جمهووری مەهاباد (بەشی دووەم)، ئەسغەر (عەلی) شیرازی
دوکتور ئەسغەر(عەلی) شیرازی لەو ساڵانەی دواییدا دووکتێبی بە ناوی
" ایرانیت، ملیت،قومیت" بڵاو کردووەتەوە. [بەرگی یەکەم، جهان
کتاب، تاران ١٣٩٥ هەتاوی، بەرگی دووەم، جهان کتاب، تاران ١٤٠٠ هەتاوی ١٣٢٠ – ١٣٥٧] بەرگی
دووەمی ئەم کتێبەی بە تەواوی تەرخان کردووە بۆ ناساندنی " فیرقەی
دێمۆکڕاتی ئازەربایجان"
و "جمهووری کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان". بەرە بەرە
هەموو ئەو بەندانەی کتێبەکە سەبارەت بە کوردستان وەردەگێڕمە سەر زمانی کوردی. ئەو
کتێبەی شیرازی لەناو ئەو نووسینانەی لە مەر جمهووری کوردستان بە زمانی فارسی نووسراون
لەهەموان وردتر و پڕزانیاری ترە، هەرچەند لێرولەوێ بێ هەڵسەنگاندنی ئەو
سەرچاوانەی پشتی پێ بەستوون کەم و کووڕی فاکتی بەدی دەکرێ. لە دوای
وەرگێڕانی کتێبەکە ئاماژە بەو کەمایەسییە دەکەم. دوکتور
شیرازی لە ژمارەی ١٤-ی " ژورنالی آزادی اندیشە"
زستانی ٢٠٢٣کورتەیەکی لە بەرگی دووەمی کتێبەکەی بە ناوی " جمهووری
کوردستان ، هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی میللەتی کورد " بڵاو کردووەتەوە، کە ئەم
نووسینەی خوارەوە بەشێکێتی.
جمهووری مەهاباد (بەشی دووەم)
ئەسغەر (عەلی) شیرازی
وەرگێڕان لە فارسییەوە : حەسەن قازی
بەندی نۆیەم:
ئامانجی دوایی
پێکهاتنی جمهووری مەهاباد بە ناوی کوردستانی
گەورە بە ئاڵا و نەخشەی ئاواتی سنوورە بەربڵاوەکانی لە وڵاتێک دا کە بە پێی قانوونە بنچینەییەکەی
خاوەن حکوومەتێکی مەشڕووتە و ناوێکی مەشهوورە بە ڕادەی پێویست ئامانجی
بزووتنەوەیەک کە بەو ئاکامە گەیشتبوو ئاشکرا دەکا. بەڵام لە ڕوانگەی ڕێبەرانی ئەو
جمهوورییەوە بەڕێوەبردنی ئەو کارە هەنگاوێکی دیکە بوو لە پێناو وەدیهێنانی
ئارەزوویەکی دێرینی مەزن، واتە دامەزراندنی ولاتێکی سەربەخۆی کوردی بە
قەڵەمڕۆیەکەوە بە هەراوی هەموو ناوچە کورد نشینە پەڕاگەندەکان لە چوار یان پێنج وڵاتی سەربەخۆ دا. جا ئەگەر
لە دوو توێی هێندێک بەیاننامە، بەرنامە و وتار دان و مەقالە تەنانەت بەکەمتر لە
خودموختاریش ڕەزایەت دەدرا لەبەر ئەو مولاحەزانەبوو کە لەم بەندە دا ئاماژەیان پێ
دەکرێ. کاتێک باشتر لە ئامانجی سەرەکی بزووتنەوە لە کوردستانی موکری تێدەگەین کە
ئەو لەگەڵ بیرۆکە و بزووتنەوە کوردایەتییەکان هەڵسەنگێنین کە لە چەند سەدەی ڕابردوو دا بە ڕێبەرایەتی
ئاغاکان، شێخەکان و دوایە ڕووناکبیرانی کورد لە ئێران و سەرزەوینە کوردنشینەکانی
عوسمانی و جێنشینەکانی (تورکیا، عێڕاق و سووریا) دەربڕا بوون و بە کردەوە ڕوویان
دابوو. ئەو بزووتنەوانە، سەرەڕای هەموو پەراگەندەییەک، ڕقەبەری و جار جار
دوژمنایەتی لە ناو ڕێبەرەکانیان دا، کاردانەوەیان لە سەر یەکتر بووە و بە گشتی
هێندێک سەروبەندیان لە ڕەوتێکی ناهەمواردا پێک هێناوە کە لە پێناو وەدیهێنانی ئەو
ئاواتە جووڵاون کە لە سەرەتاوە لە ناو نوخبەی سیاسی و فەرهەنگی کورد دا پەیدا بوو
و وردە وردە گەیشتە ناو کۆمەڵگەی کورد زمانی دیکە. ئاواتەکان ئەو چەشنەی کە لە
ئەدەبییاتی کوردی دا دەربڕاوە، و ڕاپەڕینەکان و هەستانەکان، ئەو جۆرەی کە لە
بەڵگەکان و گێڕانەوە مێژووییەکان دا ڕەنگیان داوەتەوە، دوو سازی فکری و بە کردەوەی
ئەو ڕەوتەن. داستانی ئەوەیان کوردناسانی وەک مینۆڕسکی، ئیگڵتن، مەک داوڵ، ڤان بڕاونێسن،کۆچێرا
و بیرمەندانی کورد خوازی وەکوو ئەمین زەکی بەگ، قاسملوو، کەعبی، حەسەنپوور و وەلی
و کەسانی دیکەی کە لەم بەشەی ئەو کتێبە دا ناویان هاتووە و دێ گێڕاویانەتەوە. ئەمن
لێرە دا بە پاڵپشتی ئەو جۆرە ژێدەرانە نموونەی هەر کام لەو دوو سازییە فکری و
کردەوەییانە شرۆڤە دەکەم. لە ڕاپەرین و بزووتنەوەکان ئاماژە دەکەم بە ڕاپەڕینی شێخ
عوبەیدیلا و سمکۆ لە ئێران، بەدرخان، ئیحسان نووری، شیخ سەعید و عەلەوییەکان لە
تورکیا و شێخ مەحموود و مەلا مستەفا بارزانی لە عێڕاق و لە نموونەی بیروڕا و فکری
ئاماژە دەکەم بە کتێبی شەڕەفنامەی بەدلیسی، مەنزوومەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی،
حاجی قادری کۆیی و کتێبی
مێژووی کوردەکان نووسینی محەمەدئەمین زەکی.
شەڕەفنامە
کۆنترین بەڵگەی وشیاریی کوردی و کوردایەتی نوخبەی سیاسی کە ئەو ئاواتە گەورەیەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە کتێبی شەڕەفنامەیە: مێژووی بە وردە
ڕیشاڵی کوردستان، نووسینی شەڕەفخانی کوڕی شەمسەدینی بەدلیسی (٩٨٢ – ٩٢٢ هەتاوی) کە لە ساڵی ٩٧٥-ی هەتاوی بە
زمانی فارسی نووسراوە. ئەو کتێبە حەولێکە بۆ باسی مێژووی شا و ئەمیرە کوردەکان لە سەرەتای سەردەمی ئیسلامییەوە تا
ساڵی نووسینی کتێبەکە. دەسپێکی روودانی لە ساڵەکانی حکوومەتی دەیلەمیان و
سەلجووقییەکانە. بەدلیسی ئەو مێژووە بە سەلتەنەتی
" حەسنەوییە بنی حوسێن" لە دینەوەر و
شارە زووڵ (شارەزوور) دەست پێدەکا کە هاوچاخی روکنودەولەی دەیلەمی (وەفات ٣٥٥-ی
هەتاوی/ ٩٧٦- زایینی) بوو، و بە حکوومەتی ئەحمەدی بنی مەروان لە دیاربەکر و جزیرێ
کە هاوزەمان بوو لە گەڵ تۆغروڵی سەلجووقی ( وەفات ٤٤٢-ی هەتاوی) درێژەی پێ دەدا.
ئەو دوانە لە زومڕەی ئەو ئەمیرانە بوون کە نووسەر لە ژێر ناوی " وڵاتی
کوردستان کە ئاڵای سەلتەنەتیان هەڵکردووە و مێژوونووسان ئەوانیان بە سوڵتان
داناوە" ناو دەبا. بەڵام لە بەر ئەوەی مێژووی بەدلیسی نەک مێژووی خەڵک،
بەڵکوو مێژووی ئەمیر و سوڵتانە کوردەکانە نە دەکرێ بە لێبڕاوی حوکم بدرێ لە سەر
بڵاوبوونەوەی وشیاری کوردایەتییانە لە ناو ڕەعیەتەکانیان دا، و نە
تەنانەت ئەوەی کە ئەو سوڵتان و
ئەمیرانەی باسیان دەکا هەموویان بە ناوی کوردستان فەرمانیان کرد بێ. ئەوەی کە
دەبێتە هۆی گومان لەسەر ئەوەی دوایی، لەوانە، شرۆڤەی حکوومەتی سەلاحەدینی ئەیووبی
یە کە نەک لە دیاری کورد، بەڵکوو لە میسر وشام بە ناوی ئیسلامی فەرمانی دەدا؛ یا
کەریم خانی زەند کە لوڕ بوو و خۆی بە وەکیلی ڕعیەتەکانی ئیران ناو دەبرد.(١)
ئاشکراترین واقعییەت لەو کتێبە دا کورد ویستی نووسەر خۆیەتی. ئەو کتێبەکەی بە
تەعەسوبی کوردییەوە نووسیوە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە لە بوونی " بنەماڵە خاوەن
شان وشکۆی کوردستان" لە پلەی سەلتەنەت و ئەماڕەت دا، لە دەست دوژمنایەتی و
دووبەرەکی لە ناو تایفە و عەشیرەتە کوردەکان ناڵاندوویە و ئارەزووی یەکگرتوویی
ئەوانی دە سەر دابووە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆی کورد.چونکە بە پێی قسەی
خۆی" تایفە کوردەکان پشتی یەک ناگرن و پێرۆیی لەیەکتری ناکەن و یەکێتییان
نییە [...] هەر کامەیان بە سەری خۆی ئاڵای زۆەرەملی هەڵ کردووە و لە دوندی چیاکان بەسەربەخۆییەوە
دامەزراون و جگە لە وشەی تەوحید لەهیچ کاروبارێک دا یەکێتییان
نییە".(٢)
ئەحمەدی خانی
(١٠٢٩-١٠٨٥ هەتاوی)
دووبەرەکی و سکاڵا
لێکردنی، لە دوای بەدلیسی ش هەر مایەوە. شاهیدی ئەوەش بڕگەی " دەردا
مە" لە مەنزوومەی ئاشقانەی مەم و زین
دایە، کە شاعیری سەدەی حەڤدەهەمی کورد، ئەحمەدی خانی هۆندوویەتەوە، ئەویش لە
دووبەرەکی کوردەکان دەیناڵاند و سەبەبی ئەوەشی لە حاکمییەتی ئالی عوسمان و
سەفەوییەکان بە سەر کوردەکان دا دەدی.
ئەوەی خانی بە زمانێکی تژی لە حەسرەت لەو مەنزوومەیە دا دەیویست یەکێتیی هەموو کوردەکان لە ژێر
فەرمانی سوڵتانێک یان پادشایەکی کورد بوو. ئەگەر ئاوا بووبا، کە بە بۆچوونی وی،
کوردەکان دەیانتوانی وڵاتی تایبەتی خۆیان هەبێ، پەرە بە دینی خۆیان بدەن و زانست و
ئاوەز فێر بن. (٣)
ئەوەی کە ئەوە مەنزوومەکەی خۆشی بە زمانی کورمانجی نووسی نیشانەیەکی دیکە لە مەیلی
کوردایەتی وی بوو. ئەو بەو زمانە نووسی:
" دا خەلق نەبێژیتن کو ئەکراد، بێ مەعریفەتن، بێ ئەسڵ و بونیاد
ئەنواعی میلەل خودان کتێبن. کرمانج تەنێ د بێ حسێبن (٤)
یەکێک لە سکاڵاکانی ئەحمەدی خانی قەراردادی ساڵی ١٠١٨-ی هەتاوی لە نێوان شا سەفی
سەفەوی و سوڵتان مرادی عوسمانی بوو کە لەوانە بووە هۆی دابەشبوونی سەرزەوییە
کوردنیشنەکان لە نێوان ئەو دوو حکوومەتە دا.
ئەو شکایەتی لەوە دەکرد کە ئەو حکوومەتە ناوبراوانە کوردەکانیان مەحکووم کردبوو
بە پاسەوانێتی سنوور؛ هەر وەها گازندی لەو سووکایەتییە دەکرد کە بە کوردەکانیان
دەکرد. ئەو پەسنی میرە کوردەکانی دەدا، بەڵام لە هەمان کات دا لەو دووبەرەکی و
نیفاقەی لەناویان دا بوو ناڕازی بوو. (٥) ئەوەی خانی دەیویست یەکگرتنی هەموو
ئەمیرەکوردەکان و دامەزرانی حکوومەتێکی سەلتەنەتی یەکگرتووی کوردی بوو، بەو جۆرەی
کە بتوانێ فەرمان بدا بە سەر ئێرانییەکان، تورکەکان و عەڕەبەکان دا. ئەو تەنانەت
لاوازیی زمانی کوردی بە نەبوونی شای ئەوتۆ دەزانی. چونکە لە ڕوانگەی وییەوە
دەسەڵاتی قەڵەم لە هێز و توانایی حکوومەتی شاییەوە دەکەوێتەوە.(٦) مەنزوومەی مەم و
زین و ناوەرۆکی کوردایەتییەکەی لە سەدەکانی دواتر شوێنێکی قووڵی لە سەر
گەشاندنەوەی ئەو هەست و مەیلە لە ناو کوردەکانی کورمانجی زمان دا هەبوو، بە
شێوەیەکی وا کەکورد ویستانی ئەمڕۆ مەم و زین بە حەماسەیەکی نەتەوەیی دەزانن. زمانی
خانی ئەگەرچی بە کوردییە، بەڵام کوردی ئەو نوخبانە بوو کە لە ژێر حیمایەتی ئەمیران
دا بوون، زمانی خەڵک نەبوو. بەردەنگی وی ئەمیران بوون. خانی وشەی میللەت بە مانای
ئێتنیکی و دینی بە کار دێنێ. دەبێ ئەوەشی لێ زیاد بکرێ لەبەر ئەوەی کە مەم و زین
بە زمانی کورمانجی هۆندراوەتەوە، بۆ خەڵکی سۆرانی زمانی مەهاباد و ناوچە باشوورییەکان شیاوی لێ تێگەیشتن نەبوو. ئەو
مەنزوومەیە دواتر لە لایەن شاعیری کورد هەژار، بە زمانی سۆرانی وەرگێڕدرا و لە
ساڵی ١٣٣٩-ی هەتاوی لە بەغدا بڵاو کرایەوە. (٧)
حاجی قادر
کۆیی ( ١١٩٤ – ١٢٧٦ هەتاوی)
حاجی قادر کۆیی (Koyi) یەکێکی دیکە
لە بانگەشەدەرانی بیرۆکەی
کوردایەتی و شاعێرێکی دژی فارس و تورک بوو. ئەویش، وەکوو خانی، سکاڵای دەکرد لە
نەبوونی پادشایەکی کورد.(٨) ئەویش، وەکوو خانی، کەسێکی ڕووحانی بوو و لە دووبەرەکی
ناو کوردان بەگازند بوو و دەیناڵاند. کۆیی بە زمانی سۆرانی شێعری دەوت و لە
شێعرەکانی دا بە لەونێکی ڕۆمانتیک ئارەزووی حکوومەتێکی یەکگرتووی لەمەر کوردانی
وێنا دەکرد. ئەو لە حکوومەتی ئەمیرە کوردەکان دیمەنێکی ئاڕمانی ساز دەکرد و پەسنی
دەدا. غەم و حەسرەتی ئەوە بوو کە ئەگەر:
"کتێب و دەفتەر و ئەوراق و کاغەر
بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و عالم و شا و ئەمیران
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانێ"
ئەویش وەکوو خانی شوێنێکی گەورەی دانا لە دانان و بڵاوکردنەوەی وشیاری کوردایەتی
لە ناو کوردەکانی باکوور و باشوور دا. بۆ ئەویش، وەکوو خانی، نووسین بە زمانی
کوردی پشکێکی سیاسی بوو. (٩) بە ڕای بڕاونێسن حکوومەتی ئیدەئالی کۆیی پاشایەتییەکی
کوردی بوو بەڵام عەبباس وەلی بۆچوونێکی دیکەی هەیە. ئەو دەنووسێ کۆیی، بە
پێچەوانەی خانی، بانگەوازی خەڵکی دەکرد بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردی. کۆیی کە
ژێر تەئسیری مۆدێرنیتە لە قەڵەمڕۆی عوسمانی دا بوو ئیمانی هەبوو بە خەڵک لە دەوری هۆکاری
کردەوەی سیاسی دا. ئەو" دەربڕی ئەو جۆرە لە ئیدەی سیاسی و مەیل و ڕەوتی
کولتووری بوو کە لە دەیان ساڵی دوای ئەو بوون بە بنیچەی کوردایەتی". (١٠)
حەسەنپوور لەوەش زیاتر دەڕوا و کۆیی بە پێشەنگی ڕامانی مۆدێڕنی ناسیۆنالیستی، واتە
ناسیۆنالیسمی چینی ناوەڕاست، یان بورژوازی دەزانێ. (١١) لە ڕوانگەی هاشم سەلیمی لە
سەرەتای بیرەوەرییەکانی سەعید هومایوون دا، کۆیی دامەزرێنەری مەکتەبی وەخەبەری و
ڕووناکبیری کورد بوو. (١٢)
خانی و کۆیی تەنیا کەسانێک نەبوون کە لە شێعری خۆیان دا زمانی کوردیان بە گەورە
دادەنا و ئەو زمانەیان، لە بەراوەرد کردن لەگەڵ عەڕەبی و فارسی، بە کەمتر
دانەدەنا. خانای قوبادی شاعیری سەدەی ١٨ش دەینووسی:
" ڕاستەن کەماچان فارسی شەکەرەن
کوردی جە فارسی بەل شیرینتەرەن
پەی چیش جە دەوران ئی دونیای بەدکێش
مەحزووزەن هەر کەس بە زوبان وێش ". (١٣)
محەمەدئەمین
زەکی بەگ
زەکی بەک دانەری
کتێبی دوو بەرگی " خولاسەیەکی تاریخی کورد وکوردستان " کە لە ساڵی
١٣١٠-ی هەتاوی لە بەغدا بڵاو کراوە لە فەرماندە بەرزەکانی حکوومەتی عوسمانی،
نوێنەری سلێمانی لە مەجلیسی عێڕاق و خاوەنی پلەی وەزاڕەت و پێشەی جۆر بەجۆر لەو
وڵاتە و بەرهەمی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو. زەکی بەگ لەو کوردە خوێندەوارانە بوو کە تا
کەمڕەنگ بوونی ئیدێئۆلۆژییەکانی عوسمانی ویستی (عوسمانلی) و پان ئیسلامیسم لە
وڵاتی عوسمانی دا و سەرهەڵێنان و پەیدا بوونی مەیلە پان تورکیستییەکان لە
دەساڵەکانی یەکەمی سەدەی بیستەم لەو وڵاتە دا، هیچ مەیل و لاگریەکی بەرەو کوردایەتی نەبوو و خۆی بە
نیسبەت ئیدێئۆلۆژی " عوسمانلی" بەرعۆدە دەزانی. ئەو تازە بە
سەردەرهێنانی پان تورکیسم بوو کە لەمەر کورد بوونی خۆی وشیار بووەوە، بە کوردایەتی
پەیوەست بوو و بۆ بانگەشەی دەستی کرد بە دانانی کتێبی ناوبراو. زەکی بەک لە شرۆڤە
کردنی هۆی بەرهەمهێنانی ئەو کارە دەنووسێ: " لە دوای ئەوەی کە لە جیات وشەی
" عوسمانلی" بێژەی تورک وتورانی لە تورکیا ڕەواجی پەیدا کرد دیارە منیش
لەو کۆمەڵگەیە دا، وەکوو تاکوتەرای نەتەوەکانی دیکە، باشتر هەستم بە ئەرکی خۆم کرد
و غرووری ئێتنیکی وای لێکردم لە هەموو دەرفەتێک دا هەستی خۆم بەیان بکەم. بەڵام سەبارەت بە ئەسڵ و ماکی
ئێتنیکی خۆم هیچم نەدەزانی، چونکە تا ئەو دەمی لە خوێندنگەیەکاندا فکرێکی ئاوا
نەگوێزرابووەوە بۆ ئێمە. لەدوای ئەوەش بێویستیی لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردمان هەست
پێ نەکرد بوو. وشەی کۆمەڵگەی " عوسمانلی" تا ئەو ڕادەیە ڕەگ و هەستی ئێتنیکی هەموانی سست و بێ هێز کردبوو " کە بیرمان لە
کوردییەتی خۆمان نەدەکردەوە. تا ئەوەی کە سازبوونی هەستی کورد بوون وهەستی
بەرعۆدەیی لە ئاست کوردایەتی زەینی زەکی بەگی ئاوا داگرت کە نەک هەر بڕیاری دا بۆ
دانانی کتێبەکەی خۆی زمانی کوردی، بەڵکوو سەرکۆنەی بەدلیسی شی کرد کە کتێبەکەی بە
فارسی نووسیبوو. (١٤) زەکی بەگ یش، ئەو جۆرەی کە دواتر دەبینین، وەک بەدلیسی و
خانی گازندەی دەکرد لە پڕش و بڵاوی خێڵە کوردەکان لەیەکتری و ئەوەی بە ئاستەنگێکی
گەورە دادەنا لە پێش دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی.
ڕاپەڕینەکان،
ئیماڕەتەکان
ئارەزووی سەرکردە
سیاسی و کولتوورییە کوردەکان لە پیناو دامەزرانی حکوومەتێکی سەربەخۆی کورد قەت سەری
نەگرت. بەڵام ئەوەی سەری گرت میرنشینی کەمتازۆر گەورە و کەمتازۆر بە دەوامی بوون
کە لە قەڵەمڕۆی ئیمپراتۆری عوسمانی و ئێران دا بە هەبوونی دەرەجەیەکی بگۆڕ لە
خودموختاری پێک دەهاتن. زەکی بەگ لە بەرگی دوویەمی کتێبەکەی خۆی دا بە پاڵپشتی
شەڕەفنامەی بەدلیسی و کەلکوەرگرتن لەهێندێک سەرچاوی دیکە ناوی دە پادشا و ٣٩
میرنشینی کوردی لە سەردەمی ئیسلامی دا دێنێ. ڕادەی خودموختاری ئەوانە بەسترابووەوە بە هەوراز و نشیوی دەسەڵاتی
حکوومەتی ناوەندی. حکوومەتە ناوەندییەکان هەر کاتێک تواناییان هەبایە لە دەسەڵاتی
میرنشینەکانیان کەم دەکردەوە یان هەڵیان دەوەشاندن. بە پێچەوانە، میرەکانیش
هەرکاتێک دەرفەتێکیان دەست کەتبایە دەستیان دەگێڕاوە لە سەروەبەرهێنانی حاکمییەتی
ئەو سوڵتانەی لە سەر کار بوو و حەولیان دەدا بۆ پەرەپێدانی قەڵەمڕۆ و فەرمانی
خۆیان.(١٥) بڕاونێسن هەوراز و نشێوی ئەوان، پێوەندیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی،
سازمانی دیوانی و ئیداری ئەوان و پێکهاتەی خێڵەکان و چینەکان دەناو ئەواندا شرۆڤە
دەکا.(١٦) لە کێشمەکێشی ئەو دوو دەسەڵاتە دا، سەرکەوتنی دوایی ئی حکوومەتە
ناوەندییەکان بوو. میرنشینەکان وردە وردە دەسەڵاتی خۆیان لە کیس دا. بە ڕای مەک
داوڵ ساڵی ١٠٧١-ی زایینی، کاتێک کە سوڵتان ئاڵپ ئەرسەلانی سەلجووقی لەشکر کێشی کرد
بۆ سەر مەلازگرد ئەوە " نوختەی کۆتایی سولالە و ئیماڕەتە کوردەکان بوو".
(١٧) بە قەولێکی دیکە، هەڵوەشانەوەی میر نشینەکان لە ساڵی ١٦٥٠ دەستی پێکرد و تا
ساڵی ١٧٣٠ بەردەوام بوو. ئەوەی هەرە دواییان لە ساڵانی ٦٠-ی سەدەی ١٩ هەڵوەشا.(١٨)
ژمارەی ئەوان لە زەمانی سوڵتان سەلیمی عوسمانی تا ١٦ یەکە کەم بووەووە.(١٩) هەڵوەشانی ئی هەرە دواییان بە شکانی بەدەرخان،
میری بۆتان، نووروڵا بەگ، میری حەکاری و ئەحمەد پاشا، میری بابان لە ناوەڕاست
سەدەی ١٩ کرا. هەراوترین و درێژترینی ئەوان لە ئێران، میرنشینی ئەردەڵان لە ناوچەی
ناوەندیی زاگڕۆس و ناوەندێتی سنە بوو کە بەهەبوونی دەرجەی هەوراز و نشێوی دەسەڵات و سەربەخۆیی، نزیکەی ٦٠٠ ساڵ
تا نێوەڕاست سەردەمی قاجار بەردەوام بوو. (٢٠) بەدلیسی لە شەڕەفنامە دا باس لە
" چوار لق " لە میرە کوردەکانی ئێران دەکا کە بریتین لە سیا مەنسوور،
چەکەنی، زەنگەنە و پازووکی.(٢١) میرنشینی ناپایەداری موکری یەکێکی دیکە لەو
میرنشینانە بوو. میرنشینەکانی بۆتان، بادینان، حەکاری، سۆران و بابان لە ساڵی ١٨٧٣
دا سەرکوت کران و موکری و ئەردەڵان تەقریبەن هەر لەو سەروبەندە دا سەربەخۆیی خۆیان لە دەست
دا.(٢٢) ئەوەی کە میرەکان لەگەڵ ئەو چارەنووسە نەبوون دەکرێ لەو ڕاپەڕینانە دا
ببیندرێ کە سەرکردەی خێڵەکان لێر ولەوێ دژی دەسەڵاتە گەورەترەکان بەرپایان دەکرد.
ڕاپەڕینەکانی عەبدولڕەحمان پاشا ( ١٨٠٦ – ١٨٠٨)، میر محەمەدی سۆران (١٨٣٣- ١٨٣٦)،
بەدرخان بەگ (١٨٤٣- ١٨٤٧)، عێزەدین شێر ( ١٨٥٣- ١٨٥٥) لە عوسمانی هێندێک لە
نموونەکانن لە سەدەی نۆزدەهەم دا. بەڵام پێشتریش ڕاپەڕین دەکران. وەک هەستان و
ڕاپەڕینی کوردە سوننی مەزەبە موکرییەکان لە ئازەربایجان. ئەوان ماوەیەک بەر لە
کۆتایی حکوومەتی ئاق قۆینلوو و دامەزرانی حکوومەتی سەفەوییەکان ( لە کۆتاییەکانی
سەدەی نۆیەمی هەتاوی) لە قەڵەمڕۆی حکوومەتی عوسمانییەوە کۆچیان کرد بۆ
ئازەربایجان. هاتنی ئەوان بۆ ئەو ئەیالەتە و حەول دانیان بۆ گەورەکردنەوەی ناوچەی
نفووزی خۆیان، زنجیرەیەک لە ڕاپەڕینیان ڕێکخست، لە سەرەتاوە دژی حاکمانی ئاق
قۆینلوو و دوایە حکوومەتی سەفەوییەکان کە
تا ساڵی ٩٨٧ی کۆچی هەتاوی، لە زەمانی سەلتەنەتی شا عەبباس، درێژ بوونەوە.(٢٣) میرنشینە
کوردەکان بە گشتی لە سنووری وڵاتانی عوسمانی و ئێران دامەزرابوون و یارمەتییان
دەکرد بە هەرکام لە حکوومەتە ناوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ پاراستنی
سنوورەکان.دامەزرانی ئەوان بەسترابووەوە بە پەژراندنی وان لە لایەن حکوومەتی
ناوەندی لە لایەکەوە و سەرۆک خێڵەکانی پچووکتر کە لە قەڵەمڕۆی ئەواندا بوون.
هەڵوەشانیان دەبووە هۆی نائارامی زیاتر لە قەڵەمڕۆیەکانیان دا چونکە سەرۆک خێڵەکانی ژێر دەستی ئەوان تێدەکۆشان لە
ڕقەبەری لەتەک یەکتر دا جێی ئەوان پڕ کەنەوە.(٢٤)
سمکۆ
ناوچەی کوردنشینی
باکووری ئێران لە دوای سەرکوتکرانی میرە کوردەکانیش ئارام نەبووەوە. یەکێک لە
ڕاپەڕینە گەورەکانی کە لەو ناوچەیە دا لە کۆتاییەکانی سەروبەندی قاجار ڕووی دا
ڕاپەڕینی سمکۆ بوو. سمایلی سمکۆ، سەرۆکی عەشیرەتی شکاک لە ناوچەی سەڵماس بوو،
خێڵێک کە لە سنووری ئێران و عوسمانی دا کۆچڕۆیی دەکرد. ناوبانگی سمکۆ بەر لەوەی کە
ئیدیعای کورد ویستی بکا زیاتر لەبەر مەیلی وی بۆ سەروەبەرنەهێنانی فەرمانی
حکوومەتی ناوەندی و پەرەپێدانی مەڵبەندی فەرمان و دەسەڵاتی خۆی بوو. ئەو مەیلە کاتێک چالاک دەبوو، دەگەیشتە تاڵان
و وێرانی و کوشت وبڕ لە گوندەکان و شارەکانی دەوروبەر دا. هەڵسوکەوتی خراپی
مەئموورەکانی حکوومەتی ناوەندی بۆ ورووژاندنی ئەو مەیلە، وەک لە پێوەندی لە تەک
ڕاپەڕینەکانی دیکە دا، دەورێکی چالاکی هەبوو.(٢٥) مەیلی سمکۆ بەرەو جووڵانەوەی
کوردایەتی بە ئاشنایی وی لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە لە عوسمانی دەستی پێکرد.
ئەو لەگەڵ خوشکی سەید تەها، کوڕی شێخ عوبەیدیلا، ڕاپەڕیوی ساڵی ١٢٥٩-ی هەتاوی،
زەواجی کرد و لەگەڵ عەبدولڕەزاق بەدرخان کە سەر بە بنەماڵەی میرەکانی بۆتان بوو
ئاشنا بوو. عەبدولڕەزاق لە ساڵی ١٢٩١-ی هەتاوی لە تەورێز بەیاننامەیەکی بڵاو
کردەوە بۆ بانگەوازی خودموختاری کوردستان.(٢٦)
و لە ورمێ دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی مانگانەی ڕۆژی کوردستان یان ڕۆژی
کورد کە بەرپرسیارەتی بڵاو کردنەوەی، لە
دوای دوورخستنەوەی عەبدولڕەزاق بەدرخان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕووسەوە لە خاکی ئێران، کەوتە دەست سمکۆ. ئەو
مانگنامەیە تا ١٢٩٣-ی هەتاوی بڵاو دەکرایەوە. شاییدێکی دیکە بۆ ئەو مەیلە تازەیەی
وی دەکرێ لە نامەیەک دا کە بۆ زەفەرودەولە، فەرماندەی فەوجی دەوڵەتی ئازەربایجانی نارد،ببیندرێ. ئەو نووسی: "
ئەگەر ئەم نەتەوە گەورەیەی کورد نەتوانێ مافی خۆی لە حکوومەتی ئێران وەربگرێ، سەرەتی
دەدا بەوەی بمرێ و بە زیندوو نەمێنێتەوە.حکوومەتی ئێران چ بییەوێ و چ نەیەوێ ئێمە
کوردستان خودموختار دەکەین". (٢٨)
ئەو لە هەمان کات دا پان ئیسلامیست بوو.(٢٩) بڕاونێسن مەیلی سمکۆ بەرەو
بزووتنەوەی کوردایەتی بە ڕەسەن نازانێ، بە قسەی وی جیاوازی نێوان "
ناسیۆنالیسم" ی سمکۆ و سەرکێشی و یاغی بوونی سەرکردەوی تایفەکان هێندە ئاشکرا
نەبوو. (٣٠) لەو شووڕای بەرزی سەرکردە کوردەکان دا کە سمکۆ لەبەر چاوی گرتبوو
کوردەکانی مەهاباد چ جێیان نەبوو. کوردەکانی کرماشانیش دەستیان گێڕاوە لەوەی
هاوکاری بکەن.(٣١) مستەفا تەیموور زادە، خەڵکی سەقز، لە کتێبی وەحشەت لە سەقز دا
سمکۆ وەک " یەک لە ئەشڕار" دەناسێنێ کە لە " چاری بە ناوی
سەربەخۆیی" سەری وەبەر فەرمانی دەوڵەت نەدەهێنا و دەستی بە قەتڵ و تاڵانی
ساوجبولاغ و سەقز و شوێنەکانی دیکە دەکرد.(٣٢) نەوشیروان مستافا ئەمین باس لە
کۆمەڵەیەکی " نەتەوەیی " دەکا کە بە بەشداری سمکۆ، بەدرخانی ناوبراو و
ژمارەیەک لە پیاوماقووڵانی کورد لە خوێ و ماکۆ دامەزرابوو؛ بەڵام بە بێ ئەوەی
بگاتە شارە کوردەکانی دیکە " زۆر زوو هەڵوەشا و نەما". (٣٢). سمکۆ رق و قینێکی توندی لە " فارسەکان" هەبوو و ئەو قسەیەی
لەگەڵ مستەفا پاشا، یەکێک لە ڕێبەرانی کوردی تورکیا بەو شێوەیە بەیان کرد: "
ئەگەرچی ئەمن ئێستا لە پێناو نەتەوەی کورد دا خەبات دەکەم، هەڵبەت دەمەوێ تۆڵەی
خۆشم لە فارسەکان بستێنمەوە". (٣٤) سمکۆ لە شوێنێک کە بە دنەی تاڵان
جووڵاباوە بەزەیی بە کوردەکانیش دا نەدەهاتەوە. نموونەی ئەوە تاڵانی شاری سابڵاغ (
مەهابادی دواتر) لە هاوینی ساڵی ١٣٠٠ –ی [ هەتاوی] دایە کە جگە لە کوشتنی ٥٥٠
ژاندارمەی کە لەو شارە بوون، خەسار و خراپەی دیکەشی لێ کەوتەوە.(٣٥)ڕاپەڕینەکانی
سمکۆ هەتا هاتنە سەرکاری ڕەزا خان درێژەی کێشا. ڕەزا خان سپایەکی تەیاری ناردە
مەیدانی نەبەرد بە دژی سمکۆ و بە سەختی شکاندی. ئەو شکانە بووە هۆی خاڵی بوونی دەوروبەری
و ئەو بۆ خۆی ناچار ما ڕاکا بەرەو عێڕاق و تورکیا. لە عێڕاقێ ئەو ماوەیەک لە پەنای
شێخ مەحموود بەرزنجی، یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی،
دەژیا.حەولەکانی دواتری وی بۆ وەدەستهێنانەوەی دەسەڵات، لەوانە لە ساڵی ١٣٠٩دا چی
لێ شین نەبوو. (٣٦) هەر لەو ساڵە دا بوو کە ئەو فریوی بەڵێنی لێبوورینی ڕەزا شای
خوارد؛ گەڕاوە ئێران و لێرە بە دەست مەئموورانی حکوومەت کووژرا.
شێخ
عوبەیدیلای نەهری شەمزینانی
بە ڕووخانی
میرنشینەکان، ڕێبەرایەتی ڕاپەڕینەکان لە پێناو خودموختاری و یان سەربەخۆیی
خوازانەی کوردەکان کەوتە دەست شێخەکانی تەریقەتەکانی نەخشبەندی و قادری و سەرۆکی خێڵەکان. یەک لەوان شێخ عوبەیدیلای نەهری بوو. شێخ عوبەیدیلا لە ساڵی ١٢٥٩-ی
هەتاوی لەگەڵ کوڕەکانی، شێخ عەبدولقادر و شێخ سەدیق، بە ناوی مەردمی کورد و بە
هەبوونی پشتیوانی لە لایەن عوسمانییەوە پەلاماری ئێرانی دا. ئەو لەگەڵ هەمزاغای
سەر بەخێڵی مەنگوڕ بە بیست هەزار سواری چەکدار هیڕشی کردە سەر مەهاباد، لەوێوە
چووە میاندواو و لەوێ دەستی کورد بە کوشت و بڕی ژمارەیەکی زۆر لە
ئازەربایجانییەکان (٣٧) و تێکدان و وێران کردنی دوو هەزار دێ. (٣٨) بەڵام دەسەڵاتی
وی هێندەی دەوام نەهێنا. ئەو لە دوای شکانێک بۆ سەر شاری بناو کە تووشی هات بەشێکی
گەورە لە هێزی خۆی لە دەست دا،(٣٩) بە شێوەیەک کە ناچار ساڵی دواتر پەنای بردە بەر
سوڵتانی عوسمانی و بە فەرمان وی دوور خرایەوە بۆ مەکە. شێخ هەر لەوێ لە ساڵی
١٢٦٢-ی هەتاوی سەری نایەوە. شێخ عوبەیدیلا بۆ شڕۆڤەی ڕاپەڕینی خۆی لە نامەیەکدا کە
لە ئۆکتۆبری ١٨٨٠ بۆ سەرکۆنسوولی بریتانیا ویلیام ئابۆت (W.Abbott)ی نووسی
جەختی کردەوە لە سەر غیرەتی مەزەبی و کولتووری "
میللەتی کورد" بە نیسبەت تورکەکان و ئێرانییەکان و داوای پشتیوانی لەبریتانیا
کرد لە پێناو سەربەخۆیی کوردەکان و وەدیهاتنی ئەوە لە لایەن دەوڵەت ئوڕووپاییەکان
ڕا. شێخ نووسی: " ئێمە نەتەوەیەی جوداین و دەمانەوێ کاروباری خۆمان بەدەستەوە
بگرین". (٤٠) بە قسەی هەر ئەو کۆنسوولە، نەخشەی شێخ ئەوە بوو کە خۆی "
ببێ بە سەرۆکی بەشێکی سەربەخۆ لە کوردستان و دواتر هەموو کوردستانەکانی ئێران و
عوسمانی بەو قەڵەمڕۆیەوە بلکێنێ".(٤١) ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا خەسڵەتێکی
قووڵی دینیشی هەبوو. زەکی بەک بە لەبەر چاوگرتنی ئەو مەیلە،
ڕاپەڕینی وی لەگەڵ ڕاپەڕینی شائیسماعیلی سەفەوی بەراوەرد دەکا. هەر دوویان لە
خیلافی نێوان مەزهەبی سوننی و شیعە هێزیان وەرگرت. پێڕۆیان و موریدانی هەر دووکیان
دەروێشەکان بوون.(٤٢) ڕاگەیاندنی جیهاد لە لایەن ڕووحانییەتی سوننی مەزەبی ورمێ
دژی شیعەکان گوڕێکی دیکەی دا بە ڕاپەڕین. (٤٣) ئەوان ڕایانگەیاند کە کوشتنی
شیعەیەک بارتەقای حەجێکی ئەکبەرە. شێخ عوبەیدیلا خۆی گوتی: " شێخی ڕابردوو،
سەید تەها(٤٤)، بە زارەکی فەتوای داوە بۆ کوشتنی ڕافزییەکان و خوێن و ماڵی ئەوانی
بە مەباح داناوە". (٤٥) دین هۆکارێک بوو کە لە هەمان حاڵ دا شێخی بە حکوومەتی
عوسمانی و کونەپارێزییەکەوە دەلکاند. بەسترانەوەی شێخ بە دین و پێوەندییەکی کە ئەو هۆکارە لە نێوان وی و
حکوومەتی عوسمانی سازی دەکرد دەبووە هۆی ڕاڕایی ئامانجێک کە ئەو بۆ ڕاپەڕینی خۆی دیاری کرد
بوو .جار جار ئەو بە دوای حکوومەتێکی کوردی سەربەخۆ لە ئێران و عوسمانی دا بوو. جارجاریش بە خودموختاری لە
وڵاتی عووسمانی دا ڕازی بوو. ئەو ڕاڕاییە لە دیاریکردنی ئامانج دا، لە ناو هێندێکی دیکە لە شێخە ڕاپەڕیوەکانیش کە لە دوای ئەو سەریان هەڵێنا دەبیندرێ.
لایەنێکی دیکەی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا پێوەندێکی قووڵ بوو کە ئەو لەگەڵ هۆکاری
خێڵەکی هەی بوو. لە ڕاپەڕینەکەی ویدا جگە
لە عەشیرەتی حەکاری، مامەش، زەرزا، بانە، هەرکی، گەورک و بەگزادەش بەشدار بوون.
خێڵەکان، ئەو جۆرەی کە ڕەسم بوو، بە مەیلی تاڵانکردنانەی خۆیان لە ڕاپەڕین دا
بەشدار بوون و بەشی خۆیان لێ وەرگرت.(٤٦) بە ڕای قاسملوو ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا
" یەکەمین حەول و ڕاپەڕینی کوردەکان بوو لە پێناو دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردستان".
(٤٧)
بورزوویی لە دوان لە مەر دنەی شێخ بۆ بەرپا کردنی ئەو ڕاپەڕینە دەڵێ ئەوە لەبەر
هەڵوەشاندەنەوەی خاوەنێتی چەند گوند کە محەمەد عەلی شا بەخشیبووی، بڕینی مەسرەفی
خانەقایەکەی و نەدانی مەواجیبی ساڵانەی٢٥٠٠ تمەنی بوو کە بە بابی وی درابوو و زیاد
بوونی ماڵیاتی دەوڵەتی، گەندەڵی و زوڵمی مەئموورانی ئازەری دەوڵەتیشی لێ زیاد
دەکا. (٤٨) ئاشووری هۆی دیکەش دەهێنێتە گۆڕێ. قات و قڕی کە دنەدەری دەستێوەردان لە
ماڵ و مڵکی خەڵکی دی بوو، لاوازێتی هێزی عەسكەری دەوڵەت کە هیوای شێخی بە سەرکەوتن زیاد دەکرد و هاندانەکانی دەوڵەتی عوسمانی.
بورزوویی دەنووسێ: " نەتەوەخوازی لەو سەردەمە دا هیچ دەورێکی لە شکڵ پێدانی
ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا دا نەگێڕاوە، چونکە لەو سەردەمی دا دیاردەیەکی ئەوتۆ لە دایک نەببوو". (٤٩) مەبەستی وی دیاردەی میللەتە. بەڵام ئەوەی لەو زەمانە دا هەبوو
ئیدێئۆلۆژی کوردایەتی ئەو نوخبانە بوو کە لە زەینی شێخیش دا جێی کردبووەوە. ئەو
جۆرەی کە بڕاونێسن دەنووسێ ڕاپەڕینی
شێخ عوبەیدیلا ڕاپەڕینێک بوو بۆ
دامەزراندنی حکوومەتێکی تاقانەی خودموختار یان سەربەخۆی کوردی بە ڕابەرایەتی شێخێک. بەڵام شێخ تەنیا موافەقەتی بەشێک لە
گەورە گەورانی خەڵکی لە سەرزەوییە کوردنشینەکانی ئێران و عوسمانی لەگەڵ بوو. ئەو
پاڵپشتی هێزی خەڵکێک بوو کە نەک لەبەر تەعەسوبی ئێتنیکی، بەڵکوو لەبەر گوێڕایەڵی
کردن لە شێخ و میر لە شەڕ دا بەشدار بوون. (٥٠) بە قەولی غوریانس ئامانجی شێخ
تا داگیرکردنی ئێرانیش بەردەوام بوو. (٥١) بەڵام بە چ ناوێک؟
شێخ مەحموود بەرزنجی
بزووتنەوەی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩٢٢ دەستی پێکرد. شێخ مەحموود کوڕی شێخ سەعید
بەرزنجی پێشەوای تەریقەتی قادری لە سڵێمانی بوو. شێخ سەعید لە دژبەرانی کودەتای
کۆمیتەی ئیتیحاد و تەڕەقی بە دژی سوڵتان عەبدولحەمید و ڕاگەیاندنی نیزامی
مەشڕووتییەت لە عوسمانی لە ساڵی ١٩٠٨ بوو. ئەو بەدژی ئەو کارەبە دروشمی بەرگری لە
دین ڕاپەڕی، بەڵام بە ئەو ئاکامەی دڵ پێی دەویست نەگەیشت. شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٠٩
دا کووژرا، بەڵام کوڕەکەی شێخ مەحموود تا قەومانی شەڕی یەکەمی جیهانی و چەند ساڵ
دواتر درێژەی بەو بزووتنەوەیە دا.(٥٢)
بەشداری عوسمانی لەو شەڕە دا پای ئەڕتەشەکانی ئوڕووپایی دوژمنی (بریتانیایی،
فەڕانسەیی، سۆڤیەتی، ئیتالیایی و یۆنانی) بۆ ناو ئەو سەرزەوییە کردەوە.هاتنی ئەو هێزانە بۆ ناو خاکی عوسمانی ئەو
دەرفەتەی دا بە ڕێبەرە کوردەکان کە بە هەبوونی پشتیوانی
دەرەکی، بە تایبەتی بریتانیا، بە متمانەیەکی زیاترەوە بۆ وەدەست هێنانی خودموختاری
هەرە زیاتر بە دژی حکوومەتی عوسمانی خەبات بکەن. بریتانیاش هەر کات و لە جێگایەک
کە بە قازانجی خەباتی خۆی لە هەمبەرئەو دوژمنە هاوبەشەی زانیبا، دەستی لەپشتیوانی نەدەگێڕاوە، یان بەکردەوە یان بەقسە.
بریتانیا بە وەبەرگرتنی ئەو سیاسەتە تا ئەو جێیەی چوو کە لە مادەی ٦٢ و ٦٤ ی پەیماننامەی بە ناوبانگی سێڤر (Sevres) هێندێک
بەڵێنی دا بە کوردەکان. ئەو پەیمانە کە لە دوای شکانی ئەڕتەشی عوسمانی لە شەڕ دا،
داگیر کرانی ئەستەنبووڵ لە لایەن هێزەکانی بریتانیا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی
دەستنێژ بە سەرۆکایەتی فەرید پاشا لە نێوان ئەو دەوڵەتە و بریتانیا لە ١٠-ی ئووتی
١٩٢٠ ( ١٩-ی گەلاوێژی ١٢٩٩) بەسترا بەڵێنی پێکهاتنی ناوچەیەکی خودموختاری دا بە
کوردەکانی باکوور، ئەویش بەو مافەوە کە لە دوای ساڵێک، بە شەرتی موافەقەتی کۆمەڵەی نەتەوان، وڵاتی سەربەخۆی خۆیان
دامەزرێنن. ئەو پەیماننامەیە لەوەش زیادتر ئیزنی دا بە کوردەکانی باشووریش کە لە
داهاتوو دا بە وڵاتێک کە بەو شەرتە دادەمەزرا لەگەڵی کەون و پێی پەیوەست بن.(٥٣)
بەڵام ئەو پەیماننامەیە لە زەمانێک دا بەسترا کە دەوڵەتی دەستنێژی فەرید پاشا تووشی ئالنگارییەکی بەهێز و پێشڕەوی تورکیستە
کۆمارخوازەکان هاتبوو بەسەرۆکایەتی مستەفا کەماڵ پاشا. تورکیستەکان نە ئەو
دەوڵەتەیان بە ڕەسمی دەناسی و نە هەر پەیماننامەیەکی کە ئەو دەوڵەتە واژۆی کردبا.
لە کردەوە دا چارەنووسی ئەو پەیماننامەیە بەسترا بووەوە بە بەردەوامی دەوڵەتی
فەرید پاشا. بەڵام تەمەنی ئەو دەوڵەتە کورت بوو و لە سێیەمی نۆڤامبری ١٩٢٢ (١٢-ی
خەزەڵوەری ١٣٠١) کۆتایی هات. بە سەرکەوتنی کەماڵیستەکان بە سەر دەوڵەتی فەرید پاشا
دا ئیعتیباری پەیمانی سێڤریش لە ناو چوو. بریتانیا ناچار بوو پەیماننامەیەکی دیکە
وەخۆ بکا، ئەو جار لەگەڵ دەوڵەتێک کە مستەفا کەماڵ لە ئانکاڕا پێکی هێنا بوو. لەو
پەیمانە دا کە لە ٢٤-ی ژووییەی ١٩٢٣ ( ٢-ی گەلاوێژی ١٣٠٢) لە لۆزان ئیمزا کرا ئیتر
هیچ نیشانەیەک نەدەبیندرا لەو بەڵێنانەی کە لە
سێڤر دا بە کوردەکان درابوو. بەو پەیمانە چارەنووسی کوردەکانی تورکیەیی کە
ئێستا ببووە جێنشینی عوسمانی گرێ درا بە دەسەڵات ومەیلی کاربەدستانی تورکویستی
دەمارگرژی وێندەرێ، ئەو جۆرە فەرمانڕەوایانەی کە هیچ ئاوڕێکیان
نەدەداوە لە ناسێنەی ئێتنیکی کوردەکان و بڕیاریان دابوو لە قەڵمڕۆی حکوومەتی خۆیان
فتیان کەن. لەو دۆخە دا تەنیا ناوچەیەکی کە هێشتا بۆ خەباتی کوردەکان مابووەوە، لە
باشووری سنووری تورکیای تازە دامەزراو، یان لە ناوچەی مووسڵ، لە عێڕاقی دواتر بوو،
ناوچەیەک کە دیاریکردنی چارەنووسی لە پەیمانی
لۆزان دا خرا بووە سەر ئەستۆی کۆمەڵەی نەتەوان. سێ لە چوار بەشی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئەو دەمی کورد
بوون. لەوەش زیاتر کوردەکانی ناوچەی سلێمانی لە باشووری ناوچەی مووسڵ بوون، شوێنێک
کە وشیاریی ئێتنیکی کوردی پێشکەوتووتر و خەبات لە پێناو ئامانجە کوردایەتییەکان
چالاکتر بوو. لەو ناوچەیە دا بوو کە بزووتنەوەی شێخ مەحموود دەستی پێکرد و هەتا
ساڵانی دواتر بێ پسانەوە درێژەی کێشا.
برتیانیا تا زەمانێک کە ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود بە
قازانجی خەباتی ئەو دەسەڵاتە لە هەمبەر دەوڵەتی تورکیا و بەردەوامیی چاوتێبڕینی
تورکیا لە ناوچەی موسڵ بوو پشتیوانی لێ دەکرد بەڵام لە هەمان کات دا بە هیچ جۆر
لەگەڵ بەرزەفڕییەکانی وی نەبوو. لە بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە دا بوو کە کاربەدستانی
بریتانیایی لە ناوچە دا موافەقەتیان کرد
لەگەڵ بڕیاری پیاوماقووڵانی شار بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی خۆجێیی بە سەرۆکایەتی
شێخ مەحموود لە ئۆکتۆبری ١٩١٨ دا. بەڵام بەو شەرتەی کە شێخ حوکمڕانی خۆی هەر بەسەر
ئەو ناوچەیە دا بەرتەنگ بکا و چاوەدێری ئەوان بە سەر سەرۆکایەتی خۆیدا بپەژرێنێ.
بەڵام شێخ کەسێک نەبوو کە تەنێ حکوومەتێکی خۆجێیی پێ بەس بێ. ئەو داوای دەکرد
حکوومەت بەسەر هەموو کوردان دا بکا، تەنانەت لە ئێرانیش. لە ئاکام دا لە ٢٣-ی مەی
١٩١٩ ( ٢-ی جۆزەردانی ١٢٩٨) ڕاپەڕی. شکانی وی لەو ڕاپەڕینە دا نەبووە هۆی دووپاتە
نەبوونەوەی لە ساڵەکانی دواتر دا. لە یەکێک لەو ڕاپەڕینانە دا، واتە سێپتامبری
١٩٢٢ (خەرمانان /ڕەزبەری ١٣٠١) بوو کە ئەو خۆی بە مەلیکی کوردستان ناساند. ئەو
هەنگاوە لەگەڵ کردەوەی توندی بریتانیا بەرەوڕوو بوو. هێزی هەوایی بریتانیا لە ٢٤-ی
فێڤرییەی ١٩٢٣ خانووەکانی حکوومەتی شێخ مەحموودی بۆمباران کرد. شێخ چ چارەیەکی
نەما هەڵاتن نەبێ. (٥٤) بەڵام غەیبەتی وی دیسان هێندەی پێ نەچوو، ئەو لە یازدەهەمی
ژووییەی هەر ئەو ساڵە گەڕایەوە
سلێمانی و لە ٢٤-ی فێڤرییەی ساڵی دواتر دیسان ڕاپەڕی.
بەر لە درێژەدان بە شرۆڤەی ئەو کێشمەکێشە پێویستە ئاماژەیەکی کورت بە جووڵانەوەیەکی نوێ لەو شانۆیە دا
بکرێ، جووڵانەوەی عەڕەب خوازی کە لە عێڕاق سەری هەڵێنابوو. ئەگەر تا ئیرە قسە لە سەر کێشمەکێشی شێخ مەحموود و بریتانیا بوو لەبەر سوڵتەیەک
بوو کە ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٢٠ بە داگیر
کردنی ئەیالەتەکانی مووسڵ، بەسڕە و بەغدا ، دەرکێشانی ئەوان لە ژێر حاکمییەتی
عوسمانی و دەکار کردنی ئینتیداب بە سەر ئەو شوێنانە دا بوو کە بە نوێنەرایەتی
کۆمەڵەی نەتەوان بەدەستی هێنا بوو. زاڵ بوون بە سەر ئەو ئەیالەتانە دا بە مانای
کێشمەکێش بوو لەگەڵ دوو ئێتنیکی کورد و عەڕەبی دانیشتووی ئەوان و حەولدان بۆ
ناوبژیکردن دە نێوانیان دا بە دەم پاراستنی حاکمییەتی خۆی بە سەریان دا. بەڵام
کورد وعەڕەب نە لەو سوڵتەیە ڕازی بوون و نە لە هەمان کات
دا پێیان خۆش نەبوو چاوپۆشی بکەن لە پشتیوانی بریتانیا. هۆی ئەو ڕاڕاییە لە بەر قازانجێک بوو کە هەر کام لە وان دەیتوانی یان دەیویست وەدەستی بێنێ لە ڕقەبەری لەتەک ئەویدی دا بە بوونی
بریتانیا لەوێندەرێ. ئەو رقەبەرییە دواجار بە قازانجی عەڕەبان تەواو بوو. بریتانیا
بە پێدانی بەڵێنی سەربەخۆیی ئەوانی کێشابووە ناو شەڕ بەدژی عوسمانی و ئێستا نۆرەی
ئەوە هاتبوو کە وەفا بەو بەڵێنەی خۆی بکا. ڕاپەڕینی عەڕەبەکان لە ژووییەی ١٩٢٠ بە
دژی بریتانیا دوا جار ئەو دەوڵەتەی وا
لێکرد کە دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی هاشمی لە بەغدا و سەرۆکایەتی فەیسەل
ئەلحوسێن بە سەری دا لە ٢٣-ی ئووتی ساڵی ١٩٢١ ( ١-ی خەرمانانی ١٣٠٠ هەتاوی)قەبووڵ
بکا. دامەزرانی دەوڵەتی عەڕەبی عێڕاق و پێوە لکاندنی ئەیالەتەکانی مووسڵ و کەرکووک
لە ساڵی ١٩٢٤، بەرپا کردنی مەجلیسی دامەزرێنەرانی قانوونی بنەڕەتییەکەی هەر لەو
ساڵە دا، ڕاگەیاندنی سیستمی مەشڕووتەی سەلتەنەتی وەکوو شێوەی حکوومەت و
بەڕێوەبردنی یەکەم خولی هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٢٥ یەک بە دوای یەک دا ڕووی دا.
هەنگاوی دواتر، کۆتایی دان بە ئینتیدابی بریتانیا بە سەری دا بوو کە لە ساڵی ١٩٣٣
کۆمەڵەی نەتەوان بە پەژراندنی سەربەخۆیی عێڕاق ڕەسمییەتی پێ دا. بەڵام کۆمەڵەی
نەتەوان بۆ ڕاگەیاندنی پەژراندنی ئەو هەنگاوە شەرتێکیشی هەبوو : شەرتی خودموختاری کوردەکان لە عێڕاق دا، شەرتێک کە لە هەمان کات دا بەو
مانایەش بوو کە سەرزەوی کوردەکان بەشێکە لە عێڕاق و دەست هەڵگرتن لە پەیمانی سێڤر
بە تەواوی دەبڕێتەوە و یەکلا دەبێتەوە. لە پەیمانی سەربەخۆیی عێڕاق کە لە ساڵی
١٩٣٢ لە نێوان بریتانیا و دەوڵەتی عێڕاق ئیمزا کرد ئیدی هیچ ئاماژەیەک بە پەیمانی
سێڤر نەکرا. (٥٥)
بەڵام قەبووڵی شەرتی خودموختاری کوردەکان هەم لەناو کوردەکان و هەم لەناو
عەڕەبەکان دا هێندێک لەگەڵ و دژبەری هەبوو. لە ١١-ی ژووەنی ١٩٢٣ ( ٢١-ی جۆزەردانی
١٣٠٢) شووڕای وەزیرانی عێڕاق قەبووڵی کرد کە ئیدارەی کاروباری ناوچە کوردنشینەکان،
جگە لەکارو باری فەننی نەبێ، بدرێ بە کوردەکان و بەکارهێنانی زمانی عەڕەبی لە
نووسراوی ڕەسمی دا تۆبزی نەبێ. لە ژانڤییەی ساڵی ١٩٢٦ سەرۆکوەزیری عێڕاق وشداری دا بە نوێنەرانی مەجلیسی عێڕاق کە دەبی مافی کوردەکان
ڕەچاو بکرێ، بەو مانایە کە کاربەدەستانی کاروباری ئیداریی ئەوان لە خۆیان بێ، زمانەکەیان ڕەسمییەت پەیدا کا و
لە خوێندن دا دەکار بکرێ. لە مانگی ئاوریلی ١٩٣٠ دا کابینەی عێڕاق ڕەسمییەتی زمانی
کوردی لە گشت ناوچە کورد نشینەکان ڕاگەیاند. بەڵام لە نێوان قەبووڵی ئەو ڕەسمییەتە
و هەنگاونانەوە بۆ جێ بەجێ کردنی مەودا زۆر بوو. نە دەوڵەتی عێڕاق بۆ ئەو کارە
پەلەی دەکرد و نە مامۆستا و کتێبی دەرسی بۆ وانە وتنەوە بە زمانی کوردی ئەوەندەی
پێویست بوو هەبوو. جیاوازی لە نێوان لەهجە کوردییەکانیش دا هەڵبژاردنی ئەوانی بۆ
دەرس دادادن دژوار دەکرد. لەو لاشەوە ژمارەی ئەو کوردانەی کە لە ساڵی ١٩٢٥ دا دابین کردنی بەرژەوەندی خۆیان دە
گوێڕایەڵی لە بەغدا دا دەدی لە سەربەخۆیی خوازان زیاتر ببوو. لە ساڵی ١٩٢٨ دا کوردەکان هەموو لە هەڵبژاردنی
مەجلیسی عێڕاق دا بەشدارییان کرد. لە مەجلیسی عێڕاق دا لە ٩٩ کورسی ٣٤ کورسی درا بە کوردەکان. لە
قانوونی بنەڕەتی عێڕاق کە لە ساڵی ١٩٢٥ دا پەسند کرا زەوییە خێڵەکییەکان لە
مەڵبەندی حاکمییەتی دەوڵەتی ناوەندی دەرهاوێژران و ئیدارەی کاروباری ماڵی، مەدەنی
و هێمنایەتی لە ناوچەی عەشیرەتەکان دا درا دەست سەرۆک عەشیرەتەکان. (٥٦) لە کۆتایی
ساڵەکانی دەیەی ١٩٢٠ کاندا " دەتگوت کوردەکان لە چارەنووسی خۆیان بە ڕێژە
ڕازی وەبەر چاو دێن".
بەڵام نەک هەموو کوردەکان، بە تایبەتی شێخ مەحموود. ئەو کە هێشتا خەیاڵی پادشایەتی لە کوردستانێکی سەربەخۆی دەسەر دا بوو
ئارام دانەدەنیشت. ئەو هێشتا تا سەرەتای ژانڤییەی ١٩٢٧ درێژەی دەدا بە کردەوەی
جارزکردنی حکوومەتی بەغدا و لەو کارە دا کەلکی وەردەگرت لە پشتیوانی عەشیرەتی
هەورامی و هەمەوەند. (٥٧) شێخ بە پەرەگرتنی ناڕەزایەتی کوردەکانی سلێمانی لە ساڵی
١٩٣٠ و ئەو نائارامییانەی کە لەو شارە دا پەیدا ببوو دیسان دەرفەتێکی لەباری بۆ
هەڵکەوت بۆ گەڕانەوە. ئەو دیسان دەنگی خۆی بەرز کردەوە و داوای دامەزرانی
کوردستانێکی یەکگرتووی کرد لە زاخۆوە بگرە تا خانەقین. شێخ
لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبر لە سنوور پەڕییەوە دەستی کرد بە دەنگ دانی عەشیرەتەکان
بەڵام ئەوجاریش نەیتوانی شتێک بکا. ئەو
دیسان ڕووبەڕووی ئۆپێڕاسیۆنی هەوایی سەلتەنی بریتانیا و هێزە زەوینییەکانی عێڕاق
هات و مەجبوور بوو ڕا بکا بۆ ئێران. دژایەتی ئێران بۆ پێدانی پەنابەرێتی، شێخی
ناچار کرد خۆی بەدەستەوە بدا و مل ڕاکێشی بۆ مانەوەی بە تۆبزی لە باشووری عێڕاق.
(٥٨)
ئامانجی
شێخ مەحموود لە خەبات لە پێناو وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی چ مەیل و سوێی دێمۆکڕاتیکی
تێدا نەبوو. شێوەی حکوومەتی وی بە کردەوە سەرەڕۆیانە بوو. ئەو هەر کات پێویست با
دژبەرانی خۆی دە ناو کوردەکان دا سەرکوت دەکرد و دەکوشت. ئەو بە ناوی دین خەباتی
دەکرد و دانووی لەگەڵ لیبێرالیسم نەدەکوڵا. یەکێک لە هەنگاوەکانی کە ئەو لە
حکوومەتێک دا کە لە دووهەمین ڕاپەڕینی خۆی دا لە سلێمانی کردی قەدەغە کردنی حەوتوونامەی
بانگی کوردستان بوو کە لە لایەن " ئەنجومەنی سەربەخۆیی کوردستان" لەو
شارە دا بڵاو دەبووەوە.
شێخ سەعیدی پاڵوو
شێخ سەعید ڕێبەری ڕاپەڕین و هەستانێکی بەربڵاو بوو کە لە فێڤرییەی ١٩٢٥ لە
ناوچەیەکی مەزنی کوردستانی تورکیا هەلئاییسا. " ئامانجی ئەو ڕاپەڕینە دامەزرانی
وڵاتێکی سەربەخۆی کورد بوو کە وا لەبەر چاو گیرابوو تێیدا ئەو پرێنسیپە
ئیسلامییانەی کە لەلایەن حکوومەتی نویی تورکیاوە پێشێل کرابوون و زوڵم و زۆریان
لەگەڵ کرابوو، ڕەچاو بکرێن".(٥٩) ڕاپەڕینی شێخ سەعید لە خاکی تورکیا و لە
زەمانێک دا قەوما کە حکوومەتی عوسمانی دوایین ڕۆژەکانی ژیانی خۆی تێدەپەڕاند و جێی
خۆی دەدا بە جمهووری تورکیا. جمهووری خەریک
دارەدارەی تورکیا بە توندی تورک تەوەرە
و لە هەمان کات دا سکولار و مۆدێڕنیست بوو. یەک لە خەسڵەتەکانی مەیلی
تورکتەوەرانەی ئەو جمهوورییە سیاسەتی یەکسان سازی ئێتنیکی بوو کە لەوانە بە دژی
دانیشتوانی کوردی ئەو سەرزەوییە وەبەری گرت. قەدەغە کردنی کەلکوەرگرتن لە زمانی
کوردی لە خوێندنگەکان و مەحکەمەکان و دەرهاویشتنی ناوی کورد و کوردستان لە کتێبەکانی جوغرافیایی و نووسینە ڕەسمییەکان یەک لە بەشەکانی ئەو
سیاسەتە بوو. لەهەموو شوێنێک ناوە کوردییەکان کرانەوە تورکی، کوردەکان لە ئاست پلە بەرزەکانی دەوڵەتی لە کوردستان دەرهاوێژران و کەوتنە
بەر دووچاوکییە ئابوورییەکانی حکوومەتی تازە. پاساوی ئێدێئۆلۆژیکی ئەو سیاسەتە، بە
تورک بەناوکردنی کوردەکان بوو. زییا گوێکئاڵپ، بیرمەندی پان تورکیسم پاساوی ئەو ئیدێعا ڕەسمییەی بەو ئارگیومێنتە
ساختەیە دەهێناوە کە ئەسڵ لە دیاریکردنی ناسێنەی نەتەوەکان دا کولتوورە. ئاکام
ئەوەیە کە کولتووری تورکی لە بەر پێشکەوتووتربوونی خۆی چبوونی نەتەوەیی هەموو
دانیشتووانی تورکیا دیاری دەکا. ئەو ئەم بیرۆکەیەی لە ساڵی ١٩٢٣ دا دەربڕی. کەمێک
زیاتر لە ساڵێک دواتر، جمهووری تورکیا دامەزرا و دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی لێکەوتە
کردەییەکانی ئەو بیرۆکەیە، بەو شێوەیەی کە باس کرا.(٦٠) ئەوە لە حالێک دا بوو کە
ئاتاتورک، ئەو زەمانی کە لە خەبات بە دژی داگیرکەران دا هێشتا حەوجێی بە یارمەتی
کوردەکان هەبوو، وەک دوو برا باسی ئەوان و تورکەکانی دەکرد. (٦١)
شێخ سەعید یەکێک لە ئەندامانی کادری ڕێبەرایەتی ڕێکخراوێک بوو بە ناوی " ئازادی" کە لە ساڵی ١٩٢٣
لەلایەن کۆمەڵێک لە ئەفسەرانی کوردی ئەڕتەشی عوسمانی و کەسانی دیکەی خاوەن دەسەڵات
و ئیعتیبار بە مەبەستی هەستان بە دژی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی دژی کوردی
کەماڵیستەکان و دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی کورد لە خاکی تورکیا لە ئەرزەڕووم
پێک هات. کۆنگرەی یەکەمی ئەو ڕێکخراوەیە ساڵێک دواتر بڕیاری دا کە لەمانگی مەی
ساڵی دواتر ڕاپەڕینێکی هەموانی لە کوردستان ڕێک بخا. شێخ سەعید لە توندئاژۆترینی
بەشدارانی ئەو کۆنگرەیە بوو. ئەو خەڵکی دیکەی هان دەدا بۆ شەڕ لە پێناو سەربەخۆیی
دا. ڕاپەڕینی شێخ سەعید سەرەڕای هێندێک سەرکەوتن لە دیاربەکر،میڕدین، مەڵازگرد و
بووڵانک بە ئاکام نەگەیشت و لە ئاوریلی ١٩٢٥ دا بە توندی لە لایەن ئەڕتەشی نوێپای
جمهووری تورکیا بە توندی سەرکوت کرا. محاکەمە و ئێعدامی سەدان کەس لە ڕاپەڕیوان
ئاکامی هەنگاوی توڵەسەندنەوەی دەوڵەتی تورکیا بە دژی ڕاپەڕیوان بوو. شێخ
سەعید لە ٢٩-ی ژووییەی ١٩٢٥ ( ٧-ی گەلاوێژی ١٣٠٤) لەگەڵ ٤٦ کەسی دیکە ئێعدام کرا. ڕاکردنی ٥٠٠ کەس لە
ئەفسەران و سەربازانی بەشدار لەو ڕاپەڕینە بۆ عێڕاق یەکێکی دیکە لە ئاکامەکانی ئەو
هەنگاوە بوو.
هاندەر و ئەنگێزەی شێخ سەعید بۆ بەشداری لەو ڕێکخراوەیە دا و ڕاپەڕینە تێک
شکاوەکەی هەر لەبەر مەیلی کوردایەتی وی نەبوو. شێخ وەکوو ڕێبەرێکی دینی لە هەمان
حاڵ دا دژی سیاسەتی سکولاریستی جمهووری تازە دامەزراوی تورکیا شەڕی دەکرد. ئەو
بانگەشەی گێڕانەوەی خەلافەت وپادشایەتی بۆ یەکێک لە کوڕەکانی سوڵتان عەبدولحەمید دەکرد. (٦٢) یەکێک لە هۆکارە
سەرەکییەکانی شکانی شۆڕش، چەندبەرەکی کەونارا لە
نێوان سەرکردەکوردەکان دا بوو. دەستگێڕانەوەی هێدێک لە عەشیرەتەکان بۆ پشتیوانی لە
ڕاپەڕین و هەنگاونانەوەی هێندێکی دیکەیان بە دژی بووە هۆی
چارەنووسی خراپی ڕاپەڕین. بە قسەی بڕاونێسن:
" ڕاپەڕینی شێخ سەعید قۆناخێکی نوێی
کردەوە لە مێژووی سەربەخۆیی خوازی گەلی
کورد دا". (٦٣)
ڕاپەڕینی ئاگری
بە کووژرانی شێخ سەعید، خەباتی کوردەکان لە
هەمبەر دەوڵەتی تورکیا کۆتایی نەهات.یەکێک لە هەڵکەوتووترین ڕاپەڕینەکانی کە دوای
ئەو بەروارە لەلایەن گرووپە جۆر بەجۆرەکانی کورد لە تورکیا سەری هەڵدا ڕاپەڕینێک
بوو کە لە ساڵی ٣١ – ١٩٣٠ لە ئاگری بە
ڕێبەریی ئێحسان نووری، ئەندامێکی دیکەی سازمانی ئازادی، دەستی پێکرد. ئەو لە
ڕاپەڕینی شێخ سەعید دا بەشدار بوو و لە
دوای شکانی ئەو ڕاپەڕینە پەیوەست بوو بە سازمانی
"خۆی بوون"، سازمانێک کە لە ٢٧-ی ئۆکتۆبری ١٩٢٧ ( ٥-ی خەزەڵوەری
١٣٠٦) لە لایەن پاتراوانی کورد بە ڕێبەرایەتی جەلادەت بەدرخان لە لوبنان دامەزرا و
لە هاوینی ساڵی دواتر دەستی کرد بە ڕاپەڕین لە ناوچەی چیای ئاگری لە سنووری ئێران
و تورکیا. ئامانج لەو ڕاپەڕینەش دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی کورد بوو. بەڵام ئەو
ڕاپەڕینەش تووشی شکان هات. کوشتوبڕی ١٥٠٠ یەخسیر و ٣٠٠٠ ژن و
پیاو و منداڵی کورد بە دەست ئەڕتەشی تورکیا لە زومڕەی پێهاتەکانی ئەو شکانە بوو.
یەک لە خەسڵەتەکانی ئەو ڕاپەڕینە پشتیوانییەک بوو کە کوردەکانی سنوورنشینی عەشیرەتی جەلالی ئێران
لە خزمە ڕاپەڕیوەکانی خۆیان دەکرد لەو بەری سنوور. ئەو کەلکە تاکتیکییانەی دیکەی
کە ڕاپەڕیوەکان لە هاوسێیەتی ناوچەی ئۆپێڕاسیۆنی خۆیان لەخاکی ئێران وەریان دەگرت
بووە هۆی ئیعتیراز و هەڕەشەیەکی ئەوتۆ لە
لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کە ڕەزا شای وا
لێکرد ڕێگایان لێ بگرێ بۆ ڕاگواستنی ئیمکانات و کۆچ پێدانی عەشیرەتی جەلالی لە
شوێنی ژیانی خۆیان لە دەوروبەری کەلا ماکێ. هەر لەو پێوەندییە دا بوو کە ئێران
ئامادەیی دەربڕی بۆ دانی داوێنی ڕۆژهەڵاتی چیای ئاگری بە تورکیا و لە بری کوتێک لە
خاکی تورکیا لە نزیک قوتوول. (٦٤) بە ڕای بڕاونێسن ڕاپەڕینی ئاگری درێژەی ڕاپەڕینی شێخ سەعید بوو،
بەڵام ئەوجار بە ڕێبەرایەتی نیزامییەکی
پێشووی ئەڕتەشی عوسمانی.
ڕاپەڕینی دەرسیم
ڕاپەڕینی دەرسیم لە ناوچەیەک هەر بەو ناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندیی تورکیا لە لایەن پێنج تایفە لە سەد
تایفەی ئەو ناوچەیە هەڵئایسا. (٦٥) ناوی ئەو ناوچەیە کە بەر لەوە لەبەر سیاسەتیی
یەکسانسازی ئێتنیکی تورک تەوەرەی کۆماری تورکیا کرا بوو بە تونجەلی دوایین
ناوچەیەک بوو کە هێشتا لەهەمبەر سیاسەتێکی ئەوتۆ لە بەرخوەدان دا بوو. دەرسیم
هێشتا سەربەخۆیی خۆی پاراستبوو و لە دانی ماڵیات، ئەنجام دانی خزمەتی ئیجباری و
ملدان بە کاری بە تۆبزە دەستی دەگێڕاوە. دەرسیم لەپێداگری لەسەر پاراستنی
سەربەخۆیی پێشینەیەکی درێژی هەبوو. لە ساڵی ١٨٧٦ بەملایەوە یازدە جار لەهەمبەر
عەمەلیاتی سەرکوتکەرانەی حکوومەتە ناوەندییەکان خۆی ڕاگرتبوو. ژیانی خەڵکی ناوچە
بە مەرداری، باغداری، و کۆکردنەوەی بەرهەمی جەنگەڵی و تاڵانی پەیتاپەیتای عەشیرەتە دراوسێیەکان تێدەپەڕی. ژمارەی دانیشتووەکانی بە نێوان ٦٥
تا ٧٠ هەزار کەس دادەنێن. زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە زازا زمان و عەلەوی
مەزەب بوون. حکوومەتی تورکیا سەربەخۆیی ئەوانی نەدەپەژراند و بڕیاری لێبڕاوانەی
دابوو بۆ تێکەوەبردنی. بەپێی قانوونێک کە لە مانگی ژوەنی ١٩٣٤ داندرابوو، ئەو
بڕیارە دەبوو جێ بە جێ بکرێ. بە گوێرەی ئەو
قانوونە دەبوو خەڵکی نا تورک لە گشت ناوچەکانی شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان دەربکرێن
و بە مەبەستی ئەوەی کە بتورکێندرێن (بکرێنە تورک) ڕابگوێزرێن بۆ ئەو ناوچانەی کە
زۆربەی دانیشتوانیان تورک زمان بوون.(٦٦) خەڵکی دەرسیم کە ئامادە نەبوون سەر وەبەر
ئەو سیاسەتە دژی ئێتنیکییە بێنن لە دژی ڕاپەڕین. کوردخوازانیش ئەوانیان هان دەدا
بۆ خۆڕاگری. ڕاپەڕینەکە لە مانگی مارسی ١٩٣٧ بە ڕێبەرایەتی سەید ڕەزا، کە
پێشەوایەکی ڕووحانی و سەرۆک عەشیرەت بوو، دەستی پێکرد و بە خەساری زۆر و خۆ بەدەستەودانی سەید ڕەزا لە مانگی سێپتامبری
هەر هەمان ساڵ دا و بە لە سێدارە درانی وی هەر لە هەمان ساڵ دا کۆتایی هات. سەید
ڕەزا لە پای سێدارە دا گوتی: " ئەمن
تەمەنم ٧٥ ساڵە و ئێستا تێکەڵدەبم بە
کاروانی شەهیدانی کوردستان. دەرسیم شکا، بەڵام کوردەکان و کوردستان دەژین. لاوانی
کورد باش دەزانن چلۆن تۆڵەی ئێمە بستێننەوە". (٦٧)
مەلا مستەفا بارزانی
یەک لە کوردەکانی کە چەند جار بە دژی حکوومەتی عێڕاق ڕاپەڕی مەلا مستەفا بارزانی
لە خێڵی بارزانی بوو. بارزانییەکان لە چیاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە لای
چەپی چۆمی زێی گەورە دەژییان و کۆچ و کۆچباریان دەکرد. هەژماری ئەوان لە
سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دا لە ٧٥٠ خێزان پێک دەهات. ئەوان لە ڕووی مەزەبییەوە سەر
بە تەسەوف و پێڕۆی تەریقەتی نەقشبەندی بوون. شێخ ئەحمەد، برای گەورەتری مەلا
مستەفا، ڕێبەری مەزەبی ئەوان بوو. یەكێک لە موریدەکانی ئەوی بە ئاواتاری خودا دەزانی.
لەئاکامی یەكێک لە ملەکان بە دژی دەوڵەتی بەغدا بوو کە مەلا مستەفا و برایەکەی شێخ
ئەحمەد گیران و لە سڵێمانی دەست بەسەر کران. (٦٨)مەلا مستەفا لە هاوینی ١٩٤٣ توانی
لەوێ ڕا بکا و بچێ بۆ ئێران. ئەو دوای ماوەیەکی کورت مانەوە لە ئێران گەڕایەوە بۆ
باکووری عێڕاق و دەستی کردەوە بە خەبات
بە دژی دەوڵەتی عێڕاق بەڵام ئەو جاریش شکا. دوایین شکانی وی لە مانگی سێپتامبری
١٩٤٥دا ڕووی دا و ئەو جارێکی دیکەش ناچار بوو ڕا بکا بۆ کوردستانی ئێران. ئەو جار
بە ١٠٠٠٠ کەسەوە، کە بریتی بوون لە جەنگاوەرانی بارزانی و هێندێک لە عەشێرەتە هاوخەباتەکانیان
و ژن و منداڵەکانیان. لەو ژمارە ٣٠٠٠ کەسیان دەیانتوانی چەک هەڵگرن و بەکاری بێنن.
ئەوان ماوەیەکی کورت دوای گەڕانەوەی قازیی محەمەد و هاوڕێیانی لە باکۆ، گەیشتنە
دەوروبەری مەهاباد و لێرەدا هێزە شەڕکەرەکانی خۆیان لە بەر دەست ڕاپەڕینی موکریان
نا. مەک داوڵ لە شرۆڤەی ڕاپەڕینەکانی مەلا مستەفا دا، باس لە دوو ئەفسەری کورد
دەکا کە لە لایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە ڕاسپێردرابوون موزاکەرەی لەگەڵ بکەن کە
بەکەلکوەرگرتن لەو هەڵکەوتە چوونە مەهاباد و
لەوێ لەگەڵ ڕێبەرانی کۆمەڵە گفتوگۆیان کرد و دیداریان کرد لە کۆنسوولی سۆڤییەت.
یەکێک لەوان بە ناوی مستەفا خۆشناو لە لای بریتانیاییەکان ئاوای ئیعتیڕاف کرد:
" تەنیا ئامانجی ئێمە بۆ پێوەندی کردن بە برا کوردەکانمانەوە لە ئێران ئەوە
بوو کە وێنایەک لە یەکگرتوویی لە زەینیان دا ساز کەین؛ چ ئەوانەی کە لە ئێران
دەژین و چ ئەوانەی کە لە عێڕاق، لە قەڵەمڕۆی حکوومەتی بریتانیا دان. چونکە
ئێمە خۆمان بە یەک بنەماڵە و لە وڵاتێک دا
هەست پێ دەکەین و هیچ سەرنج نادەینە سەر ئەو سنوورەی کە شای دیکتاتۆری ئێران
دیاریی کردووە". (٦٩)
خۆشناو یەکێک لەو دوو نوێنەرانە بوو کە دواتر لە لایەن سازمانی هیواوە چوونە
مەهاباد و لەگەڵ سەرکردەکانی کۆماری
مەهاباد گفتوگۆیان کرد.
ڕووناکبیران
لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دا نفووزی شێخەکان لە کورتێی دا. گورزێک کە ئاتاتورک
بە ڕاوەدوونان، دوورخستنەوە و لە سێدارە دانی ژمارەیەکی زۆر لەوان و داخستنی
تەکییەکانیان لێی دان گەورەترین هۆکاری کەم بوونی نفووز و ئیعتیباری ئەوان بوو.
(٧٠) پێشتر گوتمان کە جگە لە ئاغاکان و شێخەکان، دەستەیەکی پچووک لە ڕووناکبیرانیش
هەم لە بزووتنەوەی کوردایەتی سەردەمی عوسمانی دا ئامادەییان هەبوو و بە
چالاکییەکانی نووسین، وتاردان، ڕێکخستنی و عەمەلییاتی خۆیان شوێنیان لە سەر دەکرد. دەتوانین لەوان دەستەیەک لە
ئەفسەرانی کوردی ئەڕتەشی عوسمانی زیاد کەین کە چالاکییەکانیان بە تایبەتی لە
ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ٢٠-ی سەدەی بیستەم شوێنداربوو. ئەوانە غاڵبە ئەو جۆرە
جەوانانە بوون کە لە کاتی بوونیان لە ئەستەنبووڵ یان ئوڕووپا لەگەڵ ڕامانە
ناسیۆنالیستییەکان ئاشنا ببوون و لەژێر تاوی ئەوان دا بیرۆکەی
کوردایەتی خۆیان بە زمانی ئەو ڕامانانە دەناساندەوە. ئەو ڕەوتە کە لە کۆتاییەکانی
سەدەی نۆزدەهەم دەستی پێکردبوو بە دوو قۆناغی لێک جیاواز دا تێپەڕی. قۆناغی یەکەم،
قۆناغی درز تێکەوتن لە خۆ وشیاریی عوسمانی خوازی (عوسمانلی) ئەوان بوو کە کەمتا کورت تا سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠ درێژەی
کێشا. لەو قۆناغە دا عوسمانی خوازی
کولتووری و سیاست بە تێخوندنەوەی نوێخوازانە و ئوڕووپا خوازەی خۆی
بە سەر وشیاریی بەشێک لە ڕووناکبیران و خوێندەوارانی کورد دا
زاڵ بوو. ئەوان خۆیان بە بەشێک لەوە دەزانی و لە دەوری کارگێڕانی سیاسی و کولتووری
لە برەو پێدانی دا بەشدارییان دەکرد. ئاشکراترین نیشانەی ئەو گرێدراوییە، بەشداری
ئەوان لە چالاکییەکانی تورکە جەوانەکان دا بوو کە لە ساڵی ١٨٨٠ لە ناو ڕووناکترین
ئەو خوێندەوارانەی کە سەر بە خاونمڵکان و پلەدارانی شارنشین بوون سەریان هەڵێنا
بوو و بە کودەتای عەسکەری ١٩٠٨ دەسەڵاتی حکوومەتی بە دەستەوە گرت. زەکی بەگ،
عەبدوڵا جەودەت ( ١٨٦٩ – ١٩٣٢) و ئیسحاق
سکووتی ( ١٨٦٨ – ١٩٠٢) سێ نموونە لەو کوردانەن کە بەر لەوەی مەیلیان بووبێ بەرەو کوردییەتی
خۆیان بەرعۆدە بوون لە ئاست رێفۆم لە ئیمپراتۆری عوسمانی دا. ئەوان پێوەندییان
هەبوو لەگەڵ کۆمیتەی " ئیتیحاد و تەرەقی" و دەوری گرینگیان تێدا دەگێڕا.
(٧١)
پێداگری تورکە جەوانەکان لەو قۆناغە دا لە سەر دروشمە ئیسلامییەکان و یەکسان بوونی
ئێتنیکە موسوڵمانەکان لە وڵاتی عوسمانی دا پێشی بە دەربڕینی زیاتری وشیاری ئێتنیکی
و هەستی کوردایەتی لە زەینی ڕووناکبیرانی کورد دا دەگرت. لەو قۆناغە دا کورد بوون،
وەک تورک بوون، ئەگەر ناسێنەیەکیش بووبا، دەکەوتە بەر سێبەری وشیاریی عوسمانلی. بە
قسەی مارتین ڤان بڕانێسن: " ئەو
کوردانەی وا لە خزمەتە دەوڵەتییەکان دا کاریان دەکرد، وەکوو کوردە شارنشینەکان
سەرەتییان دەدا بەوەی کە بە خۆیان بڵێن " عوسمانلی". لە ڕوانگەی
ئەوانەوە وتەی " کورد" و وتەی "
تورک " بە مانای دواکەوتوویی و گوندێتیی بوو." (٧٢) شاهیدی ئاشکرای ئەوە
ئەو قسانەیە کە محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە سەرەتای کتێبەکەی خۆی دا لە مەڕ مەیلی
خۆی لە " عوسمانلی " یەوە بەرەو
کوردخوازی دەینووسێ و ئێمە پێشتر ڕامانگوێستە ئێرە. هێندێک لە ڕووناکبیرانی کورد
لە عوسمانیچێتی خۆیان دا تا ئەو جێیە چوون کە نەتەنیا کورد بوونی خۆیان لە بیر
چووەوە بەڵکوو بوون بە بانگەشەدەری تورک خوازی تیژپەڕ. زییا گوێکئاڵپ، بیرمەندی
هەڵکەوتووی پان توورانیسم و پان تورکیسم. لە نموونەی هەرە ئاشکرای ئەوان بوو.
سولەیمان نەزیف و ئیسماعیل حەقی دوو نوێنەری دیکەی ئەو مەیلە بوون.(٧٣) بە تەنیشت ئەو مەیلەوە، ڕووناکبیرانی
دیکەش هەبوون کە هاوکات لە بەرعۆدەیی خۆیان لە ئاست عوسمانلی کورد بوونی خۆشیان لە
بیر نەدەکرد و لە برەو پێدانی دا تێدەکۆشان. ئەوان بە دامەزراندنی ڕێکخراوەگەلی
سیاسی و کولتووری ودەرکردن و بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی لە ئەستەنبووڵ،قاهیڕە،بەغدا، سلێمانی، لوبنان و
پاریس و هێندێکی تر لە شارە ئوڕووپاییەکان بیرۆکەەکانی کوردایەتی خۆیان بڵاو دەکردەوە و حەولیان دەدا بۆ کارتێکەری لە
بزووتنەوە سەربەخوایی خوازەکان لە ناوخۆی کوردستان دا. میدحەت بەدرخان، یەک لە
کوڕە زۆر و زەوەندەکان ئەمیر بەدرخان ، گۆڤاری کوردی – تورکی کوردستانی لە ساڵی
١٨٩٨ لە قاهیڕە بڵاو کردەوە.(٧٤) براکەی عەبدولڕەعمان بەدرخان کە دواتر سەرنووسەری ئەو بڵاوکراوەیەی بە
دەستەوە گرت لە
" لایەنگرانی بە شەوقی " کۆمیتەی
ی-ئیتیحاد و تەرەقی" بوو. ئەو هێشتا لە ساڵی ١٩٢٠ لەگەڵ حیکمەت بابان، یەکێکی
دیکە لە کوردە ناسراوەکانی عوسمانی،
لە کۆنگرەی تورکە جەوانەکانی ئازادیخواز لە پاریس بەشداری کرد. لەو کۆنگرەیە دا
درزێکی یەکجاری کەوتە نێوان لێبێڕاڵە عوسمانییەکان و تورکیستەکان . ئەو سەر بە
دەستەی لیبێڕاڵ بوو. هەر دوو برا بەر لەو ڕێکەوتە لەبەر حەولدان بۆ کۆکردنەوە و
دەنگدانی خێڵە کوردەکان لە ساڵی ١٨٨٠ دا گیرابوون. عەبدولڕەحمان لە زومڕەی
دامەزرێنەرانی " کۆمەڵەی تەعالی و تەڕەقی کوردستان" بوو کە لە ساڵی ١٩٠٨
لە ئەستەنبووڵ دامەزرا. هەر بە دەستپێشخەری ئەو ڕێکخراوەیە " کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی پەروەردەی
کوردی" وەکوو فێرگەیەک بۆ ئەو منداڵە کوردانەی دانیشتووی ئەستەنبووڵ بوون
دامەزرا. ئەو دواتر لەگەڵ حیزبی تازە دامەزراوی " نا ناوندێتی
عوسمانی"کەوت کە داوای وڵاتێکی عوسمانی ناناوەندی بوو. (٧٥) لە کۆتاییەکانی
حکوومەتی عوسمانی دا ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی – کولتووری لە ناو ڕووناکبیرانی کورد دا
پێک هات، بە شێوەیەک زمان و کولتوور لای
وان بوو بە هۆکاری سەرەکی بۆ لەیەک کردنەوەی
کوردەکان و نا کوردەکان. بەڵام ئەوان هێشتا ئێنیسیتەی خۆیان موتڵەق نەدەکرد. ئەوان
هێشتا لە حیزبی ئیتیحاد و تەڕەقی دا چالاکییان هەبوو. (٧٦)
بە مەیلی تورکە جەوانەکان و کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقی بەرەو پان تورکیسم لە ساڵی
١٩٠٩ و قەدەغە کرانی ڕێکخراوە و کۆمەڵە ئێتنیکییەکان، عوسمانی خوازی ڕووناکبیرانی
کورد تووشی ڕارایی هات و کەم ڕەنگ بوو. لە ئاکامی ئەو پێشوەچوونە دا دەستەیەک لە
لاوانی کورد ئەو کۆمەڵەی پێشتر باس کرا " هێڤیا کورد " ( کۆمەڵەی هیوای
کورد) یان دامەزراند و دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی حەوتوونامەیەک بە ناوی ڕۆژی
کورد (خۆری کورد) کە بوو بە زمانحاڵی
ناسێنەی کوردی ئەوان. (٧٧) سازمانی هیوا بە قسەی ڤان بڕاونێسن جاری یەکەم لە ساڵی
١٩١٠ دا وەکوو یەکێتییەکی خوێندکارانی کورد لەلایەن مەمدووح سەلێم ڕا دامەزرا. بەڵام لە سەردەرانەی شەڕ دا [شەڕی یەکەم]
لەبەر بانگ کرانی ئەندامەکانیان بۆ سەربازی هەڵوەشا و لێک بڵاو بوو تا ساڵی ١٩١٨ی
کێشا کە دیسان زیندووبێتەوە. (٧٨) زۆرێک لە ڕووناکبیرانی جەوان و ژمارێک لە
تاکوتەرای هەڵکەوتووی عەشیرەتەکانیش تێیدا ئەندام بوون. لە دوای دابڕانێک لە
" کۆمەڵەی تەعالی کوردستان " دا ، دەستەی هێڤی لەگەڵ تاکوتەرای جەوانتر
و بنچینەگرتری ڕێکخراوەی پێشوو لە
ڕێکخراوەیەک دا بە ناوی " تەشکیلاتی ئیجتماعییە" یەکی گرت. (٧٩) مەک
داوڵ باسی ڕێکخراوەیەک دا هەر بەو ناوە کە لە ساڵی ١٩٤٠ لە هەولێر، کەرکووک،خانەقین، کفری، کەلار و بەغدا پێک هات و بە زوویی بوو بە خاوەن ١٥٠٠ ئەندام
لە ناو خوێندکاران، ئەفسەران، دەرەجەداران، شێخەکان و ئاغا کوردەکان و چەند ساڵێک
چالاکی کرد. هەر ئەو ڕێکخراوەیە بوو کە پێوەندی هەبوو لە تەک تێکۆشەران لە
مەهاباد. دوو کەس لە ئەفسەرانی ئەندامی ئەو
ڕێکخراوەیە بە نوێنەرایەتی ئەوان لە دانیشتنی دامەزرانی کۆمەڵەی ژ.ک لە
مەهاباد بەشدار بوون پێوەندی هیوا لەگەڵ
بزووتنەوەی مەهاباد تا زەمانی ڕووخانی جمهووری مەهاباد بەردەوام بوو. (٨٠) دەستەیەکی دیکەی کوردی بە ناوی " کۆمیتەی
سەربەخۆیی کورد" لە ژانڤییەی ١٩١٩ لەلایەن سورەیا بەدرخان لە قاهیڕە پێک هات
و داوای یارمەتی کرد لە بریتانیا بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی کورد. بەر لەوە
ئەمین عالی بەدرخان و دوو کوڕەکەی کامڕان و جەلادەت لە ئەستەنبووڵ لە ساڵی ١٩١٨
" کۆمەڵەی تەعالی کوردستان " یان زیندوو کردبووەوە. ئەو کۆمەڵەیە داوای
خودموختاری کوردستانی دەکرد لە چوارچێوەی وڵاتی عوسمانی دا و
هێندێک لقی لە دیاربەکر و هێندێک شوێنەکانی دیکەی ناوچە کوردنشینەکان هەبوو.
تەمەنی ئەو کۆمەڵەیەش کورت بوو. ئەو کۆمەڵەیان لە چوارەمی ژوەنی هەمان ساڵ دا
قەدەغە کرد و ڕێبەرەکانیان گرت. (٨١) زەکی بەک باسی کۆمەڵەیەک دەکا بە ناوی " جەمعییەتی
سەربەخۆیی کوردستان" کە لە دوای کۆتایی شەڕەی جیهانی یەکەم، لە لایەن سەید
عەبدولقادر ئەفەندییەوە دامەزرا و تێیدا هەموو گەورە گەورە و سەرۆکە کوردەکان
بەشدار بوون. دوای ماوەیەک بەدرخانییەکان لەو کۆمەڵەیە جیا بوونەوە و "
جەمعییەتی تەشکیلاتی ئیجتماعییەی کوردستان" یان لە ئەستەنبووڵ دامەزراند. هەر
لەو سەروبەندە دا کۆمەڵەیەکی دیکە بە ناوی " جەمعییەتی ئێتنیکی کورد"
پێک هات. ئەو کۆمەڵانە تا کاتی حکوومەتی کەماڵییە لە ئەستەنبووڵ بەردەوام بوون.
(٨٢)
بەر لەوە ئاماژەیەک کرا بە کۆمەڵەیەکی ڕووناکبیری بە ناوی " خۆی
بوون" [ نووسەر بەهەڵە لە فارسی دا
بە
" باش بوون" ی وەرگێڕاوە] . ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵانی ٢٠-ی
سەدەی بیستەم دا پێک هات. ئەندامەکانی بە شێوەی سەرەکی لەو ئەشڕافزادە خوێندووانە
بوون کە مەیلیان بەرەو سکولاریزم و نەتەوەخوازی بوو و بۆیە شێخەکان لێیان بێزار
بوون. (٨٣)
لە عێڕاق جگە لە حەولێک کە لەلایەن سازمانی هیوا ڕا دەکرا هێندێک جووڵانەوەی
ڕووناکبیرانەی تریش خەریکی خۆ گرتن بوون، بە تایبەتی لە سلێمانی؛ شوێنێک کە
دانێشتووی لە زێدەی شارنشین خەریکی وشیاربوونەوە بوو لە مەڕ ناسێنەی ئێتنیکی کوردی خۆی و بەرە بەرە بەستێنێکی لەباری ساز دەکرد بۆ چالاکی
ڕووناکبیرانە. لێرە بوو کە " کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان" لە ساڵی ١٩٢٢ پێک هات و حەوتوونامەی بانگی
کوردستان ی بڵاو کردەوە. ئەو کۆمەڵەیە دژی زاڵبوونی عەڕەبەکان بە سەر کوردەکان دا
بوو و دژی سوڵتەی شێوەی عەشیرەتی بە سەر بزووتنەوەی کوردەکان دا خەباتی دەکرد. ئەو
ڕامانە و ئاکارە بە دڵی شێخ مەحموود نەبوو و فەرمانی دا بە
داخستنی ئەو بڵاوکراوەیە و دەرکردنی سەرنووسەرەکەی. لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٢٦
کۆمەڵەیەکی ئەدەبی بە ناوی " زانستیی کوردستان " دامەزرا کە بە قسەی مەک
داوڵ " بۆ بزووتنەوەیەکی هەراوتری
کوردی وەک
" پاڵنەرێک" کەلکی لێ وەرگیرا". (٨٤)
چگە لەو چاپەمەنییانەی کە تا ئێستا ناومان بردن، بڵاوکراوەی دیکەش هەبوون. گۆواری هەتاوی کورد لە لایەن عەبدولکەریم
ئەفەندییەوە لە مانگی تەمووزی ١٣٢٩ جێگەی ڕۆژی کوردی گرتەوە. گۆواری حەوتووانەی ژین لە ساڵی ١٩١٩ بە دروشمی " کوردستان
ئی کوردە " لە ئەستەنبووڵ بڵاو بووەوە. یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە سلێمانی ناوی
" پێشکەوتن" بوو. هەر لەوێ ڕۆژنامەی بانگی حەق لە ساڵی ١٩٢٣، ئومێدی ئیستیقلال و ژیانەوە لە ساڵی ١٩٢٤ بڵاو کرانەوە. ئەو
بڵاو کراوەی دوایی دوو ساڵ دواتر ناوی خۆی
گۆڕی و کردی بە ژیان. دیاری کوردستان [ ئەو ناوەشی نووسەر بە فارسی بە هەڵە بە
" سرزمین کردستان" وەرگێڕاوە] ناوی بڵاوکراوەیەکی دیکەیە بە زمانگەلی کوردی، عەڕەبی و تورکی کە لە ساڵی
١٩٢٦ دا بڵاو کرایەوە. زاری کرمانجی ناوی بڵاوکراوەیەکی حەوتووانەی دیکە بە زمانی
کرمانجی ڕۆژئاوایی!! بوو کە لە ساڵی ١٣٤٤- مانگی لە ڕەواندز بڵاو بووەوە. هاشم
سەلیمی لە سەرەتای بیرەوەرییەکانی سەعید هومایوون دا ناوی ٢٦ بڵاوکراوەی کوردی
دێنێ کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٤٣ لە دەرەوەی ئێران بڵاو بوونەتەوە. لەوان
هێندێکیان دەگەیشتنە ناوخۆی ئێران. بە قەولی ئیگلتن زۆر لە عەشیرەتەکان لەگەڵ ئەو
جۆرە جووڵانەوە ڕووناکبیرییە نەبوون، چونکە ئەوانیان بە بێ دینی وشۆڕشگێرێتی دەکرد . ئیگلتن لەو پنکتە ئەو ئاکامە دەدردەخا
کە ئەو جووڵانەوانە " بێ ڕیشە و کۆک " بوون. (٨٥)
لە کۆبەندییەک دا سەبارەت بەو ئاوات، ڕاپەڕین و هەستانانەی کە لەم بەشە دا
ئاماژەیان پێ کرا دەکرێ بەم ئاکامانەی خوارەوە بگەین:
١-ئەوان هەموویان خەسڵەتی نوخبایەتییان هەبوو، بەو مانایە کە وشیاریی سەبارەت بە
ناسێنەی کوردی کە تا ئەو زەمانی هاتبووە وجوود تەرخانی ئاغاکان، شێخەکان و
ڕووناکبیران بوو.
٢-بەشداری ئەندامانی عەشیرەتەکان لە ڕاپەرێن و پەلامارەکان دا، بە شێوەی
سەرەکی لەبەر بەسترانەوەی عەشیرەیی و دینی
ئەوان بوو . هیوا بۆ دەستخستنی غەنیمەت لە شەڕ دا هاندەریێکی دیکەی ئەوان بوو بۆ بەشدارییان.
٣-ئەوەی کە حەولدان بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوەند لەلایەن میرەکانەوە هەمیشە
خەسڵەتێکی کوردایەتی بووبێ دەکرێ ببڕیتە ژێر پرسیار. لە هەڵسەنگاندنی ئەوە دا
سەرنجدانە سەر هاندەری شەخسی گرینگییەکی زۆری هەیە. هاوپێوەندی مەزەبی سەرکردە
کوردەکان بە حکوومەتی عوسمانی و ڕێکاری پان ئیسلامیستی ئەوان لە کۆتاییەکانی سەدەی
نۆزدەهەم دا جار جار ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تەواوی
وەک ئامانجی جوولانەوە تووشی ڕاڕایی دەکرد. ئەوەی کە ڕووناکبیرانی
والێدەکرد هەڵوێستێکی ئاوا بگرن جازیبەی بزووتنەوەی ڕێفۆرمیستی بوو بە ڕێبەرایەتی جەمعییەتی ئیتیحاد و تەرەقی.
تەنیا بە سەرهەڵێنانی پان تورکیسم و زاڵبوونی بە سەر ئەو ڕێکخراوەیە دا بوو کە
ڕاڕایی و دوودڵییەکان نەمان و سەربەخۆیی بوو بە ئامانجی سەرەکی.
٤-ئەو ڕاستییەی کە بەشی گەورەتری کوردەکان لە عوسمانی دا دەژیان، ببووە هۆی ئەوە
کە جووڵانەوەی کوردایەتی لەو وڵاتە سەر دەربێنێ و زیاتری پەلامارەکان و
ڕاپەڕینەکان لەو سەرزەوییە دا روو بدەن.
٥- لەو ڕێکخراوە ئێنیکی – ناسیۆنالیستییانەی کە لە ئەستەنبووڵ پێک هاتن هەموو
تۆوەکانی ئێتنێسیتەی کورد هەبوون. ئەندامەکانیان غاڵبە خوێندووی سەر بە توێژاڵکی
نوخبەی عەشیرەتی یان سوننی مەزەب بوون. دە ناویان دا ئاخێوەرانی لەهجەکانی باشووری و باکووری کوردی هەبوون و
ژمارەیەکیش زازا زمان. ژمارەیەکی کەمتریش لە عەلەوی و ئێزیدی مەزب دە ناویان دا
پەیدا دەبوون. سەیر نییە کە لە ناو ئەوان دا هیچ ئەندامێک نەبوو کە پێشینەی وەرزێری و کاسبکاری هەبێ،
ئەو توێژاڵکە کۆمەڵایەتییانە لە ڕاپەرینەکانی ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٣٠کان دوور مانەوە.
(٨٦)
هۆیەکانی پەیوەست بوون
هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەوەی کە وای کرد ئێمە جووڵانەوە
کوردایەتییەکان لە حکوومەتی عوسمانی و پاشماوەکانی لە تورکیا، عێڕاق و سووریا داشرۆڤە بکەین پێوەندییەکە کە لە ناو ئەوان و بزووتنەوەی
کوردایەتی لە ناوچەی موکری هەبوو، یان ئەو شوێنەی کە ئەوان لە سەر ئەو
بزووتنەوەیان دادەنا. ئەو پێوەندییە و ئەو شوێن لەسەر کردنە هەم لەڕووی فکرییەوە
بوو و هەم ڕوویەکی کردەوەیی و تەشکیلاتی هەبوو. ئیدەی کوردییەت وەکوو ناسێنەیەکی
ئێتنیکی جودا لە ناسێنەکانی ئێتنیکی تورکی،عەڕەبی، ئاسۆڕی، ئەرمەنی و فارسی بە
شێوە و ناوەرۆکی جۆر بەجۆرەوە لە لایەن بەدلیسی، خانی،کۆیی، زەکی بەگ و ڕێبەرانی
سیاسی دیکەی بزووتنەوەی کوردایەتی دەربڕاوە و بەڕێگای گوتارو نووسراو دا گەیشتبووە
زەینی سەرکردەکانی بزووتنەوەی مەهاباد، هەر وەها فکری پێویستی یەکێتی کوردەکان لە
قالبی جەماعەتێک یان نەتەوەیەکی یەک گرتوو و وڵاتێکی سەربەخۆ لە سەرزەوی بەیەکەوە
لکاو ویەکگرتووی کوردنشین دا. هێندێک ئاماژەمان هەبووە بە هێندێک لە پێوەندییە
فکرییەکان. لەوانە بە پێوەندییەک کە قازیی محەمەد لە قسەکانی خۆیدا لە ڕۆژی
ڕاگەیاندنی جمهووری لە ٢-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە نێوان ئەو هەنگاوە و " هەزاران
پادشا و حاکم" ی کورد لە ڕابردووی ئەو سەرزەوییانەی میللەتی کورد دا
دایمەزراند. نیشانەکانی دیکەی ئەوە دەکرێ لە بڵاوکراوەکانی
نیشتمان، کوردستان و بڵاوکراوەکانی دیکەی دا کە لە مەهاباد بڵاو بوونەتەوە
ببیندرێ، لە وانە بە شێوەی ڕێزلێنان لە
شاعیران و شێخەکان و قارەمانانی کورد .(٨٧) لە بەندی دەیەمی ئەم کتێبە دا ئاماژەدەکەین بە شاهیدی دیکە لەم پێوەندییە دا.
بەڵام ڕووی کردەوەیی و تەشکیلاتی ئەو پێوەندییە و شوێنی لە سەر گشت ئەو
پێوەندییانە ڕەنگی دەدایەوە کە ئێمە تا ئێرە ئاماژەمان بە هێندێک لەوان کردووە،
لەوانە تەئسیری کۆمەڵەی هیوا لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکافدا، دایرکردنی لکەکانی کۆمەڵە و حدک لە عێڕاق،
دیدارو پەیمانی سێ سنوور، بەشداری بارزانییەکان و ئەفسەرە کوردە عێڕاقییەکان لە هێزی عەسکەریی جمهووری مەهاباد دا،
یارمەتی جەلالییەکان بە ڕاپەڕینی ئاگری، و هەڵاواسینی وێنەی ڕێبەرانی کوردی تورکیا و عێڕاق لە دەفتەری سازمانی لاوانی مەهاباد، لێدە و بڕۆی
پەیتا پەیتای حەمە ڕەشید خان لە نێوان کوردستانی ئێران و عێڕاق و چالاکییەکانی شێخ
عوبەیدیلا گەیلانی لە ورمێ و مەهاباد. لە
نێوان ساڵانی ١٣٠٩ تا ١٣١٦ دەستەیەکی پچووک لە مەلا کوردەکان لە موکریان
پێوەندییان هەبوو لەگەڵ ڕاپەڕینی ئاگری و سازمانی خۆیبوون و لەگەڵ کوردە
عێڕاقییەکانیش پێوەندییان دامەزراند بوو. ئەندامانی ئەو دەستەیە بریتی بوون لە
قازیی محەمەد،شێخ ئەحمەدی سریلاوا، مەلا ئەحمەدی فەوزی و قازی کاکە حەمەی بۆکانی.
دوور نییە کە ئەو یارمەتییە بەرتەنگانەی کە عەشیرەتەکانی جەلالی و خەلیکانلوو بە
سەرهەڵداوانی ئاگریان دەکرد لە
ئاکامی هاندانی ئەندامانی ئەو دەستەیە
بووبێ. (٨٨)
دەکرێ لەوانە هاتنی مەلا ئەحمەدی فەوزی ش لە سلێمانییەوە بۆ موکریان و بانگەشەی
کوردایەتی لەلایەن وی ڕا زیاد بکرێ لە
سەردەرانەی شەڕی دووەمی جیهانی دا؛ هەر وەها پێوەندییەک کە لە نێوان سمکۆ و شێخ
[سەید] تەها، بەدرخان، شەریف پاشا،(٨٩) شێخ مەحموود و ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکانی تری
کوردی کە لە عوسمانی و عێڕاق هەبوون لە ئارا دا بوو. ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا پێگە
و مەقەری لە عوسمانی بوو، بلووریان لە بیرەوەرییەکانی دا باس دەکا کە چلۆن کاکە
مین، خزمەتکاری ماڵی باوکی، کە دەورەی سەربازیی خۆی لە سنووری ئێران و عێڕاق
تێپەڕاند بوو لەو بەری سنوور لە عەسکەری
کوردی عێڕاقی خەبەر لەمەڕ ئازادی کوردەکان لە عێڕاق وەدەست دێنێ و ئەوان بۆ غەنی
مێردمنداڵ دەگێڕێتەوە. غەنی بە بیستنی ئەو خەبەرانە تووشی حەسرەت دێ. لە عێڕاق ئەو زەمانی منداڵانی کورد بۆیان
هەبوو بە زمانی خۆیان بخوێنن، چاپەمەنی بە زمانی کوردی بڵاو دەبوونەوە، و پۆلیس و
ژاندارم کورد بوون. کاکە مین جگە لەو زانیارییانەی کە لەمەڕ ڕاپەڕینی شێخ مەحموود،
ئێحسان نووری پاشا و شێخ [سەید]
ڕەزای دەرسیم لە سنوورەوانی عێڕاقی هاوزمانی خۆی وەدەستی
دەهێنا بۆ غەنی دەگێڕاوە و بەو کارەی " هەستی نەتەوەیی" کوردی لە زەینی
وی دا دەورووژاند. کارێکی دیکەی کە کاکەمین بۆ غەنی دەکرد هێنانی گۆواری کوردی
گەلاوێژ بوو لەو بەری سنوور ڕا. ئەو داوای لە غەنی دەکرد بێخوێنێتەوە و فێری
خوێندنەوە بێ بە زمانی کوردی. (٩٠)|
لە شرۆڤەی بیرۆکە و جووڵانەوە کوردایەتییەکان لە عوسمانی و جێنشینەکانی دا دیتمان
کە هێندێک لەوان وەکوو شێخ سەعیدی پاڵوو و
بەدرخانەکان ئامادە بوون بۆ پەژراندنی خودموختاری لە ناو حکوومەتی عوسمانی دا،
یەکیان بە دنەی دینی و ئەویدیکەیان لەبەر مەیل بە
بزووتنەوەی ڕێفۆڕمخوازی لەو وڵاتە دا، بەڵام هەر دووک ئەو ئەنگێزانە بە سەرهەڵێنان
و پەرەسەندنی پان تورکیسم و درێژەکێشانی لە قالبی سیاسەتی یەکسانسازی ئێتینیکی تورکە جەوانەکان و جمهووری ئاتاتورک
لە ناو چوون. لەوەو دواوە ئەگەر مەیڵێک بەرەو خودموختاری پەیدا بووبا بە شێوەی
سەرەکی پێوەندی هەبوو بەو زیان و
دژوارییانەی وا لە داوخوازی سەربەخۆیی دەکەوتەوە. بەڵام لە ئێران، لەو جێگایەی
دنەی دینی بووبایە، بە پێچەوانە هەڵدەسووڕا. کوردەکانی موکریان سوننی بوون و لە وڵاتێکی شیعە دا هۆیەکیان
نەبوو بۆ هەستی هاوپێوەندی دینی لەگەڵ حکوومەت و خەلک. بەشداری ئەوان لە شۆڕشی رێفۆرمیستی مەشڕووتییەت دا کە لە شکڵی
ئەنجومەنی ئەیالەتی ساوجبولاغ بە سەرۆکایەتی سەیفولقوزات. مامی قازیی محەمەد ڕەنگی
دایەوە لاواز و کاتی بوو. لە لایەکی دیکەوە نموونەی سمکۆ هەبوو کە لە شەڕی محەمەد
عەلی شا بە دژی مەشڕووتەخوازەکانی ئازەربایجان چالاکانە بەشدار بوو. (٩١) سیاسەتە ناوەندخوازانە و یەکسانسازییەکانی
فارسی تەوەرەی ڕەزا شا و دەوڵەتەکانی دوای ئەویش نە تەنێ ئەنگیزەیەکی هێندەی بۆ
وەفاداری بە وڵات نەهێشتەوە، بەڵکوو بووە هۆی هەمان شوێنێک لە سەر بزووتنەوە
ئێتنیکییەکانی پەراوێزی لە ئێران کە پان
تورکیسم لە دەیەکانی کۆتایی ئێمپڕاتۆری عوسمانی هەیبوو.جا بۆیە سەیر نەبوو کە
کۆمارخوازانی مەهاباد داواکاری سەربەخۆیی بوون و ئاواتی کوردستانێکی یەکگرتووی
گەورەیان لە سەر دا بوو. پێشتر ئاماژەمان کرد بە شاهیدەکانی. لە شانۆی "
دایکی نیشتمان" وە تا بوونی نەخشەی کوردستانی گەورە لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی
جمهووری، لە وتاری قازیی محەمەد لەو ڕۆژە دا تا دامەزرانی جمهوورییەک لە گۆشەیەک
لە وڵاتێک دا کە قانوونی بنەڕەتییەکەی لە سەر مەشڕووتەی سەلتەنەتی هەڵنرا بوو.
وتاردانی قازیی محەمەد لەو ڕۆژە دا نیشانەی ئاشکرا بوو لە بۆچوونێک لەمەڕ کوردستان
کە ئەو ئاواتی یەکگرتنی وی هەبوو: یەکێتی سەرزەوی، یەکێتیی نەتەوەیی، پێشینەی
حکوومەتە تەواو کوردییەکان لە درێژایی مێژوو دا، یەکێتی سیاسی کوردەکان و ناساندنی
ئەوان وەکوو " نەتەوە" یەکی تاقانە، هەڵاوەسینی نەخشەی کوردستانی گەورە لە دەفتەری قازیی محەمەد. ئەوانە هەموویان ئامانجی
کۆتاییان دادەگرتەوە. نەخشەکە لە دەریای مدیتەرانەوە و بەندەری ئەسکەندەروون تا کەنداوی فارس، لە
نێوان بووشێهر و هێندیجان، درێژ دەبووەوە و هێندێک لە شارە ناکوردەکان، وەکوو
ئەرزەڕووم، ئەرزنجان، قارس، ماکۆ، شاپوور، مووسڵ و ڕەزائییە و هتدی وەبەر دەگرت. بە قسەی ئەڕفەع کوردەکان
لە سەفەری دووەم بۆ باکۆ بە باقرۆفیان گوت ئارەزووی ئەوان دامەزراندنی جمهووری
کوردستانی گەورەیە بە بەشداری کوردەکانی تورکیا و عێڕاق. (٩٢)
ئەمانە هەمووی بە لایەکەوە، ئێمە شاهیدی دیکەشمان هەیە کە بە ڕواڵەت دەلالەت دەکەن لە سەر خودموختاری یان تەنانەت
خودموختاری لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنە ئەیالەتییەکان ئەو جۆرەی کە لە قانوونی بنەڕەتی دا هاتووە.
لەگەڵ هێندێک لایەنیان ئاشنا بووین لە قالبی بەرنامەی کاتی کۆمەڵەی ژێکاف،
بەرنامەی حدک و بەیاننامەی دامەزراندنی جمهووری دا. نموونەی دیکەش دەکرێ
بگوێزینەوە،لە قسەکانی قازیی محەمەد، لە مەقالەکانی بڵاوکراوەکانی سەر بەو حیزبانەی ناو بران و یان کاربەدەستە دیپڵۆماتیکەکان.
قازیی محەمەد لە توێژێک دا لەگەڵ ڕۆژنامەی کەیهان لە ٢١-ی بەفرانباری ١٣٢٤ تەئکیدی
کرد کە کوردەکانی ژێر ڕێبەرایەتی وی مەبەستی جوێبوونەوە لە ئێران و سەربەخۆییان
نییە، بەڵکوو تەنێ داوای بەڕێوەچوونی قانوونی بنەڕەتی لە ئێران دەکەن.(٩٣) قازیی
محەمەد لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دوو حەوتوو بەر لە ڕاگەیاندنی جمهووری گوتی: " ئێمە داوا دەکەین لە دەوڵەتی ئێران قانوونی
بنەڕەتی جێ بەجێ بکا و بەڕێوەی بەرێ. ئێمە داوای خودموختاری دەکەین لە ژێر ئاڵای ئێران دا". (٩٤) ئەو داوخوازە
لە موزاکەرات لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیش دووپاتە بووەوە. هەر ئەو لە میتینگێک دا کە
کەمێک دوای ڕاگەیاندنی کۆمار کرا گوتی: " ئێمە ئەو کارەمان بۆیە نەکرد کە حاشا لە برایەتی خۆمان لەگەڵ
فارسەکان بکەین یان حاشا لە ئێرانی بوونی خۆمان بکەین، بەڵکوو ئەو کارەمان بۆ
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسگای دیکتاتۆری لە [ تاران] ئەنجام دا". پێداگرتن لە
سەر قانوونی بنەڕەتی لە دوای دەرکەوتنی ئەڕتەشی سوور لە ئێران و ڕێکەوتننامەی فیرووز – پیشەوەری لە بەر هۆیەک
کە ئاشکرایە زیاتر دووپاتە دەکراوە. (٩٥) قازیی محەمەد لە وتوێژی چاپەمەنی لە
هۆتێل دەربەندی تاران لە وڵامی ڕۆژنامەنووسێک دا کە پرسیاری لێکرد سەبارەت بە
کوردە نا ئێرانییەکان گوتی: " من کوردی نا ئێرانی ناناسم. کورد لە هەر جێیەکی
عالەم بێ ئێرانی یە. ئەگەر دەوڵەتی ئێران لە بەر لاوازی و ناتوانایی یان بە هۆی
سیاسی دیکە نەیتوانییەوە هەموو ڕۆڵەکانی ئێران لە داوێنی خۆی دا بپارێزێ ئێرانی
بوونی جوێبووەوەکان و دووربوونەوە لەوان ناستێندرێتەوە. کورد هەمیشە ئێرانی بووە و هەمیشە
ئێرانی دەبێ". قازیی محەمەد لە وتوێژێک دا کە لە هەوەڵی ژووەنی ١٩٤٦ ( ١١-ی جۆزەردانی ١٣٢٥) لەگەڵ نووچەگەیانی ئاژانسی فڕانس
پرێس دا هەیبوو گوتی: ئەگەر دەوڵەتی ناوەندی بەڕاستی بڕیاری داوە بۆ جێ بەجێ کردنی
قانوونە دێمۆکڕاتیکەکان لە سەرتاسەری ئێران دا
و ئەو قانوونانەی ئێستای کوردستان لە مەڕ پەروەردەی کوردەکان و خودموختاری
ئێدارە ناوچەییەکان و ئەڕتەش بە ڕەسمی بناسێ ڕەزایەتی کوردەکان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ". (٩٧) قازیی محەمەد لە وتاردانی ٤-ی
گەلاوێژی ١٣٢٥ لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد گوتی: " ئێمە بە هیچ جۆر داواکاری
تەجزییەی ئێران نەبووین، تەنیا ئامانجی ئێمە ئازادی و پاراستنی هەرێمی خۆمان
بووە". (٩٨)
پێداگری لە سەر خودموختاریخوازی بابەتێک بوو کە قازیی محەمەد لە پێوەندی لەگەڵ
کاربەدەستە دیپڵۆماتیکەکانیش دا دەری دەبڕی. لەوانە لە دیدارێک دا کە لە سەرەتاکانی ڕەزبەری ١٣٢٤ (کۆتاییەکانی سێپتامبری ١٩٤٥) [ ئەو
بەروارە هەڵەیە، ئارچی ڕۆزڤێلت ڕۆژانی ١٤-١٦ ی سێپتامبری ١٩٤٦ لە مەهاباد بووە و
دیداری هەبووە لەگەڵ قازیی محەمەد. وەرگێڕ] لەناو ئەو و ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت ئاتاشەی
عەسکەری سەفاڕەتی ئەمریکا لە مەهاباد، کرا. لەو گفتوگۆیە دا قازیی حەولی دا
ڕوزڤێلت پێمل بکا کە ئامانجی کوردەکان دامەزراندنی ئوستانێکی دێمۆکڕات لە سیستمێکی
فێدراڵ دایە، وەک نموونەی ئەمریکایی. لە ڕاپۆرتێکی تێر وتەسەل دا کە سەفاڕەتی
ئەمریکا سەبارەت بە " پێشوەچوونە سیاسییەکان لە ناو کوردەکانی ئازەربایجان لە
ساڵی ١٩٤٦دا " لە بەرواری ٢٥-ی
بەفرانباری ١٣٢٥ ئامادەی کرد دەخوێنینەوە: " دەوڵەتی نوێی کورد ئەگەرچی بە
خۆی دەڵێ جمهووری، بەڵام بە کردەوە داوای شتێک ناکا جگە لە خودموختارییەکی ناوخۆیی
نەبێ لە چوارچێوەی نەتەوەی ئێران دا.
ئەوەی ئەوان دەیانەوێ خودموختاریی کولتووری و بەڕەسمی ناسینی زمانی کوردی،
مافی گەلی کورد بۆ "تێپەڕاندنی ئەو تاقخستنەوەی بەسەریان دا سەپاوە لە لایەن دەوڵەتی
ئێرانەوە لە ڕابردوو دا"،
خودموختاری ئیداری، لە وانە ئیدارەی ناوچەیی کاروباری ماڵیاتی، پەروەردە و
هێدایەتی گشتی یە". لە پەیوەستی
سێیەمی، ڕاپۆرتی تێروتەسەلی کە سەفاڕەتی ئەمریکا سەبارەت بە " پێشوەچوونەکانی
سیاسی لە ناو کوردەکانی ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٤٦ دا" کە لە ڕێکەوتی ٢٥-ی
بەرانباری ١٣٢٥ ئامادەی کرد دەبینین کە ئەو کوردانەی کە پێیان خۆشە دەوڵەتێکی کوردستانی
گەورەی سەربەخۆ ساز کەن و ئەو کوردانەی داوای خودموختاری دەکەن لێک جوێ دەکاتەوە.
(٩٩)
ئێستا دەبێ بزانین چ هۆکارگەلێک ببوونە هۆی ئەو ناکۆکییە ئاشکرایە. یەکێک
لەوان لەبەرچاو گرتنی ئەو واقعییەتە بوو
کە هیچکام لە هێزەجیهانییەکان ئەو سەردەمی موافیقی سەربەخۆیی نەبوون. قازیی محەمەد
ئەوەی دەزانی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقعییەتە بوو کە دەیگوت داوای ئێمە دەبێ لە
چوارچێوەی ئێران دا دیاریی بکرێ.(١٠٠) سەعید هومایوون دەنووسێ قازی دوای گەڕانەوە
لە سەفەری دووەم بۆ باکۆ بە مەبەستی پێشگیری لە ورووژاندنی دەوڵەتی ئێران، تورکیا
و عێڕاق و کەمکردنەوەی دژایەتییەکانی ئەمریکا و ئینگلیس، لەگەڵ ڕێبەرەکانی دیکەی
کۆمەڵە بریاری دا کە لە سەر بابەتی کوردستانی گەورە بێدەنگ بن و لە جیاتیان داوای
خودموختاری بکەن لە چوارچێوەی ئێران دا. هەر بۆیەش بوو کە ناوی کۆمەڵەیان کردە حدک
(١٠١) بەڵام ئەو ئیحتیاتە بە ڕواڵەت هێندەی درێژە نەکێشا و جێی خۆی دا بە
ڕاگەیاندنی جمهووری لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ و قسە بەرزەفڕانەکانی قازیی
محەمەد کە ئەو ڕۆژە قازیی محەمەد لە ژێر نەخشەی گەورەی کوردستان دا دەری بڕی.
هۆکارێکی گرینگتر زەمانی ڕاگەیاندنی ئامانج، یان بە قسەیەکی دیکە زەمانی هەبوونی
پشتیوانی سۆڤییەت و زەمانی لە دەست چوونی ئەو پشتیوانییە بوو. لە دوای ڕێکەوتنامەی
فیرووز – پیشەوەری وێژمانی خودموختاری جێگەیەکی زیاتری لە مەقالەکانی کوردستان دا
پەیدا کرد. لەو سەروبەندە دا ئەڕتەشی سوور بە ناچار ئێرانی بەجێ هێشتبوو. لەو
سەروبەندە دا بوو کە زۆر مەقالە بۆ ڕێزلێنان لە شۆڕشی مەشڕووتییەت بە بۆنەی بیست و
یەکەمین ساڵڕۆژی نووسران و بڵاو کرانەوە و پەیتا پەیتا پێداگری دەکرا لە سەر ئەوەی
کە کوردەکان بەشێک لە نەتەوەی ئێران و کوردستان بەشێک لە وڵاتی ئێرانە و مەقالە و
وتاری لە مەڕ سەربەخۆیی و خۆ فەرمانی بۆ کوردەکانی دانیشتووی کوردستانی گەورە
زیاتر خەسڵەتی شهابینە یان پەیدا
کرد.(١٠٢) هۆیەکی دیکە، جیاوازی فکری چالاکان بوو سەبارەت بە ئامانجی کۆتایی،
جیاوازییەک کە نموونەکانی لە بڵاوکراوەی کوردستان دا وەربەرچاو دین. لەو بڵاوکراوەیە
دا هاوکات لەگەڵ ئەو نووسینانەی باسیان لە داوای خودموختاریی خۆجێیی دەکرد،
مەقالەی ئاواش هەبوون کە بەرگرییان دەکرد لە ئیدەی کۆمار وەکوو حکوومەتێکی
سەربەخۆی کوردی. نموونەکەی مەقالەیەکە کە لە ژمارەی ١١، لەبەرواری ١٧-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ (٦/٢/ ١٩٤٦) بڵاو کراوەتەوە.
لەوێدا دەگوترێ: " کە لە ژێر ڕێبەرایەتی رەئیس جمهووری کوردستان جەنابی قازیی
محەمەد ، لە دوای چوار ساڵ و نیو خودموختاری خۆجێیی لە کوردستانی ئازاد دا،
سەربەخۆیی ئێستا بنچینەی داندراوە و ئاڵای پیرۆزی هەڵکراوە؛ کوردەکان ویستی خۆیان
وەدیهێناوە. بەو پێیە نەتەوەی کورد توانایی خۆی بۆ سەقام پێدانی خودموختاری و
بەرقەراری سەربەخۆیی ئێستا بە هەموو دنیا نیشان داوە [...] بەگوێرەی پەیمانی
ئاتڵانتیک هەر نەتەوەیەک کە بیسەلمێنی دەتوانێ کاروباری خۆی ئیدارە بکا مافی هەیە
ئازاد بێ و نابێ لە ژێر حاکمییەتی بیگانە دابێ". (١٠٣) هەر لەو پێوەندییە دا
دەبێ سەرنج بدرێتە سەر بەرژەوەندی، سەلاح و مەسڵەحەت و قازانجی شەخسی هێندێک لە
چالاکان کە دەیتوانی ببێتە هۆی وەفاداری ئەوان بە حکوومەتی ناوەندی و ناسێنەی
ئێرانی و دژایەتییان بورووژێنێ بۆ جوێبوونەوە لە ئێران. ئەوەی کە قورسایی کامەیەک لەو ڕەوتانە لە
ڕێبەرایەتی بزووتنەوە دا زیاتر بوو بەسترابووەوە بە ڕەوتی ڕووداوەکانیش. تا ئەو
زەمانی کە ڕێبەرایەتی و دەوڵەتی مەهاباد خۆی لە پەنای سۆڤییەت دا دەدی هیوا بە
سەربەخۆیی گەرم و گوڕ بوو. لەو قۆناغە دا تەنانەت کەسانی، وەک قازیی محەمەد، کە لە
سەرەتاوە پشتیوانییان لە خودموختاری دەکرد، بوون بە کۆمارخواز. قازیی محەمەد تا
ئەو زەمانە سەر بە باڵی کەمایەتی حیزبی دێمۆکڕات بوو، ئەو بە قبووڵی جمهوورییەتی
حکوومەت پەیوەست بوو بە زۆربەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات. زۆربە
لایەنگری جمهووری بوو. (١٠٤)
کاردانەوەی حکوومەتی ناوەندی
پێشتر لە بەندی چوارەمی ئەم کتێبە دا دیتمان کە هەیئەتی نوێنەرایەتی ئێران
لە کۆنفڕانسی پاریس داوای دەسەرکرانەوە و
دانەوەی ناوچە لە دەستچووەکانی ئێران لەوپەڕی قەوقاز ببوو.تەسەوری ئەوەی کە ئەو
جۆرە خەیاڵاتە هێشتا لە ساڵەکانی دوای ڕووخانی ڕەزا شا دا و ئیحتیمالی ئەوە هێندە دوور نییە زەینی هێندێک
لە پیاوانی دەوڵەتی ئێرانی ختختۆکە دابێ و
شوێنی دا نابێ لە سەر بۆچوونی ئەوان لەمەڕ بزووتنەوەکانی کوردەکان و
ئازەربایجانییەکان. بەڵام ئەوانەی کە هێندێک واقعیتر بیریان دەکردەوە ئامادە
نەبوون هیچ هۆیەک بپەرژێنن کە گومانی ئەوان لە مەڕ جیاوازیخوازی حدک بڕەوێنێتەوە.
ئەوان سەبارەت بە بزووتنەوەی کوردەکان لە ناوچەی موکریان ئەو گومانەیان هەبوو و
سیاسەتی خۆیان لە سەر بنەمای ئەو گومانە گەڵاڵە دەکرد. ئەو ڕاپەڕینانەی کە بە
ڕووخانی ڕەزا شا لەو ناوچەیە دا ڕووی دا، دامەزرانی کۆمەلە بەو پێوەندییانەی کە
لەگەڵ بزووتنەوە کوردایەتییەکان لە عێڕاق و تورکیا هەیبوو، ڕاگەیاندنی کۆمار لە
ژێر نەخشە و ئاڵای کوردستانی گەورە، شانۆی " دایکی نیشتمان" [ نووسەر
ئەو ناوەی بە کوردی بە هەڵە نووسیوە: " نیشتمان دایکی" ] لە شارە جۆر بەجۆرەکانی کوردنشین بە ناوەرۆکی
ئاشکرای دوژمنایەتی ئێران، هەموویان ئەو نیشانانە بوون کە گومانیان دەکردە یەقین.
ڕەزم ئارا لە کتێبی جوغڕافیای سیاسی ئێران دا نووسیبووی لە موکریان " هەستی
نەتەوەیی کورد توند و بەهێزە". ئەو فەرمانی دا بوو بە ئەفسەرەکانی ژێر
فەرمانی خۆی کە بە وشیارییەوە سەرنج بدەنە سەر ئەو واقعییەتە. (١٠٥) لە سەر بنەمای
ئەو چاوەدێری و ئەو گومان و خەیاڵاتە بوو
کە حکوومەتی ناوەندی سیاسەتی ستڕاتێژی خۆی دیاری کرد. ئەو سیاسەتە هەمان سیاسەتی
ڕەزا شا بوو: کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند، تا ئەو جێیەی کە دەلوێ و تێکۆشان بۆ
دامەزراندنی " یەکێتی نەتەوەیی" تەوەرە دەوڵەت لەتەک ستڕاتێژی
یەکسانسازی ئێتنیکی. مەرجی یەکەمی بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە بە کردەوە سەرکوتی ڕاپەڕینەکان و دامەزراندنەوەی حکوومەتی لە
دەستچووی ناوەندی بوو لەو ناوچەیە دا. بەڵام بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە دەبوو کاتێک
بکرێ کە ئیتر چەت و تەگەرەی ئەڕتەشی سوور ئیدی لە گۆڕێ نەبووبا. ئەوەی لەو ناوە دا
مەیسەر بوو و شووڕەوی ڕێگای پێ دەدا حەولی حکوومەتی ناوەندی بوو بۆ دامرکاندنەوەی
ڕاپەڕینەکان بە کەلکوەرگرتن لە تەگبیری ئاسایی و نەریتی. لەوانە
ئەسپاردنی ئیدارەی کارو بار بە دەست سەرکردەکانی ڕاپەڕینەکان. ئەسپاردنی ئیدارەی کاروباری
مەهاباد بە قازیی محەمەد یەک لە نموونەکانی ئەو هەنگاوە بوو. قازیی بە پێی قسەی
هووشمەند تا کۆیایی کاری جمهووری هەر وا لە دەوڵەت مووچەی وەردەگرت. (١٠٦) پێشتر
ئاماژەمان کرد بە پلە دەوڵەتییەکانی قازی. دەوری وی بۆ
دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینە عەشیرەتییەکان هەرچەند
لە بەر وەفاداری لە ئاست دەوڵەت دا نەبوو، بەڵام ئەوەندە بوو کە فەرمانداری
مەهاباد ئەو و براکەی محەمەد حوسێن سەدری
قازی
[ نووسەر ناوەکانی لێ گۆڕاوە دەبوو بنووسێ ئەبولقاسم سەدری قازی] لە زومڕەی " دەوڵەتخوازانی دڵپاک"
بژمێرێ. (١٠٧) نموونەیەکی دیکە، ئەسپاردنی پاراستنی هێدایەتی ڕێگا شۆسەکانی
مەهاباد و دەوروبەری بە سەرۆکی خێلەکانی دێبۆکری، مامەش، مەنگوڕ و گەورک لە ساڵی
١٣٢٣ دا بوو. بڕیار درا لە بری ئەو خزمەتە
مووچەی مانگانەیان بدرێتێ. لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٢٣ سەرۆکوەزیری ئەو دەمی بە بۆنەی
کۆچی دوایی سەیفولقوزات، باوکی محەمەدحوسێن سەیفی قازی سەرەخۆشی لێکرد، ئەویش لە
وڵام دا باسی لە نیشتماندۆستی و شادۆستی جیدی خۆی کرد. هەر لە ڕێبەندانی ئەو ساڵە
دا دەوڵەت بە نێونجێتی سەدری قازی، لە حەمەڕەشید و هاوخەباتانی خۆش بوو. یەکێک لە
هاوخەباتانی وی حاجی باباشێخ، سەرۆکوەزیری دواتری دەوڵەتی جمهووری،بوو. ئەو کارەی
دەوڵەت سەرەڕای ئیعترازی دە کەس لە پیاوماقووڵانی ناوچە کرا. ئەوان بە تێلگرافێک
کە لە ٢٦/١١/ ١٣٢٣ بۆ سەرۆکوەزیر و هێندێکی دیکە لە کاربەدستان و کەسانی ناسراو
لەوانە موسەدیق یان نارد، دژی ئەو جۆرە هەنگاوە ئیعترازیان کرد
لەبەر ئەو جێنایەتانەی ئەو کەسانەی کە
کەوتبوونە بەر لێخۆشبوون کردبوویان. (١٠٨) ئەو جۆرە هەنگاوانە تا ڕاگەیاندنی
دامەزراندنی جمهووری لە مەهاباد درێژەی کێشا. ئەوە هەموو لە سەروبەندێک دا ڕووی دا
کە بزووتنەوە پشتیوانی شووڕەوی هەبوو. بەڵام بە واژۆ کرانی
رێکەوتنی ئێران و شووڕەوی لەلەیەن سادچیکۆف و قەوام لە مانگی خاکەڵێوەی ١٣٢٥ وەرزی
پشتیوانی کۆتایی پێ هات. بۆ دەوڵەتی مەهاباد ئیدی چارەیەک نەمابووەوە جگە
لەموزاکەرە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و قبووڵی ئەو وەزعە تازەیەی کە خۆی بەسەر دا
دەسەپاند.
موزاکەرەکان لە ٩-ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٢٥ دەستی پێکرد و دوای تێپەڕین لە سێ پەردەی
پر لە بەڵێن و دەستگێڕانەوە شکستی هێنا. لە
پەردەی یەکەم دا هەیئەتێکی هاوبەش لە نوێنەرانی تەورێز و مەهاباد بە سەرۆکایەتی پیشەوەری لە هەشتەمی هەر ئەو مانگە دا سەفەری کرد بۆ تاران. محەمەد حوسێن سەیفی قازی نوێنەری مەهاباد بوو، لەو هەیئەتە دا. (١٠٩)
بەڵام ئەو جۆرەی کە قاسملوو دەنووسێ ئەو لە هیچکام لە دانیشتنەکانی موزاکەرە، چ لەگەڵ قەوام و چ لەگەڵ سادچیکۆف،
بەشداری پێ نەکرا. ئەو واقعییەتە نیشانەیەکی
ئاشکرا بوو لە جێگەی حکوومەتی مەهاباد لە موزاکەرەکان دا. (١١٠) موزاکەرەکان چی لێ
شین نەبوو. دەوڵەت کاتی دەکڕی، هاوکات هێزی ئەڕتەش لە سەقز،
بانە، سنە و سەردەشت ڕا دەهێزێندرا .(١١١)
جمهووریش کە بە هەڵبژاردنی ناوی کوردستان بۆ قەڵەمڕۆی پچووکی خۆی مەبەستی
پەرە پێدانی بوو بەرەو سەقز و سنە و سەرزوەییە کوردنشینەکانی باشووری تری لە سەر
دا بوو هێشتا ئامادە نەبوو دەست لەو خەیاڵە هەڵگرێ.
موزاکەرەکان لە پەردەی دووەم دا لە نێوان فیرووز و پیشەوەری لە تەورێز گێڕدرا و
گەیشتە ڕێکەوتننامەی ٣٣ مادەیی ٢٣-ی جۆزەردانی ١٣٢٥ [ ] لەو موزاکەرەیە نوێنەری حکوومەتی
مەهابادیش ئامادە بوو. داوای حدک لە مادەی
١٣-ی رێکەوتنامەکە دا لەبەر چاو گیرا، بەو مەزموونەی کە کوردەکانی دانیشتووی
ئازەربایجان لە بڕیارەکانی ڕێکەوتننامەکە بەشیان پێ دەبڕێ. ئەوان دەیانتوانی بە
پێی ئیبلاغییەی یەکەمی بانەمەڕی دەوڵەت تا
پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بە زمانی کوردی بخوێنن. (١١٤) بە گوێرەی ئەو ڕێکەوتنە
قەڵەمڕۆی جمهووری دەبوو بە یەکێک لە فەرماندارییەکانی ئوستانی ئازەربایجان و
سەرۆکایەتییەکەی دەدرا بە سەیفی قازی، وەزیری جەنگی جمهووری پێشوو. بە قسەی ئیگڵتن کوردەکان بەو پێیە " ناسێنەی سیاسی خۆیان
لە دەست دەدا". ئەوە ئاکامێک نەبوو
کە کوردەکان لەگەڵی بن. (١١٣) بە قسەی ڕوزڤێڵت بەو پێیە ئەوان لە کەمایەتییەک دا
لە ئێران دەبوون بە کەمایەتییەک لە
ئازەربایجان دا. (١١٤) بە ڕای عەبباس وەلی رێکەوتننامەی فیرووز – پیشەوەری مۆری
کۆتایی دا لە نفووزی کوردەکان لە ناوەند دا.(١١٥) لەگەڵ ئەوەشدا، قازیی محەمەد ئەو
رێکەوتنەی بە سەرکەوتنێک بۆ گەلی کورد ڕاگەیاند. ئەو قسەیەی عەبباس وەلی بە
پاڵپشتی وتاردانێکی قازیی محەمەدە کە لە ژمارەی ٦٢-ی کوردستان دا ( ٦-ی پووشپەڕی
١٣٢٥) بڵاو بووەتەوە. بە ڕای وی مادەی ١٣-ی ئەو ڕێکەوتننامەیە بوون و ڕەوایی
هێندێک لە داواکانی کوردەکانی پەژراندبوو. قازیی محەمەد لە هەمان کات دا دەیویست کە هەموو کوردەکانی
ئێران لە بەری ئەو دەسکەوتە بخۆن. ئەو خۆشبینییە لە وتارێکیش دا کە لە ژمارەی ٦٠-ی
( ٣٠جۆزەردانی ٢٥) کوردستان دا بڵاو بووەتەوە دەبیندرێ:
" خوێندەوارە
خۆشەویستەکان هەر وەکوو دەزانن مەسئەلەی کوردی بەرامبەر سیاسەتی دنیایێ شتێکی بە
ترسە پێشەوای موعەزەممان لەبەر ئەو نوقتەیە بە سیاسەتی حەکیمانەی خۆی مەسئەلەی
کوردستانی ئێرانی بە مەسئەلەی ئازەربایجانی بەستەوە و لەوەشدا ماعدای قازانج هیچ
زەرەرێکمان نەکردووە چونکو میللەتی ئازەربایجان
هەر وەکوو میللەتی کورد لە ژێر چەنگاڵی ئیستیعمار و چەپۆکی دیکتاتۆری ڕەزا
خان دەناڵێ لە هەرچی ناحییەیەک نوقسانیان بووبێ میللەتی ئازەربایجانیش نووقسانیان
هەبووە لەبەر ئەوە ڕەهبەری دانامان پێشەوای خۆشەویست هیچ مانعێکی نەدیوە بەڵکوو بە
زەرووری زانیوە ئەمرۆ مەسئەلەی کورد ڕەبتی مەسئەلەی ئازەربایجان بکرێت [...] جا ئەگەر بەم چەشنە تەماشای
مەسئەلەی هەموو کوردستانی ئێران بکەین زۆر بە ئاسانی بۆمان دیار دەکەوێ کە
کوێرەوەری ئەمەندەساڵانەمان بە خەسار نەچووە و گەیشتینە مەڕام و ئامانجی خۆمان
..."
مەقالە لە درێژەی بابەتەکە دا دەڵێ کە ئەگەر قانوونی ئەساسی بە پڕێنسیپی
دێمۆکڕاتیک هەموار بکرێ و لە تەواوی ئێران بە بێ جیاوازی دانان لە نێوان
بەسترانەوەی ئێتنیکی شارومەندان بەڕێوەبچێ
کێشەی کورد نامێنێ و " لە کرماشان و سنەش بە زمانی کوردی دەخوێندرێ و
ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان لە لایەن میللەتەوە بە شێوەیەکی دێمۆکڕاسی
ڕاستە قینە هەڵدەبژێردرێن و سەرۆکەکانی خۆیان دیاری دەکەن". ڕێکەوتننامەی
تاران – ئازەربایجان " تەنیا هەر میللەتی ئازەربایجان وەبەر ناگرێ، بەڵکوو
کوردەکان و تەنانەت ئەرمەنییەکان و ئاسوورییەکانیش بەشیان لێی پێدەبڕێ". مەقالەکە بەو ئاکامە دەگا : " دەبێ هەموو
کوردێک ئەو ڕۆژانە بە ڕۆژی شادی بزانێ و بە بیستنی ئەو دەنگوباسە خۆشحاڵ بێ".
(١١٦)
لەگەڵ هەموو ئەوانەش، ڕێکەوتنی ٢٣-ی جۆزەردان هێشتا ئەوەندە جێی ڕەزایەت
نەبوو کە قازیی محەمەد دەست لە تێکۆشان بۆ پەرەپێدەانی خاوەکان لە قالبی رێکەوتننامەیەکی باشتر و جیا بگێڕێتەوە. کردنی قەڵەمڕۆی
جمهووری بە ئوستانێکی سەربەخۆ لە ئازەربایجان گەورەترین ویستی وی بوو کە ئەو لەو
سەروبەندی دا هیوای بە وەدیهێنانی هەبوو. قازیی بەو مەبەستە لە ڕۆژی ٥-ی پووشپەڕ بە فڕۆکەیەکی ڕووسی چووە
تارانێ و لەو شارە دا چەند جار لەگەڵ ڕەزم ئارا، موزەفەری فیرووز و قەوام دیدار و
موزاکەرەی کرد، هەر وەها دوو جاریش چاوی بە سادچیکۆف کەوت. ئەو جۆرەی کە سەعید
هومایوون دەنووسێ لەو سەفەرە دا، ئەوە قەوام بوو کە پێشنیاری کرد ڕۆژئاوای ئازەربایجان، کوردستان و کرماشان
بکرێ بە ئوستانێکی تاقانە بە ناوی کوردستان وپلەی ئوستانداری وێندەرێ بدرێ بە
قازیی محەمەد. (١١٧) هومایوون باسی پێشنیارێکی دیکەش دەکا کە لەو سەفەرە دا
قەوام دابووی بە قازیی محەمەد. هومایوون
ئەو قسەیە بە پاڵپشتی وتاردانێکی قازیی محەمەد دەکا لە ڕۆژی ٤-ی گەلاوێژ دا. قازیی
محەمەد لەو وتاریەی دا گوتی کە قەوام داوای لێکردبووە ناوی حدک بکا بە حیزبی
دێمۆکڕاتی ئێران و لەگەڵ حیزبە دێمۆکڕاتەکەی وی بکەوێ. ئەو بە
قازی گوتبوو ئێمە " جووڵانەوەی دێمۆکڕاتیکی کوردستان بە پشتیوانێکی گەورە بۆ ئاڕمانی خۆمان دەزانین و هیوادارین بە پێرۆیی
لە ئێوە دێمۆکراسی لە تەواوی ئێران دا بەرقەرار بێ". پێشنیاری یەکەم بەمەرجێک بوو سەلاموڵا جاوید،
ئوستانداری تازەی ئازەربایجان، موافەقەتی لەگەڵ بکا.هەر ئەو مەرجە بەس بوو کە قازی
ئەو پێشنیارە نەپەژرێنێ. ئەو دەیزانی کە نە جاوید دەتوانێ ئەو گەڵاڵەیە قبووڵ بکا
و نە شووڕەوی،بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی جاوید
و سەرکردەکانی دیکەی فیرقە کە مەیلیان نەبوو بۆ پەژراندنی. لە ئاکام دا ئەو هیچکام
لەو دوو پێشنیارانەی نەپەژراند. ئەو پێی وا بوو کە مەبەستی قەوام لەو پێشنیارە
دووبەرەکی ساز کردن لە نێوان دوو حکوومەتی ئازەربایجان و کوردستانە. (١١٨) گومانی
قازیی محەمەد دوور نەبوو لە واقعییەت. قەوام لە ئاست داوای زۆر بەرتەنگی وی
پێشنیارێکی زۆر فرووسماوی تری دانا بوو کە ماناکەی جگە لە چاوەڕێی وەدوا دانەوەی
داواکەی خۆی لە لایەن قەوامەوە نەبوو. لەلایەکی دیکەوە، ئەو واقعییەتە کە قازیی
محەمەد هێشتا بیر وبۆچوونی فیرقە و شووڕەوی لەبەرچاو دەگرت لەبەر هیوایەکی تەماوی
بۆ پشتیوانی بوو کە ئەو هێشتا چاوەڕێ بوو لەلایەن سۆڤییەتەوە، یان لەبەر
مەخمەسەیەک کە دەورەی دابوو. ئاکامی ئەو موزاکەرەیە ئەوە بوو، کە قازی، بێ هیچ
دەسکەوتێکی کۆنکرێت، لە هەژدەهەمی
هەمان مانگ دا گەڕاوە تەورێزێ. (١١٩)
سەرکوتی کۆتایی
بۆچی موزاکەرەکان چی لێ شین نەدەبوو؟ بە ڕای ئێمە هۆی سەرەکی هەر ئەوە بوو کە پێشی
بە ڕێکەوتنی قەوام و فیرقە دەگرت. ئامانجی هەر کام لە دوولایەنی موزاکەرە ئەوەندە
لە یەکتری دوور بوو کە پێکهاتن و ئاشتی دەکردە نەلواو.لایەک لە بیری
دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بە سەر سەرتاسەری ئێران، و
لەئاکام دا لە موکریان بوو، و ئەویدی – لەو زەمانە دا – داوخوازی دامەزراندنی
دەوڵەتێکی خودموختاری کورد بوو هەر لەو ناوچەیە و پەرەپێدانی قەڵەمڕۆیەکەی بەلانی
کەمەوە بۆ هەموو ناوچە کوردنشینەکانی ئێران. هەر ئەو دوو سەرەتایە دەبووە هۆی ئەوە
کە هەر دوو لا هاوکات لەگەڵ موزاکەرە خەریکی خۆئامادەکردن بن بۆ تێکهەڵچوونی
عەسکەری لەگەڵ یەکتری و دەست هەڵنەگرن بۆ حەول دان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بە مەبەستی
بەرەوپێشبردنی ئامانجی خۆیان. لە حکوومەتی ناوەندی دا دەستبردن بۆ دەکارکردنی
توندوتێژی بە کردەوە دەبووە هۆی ڕاهێزاندنی هەڵوێستی کەسانێک کە چارەی کاریان لەوە
دا دەدی کە دەستی ئەرتەش کراوە بێ بۆ ئەوەی دەیەوێ بیکا. هەر بۆیە خوسرەو پەنا
دەنووسێ سیاسەتی دەکارکردنی توندوتیژی بووە هۆی ئەوە کە جێ بەجێ کردنی کارەکە
بخرێتە ئەستۆی وەزاڕەتی جەنگ. " وەزاڕەتی جەنگ کە پێشتریش بەڕێوەبەری سیاسەتی
عەشیرەتی ڕەزا شا بوو هەر وەک ڕابردوو لە چوارچێوەی هەمان سیاسەت دا بیری
دەکردەوە، هەڵدەسووڕا و هاوکات دەیویست مەعنەوییات و ئیعتیباری لە دەستچووی
ئەرتەش بە دەم ڕووداوەکانی سێیەمی خەرمانانەوە بە ڕێگای لەشکر کێشان بۆ
ناوچە عەشیرەتییەکان ببووژێنێتەوە و سازی کاتەوە". (١٢٠) لای حکوومەتی
مەهابادیش هەر ئەو ستراتێژییە زاڵ بوو. ئەڕتەشی جمهووری هەر
بەمەبەستی بەرگری لەو قەڵەمڕۆیە ساز نەدرا بوو. ئامانجێکی دیکە لە ڕێکخستنی
پەرەپێدانی ئەو قەڵەمڕۆیە بوو.
بە دەرکەوتنی ئەڕتەشی سوور لە ئازەربایجان ڕێگای هەر دوو لا بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن کرایەوە. حکوومەتی
ناوەندی کە ئیتر بەرهەڵستێکی بۆ دامەزراندنەوەی حاکمییەتی خۆی بەسەر ئازەربایجان
دا نەدەدی فەرمانی جووڵەی بەرەو ناوچە دەر کرد. لە لای دیکەوە تێکۆشەرانی جمهووری
بوون کە ئەو وەزعەیان بۆ جووڵان بەرەو باشوور بە
لەبار دەدیت. ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونانەی بوو کە لە سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٣٢٥وە
لەنێوان هەر دوو لا دەستی پێکرد و بە هەڵکشان و داکشان تا کۆتاییەکانی جۆزەردان
درێژەی کێشا. بۆچوونی سەرچاوەکان لەمەڕ ئەوەی کە ئەوە کامە لا بوو تێکهەڵجوونەکانی
دەست پێکرد جیاوازە. (١٢١) ئەگەر دنە و ئەنگێزەکان لەبەرچاو بگرین دەتوانین هەر دوویان بە بەرپرس
بزانین. ئەو تێکهەڵچوونانە خەساری قورسی ئینسانی لێکەوتەوە. (١٢٢) ئەو
پێکهەڵپڕژانانە دواجار بە موداخەلەی هاشمۆف کۆتایی هات. ئەو لە دیدارێک دا کە لە ڕۆژی ٣٠-ی جۆزەردان
لە گوندی سەرا لەگەڵ قازیی محەمەد دا هەیبوو دژایەتی سۆڤییەتی لەگەڵ پێشرۆیی
هێزەکانی جمهووری پێ ڕاگەیاند. هاشمۆف گوتی شووڕەوی ئەو کارە بە سەڵاح نازانێ و
یارمەتی ناکا بۆ جێ بەجێ کردنی. (١٢٣) بەڵام تێکهەڵچوونەکان لە دوای ئەو بەروارەش
بەشێوەی پەڕاگەندە و لێر ولەوێ بەردەوام بوو. لە کاتێک دا کە قەوام حەولی دوایی
خۆی دەدا بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ قازی ڕەزم ئارا
داوای وەرگرتنەوەی ئەو چەکانەی دەکرد کە کوردەکان لە دەست ژاندەرمەرییان دەرهێنابوو. کوردەکان چ مەیلیان نەبوو ئەو
کارە بکەن. (١٢٤) دواجار بە وەرسووڕانی سیاسەتی ڕوو لە چەپی قەوام بەرەو سیاسەتی
ڕوو لە ڕاست، نۆرەی موزاکەرە – تێکهەڵچوون تەواو بوو و چارەکردنی دۆزەکە درایە
دەست گورزی دوایی. بە پێشڕۆیی ئەڕتەش بەرەو زەنگان و داگیر کردنی زەنگان کارەکە بە
لایەک دا خرا. دەکرێ ڕووداوەکانی دواتر بەشێوەی خوارەوە کورت بکرێنەوە:
١٤-ی سەرماوەز قازیی محەمەد شووڕای جەنگی جمهووری کۆ کردەوە.
شووڕا بریاری دا بۆخۆڕاگری و دەستکردنەوە. کۆمەڵێک کە ڕۆژی دوایی بۆ ئاگادار بوون لەو بڕیارە بانگ کرابوون بێنە مزگەوتی هەباس ئاغا لە سەرەتاوە لە دووی را و
بۆچوونی شووڕای دا، بەڵام لە بەر دژایەتی هێندێک
لە ئامادەبووان تووشی ڕاڕایی هات . دژبەران باوەریان وا بوو کە زەمانی خۆڕاگری
تێپەڕیوە و نالوێ.شکانی خێرای زەنگان و داگیر کردنەوەی بە دەست ئەڕتەشی ناوەندی
ئەوانی تووشی ڕاڕایی کرد بوو. لە ئاکام دابڕیار بۆ خۆ ڕاگری و خۆ بەدەستەوەنەدان هەڵپەسێردرا. کۆمەڵێک بڕیایان دا بەرەو عێڕاق
ڕابکەن. ئەوان داوایان لە قازیی محەمەد کرد ئەویش لەگەڵیان بچێ بەڵام قازیی ئەوەی
قبووڵ نەکرد. ئەو گوتی ئەو دەیەوێ بمێنێتەوە. سەعید هومایوون دەنووسێ کە لە
کۆبوونەوەیەک دا کە سەرانی دوو حکوومەتی ئازەربایجان و کوردستان لە شارەدێی خواجە
میر لە نزیک مەراغە هەیانبوو بڕیاری خۆ راگریان دا . بەڵام ڕۆژێک دواتر سەلاموڵا
جاوید بە تێلگرافێک کە ناردی بۆ تاران تەسلیم بوونی حکوومەتی ئازەربایجانی
ڕاگەیاند. بە دوای ئەو ڕووداوە دا بوو کە قازیی محەمەد فەرمانی دەست نەکردنەوەی دا.(١٢٥)
لە ٢٠-ی مانگی سەرماوەز کوردەکانی خێلی شکاک و هەرکی بە مەبەستی بەشداری لە
سەرکوتکردنی خۆڕاگری فیرقە بەرەو ورمێ و تەورێز خوشین. (١٢٦) ئەو واقعییەتە
تێشکێکی تازە دەخاتە سەر خیلافی نێوان فیرقە و کوردەکان.
لە ٢٣-ی مانگی سەرماوەز ژمارەیەک لە خەڵکی شاری و سەرۆک عەشیرەتەکان بە مەبەستی
ڕاگەیاندنی تەسلیم بە سەرلەشکر هومایوونی،
فەرماندەی ئەڕتەش، چوونە میاندواو. (١٢٧)
لە ٢٤-ی مانگی سەرماوەز ئەسەدۆف، کە بە ڕواڵەت نوێنەری بازرگانیی شووڕەوی بوو لە
مەهاباد، ئەو شارەی بەرەو تەورێز بەجێ هێشت. ئەو لە وڵامی ئەو کوردانەی دا کە ئەو
بڕیارەیان پێ خۆش نەبوو گوتی: " وەزعییەتی سۆڤییەت ئیتر ڕەهەندێکی جیهانی
پەیدا کردووە"، (١٢٨) واتە شووڕەوی ئیتر ناتوانێ لا لە بزووتنەوەی کوردەکان
بکاتەوە.
لە ٢٥-ی سەرماوەز قازیی محەمەد لەگەڵ سەیفی قازی و چەند کەسی دیکە لە ڕێبەرانی
حیزبی دێمۆکڕات لە میاندواو ئامادە بوون و خۆیان ڕادەستی سەرلەشکر هومایوونی کرد.
قازیی محەمەد لە وڵامی ئەو پرسیارەی
هومایوونی دا کە بۆچی ڕێبەری کوردەکان مەبەستی جوێبوونەوەی لە ئێران هەبووە گوتی
ئەو کارەی لە ژێر گوشاری شووڕوی دا کردووە. (١٢٩)
لە ٢٦-ی سەرماوەز مەلا مستەفا بارزانی و تاکوتەراکەی بە مەبەستی ماڵئاوایی خواستن
لە قازیی محەمەد چوونە مەهاباد. مەلا مستەفا ئامۆژگاری قازی کرد کە لە شار دا
نەمێنێ. " قازی گوتی ئەمن دەزانم کە ئێعدامم دەکەن. بەڵام بە ئێعدامی من ئیدی
خەڵکی کوردستان ئازار نادەن. بە پێی عەهد وپەیمانێک کە من لەگەڵ ئەو میللەتە بەستوومە،
لە هیچ هەلومەرجێک دا ئەوان بە تەنێ بەجێ ناهێڵم". ئەو ئاڵای کوردستانی دا بە
بارزانی تا بە ئەمانەت لە لای خۆی ڕایبگرێ؛ " بەڵکوو ڕۆێک دیسان ئەو
هەڵکاتەوە".
لە ٢٩-ی سەرماوەز قازیی محەمەد بە فەرمانی هومایوونی قەلعەبەند کرا. ڕۆژێک دواتر
هومایوونی داوای لە قازیی محەمەد کرد کە فەرمان بدا ئەو چەکانەی کە لە دەست حیزبی
دێمۆکڕات دایە ڕادەستی ئەڕتەش بکەن. قازی گوتی ئەو و کۆمیتەی ناوەندی ئاگاین لە
شوێنی ئەو چەکانە نییە. هومایوونی لەو بارەیەوە داوای وڵامی کرد لە کۆمەڵێک لە
ڕێبەرانی کورد کە بە فەرمانی وی لە بینای ئیدارەی شارەداری ئامادە بوون. بەڵام
لەبەر ئەوەی ئەوان وڵامێکی ئەوتۆیان نەداوە کە جێی
ڕەزایەتی بێ فەرمانی دا بیانگرن . گیرانی چالاکانی کورد لە مەهاباد لەو ڕۆژەوە
دەستی پێکرد.
لە ١٠-ی بەفرانباری ١٣٢٥ قازیی محەمەد لەگەڵ سەرلەشکر هومایوونی لە مەهاباد لە
ڕێوڕەسمی ڕێژەی عەشیرەتەکان دا بەشداری کرد دوای ئەوەی کە عەشیرەتەکان بە وەرگرتنی
ڕەسید چەکەکانی خۆیان ڕادەستی ئەڕتەش کرد. (١٣٠)
لە ١٩-ی بەفرانباری ١٣٢٥ قازی لە دادگەیەکی عەسکەری دا محاکەمە کرا. ئەو لە بەرگری
لە خۆیدا گوتی هۆی دامەزرانی جمهووری مەهاباد ناتوانایی دەکارکردنی دەسەڵات لە
لایەن حکوومەتی ناوەندی لە کوردستان لە دوای داگیر کرانی [ ئێران] بووە. لە ئاکام
دا ئەو و دەوڵەتەکە بۆشاییەکیان پڕ کردبووەوە. ئەوان مەجبوور بوون هاوکاری لەگەڵ
شووڕەوی بکەن، هەر وەک دەوڵەتی ئێران کە زۆر
جار مەجبوور بەو هاوکارییە بووە. ئەو گوتی جێگای ڕەنگەکان لە ئاڵای کوردستان دا بە
پێچەوانەی قانوونی بنەڕەتی نەبووە. ئەو بەرپرسیارەتی ڕژتنی خوێنی سەربازانی ئێرانی
وەدوایە داوە. (١٣١) دادگە حوکمی ئێعدامی وی دا. ئەو حوکمە لە دادگەی پێڕاگەیشتنەوە بە فەرمان و ئیزنی شەخسیی شا تەئیید کرا. قاسملوو
دەنووسێ حوکمی ئێعدام لە ٣-ی ڕێبەندانی ١٣٢٥
دەر کرا. لە تاران ژمارەیەک لە کاربەدەستانی دەوڵەتی دژی ئێعدام بوون.
بەڵام نیزامییەکان حەولێکی زۆریان دا تا حوکمەکە هەرچی زووتر بەڕێوە بچێ. شا و
ئەمریکاییەکان لایەنگری بەڕێوەچوونی حوکمەکە بوون.(١٣٢)
لە بەرە بەیانی ١٠یان ١١-ی خاکەڵێوەی ١٣٢٦ قازیی محەمەد، براکەی سەدری قازی و
ئامۆزایەکەی سەیفی قازی ئێعدام کران. (١٣٢) قازی لە وەسیەتنامە سیاسییەکەی خۆی دا
داوای لەکوردەکان کرد یەک بگرن، باوەریان بە خۆیان بێ و باوەڕ بە دوژمنی کورد
نەکەن. ئەو لە دەربڕینی هۆی ناباوەری بە دوژمن گوتی دوژمن باوەڕی بە خودا،
پێغەمبەر و ڕۆژی قیامەت نییە و کورد بوون بە تاوان دەزانێ. قازیی گوتی ئەگەر سەرۆک
عەشیرەتەکان خیانەتیان نەکرد بایە و خۆیان بە حکوومەتی شا نەفرۆشتبایە ئێوە و جمهووریەکەتان تووشی ئەو چارە نووسە
نەدەهاتن.بەڵام " من سەرکەوتم، چونکە لە پێناو میللەتەکەم فیدا بووم" .
ئەو دوایە چەند ئامۆژگاری دیکەشی بۆ " میللەت " ی کورد هێنا گۆڕێ: ١.
خۆتان بە خودا و پێغەمبەر بسپێرن و پێبەند بن بە بەڕێوەبردنی ئەرکە دینییەکەتان؛
٢. یەکێتی و یەکپارچەیی خۆتان بپارێزن و لەبەرچاوتەنگی لەئاست یەکتری دەست
بپارێزن؛ ٣. پلەی زانستی خۆتان زیاد بکەن " بۆ ئەوەی کەمتر فریوی دوژمن
بخۆن"؛ باوەڕ بە دوژمن مەکەن، چونکە دوژمن دوژمنی دین و
نیشتمانی ئێوەیە؛ ٦. یارمەتی بکەن بەوانەی خزمەتتان دەکەن و نەبن بە جاسووسی
بێگانە؛٧.دەست لە خەبات مەکێشنەوە بۆ ئەوەی لە کۆیلەتی و یەخسیری ڕزگار بن. (١٣٤)
چەند ڕۆژ دوای لە ئێعدامی قازی، ٢٨ کەس لە ئەندامانی دەوڵەتی مەهاباد بەسزای دوو
تا پازدە ساڵ زیندان حوکم دران؛ سێ کەسیان بە زیندانی هەتاهەتایی، کە دواتر داشکا
بۆ پازدە ساڵ. پێنج کەس لە سێدارە دران و ٤٠ کەس پەنایان برد
بۆ عێڕاق یان شوێنی دیکە.(١٣٥) سەعید هومایوون
دەنووسێ: " ژمارەیەکی زۆر خەڵک گیران". زیندانی شارەبانی مەهاباد ئەوەندە لە خەڵکی گیراو پڕ کرا بوو کە جێگەی ڕاوەستانیش
نەبوو. بەڵام ئەو ئەوەش دەنووسێ کە "
شەوانە لە زیندان لە دەوری یەکتر دادەنیشتن و سەبارەت بە چارەنووسی خۆمان
دەدواین" " خەڵکی شاری زەرەر و
سەدەمەیەکی زۆریان وێنەکەوت". (١٣٦) هێندێکان ژمارەی کووژراوان زۆر گەورە
دەکەنەوە و وەک مارف گوڵی، نووسەری کتێبی جێنۆسایدی میللەتی کورد ئەوان بە ١٥
هەزار کەس دادەنێ؛ ئەویش جگە لەو ڕێبەرانەی کە ئێعدام کران. (١٣٧)بە قەولی هاشم
شیرازی، قەوام دژی ئێعدام بوو و حەولی دەدا پێشی بگرێ. شیرازی ڕەزم ئاڕا بە
بەرپرسی ئەو کارە دەزانێ. ئیرەج ئەسکەندەری ش لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێ
دژایەتی قەوام لەگەڵ ئەو کارە لە پاریس لە قەوام خۆی بیستبووی. (١٣٨)
بە پێی قسەی سەرلەشکر فیووزی هۆی حوکمی ئێعدامی قازیی محەمەد دەستگێڕانەوەی لە
ڕادەستکردنی چەکەکان و تەدارەکی پەلامارێکی شەونخوونی بوو. دیتمان کە قازی لە
وڵامی هومایوونی دا ئاگادار نەبوونی
خۆی لە
بوونی چەک ڕاگەیاند بوو. قسەی فیووزی دەکرێ بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ ئێعدام
گوترابێ. بەڵام سەعید هومایوون لە بیرەوەرییەکانی خۆیی دا ئاگاداری قازیی محەمەد
لە شوێنی چەکەکان تەئیید دەکا. لەوێدا دەخوێنینەوە قازیی محەمەد بەر لەوەی کە مەلا
مستەفا بارزانی مەهاباد بەجێ بێڵێ فەرمانی دا ١٠٠٠
قەبزە تفەنگ، قەبزەیەک تیربارو چەند تۆپی بدرێتێ. قاسملوو باس لە ٣ هەزار تفەنگ و
١٢٠ قەبزە تیربار و هێندێک نارنجۆک دەکا کە بارزانییەکان لە ئەنباری قۆرخانەی مەهاباد لەگەڵ خۆیان بردیان. (١٣٩) ئاشکرایە کە لە ڕوانگەی
قازیی محەمەدەوەخەباتی کوردان بە ڕووخانی کۆماری مەهاباد کۆتایی نەدەهات، بۆ درێژە
دان بە خەبات حەوجێ بە چەک هەبوو. دەبوو ئەوان ڕادەستی درێژەدەری خەبات یانی مەلا
مستەفا بکەن.
بەو ئامراز و چەکۆچۆڵەی شەڕ بوو کە خێڵی بارزانی هەر ئاوا تا ماوەیەک دوای ڕووخانی
جمهووری توانی درێژە بە خەبات بدا. لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی ناوەندیش پێی باش
بوو بێ تێکهەڵچوون لەگەڵ بارزانی ئەو لە کۆڵ خۆی بکاتەوە و لە ئێرانی دەر کا. مەلا
مستەفایان بانگ کرد بۆ تاران و لەوێ پێشنیاریان پێ کرد لەگەڵ خێڵەکەی لە چیاکانی ئەلوەند
دامەزرێن. ئەو لە سەرەتاوە ئەو پێشنیارەی پەژراند، بەڵام دوا جار چوون بەرە سنووری
پێ باشتر بوو. ئەو لە پێشدا چووەوە ناو عێڕاق ، بەڵام دواجار بڕیاری دا بەرەو شووڕەوی ڕابکا.بارزانی ئەوبڕیارەی بە
تێپەڕاندنی نزیکەی ٢٢٠ مایل پیادەڕۆیی و لێدە و هەڵێ لەگەڵ هێزە ئەڕتەشییەکانی
ئێران جێ بەجێ کرد. ئەو دواجار لە ٢٨-ی جۆزەردانی ١٣٢٦ گەیشتە قەراغ چۆمی ئاراز و
پەنای بردە بەر شووڕەوی. لە ڕوانگەی مەک داوڵ وەوە ئەو ڕێپێوانە "
ئەفسانە" یەک بوو. (١٤٠) مەلا مستەفا تا ساڵی ١٣٣٧ لە شووڕەوی بوو. کودەتای
عێڕاق هەر لەو ساڵە دا دەرفەتی بۆ ڕەخساند بگەڕێتەوە وڵات و لەوێ دەست بکا بە
ڕێکخستنی بەربڵاوترین ڕاپەڕینی چەکدارانە لەمێژووی کورد لە باکووری عێڕاق دا.
بێگومان یەکێک لە هۆیەکانی داڕمانی خێرای جمهووری دەستگێڕانەوەی بەشێکی گرینگ لە
هێزە عەشیرەتییەکانی بۆ درێژە دان بە خەبات بوو. هاوکات لەگەڵ خۆ بەدەستەودانی
فیرقەییەکان لە زەنگان سەرۆکەکانی خێڵەکانی شکاک وهەرکی پەیوەست بوون بە ئۆپێڕاسیۆنە عەسکەرییەکانی
ئەڕتەشی ناوەندی و دەستیان کرد بە تاڵانی شارەکانی ورمێ و تەورێز. عەشیرەتەکانی
دیکەی وەک مەنگوڕ و مامەشیش لە هەیئەتی بەخێرهێنانی ئەڕتەش دا بەشدارییان هەبوو.
لە ئاکام دا، شووڕای جەنگی جمهووری لەبەر یەک هەڵوەشا و ئەستوونە چالاکە
عەسکەرییەکانی بەر لەوەی کە ئەڕتەش جووڵانی خۆی بەرەو کوردستان دەست پێ بکا بۆی
دەرچوو و هەڵات.(١٤١) ئەمەر خان، سەرۆکی خێڵی شکاک و " ژەنەڕاڵ "ی
ئەڕتەشی جمهووری کە بە توندی لە مەیلە کۆمۆنیستییەکان لە ئازەربایجان زویر بوو
ڕووی لە یەکگرتن لەگەڵ قەوام کرد بە دژی دوژمنی هاوبەش. ئەو بە نوێنەرایەتی سەرۆک
خێڵە هاوفکرەکانی داوای کرد لە کۆنسوولی ئەمریکا لە تەوریز کە وەفاداری خۆی و
ئەوانیدی بە حکوومەتی ناوەندی قەوام ڕابگەیێنێ. (١٤٢) لە ڕاپۆرتێک کە سەفارەتی
ئەمریکا لە تاران لە بەرواری ٢٥-ی مانگی بەفرانباری ١٣٢٥ سەبارەت بە "
پێشوەچوونە سیاسییەکان لە ناو کوردەکانی ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٤٦ دا" دای بە
وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەخوێنینەوە کە قەوام لە وەفاداری ئەمەر خان
دڕدۆنگ بوو. ئەو پەیامی نارد بۆ ئەمەر خان کە وەفاداری کوردەکان تەنێ بە پێی
کردەوەی ئەوان کاتێک شیاوی هەڵسەنگاندن دەبێ کە دەوڵەتی ناوەندی بۆ گێڕانەوەی
دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئازەربایجان دا زۆر بەکار بێنێ. ئەمەر خان بە کردەوە وفاداری
خۆی سەلماند. هەر لەو ڕاپۆرتە دا دەخوێنینەوە کە ئەمەرخان بانگەوازی قازیی محەمەدی
بۆ خۆڕاگری عەشیرەتەکان وەدوایە داوە. (١٤٣) خانەکان بە گەیشتنی خەبەری رێکەوتنی
تاران – تەورێز مەهابادیان بە جێ هێشت. ئەوان لە
بەسترانی ڕێگای فرۆشتنی تووتن، گرینگترین بەرهەمی ناوچە عەشیرەتییەکان،بە
بازارەکانی ئێران دڵمەند و ناڕازی بوون. هەر وەها لەوەش کە
دەبوو سەرچاوە و دەرەتانەکانی خۆیان دەناو بارزانییە برسییەکاندا دابەش کرد با.
هێندێک گێرەوکێشە لە نێوان قازیی محەمەد و
هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی دێبۆکری و مەنگوڕ
لە گۆڕێ دا بوو. ئەو داوای لە شکاکەکان و هەرکییەکان کرد کە بە ڕێبەرایەتی ئەمەر
خان سەرۆک مامەش و مەنگوڕەکان وا لێ بکەن کە گوێڕاڵ بن. بەڵام دیتمان کە ئەمەر خان
خۆی ڕێگایەکی دیکەی هەڵبژارد. تەنیا گەورکەکانی مەهاباد، فەیزوڵابەگی و زەرزاکان
بە قازیی محەمەد وەفادار مانەوە.(١٤٤)
کاردانەوەی پارڵمان
لە پارڵمان ئەو سەرنجەی کە دەدرا سەر ڕووداوەکانی تەورێز بە قسمەت مەهاباد
نەبوو، و ئەوەی دەبوو یان نیشانەیەک بوو لە وەدرۆخستنەوە یان کەمتەرخەمی لە ئاست
ڕاپەڕێن. یەکەم نیشانەی سەرنجی پارڵمان بۆ سەر ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەی مەهاباد
دەقەومان پرسیارێک بوو کە نوێنەرێک بە ناوی فوولادوەند لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٠-ی
مانگی خەزەڵوەری ١٣٢٤ لە سەرۆکوەزیری پرسیاری سەبارەت بە هاتنی ٥ هەزار کەس لە
خێڵی بارزانی لە وڵاتی عێڕاقەوە بۆ ناو خاکی ئێران. فوولادوەند باسی کۆبوونەوەیەکی
کرد کە هەر لەو کاتە دا قازیی محەمەد خەریکی ڕێکخستنی بوو لە مەهاباد. قازی حاجی
بابە شێخ و حاجی سەیدعەبدوڵا و سەرۆکی تایفەکانی دێبۆکری، مەنگوڕ،مامەش، گەورک،
شکاک و جەلالی بە تۆبزی بردووەتە مەهاباد و ناچاری کردوون هێندێک کاغەز ئیمزا کەن کە دیار نییە چنە. لەگشت
ئەو ڕووداوانە دا مەئموورەکانی دەوڵەتی شووڕەوی یارمەتییان داوە، ئەوانە لەکاتێک دا قەوماون کە مەئموورەکانی
دەوڵەتی ئێران لە بەر بوونی هێزەکانی دەوڵەتی شووڕەوی ئازادیی کردەوەیان نەبوو و
نەیان دەتوانی ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیێنن. فوولادوەند دوایە لە سەرۆکی بەڕێزی
دەوڵەت تکای کرد کە زانیارییەکانی خۆی لەو بارەیەوە بە پارڵمان ڕابگەیێنێ و بڵێ کە چ هەنگاوێکی هەڵێناوەتەوە بۆ
ڕەواندنەوەی دەستێوەردانی مەئموورەکانی دەوڵەتی شووڕەوی و پێشگیری لە کارەکانی پێچەوانەی قانوونی قازیی محەمەد و
خەڵکی دی. ئەو داوای ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی کرد کە بە بێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکان هاتوونە ناو وڵاتی ئێران. چوار ڕۆژ
دواتر [نوێنەرێکی دیکە] خەبەرێکی لە زمان ڕۆژنامەکانەوە گێڕایەوە کە لە ناوچەی
کوردستانی ئێران دا هەڵتەزینەوەیەکی گەورە بۆ سەربەخۆیی ئەو ناوچەیە و جوێکردنەوەی
لە ئێران دەستی پێکردووە. ئەو گوتی وەزع زیاتر لەبەر ئەوە دژوارە کە لە باکووری ئێران
ئێستا بزووتنەوەیەکی گەورە بۆ جوێکردنەوەی ئەو ناوچەیە لە ئێران و وەسەرخستنی بۆ
یەکتیی کۆمارە سۆڤییەتییەکان بە توندی تەواو درێژەی هەیە. ئێمە دەزانین کە
ژمارەیەک کە لە گۆڵمەز دەگەڕێن لە نەبوونی هێزی دەوڵەت لە باکوور بە خراپ کەلک وەردەگرن و بۆ جێ
بەجێ کردنی مەبەستی وەیشوومەی خۆیان کە لەبەر مادییات دەیکەن هەموو ڕۆژێ سازێکی
ناساز لێدەدەن. ئەوە لە حاڵێک دایە کوردە ئێرانییەکان و لە جێدا گشت خێڵەکانی
ئێران خەڵکی نیشتمانپەروەرن و هۆگری ئەم ئاو و خاکە و نیشتمانی ئەژدادی خۆیانن و
بە هیچ جۆر گوێ نادەنە ئەو قسانە و پێیان خۆشە ئەو خائینانەسەرکوت بکرێن. ئەو هیوادار بوو کە " ئەو ڕۆژەی کە هێزی شووڕەوی لە ئێران دەرکەون [و] پێشی ناردنی
هێزی دەوڵەتی بۆ ئەوێ نەگرن هێدایەتی تەواو لەو ناوچانە دا بەرقەرار بێ و گشت ئەو
ڕووداوانە دابمرکێن".
نوێنەرێکی دیکەی کە ئەو ڕۆژە قسەی کرد سەدری قازی، نوێنەری مەهاباد، بوو. ئەو
نووسراوەی هێندێک لە ڕۆژنامەکانی ناوەندی لەمەڕ ڕووداوەکانی ناوبراو بە قسەی
پڕوپووچ و تاوان وەپاڵ دانی ناڕەوا دانا کە سەبارەت بە ژمارەیەک لە ئێرانییەکان
لەو چەند ڕۆژە دا لەبەر غەرەزی شەخسی کراوە. ئەو بە پێچەوانەی دوکتور ئێعتیبار
گوتی: " ئەوانە ژمارەیەک کەسی ئەوتۆ نین کە بەدوای گۆڵمەز دا بگەڕێن. ئەوەی دەیانەوێ جوێبوونەوە
نییە، ڕێفۆر و چاکسازییە".
سەدری قازی دوایە هاتنی سەد کامیۆن چەکی بۆ مەهاباد لە جێدا و بە تەواوی وەدرۆ خستەوە، ئەو جۆرەی کە
هێندێکان گوتوویانە و ئەو جۆرە قسانەی بە دووبەرەکی خستنە ناو میللەتی ئێران دانا":
" بە وەڵا ئەو قسانە بە تەواوی درۆن، کەنگێ چەک هێندراوە، کێ چەکی هێناوە بۆ
ئێران، وەڵا وە بیلا ئەمانە هەموو درۆن". چونکە : هەر ئەو بەڕێزانەی کە
ئەوانە بەوشێوەیەیە تاوانیان وەپاڵ دەدەن ماوەیەک لەوە پێش دەوڵەت بانگی کردن بۆ
تاران. ئەوان هاتنە ئێرە؛ سێ چوار مانگ
لێرە بوون. ئەگەر ئەوان سەرپێچیان کردبا هەڵنەدەستان بە تێلگڕافێک ڕێی ١٥٠ فەرسەخ
بپێون و بێنە ئێرە و لەماوەی چوار پێنج مانگ دا سی چل هەزار تمەن خەرج بکەن"
کەسێک کە سەرپێچی بکا ئاوا نابێ. ئەو دوایە
ئاماژەی بە بەیاننامەی حدک کرد و لێێ زیاد کرد کە تێیدا " باس لە جوێبوونەوە
نییە".
لەو دانیشتنە دا ئەردەڵان، نوێنەری ئوستانی کوردستانیش، قسەی کرد. ئەویش نووسینی ڕۆژنامەکان و
سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەوانی، ڕادیۆی پاریس یان فەڕانسەی، وەدرۆ خستەوە . بەڵام
تا ئەو جێیەی کە دەگەڕاوە سەر ئوستانی کوردستان و کرماشان. ئەو گوتی لە هیچ کام
لەو دوو ناوچەیە دا " لە جێدا قسەی وا لە گۆڕێ دا نییە". ئەوەی
ڕۆژنامەکان دەینووسن سەرچاوەکەی لە خاکی عێڕاق دایە." ئەوانە چەندکەسێکن کە
لە جێدا بە ڕەچەڵەکیش ئێرانی نین؛ ئێرانی نین. ئەوانە هاتوون لەقولینچێکی پچووک دا
کە سنووری عێڕاقە دەستیان کردووە بەو قسەڵۆکانە" . ئەو دایگرتەوە کە "
قەت کورد و کوردستانی جوێبوونەوە بەمێشکی دا ڕانابرێ و خۆیان بە بەشی نەپساوە و
ئاشکرای ئێران دەزانن. ئەو قسەی جۆرج ڕاولینسن،
نووسەری کتێبی مێژووی ساسانییەکانی، گێڕایەوە کە چلۆن کوردەکان " بە تایبەتی
ئەردەڵانییەکان" لە سپای خوسرەو پەرویز دا بە دژی هێراکلیوس، پادشای ڕۆم،
بەشدارییان کرد و شکاندیان. ئەردەڵان لەو قسەیەی ئەو ئەنجامەی دەرخست کە چۆن دەکرێ
ئەو کوردانەی کە " لە پێناو مەزنایەتی ئێران دا لە ڕکێفی سوڵتانەکانی ئێران
دا شەڕیان کردووە" و " گیانیان
فیدا" کردووە " شانازییەکی مێژوویی ئەوتۆ بە لایەکەوە" دانێن و
خۆیان لە ئێران بە جوێ دابنێن. " شتێکی ئاوا محاڵە". ئەگەر خەیاڵێکی ئاوا بە میشکی هەر کەس دا ڕابردبێ " جگە لە نەزانی، جگە
لە مەبەستی خراپ شتێکی دیکە نییە".
کەوا بوو " قەت لە ناوچەی کوردستان شتێکی وا دەرنەکەوتووە. ئێمەی کورد
شەڕافت و شانازیمان ئەمەیە کە بەشێکی جیانەکراوە لە ئێران بین".
ئەو جار نۆرە گەیشتە دوکتور زەنگەنە، نوێنەری کرماشان. ئەو ناڕاستەوخۆ بە سەدری
قازی گوت: " نابێ حاشا لە قسەی ئەوتۆ کە هێندێکان دەیکەن بکرێ" قسە
سەبارەت بە جوێبوونەوە یا سەربەخۆیی " کە هێندێک کەسانی بەرزە فڕ و خۆ ویست
کردوویانە و دەیکەن، ڕاستی ئەوەیە کە جگە لەو چەند کەسە نەبێ کەسی دیکە
نییە". لە کرماشان کە بەشی سەرەکی کوردستانە " لە ڕاستیدا لەوێ یەک
نەفەریش نییە کە قسەیەکی ئاوا بکا".
کورد و فارس و خۆراسانی و ئازەربایجانی هەموویان دواجار ئێرانینە. "
کوردەکان قەت باسی سەربەخۆیی ناوخۆیی و لەو قسە بێ جێ و قۆرانەیان نەکردووە". ئەوانەی کە گوتوویانە " دوو سێ کەسی
تایبەتی"ن. ئێستا کوردەکان لە کاروباری دەوڵەتی ئێمە دا بەشدارن و پێشتریش
بوویانە. " سەبەبەکەشی ئەمەیە کە ئێستا وەزیری دادی ئێمە کوردە؛ و هەزار هۆی
دیکە. بنەماڵەی بەندە خۆم کە لە زەمانی سەفەوییەکانەوە هەمیشە خاوەن پلە
بوون". نەتیجە ئەوەیە کە بۆ کوردەکان لە دەوڵەت دا بێ بەشێ ئەوتۆ نەبووە کە
لە جێدا ئەو جۆرە بانگەشە گەندەڵ و هەڵەیە بکەن". " هەر کەس قسەیەکی
ئاوا بکا دە ڕاستیدا خائینە بە مەملەکەت".
لەو دانیشتنە دا سەید زیائەدینی تەباتەباییش قسەی کرد. ئەویش وەکوو زەنگەنە
حەولی دا بۆ کەم کردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەوکارە دا بەشدار بوون. ئەو دایگرتەوە
" کە خەڵکی کوردستان، وەکوو خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران نیشتمانپەروەرن. لە
نیشتمانپەروەری ئەواندا هیچ گومان نییە بەڵام نیشتمانپەروەری گشت خەڵکی ئەیالەتێک
یان ویلایەتێک پێش بەوە ناگرێ کە چەند کەسێک پەیدا بن لە بەر شوێندانانی هێندێک
کارتێکەری وردە نووزەیەکیان لێوەبێ. کەسانی ئەوتۆ لە هەموو مەملەکەتێک دا هەن.
بەڵام شتێک کە بۆ من ئاشکرایە ئەوەیە کە
نەود ونۆ لە سەدی خەڵکی کوردستان هۆگرییان لە ئاست ئێران کەمتر نییە لە دانیشتوانی
ناوچەکانی دیکەی ئێڕان".
چاپەمەنی
ڕۆژنامەڕاست ئاژۆیەکان ڕووداوەکانی مەهابادیان، هەر وەک لە مەڕ فیرقە دیتمان،
بە ڕوانگەیەکی پڕ لە ترس و تووڕەییەوە دەشۆپاند. ڕۆژنامەی کانوون لە ژمارەکانی ١٢
و ٢٠-ی ڕەزبەری ١٣٢٤ دا لە مەڕ سەفەری کەسایەتی و چالاکە سیاسییە کوردەکان بۆ باکۆ
هەڵوێستی گرت و ئەو کارەی بە هەنگاوێک دانا بۆ جوێکردنەوەی بەشێک لە کوردستان لە
ئێران. ئەوان بە حەوت کامیۆن گەڕانەوە ئێران لە هەر کامیۆنێک دا ئەفسەرێکی بێگانە هاتە مەهاباد.
ڕۆژنامەی ئیتیلاعات لە ژمارەکانی ٢٨-ی ڕەزبەر و ٥-ی سەرماوەز دا ڕاگەیاند کە باری
ئەو کامیونانە بە قسەی هێندێکان چەک و بە قسەی هێندێکی دیکە شەش تۆن کاغەز و دوو دەستگا ماشین تەحریر ( تلینڤیس) بووە. سەیر ئەوەیە
کە ئەندامانی هەیئەتی ناوبراو سەفەری باکۆیان وەدرۆ خستەوە و بە چەواشەکاریەکیان
دانا کە بەمەبەستی سازکردنی نائەمنی و دووبەرەکی نانەوە کراوە. ڕۆژنامەی کانوون لە
٢٠-ی ڕەزبەری ١٣٢٤ ئیدیعای کرد کە کۆمەڵە شارستانی مەهاباد بەڕێوە دەبا و
لەسەربانی بینا دەوڵەتییەکان لە جیات ئاڵای ئێران ئاڵای سووری هەڵداوە و لە
تالارەکانی ئەو خانووبەرانە دا وێنەی ستالین لە جیات وێنەی شاهەنشاهی ئێرانی
هەڵئاوەسیوە، چاپەمەنی لایەنگری سەید زییا بە قازانجی ڕەزم ئارا، سەرۆکی ستادی
گشتی ئەڕتەش، هەڵوێستیان دەگرت و هێرشەکانی حیزبی توودەیان بۆ سەر ئەو
وهەنگاوەکانی مەحکووم دەکرد. ئەوان بە
بەیاننامەی حدکیان گوت " بەڵگەی خیانەت" و وەبیرهێنەرەوەی " بیرو
ڕا و بۆچوونی مشتێک بێ وەتەن". ڕوونکردنەوەکانی سەدری قازی لە پارڵمان لە
ڕۆژی ٢٤ و ٢٩ –ی خەزەڵوەری ١٣٢٤ نەیتوانی ئەوان ڕازی بکا. ڕاگەیاندنی جمهووری و
ڕێکەوتنی نێوان فیرقە و حدک لەگەڵ دژایەتی ژمارەیەک لە ڕۆژنامە و کەسایەتییە
میانەڕۆیەکانیش ڕووبەڕوو بوو. حەسەنی سەدر کە پشتیوانی دەکرد لە خودموختاری
ئازەربایجان وپشتیوانی سۆڤییەتی لە فیرقە بە دروست و بە قازانجی پەرەسەندن و
پێشکەوتنی ئێران دەزانی لە دوای ئەو ڕێکەوتنەی ناوبراو تووشی نیگەرانی هات و لە
ژمارەی ١٩-ی بانەمەڕت ١٣٢٥ لە ڕۆژنامەی قیامی ئێران دا نووسی: نووزەی خودموختاری
کوردستان و پەیماننامەی حکوومەتی ئازەربایجان لەگەڵ حکوومەتی کوردستان بۆ جارێکی دیکەش
ڕوانگەی ئازادیخوازانی لەمەڕ ئازەربایجان ئاڵۆزاندووە". بە ڕای وی لە نێوان
ئەو پەیماننامەیە و بەرعۆدەیی ئەوان لە ئاست سەربەخۆیی و یەکپارچەیی ئەرزی ئێران
دا دژایەتییەکی جێی سەرسووڕمان هەیە. سەدر وشداری دا
" کە کەم کەم داوای خودموختاری تورک و کورد
لە سنووری هەڕەشە و بیانووی تێدەپەڕاندووە و گەیوەتە دابڕان و لەبەر یەک
هەڵوەشاندنی ئێران". (١٤٥) ڕۆژنامەی ئیرانێ ما لە مەقالەیەک دا کە لە ٣-ی
جۆزەردانی ١٣٢٤ دا بڵاوی کرایەوە دوای ئاماژە بە دەرفەتێک کە شەڕی دووهەمی جیهانی
بۆ دەرکێشانی دۆسییەی سەربەخۆیی کوردستان لە ژێر خاک و تۆزی ڕۆژگار هێنابوویە گۆڕێ
دەنووسێ: لە حاڵی حازر دا " دەستی وەیشوومەی
مەئموورە خراپەکانی دەوڵەتە ئیستعمارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی نەخشە بە مەترسییەکانی خۆیان لە پشت پەردە خەریکی سازکردنین".
ڕۆژنامە دواتر نکووڵی لە سەربەخۆیی خوازی کوردەکانی ئێران دەکا، بەو ئارگیومێنتەی
کە
" ئەوان کەمایەتییەکی ڕەگەزی یان
نەتەوەتیی نین کە داوای سەربەخۆیی بکەن". " ئەوان ئاولەمەی سەرەکی
ڕەگەزی ئێرانین و سەرزەوی کوردستانی ئێران نیشتمانی سەرەکی ئەوانە و ئەو ویلایەتەش
بەشێکی جیانەکراوەی خاکی ئێرانە". دژایەتی ئیرانێ ما لەگەڵ سەربەخۆیی
کوردستان هەر کوردەکانی ئێرانی نەدەگرتەوە بەڵکوو سەرزەوییە کوردنشینەکانی وڵاتانی
دیکەشی وەبەر دەگرت، تا ئەو جێیەی کە داوای دەکرد لە هەیئەتی نوێنەرایەتی ئێران لە
کۆنفڕانسی سانفڕانسیسکۆ دژی هەر جوورە بڕیارێکی کە بۆ دامەزراندنی وڵاتی کوردستان
بدرێ بە توندی ئیعتیراز بکەن و دژایەتی بنوێنن.
پارتییەکان
حدکیش وەکوو فیرقە، دوای بێ بەشبوون لە پشتیوانی شووڕەوی، لە فکری ڕاکێشانی
پشتیوانی هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت کەوت. تەنیا سەرکەوتنێکی کە لەو
ڕێیەی دا وەدەستی هێنا پشتیوانی لەلایەن حیزبی توودەوە بوو.بەڵام هەڵوێستی ئەو
حیزبە لە مەڕ ئەو بزووتنەوەی کە لەو ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەی کوردنشینی ئێران لە
دوای خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠ پەیدا بوو لە سەرەتاوە بێدەنگی یان تەنانەت دوژمنایەتی
بوو؛ ئەویش لەبەر هەڵوێستی دژایەتی لەگەڵ
ئەمپریالیزمی بریتانیا و بەرگری لە یەکپارچەیی ئەرزی و کۆبوونەوەی دەسەڵاتی
حکوومەت لە ناوەند دا. حیزبی توودە لە پاییز و زستانی ١٣٢٠ لەمەڕ ڕاپەڕینە
عەشیرەتییەکان یان بێدەنگەی لێ ڕاکرد یان هەر ئەو دەنگوباسانەی ڕاگواست کە ستادی ئەڕتەش لەو بارەیەوە لە بەر دەست ڕۆژنامەکانی
دەنا. دوورەپەرێزی لە قەیرانی و لایەنگری لە حکوومەتێکی بەهێز و سەقامگیر
بیانوویەک بوو کە ئەو حیزبە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو بێدەنگییە لە ٢-ی پووشپەڕی
١٣٢١ لە ڕۆژنامەی سیاسەت دا دەریبڕی. لە ژمارەی ٢٩-ی مانگی بانەمەڕی ساڵی١٣٢١-ی
هەر ئەو ڕۆژنامەیە دا بوو کە حیزبی توودە دژی دەستدرێژی خێڵەکان و داوای سەربەخۆیی
خوازی ئەوان هەڵوێستی دەربڕی و ڕایگەیاند. " کوردستانی دەبێ بزانێ ئێرانییە و
نابێ مەبەستی دەستدرێژی بۆ سەرمافی ئێرانییەکانی دیکەشی هەبێ". حیزب لە هەمان
کات دا داوای لە دەوڵەت کرد کە سەرەتی بدا بە سیاسەتی ئاشتی و نەرمی بە سەر خوێن و
ئاگر دا و بەڕێگای دابین کردنی عەداڵەت دا بە دوای دامەزراندنی هێدایەتی دا بگەڕێ.
ڕاپەڕینەکان لە ڕوانگەی حیزبی توودەوە دوو هۆی سەرەکی ناوخۆییان هەبوو: ١.
سەرنجنەدانی ڕەزا شا بۆ
" بڵاو کردنەوەی کولتووری پەروەردەی تۆبزی" لە ناو عەشیرەتەکان دا و ٢.
هەڵسوکەوتی نالەباری مەئموورانی حکوومەت لە ناوچە عەشیرەتییەکان دا. چارەی ئەو دوو
کەمایەسییانەش ، دانانی مەئموور و کاربەدەستی دڵپاک و دروستکار، پێڕاگەیشتن بە
دەرد وکول و تەلقینی " هەستی نیشتمان پەروەری و وڵات دۆستی، دڵدانەوەی
زۆرلێکراوان و دامەزراندنی خوێندنگە لە نێو خێڵەکان لە قالبی بەڕنامەی درێژخایەن
دا " بوو. (١٤٦) بە جووڵان لەو هەڵوێستە ڕا بوو کە حیزبی توودە لە سەر
وتارێکی ڕۆژنامەی ڕهبر( ١٢-ی ڕەزبەری ٢٣) و یادداشتێک لە ١٤-ی ڕەزبەری هەر ئەو
ڕۆژنامەیە دا لە ژێر سەردێڕی " دیسان سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستان" بە حەمە ڕەشیدی گوت جینایەتکارێکی یاغی و واق
وڕمانی خۆی دەربڕی کە مافی حاکمییەتی بەشێک لە مەملەکەتی دراوەتە دەستی بە
مەواجبێکی مانگانەی ١٣٠،٠٠٠ ڕیاڵی. قەزاوەتی حیزبی توودە لە سەر ڕاپەڕینی مەحموودخانی
کانی سانانی ش هەرئاوا بوو و لە ڕۆژنامەی رهبری ٢ و ٤ –ی گەلاوێژی ١٣٢٤ دا بە
بەشێک لە پیلانی کۆنەپەرەستی و کۆلۆنیالیزمی دانا بۆ بەرقەراری دیکتاتۆری (سەدرولئەشڕاف)
و جوێکرنەوەی کوردستان.
هەڵوێستی حیزبی توودە لە ئاست پێشوەچوونەکانی کوردستان هەر تەنێ ئەوەندە نەبوو لە
ڕێگای دوورەوە دەرببڕدرێ. دامەزراندنی لقێک لە مەهاباد هەنگاوێکی دیکە بوو کە ئەو
حیزبە لە کۆتاییەکانی گەلاوێژی ١٣٢٤ هەلیهێناوە.(١٤٧) بەر لەوە، لە ساڵی ١٣٢٣
حیزبی توودە بە بانگهێشتنی ١٥ کەس لە سەرۆکەکانی خێڵەکانی شکاک و هەرکی بۆ
کۆنفڕانسی ئەیالەتی حیزب لە تەورێز مەبەستی خۆی بۆ کردنەوەی لقێک لە کوردستان و
نفووزکردن لە حیزبە کوردکان دا ئاشکرا کرد. ئەو حەولانە سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان
وەدەست نەهێنا. بە ڕای عەبباس وەلی کۆمەڵگەی کوردستان کە بە شێوەی سەرەکی گوندیانە
بوو و دواکەوتوویی بەڕێژەی بەشە شارییەکانی موحیتێکی لەبار نەبوو بۆ پەرەگرتنی
حیزبی توودە لەو ناوچەیە دا.(١٤٨) هەرچییەکی بوو کار گەیشتە ڕقەبەری لەگەڵ کۆمەڵە
و جوێبوونەوەی هێندێک لە ئەندامەکانی. گۆیا ئەوان بوون کە دەستیان کرد بە
دامەزراندنی لقی حیزبی توودە لە مەهاباد.
کار کێشایە لێدان و کوتان. سەجادی لەو پێوەندییە دا باسی کەسێک دەکا بە ناوی عەزیز
زەندی. (١٤٩) بە پێی ئاگاداری بەرپرسی گومرگی مەهاباد حیزبی توودە بێ ئەندازە دژی
کۆمەڵە بوو. هەر دوولا لە ئاست یەکتری بیزاری ونەفرەتیان دەردەبڕی .(١٥٠) لە جێێ
خۆیەتی کە دژایەتی باقرۆف لەگەڵ ئەو حیزبە لە دیدارێک کە هەر لەو مانگە دا لەگەڵ قازیی محەمەد و
سەرکردەکانی دیکەی بزووتنەوە کرابوو وەبیر بێنینەوە.
لە ڕوانگەی حیزبی توودەوە دامەزراندن و چالاکییەکانی کۆمەڵە لە پێوەندی لەگەڵ
پیلانێک دا بوو کە بە مەبەستی جوێکردنەوەی کوردستان لە ئێران بوو. رەبیع ئەنساری،
ئەندامی لقی ورمێی حیزبی توودە، لە وتارێک دا کە لە ژمارەی ٥٥ –ی ڕۆژنامەی کیوان
(٢٥-ی خاکەڵیوەی ١٣٢٤) بڵاوی کردەوە باسی نووزەنووزی " سەربەخۆیی کورد"ی
کرد کە لە گۆشە و کەنارەوە وەبەر گووێیان دەکەوێ و کەم کەم وەڕاست دەگەڕێ و دەبێتە
هۆی لەگەڵ کەوتنی زۆرێک لە تایفە کوردەکان لەو حیزبە. لە ڕوانگەی نووسەری
وتارەکەوە، کۆمەڵە " دیاری " یەک بوو کە لە عێڕاقەوە هاتبووە ناو خاکی
ئێران. بە قسەی ئەنساری، جووڵانەوەیەک کە بەو شێوەیە وەڕێکەوتبوو " مەملەکەتی
بەرەو دەرەبەگایەتی و هەڵوەشان و لەناوچوون" دەبرد. (١٥١) قەزاوەتی ئەنساری
لەمەڕ کۆمەڵە نێشانەی هەڵوێستی ئەندامێکی حیزبی توودە لە لقێکی ئەیالەتی بوو.
بەڵام ڕێبەرایەتی حیزب مەترسییەکی گەورەتری بۆ یەکپارچەیی ئەرزی ئێران لە کرماشان
و کوردستان [ سنە] دەدیت و ئەڕتەشی بریتانیا و کۆنسوولخانەی ئینگلیستانی لەو دوو
ناوچەیە دا بە بەرپرسی ئەوە دەزانی. شاهیدی ئەو قسەیەش ئەو وتارانەن کە لە ژێر
ناوی " دەنگۆ لەمەڕ هەنگاونانەوەی کوردەکان بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە
زەوییەکانی کوردستان" و " کوردستان و ئازەربایجان" کە لە دوو
ژمارەی ڕۆژنامەی ایران کنونی دا بڵاو کرابوونەوە کە بەڕێوەبەرەکەی گریگۆر یقیکیان
بوو. بۆچوونی حیزبی توودە لەمەڕ یقیکیان وەکوو گۆڵمەزکارێکی نێونەتەوەیی و
دەستنێژی سەرلەپێناوی بریتانیا بەس بوو کە بڵاو بوونەوەی ئەو وتارانە بە هۆی
پیلانی ئەو دەوڵەتە دابندرێ بۆ دەمەترسی هاویشتنی یەکپارچەیی ئەرزیی ئێران و
جوێکردنەوەی کوردستان.(١٥٢)
حیزبی توودە دەنگوباسی دامەزرانی حدک ی لە سەرەتاوە بە وەرگێڕان و ڕاگوێستنی مەقالەیەک باس کرد بە ناوی " هەستانی ئازەربایجان سەرەتای
ڕاپەڕینی کوردەکان: بزووتنەوەی کوردەکانی عێڕاق، ئێران و تورکیا" کە لە ڕۆژنامەی رهبر لە ڕۆژی ٢٩-ی مانگی
سەرماوەزی ١٣٢٤ دا بڵاوی کردەوە. وتارەکە بە قەڵەمی کەسێک بە ناوی پیێێر کاوفمەن
لە ڕۆژنامەی کومبا ( چاپی پاریس) دا بڵاو ببووەوە . وتارەکە پێشبینییەکی تێدا بوو
سەبارەت بە بزووتنەوەی سەرەتاسەریی کوردەکان لەو وڵاتە ناوبراوانە دا. وتارێک کە
لە سەر بنەمای وتوێژ لەگەڵ دوو نوێنەری کوردەکانی ئێران و عێڕاق لە نزیک بەیڕووت
لە ٢٧-ی نۆڤامبری ١٩٤٥ (٦-ی سەرماوەزی ١٣٢٤) نووسرا بوو باسی ناوەرۆکی نەتەوەیی دۆزی
کوردەکانی دەکرد و بزووتنەوەی مەهابادی بە " کاکڵی کوردستانی سەربەخۆ"
ناوزەد دەکرد و پێشبینی دەکرد کە لە داهاتوو دا دەبێ" بە مەکۆی ڕاپەڕێنێکی
گشتی کوردەکان لە کوردستانەکانی ئێران، عێڕاق و تورکیا". کەمێک دوای بڵاو
بوونەوەی ئەو وتارە بوو کە وتوێژی مەحموود هورموز لەگەڵ قازیی محەمەد لە ڕۆژنامەی
نامەی مردم لە ڕۆژی ١٠-ی مانگی بەفرانبار دا بڵاو کراوە. قازی لەو وتوێژە دا
مەڕامنامە و ئامانجی حیزبی دێمۆکڕات و " دەوڵەتی نەتەوەیی" و پێوەندی وی
لەگەڵ فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان شرۆڤە کردووە و پێبەند بوونیانی بە یەکپارچەیی
ئەرزی ئێران، قانوونی بنەڕەتی و قانوونەکانی دیکەی پەسندکراو لە لایەن مەجلیسی
شووڕای میللییەوە داگرتەوە. قازی گوتی: مەڕامی ئێمە هەر ئەوەیە کە لە بەیاننامەی
حدک دا هاتووە . ئێمە بە کردەوە چوار ساڵە کە خودموختارین. حدک لە گشت کوردستان
لقی هەیە، بەو جیاوازییەی کە لەو جێیانەی دیکتاتۆری حاکمە و ئەو لقانە بەنهێنی
دامەزرێندراون. ئەو لێی زیاد کرد: خودموختاری و پێکهێنانی
" هەیئەتی ڕەئیسەی میللی"، یان هەمان هەیئەتی وەزیران لە سەر بنەمای
هەڵبژاردن و بە پەسندی نوێنەرانی شوێنەکانی کوردستان پێک هاتووە. لە کوردستان دا
حیزبەکان ئازادن، بەڵام بە کردەوە هەر حدک چالاکی دەکا.
حیزبی توودە بە بڵاوکردنەوەی وتوێژی قازیی محەمەد موافەقەتی خۆی لەگەڵ خودموختاری دەوڵەتی
مەهاباد ڕاگەیاند. بەڵام ئەو موافەقەت کردنەی لەگەڵ حکوومەتی خودموختاری جمهووری نەدەگرتەوە. خوسرەوپەنا باسی دوو هۆ
دەکا بۆ ئەو دەستگێڕانەوەیەی حیزبی توودە. یەکیان قبووڵی قانوونی بنەڕەتی
مەشڕووتەی ئێران بوو لە لایەن حیزبەوە هەرچەند بە مەسڵەحەتیش بووبێ، و ئەویتر
ئەوەی کە حیزبی توودە بزووتنەوەی کوردستانی بە بەشێک لە جووڵانەوەی دێمۆکڕاتیکی
ئازەربایجان دەزانی. (١٥٣) هەر ئەو دژایەتییە بووە هۆی ئەوە کە ڕۆژنامەکانی حیزبی
توودە لەمەڕ ڕاگەیاندنی کۆمار و پێکهاتنی هەیئەتی دەوڵەتەکەی بێدەنگەی لێ ڕا کەن.
بێدەنگی لە مانگەکانی دواتر دا بەردەوام بوو و ڕووداوی وەک بەستنی پەیمانی نێوان فیرقە
و حدک یشی لە ٣-ی مانگی بانەمەڕی ١٣٢٥ وەبەر گرت. دژایەتییەک کە حیزبی توودە بە
وەبەرگرتنی ئەو شێوەیە لەگەڵ ئەو جۆرە هەنگاوانە لە مەهاباد دەری بڕی پێشی بەوە
نەگرت کە لە مەقالەیەک دا بە قەڵەمی ئامانوڵا قوڕەشی کە لە ڕۆژنامەی ڕهبر ( ٢٢-ی
جۆزەردانی ١٣٢٥) دا بڵاو بووەوە بە ناوی "جووڵانەوەی ئازەربایجان وکوردستان
پێشەنگی ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بزووتنەوەی
کوردستان لەگەڵ " جووڵانەوەی ئازەربایجان" وەک " لایەنگری دامەزراندن و ڕاهێزاندنی
ئێرانێکی سەربەخۆ، بەهێز، و ئازاد" و وەکوو " پاڵپشتێکی گەورەی
دێمۆکڕاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا" بناسێنێ و بڵێ ئەوە " پشتیوانی کۆمەڵانی هەراوی
خەڵکی وڵاتانی دیکەی" لەگەڵە . بەو پێیە لە هەر جێیەک کە حیزبی توودە پشتیوانی
لە حکوومەتی مەهاباد کرد با، ئەو پشتیوانییە لە حکوومەتێکیش بوو کە سەبارەت بە
مەیلە سەربەخۆیی خوازانەکەی یان بێدەنگی لێ ڕا دەکرد و یان حاشای لێ دەکرد. ئەوەیە
کە ایران ما لە ژمارەی ٦٤٤-ی خۆی دا نووسی: " جووڵانەوەی کوردستان نەک هەر
جیاوازیخواز نییە، بەڵکوو دەیەوێ پاشماوەی کوردەکان کە لە نیشتمانی خۆیان واتە
ئێران دوور کەوتوونەتەوە بگەڕێنێتەوە مەکۆی سەرەکی خۆیان". (١٥٤)
لە ژمارەی ٧٦١-ی ( ١٧-ی پووشپەڕی ١٣٢٥) رهبر دا بە ناوی " خەڵکی ڕەشید و
نەجیبی کوردستان یان ئاڵاهەڵگری دلاوەری
جووڵانەوەی دێمۆکڕاتیکی ئێران" دەخوێنینەوە کە چلۆن ئەوان لە تەک جووڵانەوەی
ئازەربایجان دا پاڵپشتی پتەوی گشت تەشکیلاتی ئازادیخوازانە و نەتەوەیی ئێرانن.
" برایانی کورد کە لە نیشتمان پەروەری دا پێشینەی مێژوویی درەوشاوەیان هەیە
بەیارمەتی خەڵکی ئازەربایجان، لە ڕاستی دا بە مەبەستی ڕزگاری گشت خەڵکی ئێران،
مەردانە سەریان هەڵێناوە". ڕۆژێک دواتر وتوێژێکی دیکە لەگەڵ " جەنابی
ئاغای قازیی محەمەد " هەر لەو ڕۆژنامەیە دا بڵاو بووەوە. لەو وتوێژە دا
ناوبراو جارێکی دیکە " ئامانجی گشتی جووڵانەوەی ئێمە"، واتە "
ئازادی و سەربەخۆیی ئێرانی" داگرتەوە و گوتی کە مەبەست لە ئامانجی تایبەتی
جووڵانەوە " دەسەڵاتی وەکوو ئەنجومەنی ئەیالەتی ئازەربایجانە". ئەویش
پێی وایە کە " چارەسەر کردنی دێمۆکڕاتیکی مەسەلەی کوردستان باری سەرنجی بە
میلیۆنان کوردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەكێشێ بەرەو
" مەکۆی ئازادیی ڕۆژهەڵات" کە ئاغای قەواموسەلتەنە لە وتاردانی ئەو
دواییەی خۆی دا باسی کردووە". گوتاری وەکوو ئەوە لە ژمارەکانی ٧٧٤ ( ٢/ ٥/ ١٣٢٤) ، ٧٧٩ ( ٩/٥/١٣٢٥)، ٨١١
(١٣/٦/١٣٢٥)، ٨٤٠ ( ٢٥/٧/ ١٣٢٥)، ٨٥٣ (١٢/٨/١٣٢٥) رهبر دا چەند پاتە بوونەوە.
وێنایەک کە حیزبی توودە بە وەبەرگرتنی ئەو هەڵوێستە پشتیوانانەی خۆی لە حکوومەتی
مەهاباد کێشایەوە لە جۆری بەو ناوەی کە لێی دەنا ڕەنگی دەداوە. حیزبی توودە قەت لە
ناوی "جمهووری" بۆ ناوزەد کردنی ئەو حکوومەتە کەلکی وەرنەگرت. حیزبی
توودە سەرەرای ئەو پشتیوانییەی کە بەو شێوەیە لە بزووتنەوەی مەهابادی دەست پێکرد
بوو خیلافی خۆی لەگەڵی لە دوو بوار دا پاراستبوو. یەکیان مەیلی ئێتنیکی ئەو جووڵانەوەیە
بوو و ئەویدیشیان سەرنج نەدانە سەر چاکسازی نیزامی ئاغا – ڕەعیەتی بوو. (١٥٥)
دوایین پشتیوانی حیزبی توودە لە حکوومەتی مەهاباد ئیعتیراز بە شێوەی محاکەمەی
ڕێبەرەکانی و ئێعدامی قازیی محەمەد و ئەوانیدی بوو. (١٥٦)
هۆیەکانی شکست
قاسملوو لە لاپەڕەی ١٦٧-ی کتێبی چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی دا لەگەڵ
بژاردنی هۆیەکانی " تڕاژێدی جمهووری
کوردستان" گازندە لەوە دەکا کە هێزە دێمۆکڕاتەکان لە بەشەکانی دیکەی ئێران دا
هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە. " چاوەڕوان بوون کە لەشکری دەوڵەتی ناوەندی لە
کوردستان و ئازەربایجان تووشی شکست بێ تا ئەوان هێزی خۆیان وەکار خەن". ئەو
لێرە دا ئەوەی کە جمهووری کوردستان بەو ئامانجەی کە وەپێشی گرتبوو خۆی لە لای
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تاق هێشتبووەوە هیچ
ناڵێ. ئەو دەنووسێ: " کاربەدستانی جمهووری کوردستان و حدک دەیانزانی [...]
پێویستە لەگەڵ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سەرتاسەری ئێران هاوپەیمان و یەکگرتوو بن
[...] هەر بۆیەش لەگەڵ فیرقەی دێمۆکڕات و حیزبی توودەی ئێران و هەر وەها حیزبی
ئێران و حیزبی سۆسیالیست و حیزبی جەنگەڵ [...] بەرەیەکی یەکگرتوو و پێشکەوتوویان
پێک هێنا". (١٥٧) ئەوە لە حاڵێک دا کە ڕوولێنان لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە
و پەیمانی یەکێتی لەگەڵ بەستنیان لە
زەمانێک دا کرا کە حدک خۆی ناچار دی کارێکی ئاوا بکا و لە بەر ئەوەش دەستی لە
داوای سەربەخۆیی هەڵگرت. چونکە هیچکام لەو هاوپەیمانانە لە گەڵ دامەزرانی جمهووری
کوردستان نەبوون وەکوو حکوومەتێکی سەربەخۆ لە حکوومەتی ئازەربایجان و وڵاتی ئێران.
جگە لەوە ئەو یەکێتییەش هەتا بڵیی لە شکانهاتوو و ناپایەدار بوو و، تا ئەو جێێەی
گەڕاباوە سەر حیزبی توودە، هەر بە قسە بوو. قازیی محەمەدیش لە وەسیەتنامەی سیاسی
خۆی دا، لەو جێیەی کە باسی یەکێتی دەکا، بەردەنگی تەنیا عەشیرەتە کوردەکانن.
هەڵبەت هەڵسوکەوتی لەمەڕ چاوەڕوانی لە هێزە دێمۆکڕاتەکان تەنیا هۆیەک نییە کە بە
زەینی قاسملوو گەیشتووە. ئەو باسی هۆی دیکەش دەکا کە دەکرێ لە دوویان بدرێ و بەم
شێوەیە کۆ بکرێنەوە سەر یەک:
١. ئامادە نەبوونی زەمینەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری بزووتنەوە کە لە
وانە لە دواکەوتوویی ئابووری و عەشیرەتی بوونی نیزامی کۆمەڵایەتی گوندنشینان دا
ڕیشە ئاژۆی کرد بوو؛٢. نەبوونی هێزی سیاسی و کادری پیشەیی و ئاگادار کە بۆ
سەقامپێدانی بنایەتێکی ڕێکوپێکی سیاسی پێویست بوون؛٣.نەبوونی وشیاریی سیاسی کە
ئەوە لە چۆنییەتی لاوازی مەقالەکانی ڕۆژنامەی کوردستان دا وەبەر چاو دێن؛٤.لاوازی
ناوخۆیی حدک و پێکهاتەی نالەباری رێبەرایەتی حیزب – زیاتر لە نیوە لە ڕێبەرانی حدک
لە عەشیرەتەکان و خانەکان بوون؛٥. نەبوونی بەرنامە؛ ٦. تێکەڵ کردنی حیزب و میللەت؛
٧. تێپەڕینی بە لەز و لەپڕ بوونی دامەزراندنی کۆمار و تەمەنی کورتی؛ ٨.هۆگری کەم و
بێ مۆتیڤ بوونی " نەتەوەی کورد" بە درێژایی مێژوو نیسبەت بەکاری
تەشکیلاتی، ڕێکخراوەیی و خۆ ڕێک خستن، تا ڕادەی نەفرەت و بێزاری لە ڕێکخستن؛ و ٩.
" ڕووخانی سەرشۆڕانەی حکوومەتی ئازەربایجان " و " هەڵاتنی شەرمهێنەرانەی
ڕێبەرانی فیرقە". (١٥٨)
لە ڕوانگەی عەبباس وەلی یەوە هۆی دەستگێڕانەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرگری لە وەدیهاتنی
مافی کەمایەتییەکان، لەبەر بەرعۆدەییان بوو لە ئاست قانوونی بنەڕەتی مەشڕووتە،
قانوونێک کە بە باوەڕی وی لە سەر تەوەرەی ناساندنێکی ئێتنیکی / فارسی لەمەڕ وڵاتی ئێران نووسراوە و تێگەیەکی
ئێسنشیالیستی و بەرتەنگی هەیە لەمەر دێمۆکڕاسی. لەو زەمانی دا نە حیزبی توودە هیچ
ڕەخنەیەکی لە قانوونی بنەڕەتی و کەمایەسییەکانی گرتبوو و نە حیزبی دێمۆکڕاتی
کوردستان ئاگای لەوە بوو کە قانوونی بنەڕەتی لە سەر بنەمای ئێنیک / زمانی فارسی یە. ئەو ناساندنەیان هەم حکوومەت و هەم
هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان قبووڵ کرد بوو. لەو ناساندنە دا مەسەلەی کورد نەک هەر نەبوو،
بەڵکوو ئەگەریش سەری هەڵێنابا بە پیلانێکی
بێگانە بە دژی حاکمییەت و یەکپارچەیی
ئەرزی حکوومەتی نەتەوەیی دادەنا. ئەو بۆچوونە بووە هۆی یەکێتییەکی وێژمانی لە
نێوان حکوومەتی ناوەندی و ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆكرات دا بە دژی ئامانجی جمهووریخوازانە
لە ڕەوتی موزاکەرات و لە دوای ئەو دا. (١٥٩)
بە بۆچوونی من لەو بۆچوونە دا نوختەیەکی دروست و نوختەیەکی نادروست هەیە. نوختە
دروستەکە ئەوەیە کە دەستگێڕانەوە لە پشتیوانی لەبەر خیلافی ئامانجەکانی جمهووری
مەهاباد لەگەڵ یەکپارچەیی ئەرزیی ئێران بوو. نادروستەکە ئەوەیە کە وەلی سەبارەت بە
زمانی قانوونی بنەڕەتی مەشڕووتییەت دەینووسێ. لە قانوونی بنەڕەتی مەشڕووتە دا هیچ
نیشانەیەک لە تەوەرە بوونی ئێتنیک و زمانی فارسی بوونی نییە. ئەگەر گەڵاڵە کردنی
ئەو قانوونە بە زمانی فارسی کرا لە بەر دەوری تایبەتی ئەو زمانە لە سەدەکانی پێشوو
تا ئەو ڕۆژە بوو. فارسی زمانی دیوەخان و زمانی ناوبژیوانی نێوان ئێتنیکان بوو.
لەوەش زیاتر لە پێناوی بەرگری لە شۆڕش هێندێک بەشی پێکهاتوو لە هەموو ئێتنیکەکان
بەشذار بوون. ئەو ناسیۆنالیسمەی کە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەکرد یان پشتیوانییان لێ
دەکرد نیشانەی ئێرانی هەبوو. ئەوەی لەو قانوونە دا بە شێوەی دانی هێندێک لە
کاروباری خێڵەکان و ویلایەتەکان بە نوێنەرانی ئەوان هاتووە هیچ جۆرە مانایەکی ئێتنیکی نییە. بەو پێیە
دەستگێڕانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە ویستەکانی بزووتنەوەی مەهاباد هۆیەکی دیکەی
هەبوو. هۆ هەر ئەوە بوو کە ئێمە لە شەرحی ڕوانگەی حیزبی توودە دا باسمان کرد. هۆ،
دژایەتی ئەو حیزبە و بە دڵنیاییەوە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە لەگەڵ ویستە لە
ئیران دابڕانەکانی ئەو بزووتنەوەیە بوو. بزووتنەوە ئەوەندەی بەس بێ نیشانەی ئەو
ویستەی لە خۆیەوە نیشان دا بوو. ئەوەیش کە حیزبی توودە بەرعۆدەیی هەبوو لە ئاست
قانوونی بنەڕەتی ئێران ئیدیعایەکە بە پێچەوانەی ناوەرۆکە بۆڵشڤیکییەکەی، ناوەرۆکێک
سەرەڕای ئەو حەولانەی دەدرا بۆ داپۆشینی ئەوەندەی بەس بێ خۆی دەردەخست.
بورزوویی لە باسی هۆیەکانی شکستی بزووتنەوە جگە لە گۆڕانی هەڵوێستی پشتیوانی
شووڕەوی ئاماژە دەکا بەو خاڵانەی خوارەوە: ١. دژایەتی ڕوو لە زێدەی ناوخۆی
کۆمەڵگەی کورد؛ ٢. سەرنەکەوتنی بزووتنەوە بۆ ورووژاندنی هەستی نەتەوەییخوازانە لە
ناو کوردەکان دا؛ ٣. پشتیوانی نەکردنی عەشیرەتەکان، لە وانە لەبەر دڕدۆنگیان لە
ئاست پێوەندییەکان قازیی محەمەد لەگەڵ شووڕەوی' ٤. دژایەی عەشیرەتەکان لەگەڵ هەر جوورە حکوومەتێکی ناوەند تەوەرە؛ و
٥. پاڵدانەوەی زیاتر لە ئەندازەی جمهووری بە شاری مەهاباد و دۆخی هاوشاریی
دۆستییەکەی. (١٦٠)
لە لێکدانەوەی لەبەریەک هەڵوەشانی جمهووری مەهاباد دا دەکرێ هەموو ئەو هۆکارانەی
کە مەبەستی قاسملوونە لە بەر چاو بگیرێن. هەموو ئەو هۆکارانە دەکرێ لە هەمان حاڵ
دا لە وڵامی پرسی لە مەڕ ڕەوتی بە نەتەوەبوونی کوردەکان کە قاسملوو لەبەر چاوی
بووە ڕەچاو بکرێن. بەڵام ئەوەی قاسملوو لە مەڕ دەوری شووڕەوی لەو شکستە دا
دەینووسێ شیاوی پەژراندن نییە. بە باوەڕی قاسملوو خەتای هەڵوەشان و لەبەریەک بڵاو
بوون خستنە ئەستۆی شووڕوی ئەو پەڕی لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە. بەڵام هۆیەک کە ئەو بۆ
بەرپەرچدانەوەی ئەو لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە دەیهێنێتە گۆڕێ جێی سەرسوڕمانە. ئەو
دەنووسێ کە مانایەکی دیکەی ئەو لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە باوەرێ بەوەیە کە ئەوە شووڕەوی
بوو بووە هۆی دامەزرانی جمهووری مەهاباد. (١٦١) ئەو ڕوانگەیە، هەرچەندە لایەنی
دروستی هەیە، بەڵام کەموکووڕییەکی گەورەشی هەیە ئەویش لە بەر نکووڵی کردن لەو
واقعییەتەیە کە ئەگەر پشتیوانی شووڕەوی نەبایە، و ئەگەر شووڕەوی پێشی هاتنی
ئەڕتەشی ئێرانی بۆ ناوچەی موکری نەگرتبایە بزووتنەوە نەیدەتوانی لە دامەزراندنی
جمهووری دا سەرکەوێ؛ و ئەگەر پشتیوانی بەردەوام بوو با و جمهووری دەوامی هێنا با
کار دەگەیشتە بەسترانەوەی تەواوی ئەو جمهوورییە بە شووڕەوی، ئەوەی کە قاسملوو
لەمەڕ هۆی دەستگێڕانەوەی شووڕەویش لە پشتیوانی دەینووسێ لاوازی ئارگیومێنتی تێدا
دەبیندرێ. هەڵەکان و لێکدانەوە هەڵەکانی ستالین و باقرۆف، نەبوونی ئامادەیی
شووڕەوی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا لەبەر ئەو خەسارانەی کە لە شەڕ دا
بەخۆیەوە دیبوو، خیلاف لە هەیئەتی رێبەرانی شووڕەوی دا،مەیلی باقرۆف بۆ وەسەرخستنی
ئازەربایجانی ئێران لە ئازەربایجانی شووڕەوی و گرینگییەکی زیاتری کە مۆلٶتۆف دەیدا
بە وەدەستهێنانی خاوەی دەرهێنانی نەوت ئەو هۆیانەن کە ئەو دەیانهێنێتە گۆڕێ. (١٦٢)
بەڵام قاسملوو سەرنج ناداتە سەر ئەو واقعییەتە کە ئەوانە هەموو وردە ڕیشاڵی ستراتێژییەکی
نفووز بوون کە شووڕەوی لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و گشت سیاسەتی دەرەوەی خۆی وەبەری
گرتبوو. ئەوەی لەو ستراتێژییە دا مانای نەبوو بەرژەوەندییەکان گەلی کورد بوو. بە گوتەی Michel Certaux بزووتنەوەی موکریان ئاڵقەیەکی
لاواز بوو کە چارەنووسەکەی گەڵاڵەدانەرانی ئەو ستڕاتێژییە دیارییان دەکرد. (١٦٣)
بە سەرکوت کرانی بزووتنەوە و لێک بڵاو بوونی جمهووری مەهاباد مەسەلەکە لە ناو
نەچوو. بزووتنەوەیەک بە پێشینەیەکی ئاشکرا و بە ئیدە و ئامانج و ئاڕاستەیەکی دیاری
و کۆنکرێت پێک هاتبوو، لە زەینی لایەنگرانی دا ئەوەندە قووڵ ڕیشەی داکوتابوو کە
سەرکوت نەیدەتوانی ببێێتە هۆی ڕاوەستانی هەتاهەتایی وی، سەرکوت جمهووری کرد بە
ئوستوورەیەک، بەو هەست و ئەنگێزانەی کە ئوستوورەکان سازی دەکەن و دەبن بە هێز و
ئیرادە بۆ درێژە دانی بزووتنەوە. عەبباس وەلی ئەو هەستە بەو ڕستە حەماسییانە
دەردەبڕێ: " بۆ کوردەکان هەڵوەشانی جمهووری مەهاباد ڕووداوێک نییە کە تەنێ لە
ڕابردوو دا قەومابێ، بەڵکوو ڕووداوێکی زیندووشە لە زەمانی ئێستای ئەوانیش د، و شکڵ
دەدا بە وێژمان و کردەوەی ئەوان. ئەوان لە ڕێگای ئەو ڕووداوە ڕا بیر لە ڕابردووی
خۆیان دەکەنەوە، لەگەڵ حالی حازری خۆیان ڕووبەڕوو دەبن و داهاتووی خۆیان وێنا
دەکەن. جمهووری ناوێکە کە ئەوان لە ژێر ئەو ناوە دا درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن
[...] بەردەوامی خەباتی ئەوان مەیلی وەدینەهاتووی ئەوان بۆ ئازادی دەردەبڕێ.
گێڕانەوەی خەبات وەک ئاواتێکی وەدینەهاتوو لە پێناوی ئازادی دا، پێداویستی دەسەڵات
لە پێناوی ئازادی دا دادەگرێتەوە؛ نیشان دەدا کە دەسەڵات لە جنسی ئازادی یە، و
ئەوەی کە ئازادی تەنیا بە ڕێگای کردەوەی مێژوویی تێکەڵاوی دەسەڵات وەدەست
دێ". (١٦٤) لە ڕوانگەی ئۆفرا بێنگیۆ
جمهووری مەهاباد لانکی ناسیۆنالیسمی کورد بوو. لایەکی دیکەی ئەو بۆچوونە غەنی
بلووریانە کە لە باسی سەرنجامی خراپی جمهووری دا دەڵێ: " ئەگەر تەئکیدی
ڕووسەکان نەبووبایە تەمەنی زۆر لەوەش کەمتر دەبوو کە هەیبوو؛ بە ڕاستی هەر لە
هەمان سەرەتای دامەزرانی دا بە دەست ژمارەیەک لە فێئۆداڵە کوردەکان چۆکی پێ دا درا".
( ١٦٥)
لە دوای سەرکوت
بە هەڵوەشانی جمهووری مەهاباد و سەرکوت کرانی حدک کوردایەتی لە ناونەچوو. بەڵام
ئەو پێشوەچوون و ئاڵوگۆڕە گەورانەی کە لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری
بە تایبەتی لە سالانی چل و پەنجای هەتاوی تا شۆڕشی ١٣٥٧ لە کۆمەڵی ئێران دا پێک
هاتن شوینی کرد لە سەر جەماعەتە کورد
زمانەکان و هەڵویستی ئەوان لە ئاست
قودرەتی ناوەندی و بزووتنەوەی کورد. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە،لێکدانەوەی
بەسەرهاتی ئەو بزووتنەوەیە لە ساڵەکانی دوای سەرکوتی جمهووری لە دوو بەش دا درێژە
پێ دەدین. گرینگترینی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە سەروبەندی بەر لە چاککردنی زەوی و زار
قەومان بریتی بوون لەو هەنگاوانەی کە شا هەڵیهێنانەوە بە کەلکوەرگرتن لە هێزی سەرکوتکەری ئەڕتەش، پۆلیس،
و لە ساڵی ١٣٣٧ بەدواوە ساواک، بە پشتیوانی ئەمریکا، چینی خاوەنموڵکان، مەجلیسی
موهەندیسی کراو،حیزبی دەستکردی دەوڵەت، و پەرەپێدانی بانگەشەی ئیدێئۆلۆژیکی "
خودا – شا- نیشتمان " بۆ کۆ کردنەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵات لە دەست خۆی دا.
یاساخ کرانی حیزبی توودە لە ساڵی ١٣٢٧، کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژی ١٣٣٢ و سەرکوتی ئەو
سازمان و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانەی مابوونەوە هەڵکەوتووترینی ئەو هەنگاوانە بوون کە
بەو مەبەستە هەڵگیرانەوە. زۆربەی سەرکردەی عەشیرەتەکان و خاوەن زەوییە گەورەکانی
دیکەی کورد و ناکورد یارمەتی شایان دا بە
ئاڕاستەی ئەو مەبەستە دا و بە ئەنجامدانی ئەو خزمەتانە ئەویش باربووی کردن.
وەرگرتنی پلەی ئیداریی ناوچەیی،بەخشینی کورسی نوێنەرایەتی لە مەجلیسی شووڕای میللی
دا و سەبتی عینوانی خاوەنەتی زەوی و نیزامی ئاغا – ڕەعییەتی لە زومرەی ئەو باربووانە بوون. (١٦٦) لەو
پێوەندییە دا ئەگەر خیلافێک هەبوو لە سەر بابەتی چەک کردنی عەشیرەتەکان لە باکووری
ڕۆژئاوای ئێران بوو کە لە دوای ڕووخانی جمهووری مەهاباد بە فەرمانی کۆتاییەکانی
بەفرانباری ١٣٢٥ درێژەی هەبوو. بەڵام زۆربەی عەشیرەتەکان دژایەتێکی ئەوتۆیان نەبوو
لەگەڵ چەک کرانیان بە دەست ئەڕتەش،ئەوەی ئەوان لەبری دانان و ڕادەستکردنی
چەکەکانیان دەیانویست بەڵێنی دەوڵەت بوو ١. لە ئاست دەستدرێژی خێلە کوردەکانی
تورکیا و عێڕاق بیانپارێزێ و ٢. هێندێک چەکیان هەبێ بۆ بەرگری لە خۆیان.
(١٦٧) دەوڵەت ئەو داوخوازەی پەسند کرد.
ئەمەر خان، سەرۆکی عەشیرەتی شکاک، لە ٢٩-ی رێبەندانی ١٣٢٥ بە نوێنەرایەتی
عەشیرەتەکانی ژێر نفووزی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت هاتە تاران. بە پێی تێلگڕافی
بەرواری ١٠-ی ڕەشەمەی ١٣٢٥-ی ئالەن بۆ وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، بە دەم
ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان سەرکردەکانی ئەڕتەش و ئەمەر خان کران، ئیزن درا بە شکاکەکان
گشت چەکەکانی خۆیان ڕابگرن و لە چەک کردنی عەشیرەتە دراوسێکان دا یارمەتی ئەڕتەش
بدەن. (١٦٨)
سەلماندنی نیزامی ئاغا – ڕەعییەتی دەستەبەری سەلماندنی ستەم و زۆرداری خاوەنموڵکان
لە وەرزێرانیش دەبوو. وەرزێران باری ئەو زۆردارییە تاقەت پرووکێنەیان هێشتا تا
ساڵانێکی دواتریش بە کۆڵەوە بوو. تەنیا نموونەیەکی ئیعتیرازی چالاکانە کە
وەرزێرانی ناوچەی موکریان لەو چەند ساڵانە دا بەدژی سیستم کردیان لەبەر دەستگێڕانەوەی سەرۆک عەشیرەتەکانی
دێبۆکری و فەیزوڵابەگی لە قبووڵی قانوونێک بوو کە لە ساڵی ١٣٣١ لە سەروبەندی دەسەڵاتی
دەوڵەتی موسەدیق دا پەسند کرا و وەگەڕ کەوت. بە پێی ئەو قانوونە دەبوو لە سەدا
بیستی بەشی خاوەنموڵکان لە بەرهەمی زەوی بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان وەرزێران و
ئەنجومەنی دێیەکان دا دابەش کرا با. بەشداران لەو ئیعترازە دا وەرزێرانی دەوروبەری
مەهاباد و بۆکان بوون .ئیعترازی ئەوان کە تەنێ ڕەهەندی چینایەتی هەبوو لە دوای
هەشت مانگان سەرکوت کرا. (١٦٩)
چاککردنی زەوی و زار کە لە ساڵەکانی چلەوە دەستی پێکرد بوو تا سەرەتاکانی ساڵانی
پەنجا لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بوو لە
ناوچەی موکریانیش گورزێکی سەختی لە نیزامی ئاغا – ڕەعییەتی و عەشێرەیی دا.
دابەشکردنی نزیکەی دوو لە سێی زەوی کشتوکاڵی لە نێو وەرزێرانی بەش پێ پڕ، کردنی
پاشماوەی مڵکە ئەربابییەکان بەو زەوییانەی کە بە پێی پێوەندییە سەرمایەدارییەکان
دەچێندران ئاڵوگۆڕێکی گەورەی لە چینەکانی
خاوەنموڵک و وەرزێر دا پێک هێنا. باوەکوو ئەوەش کە چاککردنی زەو و زار بووە هۆی لە
دەستچوونی هێندێک لە ئیمتیازەکانی سەرۆک عەشیرەتەکان و لە ئاکام دا ناڕازی بوونی
هێندێکیان، بەڵام شا لە دڕێژەی سیاسەتی بە
ئی خۆ لێکردنی پێشوو حەولی دا ڕەزایەتی ئەوان وەدەست بێنێ. ئامادەیی سەرۆک
عەشیرەتەکانی گەورک و مامەش و هێندێک کەمتر ئی مەنگوڕ بۆ یارمەتی دان بە پاراستنی
پێوەندی حدک لەگەڵ ناوخۆ کە پەنای برد بوو بۆ عێڕاق نیشانەی ئەو ناڕەزایەتییە بوو.
(١٧٠) هاوکات لەگەڵ چاککردنی زەوی و زار،
هەنگاوی جۆر بە جۆر لە بواری خێراتر کردنی پەرەپێدانی ژێر خانی کۆمەڵایەتی، بەرهەم
هێنان، دابەش کردن، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، لەشساغی، و پەروەردە هەڵهێندرانەوە
کە بووە هۆی پەرەگرتنی شارشینی، گۆڕانی پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵ لە نەریتییەوە
بەرەو نیوەمۆدێرن، تێپەڕبوون لە پێوندییە عەشیرەتییەکان بەرەو پێوەندیی ئێتنیکی،
نەتەوەیی و وڵاتی و پەرەسەندی پێوەندییەکانی نێوان ناوەند و ئوستانە پەراوێزەکان و
ئەوانە گونجانی بزووتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ ئەو هەلومەرجە تازانەی دەهێنا گۆڕێ.
حکوومەتی ناوەندی لە بواری بانگەشە و تەبلیغاتیش دا چالاک بوو. جگە لەو خزمەتە
هاوتەریبانەی کە لە لایەن سپای زانست و لەشساغی بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی
ئیدێئۆلۆژی حکوومەتی ناوەندی لە ناو عەشیرەتەکان دا دەکرا ئەوە دامەزرانی پێگەی
ڕادیۆیی، پەرەپێدانی کارکردیان و دەنگیان و چاپەمەنییە دەوڵەتییەکان بوون کە
دەورێکی سەرەکیان دەگێڕا لەو بەرنامەیە دا. بڵاوکردنەوەی حەوتوونامەیەک بەناوی کوردستان
لە نێوان ساڵانی ١٣٣٧ تا ١٣٤٣ بە سەرنووسەریی دوکتور محەمەد سدیق موفتی زادە بەو
مەبەستە کرا. ئێحسان نووری پاشا، ڕێبەری ڕاپەڕینی ئاگری، یەکێک لە نووسەرانی ئەو
بڵاوکراوەیە بوو. (١٧١) جگە لەوە، وێستگەیەکی ڕادیۆیی لە ساڵی ١٣٣٩ دامەزرێندرا کە
تا ساڵی ١٣٥٧ بەرنامەکانی بە زمانی کوردی بڵاو دەکردەوە. دامەزرانی ئەو ڕادیۆیە
دەگەڕاوە ساڵی ١٣٢٥ کە لە تاران وەکار کەت و لە پێشدا بە شێوەزاری سۆرانی و دوایە
بە سۆرانی و کورمانجی بەرنامەی هەبوو.
بووژاندنەوەی حدک
یەکەم هەنگاونانەوە بۆ درێژە دان بە چالاکی حدک لەلایەن مەلا مستەفا
بارزانی و چەند کەس لە خوێندکارانی کورد
لە باکۆ کرا. بەڵام ئەو هەنگاوە زوو تێپەڕی و دوورخستەنەوەی بارزانی بۆ
قەزاقستان!! [ ئوزبەکستان، وەرگێڕ] و پەیوەست بوونی ئەو سێ خوێنکارە بە فیرقەی
دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لەو شارە دا کۆتایی هات. (١٧٢) ئەوەی درێژەی کێشا حەولێک
بوو کە هەر بەو مەبەستە لە سەرەتاوە لە دەوروبەری شارییانەی ناوچەی موکریان دا کرا
و دواتر ڕاگوێزرا بۆ عێڕاق و ئوڕووپای ڕۆژهەڵات. شارەکانی ناوچەی موکری لە دوای
هەڵوەشانی بە تۆبزی جمهووی هێشتا شوێنی لەبار بوون بۆ هەنگاوێکی ئەوتۆ. چونکە
بزووتنەوە لەو شارانە دا لە ناو نەچوو؛ بەڵکوو بە نهێنی کرا وبوو بە پێگەی
تێکۆشانی جەوانان بۆ بووژاندنەوە و زیندووکردنەوەی حدک. (١٧٣)
حدک ساڵێک دوای هەڵوەشان و ڕووخانی جمهووری و ئێعدامی قازییەکان و کادرەکانی دیکە
لە ئاستێکی پچووک و مەحفیلی دا بە دەست ژمارەیەلک لە جەوانان لە مەهاباد و سنە
زیندوو کرایەوە و بڵاوکراوەیەکی بە ناوی ڕێگا بڵاو کردەوە. عەبدولڕەحمان قاسملوو
لەو پێوەندییە دا باسی عەزیز یۆسفی، غەنی بلووریان و ڕەحیم سوڵتانیان دەکا (١٧٤) و
کۆچێراش ناوی قاسملوو خۆی، کەریم حیسامی، کەریم ئووەیسی و عەبدوڵا ئیسحاقی (
ئەحمەد تۆفیق) یان لێ زیاد دەکا. ئەو بڵاو کراوەیە تا گیران و ئێعدامی هێندێک لە
ئەندامانی ئەو گرووپە لە دوو ژمارە دا بڵاو کرایەوە. (١٧٦) رێگا وەکوو ئۆرگانی (
کۆمەڵەی ژیانی کورد) بە کوردی و فارسی بڵاو دەبووەوە و داوای خودموختاری دەکرد دە
چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک دا. (١٧٧) خەڵکی تر چوونە عێڕاق و لەوێ لەگەڵ حیزبی
کۆمۆنیستی عێڕاق و " پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان " پێوەندییان گرت کە لەو
وڵاتە دا چالاکی دەکرد و لە ٢٥-ی گەلاوێژی ١٣٢٥ وەکوو حیزبێکی سەربەخۆ دامەزرابوو.
(١٧٨)
بلووریان، بە ئیحتیمال هەر باسی ئەو گرووپە دەکا، کۆمەڵێک لە ئەندامەکانی هەر بەو
مەبەستە لە ١١-ی ڕەشەمەی ١٣٢٦ لە ماڵە وی کۆ دەبوونەوە. بەڵام لە پێکهاتەی گرووپێک
دا کە ئەو دەیناسێنێ ناوی دیکە هاتوون کە
لەو سەرچاوانەی دا کە پێشتر باس کران نابیندرێن. مەبەست لە محەمەد شاپەسندی، قادر
مەحموودزادە، عەزیز فەلاحی و سەدیق خاتەمی یە. بلووریان دەڵێ گرووپەکە بە مەبەستی
ڕاگەیاندن زیندووکردنەوە و بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک بەو مەبەستە داوای یارمەتی کرد لە حیزبی توودە و دوای ئەوەی
کە ئیحسان تەبەری پێی گوتن دەست لەو کارە بپارێزن. دەستیان کرد بە وەرگرتنی
یارمەتی لە " پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق". ئەوان لەوێ بە
دەسگایەیکی ڕۆنیۆ دەستیان کرد بە چاپی گۆواری ڕێگا کە ژمارەی یەکەمی لە هەوەڵی خەزەڵوەری ساڵی
١٣٢٧ دا بڵاو کراوە. هۆی ئەوەی کە ئەو گۆوارە وەک ئۆرگانی کۆمەڵە ناسێندرا و نەک
وەک ئۆرگانی حدک بۆ خۆ دزینەوە لە ڕاوەدوونان بوو. ئەو حەولانە بە پەلامارێکی
هەراوی هێزە ئەمنییەکان و گیرانی ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی گرووپەکە بۆ ماوەی
کاتی کۆتایی هات. بڵووریان دەنووسێ ژمارەی گیراوەکان ٣٠٠ کەس بوون. حەوت نەفەریان
لە دادگەیەکی عەسکەری دا مەحکووم کران. لەوانە خۆی ناردرا بۆ سەربازی و زیندان.
هەنگاوی دواتر بۆ زیندووکردنەوەی حدک بە ئیحتیمال لە ساڵی ١٣٢٩ لە لایەن شەش نەفەر
لە کادرەکان هەڵگیرا. لەو ساڵە دا چەند کۆمیتەی حیزبی لە مەهاباد، سەردەشت، سەقز،
نەغەدە و چەند دێ بە ڕێبەرایەتی کۆمیتەی مەهاباد پێک هات. (١٧٩)
کەریم حیسامی باسی دامەزرانی گرووپێکی دیکە دەکا بە ناوی " کۆمەڵەی لاوانی
لادێ" کە لە هاوینی ١٣٢٧ لە لایەن عەبدولقادر کوردی عێڕاقی، عەبدوڵا سوارە و
چەند کەسی دیکە دامەزرا. ئەو گرووپە لە هاوینی ساڵی ١٣٢٨ دا بڕیاری دا لەگەڵ
" کۆمەڵەی کۆمۆنیستی کوردستان "، بکەوێ کە پێشتر لە لایەن سوڵتان شێخ
ئاغایی، ڕەحیم سوڵتانیان و خەڵکی دیکە دامەزرابوو. ئەوان لە تاران پێوەندییان کرد
بە سەفاڕەتی شووڕەوەییەوە بۆ وەرگرتنی یارمەتی مادی ومەعنەوی. بەڵام سەفاڕەت
ئامۆژگاری کردن لەگەڵ حیزبی توودە بکەون، چونکە بوونی دوو حیزبی کۆمۆنیستی لە
وڵاتێک دا دروست نییە. لە ئاکام دا کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ڕێکخراوی خۆی هەڵوەشاند و
لەگەڵ حدک کەوت. حدک لەو سەروبەندە لە ڕاستی دا لقێکی ناڕوسمی حیزبی توودە بوو.
(١٨٠) ئاڵوگۆڕێک کە بەو ڕەوتە هاتە گۆڕێ ناوەرۆکی حدک ی لە سازمانێکی ئێتنیکی –
ناسیۆنالیستی تەواوە کردە حیزبێکی مارکسیستی – لێنینیستی لایەنگری شووڕەوی؛ حیزبێک
کە بەپێی پێویستی یان باوەڕیی دەبوو سیاسەتەکانی خۆی بە گوێڕایەڵی لە حیزبی توودە،
و حیزبی توودە بە گوێڕایەڵی لە شووڕەوی دیاری کرد با.
لە زەمانی سەرۆکوەزیری موسەدیق دا حدک توانییان نەفەسێکی ئازاد بکێشن ، بە شێوەی
نیوە نهێنی ئەندام وەربگرن و ئەو جۆرەی کە بلووریان دەڵێ، لەمەهاباد پشتیوانییان
لێ بکرێ و سەرنجێکی زۆریان بدرێتێ. حدک لەو دۆخە دا لە وەگەرخستنی خۆپیشاندانی خەڵک بە قازانجی
سیاسەتەکانی موسەدیق دەورێکی کاریگەری هەبوو. لەوانە خۆپیشاندانێک کە بۆ پشتیوانی
لە خۆماڵیکردنی سنعاتی نەوت بەڕێوە دەچوو، یان لە خۆپیشاندانی ڕۆژی کرێکار لە ١١-ی
مانگی بانەمەڕی ١٣٣١. ئەودەمی ژمارەی ئەندامانی حدک ١٥٠ نەفەر بوو. (١٨١)
حدک توانی لە چەند شار و لادێ کۆمیتەی سیفی و لادێیی پێک بێنێ و سەرانی تیرەکان،
عەشیرەتەکان و ئاغاکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ؛ هەر وەها چەتەکان ، قاچاغچی و
عەجەمەکان ( فارسەکان و تورکەکان) . بە قەولی بلووریان، چەتەکان خاوەنی هەستی
ناسیۆنالیستی و کوردی بوون. حدک جارێکیش توانی مانگرتنی دووکانەکان وەڕێ بخا،
هۆیەکەشی سووکایەتی ژاندارمێک بوو بە " حەزرەتی عومەر". حدک جارێکی دیکە
لە پێوەندی لەگەڵ قانوونی بیست لە سەدی بەشی کشتوکاڵی بە قازانجی وەرزێران تووشی
تێکهەڵجوون هات لەگەڵ خاوەنموڵکانی دژی ئەو قانوونە ولە رێفڕاندۆمی ڕۆژی ١٣-ی
گەلاوێژی ١٣٣٢ دا بە قازانجی موسەدیق خەڵکی هان دا. دژبەرانی هەڵوەشاندنی مەجلیس
لە مەهاباد هەر دەنگێکیان هەبوو. حدک لە هەڵبژاردنی خولی حەڤدەهەم دا خەڵکی هان دا
دەنگ بدەن بە کاندیدای حیزبی توودە، سارەمەدین سادق وەزیری کورد، و لە پاراستن و
چاوەدێری بەسەر سندووقەکانی دەنگدان دا بەشداری کرد. (١٨٢) سادق وەزیری زۆربەی
هەرە زۆری دەنگی وەدەست هێنا. بەڵام کاربەدەستان هەڵبژاردنی شاریان پووچەڵ کردەوە
و لە جیات سادق وەزیری، سەید حەسەن ئیمامی، ڕوحانییەکی شیعە مەزەبیان ناردە مەجلیس
کە تا ئەو دەمی قەتی چاو بەو مەکۆی هەڵبژاردنە نەکەوتبوو. (١٨٣) بە قسەی کۆچێرا
ئەو کارە لە بەر دەستێوەردانی شا کرا. (١٨٤) مەهاباد لە ڕێفڕاندۆمی مانگی گەلاوێژی
١٣٣٢ دا بەشداری کرد و جگە لە دەنگێک نەبێ دەنگی دا بە هەڵوەشانی مەجلیس. ژمارەی
دەنگە لەگەکان لەو شارە دا بە پێی قسەی
قاسملوو ٥ هەزار دەنگ بوو. (١٨٥) جگە لەوە حدک لە ١٥-ی جۆزەردانی ئەو ساڵە دا توانی کۆبوونەوەیەکی بەربڵاو لە دەرەوەی شاری
مەهاباد پێک بێنێ. لەو ڕۆژە دا لەبەر
پەلاماری ئەڕتەش بۆ سەر خۆپێشاندەران کەسێک کووژرا. خوپیشاندانی پڕۆتێست بە دژی
ئەو کارەی ئەڕتەش بووە هۆی گیرانی ٧٠
نەفەر. لە ئیعتیراز بەو کردەوەیەی ئەڕتەش ڕۆژنامە چەپ و میللییەکان لە تارانیش
بەشدارییان هەبوو. (١٨٦)
لە دوای کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژ حدک خۆی نهێنی کرد و لە دوو کۆمیتەی جیاواز لە
مەهاباد و سنە دا دەستی بە چالاکی کرد. (١٨٧) ئەو دوانە لە کۆنفڕانسێک دا کە لە شوێنێک لە دەرەوەی
مەهاباد لە مانگی مەی ١٩٥٥ ( بانەمەڕ/ جۆزەردانی ١٣٣٤) بە ئامادەیی ٢٠ نەفەر لە
ئەندامان پێک هات تێکەڵ بە یەک بوون. لەو
کۆنفڕانسە دا ڕاگەیاندرا کە حدک لەپێناوی
ڕووخاندنی سەلتەنەت، دامەزراندنی دەوڵەتێکی هەڵبژڕدراو بە ناسێنەی کوردی و ئازاد
کردنی هەموو کوردەکان خەبات دەکا. کۆنفڕانس ئیعترازی خۆی ڕاگەیاند بۆ پەروەردە بە
زمانی فارسی لە خوێندنگەکانی کوردستان، دانانی مەئموورانی نا کورد لەوێندەرێ و
دامەزراندنی حکوومەتی نیزامی.(١٨٨) بە ئەگەری بەهێز بڕیاردان بۆ بڕینی پێوەندی
لەگەڵ حیزبی توودە لە بەر زەربەیەک کە حدک ە بە گیرانی ئەندامەکانی و وشیاری ئەوان لەو بارەیەوە وێی کەوتبوو –
بابەتی سەرەکی ئەو کۆنفڕانسە بوو. یەکێک
لە هەنگاوەکانی حدک لەو قوناغە لە چالاکی خۆی دا بڵاو کردنەوەی بڵاوکراوەی
کوردستان بوو. ژمارەی یەکەمی لە ساڵی ١٣٣٣
لە ٢٠٠٠ نوسخە دا لەلایەن گرووپێک لە کادرەکانی حدک ، لەوانە غەنی بلووریان،
عەبدولڕەحمان قاسملوو و سەدیق ئەنجیری، بە یارمەتی فیرقە لە تەورێز بڵاو بووەوە.
بەڵام لە ٨ ژمارە زیاتر بەردەوام نەبوو. (١٨٩)
لەو بڵاوکرایەوە دا کوردستان وەکوو یەکەیەک جیا لە ئێران و عێڕاق و سووریا
داوخوازی ڕزگاریی لە زنجیری ئەو سێ وڵاتە بوو. بڵاوکراوەیەکە مەیلێکی سۆسیالیستی
هەبوو. بە گیرانی ڕۆژنامەکە، ١٥٠ نەفەر لە کادرەکانی حدک گیران و ٥٠ نەفەریان
محاکەمە کران. (١٩٠) کوردستان دواتر لە چەند خولی دیکە دا ، لە وانە لە ٢٤ ژمارە
(لە هەوەڵی ڕێبەندانی ١٣٤٤ تا خاکەلێوەی ١٣٤٩) دا لە پڕاگ بە خەرجی حیزبی
توودە و بەرپرسیارەتی سیاسی ئەردەشێر ئاوانێسیان،
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە، بڵاو بووەوە. (١٩١)
جارێکیش لەقالبی چالاکی فیرقە لە باکۆ ، لە نێوان سەرماوەزی ١٣٢٦ تا بانەمەڕی
١٣٤٠، وەکوو لاپەڕەیەک لە چوار لاپەڕەی ڕۆژنامەی ئازەربایجان، بە زمانی کوردی
وەکوو ئۆرگانی حدک بڵاو بووەوە، ئەو جار لە ١٣٣٧ ژمارە دا. ڕای قاسملوو لە مەڕ ئەو
خولەی ڕۆژنامەکە دا نێگاتیڤە. ئەو دەنووسێ تەنیا خوێنەرەوەی ئەو بەشە لە ڕۆژنامە
نووسەرەکانی بوون. لەو ڕۆژنامەیە دا، کە دەنگوباسی نادروستی سەبارەت بە کوردستان
تێدا بوو، بۆچوون بۆ کوردستان وەک بەشێک لە ئازەرباجان بوو. (١٩٢) کوردستان دوا
جار لە ساڵی ١٣٥٤ لە بەیڕووت بڵاو بووەوە. حیسامی نانووسێ لە چەند نوسخە و چەند
ژمارە دا. (١٩٣) وا وەبەرچاو نایە کە لە چەند ژمارە زیاتر بووبێ.
هەرچەند زەربەی ساڵی ٣٤ تەئسیری
ڕاستەوخۆی نەبوو لە سەر ئەو ئەندامانەی کە توانیبوویان ڕابکەن بۆ عێڕاق، بەڵام
چەند دەستەیی و دابڕ دابری کە لە نێوان ئەواندا پێک هاتبوو لە عێڕاق دەرفەتێکی
زیاتری بوو بۆ ئەوەی وەڕوو بکەوێ. هۆی سەرەکی ئەو چەند دەستەیی بوونە مەیلی ئێتنیکی – ناسیۆنالیستی
کۆنەپارێزی هێندێک لە ئەندامان لە لایەکەوە و مەیلی ئێتنیکی – ناسیۆنالیستی کۆمۆنیستی
هێندێکی دیکە لە ئەندامان بوو. ئەوانیدی لە نێوان ئەو دوو لایەنە دا بە ڕێی خۆیان
دا دەڕۆیشتن. خیلاف و دووبەرەکییەکان لە
کۆنگرەی دووەمی حدک دا هاتە ڕوو کە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٤٣ (نۆڤامبری ١٩٦٤) لە
ناوچەی سونێ لە عێڕاق پێک هات. کۆنگرە بە ڕێ نەدان بە ژمارەیەک لە کادرەکانی باڵی
کۆمۆنیستی و قبووڵ و پشتیوانی و کاریگەری مەلا مستەفا بارزانی لەو کارە دا بەڕێوە
چوو و عەبدوڵای ئیسحاقی وەکوو دەبیری یەکەمی حدک هەڵبژارد. لەوساڵە دا
بارزانی کە لە ساڵی ١٣٣٧ لە سۆڤییەتەوە گەڕابووەوە عێڕاق وردە وردە دەستی
بە خەباتێکی تازە بە دژی ڕێژیمی عێڕاق دەکردەوە. ئەو لەو خەباتە دا پشتیوانی
ئێرانی لەگەڵ بوو. هۆی ئەو پشتیوانییە، خیلاف لە نێوان حکوومەتەکانی ئێران و عێڕاق
بوو کە پەیتا پەیتا تا ساڵی ١٣٧٤ بەردەوام بوو. بارزانی لەبری ئەو پشتیوانییە نەک
هەر نەیهێشت کادرە کۆمۆنیستەکان لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بن، بەڵکوو پێشی
چالاکییەکانی دیکەی ئەوانیشی گرت لە عێڕاق
دا. ئەو تا ئەوەندە چووە پێشێ کە هێندێک لەوانی گرت و ڕادەستی دەوڵەتی ئێرانی
کردنەوە.
" کۆنگرە بە حەولی عەبدوڵای ئیسحاقی، قازیی محەمەدی بە تاوانی
"خیانەت" و پێشکەوتووخوازانی کۆمیتەی ناوەندی ١٩٥٤- ی بە تاوانی "
لادان " مەحکووم کرد". (١٩٤)
کودەتای ١٤-ی ژووییەی ١٩٥٨ ( ٢٣-ی پووشپەڕی ١٣٣٧) لە عێڕاق لە ئێران و بە تایبەتی
لە کوردستانی ئێران، زۆر دەنگی دایەوە. " بزووتنەوەی کوردی لە ئێران دیسان
دەستی کرد بە پەرەگرتنێکی خێرا". بەڵام ئەو ڕەوتە درێژەی نەبوو. لە پاییزی
ساڵی١٣٣٨دەوڵەتی ناوەندی جارێکی دیکە دەستی کرد بە سەرکوتی ئەو بزووتنەوەیە. لە
شارەکان و لادێکان بە سەدان کرێکار، وەرزێر، موعەلیم و ڕێبەری دینی گیران. (١٩٥)
ژمارەیەکیش ڕایان کرد بۆ عێڕاق. بلووریان دەنووسێ حیزب لە بەر ئەو هێرشە وردە وردە
نەما، بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە لە نێوان ساڵانی ١٣٣٨ تا ١٣٥٧ خەباتی سیاسی لە کوردستان
وەک گۆڕستان بێدەنگ بوو. ئاکامەکەی ئەوە بوو کە حیزب لە ساڵی ٥٧ یانی کاتێک کە
پەنابەرەکان گەڕانەوە ئێران لە گەڵ بۆشاییەک ڕووبەڕوو هاتن، تا ئەو جێیەی کە حدک
لە ساڵی ١٣٥٧، لە کاتی خۆپیشاندانەکان بە دژی ڕێژیمی شا، " لە ناوچەی
کوردستان چالاکی نەبوو".(١٩٦) کۆچیراش دەنووسێ گیرانەکان بووە هۆی ئەوە کە حدک بە کردەوە ڕێبەرایەتی
نەبێ. (١٩٧) بەڵام لە بیرەوەرییەکانی حیسامی و قاسملوو دا باسی هێندێک حەول دەکرێ
کە لە دووی ئەو بێدەنگییە تەواوە نادا. لە خوارەوە ئاماژە دەکرێ بە هێندێکیان.
هۆی گیرانەکانی ساڵی ١٣٣٨ تێکەڵی و دیسان بەیەکەوە لکانی کادرەکانی حدک و حیزبی
توودە بوو و لە ئاکام دا عەبباس شەهریاری، ئەندامی کۆمیتەی ئەیالەتی حیزبی توودە و
جاسووسی ساواک پێوەی کردن. شەهریاری بەو زانیارییانەی کە لە رێگای حیزبی توودەوە
سەبارەت بە ئەندامانی حدک پەیدای کرد بوو ئەوانی دا بە ساواک. بلوریان دەڵێ: " ئێمە هەموو کارەکانی
خۆمان بۆ ڕێژیم ڕوو کردبوو . تەنانەت حەولمان نەدابوو کادرەکانی سەرەوەی حیزب بە
نهێنی بمێننەوە". هەر ئەو لە لاپەڕەیەکی دیکەی بیرەوەرییەکانی دا دەڵێ:"
ئەو زەمانی کە ئێمە گیراین حدک ٣٠٠٠ ئەندامی هەبوو". لەو کەسانەی گیرا بوون
عەزیز یۆسفی، ڕەحمەت شەریعەتی،غەنی بلووریان و ئیسماعیل قاسملوو لە پێشدا حوکمی
ئێعدامیان بۆ بڕایەوە، بەڵام حوکمەکە داشکا و بوو بە زیندانی هەتاهەتای. هۆی ئەو
داشکانە، حەولی دۆستانی کورد لە دەرەوەی ئێران و هەڕەشەی
" سەرۆک، بارزانی" بوو
بۆ تۆڵە سەندنەوە. (١٩٨) ئەو داشکاندنی حوکمە لە لایەن شاوە دیارییەک بوو بە بۆنەی
لەدایکبوونی کوڕەکەی، ئەو کەسانەی کە حوکمی قورسیان بۆ بڕابووەوە دواتر هێندێکیان تۆبەنامەیان نووسی،
ژمارەیەکیان دژایەتی ئەو زیندانییانەیان کرد کە خۆڕاگر بوون و وەک پۆلیس
جووڵانەوە. ئەوان ڕێگایان نەدەدا کەس لەو ژمارە کەمە زیندانییانەی کە خۆ ڕاگر بوون
نزیک بێتەوە.(١٩٩)
یەکێتیی نێوان ئیسحاقی و بارزانی تا ساڵی ١٩٦٦ (٤٦ -١٣٤٥) بەردەوام بوو. لەو
ماوەیەدا بارزانی بە هەڕەشەوە داوای لە حدک دەکرد گشت چالاکییە دوژمنانەکانی خۆی
بە دژی شا هەڵپەسێرێ. بەڵام باڵی چەپی حیزب ئەو هەڕەشەیەی نەپەژراند و بە
پێکهێنانی " کۆمیتەی شۆڕشگێڕ" و لادانی ئیسحاقی لە مارسی ١٩٦٧( ڕەشەمەی
٤٥/خاکەلێوەی ٤٦) خەباتێکی تازەی دەست پێکرد. یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە
عەبدولڕەحمان قاسملوو ، دەبیری یەکەمی دواتری حیزب، بوو. نافەرمانی ئەو کۆمیتەیە
بووە هۆی ئەوە کە بارزانی ئەو ئەندامانەی کە هێشتا لە عێڕاق بوون لەوێ دەر بکا. لە
ئاکام دا نزیکەی سەد کەس لە وان گەڕانەوە ئێران و لە سێ کوچکەی نێوان مەهاباد،بانە
و سەردەشت کۆ بوونەوە. بوونی ئەوان لەو ناوچەیە هێندە بەردەوام نەبوو و لە دوای ١٨
مانگ ئۆپێڕاسیۆنی عەسکەری بە دژی هێزە دەوڵەتییەکان لە هاوینی ساڵی١٣٤٨ کۆتایی هات. لە یازدە
ئەندامی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ پێنج کەسیان لەوانە شەریفزادە،شەڵماشی و عەبدوڵا موعینی
لە هاوینی ١٣٤٧ کووژران و دوو کەسی دیکەن گیران. سولەیمان موعینیش لە کاتی
گەڕانەوە لە ئوڕووپا کاتێک دەیویست لە سنوور دەرباز بێ لە لایەن چەکدارانی
بارزانییەوە گیرا و ئێعدام کرا. مەیتی سولەیمانیان تەحویلی کاربەدستانی ئێران دا.
ئەو یەکێک لەو کەسانە بوو (زیاتر لە چل نەفەر) کە مەلا مستەفا یا کوشتنی یان
تەحویلی ئێرانی دانەوە. (٢٠٠) قاسملوو دەنووسێ لەو ساڵانە دا حدک تەسلیمی دەسەڵاتی
بارزانی بوو، ڕیبازی پێشکەوتووی
خۆی بەلاوە نا و بە تەواوی بوو بە حیزبێکی نەتەوەپەرست. چالاکی حیزب لەو سەروبەندە
دا ڕاگیرا بوو و هێندێک بڵاوکراوەی بەرتەنگی کە بڵاوی دەکردەوە تەنیا تەرخان
کرابوو بۆ بارودۆخی کوردستانی عێڕاق.
(٢٠١)
بە دوای ئەو ڕووداوانە دا،پاشماوەکانی حیزب لە کۆنفڕانسێک دا کە لە ساڵی ١٣٤٨ دا گرتیان بە ڕەسمی ئیسحاقی یان لە حیزب
دەر کرد. حیزب دیسان بەرەو چەپایەتی چوو. لە کۆنفڕانسی سێیەمی حیزب کە لە
جۆزەردانی ١٣٥٠ دا بەڕێوەچوو (٢٠٢) ئامادەبووان قاسملوویان وەک سکرتێری گشتی حیزب
هەڵبژارد. ئەو کۆنفڕانسە بە کەلک وەرگرتن لە خیلاف و دژایەتی نێوان شا و سەدام
حوسێن و ئەو ئیمکاناتەی کە حدک بۆ مانەوە و چالاکی خۆی لە عێڕاق وەدەستی هێنابوو
لە بەغدا بەڕێوە چوو. لەو کۆنفڕانسە دا ئەو ڕێبەرانەی کە لە ساڵی١٩٦٠ بە دواوە
ناچار ببوون لە ئوڕووپا،سووریا و لوبنان بژین بەشدار بوون. لەو کۆنفڕانسە دا
ئەساسنامە و بەرنامەی تازەی حدک پەسند کرا. بڕیارەکانی ئەو کۆنفڕانسە لە کۆنگرەی
سێیەم دا کە لە خەرمانانی ١٣٥٢ بەڕێوە چوو، تەئید کرا. لەو کۆنگرەیە دا بوو کە حدک
دروشمی " دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان"ی پەژراند و
خەباتی چەکدارانەی هێنا ناو بەرنامەی خۆی. (٢٠٣) بڕیار بۆ خەباتی چەکدارانە پێشتر
لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی لە ساڵی ١٩٧٢ (١٣٥١) درابوو. بەڵام بەکردەوە
بێدەنگەی لێ کرا. هەر وەها گەڵاڵەیەکیش کە قاسملوو لە سەر بنەمای نامیلکەیەکی
موجاهیدین لە ساڵی ١٣٥٥ بۆ دەستپێکردنی
خەباتی چەکدارانە ئامادەی کرد بوو. (٢٠٤)
کۆنگرەی سێیەم بە ڕای قاسملوو نوختەی وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی حدک دا. لەو
کۆنگرەیە دا خۆی وەک
" پێشەنگی گەڵ " لە کوردستانی ئێران ناوزەد کرد و ڕای گەیاند کە لەگەڵ
هێزە پێشکەوتووەکانی هەموو گەلانی ئێران دژی ئەمپریالیزم و سەلتەنەتی کۆنەپەرست بە
مەبەستی ڕزگاری ئێران و دابین کردنی مافی گەلی کورد لە پێناو خودموختاری لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک دا خەبات دەکا. لەو
دۆخە دا گشت سەرزەوی کوردستانی ئێران لە
لایەن حکوومەتێکەوە بەڕێوەدەبردرێ کە لە ئاکامی ئەو خەباتە هاوبەشە دا پێک دێ،
سنوورەکانی کوردستانی ئێران لە سەر بنەمای
هۆکارە مێژوویی، جوغرافیایی و ئابووریەکان و ویستی زۆربەی هەراوی دانیشتووانی ئەم
سەرزەوییە دیاری دەکرێ؛ بڕیار دان لە سەر هەموو کاروباری لەمەڕ سیاسەتی دەرەوە و
بەرگری و بەرنامەکانی پەرەسەندنی ئێران بە گشتی بە دەست حکوومەتی ناوەندی ئێرانە و
لە هەموو بوارەکانی دیکە دا بەرپرسیارەتی تەواو ئی حکوومەتی خودموختاری نەتەوەیی
دەبێ؛ نوێنەرانی حکوومەتی خودموختاری نەتەوەیی کوردستان دە کاروباری حکوومەتی ناوەندی دا بەشدارییان دەبێ؛ کوردی
دەبێتە زمانی ڕەسمی حکوومەتی خودموختاری نەتەوەیی کوردستان؛ بەڕێوەبردنی کاروباری
حکوومەتی ناوچەیی و پەروەردە لە هەموو پلەکانی خوێندن دا بە زمانی کوردی بەڕێوە
دەچێ؛ زمانی فارسیش وەکوو زمانی ڕەسمی لە حکوومەتی خودموختاری کوردستان دا ڕەچاو
دەکرێ و هاو تەریب لەگەڵ زمانی کوردی لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی بەدواوە
دەگوترێتەوە؛ هەموو کەمایەتییە نەتەوایەتییەکان لە حکوومەتی خودموختاری کوردستان
دا هەموو مافگەلی فەرهەنگیان دەبێ؛ حکوومەت و دین لە یەکدی جیاوازن و ئازادی
باوەڕی بۆ هەموو دینەکان دەستەبەر دەکرێ و دووچاوکی ڕەگەزی و دینی پاوان دەکرێ.
(٢٠٥) بە ڕای عەبباس وەلی کۆنگرەی سێیەم کۆنگرەی سەرکەوتنی چەپی مارکسیست لە حدک
دا و نوختەی لووتکەی خەباتێک بوو کە لە
سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ کان (١٣٢٩) را تا ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ ( ١٣٣٩ تا ١٣٢٩) درێژەی هەبوو.
((٢٠٦)
کۆنگەی سیێەم جگە لەوە بەرنامەیەکی لانی کەمیشی پەسند کرد کە مەبەست لەوە سازکردنی
پلاتفۆڕمێکی سیاسی بوو بۆ یەکگرتن لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی
ناوەندی. ١. ڕووخاندنی ڕێژیمی دیکتاتۆڕی لایەنگری ئەمپریالیزم؛ ٢. دامەزراندنی
حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک و نیشتماندۆست؛ ٣.دەستەبەر کردنی ئازادییە دێمۆکڕاتیکەکان
بۆ هەموو خەڵکی ئێران؛٤. پەژراندنی مافی سەرکوتکراوی خودموختاری مەردم لە
چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران دا؛ ٥. پشتیوانی لە هەموو بزووتنەوە ئازادیخوازە نەتەوەییەکان
و مافی خودموختاری هەموو خەڵک؛ ٦- دامەزراندنی حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک و نیشتمان
دۆست لە سەر بنەمای ڕێز گرتن و پەژراندنی حاکمییەتی میللی و دەستێوەرنەدانی لە
کاروباری ناوخۆیی کە بناغە دانەری پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ گشت وڵاتە سۆسیالیستی و
دژە ئەمپریالیستییەکان دەبێ.
پەسند کردنی بەرنامەی لانی کەم نیشانەی گرینگییەک بوو کە حدک – بە پێچەوانەی
سەروبەندی یەکەمی چالاکی خۆی لە مەهاباد و ساڵەکانی دوای ئەو – دەیدا بە یەکگرتن
دەکردەوە و هاوخەباتی دا لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە. " خەباتی گەلی
کورد ناتوانێ سەرکەوێ تا ئەو کاتەی کە لە پاشماوەی خەڵکی وڵات دوور
بێ". لێرە دا قاسملوو لاری خۆی نیشان دەدا لەگەڵ ئەو باوەڕەی کە کوردەکان دۆستیان نییە و
ڕادەگەیێنێ کە" کوردەکان دۆستییان یەکجار زۆرە بەڵام
دۆزینەوەیان بەستراوەتەوە بە پەیداکردنیان، بە تایبەتی لە وڵاتێک دا کە تێیدا دەژین [...] گەلانی تورک، عەڕەب و فارس دۆستانی گەلی کوردن، نەک دوژمنیان".
یەکێکی دیکە لە پەسندکراوەکانی کۆنگرە ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداری وەکوو "
تەنیا ئامرازەی گەیشتن بە ئامانج" بوو. " لە حکوومەتی شا دا جێگایەک بۆ
دێمۆکڕاسی یان مافی نەتەوەیی خەڵکی سەرکوتکراو نییە". (٢٠٧)
باوەڕیی
قاسملوو لەو مەقالەیە دا بە هەبوونی دۆستان و پێشکێش کردنی بەرنامەیەکی لانی کەم
بۆ یەکگرتن لەگەڵ هێزە دێمۆکڕات و دژە ئەمپریالیستییەکان، لە سەر بنەمای
لێکدانەوەیەکی خۆشبینانە و بەتاڵووکە بوو لە سەر ئەو هێزانە. لەو لێکدانەوەیە دا، ئەوە
سازمانی موجاهیدینی گەل و چریکە فیداییەکانی گەلن
کە زیاترین نومرەی دۆستایەتی لە قاسملوو وەردەگرن. سازمانی موجاهیدین
" لە دوای ئەوەی کە بڕیاری داوە بۆ خەباتی چەکدارانە دیارە هۆگری هەیە بۆ
گەلانی زوڵملێکراوی ئێران، بە تایبەتی کوردەکان، ئەوانەی کە لە بەر وەزعی نەتەوەیی
و جوغڕافیایی تایبەتی خۆیان هێزێکی توانایەکی گرینگ لە خەبات بە دژی ڕێژیمی شا دا
پێک دێنن". ڕێبەران و بیرمەندانی
سازمانی چریکە فیداییەکانی گەڵ کە لە ڕێبەندانی ١٣٤٩ لە سیاهکەل خەباتێکی
چەکدارانەیان دەست پێکرد و خەباتیان بە شێوەی دەستەی چریکیی شاری درێژە پێدا
" لە ڕوانگەی دەست پێکردنی کاری خۆیان سەرنجێکی تایبەتییان داوەتە سەر
مەسەلەی نەتەوەیی". ئەوان خاوەن ڕیشەن لە وڵات دا و ڕێبازێکی شۆڕشگێڕانە و
لێبڕاوانەیان وەبەر گرتووە. هاوپەیمانێکی دیکە، کۆنفێدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی
یە کە سەرەڕای گیر و گرفت و لێک دابڕانەکانی ناوخۆیی، باوەڕی بە هەبوونی ستەمی
نەتەوەیی [ لە ئێران] هەیە و ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ خەبات لە پێناو
نەهێشتنی. بەڵام سازمانەکانی جەبهەی میللی لە دەرەوەی وڵات
" قەت بوونی مەسەلەی نەتەوەییان لە ئێران نەپەژراندووە". لە بەرنامەی
جەبهەی میللی دا کە لە ساڵی ١٣٥١ بڵاو
کراوە " هیچ جۆرە ئاماژەیەک بە ستەمی نەتەوەیی نەکراوە". بەرنامەی
کۆنگرەی سێیەم لە سەر بنەمای پێش نووسێک تەئیید کرا کە کۆنفڕانسی سێیەمی کۆمیتەی
ناوەندی حدک لە ٣٠-ی خەرمانان تا ٤-ی ڕەزبەری ١٣٥٠ ( ٢٢ تا ٢٦-ی سێپتامبری ١٩٧١)
گەڵاڵە و پەسند کرا بوو. بە قسەی کۆچێرا زمانی پێش نووسەکە لەگەڵ ئەوەی لە
بڵاوکراوەی کوردستان ئی ساڵی ١٣٣٣ دا دەیخوێنینەوە فەرقی هەیە. (٢٠٨)
بەڵام چاوڕاکێشترلە هەموان، لێکدانەوەی قاسملوویە سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی توودە
لەمەڕ مەسەلەی نەتەوەیی. چاوڕاکێشتر و لەهەمان کات دا ناکۆکتر، لەو ڕووەوە کە تیشكێکیش دەخاتە سەر مەسەلە لە ڕوانگەی حدک
وە لەو قۆناغە دا. قاسملوو دەنووسێ: گرفتی سەرەکی هەڵوێستی حیزبی توودە – ئەو
جۆرەی کە لە بەرنامەی پەسندکراوی ساڵی ١٣٥٤-ی ئەو حیزبە دا دەبیندرێ – ئەوەیە کە
بە پێچەوانەی ئەو پشتیوانییەی کە لە ساڵانی ٢٥- ١٣٢٤ لە بزوتنەوە دێمۆکڕاتیکەکانی
ئازەربایجان و کوردستان یان دەکرد، لە دوای ئەوە ڕوویان لە خۆ پارێزی ناوە. شاهیدی
ئەم ئاڵوگۆڕەش، تەنێ تەرخان کردنی دوو بڕگەیە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی لەو بەرنامەیە
دا؛ ئەویش بە قسەی وا کە شیاوی پەژراندن نین. لەوانە بە ڕای حیزبی توودە خەڵکی ئێران
چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە. ئەوە لە کاتێک دایە کە ئەو چارەنووسە بەسەریان دا
سەپاوە. یان ئەوەی کە خەڵکی ئێران فەرهەنگێکی هاوبەشیان هەیە. ئەوە لە کاتێک دایە
" ئەو فەرهەنگەی کە لە ئێرانی ئەمڕۆ دا قەبووڵ کراوە فەرهەنگی میللەتی زاڵ
یان فەرهەنگی فارس ە. ئەو فەرهەنگە نەک هەر ئی کوردەکان و خەڵکی تر نییە، بەڵکوو
فەرهەنگی نەتەوەیی ئەوانیش پێشێل کراوە؛ مێژووی ئەوانیان چەواشە کردووە و مێراتی
فەرهەنگی ئەوانیان بە فارسەکان بڕیوە". گرفتی دیکەی بەرنامەی حیزبی توودە
ئەوەیە کە باوەڕی بە نەتەوە بووینی ئێتنیکە زۆرلێکراوەکانی ئێران نییە؛ باسی مافی
دیاریکردنی چارەنووس دەکا، بەڵام لە مافی جوێبوونەوەی ئەوان نادوێ. بەرنامەی حیزبی
توودە بەرگری لە یەکپارچەیی ئەرزی و دابین کردن و سەقامگیر کردنی سەربەخۆیی
ئابووری [ئێران] دادەگرێتەوە. بەڵام " چۆن دەکرێ داوخوازی وەدیهاتنی مافی
دیاریکردنی چارەنووس بکرێ، لە حاڵێک دا کە هاوکات باس لە خەبات بکرێ لە پێناو
پاراستنی یەکپارچەیی ئەرزی؟ حیزبی توودە چ هەڵوێستێکی دەبێ کاتێک یەکێک لە گەلانی
ژێر ستەمی ئێران بییەوێ بە کەلکوەرگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بڕیاری
جوێبوونەوە لە ئێران بدا و وڵاتی خۆی سازبکا؟". (٢٠٩) قاسملوو ڕوونی ناکاتەوە
کە چلۆن ئەو و حدک دەیانتوانی هیوایان بە خەباتی هاوبەش بە دژی ڕێژیمی شا هەبێ
کاتێک کە تەنانەت حیزبی توودە ئامادە بوو درز تێکەوتن لە یەکپارچەیی ئەرزی ئێران
قبووڵ بکا و حدک خۆشی لە هێنانە گۆڕی ئەوە نەک لە بەرنامەی لانی کەمی خۆی دا،
بەڵکوو لە مەرامنامەی کۆنگرەی سییەمیشی دا دەستی دەپاراست.
پێشتر پێوەندیی حیزبی توودەمان لەگەڵ حدک تا کۆتایی هاتنی تەمەنی کۆماری کوردستان
لێک دایەوە و سنوورەکانی پشتیوانی ئەومان
لە ئەم نیشان دا. ئێستا دەتوانین درێژە بدەین بە شرۆڤە کردنی ئەو پێوەندییە لە
دوای ئەو کۆتایی هاتنە. ححدک لەلایەن ئەو جەوانانەوە ژیایەوە کە مەیلی
ئێدێئۆلۆژیکیان هەبوو بۆ کۆمۆنیزمی سۆڤیێتییانە و لەگەڵ حیزبی توودە هەستیان بە
هاوپێوەندی دەکرد. ئەو هەستە لە لایەکەوە تا ئەوەندە چوو کە بۆ ماوەیەک حدک ی کرد
بە لقێک لە حیزبی توودە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، پێشی بە توانەوەی ئەو حیزبە گرت لە
حیزبی توودە دا. هۆیەکەی، بەرپەرچدانەوەی هێندێک لە داوخوازە لانی زۆرەکانی –
ئێتنیکی لە لایەن حیزبی توودەوە بوو. کاری
دڵمەندییەک کە لە بەر ئەوە لە نێوان دوو حیزبەکە دا ساز ببوو ئاخری کێشایە
جوێبوونەوە و لە هەنگاوی دواتر دا دوژمنایەتی. ژیاندنەوەی حدک بە قسەی بلووریان لە
ساڵی ١٣٢٦ دا بوو. ئەوانەی حدک یان ژیاندەوە بە کەلکوەرگرتن لە تاکوتەرای زاناتری
[حیزبی توودە] کردیان لە شێوەی بەڕێوەبردنی حیزب و سیاسەت دا. (٢١٠) حدک لە ساڵی
١٩٤٨ (١٣٢٧) لە ڕاستیدا لقێک بوو لە حیزبی توودە لە کوردستان. ئەو کەسانەی ئەندامی
حدک لە مەهاباد ئەگەر چووبانە تاران و لەوێ ژیابان یەکسەر دەبوونە ئەندامی
حیزبی توودە. (٢١١)
پێشتر ئاماژەمان بە ئامۆژگاری سەفاڕەتی شووڕەوی بە کۆمیتەی کۆمۆنیستی کوردستان کرد.
کۆمیتە بە ڕەچاوکردنی ئەو ئامۆژگارییە گرووپەکەی خۆی لە ناو حدک دا، کە لەو سەروبەندە
دا (ساڵی ١٣٢٨) دە ڕاستیدا ڕێکخراوی ناڕەسمی حیزبی توودە بوو، تواندەوە. حدک لەو
ساڵە دا لەبەر پێڕۆیی کردن لە حیزبی توودە
ئیدی نە باسی لە مافی نەتەوەیی و فەرهەنگ و
زمانی کوردی دەکرد و نە بڵاوکراوەیەکی بە زمانی کوردی بڵاو دەکردەوە. (٢١٢)
قاسملوو، سکرتێری گشتی دواتری حدک، کاتێک کە لە ساڵی ١٣٣٠ لە پڕاگەوە گەڕاوە ئێران وەکوو ئەندامێکی حیزبی
توودە پێوەندی بە حدک وە کرد و بوو بە ناوبەینکاری هاوکاری ئەو دوو حیزبە لەگەڵ
یەکتری. قاسملوو ڕەسمییەتی دا بە پێوەندیی نێوان حدک و حیزبی توودە. لەو سەروبەندە
دا ئەندامانی حدک بە نهێنی ڕۆژنامەکانی حیزبی توودەیان بڵاو دەکردەوە. (٢١٣)
پێوەندیی حدک و حیزبی توودە تا ساڵی ١٣٣٤ بەردەوام بوو. گیرانی ژمارەیەکی زۆر لە
ئەندامانی حدک کە لەبەر نفووزی ساواک لە حیزبی توودە دا ڕووی دا بوو
ڕێبەرایەتی حدک ی وا لێکرد پێوەندی خۆی لەگەڵ حیزبی توودە بپچڕێنێ. ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەک دا درا کە لە بەهاری ساڵی ١٣٣٤ بە ئامادەیی غەنی
بلووریان، عەبدولڕەحمان قاسملوو،سەدیق ئەنجیری، عەبدوڵا ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق) و
هاشمی ئەقەلوتولاب (قادر شەریف) ئەنجام درا. بڕیاردەران لە نامەیەک دا کە بۆ
ڕێبەرایەتی حیزبی توودەیان نووسی، ڕەخنەیان گرت لە بێ عەمەلی بوون و دەست لە سەر
دەست دانانی حیزبی توودە لە ڕۆژی ٢٨-ی گەلاوێژی ١٣٣٢. (٢١٤) ئەوان لە هەمان کات دا
بڕیاریان دا کە لەوەولا ڕاستەوخۆ پێوەندی بکەن لەگەڵ یەکێتیی شووڕەوی. ئەوان
نامەیەکیان بەو ناوەرۆکەوە بۆ ڕێبەرایەتی شووڕەوی نووسی. (٢١٥) لەگەڵ ئەوشدا،
قاسملوو پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبی توودە پاراست. ئەو پێوەندییە لە هەنگاوەکانی
دواتر دا ئەوەندە چووە پێشێ کە حیزبی توودە داوای کرد حدک لەناو حیزبی توودە دا
بتوێتەوە. هۆیەکەش هەر ئەوە بوو کە لە بەرانبەر فیرقە دا ڕایدەگەیاند: نەگونجانی
بوونی دوو حیزبی چینی کرێکار لە وڵاتێک دا. ئەو داوخوازە نیشانەیەکی ئاشکرا بوو بۆ
ئەوەی کە لەو سەروبەندی دا حدک ببوو بە حیزبێکی کۆمۆنیستی لایەنگری شووڕەوی. گشت
ئەندامانی ڕێبەرایەتی حدک لەگەڵ ئەو داوخوازە ڕێک نەبوون. لەئاکام دا ئەو
تێکەڵبوونە سەری نەگرت. بەڵام هەر دووک حیزب درێژەیان دا بە هاوکارییەکانی خۆیان؛
لەوانە بەشێوەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان لە هەوەڵی ڕێبەندانی ١٣٤٤ (١٩٦٥)
تاکوو خاکەڵێوەی ١٣٤٩(١٩٧٠) لە ٢٤ ژمارە دا. (٢١٦) هەر وەها بە شێوەی هاوکاری هەر
دوو حیزب لە ڕادیۆی پەیکی ئێران دا. لە سەرەتاکانی فێڤرییەی ١٩٦٨ ( ناوەڕاست
ڕێبەندانی ١٣٤٧) لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نوێنەرانی دەفتەری سیاسی حیزبی توودە و
کۆمیتەی شۆڕشگێری حدک لە عێڕاق ڕاگەیێندرا کە لەو ئەو دوو حیزبە دا لەمەر" هێڵە سەرەکییەکانی ڕێبازی سیاسی
دا" هێچ جیاوازییەک نییە. هەر دووک لا بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە
بەشێک لە بزووتنەوەی گشتی گەلانی ئێران دەزانن. حدک خەباتی هاوبەشی هەموو گەلانی
ئێران بە دژی ئەمپریالیزم و ڕێژیمی دژی دێمۆکڕاتیک و دژی میللی شا بە
ئامانجی سەرەکی خۆی دەژمێرێ." هەر دووک حیزب باوەڕی پتەویان هەیە بە پرێنسیپی
لێنینی مافی دیاریی کردنی چارەنووسی نەتەوان بە دەست خۆیان و پێیان وایە کە گەلی
کورد وەکوو گەلانی دیکەی ئێران مافی هەیە چارەنووسی خۆی بە دەست خۆی دیاری بکا.
دروشمی نەتەوەیی حدکا بریتی یە لە دابین کردنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد لە
کوردستانی ئێران لە سنووری چوارچێوەی وڵاتی ئێران دا. ئەو ئامانجە بە شێوەی
یەکگرتنی دڵخوازانەی گەلانی ئێران لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی تاقانە (یەکگرتنی
فێدراتیڤ) دەردەکەوێ". هەر دوو حیزب ڕاپەڕینی چەکدارانە بە هەنگاوێکی خۆ لێ
نەبوێر دەزانن. حدک لە دوای پڕۆسەیەکی مارکسیستی بوون دا دەتوێتەوە و تێکەڵی دەبێ.
(٢١٧) بەڵام لە کردەوە دا ئەو توانەوە و تێکەڵ بوونە سەری نەگرت. هۆی سەرەکیش دیسان
کەمتا زۆر هەڵوێستی ناسیۆنالیستی ئێتنیکی حدک بوو کە تووشی بە تووشی لاری حیزبی
توودەوە دەبوو. قاسملوو لە نامەیەک دا کە لە ١٦-ی سێپتامبری ٦٩ ( ٢٥-ی خەرمانانی
١٣٤٨) بۆ حیسامی نووسی باسی دیدارێک دەکا
لەگەڵ ڕادمەنێش کە لەو دیدارە دا ڕادمەنێش سەرکۆنەی حدک دەکا لەبەر ناسیۆنالیسی
بوونی و داوای هەڵوەشانی دەکا. لە دیدارێک دا کە لە ١٧/٧/١٩٦٩ (١٧-ی پووشپيڕی
١٣٤٨) لە سۆفیا لە نێوان تەبەری وحیسامی و قزڵجی کرا تەبەری پێی لێ نا کە حیزبی توودە سەبارەت بە
مەسەلەی نەتەوەیی هێشتا بێ بڕیارە. (٢١٨) لە ئاکام دا حدک هێوای خۆی بە حیزبی
توودە لە پێوەندی لەگەڵ داوخوازە ئێتنیکییەکانی خۆی لە دەست دا. ئەوە نەتیجەیەک
بوو کە لە دانیشتنێکدا لە سۆفیا، پێتەختی
بوڵغارستان بە بەشداری قاسملوو،حیسامی و
قزڵجی وەدەست هات. ئەمەش دەبێ بگوترێ کە لە حیزبی توودەش دا سەبارەت بە هەڵوێستی
حیزب لە ئاست حدک بیروڕا یەک نەبوو. لە حاڵێکدا کە کیانووری پێکێشی دەکرد لە سەر
توانەوەی حدک لە حیزبی توودە دا،
ئەسکەندەری بە چەند مەرج ئامادەی ڕەسمییەت دان بوو بە حدک: بە قەبووڵی ئەوەی کە
بزووتنەوەی کورد بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران بێ، دووری بکا لە ڕەوتی دژی
شووڕەوی و دژی کۆمۆنیستی و دژی حیزبی توودە و لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی پێوەندی
دۆستانەی هەبێ. حدک لەگەڵ ئەو مەرجانە بوو و لاری لێیان نەبوو. لە لای دیکەوە،
ئارگیومێنتی کیانووری ئەوە بوو کە ئەگەر حدک پێی خۆشە هاوکاری بکا لەگەڵ حیزبی
توودە یان دەبێ ڕابگەیێنی کە حیزبێکی
کۆمۆنیستی نییە. لە دۆخێکی ئاوا دا دەتوانێ لەگەڵ حیزبی توودە بەرەیەکی هاوبەشی
دژی دیکتاتۆری دابمەزرێنێ؛ یان ئەگەر دەیەوێ حیزبێکی کۆمۆنیستی بێ دەبێ بە پێی
هەمان پرێنسیپی لێنێنی حیزبێک لە وڵاتێک دا پەیوەست بێ بە حیزبی توودە. خیلافەکان
مانەوە و توندتریش بوون، تا ئەو جێیەی کە بە هاندانی حیزبی توودە، دەوڵەتی
چێکۆسلۆڤاکی لە ١٢-ی ڕەشەمەی ١٣٥٤ قاسملووی لەو وڵاتە وەدەر نا و لە نووسراوەیەک
دا بە قەڵەمی عەلی گەلاوێژ و ڕەحیم قازی، کە بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی
حدک بڵاو بووەوە ڕای گەیاند کە حدک حیزبێکی ناسیۆنالیسی یە. نووسەران داوایان لە
خەڵکی کورد کرد لەگەڵ حیزبی توودە بکەون. (٢١٩) [...]
حدک لە دوای ئەو جوێبوونەوەیە، چالاکییەکی گرینگی دیکەی نەبوو. حیسامی دەنووسێ لە
پێلێنۆمێک دا کە بە ئامادەیی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لە پاریس لە ٢٤/٧/ ١٩٧٧ ( ٣-ی گەلاوێژی ١٣٥٦)
کرا " لە دوای سێ ڕۆژ باس و دمەتەقە [...] هێندێک بڕیاری دا کە هیچ کامیان
شیاوی بەڕیوەچوون نەبوون و هیچیشیان بەڕێوەنەچوون". (٢٢٠) لە لایەکی دیکەوە، هەڵوەشانی بەرەبەرەی نیزامی
ئەمنییەتی حکوومەتی شا لە ساڵانی ٥٦ و ٥٧ بۆ حدک یش زەمینەیەکی لەباری پێک هێنا بۆ
گەڕانەوە لە تاراوگە، ژیاندنەوەی ڕێکخراو لە ناوخۆ و بەشداری لە ڕێبەرایەتی
خۆپیشاندانە دژی حکوومەتییەکان لە موکریان و ئوستانی کوردستان. زەمینەی لەبار
تەنیا لە دوای هەڵوەشانی نیزامی سەرکوت پێک نەهاتبوو. هۆکارێکی دیکە هەمان "
بواری گشتی نهێنی" یان بێدەنگ کراو بوو کە بەکەلکوەرگرتن لەو دەرفەتە دیسان
چالاک ببوو. ئەو ڕاستییەی کە کاندیداکانی حدک بۆ نوێنەرایەتی مەجلیسی شووڕای
ئیسلامی لە زۆربەی مەڵبەندەکانی هەڵبژاردن
لە خولی یەکەمی دەنگدان دا زۆربەی دەنگەکانیان وەدەست هێنا و لە مەڵبەندی
دیکەش گەیشتنە خولی دووەم، (٢٢١) پێشوازی خەڵک لە حدک نیشان دەدا. لەو سەروبەندە دا حدک
تەنیا سازمانی سیاسی ڕێبەری کردنی بزووتنەوەی کوردویست لەو دوو ناوچەیەی ناوبراو دا
نەبوو کاکڵە سەرەکییەکانی ڕێکخراوێک کە ٢٦-ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ بە ناوی کۆمەڵەی
شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران چالاکی نواند و ڕەوتی کوردە موسوڵمانەکان
بە ڕێبەرایەتی کاک ئەحمەد (ئەحمەد موفتی زادە)
ڕقەبەرایەتییان لەگەڵ حدک دەکرد. (٢٢٢)
جمهووری مەهاباد ئاڵقەیەک بوو لە زنجیرەی هەوڵدانێکی خاوەن پێشینەی کوردایەتییانە لە پێناو دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی لە
هەموو سەرزەوییە کوردنشینەکانی هەڵکەوتوو لە ئێران، تورکیا،عێڕاق و سووریا دا. کۆمەڵە
و حدک بە تەسەوری کردنی دەرفەتی وەدیهاتنی ئەو ئاواتانە، یان لانی کەم وەدیهاتنی هەنگاوێک
لەو ڕێبازە دا لە دەرفەتێک دا کە داگیرکرانی ئازەربایجان لەلایەن ئەڕتەشی سوورەوە
هێنابوویە پێشێ، هێندێک هەنگاویان هەڵێنایەوە کە بە ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان گەیشتە
لووتکەی هەرە بەرزی خۆی. دەرفەتەکە ڕاست نەبوو خاپێنەر بوو؛ لە کیس چوو و بووە هۆی
ڕووخانی جمهووری. بەڵام ئێستا دەرفەتێک لە چەشنێکی واقعیتر دا هاتە پێشێ. دەرفەتێک
کە بە پاشەکشە و دەرکەوتنی ئەڕتەشی سوور لە باکووری ئێران بۆ حکوومەتی ناوەندی هەڵ
کەوت. حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی سیاسەتی دەوڵەت – نەتەوە
سازانەی هەموو شت کۆکراوە لە ناوەند و یەکسانسازیی فارس تەوەری لە سەر بنەمای ئیدەئۆلۆژی ئاریایی وەبەر گرتبوو
و لە ژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی ئەرزی و یەکێتیی میللی ئامادەی پێکهاتن و هاتنە
ڕەدایە لەگەڵ هیچ ڕەوتێک نەبوو کە دژی ئەو سیاسەتە ستراتێژیکییە بێ. سەربەخۆیی
خوازی بزووتنەوە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە دامەزرانی جمهووری دا خۆی دەرخستبوو پێشی
بەوە دەگرت حیزب وچاپەمەنییە ناوەند خوازە کۆمۆنیستی و لیبێراڵەکان پشتیوانی شێلگیر
لەو بزووتنەوەیە بکەن. تەنانەت حیزبی توودە کە لەبەر گوێڕایەڵی لە فەرمانی سۆڤییەت
و باوەڕی بە پرێنسیپگەلی لێنینی – ستالینی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوان
پشتیوانی لە حدک دەکرد ئامادەی دڕێژە دان بەو پشتیوانییە نەبوو تا سنووری قبووڵی
جوێبوونەوەی کوردستان لە ئێران.
جمهووری مەهاباد هەر کە پشتیوانی دەرەوەیی لە دەست دا ڕووی لە ڕووخان نا و
بە توندو تیژییەکی هەرە زیاترەوە سەرکوت کرا. بەڵام وێژمانی کوردایەتیانە بەو سەرکوت
کرانە لە ناو نەچوو. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پاراستی و بەو ئیمکاناتە کەمەی کە لە
بەر دەستی دابوو بە نهێنی و بە ئاشکرا ، لە ناوخۆ یان زیاتر لە دەرەوەی ئێران بۆ
بانگەشەو وەدیهاتنی تێکۆشا. سەرنجڕاکێش ئەوەیە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان سەرەڕای ئەزموونێکی
تاڵی لە سۆڤییەت پەیدای کرد بوو، لە درێژەی چالاکی خۆی دا لە دوای سەرکوت، دەستی لە
مەیلی بێ بەسترانەوەی ئیدێئۆلۆژیکی جمهوری بەرەو شووڕەوی هەڵگرت و بە قەبووڵی ڕێبەرایەتی
شووڕەوی، ئیدێئۆلۆژی شێوە مارکسیستی حیزبی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە و گوێڕایەڵی لە حیزبی
توودە، خەباتی کوردایەتیانەی خۆی لە ماوەی چەندین دەساڵان دا ئالوودە کرد بە مولاحەزەکانی
جەبهەی سۆڤییەت لە خەبات لە ئاست جەبهەی ڕۆژئاوا دا. بە ڕای عەبباس وەلی لە کتێبی
ساڵە لە بیرکراوەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران دا
Forgotten years of Kurdish Nationalism in Iran) ( ئەو ئالوودەییە، حدک ی لە سەرنجدان بۆ سەر سەربەخۆیی
مەسەلەی نەتەوەیی هەتەڵە دەکرد و جێ بەجێ بوونی دەسپارد بە خەباتی چینایەتی بە دژی
بورژوازی لە ئێران و سەرکەوتنی جەبهەی شووڕەوی بە سەر ئەمپریالیسمی ڕۆژئاوا
دا. وەلی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ئالوودەییە،
چەمکی "ناسیۆنالیزمی پاتراو" (exiled nationalism) دادەڕێژێ کە یەکێک لە
ناسێنەرەکانی بەسترانەوەی پەنابەر یان پاتراوە بە مەیل، داسەپاندنەکان و ئێمکاناتی
نفووزی خانەخوێیە ( حیزبی بەعس و بارزانی لە عێڕاق و شووڕەوی لە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات)
لە دیاریکردن زێهنییەت و کردەوەی پەنابەر دا. بە بۆچوونی ئێمە ئالوودە بوونی حدک ئەوەندە
نەبوو کە کارێکی وا بکا ئەو دەست لە ئاواتە ئێتنیکی – ناسیۆنالیستیە درێژخایەنەکانی خۆی هەڵگرێ. ئالوودەیی زیاتر لە
وەرگرتنێکی نهێنی دا بوو کە حدک سەبارەت بە ناساندنی ئامانجی خۆی، نەتەوەی کورد و
لە هەلومەرجی وەدیهاتنی دا هەیبوو. مەیلی ئێران و شووڕەوی تەوەری حیزبی توودە پێشی
بەوە نەدەگرت کە حدک جیاوازی ئەو مەیلە لە تەک ئامانجە بنەڕەتییەکانی خۆی لەبەر
چاو نەگرێ. ئەو جیاوازییە سەرئەنجام گەیشتە جوێبوونەوەی حدک لە حیزبی توودە و لە هەنگاوەکانی
دواتر دا لە جەبهەی شووڕەوی. گرفتی تەنانەت گەورەتری حدک لەو سەروبەندانە دا بۆچوونی
دوژمنانەی مەلا مستەفا بارزانی و جاروبار پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق لە ساڵانی
پاتراوی و تەبعید دا بوو.ئەو بۆچوونە کێشەیەکی گەورەی وەڕوو خست کە ئاکامی ڕاستەوخۆی
دابەشبوونی سەرزەوییە کوردنشینەکانە لە نێوان وڵاتانی سابیتی ناوچە دا؛ کێشەی خیلافی
ستراتێژیک لە نێوان بزووتنەوە کوردایەتیانەکان لە هەر کام لەو وڵاتانە لەگەڵ یەکتری،
خیلافێک کە جار جار دەکرێ بگاتە دوژمنایەتی و پێش بە بەرەوپێشچوونی بزووتنەوە بگرێ
لە گشتی خۆی دا.
لە پێوانی بەسترانەوەی حدک بە شووڕەوی و حیزبی تودە لێک جوێ کردنەوەی دوو جۆر
لە بەسترانەوە پێویستە: یەکیان بەسترانەوە بە ئیدێئۆلۆژی مارکسیستی – لێنینیستی، ئەو
جۆرەی کە حیزبی کۆمۆنیستی شووڕەوی، و بە چاولێکردنی حیزبی توودە تەبلیغی بۆ دەکرد.
ئەو جۆرە بەسترانەوەیە، هەر ئەو جۆرەی کە ئێمە لە جێیەکی دیکەش دا هەوڵمان داوە لێکەوتە
گوماناوییەکانی لە مەڕ مێژوو وسیاسەت نیشان بدەین و شرۆڤەی کەین (٢٢٣)، ئەوە ڕاگوێزرابوو
بۆ حدک یش. بەسترانەوەکەی دیکە لە ناچاریان بوو، لەو واقعییەتەوە کە حدک بە بێ وەرگرتنی
یارمەتی کە بەسترانەوەی پێوەبوو نەیدەتوانی تەنانەت بەرنامە هەرە کەمەکانی خۆشی وەدی
بێنێ. تڕاژێدی حدک ئەوە بوو کە بەسترانەوەش یارمەتییەکی نەکرد بە چارەسەری مەسەلەکە.
دامەزرانی جمهووری مەهاباد نموونەیەکی دیکە بوو لە تێکۆشانی ڕێبەرانی
بزووتنەوە بۆ کەلکوەرگرتن لە دەرفەتێکی وەهمی بە مەبەستی وەدیهێنانی ئاواتێک.
ئاواتێکی نوخبەکان کەخەریک بوو کە تا قۆناغی دووەمی بزووتنەوە بەقسە سێ قۆناغی هۆرش
(Horsh ) تێپەڕێنی و ببێ بە ئاواتی گرووپە
تێکۆشەرە سیاسییەکان. ڕێبەرانی بزووتنەوە یان وشیاریی پێویستیان نەبوو بۆ تێگەیشتن
لە درۆ بوونی ئەو دەرفەتە یان ئەو ئامانجەی کە بۆ وەدیهێنانی تێدەکۆشان تووشی بە
تووشی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دژبەرانەوە ببوو کە مەجالی پێ نەدەدان بیر لە دروستی و
نادروستی دەرفەتەکان بکەنەوە. ئەوان بە ناچار دڵیان بەهەر بەڵێنێک خۆش بوو و شانسی
خۆیان پێ تاقی دەکردەوە. چارەنووسی بزووتنەوە کوردایەتییەکان زۆری لەو بەڵێنە درۆیانە
دیتووە.
درێژەی هەیە....
پاینووسەکان
١.لە ڕوانگەی وییەوە، چونکە ئەو ئەمیرە لوڕەکانیش لە لیستی سوڵتانە کوردەکان دا دەگونجێنێ، ئیدیعایەک کە بە ڕواڵەت لەبەر دەمارگرژیی کوردی وییە. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ئیدیعایە لە لایەن مەردمناسێکی بە ڕەچەڵەک لوڕ چاو لە: سکەندەر ئەمانوڵاهی بکە ١٣٨٧.
٢.بەدلیسی: ١٦.
٣.بڕوانە: بڕاونێسن بکە ١٣٧٩: .٣٨٢
٤.بڕوانە: Bruinessen بکە ٢٠٠٣:٤٢.
٥.بڕوانە: Hassanpour بکە ٢٠٠٣: ١١٩.
٦.هەمان جێ: ١٢٠
٧.بڕوانە: Bruinessen ٢٠٠٣:٥٣، ٤٤، ١٢٩
٨.هەمان جێ: ١٣١
٩.هەمان جێ: ٤٧
١٠.بڕوانە: Vali ٢٠٠٣: ٩٢
١١.بڕوانە: Hassanpour٢٠٠٣: ١٣٨
١٢.هومایوون ١١
١٣بڕوانە: KAL
١٤.زەکی بەگ: ١٩٠
١٥: بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢٥٧،٢٥٢
١٦.هەمان جێ: ٢٠٦
١٧. مەک داوڵ: ٧٢
١٨: Hassanpour ٢٠٠٣: ١١٩،١٣٠؛ Vali٢٠٠٣: ٩٥
١٩: مەک داوڵ: ٧٩
٢٠:زەکی بەگ: ٢١٣ بۆ ئاگاداری زیاتر لە سەر ئەو میرنشینانە شرۆڤە بەوردەڕیشاڵەکانی وەرگێر بخوێننەوە لە کۆتایی بەرگی دووەمی هەر ئەم کتێبە و کتێبی مەردووخ سەبارەت بە مێژووی کورد و کوردستان
٢١.بەدلیسی: ٣٢٢
٢٢. Edmonds : ٩
٢٣. ڕۆژبەیانی، بورزوویی، قاسملوو ١٣٩٣: ٢٦
٢٤. Koohi-Kamali: ٦٨
٢٥. خوسرەوزادە و ئەوانیدی ڕەفتاری خراپەی کاربەدەستە ئەیالەتییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی خێڵی شکاک و دەستگێڕانەوەی دەوڵەت لە پەژراندنی هێزی خێل لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بە هۆکاری سەرەکی ڕاپەڕینەکانی وی دەزانن.
٢٦.مەک داوڵ: ١٨٩؛ بورزوویی: ١٧٨
٢٧. کووهی کەماڵی بە پاڵپشتی کتێبی مێژووی ڕەزائییە، نووسینی م. تەمەدون دەنووسێ ناوی ڕۆژنامەی ناوبراو کورد بوو بەڵام بەر لەوە چەند جار بە ناوی دیکە بڵاو دەبووەوە. سەرنووسەرەکەی کەسێک بوو بە ناوی مەلا محەمەدی تورجانی. بە پێی قسەی چووپانی ناوی ئەو حەوتوونامەیە کە بە کوردی و فارسی بڵاو دەبووەوە لە پێشدا ڕۆژی کورد و شەوی عەجەم بوو (چووپانی: ٨٠) . کووهی کەماڵی ئەوجار بە پاڵپشتی ئاڕشیڤی بریتانیا باسی بڵاوبوونەوەی گۆوارێکیش دەکا بە ناوی کوردستانی سەربەخۆ. کووهی کەماڵی ئەو ناوە بە زمانی ئینگلیسی دەنووسێ Independent Kurdistan (Koohi-Kamali: ٨٠) بورزوویی بە پاڵپشتی هەمان نووسەر دەڵێ ناوی ڕۆژنامەکە ڕۆژا کورد و شەوا عەجەم بووە کە بە سەرنووسەری مەلا محمەمەد تورجانی زادە بە دوو زمانی کوردی و فارسی حەوتووانە بڵاو دەبووەوە.( هەر ئەو: ١٨٢) لە وێنەیەک دا کە دەکرێ لە facebook دا ببیندرێ ناوی ئەو ڕۆژنامەیە لە پێشدا ڕۆژی کورد و دوایە بووە بە کورد. بڕوانە:
www.facebook.com/kurdsLeader.Simkoo
٢٨.بەدەڵ:٦٩؛کوچطرا،١٣٧٧: ٦٥
٢٩.Koohi Kamali : ٨٥
٣٠.براونێسن ١٣٧٩: ٣٨٨
٣١.Denise Price: ١١٩
٣٢. تەیموورزادە:٦١، ٧٦، ٩٢، ١٠٥، ١٠٩
٣٣.مستەفا ئەمین: ٥٩
٣٤: بەدەڵ: ٧٠
٣٥. بەدەڵ: ٦٦؛ Moradi: ١٦٥
٣٦. Bruinessen ١٩٨٣: ٣٧٩؛ کەسڕەوی: ١٣٨٦،٦٦٧
٣٧. سەرچاوەکان سەبارەت بە ژمارەی کووژراوەکان جیاوازن.لە کاتێکدا کە مەکداوڵ دەڵێ ژمارەی ئەوان ٢٠٠٠ نەفەرە (١١٩) ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا ئەوان بە ٣٥٠٠ کەس دەژمێرێ. بە ڕای ئاشووری ژمارەی ئەوان لە شیعە وسوننی، هەرمەنی و یەهوودی ٣٠٠٠٠ نەفەر بوو. کەمتر لە هەموان ڕەقەمێکە کە ئەسکەندەر غوریانس لە کتێبی قیام شیخ عبیداللە در عهد ناصرالدین شاە باسی دەکا، ٨٥٠ نەفەر، لە بورزوویی وەرگیراوە: ٧٧
٣٨. مەک داوڵ: ١٢٠
٣٩. هەر لەو ساڵە دا هێزەکانی لە ٢٠٠٠٠ کەسەوە داکشا بۆ ١٥٠٠ کەس ( مەک داوڵ: ١٢١)
٤٠. مەک داوڵ: ١١٨. مەجید ئاشووری ئەو ڕستەیە یان ڕستەیەک وەک ئەوە ئاوا دەگێڕێتەوە: " کوردەکان میللەتێکن بە پێنجسەد هەزار نفووسەوە کە لە ڕووی ڕەگەزی و مەزەبی یەوە لە وانی دیکە (ئێرانییەکان و تورکەکان) جیاوازن. ئەوان لە سەرزەوی خۆیان،قانوونگەلی تایبەتی بە خۆیان بەڕێوە دەبەن. هەر بۆیە من کوڕەکانم نارد بۆ ساوجبولاغ تا کوردستان ببێتە یەکپارچە".
٤١.مەک داوڵ: ١٢٢
٤٢.زەکی بەگ:١: ١٧٦؛ بورزوویی: ٧٦، ٨٥
٤٣. بڕاونیسن. ١٣٧٩: ٣٥٧
٤٤. مەبەست لە باوکێتی
٤٥.بڕواننە: مەجید ئاشووری
٤٦. بورزوویی ئەو نوختەیە لە زمان مینۆرسکی یەوە دەگێڕێتەوەکە: " ڕێگری و تاڵان هەر لە سەرەتای کارەوە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕاپەڕینە بوو" ( بورزوویی: ٧٦)
٤٧.قاسملوو:١٣٩٢:٢٨. ئەو بە ڕێگای هەمزاغای مەنگوڕ دا نامەیەکی بۆ عەبباس میرزا نووسی کە لە دایکەوە کورد بوو و داوای لێکرد دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە پادشایەتی قبووڵ بکا. عەبباس میرزا کە بە ڕواڵەت باوەڕی بەسەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە نەبوو ناسرەدین شای لەو پێشنیارە ئاگادار کرد و لە بری ئەوە حکوومەتی قەزوێن یان دایە. بڕوانە: Koohi Kamali: ٧٢
٤٨. بورزوویی: ٥٢، ٨٢
٤٩.هەر ئەوێ: ٨٩
٥٠. وەدوادانەوەی ناوەرۆکی ناسیۆنالیستی دان بە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیلا ڕای هوشمەند یشە. هوشمەند ئەو ڕاپەڕینە بە یەکێک لە جووڵانەوە ئێتنیکییەکانی بە سیاسی کراوە دەزانێ لە پێش لەویش لە عوسمانی دا ڕووی دابوو(١٣٨٤:٦) ناسر عەلیار لە وڵامی هوشمەند دا، هەر لە وێدا، بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیلا، دوای ئاماژە بە هێندێک بەیت لە شێعرەکانی شێخ کە بە زمانی فارسی گوتوویە بۆ باسی ئازایەتی و جوامێری کوردان بە هەڵقوڵاو لە " روحی بەهێزی ئێتنیکی و کورد پەروەری" وی دەزانێ کە لە نامەکەی شێخ دا بۆ یارمەتیدەری کۆنسوولی عوسمانی ڕەنگی دابووەوە. لە نامەکە دا، بە قسەی عەلیار،جەخت کراوە لە سەر یەکدڵی و ئیتیفاقی خەڵکی کوردستان لە مەڕ جوێبوون لە دوو حکوومەتی ئێران و عوسمانی. ئەو دەگاتە ئەو ئاکامە کە " ئەدی شێخ بە ڕوونی و ئاشکرایی سەودای کوردییەت و ئاواتی هەبوونی دەوڵەت و میرێکی بۆ کوردان دە سەر دابووە".
٥١.وەرگیراو لە بورزوویی:٨٧
٥٢. مەک داوڵ: ١٨٦، ٢٨٥؛ تەیموور زادە: ١١٦
٥٣. مەک داوڵ: ٢٣٨
٥٤. هەر هەمان: ٢٨٣؛ هەمان: ١٢٣، ٢٩٦ – ٣١٣
٥٥. مەک داوڵ: ٣٠٢
٥٦. هەر هەمان: ٢٩٩: Vali ٢٠٠٣: ١٠٣
٥٧. مەک داوڵ: ٢٨٩
٥٨.مەک داوڵ: ٣٠٩؛ Edmonds: ٣١٥- ٣٢٠، ٣٢٦-٣٣٢
٥٩. بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٧٩، ٤٠١؛ کۆچێرا: ١٠٣
٦٠.مەک داوڵ: ٣٣٦؛ بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٩٢
٦١.مەک داوڵ: ٣٢٨
٦٢.مەک داوڵ: ٣٣٦
٦٣. براونێسن ١٣٧٩: ٣٩٩، ٣٨٠
٦٤. مەک داوڵ: ٣٥٤، ٣٨٠؛ Eagleton: ١٢
٦٥. Bruinessen ١٩٩٤: ٥
٦٦. مەک داوڵ: ٣٥٨
٦٧.بەدەڵ: ١١٩، کتێبەکەی بەدەڵ کە پێداچوونەوەیەکی بەڕێژە کورتە بە مێژووی بزووتنەوەکانی کوردایەتی دا لەو بارەیەوەش باسی سەرچاوەی کارەکەی خۆی نەکردووە.
٦٨. Eagleton: ٤٨؛ بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢٩٦، ٣٧٠
٦٩. مەک داوڵ: ٤٥٤
٧٠.براونێسن١٣٧٩: ٣٦٠
٧١. مەک داوڵ: ١٧٣؛ بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٨٦؛ Nebez ١٩٨٥: ٣٢
٧٢.براونێسن ١٣٧٩: ٣٨٣؛ مەک داوڵ: ١٧٢
٧٣. مەک داوڵ: ١٧٩
٧٤.بە قسەی کۆچێرا ئەو بڵاوکراوەیە لە ساڵی ١٨٨٧ دەرچووە (٢٨)، بەڵام هەم گوڵمرادی (٨٦) و هەم Kendal (٣٤) دەڵێن ساڵی ١٨٩٨ دەرچووە
٧٥. مەکداوڵ: ١٧٦، ١٨٠؛ بڕاونێسن ١٣٧٩: ٩٤، ٣؛ زەکی بەگ: ١: ٢٣٦
٧٦. Vali٢٠٠٣: ٩٥
٧٧.مەک داوڵ: ١٨٢
٧٨. بڕاونێسن ١٣٧٩: ٢٣٦، ٣٨٠، ٣٩٥. بە قسەی زەکی بەگ ئەو ڕێکخراوەیە لە ساڵی ١٩١٢ دامەزرا
٧٩. بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٩٧
٨٠.مەک داوڵ:٣٥١
٨١. هەمان جێ: ٢٢٧، ٢٣١
٨٢.زەکی بەگ: ٢٣٦
٨٣.بڕاونێسن ١٣٧٩: ٣٦٢
٨٤.مەک داوڵ: ٣٠٨
٨٥.زەکی بەگ: ٢٣٧؛ هومایوون: ١٧؛ Eagleton: ٨
٨٦. Bruinessen ١٩٩٤: ١١
٨٧. هاشم سەلیمی لە سەرەتای بیرەوەرییەکانی سەعید هومایوون دا دەنووسێ دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە ژێر کارتێکەری حاجی قادری کۆیی و پێشەنگەکانی دیکە دا بوون لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و عێڕاق دا (هومایوون: ٢٣)
٨٨.بورزوویی: ٢٦٣؛ مستەفا ئەمین: ٥٩
٨٩. بڕواننە: بورزوویی: ٩١
٩٠.بلووریان: ٢٠
٩١.بڕاوننە: بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە: ٢٨٦
٩٢.Arfa: ٨٦، ٧٨
٩٣. وەرگیراوە لە: Vali ٩١: ٢٠١١
٩٤. کوردستان، ١١ و ١٣/١/٤٦ ( ٢١ و ٢٣ی بەفرانباری ٢٤) هەر لە هەمان جێ وەرگیراوە
٨٥.هەمان جێ: ٩١
٩٦.هومایوون: ١٧٠
٩٧. جووەیدە ١٣٣٨: ٦١
٩٨. هومایوون: ١١٠
٩٩.بەڵگەکان: ٩٣، ١١٤
١٠٠.بلووریان: ٧٢
١٠١. هومایوون: ٨٢
١٠٢. Vali ٢٠١١: ٩٩
١٠٣.وەرگیراوە لە: هەمان جێ ١: ٩٨، ١٧٥
١٠٤.هەمان جێ: ٥٣، ٥٥
١٠٥. بلووریان ٢٩. سەرنجڕاکێش ئەوەی کە ڕەزم ئارا سەبارەت بە کوردەکانی سنە وای بیر نەدەکردەوە. ئەوان " سوننین، لەگەڵ ئێمە جیاوازن، بەڵام مەترسی کەمتریان هەیە". هەر ئاوا لەمەڕ کوردەکانی کرماشان و ئیلام کە دەنووسێ: " شیعە و هاومەزەبی ئێمەن و دەکرێ بەچاوی دۆست تەماشایان بکەین".
١٠٦.هووشمەند: ١٣٨٤
١٠٧.هەمان جێ
١٠٨. هەمان جێ
١٠٩. نەوشیروان مستەفا ئەمین بە پاڵپشتی ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ٤٤ (١٦/٢/٢٥) ئەبولقاسم سەدرقازی یش بە ئەندامی ئەو شاندە دەزانێ. ( هەر ئەو: ٢٣٧)
١١٠. قاسملوو ١٣٩٢: ١٠٧
١١١. هومایوون: ١٠٤
١١٢. بۆ زانیاری لە سەر ئەو ئیبلاغییەیە بڕوانە: بەندی پێنجەمی ئەم کتێبە
١١٣. Eagleton: ٩٤، ١٠٠، ١٠٨
١١٤.Roosevelt: ٢٥٩
١١٥. Vali ٢٠١١: ٥٩
١١٦. بڕاوننە: مستەفا ئەمین :٢٤٧
١١٧. ئەوجۆرەی کە سەعید هومایوون پێشکاری قازیی محەمەد و ئەندامی هاوڕێی وی لەو سەفەرە دا دەنووسێ سەفەرەکە لە ڕۆژی ١٨-ی مانگی پووشپەڕ دەستی پێکرد و لە ٢٥-ی هەمان مانگ دا کۆتایی هات (هومایوون: ٧٢) لە کاتێکدا بە پێی بەڵگەکانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ئەو سەفەرە لە ٥-ی پووشپەڕ دەستی پێکرد. قازیی محەمەد لە ڕۆژی ١٨-ی هەمان مانگ بێ ئەوەی ڕێکەوتنێک بکرێ تارانی بەجێ هێشت. لە ڕۆژژمێری مێژووی ئێران دا، لە نووسینی عاقڵی ش دەسپێکی سەفەرەکە ٥-ی پووشپەڕە. بەرواری ئەو سەفەرە لە کتێبی ئیگڵتن ( لاپەڕەی ١٠٤) بە سەرەتاکانی مانگی ئووت (گەلاوێژی ١٣٢٥) داندراوە. هەر وەها لە کتێبی مەک داوڵ دا ( لاپەڕەی ٤١٥) ئەو بەروارە لەگەڵ قسەی قاسملوو یەک دەگرێتەوە (قاسملوو ١٣٩٢: ١٠٩) بەڵام نەوشیروان مستەفا ئەمین لە سەر بنەمای ڕۆژنامەی کوردستان دەڵێ مانگی پووشپەڕ بووە
١١٨.هومایوون:٧١. ڕووزڤێڵت و قاسملووش باسی ئەو شەرتەی ناوبراو دەکەن. قاسملوو لێی زیاد دەکا کە جاوید ئەو شەرتەی قبووڵ نەکرد. Roosevelt: ٢٥٩؛ قاسملوو ١٣٩٢: ١٠٩
١١٩.Eagleton: ١٠٦؛ بەڵگەکان: ٦٨
١٢٠.خوسرەوپەنا ١٣٣٨: ١٩٣
١٢١.بە قسەی قاسملوو ( ١٣٩٢: ١١٤) و هومایوون (٩٩) ئەڕتەش و ئەو جۆرەی کە ئیگلتن دەنووسێ خمهووری (Eagleton: ٩٠)
١٢٢. Eagleton: ٨٦؛ هومایوون: ١١٠
١٢٣.هەمان جێ: ٩٩
١٢٤. هەمان جێ: ١٠٩
١٢٥. هومایوون: ١٢٣
١٢٦.Eagleton: ١١٣؛ مەک داوڵ: ٤١٧؛ قاسملوو ١٣٩٢: ١٢٨
١٢٧.Eagleton: ١١٣؛ قاسملوو ١٣٩٢: ١٢٩
١٢٨.Eagleton: ١١٣
١٢٩. Eagleton: ١١٣؛ مەک داوڵ: ٤١٧
١٣٠.هومایوون: ١٢٧، ١٢٦، ٢٩
١٣١.Eagleton: ١٢٣
١٣٢.قاسملوو ١٣٩٢: ١٢٨، ١٣٩
١٣٣. ؛Eagletonهومایوون: ١٣١: ١٢٢
١٣٤.بۆ دەقی تەواوی وەسییەتنامە بڕوانە: هومایوون: ١٢٩
١٣٥. Eagleton: ١٢٤
١٣٦. هومایوون: ١٢٩، ١٣١
١٣٧. لە هووشمەند وەرگیراوە: ١٣٨٤
١٣٨.هووشمەند ١٣٨٤
١٣٩.هومایوون: ١٥٧؛ قاسملوو ١٣٩٢: ١٤٦
١٤٠.Eagleton : ١٣٣؛ مەک داوڵ: ٤١٨. نەوشیروان مستەفا ئەمین دەنووسێ ئەو حیزبە لە ٦-ی ئووتی ١٩٤٦ (٢٥-ی خەرمانانی ١٣٢٥) کۆنگرەی دامەزرانی خۆی لە بەغدا لە ماڵی عەلی حەمدی بەڕێوە برد و مەلا مستەفای وەک ڕێبەری خۆی هەڵبژارد ( لاپەڕەی ٩٧). پاشان دەبینین کە بە پێی قسەی کۆچێرا دامەزراندنی ئەو حیزبە لە ٢٥-ی گەلاوێژی هەمان ساڵ ڕووی دا.
١٤١. هومایوون: ١٢٥؛Vali ٢٠١١: ١١٠
١٤٢.Eagleton: ١٠٩؛ مەک داوڵ: ٤١٦
١٤٣. بەڵگەکان:١٠٦
١٤٤.مەک داوڵ: ٤١٦
١٤٥، لە خوسرەو پەناوەرگیراوە ١٣٣٨: ١٢٣
١٤٦.خوسرەو پەنا ١٣٨٨: ١٠٥. خوسرەو پەنا لەو مەقالەیە دا بە کەلکوەرگرتن لە چاپەمەنییەکانی حیزبی توودە و هێندێک ڕۆژنامەی دیکە
" حیزبی توودەی ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان " لێک دەداتەوە
١٤٧. هووشمەند ١٣٨٤
١٤٨.Vali ٢٠١٩: ٤٢
١٤٩. سەجادی: ٢٦٨. عەزیز زەندی بەر لەوە حیزبی ئازادی کوردستان ی دامەزراندبوو کە بەردەوام نەبوو. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ژیانی سیاسی پڕ لە گۆڵمەزی ئەو کەسە بڕوانە: وێب سایتی بەڕێز حەسەن قازی RUWANGE
١٥٠.هووشمەند ١٣٨٤
١٥١.خوسرەوپەنا ١٣٨٨: ١١٢
١٥٢.هەمان جێ: ١١٣
١٥٣: هەمان جێ: ١٢٢
١٥٤.هەمان جێ: ١٢٥
١٥٥. خوسرەو پەنا: ئەو بابەتەی دوایی لە ڕۆژنامەی رهبر ١٣-ی مانی خەزەڵوەر را ڕادەگوێزی. بەڵام من لەو ژمارەیە دا شتێکی ئاوام نەدی.
١٥٦.خوسرەوپەنا ١٣٨٠: ١٢٧ بە گێڕانەوە لە: ڕۆژنامەی مەردوم ( ١٢-ی خاکەلێوەی ١٣٢٦)
١٥٧.قاسملوو ١٣٩٢: ٩٢
١٥٨.هەمان جێ: ١٦٦
١٥٩. Vali ٢٠١١: ١٣٢
١٦٠. بورزوویی ٣٧٠
١٦١.قاسملوو: چل ساڵ ...؛ ١٥٢
١٦٢. هەمان جێ ١٣٩٢: ١٧٤
١٦٣. بڕوانە: Gilles Riau کە بیرۆکەی ناوبراوی ستڕاتێژیک و تاکتیک بۆ شیکردنەوەی بزووتنەوەی ئازەربایجان بەکار دێنێ . بە پێی ئەو بیرۆکەیە بزووتنەوەی موکریان تاکتیکی لایەنی لاواز لە ستڕاتێژی شووڕەوی لە پێوەندی لەگەڵ ئێران دا بوو.
١٦٤.Vali ٢٠٠٣؛ ١٣٧
١٦٥.بلووریان: ٧٨
١٦٦. Vali ٢٠١٩: ١٧. سیاسەتی دەوڵەتی ئێران لەو بارەیەوە بە زاراوەی reincorporation (خۆ سازی) دەناسێنێ. ئەو لە لاپەڕەی ١٨٤-ی هەر ئەو کتێبە دا دەنووسێ خاوەنموڵکانی زەوی و عەشیرەتەکان کۆڵەکەی بنەڕەتی دەسەڵاتی حاکم لە حکوومەتی موتڵەقی پەهلەوی دا بوون.
١٦٧. بەڵگەکان: ١٣٦، ١٣٩، ١٤١
١٦٨.هەمان جێ: ١٤٨، ١٥٦
١٦٩. Vali ٢٠١٩: ٥٥
١٧٠. هەمان جێ: ٨٧
١٧١. وەرگیراوە لە تۆفیق ڕەفیعی: مێژووی چاپەمەنییەکانی کوردستان. بڕوانە: داڵانێک بۆ مێژووی چاپەمەنییەکانی کوردستان لە قاجارەوە تا ئەمڕۆ" لەم ماڵپەڕەی خوارەوە دا
www.irna.ir/news/83224235
١٧٢.بۆ شرۆڤەی زیاتر لەو بارەیەوە بڕوانە لە: هەمان جێ: ٣٣
١٧٣. عەبباس وەلی بۆ وەسفی ئەو پێگەیە زاراوەی " بواری گشتی نهێنی" دەکار دەکا، بەڵام ناتوانێ سنوورەکەی دیاری بکا
١٧٤. قاسملوو١٣٩٢: ٢١٠
١٧٥.کوچێرا: ٢٣١
١٧٦. ئەوەی کە ڕێگا تەنیا دوو ژمارەی لێ بڵاو بووەتەوە لەو سەرچاوەیەم وەرگرتووە: Vali ٢٠١٩: ٣٨
١٧٧.هەر لەوێ: ٣٩
١٧٨. کۆچێرا: ٢٠١
١٧٩.بلووریان: ٩٨ ، ١١٦ ، ١٣٠
١٨٠. حیسامی ٤١. عەبباس وەلی دەنووسێ زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی لە پێشدا ببوونە ئەندامی حیزبی توودە یان لایەنگری بوون . Vali ٢٠١٩ : ٤٢
١٨١. بلووریان: ١٣٣. خۆپیشاندان لەو زەمانە دا بە قازانجی موسەدیق بە لەبەر چاوگرتنی بەسترانەوەی حدک بە حیزبی توودە و شەڕی ئەو حیزبە لەگەڵ موسەدیق ناکرێ دروست بێ.
١٨٢.هەمان جێ: ١٤١، ١٥٣، ١٥٩
١٨٣. مەک داوڵ: ٤٢٥؛ Denise Price: ١٣١، ١٣٥
١٨٤.کۆچێرا: ٢٣٠
١٨٥.Ghassemlou ١٩٩٣: ١٢٢ ؛ کۆچێرا: ٢٣٠
١٨٦.قاسملوو ١٣٩٢: ٢٥٣، ٢٥٨. قاسملوو لەنووسراوێک دا کە باسی ئەوە دەکا دوو زانیاری جیاواز لە سەر گەورە و چکۆڵەیی تەشکیلاتی حدک لەو ساڵە دا بە دەستەوە دەدا: لە شوێنێک دەخوێنینەوە کە حدک لە سەرەتای ساڵی ١٣٣٢ تا کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژ تەشکیلاتی خۆی لە موکریان، باکووری کوردستان، شنۆ، مەهاباد، نەغەدە، بۆکان و سنە بە شێوەی نیوە ئاشکرا زیندوو کردەوە و باشووری کوردستانیشی هێنا ژێر چەتری پۆششی تەشکیلاتی خۆیەوە. ئەوە لە حاڵێك دایە کە هەر لە سەر ئەو بابەتە لەهەمان نووسین دا باس لە پێکهاتنی دوو مەکۆ لە مەهاباد و سنە دا دەکا.
١٨٧.کۆچێرا: ٢٣٠. بەڵام بە پێی قسەی عەبباس وەلی لە ساڵی ١٣٣٢ ( ١٩٥٢/ ١٩٥٣) تەنیا کۆمیتەی مەهاباد چالاک بوو، ئەویش شتێک نەبوو جگە لە پێشقەرەوڵی حیزبی توودە نەبێ Vali ٢٠١٩: ٧١. مەبەستی وی بە ئیحتیمال لە دوای کودەتایە
١٨٨.مەک داوڵ: ٤٢٨؛ Denise Price: ١٣١، ١٣٥
١٨٩. بلووریان ١٨٧
١٩٠.مەک داوڵ: ٤٢٨
١٩١. حیسامی: ١٠٩
١٩٢.قاسملوو ١٣٩٢ ئەلف: ٢٦٠. بەڵام بە ڕای عەبباس وەلی ئەو ڕۆژنامەیە بە شێوەیەکی نارێک و پێک بڵاو دەبووەوە و بە درەنگەوە دەگەیشتە مەهاباد و لێرە ڕووبەڕووی پێێشوازی بواری گشتی ناسیۆنالیستی دەبوو و نوێنەری دەسەڵاتی حدک بوو، Vali ٢٠١٩: ٣٦
١٩٣.حیسامی: ١٤٦
١٩٤.کۆچێرا: ٤٢٨؛ مەک داوڵ: ٤٣١
١٩٥. Ghassemlou: ١٢٣
١٩٦.بلووریان: ١٤، ٣٣٢
١٩٧.کۆچێرا: ٤٢٧
١٩٨.بلووریان: ٢٣٦، ٢٦٢، ٢٩٦
١٩٩. هەمان جێ: ٣٠٣؛ Ghassemlou: ١٢٣
٢٠٠. کوچێرا: ٤٣١
٢٠١.Ghassemlou: ١٣٢
٢٠٢.مەک داوڵ: ٤٣٢. بەڵام بە پێی قسەی عەبباس وەلی ئەو کۆنفڕانسە لە مارسی ١٩٧٠ (ڕەشەمە/ خاکەلێوەی ١٣٤٩) پێک هات. Vali ٢٠١٩: ١٢٨
٢٠٣.مەک داوڵ: ٤٣٠
٢٠٤.حیسامی: ١٣٥، ١٣٨
٢٠٥.Ghassemlou: ١٣٢
٢٠٦.Vali ٢٠١٩: ١٢٥
٢٠٧. هەمان جێ: ٣٢٢
٢٠٨. کۆچێرا: ٢٣٢
٢٠٩. هەمان جێ: ١٢٨
٢١٠. بلووریان: ١٤
٢١١.کۆچێرا:٢٢٩
٢١٢. حیسامی: ٤٢، ٤٦
٢١٣. بلووریان: ١٣٨. لە بیرەوەرییەکانی حیسامی دا، قاسملوو وەکوو نوێنەری حیزبی توودە لە بەهاری ساڵی١٣٣٢ هاتەوە ئێران و لەگەڵ ئەندامانی حدک پێوەندی کرد ( حیسامی ٥٥)
٢١٤. بلووریان:١٩١، ٣٧٨
٢١٥. هەمان جێ: ٢٣٦؛ کۆچێرا: ٢٣١؛ حیسامی: ٨٢
٢١٦. حیسامی: ١٠٩. هەڵە لە گوتنی بەروارەکە دا ئی حیسامی یە. دەبێ لە ساڵی ١٣٤٤ تا ١٣٤٩ بێ.
٢١٧. عەبباس وەلی ئاماژە دەکا بە بەیاننامەیەکی هاوبەش کە لە مانگی فێڤرییەی ١٩٦٨ لە نێوان ڕادمەنێش، سکرتێری یەکەمی حیزبی توودە، و کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حدکا لە بەغدا دەرچوو. ئەو بەیاننامەیە نیشاندەری نوقتەی دوندی ڕێبازی تازەی ڕێبەرایەتی حیزبی توودەی پێک دێنا. داخویانییەکە تایبەتمەندی خەباتی نەتەوەیی کوردەکانی لە ئێران پەژراند و ڕایگەیاند کە وەرزێران هێزی پاڵپێوەنەری بزووتنەوەی ڕزگاریدەر لە کوردستانن. لەوەش زیاتر، بەیانییەکە جەختی کردەوە لە سەر خەسڵەتی دێمۆکڕاتیکی نەتەوەیی و گشتی و دژی ئەمپریالیستی بزووتنەوەی کورد و ئەوی بە بەشێکی جیانەکراوە لە خەباتی دێمۆکڕاتیکی مەردمی ئێران بە دژی ئەمپریالیزم و دیکتاتۆڕی پەهلەوی بە نێو کرد. عەبباس وەلی لە درێژە دا دەنووسێ: ئەگەرچی ئەو داخویانییە لە لایەن حیزبی توودەوە پەسند نەکرا، بەڵام بوو بە هۆی بەهێز بوونی باڵی چەپی حدک. Vali ٢٠١٩: ١١٥
٢١٨. حیسامی ١١٦.١٢٥
٢١٩. هەمان جێ: ١٢٧، ١٣٨، ١٤٩
٢٢٠.هەمان جێ: ١٥٢
٢٢١. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران. سەرماوەزی ١٣٦٠: ٩
٢٢٢. نادری: ٢٠٩؛ جەلایی پوور: ٨٠، جەلایی پوور بەرواری پێکهاتنی کۆمەڵە بە ساڵی ١٣٦٠ دەزانێ. ئەوە دەکرێ لە مەڕ فکری پێکهێنانی ڕێکخراوەیەکی ئاوا بێ. ئەو پێوەندییە بە قسەی عەبباس ولی ش هەبوو. Vali
٢٠١٩: ١٤٧
٢٢٣.شیرازی ١٣٨٦
No comments:
Post a Comment