Friday, August 29, 2025

چەند وتەیەکی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە بەرنامەی تایبەتی تێلێڤیزیۆنی نەورۆز دا و نەخوێندنەوەی دوو نامە

                       وێنە ئارشیوی کاک سەتار ئاویهەنگ، تۆرنتۆ ٦-ی مارسی ٢٠١٠

چەند وتەیەکی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە بەرنامەی تایبەتی تێلێڤیزیۆنی نەورۆز دا و نەخوێندنەوەی دوو نامە
هاوڕێی خۆشەویست سیاوەش گۆدەرزی، ئەمرۆجومعە ٢٩-ی ئووت ڤێدێئۆی بەرنامەیەکی خۆی لە  " نەورۆز تیڤی " دا بڵاو کردووەتەوە بە یادی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور. ئەو بەرنامە تایبەتی یە لە سەر " زمانی ستانداردی کوردی" لە ١٩-ی ژانڤییەی ٢٠١٠ لە تێلێڤیزیۆنی نەورۆز بڵاو کراوەتەوە. لە ستودیۆ بەرێزان کاک هەندرێن نووسەر  وشاعیر و کاک نەوزاد هروری زمانزان و بەرپرسی کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم بەشدار بوون و بە تەلەفونیش کاک کاوە ئەمین و کاک ئەمیری نەمر بەشدارییان کردووە. وەک لە سەرەوە باس کرا سیاوەش ڤیدێئۆی ئەو بەرنامەیەی بە یادی مامۆستا ئەمیر بڵاو کردووەتەوە و منیش بۆ دەستخۆشی لەو یادە قسەکانی کاک ئەمیرم دابەزاندووە. بۆ بیراز کردنەوە زەینی خوێنەرەوان،سەبارەت بە گەنگەشە لە مەڕ زمانی کوردی و ئەو کۆنفڕانسەی کە ئەکادێمیای کوردی لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕێکی خست، لەمەڕ نەخوێندنەوەی نامەکانی نەمر ئەمیر حەسەنپوور و نامەکەی خۆم لەو کۆنفڕانسە دا، لە ١-ی ژانڤییەی ٢٠١٠ لەم وێبنووسەی ڕوانگە دا بابەتێکی دوور درێژم بە ناوی " ئەو دوو نامەی نەخوێندرانەوە" بڵاو کردەوە،کە دەیکەمە پاشکۆی ئەم  بابەتە.
حەسەن قازی
٢٩-ی ئووتی
٢٠٢٥

سیاوەش گۆدەرزی: بینەرانی هێژا، ئێستاش کاک دوکتور ئەمیری حەسەنپوور زمانناس لە وڵاتی کانادا، دانیشتووی کانادا لەگەڵمانە. کاک ئەمیر ئەم کاتەت باش!
دوکتور ئەمیر حەسەنپوور: ئەو کاتەی ئێوەش باش!
گۆدەرزی: زۆر سپاس، کاک ئەمیر جەنابت یەکێک لەو کەسانە بووی کە بۆ کۆنفڕانسی [ئەکادیمیای کوردی] بانگهێشتن کرا بووی بەڵام جەنابت نەچووی و لە باتی ئەوە نامەیەکت نارد بوو. دیارە، بەر لەوەی کە باسی ناوەرۆکی نامەکەت بکەی پێم باشە ئەو پرسیارەش بکەم کە جەنابت کە باس و موناقەشەکانی کۆنفڕانس کە بە تایبەتی دوای کۆنفڕانس دەرکەوت کە زۆرت پێ گرێنگە و بە حەولی ئەو باسانەوەی، بۆ بۆخۆت نەچوویت  و بۆ  بەشداریت نەکرد ڕاستەوخۆ لە کۆنفڕانسەکە دا؟ فەرموو!
حەسەنپوور: من ڕاستییەکەی دەرفەتی ئەوەم نەبوو ئەو سەفەرە بکەم. پێم خۆش بوو بچم بەڵام نەمتوانی. جا بۆیە بۆچوونەکانی خۆم زۆر بە کورتی نووسی، ناردم بۆ کۆنفڕانس. وا دیارە چەند ڕۆژێکی پێ چوو هەتا پێیان زانی کە من نامەم بۆ ناردوون. نامەکەی من نەیان خوێندبووەوە ڕاستییەکەی، تا ڕۆژی ئاخری کۆنفڕانسێ. کە ڕۆژی ئاخری کۆنفڕانسێش ویستیان نامەی من بخوێننەوە، نامەکەی خۆیان کە بۆ منیان نارد بوو؛ بەشێک لەوەیان  خوێندبۆوە.جا لێرە دا مومکینە هەڵەیەک بووبێ ئەمن کاتێکی کە نامەکەم ناردۆ، لەوانەیە کە نامەی خۆشیانم لەگەڵ نارد بێتەوە. ئەوە ئێستا کێشەیەکی زۆر گرینگ نییە، ئەکادێمی زمان نەدەبوو هەڵەی وا بکا. دەبوو بزانێ ئەو شتەی دەیخوێننەوە ئەوە نامەی خۆیانە. ئەوە زۆر جێی سەرسووڕمانە و نەدەبوو کاری وایان کرد با.
بەڵام باسی سەرەکی ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٩١ دوای ئەوەی دەسەڵاتی سەدام لە سەر بەشێکی زۆری کوردستانی خواروو لاچوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک هات لە ساڵی ١٩٩٢، هەر لە سەرەتای ئەو ماوەیە دا خەڵکی بادینان خۆیان بڕیارێکیان دا، بڕیارەکەش ئەوە بوو کە بە لەهجەی خۆیان دەیانەوێ بنووسن و کاروباری خۆیان بە لەهجەی خۆیان بەڕێوە بەرن.
ئێستا ئەگەر کەسێک سەفەر بکا لە ناوچەی بادینانەوە بۆ ناوچەی سۆرانی زمان، یا سۆرانی ئاخێو سنوورەکەی زۆر باش دەتوانێ هەر بە چاولێکردن لە کووچە و کۆڵان و دووکانەکان ببینێ کە بە چ شێوەیەک دەنووسرێ، هەر لە ناوچەی بادینان کە بچی بۆ ناوچەی سۆران نووسینەکان دەگۆڕدرێن.
ئەوە خۆی بڕیارێکی خەڵکە کە لە بارودۆخێک دا کە نە حکوومەتی هەرێم دەسەڵاتێکی زۆری بوو و نە حکوومەتی بەعس لەوێ بوو خەڵک خۆیان ئەو بڕیارەیان دا، و ئەوەش شتێکی سەیر نییە لەبەر ئەوەی کە ژیانی خەڵک لە کوردستانی خواروو، ژیانی خەڵک لە تەواوی دنیایێ دا دەگۆڕدرێ. لە ناوچەی بادینان ئێستا شاری گەورە هەن، ئێستا خوێندەواری زۆرە. خەڵک کاتێکی خوێندەواری بێ وەک زەمانی کۆن نییە کە زۆربەی خەڵک نەخوێندوار بوون. خەڵک  لەو شەرت و مەرجەی ئێستا دا دەیانەوێ بە لەهجەی خۆیان بخوێنن و بنووسن، کاروباری خۆیان بەڕێوە بەرن.
ئەوە کێشەیەکی سیاسی و زمانییە. لە باری سیاسییەوە مەسەلەی دەسەڵاتە، کاتێکی لە کوردستانی خواروو دوو لەهجەی سەرەکی هەن، دیارە لەهجەی تریش هەن، من باسی تەنیا کورمانجی و سۆرانی دەکەم. کاتێکی یەک لەو لەهجانە ڕەسمی بکرێ، بەو مەعنایەیە کە دەسەڵات دەدرێ بە ئاخێوەرانی ئەو لەهجەیە و بەو مەعنایەیە کە دەسەڵات وەردەگیرێ لە ئاخێوەرانی لەهجەکانی تر.
 جا ئەوە مەسەلەی ئازادی دێنێتە گۆڕێ، مەسەلەی دێمۆکڕاسی، مەسەلەی مافی زمان. ئێمە دەبێ لەو چوارچێوەیە دا باسی  کێشەکە بکەین کە ئایا خەڵکی بادینان ئێستا کە بڕیاریان داوە دەیانەوێ بە لەهجەی خۆیان بنووسن و بخوێنن و کاروباری ژیانی خۆیان بەڕێوە بەرن، ئایا ئەو مافەیان لێ پێشێل دەکرێ، ئینکاری ئەو مافەی دەکرێ، سۆرانییان بەسەر دادەسەپێندرێ یا مافی ئەوەیان دەبێ بە لەهجەی خۆیان بخوێنن و بنووسن؟ ئەوە مەسەلەی سەرەکییە. زۆرتری باسەکان بەداخەوە لەو چوارچێوەی لا دەبەن.
گۆدەرزی: باشە، کاک ئەمیر لێرە دا پرسیارێک دێتە گۆڕێ. پێم باشە بۆچوونی جەنابت، بۆچوونی ئەوەی کە لە باشووری کوردستان کە دیارە وەکوو لە نامەکەی جەنابیشت دا دیارە، جەنابت مەبەستت تەنها باشووری کوردستانە. پێداگری لە سەر بوونی دوو زاراوە، جووت زاراوە لە باشووری کوردستان دەکەی پێم باشە کە بیر و فکری پشتەوەی ئەو بۆچوونەی جەنابت کە ئایا لە ڕوانگەیەکی زمانەوانییەوەیە، یا ڕوانگەیەکی بڵێین ئایدێئۆلۆژی، سیاسی یان فکرێکی دیکەیە؟ پێم باشە بڕێک پاشخانی ئەو بۆچوونەی جەنابت زیاتر شی بکەیەوە. فەرموو!
حەسەنپوور: بەڵێ لە ڕوانگەی زمانناسییەوە زمانەکان وەک یەک نین. زمانەکانی دنیایێ؛ نزیکەی ٧٠٠٠ زمان هەیە کە قسەی پێ دەکردرێ و زۆربەشیان نانووسرێن. زمانەکان یەک چەشن و یەک جۆر نین. زمانی وا هەیە زۆر فرە لەهجەیە، زمانی وا هەیە لەهجەی کەمترە، بەڵام حەموو زمانەکان فرە لەهجەن. زمانی وەک هەرمەنی دوو لەهجەی هەیە، کە پێی دەنووسرێ و ستاندارد کراوە، زمانی ئاڵبانیش هەر وەها، زمانی نۆڕوێژیش هەر وەها ئەوە هەر لەو ناوچانەی کە نزیک لە کوردستانن، باسی وڵاتی تر ناکەم.
 ئەوە شتێکی ئاسایی یە لە ژیانی زمانی دنیایێ دا  کە زمانێک دەتوانێ زیاتر لە یەک لەهجەی نووسراوی هەبێ  و هەر وەک کوتم لەو سێ زمانانە دا، هەر یەکەی دوو لەهجەی ستانداردیان هەیە. لە باری زمانناسییەوە ئەوە وەرگیراوە. بەداخەوە ئەوە لە باری سیاسییەوە ناسیۆناڵ شۆوێنیستی ترک و فارس و عەڕەب ئەوانە پێیان وایە کە زمان هەر لەهجەیەکە و یەک لەهجەی ستانداردی هەیە و زمانی خۆیان دەکەنە پێوەر و پێوانە بۆ زمانەکانی دی. ئەوە بۆچوونێکی سیاسییە. لەباری زمانناسییەوە وا نییە کە زمان تەنیا یەک ستانداردی هەبێ. تەنانەت زمانی فارسی کلاسیک، کە زەمانێکی هەر ستانداردێکی نووسینی هەبوو ئێستا سێ ستانداردی لێ پەیدا بووە؛ ستانداردی تاجیکی، لە تاخیکستان، دەری لە ئەفغانستان و فارسی لە ئێران. زمانی عەرەبیش هەر وەها کە لە فوسحە دا یەک بووە جاران، ئێستا بە پەیدا بوونی وڵاتی جۆراجۆر، شەرقی و غەرەبی لێ پەیدا بووە؛ عەڕەبی قاهیرە هەیە، مەراکیش هەیە، بەغدا هەیە، دیمیشق هەیە. ستاندارد بوون ئاوا نییە کە بۆ جارێکی زمانێک ستاندارد دەبێ و ئیتر تا دوایی تاریخ ئیتر هەر وا دەمێنێ. زمان دەگۆڕدرێ، یەک ستاندارد دەبێتە چەند ستاندارد، چەند ستاندارد دەبنە یەک ستاندارد.
گۆدەرزی: بەڵێ، زۆر سپاس کاک ئەمیر، ئێمە لە درێژەی بەرنامەکەمان دا حەتمەن باس و موناقەشەیەکی وا ساز دەبێ کە جەنابت دوایە دیسان دوا بۆچوونەکانی خۆت دەرببڕی. ئێمە جارێکی دیکە تەلەفوونەکەمان گرێ دەدەینەوە کە جەنابیشت دیارە چاو لە بەرنامەکەی ئێمە دەکەی. جارێ سپاس کاک ئەمیر.
حەسەنپوور: بەڵێ زۆر باشە، سپاس.
---
گۆدەرزی: بینەرانی هیژا، ئێستاش کاک ئەمیری حەسەنپوور جارێکی دیکە لە سەر خەتی تەلەفوونەکەمانە. کاک ئەمیر بە گشتی لە سەر ئەو باس و موناقەشەیەی کە ئێستا بەردەوامە لە ستودیۆ و هەر واتر کۆی باسەکەت و دواتریش لە دوا کاتەکاندا بەڕێز هەندرێن دەڵێ کە فەرمی بوونی زمان لە باشووری کوردستان پێوەندی بە ئیرادەی نەتەوەیەکەوەیە و پێوەندی بە مافی مرۆ وە نییە کە جەنابت لایەنگری لە مافی مرۆیی زمانی و مەسەلەی جووت ستانداردیش لە باشووری کوردستان بە جۆرێک پێوەندی بە مافی ئینسانەوە هەیە، پێوەندی بە مافی ئاخێوەرانی زاراوەکانەوە هەیە فەرموو گوێبیستی بۆچوونەکانت بین.
حەسەنپوور: بەڵێ با من نموونەیەک بێنمەوە لێرە. نەتەوەیەک هەیە پێی دەڵێن نەتەوەی سویس. نەتەوەی سویس جیاوازە لە نەتەوەی فەڕانسە، لە ئەڵمان، ئیتالیا و ئەوانە. بەڵام ئەو نەتەوەی سویسە، زۆر ڕاوەستاوە، بە سەقامە، لەمێژە هەیە، تووشی شەڕ و کێشەیەکی زۆر نەبووە. تەواوی ئوڕووپا لە شەڕ دا بوو لە سەدەی بیست دا، [لە] سویس شەڕ نەبوو، ئاسایش هەبوو. ئەو نەتەوەی سویسە بە چوار زمان قسان دەکا. چوار زمانی ڕەسمی هەیە. بۆچی لە کوردستانا، کوردستانی خواروو ئێستا ئێمە باسی ئەوێ دەکەین، کە دوو لەهجەی سەرەکی هەن کرمانجی و سۆرانی بۆچی ناکرێ ئەو دوو لەهجانە ڕەسمی بن؟ چۆن نەتەوەی سویس دەتوانێ چوار زمانی ڕەسمی هەبێ بەڵام نەتەوەی کورد ناتوانێ دوو لەهجەی سەرەکی هەبێ؟ من ئێستا لە کانادایەم، لە کانادایە دوو زمانی ڕەسمی هەیە. دیارە ئێرە وڵاتێکی فرە زمانییە، بەڵام دوو زمانی ڕەسمی هەیە. لە پارڵمانی کانادا بە هەر تک زمان قسە دەکرێ، پارەی کانادایی و پاسپۆرت و گشت شتێک بە دوو زمانە. بۆچی لە کوردستان دا ناکرێ، نەتەوەی کورد، ئەگەر نەتەوەیەکی کورد هەیە بۆچی ناتوانێ ئەو نەتەوەی کوردە چەند لەهجەی هەبێ؟ من ئەو پرسیارە دەکەم.              
دوایە مەسەلەیەکی تر ئەوەیە ئەگەر بێتوو
سۆرانی ڕەسمی بکرێ لە کوردستانی خواروو بەو مەعنایەیە کە دەسەڵات دەدرێ بە ئاخێوەرانی سۆرانی، ئەوەش بەو مەعنایەیە کە مافی زمانی ئینکار دەکرێ لە ئاخێوەرانی لەهجەکانی تر. جا چ  هەورامی بێ چ کرمانجی بێ. ئەوە بەو مەعنایەیە کە ئەگەر کەسێک لە دهۆک، لە زاخۆ، لە ئاکرێ بچێتە دادگایە، ئەگەر سۆرانی تەنیا زمانی ڕەسمی بێ، ئەو کەسە ئەگەر لەهجەی سۆرانی نەزانێ، لە دادگایە لە بارێکی زۆر ناخۆش دا دەبێ و زوڵمی لێ دەکرێ چونکە لەهجەکە نازانێ، سۆرانی ئەگەر ڕەسمی بێ نایزانێ. ئەگەر هەر ئەو کەسە بچیتە ئیدارەیەکی دەوڵەتی، بچێتە ئیدارەی پۆلیس، دیسان چون زمانەکە نازانێ بچیتە نەخۆشخانەیەک کە نەخۆشخانەی دەوڵەتی بێ دیسان چون لەهجەی سۆرانی نازانێ لە پلەیەکی زۆر، لە باری دەسەڵاتەوە،نزم دا دەبێ. زوڵمی لێ دەکرێ. بە کورتی بڵێم زوڵمی لێ دەکرێ لەبەر ئەوەی کە لەهجەی ڕەسمی نازانێ. جا بۆیە مەسەلەکە تەواو مافی زمانە و مافی زمانیش وەک مافێکی مرۆڤایەتی. ئینکار کردنی ئەو مافە لە بەشێکی زۆری کوردی کوردستانی خواروو کێشەی دێمۆکڕاسییە، ناکرێ بەوەی بڵێی کێشەی یەکگرتنی نەتەوەیە.
گۆدەرزی: کاک ئەمیر زۆر بەکورتی ئەگەر لێرەد ا باسێک هاتە پێشێ لە سەر زاراوەی سۆرانی. پێم باشە کە  ئەوە بڵێن ئەوەی کە ئێوە زاراوەی سۆرانی بەکار دەبەن لە باتی کرمانجی نێوەڕاست وەکوو بڵێین لە تێرمینۆلۆژی دا ئەوە باس دەکرێت، وەکوو زمانناسێک بە تایبەتی لە سەر ئەوەی کە ئێستاش جەنابت هەر زاراوەی سۆرانیت بە کار هێنا مەبەستت چییە؟ فەرموو!
حەسەنپوور: بەڵێ ئەوە بەڕاستی کێشە نییە. ئێمە عیلمێکمان هەیە، زانستێک پێی دەڵێن semantics بە ئینگلیسی، مەعنا شناسی، مەعنا ناسین. لە مەعنا ناسین دا ئەوە زۆر ڕوون بۆتەوە هەر وەک مامۆستا گۆران لە شێعرێک دا دەڵێ: " ئەو سانییە کە ناوی وشە دیوی دەری بێ "، راستییەکەی ئەوەیە کە ناوی وشە قەت دیوی دەری نەبووە. لە هیچ زمانێکیش دا وا نییە. هیچ وشەیەک پڕ بە پێستی ناوەرۆکەکەی نییە. جا بۆیە گرینگ نییە خەڵکی بادینان بەو کۆمەڵە لەهجانەی کە لە ئەمارەتی بابان و سۆران و لە ناوچەی ڕەواندز را بگرە هەتا سنە لەو بەری سنوور، موکریان قسەی پێ دەکەن خەڵکی بادینان بەوانیان دەکوت سۆرانی و لە ساڵانی ١٩٦٠ دا بەو کۆمەڵە بن لەهجەیان دەکوت سۆرانی. ئەوە گرینگ نییە کە ئەوە پڕ بە قالبی لەهجەکان نییە. گشت وشەی زمان هەر وایە کوتم مامۆستا گۆران دەڵێ:" ئەو سانییە تا ناوی وشە دیوی دەری بێ " هێچ کاتێک ناوی وشە دیوی دەری نەبووە. ئەوە کێشە نییە.
سیاوەش گۆدەرزی: زۆر سپاس کاک دوکتور ئەمیری حەسەنپوور. بەڵێ کاک دوکتور ئەمیری حەسەنپوور بوو زمانناس لە کانادا.


پاشکۆ،
وێبنووسی ڕوانگە
Friday, January 1, 2010

حەسەن قازی
ئه‌و دوونامه‌یه‌ی نه‌خوێندرانه‌وه‌
له‌ نێوان ٢١ – ٢٣ی مانگی دێسامبری ٢٠٠٩ " ئه‌کادیمیای کوردی" له‌ هه‌ولێر "کۆنفڕانسی زمانی ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان" ی به‌ڕێوه‌ برد و وه‌ک پێشبینی ده‌کرا ئه‌م کۆنفڕانسه‌ چی لێ شین نه‌بوو.
پێشتر بڕیار وابوو، ئه‌و کۆنفڕانسه‌ له‌ مانگی ئۆکتۆبر دا به‌ ڕێوه‌بچێ. ئه‌من له‌ ٢٩-ی مانگی ئووت نامه‌ی لێگێڕانه‌وه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌و کۆنفڕانسه‌م به‌هۆی به‌ڕێز موئه‌یید ته‌ییب ئه‌ندامی کارای "ئه‌کادیمیا" به ئیمه‌یل به‌ ده‌ست گه‌یشت.(بڕوانه‌ خواره‌وه‌) له‌و بانگهێشتنه‌‌ دا داوا کرابوو، که‌سی بانگکراو " له‌ کورته‌یه‌ک‌دا (ملخص/
abstract) بیر و بۆچوونی له‌ سه‌ر ناوه‌رۆکی دۆسییه‌ی نێردراوی زمانی فه‌رمی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، تا ١٥/٩/ ٢٠٠٩ بنێرێ".
به‌ داخه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نێوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ ڕا دیار نه‌بوو، ئه‌و که‌سه‌ی لێی گێڕدراوه‌ته‌وه‌ ته‌نێ وه‌ک گوێگر و چاوه‌دێر به‌شداری ده‌کا یان بۆی هه‌یه‌ باسێش پێشکێش بکا، بۆیه‌ ئه‌من له‌ گه‌ڵ سپاس بۆ ئه‌و بانگهێشتنه‌، به‌ کاک موئه‌یید ته‌ییبم ڕاگه‌یاند. ‌ناتوانم به‌شداری بکه‌م، به‌ڵام به‌ خۆشییه‌وه‌ بیرو ڕای خۆم گه‌ڵاله‌ ده‌که‌م و بۆ کۆنفڕانسی ده‌نێرم. بۆ ئه‌وه‌ش که‌ پێشنیازی به‌که‌لک به‌ "ئه‌کادیمیا" بکرێ ئه‌و دۆسییه‌ی ئه‌وان ناردبوویان وه‌رمگێڕا سه‌ر زمانی ئینگلیسی و بۆ چه‌ند شاره‌زای بواری زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆیی زمانم نارد تا‌ ئه‌وانیش بۆ چوونی خۆیان ده‌رببڕن.به‌خۆشییه‌وه‌ زۆربه‌یان به‌کاتی خۆی وڵامی بانگه‌وازه‌که‌ی منیان داوه‌ و له‌ ١٣ی سێپتامبری بۆچوونه‌کانی خۆم و ٣ له‌ شاره‌زایانم بۆ ناردن. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی وڵامی یه‌كێکیان هێندێک دره‌نگتر به‌ ده‌ستم گه‌یشته‌وه‌ ‌ئیدی نه‌منارد و لێره‌ دا بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌.
له‌ کاتی به‌سترانی کۆنفڕانسه‌که‌ دا بیستمه‌وه‌ ‌ گۆیا "ئه‌کادیمیا ی کوردی" وڵامه‌که‌ی منی "بزر" کردووه‌، بۆیه‌ لێره‌ دا به‌ پێویست ده‌زانم بۆ ئه‌وه‌ی نێوه‌رۆکی نامه‌که‌ی من و ڕای شاره‌زایان له‌ خزمه‌ت پێوه‌چاران به‌ شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کان دان بڵاویان بکه‌مه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمان و سرنجه‌، ئه‌و شێوه‌یه‌یه‌ که‌ ڕێکخه‌رانی کۆنفڕانس له‌ گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور جووڵاونه‌ته‌وه‌‌. (بڕوانه‌ ماڵپه‌ڕی کولتوورنامه‌ ٢٤ ی دێسامبر، ئاکانیوز ٢٥ی دیسامبر، ڕۆژنامه‌ی "ئه‌ڤڕۆ " ٢٩ی دیسامبر). به‌ڕێز دوکتور شه‌فیق قه‌زاز سه‌رۆکی ئه‌کادیمیای کوردی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ئاکانیوزی گوتووه‌ : " ئه‌میر حه‌سه‌نپوور نامه‌که‌ی بۆ ئیمه‌یلی ئه‌کادیمیا ناردووه‌ و ئێمه‌ش خوێندمانه‌وه‌،کاتێ به‌شدارانیش گومانیان لا دروست بوو من خۆم ئاگادارم کردنه‌وه‌ که‌ پێوه‌ندیی پێوه‌ بکه‌ن، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌و نامه‌یه‌کی تری ناردووه‌ ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ که‌ بۆ ئێمه‌ی ناردبوو، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ڕوون کردنه‌وه‌ بدات له‌و باره‌وه‌." ( ئاکانیوز ٢٥ی کانوونی یه‌که‌م )
جێگای سه‌رسوڕمان‌ ئه‌وه‌یه‌ ‌ به‌ڕێز دوکتور شه‌فیق قه‌زاز وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ئاگای له‌ کاره‌کان و نووسینه‌کانی دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له‌ مه‌ڕ پرسی زمانی کوردی نه‌بێ وایه‌. چۆن ده‌کرێ که‌سێک له‌ ئاستی ئاکادێمی مامۆستا حه‌سه‌نپوور دا دوو نامه‌ی پێچه‌وانه‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاوا گرینگ بنێرێ. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ ده‌بێ ڕوون کردنه‌وه‌ بدا و داوای لێبوردن له‌ دوکتور حه‌سه‌نپوور بکا ڕێکخه‌رانی کۆنفڕانسن که‌ به‌ ناوی وی نامه‌یه‌کی نه‌بوویان خوێندووه‌ته‌وه‌. هیوادارم ئه‌وه‌ زه‌له‌یه‌ک بووبێ، ئه‌گه‌ر وه‌کو تر بێ ئه‌وه‌ به‌ته‌واوی ئیعتیباری " ئه‌کادیمیای کوردی" ده‌باته‌ ژێر پرسیار.
جگه‌ له‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی بادینان که‌ توانیبوویان‌ ده‌قی ئه‌سڵی نامه‌ی دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور به‌ده‌ست بهێنن و بیری ڕێکخه‌رانی کۆنفڕانسی به‌ره‌و ڕاکێشان، ته‌نانه‌ت چه‌ند که‌سی دیکه‌ش که‌ له‌و کۆنفڕانسه‌ دا به‌شدار بوون وه‌ک به‌ڕێز نه‌وزادی هرۆری، زمانناس و به‌رپرسی کتێبخانه‌ی کوردی له‌ ستۆکهۆڵم، دوکتور هه‌ڵکه‌وتی مه‌لاحه‌کیم وانه‌بێژی به‌شی کوردی له‌ زانکۆی پاریس و فه‌رهادی شاکه‌لی وانه‌بێژی به‌شی کوردی له‌ زانکۆی ئووپسالاش له‌ کۆنفڕانس ڕایانگه‌یاندبوو‌ ئه‌و نامه‌یه‌ی به‌ناوی حه‌سه‌نپووره‌وه‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌، به‌له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی ‌له‌ گه‌ڵ بیرو هه‌لوێستی دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له‌و باره‌یه‌وه‌‌ ناسیاوییان هه‌یه‌ ناتوانێ نامه‌ی وی بێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆنفڕانس نامه‌ی ئه‌سڵی دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپووریان بۆ کۆنفڕانس نه‌خوێندبووه‌وه‌.
لێره‌ دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌و سه‌ردێڕه‌ چه‌واشه‌یه‌ش بکرێ که‌ ئاکانیوز بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی داناوه‌ که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌: " کۆنفڕانسی زمان ئه‌نجامی لێ نه‌که‌وته‌وه‌ و نامه‌که‌ی ئه‌میر پووریش کێشه‌که‌ی ئاڵۆزتر کرد" (ئاکانیوز ٢٥ی کانونی یه‌که‌م )
ئه‌گه‌رچی له‌ ڕاپۆرته‌که‌ دا ناوی مامۆستا حه‌سه‌نپووریان ڕاست نووسیوه‌، به‌ ڵام سه‌ردێڕه‌که‌‌ ئاوای تێده‌خوێندرێته‌وه‌ تۆمه‌ز نامه‌‌ی حه‌سه‌نپوور کۆنفڕانسه‌که‌ی ئاڵۆز کردووه‌، له‌ کاتێکدا به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆنفڕانس نامه‌ی وییان نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵکوو به‌ ناوی وی "نامه‌"یه‌کیان خوێندووه‌ته‌وه‌. له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا دوو جار نووسراوه‌ " زمانناسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان" ئه‌و دیاری کردنه‌ی جوگرافیایی شوێنی له‌ دایکبوونی که‌سێک هیچ پێوه‌ندی به‌و باسه‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌ گۆڕێ دا بووه‌‌. ده‌ ڕاستیدا کتێبی ٥٢٠ لاپه‌ڕه‌یی " ناسیۆنالیزم و زمان له‌ کوردستان"ی مامۆستا حه‌سه‌نپوور لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی " ستاندارد بوونی بن – له‌هجه‌ی سلێمانی" ‌، ئه‌وه‌ پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌و کتێبه‌ بوو که‌ تێزی دوکتورای به‌ڕێزی بوو و له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٣٦ی کتێبه‌که‌ دا وه‌ک
research question ی سه‌ره‌کی داندراوه‌. هه‌رچی باسی شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌یه‌ وه‌ک زه‌مینه‌ی ئه‌و باسه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان له‌هجه‌کان به‌ تایبه‌تی سۆرانی و کورمانجی ڕوون بکاته‌وه‌.بڵێی به‌ڕێز دوکتور شه‌فیق قه‌زاز ئه‌و کتێبه‌ی نه‌ده‌یبێ؟
سه‌باره‌ت به‌ باسی ئێستای پێوه‌ جاران به‌ له‌هجه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان دا، له‌ شه‌شه‌مین "کۆنفڕانسی مامۆستایانی زمانی دایکی" که‌ له‌ ٢٤ – ٢٥ی مانگی سێپتامبری ٢٠٠٩ له‌ شاری ڤێسترئۆسی وڵاتی سوێد به‌ ناوی "ستاندارد کردنی زمانی کوردی" پێک هات، مامۆستا حه‌سه‌نپوور به‌شێک له‌ نووسراوه‌که‌ی به‌ڕێز دوکتور محه‌مه‌د مه‌عڕووف فه‌تاح : " زمانی فه‌رمی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا"ی که‌ وه‌ک به‌شێک له‌ دۆسییه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌کادیمیای کوردی بۆ بانگکراون ناردرابوو، خوێندبووه‌وه‌‌ و بێ هیچ سڵ کردنه‌وه‌یه‌ک به‌رپه‌رچی پڕۆژه‌ی " ڕه‌سمی کردنی سۆرانی" دابووه‌وه‌. له‌و کۆنفڕانسه‌ دا ٦٧ " مامۆستای زمانی دایکی" له‌ سوێد به‌شداریان کردبوو و "پڕۆژه‌ی ڕه‌سمی کردنی سۆرانی " گه‌نگه‌شه‌یه‌کی تێر و ته‌سه‌لی له‌ سه‌ر کرا بوو.
ئه‌من به‌ ته‌ما نه‌بووم ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ ئه‌کادیمیای کوردیم ناردبوو بڵاو بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌کادیمیا نرخی ئه‌وه‌ی بۆ دانانه‌وه‌ بیخوێنێته‌وه و به‌تایبه‌تیش له‌ به‌ر ئه‌و ناحه‌قییه‌ی له‌ ئاست پله‌ی زانستی مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور کراوه‌، ئه‌وا لێره‌دا بۆ ئاگاداری بیروڕای گشتی هه‌م نامه‌که‌ی خۆم ، هه‌م بۆچوونی چه‌ند شاره‌زای ئه‌و بواره‌ و هه‌م نامه‌ نه‌خوێندراوه‌که‌ی مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌.
٣١ی دێسامبری ٢٠٠٩
حه‌سه‌نی قازی
به‌ڕێز دوکتور شه‌فیق قه‌زاز
سه‌رۆکی ئه‌کادیمیای کوردی
وێڕای سڵاو سپاستان ده‌که‌م بۆناردنی بانگهێشتنامه‌ بۆ به‌شداری له‌ "کۆنفڕانسی زمانی ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان" و دۆسییه‌ی هاوپێچی که‌ به‌ ڕێگه‌ی به‌ڕێز موئه‌یید ته‌ییب به‌ ده‌ستم گه‌یشت.
وه‌ک داواتان کردووه‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆچوونی خۆم و هه‌ر وه‌ها بۆچوونی چه‌ندین زمانناسی دیکه‌شتان بۆ ده‌نێرم که‌ من به‌ باشم زانی له‌ نێوه‌رۆکی ئه‌و دۆسییه‌یه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌کادیمیای کوردییه‌وه‌ ئاماده‌ کراوه‌ ئاگاداریان که‌م بۆ ئه‌وه‌ی تێخوێندنه‌وه‌ی خۆیان بهێننه‌ گۆڕێ و بیروبۆچوونی زانستییانه‌یان یارمه‌تییه‌ک بێ له‌و بواره‌ دا.

بۆچوونی من سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی زمان له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
        ئه‌گه‌رچی له‌ دۆسییه‌که‌ دا ڕاستینه‌ی فره‌ چه‌شنی و فره‌ ستانداردی زمانی کوردی ددانی پێداهێندراوه‌ به‌ڵام،ئه‌مجار له‌ ژێر نێوی پێویستی " زمانی ڕه‌سمیی بۆ هه‌رێمی کوردستان" حه‌ولی زاڵ کردنی شێوه‌زارێک به‌ سه‌ر شێوه‌زاره‌کانی تری کوردی دا هاتووه‌ته‌ گۆڕێ. به‌ بۆچوونی من له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای هه‌رێمی کوردستان دا هیچ پێویستی به‌ ڕه‌سمیی کردنی شێوه‌زارێکی کوردی ناکا، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی تاکوو ئێستا نه‌ کاروباری به‌ڕێوه‌به‌ری و نه‌ پێوه‌ندییه‌کانی ده‌زگاکانی حکوومه‌تی کوردستان به‌ هیچ جۆر له‌ به‌ر پرسی زمان چه‌تی تێنه‌که‌وتووه‌.
       ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ هه‌رێمی کوردستان دا شێوه‌زارێک بکرێ به‌ زمانی "ڕه‌سمی" ئه‌وکاره‌ له‌ چه‌ند ڕووه‌وه‌ به‌ زیانی زمانی کوردی و ئاخێوه‌رانی ته‌واو ده‌بێ١
- هه‌ڵکه‌وتی زمانی کوردی وه‌کوو یه‌ک له‌ زمانه‌ ڕسمییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراق بنکۆڵ ده‌کا. ئه‌و لایه‌نانه‌ی ‌ چاویان به‌ هه‌بوونی پله‌یه‌کی ئه‌وتۆ بۆ زمانی کوردی هه‌ڵ نایه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ڕه‌سمییه‌ت دان به‌ شێوه‌زارێک له‌ هه‌رێمی کوردستان دا پرسی فره‌ له‌هجه‌یی و فره‌ چه‌شنی زمانی کوردی [ وه‌ک هه‌ر زمانێکی دیکه‌] گه‌وره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێش به‌ سه‌قامگیر بوونی ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ی گه‌لی کورد که‌ له‌ قانوونی بنچینه‌یی عێڕاق دا گونجێندراوه‌ بگرن و به‌ره‌یه‌کی نوێ به‌ دژی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌لی کورد بکه‌نه‌وه‌. کورد به‌ ده‌ستی خۆی نابێ ئه‌و هه‌له‌ بۆ لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بڕه‌خسێنێ.
٢- جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر شێوه‌زارێک له‌ بن هه‌ر ناوێک و به‌ پشت به‌ستن به‌ هه‌ر تێئۆرییه‌کی زمانی و پاشخانی مێژوویی شێوه‌زاره‌کانی کوردی ده‌بێته‌ هۆی دابڕانی ئاخێوه‌رانی کوردی له‌ یه‌کدی له‌ جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان دا و دووبه‌ره‌کی و چه‌ند به‌ره‌کی سازکردنێکی ئه‌وتۆ نه‌ک هه‌ر کارێکی ناڕه‌وایه‌ به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵی سه‌لیمیشه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شارومه‌ندانی هه‌رێمی کوردستان دا نییه‌.
٣- به‌ باوه‌ڕی من "ئه‌کادیمیای کوردی" بۆ ئه‌وه‌ی کاری سیاسه‌تداڕێژان و بڕیار به‌ده‌ستان هاسان کا ده‌بێ پێشنیاره‌کانی به‌ پێی بارودۆخی هه‌نووکه‌یی بێ له‌ کوردستانی عێڕاق دا. ئێستا ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌چێ‌ له‌ ناوچه‌ی بادینان هه‌موو چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داوا ده‌که‌ن کاربه‌ده‌ستانی په‌روه‌رده‌ی کوردستان به‌ ڕه‌سمی ڕیگا بده‌ن‌ به‌به‌کارهاتنی شێوه‌زاری کورمانجی ژووروو وه‌کوو ئامرازی خوێندن له‌و ده‌ڤه‌ره‌ دا. هیچ داوخوازییه‌ک له‌و داوایه‌ ڕه‌واتر نییه‌، که‌ وابوو له‌ جیاتی ( کۆنفڕانسی زمانی ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان) پێشنیار ده‌که‌م " کۆنفڕانسی چلۆنایه‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی شێوه‌زاره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان" ببه‌سترێ و له‌ سه‌ر بنه‌مای ته‌جره‌به‌ و ده‌ستکه‌وتی ولاتانی هاوشوبار له‌و بواره‌ دا باشترین ڕیگه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی سیاسه‌تێکی زمانی هه‌مووگره‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندن دا وه‌به‌ر بگیرێ.
        گه‌لی کورد ده‌بێ زیاترله‌ هه‌موو گه‌لێکی دی له‌ سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ هه‌ست به‌ ئاکامی دڵتاوێنی زمانکوژی بکا، هه‌ر بۆیه‌ش ئێستا که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی دا زاڵه‌ و زمانه‌که‌ی یه‌ک له‌ زمانه‌ ڕه‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌، لێی ده‌وه‌شێته‌وه‌ له‌ نێوخۆی دا ڕیبازی هه‌ره‌ دێمۆکراتیی زمانی په‌یڕه‌و بکا و تۆڵه‌ی زوڵم و زۆری له‌ مێژینه‌ بکاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ داوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌کادیمیای کوردی
حه‌سه‌نی قازی
١٢ی سێپتامبری ٢٠٠٩
بۆچوونی چه‌ند زمانناسی دیکه‌
بۆچوونی یه‌که‌م: دوکتور توڤێ سکووتناب کانگاس (Tove Skutnabb- Kangas )
حه‌سه‌نی خۆشه‌ویست!
ئه‌من دۆسییه‌که‌م خوێنده‌وه‌. بۆ من زه‌حمه‌ته‌ هیچ جۆره‌ هه‌ڵوێستێکم هه‌بێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کوردی نازانم. هه‌ر تازه‌ وتارێکم خوێنده‌وه‌ (ئه‌حمه‌د قابیل نووسیویه‌) سه‌باره‌ت به‌و حه‌ولانه‌ی بۆ ستاندارد کردنی زمانی به‌ربه‌ر ده‌درێ و ده‌یسه‌لمێنێ، وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا،‌ ئه‌نگێزه‌ی سیاسی له‌ پشت هه‌ر جۆره‌ ڕێگا چاره‌یه‌ک ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێزه‌ که‌ به‌ ته‌واوی بۆ خه‌ڵکی لاوه‌یی ناموکینه‌‌ شتێک له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵێن. (وتاره‌که‌ بۆ کتێبێکه‌ که‌ من و که‌سێکی تر ئێدیتی ده‌که‌ین). ته‌نانه‌ت به‌ به‌راوه‌رد کردن له‌ گه‌ڵ بارو دۆخی دیکه‌ ( بۆ نموونه‌ ئیڤار ئۆسێن له‌ نۆروێژ نزیکه‌ی ١٥٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاتێک یه‌ک له‌ زمانه‌ ڕه‌سمییه‌کانی نۆروێژی ساز کرد واته‌ " نی نۆرشک" له‌ سه‌ربنه‌مای زۆر له‌ له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کوو پارسه‌نگێک بێ له‌ ئاست "بووکمۆل" که‌ هه‌ر دانمارکی بوو و به‌ نۆروێژی ته‌له‌فوز ده‌کرا، یان ئه‌و پێشنیارانه‌ی سه‌باره‌ت به‌‌ زمانێکی ستانداردی سامی هه‌یه‌، که‌ هه‌موو ئه‌و ١٠ زمانه‌ سامییه‌ی که‌ ئێستا هه‌ن وه‌به‌ر بگرێ، هیچ له‌وه‌ش شین نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت فکره‌که‌شی یه‌کده‌نگ به‌رپه‌رچ دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ک فکرێکی به‌ مه‌لۆتکه‌یی مردوو، (چونکه‌ له‌ لایه‌ن هێندێک له‌ سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه‌ وه‌کوو ئیده‌یه‌کی ناواقعی و زیانبه‌خش ره‌د کراوه‌ته‌وه‌)، ئه‌و نموونه‌یه‌ دژواری ئه‌و جۆره‌ کاری موهه‌ندیسییه‌/ ڕێکخستنه‌وه‌ییه‌ی زمانی ده‌سه‌لمێنێ.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌، کارێکی وا هێندێک لایه‌نی باشی هه‌یه‌، به‌ڵام ئاکامی یه‌کجار زۆر خراپ و زیانبه‌خشی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌ دانیم به‌ هه‌بوونی تاقه‌ زمانێکی ڕه‌سمیی بکرێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک یه‌ک بخرێ....
به‌ڵام مرۆ ده‌توانێ فه‌نلاندیش وه‌کوو نموونه‌یه‌ک به‌ کار بهێنێ. ته‌نێ ئێستا، دوای ٤٠٠ ساڵه‌، که‌ هه‌موو فه‌نلاندییه‌کان ستاندارد ده‌زانن، به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ نووسین دا، به‌ڵام زۆریان هێشتاش به‌ له‌هجه‌ی هه‌رێمیی خۆیان قسه‌ ده‌که‌ن، له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کاندا، نه‌ک له‌ شاره‌ گه‌وره‌کان. ئه‌من ئامۆزایه‌کم هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی من دایه‌، له‌ که‌شوهه‌وای ناوچه‌یی خۆیدا ‌ زۆری بۆ گرینگه‌ که‌ ئه‌و ناتوانێ به‌ زمانی ستاندارد قسه‌ بکا ( ته‌نانه‌ت حه‌ول دانێکی ئاواش به‌ کارێکی گه‌وجانه‌ ده‌زانێ). ئه‌من بۆخۆشم ئه‌و له‌هجه‌یه‌ به‌ منداڵی فێر بووم و هێشتاش ده‌توانم قسه‌ی پێ بکه‌م.

به‌گه‌رمی باوه‌شت پێداده‌که‌م ( پێم وایه‌ ئه‌تۆ ده‌بێ بچی بۆ ئه‌و کۆنفڕانسه‌! هیوا دارم ئه‌میر یش بتوانێ بچێ)
توڤێ

بۆچوونی دووه‌م : پرۆفێسۆر دوکتور مارتین ڤان بڕاونێسن (
Martin van Bruinessen )
حه‌سه‌نی خۆشه‌ویست !
بۆ من زۆر دژواره‌‌ بۆچوونێکی ڕوون و قه‌تعیم له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێ.
وه‌ک ده‌زانی، یه‌کێتیی ئوڕووپا پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر خه‌رج ده‌کا بۆ وه‌ر‌گێڕانی هه‌موو جۆره‌ سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌یه‌ک به‌ هه‌موو زمانێکی ڕه‌سمی وڵاتانی ئه‌ندامی - گه‌لۆ ئه‌وه‌ پاره‌ به‌ فێرۆ دان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌موان ئینگلیسی وه‌خۆ که‌ن هه‌ر له‌ بواری سیاسی و پێوه‌ندی ئیداریدا، هه‌موو یه‌کێتییه‌که‌ به‌ ته‌واوی زیاتر کاری هه‌ڵده‌سووڕێ و به‌ بڕتر ده‌بێ. به‌ڵام هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام به‌ قووڵی هه‌ست به‌ پێویستی پاراستنی میراتی کولتووری خۆیان ده‌که‌ن.
بارودۆخی کوردستانیش وێده‌چێ هه‌ر ئاوا بێ.
هیندووستان زمانی هیندی وه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌ڵبژارد. به‌ڵام هیندی زمانی هاوبه‌شی خه‌ڵکه‌ له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌. له‌ خوارووی هیندووستان، خۆڕاگرییه‌کی توند هه‌یه‌ به‌ دژی هیندی، و خه‌ڵک پێیان خۆشه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌کانی نێوان ئاخێوه‌رانی زمانه‌ جیاوازه‌کاندا له‌ جیات هیندی، ئینگلیسی به‌ کار بهێنن.
هه‌ڵکه‌وتی ئه‌ندۆنێزی جۆرێکی دیکه‌یه‌. ناسیۆنالیسته‌کان بڕیاریان دا جاوه‌یی، که‌ زمانی گه‌وره‌ترین گرووپی ئێتنیکی یه‌ وه‌کوو زمانی نه‌ته‌وه‌یی به‌کار نه‌هێنن، به‌ڵکوو ماڵایی به‌کار بهێنن، که‌ زمانی زگماکی ته‌نێ که‌مایه‌تییه‌که‌ له‌ نێو ئه‌ندۆنێزیایه‌کاندا، به‌ڵام به‌سه‌دان ساڵ وه‌ک زمانی نێوکۆیی ئێتنیسیتیه‌ جیاوازه‌کان ده‌کار کراوه‌. له‌ ئاکامدا، ئه‌ندۆنێزی قه‌ت تووشی به‌ تووشی ئه‌و جۆره‌ دژوارییانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووی هیندووستان بووه‌ته‌وه‌. زمانه‌ ناوچه‌ییه‌کان ڕێگایان پێده‌درێ له‌ خوێندگه‌کان دا به‌ کار بهێندرێن و، به‌و زمانانه‌ هێندێک به‌رهه‌می کولتووریش هه‌یه‌، به‌ڵام زمانی ئه‌ندۆنێزیایی/ ماڵایی بووه‌ به‌ زمانی ده‌سته‌ڵاتدار و زاڵ.
بۆ کوردستانی عێراق، ڕه‌نگه‌ مرۆ بتوانێ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان زمانێکی تاقانه‌ی ئیداری و فره‌ زمانی له‌ کولتور و په‌روه‌رده‌ و خوێندن دا، دابنێ؟ به‌و شێوه‌یه‌ مرۆ ده‌توانێ له‌وه‌ی که‌ ببێته‌ جۆره‌یه‌ک له‌ تورکییه‌ی که‌ماڵیستی خۆ بپارێزێ که‌ تاقه‌ زمانێکی به‌سه‌ر هه‌موو که‌س دا داسه‌پاند. به‌ڵام داو وده‌زگایه‌کی کاریگه‌ر و هه‌لسووڕی ئیداری پێداویستی به‌ تاقه‌ زمانێکه‌. وه‌خۆ کردنی جۆره‌یه‌ک له‌ سۆرانی وه‌کوو زمانی ئیداری ده‌بێ هاوکات بێ له‌ گه‌ڵ هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ بۆ پشتیوانی له‌ له‌هجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دیکه‌. له‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ دهۆک، ده‌کرێ کورمانجی ده‌کار بکردرێ له‌ کاتێکدا قوتابیان فێری سۆرانیش ده‌کرێن وه‌کوو زمانی دووه‌م که‌ له‌ په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی و باڵا دا به‌کار ده‌هێندرێ؛ و له‌ خانه‌قی، شێوه‌زاری فه‌یلی. داو وده‌زگا و بنیاتی کولتووری که‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه‌ بونیه‌ی داراییان دابین بکرێ ده‌بێ دامه‌زرێندرێن و تێبکۆشن بۆ به‌ره‌پێشبردن و به‌خۆداهاتنی ئه‌ده‌بییات به‌ کورمانجی، هه‌ورامی و فه‌یلی. ئه‌و جۆره‌ پشتیوانییه‌ ڕه‌سمییانه‌ له‌ له‌هجه‌کانی دیکه‌ ده‌توانێ هه‌بوونی زمانێکی تاقانه‌ی ئیداری بکاته‌ شتێکی خۆش....
له‌گه‌ڵ باشترین سڵاو،
مارتین
بۆچوونی سێیه‌م: دوکتور جه‌عفه‌ری شێخه‌لئیسلامی ( Jaffer Sheyhulislami )
سڵاوت لێ بێ کاک حه‌سه‌ن
با به‌ کورتی ٤شت بڵێم :
١-زمانی ستاندارد یان زمانی ڕه‌سمیی ناکرێ به‌ موهه‌ندیسی ساز بکرێ. زمانی ئینگلیسی یه‌ک له‌ هه‌ره‌ زمانه‌ ستانداردکراوه‌کان، هه‌تا ئێستاش هیچ جۆره‌ ئه‌کادیمیایه‌کی زمانی نییه‌.
٢- ئه‌من پێم وایه‌ ئیدی ناکرێ زمانێکی ڕه‌سمیی داسه‌پێندرێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵک قه‌بووڵی بکه‌ن. وشیاربوونه‌وه‌ له‌ مه‌ڕ پێناسه‌ی ئێتنیکی، زمانی، نه‌ته‌وه‌یی، کولتووری زۆر هاسان بووه‌ته‌وه‌. کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ واته‌ داسه‌پاندنی زمانێکی ڕه‌سمیی له‌وانه‌یه‌ ئاکامی بێزاری و سه‌رهه‌ڵدانی به‌دوو دابێ.
کارێکی ئه‌وتۆ ناتوانێ داوخوازی بۆ مافی زمانیی زیاتر، بۆ نموونه‌ له‌ ناوچه‌کانی بادینان و هه‌ورامان دا کپ بکا؛ به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌و داوخوازیانه‌ به‌گوڕتر ده‌کا. کورده‌کان ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌ زۆر خه‌ڵکی دیکه‌ چاکتر بزانن.زانستکاری هه‌ڵکه‌وتووی کانادایی، مۆنیکا هێلر، ده‌ڵێ: " که‌مایه‌تییه‌ زمانییه‌کان به‌ ده‌ست ئه‌و ناسیۆنالیسمانه‌ ساز ده‌کرێن که‌ ده‌ریان ده‌هاوێژن و ده‌یانخه‌نه‌ په‌راوێزه‌وه‌" (...
Heller, 1999:7: Linguistic Minorities and Modernity)
٣- داخودا زمانێکی ڕه‌سمیی ده‌توانێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک یه‌ک بخا؟ نا. ترکی نه‌یتوانی ترکییه‌ یه‌کگرتوو کا. ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین. مه‌سه‌له‌ی زمانی ڕه‌سمی به‌ پێی قسه‌ی رۆبێرت کاپلان و زۆر بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی دیکه‌ که‌ هه‌موو ژیانی خۆیان ته‌رخان کردووه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌تی زمانی و پلاندانانی زمانی ‌ " ئه‌فسانه‌" یه‌ک نه‌بێ شتێکی زیاتر نییه‌.
٤-ئه‌گه‌ر به‌ڕاستیش مه‌به‌ست له‌ یه‌کگرتوو کردنی کوردستانه‌ ( واته‌ باشوور له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستا دا)، له‌وێ ده‌بێ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵبهێننه‌وه‌:
A. پێشخستنی هه‌موو شێوه‌زاره‌کان
B . گوێگرتن له‌ ویست و داوخوازی هه‌موو لایه‌نه‌کان
C. بانگهێشتنی پسپۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی ته‌جره‌به‌ و ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆیان بخه‌نه‌ به‌رچاو
D . کات، پاره‌ و ئه‌نێرژی خۆتان ته‌رخان بکه‌ن بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌:
- ئاماده‌ کردنی قامووسی ستاندارد کراو و جێگای باوه‌ر.
- ئاماده‌ کردن/ په‌روه‌رده‌ کردنی وه‌رگێڕی پرۆفێشناڵ، جیدی، پاک، کارکه‌ر، ڕه‌خنه‌گر و خولقێنه‌ر.
- په‌روه‌رده‌ کردنی مامۆستایان، فێرکاران و کارمه‌ندانی گشتی سۆرانی ئاخێو بۆ فێر بوونی کورمانجی.
- په‌روه‌رده‌ کردنی مامۆستای کورمانجی ئاخێو بۆ فێر بوونی سۆرانی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان له‌ ده‌رفه‌ته‌ ئابوورییه‌کانی هه‌رێم وه‌دوایه‌ نه‌که‌وێ.
هیوادار بووم بتوانم زیاتر بنووسم، به‌ڵام لێره‌ دا ده‌بێ قسه‌کانم ته‌واو که‌م.
هه‌ر بژی،
جه‌عفه‌ر
بۆچوونی چواره‌م : پڕۆفێسۆر پیتر ترادگیل (Peter Trudgill )
        زۆر سپاس بۆ ئاگادار کردنی من له‌ نێوه‌رۆکی نامه‌که‌ت بۆ ئاکادێمی کوردی و، ئه‌و زه‌حمه‌ته‌ی وه‌به‌ر خۆت دابوو بۆ وه‌رگێڕانی دۆسییه‌که‌. هه‌ر وه‌ک ده‌کرێ بیرت لێ کردبێته‌وه‌ ئه‌من له‌ سه‌داسه‌د له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌دام که‌ ئه‌تۆ له‌ نامه‌که‌تد‌ا باست لێوه‌کردووه‌. هیچ پێویستی به‌ ستانداردێکی یه‌کپارچه‌ نییه‌. بابه‌تی ‌سه‌ره‌کی بریتین له‌ په‌روه‌رده‌، خوێندن و خوێنده‌واری. گه‌ڵۆ بارودۆخی له‌یه‌ک گه‌یشتنی دوولایه‌نه‌ چۆنه‌ - ئاخێوەرانی له‌هجه‌ جیاوازه‌کان چه‌نده‌ ده‌توانن له‌ یه‌کتری تێبگه‌ن ؟
پیتر
تێبینی: ئه‌من له‌ نامه‌که‌م دا بۆ "ئه‌کادیمیای کوردی" نێوی ئه‌و شاره‌زایانم نه‌نووسیبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵامه‌که‌یان به‌ شێوه‌ی شه‌خسی بۆ من نووسیبوو و وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا گوتم بۆچوونی چواره‌م دره‌نگ به‌ ده‌ستی من گه‌یشت که‌ تێهه‌ڵکێشی نامه‌که‌ی که‌م.
١ - دوکتور توڤێ سکوتناب کانگاس مامۆستای زانکۆی
Roskilde یه‌ له‌ دانمارک و یه‌ک له‌ شاره‌زایانی بواری مافی "دوو زمانه‌تی" و مافی مرۆیی زمانه‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا و، له‌ ساڵی ٢٠٠٠ وه‌ تائێستا زیاتر له‌ ١٤٧ کتێب، وتار و نووسینی دیکه‌ی له‌و بوارانه‌ دا به‌ زمانی جیاواز بڵاو بوونه‌ته‌وه.
٢- پڕۆفسۆر.دوکتور مارتین ڤان بڕاونێسن سه‌رۆکی به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌راوه‌ر‌دکارانه‌یه‌‌ سه‌باره‌ت به‌توێژینه‌وه‌ی هاوچه‌رخی ئیسلامی له‌زانکۆی ئوترێخت له‌ هۆله‌ند. ئێستا سه‌رمامۆستای لێکۆله‌ری میوانه‌ له‌ زانکۆی تێکنۆلۆژی نان یانگ له‌ سینگاپوور و تا نێوه‌ڕاست مانگی ژانڤییه‌ی ساڵی ٢٠١٠ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌. پرۆفسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن به‌‌ کتێبه‌ به‌نرخه‌که‌ی " شێخ، ئاغا وده‌وڵه‌ت، ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان" و کار ولێکۆڵینه‌وه‌کانی دیکه‌ی له‌مه‌ڕ کوردستان و ئه‌ندۆنێزی له‌ ئاستی جیهانی دا به‌ زانستکارێکی ئۆبژێکتیڤ ناسراوه‌. جگه‌ له‌ زمانه‌ ئوڕووپاییه‌کان، شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کان ( کورمانجی و سۆرانی)، فارسی، ترکی ، مالایی (زمانی ڕه‌سمی ئه‌ندۆنێزی) ده‌زانێ و ده‌توانێ له‌ سه‌رچاوه‌ی عه‌ڕه‌بی ش به‌ خوێندنه‌وه‌ که‌لک وه‌ربگرێ.
3- دوکتور جه‌عفه‌ری شێخه‌لیسلامی پرۆفێسۆری یاریده‌ده‌ره‌ له‌ مه‌دره‌سه‌ی زمانناسی و لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانی له‌ زانکۆی کارڵتۆن، له‌ ئۆتاوا، کانادا. یه‌کێک له‌ تازه‌ترین نووسراوه‌کانی بابه‌تێکه‌ به‌ ناوی " زمان و نه‌ته‌وه‌ دروست کردن له‌ کوردستان – عێراق" که‌ له‌ کۆتاییه‌کانی مانگی نۆڤامبر له‌ کۆنفڕانسی ساڵانه‌ی
MESA (کۆمه‌ڵه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست) له‌ بۆستۆن، ئه‌مریکا پێشکێشی کردووه‌.

٤- پڕۆفێسۆر پیتر ترادگیل سه‌رۆکی به‌شی زمانناسیی ئینگلیسییه‌ له‌ زانکۆی فریبورگ له‌ سویس،نووسه‌ری به‌ ده‌یان کتێبه‌ له‌ بواری زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی(
sociolinguistics ) و یه‌ک له‌شاره‌زایانی ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ بواری له‌هجه‌ناسیdialectologyدا



نامه‌ی نه‌خوێندراوه‌ی دوکتور ئه‌میر حه‌سه‌نپوور بۆ کۆنفڕانسی "ئه‌کادیمیای کوردی له‌ هه‌ولێر
به‌ڕێزانی ئه‌کادیمیای زمانی کوردی،
وێڕای سڵاوێکی گه‌رم و گوڕ،
زۆر به‌ داخه‌وه‌ بۆم ڕێک ناکه‌وێ له‌ "کۆنفڕانسی زمانی ڕه‌سمی هه‌رێمی کوردستان" دا به‌شداری بکه‌م و ته‌نیا تێبینییه‌کانم سه‌باره‌ت به‌و باسه‌ به‌ کورتی گه‌ڵاڵه‌ ده‌که‌م:
١- وا دیاره‌ " ئه‌کادیمیای کوردی" به‌ وه‌لانانی کێشه‌ی زمانی ستانداردی کوردی و هێنانه‌ گۆڕی کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمیی کوردی ده‌یه‌وێ ئه‌و دوو کێشه‌یه‌ لێک جوێ بکاته‌وه‌ و، باسی زمانی ستاندارد وه‌لابنێ و، کێشه‌که‌ وه‌ک کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمی دابڕێژێ. به‌ڵام، له‌ بارودۆخی زمانی کوردی دا که‌ دوو له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌یه‌، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی ڕه‌سمی کردنی یه‌ک له‌هجه‌، کێشه‌ی دوو له‌هجه‌ ستاندارده‌که‌ به‌ ناچاری دێنێته‌وه‌ گۆڕێ. هیچ ڕێگه‌یه‌ک بۆ خۆشاردنه‌وه‌ له‌و کێشه‌یه‌ وه‌به‌رچاو ناکه‌وێ.
٢- له‌هجه‌ی کورمانجی هیچ شتێکی له‌ سۆرانی که‌متر نییه‌. هه‌ر شتێکی به‌ سۆرانی بکوترێ و بنووسرێ به‌ کورمانجیش ده‌کوترێ و ده‌نووسرێ. له‌ ڕوانگه‌ی زانستیی زمانه‌وه‌ ( زمانناسی، کۆمه‌ڵناسیی زمان، زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی...) ڕه سمی کردنی سۆرانی به‌ بیانووی " پێشکه‌وتوو بوون" هه‌ڵه‌یه‌.
٣- ڕه‌سمی کردنی سۆرانی پڕۆژه‌یه‌کی سیاسییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی زمانیی به‌ شێوه‌یه‌کی نابه‌رامبه‌رانه‌ دابه‌ش ده‌کا. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌دا به‌ ئاخێوه‌رانی سۆرانی و ده‌سه‌ڵات له‌ ئاخێوه‌رانی کورمانجی وه‌رده‌گرێ و له‌ مافی زمانیی بێ به‌شیان ده‌کا. ئه‌وه‌ پڕۆژه‌یێکی سیاسییه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مافی زمانیی و مافی مرۆڤیی ئاخێوه‌رانی کورمانجی پێشێل ده‌کا.
٤- پێویست نییه‌ زمانی ڕه‌سمی یه‌ک له‌هجه‌ی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌ر دوو له‌هجه‌ ستاندارده‌که‌ ڕه‌سمی بکرێن، ده‌توانن ئه‌رکه‌کانیان ئاوا به‌ڕێوه‌ به‌رن.
ئه‌لف – خوێندن: ئاخێوه‌رانی هه‌ر له‌هجه‌یه‌ک به‌ له‌هجه‌ی خۆیان ده‌خوێنن و ده‌نووسن و له‌هجه‌که‌ی دی باش فێر ده‌بن.
ب- دراو: لایێکی دراو به‌ کورمانجی و لایه‌که‌ی دی به‌ سۆرانی ده‌نووسرێ.
ج- پاسپۆرت: لاپه‌ڕه‌یێکی باسپۆرت به‌ کورمانجی و لاپه‌ڕه‌که‌ی دیکه‌ی به‌ سۆرانی ده‌نووسرێ.
د- ڕه‌گه‌زنامه‌ و ناسنامه‌ی باری که‌سایه‌تی: ئه‌وانه‌ش وه‌ک پاسپۆرت به‌ هه‌ر دوو له‌هجه‌ ده‌نووسرێن.
ه- نامه‌ گۆڕینه‌وه‌: نامه‌ بۆ حکوومه‌تی فێدراڵ ( ناوه‌ندی) به‌ هه‌رکام له‌ له‌هجه‌کان یان زمانی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسرێ. ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت کار ده‌که‌ن، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌کارو باری پێوه‌ندی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی ناوه‌ندی ڕاده‌گه‌ن پێویسته‌ زمانی عه‌ڕه‌بی و هه‌ر دوو له‌هجه‌که‌ بزانن. ئه‌وه‌ داخوازیێکی سه‌یر و بێ پێشینه‌ و نه‌کراو و نه‌بیستراو نییه‌. له‌ عێراق، وه‌ک وڵاتی دوو زمانه‌ی دی ( بۆ وێنه‌ کانادا)، ده‌بێ ئیمکاناتی وه‌رگێڕاندنی عه‌ڕه‌بی – کوردی و کوردی – عه‌ڕه‌بی له‌ ده‌زگای حکوومه‌ت دا پێک بێ ( له‌ پارڵمانی کانادا و بلژیک و وڵاتی دوو زمانه‌ یان فره‌ زمانه‌ی دی وه‌رگێڕان ئه‌رکێکی ئاسایی حکوومه‌ته‌).
و- ناوی شه‌قام و قوتابخانه‌: باری ئێسته‌ که‌ نووسین به‌ هه‌ر دوو له‌هجه‌ باوه‌ بپارێزرێ و له‌ داهاتوو دا ڕه‌چاو بکرێ.
ز- چاره‌ی دی: ده‌کرێ باسپۆرت به‌ سۆرانی بێ و پاره‌ به‌ کورمانجی، یان ده‌کرێ پاره‌ی کاغه‌زی به‌ کورمانجی بێ و ورده‌ پاره‌ (سکه‌) به‌ سۆرانی و هتد.
٥- حکوومه‌تی ناوه‌ندی، به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری ئێسته‌، مافی وه‌ی نییه‌ خۆ له‌ کێشه‌ی له‌هجه‌‌کان هه‌ڵقوتێنێ. ته‌نیا گه‌لی کورد مافی وه‌ی هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌یبێ که‌ کێشه‌ی له‌هجه‌کان چاره‌سه‌ر بکا. ئه‌گه‌ر بڕیار ئه‌وه‌ بێ که‌ ژیانی سیاسی و زمانی عێڕاق دێمۆکڕاتی بکرێ، پێویست ده‌بێ حکوومه‌تی ئێسته‌ی‌ عێڕاق ئه‌وه‌ فێر بێ و بیسه‌لمێنێ که‌ مافی ده‌ست تێوه‌ردان له‌و کێشه‌یه‌ی نییه‌. له‌ ڕابردوو دا، حکوومه‌تی ئینتیداب و پاشایه‌تی و کۆمار، به‌ تایبه‌تی به‌عس، خۆیان له‌و کێشه‌ هه‌ڵقوتاند بۆ ئه‌وه‌ی مافی زمانیی گه‌لی کورد پێشێل بکه‌ن. حکوومه‌تی ناوه‌ندی ئێسته‌، ده‌بێ ئه‌و بیانوویه‌ وه‌لابنێ وله‌ باتی سه‌رکوت کردنی زمانی کوردی، هه‌نگاو هه‌ڵگرێ بۆ گه‌شه‌ پێکردن و بره‌وپێدانی زمانی کوردی.

ئه‌میر حه‌سه‌نپوور ١٤/١٢/٢٠٠٩





No comments: