Friday, February 2, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەمیل ڕەحمانی، کۆمەڵناس سەبارەت بە ژینگە و بزووتنەوەی ژینگە پارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ ئێوارەی پێنجشەمە ٢٥-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە

هەڤپەیڤین لەگەڵ  دوکتور جەمیل ڕەحمانی، کۆمەڵناس  سەبارەت بە  ژینگە و بزووتنەوەی ژینگە پارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ ئێوارەی پێنجشەمە ٢٥-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ
لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە

حەسەن قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەخێر بینەوە بۆ یەکەم بەرنامەی ڕاوێژ لە ساڵی ٢٠٢٤-ی زایینی. لەم بەرنامەیە دا بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور جەمیل رەحمانی، کۆمەڵناس کە لە ساڵی ڕابردوو دا پایاننامەی دوکتورای خۆی بە نێوی " خوێندنەوەی بزووتنەوەی ژینگە پارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان " کەدیارە نێوە ڕەسمییەکەی " شرۆڤەی ڕەخنەگرانەی کردەوەی بە کۆمەڵی ژینگەیی لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران" ە پێشکێشی زانکۆی خوارەزمی کردووە لە تاران.  لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێزیان باسی کۆنسێپت و چەمکەکانی ژینگە و ژینگەپارێزی و هەر وەها ئەو کارانە دەکەین کە لەو زەمینەیە دا کراوە. زۆر زۆربەخێر بێی بەڕێز دوکتور ڕەحمانی.
دوکتور جەمیل ڕەحمانی: زۆرسپاس. سەرەتا سڵاوم هەیە بۆ  بینەرانی ئازیز و خۆشەویستی ستێرک تیڤی و بەرنامەی ڕاوێژ و هەر وەها زۆر سپاسی ئێوە دەکەم کاک حەسەن کە ئەم دەرفەتەتان بە من دا.
قازی: زۆر تەشەکور دەکەم. ئەگەر بکرێ لە سەرەتاوە هێندێک باسی تێزی دوکتورایەکەت بکەی کە پێشکێشی زانکۆی خوارەزمیت کردووە، بە تایبەتی لە باری تیورییەوە چ فۆڕمێکت وەک نموونەیەک داناوە بۆ ئەوەی کە لێکۆڵینەوە بکەی و مێتۆدی کارەکەت چۆن بووە لە پێشدا؟


ڕەحمانی:  من لە واقعیدا کارەکەم لە سەر بنەمای شیکردنەوەیەکی گوتاری یان وێژمانی بووە لە سەر بزووتنەوەی ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ ئەم کارە لە باری مێتۆدەوە وتوێژم کردووە لەگەڵ ژینگەپارێزان، و دواتر ئەو تێکست و مەتن و موحتەواگەلەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە سایتە ئیترنێتییەکانیان و لە بڵاوکراوەکانیاندا بڵاویان کردووەتەوە لەوانەش وەکوو مەتن یان تێکست کە بتوانم شرۆڤە و شیکاریان لە سەر بکەم کەلکم وەرگرتووە لە باری مێتۆدەوە، دواتر بە شێوەی شیکاری گوتاری، لە سێ ئاستی وەسف کردن، تەفسیر و دواتر شرۆڤە کردنی ئەوانە بووە کە جۆرێک لە شیکاری گوتارە بە تایبەتی لە ڕوانگەی نۆرمان فێرکلافەوە. Norman Fairclough
قازی: باشە بۆ  ئەو لێکۆڵینەوەیە جگە لە ژینگەپارێزان زانیاریدەری دیکەت کێ بوون؟ یانی لەگەڵ چ تیپ و کەسانی تر لەو بارەیەوە قسەت کردووە؟
ڕەحمانی: من لەگەڵ ژینگەپارێزەکان لە کوردستان ئەوانەی زیاتر لە پێنج ساڵ بەلانی کەمەوە چالاکیان کردووە، ئەوە بۆ من گرینگ بووە کە چەندساڵ وەک ژینگە پارێز چالاکیان کردووە، یانی کەسانێک کە ئەزموونیان بووە، تەجروبەیان بووە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و هەر وەها بەشی کوردستانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەوانە وتوێژم کردووە و ئەساسی داتاکانم زۆرتر لە سەر بنەمای ئەو وتوێژانە بووە  دواتر ئەو مەتن و بڵاوکراوە و نووسراوانەی بە ڕۆژانە ژینگە پارێزەکان لە تٶڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی ئەکەنەوە یان لە سایتە ئیترنێتییەکانی خۆیان و ئەو بەستێنانە کە هەیانە، ئەو پلاتفۆڕمانە کە هەیانە لەگەڵ خەڵک پێوەندی ئەگرن. یانی ئەوانە ئەساسی ئەو داتاگەلە بووە کە من کارم لە سەر کردوون.
قازی: دیارە من ئەو دوو مەقاڵەی بەڕێزت لوتفت کرد بوو بۆت نارد بووم تەماشا کرد، دواتر دەگەینە سەر مێژوو، دەزانین کە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەمەڕ پاراستنی ژینگە لە ناوەندی ئێران و لە بەراوەرد کردن لەگەڵ ئەو ناوچەی پەراوێزخراو ، ناوچە پەراوێزخراوەکان. بەڵام پێش ئەوە لە ئاستی جیهانی دا مەسەلەی ژینگە پارێزی پێم وایە شتێکی زۆر تازەیە، نوێیە وا نییە؟ ئەگەر تەماشای ئەو حیزبانە بکەی کە بۆ پاراستنی میلیۆ دامەزراون لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا مێژوویەکی هێندە دوورودرێژیان نییە.
ڕەحمانی: ئەگەر بمانەوێ مێژوویەک بۆ ژینگەپارێزی دیاریی بکەین لە ئاستی جیهانی دا زۆرتر ئەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و ئەویش لە هەلومەرجێک دا لە ئەمریکا و لە ئوڕووپا ئەو بزووتنەوە، ئەو حەڕەکەتە ژینگەپارێزیانە هاتنە ئاراوە. کاتێک کە گەشەیەکی سەنعەتی لە ئوڕووپا هەبوو، گەشەیەکی ئابووری هەبوو دواتر کولتوورێکی کاری بە کۆمەڵ بە تایبەتی لە نێو  لاوانی ئوڕووپا هەبوو، بزووتنەوەی دژی شەڕ و بزووتنەوە لە پێناو ئاشتی هەبوو  ولە ناو ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابوورییە دا. هەڵبەت دەتوانین ئەوەشی لێ زیاد کەین کە زانست لە سەر ژینگەش هاوکات و لە سەر ئەو کاولکاریانەی کە سیستمی ئابووری دەوڵەتەکان لە سەر ژینگە هەیانە، ئەو ئاستە زانستیەشە کەم کەم ئەچووە سەر و وشیاری خەڵک چووە سەرەوە وردە وردە حەڕەکەتگەل و بزووتنەوەگەلی ژینگە پارێزی لە ئاستی جیهانی دا شکڵی گرت بە تایبەتی لە ئوڕووپا و ئەمریکا. وردە وردە گوشاری ئەو بزووتنەوە ژینگە پارێزییانە بوو بە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتەکانیش حازر بن لە سەر ئەم پرسە قسە بکەن، دواتر کۆنفڕانس گیرا بۆ نموونە ١٩٧٢ لە سوێد کۆنفڕانسێک گیرا، ١٩٩٢ لە رێۆ دۆژانیرۆ کە مەعرووف بوو بە کۆنفڕانسی ڕیۆ گیرا، لەوێ ئەو دەوڵەتانەی کە بەشدار بوون بەرعۆدە بوون ئیجازە بدەن بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئین جی ئۆیەکان بێن کاری ژینگە پارێزی بکەن وردە وردە ئەو شتە جۆرێک لە نەهادمەندی پەیدا کرد لە قالبی حیزب و هەر چۆنێک بێ سیاسەتی دەوڵەتەکان، فشارێک بوو لە خوارەوە لە ئاستی جیهانی دا بوو بە هۆی ئەوە کە ئیدەی ژینگەپارێزی کەم کەم بڵاو بێتەوە لە ئاستی دنیا دا و دواتر وڵاتانی دیشی گرتە بەر وەکوو ئێران و دواتریش کوردستان کە دەتوانین لە سەری بدوێین.
قازی: دیارە لە چوارچێوەی نێونەتەوەیی دا هێندێک قانوون و بڕیار و هێندێک پەیماننامە هەن هێندێک لایەن ئیمزایان کردووە لەو زەمینانە دا دەتوانین باسی چ بکەین؟ وەک کۆنڤانسیۆنی پاراستنی ژینگە
ڕەحمانی: یەکێک لەو کۆنفڕانسە گرینگانە هەر ئەو کۆنفڕانسەی ساڵی ١٩٩٢ بوو کە تێیدا دەوڵەتەکان بەرعۆدەبوون قەبووڵ بکەن کە ژینگەپارێزەکانیش بێنە نێو مەیدانی ژینگەپارێزی و ڕێکخراوی ناحکوومی پێک بێنن ئەگەر بیانەوێ. وەکوو ئەسڵێک قەبووڵیان کردخەڵک بەشداری پاراستنی ژینگە بکات. دیارە ئەوە بە پێی وڵات فەرقی هەیە و لە هێندێک شوێن ژینگەپارێزی توانیویە ببێ بە ئەکتێکی سیاسیش، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە باری پێکهاتەی سیاسییەوە زۆر داخراون.
قازی: ئێستا ئەگەر بگەینە سەر مێژووی سەرهەڵدانی ژینگەپارێزی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هێندێک ڕێکخراوی غەیری حکوومەتی بۆ ئەو مەبەستە پێک دێن. ئەوانە لە چ هەلومەرجێک دا پێک هاتن؟
ڕەحمانی: من لە وڵامی پرسیاری پێشوو دا باسی ئەوەم کرد کە هەلومەرجێکی جیهانی هەبوو کە ئەو ئیدەیە، ئیدەی پاراستنی ژینگە و گوتارەکانی پاراستنی ژینگە و ڕێکارگەلێک بۆ دەرچوون لە گیر وگرفت و بەشداری خەڵک کەم کەم لە ئاستی دنیا دا بڵاو بووەوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێ لە سەر کوردستان باس بکەین پێشتر دەبێ باسی ئەو هەلومەرجە لە ئاستی ئێرانیش دا بکەین. دواتر لە دەیەی نەوەد دا کە هەرچۆنێک بێ ئەو ئیدەی ژینگەپارێزی گەیشتە ئێران بە جۆرێک هاوکات بوو لەگەڵ دەورەیەک کە ڕێفۆرمیستەکان، ڕێفۆرمخوازەکان لە ئێرانیش توانییان تا ڕادەیەک دەسەڵات بگرن.
قازی: یانی زەمانی محەمەد خاتەمی و ئەوانە
ڕەحمانی: بەڵێ، یانی کۆتایی دەیەی حەفتای هەتاوی. لەو سەروبەندە دا ڕێفۆرمخوازەکان بە ئیدەی، یان بە گوتاری  گەشەی سیاسی، بەو گوتارەوە هاتنە سەر کار و دەیانەویست ئەو شتە پەرە پێبدەن. دیارە هەرچۆنێک بێ ئەوە شەڕێک بوو لە نێوان بناژۆخوازەکان و لەو لاشەوە ڕێفۆرمخوازەکان. ئیسلاحتەڵەبەکان دەیانەویست لە ستراتێژییەک کەلک وەربگرن بە ناو " چەنە لێدان لە سەرەوە و گوشار لە خوارەوە". ئەو گوشار لە خوارەوە لە لای ئەوان مەبەستیان ئەوە بوو کە بتوانن ئیجازە بدەن بە ڕێکخراوە غەیرە حوکمییەکان یان ئێن جی ئۆیەکان و لە واقیعدا ئەیانویست ئەوانە وەکوو کەرەستەیەک بەکار بێنن بۆ ئەوەی لەو ڕقابەتە دا  کە هەیانە لەگەڵ لایەنی بەرانبەریان بەکاریان بێنن. هەر چۆنێک بێ ئەو ئیمکانە کەم کەم ساز بوو، هەڵبەت لە چوارچێوەی کاری " سازمان حفاظت محیط زیست ایران " یش دا هێندێک گۆڕانکاری هاتە ئاراوە.
قازی: ئەوە سازمانێکی ڕەسمی یە؟
ڕەحمانی: بەڵێ، هێندێک گۆڕانکاری هاتە ئاراوە چون دەیانویست وڵامێک بدەنەوە بەو داوخوازییانەی کە لە دەرەوە بوو، خۆشیان تا ڕادەیەک هاوئاهەنگ بکەن لە تەک ئەو گوشارەی کە لە دەرەوە بوو، یا ئەو موتالباتەی کە لە دەرەوە بوو و لە ناویشەوە بتوانن وەکوو کەرەستێکیش لە ئین جێ ئۆکان کەلک وەرگرن. بۆیە کەم کەم ئەو ئیمکانە درا یانی فورسەتێکی سیاسی بوو بۆ کۆمەڵگا، دیارە ئەو شتە کە ئەوان دەیانەویست لە هەموو شوێنێک بە دڵخوازی ئەوان نەچووە پێشێ یانی ناتوانین بڵێین کە دواتر ئەو پڕۆژەی ئەوان سەری گرت. بۆ نموونە لە کوردستان کە مێژوویەکی جیاوازتری هەیە و هەلومەرجی ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکەی جیاوازە لەگەڵ ناوەندی ئێران؛ هەر چۆنێک بێ شکافێک هەیە لە نێوان کوردستان و ناوەند دا و ئەمە مێژوویەکی هەیە بۆخۆی. لە کوردستان لە پێشدا ژینگە پارێزی وەکوو مەجالێک بۆ کاری مەدەنی، یانی ئیمکانێک کە ساڵەهای ساڵ لەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ لەڕۆژهەڵات دا سەرکوت کرا بوو، ئەو ئیمکانە بە خەڵک نەدەدرا کە کارو چالاکی بەکۆمەڵ بکەن. وردە وردە ئەو ئیمکانە بوو بە هۆی ئەوە کە خەڵکانێک، ژینگەپارێزی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن کاری کۆمەڵایەتی بکەن لە سەرەتا چون ئەگەریش بگەڕێینەوە بۆ ئەو هەلومەرجەی ئەو دەمی کوردستان هێشتا ئەو کاولکاریانە کە ئێستا لە لایەن  دەوڵەتەوە هەیە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانەوە و بە کۆنکرێت سپای پاسداران هێشتا بەو چڕی و پڕییە ئێستا نەهاتبووە ئاراوە بەڵام ژینگەپارێزی سەری هەڵدا لەبەر ئەوەی کە خەڵک ئەیانەویست مەجالێک و کاناڵێک پەیدا  بکەن بۆ کاری بەکۆمەڵ کە دەکرێ ناوی لێ بنێی  جۆرێک پاراستنی کۆمەڵگا و ئەوە ئەو فورسەتە سیاسی یەیە کە لە ناو پێکهاتەی سیاسی ئێران دا بۆ ماوەیەکی کورت پەیدا بوو  و لە کوردستان ڕەنگ و بۆیەکی تری گرتە خۆی و وردە وردە بوو بە بزووتنەوەیەک کە ئێستا دەتوانین لە سەر بەستێنەکانیشی قسە بکەین و ئەوەی کە چ جۆرە کارێکی کردووە.


قازی: بێینە سەر بەستێنەکانی. وا بزانم لە یەکێک لەو مەقالانەی دا کە بۆتان ناردبووم خوێندمەوە کە لە بەر ئەوەی لە کوردستان جووڵانەوەی سیاسی تەداومی هەبووە و بزووتنەوەیەکی ئاواش کە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە بێ  زۆر زوو توانیویەتی تەئسیر وەربگرێ لەو بزووتنەوە سیاسییە. یانی شکڵگرتنی ئەو بزووتنەوەیە چ لە باری گوتارییەوە و چ لە کردەوە دا نزیکی و دووری لە جووڵانەوەی سیاسی چۆناوچۆنە؟
ڕەحمانی: یەکێک لەو فاکتۆرانەی من لە لێکۆڵینەوەکەم دا باسم لێ کردووە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بووە کە ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان دا بە باوەڕی من بە ڕادەیەک زیندووە کە هەر بەستێنێک بۆ کاری  کۆمەڵایەتی ئەکرێتەوە ئەو بزووتنەوەیە لە ناوی دا حزووری هەیە. یانی بە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بزووتنەوەیەکە کە کۆمەڵێک هەوراز و نشێوی تێپەڕ کردووە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا، جۆرگەلێک لە ڕێکخستن، گوتارگەلێک جۆراوجۆر لە ناوی دا شکڵی گرتووە و دواتر، ئینسان یان سووژەگەلی سیاسی ئەوتۆی پەروەردە بوون لە ناوی دا لەبەر ئەوە بەشێکی ئەساسی یە لە حافزەی جەمعی خەڵکی کوردستانیش یانی بەو نەریتە تێکۆشەرانە و خەباتکارانەیەوە ئەو بزووتنەوەیە توانیویەتی لە ساڵانێکی زۆر دا لە ناو خۆیدا کۆی بکاتەوە و بەردەوام دووپاتەی بکاتەوە و زۆر جار ئەم دووپاتەکردنەوەیە، دووپاتەکردنەوەیەکی جیاواز بووە، خولقێنەرانە بووە. لەبەر  ئەوە ئەو بزووتنەوەیە لە واقیعدا هەر بەستێنێک کە ئیمکانی هەبێ دەچێتە ناو ئەو بەستێنەوە و دەتوانێ مۆرکی خۆی لەو فەزا و لەو هەلومەرجە بدا. یەک لەوانە بە هۆی شەراییتی دەرەکی چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوخۆی ئێران دا دروست بوو، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانیش وەکوو فاکتۆرێک لە ناوخۆی کوردستان دا توانی مەسەلەی ژینگە پارێزی لە مەسەلەیەکی سیرفی کولتووری ئەو جۆرەی کە لە ناوەند دا چاوی لێدەکرێ، هەوڵ بدا بیکات بە مەسەلەیەکی سیاسی چون ئەو ئیمکانانە لە ناو خۆی دا بوو. ئەو بزووتنەوەیە گرینگییەکەی ئەوەیە کە ئێستاش لە کوردستان هەر ڕووداوێک کە ڕوو دەدا ئێمە دەبینین چۆن کاریگەری ئەو بزووتنەوە لە ناوی دا زیندووە. بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوو کە بزووتنەوەی
" ژن ژیان ئازادی "، ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە چڕ و پڕی بوونی هەبوو لە سەر شەقامەکان و لە ئاستە جۆراوجۆرەکان ئێمە دیتمان  کە دروشمەکانی ئەو بزووتنەوەیە و ئاستی وشیاری خەڵک، ئاستی ڕێکخراو بوونیان . هەموو ئەمانە بۆ شڕۆڤە کردنی ئێمە ناچارین بگەڕێینەوە بزانین بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان چۆنە و لە چ هەلومەرجێکدا و چۆن وەکوو هێزێک تەئسیر ئەکاتە سەر ئەمری واقیع و وەزعییەتێک کە تێیدا دەژین. ئەوە یەک لەو فاکتوۆرانە بوو ئێمە بۆ شرۆڤەی هەر بزووتنەوەیەکی نوێش لە کوردستان لەواقیعدا ناچارین بگەڕێینەوە سەری و تەئسیرەکانی ئەویشی تێدا ببینین. کە ئەڵبەتە بەستێنی دیکەش هەن کە ئێمە دەتوانین قسەیان لە سەر بکەین. یانی فاکتۆری تریش هەیە.
قازی: وەکوو چی بۆ وێنە؟
ڕەحمانی: جیا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە لایەنێکی تر کە فاکتۆرێکی زۆر گرینگە ئاستی کاولکارییەکانە. یانی کاوەلکردنی ژینگە بە تایبەتی لە لایەن دەوڵەتەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک. یەک لەوانە باسی بەنداو لێدانە. یانی لە ساڵانی ڕابردوو دا ژمارەیەکی زۆر بەنداو لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و موکریان و ئەوانە هەبووە. بەنداوی زۆریان لێداوە و گواستنەوەی ئاوی کوردستانە بۆ دەرەوەی کوردستان کە دەکرێ وەکوو سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستیش چاوی لێ بکەین. کە چۆن سەرچاوەکانی کوردستان، کانزاکانی دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی ئێران و دەچێتە خزمەت کەڵەکە کردنی سامان و سەرمایە لە  ناوەندی ئێران دا، لە ناو ئەوەشدا موشەخەسەن سپای پاسداران و قەرارگاهی سازەندەگی خاتەمولئەنبیا  زۆر ڕۆڵی گرینگی هەیە لە کاولکردنی ژینگە لە کوردستان دا بە گشتی. لە ئاستی دارستانەکاندا دەبینین کە ئاگر تێبەردانی بە ئانقەسد، ساڵانە زیاتر لە دەیان مەورید هەیە کە ئاگر بەر دەبێتە دارستانان.
قازی: باشە ئەوە لە باری ئیسباتییەوە، یانی بە بەڵگەوە سەلماوە کە ئەوە بە ئانقەست دەکرێ بەتایبەتی هاوینان کە هەوا گەرم دادێ و جەنگەڵ دەسووتێن. ئایا بەڵگە بە دەستەوە هەیە کە ئەو کارە بە عەمد دەکرێ لە لایەن دەوڵەتەوە؟
ڕەحمانی: ڕاستییەکەی هەر ئەوەی کە دەوڵەت بۆخۆی پێداچوونەوە ناکا بۆ ئەو مەسەلەیە
قازی: یان کەمتەر خەمی دەکرێ

ڕەحمانی: بەڵێ کەمتەرخەمی هەیە، تەنانەت ئەگەر بە ئانقەسدیش نەبێ دیارە بۆ کووژاندنەوەی ئەو ئاگرانە تەقریبەن هیچ کارێک ناکا. یانی خەڵک بۆ خۆیان دەگەڵ ژینگەپارێزەکان ئەوە دەکەن. ئەرکی کووژاندنەوەی تەواوی ئاگرەکان لە ئەستۆی ژینگەپارێزەکانە و ئەو خەڵکە کە بە بانگەوازی ژینگەپارێزەکان دێنە ناو ئەو مەیدانەوە. ئەوە خۆی نیشان دەدا کە دەوڵەت هیچ بەرنامەیەکی نییە، هیچ پلانێکی نییە، هیچ ئامادەکارییەکی نییە بۆ دامرکاندنی ئەو ئاگرانە. هەڵبەتە لە سەر دارستان بەحسی ئەوەش هەیە بەجۆرێک هەناردە کردنی چێو لە کوردستانەوە بۆ دەرەوەی کوردستان، یانی بۆ پیشە سازی چێو کە ساڵانێکە ئیتر باکووری ئێران کە سەرچاوەی چێو و دار و ئەوانە بووە بۆ سەنعەتی چێوسازی، ئێستا ئیتر ئەوێ زەرفییەتەکانی کەم  بووە و مافیایەکی چێو بڕین و داربڕین و ئەوانە ڕووی کردووەتە جەنگەڵەکانی زاگرۆس و کوردستان و خەریکی بڕینی دارەکانن بە شێوەگەلی جۆراجۆر. یان ئەوەی کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ خەڵک هان دەدەن دارەکان ببڕن و بە جێی ئەوە زەوی و کشتوکاڵ بکرێ کە هەرچۆنێک بێ بتوانێت لە خزمەت گوتاری خودکەفایی بێ لە ئێران کە گوتاری زاڵە و ئەڵبەتە ئەویش لایەنێکی ئەمنییەتی هەیە. بەحسێکی تر لە سەر کاولکاری باسی کوێستانەکانە لە کوردستان دا بۆنموونە کوێستانەکانی شاهۆ لەم ساڵانەی ڕابردوو دا، دە پازدە ساڵی ڕابردوو ئاستی کاولکارییەکان بە شێوەیەکە کە ڕێگە و بان دروست ئەکرێ بە بیانووی نیزامی و ئەمنییەتی و ئێکۆ سیستمی ئەو ناوچەیە تێک دراوە و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بە بیانووگەلی ئەمنییەتی و نیزامی و دروستکردنی جادە و هەموو ئەوانە.  لە واقیعدا کاولکردنی ژینگەس لە حاڵێکدا لە زۆر جێگای دنیا ئەگەر کوێستانی لەو چەشنە هەبێ دەوڵەت هەول دەدا کە بیپارێزێت، ئەوێ وەک ناوچەی پارێزراو ڕابگەیێنێ نەهێڵی خەڵک بە هەر جۆرێک کە پێیان خۆش بێ بچنە ئەو شوێنە. لە حاڵێکدا لە ڕۆژهەڵات دا دەوڵەت خەریکە ئاسانکاری دەکا ئەو کوێستانانە لە ناو بچن.
قازی: یەکێک لەو شوێنانەی کە لەو پێوەندییە دا باسی لە سەر کراوە، دیارە زیاتر لە چاپەمەنی و میدیای ئۆپۆزیسیۆن دا، دیارە لە چاپەمەنی کوردی دا کەمتر باسی کراوە بەڵام، بە شێوەیەک لە شێوەکان پای هێندێک ناوچەی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئەویش ویشکبوونی دەریاچەی ورمێ یە، دەریاچەی ڕەزائییەی پێشوو. لەو زەمینەیە دا لە ڕەسمییەت دا لە لایەن دەوڵەتەوە کارێکی وا نەکراوە بۆ ڕزگار کردنی. ئینیسیاتیڤ، دەستپیشخەری خەڵک یان ئێن جی ئۆکانی کە لەو ناوچانە چالاکن چ بووە تائێستا؟ و ئایا دەکرێ نەجات بدرێ و پێشی ویشک هەڵاتنی بگیرێ؟ و ئەگەر نەکرێ ئەو ئاکامە تێکدەرانەیانەی کە دەیبێ بۆ میلیۆ و دەوروبەر چ دەبێ؟
ڕەحمانی: بۆ ئاگاداریتان گۆلاوی ورمێ یان دەریاچەی ورمێ لە ساڵەکانی حەفتای هەتاوی دا ئاستی ئەو دەریاچە بە ڕادەیەک بووە کە دواتر دەوڵەت هاتووە بەرنامەی بۆ دا بڕێژێ کە چۆن پێش بەوە بگرێ یانی لە حەدێک دا کە پێشتر ئاوی هەبووە و هەرچۆنێک بێ دەریاچەیەکی زیندوو بووە.
قازی: کەشتی ئاژۆتنی تێدا هەبووە.
ڕەحمانی: بەڵێ، دواتر چەند پڕۆژەی ئەساسی هەبووە کە  ئەو پڕۆژەگەلە لە واقیعدا بووەتە هۆی ویشکبوونی دەریاچەی ئورومییە هەر بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانە کە هەر لە ناو ئێرانیش خۆی کراوە لە لایەن ئەوانەوە کە لە بواری ژینگە دا کار دەکەن. شەست تا هەشتا لە سەدی هۆکارەکانی ئیشک بوونی دەریاچەی ئورومییە دەگەڕێتەوە سەر هۆکارگەلە ئینسانییەکان، فاکتۆرە ئینسانییەکان کە ئەو فاکتورە ئینسانییانە وەختێک لێی بکۆڵینەوە چین؟ یەک لەوانە بەنداو لێدانە. بەنداو لێدان لەبەر ئەو چۆمانەی کە دەڕژانە دەریاچەی ئورمییە. دەی بەنداوەکانیش کێ لێی دەدات سپا، یانی سپای پاسداران بۆ خۆیان بە پێی ئامارێک کە ڕایانگەیاندووە...
قازی: بەڵام  هێندێک لەو بەنداوانە لەو ناوچانە ئی سەروبەندی ڕێژیمی پێشووە. بۆ وێنە بەنداوی کە لە سەر تەتەهوو، لە سەر جەغەتوو هەڵبەستراون.
ڕەحمانی: بەڵێ وایە، بەڵام ئامارەکەی بە شێوەیەکە چەند بەرابەر بووە لە دەیەی حەفتاوە بەم لایەوە و ئەو زۆر بوونی بەنداوەکان خۆی یەکێک لە هۆکارەکانە، دواتر چاڵاوی قووڵ لە دەورو بەری بۆ کاری کشتوکاڵی.
قازی: دیارە یەکێک لە هۆیەکانیش وا باس دەکرێ کە پڕیان کردووەتەوە و جادەی خاکیان بە نێو دا ڕاکێشاوە و کردوویانەتە دوو بەش کە ئەوەش تەئسیری زۆری هەبووە.
ڕەحمانی: حەتمەن، لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن شەست تا هەشتا لە سەدی هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارانە کە دەوڵەت تێیدا دەستی بووە. هەرچۆنێک بێ بەرنامەیەک بووە لە بەر هۆی جۆراوجۆر ئەو کارەیان کردووە و ئێستا ئەو  وەزعییەتەی هەیە و پێم وا نییە نەجاتی بی. و جالب ئەوەیە بۆ زیندوو کردنەوەی لە تێکنیک یان شێوەیەک کە کەلک وەردەگرن دیسان بەنداو لێدانە. یانی بەنداویان لە ناوچەی خانێ لێداوە کە دیسان ئاوەکە بە تونل بگەڕێننەوە بۆ دەریاچەی ورمێ کە ئەوەش دیارە بە پێی ئەو قسەیەی کە کارناسەکان دەیکەن وڵامدەرەوە نییە بۆ زیندووکردنەوەی ئەودەریاچەیە. پێم وابێ لە ئاخرین وتوێژێک کە ڕەئیسی " سازمان محافظت محیط زیست" ئی ئێران، ڕەئیسە پێشووەکەی گوتبووی دەریاچەی پێشووی ئورومییە یان دریاچەء سابق ارومیە.
قازی: باشە ئەو ئاکامی بۆ خەڵک و بۆ ژینگە و ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچاوانە چۆن دەبێ؟
ڕەحمانی: ڕاستییەکەی هێندێک بەحس دەکرێ کە دیارە ئەوە زۆرتر لە چوارچێوەی پسپۆرایەتی کەسانێک دایە کە لە سەر خودی ژینگە کار دەکەن و دەڵێن مومکینە تۆفانی خوێ بکەوێتە ڕێ و تا چوارسەد کیلۆمیتر ئەولاتریش بچێ لە بەر ئەوە ئەو ماوەیە باسی ماڵچ پاشی بوو لە سەر دەریاچەی ورمێ کە بتوانن کەم کەم بەر بەوە بگرن کە ئەگەر هات و لە داهاتوو دا با هات و بووە هۆی بڵاو بوونەوەی خوێ پێشاوپێش بەری پێ بگرن. یەکێک لە ئاکامەکانی ئەوەیە کە دواتر دەتوانێ ببێتە  هۆی هێندێک گرفتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەوانەش. دیارە دەکرێ ئاکامی زۆر خراپتریشی هەبێ  کە ئەوە لە چوارچێوەی پسپۆڕایەتی کەسانێک دایە کە دەتوانن وردتر لێی بدوێن.
قازی: باشە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئێن جی ئۆیەکان چییان کردووە، فەرهەنگسازییان کردووە لەو بارەیەوە؟
ڕەحمانی: لە ئاستی وشیاری و پەرەپێدانی وشیاری کار کراوە. یانی خەڵک ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر بۆیان ڕوون بووەتەوە کە ئەو وەزعە دەتوانێ چی بە دوا دا بێ و هۆکارەکانی چین و دەوڵەت تا چ ڕادەیەک لەو بارەیەوە کاریگەری هەبووە. بەڵام ئەوەی کە زۆر بە عەمەلی ئەو کارە کرا بێت یا ئێعترازی زۆر بەربڵاو کرابێت، نا بە داخەوە ئەوە نەبووە  لەو ناوچە دا بە پێچەوانەی بەشی خوارووی کوردستان کە لە ناوچەی مەریوان و ئەوانە بزووتنەوەیەکی ژینگەپارێزی  زۆر بەهێز هەیە، لەوێدا ئەو شتە بەو شێوەیە نابینین کە دەکرێ لە سەر ئەوەش لێکۆڵینەوە بکرێ کە هۆکارەکانی چییە کە خەڵک لەوێدا تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگ بوون.دیارە دەکرێت بەشێکی ئەمنییەتی کردنی موحیتی زیست بێ لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵام  بێگومان هۆکاری تریشی هەیە.
قازی: باشە، ئەگەر بەراوەردێک بکەین لە نێوان ناوەند و شوێنە پەراوێزخراوەکان، ناوچەی کوردستان بە گشتی، جێگای دیکەش یانی بەلووچستان و ناوچەی عەڕەبستانی ئێران و لە باری سیاسییەوە دەکرێ بە ناوچەی پەراوێز خراو باسیان بکرێ لە بەراوەرد لەگەڵ ناوەند دا و لە زۆر ڕووەوە ڕەنگە عەینی حیسابیان بۆ نەکرێ لە ڕوانگە دەسەڵاتدارانەوە. جیاوازییە سەرەکییەکان چن؟
ڕەحمانی: ئەگەر بە شێوەیەکی زۆر کۆنکرێت بمانەوێ لە سەر کوردستان قسە بکەین لەباری ژینگە پارێزییەوە یەک لەوانە گوتمان بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانە بووە لە کوردستان کە ئەوە پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی ژینگەپارێزیش لە کوردستان دا پەرە بستێنێ. بەڵام هۆکاری تریش لە کوردستان وتمان کاولکاریەکانە، جۆری کاولکاری و ئاستی کاولکارییە لە کوردستان دا و ئەوەی کە سەرچاوە سروشتییەکان و کانزاکان چۆن ئەگوازرێتەوە بۆ  ناوەند یانی قازانجەکەی بۆ ناوەندە و زەرەرمەندییەکەی بۆ پەراوێزە. بەڵام بزووتنەوەی ژینگەپارێزی لە کوردستان دوو فاکتوری ئەساسی تریش هەبووە کە ئیمکانیان پێداوە پەرە بستێنێ. یەکێک لەوانە بوونی توێژێکی خوێندەوار و خوێندکار کە لە دوو دەیەی ڕابردوو  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ڕێژەیان زۆر بووە، کەسانێک کە چوونەتە زانکۆ خوێندوویانە و دیارە لە بوارێکی زانستی دا ئاستی وشیارییان چووەتە سەر، دواتر دەرکیان بەوە کردووە کە ئەو جیاوازییەی نێوان کوردستان و دەرەوەی کوردستان چییە، لە زانکۆکان دا لە ڕێگای ئەنجومەنە ئەدەبی و کانوونە کولتوورییەکانەوە تا ڕادەیەک فێری کاری ڕێکخراوەیی بوون. ئەوانە لە واقعدا کۆڵەکەی بزووتنەوەی ژینگە پارێزین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا و ئەوانە کەسانێکن کە هاوکات هەر چۆنێک بێ توانیویانە ئەو ئیدەی ژینگەپارێزیشە بۆ ناو خەڵکیش بگوازنەوە کە لەو ساڵانە دا بە هۆی بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەسپێڕاگەیشتنی خەڵک بە ئینترنێت و بە پلاتفۆرمگەلی جۆراوجۆری سۆشیال میدیا ئەو چینە خوێندکارە ژینگە پارێزە توانیویانە ئەو کولتوورە کە ئەیانەوێ لە کۆمەڵگا دا دروست بێ بە شێوەی جۆراوجۆر بیبەنە ناو کۆمەڵگا. یانی بزووتنەوەی ژینگەپارێزی وەکوو بزووتنەوەیەکی نوێ زۆر بە باشی توانیویە کەلک وەربگرێ لەو تٶڕە کۆمەڵایەتییانە کە دەوڵەت کەمتر ئەتوانێ دەست بە سەری دا بگرێ و کەمتر دەتوانێ کۆنتڕۆڵی بکا. بۆ هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕێگەی پێوەندی و دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی زۆر زۆر گرینگە کە ئەوانەش توانیویانە. واتە ئەو فاکتۆرانەش بوونی فەزای مەجازی، ئەو توێژە خوێندکارە و ئاستی لە ڕادە بەدەری کاولکاری ژینگە لە کوردستان و دواتر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ئەم چوار فاکتۆرە ناوخۆییەی ڕۆژهەڵات توانیویەتی بزووتنەوەی ژینگە پارێزی  لە کوردستان بکا بە بزووتنەوەیەکی زیندوو و بە هێز و خۆشەویست کە یەکێک لە نیشانەکانی خۆشەویستییەکەشی دەتوانین ئەوە بڵێین وەختێک خەڵک ناوی شەهید بۆ ئەو کەسانە دەکار دەکەن کە لە پێناو پاراستنی ژینگە گیانیان بەخت کردووە.
قازی: ئێستا مەسەلەیەکی گرینگت باس کرد. ئاماژەت بەوە کرد کە حەولی ژینگە پارێزی و کار کردن لەو بوارە دا بۆ وێنە لە شوێنێکی وەک مەریوان بەر بڵاوە. پێم خۆش بوو هێندێک بە وردە ڕیشاڵ، بە تەفسیل باسی خەباتی ژینگە پارێزی بکەی لە کوردستان و بە تایبەتیش دەزانین کە لە جەرەیانی ئاگر تێبەربوونی هێندێک لە لێڕەوار و جەنگەڵ لە ناوچەی مەریوان چەند کەس شەهید بوون چەند ساڵ پێش ئێستا. ئەگەر دەکرێ بە شێوەی کڕۆنۆلۆژیک باسی ئەوانە بکەی.
ڕەحمانی: من پێم خۆشە باس لەو ئەکتانە بکەم  کە ژینگەپارێزەکان لە ڕۆژهەڵات دەیکەن. ئەوان لە دوو بەش دا، بەشێکی وشیار کردنەوەی خەڵک و فەرهەنگسازییە، بەشێکیشی کاری کردەوەیی یە. یانی لە ماوەی ئەو بیست ساڵە دا لەو دوو بوارە دا زۆر چالاکییان کردووە و هەموو ئەو ئێن جێ ئۆیانە، کۆمیتەگەلی جۆراوجۆریان هەیە؛ کۆمیتەی کولتوورییان هەیە، کۆمیتەی ژنانیان هەیە، کۆمیتەی گوندەکانیان هەیە و کۆمیتەی پێشگرتن لە قەیرانیان هەیە. یانی هەم لە ئاستی کولتووری و هەم لە ئاستی کردەوەیی دا ڕۆژانە هەوڵ دەدەن و خەریکی کار کردنن بۆ نموونە ئێمە ئەکتی ئێعترازی ئەوانمان هەبووە دژ بە دروستکردنی بەنداو، بەنداوەکان و گواستنەوەی ئاو  لە کوردستانەوە بۆ دەرەوەی کوردستان، یان پڕۆژە هەیە بە ناو پڕۆژەی زاگڕۆسانە کە ساڵانە نەمام دەچەقێنن، بەڕوو دەچێنن لە دارستانەکانی کوردستان دا، لە کوێستانەکانی کوردستان دا کە ئەوە پڕۆژەیەکی زۆر مونەزەمە ساڵانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لە ئیلامەوە بگرە تا خانێ و مەهاباد و ئەوانەش بەڕێوە ئەچێت کە ئیدەکەشی پێم وا بێ هەر ئی ئەنجومەنی چیا بووە لە مەریوان دا.
قازی: ئەو ئەنجومەنە کەنگێ پێک هاتووە؟

ڕەحمانی: ئەنجومەنی چیا لە کۆتاییەکانی ساڵەکانی حەفتای هەتاوی دا پێک هاتووە لە مەریوان کە ئەڵبەتە  پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە لە نێو بزووتنەوەی ژینگە پارێزی لە کوردستان دا چون فۆڕمی کاری ئەوان، چۆنێتی ڕێکخراو بوونیان توانیویە ببێ بە نموونەیەک بۆ باقی جێگاکانی تر لە کوردستان دا کە من بە پێی ئەو وتوێژانەی کە لە گەڵ ئەو کەسانەی کە لە ئیلام و کرماشان کردوومە خۆیان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەو پێکهاتە و چۆنێتی کاری ئەنجومەنی چیا وەکوو نموونە و سەرمەشقێکە بۆمان. من دەمەوێ بە خاڵێکی تر ئیشاڕە بکەم  ئەوەی کە ژینگە پارێزەکان لە کوردستان دا جیا لەو کارانەی کە سیرف کاری ژینگە پارێزی یە هەندێک ئەکتی تریان هەبووە لە وەختی قەیرانەکاندا کە لەوێدا هەم ئاستی متمانەی خەڵک بەوان دەرکەوتووە و هەم  توانایی ئەوانیش بە جۆرێک پارێزگاری کردن لە خەڵک. بۆ نموونە لە جەرەیانی بوومەلەرزەی کرماشان دا دیارە هەموو ئەنجومەنە مەدەنییەکان لە کوردستان و هەموو خەڵک هاتن بۆ یارمەتی خەڵکی کرماشان بۆ ئەزگڵە، بۆ سەرپێڵی زەهاو بەڵام دەتوانم بڵێم کۆڵەکەی ئەو حەڕەکەتە ژینگە پارێزەکان بوون. بە هۆی ئەوەی کە هەم کاری کردەوەیی زۆریان کردبوو یانی ئەزموونیان بوو لەو زەمینەیە دا و هەم ئەوەی کە متمانەی خەڵکیان پێشتر بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو بە جۆرێک کە خەڵک لەو وەختە دا یارمەتییەکانی خۆی لە جیات ئەوەی کە بدا بە نەهادە دەوڵەتییەکان وەکوو هیلال ئەحمەر و ئەوانە ڕاست ئەیبرد ئەچوو ئەیدا بە ئەنجومەنە ژینگە پارێزەکان  لە شارە جۆراوجۆرەکان کە ئەوان کەمپیان لێدا بوو لە ئەزگڵە و لە سەر پێل و ئەو یارمەتییانەیان لە ناو خەڵک دا بڵاو دەکردەوە. دواتر ئەمان یانی ژینگە پارێزەکان لە باری کردەوە و عەمەلیشەوە زۆر بە ئەزموونن بە پێی ئەوەی کە دائیمەن لەگەڵ سروشت و ئەو شەرایتە  خەریکن لە کاری ئاگر کووژاندنەوە و کاری لەو مۆدێلە دەکەن کە زۆر کارگەلێکی سازندەیە و ساڵانە ئەو کارانە دەکەن و پڕۆژەیان هەیە لەبەر ئەوە ئەوان ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان هەبوو یان لە لافاوی لوڕستانیش دا هەر بەم جۆرە، یان لە جەرەیانی پاندێمی کۆڕۆناش دا. ئەمەوێ بڵێم ئەو حەڕەکەتە  ژینگەپارێزییە شتێکە کە  زیاتر لەو تەسەورە گشتی یە کە ئێمە لە خودی ژینگەپارێزیش هەمانە. یانی شتێکە  کە بە گشتی ئەیەوێ  نیشتمانێک کە لێرە کوردستان بێ بیپارێزێ ئاوی، خاکی، و خەڵکەکەشی.
قازی: باشە لە سەر شەهادەتی شەریف باجوەر و هاوڕێکانی دەکرێ هێندێک زیاتر باس بکەی
ڕەحمانی: بەڵێ کاک شەریف باجوەر و هاوڕێکانی. من باسی ئەوەم کرد کە ئەو کەسانە وەکوو شەهید ناویان دەبردرێ و خەڵک وا باسیان لێ دەکا دیارە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا بانترین یان زۆرترین شتێک کە لەباری ئەرزشییەوە گرینگە و ئەیەوێ بە کەسێکی بدا شەهید بوونە لە ڕێگای نیشتمانێک دا، بەو ژینگەپارێزانەی داوە کە  لە جەرەیانی ئەو ئاگرکووژاندنەوەیە لە مەریوان و دواتر لە پاوەش کە ڕووداوی دڵتەزێنی لەو جۆرە ڕووی دا،ئەو لەقەبەیان بەو کەسانە داوە و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ژینگەپارێزەکان هەر چۆنێک بێ لە نێو خەڵک دا چ ئاستێک لە مەحبووبییەت و خۆشەویستییان هەیە  و چۆن خەڵک ژینگەپارێزی وەکوو نرخێکی نوێ قەبووڵ کردووە و ئەیەوێ ئەو شتە درێژەی هەبێت. هەڵبەت دەبێ یەک نوختەی زۆر گرینگیش باس بکەین ئەوەی کە گوشاری ئەمنییەتییە لە سەر ژینگەپارێزەکان، ئەوە نابێ لەبەر چاو نەگیردرێ بۆ ئەوەی کە بەر بە پەرەسەندنی ئەو بزووتنەوەیە دەگیرێت یانی ساڵانە بە دەیان کەس لە ژینگە پارێزەکان لە کوردستان ئێحزار دەکرێن، هەڕەشەیان لێ دەکرێ، بازداشت دەکرێن، جاروبار حوکمی زیندانیان بۆ دەر ئەکرێت لە لایەن حکوومەتەوە. ئەمانە زۆر بەربەستی دروست کردووە یان کۆنتڕۆڵی تر بە شێوەی جۆراجۆر لەسەر  ئەو ئەنجومەنانە هەیە کە ئەبێ ئەمە لەبەر چاو بگرین بۆ ئەوەی کە وەکوو مەحدوودییەتەکانی ئەوانیش نەیانتوانیبێ لەوە زیاتر پەرە بستێنن ئەمەش تەئسیری زۆر جیدی هەبووە.
قازی: لە لێکۆڵینەوەکەت دا حەتمەن باست کردووە ئەو جۆرە کۆمەڵانە، ئەو جۆرە کۆبوونەوانە، دەسیپشخەرییانە لە هەموو کوردستان هەیە لە هەموو ناوچەکان؟
ڕەحمانی: دیارە ئاستەکەی جیاوازی هەیە. بۆ نموونە لە شارێک وەک مەریوان ئەو شتە زۆر ڕیشەدارترە، لە شاری تریش هەیە شایەد زۆر لاوازتر بێ بەڵام تا ئەوجێگای من بە دوای دا چووبم و  پرسیبێتم  لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دا ئێمە وەکوو ئێن جی ئۆ، ئێن جی ئۆی ژینگە پارێزیمان هەیە. زۆر جار هەیە کە ئەو ئێن جی ئۆگەلە مۆڵەتی کارەکەیان درێژ ناکرێتەوە یانی ئیجازەیان پێ نادەن بەڵام جارو باریش هەیە بە شێوەی غەیری ڕەسمیش  درێژە بە کارو چالاکی خۆیان دەدەن، گرووپی زۆر پچووک، تەنانەت لە قالبی گرووپی شاخەوانیش دا کاری ژینگەپارێزی دەکەن.یانی ئەوە نییە کە تەنیا کورت بکرێتەوە لە ئێن جی ئۆکان دا. بە شێوەگەلی جۆراجۆر ئەو کارە ئەکرێ وەکوو کولتوورێک هەیە. بۆ نموونە یەکێک لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینگەپارێزی هەوڵیان داوە کە کولتووری ڕاو لە کوردستان زۆر لاواز بکەن.
قازی: ئەوە زۆر زۆرە چاوڕاکێشە چونکە چەند نموونەی ئاوامان دیوە کە ڕاوچییەکان دێن قەفەسەکان دەکەنەوە و کەوکان بەرەڵا دەکەن یان تفەنگی ڕاوێ دەشکێنن.
ڕەحمانی: کەمپەینی چەکی سەوز و شکاندنی چەکەکان و ئازاد کردنی کەوەکان هەموو ئەوانە دەسکەوتی ژینگەپارێزین لەو دوو دەیەی ڕابردوو دا.
قازی: باشە مەسەلەیەکی دیکەش کە گرینگە ئەویش ئەوەیە چ هەم ئاهەنگی یان کۆئۆردینەیشنێک هەیە لە نێوان ئەو جووڵانەوانەی ژینگە پارێزی لە کوردستان و لە ناوچەکانی دیکەی پەراوێز خراو؟ وەکوو بەلووچستان وەکوو عەڕەبستانی ئێران و ئەو جۆرە شوێنانە؟

ڕەحمانی:  تا ئەو جێگا کە من زانیاریم هەبێ شتی وا نییە ئەڵبەتە هەوڵ دراوە لەگەڵ ئەوانەی ناوچەی لوڕستان و بەشی بەختیاری و ئەوانە هێندێک کار بکرێت بەڵام وەکوو پلاتفۆرمگەلێک کە تێیاندا پێکەوە کار بکەن بە شێوەی پڕۆژەی زۆر کۆنکرێت و جیدی کار بکەن پێم  وا نیە بوونی هەبێت یان من ئاگاداری نیم یان نەمتوانیوە بەو شتانە بگەم ئەگەریش هەبێ.
قازی: دەزانین کە دیاردەیەکی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو ساڵانەی دواییدا زۆر باسی لە سەر کراوە و تەقریبەن حەوتوو بوێر نییە کە باس نەکرێ کۆڵبەرێک ژیانی لە دەست دەدا. هیچ تێکەڵاوییەک لە نێوان ئەو دوو دیاردانە دا دەتوانین ببینین؟ کاری کۆڵبەری و  دۆزی ژینگە پارێزی؟
ڕەحمانی: وەکوو ئەنجومەنە مەدەنییەکان لە کوردستان دا بەیانییە و ئەوانە دەرکراوە و کوشتنی کۆڵبەرەکان ئیدانە کراوە لە کوردستان دا. بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین مەحدوودییەتیش زۆر هەیە و ڕەنگە نەکرێ بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەو پێوەندییانە هەبێ بەڵام هەبووە لەو ئاستەش دا کە ژینگەپارێزەکان دەنگیان هەڵبڕیوە، کوژرانی کۆڵبەرەکانیان ئیدانە کردووە، مەحکوومیان کردووە بەڵام هەر چۆنێک بێ جمهووری ئیسلامی هەلومەرجێکی دروست کردووە بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ زۆربەی خەڵک ئەوەی کە دەرەتانەکانی بۆ ژیان ئەوەندە کورت کردووەتەوە لە ڕێگای ئەو سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەوە کە هەیبووە لە باری ئابوورییەوە، چون دیارە ئەو سیاسەتە کۆلۆنیالیستییانە هەم لە باری کولتوورییەوە هەن و هەم لە باری سیاسی و هەم لە باری ئابوورییەوە کە ئێستا دەبینین بە هەزاران خەڵک لە کوردستان مەجبوورن کارێک بکەن کە بە ڕاستی ناتوانی وەکوو کار ناوی لێ ببەی. یانی خەڵک بەرەو هەڵبژاردنێک ببات کە لە بەینی نان و گیانی دا ئەبێ یەکێکیان هەڵبژێرێ. ئەوە یەکێک لەو سیاسەتانەیە دیارە لە پاڵ ئەوەشدا کۆچی خەڵک بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و جێهێشتنی کوردستان و بۆ پەیدا کردنی نان و بۆ بژیوی ژیان یەکێکی تر لەو گرفتانەیە کە ئێستا خەڵکی زۆر هەستیار کردووە بەڵام هێشتا حەرەکەتێکی زۆر جیدی هەبێ بۆ بەرگریکردن لەوانە بەداخەوە لە ئارا دا نییە.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور ڕەحمانی کاتمان تەواو بوو داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
ڕەحمانی: زۆر سپاس لە ئێوەش کە ئەو دەرفەتەتان بە من دا.
قازی: بینەرانی خۆشەویست دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ دوکتور جەمیل ڕەحمانی، کۆمەڵناس لە بەرنامەی ڕاوێژ دا ئێوارەی پێنجشەمە  ٢٥-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە
دەکڕێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە دا لە مەکۆی ڕاوێژ لە تؤری کۆمەڵیی یوتیوب دا تەماشا بکەن

https://www.youtube.com/watch?v=oGfyB_90Rak&t=4s











 

No comments: