بۆخۆی باسی یەک شاعیری گۆرانیش ناکات، یەک ئەدیبی گۆرانیش باس ناکات. کە دیسان ئەویش بۆ خۆی ئەو مارجێلایزیشنە  دووپاتە دەکاتەوە. لە زۆربەی سەرچاوەکان دا بە ڕاستی هەتا وەکوو ئەم دواییانە هەم مێژوو نووسەکان، هەم لێکۆلەرەکان هەول ئەدەن کە وێنایەکی گشتگیرتر بدەن بەڵام لە زۆربەیان دا وا تێدەگەی بۆ نموونە تێگەیشتن لە ئەدەبباتی کلاسیکی کورمانجی بەرتەنگ دەبێتەوە بە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی. زۆر جار لەوە زیاتر تێناپەڕێ لە لێکۆڵینەوەکان دا.
قازی: لە حاڵێکدا کە شاعیر و ئەدیبی دیکە هەبوون وەک باست کرد ئەولیا چەڵەبی باسیان لێوە دەکا. لێرە دا پرسیارێکم بۆ دێتە پێشێ ئەوەیش ئەوەیە بەڕێزت بۆ ئەوەی بزانی دەوڵەمەندی و هەژاری ئەدەبی لە ڕووی مێژووییەوە چۆنە بەراوەردکاریشت کردووە، مێتۆدۆلۆژی بۆ نووسین لە سەر ئەدەبی دیکە چۆن بووە ئەگەر لەگەڵ کوردی بەراوەردی بکەی، بە تایبەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا؟
قادری: دیارە ئەمن لەگەڵ ئەدەبییاتی فارسی زۆر بەراوەردم کردە. مێژوو نووسی بە گشتی پڕۆژەیەکی تازەیە. بۆ زۆربەی نەتەوەکان تەنانەت لە ئوڕووپاش ئەم پڕۆژەیە دوو سەد ساڵە. بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە سەدەی نۆزدەوە زۆر جیدی دەبێت. لێرەش دا وەکوو پڕۆژەیەک، پرٶژەیەکە کە بەردەوام ڕەخنەی لێ گیراوە، بێ کێشە نییە. بۆ نموونە لە دەسپێکی سەدەی بیستەوە ڕەخنەگرەکان بە بەکگڕاوندی جیاوازەوە ڕەخنەی جیاواز دەگرن. بۆ نموونە فێمێنیستەکان ئەو ڕەخنە لە مێژووی ئەدەبی ئینگلیسی دەگرن کە ژنانی تێدا نییە، ژنان پەراوێز خراون. یا بۆ نموونە پۆست کۆلۆنیالەکان یانی ڕەخنەگرانی دوای ئیستیعمار. ڕەخنە دەگرن کە ئەو مێژووە ئەدەبییە کە هەمانە زۆر ئوڕووپا میحوەرە. مێژوو نووسین بۆ خۆی بێ کێشە نابێ. بەڵام گرینگ ئەوەیە وەک پڕۆژەیەک چاوی لێ کەین کە بەردەوام  دەتوانێ باشتر بێ، پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.
قازی: ئێستا بگەینە شێعر، بەتایبەتی شێعری نوێی کوردی. ئەو بوارەی کە ئێوە زۆرتر کارتان لەسەر کردووە. ئێمە دەزانین کە  زۆر کەسی کە لەگەڵ شێعر سەروکاریان بووە، بەگشتی مەبەستمە نەک بە شێوەی تەخەسوسی، لە پێوەندی لەگەڵ شێعری کوردیی ناوەڕاست یا سۆرانی دا زۆر جار دەگوترێ هاتوون شێعری هیجایی کوردییان نوێ کردووەتەوە و تازەگەرییەکیان پێک هێناوە و ئەوە دەکرێ لەگەڵ حەولی کەسێکی وەک نیمایووشیچ لە ئەدەبی  فارسی دا بەراوەرد بکرێ. بەڵام جەنابت لە تێزی دوکتورایەکەت دا و هەم لەو مەقالەیەی دا کە نووسیوتە ئەو مەسەلەیە بە شێوەیەک دەبەیە ژێر پرسیار و پێت وایە کە تازەگەری لە شێعری کوردی دا بۆ خۆی پڕۆسەیەکە و بەو شێوەیە بە کەسێک ڕا دەستی پێ نەکردووە. پێم خۆشە ئەو مەسەلەیە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە.

قادری: لە ڕەخنەی کلاسیکی، لە ڕەخنەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دا شێعری نوێ یا مۆدێڕن لە سەر ئەساسی جیاوازییەکانی لەگەڵ شێعری کلاسیک پێناسە دەکرێ. کە ئەو جیاوازییانە زۆرتر لە ڕووی جیاوازییە فۆرمەکانە. بۆ نموونە بە شێعرێک ئەڵێن شێعری مۆدێڕن، شێعری نوێ کە عەڕووزی وەلا ناوە، کێشی هیجایی بەکار دێنێت یا تاقیکردنەوە ئەکا لە کێش دا. و تاقیکردنەوەی هەیە لە سەروا، بۆ نموونە سەروای سەربەست بەکار دێنێت. کە وابێ زیاتر لە ڕووی شکڵییەوە لە ئەدەبی کلاسیک جیاوازە. ئەم تێگەیشتنە خەتێکی جیاکەرەوە تەسەور ئەکا لە بەینی شێعری کلاسیک و مۆدێرن. و پێی وایە شێعری کلاسیک بەردەوامە هەتا ١٩٣٠ و بە ڕای هەندێک هەتا ١٩٤٠ تا  کاتێک کە لە شۆڕشێکی ئەدەبی بە  رێبەریی عەبدوڵا گۆران کە بە باوکی شێعری نوێی کوردی بە ناوبانگە شێعر تازە دەبێتەوە، شێعری نوێ دێتە ئاراوە. بەڵام کێشەی ئەم تێگەیشتنە ئەوەیە کە لە بیری ئەچێت کە گۆڕانکاری ئەدەبی وەکوو هەر گۆڕانکارییەکی تر بۆ نموونەگۆڕانکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی لە پڕۆسەیەک دا ڕوو دەدا ناتوانین بیبەستینەوە بە ساڵ و کاتێکی تایبەتی  وە بە کاری یەک کەس. ناتوانێ کاری یەک کەس بێت. سەرهەڵدانی شێعری نوێی کوردی بە ڕای من دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و بەرهەمی کاری چەندین جیل شاعیرانە. یانی هەتا ئەگات بەو ئاستەی کە ئێمە جیاوازییەکان بە ڕۆشنی، بە وزووح دەبینین لە گۆڕان دا، کاری زۆر کراوە. و زۆر گرینگە ئێمە ئەو پڕۆسەیە ببینین چۆن ئەبێ لە شێعری کلاسیکەوە چۆن ئەگەینە ئێرە. بەوە ئەڵێین شێعر بەڵام ئەمەشمان وەکوو شێعر قەبووڵە. تێگەیشتن لەوە زۆر زۆر گرینگە و بە ڕای من لە سەرهەڵ دانەکەی لە بەستێنی گۆڕانکارییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە لە ئیمپراتۆری عوسمانی دایە کە ڕوو دەدا و سەرهەڵ دانی شێعری نوێ جوابێکە بۆ هاتنی مۆدێرنیتە بۆ کۆمەڵگا.
قازی: دەکرێ ئەوانە بە نێو بکەی، بۆ نموونە لە حاجی قادری کۆیی ڕا دەتوانی دەست پێ بکەی وا نییە؟ ئەوت دە زەین دایە بەڕێزت؟
قادری: بەڵێ. من هەتا پێش گۆران سێ ئاست دەبنم، سێ قۆناغ دەبینم، لە وانەیە کەسێکی تر بێت قۆناغی تری پێ زیاد کا، بە شێوازێکی تر بیبینێ، بەڵام بۆ سادە کردنەوە ئەگەر بڵێین گۆڕانکارییەکان بە سێ قۆناغ دا تێدەپەڕن. لە هەر قۆناغێک دا شاعیرانێکی زۆر بەشدار بوون، دەنگیان لە دروست کردنی ئەو پڕۆسەیە دا گرینگ بووە بەڵام  یەک شاعیر ئەوەی کە دەیانخوێنینەوە بەراوەردیان ئەکەین یەک یا چەند شاعیر دەنگیان بەهێزترە، یا کاریگەریەکەیان زۆرتر بووە. ئەمن لە هەر قۆناغێک دا لەگەڵ یەک شاعیر دا دەیخوێنمەوە، بەحسیان ئەکەم. لە قۆناغی یەکەم کۆتایی سەدەی نۆزدەیە  لە شێعری حاجی قادری کۆیی دایە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و هەر وەها دەسپێکی سەدەی بیست ئەدیبان و ڕۆشەنبیرانی کورد زۆر سەرسام بوون بە پێشکەوتنە زانستی و تێکنۆلۆژییەکانی ئوڕووپا و ئەمە زۆر دەنگی داوەتەوە لە ناو شێعر. لە کۆتایی سەدەی ١٩ لەهەموان زیاتر لە شێعری حاجی قادری کۆیی دایە کە ڕەنگ دەداتەوە. ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە نازانین بە دەقیقی حاجی قادر کەی چووە بۆ ئەستەنبووڵ بەڵام  ئەم گۆڕانکاریانە لە ئەستەنبووڵ دا ڕوو دەدا. بەڵام تەسەور دەکەین، تەخمین دەکەین لەوانەیە ١٨٧٠ کۆتاییەکانی ١٨٨٠ لە ئەستەنبووڵ دا بووبێ. لەو کاتە دا ڕۆژنامەی کوردی نەبوو، شێعری حاجی قادر جۆرێک جێگەی ڕۆژنامە ئەگرێت بۆ ئەوەی کە ئاپدەیتی خەڵک بکا، خەڵک ئاگادار بکاتەوە، باسی پێشکەوتنەکانی پێشکەوتە زانستییەکانی ئوڕووپا دەکات.
قازی: بەڵام ئێمە تاریخی مەرگەکەی دەزانین بە ڕێگای ئەوەی دا کە لە ڕۆژنامەی " کوردستان " دا هاتووە و دەست کراوە بە بڵاوکرانەوەی بەشێک لە  مەم و زین دە ڕۆژنامەکە دا و گوتراوە ئەوە بە ئامۆژگاریی حاجی قادری کۆیی کراوە.
قادری: کوردستان ساڵی ١٨٩٧ بڵاو کراوەتەوە. بەڵێ ڕاستە ساڵی وەفاتەکەی دەزانین.
قازی: چونکە باسی حاجی قادرمان کرد، لەو ساڵانەی دواییدا هێندێک زانیاری تازە لە سەر وی دەست کەوتووە. دەکرێ باسی ئەوانیش بکەی ڕەنگە بۆ بینەرانی بەرنامەش جێی سەرنج بێ.
قادری: بەڵێ یەکێک لە هاوکارەکانمان تاهیر بایکوشاک لێکۆلەرێکە لە ئەستەنبووڵ، تا ئەو جێیەی من بزانم ئەو زانیارییانەی کە دەستی کەوتووە هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە و زۆر خەمی ئەوەی بوو کە زۆرتر لە سەر ژیانی حاجی قادر بزانێ بۆ نموونە لە کوێ ژیاوە ئەو کاتەی کە لە ئەستەنبووڵ بووە لە کوێ ژیاوە و هەندێک زانیاری دەست کەوتووە بە گەڕان لە ناو ئاڕشیڤە عوسمانییەکان دا، بۆ نموونە دەستی کەوتووە کە حاجی قادر ئەو کاتە دەرسی زمانی فارسی گوتووە. لە حوجرەکان دا وەکوو مودەریسی خسووسی کاری کردووە. و ئەمە لە ژیاننامەی دوو کەس لە شاعیرانی عوسمانی دا هاتووە کە دەرسی فارسییان لە لای ئەو خوێندووە و هەر وەها ماوەیەکی زۆریش تەنانەت بە شوێنی ناشتنی، گۆڕەکەی دا گەڕاوە. گۆڕستانەکەی دیتووەتەوە بەڵام هێشتا نەیتوانیوە گۆڕەکەی ببینێتەوە.
قازی: ئێستا بێینەوە سەر بابەتەکەمان، ئەو قۆناغی هەوەڵەی کە باست کرد تازەگەریی لە حاجی قادر دا دەبینین گوتت گۆڕانکارییەکان بە سێ قۆناغ دا تێپەڕیون.
قادری: باسی ئەوەم کرد حاجی قادر دێت لە ناو شێعرەکانی دا ڕەنگدانەوەی ئەو خەبەرانە هەیە کە ئەیبیستێ لە ئوڕووپاوە. ئوڕووپا نەچووە بەڵام ئەبیستێ کە لە ئوڕووپا چ ڕوودەدا  زۆر سەرسامە بەو پێشکەوتنانە. بۆیە لەم ڕێگەوە ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە کۆمەڵێک وشەی غەیرە ئەدەبی دێتە ناو شێعرەوە، چون شێعر ڕێپۆرتوارەکەی، لۆغاتەکەی  دیاریکراوە لوغاتی ئەدەبی دەبێ بەکار بێنی. کۆمەڵێک لۆغەتی غەیرە ئەدەبی دێ دە شێعرەکانییەوە بۆ نموونە تێلێگراف، ئێلێکتریک، شەمەندەفەر (شوێمەن دوێفێر) ئەمانە یەکەم جار لە ڕێگای شێعرەوە دێنە ناو زمانی کوردی، زۆر گرینگە ئەمە و هەر وەها جگە لەوەی کە وشەی تازە دێتە ناو شێعرەوە یانی ئەو سیستیمە دەشکێنێ، بازی دەکات  ئەگەر شێعر وەکوو سیستمێک ببینین کە من وام دیوە بە تەئسیر وەرگرتن لە ڕەخنەی سیمیۆتیکس، هەر وەها جگە لەوەی کە کۆمەڵێک وشەی تازە دێنە ناو شێعرەوە هەندێک لەو وشانەی کە پێشتر لە ناو شێعر دا بوونە، وجوودیان بووە لە شێعری کلاسیک بەکار هاتنە بەڵام مەعنای تازە دەگرن و ئەمە زۆر زۆر گرینگە. یانی بۆ مێژووی هزری کوردی زۆر زۆر گرینگە. بۆ نموونە وشەیەک وەکوو " مەعریفەت "  لە شێعری کلاسیک دا هەمانە، بەڵام ئەو وشەی
" مەعریفەت "ەی کە بۆ نموونە لە مەحوی دا ئەیبینین زۆر جیاوازە لەو مەعریفەتەی کە حاجی
قادر بە کاری دێنێ، شێوازی بەکار هێنانەکەی. یا  کەلیمەی دەوڵەت. دەوڵەت دەزانین دە شێعری کلاسیک دا بە مەعنای سەروەت و سامانە، هێندێک جار بە مانای پاشایەتی، سەروەریشە.  بەڵام کە حاجی قادر بە کاری دێنێ هەر بە مەعنای ئەو دەوڵەتی تازەی کە ئێستا ئێمە بە کاری دەهێنین بە مانای state. یانی مەعنایەکی تازە دەگرێ کە ئەم مەعنا تازانە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە ئیدێئۆلۆژییانەن کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانی دا ڕوو دەدەن.
کە دێینە قۆناغی دووهەم و زۆر گرینگە ئەوەی بڵێم کە هەمووی ئەم گۆڕانکارییانە کە گۆڕانکاری بچووکن بۆ نموونە گۆڕانکارییەکی زۆر جیدیتر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە گۆڕانی بۆچوونە بۆ زمانی کوردی، کە زمانی کوردی ئیهتیمامی پێ دەدرێ. هەمووی لە قالبی شێعری کلاسیک دایە. یانی حاجی قادر کە هەر غەزەل و قەسیدە ئەنووسێ قالبی کلاسیکە.  لە دەسپێکی سەدەی بیست  تەقریبەن ١٩٢٠ پێناسەیەکی تازە دێتە ئاراوە.
قازی: ببوورە کاتێک دەڵێی قالبی کلاسیک، هەر ئەو فۆڕمەیە کە لە زمانی فارسی دا هەیە. وەختێک دەڵیین قەسیدە، غەزەل هەمووی لە فارسیش دا هەیە.
قادری: بەڵێ لە فارسیش دا هەر وایە. دەزانی لە ئەدەبییاتی کلاسیکی  کوردی زۆر زۆر موتەئەسیرە بە ئەدەبییاتی کلاسیکی فارسی. لە دەستپێکی سەدەی بیست هەر وا کە وتم پێناسەیەکی نوێ لە شێعر دێتە ئاراوە و چاوەڕوانی لە شێعر ئەگۆڕێ بەو مەعنایە کە زۆر سەرنجڕاکێشە هەم شێعر هەم پەخشان کە دیارە ئیدی لەو وەختە ڕۆژنامەی کوردی هەیە وەختێک ئەیخوێنینەوە بەردەوام کۆمەڵگا بە کۆمەڵگایەکی خەوتوو وێنا دەکریەت، کۆمەڵگایەک کە خەوتووە و بێهۆشە و ئاگای لە خۆی نییە. و ئەبێ بە ئیشی ڕۆشەنبیر کە ئەم کۆمەڵگا بە خەبەر بکاتەوە. شاعیریش وەکوو ڕەوشەنبیر ئەو ئەرکەی پێ ئەدرێ کە ئیتر ناتوانێ شێعری غەرامی بڵێت یان لانی کەم دەبێ زۆربەی شێعرەکانی شێعرێک بێت کە بۆ خەبەرکردنەوە بێت. کە وابێ مەعنای شێعر گۆڕانکارییەکی زۆر جیدی بە سەر دێت  وە چاوەڕوانی لە شێعر دەگۆڕیەت شێعر دەبێ بە ئامرازێکی پێداگۆجی، ئامرازی هوشیار کردنەوە، فێر کردن. کاریگەرییەکی زۆر ڕاستەوخۆ  کە بەدیهییە ئەم کاتەی کە شێعر وەکوو ئامرازێکی جیاکردنەوە و فێر کردن بەکار بێنی  ئەوەیە کە زمانی شێعر زۆر سادە دەبێتەوە یانی گۆڕانی زمانی شێعر لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەست پێدەکا، واتە سادەبوونەوەی زمان بەڵام ئیدی لە دەسپێکی سەدەی بیست ئیدی زۆر زۆر بەرچاوە. زمانی شێعر لە زمانی خەڵکی نزیک ئەبێتەوە. چون دەزانین زمانی ئەدەبییاتی کلاسیک زۆر جیاوازە، زۆر قووڵە ئاسان نییە تێگەیشتن لێی. و مەعنا لە شیعری ئەم سەردەمە ئیتر وەکوو شێعری کلاسیک شاراوە نییە. چون دەزانین هەندێک جار تێگەیشتن لە شێعری کلاسیک وەکوو حەلی معەمایەک وایە کە تێی بگەی. بەڵام لێرە شاعیر ئیتر مەعناکە ناشارێتەوە. ڕاستەوخۆ بە خوێنەری ئەدات. ئەمە ئەو گۆڕانکارییە زۆر جیدی یەیە کە ڕوو ئەدا. لە ڕووی سەنایعی ئەدەبییەوە، لە ڕووی شێوازی بەیانەوە دیسان گۆڕانکاری زۆر ڕوو دەدا کە من لە تێزەکەم دا زۆر بە وردی باسی ئەوانە ئەکەم کە چ گۆڕانکارییەک بۆ نموونە بە سەر ئیماژەکان دێ، ئیماژەکان چۆن دەگۆڕێن، سیمبپلەکان چۆن ئەگۆڕێن. بەڵام دیسان هەتاکوو ئێستا ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوو ئەدا  هەر لە ناو قالبی کلاسیک دایە. لە قالبی فۆڕمە کلاسیکەکان دایە. یانی شاعیران توانیویانە زۆر بە باشی بۆ نموونە غەزەل و قەسیدە بۆ ئەو ئامانجە نوێیە بەکار بێنن.
قازی: ئامانجیان گۆڕیوە بەڵام قالبەکە وەک خۆی ماوە


قادری: بەڵێ. ئەگەرچی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە بۆ نموونە هەندێک تاقیکردنەوە لە کێشی عەڕووزی دا هەیە کە بۆ نموونە لە ڕەحیمی ڕەحمی حەکاری دا ئەوە زۆر بەرچاوە. یا هەندێک تاقیکردنەوە لە سەروا  دەکەن. ئەبینین کۆمەڵێک گٶرانکاری ئەکرێ بەڵام وا نییە، زۆر بەرچاو نییە، هێشتا قاڵبەکە  کە بیبینیت بە ڕواڵەتی ڕا دیارە ئەوە غەزەلە، ئەوە قەسیدەیە. ئەم شتە بەردەوام ئەبێ هەتا ١٩٣٠ کە بە ڕای من نوقتەی وەرچەرخانە لە مێژووی شێعری نوێی کوردی و ئەو کاتەیە کە جێگەی شێعر بە گشتی دەچێتە ژێر پرسیار. و ئەمە بەس بۆ کورد نییە ئەگەر تەماشای ئەدەبییاتی فارسی دەکەین کە من زیاترم خوێندووەتەوە واتە لە  ئەدەبییاتی تورکیش دا ئەمە ڕوو دەدا. شێعر ئەچیتە ژێر پرسیار و بە تایبەتی شێعری کلاسیک مەعنا و بوون و گرینگی شێعری کلاسیک ئەچیتە ژێر پرسیاری زۆر جیدی و تەنانەت مەسخەرە ئەکرێت. لەم ئاستە دا، لە ئاستی سێیەم دا ئەو دەنگەی کە زۆر زۆر بە هێز بووە و زۆرترین کاریگەری بووە پیرەمێرد ە. لە بەشی دووهەم دا لە بیرم چوو بڵێم ڕەحیمی ڕەحمی حەکارییە کە بە ڕای من زۆرترین کاریگەری بووە، بە کورمانجی نووسیویەتی. پیرە مێرد بۆ نموونە لە شوێنێک دا باس دەکات باسی محەمەد ئەمین زەکی بەگ ئەکات کە ئەزانین مێژوونووسێکی زۆر بە ناوبانگە، مێژوونووسی مۆدێڕنی کوردە. پیرەمێرد باس لەوە دەکات کە ئەمین زەکی بەگ  شێعری خۆی بۆ ناردووە کە بیبینێت و ڕای خۆی بڵێت و بڵاوی بکاتەوە. پیرەمێرد زۆر بە شانازییەوە دەڵێ هەوڵم دا  کە پەشیمانی کەمەوە لەو ئیشە بێهوودە درۆزنە. یانی شێعر نووسین ئەبێ بە کارێکی  بێهوودە، کارێکی عەبەس مەگەر ئەوەی کە ئامانجێکی بێت. وە لە شوێنێکا کە باسی شێعری کلاسیک ئەکات، پێم خۆشە عەینی کۆتەیشنەکەی پیرەمێردتان بۆ بڵێم [تەماشای کاغەزەکانی بەر دەستی دەکا].  لە شوێنێکا باسی ئەوە دەکا کە بۆچی بە شێوازێکی تازە ئەنووسێت. ئەڵێ: " ئێستا ئوڕووپایی هەرچی شاعیریان هەیە لە خولیا و موبالەغە لایان داوە مادی و حەقیقی دەنووسن. ئێستا من لە هەندێ شێعری پڕ ئیغراق و تەمتەراقی خۆم شەرمەندەم. خۆ هەندێ تەشبیه هەیە کە جاران زۆر پەسند بوو ئێستا کە لێی ورد دەبینەوە تەریق ئەبینەوە."  ئەم تەریق بوونەوە، ئەم شەرمەزارییە لە خوێندنەوەی شێعرەکانی پێشووی شتێکی تازەیە، دیاردەیەکی تازەیە و ئەوەیە کە ئەمن پێی ئەڵێم تڕنینگ پۆینتێکە/ نوقتە وەرچەرخانێکە. تا ئێستا شاعیر هەوڵی داوە کە لەگەڵ شێعری کلاسیک دا خۆی بگونجێنێ و لە ناو ئەو فۆڕمانە خۆی پەیدا کاتەوە، بەڵام ئێستا بە گشتی شێعری کلاسیک ئەچیتە ژێر پرسیار. دەی شاعیر چی بکات ئەوەی کە پێشنیار دەکرێت مۆدێلێکی تازەیە، مۆدێلی شێعری ئوڕووپایی. ئەوەی کە بۆ نموونە پیرەمێرد ئەڵێ ئوڕووپاییەکان وا شێعر ئەڵێن. هەرچەند بە ڕاستی دەتوانین زۆر قسە لە سەر ئەوە بکەین کە مەبەستی کام شێعری ئوڕووپایی یە. کام شاعیری ئوڕووپایی یە کە بە قسەی پیرەمێرد " مادی" و " حەقیقی" دەنووسن. بەڵام ئەوەی کە گرینگە سیستمێکی نوێ پێشنیار دەکریەت کە سیستمی پێشوو وەلا بخەن و ئەو سیستمە نوێیە بەکار بێنن. ئەگەرچی پیرەمێرد خۆی زۆربەی شێعرەکانی هەر بە عەڕووزە. ئەمە قۆناغی سێهەم بوو و دوای ئەمە "گۆران" و جیلی گۆرانمان هەیە بەڵام بە ڕای من ئەوەی کە لە ڕەخنەی کلاسیکی کوردی دا هەیە، ڕەخنەی ئەدەبیی کلاسیکی زۆر ئیهتیمام ئەدرێ بەوەی کە، یا زۆر تەئکید دەکرێ لە سەر ئەوەی کە شێعری ئوڕووپایی، جێگەی شێعری ئوڕووپایی. ئەمە بە لای منەوە ڕاست نییە شێعری ئوڕووپایی، تەرجومەی شێعری ئوڕووپایی لە ئاستەکانی دواتری شێعر، شێعری نوێ تەئسیری بووە بەڵام لە ئێستا دا نا. لە قۆناغەکانی یەکەمی پێم وا نییە بووبێ زۆرتر لە ژێر، وەکوو وەرگرتن، گۆڕانی فۆڕمی و تەنانەت مەزموون زۆرتر لە ژێر کاریگەری ئەدەبی نوێی تورکی بوون
قازی: بۆ وێنە ساڵح شێخ نووری، وە نییە؟
قادری: بەڵێ  بە ئیعتیڕافی خودی گۆران مەسەلەن بە ئودەبای فەجرەئاتی ناو دەبات وە جگە لەوە ئەوەی کە زۆر گرینگە  دیسان بە تەئسیر گرتن لە شاعیرانی نوێی تورک ئیهتیمامێکی زۆر ئەدرێ، شاعیران و ئەدیبان و ڕۆشەنبیران  بە کۆ کردنەوەی ئەدەبییاتی شەفاهی. کۆ کردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەدەبییاتی شەفاهی. ئەدەبییاتی شەفاهی کێشێکی تایبەتیی هەیە، فۆڕمێکی تایبەتیی هەیە زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ شاعیرانی مۆدێڕن کە ئێستا ئەیانەوێ مۆدێلێکی تازە بەکار بێنن، خەریکن تەماشای شێعری ئوڕووپایی ئەکەن، تەماشای شێعری تورکی ئەکەن بەڵام ئەبینن خۆیان خۆماڵی فۆڕمێکیان  هەیە کە ئەتوانن بە کاری بێنن. ئەوە زۆر کاریگەری ئەبێت بە ئیزافەی ئەوەی کە  شێعری شاعیرانی گۆرانی چاپ ئەبێت دەزانین کە پیرەمێرد یەکێک لەو کەسانەیە کە زۆرترین هەوڵی داوە بۆ ڕاستکردنەوە و چاپ کردنی دیوانی شاعیرە گۆرانەکان.
قازی: ئەوە لێرە کتێبێکی پیرەمێرد دەبینین " دوازدە سوارەی مەریوان " کە وا بزانم بەڕێزت سەرەتایەکت بۆ نووسیوە بە کورمانجی  لە تورکیا بڵاو بووەتەوە لەو دواییانەدا. فەرموو بەردەوام بە!
قادری: کە وا بوو ئەدەبییاتی شەفاهی،فۆلکلۆر و دیتنی شێعری کلاسیکی گۆرانی زۆر زۆر کاریگەر بوو بۆ شاعیرانی نوێ کە ئەبینین تەئسیرەکەی ئێمە بە تایبەتی لە شاعیرێک وەکوو گۆران.
قازی: زۆر باشە، ئێمە هێشتا ئەو بەشەمان تەواو نەکردووە. با بڕێکی دیکەش ڕاوەستین لێرە، دوای گۆران و ئەوانە پاشانەکە هێمن دەتوانی چۆن باس بکەی، شێرکۆ بێکەس دەتوانی چۆن باس بکەی زۆر بە کورتی چونکە کاتمان نەماوە زۆر.
قادری: ئاستی زۆر جیاواز بەڕێ دەکا شێعری نوێی کوردی. من تا ساڵی ١٩٤٠ تا ١٩٥٠ زۆر بە قووڵی تەماشام کردووە بۆیە ئەگەر خوێندنەوەیەکم هەیە لە سەر هێمن یان بێکەس خوێندنەوەیەکە هێشتا زۆر تەخەسوسی نییە بۆیە لە سەریان قسە ناکەم.
قازی: زۆر باشە ئێستا بگەینە گۆڤاری دەروازە. دیارە ئەوە لێرە ئەمن ژمارەی ٣م لەبەر دەستە کە تازە بڵاو بووەتەوە. پێم وابێ جارێکیش لەو بەرنامەیە دا بە کورتی باسی ئەم گۆڤارەم کردووە بەڵام پێم خۆش بوو بەڕێزت، لەبەر ئەوەی کە ئێدیتۆری سەرەکی گۆڤارەکە لە سەرەتاوە مامۆستا ئەمیر بووە هێندێک لە سەر ئامانجەکانی قسە بکەی و دوایەش بگەیە ژمارەی ٢ کە بە تایبەتی بۆ بیرەوەری مامۆستا ئەمیر بڵاو بووەوە. فەرموو.

قادری: دەروازە گۆوارێکی کوردیی هەڵسەنگێندراو تایبەتی بە زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکانە. هەڵسەنگێندراو بەو مەعنا، پییر ڕەڤیوود،  بەو مەعنایە هەر بابەتێک کە بۆ ئێمە دێ، هەر وتارێک کە بۆ ئێمە دێت ئێمە بۆ پسپۆڕی ئەو بابەتەی دەنێرین بۆ نموونە ئەگەر بابەتەکە لە سەر مێژووە ئێمە دەینێرین بۆ دوو کەس شارەزای مێژوو بریاری لە سەر بدەن کە ئایا ئەم وتارە بۆ چاپ دەبێت و ئەگەر بۆ چاپ دەبێت کەموکووڕییەکانی چین و چۆن باشتر دەبێ و ئەو تێبینییانە بۆ نووسەر ئەنێرینەوە و تەنیا بە شەرتێک چاپ ئەبێت کە ئەو تێبینییانە ڕەچاو بکات. بۆیە پڕۆسەیەکی زۆری ئەوێت و لەبەر ئەوەی ساڵێ جارێک دەرئەچێت. بەڵام وەکوو ئامانجی، ئامانجی لە ڕاستیدا پەرە دان بە زمانی کوردی بۆ بەرهەمهێنان و دەرهێنان و دەربڕین و بڵاو کردنەوەی زانستی و هەر وەها بەرز کردنەوەی ئاستی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکانە بە کوردی. دەزانین کە لە ڕاستیدا بۆ لێکۆلەران زۆر ڕوونە کە زمانی ئینگلیسی دەسەڵاتێکی ئینحیساری لە زانست و هونەر و ئەدەبیات وئینترنێت پێکەوە ناوە  و تەنانەت زمانە ئوڕووپاییەکان، زمانە پچووکە ئوڕووپاییەکان، زمانگەلێک وەکوو عەڕەبی، تورکی و فارسی بە زەحمەت بەر لە لێشاوی زمانی ئینگلیسی دەگرن جا بۆیە بارودۆخی بەرهەمهێنانی گۆواری زانستی  بە کوردی زۆر زۆر ئاڵۆزە، زۆر زۆر زەحمەتە.
قازی: بابگەینە سەر دەوری کاک ئەمیر، چونکە وەختمان کەم ماوە.
قادری: کاک ئەمیر سەردەبیری گۆوارەکە بوو، ئەو ئامانجی دەروازە وە ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنانی زانستی بە کوردی زۆر بە جوانی لە پێشەکی ژمارەی ١ نووسیوە باسی دەکات. ئەگەر کەسێک حەز دەکات بیخوێنێتەوە لە سەر وێب سایتی گۆواری دەروازە هەیە بە پی دی ئێف. ژمارەی ١ کە دەرچوو تەقریبەن ساڵێک درەنگ کەوت لەبەر کێشە سیاسییەکانی ناو تورکیا، بۆیە ساڵێک دەرکەوتنەکەی بە تەئخیر کەوت  لە مانگی مەی ٢٠١٧ بڵاو بووەوە، کە تەواو بوو، دیزاین و هەموو کارەکانی تەواو بوو  بۆ کاک ئەمیرمان نارد بوو کە گۆوارەکە ببینێ بەڵام بە داخەوە بە چاپکراوی نەگەیە دەستی. کە بە ڕاستی وەکوو حەسرەتێک بە سەر دڵی هەمووان وەکوو دەستەی بەڕێوەبەرانی دەروازە ماوە. ئێمە بڕیارمان دا  کە ژمارەی ٢ تەرخان بکەین بۆ یادی کاک ئەمیر بە ناوی : ژمارەی تایبەتی میراتی ڕەوشەنبیری پرۆفێسۆر ئەمیری حەسەنپوور intellectual legecy . دەروازە کوردییە بەڵام ئەم ژمارە تایبەتییە ئیستیسنائەن بە کوردی و ئینگلیسی یە. ئێمە داوامان کرد لە کۆمەڵێک لە هاوکارانی، لە خوێندکارەکانی، لەو کەسانەی کە لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ کردبوو وتارمان بۆ بنووسن. هەندێک لە وتارەکان وتاری هەڵسەنگاندنە، هەڵسەنگاندنی بەرهەمی کاک ئەمیرە و بەشێکیان بیرەوەرین کە جەنابیشتان یەکێک لەو وتارانە جەنابتان نووسیوتانە. دەبێ ئەوەش بڵێم ئەم ژمارەیە لە ژێر چاوەدێری پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب ئامادە کراوە.
قازی: پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب دیارە هاوژین و هاوکاری دێرینەی نەمر ئەمیری حەسەنپوور بووە. ئێستا ژمارەی سێهەمیش تازە دەرکەوتووە وە نییە؟ لە ژمارەی ٣ دا وتارێکی زۆر چاوڕاکێشی مامۆستا ئەمیر هەیە  سەبارەت بە
" بە کەناری دوڕگەکان دا " کە ئاماژەیە بە ڤێرسیۆنی تورکی گۆرانییەک کە لەوێ دا باسی ڤێرسیۆنە کوردییەکەی دەکا کە مەلا کەریمی سابڵاغی بە ناوی " کە دەڵێن  ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە" چڕیویە. دیارە وەک مامۆستا باسی کردووە ئەو گۆرانییە بە یۆنانی هەیە، بە عەڕەبی هەیە. 
قادری: ئێمە بڕیارمان دا بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی کاک ئەمیر، جێگەی کاک ئەمیر لە هەر ژمارەیەکی دەروازە وتارێکی کاک ئەمیر بە کوردی وەرگێڕین و بڵاوی بکەینەوە. لەو ژمارەیە دا هەر وا کە ئێوە باستان کرد " ئادلار ساحیلیندە " کە وتارێکی زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە  کە باسی ئەم گۆرانییە بەناوبانگەیە کە  " دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە" گۆرانییەکە کوردی یە بەڵام  دواتر بۆی دەردەکەوێ گۆڕانییەکە لە سەر بنەمای گۆڕانییەکی تورکی عوسمانی نووسراوە و ڤێرژنی لە یوونای و عەريبیش دا هەیە و زۆر گۆرانییەکی بەناوبانگە.
قازی. باشە، زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور فەرەنگیس قادری داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. هیوادارم یارمەتی بکەی بە ئەوەی کە مێژووی ئەدەبی کوردی بە شێوەیەکی زانستیتر لەوەی دواوە بنووسرێ. زۆر سپاس بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ڕاوێژی ئەمجارەشمان. هەتاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ ئێوارەی یەکشەمە ١٩-ی مەی ٢٠١٩ ڕاستەوخۆ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە دا لە کاناڵی ڕاوێژ لە تٶڕی کۆمەڵی یوتیوب دا ببینن.
https://youtu.be/4Q1-K5Tvi4Q?si=5w4ooZU-0jKDmVLR









 

No comments: