Wednesday, February 14, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز فەخرەدین شاهین تێکۆشەری کورد کە وەک زیندانی سیاسی زیاتر لە سی ساڵ لە گرتووخانەکانی ڕێژیمی تورکیا دا بووە. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ١٥-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤ ئاستە کراوە و لە ئێوارەی پێنجشەمە ٨-ی فێڤرییە لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز فەخرەدین شاهین تێکۆشەری  کورد کە وەک زیندانی سیاسی زیاتر لە سی ساڵ لە گرتووخانەکانی ڕێژیمی تورکیا دا بووە. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ١٥-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤ ئاستە کراوە و لە ئێوارەی پێنجشەمە ٨-ی فێڤرییە لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.
" بازجوویی " من  لە  فەخرەدین شاهین
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز فەخرەدین شاهین کە گەورەی کردین و بانگهێشتنی ئێمە قەبووڵ کرد بۆ  بەشداری لەم بەرنامەیە دا. بەڕێزیان زیاتر لە سی ساڵ لە تەمەنی خۆی لە زیندانەکانی ڕێژیمی تورکیا دا تێپەڕ کردووە و دیارە گواستنەوەی تەجروبە وئەو ڕەنج و مەینەت و ئەشکەنجەی کە لە زیندان دا دیویەتی بۆ وەچەی ئێستاش دەکرێ پاڵنەرێک بێ بۆ درێژە دان بە خەبات. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز فەخرەدین شاهین.
فەخرەدین شاهین: زۆر سپاس مامۆستا
قازی: لەوەڕا دەست پێ بکەین، بەڕێزت لە منداڵیی خۆت ڕا چۆن گەورە بووی، خەڵکی کوێی و چۆن گەورە بووی؟
شاهین: ئەمن  خەڵکی باکووری کوردستانم. خەڵکی ناوچەی مێدیادم لە مێردینێ، یانی هەرێمی تۆرێ، گوندی مزەخێ. لە ساڵی ١٩٩١ لە شەڕێک دا گیرام.
قازی: بەر لەوە دەمەویست هێندێک زیاتر باسی دەور وبەری خۆت، و بنەماڵەێ خۆت بکەی. باسی مێدیادت کرد، لە مێدیاد جگە لە کورد وا بزانم سوریانیش دەژین وایە؟ هێندێک لەو بارەیەوە باس بکە.
شاهین:مێدیاد جێیەکی ڕەنگاوڕەنگە، تەنێ کوردی لێ نییە، عەڕەبی لێ هەن، مەسیحی لێ هەن، وەکوو دیکە دین و مەزهەبی جیاوازی تێدایە، ئێزیدی لێ هەن لە مێدیادێ، ئەرمەنی هەن  یانی جێیەکی هەمەڕەنگە و لە  ڕەنگێک پێک نەهاتووە. کاتێک لە مێدیاد دەچێتە نێو بازاڕی شاری بە جارێک زمانی جۆر بەجۆرت گوێ لێ دەبێ. جێێەکی زۆر قەدیمە، زۆر باشە و دیارە دەوڵەتیش ئەو تایبەتمەندییەی ئەوێی وەبەرچاو گرتووە و گەلێک فێڵ و تەڵەکە دەنێتەوە و زۆری حەولی داوە ئەو نەتەوە جیاوازانە، ناسێنە جیاوازانە بەگژ یەک دا بکا، بە شەڕیان دا. دیارە بە دڕێژای مێژوو زۆر ڕووداویش قەوماون کە ڕەنگە پێویست نەکا ئێمە لێرە لەسەریان ڕاوەستین. لە ڕابردوو دا هێندێک ڕووداوی ناخۆش ڕوویان داوە، بەڵام لە دوای پەیدابوونی تەڤگەڕی ئازادی، ئەو تەڤگەرە بوو بە نوختەیەکی پتەو بۆ بەیەکبەستنەوەی لایەنەکان و ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخەی تەڤگەری ئازادیی دایمەزراندووە و ڕێکخستنی پتەوی کە لە نێو شار و دەورو بەری دا سازی کردووە پێوەندی کۆمـەڵگەی جۆر بەجۆر لەگەڵ یەکتری باشە.
قازی: باشە تۆ لە تافی منداڵی خۆت ڕا کە گەورە دەبووی تێکەڵاویتان بە دەرو دراوسێی سوریانی و عەڕەبی خۆتان لە گوندەکەتان دا چۆن بوو؟
شاهین:گوندەکەی ئێمە نزیکەی سێسەد ماڵە. گوندێکی گەورەیە، لە چەقی ناوچەی تۆرێ یە. نیوەی مەسیحین، نیوەشی کوردن. هەر وەک ئێستا گوتم لە زەمانی قەدیم، لە سەردەمی پێشوو دا هێندێک ڕووداوی ناخۆش ڕوویان داوە، بەڵام ئەوان لە بیر کراون. لە تێکەڵی نێوان کوردان و مەسیحییەکان دا هیچ دژایەتی نییە.
قازی: باشە لە بنەماڵەکەتان دا ئێوە چەند خوشک و برا بوون؟


شاهین: ئێمە شەش خوشک و براین، چوار برا و دووو خوشک بە گشتی ئێمە شەش کەسین و ئەمن پچووکی ماڵم. هەری پچووک ئەزم.
قازی: ئێوە لە گوند کاری جووتێریتان دەکرد؟
شاهین: بەڵێ، ژیانی ئێمە لە گوند دا تێپەری، ئاژەڵمان هەبوو، زەوی و ڕەزمان هەبوو، یانی خەریکی جووتێری و ئاژەڵداری بووین و بەوانە بەڕێ دەچووین.
قازی: هەستی سیاسی، وشیاری سیاسی چۆن لە تۆ دا پەیدا بوو؟
شاهین: تەڤگەری ئازادی لە جێدا ساڵی ١٩٧٨ هاتە مێدیادێ، و ساڵی ١٩٧٨تەئسیرێکی زۆری کرد لە سەر کۆمەڵگەی ئەوێ. یانی دەتوانین بڵێین جڤاکی ڕاتڵەکاند. وشیاری کردەوە، لە هەموو ڕوویەکەوە وەخۆی هێنایەوە. لە ناو ماڵباتی ئێمە دا برای منیش لە تەڤگەرێ دا بوو، دەتوانم بڵێم تێکەڵیی ئێمە و تەڤگەر لە ساڵی ١٩٧٨ دا ساز بوو، بەڵام تێکەڵییەکی پرۆفێسیۆنێل نەبوو. وەکوو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز چ ئەرکێک کەوتبا سەر ئەستۆی ماڵباتەکەمان خۆمان لێ نەدەدزییەوە. دیارە ئەو دەمی ئەمن زۆر جەوان بووم.
قازی: تەمەنت چەند بوو؟
شاهین: پازدە، شازدە ساڵ دەبووم. و هێندە سەرم لە سیاسەت دەرنەدەچوو، بەڵام هەڵبەت سەمپاتییەک هەبوو بۆ بزووتنەوە، ئێمە خۆشمان دەویستن، دەمانویست بەردەوام بیانبینین، لە تەنیشتیان دانیشین، قسەیان لەگەڵ بکەین یانی نزیکایەتییەکی ئەوتۆ لای من پێک هاتبوو. بەڵام وەک گوتم نەک وەکوو کارێکی پرۆفێسیۆنێل. وەکوو دیکەش لە جێدا ئەو زەمانی لە دوای کودەتای ١٢-ی ئەیلوول تەڤگەری ئازادیی لە باکوور کشایەوە و بوو بە لاپەڕەیەک لە مێژوو و هەتا ٨٢ و تەنانەت تا ١٩٨٣ ئەو ناوچانە خاڵی بوون و کەسی لێ نەبوو. گەل دە بن زەخت و زوڵمی جوونتای ١٢-ی ئەیلوول دا بوو، لە پێواژووی دوو سێ ساڵ دا.
قازی: باشە دەت خوێند.
شاهین: بەڵی من یازدەساڵم خوێند، لیسەم تەواو کرد. ئەو دەم کە کودەتا کرا ئەو دەمی خوێندکار بووم  لە شار لە مێدیاد دەمخوێند. دوای یازدە ساڵ خوێندن دەستم لە مەدرەسە هەڵگرت، بەڵام لە نێوان ٨٢ و ٨٣ دا ئەو وشیارییەی کە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک دا ساز ببوو لە بن زەخت و زوڵمی دەوڵەتی تورک دا دامرکا، سەردەمی کەنان ئێڤرەن. هەرچەند ئەوە دەمی لاوێکی منداڵکار بووم بەڵام باشم لە بیرە، بەڵکوو ئەو زوڵمەی کە دەکرا بووە مایەی ئەو هۆش و وشیارییە. بیرەوەرییەکی دروست کرد کە وەختێک بیر لەوان ڕۆژان دەکەمەوە، یانی ئەو ڕۆژانەی کە ژیان وەبیرم دێتەوە، ئەرکی تەڤگەڕی ئازادی، قورساییەکەی، پێداویستییەکانی لە ناوگەلی کورد دا بە گشتی باشتر دەردەکەوێ و مڕۆڤ باشتری دەبینێ، چونکە من و کەسانی وەک من زۆر شتمان دیوە، زۆر شتمان ئەزمووە. بفکرە لەو تەمەنەش دا کاتێک منداڵێک بووم منیان گرت خستیانمە ژێر چاوەدێری و ئەشکەنجەیان کردم.
قازی: ئەتۆ ساڵی ١٩٩١ گیرای؟ یان پێشتریش گیرابووی و بەردرابووی
شاهین: کار کردنی من دە نێو تەڤگەڕ ئازادی دا کۆتایی ١٩٨٩ دەستی پێکرد، ٨٩، ٩٠ هەتا سەرەتای ٩١ ئەمن  بەشێوەیەکی چالاک دە نێو کار دا بووم و لە خەباتی عەسکەری دا بووم  و لە ١٥-ی نیسانی ساڵی ١٩٩١ گیرام. پازدەی نیسانی ٩١ لە ناوەندی مێدیادێ هێرشێک کرابووە سەر شار لەوێ بە برینداری گیرام.
قازی: ئەشکەنجە کرانی فیزیکی تۆ لەو دەمەی دا کە برێندار بووی دەستی پێکرد یان چۆناوچۆن بوو؟

شاهین: ئێمە باسی دەوڵەتی تورک دەکەین مامۆستا. دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی بەربەرە. لە هەر کەس بپرسی ئەو وڵامەت دەداتەوە.لە مێژوو دا هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ کاراکتێری وان ئاوایە، کاراکتێرێکی توند و تێژ و قەدیمییە. یانی لە هەلس و کەوتی دەوڵەت دا ئەشکەنجە مێتۆدی سەرەکییە .
قازی: ئەشکەنجەی فیزیکی مەبەستی من بوو.
شاهین: بێگومان. دیارە ئەشکەنجە هەر بە لێدان نییە، زۆر تێکنیکیش دەکار دەکەن، تێکنیکی زۆر ئاڵۆز. کاتێک من گیرام ٣٢ ڕۆژ لە ژێر چاوەدێری دا بووم، لە ژێر ئەشکەنجە دا. ٣٢ ڕۆژ بە شەو وڕۆژ ئەشکەنجە دەکرام.
قازی: کاتێک دەڵێی ئەشکەنجە مەبەستت ئەوەیە کە لێیان دەدای.
شاهین: هەڵبەت. بەرقیان وێدەخستی، لە فەلاقەیان دەکردی. یانی رفتاری ئاوایان لەگەڵ دەکردم کە بە عەقڵی ئینسان دا نایە .
قازی: ئەوە بەر لەوە بوو کە بتبەنە مەحکەمە؟
شاهین: بەڵێ بەر لە مەحکەمە و لە پێواژوی لە ژێر چاو دا بوونە.
قازی: لەو پێواژۆیە دا ئەو ئەشکەنجەیە چەندە بەردەوام بوو؟
شاهین: ٣٢ ڕۆژان لە ژێر ئەشکەنجە دابووم بێ پسانەوە.
قازی: کەنگێ بردیانییە مەحکەمە؟
شاهین: دوای ٣٢ ڕۆژان ئەمنیان بردە بەرمەحکەمە. مەحکەمە بڕیاری گرتنی دام  و بردیانمە زیندانێ.
قازی: ئەو پرۆسیدوورە بەو شێوەیە کە گیرای لە بن چاو دا دەبێ و دوایە دادئەستێن/ مودەعی عام داوای گرتن دەکا.
شاهین: کاتێک کەسێک تازە دەگیرێ بڕیار هەیە کە لە ژێر چاو دا بێ، لەو ماوەیە دا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ، دە بن ئەشکەنجە دا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ هەتاکوو دۆسییەکەی تەواو دەبێ، هەتاکوو ئەو شتانەی کە دەیانەوێ تێیدا بگونجێنن ئامادەی دەکەن، بە دوای ئەوە دا دۆسییەکەدەنێرنە مەحکەمە و دوای قەراری مەحکەمە دەینەنە زیندانێ.
قازی: ساڵی چەند مەحکەمە کرای، هەر لە مێدیادێ بوو؟
شاهین: نا لە مێردینە. یانی جێی ئەشکەنجە مێدیاد نەبوو، مێردین بوو، مەحکەمە لە ناوەندی هەرێم، لە مێردینێ بوو، شاری مەزن، لەوێ بڕیاری گرتنیان دا و لەوێوە ناردیانم بۆ گرتووخانەی ئامەد. دیارە بەدناوبوونی زیندانی ئامەد لە مێژوو دا جێی خۆی گرتووە. لە وێ دووساڵ مامەوە هەتا دۆزەکە تەواو بوو و بە زیندانی ئەبەد حوکمیان بۆ بڕیمەوە و ئەوە دوو ساڵی پێ چوو. لە بەندیخانە دا ‌هێرشێکیان کردینە سەری، زۆر لە هاوڕێیان بریندار بوون، بە سەدان لە هاوڕێیان بریندار بوون. دوای ئەو ئەشکەنجە زۆر و زەوەندە و ئەو هێرشە قێزەوەنە لەوێوە دووریان خستینەوە بۆ زیندانی دیلۆک.  .
 قازی: مەحکەمە کەنگێ بڕیاری یەکجاری دا؟
شاهین: باشم وەبیر نایە بەڵام ئەگەر هەڵە نەبن ئەیلوولی ١٩٩٣ بوو.
قازی: یانی دوو ساڵی خایاند هەتا مەحکەمە بڕیار بدا.
شاهین: بەڵێ، دووساڵی کێشا هەتا مەحکەمەی بەرزیش قەرارەکەی پەسند کرد و دوایە لەوێوە گوێستیانمەوە.
قازی: یەکەم حوکم چەند ساڵ بوو؟
شاهین: حوکمی ئێعدام بوو،بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دەمی لە تورکیا حوکمی ئێعدام هەڵپەسێردرابوو حوکمی ئێعدامیان دەدا بەڵام جێ بەجێ یان نەدەکرد و حوکمی ئێعدامیان دەکردە سزای زیندانی هەتاهەتایی. ئەویش بە پێی قانوونەکەیان ٣٦ ساڵە، لەو ٣٦ ساڵەش ٦ ساڵی مەحکەمە دەبڕێ، دەبێ مرۆڤ سی سال لە زیندان دا بمێنێتەوە و ئەگەر دوای ئەو سی ساڵە کە دەرکەوتی ئەگەر هیچ " سووچ " ێک نەکەی ئیدی ٦ ساڵەکەش نامێنێ، بەڵام ئەگەر " سووچێک " بکەی دەبێ ئەو شەش ساڵەش بکێشی.
قازی: باشە ئەگەر ئێستا بێینە ساڵی ١٩٩٣، یانی لەو ساڵەیدا کە حوکمی زیندانی ئەبەدیان بۆ بڕییەوە. یانی دەبوو بەو حوکمە را بە تۆبزی کاریش بکەی؟ یان چۆن بوو؟
شاهین: یانی کاری بە تۆبزی بە قانوونیی لەگەڵ نییە. لەمەڕ مەحکوومانی ئاسایی و نا سیاسیی کاری بە تۆبزی پێکردن دەکاردەکەن دە زیندانێ دا، بەڵام لەمەڕ مەحکوومی سیاسی بە قسە دەڵێن بەڵام کەس کاریان بۆ ناکا. ناتوانن زۆریشیان بۆ بێنن چونکە ئەوە بکەن بەرخوەدانی بە دوو دادێ. بۆیە لە گرتووخانە دا کاری فیزیکی بە زیندانیی سیاسی ناکەن.  بەڵام بە گرتووی نا سیاسی دەکەن.
قازی: ئەتۆ لە ١٩٩٣ لە زیندانی دیار بەکر بووی چەند کەس بوون لە شوێنێک دا؟
شاهین:  ژمارەی ئێمە گەیشتە ١٦٠٠ کەس، شوێنەکان قەرەباڵغ بوون ئەو دەمی. لە هێندێک لە قاوشەکان نزیکەی ١٠٠ کەس تا ١٢٠ کەس هەبوون، یانی دەتوانم بڵێم ئەگەر بە تاریکی شەو ویستبات هەستی و لیوانێک ئاو بخۆیەوە پێویست بوو پێ لە سەری دە کەسان بنێی هەتا دەرباز دەبووی. زۆر جێگاکە تەنگ و شلووق بوو. جێی تەختی خەو نەبوو ئێمە دۆشەگەکانمان لە سەر ئەرزی ڕادەخست هاوڕێیان لە سەر ئەرزی دەنوستن.
قازی: باشە دەو وەختی دا ئەشکەنجەی فیزیکی هەر هەبوو یان نا؟
شاهین: بە ئاوایەکی یاسایی، سیستیماتیک نەبوو، بەڵام ئەگەر دەرفەتیان هێنابا دەستیان نە دەپاراست. نەک تەنیا ئەشکەنجە، دەکرا بشت کوژن. زۆر کەس دوای مەحکەمە کووژراون.
قازی: ئەتۆ ڕۆژێکت چۆن تێپەڕ دەکرد؟ یانی ئەو ماوەیەی سی ساڵ زیاتر هەر لە دیاربەکر بووی یان چوویە جێی جۆر بەجۆر؟
شاهین: من چوومە گرتووخانەی جۆر بەجۆر.
قازی: تکایە یەک یەک بێژە بە شێوەی سیستماتیک، لە دیاربەکرێ کە بووی ئێوە ڕۆژێکتان چۆن تێپەر دەکرد؟
شاهین: دیاربەکر جێیەکی جیاواز بوو مامۆستا، هەم حاڵەتێکی مەعنەوی هەیە، وهەمیش هەلومەرجی فیزیکی ئەو زەمانی جیاواز بوو. ئەو دەمی لەوێ زۆر قەرەباڵغ بوو، قاوشەکان گەورە بوون، گەلێک ئینسان دە نیو یەک دا بوون، یانی مرۆڤ دەتوانێ بڵێ هێندێک هەڤاڵ دەگیران و لەوێ بوون و بەریش دەدران ئێمە یەکتریمان نە دەناسی. هەژماری زیندانییەکان یەکجار زۆر بوو و دەو قەرەباڵغییە دا ئەستەم بوو ئینسان یەکتریش ببینێ و یەکتری بناسێ. ئەو موشکیلەیە هەبوو. وەکوو تر لە بەر ئەو قەرەباڵغییە زەمان زوو ڕادەبرد. لەو ماوەیە دا پەروەردە دەناو زیندان دا قەت ڕانەوەستا، بە شێوەیەکی سیستماتیک پەروەردە لەمەڕ تەڤگەڕێ دەکرا، ئەوە زۆر باش بوو چوونکە دەبووە هۆی ئەوەی ئەو کەسانەی ئەشکەنجە کرابوون و زیندانیان بۆ بڕابووەوە، هێندێک بێنەوە سەرخۆ. و تەئسیری ئەوەی کە بە ڕۆژان ئەشکەنجە کراون کەم بێتەوە و بڕێک بحەسێنەوە. ئەوە زۆر باش بوو، و لە لایەکی دیکە فکر و ڕامانێکی دەدا بە ئێمە. یانی زۆر لەو هاوڕێیانەی کە دەگیران تازە دەگەڵ کەوتبوون، یان لەسەرهەڵدانێک دا بەشدارییان کرد بوو یان یارمەتی گریلایان دابوو گیرا بوون و خاوەن بیرکردنەوەیەکی قووڵ نەبوون. کاتێک دەهاتنە زیندان و پەروەردەیان دەدیت، لەگەڵ ئەو فکر و ڕامانەش ئاشنا دەبوون.
قازی: زیندانوانەکان دەیانزانی ئێوە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک خۆ پەروەردە دەکەن و زانیاری خۆتان زیاتر دەکەن؟
شاهین: بێگومان دەیانزانی بەڵام نەیان دەتوانی هیچ بکەن. هێرش دەکەن، ئەشکەنجە دەکەن،دوور دەخەنەوە بەڵام بیست و چوار سەعات لە سەر سەری زیندانی نین .
قازی: مەسەلەی دیدار و چاوپێکەوتنی خزم و کەسوکار چۆن بوو ئەو ماوەیەی کە لە زیندانی دیاربەکر دابووی. دەزانین ماوەکە دوورو درێژە با زیندان بە زیندان بچین!
شاهین: بەڵێ حەوتووی ڕۆژێک کاتی دیدار هەیە. ئەو زەمانی تەنێ نێو سەعات مرۆڤ دەکرا چاوی بە کەس و کاری بکەوێ.
قازی: ئێوە مەجبوور بوون بە تورکی لەگەڵ خزمانتان قسە بکەن؟
شاهین: نا! ئەوە زەمانی پێشوو وا ببوو، دوای بەرخوەدانی هاوڕێیان ئەوە نەمابوو. ئێمە بە کوردی، بە زمانی خۆمان قسەمان دەکرد. بەڵام تەنێ نیو سەعات بوو، باشە لە نیوسەعات دا مرؤڤ دەتوانێ باسی چ بکا. جگە لەوەش لەو شوێنەی دیدار دەکرا کابینی چکۆڵە چکۆڵە بوون و گرووپ گرووپ زیندانی دەهاتنە وێ، یەک دیداری دەکرد، یەکی دی دەچوووە جێی. بە کورتییەکەی دیدارێکی ئەوتۆ نەبوو کە مرۆڤ بتوانێ لەگەڵ خزمەکانی بدوێ، دەرفەت نەبوو، زەمان نەبوو. تەنێ ئێمە یەکتریمان دەدیت و چاکوچۆنیمان دەکرد. شتێکی زۆر گرینگ هەبا باسمان دەکرد جگە لەوە دەو ماوە کورتەدا دەرفەتی هیچ نەبوو. ئەوەش لە کاتێکدا بوو ئەگەر ئێمە سزا نەدرابایەن ئەو دەمی ئیزنی دیدار هەبوو. بەڵام ئەگەر سزای دیسیپلینیان داباین زیارەتیشمان لێ قەدەغەدەکرا.
قازی: باشە ئەو سزای دیسیپلینە لە سەر چ ئەساسێک دەیاندا. یانی چ دەبووە هۆی ئەوە کە سزای دیسیپلین بدەن؟
شاهین: سەبەبی سەرەکی ئەوەیە ئەگەر لە پرۆسێدووری ئەوان دا بەشداری نەکەی سزات دەدەن. ئەوان هێندێک پرۆسێدوور دادەنێن، بۆ ئەوەی لە قەدەت دەن و فۆرمێکت لێ ساز کەن لە گرتووخانە دا. فۆرمێکت بدەنێ، شکلێکت بدەنی بۆ ئەوەی تۆ بەو شکڵەوە زیندان بە جێ بێڵی. ئەگەر تۆ لەو ڕیوڕەسمانەی دا ئەوان لەبەرچاویان گرتووە بەشداری بکەی، چ گرفت نییە، بەڵام ئەگەر مل بادەی و نەیەکەی سزای دیسیپلینت بە سەر دا دەسەپێنن.
قازی: باشە تۆ چەند ساڵ لەو دیار بەکر بووی؟ دوایە چوویە کوێ؟
شاهین: دوو ساڵ و نیو لە زیندانی دیار بەکر دا مامەوە هەتا مانگی گوڵانی ساڵی ١٩٩٣ و دوای ئەوەی کە هێرشێکیان کرد بۆ سەر گرتووخانەکە و بە سەدان هاوڕێیان بریندار کرد،گرووپێک لە ئێمەیان دوورخستەوە بۆ دیلۆکێ.
قازی: چەند لە زیندانی دیلۆک دا مایەوە؟
شاهین: ساڵ و نیوێک لە دیلۆک بووم  هەتا مانگی حوزەیرانی ساڵی١٩٩٤ ئەمن لە زیندانی دیلۆک بووم. ژیانی ڕێکخستنی لە زیندانێک دا چۆن بێ، لەوێش هەبوو، لەوێش ئێمە ڕێکخستنمان هەبوو، پەروەردەمان هەبوو.
قازی: لەوێش دەرفەتی چاوپێکەوتنی کەسوکارت هەبوو.
شاهین:بەڵێ هیچ گرفت نەبوو.
قازی: باشە ئێوە چۆن لە دەنگوباسی دەرەوەی زیندان ئاگادار دەبوون؟
شاهین: لە جێدا ئەوە زۆر گرینگە. بۆ ئینسانێکی سیاسی کە لە زیندان دا بێ،دەنگوباسی دەرەوە لە ئاو و خۆراک و ماڵبات گرینگترە. جار جار ڕۆژنامە دەهاتنە ناو زیندان،بەڵام زیاتر زانیارییەکی کە ئێمە بە دەستمان دێنا لە ڕێگای خزم و کەسوکار ڕا بوو. ئەوان لە دەرەوە گوێیان دەدا خەبەری ئاژانسەکان و بۆیان دەگێڕاینەوە.
قازی: ڕادیۆتان نەبوو؟
شاهین: ئەو دەمی ڕادیۆ نەبوو. تەنێ ڕادیۆیەکی گریلا هەبوو، ئەویش لە هەموو جێیەک دەنگی نەدەبیسترا.
قازی: لە دیلۆکێ چەند مایەوە؟
شاهین: ئەمن لە مانگی مای ١٩٩٣ چوومە دیلۆکێ و هەتا حوزەیرانی ١٩٩٤ لەوێ مامەوە.
قازی: دوایە.
شاهین: دوایە زیندانی دیلۆکیان خاڵی کرد، و دووریان خستمەوە بۆ زیندانی ئایدن، یانی هەرێمی ئەژە لە باکووری تورکیا و ماوەیەکی درێژ لەوێ مامەوە.
قازی: چەند ساڵ لەوێ مایەوە!
شاهین: لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤ تا ساڵی ١٩٩٩ لەوێ بووم، پێنج ساڵ لەوێ بووم.
قازی: ئەوە بۆ ئەندامانی بنەماڵەت زەحمەت نەبوو بێنە وێ بۆ دیتنت؟
شاهین: بڵێ زۆر زەحمەت بوو، لە جێدا دوای ئەوەی من ڕاگوێزارم بۆ ئایدن ئیدی هاتو چووی کەسوکارم زۆر ئاستەم بوو.
قازی: لە ئایدن ڕا چوویە کوێ؟
شاهین: لە دوای ئایدن چوومە زیندانی " نازلی " ناوچەیەکە سەر بە ئایدن و هەتا ساڵی ٢٠٠٤ من لە نازلی بووم.
قازی: لە زیندان دا خۆ بە تەنێ نەبووی؟ خەڵکی دیش هەبوون.
شاهین: بەڵێ هەبوون
قازی: قەرەباڵغ بوو؟
شاهین: زۆر قەرەباڵغ بوو. هەتا ساڵی ٢٠٠٢ وا بوو بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ وەزع گۆڕا. وەزعی زیندان گۆڕا، تا ٢٠٠٤ من لە نازلی بووم. لە ٢٠٠٢ هەتا ٢٠٠٤ لەوێ بووم .
قازی: ٢٠٠٤ چوویە کوێ؟
شاهین: لە ٢٠٠٤ بەو لاوە گرتووخانە بۆ ئێمە بوو بە شتێکی جیاواز. پێویستە ئەوە بڵێین، هەتا ئەو دەمی ئێمە دە قاوشان دا بووین، قەرەباڵغ بووین، موناقەشەمان هەبوو، زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی هەبوو دە ناو بەندیخانە دا. هەر چەند لە زیندانیش دا بووین، دیسان لە لای یەک بووین، وەک دۆستی یەک دەژیان و هەژمار زۆر بوو، بەڵام لە ٢٠٠٤ بەولاوە زیندانی تیپی ئێف کرانەوە. بە دوای دامەزراندنی زیندانی تیپی ئێف وەزعی زیندانان بە تەواوی گۆڕا. بۆ نموونە هەتا ئەو دەمی لە ئامەدێ ژمارەی ئێمە جار جار  دەگەیشتە ١٦٠ کەس بەڵام لە ٢٠٠٤ بە دواوە ئێمە هەر سێ کەس بەیەکەوە بووین. سێ کەس لە ئۆدەیەکی زۆر پچووک دا بووین، جگە لەو سێ کەسە نە ئەتۆ کەس دەبینی، نە کەس ئەتۆ دەبینێ.
قازی: یانی سەردان و مولاقاتیشتان نەبوو!
شاهین: نا بە لێبڕاوی نەبوو. تەنێ ئێمە نۆتمان دەنووسی و لە سەردەرانەی دەرگاوە دەمانهاویشت.
قازی: ئەوە هەر بۆ ئەو زیندانیانە بوو کە حوکمی ئەبەدیان بۆ بڕابووەوە.
شاهین: نەک هەر ئەو کەسانەی کە مەحکووم بە زیندانی هەتا هەتایی بوون بەڵکوو ئەوانەشی تێدا بوو کە بە تاوانی ئەندامەتی لە رێکخستن دا حوکم درابوون. بەڵام زیاتر ئەو جێگایەی کە من لێی مامەوە زیندانی " بۆڵوو" بوو.
قازی: باسی ١٩٩١ تا ساڵی ٢٠٠٤ مان کرد. لە ٢٠٠٤وە بردیانە کوێ؟
شاهین: لە ٢٠٠٤ ئێمەیان ڕاگوێست بۆ زیندانی تیپی ئێف لە شاری ئیزمیر. ئێمەیان بردە زیندانی تیپی ئێف لە ئیزمیر. هەڵبەت ئەوە جاری یەکەم بوو ئێمە زیندانی تیپی ئێفمان دەدەی. دیارە بەر لەوە بۆ ئەوەی پێش بە کرانەوەی زیندانی ئەوتۆ بگیرێ  زۆر بەرخوەدان کرا بوو. چەپی تورک شەهیدیان دا بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو بەرخوەدانانە ئەو جۆرە زیندانەیان کردەوە. ئێمەش بیرمان لێدەکردەوە بڵێی زیندانی تیپی ئێف چ بێ. دەوڵەت زۆرباسی لێوە دەکرد و ئەوەی بە مژارێکی گرینگ و ستڕاتێژیکی خۆی دەزانی. دوای ئەوەی ئێمەیان بردە ئەوێ دەمانگوت لەوەی داوا هیچ ناکرێ، بە ئەگەرێکی زۆر ئێمە ناتوانین کاری ڕێکخستنی بکەین، و نە هیچ بکەین، بەڵام بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ئێمە دیسان توانیمان کاری رێکخستنی بەردەوام بکەین. ئێمە لە زیندانی ناوەندی ئیزمیر دا بووین.
قازی: دوای ئیزمیر چوویە کوێ؟
شاهین: دوای دووساڵ مانەوە لە زیندانی تیپی ئێفی ئزمیر لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٦ ئیمەیان نەفی کرد بۆ  "بۆڵوو". ئەمن لە گرتووخانەی بۆڵوو ١٨ ساڵ مامەوە و دوایە بەر درام. لە زیندانی تیپی ئێفی بۆڵوو دا بووم.
قازی: یانی لەو ١٨ ساڵە دا ئەتۆ کەست نەدەدی؟
شاهین: ئێمە هاوڕێیانمان نەدەیت. ئەندامانی ماڵباتێ دەهاتن و مانگێ جارێک زیارەتی کراوە هەبوو، ئێمە لە بەرانبەر یەکتری دادەنیشتین و یەکتریمان دەدی، بەڵام دیتنی هاوڕێیانی زیندانیمان زۆر زەحمەت بوو.
قازی: ئەتۆ چ ساڵێک لە زیندان هاتییە دەرێ؟
شاهین: ئەمن ٢٠٢١ لە گرتووخانە دەرکەوتم.
قازی: لە ١٩٩١وە هەتا ٢٠٢١ سی ساڵ دە زیندان دا بووی؟
شاهین: سی ساڵ و شەش مانگ
قازی: !!! سی ساڵ و شەش مانگ. لە ساڵی ڕابردوو دا هەژمارێکی زۆر لە تێکۆشەری سیاسی کە حوکمی زیندانی سی ساڵیان پڕ کردبووەوە بەر دران، چەند گرتەیەک هەیە کاتی دەرکەوتنیان لە زیندان دەتوانین بەیەکەوە تەماشایان بکەین. یەکێکیان خانمێکە بە ناوی مزگین ئایدن (ڕووناک) کە نووسەر و شاعیرێکە و لە تەمەنی حەڤدە ساڵی خۆی دا کەوتووەتە زیندانێ و ئێستا لە دوای سی ساڵان لە زیندان دەرکەوتووە. لە هێندێکیان دا دەنگ نییە، با بەیەکەوە ئەوانە ببینین دوایە قسەیان لە سەر دەکەین. یەک لە زیندانییەکان مزگین ڕووناک کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا چووەتە زیندان و ئێستا تەمەنی ٤٧ ساڵان لە زیندان دەرکەوتووە دەڵێ:



"... سپاستان دەکەم، هەر هەبن. ئەمن کاتی بەر بوون سروودی " ئەی ڕەقیب" م خوێندەوە وهاتمە ئێرە ( بەر دەرگای زیندان). ئەمن ئەو ئازادییە کە سی ساڵ دواتر وەدەست هاتووە، ئەگەر سەد ساڵیش بێ دیاری شەهید سێدارە قازیی محەمەد، فەرزاد کەمانگەر، شیرین ئەلەم هوولی و فەتاحیان و هەموو شەهیدانی سێدارە دەکەم و ئەم ئازادییە دەکەمە دیاری بۆ وان هەر وەها سەد ساڵ لەمەو بەر لە ١٩٢٢ دا، سەرهەڵدانی سمکۆ لە هاوینی ١٩٢٢ یانی سەد ساڵ لەمەوپێش، ساڵوەگەرێتی ئەمن سڵاو بۆ سمکۆش دەنێرم. ودەمەوێ ئەوەش بڵێم هەتا هاوڕێیەک لە زیندان دا بێ ئازادی. ئازادی نییە. دەبێ هەموو دەرکەون و سپاسی هەمووتان دەکەم ، سەر سەرو سەرچاوان هاتن. ( هیلیلی کێشان و چەپڵە لێدانی ئامادە بووان)".

شاهین: زۆربەی ئەو هاوڕێیانە لە تەمەنی لاوێتی خۆیاندا گیراون، بەڵام وەک دیتمان زۆریان پیر بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە ئیرادە و بڕیارداری وان هیچ کەم نەبووەتەوە. وڵات پارێز بە وڵات پارێزی خۆیانەوە ماونەوە و هەتا هێندێکیان بوون بە کادری تەڤگەریی ئازادی و ئەوانەش کە وەکوو کادر گیرابوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوامن و هیچ هەنگاوێکیان بەرەو دوا هەڵنەهێناوەتەوە. بە کورتی ئێمە دەتوانین بڵێین سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە ئاست زیندانی و گرتووخانەکان چ ئاکامی نەبووە و فەشەلی هێناوە. دیارە دەنێو ئێمەش دا ئینسانی لاواز هەن بەڵام زۆربەی زیندانییەکان لە سەر فکر و بڕیاری خۆیان ماونەتەوە، دەستیان لە دۆز هەڵنەگرتووە، کە لە دەرێ بوو بەرخوەدانیان دەکرد و لە گرتووخانەش دا لە سەر بەرخوەدان بەردەوام بوون.




قازی: بەڕێز شاهین، نووسەرێکی کورد بەڕێز سەلاحەدین بایەزیدی کە لێرە وێنەی وی دەبینین لە فەیس بووکەکەی دا کتێبێکی بە زمانی تورکی ناساندووە بە ناوی: " مێدالیۆنن دییەر یوزی " یانی ڕووی دیکەی مێداڵ کە ئەویش بریتی یە لە بەسەرهاتی زیندانییەک بە ناوی سەید ئەرجان کە بەڕێز سەلاحەدین بایەزیدی ئەم زانیارییەی لە سەر نووسیوە بەڕێز ئەرجان لە زیندانێکی ئێرانێ دا بووە و لە ئێرانێ زیندانی کێشاوە و نووسینەکەی بایەزیدی ئاوایە:  "  هەمیشە کە بیرەوەریی گیراوانی سیاسیی ناو گرتووخانەکانی ئێران دەخوێنمەوە، ئەو دۆزەخە لە مێشکمدا وێنا دەبێ کە کتێبە ئاسمانییەکان باسی دەکەن. هەڵبەت ئەو ئەشکەنجانەی لە گرتووخانەکانی ئێران پەیڕەو دەکرێن، بە مێشکی هیچ خودایەکدا نەهاتووە، ئەشکەنجەکانی دۆزەخ لە چاو ئەشکەنجەی جەللادەکانی ئێران کایەی منداڵانن. لەخۆڕا نییە سەیدا ئەرجانیش لە وەسفی گرتووخانەی ئێڤینی تاراندا باسی دۆزەخ دەکا. سەیدا شەش ساڵ لەو دۆزەخەدا ماوەتەوە، شەش ساڵ لەوێ ئەشکەنجە کراوە، کوژراوە، زیندوو کراوەتەوە بۆ ئەوەی دیسان ئەشکەنجە بکرێتەوە.

سەیدا پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی ئێڤینیش دەزانێ چ چاوەڕوانییەتی. کەمتاکورتێ ئەم ڕژێمە دڕندەیە دەناسێ. کاتێک بە فڕۆکە لە ورمێوە دەیگوازنەوە بۆ تاران، لە خودا دەپاڕێتەوە کە تارانی مەرگ و سێدارە نەبینێ. ئەو دەزانێ فڕۆکەکانی ئێران زوو زوو بەردەبنەوە، بە خۆی دەڵێ چ دەبێ ئەمەشیان بەربێتەوە و ئێمە نەگەینە جێ. نزاکانی نایەنە دی، فڕۆکەکە دەگاتە جێ و سەیدا دەگوازرێتەوە بۆ ژوورەکانی لێپرسینەوە و ئەشکەنجە.

هەموو شتێکی لەسەر دەزانن. دەیانەوێ لە زاری خۆیەوە گوێیان لێ بێ. بەڵام ئەو خۆی لە ئاخافتن دەبوێرێ، لە ژێر ئەو هەموو گوشار و هەڕەشانەدا بۆی دەردەکەوێ بە هیچ شێوەیەک نابێ بدوێ. بیر لەوە دەکاتەوە زمانی خۆی ببڕێ بۆ ئەوەی قسە نەکا، وەک کوردەواری دەڵێن ئەگەر زمان لێبگەڕێ، سەر ڕاحەتە. هەرچەند سەری ڕاحەت نابێ و ناهێڵن بە زمانی بێزمانیش ئاسوودە بێ. لەو ساتەدا کە لە ناو تاریکیی ژوورەکەی سەری زمانی بە هەزار حاڵ، بە لەتە گڵۆپێکی کول دەبڕێ و زمانە بڕدراوەکەی دەخاتە ناو ئاودەستەوە، سەری بەرزە. لە ناو دڵی خۆیدا بە دوژمن پێدەکەنێ کە قەت بۆی دەرناکەوێ چۆن ئەو کارەی کردووە. خوێنی لەبەر دەڕوا و هێدی هێدی دەمرێ، لە کاتی گیانەڵادا هەموو ژیانی و بەتایبەت سەردەمی منداڵی وەک فیلمێک دێتەوە بەر چاو. لەدایک بوون لە ناو بنەماڵەیەکی قەرەباڵغ لە گوندێکی باکوور، خوێندن بە زمانی بێگانە، کوڵەمەرگی، کۆچ، سووکایەتی دەوڵەت و تورکەکان بە زمان و نەتەوەکەی، ناسینی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد و گەڕان بە دوای کێیەتیی خۆیدا و دواجار خۆدۆزینەوە لە ناو ڕیزەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا.  سەیدا نامرێ. بە زمانە کورتەکەشی ڕادێ، تەنانەت لایەنە باشەکەیشی دەبینێ. چیتر زمانی لە ددانی ناکەوێ. سزای سێدارە، دواتر حوکمی دە ساڵ زیندان و ئەو هەموو بێنە و بەرە و شانۆی دادگەکان، هیچکامیان، هێندەی لە سێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەرییان و فەرهاد وەکیلیان بە لایەوە قورس نابن و بە چۆکیدا ناهێنن. تەنیا لەو ڕۆژانە دایە هەست بە ناهومێدی و دۆشدامان دەکا. لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە کە دەزانێ وەک کەسانی دەرەوە، وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وەک حیزبەکان هیچی لەدەست نایە. ئەگەر ئەویش لەسێدارە نەدراوە، وەک زۆر جار پارێزەرەکەی و تەنانەت جەللادەکانیشی پێی دەڵێن لەبەر ئەوەیە کە هاووڵاتیی ئێران نییە. ئەرجان ساڵی ٢٠١١ لە گرتوخانەی ئێڤین ڕزگاری دەبێ، لە گرتوخانەی ئێران دێتە دەر و دوای ئەو هەموو ساڵە، بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی دەمانباتەوە دۆزەخی ئێڤین، دەمانباتەوە بلۆکی بێگانەکان، دەمانباتە سەردانی سەباح نەسری، هیدایەت غەزالی و محەممەد سەدیقی کەبودوەند.

من پێش گرتووخانەش سەیدام دەناسی. ئەودەم مەتین بوو. بۆ من ئێستاش هەر مەتینە. پیاوێکی پۆرسپی و دەمبەخەندە. کاتێک هەواڵی گیران و ئەشکەنجەکرانیم بیست، کاتێک لە ڕێنێسانس نیوزدا هەواڵمان لەسەر دادەڕشت، تەنانەت گریان، هاوار و هەڵچوونەکانیشیم هەر بە بزەیەکەوە دەهێنایە بەر چاو.
سەلاح بایەزیدی، ٨ ژانڤییەی  ٢٠٢٤ "
لە بەرئەوەی کاک سەلاح نووسەر و وەرگێڕێکی کوردە مومکینە یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی ئەو کتێبە وەرگێڕێ و خوێنەرەوەی کوردیی سۆرانی ئاگادار بکا لەوەی کە تێکۆشەڕێکی بەشێکی دیکەی کوردستان لە زیندانی داگیرکەرێکی دیکە لە بەشێکی دیکەی کوردستان چی بە سەر هاتووە و چۆنی لەگەڵ جووڵاونەتەوە.
باسی ئەوەدەکرێ لەو ١٥٠٠ کەسەی کە حوکمی سی ساڵ زیندانیان تەواو بووە نزیکەی ٥٠٠ کەسیان بەردراون. لەماوەی ئەمساڵ دا چەند کەسی دیکە مومکینە بەر بدرێن؟
شاهین: هەژماری وی من نازانم، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە زیندانی ئەبەد حوکم دراون زیاتر لە ساڵی ١٩٩٣ بە دوایەوە بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ ئاگربەسێک کرا، تەڤگەری ئازادی ئاگر بەسی ڕاگەیاندبوو. لە دوای شکانی ئاگربەسەکە، شەڕ دیسان گەرم بوو و گرتن زیادی کرد. واتە لە نێوان ساڵانی ٩٣، ٩٤، ٩٥، ٩٦ زۆر خەڵک گیران، زوربەیان حوکمی ئەبەدیان بۆ بڕینەوە. بۆیە ئەمساڵ چەند کەس بەر بن من ئەوە نازانم بەڵام ئەگەر ئەوان بەردەن بە سەدان ئینسان دەبێ لە زیندان دەرکەون.
قازی: باشە تۆ بۆخۆت وەکوو ئینسانێکی تێکۆشەر دوای ئەو هەموو ساڵە کە لە زیندان دا بووی جگە لە لایەنی فکری و ئیدێئۆلۆژیک زیندان چ شوێنێکی لە سەر دانای؟
شاهین: ئەوە زۆر گرینگە مرۆڤ ناتوانێ بە چەند دەقیقە باسی بکا. دیارە سی ساڵ دە زیندان دا بوون زەمانێکی کورت نییە. سی ساڵ تەمەنێکە. کاتێک ئێمە لە زیندان دا بووین ئێمە لە سەردەمی ١٩٩١ دا مابووینەوە، بەر لە٩١، ئێمە لەو دنیایە دا مابووینەوە. دنیای ئەو دەمی دنیایەک بوو ئەم دنیایەی کە ئێمە لە گرتووخانە هاتینە دەرێ دنیایەکی دیکە بوو. زۆر پێشکەوتن کراوە، لە ڕووی تێکنۆلۆژییەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە یان لە هەر مەیدانێکی ژیان دا گۆڕانی زۆر گرینگ ڕوویان داوە. کاتێک ئێمە لە گرتووخانە دەرکەوتین ئەگەر مرۆڤ وەک مێتافۆرێک لێی بدوێ  وەک ئەوە وابوو ئینسان لە شوێنێکەوە هەڵباوێنی شوێنێکی دیکە. ئێمە لە دنیای گرتووخانە را کەوتینە ناو دنیایەکی جیاواز. بۆ من شۆکێکی گەورە بوو. هەتا نزیک دە رۆژان کە لە زیندان دەرکەوتم من نەم دەتوانی بڕۆم. یارمەتیان دەکردم بۆ ڕۆیشتن، بن هەنگڵیان دەگرتم بۆ ئەوەی نەکەوم، هەڵنەنگوێم. ئەوە لایەنی زەحمەتی فیزیکی بوو بەڵام ناکۆکی ئەساسی کە بۆ من هاتە گۆرێ ئەو پێشکەوتنە بوو کە لە کۆمەڵ دا هاتبووە ئاراوە. ئەوانە بۆ من هۆی واق وڕمان بوون. ڕەنگە بۆچوونی من ڕاستیش نەبووبێ بەڵام زۆر شت گۆڕاوە، تەڤگەر وەپێش کەوتووە، زۆر هەڵوێستی جیاواز هاتوونە مەیدانێ، بەڵام ئێمە هێشتا بە پێی ساڵی ١٩٩١ بووین. بۆیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئێمە لە دیاردەکانی دەورو بەر تێنەدەگەیشتین، دەمانگوت ئەوانە چن؟ ئەمە چ دنیایەکە کە ئێمەی تێدان و ئەوە چ گۆرانێکە کە هاتووەتە مەیدانێ؟ بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمە تێینەگەیشتین،وردە وردە و هیدێ هێدی بەو پێشکەوتنانەمان زانی کە لە دەرەوە دا ڕوویان داوە.
قازی: من پێشتر لە بیرم نەبوو پرسم، تۆ لە زیندانێ دا کتێبت زۆر دەخوێندەوە؟
قازی: دەرفەتی کتێب خوێندنەوە هەیە. ئەمن زۆر کتێبم دەخوێندەوە بە تایبەتی لە ١٨ ساڵی ناو زیندانی تیپی ئێف دا من زۆرم خوێندەوە. لە زیندانی تیپی ئێف سێ کەسن بە یەکەوە لە قاوشێک دا. دیارە هەتا ماوەیەک سێ کەسن بەڵام دوایە یەک کەس دەمێنێتەوە، یانی ئیدی دوای ماوەیەک دیالۆگ نامێنێ دەبێتە مۆنۆلۆگ. چونکو ئەوەی تۆ دەیڵێی من دەیزانم و شتێکی منیش بیڵێم تۆ دەیزانی. سێ کەس بە ساڵان ئێمە لە تەنیشت یەکین و شتێک نامێنێ کە ئێمە بۆ یەکتری بگێڕینەوە بۆیە پێویستە مرۆڤ بخوێنێتەوە و زۆر بخوێنییەوە بۆ ئەوەی بتوانی شتێک بڵێی. شتێکی جیاواز. بۆیە من زۆرم دەخوێندەوە. بە تایبەتی لە گرتووخانەی تیپی ئێف ئەمن زۆرم خوێندەوە. ئێستا ڕەنگە هەژماری تەواو نەتوانم بڵێم بەڵام لەو ١٨ ساڵەی دواییدا ڕەنگە بە هەزاران کتێب کەوتبنە دەست من. هەڵبەت کتێب بە گشتی ئەو کتێبانە بوون کە لە دەرەوە ڕا بۆ ئێمە دەهاتن. لە کتێبخانەی زیندان دا بەگشتی ئەو کتێبانەی هەن کە لە سەر تورکایەتین. کتێبی ئەوتۆی کە ئینسانەکانی پێ ئاسیمیلە بکەن، فکر و ڕامانی ئەوان تێک دەن وهەتەڵەیان کەن. بۆیە ئێمە هێندە کتێبمان لە کتێبخانە نەدەخواستەوە بەڵکوو زیاتر خزم و کەسوکار لە دەرەوە ڕا بۆیان دێناین. زیندانەوان ئەگەر کتێبێکیان پێ بە مەترسی نەبایە دەیانهێشت بگاتە دەستمان. من کتێبی مێژووییم زۆر خوێندەوە، هەر وەها لە بواری فەلسەفە دا و هەر وەها ڕۆمان و ئەدەبییات. بەڵام بە کوردی زۆرم نەخوێندەوە، چونکە ڕێیان نەدەدا کتێبی کوردی بێتە ناو زیندان. کوردی قەدەغە بوو.
قازی: ئەتۆ لە ڕووی نەفسی ڕا، لە ڕووی دەروونییەوە هەستی بێزاری و نەفرەتت هەیە بەرانبەر بە ئیرقێکی/ ئێتنیکێکی دیکە یان نا؟
شاهین: لە ئاست ئیرقان نا، بەڵام نەفرەتی من لە ئاست دەوڵەتێ هەیە، لە هەمبەر ڕێژیمێ. نەفرەتەکەم زۆریش قووڵە. بێ سێو دوو ئێمە تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە. لەو بارەیەوە هیچ شک و گومان نییە. بەڵام لە بەرانبەر ئیرق یان نەتەوەیەکی دیکە شتێکی وا مومکین نییە چونکە لە جێدا تەڤگەڕی ئازادی دوژمنی گەلان نییە. ئەوانەی کە تەڤگەری ئازدییان دامەزراندووە دوو لەوان تورکن. لەگەڵ ڕێبەرەتی دا دوو کەسی تورک هەبوون. ئەوان سێ کەس بوون و دوویان تورکن.
قازی: ئەو زەمانی کە ئێوە هەژمارێکی زۆر بەیەکەوە بوون لە سەر ئەو جوورە مەسەلانەش ڕاوێژتان دەکرد کە گرینگە نەفرەت و بێزارییەکە لە هەمبەر سیستم  بێ نەک بە رانبەر بە ئیرق و کەسەکان!
شاهین: لە پارادایمی تەڤگەرێ دا ئەوە هەیە، یانی فەلسەفەی تەڤگەرێ لە سەر بنەمای هاوکاری و خوشکوبرایەتی گەلان داندراوە.
قازی: باشە پرسیارێکی هەرە دوایی من دەمەویست بزانم وەختێک کە تۆ لە زیندانێ یەکەم ڕۆژ هاتییە دەرەوە چ شتێک بۆتۆ زۆر عەجیب بوو؟ عەجیبترین شتی کە تۆ دیتت چ بوو؟
شاهین: یانی شتی عەجیب کە وەک ئەمڕۆ لە بیرم دا ماوە ئەوەیە ئەو ڕۆژەی چوومە گرتووخانە دوای ئەوەی کە ئێمە شێوی ئێوارەمان خوارد دەرگایان لە سەر گاڵە داین. دەرگای باغچەکەیان کلۆم کرد، باغچەیەکی پچووک بوو، دەکرا بچییە وێ و دانیشی. ئێمە کە چووینەوە ژوورێ دەرگای ئۆدەکەیان لە سەر ئێمە داخست. ئەو دەمی من نەم دەتوانی هەناسە بدەم ، ئەوە بۆ من زۆر سەیر بوو، دیارە بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ئێمە ڕاهاتین.
قازی: مەبەستی من ئەوەیە کاتێک کە تۆ لە زیندان دەرکەوتی یەکەم شتی کە پێت عەجیب بوو، یانی ساڵی  ٢٠٢١ چ بوو؟
شاهین:  وەختێک کە من لە زیندان دەرکەوتم هەموو شت لە بەرچاوی من پچووک ببوونەوە، هەموو شت بە پچووک دەکەوتە بەر چاوی من. دار و بەرد، خانوو  و ئینسانەکان. دەتگوت هەموو شتێک پچووک بووەتەوە. گوند پچووک ببوو، شار چکۆڵە ببووەوە، یانی ئەمن هەموو شتێکم بە پچووک دەدیت. سەبەبی وی چییە، دەبێ هۆکارێکی پسیکۆلۆژیکی هەبێ. بەڵام من نازانم لێکی دەمەوە و شرۆڤەی بکەم.

قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز فەخرەدین شاهین، زۆر سپاس کە تۆ ئەم ئەزموونە دڵتاوێنەی خۆت لەگەڵ بینەرانی ئەم بەرنامەیە بەش کرد. گەلێک سپاس، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. هەر بژی و سپاس بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا.
شاهین: گەلێک سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست:  بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش .

تێبینی: دەقی دابەزێندراوی ئەم هەڤپەیڤیە لە کوردیی کورمانجییەوە هێنراوتە سەر کوردیی سۆرانی. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ١٥-ی ژانڤییەی ٢٠٢٤ ئاستە کراوە و لە ئێوارەی پێنجشەمە ٨-ی شوباتی ٢٠٢٤ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە مەکۆی ڕاوێژ لە تۆرێ کۆمەڵیی یوتوب دا بەڕێگای ئەم لینکەوە تەماشا بکەن.
    
https://www.youtube.com/watch?v=752mVbehN30&t=30s















 

No comments: