Sunday, October 8, 2023

بەرنامەی تایبەتی تێلێڤیزیۆنی ستێرک بۆ بیرەوەری ٧٧ ەمین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بە بەشداری دوکتور سوهەیلا قادری، دوکتور سەعید شەمس لە ستودیو و پرفێسۆر عەبباس وەلی بە ڕێگای سکایپ، یەکشەمە ٢٣-ی ژانڤییەی ٢٠٢٣/ ٢-ی ڕێبەندانی ١٤٠١-ی هەتاوی

بەرنامەی تایبەتی تێلێڤیزیۆنی ستێرک بۆ بیرەوەری ٧٧ ەمین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بە بەشداری دوکتور سوهەیلا قادری، دوکتور سەعید شەمس لە ستودیو و پرفێسۆر عەبباس وەلی بە ڕێگای سکایپ، یەکشەمە ٢٣-ی ژانڤییەی ٢٠٢٣/ ٢-ی ڕێبەندانی ١٤٠١-ی هەتاوی

حەسەن قازی: ژن، ژیان، ئازادی. بینەرانی خۆشەویست  بەخێر بێن بۆ بەرنامەیەکی تایبەتی لە ستێرک تیڤی سەبارەت بە دووی ڕێبەندان. ئەمڕۆ دووی ڕێبەندان حەفتاوحەوت ساڵ لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد تێدەپەڕێ. دیارە ئەو بۆنەیە، ئەم ڕووداوە لە مێژووی کوردی دا وەکوو مەشخەڵێکی درەوشاوە ماوەتەوە، وەکوو هاندەرێک بۆ درێژە دان بەخەبات لە پێناو وەدەستهێنانی داواکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. بەم بۆنەوەیە ئێمە داوا دەکەین لە میوانانی خۆشەویستمان بەڕێز دوکتور سوهەیلا قادری و دوکتور سەعید شەمس و هەر وەها بە ڕێگای سکایپیش بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباس وەلی مان دواتر لەگەڵ دەبێ، لەو بۆنە پیرۆزە دا بۆچوونەکانی خۆیانمان لەگەڵ بەش بکەن  و تیشکی زیاتر بخەینە سەر ئەو مێژووەی کە وەک باسم کرد زۆر گرینگە بۆ خەباتی گەلەکەمان.
بەر لەوەی دەست بە پرسیارەکانم بکەم پێم خۆش بوو کۆپلەیەکتان لە شێعری شاعیری کۆچ کردوو سوارەی ئێلخانیزادە بۆ بخوێنمەوە کە سەبارەت بە دووی ڕێبەندان لە بەراییەکانی ساڵانی ١٩٧٠کاندا کوتوویەتی:
بیرەوەری دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێ نوێنە
لە داگیرکەر سەر شێوێنە
بەو زستانە دڵ بەهارە
لەهەموو سنووران هاوارە
لە دوژمنان رێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی هەژار و نەدارە
ئەوجار هەژار خۆی سەردارە
شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنی بووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتە پێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
هەڵ بوو چرای جمهووریمان
با بگێڕین زەماوندێ
با بۆتان بڵێم سەر بەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بە پار
دەری هاویشت تۆوی دژی
ڕەنجبەر بژی، بژی، بژی
بەڕێز دوکتور قادری بەر لەوەی کە پرسیار بکەم بە شێوەی تایبەتی  لە پێوەندی لەگەڵ مێژووی کۆماری کوردسیان پێم خۆش بوو ئەگە بکرێ ئێوە بە کورتی و بە گشتی لێکدانەوەی خۆتان سەبارەت بە گرینگی جمهووری کوردستان، ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان لە مێژووی کوردەواری و بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمە دا باس بکەن.فەرموو!


دوکتور سوهەیلا قادری: زۆر سپاستان دەکەم کاک حەسەن، زۆر سپاس بۆ بانگهێشتنتان بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە لەم ڕۆژە گرینگەی مێژووی کوردەواری دا. بۆ من کە ماوەیەک لە سەر مێژووی کورد کارم کردووە کۆماری کوردستان لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی خۆمان، لە مێژووی کوردان نەک لەبەر ئەوەی بمەوێ بەشێوەیەکی ئێحساسی ئەوە بڵێم بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە لە کۆماری کوردستان بەم لایەوەیە کە مێژووی ئێمە و خەباتی  گەلی کورد دێتە نێو قۆناغێک لە مۆدێرنیتە و سەرپێکێکە بۆ ئەو خەباتانەی کە بە دوایدا دێن و بۆ من ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ لە ڕۆژئاواش بەڕێوە دەچێ و ئەو خەباتەی کە لە هەموو بەشەکانی کورەدستان دەکرێ بە دوای ئەو خەباتە دا دەکرێ کە کۆماری کوردستان دایمەزراند لە چوارچێوەی شاری مەهاباد و موکریان دا بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە. پێم وایە کە سەرپێکی  دەورانی مۆدێڕنە دە مێژووی کوردەواری دا چونکە ئیدی پاشی نزیک سەد ساڵ خەبات/موبارەزە ئەو سەفەر ڕێبەرانی کۆماری کوردستان ڕێبەرانی چینی مامناونجی و ڕووناکبیری کۆمەڵی کوردەوارین، بە تایبەت ئێمە لەو کۆمارەی دا بۆ ئەوەڵین جار دەبینین کە ژن مەیدانی دراوەتێ، هاتووەتە نێو ئەو خەباتەی بە بێ ئەوەی کە بمانەوێ هیچ نیگایەکی ئیدێئالیستیمان لە سەری هەبێ دەبێ ددان بەو ڕاستییە دا بێنین کە لەو قۆناغە دا مێژووی ئێمە هاتووەتە نێو دەورانێکی دیکەوە. دیارە ئەمن بە نۆرەی خۆم وەک تاکێکی خەڵکی سابڵاغێ، وەک کەسێکی کە لە سابڵاغێ لە دایکی خۆی بووە و ئەو مێژووە سینگ بە سینگ بە ئێمە گەیشووە و دوایەش دە چوارچێوەی تەواوی ئەو شتە مێژووییانە دا شانازی پێ دەکەم و هەر وەک کوتم پێم وایە ئێستاش ئەو شؤڕشانەی کە بە دوایدا هاتوون لەبەر ئەو بناوانەیە کە کۆمار دایمەزراند.
قازی: زۆرسپاست دەکەم دوایە دێینەوە سەر بوارە تایبەتییەکانی کومار. بەڕێز دوکتور شەمس هەمان پرسیارم بۆ بەڕێزیشت هەیە، دیارە بەڕێزت وەکوو ئاکادێمیکارێک دیتوومە لەو بارەیەوە شتیشت نووسیوە بە گشتی لێکدانەوەت چییە لە سەر گرینگی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان. وەختێک ئێمە دەڵێین ڕاگەیاندن، دیارە ئەوە جیاوازە لە دامەزراندن، دە ڕاستیدا ئەوەی کە زۆر گرینگ بێ ڕاگەیاندنەکەیە چونکە ئێمە دەزانین ئەو کۆمارە نەیتوانیوە ماوەیەکی زۆر خۆی بگرێ.

دوکتور سەعید شەمس: زۆر سپاس، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە ڕەئی من وەرچەرخانێکی زۆر گەورەیە لە مێژووی سیاسی کورد دا، نەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەموو پارچەکان. بێگومان پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ئێمە زۆر خەباتمان هەبووە. تایبەتمەندیی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ئەوەیە کە بۆ یەکەم جارە کۆمەڵانی هەراوی خەڵک دێنە نێو سیاسەت. سیاسەت هەر ئەوە نییە سەرۆک عەشیرەتێک یا کەسێک یا هەرچۆنێک بێ کۆمەڵێک چەکدار بیهێننە گۆڕێ. بۆ یەکەم جارە کە شێوازێک لە نیشتمان پەروەری مەدەنی لە نێو شارەکان کۆ دەبێتەوە. دووی ڕێبەندان خۆی، ئەو بیست هەزارکەسەی کە لەو سەرمایە دا کۆ بوونەوە بۆ خۆی دەربڕینی ئەو وەرچەرخانەیە کە ئەوە زۆر گرینگە لە مێژووی کورد دا. تەبعەن دووی ڕێبەندان خۆی ئامادەکاری بۆ کراوە،سێ ساڵ و نیو خەباتی کۆمەڵەی ژێکاف، هەژاندنی بیری نەتەوایەتی و دوای ئەویش حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. یانی کوتوپڕ نەبووە. وە دوایەیش گرینگی کۆماری کوردستان ئەوەیە کە، ڕاستە تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کورت بوو بەڵام ئەو ١١ مانگەی کە کۆماری کوردستان هەبووە خەڵکی کورد بۆ یەکەم جار هەستی کرد کە چەند گرینگە کە بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبەری بە دەست خۆیان بێ، چەند ژیان دەتوانێ هاسانتر بێ کە ئەگەر بتوانن ئەو دەسکەوتەیان هەبێ و ئەو ئەزموونە بە ڕەئی من نە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەش بوو بە سەمبولێک، بوو بە وەرچەرخانێک. خاتوونێکی ئێرانی هەیە کتێبێکی هەیە، بە نێوی "سنوورە خەیاڵییەکان" ئاماژە  بە کۆماری کوردستان دەکا چون بەحسەکەی لە سەر ئەوەیە. فیرووزەی کاشانی سابێت، باسێکی زۆر گرینگە دەڵێ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە سەر سنوور دروست بووە بە تایبەتی لە دوای دۆڕاندنی هێندێک ناوچە لە شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان دا و سنوور لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەمیشە بووەتە گرێیەکی گەورە. جا دەڵێ لە کۆماری کوردستانیش ئەو گرێیە هەمیشە  لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەردەوام دەبێتەوە. ئێستە کە ئێمە دوبارە تووشی ئەو دۆخە بووینەوە باسی گەلانی ئێران هەموو هاتووەتە گۆڕێ دەبینین لە پاڵ ئەوەی دا کە کوردستان دەورێکی زۆر گرینگی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا هەیە و هەموو کەس ئەوە دەزانێ، دەورێکی تا ڕادەیەک پێشەنگی دەگێڕێ بۆ ئەو شۆڕشە و بۆ ئەو ڕاپەڕینە دەبینن دووبارە باسی " تمامیت ارضی" ئێران و باسی جیابوونەوە و ئەوە دێتە گۆڕێ. چون هەر چۆنێک بێ ئەزموونی کۆماری کوردستان نیشانی دا کە ئەو مەرزانە، بە ڕاستی مەرزی خەیاڵین و هەر بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی یە بووەتە گرێیەکی گەورە. بە  رەئی من کۆماری کوردستان ئەوەشی وەلا نا وە بە ئەزموونی کە ئێمە ئێستا تەماشای دەکەین جارێکی دیکە زۆر دەرس هەیە لە کۆماری کوردستان دەبێ لێی فێر بین چون دووبارە ئێمە لە ئێرانێ تووشی دەرفەتێکی گەورە بووین.
قازی: دیارە دواتر دەگەینە سەر ئەو لایەنە ئەگەر بەردەوام بی لە سەر لایەنە گرینگەکانی دیکەی ڕاگەیاندنی ئەو تەجروبەیە.
شەمس: بە ڕەئی من یەکەم جار بوو کە ئیرادەیەکی نەتەوەیی دروست کرا. ئەوە زۆر زۆر گرینگە ئەو ئیرادە نەتەوایەتییە خۆی لە ڕوانگەی منەوە تێکەڵاوێک بوو لە ڕۆمانتیزمی کۆمەڵەی ژێکاف لەگەڵ پڕاگماتیزمێکی سیاسی واقعی،رێئال کە تەجەسومەکەی پێشەوای مەزن بوو. وە گرینگیش دەوەی دایە ئەتۆ لە لایەکەوە ئەو ناسیۆنالیزمە ڕۆمانتیکە ڕادەگری، لە لایکێشەوە چاوێکت لە رێئال پۆلیتیک و بالانسی هێزەکان هەیە. وە ئەوەش ئیرادەیەکی نەتەوایەتی دروست کرد بوو،بۆ یەکەم جار بوو لە کوردستان ئیرادەیەکی نەتەوەیی دروست بوو. ئێمە لە پاڵ ژێکافییەکان کە زۆر پۆپۆلیست و ڕادیکاڵ بوون کەسانی دیکەش لە نێو حیزبی دێمۆکڕات و کۆمار کاریان دەکرد ڕەنگی جیاوازیان هەبوو بەڵام هەمووی ئەوانە لە ژێر ڕەهبەریی پێشەوا قازیی محەمەد کۆ ببوونەوە و ئێمە لە مێژووی کورد دا، ڕەنگە بڵێین لە ئاستێکی نزمتر دا لە ئەیلوول بوومانە شتێکی وا بۆ قۆناغێک بەڵام  قەت نەمانتوانیوە ئەو ئیرادە نەتەوایەتییە دروست کەین. بۆچیش ئەوە گرینگە چونکە ئێمە دەزانین ئەوەی کە لە پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دا نووسراوە هەموو خەڵکەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە بەڵام  کە دەڵێین خەڵکەکان ئەوە گرێدراوی یەکینەی سیاسییە و ئەگەر خەڵکێک نەتوانێ ئیسبات کا یەکینەی سیاسییە و ئەو ئیرادەیەی نەبێت خود بەخود ئەم دەستە واژە گەڵاڵە کردنە هەر وا دەمێنێتەوە. وە لەوەیدا گرینگە کە لە کۆماری کوردستان ئەم یەکینە سیاسییە و ئەم ئیرادە نەتەوایەتییە دروست بوو.
قازی: بەڕێز دوکتور قادری دیارە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و ئەو حەولەی کە ئەو دەمی دراوە نەیارانی کورد بە تایبەتی ئەوانەش کە بە قەولی خۆیان لە سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران قسە دەکەن هەر لە کۆنەوە هەم لە ڕێژیمی پاشایەتی دا و پاشانیش لە جمهووری ئیسلامی دا و لە تەنانەت لە نێو بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیرانی ئێرانی سەردەست لەو ساڵانی دوایی دا ئاماژە بە سەنەدێک دەکەن کە ڕێنوێنییەکی ستالینە بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران کە دیارە کوردستانیش وەبەر دەگرێ حەول بدەن یارمەتی بکەن بەو هێزانەی کە داوای خودموختاری دەکەن و لەوە دەگەنە ئەو نەتیجەیە کە حکوومەتی میللی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان کە لە سابڵاغێ ڕاگەیێندرا کە دوایە دەگەینە ئەوە کە بە بۆچوونی من ئەو کۆمارە موستەقیل بوو لە ئازەربایجان،باسی ئەوە دەکەن کە بەڵێ ئەوانە سازکردەی سۆڤیەتییەکان بوون کەچی ئەو بەڵگەی مێژووییانەی کە بەدەستەوەن نیشان دەدەن سۆڤیەت بەڕاستی هیچ وەختێک لایەنگری ئەوە  نەبووە، ڕاستە یارمەتی کردووە و پێ زانیی کوردەکانیش ئێمە دەبینین لە شێعری شاعیرانی کورد دا بەڵام  لایەنگری ئەوە نەبووە کە لەوێ جمهوورییەکی سەربەخۆی کوردستان بەوشێوەیە لەوێ پێ بگرێ. چۆن دەکرێ بەرپەرچی ئەو تۆمەت لێدانانە بدرێتەوە. بۆ وێنە کەسێک هەیە بە ناوی عەبباس جەوادی لەو بارەیەوە شتی نووسیوە. یان تەنانەت ئەم ڕۆژانە کابرایەکی سەر بە سەلتەنەتخوازەکان ڕەخنەی گرتووە لە " ناوەندی هێزەکانی کوردستانی ئێران" کە ئەوانە جێژنی دووی ڕێبەندان پیرۆز دەکەن، لە کاتێکدا ئەوە داوخوازی جیاوازیی  هەبووە.
قادری: ئەمن فکر دەکەمەوە هیچ جووڵانەوەیەک و هیچ جونبیشێک بە قەولی کە فارس دەڵێن بە بێ ویستی خەڵکی جێ بەجێ نابێ، بە بێ ئەوەی کە لەخەڵکی لە پشت بێ. بە بێ ئەوەی کە دینامیکێک هەبێ خەڵکەکە پشتی بگرن و بتوانێ بێتە ئارا. بۆیە بە باوەڕی من ئەو شێوە بۆچوونە بۆ کۆماری کوردستان و دوایە بە گشتی بۆ مەسەلەی کورد دە چوارچێوەی ئێران دا ڕەد کردنەوەی مافی کوردەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هاسانە. زۆر هاسانە بگوترێ فڵان وڵات هات و فڵان دەستە  هات کاری بێگانان بوو، ئەو شتە کۆماری ئیسلامیش بە دمیەوە گرتووە و پێی وایە کە هەم سەرهەڵدانی ئێستا هۆی ئەوەیە کە وڵاتەکانی دی دێن دەست لە کارەکانی ئێران وەر دەدەن. فکر دەکەم ئەوانە بیانوون بۆ ئەوەی کە نەیبینین مێژووەکەمان چ بوو، خەڵکەکەمان چی دەویست، فکر دەکەم غەیرە مومکین بوو بە بێ ویستی خەڵک، بە بێ ئەوەی کە ئەو داوخوازە لە کوردستان دا هەبێ، بە سەمەر بگا. هەر ئەو جۆرەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد لە لایەن سۆڤیەتییەکانەوە هیچ وەخت بە ڕاستی پڕۆژەیەکی وا نەبووە کە کۆمارێکی بەو شێوەیە دروست ببێ. ئامانجی ئەوان زۆرتر ئەوە بوو  کە لە لایەن ئازەربایجانییەکانەوە جۆرێک حکوومەتی میللی پێک بێنن و ئەمن فکر دەکەمەوە هەر لە بەر بەرژەوەندی خۆیان بوو ئەو دەمی هاتن ئەو بەشە لە ئێرانیان داگیر کرد و دە دوایەش دا لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان بە تەوافوق گەیشتن و پێیان وا بوو کە کوردستان کەمایەتییەکە دە نێو ئازەربایجان دا و چاوەڕوانی ئەوەی نەبوون بە ڕاستی کە کۆمار ڕؤژێکی پێک بێ، ڕابگەێێندرێ و ببێتە ئەوەی کە بوو دە مێژووی ئێمە دا. ئەمن دەستم وە ئارشیوەکانی ڕووسی ڕانەگەیشتووە بەڵام پێم وایە کە دەبێ پێشیان خۆش نەبووبێ، ئەوە شتێک بووە کە بە ئیحتیمالی زۆر پێیان خۆش نەبووە و لەگەڵ عەمەلێکی ئەنجام شودە ڕووبەڕوو بوون. ئێستاکانێش وای لێ هاتووە، ئێستاش کە باسی مافی کورد دەکەین لە هەر مەوقعییەتێکی کە دێتە پێشێ بەوە پێشوبڕمان دەدەنەوە کە ئێوە دەتانەوێ لە ئێرانێ جوێ بنەوە و ئێوە دەتانەوێ ئێرانێ تەجزیە بکەن. ئەوە ڕاستییەکە، ئەمن پێم وایە ئەوە چاوداپۆشینە لە مافێکی ڕەوای میللەتێکی کە زۆر لە مێژە داوای حەقی بنەڕەتی  خۆی دەکا و وەسیلەیەکی هاسانە بۆ ئەوەی هەموو موشکیلات بخرێتە سەر باری وڵاتەکانی دیکە و ئەوەی کە ئەوان هاتن و دەستیان دە کاروبار وەردا.
کۆماری کوردستان ویستی میللەتێکی لە پشت سەرییە، دینامیکی میللەتێکی هەیە، خەڵکێک بە دوایەوە بوون و ڕێبەرانێکی هەبوو کە ئارەزووی چەندین و چەند ساڵەی ئەو میللەتەیان دەو قۆناغە دا توانی بە ڕێگای کۆمار دا ڕابگەیێنن. جا بۆیە پێم وایە هەر کات باسی مافی کورد دێتە پێشێ دە بەرابەر ئەو کەسانەی کە ئەو تۆمەتانەمان  لێ دەدەن باسی مافەکانمان بێنینەوە گۆڕێ و بە ڕاشکاوی باسی لێ بکەین. ئەگەر قەرارە ئێمە مافی دیاریکردنی چارەنووسمان هەبێ دەتوانین زۆر بە ڕاشکاوی، زۆر بە ڕوونی بە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەو تۆمەتەمان لێ دەدەن بڵێین کە ئێمەش وەکوو میللەت مافی ئەوەمان هەیە کە وەختێکی سەربەخۆ بین. ئەگەر میللەتی ئێمە ڕەئی بێتە سەر ئەوەی کە پێی خۆشە سەربەخۆ بێ و ئیمکانی وەی هەیە و بتوانێ چوارچێوەکەی و ستروکتووری ئەو وڵاتەی ئیجازەی ئەوەی دەدا کە بتوانێ سەربەخۆ بێ بە نەزەری من پێویست ناکا ئێمە هەر لە حاڵەتی دیفاعی دا بمێنینەوە و بڵێین وا نییە. پێم وایە دە مافی چارەنووس دا ئەوەش بەشێکە .
قازی: دیارە ئەو دەمی هەمبەرەکانیش بۆ خۆیان دە پێوەندییەکی زۆر چڕ و پڕ دا بوون لەگەڵ هێزی دیکە، لەگەڵ ئینگلیسییەکان بۆ نموونە.
قادری: بەڵێ.
قازی: ئەوە زۆر ئاشکرایە. وا نییە؟ زۆر باشە بەڕێز دوکتور شەمس جەنابت لە بەشی ئەوەڵی قسەکانت دا باسی ئەوەت کرد کە بۆ ڕاگەیاندنی پێکهاتنی جمهووری لە پێشدا ئامادەکاری کراوە و حەڕەکەتێکی وەکوو کۆمەڵەی ژیانی کورد هەبووە. ئێمە دەزانین، دیارە ئەمن لەو بارەیەوە هێندێک لێکۆڵینەوەم کردووە بە گشتی، هەر چۆنێک بێ خراپ نییە باسی بکەین ئەویش ئەوەیە کە ئێمە دەزانین کۆمەڵەی ژیانی کورد بە پێی ئەو زانیارییانەی کە تاکوو ئێستا دەست کەوتوون، ڕاستە پێش ئەو حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان هەبووە، بەڵام هەرچۆنێک بێ لە ساڵی ١٩٤٢ دامەزراوە، لە ١٦-ی ئووتی ١٩٤٢ و لە ساڵی ١٩٤٣ دەستی کردووە بە بڵاو کردنەوەی گۆڤاری "نیشتمان " گۆڤاری نیشتمان هەتا ئاخرەکانی ساڵی ١٩٤٣ بەردەوام بووە، زۆر زۆر ئەوە گرینگە. چونکە بە پێچەوانەی ئەو قسانەی کە دەگوترێ وەختێک زەبیحی و ئەوانە گیران، کۆمەڵەی ژێکاف گۆڕا ئەسڵ و ئەساسی نییە ئەو قسەیە چونکە  گۆڤاری نیشتمان لە کۆتاییەکانی ١٩٤٣ دا تەواو دەبێ، وساڵی ١٩٤٤ تا ١٩٤٥ کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێک دێ لە مانگی نۆڤامبر دا پێک دێ تەقریبەن ساڵێک و چەندین مانگ دەکا. جەنابت ئەو وشیاریی نەتەوەیی، بە تایبەتیش لە  " نیشتمان " ئۆرگانی ژێکاف ئەوە زۆر دەبینین. کە تەئکید دەکرێ، مەسەلەی عەشیرەتەکان دواتر باس دەکەین. چۆنی لێک دەدەیەوە ئاستی وشیاری نەتەوەیی لەو قۆناغی دا؟
شەمس: لە ڕوانگەی کۆمەڵەی ژێکافەوە؟
قازی: بەڵێ
شەمس: بە ڕەئی من ئەگەر ئەڵبەتە  لە سەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی تەماشای بکەین، چون زانیاری ئەو دەمی، حەفتاوحەوت ساڵ لەوەی پێش زۆر جیاواز بوو. کۆمەڵگای کوردستان بۆ وێنە مەهاباد یەک دەبیرستانی بووە سیکلی دووەمیشی نەبووە، یانی بۆ دڕێژە دان بە خوێندن دەبوو بچنە ورمێ یان تەورێزێ. وا وێدەچێ ڕووناکبیرانی ژێکافی لە ئاستی خۆیان دا زانیارییەکی زۆر باشیان هەبووە لە سەر مێژووی کورد و هەر بۆیەشە وەختێک دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی سیمبۆلەکانیان زۆر دیارە. ئاڵاکەی لە باکووری دێنن بە ڕەئی من، تەعەمودیان هەبووە لە سەر ئەوە، ئەی ڕەقیب ی لە باشوورێ دێنن چون زۆر باش دەیانزانی ڕاپەڕینەکانی پێشووی کورد چ لە باکوور، چ لە باشوور بە هۆی دووبەرەکی و ناوچەچێتی سەرکەوتوو نەبووە. گۆڤاری نیشتمان گرینگییەکەی دەوەی دایە بۆ یەکەم جارە کە ئێمە وێژمانێکی – مەبەستم لە وێژمان دیسکۆرس یا گفتمان فارسی یە- یەکگرتوومان هەیە کە  کورد و نەتەوەی کورد وەک پانتاییەک دەبینێ و تەبلیغ لە سەر ئەوە دەکا، بۆ یەکەم جارە گەڵاڵە کراوە. ڕاستە پێش  " نیشتمان " زۆر قسە لە سەر کورد کراوە بەڵام  لەوێ دایە بەشێوازێک ئێمە هەنگاوێک دەچینە پێشێ و تەبعەن لەو ڕوانگەیەوە ئەو سێ ساڵ و شتەی کە ژێکافییەکان کار دەکەن، لە نێو کوردستان بنج و بناوانی خۆیان دادەکوتن، لە سەرووی کوردستانیش پێوەندیان هەبووە، تەنانەت لە باشووریش دەفتەر دەکەنەوە. لەو پەڕی خۆشەویستی خەڵک دا بوون بۆ وێنە " شانۆی دایکی نیشتمان" کە کاریگەرییەکی زۆر زۆر گەورەی هەبووە لە ئاستی ئەو دەمی دا یانی ئەتۆ لە سیاسەت دا هونەریش بێنیە گۆڕێ لە شارێکی وەک مەهابادێ، بۆیە ئەمن بۆخۆم پێم وایە یانی ژێکافییەکان بە شێوازێک، بەڵام لە ڕوانگەی منەوە گۆڕانکارییەک لە ژێکافییەکان دا ڕووی داوە، لە ڕوانگەی منەوە  ئەوەندەی کە من کارم لەسەر کردووە تا ئەو دەمی کە گۆڤاری نیشتمان هەیە ژێکافییەکان گرووپێکی ڕووناکبیرین زۆرتر خەریکی کاری فکرین لە بیر کردنەوەی بیری نەتەوایەتی دا بەڵام  لە دوای ئاخرین ژمارەی نیشتمانەوە، یانی سێ ژمارەکە پێکەوە وردە وردە ژێکافییەکان بەرەو ڕێکخراوێکی سیاسی دەڕۆن حەتتا ئیدارێکی مەرکەزی دادەنێن. ئەگەر تەماشای بەڵگەنامەکان بکەین خودی زەبیحی لە نامەکانی ڕا ئەو شتە زۆر جوان دیارە. مێمۆراندومێک هەیە کە مەک داول لە کتێبەکەی دا هێناویە و لەوێدا کۆمەڵە داوای مافی زمانی دەکا. بە هەر حاڵ دوای پەیمانی سێ سنوور ئەوان دیارە بڕیارێکی سیاسی دیکەیان داوە بەڵێ پێشتر ژێکافییەکان باسی کوردستانی گەورەیان دەکرد، بژی کورد و کوردستانی گەورە. بەڵام دەبینی دەو مێمۆراندومە دا باسی چ دەکەن، کەمێک بێدەنگن لەسەر مەسەلەی کوردستانی گەورە.
قازی: جا یەک شتی کە قسەی جەنابت تەئیید دەکا لە یەکێک لەو نامانە دا کە زەبیحی وەکوو سکرتێری چاپەمەنی و گەڕێنەندەی نیشتمان بە زمانی  تورکی ئازەربایجانی بۆ کۆنسوولی سۆڤیەتی نووسیوە کە دیارە ئەوە بە ئیحتیمالی زۆر لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی کۆمەڵەی ژیانی کورد دا هاتووەتە گۆڕێ، ئەویش لەو داوخوازیانەی دا کە لە دەوڵەتی شووڕەوی کراوە هاتووە:
 " ٦-دوای پەرەسەندی کافی کۆمەڵەکەمان ناوچە کوردەکانی سەردەشت، بۆکان، میاندواو، مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و ورمێ لە تەشکیلاتی ئیداری حکوومەتی ئێران پاک کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە دانی یارمەتی پێویست.
٧
-ئەو هەرێمە ناوی بنرێ کوردستانی ئازاد و لە ئێران و عێڕاق و سووریا و لە کوردەکانی دیکەی عالەم  کابینەیەکی حکوومەتی کاتی پێک بهێندرێ و لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناو بردران کار بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی پڕێنسیپەکانی ئیداری و ئابووری ئەو حکوومەتە تازەیە

٨-بە پێی بەندی ' پێ ' ی مادەی ١٤ هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شوورەوی مەزن ئەگەر ئەو حکوومەتە کاتییە دامەزرا دەناو یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی مەزن دا جێی بکرێتەوە و ئەندامەتییەکەی پەسند بکرێ

٩-بۆ ئازاد کردنی پارچەکان و لایەکانی دیکەی کوردستان حکوومەتی شووڕەوی مەزن ئەو گەڵالەیە پەرە پێ بدا." دواتر ئەوە لە نووسینەکانی زەمانی کۆمار دا، لە ڕۆژنامەی کوردستان دا ئەوە لێرە لەبەر دەستمانە نابیندرێ. 
شەمس: جا من ئەگەر ڕێگا بدەی چون ئەو گۆڕانکارییە لە ژێکافییەوە بووە کە بە نەزەری من دوای پەیمانی سێ سنووریشە. دیارە پەیمانی سێ سنوور دەورێکی زۆر کاریگەری هەیە.

قازی: پەیمانی سێ سنووریش بەو جۆرەی تا ئێستا باسی لێوە کراوە وا نەبووە و هێندێک جیاوازە.
شەمس: سەد لە سەد، ئەوەی کە ئێمە بۆمان ڕوون بووەتەوە ئەوەڵەن سێ وڵاتەکە نەبووە. دانیشتنی نێوان "هێوا" و " ژێکاف " بووە، نوێنەرەکان دیارن هەم مامۆستا هەژار باسی کردووە لە چشتی مجێور دا.
قازی: وێنەکانی بەشدارانی کۆبوونەوەکەش بەدەستەوەیە.
شەمس: هەر خودی نیشتمانەکە، لاپەڕەی ٩ و ١٠ ون ببوو،  دوایە زیندەیاد پرۆفێسۆر ئەمیری حەسەنپوور دیتییەوە بەڵام دوایە خودی ئەمەش  گۆڕاوە یانی  لاتینییەکە. ژێکافەکە بووەتە وانێک، بە تەواوی دیارە. ئەڵبەتە یادی بەخێر پرۆفێسۆر ئەمیری حەسەنپوور زۆرتر لە ڕوانگەی سۆڤیەت و دژایەتی سۆڤیەتەوە دەیبینێ بەڵام  واقعییەتی قەزییە ئەوەیە لە پەیمانی سێ سنوور وەختێک ئەوانە سێ ڕۆژ دادەنیشن بۆخۆشیان ژێکافییەکان دەڵێن کە لەمێژ بوو دەمانویست کۆنفڕانسێک بگرین و گرینگی پەیمانی سێ سنوور بە ڕەئی من یەکەم ئەزموونی کوردە بۆ کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی.
قازی: لێرە باسی ڕوانگەی نەمر ئەمیری حەسەنپوورت کرد، ڕوانگەی سەبارەت بە سیستمی ئەو زەمانی بەو شێوەیە ڕەخنەگرانە نەبووە. دیارە ئەوە بابەتی باسەکەمان نییە.
شەمس: مەبەستم ئەوەیە ئەوە زەختی سۆڤیەت نەبوو ئەوە ڕەفیق حیلمی و هیوا بوو لە ڕوانگەی منەوە کە ڕازی نەبوون لە ناوەرۆکی ئەو پەیمانە. چونکە ئەوەی نووسراوە لە نیشتمان نووسراوە سێ ڕۆژ بووە ئەوەندەمان تەوافوق کردووە، پاش ئەوەی هیوا نوسخەکەی بۆ ئێمە ناردەوە هەمووی بڵاو دەکەینەوە. بەڵام وەختێکی حیزبی هیوای ڕەفیق حیلمی کە ناچینە ناو باسەکەی بۆچی ئەوەیان لا بردووە و شێعرێکیان داناوە، نیشتمانێکی تازەیان داناوە ئەوەیان لابردووە. یانی لەو ڕوانگەیەوە ئەوان بە ڕەئی من بەو نەتیجەیە گەیشتوون ئەگەر  لەگەڵ هیوای نەتوانن پەیمانێک بنووسن ئەوان جارێ سەروەری سیاسی کورد دەتوانن هەر لە ناوچەی موکریان بە دەست بێنن ئەگەر هیوا  هاوکاریان نەکا. و بۆیەشە ئەم گۆڕانکارییە دەوێدا دەبیندرێ. ئەو مێمۆراندۆمە ئەگەر ڕەسەن بێ، ئاوتێنتیک بێ بە ڕەیئ من زۆر زۆر گرینگە.
قازی: زۆر باشە ئێمە دوایە دێینەوە سەر ئەم بابەتە. بەڕێز قادری بەر لەوەی کە کاک عەبباس بەشداریمان لەگەڵ بکا دیارە ٦ دەقیقەیەکی ماوە پیم خۆش بوو ئەگەر دەکرێ ئێوە هێندێک بە وردە ڕیشاڵ باسی دەوری ژنان لە کۆمار دا بکەن ، ئەو پرسیارە بۆیە دەکەم چونکوو جگە لەوەی بەڕێزت لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەت کردووە، لەباری بەسترانەوەی خزمایەتیش بۆ وێنە پوورت یەکێک لە تێکۆشەرانی سەرەکی بووە لە مەدرەسە و پێ خوێندنی کچان، و پوورێکی دیکەشت کە بەخۆشییەوە هەر زیندووە و وێنەی هەیە لە ڕێژەی کچان دا. لەو بارەیەوە پێم خۆش بوو هەموو لایەنەکانی باس بکەی ئەگەریش لەو خوڵە دا باسەکە تەواو نەبوو دیسان لەسەری بەردەوام دەبین.
قادری: لە سەر مەسەلەی ژنان، دەمێ دیکە عەرزم کردن کە کۆمار مەیدانی کردەوە، جێگای کردەوە بۆ ژنان کە بێنە نێو خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار، ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندان دوو ژن لە زومرەی ئەو کەسانە بوون کە هاتن وتاریان خوێندەوە. یەکیان ویڵمەخانمی سەیادیان بوو کە دایکی ئاسۆری بوو نەوەی دوکتور وێنەتانی بوو، بابی هەرمەنی بوو، ئاغای پەرویزی سەیادیان و یەکیشیان خەجیج خانمی مەجدی بوو.
قازی: پێم وایە ئەو ویڵمەخانمە هەتا ئەو ساڵانەی دوایی زیندوو بووە و لە تاران ژیاوە.
قادری: بەڵی مابوو. چاویان بەیەک کەوتبوو لە تاران لەگەڵ کوبڕا خانم عەزیمی. دوو ژن وتاریان خوێندووەتەوە ئەوە شتێکی بێ وێنە بوو بە ڕاستی هەتا ئەو دەمی. وە زۆر زووش حیزبی دێمۆکڕات لقی ژنانی دروست کردووە پێیان دەگوت حیزبی یایان کە سەرۆکایەتییەکەی درا بوو بە مینا خانم هاوسەری پێشەوای و لە هەر گەڕەکەش کۆمیتەیەکیان دروست کردبوو بۆ ژنەکان. هەر گەڕەکەی کۆمیتەی خۆی هەبووە و هەر گەڕەکەش سەرۆک کۆمیتەی خۆی هەبووە دیارە ژنێک بووە لە ژنانی گەڕەکەکە. جا یا هاوسەرەکەی دەسەڵاتدار بووە ئەو جوورەی کە کوىڕا خانمی عەزیمی باسی دەکا یان ئەندامێکی باڵای حیزبێ بووە.
قازی: ببوورە نامەوێ قسەت ببڕم هەر بۆ تەکمیلی زانیارییەکە، ئەوەی زۆر چاوڕاکێش و ئینترێستینگ بێ ئەوەیە کە تەنانەت هاوسەرانی ئەو کەسانەش کە موخالیفی کۆماری بوون بەشدارییان کردووە.
قادری: بەڵێ وا بووە ژنی حاجی ساڵحی شاتری بۆ نموونە سەرۆکی گەڕەکی خۆیان بووە. و چەند نموونەی دیکەی ئاواشمان هەیە. ئەمن تەنانەت وەختێک کە پیرۆز خانمی خێزانی مەڕحوومی عەزیزی موشیری م دیت، کە لەگەڵ ئەویش هەر خزمین فکرم کردەوە ئەو پوورە خانمە هیچ وەختایەکی بیر و باوەڕی سیاسی نەبووە بەڵام چون هاوسەرەکەی دەوڵەمەند بووە کردوویانەتە سەرۆکی گەڕەکی خۆیان. لە پاشان دەبینین کە لە کۆمار دا ئەو جێگایەی کە بۆ ژنان دەکرێتەوە ئەوەیە داوایان لێ دەکرێ کە بێن بۆ وێنە شت بنووسن دە ڕۆژنامەی دا چاپی دەکەن، ئەوەش زۆر جالبە چونکە دەبینین ئەو ژنانە لە سەر مژاری جۆر بەجۆر شت دەنووسن. شتێکی کە زۆر نەزەری منی بەلای خۆیدا ڕاکێشا کورتە نووسینێکی خانمی روقیای شنۆیی یە کە دەبێتە خێزانی جەمشید خانی زەرزا و دەو نووسراوەیە دا دەنووسێ وەختێک جەمشید خان فەوتی کردووە زۆرم داوای بەشە ئیرسی خۆم کردووە وەرەسەکەی نەیانداومێ، زوڵمیان لێ کردووم نەیان داومێ تا هاتووم شکایەتم کردووە لای حیزب و حیزب بۆی جێ بەجێ کردووم و ئێستا ئەمن بەشە ئیرسی خۆم وەرگرتووە و لە وەی ئەمن بەشێکی دەدەم بە فێرگەی کچان لە شنۆیە. بە نەزەرم ئەو نووسراوە زۆر مۆدێڕن هات چون ئێستا ژنان بەخۆیان ئیجازە دەدەن کە شتی وا بنووسن. دوایە ژنان مەقالەیان نووسیوە بۆ وێنە کۆبڕا خانم عەزیمی لە سەر خۆشبەختی، یا لە سەر مەسەلەی پەروەردەکردنی منداڵان. مەسەلەی خۆشبەختی بابەتێکی فەلسەفی یە. یانی بۆ ئەوەی بیناسێنێ کە خۆشبەختی چییە بابەتێکی فەلسەفی یە. باسی پەروەردەکردنی منداڵانیان کردووە یا باسی ئەوەی کە چۆن ئیمکاناتی زۆرتر دروست بکەن. شاسوڵتان خانمی قازی نووسیویەتی کە ئیمکاناتی زۆرتر بدەن بۆ ئەوەی کە فێرگەی دروست کەین بۆ کچان، بۆ وەی ژنەکانمان ئەگەر سەوادیان هەبێ دەتوانن ئەولادی باشتر تەربییەت بکەن و ئەوە کۆمەگ دەکا بە وڵاتی ئێمە.
قازی: ئەگەر ئیجازە بدەی لەگەڵ کاک عەبباس قسە بکەین، دوایە بەردەوام دەبین.
قادری: بەڵی، فەرموو، دوایە بەردەوام دەبین.
قازی:بەڕێز وەلی ئەم کاتەت باش
پرۆفێسۆر وەلی: بەڵی، فەرموو

 قازی: ئەم کاتەت باش، پیرۆزباییت لێ دەکەم بە بۆنەی ٢-ی ڕێبەندان. پێم خۆش بوو بەڕێزیشت باسی ئەوەمان بۆ بکەی کە گرینگی دووی ڕێبەندان لە مێژووی مۆدێڕنی کورد دا چییە؟
وەلی: زۆر سپاس، ئەمنیش سڵاوم هەیە لە خزمەت میوانەبەڕێزەکان کە لە ستودیۆن و هەر وەتر بینەران و بیسەرانی ئەو بەرنامە. دیارە دووی ڕێبەندان کە ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە جێگایەکی تایبەتی لە مێژووی مۆدێڕنی کورد دا هەیە بە بێ تەڕدید. لە لایەکەوە هەڵسەنگاندنی جێگای دووی ڕێبەندان و بایەخی وەی دە مێژووی مۆدێڕنی کوردی دا بەستراوەتەوە بەوەی ئێمە مێژووی کورد چۆن تەفسیر بکەین، چۆن دەسپێکی هەستی نەتەوایەتی کورد و هەر وەتر نەتەوایەتی کورد وەکوو ئیدێئۆلۆژییەکی کوردایەتی تەفسیر و تەبیین بکەین. بۆ ئەوانەی کە نەزەریان ئەوەیە کە کوردایەتی، ناسیۆنالیزمی کورد، هەستی نەتەوایەتی کورد دیاردەیەکی زۆر قەدیمی و تاریخییە دیارە مەسەلەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە دووی ڕێبەندان یەکێک لە قۆناغەکانە لە پەرەگرتن و پێگەیشتنی ئەو هەست و ئەو بۆچوونە. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە نەزەریان ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی کورد، کوردایەتی ئیدێئۆلۆژییەک و گوتارێکی مۆدێڕنە و لە ساڵانی ١٩٣٠ و ٤٠-ی بە شێوەیەکی گشتی دامەزراوە، بۆ وان مەسەلەی دووی ڕێبەندان ئەهەمییەتی زۆرترە چون ئەوە نوختەیەکی وەرچەرخانە لە مێژووی کوردی دا چونکە جاری ئەوەڵە کە ئەو هەستی ناسیۆنالیستی یە کە واقیعەن بە شێوەیەکی مۆدێڕن لە کۆمەڵەی ژێکاف دەست پێ دەکا لە چوارچێوەی کۆماری کوردستان دا سەقام دەگرێ و بنەمای ئینستیتووشناڵ/ نەهادی پەیدا دەکا. بە باوەڕی من ئەوە بۆخۆی مەسەلەیەکی زۆر گرینگە. ئەمن بۆ خۆم شەخسەن لەو کەسانەم  کە باوەڕم وایە ناسیۆنالیزمی کورد لە ڕۆژهەڵات دیاردەیەکی مۆدێڕنە و لە ساڵەکانی ١٩٤٠ و ئەوانە دەست پێ دەکا و بۆ جاری ئەوەڵ لە چوارچێوەی کۆماری کوردستان دا سەقام دەگرێ. و ئەگەرچی کۆماری کوردستان مێژوویەکی کورتی هەبوو، یازدە مانگ، کەمتر لە ساڵێکی ژیا، بەڵام ئەو ساڵە ئەهەمییەتێکی یەکجار زۆری هەبوو ئەگەر ئێمە هەڵەیسەنگێنین بۆ وێنە قیاسی بکەین لەگەڵ سیستمی ئیدارەی کوردی لە باشوور؛ ئەمن ئەو بەراوەرد کردنە لەو بابەتەوە دەکەم کۆماری کوردستان لە ڕووی ئیمکانات و لە نەزەر سەرچاوەی ماڵی و تەنانەت سەرچاوەی فەرهەنگی قابیلی قیاس نەبووە لەگەڵ ئێستا بەڵام بە باوەڕی من توانی بۆ یازدە مانگان سیستمێکی دامەزرێنێ کە ئەو سیستمە بۆ خۆی لە سەر بناوانی ئەو شتانەی کە بۆ خۆیان هەیان بووە، لە واقیعدا سەرچاوەی ماڵی زۆر کەم، سەرچاوەی تێکنیکی زۆر کەم و هەر وەتر ئیمکاناتی نیزامی کە بە باوەڕی من حاڵەتی سەرەکی هەبوو، دە ژیانی کۆماری دا، هەر وەتر لە ڕووخانی کۆماری دا، بە باوەڕی من ئەوانە مەسەلەی ئاوا بوون کە لەهەلومەرجی ئێستا دا قابیلی فەهم نییە کە ئەوە چۆن یازدە مانگان بەو شێوەی دەوامی هێنا.
ئەمن باويرم بەوەیە کە کۆمار شتێک بووە کە لە ناوەرۆکی مێژووی کوردی و کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی هەڵقوڵی و هاتە پێشێ. دیارە پێش وی کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، دیارە گۆڕانی کۆمەڵەی ژێکاف بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان  بۆ خۆی جێی زۆر تەفسیرە کە ئەڵبەتە ئێمە نامانەوێ بچین دەو تەفسیرانەوە لێرە، بەڵام ئەوە بە کۆماری درێژەی پێ درا و کۆمار دەو یازدە مانگەی دا بە باوەڕی من بوو بە نوختەیەکی عەتف، وەرچەرخان دە مێژووی کوردی دا. ئەمن پێم وایە ئەو تەفسیرانەی کە تەنانەت  هێندێک لە کوردەکان خۆیان لە کۆماری دەکەن، بەڵام زۆرتر ئەو تەفسیرانەی کەسانی غەیری کورد لە کۆماری دەکەن ئەوەیە کە کۆمار دیاردەیەک بوو ساز کرا دە چوارچێوەی شەڕی دووەمی جیهانی دا و هەر وەتر دە چوارچێوەی شەڕی سارد لە نێوان بلۆکی شەرق و غەرب و دەو چوارچێوەی دا ئەوە یەکێتیی جەماهیری سۆسیالیستی بوو کە کۆماری دامەزراند. ئەمن لەگەڵ هەڵوێستێکی ئاوا نیم  و بۆخۆشم لە سەر ئەو مژارە لێکۆڵینەوەم کردووە دیارە بوونی ئەڕتەشی سوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر گرینگ بوو بەڵام ئیدەی کۆمار و ئەو سیاسەتەی ئەو ئیدەیەی وەدی هێنا واقعیئەن کوردی بوو و لە سیاسەتی کوردی و کۆمەڵگای کوردی هەڵقوڵی. لێرە ئەوەش زیاد بکەم ئەوەندەی کە ئەمن دەزانم بە پێی سەرچاوە ئینگلیسییەکان و هێندێک لە سەرچاوە ئەمریکاییەکان دە ئەسڵ دا سۆڤییەتان/جەماهیری شووڕەوی عەلاقەیەکی بۆ دروست کردنی کۆماری کوردستان نەبوو و زۆر حەولی دەدا کۆمار، مەسەلەی کورد دە ئەسڵ دا، پێش وەی کە کۆمار دروست ببێ، دە چوارچێوەیەکی گەورەتری کورد و ئازەری دا ببیندرێ و فشاریشی دێنا بۆ سەر سەرانی حیزبی دێمۆکڕات بە تایبەتی قازیی محەمەد کە لەگەڵ فیرقەی دێمۆکڕات و حکوومەتی میللی ئازەربایجان  کە دایان مەزراندبوو دەگەڵ وانە ڕێک بکەون و وەکوو بەشێک لە وان ببن و وەکوو بەشێک لەوان دەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی تەعامول بکەن. ئەو بۆچوونە لە لایەن جەماهیری شووڕەوییەوە بەشێکی بۆچوونێکی تیوریک بوو، لەو بابەتەوە کە ئەو تێئۆریسیەنانەی حیزبی کۆمۆنیستی شووڕەوی ئەو دەمی کۆمەڵگای کوردیان بە کۆمەڵگایەکی  دەرەبەگی/ فێئۆدالی دەزانی و ئەو جۆرەی کە لە نامەکانی ستالین و سەرانی حیزب لە باکۆیە دەردەکەوێ و دیارە ئەوان بەو شێوەی کوردستانیان وەکوو ئازەربایجان نەدەدی. سەرۆکایەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بەشی زۆریان مارکسیستی ناسراو بوون، بەشی زۆریان لە چوارچێوەی ئەنترناسیۆنالی سێیەم، بەینەلمتلەلی سێیەمی کۆمۆنیستی دا تەربییەتیان دیبوو و فێر ببوون و ئەوانە جێی متمانە و ئیعتیمادی شوورەوییەکان بوون. بەڵام کاربەدەستانی شووڕەوی ئەو جوورە تەماشای کوردستانیان نە دەکرد، ئەو جوورە تەماشای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان نە دەکرد و تەئکیدیان ئەوە بوو کە حەتمەن کوردستان وەکوو بەشێک لە ئیدارەی ئازەربایجانێ بێ و بەو جوورەی دابمەزرێ. دیارە سەرانی حیزبی دێمۆکڕات و بە تایبەتی قازیی محەمەد  دەگەڵ ئەو مەسەلەی موخالیف بوون. بەڵام دە ئەسڵ دا ئەو مەسەلەیە زۆر بە زەرەری کوردان تەواو بوو چونکە حکوومەتی مەرکەزی زەمانی قەواموسەلتەنە و موزەفەری فیرووز لەو وەزعەی کەلکێکی زۆری وەرگرت و توانی کوردەکان بە شێوەیەکی، لێرە دا وەختێک موزاکەرات دەکرا، تەئکیدی ئەوە بوو نایەوێ دەگەڵ کوردان وەک ئیدارەیەکی موسەقیلی ئەیالەتی وەک ئازەربایجانێ موزاکەرە بکا.
قازی: زۆر باشە، لێرە دا  با لە ٧٧ ساڵ لەوە پێشەوە بێینە ئەمڕۆ، دەزانین کە ئێستاش هەم نکووڵی دەکرێ و هەم ئەو هێڵە سوورانەی کە بۆ نەتەوەی کورد و بۆ خەباتی کوردستانی هەیە  زۆر جار دەشێوێندرێ بۆ نموونە هەر ئەم ڕۆژانە دەبینین کە لایەنگرانی سەلتەنەت، سەلتەنەتخوازەکان تویتیان کردووە کە کوردەکان ئەوە  باسی دووی ڕێبەندان دەکەن، دووی رێبەندانیش بە مانای جیا بوونەوە لە ئێران بووە. پێم خۆشە ئەو مەسەلەی کە لەو دواییانەش دا هەیە کە کوڕی شای پێشووی ئێران حەولی ئەوەی هەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران دەستی پێکردووە بە جۆرێک بتوانێ خۆی بەسەر دا بسەپێنێ لەدەرەوەی وڵات. بە کورتی لەوبارەیەشەوە پێم خۆش بوو گوێم لە بۆچوونی بەڕێزت بێ.
وەلی: دیارە ئەلئان شەڕێکی گەورە دە دنیای مەجازی دا هەروەتر لە دنیای واقعی سیاسەتێ دا هەیە، یانی ڕقەبەرییەک و مونافەسەیەک هەیە و فارسەکان لێرە فشارێکی زۆر دێنن بۆ ئەوەی کە ئەو ئیمکاناتەی  کە لە چوارچێوەی  ئێرانێ و دە چوارچێوە شۆڕشی ژینا دا، بەباوەرێ من وەزعێک  هاتووەتە پێشێ تەقریبەن بە تەرتیبێکی وەکوو وەزعی باشووری کوردستان  دە زەمانی ڕووخانی سەدامی دا. ئەویش ئەوەیە کە کوردەکان وەزنێکیان پەیدا کردووە لەبەر ئەو نەقش و ئەو ڕۆڵەی کە دەو شۆڕشەی دا هەیان بووە، وەزنێکیان پەیدا کردووە، وەزنێکی سیاسی کە لە وەزنی واقعی خۆیان بە نەزەری من، لە ئێرانێ دا زۆرترە و ئەلئانەکە تەواوی حەول ئەوەیە، چ کوڕی شا بێ، چ گرووپەکانی دیکەی کۆماریخوازی ئێرانییەکان بێ تێدەکۆشن ئەو وەزنەی بشکێنن و کوردستانێ بێننەوە، رێبەرایەتی کورد بێننەوە  دە چوارچێوەیەکی کە بۆخۆیان دەیانەوێ دایبمەزرێنن. و ئەو چوارچێوە ئەو جوورەی کە تەعبیری لێ دەکەنەوە تەنانەت لە ناو ئەوانەشدا کە زۆر زۆر پێشکەوتوون ئەو وەزنەی کورد دادەبەزێ و ئەوەش لێرە من ئیشارە بکەم کە بەشێک  لەوەش سەبەبی ئەو هەڵە گرینگە سیاسییانەیە  کە هێزە سیاسییەکانی کورد دەیکەن و بە باوەڕی من هەڵسوکەوتی وان مەیدانێکی گوتاری و هەر وەتر مەیدانێکی  عەمەلیاتی – سیاسی کردووەتەوە بۆ هێزە غەیرە کوردەکان. و ئەوان بە باوەڕی من ئەگەر خۆیان خڕ نەکەنەوە، ئەگەر یەکگرتووییەکی فەعال پێک نەهێنن، ساز نەدەن ئەمن لەو باوەڕە دام ئەو وەزنەی کە کوردان لە شۆڕشی ژینای دا بە دەستیان هێناوە ئەوە لە دەست دەچێ. ئەگەر ئەلئان تەماشا بکەین تەواوی ئەو شەرانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ داوای وەکالەت وەرگرتنی ڕەزا پەهلەوی هاتووەتە  پێشێ، هێزە فارسی یا غەیرە کوردییەکان موخالیفی وەی کە لەگەڵی لە کێشە دان زۆرتر لە سەر ئەو جۆرە مەسەلانەیە کە  پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هووییەت و ویستەکانی کوردی نییە. و ئەو جێگا بۆشاییەیە کە من لەو باوەڕە دام کە ئەگەر هێزە کوردەکان نەیانتوانیوە بە دروستی چالاکی تێدا بکەن و ئەو بۆشاییەی پڕ بکەنەوە، بە باوەڕی من دەبێ ڕۆشنبیرە کوردەکان یانی ئەو لایەنە تەکمیل بکەن یانی لێرە دا فەعالییەت بکەن، قسان بکەن، ئەو قسانە دەرببڕن، چون ئەو قسانە کە دەکرێ هەر ئەوە نییە کە دەگەڵ فارسەکان بەربەرەکانی دەکرێ، پێشی وان دەگیرێ بەڵکوو دە دنیای مەجازی دا و دە مەیدانی گوتاری/ گوفتمانی دا فشار دەکەوێتە سەر حیزبە کوردییەکان. ئەمن فکر دەکەم بەو وەزنەی کە کوردەکان هەیانە دەبێ حاڵەتێکی زۆر موسبەتتر، حاڵەتێکی کۆنێشگەرانە بە قەولی فارسان دەڵێن، حاڵەتێکی فەعالتریان دەو مەیدانەی دا هەبێ و بکرێ پێشی ئەو مەسەلەی تا حەدێکی بگیرێ. ئەمن فکر دەکەم کە ئەوە مەسەلەیەکی زۆر گرینگە، ئەگەر ئێمە بە دروستی نەجووڵێینەوە ئەو ئیمکانە مێژوویی یە کە بۆ ئێمە هاتووەیە پێشێ مومکینە لە دوارؤژی ڕووخانی جمهووەی ئیسلامی دا ئێمە نەتوانین واقیعەن کەلکی لێ وەربگرین. چون ئەمن فکر دەکەم کە پۆزیشنێکی موشەخەسی یەکگرتووی گوفتمانی، یا سیاسی نەهێبدراوەتە گۆڕێ. یانی ئێمە بەو شێوەی، یان ئەگەر حیزبەکان خۆیان هەیانە ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە، بەڵام لە بەر ئەوەی شەفافییەتی سیاسی بەو جۆرەی کە پێویستە نەبووە، ئەمن وەختێکی کە دەبینم سەرۆکایەتی کوردەکان لە تێلێڤیزیۆنەکان قسان دەکەن زۆر جێگای پرسیار هەیە  کە ئێمە دەبێ پرسیار بکەین کە واقیعەن چ لە پشت سەری وەیە، ئەوانە دەڵێن چی و چ موزاکەرات و چ هەڵسوکەوتێک لێرە دا کراوە. ئەمن لەو هەلومەرجەی دا واقیعەن دەترسێم، ئەو مەترسییەی دەبینم و دەترسم لە دوا ڕۆژێ دا کە وەختێکی جمهووری ئیسلامی دەڕووخێ ئێمە بەو شێوەی کە پێویستە  کوردەکان دەستیان پڕ نەبێ و لەو ئیمکانەی کە هاتووەتە پێشێ نەتوانن کەلک وەربگرن.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداری لە وەبیرهێنانەوەی دووی ڕێبەندان دا. جارێکی دیکەش پیرۆزباییت پێ دەڵێم و زۆر سپاس بۆ ئەو کاتە.
وەلی: زۆر سپاست دەکەم کاک حەسەن و هەر وەها سڵاوم هەیە لە خزمەت سوهەیلا خانم و کاک سەعیدی دا و هیوادارم دەرفەتی دیکەش بێ لە سەر گیروگرفتەکانی ڕۆژ قسە بکەین. دیارە دووی ڕێبەندان زۆر زۆر گرینگە بۆ ئێمە لە نەزەر مێژوویی و سیاسییەوە وەکوو ئەستێرەیەکی تایبەتی یە دە ئاسمانی کوردی دا و دە مێژووی کوردی دا بەڵام ئەوەی کە ئەلئانەکە هەیە مەسەلە ئاکچواڵەکانن، مەسەلەی ئاکتوێلی سیاسی. ئەو مەسەلانەی کە ئەلئان لەبەر چاومانە، ئەو مەسەلانەی کە ڕووبەڕوومانە و ئەمن فکر دەکەم کە ئێمە دەبێ لە سەر ئەوانە بە تەفسیل قسان بکەین، لێیان بکۆڵینەوە.
قازی: زۆر سپاس دیسان. شەو باش
وەلی: شەوێکی خۆش
قازی: بەڕێز دوکتور قادری دیارە قسەکانی کاک عەبباس بەڕاستی پێی دەوێ لە سەری بڕۆین بەڵام هەر چۆنێک بێ بۆ ئەوەی ئێمە درێژە بدەین بە باسەکەمان بە دەوری ژنان لەو سەروبەندی دا، داوای لێ بوردن دەکەم کە قسەکەت نیوەچڵ مایەوە فەرموو بەردەوام بە!
قادری: دەبێ منیش قسەکانم کورت کەمەوە بێینە سەر مەسەلەی ڕۆژیش.
قازی: دێینە سەر مەسەلەکانی ئەمڕۆ بەڵام ئەو لایەنە مێژوویانەش هەر وەک ئێستا ئەو کتێبەی کە لەبەر دەستتە ڕووناکنیرێکی وەکوو میرزا حەمەدەمینی مەنگوڕی نووسیویەتی زۆر شتی تێدایە کە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ناڕوونە بە تایبەتی  لەسەر دەمی کۆمار دا، جا بۆیە دەکرێ بە وردە ڕیشاڵ باسی بکەی و کاتیشمان هەیە.
قادری: یەکێک لەو کارانەی کە کۆمار کردی قەدەغە کردنی ژن بە ژنە و ڕەدوو کەوتن و ژن هەڵگرین بوو، دیارە ئەوە لە ناو عەشیرەتەکانی ناوچەی موکریان زۆر شتێکی باو بووە. هەمیشە هەر هەبووە، هەمیشە هەر کردوویانە، هەڵبەت تەبسەرەشیان بۆ دانا. وەختێک ئەو قانوونە دەر دەکرێ، تەبسەرەیەکیان بۆ دانا گوتیان ئەگەر  ژنەکە بۆ خۆی ڕازی بێ و ئەگەر منداڵی نەبێ و ئەگەر موشکیلەیەک نەیەتە پێشی لە باری بنەماڵەکەیەوە دەتوانن چاوداپۆشی لێ بکەن. جا میزا محەمەد ئەمینی مەنگوری لەم کتێبە دا کە بە ناوی " بەسەرهاتی سیاسی کوردە" لە بەرگی یەکەم دا باسی ئەوە دەکا کە ڕێگای دە زیندانێ کەوتووە و لەوێ لە پەنجا نەفەر لە گیراوەکان، ٣٨ کەسیان لە بەر ژن هەڵگرتن گیراون. جا بۆ خۆی بە سەر ئەو بابەتە  دا دێتەوە و نەزری خۆی دەڵێ. دەڵێ ژن هەڵگرتن و ڕەدواکەوتن لە نێو عەشیرەتە کوردەکان دا شەڕفە، یانی شتێکی زۆر ئاسایی یە، شەڕفە، یانی بۆ نموونە دە نێو مەنگوڕان دا، یان مامەشان یا گەورکان دا ئەگەر ژن چەند جار ڕەدوا نەکەوێ پێی دەڵێن ئەوە کەس نەیویستووی، هیچ پیاوێک ئەتۆی نەویستووە یا ئەگەر پیاوێک ژن هەڵنەگرێ پێان وابووە کە ئەوە لیاقەتی وەی نەبووە کە بچێ ژنێک بۆ خۆی هەڵبگرێ. پێی وایە ئەو شتانە لە هەمان حاڵ دا زیدی ڕووحییەی دڵداری و ڕووحییەی ئەوەیە کە کورد پێی خۆشە دە ژیانی فیزیکی و جینسی دا ژیانێکی ئازادی هەبێ، ژیانێکی شادی هەبێ و پێی وایە کە ئەو قەدەغە و سزایە زیدی تەبیعەتی فەرهەنگێکییە کە هەمیشە هەبووە لەو وڵاتەی و ئەو پێی قەڵسە و پێی وایە ئەوە قانوونێکە کە هەر ئاوا داندراوە بە بێ ئەوەی کە بە ڕاستی پێوەندی هەبێ لەگەڵ ئەو شتانەی کە لە کوردستان دەگوزەرێ. باشە باسی ئەو شتانە بکەین، باسی ئەوەش بکەین کە ئێستاکانێ ئێدە فێمینیستییەکان زۆر باون، هەر مەسەلەیەکی کە باسی دەکەین فێمێنیستەکان دەیانەوێ دە چوارچێوەی فکرە فێمێنیستییەکان دا لێکی بدەنەوە. ئێمە دە ڕۆزنامەی " کوردستان " دا کە ئێستا لێرە داتان ناوە لە چەند ژماران  دا سێرییەکمان ئامۆژگاری هەیە بۆ ژنان. ماوزەرخانمی بلە زادە کە وابزانم بۆ خۆی کەلیمی بووە، سێرییەکی ئامۆژگاری داوە بە ژنان کە من پێم وایە نەنکەکانی قەدیمیش هەر ئەو ئامۆژگاریان دەکرد. دەڵێ ئەگەر  مێردەکەت لە ماڵێ چووە دەرێ لێی پرسە بزانە ئەمری چییە، هیچ وەختایەکی تووڕە مەبە، نێوچاوانت تێک مەنێ، هەرچی ئەو پێی خۆش بوو بیکە، قەدری بنەماڵەی وی لە بنەماڵەی خۆت زیاتر بگرە. چووزانم قەدیم دەیانگوت  ماڵی مێرد و نوێت بەخێر، لە حەقیقەت دا ئەو خانمەش هەر بەو شێوەیە بوو، لە چوار شمارەی "کوردستان" دا وابزانم  ٢٨ و ٣١ و ٣٢ و ٣٣ و ئەوانە دا چاپی کردووە و هەر جارەی سێرییەکی ئامۆژگاری داوە بە ژنەکان کە چۆن بجووڵێنەوە بۆ ئەوەی مێردەکانیان لێیان ڕازی بێ و موشکیلەیان بۆ نەیەتە پێشێ، وەک دەڵێن بتوانن ماڵەکەیان ڕابگرن. دەمەوێ بڵێم دەو چوارچێوەی دا ئێمە ناتوانین چاوەڕوان بین، نە دەتوانین  ئەو بەرداشتەمان هەبێ، خوێندنەوەمان هەبێ لەو شتانەی کە ئەو دەمی گوزەراوە، نە دەتوانین چاوەڕوانی وەی بین کە وا بووبێ. چونکە ئەوان لە کۆمەڵگایەکی زۆر نەریتی دا بوون، زۆر داخراو بوو.لە سابڵاغێ هەتا ساڵی دەوروبەری ١٩٢٦ و ٢٧ و ئەوانە فێرگەی کچان نەبوو، هەتا وەکوو پێشەوا کە ئەو دەمی ڕەئیسی ئیدارەی معارف بوو، لە ساڵی ١٩٢٦ تا ١٩٣١- ی ڕەئیسی ئیدارەی معارف بوو پێنج فێرگەی دانا یەکیان بۆ کچان بوو، مەدرەسەی " پەرماس "، ئەو مەدرەسەی کە کوبڕا خانمی عەزیمی پوورم دەرسی لێ خوێندووە، لەو مەدرەسانە بوو کە قازیی محەمەد بۆ خۆی دایمەزراند و بە هیممەتی خەڵکی سابڵاغێ و نە بە پارەی دەوڵەتی و بۆ ئەوەی کە خەڵکیش هان بدا کچەکانیان بنێرن بۆ مەدرەسە هەوڵێ کچی خۆی و چەند کەس لە کچەکانی خانەوادەی نارد بەڵام ئێمە دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێ ئێمە کۆمەڵگایەکی نەریتی و داخراومان هەبوو، نەیان دەویست کچەکانیان بنێرنە مەدرەسەی. تەنانەت پووری من کە ئەو دەمی لە مەدرەسەی بوو دوایە کەشفی حیجاب بەسەر دا هات مەجنووری دەکەن چەند ساڵان دەست لە خوێندن هەڵگرێ نەچێتەوە مەدرەسەی. ئێمە لە وڵاتێکی ئاوا دەژین کە خەڵک زۆر بەوەوە گرێ درابوو کە کچ گۆیا فێری شتی خراپ نەبێ و لە ڕێگا دەر نەچێ، سەر بە هەوا نەبێ و بتوانێ ژیانی نەریتی خێزانیی بەڕێوە بەرێ. جا بۆیە لەو نەزەرەیەوە کە کۆمار دادەمەزرێ و ئەو سەفەر لە هەموو میتینگ و لە هەموو کۆبوونەوەیەکی بانگهێشتن دەکەن لە ژنەکان، بە تایبەتی لە مامۆستا ژنەکان، دەچن بەشدارێ دەکەن، بۆ ڕێژەکان دەچن. کوبڕا خانم دەگێڕێتەوە دە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی ١٩٩٤ دەگەڵ زیندوویاد کاک ئەمیری حەسەنپوور و جەنابتان و کاک زاگرۆسی خوسرەوی کە لە دوایان دەناردین دەچووین دەگەڵ شاگردەکانمان لەوێ داوایان لێدەکردین نوتق بکەین. کاک ئەمیر لێی دەپرسێ کە ئایا پیاوەکان پێیان ناخۆش نەبوو کە ژن دەهاتن ئەو دەمی نوتقیان دەکرد؟ دەڵێ نا، دەوڵەت [حکوومەتی کوردی] ئەوەی دەویست. هیچکەس نەی دەتوانی بەربەرەکانی بکا دەگەڵ ئەوەی و پێشمان پێ بگرێ. ئێمە بۆیە دەچووین چونکێ لێیان داوا کرد بووین. ئەوە بە نەزەری من زۆر جالبە وەختێک ئینسان فکر لەوەی دەکاتەوە کە ڕێبەرانی کۆمار ئینسانی پێشکەوتنخواز، ئینسانی ڕووناکبیر و ئاواڵە بوون. شتێکی خۆشی دیکەش کە ئەمن دەو ماوەی دا چاوم پێی کەوت چاوپێکەوتنی مریەم خانمی قازی یە لەگەڵ زارا خانمی مەنگوڕی، کە ئەو دەم لە زەمانی کۆمار دا مامۆستا بووە. دەڵێ ڕۆژێکی لەگەك خەجیج خانمی بابە سووری چووبووینە میتینگێ
قازی: ئەو دوو خانمانەی کە ناوت هێنان هەر دووکیان مامۆستا بوون.
قادری: هەر دووکیان مامۆستا بوون هەم خەجیج خانمی بابەسووری و هەم زارا خانمی مەنگوڕی. دەڵێ چووبووینە میتینگێکی جلکی کوردیمان دەبەر دابوو و لە سەر ئەویش چارشێومان بە خۆمان دادابوو، دوایە دەڵێ خەریک بوون لەوێ قسەیان دەکرد ئێمەش جەفەنگمان لێ دەدا گوێمان نەدەدانێ. دەڵێ جەنابی حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی بەوێدا دەهات کوتی خەجە ڕەش ئەوە بە چی پێ دەکەنی؟ کوتی کوتمان هیچ قوربان بە هیچ پێ ناکەنین و ئەویش کوتی شەرت بێ لە سبحەینێ ڕا چارشێوو لەسەر لابەرم، کە خۆتان نەشارنەوە لە بن ئەو چارشێوەی دەست بکەن بە پێکەنین و شۆخی و ئەوانە، گوێ بدەنە ئەو قسانەی کە دەیکەین. ئەو قسانە بۆنگۆ دەکرێ دەبێ گوێی بدەنێ شتی لێ فێر بن. جا دەڵێ بۆ سبحەینێ ڕا لە دوایان ناردین کە بچین پارچەی هەڵبژێرین بۆ یونیفۆڕمی جلکی معەلیمەکان، چووین هەڵمان بژارد و ناردیانینە کن میرزا قادری سوڵتانی کە خەیات بوو، کۆت و دامەنی بۆ درووین و دەبەرمان دەکرد و ئەو سەفەر هەر ئاوا دەچووینە ڕێژە و نمایشەکان. زۆر جالبە چون ئەو دەمی نیشان دەدا کۆمار ئازادی وەی داونێ کە جلوبەرگی چییان پێ خۆش بووە دەبەری بکەن. کوبڕا خانم دە چاوپێکەوتنەکەی دا دەڵێ ئێمە جلکی کوردیمان دەبەر دابوو، زارا خانمیش دەڵێ نا دوایە مەجبووریان کردین کە چارشێوەکانمان وەلانێین کە شتێکی زۆر چاک بوو. کوبڕاخانمیش حەتتا باسی وەی دەکا لە چاوپێکەوتنێکی دا حەمە حوسێن خان پێی دەڵێ ئەو چارشێوەت بۆ لانابەی، ئەتۆ خوێندەواری.
قازی: ئەویش وڵامی دەداتەوە دەبێ خانمەکەی خۆت لە پێشدا لای با.
قادری: بەڵی خانمەکەی خۆت دەبێ لە پێشدا لای دا، بۆ ئەوەی خەڵک بەمن نەڵێ بۆ چارشێوت پێوە نییە. ئەوانە هەموو جالبن، بە قەولی فەڕانسەیی دەڵێن ئانێکتۆدن هەموو ئەوانە، بەڵام هەموو نیشانی وەن کە رێبەرەکانی کۆمار ئینسانی بەرچاو ئاواڵە و خاوەنی فکری ئاواڵە بوون و پێیان خۆش بووە بە ڕاستی ژن جێگای خۆی پەیدا بکا لە کۆمەڵگای.
قازی: بەڵام ئەو دەمی ئەگەر بەراوەردێک بکەین لە ئازەربایجان پێش ئێران مافی دەنگ دان دراوە بە ژنان بەڵام ئەوە لە کوردستانی یان پێ ڕانەگەیشتوون یان هەر نەهاتووەتە گۆڕێ.
قادری: بەڵام ئەگەر باسی مافی دەنگدانی ژنان بکەین دەبێ بێینەوە فەڕانسەی. لە فەڕانسەی لە ساڵی ١٩٤٤ ژەنەڕال دۆگۆل لە ئەلجەزایرێ مافی دەنگدانی بۆ ژنان دابین کرد و لە ساڵی ١٩٤٥ ڕا ژنان حەقیان هەبوو کە دەنگ بدەن لە فەڕانسەی کە وڵاتێکی پێشکەوتووە. کتێبی "جینسی دووەم" ی سیمۆن دۆبوار ١٩٥٠ لە فەڕانسە چاپ بوو. جا ئەگەر فکر بکەینەوە لە کۆمەڵگای کوردەواری ئەگەر ئەوە لە نەزەر نەگیرا بێ بە باوەڕی من شتێکی زۆر سەیر نییە، لە هەمان حاڵ دا کۆمار هەر یازدە مانگ دەوامی هێنا، ئەگەر تەمەنی زۆرتر بووبایە ورد وردە ئەو حەقەش بۆ ژنان دابین دەبوو، دەیان توانی بچن دەنگ بدەن و ئەو حەقە دادەمەزرا. ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەوە گلەییەکی زۆر نییە،زۆر ئینتیقادێکی  گەورە نییە لە کۆمار. ئەوەی کە گرینگە بەڕاستی ئیجازەی دا بە ژنان بێنە سەر سەحنە و حزووریان هەبێ.
قازی: کاک سەعید بەحسێکی زۆر جاڵبە لە مەڕ دەوری ژنان لە کۆمار دا. جەنابت لە بەشێک لە قسەکانت دا باسی عەشیرەتانیشت کرد زۆر جار دەگوترێ کە سەبەبی ڕووخانی کۆمار و دەست نەکردنەوە دەبەسترێتەوە بە ئەوەی کە عەشیرەتەکان وەفاداری خۆیان گۆڕی. جەنابت لێکدانەوەت چییە؟ ئەوەی کە کۆمار دە ماوەیەکی ئاوا کورت دا تەنانەت ئەگەر چالاکییەکانی کۆمەڵەی ژێکافیش لە ساڵی ١٩٤٢ ڕا حیساب بکەین هەتا ١٩٤٦، یانی چوار ساڵ ماوەیەکی زۆر نییە یانی لە ماوەیەکی ئاوا دا توانرا ویفاقێکی نەتەوەیی دروست بکرێ، عەشیرەتەکانیش بەشداری بکەن. دەوری عەشیرەتان چۆن لێک دەدەیەوە؟ دیارە عەشیرەت لە دەوروبەری موکریان چونکە دەزانین حەولی ئەوەش هەبووە کە لەگەڵ عەشیرەتەکانی دەوروبەری کرماشان و هەورامان پێوەندی هەبێ. مەبەستم عەشیرەتەکانی ناوچەی نزیک لە کۆمارە.
شەمس: بە ڕەئی من ئەوەی کە زۆر گرینگە ئەو کارەی کە حیزبی دێمۆکڕات کردی، بە تایبەت پێشەوا قازیی محەمەد ئەوە بوو کە واقع بینییەک لەگۆڕێ دابوو، هەرچۆنێک بێ کۆمەڵگای کوردستانێ کۆمەڵگایەکی دەربەگایەتی بوو و تو نەت دەتوانی حەتتا پێش ویش ئەگەر ژێکافییەکانیش، تۆ بتەوێ دەسەڵات لەو ناوچەیە بە دەست بگری، تۆ ناتوانی ئینکاری عەشیرەتەکان یا ئەو کۆمەڵگایە بکەی. چەکیش بە دەست وان بووە، ئەوان چەکیشیان هەبووە بۆیە  هێنانی ئەوانە بۆ نێو ئەو ئیرادە نەتەوایەتییە زۆر زۆر گرینگ بوو. تەبعەن کەسایەتییەکی وەکوو پێشەوا دەیتوانی ئەو کارە بکات. ڕەنگە ژێکافییەکان بۆ خۆیان نەیان توانیبا ئەو کەسایەتییە لە خۆ نیشان دان. لەوە دایە کە ئەوانیش لە سەرەتاوە دەگەڵ کەوتن، بەڵام ئەگەر مەبەستی بەڕێزت دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بێ ئەوە بابەتێکی دیکەیە. بەڵام ئەوەی کە لەو ماوەیەی لە ڕاگەیاندنی کۆمار دا کرا، ئەو قسانەی کە ئێمە دەبینین لە ڕۆژنامەی " کوردستان" دا باس دەکرێ، کە بەشێک لەو سەرۆک عەشیرەتانە قسان دەکەن هەمووی کەوتوونەتە سەر ئەو خەتی هەستی نەتەوایەتی و بە پیرۆز گرتنی هەستی نەتەوایەتی، چ سوێندەکەی پێشەوا بۆ خۆی، چ بڕیارنامەی دووی ڕێبەندان
قازی: دیارە سوێندەکە سوێندی پێشەوا نییە بە تەنێ. سوێندی تەواوی ئەو کەسانەیە کە ئەو ڕۆژە بەشدارییان کردووە لە ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان  و بەیعەیتان کردووە بە پێشەوا.
شەمس: بەڵێ مەبەستم ناوەرۆکی ئەو قسەیەیە. ئەوانیش هاتوونە ناو ئەو فەزایە و ئەمە گرینگییەکەی دەوە دایە جیاواز لەوەی کە کۆمار دوای یازدە مانگان دەڕووخێ، ئەوە زۆر هۆکاری دیکەی هەیە، هۆکاری دەرەکی ئەگەر بچینە سەری، ئەگەر پێویست بێ دەچینە سەری، بەڵام  لەو قۆناغە دا ئەوەی کە زۆر گرینگە ڕاگرتنی باڵانسێکە لە نێوان  ئەو نیشتمان پەروەرییە مەدەنییە کە ژێکافییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد دەگەڵ ئەو پاشماوەی دەرەبەگایەتی و کۆمەڵگای پێش مۆدێڕن کە عەشیرەتەکان تێیدا بوون و تۆ ئەگەر بتەوێ یەکێتییەکی سیاسی دروست کەی، ئترادەیەکی سیاسی دروست کەی لایەنەکەی دیکە ناتوانی ئیهمال کەی. گرینگ ئەوەیە کە تۆ چۆن دەتوانی ئەو باڵانسە ڕاگری. ئەو کارە لە کۆمار دا کرا. بەڵام لە دوای کۆمار دا هەمیشە ئەو کێشەیەمان هەبووە دە ناستۆنالیزمی کوردی دا، بەینی ناوەندی شار و ناوەندی گوند. لە نێوان ڕووناکبیرانی شار لەگەڵ ئاغا و خوردەمالیکی دێهات. وە دێرە دایە کە بە ڕەئی من کۆمار سەرکەوتوو بوو و گرینگییەکەشی دەوە دایە بەهەر حاڵ  پێمان خۆش بێ یا پێمان ناخۆش بێ لەو ماوەیە دا لە پێش ڕاگەیاندنی کۆمار و دوای ڕاگەیاندنیش ئەو شتەی کە زاڵە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا ئەو ئاپۆرەی ژێکافییەکانە زاڵە، نە شتێکی دیکە. گرینگییەکەی دەوە دایە. ڕاستە کە جەنابیشت لێکۆڵینەوەت لەسەر کردووە. ژێکاف خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بەڵام گرینگی دەوە دایە ئەو دەمی بە ڕەئی من چ ژێکاف، چ حیزبی دێمۆکڕات ئامراز بوون، ئامانج نەبوون. ئەو شتەی کە ئێستا گۆڕاوە حیزب بووەتە ئامانج. هەر بۆیەشە ژێکافییەکان خۆیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، حیزبی دێمۆکڕات پێک دێت دەچنە نێو حیزبی دێمۆکڕات ئەگەر بە گوێرەی ئێستا بایە دەبووە شەڕ یانی دوو حیزب شەڕی یەکتریان دەکرد. و هەر بە ڕاستیش حیزب بۆخۆی ئامرازێکە بۆ ئامانجێکی نەتەوایەتی. کە رێئال پۆلیتیک ئیجازە بدا ئەو ئامرازە بگۆڕی دەگۆڕدرێ. تەقەدوسێکی نییە و ئەوە لە کۆماری کوردستان ڕووی داوە. بۆیە ئەو قسەی دەکەم مەبەستم ئەوەیە ڕاستە عەشیرەتەکان هاتن بەڵام  مەکینەی سەرەکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە نەزەری من وێژمان یا وتاری ژێکافییەکان بوو و ئەوەیە دەبیندرێ لە ڕۆژنامەی کوردستان دا. [ بە دەست ئاماژە دەکا بۆ ڕۆژنامەکە کە لە سەر مێزە] و زۆربەی سەروتارەکانیش ئەوان دەیان نووسی.
قازی: باشە بە ڕای بەڕێزت لە ڕووی زەمانییەوە بۆچی نەکرا ئەوە پەرە پێ بدرێ، هەر بەوەندە بەسندە کرا کەسێک پەیامێک بەرێ بۆ عەشیرەتێک لە مەنتەقەیەکی دەرەوەی موکریان، بەڵام ئەو جۆرەی کە دەبێ بەرەو حیزب و کۆمار ڕانەکێشران. بۆ وێنە دەبینین لە ناوچە سەرووترەکان، ئەوەی کە ئێستا ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە، کە دیارە لە سەنەد و بەڵگان باسی کوردستانی ئازەربایجان کراوە. لەوێ لەبەر ئەوەی کە حکوومەتی ئازەربایجان لە  ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕادیکاڵتر بووە ویستوویە ئیسلاحاتی زەوی بکا و زەوی لە نێو جووتێران دابەش بکا کە ئەوە لە کوردستان نەبووە، تەنانەت  ئاغای ئازەربایجانی ئاوا هەبوون کە هاتوون بوون بە ئەندام لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا بۆ ئەوەی زەوییەکانیان بپارێزن. مەبەستی من ئەوەیە  کە دەرەجەی تێگەیشتن و پێگەیشتن و پێوەندی ئەو عەشیرەتانە چەندە بووە؟ بۆ وێنە ئێستا لەم دیمەنانە دا دەبینین، [ ئاماژە دەکا بە مۆنیتۆری پشت سەریان کە بەڵگە فیلمێکی سەردەمی کۆماری کوردستان نیشان دەدا] کە دوایە دەتوانین زیاتری شی کەینەوە
کە ئەوە دەبینین سەرانی کورد و سەرانی ئازەربایجان لە پلیکانی بینای حکوومەتی ئازەربایجان دێنە خوارێ، ناوی چەندین لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان کە لەو دیدارە دا بوون و ئیمزایان لە پای پەیمانی رێکەوتنامەی کوردستان و ئازەربایجان دا هەیە وەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان باس کراوە. بەڵام ئێمە دەزانین بە پێی بڵاوکراوەکانی ئەو سەروبەندی سەرۆک عەشیرەتەکان دەورێکی ئەوتۆیان نەبووە لە بڕیار دان دا. ئەوە چی لێ هەڵدەنجێندرێ؟
شەمس: پێش ئەوە ئەمن پێم وایە لە سەر ئەوە کە لە ئازەربایجان  هەم مافی دەنگدانی ژنان و هەم ئیسلاحاتی ئەرزی زۆر گەورە دەکرێتەوە بە ڕای من دەبێ یەک شتمان لە بیر نەچێ، یانی لە بەراوەرد لەگەڵ کۆماری کوردستان ئەویش ئەوەیە کە تەبعەن وەک کاک عەبباسیش باسی کرد ئەوانەی کە فیرقەی دێمۆکڕاتیان دروست کردووە بەشێکی زۆریان بەستێن و ئەزموونی مارکسیستییان هەبووە و هەر چۆنێک بێ لەو ڕوانگەوە مارکسیست بوون  و مارکسیزمی ڕووسی لێرە دا مەبەستمە. وەختێک دەڵێین نەیشن – ستەیت یا دەوڵەت – نەتەوە  دەوڵەت گرینگە نە نەتەوە. وە دێرە دا ئەو شتانەی ئەوان داوایان دەکرد بەشی زۆری خەڵک بۆ خۆی قەبووڵی نەبوو. بە ڕەئی من کەمێک لەوە دا زیادەڕەوی کراوە. تەبعەن کۆپی کراوە لە ئازەربایجان. لە خودی کۆماری ئازەربایجان ژن تا چەند ئازاد بووە، هەر چەند لە گوتار وقسە دەیان کرد بەڵام ئێمە دەزانین بە هیچ شێوەیەک ژن ئەم ئازادییەی نەبوو. تەبعەن ڕاستیش هەمیشە وایە، وەختێک دەڵێین دەوڵەت – نەتەوە بە نێوی نەتەوە کە بازارە دەیهەوێ دەوڵەت کەم کاتەوە. باڵانسی دروست ئەوەیە تۆ ئەگەر دەتەوێ دەسەڵاتێکی سیاسی دروست کەی چۆن دەتوانی باڵانسی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکە ڕاگری. بە ڕەئی من لە کۆماری کوردستانێ دا ئەو شتە کرا یانی ئەو یازدە مانگەی کە کاک عەبباسیش بڕێکی باس کرد، لەو یازدە مانگەی ئەو کارانەی ئەوان کردوویانە هەمووی بە پشتیوانی ئەو خەڵکە بووە، لە دەرەوەی ویستی خەڵک نەبووە. زۆر شت لە ئازەربایجان کرا کە خەڵک نەیدەویست هەر بۆیەش ئەو حکوومەتە وەختێک ڕووخا ئەو خەڵکە بە شێوازێک نائومید بوو. لەو ڕوانگەوە بە ڕەئی من دەبێ سەیری ئەو شتە بکەین. بەڵام پێکهاتنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان دەزانین دوای سەفەرەکەی پێشەوایە. خوب ئەوەش باش دەزانین دیارە زەختێکی سۆڤیەت لە گۆڕێ دا بووە کە ئەو شتە دروست بکرێت بەو شێوازەی ئەوان دەیانەویست و بێگومان لە بەستێنی ئەو دەمیش دا، لە بیرمان نەچێتەوە کە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە نزیک کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانی یە بەڵام  فەوزاکەی کە لە ساڵی ١٩٤١ڕا پێک هات کە ئێرانیان داگیر کرد و ئەو قەیرانەی دروست کرد بوو ، لەو ماوەی سێ ساڵ و نیوە، چوارساڵەی دا زۆر شت گۆڕا بوو. یانی ئێمە لە سیستمێکی نێونەتەوەیی کە پێیان دەکوت یەکێتیی گەلان بەرەو شەڕی سارد دەڕۆیشتین، تەواو دیار بوو کە بالانسەکە لە ڕووی بالانسی جیهانییەوە دەگۆڕدرێ، سیستمێکی زۆر تازەی نێونەتەوەیی ساز دەبێ. ئەمریکایی و بریتانیاییەکان  لە مێژ بوو ئەوەیان دەزانی، ڕووسەکانیش دەیان زانی و ململانییەکەش دەوێ دایە و بەڵگەنامەکانیش  نیشان دەدەن سۆڤیەت پێش ئەوەی لەگەڵ قەواموسەلتەنە قسان بکەن  بە هیچ شێوازێک نیازیان نییە ئەو ناوچەیە  بەجێ بێڵن، جا ئیدی بڕیاری کۆتایی چ دەبوو دەبوو. لەو بەستێنەدایە کە ئێمە باسی حکوومەتی نەتەوایەتی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان دەکەین و باسی قواستنەوەی ئەو دەرفەتە بۆ کورد دەکەین.
قازی: ئەگەر ئیزنتان لە سەر بێ لە سەر هێندێک لەم وێنانەی کە لەم بەڵگە فیلمی پشت سەرمان دا دەیبینین قسە بکەین بە پێی قسەی دوکتور کاوە عەبباسیان  ئەو ڤێرسیۆنە لەو فیلمەی لەو دواییانە دا پەیدا کردووە. ئەو فیلمە بەڵگەییە فیلمسازێکی ڕووس خانمێک بە ناوی ئیسیڤر شۆپ کاری لە سەر کردووە و دیارە ئەوە لەمێژە لە لایەن فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازربایجانەوە بڵاو کرابووەوە بەڵام بەڕێز عەبباسیان کە بۆ خۆی لە ئینگلیستانە و سینەماکارێکی ئێرانی یە باسی ئەوە دەکا دەڵێ ئەو فیلمە لە ساڵی ١٩٤٧ دروست کراوە لە لایەن ڕێژیسۆرێکی ئاوانگاردەوە بە ناوی ئیسڤێر شۆپ کە بەگشتی لە مێژووی سینەما دا وەکوو داهێنەر و پێشڕەوی فیلمسازیی بەڵگەیی دەناسرێ. فیلمسازێکە کە لە سەر بنەمای ئەو فیلمانەی کە لە ئارشیڤ دا هەبوون – دیارە ئەو فیلمە ئارشیڤیانە ئی بۆنەی جۆر بە جۆرن -  هاتووە موونتاژی کردوون و دەڵێ ئەوە ئی سەروبەندێکە کە حکوومەتی میللی ئازەربایجان  بە ڕێبەری پیشەوری پێک هاتبوو و سکانسی کۆتاییەکەشی باسی سەرکوتکردنی ئەو بزووتنەوەیەی تێدایە. و بەشێکی کۆنکرێتیشی کە لە ڕووی مێژووییەوە و لە ڕووی تەسویرییەوە زۆر زۆر گرینگە بە پێی نووسینی دوکتور عەبباسیان باس  لە یەکێتی میللەتی کورد و میللەتی تورک دەکا چونکە هەر لەو سەروبەندەش دایە کە جمهووری کوردستانیش بە ڕێبەرایەتی قازیی محەمەد پێک هات. دەڵێ من زۆر دەگەڕام نوسخەی ئەسڵی ئەو فیلمە ببینمەوە و پاشان لە ئارشیوی مۆئەسەسەیەکی ئێستای دەوڵەتی جمهووری ئازەربایجان  دیتمەوە بەڵام لەوێ فرەیمەکەیان گۆڕیبوو، دەڵێ ئەمن تەنیا کارێکی کە کردوومە لەگەڵ ئەو فیلمە  ئەوەیە کە فڕەیمەکەم ئیسلاح کردووە. بەڵام بەڕێز عەبباسیان باسی ئەوە ناکا کە کاتی خۆی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دەنگی لە سەر ئەو فیلمە داناوە. چونکە ئێوە هەردووکتان و ڕەنگە زۆرێک لە بینەرانیش پێشتر ئەو فیلمەیان دیبێ کە هێندێک ناڕوون بوو بەڵام ئەو دەنگەی لە سەری داندرا بوو فیرقەتدێمۆکراتی ئازەربایجان بە زمانی تورکی ئازەربایجانی ئامادەی کردووە. ئەمن ئەو قسانەی بەڕێز دوکتور کاوە عەبباسیانم لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن بە نێوی " کیوسک  " وەرگرتووە کە بەڕیز پەیام حوسێنی بەڕێوەی دەبا.
 هێندێک لە دیمەنەکان تاریخیان  ڕوونە. ئەوەی کە ئێستا دەیبینین ڕۆژی سێشەمە ٣-ی  بانەمەڕی ١٣٢٥-ی هەتاوی کە دەبێتە ٢٣-ی ئاوریلی ١٩٤٦، ئیمزا کردنی پەیمانی دۆستی بەینی  حکوومەتی میللی ئازەربایجان و جمهووری کوردستان  لە خانووی میللی حکوومەت، یا بینای  مەجلیسی میللی ئازەربایجان ٢٣-ی ئاوریلی ١٩٤٦  هەڵگیراوە ئەوانەی کە دەیان بینین

 لە دەستی ڕاستەوە ئەمەرخانی شەریفی کە سەرۆکی عێلی شکاک بووە، دوایە شادڕەوان میرجەعفەری پیشەوەری باش وەزیر لە حکوومەتی میللی ئازەربایجان، میرزا عەلی شەبوستەری رەئیسی مەجلیسی میللی ئازەربایجان، محەمەد حوسێن سەیفی قازی کە یونیفۆڕمی نیزامی ژەنەڕاڵی دەبەر دایە وەزیری بەرگری کوردستان، دوایە سەید عەبدوڵای گەیلانیزادە کە پای ئەو پەیمانەی وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئیمزا کردووە و ئەوی دیکەش پێم وایە ڕەشید بەگی بەگزادەیە.


ئەوە لێرە دوو هەیئەتەکە دەست دەدەنەوە، ئەوە ڕەشید بەگە، ئەوە زێڕۆ بەهادوڕی یە، ئەوە پێشەوا قازیی محەمەد و پیشەوەری. ئەوە ئەو وەختەیە کە لە ٢٣-ی ئاوریل پەیمانەکە ئیمزا کراوە. ئەو سەحنەیە ئیحتیمالی هەیە ئی دووی ڕێبەندان بێ ، بەڵام ئێرە نازانم کوێیە من بۆ خۆم هەتا ئێستا بۆم ڕوون نەبووەتەوە. و ئەوەش ئەفسەرەکانن کە هەموویان دەناسرێنەوە.


 محەمەدی یاهوو، وەهابی بلووریان، حوسێنی زێڕینگەران (فرووهەر)، کە یەکەم سەرۆکی کۆمەڵەی ژێکاف بووە، مەناف کەریمی، دڵشادی ڕەسووڵی کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەش بووە و دوایەش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات و ئەویدیکەش محەمەدئەمینی شەڕەفی یە. ئەوەش گرینگە کە بینەران بیانناسنەوە


پاشان سەحنەیەکی دیکەش هەیە کە  پێشەوا و پیشەوەری نیشان دەدا لە فڕۆکەخانەی تەورێز کە ئەوە دیارە پینج ڕۆژ دوای ئیمزای پەیمانی دۆستایەتییە  یانی لە ڕۆژی یەکشەمە  ٢٨-ی ئاوریلی   ١٩٤٦/ ٨-ی بانەمەڕی ١٣٢٥-ی هەتاوی هەیئەتی هاوبەشی ئازەربایجان- کوردستان بۆ موزاکەرە  دەچن بۆ تاران  و لە فڕۆکەخانەی تەورێز پێشەوا قازیی محەمەد،  پیشەوەری و هەیئەتەکەی بەڕێ کردووە، و قسەی کردووە و پیشەوەریش قسەی کردووە ولە بەشێک  لە قسەکانی دا گوتوویە: " ب
رایانی کوردمان به‌ سه‌رنێزه‌کانی خۆیان سنووره‌کانی ئێمه‌ ده‌پارێزن و ئێمه‌ش سنووره‌کانی ئه‌وان ده‌پارێزین. ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ بژین و بمێننه‌وه‌، ده‌بێ یه‌ک بگرن.بنچینه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌ به‌ یه‌که‌تی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. ئاغای محه‌مه‌دی قازی پێشه‌وای گه‌لی کورد ئێستا یه‌ک له‌ بڵیمه‌ته‌کانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاته‌."  دیارە دەستەی نوێبەرایەتی هاوبەش مانیفێستێکی ٣٣ مادەییان بردووە بۆ تاران کە لەو موزاکەراتە دا سەر نەکەوتوون و ئەوەی کە زۆر زۆر چاوڕاکێشە لەو سەنەدە دا کە لە ڕۆژنامەی " آذربایجان" ئۆرگانی ناوەندیی فترقە دا بڵاو بووەتەوە ئەوەیە باسی ئەو ناوچانەی ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمار وەک کوردستانی ئازەربایجان دەکرێ. یانی ١٣ مادەی ئەو مانیفێستە لە سەر کوردستانە و وەک کوردستانی ئازەبایجان باس کراوە کە دیارە حکوومەتی ناوەندی ئەوەی قبووڵ نەکردووە. ئەوە میرزا عەلی ڕیحانی یە کە لەوێ دەیبینن و ئەوەی ئەولایەش شەهید محەمەدی نانەوازادەیە. شتێکی دیکەش کە ویستم باسی بکەم چون لە ڕووی چاپەمەنییەوە تازەیە ئەویش ئەم کتێبەی [ کتێبەکە نیشان دەدا]  بەڕێز کاکشار ئۆرەمارە  کە تەرجومە تورکییەکەیەتی. " یادگارییەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ " ڕێپۆرتاژ، ئانالیز، وێنە، ئارشیڤ و هەڵسەنگاندنەکان" دیارە ئەوە پێشتر بە کوردی کورمانجی بڵاو ببووەوە.

و ئەو وێنەیش کە لەسەر بەرگ دەیبینین لەیەکێک لە سەفەرەکانی پێشەوا بۆ شاری تەورێز هەڵگیراوە کە هەژارو هێمن ی لەگەڵ بووە و لەم لاو و ئەولای  دەبیندرێن. ئەوی پشتەوەش سەدیقی حەیدەری، عەزیزی سەدیقی ، محەمەدی نانەوازادە و ئەوەش جەعفەری کەریمی یە کە لە ئەفسەرانی هێزی کوردستان بووە. ئەوەش سەرچاوەیەکە سەڕەرای ئەوەی کە ناوەرۆکەکەی چەندی لەگەڵ بین یا نەبین  تازەیی هەیە چونکە لە ئەدەبیاتی غەیری کوردی دا لە سەر کۆماری کوردستان بابەت کەمە. ئێستا نزیکەی ١٥ دەقیقەیەکمان وەخت ماوە ئەمەش تەرخان بکەین بۆ زەمانی ئاکتوێل یانی لە ٧٦ ساڵەوە بێینەوە ئێستا و لە بەڕێزیشتەوە دەست پێ دەکەم دوکتور قادری. دیارە دەبوو ئەو مەسەلەیان لە بەر چاو بێ کە ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زۆر شتی سەروبن کردووە لە کۆمەڵی کوردی دا، ئینسانەکانی تەربییەت کردووە و ئەوە ئێمە لە قسەی باوکی شەهیدان ڕا دەبینین . بۆ وێنە بابی شەهیدێک لە دەوروبەری بۆکان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کورەکەی دا لە سەر گۆڕەکەی کوتی: " زەمانێک ئەگەر ئێمە دەمانویست بە یەکێ بڵێین زۆر پیاوە، بە یەکێ بڵێین زۆر بە غیرەتە، زۆر بە نامووسە، زۆر بە ویژدانە لە کەلیمەی چی ئیستیفادەمان دەکرد " پیاو "دەمان گوت زۆر پیاوە. ئەلعان پیاوێک کە بییەوێ زۆر پیاو بێ، دەبێ زۆر ژن بێ. واقیعەن غیرەتی ژنەکان لە پیاوەکان زیاترە". جەنابت  هەڵسەنگاندت چییە لە سەر شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵات و لە ئێران؟

قادری: فارسەکان دەڵێن: " اگر مردی زن باش ". ئەو دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دیارە لە کوردستانی ڕۆژئاوا ڕا دەستی پێکرد و هات بۆ لای ئێمە. لە شاری سەقز ڕا گەیشتە تاران و لە تارانیش ڕا گەیشتە هەموو دنیایێ. ئێستا بووەتە شعارێک، قەدەری ئەو لای لە شاری پاریس لەسەر بورجی ئیفێل شەهرەداریی پاریس لێی دابوو بە زمانی فەڕانسە: " ژن، ژیان، ئازادی ". وە تەئیدیشی کرد خانمی شەهرداری پاریسێ کە کوردەکان ئەو دروشمەیان هێناوەتە گۆڕێ. جا پێمان خۆش بێ یان پێمان ناخۆش بێ، ئەو کەسانەی کە نایان هەوێ ئەو شتەی بە ڕەسمییەت بناسن واقعییەتەکەی ئەوەیە کە لە وێڕا هاتووە و بەڕێز ئوێجاڵان هەوڵێ باسی کردووە. کارمان بەوەی نییە کە ئەوڕۆ هەر هەمان مانای هەیە کە شۆڕشی ژنان لە ئێرانێ دا هەیەتی بەڵام لەوێڕا هاتووە کە وابوو دروشمێکی جوانە قەدری لێ بگرین و بە ڕەسمییەتی بناسین. دووەمین مەتڵەب بۆ من ئەوەیە کە دە شۆڕشی ئێستای ژنان لە ئێرانێ دا بۆ ئەوەڵین جار جوێ کردنەوەی دین لە دەوڵەت مەترەحە. مەسەلەی ئەو شتەی کە ئێمە لە ئوڕووپایە دیتمان لە سەدەی ١٨ بەملاوە کە پێیان دەکوت ڕووناکایی/ لوومیێغ بە نەزەری من خەریکە دەست پێدەکا لە لای ئێمە. بۆ ئەوەڵین جارە ئێمە دەبینین کە نەسلێکی جەوان هاتووە بنەمای ئەو مەزهەبەی بردووتە ژێر سوئال، دەڵێ ئەو مەزهەبەم ناوێ، دەڵێ دەبێ مەزهەب حکوومەت نەکا. بۆ من دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەر لە هەموو شتێک گەیشتن بە سیستمێکی سکیولارە/ لائیکە، کە دەوێدا زوڵم هەڵدەگیرێ. من فکر دەکەم  زوڵم ئەساسی ئەو سیستمەیە کە ئەلئان لە وڵاتەکانی ئێمە لە تەواوی وڵاتەکانی کە دین لەسەریان بەشێوەیەک زاڵە، بە سەر ژن دا، هەوەڵێ بە سەر ژن دا ئێعمال دەکرێ. ئەمن فکر دەکەمەوە ئەوە دەسپێکردی وەیە ئێمە دەبێ بڕۆین بەرەو کۆمەڵگایەکی سیکولار، کۆمەڵگایەکی کە ئیدی ژن نەبێتە ژێر دەست و ئاوا زوڵمی لێ بکرێ بە نێوی دین، بە نێوی مەزهەب و هەر بۆیەشە دەبێ زۆر پشتی بگرین و ئاگامان لێی بێ و لەگەڵی بچینە پێشێ. پێم خۆشە ئەوەش بڵێم لە کۆمەڵگای کوردەواری دا ئێمە بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە کوردستانی خۆمان فکر ناکەم جەوانەکانی ئێمە بۆ ئەوەی لە خیابانێ دا بن بۆ ئەوەی کە لەچەک لە سەر سەری ژنان هەڵبگیرێ لە ئێرانێ، نە لە ئێرانێ، نە لە کوردستان. فکر دەکەم کوردستان بەشێکە لە ئێران کە هەمیشە ژن ئەو ئازادییەی هەبووە کە لەچکەی بەسەر دا بدا یا نەدا، چارشێوی پێدا بدا یا پێدا نەدا. فکر ناکەم ئەسڵی قەزییە ئەوە بێ. فکر دەکەم لە ژێر وەی موبارەزەیەکە بۆ وەی کە مافی کوردی، مافی خەڵکی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێ دا بە ڕەسمییەت بناسرێ، مافەکانی چیدیکە پێشێل نەکرێ و کورد بتوانێ وەکوو میللەتێکی سەربەخۆ  بەڕاستی دە چوارچێوەی ئێرانێ دا، دوایی حیزبەکان، خەڵکەکە ئەو بەرنامەی دیاری دەکەن. ئێمە ناتوانین لێرە هیچ نوسخەیەکی بپێچینەوە، خەڵک دوایە تەعین دەکا کە چ فۆڕمێکی دەوێ لە خۆ بەڕێوەبردن، لەسیستمی ئیداری خۆی دا. بەڵام فکر دەکەم ئەوەیە کە دەبێ بیخوێنینەوە یانی لە ژێر ئەو دروشمەی ژن. ژیان. ئازادی موبارەزەیەکیشە بۆ  حەقی ئەو میللەتەی کە زۆر لە مێژە پێشێل دەکرێ، کە چل و سێ ساڵە جمهووری ئیسلامی لە بن پێی دەنێ. وە لەو نەزەرەیەوە بۆ من موبارەزەیەکی زۆر گەورە و زۆر بەربڵاوە. پێم وایە ئێستاکانێ لە ئێرانێ حەول دەدەن ئەوەی کەم ڕەنگ کەنەوە. شوعارێکی دیکەیان هێناوە " مرد، میهن، آبادی" کەدە بەرابەر ئەو شوعارەی دا بنێن. بە نەزەری من ناتوانێ جێگای خۆی بگرێ و نەشی گرتووە، چونکە پێم وایە کۆمەڵگایەک ئازاد نابێ هەتا  ژن ئازاد نەبێ و ژن ئازاد نابێ هەتا سیستیمەکە سیکولار نەبێ، تا هەموو جوورە تەبعیزێک لە بەین نەچێ و یەکێک  لەوانەش تەبعیز لەسەر ژنانە.
قازی: زۆر باشە، کاک سەعید دیارە دەرسێکی کە لە تاریخ وەردەگیرێ بەردەوامییە، یانی ئەگەر تۆ هەر ڕووت لە ڕابردوو بێ بە هیچ کوێ ناگەی بەڵکوو دەبێ حەول بدەی ئەوەی کە لە ڕابردوو نەتوانیوە پێی بگەی ئێستا پێی بگەی. جەنابت هەڵسەنگاندنت لە سەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی  چییە و دوورنماکەی چۆن دەبینی؟
شەمس: وەک هاوڕێ سوهەیلا باسی کرد تەبعەن دەوە دا هیچ گومانێک نییە ئەو دروشمە ڕەگەزی کوردی هەیە جا لە ڕۆژئاوا لە پێشدا لە باکوورێ دا بەڵام پرسیارێک دێتە گۆڕێ بە هەر حاڵ ئەم دروشمە کە لەوێ بووە لە ئێرانێ لە سەقزی ڕا لە ڕۆژی بە خاک ئەسپاردنی ژینا ئەو دروشمە درا وەک بۆمبێک تەقییەوە چون بە ڕەئی من ئەو بەستێنە ئامادە بوو. بۆچیش ئامادە بوو، لەبەر ئەوەی کە  لە ماوەی چل و سێ ساڵی ڕابردوو سیستمی ئیسلامی ئێران کارەساتێکی بە سەر ژنان هێنا بوو، بەستێنێکی باش هەبوو بۆ ئەوەی کە ئەو دروشمە لەوێ ببێتە شۆڕشێک، ئەو دروشمە بە ڕەئی من لە جێی دیکە نەبووەتە شۆڕش. دروشم لە ئارا دا بووە نەبووەتە شۆڕش. ئەوەش بۆ خۆی خاڵێکی زۆر زۆر گرینگە، هەر بۆیەشە ژینا یا مەهسا ئەمینی  هەم کورد بوو، هەم ژن بوو، چون خودی دروشمەکە ڕەگەزی کوردی هەیە و ژنیش بوو. ژن بە واتایەک کە یەکەم ڕەنگدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە ژنی لە هەموو مافی ژنایەتی مۆدێڕنی ئەمڕۆ مەحڕووم کرد بوو، وە لای نابوو. و ئەو ڕاپەڕینە، ئەڵبەتە ئەمن لەگەڵ ئەو قسەیەی نێم دەڵێن شۆڕشی ژنانە، بەڵام پێشەنگی ژنان و بەشداری ژنان دەوەدا کە بێوێنەیە دە مێژوو دا، ڕەنگدانەوەی ئەوە بوو. ئەوەش ئەسڵێکی زۆر گرینگ دەگەیێنێ بە ڕەئی من یا ئیمڕۆ زۆر قسە دەکرێ لە سەر ئەوە، ئەویش لە سەر مافی مرۆڤە. ئایا دیاری کردنی چارەنووسی سیاسی یەکێک لەو شەرتانەی مافی مرۆڤە؟ یا بناغەی مافی مرۆڤە. یانی تۆ وەختێک باسی مافی مرۆڤ دەکەی، مافی مرۆڤ مافی خوێندنە، مافی کۆچ کردنە، مافی ئەوانەیە. هەموو ئەوانە بناغەیەکی هەیە پێی دەڵێن دیاریکردنی چارەنووس. ئەو شتەی کە کۆماری ئیسلامی ئەو دیاریکردنەی چارەنووسی لە ژنان ئەستاند بوو. و ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەقیقەن دەوەی دایە و بۆیەشە هەموو دنیا موتەحەییر بووە لە سیستمێکی دیکتاتۆرێکی دینی دا، لەو سەرکوتەی کە دەکرێ چۆن ئەو ژنانە ئاوا هاتوونە مەیدانێ و چۆن هەتا ئێستا  بەردەوام بووە. دەرسێک کە ئێمە دەتوانین وەری گرین ئەوەیە کە ئەو بەحسەی کە لەگەڵ ئێرانییەکان کرا لە سەر تەواوییەتی ئەرزی و ئەوانە، ئەگەر قەرارە سبەینێ نەتەوەکانی ئێران یا نەتەوەی کورد وە ژنی کوردیش هەر وەتر ئازاد بێ کەس ناتوانێ بە هیچ بەهانەیەک پێشی دیاریکردنی چارەنووس بگرێ چون ئەم ئازادییە بەوەوە گرێدراوە، ئەگەر لە خەڵکیت وەرگرت ئازادی مەعنای نامێنێ. وە بە ڕەئی من ئەو شۆڕشە ئەو دەمی دەتوانێ سەرکەوێ وە دەبێ زۆر ئاگاداری ئەو مەوزووعەش بین چون جیاواز لەوەی دروشمەکە زۆر جوانە، بووەتە هاندەرێکی گەورە لە هەموو دنیاش ڕەنگدانەوەی هەیە بەڵام دروشمێکی زۆر بەربڵاوە، هەزاران ڕاوەی لێ دەکرێت بۆیە دروستە کە ئێمە ڕاوەیەکی دروست بە ڕەگەزەکەیەوە بکەین  کە ڕەگەزێکی زۆر ڕادیکاڵە کە دەیەوێ ستەمی جینسییەتی، ستەمی کۆمەڵایەتی، چینایەتی و هەر وەها ستەمی سیاسی نەمێنێ. ئەگەر ئێمە ئەو زۆردارییانە نەهێلین ئەو دەمی کۆمەڵگایەکی ئازادمان دەبێت. لەو ڕوانگەیەوە ئەمن تەماشای ئەو دروشمە دەکەم و لانی کەم هیوادارین تا ئێستە کە کورد دەورێکی کاریگەری بووە دەو بزووتنەوەیە دا و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانێ پارێزگاری بکەن لەو دروشمە و نەیەڵن ئەو دروشمە لەبیر بچێتەوە.
قازی: دوێنێ لە وڵاتی کانادا لە زانکۆی کارڵتن وێبینارێکی ماراتۆنی حەوت سەعات و نیوی هەبوو کە لەوێدا دەعوەت کرابوو لە ژمارەیەکی زۆر ئاکادێمیسیەنی ئێرانی فارسی زمان ، تورکی ئازەربایجانی، بەلووچ، کورد،عەڕەب هەموو بەشدارییان هەبوو قسەیان دەکرد. لەوێ بەشێکی تایبەتی  لەسەر ڕێبەرایەتی بوو. بەڕێزت ئەو مەسەلەیە چۆن هەڵدەسەنگینی، دەزانین ئەو ئیستیدلالی کە سەلتەنەت تەڵەبەکان و کوڕی شای پێشووی ئێران دەیکا کە ئەمن دەبێ مانداتی ئێوەم هەبێ کە بتوانم لەگەڵ خەڵکی قسە بکەم و لەو وێبینارەش دا بە پێچەوانەی ئەوە باسی ڕێبەرایەتییەکی کۆلێکتیڤ و ئیتلاف دەکرا، نەک ئیتیحاد وەکوو ئیتلاف و سەبارەت بەوە دەگوترا پێویستە شووڕایەکی رێبەری لە هەموو نەتەوە جۆربەجۆرەکانی کە لە جو‌غرافیای ئێران دا دەژین پێک بێ. بۆچوونی هەر دووکتان لەو بارەیەوە چییە؟
شەمس: خۆ لە دروشمەکان ڕا دیارە دەڵێن بە نێوی ڕاپەڕین یا خودای ڕەنگین کەمان، ئەوان وا دەڵێن یانی ئەو شتەی کە لەو شۆڕشە دا هەیە ئەو ڕەنگاوڕەنگییەیە کە بووە. ژنە، کەمینەکانن، خەڵکی دیکەیە. وە لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە بە تایبەتی ئەو شتەی کە ڕەزا پەهلەوی کردوویە، ئەگەر ئەوە شۆڕشی ژنان بێ خۆ بە وەکالەتی پیاوان نابێ. بۆیە بە ڕەئی منیش کە باسی رەهبەری دێتە گۆڕێ، بۆیە زۆر زۆر گرینگە چون ئێمە ئەلئان لە فازێک داین لەو شۆڕشە دا  بۆ ئەوەی بەردەوام بین حەتمەن سەرکردایەتی بە مەعنای ستراتێژی نە بە مەعنای کەسایەتی چون ئێمە لێرە باسی سەرکردایەتی دەکەین، باسی ڕەهبەر ناکەین باسی کۆمەڵێک خەڵک دەکەین کە ئەوەڵەن نوێنەرایەتی ئەو ڕەنگاوڕەنگییە دەکەن، دووەم دەتوانن وێژمانێک یا ڕێگا چارەیەک نیشان بدەن کە ئێمە لە نوختەی ئەی ڕا دەچینە نوختەی بی و ئاواش دەتوانین بچین، لەو ڕوانگەوە دەبێ کوردی تێدا بێ، ژنی تێدا بێ، بەلووچی تێدا بێ و دەبێ ئەوانە هەمووی تێدا بێ، ئێمە باسی ئەوەی ناکەین ناجییەک پەیدا بێ بۆ ئێرانێ.
قازی: کاتمان بەرەو تەواو بوون دەچێ بەڕێز قادری بەرێزیشت فەرموو.
قادری: منیش بە تەواوی لەگەڵ بۆچوونەکانی کاک دوکتور سەعیدی شەمس موافقم پێم وایە کە سیستمی سەلتەنەتی ئیمتیحانی خۆی داوە لە ئێرانێ پێویست ناکا شتێکی کە ئیمتیحانمان کردووە دووبارە بێینەوە سەری  و مەسەلەی دووەم ئەوەیە کە هیچ ئالترناتیڤێکی ستراتێژیک ئێستاکانێ لە ئێرانێ بۆ ڕێبەرایەتی ناتوانێ هەبێ جگە لەوەی کە بە ڕاستی هەموو چین و توێژەکان و کەمایەتییەکانی ئێرانی تێدا هەبێ.
قازی
: زۆر سپاستان دەکەم بەڕێز دوکتور سوهەیلا قادری بۆ بەشداریت لە بۆنەی دووی ڕێبەندان دا و هەر وەها بەڕێز دوکتور سەعیدی شەمس. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە  کۆتایی پیرۆزبایی دووی ڕێبەندانی ئەمساڵێشمان. هیوادارم ساڵێکی پر لە سەرکەوتنتان هەبێ و تا دووی رێبەندانێکی دیکە سەرکەوتنی زیاتر هەبێ بۆ خەباتی زەحمەتکێشانی کوردستان و هەر بژین.           
تێبینی ئەم بەرنامە تایبەتییەی ستێرک ئێوارەی یەکشەمە ٢٣-ی ژانڤییەی ٢٠٢٣/ ٢-ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە ئاوایەکی زیندوو بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ لەم لینکەی خوارە دا ڤیدێئۆی بەرنامەکە ببینن.!

https://youtu.be/iLpeSI-QzNY?si=4C64SQAdh6R-3zzo





















 

No comments: