Sunday, February 18, 2024

وتە کانی پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی لە دوکیومێنتاری " دیکتاتۆرییەت لە ئێران دا " کە لە حەوتووی دوویەمی مانگی فێڤرییەی ٢٠٢٤ لە سێ بەش دا لە تێلێڤیزیۆنی کورد کاناڵەوە بڵاو کراوەتەوە. مۆدێراتۆر: عەلیی لەیلاخ

وتە کانی پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی لە دوکیومێنتاری " دیکتاتۆرییەت لە ئێران دا "  کە لە حەوتووی دوویەمی مانگی فێڤرییەی
٢٠٢٤ لە سێ بەش
دا لە تێلێڤیزیۆنی کورد کاناڵەوە  بڵاو کراوەتەوە. مۆدێراتۆر: عەلیی لەیلاخ

-هۆکارەکانی سەرنەگرتنی دێمۆکڕاسی لە ئێران
سەبارەت بە پرسیارەکەی یەکەم  کە دێمۆکڕاسی حەلقەی مەفقوودەی سیاسەتی ئێرانێ یە و ئێران هەمیشە دیکتاتۆری لێ ساز بووە و حکوومەتی دیکتاتۆری ئەو مەجالەی نەداوە کە دێمۆکڕاسی بێتە سەر کار. دە ئەسڵ دا ئەو پرسیارە پرسیارێکی قووڵە بەڵام ڕەنگە باشترین ڕێگای شرۆڤە کردنی ئەو پرسیارە بە شێوەیەکی کورت و موجمەل و موختەسەر ئەوە بێ کە ئێمە بە گشتی ئێرانێ دە چوارچێوەیەکی قیاسی/ بەراوەردکارانە لەگەڵ ئوڕووپایەدابنێین. چونکە ئەوەی کە من دەیڵێم مەبەستێکی تایبەتیم هەیە چون لە ئێرانێ مۆدێرنیتە واقیعەن پڕۆژەیەکی ناتەواو بووە، پڕۆژەیەک بووە کە ناقیس ماوەتەوە، پڕۆژەیەک بووە کە چەندین جاران پساوە و چەندین جاران دیسان خۆی گرتووەتەوە و هیچ وەختێکی واقیعەن بەو ئەنجامەی نەگەیشتووە. یانی بەو شێوەی کە ئەمن لێرە مۆدێرنیتەی دەناسێنم مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە بە تایبەتی دە مەیدانی سیاسەت دا ساختار وسازمانێکی سیاسیمان هەبێ کە لە سەر بنەمای عەقڵ و خیرەدی سیاسی بێ نەک لە سەر بنەمای نەریت و مەسەلەی ناعەقڵانی و ئەوانە. ئەگەرچی سوننەت/ نەریت و مەسەلە عاتیفی و ئێحساسییەکان هەمیشە لەسیاسەتدا جێگایان هەبووە، بەڵام موحاسەبە و موعادەلەی عەقڵانی لە بڕیار دانی سیاسی دا دەبێ حاڵەتێکی سەرەکییان هەبێ. لە ئێرانێدا بەرهەڵستی ئەساسی کە پێشی ئەو پێواژۆیەی گرتووە سونەت/ نەریت و مەزهەب بووە. 

- بۆشایی ڕێفۆرم و ڕێفۆڕمخوازی لە ئێران
ئەگەر تەماشای بکەین لە ئوڕووپایە مەسەلەی لێبێرالیزم دە پێشدا، لە پاشانیش لیبێراڵ دێمۆکڕاسی و پێکەوە لێبێراڵ دێمۆکڕاسی و تەنانەت پاشان سۆسیال دێمۆکڕاسی بنەماکەی دەچێتەوە سەر سێکولاریزم. سێکولاریزم یانی عەلمانییەت لەو بابەتە زۆر گرینگ بووە. ئەمن نامەوێ لێرە عەلمانییەت داکشێنم بۆ مەسەلەی جلوبەرگ و پێوەندی لەگەڵ مەزهەب ، مەزهەب دەبێ دە سیاسەت دا جێگای هەبێ نەبێ یان دەوری سیاسی، ئەوانە لایەنی دووەم و ناسەرەکین لەو بابەتەوە. ئەوەی کە گرینگە لێرە ئەگەر تەماشای بکەین ئەو عەلمانییەتەی کە لیبێرالیزمی هێناوەتە گۆڕێ لە ئوڕووپایە دا کە دوایە لە پێوەندی لەگەڵ وەیدا، هەڵبەت لە بەربەرەکانی دەگەڵ وەیدا تا ڕادەیەکی زۆر دێمۆکڕاسی هاتووەتە ئارا، لێرە دا مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە کە لە ئوڕووپایە ئایینی مەسیحییەت بۆ خۆی خۆی دە ناوەرۆکی خۆیدا ڕێفۆرم کردووە، چاکسازی کردووە. یەکێک لە موسیبەتەکانی  ئەسڵی وڵاتە ئیسلامییەکان، یانی ئەو وڵاتانەی کە تێیاندا ئیسلام ئایینی سەرەکییە، ئیسلام هیچ وەختێکی دە ناوەرۆکی خۆی دا خۆی ڕێفۆرم نەکردووە کە ڕێگا بکاتەوە بۆ تاک و تاکێتی/ فەردییەت و مەسەلەی  لیبێرالیزم. لە ئێرانێ دا ئەگەر تەماشای بکەین جووڵانەوەیەی زۆر گەورەی ئاوا هاتە پێشێ، یانی ڕێفۆرم لە دەروون و لە ناوخۆی مەزهەب دا. ئەو جووڵانەوەیە جووڵانەوەی بابی بوو. حەڕەکەتی بابی زۆرگرینگ بوو و لە بەین بردن و سەرکوت کردن و کوشتاری بابییەکان کە لە زەمانی ناسرەدین شا دا کرا، تەنانەت باسی هەشتا هەزار، سەد هەزار کەس دەکرێ، تەنانەت باسی سەدوپەنجاهەزار کەس دەکەن کە کووژراون، ئەوە عەدەد وڕەقەمێکی زۆر گەورەیە ئەگەر ورد بینەوە ئەو دەمی ئێران، ئەوپەڕی شایەد ٧، ٨ یان بە لانی زۆرەوە دەمیلیۆنی دانیشتوو بوو بێ.  
بێ لەوەی کە یەکگرتوویی سیاسی و تەمەرکوزی سیاسی و ئەو جۆرە شتانە ئەوە حەقایەتی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە ئەو دەمی نەبووە لە ئێرانێ واقیعەن، ئەو حەقایەتە ئەو دەمی نەبووە. جا بۆیە مەزهەب هەمیشە لە موقابیلە دا بووە لەگەڵ مۆدێرنیتە. ئەو ڕێفۆرمەی مەزهەبی لە دەروونەوە کە نەکرا هەمیشە لە هەمبەر مۆدێرنیتەو مۆدێرنیزم دا، ئەگەر مۆدێرنیزم بە پێکهاتنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە سەر بنەمای لیبێرالیزم و لە سەر بنەمای شارومەندی و ئەوانە دابنێین نەک هەر کارگەو فابریک دروست کردن و فڕۆکە دروست کردن و ئەو جۆرە کارانە، هەر چەند ئەمانەش گرینگن. ئەگەر ئەساسی ئەمە لەبەر چاو بگرین لە ئێرانێدا ئەوە دەوڵەت هێنایە پێشێ. ئەوە زۆرسەیرە چون مەزهەب خۆی ڕێفۆرم نەکردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئەگەر ورد بینەوە بۆ وێنە  تەنانەت مەسەلەی ئازادیی ژنان، مەسەلەی جێندر و سێکسوالیتە و ئەو بابەتانە ئاڵاهەڵگری ئەوانە هەمیشە دەوڵەت بووە، هەمیشە پیاوان بوون. تورکیا لە بەر چاو بگرە، توونێس لە بەرچاو بگرە، میسر لە بەر چاو بگرە، ئێران لەبەر چاو بگرە. بە پێچەوانەی ئوڕووپایە ئێمە حەڕەکەتێکی " سافرۆجێت" ی وەکوو ئینگلیستانێمان نەبووە.
جا مەزهەبێکی کە دۆگماتیکە، ڕێفۆرم نەکراوە هەم پێشی ئەوەی گرتووە کە کۆمەڵگەی مەدەنی کولتووری سیاسی بۆ خۆی خۆی لیبێرالیزە بکا بۆیە مۆدێرنیتە و مۆدێرنیزاسیۆن و ئەوانە هەمیشە لە سەرەوە ڕا هاتووە. ئەمن کە ئەوەی دەڵێم واقیعەن یەکێک لە سەبەکانە، دێمە سەر پرسیارەکەی دووەمت ئەوە لێرە دا زۆر گرینگە کە ئێمە باسی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکەین باشترە ئەوەی دەقیقتر بڵێین ناسیۆنالیزمی فارسی زۆرتر، ئەگەرچی ناتوانین ئەوەی ئینکار بکەین کە ئازەرییان نەخشێکی گەورەیان هەبووە لە پێکهێنانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی بڵێین ناسیۆنالیزمی ئێرانی.
ناسیۆنالیزمی ئێرانیش هەم وەکوو حەڕەکەت و هەم وەکوو ئیدێئۆلۆژی دە پڕۆسەی بە دەستهێنان و وەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی دا شکستی خواردووە.
  
- ناسیۆنالیزمی ئێرانی یان ناسیۆنالیزمیی فارسەکان؟
یەکێک لەو مەسەلانەی کە ئێمە بێ پسانەوە دەیبینین دە مێژووی هاوچەرخی ئێرانێ دا ئەوەیە کە چینی ناوەڕاستی ئێرانێ کە ڕەنگە لە ڕووی مێژووییەوە بتوانین بڵێین بنەمای کۆمەڵایەتی هەستێکی ناسیۆنالیزمی هەیە هەمیشە بەشدار بووە، هەمیشە ئاڵا هەڵگری خەبات بووە و ملەی کردووە، هەمیشەش لە دوایە وەلانندراوە و حەقی خوراوە. لێرە دا ئەگەر ورد بینەوە ناسیۆنالیزمی ئێرانی شکستی خواردووە لە دوو لایەنەوە. یەک ئەوەی کە مەزهەب واقیعەن پێشی گرتووە. بۆ وێنە ئەگەر تەماشای " شۆڕشی مەشرووتییەت" بکەین، لەشۆڕشی مەشڕووتییەت دا بەشێکی زۆر لە ئامانجەکانی شۆڕشی مەشڕووتییەتی ئێرانێ کە شۆڕشێکی تایبەتی مۆدێڕن بووە لە سەرەوە ڕا، لە لایەن نوخبەکانەوە، نەک لە لایەنی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە. دەبێ ئەوە بگوترێ ئەگەر ئێرانیان دەڵێن ئەوە شۆڕشێکی جەماوەر بووە وا نییە، دە حەقیقەت دا ئەوە شۆڕشی ئێلیتی/ نوخبەی ئێرانێ بووە. ئێلیتێکی کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری مۆدێرنیتەی ئوڕووپایی دا بووە .
بەڵام ئەوەی کە من لێرە باسی دەکەم نفووزی مەزهەبی لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەشەوە سەرهەڵێنانی ئیدێئۆلۆژی چەپ، ئی کۆمۆنیستی، ئی سۆسیالیستی پێشیان بەوە گرتووە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە وەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیدا سەرکەوتوو بێ.
لێرەدا کە ئەمن باسی ئەو ئامانجانە دەکەم وەکوو کەسێک لە دەرەوە ڕا تەماشایان دەکەم، چونکە ناسیۆنالیزم دەتوانێ ئامانجی پێشکەوتووانەشی هەبێ. یانی پێکهێنانی سیاسەتێکی نوێنەرایەتیی پارڵمانی، هەر چەندزۆر بەرتەنگ بووبێ لەسەرەتاوە. بۆ وێنە ئەگەر ورد بینەوە ئەوەی کە لە ئێرانێ لە شۆڕشی مەشڕووتییەت دا پێک هات چ بوو؟ لە شۆڕشی مەشڕووتییەت دا ئێمە کۆمەڵگەیەکمان هەبوو کە ئەو کۆمەڵگەیە سەدی نەوەدی زیاتری نەخوێندەوار بوو. یانی ئیمکانی ئەوەی کە ئەوانە بچن دەنگ بدەن بەو شێوەی نەبوو. بۆیە لە سەرەتاشدا کە پارڵمانتاریسم دامەزرێندرا لە ئێرانێ و مەشڕووتییەت دامەزرێندرا و دەسەڵاتی شا بەرتەنگ کرا؛ لێرە دا تا ڕادەیەکی زۆر ئارەزوو، ئاوات و ئامانجەکانی شۆڕشی مەشڕووتییەت لە ژێر تاو و تەئسیری مەزهەب دا لاواز کران. پاڕڵمانێک پێک هات کە دەو پارڵمانە دا مەزهەب دەورێکی گەورەی هەبوو و نەخشی گەورەیی مەزهەب لێرەدا ئیتیلافێکیشی ساز کرد لە پارڵمانی ئێرانێ دا. ئەوە ئیتیلافی مەزهەب بوو لەگەڵ چینی زۆر زۆر بەهێزی خاوەنزەوی، واتە موڵکدارانی گەورە. بۆیە دەڵێم یەكێک لە هۆکارە ئەساسییەکانی دیکتاتۆری لە ئێرانێ ئەو ئیتیلافانە بووە کە هەمیشە مەزهەب بە دژی سێکولاریزم و مۆدێرنیتە کردوویەتی. لەگەڵ هەر هێزێکی کە بە دژی سێکولاریزم و مۆدێرنیتە بووە ئیتلافی کردووە.
ئەمن دیسان لێرە دا تەئکید دەکەم کە هەم پڕۆژەی مۆدێرنیتە لە ئێرانێ پرۆژەیەکی ناتەواو بووە، هەم پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەگەر وەکوو ناسیۆنالیزمیی فارس تەماشای بکەین کە هەڵبەت گوتم ئازەرییان دەورێکی گەورەیان تێدا هەبووە، ئەو ناسیۆنالیزمەش دە پێکهێنان و لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیدا چەندین جاران شکستی خواردووە. ئاخرین جار ئەگەر ورد بینەوە شۆڕشی ٥٧ بووە. بەڵام لە تەواوی ئەو پێواژۆیەی دا  ئەگەر تەماشای بکەین مەزهەب لەگەلیان بووەتە شەریک، مارکسیستان لەگەڵیان بوون بە شەریک. یانی مارکسیزمی ئێرانی ئەگەر تەماشای حیزبی توودە بکەین، حیزبی توودە لەجێدا حیزبێکی ناسیۆنالیستی ئێرانییە، بنەماکەی فارسە.

-دیکتاتۆری و ناوەند گریی
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەرمەنی و ئازەری نەخشێکی گەورەیان دە حیزبی توودە دا هەبووە، بەڵام دیدی ئیدێئۆلۆژیکی حیزبی توودە ئی فارسە یانی شەراکەتی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی یە. نموونەکەشی ئەوەیە کە حیزبی توودە موشکیلەیەکی زۆر گەورەی هێنا پێشی بۆ فیرقەی دێمۆکڕات لە ئازەربایجانێ. قەت نەیدەویست ئەوە ببێ و هەتا توانیشی دەیەویست لەشانۆی سیاسی ئێرانێ دا بیخاتە پەراوێزەوە. و هەڵبەت لەو بارەیەوە ڕووسانیش یارمەتییان دەدا، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە و هیچ وەختێک نەیانتوانی کە حیزبی توودە و فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانێ پێک بێننەوە.
مەبەستم لێرە ئەوەیە کە لە ئێرانێ ئێمە دەورەیەکی زۆر دوور و درێژی چینی خاوەنموڵکمان هەیە. ئامار و ئەرقام  بە ئێمە دەڵێن هەتا ساڵەکانی سەرەتای١٩٥٠ لە ڕووی ئابوورییەوە هەڵخستنەوەی مالیکییەتی زەوی وخاوەندارەتی کشتوکاڵ و موستەغیلات و ئەوانە لە تەجاڕەت و سەنعەت زۆرتر بووە، بەرەو ساڵەکانی ئاخرو ئۆخری ١٩٥٠ و بەرەو سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠ کان بووە کە ئەو پارسەنگە گۆڕاوە.
مەسەلەیەکی لێرە گرینگە ئەوەیە شایەد دەتوانین بڵێین کە ئەگەر " شۆڕشی سپی " شای نەک لەبەر ئەوەی کەشا بەو مانایە کردی؛ زۆر جاران سیاسەتمەداران بڕیاری ئەوتۆ دەدەن، بەرنامەی وا دادەنێن بە بێ ئەوەی کە کۆنتڕۆلیان هەبێ بە سەر ئاکامەکانی ئەو بڕیارانە دا. ئەو گۆیا شۆڕشی سپی لە ئێرانێش ئەگەر لە بەر وەزعی داهاتی دراوی نەوت کە لەساڵانی ١٩٧٠ دا هاتە پێشێ، یان لە بەر گوشاری چینی خاوەنزەوی، ئەگەر دەورەی دوویەمی ئیسلاحاتی زەوی وزار لە ڕێبازی خۆی لای نەدابا، شایەد بمانگوتبا کە لەساڵەکانی ١٩٧٠ دا جورێک چینی ناوەڕاستی ئێرانێ دەیتوانی بەرەو ئەوە بچی کە دەسەڵاتی سیاسی وەدست بخا. بەڵام چینی ناوەڕاستی ئێرانێ هەمیشە خراوەتە پەراوێزەوە و هیچ وەخت نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی بەدەستەو بگرێ چونکە ئەو نوخبەیەی کە چینی ناوەڕاستی پێک هێناوە ئێلێتێک بووە کە هەمیشە لەگەڵ دیکتاتۆری یەک بووە. دەوڵەتی ڕەزا شای دەوڵەتێکی تایبەتی بوو، دەوڵەتێک بوو کە دەو دەوڵەتەی دا فۆڕمی دەرەوەی دەوڵەتێ، یانی ڕواڵەتی دەرەوەی دەوڵەتێ حاڵەتێکی مۆدێرنی هەبووە و ئێلیتێکی مۆدێڕنکەر لەوێدا دەستیان دەڕۆیشت کاریان دەکرد. بەڵام ناوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر مالیکییەتی گەورەی زەوی داندرابوو. یانی ئەو دوو فاقی بوونەی کە لە ناوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێرانێ دا هەبوو لە دەوڵەتی ڕەزا شای دا دەبیندرێ. ئەگەر تەماشای ئەوانە بکەی کە لە دەورەی جیاواز دا سەرۆکوەزیری ئێرانێ بوون، کابینەکانی دەوڵەت، تەماشای مەجلیسی ئێرانێ بکەی مرۆڤ نفووزی سەرەکی خاوەنموڵکە گەورەکان لە تەواوی ئەو سەروبەندە دا دەبینێ. تەنانەت تا ساڵەکانی سەرەتای ١٩٦٢ لە دەورەی محەمەد ڕەزاش دا ئاوا بوو.
جا ئەو قسەیەی کە دەوڵەتی شۆڕشی مەشڕووتییەت ، شۆڕشی بورژوازی ئێرانێ بووە و پاش وی بورژوازی داندراوە ئەوە هەقایەتێکە. شۆڕشی مەشڕووتییەت ئامانجی بورژوا – دێمۆکڕاتیکی هەبووە کە ئێلیتیک هێناویەتی بەڵام  ئەو ئێلیتە پاشان  یان دە پەراوێز خراوە و دوایەش کە لە ساڵی ١٩٢٦ کاتێک کە ڕەزا شا هاتووەتە پێشێ ئێلێتێک هەبووە کە لەگەڵ ڕەزا شا ئیتیلافی کردووە، خزمەتی بەڕەزا شا کردووە لە بەر ئەوەی کە ڕەزا شای بە سەمبوولی مۆدێرنیتە و بە دژی سونەت/ نەریت. مەزهەب وخورافات زانیوە. کەسانی وەکوو محەمەد عەلی فرووغی، وەکوو داوەر، وەکوو تەیموورتاش وەک ئەوانی دیکەی کە لەگەڵ ڕەزاشای هاوکاریان کرد و دەوڵەتیان پێک هێنا و دە واقیع دا مۆدێرنیتەی ئێرانییان دروست کرد، مۆدێرنیزاسیۆنی ئێرانی بەو شێوەی کە کوتم ناقیس بوو؛ ئەوانە ئیتلافیان لەگەڵ شای لە سەر وەی نەبوو کە بەشی زۆری ئەوانە باوەڕیان بە دیکتاتۆری بوو، نا وا نەبوو، ئەوانە حازر بوون لەگەڵ دیکتاتۆری ئیتیلاف بکەن بە دژی سونەت/ نەریت و خورافات و مەزهەب و کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتووی زەمانی قاجار. ئەوەمان لە بیر بێ کە لە ساڵی ١٩٠٣ یانی دووسێ ساڵ بەر لە شۆڕشی مەشرووتییەت لە تەواوی ئاسیا دا پاشکەوتووترین وڵات ئێران و تەبەت بووە.



-پڕۆسەی مێژوویی دەوڵەتی ناوەندی لە ئێران
هەر پیوانێکی مۆدێرنیتە و مودێرنیزاسیۆن و پێشکەوتوو لەبەر چاو بگری ئێران وڵاتێکی پاشکەوتوو بوو، جا ئەو ئێلیتی مۆدێڕن کە باوەڕیان بە مۆدێرنیزاسیۆن بوو
 ئەوانە لە حوکمی ڕەزا شا دا دەسەڵاتێکیان دەدی کە ئەو دەسەڵاتە دەیتوانی ئەو وڵاتەی بەرێتە پێشێ. ئەگەرچی ئەو وڵاتە بە زۆری زەبر و زەنگ و زیندان و داغ و درەفش و قەتڵ و کوشتاریش تەنانەت تا ڕادەیەک بوو بەڵام، ئەوانە قەبووڵیان دەکرد چونکە بۆیان گرینگ بوو کە وڵات بچێتە پێشێ. ئەوە مەسەلەیەکە کە ئێمە دەبێ لە بیرمان بێ چونکە ئەو ئێلیتە کە زۆریش چالاک بوون و بەشێکیشیان وەکوو مەلکوشوعڕای بەهار، وەکوو عارفی قەزوێنی ئەوانە دیدی دێمۆکڕاتیکیشیان هەبوو، وەکوو ئیرەج میرزا بۆ نموونە؛ ئەوانە دیدی دێمۆکڕاتیک و لێبێراڵیان هەبوو، بەڵام ئیمکانی عەمەلی کردنی وەی لە کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتووی نەریتی دا بە بێ دەسەڵاتێکی سیاسی بۆ ئەوانە کاری کرانێ نەبوو. هیچ وەخت مەزهەب و سونەت/ نەریت ئیجازەی ئەوەی نەدەدا. ئەتۆ تەماشای شێعرەکانی ئیرەج میرزای بکە، تەماشای بۆچوونی مەلیکوشوعرای بەهار بکە، تەماشای کارەکانی ئەو کەسانەی کە مووسیقی تازە، تەئاتری تازە و فێرکردن و بارهێنانی تازەیان هێنا ئێرانێ. ئەوانە هەموو کەسانێک بوون کە دەیانزانی ئەو مۆدێرنیزاسیۆنە دەو کۆمەڵەگەیەی دا بەو شێوەیەی هەڵناسووڕێ لەبەر ئەوەی کە ئەو کۆمەڵگەیە مەزهەبێکی مۆذێرنکراوی لە پشت نەبووە کە کۆمەڵگەیەکی دێمۆکڕاتیک بێنێتە پێشێ. دیارە ئەوە هەر لە ئێران وا نەبووە، تورکیا وا بووە، میسر وا بووە، توونێس وا بووە، ئەوانە کە ئەمن بە نموونە دەیانهێنمەوە ئەوانە چەشنی مۆدێرنیتە لە دنیای ئیسلام دان. جا ئەگەر لێی ورد بینەوە چ مەسەلەی پەروەردە و بارهێنانی مۆدێڕن، مەسەلەی لەشساغی، مەسەلەی ئازادیی ژنان، مەسەلەی ئازادیی فکری، ساز کردنی زانکۆ ئەوانە هیچیان کۆمەڵگەی مەدەنی بەو شێوەی دروستی نەکردوون حەموویان دەوڵەتی ئەوتۆ دروستی کردوون کە دەوڵەتی نێرینە و نێرسالاریش بوون. ئەوە شتێکی هێندە عەجایب نییە ئەگەر تەماشای ئێرانێ بکەین کەشفی حیجاب ڕەزاشا کردوویەتی، دانی حەقی دەنگدان بە ژنان محەمەد ڕەزا شا کردوویەتی، لە تورکیا ئاتاتورک کردوویەتی. لە میسرێ لە دەورەی لێبێراڵەکان دا پاشانیش لە دەورەی عەبدولناسری دا کرا. لە توونێسێ حەبیب بۆرقیبە کردی. مەسەلە ئەوەیە دەبوو کۆمەڵگەی مەدەنی فەرهەنگێکی لێبێڕاڵ – دێمۆکڕاتیکی تێدا بایە، کە بە داخەوە نەبوو. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەسڵی ئەوە بوو کە لە دنیای ئیسلام دا، لە دنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەوەی کە پێیان دەڵێن وڵاتە ئیسلامییەکان دەوانە دا مەزهەب هیچوەخت نەیتوانیوە وەکوو ئوڕووپایە لە خۆی دا، لە ناوەرۆکی خۆی دا ئەو ڕێفۆرماسیۆنەی دروست بکا، ئەو ڕێفۆرماسیۆنەی کە تاکی لە بەندی سونەت و مەزهەب ئازاد کرد. ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسەتێ فڕێ دا. ئەوەی فڕێ دا، پاڵی پێوە نا بۆ نێو بازاڕی سەرمایەداری و فەرهەنگێکی کاری سەرمایەداری ساز کرد.
ئەگەر ئوڕووپا ڕێفۆرماسیۆنی نەبایە ئەمن نازانم ئایا ئیمکانێک بۆ تەلاقی کار و سەرمایە کە کاپیتالیزمی ساز کرد واقیعەن لە ئوڕووپایە بەو شکڵەی دەبوو یان نا. ئەمن لێرە دێمەوە سەر ئەو نوختەیەی ئەگەرچی بەشێکی زۆری بەحسی پێکهاتنی کاپیتالیزم / سەرمایەداری مارکس کردوویەتی بە دروستی باسی کردووە بەڵام ئەوەش با بڵێین کە مارکس هیچوەخت سەرنجی نەداوەتە سەر ئەو باسەی کە من ئێستا کردم، و ئەوە زیاتر کاری ماکس وێبێری بووە، ئەو بە وردی گوتوویەتی کە بە بێ ئەو ڕێفۆرماسیۆنە مەزهەبییە لە ئوڕووپایە ئیمکانی پێکهاتنی سەرمایەداری سەنعەتی بەو شێوەیەی نە دەبوو، پاشانیش لێبراڵیزم و دێمۆکڕاسی یا نە دەبوو یا ئەگەر هەبایە زۆر کەم دەبوو، زۆر چەوت دەبوو پڕۆسەکە.



-سەبارەت بە نەخشی ئیلیتی فارس بۆ ڕاگرتن و قەبزە کردنی دەسەڵات لە ناوەند   
یانی لە ئوڕووپایەش وا بوو، بەشێکی زۆر لە فەرهەنگی لیبێڕال- دێمۆکڕاتیک دە پێش دا هەمیشە دەگەڵ دەوڵەتی موتەمەرکیز هاتە پێشێ. تەماشای ئینگلیسانێ بکە، تەماشای فەڕانسەی بکە، تەماشای ئاڵمانێ بکە. دیارە ئاڵمان درەنگتر. تەماشای هولەندێ بکە، دەوڵەتی موتەمەرکیز. لە ئێرانێش ئەگەر ورد بینەوە ئەو مەسەلە کە هاتە پێشێ تا ڕادەیەکی زۆر لە فەڕانسەی لەو بارەیەوە قانوونی ئەساسی ئێرانێ لیبڕاڵتر بوو، باسی ئەنجومەنی ئەیالەتی و ویلایەتییان کرد. لە تورکیا شتی وا نەبوو، لە فەڕانسەی شتی وا نەبوو. یانی لە دێمۆکڕاسی مۆدێلی جمهوورییەتی فەڕانسە و تورکیای شتی وا نەبووە. لە ئینگلیستانیش لە حەقیقەت دا دەوڵەتی ئەساسی هەتا ئەو ئاخرانە، یانی ئەو سی چل ساڵ لەو پێش  دەوڵەتی ئینگلیسانێ کە ٥٥ میلیۆن لە ٦٥ میلیۆن، ٧٠ میلیۆن دانیشتووانی بریتانیای پێک دێنێ ئاوا بوو. ئەوەش با بڵێم ئێمە کە دەڵێێن وەختێکی ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان لە ئێرانێ پێک هاتن ئەو دەوڵەتی موتەمەرکیز هاتە پێشێ. بەڵام دەوڵەتی موتەمەرکیز کە هاتە پێشی ئەوەش ئەمن بە ڕاشکاوی دەڵێم لە دەورەی مەشڕووتییەت دا کە ئەوە هاتە پێشێ حەڕەکەتێکی ئەوتۆ لە لایەن کۆمەڵگە غەیری فارسەکان و پەراوێز خراوەکان کە ئازەرییەکان سەرەکی بوون و لە دوایە کورد و بەلووچ هیچوەخت داوخوازێکی ئەوتۆ نەهاتووەتە گۆڕێ لە دەورەی مەشڕووتییەت دا. ئەگەر ئێمە بڵێین کە کوردەکان لە ساڵی١٩٠٥ کە شۆڕشی مەشڕووتییەت لە ئێرانێ کراوە مافی زمانی و نەتەوایەتی خۆیان ویستووە بە باوەڕی من دروست نییە، ئەوەندەی من لە مێژووی ئێران دەزانم.
هاتنە گۆڕی مەسەلەی مافی کورد و کوردایەتی وەکوو شتێکی کۆنکرێت دە پڕۆسەی سیاسیدا لە ئێرانێ بە باوەڕی من بە پەیدا بوونی ژێکاف دەردەکەوێ. جا بۆیە دەوڵەتی موتەمەرکیز ئەگەر لە ئوڕووپایە دا تەعدیل بووە و خۆی گونجاندووە، لە ئینگلیستان و لە فەرانسە و ئەوانە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا خەبات کراوە، ئەو خەباتە خەباتی مەدەنی بووە، لە بریتانیایە بۆ نموونە سکاتلەندیان، وێڵشان و ئیرلەندییان خەباتیان کردووە. ئیرلەندییان خەباتی چەکداری و لە دوایە خەباتی مەدەنییان کردووە، ئیستاش ئەو خەباتە بەردەوامە. سکاتلەندییان ئەو خەباتەیان کردووە ئەو خەباتە ئێستاش بەردەوامە، وێلشیش ئەوەیان کردووە. ئەگەر ورد بینەوە دەبینین لە فەڕانسەی برێتۆنان، یان کۆرسیکان ئەوانیش داد و فەریادیان هەیە سەبارەت بە حکوومەتی موتەمەرکیز. لە ئێسپانیایەش بۆ خۆتان دەزانن کە مەسەلەی کاتاڵۆنیا و باسک و ئەوانە دەو سی چل ساڵەی دا هەمیشە لە نێو دەنگوباسان دا بووە. باسکان و کاتاڵۆنان کە خۆیان بە جیاواز دەزانن لە کاستیلەکان کە کاستیلەکان ئێنیسیتەی سەرەکی یا نەتەوەی سەرەکی ئێسپانیایەن. ئەوانە خەباتیان کردووە.
لە ئێرانیش ئەو مەسەلە بووە، یانی پێکهاتنی حکوومەتی موتەمەرکیز شتێک نەبووە کە تەنێ هەر لە ئێرانێ بووبێ، نا وەختێکی کە فەرهەنگەکە ئاوا بووە زۆر کەم جێگا هەبووە کە ئیمکانی وەکوو سویسی هەبێ. یان ئەمریکا کە کەمتر لە سێسەد ساڵ مێژووی هەیە کە ئەوان بە شێوەیەکی دیکە دروستیان کردووە.
ئێمە دەبێ سەرنج بدەین کە پێکهاتنی حکوومەتێکی موتەمەرکیز موئامەرە و کاکەو برالە نەبووە. پێکهاتنی حکوومەتێکی موتەمەرکیز پڕۆسەیەکی مێژوویی بووە، ئێمە دەو پرۆسەی دا بەشدار نەبووین. ئەگەر هاتووین ویستوومانە بەشدار بین لە ساڵەکانی چل بەدواوە بەشدار بووین. ئەوە بۆچوونی منە. ئەمن باوەڕم بەوە نییە کە لە ئێرانێ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی پێش ساڵەکانی ١٩٤٠ یان زەمانی ڕەزا شای بۆ داوخوازی عەدەمی تەمەرکوز لە ئێرانێ بەو شێوەیەی هەبوو بێ. ئەگەر کەسانێک ئاماژە دەکەن بە حەڕەکەتی سمکۆی، ئەوە دیارە کە هەموو جووڵانەوەیەکی دژ بە ناوەندێتی و مەرکەز گەریی ئەساسەن حەڕەکەتێکی ناسیۆنالیستی نییە. هێندێکیان هەن، هێندێکیان نین. بۆچوونی من، خوێندنەوەی من ئەوەیە  کە ئەو حەڕەکەتە دژی بە ناوەندێتی و مەرکەزگەریی بووە بەڵام بە پێویستی جووڵانەوەیەکی ناسیۆنالیستی کوردی نەبووە. ئەمن ئاوای دەبینم.
شتێک دەبێ ئێمە لەبەر چاوی بگرین ئەویش ئەوەیە کە ئازادیی نەتەوەیەک چەندە لە ئیدێئۆلۆژی هێزێکی ناسیۆنالیستی دا ڕەنگ دەداتەوە. ئیدێئۆلۆژییەکە هەر ئەوە نییە کە دەوڵەتێکی ئێتنیکی جێگای دەوڵەتێکی ئێتنیکی دیکە بگرێتەوە مەسەلە ئازادی و دێمۆکڕاسی دەو بەینەی دا یەکجار یەکجار گرینگە.                          







 

No comments: