Saturday, April 11, 2026

قسەکانم لە بەرنامەی تایبەت: ڕووماڵی شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل لە ڕۆژی بیست و حەوتەمدا، ئاریەن تیڤی، پێنجشەمە شەو ٢٦-ی مارسی ٢٠٢٦


 قسەکانم لە بەرنامەی تایبەت: ڕووماڵی شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل لە ڕۆژی بیست و حەوتەمدا

ئاریەن تیڤی، پێنجشەمە شەو  ٢٦-ی مارسی ٢٠٢٦
پێشکێشکار: سامان شەهابی


سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن دوایین زانیارییەکان و لێکدانەوەکانت، سەرنجی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
حەسەن قازی: سپاس کاک سامان، دیارە ئەو پەیامەی کە ئەمریکاییەکان ناردوویانە بۆ ئێران بە ڕێگای پاکستانەوە، ئەوە تەقریبەن بە تەواوی ڕوون بووەتەوە کە ئەوە ڕاستە، ئەمریکا لە ١٥ نوختە دا ئەو داوخوازانەی کە لە ئێرانی هەیە  هێناویەتە گۆڕێ. هەرچەند ناوەرۆکەکەی بە تەواوی ڕوون نییە بەڵام وا دیارە یەکەم ئەوەیە کە ئێران بە تەواوی دەست لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و مەسەلەی ئەتۆمی بە مەبەستی نیزامی هەڵ بگرێ و نوختەیەکی دیکەش ساز کردنی مووشەکی بالستیکی دوور بڕ ڕابگرێ. جا ئەگەر بەگشتی تەماشای ئەو شەرتانە بکەین ئەوە نیشانەی داوخوازی تەسلیمی ئێرانە و ئەوە لە ڕێگای فەرماندەیەکی نیزامی پاکستان بە نێوی ژەنەڕاڵ مونیر کە پێوەندیی باشی هەیە لەگەڵ سپای پاسداران لە ڕێگای ویڕا ئەو دانوستاندنانە کراوە.
ئەوە لایەکی مەسەلەکەیە، لایەکی دیکەش ئەوەیە کە دیارە ئێمە وەکوو کورد لایەنێکی ئەو شەڕە نەبووین دەڕاستیدا قوربانی یەکەمی شەڕ هەمیشە کەسی سیڤیل بوون و ئەوان ماڵیان وێران بووە، بەڵام ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە شەڕی ئەو دوو دەوڵەتانە یانی ئەمریکا و ئیسراییل لە هەمبەر دەوڵەتی جمهووری ئیسلامیدا ڕووی داوە و وەکوو ئێوە باستان کرد ئیدی ئەوە نزیک دەبێتەوە لە مانگێک و ئەوەی پای ئێمە دەگرێتەوە ئاکامەکانی ئەو شەڕەیە بە چاک و خراپ. لەو قۆناغەشدا ئێمە دەزانین کە لە ٢٢-ی مانگی ڕابردوو دا پارتییە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هێزە سیاسییەکان کە لە سەرەتاوە پێنج هێز بوون و دوای حەوتوویەک هێزی شەشەمیشیان پێ پەیوەست بوو، یەکەم جارە دە تاریخی مۆدێرنی کوردیدا، دیارە پێش ئەوەی ئەو شەڕە دەست پێ بکا بەو نەتیجەیە گەیشتن کە پێویستە ئەو لایەنانە بەیەکەوە هاوکاری بکەن و ئەو هاوکارییە هەم لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە تا ئەو جێیەی  کە دەبیسینەوە، بە تایبەتی لە باشووری کوردستانەوە کە ئەو خەبەرانە دێ و هەمیش لە لایەن نووسەران، ڕووناکبیران و کەسانێک کە دەستێکیان هەیە لە دۆزی کورد دا پێشوازی لێ کرا جا ئەوە زۆر زۆر گرینگە وەکوو باسم کرد ئاکامەکانی سەلبی و ئیجابی کە لەو شەڕە، لەو ناخۆشییە دێتە گۆڕێ کوردان بە حاڵەتێکی ئامادەییەوە بۆی دەچن. و ئەوە دەتوانێ لە داهاتوو دا لەو ئاڵوگۆڕانەی ئێران کە قەتعییەن ڕوو دەدا  کوردیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بگاتە شتێک.|
مەسەلەیەکی دیکەش کە لێرە دا گرینگە دوای ئەو پێکهاتنی ناوخۆیی لەناو هێزە کوردییەکاندا، پێکهاتنە لەگەڵ هێزە سەراسەرییەکانی ئێران چونکوو دەزانین بۆ هەر ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا کورد بە تەنێ ناتوانێ ئەوە پێک بێنێ بەڵکوو دەبێ لەگەڵ هێزە سەراسەرییەکان کە ئەوانیش لایەنگری پێکهاتنی سیستمێکی دێمۆکڕاتیکن بتوانن یەک بگرن و دیارە لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ دەروجیرانەکان و بە تایبەتی ئێمە دەزانین لە هێندێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لەباکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کورد دەگەڵ خەڵکی ئازەربایجانی هاوسێن لە زۆر شاراندا لە ورمێ ڕا بگرە هەتا دەگاتە ماکۆ، لە خۆی، سەڵماس و ئەو جێیانە، لە زۆر شوێنان لە شارەکاندا، دیارە لێرە دا ناچینە سەر ئەوەی کە پێکهاتەی دانیشتووان چەند بە چەندە بەڵام تێکەڵن، خەڵکەکە بەیەکەوە ژیاون، ساڵهای ساڵ لە تەنیشت یەکدی ژیاون و دەزانین لەو ساڵانە دواییشدا ئەو مەسەلەی هووییەتخوازی یان بەدەستهێنانی مافی ناسنامەی خۆ لە لایەن ئازەربایجانییەکانیشەوە هاتووەتە گۆڕێ، بەڵام بەداخەوە ئەو جووری کە پێویستە سەرەڕای ئەوەی کە ڕابردوویەکی کۆنمان بەیەکەوە هەیە لە زەمانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و جمهووری کوردستان و تەنانەت دواتریش بەڵام لەو دواییانە دا ئەمن هەر نموونەیەک دەهێنمەوە کە زۆر پێویستە باسی بکەم خانمێک کە بەناوی وتەبێژی حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان قسەی کردووە لەگەڵ تێلێڤیزیۆنێک بە نێوی "تێلێڤیزیۆنی برابری " کە سەر بە " سازمانی راەکارگر" ە وابزانم، ئەو سازمانی ڕاهی کارگەرە هاتووە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی داناوە سەبارەت بە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بێ ئەوەی کە لەگەڵ یەکێک لە هێزەکانی ناو ئەو هاوپەیمانییە قسە بکا ئەو خانمە واتە وتەبێژی حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان هاتووە لە سەر ئەو هاوپەیمانییە قسەی کردووە. بەڵام ئەو قسانەی کە کردوویەتی لە سەری ڕا هەتا دوایی بە شێوەیەکی خۆ بە زلزانی و لەسەرەوە را دیتنە و جۆرەیەک هەڕەشە و تەهدیدیشی تێ دەخوێندرێتەوە کە ئەوانە دەڵێن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە مومکینە دۆخێک وەک دۆخی قەرەباغ بێنێتە گۆڕێ. ئەوە بۆیە گرینگە ئێمە ئاگادار بین، بە تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چونکوو هەر هەمان حیزب واتە ئەو حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانە ئێستا لەگەڵ گرووپێکی دیکە بە دوو قۆڵی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و پشتیوانیان کردووە لە هاوپەیمانیی کوردستان. چۆن دەکرێ وتەپێژێک بە ناوی حیزبێک ئەو قسە بێ مانایانە بکا، نێوی خانمی سیمینی سەبری یە، بەڵام لە عەینی حاڵ دا ئەو حیزبە پێشوازی لەو هاوپەیمانییە بکا و پشتیوانی لێ بکا.

ئێمە لە باسەکەمان دوور نەکەوتینەوە بەڵام پێویستە ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ هێزەکانی ئازەربایجان بە تایبەتی  پێوەندی دامەزرێنین لە سەر بنەمای دۆستایەتی دوولایەنە و حورمەتی دوولایەنەی یەکتری.
سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن ئێمە ئەو ئێنفۆگڕافییەمان بڵاو کردەوە لە سەر کووژرانی بەرپرسانی ڕێژیم، یەک لە دوای یەک کە ئامانجی سپای پاسداران بووە لێیان دراوە کووژرانی فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆتە پرسیارێک کە کێ ئەو ڕێژیمە بەڕێوە دەبات. بەشێکی پرس ئەوەیە ئەو شەڕە بۆچی بەردەوامی کێشا بێ ئەوەی ڕێبەری ڕێژیم مابێ، بێ ئەوەی فەرماندە سەرەکییەکان مابن، ئەی کێیە ئەم شەڕانە بەڕێوە دەبا لەم کات و ساتە دا؟
حەسەن قازی: بەڕێز سامان وا باس دەکرێ کاتێک کە لە زەمانی ویلایەتی فەقیهدا عەلی خامەنەیی پێش ئەوەی بکووژرێ سیستمەکەیان بە شێوەیەکی وا دامەزراندووە لەگەڵ ئەوەش کە دەوڵەت هەیە، سپا هەیە، دەزگا و دامەزراوەی جۆر بە جۆر هەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەوانە هەمووی بە خۆیەوە گرێ درابوون و پاشان وەختێک ئەو شەڕە دەستی پێکرد مەعلووم بوو کە فەرماندەییەکە بەتایبەتی ئەوەی مەڕبووت بێ بە سپای پاسداران ئەوە دابەش کراوە یانی هەر فەرماندەیەک بۆخۆی دەتوانێ ئاتەش بە ئیختیار بێ و کاری خۆی بکا و لە سەر فەرمانی ناوەند ڕانەوەستێ. بەڵام دەزانین لە کاتی شەڕ دا پڕۆپاگانداش دەوری زۆرە.
ئەگەر مرۆ گوێ لە قسەکانی پرێزیدێنت تڕامپ بگرێ وا باس دەکا کە هیچ نەمابێ، دەڵێ ئێمە هێزی دەریاییمان لە بەین بردووە، هێزی هەواییمان لە ناو بردووە، بە سەر ئاسمانی ئێراندا زاڵین و فڵان، بەڵام لە عەینی حالێشدا دەبینین کە ئێرانیش هەر وا بەردەوامە لە سەر ناردنی مووشەک بەرەو ئیسراییل و بەرەو وڵاتانی خەلیجیش کە لە ناوچەکە دان بەتایبتیش وەک دەزانین ئەو ڕۆژانە هێرش کرایە سەر پێشمەرگە لە باشووری کوردستان و بەداخەوە شەش پێشمەرگەی کورد گیانیان لە دەست دا. ئەوەم بۆیە باس کرد ئەگەر گرێی بدەینەوە بە ئەگەر ئاگربەسێکی کورتیش بێ هەر وەک بەڕێزیشت باست کرد لەبەر ئەوەی سەرانی ئەو ڕێژیمە بە قەولی کە تڕامپ دەڵێ تا ڕادەی سێیەمیش یان بێ کەلک کردووە، هیچ زەمانەت و دەستەبەرییەک بۆ ئەوە نییە کە بکرێ ئاگر بەس و شەڕ ڕاوەستاندنێکی دائیمی بکرێ، لە لایەکی دی لەبەر ئەوەی فەرماندەیی جەمعی نییە لەوانەیە گرووپێک بتوانێ بە پێی بڕیار و شێوەی کاری خۆی بجووڵێتەوە.
شتێکی دیکەش هەیە کە هێندێک لە چاوەدێرانی سیاسی باسی دەکەن لە دۆخێکی ئاوا دا کە ئەمریکا دەڵێ ئەمن هەموو شتێکم لە ناو بردووە ئەی چۆنە ئێران دەتوانێ ئاوا خۆڕاگری لە خۆیەوە نیشان بدا؟ لێرە دا باسی ئەوە دێتە گۆڕێ کە ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە هێندێک لە کارناسان و پسپۆڕانی ڕووسی یارمەتیان پێ بکەن.
جا ئەوانە ئەگەر هەموو کۆ بکەمەوە سەر یەک لەو بەشە دا، هەرچییەکی هەبێ نەهامەتییەکەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکە و بەتایبەتی بۆ خەڵکی مەدەنی، دەبێ ئەوە دابگرینەوە و هەر چۆنێکی بێ ئەمنیش پێم وایە هەرچی زووتر ئەو ماڵوێرانییە، بە تایبەتی و ئەگەر هاتوو وەک ئەو هەڕەشەیەی ترامپ کردوویەتە ئەمرێکا بێ لە تەئسیساتی بەرق و ئاو و ئەوانە بدا ئیدی ئەوە وێرانییەکەی بۆ هەموو خەڵکە، هەر ئەوە نییە کە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێژیم بێ.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە ڕێژیم ڕێژیمێک نییە کە زۆر خەمی خەڵکی لەبەر بێ بەڵکوو بۆ پاراستنی خۆی هەموو شتێک دەکا وەک دیتمان لە بەر ئەوەی کە مەدرەسەیەکی منداڵان لە نزیک پێگەیەکی سپای پاسداران بووە، ئەو هەموو منداڵە بێ گوناهەش لەوێ لە ناوچوون.
سامان شەهابی: بەرپرسیاری سەرەکی ئەم شەڕە، بەشێکی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانە بەساڵان خەڵکی برسی کرد و مووشەکی دروست کرد و هیچ کرانەوەیەکی بەرانبەر بەگەلان دروست نەکرد. دوو مانگ پێش ئەوەی ئەو هێرشانەی لە سەر بێ عەلی خامەنەیی بۆ خۆی وتی خەڵکەکە تەمێ دەکەین بیست سی هەزار کەسیان قەتڵی عام کرد، ئەی ڕێژیم چۆن لەناو دەچێت؟ ڕاستە خواستەی ئەمریکا و خواستەی گەلانی ئازدیخوازی ئێران یەک نییە بەڵام  ئەو دۆخەی کە هاتۆتە پێشێ ئایا دەرفەتە؟
حەسەن قازی: وەکوو باسم کرد هەر دوولایەنی کێشەکە دەبێ لەبەر چاو بگرین. ئەو شەڕە بێ موداخەلەی کۆمەڵانی خەڵکە. بێ موداخەلەی گەلی کوردە. شەڕی دوو دەوڵەت، زل هێزێکی وەکوو ئەمریکایە و ئیسراییلە لە ناوچەیەکی دیکە دژی جمهووری ئیسلامی. کە دیارە ئەوانە ئێستا بەیەکەوە هاوپەیمانن بەڵام ستڕاتێژی جیاوازیان هەیە. ئیسراییل بۆ پاراستنی خۆی دەیەوێ لە تەواوی دەورو بەرەکانی لە ناوچەدا تا ئەو جێگای کە لە توانای دا هەیە حەول دەدا هێزی ئەوەیان نەبێ کە بتوانن هەڕەشە لە مان و نەمانی بکەن.  بەڵام ڕەهەندەکانی شەڕ کاتێک ئاوا  بەر بڵاو بوو و وڵاتێک خاپوور و سووتاوی لێ بەجێ ما ئیدی ئەوە نە دەرفەتە و نەدەکرێ ئاکامێکی باشی هەبێ. بەو شێوەیە دەبێ بیبینین ئەوە بەو مانایە نییە کە هێندێک لایەن دەڵێن تەنانەت ئەوانەی لە باڵی چەپیشن پێم سەیرە بە تەواوی جینایەتەکانی ڕێژیمیان لە بیر بردووەتەوە و کەوتوونەتە هەڵوێستی ئەی وای میهەنا! و دیفاع دەکەن لە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی. هەر دووک لایەن دەبێ ببیندرێ بەڵام ئەو شەڕە، شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل بەدژی جمهووری ئیسلامی شەڕێک نییە بۆ دامەزراندنی دێمۆکڕاسی لە ئێرانێ.
سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن ئێمە بێینە لای بەڕێزتان. لەگەڵ ئەوەدا لە سەرەتای قسەکانتاندا باستان لە سەر هێندێک خاڵ کرد کە یەکگرتنی ئەحزابی سیاسی وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان، وەکوو خاڵێکی مێژوویی بە ناوتان کرد، بەڵام هەنگاوەکانی دوای ئەوە چییە؟ ئەحزابی سیاسی کە ئێستا ڕێک کەوتوون هاوپەیمانییەکیان پێک هێناوە حەدی ئەقەل زۆرینەی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەتوانن لەم  کات و سادە دا چ هەنگاوێک هەڵبگرن بە بڕوای ئێوە.

حەسەن قازی: لەو بارەیەوە پێم وایە ئەوان بۆ پێشنیار کراوەن. من بۆخۆم یەک دوو بۆچوونم هەبووە باسم کردووە، یەک ئەوەی کە تا ئێستا نەکراوە و دەبێ بکرێ کە زۆر زۆر گرینگە هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران یا پارتییە سیاسییەکان، هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران  پێویست بەوە دەکا وتەبێژێکی تایبەتییان هەبێ چونکوو ئێستا دەبینین هەر ئەو ڕۆژانە لە ئیتالیا کۆبوونەوە هەبووە، لە زۆر جێگای دنیا مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای مەسەلە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاکتوێلە لە ئاستی جیهانیدا و بەتایبەتیش ئەو یەکگرتنە وەکوو کوتم پێشتر  لە لایەن هەموو لایەکەوە پێشوازی لێ کراوە پێویستی بەوە هەیە کە وتەبێژێکی تایبەتی هەبێ بۆ ئەوەی خەڵک لە سەرچاوەیەکەوە بزانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داواکان بەرەو کوێ دەڕوا. بەڵام هێندێک شتیش هەیە وەک یەکخستنی هێزی نیزامی ڕەنگە پێویستی بە میدیایی کردنی نەبێ. لە بەشی یەکەمیش دا باسم کرد ئێستا کە گەیشتووینە ئەو قۆناغە و زۆربەی هێزە سیاسییەکان یەکیان گرتووە و تەنانەت  ئەوانەی کە لە دەرەوەی ئەوانیشن، بۆ وینە دەزانین کە گرووپی ئاواش هەن  کە لایەنگری دروشمی سەربەخۆیی کوردستانن ئەوانیش پشتیوانیان کردووە لەو دەستپێشخەرییەی ئەو هێزە کوردانە. قۆناغی دووەمیش ئەوەیە کە وەک باسمان کرد لەگەڵ دەروجیرانەکان لەگەڵ ئازەربایجانییەکان و لەو لا لوڕەکان هاوکاری بکەن و پاشانیش لەگەڵ هێزەکانی ناوەند چوارچێوەیەک بدۆزنەوە بۆ هاوکاری. وەک باس دەکرێ ئەو ڕۆژانە لە پایتەختی بریتانیا لە لەندەن  کۆبوونەوەیەک دەکرێ کە هێندێک لە هێزە کۆماریخوازە ئێرانییەکان کە بەشێکیان دۆزی کوردیشیان قبووڵە  ڕێکیان خستووە. و لەو کۆبوونەوەیە هێندێک لە نوێنەرانی پارتییە کوردەکانیش بەشداری دەکەن. بەڵام دیارە ئەگەر بە یەک دەنگ وەک هاوپەیمانی بەشداریان کردبا، دیارە ئەوە قورسایی لایەنی کوردی زۆر زیاتر دەکرد.

سامان شەهابی: بە کورتی کەسانی ئاکادێمیسییەن و سیاسەتمەداری کورد زۆرن، لە ئاستی ئوڕووپا، لە ئاستی کوردستاندا تەنانەت لە ئەمریکاش هەن دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن؟، لە چوارچێوەی بەرفراوانتر جیا لە حیزب ئەو کەسانە چ ڕۆڵێک دەتوانن بگێرن لەم کات و ساتە دا؟، چون هەلومەرجیش لە ناوخۆ زۆر لە بار نییە لە ئێستە دا.
حەسەن قازی: دیارە هەلومەرجی ناوخۆش دەبێ لەبەر چاو بگیرێ، کۆمەڵەی مەدەنی بە تایبەتی. دەزانین کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕاستیدا زۆر لە پێشەوەی حیزبەکان حەڕەکەتی دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەم قۆناغەش دا دەبێ ئەو  دەورەی لەبەر چاو بگیرێ. ئەمنلەو باوەڕ دام ئەو هێزی هاوپەیمانییە دەبێ لە باری میدیاییەوە هێندێک چالاکتر بێ بۆ ئەوەی باشتر کارەکان ڕاپەڕێنێ و ئەو بەشە لە ڕووناکبیر و ئاکادێمیسیەن و ڕووناکبیر کە ئێوە باستان کرد تا ئەو جێگای من بزانم، لەگەڵ چەند کەسێکیان بەرنامەی تێلێڤیزیۆنیم کردووە هەموو لەو کارە زۆر پشتیوانی دەکەن، پێشوازی لێ دەکەن بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو چوارچێوە گشتییانەی کە هاوپەیمانی باسی لێوە دەکا لە سبەی ڕۆژێ زیاتر ڕوون کەنەوە. یانی هیچ یەک لەو حیزبانە خاوەنی کوردستان نین و دەبێ چارەنووس بهێڵنەوە بۆ خەڵکی کوردستان کە لە ڕێگای سندووقی دەنگەوە  بۆچوونەکانی خۆیان بهێننە گۆڕێ.

 سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن ئەگەر کە سەر هێڵ ماوی دوا بۆچوونت وەردەگرین.
حەسەن قازی: دیارە بڕیارە سبەینێ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە گەورەکان لە گەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا کۆ ببنەوە لەمەڕ ئەو تەنگوچەڵەمەی لە نێوان ئەمریکا و ناتۆ هاتووەتە گۆڕێ. هەر چەند ناتۆ بەشێوەی ڕەسمیش نەهاتبێتە ناو ئەو شەڕە بەڵام  دیارە یارمەتی ئەمریکای کردووە و ئەوە نێوی دەنێن یارمەتیی دیفاعی و بۆ مەسەلەی گەرووی هۆرموزیش بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگە بێنە مەیدانێ. بەڵام  دەمەوێ لێرە قسەکانم ئاوا تەواو بکەم کە ئەو شەڕە بە پێی پێوانە نێونەتەوەییەکان و قانوونی نێونەتەوەییەوە بەڕێوە ناچێ بەڵکوو بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێ کە ئەمریکا هێزێکی گەورەیە لە دونیا دا، گەورەترین هێزی نیزامی هەیە  و سیاسەتەکانیشی جار جار لەگەڵ خۆ تاقخەرەوەکان واتە ئایزۆلەیشنیستەکان کە ئێستا لە ئیدارەی ئەمریکا دا دەستیان دەڕوا ناگونجێ. وەک دەزانی ئەوان زیاتر دەیانەوێ لە سەر کاروباری ناوخۆیی ئەمڕیکا چڕبنەوە بەڵام تووشی ئەو شەڕەش هاتوون. وەک گوتم کۆمەڵانی خەڵکی مەدەنی قوربانییەکانی شەڕن. ڕاستە ئێمە ئەوە لە دوورەوە لە جێی گەرم و نەرم  دانیشتووین وشەڕەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئوڕووپا بەڵام بەڕاست دەبێ خۆمان لە جێگای ئەو خەڵکە دانێین کە ئێستا لە نادڵنیایی دائیمی  دا دەژین لە ئێران، دیارە ئەوە هێچ بەو مانایە نییە  ئەو جینایەتانەی کە کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە میللەتان و شارومەندانی ئێران و خەڵکی دەرەوەی جوغڕافیای ئێرانی کردووە لە بیر بکەین. بەڵام شەڕ لە هەموو دۆخێکدا مەحکوومە  و قوربانییە ئەسڵییەکانیشی خەڵکی بێ تاوانن.    



Friday, April 10, 2026

وتوێژی حەسەن قازی لەگەڵ بەڕێزعەدنان حەسەنپوور، زیندانی سیاسی پێشوو، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی



وتوێژی حەسەن قازی لەگەڵ بەڕێزعەدنان حەسەنپوور، زیندانی سیاسی پێشوو، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی
لەمەڕ: نەهامەتییەکانی شەڕی ئەمریکا – ئیسراییل بەدژی جمهووری ئیسلامی
          هاوپەیمانیی هێزەسیاسییەکانی کوردستانی ئێران
           کونگرەی  " آزادی برای ایران "

لە بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، دووشەمە ٦-ی نیسانی
  ٢٠٢٦
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. وەک دەبینن ئەمجار بەرنامەکەمان سەعاتێک وەپێش کەوتووە، ئەویش لەبەر هۆی گۆڕینی کاتە لە ئوڕووپا، هیوادارم لەمەو دواوە
لە وەختی تازە دا تەماشای بەرنامەکەمان بکەن.
لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی. بەڕێزیان پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی دوو ساڵ و مانگ و نیوێک لەمەوبەر لەم بەرنامەیە دا بەشدارییان کردووە. زۆر بەخێرهاتنتان دەکەین بەڕێز حەسەنپوور.
عەدنان حەسەنپوور: زۆر سپاس کاک حەسەن گیان، سپاس بۆ ئێوەش.
قازی: ئێمە دیارە لە شەڕ ڕا دەست پێ بکەین. وەک دەزانین ئەو شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل بەدژی جمهووری ئیسلامی ئێران ئێستا ئەوە پێی دە مانگی دووەمی خۆی ناوە و وەک دەردەکەوێ ئەو هەدەف و ئامانجانەی کە ئەمریکا و ئیسراییل، بە تایبەتی ئەمریکا لە سەرەتاوە ڕای گەیاند بوو هێندێک لەوانە دوور کەوتووەتەوە بەو مانایەی کە ئەو هێرشانە هەر بۆ سەر پێگە و ئامانجی عەسکەری نییە. لەو ڕۆژانە دا دەبینین ئەوە چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بۆ نموونە ئەو تەئسیسات و دامەزراوانەی پێتڕۆشیمی لە ئێران و وەک دەزانین پێتڕۆشیمی یەکێکە لە سەنعەتەکانی دایک کە زۆر سەنعەتی دیکە بەوییەوە بەستراوەتەوە. وە ئەوە وەک باس دەکرێ بووەتە هۆی بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران. یانی وەزعێکی زۆر ناجوور پەیدا بووە ئەگەر تەماشای دەکەین لە ڕوانگەی قازانجی خەڵکەوە و لە ڕوانگەی هێمنی خەڵکەوە لە ئێران بەگشتی. لە سەرەتاوە جەنابت ئەو نەهامەتییانەی ئەو شەڕە چۆن لێک دەدەیەوە؟
حەسەنپوور: بێگومان هەر شەڕ خۆی دۆخی ئاسایی ژیان تێک دەدات. یانی ئەو چاوەڕوانییە کە هەندێک لە ئێرانییەکان هەیان بوو دەیانگوت ئەم شەڕە دێت و وەکوو شتێکی تەمیز، ئەو دەستە واژەیان بەکار ئەهێنا کە شەڕێکی تەمیز ئەبێت و نوقتەزەنی ئەکەن و هەندێک کەس و هەندێک شوێن و هەندێک لایەن لە کار ئەخەن و لایان ئەبەن و لە هاوکێشەکە ئەیسڕنەوە ئەوە ئیتر هەموو شتێک گوڵ و بولبول ئەبێت دوای شەڕەکە.
شتی وەها جۆرێک یا لە وەهمە یا وەکوو خۆیان ئەڵێن ئارەزوو فرۆشتنە بە خەڵکی تر. ئەو شەڕە کە ئێستاش پێش هاتووە ڕێک ئاقاری هەموو شەڕێکی تری بڕیوە یانی ئێستا ژیانی ئاسایی خەڵک لە ئێرانا، لە بەشێکی هەرە زۆری ئێرانا لانی کەم کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو شەڕەوە. جگە لەوەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد بە هۆی لێدانی کۆمەڵێک لە کارگە و کارخانە گەورەکانی ئێرانەوە کۆمەڵێک خەڵکی زۆر، ژمارەیەکی زۆر ڕەنگە دەیان هەزار کەس بێکار کەوتبێتن کە ئەو دەیان هەزار کەسە نوێنەری دەیان هەزار بنەماڵەن، یانی هەر کەسێک با بڵێین بژێوی ژیانی چەندین کەسی تر دابین ئەکا دەکاتە میلیۆنان کەس کە ئێستا بژێوی ژیانیان لە مەترسی دایە یان تووشی بڕان بووە وە حکوومەتیش لەو لاوە خۆی ئەو تواناییەی نییە کە بتوانێت هەموو ئەمانە قەرەبوو بکاتەوە وە لە ماوەیەکی دوورودرێژا بتوانێت ژیانی خەڵک دابین بکا، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کە شەڕەکە تێ ئەپەڕێت تەنانەت بۆ سادەترین شتەکانی ژیانیش خەڵک تووشی چەرمەسەری ئەبن.
ئەمە بەشێک لە وەزعەکەیە کە ئەو شەڕە دروستی کردووە. بەشێکی تریش هەڵئەگەڕێتەوە بۆ شتی تری وەکوو خوێندن. ئێستا ئەلئان زیاتر لە مانگێکە کە هەر هەموو کەرتی خوێندن لە ئێرانا داخراوە. یانی خەڵک ناڕۆنە مەکتەب، تەنانەت بە شێوەی ئان ڵاین خوێندنیش تا ڕادەیەکی زۆر هەر داخراوە.
قازی: چەندین زانکۆش بۆمباران کراون.

حەسەنپووور: بەڵێ ئەوە ئیتر هەر با بوەستێ. سەرباری ئەوەی کە زانکۆکانیش بۆردمان کراوە، و ئیتر هیچ شتێکیان، لانی کەم بەشێک لە زانکۆکان هەندێک لە کالیجەکان ئیتر شتێکی پێوە نەماوە وە مەزنە ئەکرێت ئەگەر شەڕەکە ئاوها درێژەی بێت دۆخەکە زۆر لەوەش قورستر بێتەوە یانی ئەمە ئەم یەک دوو شتە کە ئاماژەی پێ ئەکەین باسی خوێندن و باسی بژێوی ژیانە و ئەمانە لە هەموو ئاستەکان و ڕووبەرەکانی تری ژیانیشا هاوشێوەکەی ڕووی داوە و کاریگەری کردووەتە سەر هەموو ژیان.  ئێستا بۆ نموونە خەڵکێکی زۆر هەن کە خەڵکی نەخۆشیان هەیە ئەم خەڵکە نەخۆشە تەبعەن پێویستی بە دەرمانە، پێویستی بە نەخۆشخانەیە دەی ئەگەر ئەو هەڕەشانەی کە تڕامپ ئەیکا بۆ سبەی دوو سبەی ئەڵێت هەموو کەرتی وزە لە ناو ئەبەم، ئەڵێ با بڵێین وزەخانەکان ئەوەیان کە کارەبا بەرهەم ئەهێنن هەمووی بۆردومان ئەکەم ئەو خەڵکەش تووشی چەرمەسەری ئەبن بۆ دەرمانی  کەسە نەخۆشەکانیان. بە کورتی عەرز کەم یەک ڕووبەری ژیان نەماوە کە کاریگەری ئەو شەڕەی پێوە دیار نەبێت.
قازی: مەسەلەیەکی کە زۆر دڵتاوێنە لەباری ئینسانییەوە، ئەگەر ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو شەڕە دا لە چاوەدێرانی ئێرانی ڕا دەست پێ بکەین، ئەو خەڵکەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاکامەکانی شەڕ ڕووبەڕوون، لە ڕاستیدا دوو سێ جوورە بۆچوون دەبینین. وەک ئێوە باستان کرد هێندێکان پێیان وابوو خەڵک بۆخۆی عامیلییەتی نییە، ئەمریکا و ئیسراییل دێن دەتوانن ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی لابەرن و ئەوانیش بێنە سەر حازری، بەڵام ئێستا بەو وەزعەی کە دەیبینن بڕێک پێ دزیلکەیان هەیە یانی بە تەواوی ناتوانن بچنە پشت ئەو هەڵوێستە و دیفاع لەو شەڕە بکەن، چونکە وەک ئەوەی ئێوە باستان کرد بەشێکی زۆری ئەو نەهامەتییانە پای خەڵک دەگرێتەوە یانی ئەگەر سبەی ڕۆژێ بێژین ئەو ڕێژیمەش نەمێنێ بە ساڵانی دوور و دڕێژی پێ دەوێ هەتا دۆخەکە بێتەوە سەرخۆ. دەبینن بەشێکی زۆر کاری نائینسانییە دەکرێ بۆ نموونە باسی بۆردومانی ئەنیستیتووی پاستۆر کە تاریخێکی زۆر کۆنی هەیە لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئێران دامەزراوە. لایەنێک باسی ئەوە دەکەن ئەوێ مومکینە بۆ مەقسەد و مەبەستی عەسکەری بە کار هاتبێ. جەنابت ئەو ڕیوایەتە جۆر بەجۆرانە چۆن لێک دەدەیەوە؟
حەسەنپوور: کاک حەسەن بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی یا با بڵێین ئەو ڕەوتە سیاسییانەی ئێران کە هەر هەموو هیوای خۆیان گرێ دابوو بەم شەڕەوە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە لە ڕاستییدا نە خاوەنی گوتارێکی سیاسی بوون و نە جەماوەرێکیش لەناوخۆ دا کە بتوانن ئەو جەماوەرە ئاڕاستە بکەن و گۆڕانێکیان پێ دروست بکەن. بەهێزی میدیا ئێستا با بە ڕوونی ئاماژە بکەین بۆ نموونە پاشاخوازەکان، یان تەنانەت هەندێک لە کۆماری خوازەکان. ئەمانە خاوەنی هیچ پێوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ ناوخۆی ئێرانا نین، پچووکترین پێوەندی ئۆرگانیکیان نییە، یانی ئەوەی کە خەڵکێک بێت ڕاستەوخۆ پێوەندی بەمانەوە بێت و ئەمان بتوانن بیان جووڵێنن. بزووتنەوەش لە ڕێگەی پێوەندیی ئۆرگانیکەوە جێ بەجێ ئەبێت، نەک هەر تەنها بە میدیا. میدیا تەنها دەتوانێ تا شوێنێک خەڵک بورووژێنێت بەڵام ناتوانێ خەڵک ئاڕاستە بکا بەرەو یەک  ئامانجی دیاریکراوی سیاسی کە ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە.
ئەمان هەموو هێزیان خستبووە سەر میدیا کە بە میدیا بتوانن ئەو جۆرەی کە ئیتر بینیومانە لەو ساڵانە خەڵکێک ڕابکێشن بەرەو لای خۆیان و بەڵکوو لە ڕێی ئەمانەوە بتوانن خۆیان وەکوو ئەکتەرێک یا ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. بەڵام لە ڕاستیدا نە گوتارێکیان هەبوو و نە ئەو جەماوەرە ئۆرگانیزەکراوەیان هەبوو. هەر بۆیە ئاساییە کە ئەمانە بابڵێین لە بەها ئەخلاقییەکانیش دوورن، لە بەها سیاسییەکانیش دوورن پشت بەو شەڕە ببەستن. هەموو هیوای خۆیان کەڵەکە بکەنە سەر ئەو شەڕە، بەڵکوو بە شەڕێکی دەرەکی ئەمان بێنەوە دەست بگرن بە سەر دەسەڵاتا، خۆیان ئەڵێن دێینەوە ئەگینا خۆ زۆریان هەر تازەن، دەست بگرن بەسەر ئەو دەسەڵاتە دا و بەجۆرێک ببن بە جێنشینی کۆماری ئیسلامی. ئەمە نەتەنیا بزووتنەوە نییە، دژە بزووتنەوەیە.
لە ڕاستیا ئەمان دژ بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئێران کاریان کردووە، بە تایبەت ئەو بزووتنەوەی کە ئێمە بینیمان ساڵی ٢٠٢٢ هاتە سەر جادە و زۆر پێشکەوتنخواز بوو، زۆر ئاڕاستەیەکی مۆدێرنی هەبوو.
قازی: مەبەستت بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی یە؟
حەسەنپوور: بەڵێ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. یانی ئەمانە تەنانەت لە هەندێک خاڵی دەقیقی وەک ساڵی ٢٠٢٢ ش هەر دژ بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کاریان کردووە بۆیە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو کە بڵێین ئەمانە سەیر بووە کە چۆن ئاوا هاتوون و پشتگیریان لە شەڕ کردووە. هەر بۆیە ئێستا تووشی پارادۆکسیش بوون. ئێستا لە چەند ڕۆژێک لەمەو پێشەوە کە بەهۆی ئەوەی کە ئاڕاستەی شەڕەکە؛ ئەوان خۆ نەیان ئەتوانی پێشبینی ئەوە بکەن، یانی زیرەکی ئەوەیان نەبوو پێشبینی بکەن کە ئەمریکا هەرجۆرێک بێ ئەبێ بەرەوەی ئەم شەڕە بێ لە ڕوانگەی خۆیەوە بۆیە ئەگەر بە لێدان لە هێزە سەربازییەکان تەسلیم نەبێ، دواجار بە لێدان لە ژێرخانەکان تەسلیمی ئەکەن. ئێستا کە هاتووەتە سەر ئەم ئاستە وە ئەوان بینیویانە ئەمە کاردانەوەیەکی لێ کەوتۆتەوە و جۆرێک لە عەیبەی دروست کردووە لای ئەوان تووشی پارادۆکس بوون. یانی نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەبوو، یەکێک لە ڕاوێژکارانی پەهلەوی لە ماوەی ١٠ سەعاتا دوو هەڵوێستی ڕێک دژ بە یەکی گرتبوو. یەکێک لە  مەدحی شەڕا نووسیبووی گوتبووی ئەوە پێتڕۆشیمییەکانیان لێ دا دەبا ئیتر باقییەکەشی لێ بات، یانی کارەباش لێ بات، ئیتر حکوومەت فەلەج بێ، ١٠ سەعات دوای ئەوە دژ بە لێدانی ژێرخانەکان هەڵوێستی گرتبوو. جا بۆیە نازانم هەر وتنی ئەوەی کە ئەمانە ڕەوتی سیاسین ڕاست بێ یان نا؟ نا ڕەوتی سیاسیش نین، جۆرێک لە فیرقەن، جۆرێک لە کاستن ئەمانە وە ئەم دژوازی و پارادۆکسەش وا ئێستە تووشی بوون بەرهەمی هەر ئەوەیە، ئەو نەبوونی گوتارە، ئەو نەبوونی پێوەندیی ئۆرگانیک لەگەڵ ناوخۆی کۆمەڵگا وە بۆیە ناتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیەک ئەوانە ئەتوانن تەیارێکی سیاسی بن کە خەڵک بتوانن متمانەیان پێ بکەن.
قازی: زۆر باشە، باسی ئەوەش دەکرێ لە میدیای جیهانیدا بە گشتی، تەنابەت لە میدیای ئەمریکاش باسی ئەوە هاتووەتە گۆڕێ کە دە ڕاستیدا ستراتێژی ئەو شەڕە دیار نییە. یانی بە تایبەتیش باسی ئەو دژوێژیانە دەکەن کە لە قسەکانی داناڵد تڕامپ دا هەیە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کە ئێستا شتێک دەڵێ، دوای ماوەیەکی دیکە شتێکی دی. وەکوو لە سەرەتاشەوە باسم کرد یانی ئێستا ڕێبازی شەڕەکەش گۆڕانی بەسەر دا هاتووە. بە  بۆچوونی بەڕێزت ئەو ئامانجە چییە کە بیانەوێ وەک دەڵێن خاکەکەی بە توورەکە بکێشن، دەیانەوێ لەوە چ ئاکامێک وەرگرن؟ ئایا بەوە ڕێژیم دەڕووخێ؟
حەسەنپوور: لە ڕاستیا ئێمە ئەگەر بمانەوێ لەمە تێ بگەین نەختێک ئەبێ کانتێکستە عەینییەکەش  بخوێنینەوە یانی بزانین شەڕەکە بۆ ڕووی داوە. زۆر جار میدیا ئێمە بە هەڵە ئەبات. من ئەم ماوە لە یەک دوو وتوێژی تریشا ئاماژەم بەمە کردووە. هۆکاری ڕاستەقینەی سەرهەڵدانی ئەم شەڕە نە مەسەلەی ئۆرانیۆمە، نە مەسەلەی مووشەکە بالستییەکانی ئێرانە،نە مەسەلەی، زۆر مەسەلەی تر هەیە، کە ئێستە بووە بە گەرووی هۆرموز. چڕبوونەتەوە لەسەر گەرووی هۆرموز. هیچ کام لەمانە هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو شەڕە نەبووە. هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو شەڕە لە ڕاستیا گەورە شەڕی ئەمریکایە بۆ  هێشتنەوەی هێژێمۆنی خۆی بەسەر دونیا دا. ئەم هێژێمۆنییەی کە ئێستا هەیەتی لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە زۆر پتەوی کردووەتەوە وەئێستا کەوتۆتە بەر مەترسییەوە. مەترسییەکە ئەوەیە کە لە بەرانبەریا هێزێمۆنی وڵاتێکی تر، هێزێمۆنێکی وەکوو چین دروست بووە کە مەزەندە دەکرێ لە ساڵانی داهاتووا بتوانێت بە ئاسانی ئەمریکا وەلا بنێت و خۆی ببێ بە دەسەڵاتی یەکەمی دونیا لانی کەم  لە ڕووی ئابوورییەوە کە دوا بە دوای ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە بوو بە دەسەڵاتی یەکەم  لە ڕووەکانی تریشەوە ببێ بە دەسەڵاتی یەکەم تا ڕادەیەکی زۆر.
ئەمریکا ئێستا ئەیەوێ ئەمە پەک بخات وە بۆ پەکخستنی ئەم ڕەوتە بڕیاری داوە نەزمی دونیا بگۆڕێ، ئەو نەزمەی کە لە دوای شەڕی جیهانی دووەم جێگیر کرا وە دونیایەکی چەند جەمسەری بوو، بڕیاری داوە ئەم نەزمە بگۆڕێت، بۆیە ئەبێت لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەندێ ناوچە بۆ خۆیان یەک لایی بکەنەوە. یەکێک لەو ناوچانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئەبێ یەکلایی بکەنەوە وە ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا حاکمن ئەبێ لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمان بن وە نە تەنیا هاوپەیمان بن بەڵکوو ئەوەندەش بەهێز نەبن کە ڕۆژێک خولیای ئەوە با لە سەریان کە واز لە ئەمریکا بێنن یا تەیاری خۆیان بگۆڕن، بەرەی خۆیان بگۆڕن بڕۆن بەرەو چین. ئەمە هۆکاری ئەسڵییەتی بۆیە بۆ گەیشتن بەم هۆکارە ئەمریکا ئەوەندە پاڵنەری هەیە یانی ئەوەندە ئەنگیزەی هەیە – لە ئێرانا ئەڵێن ئەنگیزەی هەیە کە ئامادەبێت تا دوا شوێن بڕوا لەو شەڕە. یانی هەر شەڕێک کە دەست پێ بکا لە ناوچەی ئێمە تا دوا شوێن بڕوات و ئەگەر تەنانەت تێچووەکەی کاولکردنی وڵاتێکیش بێت بە تەواوی و گەڕاندنەوەی بێ بۆ چاخی بەردین وەها کە خۆی ئەڵێ ئەمەش ئەنجام بدات.
قازی: ئەوڕۆ لە ڕۆژنامەی گاردییەن دا نووسینێکی دوور و درێژ هەبوو باسی ئەوە دەکا لە سەرەتاوە ئیسراییل و بەتایبەتی لێکدانەوەکانی کە نەتەنیاهوو هەیبووە، ئەمریکای تووش کردووە، یانی بەو مانایەی کە ئەوان دە ماوەیەکی کورت دا دەتوانن ڕێژیمی ئێران بڕووخێنن و ئەو داوایەی کە هەیانە وەدی بێنن و ئەمریکاش لەو بۆچوونەوە گلاوە. یانی ئەوە کورتەی ئەو لێکدانەوەیەیە.باسی ئەوەش دەکا ئێستا لە ئەمریکا خۆشی دژایەتی بەرانبەر بەو شەڕە زیادی کردووە و تەنانەت لە ڕابردوو دا بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لۆبییەکی زۆر بەهێزی ئیسراییل لەوێ هەیە کە پشتیوانی دەکا لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسراییل ئەلئان دۆخەکە تەقریبەن هەڵگەڕاوەتەوە و بیروڕای گشتی زیاتر پشتیوانی دەکەن لە فەلەستین و تەنانەت بە پێی لێگەڕینی دەزگایەکی ڕاپرسی ٦٠ لەسەدی جوولەکەکانی ئەمریکا دژی ئەو شەڕەن. یانی ئەو دۆخە دەبێ بە جێگایەک بگا ئیدی. ئێستا ئۆلتیماتۆمێک هەیە، هەتا سبەینێ یە  بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. جەنابت ئەو دۆخە چۆن دەبینی، پێت وایە بە کوێ دەگا؟
حەسەنپوور: ناتوانین بڵێین ئەو زانیارییانەی کە لە میدیاکان بڵاو دەبنەوە، بە تایبەت وەک شوێنێکی جێ باوەڕی وەک گاردییەن بڵاوی دەکاتەوە بە تەواوەتی بێ بنەمان بەڵام  ناشتوانین بڵێین هەر هەموو حەقیقەتەکە ئەنوێننەوە و هەموویمان بۆ باس ئەکەن. بەشێکی زۆر لەو شتانەی لە میدیا باس ئەکرێت لە ڕاستییا نیوە ناچڵە ناتوانێ هەموو شتەکەمان پێ بڵێت. من پێم وا نییە  کە ئەم شەڕەی ئێستە کراوە بە فیتی ئیسراییل بووبێت، یانی ئەو شتەی کە ئەم ماوەیە میدیا زۆر زۆر باسیان کردووە. بەشێک لە ئێرانییەکانیش پێیان خۆشە؛ ئێرانییەکانی ناو دەسەڵاتی ئیسلامی مەبەستمە پێیان خۆشە ئەم بۆچوونە پەرە پێ بدەن کە بەڵێ ئەمە بە فیتی ئیسراییل بووە. وەها نییە ئەمریکا پلانی هەبووە و ئەم پلانەش لە پێشترەوە و لە ساڵانی زۆر کۆنترەوە بووە، یانی گۆڕینی نەزمی جیهانی شتێک نییە کە تڕامپ بڕیاری لە سەر دابێت زۆر پێش لە تڕامپ بریاریان لە سەر داوە. تەنانەت هەندێک بۆچوون هەیە ئەڵێن یەکەم  فازی ئەم گۆڕینی نەزمە  لە ساڵی ١٩٩١وە دەستی پێکرد بە شەڕی یەکەمی کەنداوەوە. لەوێوە دەستی پێکرد و فاز بە فاز هێناویانەتە پێشەوە و ئێستا گەیشتووەتە بەگوڕترین و گەرمترین نوقتەکەی، خاڵەکەی ئەو گۆڕینی نەزمە. گۆڕینی نەزم تەبعەن نەزمێکی جێگیر کە هەموو دونیا خەریکە لەسەری ئەمەشێت و دەرواتە پێشەوە بەو ئاسانییە نییە، ماوەیەکی کورت نییە، بەڵکوو ماوەیەکی درێژی دەوێت و پشوو درێژیشی دەوێت هاوکات. بۆیە ئەمن پێم وا نییە شتەکە ئاوها کاڵ و کرچ ئەنجام درابێ، شەڕەکە بەو شێوە کاڵ و کرچ کرا بێت کە زۆرجار میدیا بە ئێمەی ئەڵێت. بەڵام ئەوەی کە ئایا شەڕەکە بۆ ئەمریکا وەکوو خۆی یا با بڵێین پڕۆسەکە وەخۆی ئەڕواتە پێشەوە ئەوە ئیتر باسێکی ترە کە ڕەنگە وەک دەڵێن ئێمە نەتوانین بڕیارێکی تەواوی لەسەر بدەین یا ئەنجامگیرییەکی تەواو بدەین بە دەستەوە. ڕاستە هەندێ بۆچوون لە میدیا دا بەتایبەت لە میدیای لای خۆمان وەها باس ئەکرا؛ مەبەستم لە لای خۆمان ناوچەی خۆمانە، وەها باس ئەکرا کە ئێران بە دوو ڕۆژ ئەڕووخێت و بە حەفتەیەک ئەڕووخێت و بە مانگێک ئەڕووخێ. ئەم بۆچوونانە زۆر کاڵفامانە بوون.
سەدام حوسێن لە دوای نزیک بە دوازدە ساڵ گەمارۆی ئابووری زۆر قورسەوە دەر کرا لە نەزمی دونیا. ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک هاتن بە تەواوی بیڕووخێنن ٢١ ڕۆژی پێ چوو هەتا ڕووخاندیان کە چەک وچۆڵێکی ئەوتۆشی نەبوو، وڵاتەکەش پچووکتر بوو.، ئێران ئەلئان ٤٠ ساڵە بەشێکی زۆر لە بوودجەکەی، لەو بوودجە کەلانە، لەو پارە زۆرەی کە بوویەتی تەرخانی کردووە بۆ کەرتی سەربازی، بۆ دروستکردنی موشەک، بۆ درۆن بۆ چەکی ستراتێژیک مەعقوول نییە لە حەفتەیەک و دوو حەفتەو مانگێک و دوو مانگ دا بڕووخێت. و پێم وا نییە بژاردەی ئەمریکاش ئەمە بێت بە هۆکارێکی زۆر زۆر گرینگ. لە حاڵی حازر دا ئاڵترناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی نییە. ئەوەی کە ئێستا ئێمە  ئەیبینین لەو پێشنیارانەی کە ئەمریکا ئەی خاتە بەردەست: پێشنیاری ئاگربەست ٤٥ ڕۆژ، مانگێک فڵان، ئەمانە وا چۆن  لە شەڕی ١٢ ڕۆژەشدا ئاگربەسێک، ناوبڕێکیان خستە بەین ، ئەوەیە کە بتوانن لەو بۆشاییانە ئیستیفادە بکەن بۆ ئەوەی کە ئاڵترناتیڤێک بۆ ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستەی ئێران پەیدا بکەن. ئەڵبەت مەرج نییە لە دەرەوەی خودی ئێران یا لە دەرەوەی تەنانەت خودی دەسەڵاتیش بێت، بەڵام ئەوان ئەیانەوێ قۆناغ بە قۆناغ بیبەنە پێشەوە  کە دواجار، ڕاستە بۆ عێڕاق بۆ نموونە ١٢ ساڵی پێ چوو بەڵام بۆ ئێران ڕەنگە یەکساڵ، دوو ساڵ، سێ ساڵ، چوار ساڵی پێ بچێ، کەمتریشی پێ بچێ، تەنانەت چەند مانگی پێ بچێ بەڵام  بە بۆشایی نەیهێڵنەوە یانی  وڵاتێکی بۆش نەهێڵنەوە لە ڕووی دەسەڵاتەوە کەس کۆنتڕۆڵی نەکا چونکوو چەند مانەوەی ئێران لە بەرەی چینا وەکوو با بڵێین دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە، بە هەمان شێوە ئێرانێکی ناسەقامگیریش دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە. بۆیە دەبێ هاوسەنگییەک لە ناو ئەم دوو شتەدا دروست کا هەم سەقامگیرییەک لە ئێرانا ببێت و هەم گۆڕانکارییەک لە ناو دەسەڵاتا ڕوو بدات.
کۆماری ئیسلامی بەم شتەی زانیوە بە ڕای من بۆیە بەردەوام ئەڵێ من ئاگربەس ڕەد ئەکەمەوە. من ئاگربەس قبووڵ ناکەم ئەبێ شەڕەکە بۆ هەمیشە کۆتایی بێت. چونکە چاک چاک ئەزانێت کە ئەم ئاگربەسە کاتییە، دوای ماوەیەکی کورتی تر دووبارە دەست پێ ئەکاتەوە. هەر بۆیە ئەوەی کە ڕای گشتی لە ئەمریکا، یا لە ئوڕووپا یا لە شوێنەکانی تر دژی شەڕە بەردەوامیش ئەو ڕای گشتییە زیاتر دژ بە شەڕ ئەبێتەوە، هەر لە سەرەتاشەوە ڕەنگە زۆر هاوڕای شەڕ نەبووبێتن، هەر هاوڕای شەڕ نەبووبوون بەڵام،
قازی: بەڵام لە دەزگای نیزامی ئەمریکا خۆشی دا کێشە هاتووەتە ڕوو، یانی ئەوەی کە وەزیری شەڕ چەندین ژەنەڕاڵی لە کارەکەیان لا دا یەکێک لەوانە سەرۆکی ئەرکانی ئەمریکا بوو، ئەوە نیشان دەدا کە ئەوە نییە کە هەموو کەس ڕازی بێ لەو شەڕە و لەو وەزعەی کە هەیە.
 حەسەنپوور: بێگومان ! بەڵام ئایا ئەو کەسانە یا ئەو ڕای گشتییە تەنانەت ئەوەی ناو دام و دەزگای دەوڵەتی ئەمریکا هێزیان بەوە دەشکێ کە ڕێگری لە شەڕەکە بکەن و شەڕەکە ڕابگرن؟ پێم وا نییە هێزیان پێی بشکێت.
قازی: یانی پێت وایە ئەوە جارێ بەردەوام دەبێ بۆ ماوەیەک؟
حەسەنپوور: تەنانەت ئەگەر ئاگربەستیش بکرێت بەڵێ بەردەوام ئەبێت تا ئەو شوێنەی کە حکوومەتی ئێران تەسلیم بکەن. ئەم تەسلیم بوونە ئەتوانێ ئێستە بێت، لەم ئاستەیا بێت ئەوان تەسلیم بن و ببن بە هاوپەیمانی ئەمریکا، ئەتوانێ نا کاولکاری زۆر زیاتری پێوە بێت تەنانەت تا ئەو شوێنە بڕوات کە بۆمبی ئەتۆم بەکار بێنن، تا ئەو شوێنە بڕوا کە وەکوو خۆیان ئەڵێن ئێران بگەڕێننەوە بۆ چاخی بەردین. بۆیە شەڕەکە هەتا نەگەیشتن بە ئەنجامێکی تەواو کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە بوونی ئێرانە بە هاوپەیمانیان درێژە پەیدا ئەکات. ئەوەش کۆمەڵێک مەلزووماتی هەیە بۆ نموونە قبووڵ کردنی نەزمی نوێ. لە نەزمی نوێدا لە ناوچەکە دا ئێستا ئەگەر پێوەندی ئەم مەسئەلە لەگەڵ ئیسراییلیش بخەینە بەر باس ئەبێ ئیسراییل بە ڕەسمی بناسن، ئیسراییل قبووڵ بکەن لەگەڵیشیدا پێوەندی دروست بکەن. چون ئەوە بەشێکە لەو شەڕە، بەشێکە لەو نەزمە تازەیە کە ئەیانەوێ دروستی کەن. ئیسراییل هێژێمۆنی پەیدا ئەکا بەسەر ناوچەکە دا، ئەبێ بەدەسەڵاتی یەکەم لە ناوچەکە دا،
قازی: بەڵام ئاخر ئەوەبابەتێکی دیکە لەگەڵ خۆی دێنێتە گۆڕێ ئەویش مەسەلەی پەیمانی برایم، ئابڕاهام ئەکۆردە. هێندێک لە وڵاتانی کەنداو هاتوونە ناو ئەو پەیمانە، عەڕەبستان و ئیماڕات و ئەوانە. لە لایەکی دیکەشەوە ئێران بۆ ئەوەی ئاورەکە لە خۆی دوور کاتەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانە بەو شێوەیە. جا ئەوە دەرفەتەکە دژوارتر دەکا بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی دواتر دا کە ئەگەر ئێران مل  بدا لەگەڵ ئەو پەیمانە بکەوێ وڵاتە عەڕەبییەکان لێی قبووڵ کەن.
حەسەنپوور: کاک حەسەن ئەو پەیمانی ئابڕاهامە پێم وا نییە بە پێچەوانەی ئەو شتی کە ناویان ناوە ئاشتی نامە یا پەیماننامەی ئاشتی بێت. پەیماننامەیەکە بۆ  قبووڵکردنی هێژێمۆنی ئیسراییل. ئەمە حەقیقەتێکە ئەوە نییە کە دەڵێن ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سەقامگیر دەکەین. نا، زۆر بۆیان گرینگ نییە کە ئەم وڵاتانە لە ژێرەوە بەیەکەوە ئاشت بن، شەڕیان بێ، چۆن بن، ڕقیان لەیەک بێ، یەکتریان خۆش بوێ، بۆیان گرینگە کە هەموویان مل دانەوێنن بۆ ئیسراییل، ئیسراییلیش وەکوو نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەکوو زل هێزێک کە ئەتوانێ ئەو نەزمە بۆ ئەو وەزعە تازە کە لە دونیا  قەرارە دروست بێت بپارێزێت و مەنەیجی بکات و بەڕێوەی ببات. مەسئەلەکە ئەمەیە بۆیە ئەوان ئەو باسە ئەکەن کە ئاشتی لە ڕێگای هێزەوە. لە ڕێگەی هێزەوە ئاشتی ئەسەپێنین. لە ڕاستیدا ئەوەش کە ئاشتی لە ڕێگای هێزەوە بێت خۆ ئاشتی بەو مەعنا ڕاستەقینەیە نییە بەڵکوو جۆرێک سەپاندنە و هێز دروست کردنە. بەڵام بەدەر لە هەموو ئەمانە ئەوەی کە ئایا ئەمریکا سەرکەوتوو ئەبێ لەمەدا. ئەوە پرسیارێکە کە من خۆم بەشەخسە سەخت بتوانم جوابی بدەمەوە کە ئایا ئەمریکا سەرکەوتوو ئەبێت چونکوو زۆر جار دیومانە ئەمریکا پلانێکیشی بووە سەرکەوتوو نەبووە تیایا.


قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر مەسەلەی " هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران "ئەو جۆرەی کە نێوی ڕەسمییەتی. ئێمە دەزانین کە ئەو هاوپەیمانییە و پێویستی ئەوەی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەوانەی کە لە دەرەوەن و یا لە باشووری کوردستانن و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، یەکێک لەو شتانە بووە، هەمیشە هەموو کوردێک و بەتایبەتی  ڕووناکبیرانیش هەمیشە باسیان کردووە ئەوە بوو کە ئەو هێزانە لە سەر کولییاتێک، لەسەر لایە گشتییەکان بتوانن یەک بگرن. دەشزانین کە ئەو  هاوپەیمانییە بە پێچەوانەی بۆچوونی نەیاران پێوەندیی بەو شەڕەی نێوان ئەمریکا – ئیسراییل لە بەرانبەر ئێراند دا نییە و پێشتر لەوە وا بزانم لە ٢٢-ی مانگی فێڤرییە ئەو هاوپەیمانییە ڕاگەیێندرا. بەڵام هەتاکوو ئێستا ئێمە لە سەر خاڵە گشتییەکانی ئەو هاوپەیمانییە کە ڕابگەیندرێ و شی بکرێتەوە هێندە نازانین و دووەمیش ئەوەیە لە ڕووی تێکنیکیشەوە دەزانین  ئەو هاوپەیمانییە میدیایەکی تایبەتی نییە. ئەمن بۆخۆم  پێشنیارم ئەوە بووە کە زمانی کوردی زمانی سەرەکی بێ لە بڵاوکراوەکانیان دا و هەر وەها وتەبێژێکی ڕەسمیش هەبێ بە تایبەتی لە دۆخێکی حەساسی دا کە ئێستا هەیە، بەڕێزت وەکوو کەسێکی کە تەجروبەیەکی سیاسی دوورودرێژت هەیە و لەو پێناوە دا وەک بە فارسی دەڵێن هەزینەشت داوە بۆچوونت چییە ئەو هێزانە چۆن ئەو خۆشییە لەو دۆخە ناخۆشە دا کە ئەو یەکگرتنە لە نێو کوردان دا پێکی هێناوە ئەوە قووڵتر و پتەوتر کەن؟
حەسەنپوور: کاک حەسەن ڕاستە کە ئەم هاوپەیمانییە پێش ئەم شەڕە دروست کرا وە هەنگاوەکانی زۆر پێش شەڕەکەش دەستی پێ کردبوو، بەڵام بەم دۆخە تازەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە بێ پێوەندی نەبوو ڕاستییەکەی. جۆرێک ئەتوانین بڵێین وڵامدانەوەیەک بوو، یا هەوڵدانە بۆ وڵامدانەوەیەک بەم دۆخە تازە کە هاتووە کە هەموو بۆنی ئەوەی کرد بوو کە گۆڕانکارییەک لە پێشە، بێ گومان لەم گۆڕانکارییەدا لەگەڵ ئەوە کە شەڕێکی ئاوەها ماڵوێرانکەریش روو ئەدا هاوکات ئەکرێ کۆمەڵێک دەرفەتیش لە بەر دەست دا بێت و کۆمەڵێک دەرفەتیشی لێ دروست بێ. بۆیە لەم ئاستەیا بێ پێوەندی نەبوو، یانی وەها نییە کە هیچ ڕەبتێکی نەبووبێت بەڵام  تا ئێستا ئەوە کە ئێمە لە هاوپەیمانییەکە ئەیبینین زیاتر سەلبییە هەتا ئیجابی. یانی زیاتر هەر ئەوەیە وڵامدانەوەیە بەو وەزعە، نەک هەست بە زەروورەتێکی زۆر درێژخایەنتر بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی چون لەم ماوە دا کۆمەڵێک، ڕەنگە لە میدیا دا ئێستا ورووژاندنی زۆر باش نەبێ، خۆیان زۆر باس ئەکەن ئەڵێن جارێ لە میدیا زۆر باس نەکەین ئەوە بەو مەعنا نییە کە دەرگای ڕەخنە دابخەین، بەڵام کەمتر، با هێمنانەتر  سەری باسەکان بکەینەوە.
بەڵام هەر  لە دوای دروستبوونی هاوپەیمانییەکەش ئێمە چەند جار سەکتە و جۆرێک لە وەستانمان تیا بینی. جۆرێک لە پەرچەکردارمان بینی لە لایەکان بەرانبەر بە یەکا پێچەوانەی ڕوحی هاوپەیمانییەکە بوو  وە ئەمە نیشان ئەدا هێشتا بەو ئاستە لە تۆکمەیی نەگەیشتووە کە پێویستێتی. ئەو هاوپەیمانییە بێگومان ئەبێ دوو ئامانج بۆ خۆی دیاری بکا. ئامانجێکی زۆر فۆرس ماژۆر و کورتخایەن کە هەر ئێستا ئەبێت ئەنجامی بدا و ئامانجێکی درێژ خایەن. ئامانجە کورتخایەنەکە کە زۆر فۆرس ماژۆرە ئەوەیە کە هەموو هەوڵێک بخاتە گەڕ کە یەکڕیزییەکی هەمەلایە لە هەموو ڕوویەکەوە و نە تەنها لە زمان و لە بەیاننامەیەکا بەڵکوو لە هەموو ڕوویەکەوە یەکڕیزییەکی هەمەلایەنەی هێزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بەجێ بکات. بە بێ ئەو یەکڕیزییە ئیمکانی نییە ئێمە هیچ سەرکەوتنێکی جیدی بە دەست بێنین. هەر شتێک بەدەست بێنین لە دەستی دەدەینەوە دوایی، تەنانەت ئەگەر شتێکیش بە دەست بێنین ئەمە بۆ کورت ماوەکە.
بەڵام بۆ ئەو درێژماوەکە دیاریکردنی ستراتێژی نیشتمانی یە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بێگومان پێوەندی بە زۆر بابەتەوە هەیە هەم  بە پارچەکانی تری کوردستانەوە هەیە، هەم بە هاوکێشەکانی ئێرانەوە هەیە، هەم بە هاوکێشەکانی ناوچەکەوە هەیە، هەرێمییەوە هەیە و دونیاشەوە. دیاریکردنی ئەو ستراتێژییە نیشتمانییە ئەبێ  هەدەفی غایی ئەو هاوپەیمانییە بێت. یانی ئەو هاوپەیمانییە بتوانێت سەنەدێکی باڵا دەستی وەکوو ئەڵێن لە ئێرانا، سەنەدێکی باڵادەستی دروست بکات و بەرهەمی بهێنێ کە هەر جوورە جووڵەیەکی کورد لە سەر بنەمای ئەوە بێ و بۆ ئەوە بەمەش بگات بێگومان تەنها خۆیان دەرەقەتی ئەمە نایەن. پێویستە لە دەرەوەی خۆیان خەڵکی بێ حەد زۆر هەیە، خەڵکی زۆر زۆر هەیە هەم ناوەند و ڕێکخراوە هەیە کە خۆشیان لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنەکەدا باسیان کرد بوو، پێشوازییان کرد بوو لەوەی کە خەڵکی دەرەوەی حیزبەکان وە ناوەندەکانی دەرەوەی حیزبەکانیش بەشداری بکەن. لەوانە ئەتوانن یارمەتی وەربگرن بۆ دیاریکردنی ئەو ستڕاتێژییە نیشتمانییە کە جۆرێک لە بیچم بەندی دۆخی کورد لە ئێستەی ناوچەکەدا ئەنجام بدات و ئەوەی لێ بێتە دەرەوە.
ئەمە گرینگترین شتە کە ئەوان ئەتوانن بیکەن. ئەمەش ئیتر پێویستی بە پەرەپێدانی ڕووحی ئاسانگیری و لێک بوردن و قبووڵکردنی یەکترە و لە هەمان کاتا حەتمەن ئەبێ لە سەر ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان فەڕز بکەن کە هیچ هەنگاوێک دژ بەوە ئەنجام نەدەن، هیچ هەنگاوێک هەڵنەگرن کە ڕوحی هاوپەیمانییەکە تێک بدات یا پێچەوانەی ڕوحی هاوپەیمانییەکە بێت. چ بگا بە ئەندامانی سەرکردایەتی کە هەندێک جار ڕەنگە هێشتا ئەوانیش زۆر نەیان توانیبێ قبووڵی ئەو  وەزعە بکەن کە تا ساڵانێک لەمەوپێش بەهۆی ئەو ئیبلیس سازییەی کە لە یەکیان کرد بوو، هەموو لایەک یەکتری بە ئیبلیس ئەکرد، ئەوە نازانم فڵانە، ئەوە هێڵی سووریان لە سەر یەک دا ئەنا ئێستا دۆخەکە ناچاری کردوون بەیەکەوە دانیشن. ئەبێ ئیتر لەو قۆناغە کەمێک سەرووتر بڕوات، لەو ناچارییە بێتە دەرەوە و بگۆڕێ بۆ زەروورەت بۆ پێویستی.
قازی: باشە ئێستا بێینە سەر مەسەلەیەکی دیکە، ئێمە دەزانین زۆر باسی ئەو بابەتەش کراوە لە کۆنەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باری خاکەوە دەگەڵ ئەوەش کە وەک فارسەکان دەڵێن پەیوەستەیە بەیەکەوە گرێ دراوە  لە هەموو جێگایەک بەڵام لەو تەقسیماتی ڕەسمی جوغڕافیایی دەوڵەتی دا کە کراوە، لە زەمانی ڕەزا شا ڕا بەشێک لەو کوردستانە لە ڕۆژهەڵات کە ئێمە بە کوردستانی دەناسین، لەوێ میرەکایەتی موکریان هەبووە و لەوێ کۆماری کوردستان دامەزراوە دە ڕەسمییەتی دەوڵەتی ئێراندا بەشێک بووە لە ئازەربایجانی غەڕەبی یا ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وە ئەو بۆچوونەی کە لە لایەن ناسێنەخوازانی ئازەربایجانی دەو ساڵانەی دواییدا، دەتوانین بڵێین لە زەمانی خاتەمی بەملایەوە کە بەحەق و بە دروستی داوای ناسێنەی خۆیان و داوای ڕەسمییەتی زمانی خۆیان و ئەو شتانە دەکەن بۆچوونیان بەرانبەر بە مەسەلەی کورد و دۆزی کورد دە ڕاستیدا بۆچوونێکی زۆر ئوسوولی نییە. دەزانین کە هێندێک ڕێکخراو هەن دە ناو ڕێکخراوی وەک " کۆنگرەی میلییەتەکانی ئێران" دا دەو چوارچێوەیە دا  لەگەڵ کوردەکان تێکەڵاوییان هەبووە،  قسەشیان کردووە و هاوکاریشیان هەبووە و باسی ئەوە دەکرێ گەیشتوونە بڕیارێکی ئەوتۆ کە پرسی حدوود و سغووری جوغڕافیایی بهێڵنەوە بۆ دوایە و ئەوە شتێک نییە کە حیزبەکان خاوەنی بن بەڵام ئەو دامەزراوە و نیهادەی کە لە داهاتوو دا هەڵدەبژێردرێ بۆی هەیە لە سەر ئەو بابەتە بڕیار بدا.
بەڵام لە ژارگۆن و وێژمانیان دا جیاوازی زۆرە. لە لایەک ئەوەیان پەسند کردووە و ئەوە دەڵێن، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوت دێن پڕۆپاگاندای ئانتی کورد دەکەن. پێت وایە لەم قۆناغە دا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چۆن دەتوانن لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ ئەو نەتەوە بن دەستانە نزیکی و دۆستایەتی لە سەر بنەمای پرێنسیپێکی جیدی دامەزرێنن؟
حەسەنپوور: پێش هەموو شتێک ئەبێ نەختێک لە ڕووداوەکان کە وەرئەگیرێت، حەتمەن ئەزموونی تازە وەربگرن. یەکەم بەیاننامە کە ڕوو بە تورکەکانی ئێران دەریان کرد، لە لایەن بەشێکی زۆریانەوە، ئەڵبەت چونکوو ئەوان بە جیدی ڕێکخراوی زۆر جیدییان نییە و نازانین نوێنەرایەتی چەندێکی کۆمەڵگا دەکەن، ئەستەمە بڵێین لە لایەن بەشێکی زۆریانەوە،  بە موسامەحەوە ئەوە ئەڵێم بەجۆرێک پێشوازییەکی لێ کرا. بەڵام هەر لەو پێشوازی لێکردنە دا بۆ نموونە یەک شتی زۆر سادە هەبوو کە بەشی هەرە زۆریان ڕەخنەیان لێ گرت ئەویش بەکار هێنانی وشەی " ئازەری " بوو. تەنانەت لە تەنیشتی تورکی ئازەریشا ئەوان قبووڵیان نەئەکرد. ئەمە وەکوو نموونە ئەیهێنمەوە بۆیە هاوپەیمانی ئەتوانێ ئەو شتانە لە بەرچاو بگرێت. کاتێک کە ئەزانێ تورکەکان تەنانەت بە وشەیەک هەستیارن ئەگەر ئەم شتە مەوزووعێک لەسەر مەسەلەی کورد دروست ناکات، یانی هەزینەیەکی بۆ مەسەلەی کورد نییە ئەو شتە ئەنجام بدەن کە حەساسییەتەکان و هەستیارییەکان کەم کاتەوە.
قازی: ئەگەر ئیزن بدەی من لەسەر ئەو مەسەلەی شیکردنەوەیەکم هەیە. من خۆم تورکی ئازەربایجانی بەکار دێنم. بەڵام ئەو موستەلەحەیە موستەلەحەیەک نییە کە کوردەکان دایان نابێ. لە قانوونی ئەساسی جمهووری ئازەربایجان دا لەفزی تورکی تێدا نییە بە خۆیان دەڵێن ئازەربایجانی. لە تورکییە خۆ بە وان ناڵێن تورک دەڵێن ئازەری، ئازەریلەر. یانی کەوابوو دەبێ ئەوان ئەو کێشەیە لە نێو خۆیاندا جێ بەجێ بکەن، نەک ئەوەی کە یەخەی کوردێک بگرن کە مومکینە ڕاستەوڕاست هەست بەو حەساسییەتە نەکا و لە ژێر تەئسیری ئەدەبییاتی فارسی دا بڵێ ئازەری. ئەوەش هەیە. 
حەسەنپوور: بەڵام ئەوە ئایا تەوافوقێک هەیە لە ناو تورکەکانا، کە ئێمە هێشتا نازانین کە تەوافوقێکی تەواو هەیە وشەی ئازەری بە تەواوی بنێنە لاوە یا
قازی: ناڵێم لە جمهووری تورکییە  و لە جمهووری ئازەربایجان هەر دووکیان لەفزی ئازەری بەکار دێنن.
حەسەنپوور: وایە لەفزی ئازەری بەکار دێنن بەڵام ئێستە لە ئێرانا ئەمە بووە بە مەوزووع. ئەڵبەت ئەمە تەنها نموونەیەک بوو کە عەرزم کرد ئیتر شتێکی زۆر زۆر بنەمایی و گرینگ نییە بەڵام ئەمە تەنها بە " هاوپەیمانی"  ئەنجام نادرێ، هاوپەیمانی  ئەبێ یارمەتی لە خەڵکی دەرەوەی خۆی وەربگرێ بە تایبەت پێش هەموو شتێک بۆ ئەوەی ئیمکانی دروستکردنی دیالۆگێک لە نێوان نوخبەی کورد و نوخبەی تورکا هەبێت، تورکی ئازەری، تورکی ئازەربایجان هەرچییەکی پێ بڵێی بڵێین چونکوو بە جیدی هیچ فۆرمووڵێکی لەحزەیی وجوودی نییە کە ئەم خەڵکانە کۆمەڵێکیان ئەڵێن با ئەوە بێلێنەوە بۆ خەڵک دواتر. نا دواتر فەزایەکی پاپیولار و زۆر پۆپۆلیستییە، زۆر زۆر فەزایەکی پۆپۆلیستییە کە لەو فەزای پۆپۆلیستییە هەر کەس میدیای بەدەست بێ ئەتوانێ بۆچوونی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. نابێ ئەوە بهێڵینەوە بۆ ئەو کاتە کە پۆپۆلیستەکان حاکم بن بە سەرییا چون ئەگەری هەیە هیچ ڕێگا حەل و چارەسەرێکی لێ دەر نەیێت و دواجار شەڕ لە نێوان ئەو دوو نەتەوە ڕوو بدات. بۆیە ئەبێ لە ئێستەوە پڕۆسەیەک لە دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان کورد و تورکا دەست پێ بکات و ئەمە خۆ ئەبێ عەینییەتێکیشی پێ ببەخشین ئێمە هەر بڵێین دیالۆگی کورد و تورک خۆ لە سەر ئەو جادە خەڵک بەیەکەوە گفتوگۆ ناکات لە سەر ئەم مەوزووعە ئەوان ئەڕۆن ئیشی ڕۆژانەیان بەیەکەوە ئەنجام ئەدەن لە شوێنەکا کە هاوبەشە و بەیەکەوە ئەژین. بەڵام ئەم دیالۆگە جیدییە پێویستی بەوەیە کە دەستەبژێری کورد لەگەڵ دەستەبژێری ئەوانا پێکەوە بکەونە گفتوگۆوە، ئەمە بەشێکی ئەرکی خودی دەستەبژێرەکانە، خودی ڕووناکبیران و چالاکوانانی کوردستان و ئازەربایجانە و بەشێکیشی ئەتوانێت سیستماتیک لە لایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕێک بخرێ، ئەنجام بدرێ ئەوە ئەتوانێ زۆر،
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە چی؟ ڕەنگە بڕێک کارهاسانی زیاتر بێ و موشکێلاتێکی ڕێگریش نییە، بۆ وێنە لەگەڵ بەلووچەکان، یا لەگەڵ تورکەمەنەکان، بە تایبەتی مەبەستم لە تورکەمەن سەحرایە، یا لەگەڵ عەڕەبەکانیش تا ڕادەیەکی زیاتر، دواتر لە بابەت  کۆنگرەی ئازادی بۆ ئێران زیاتری باس دەکەین. پێت وایە لەگەڵ ئەوان چۆن دەبێ؟ چ مێکانیزمێکی دەبێ بۆ دروست بکەن بۆ ئەو هاوکارییە؟

حەسەنپوور: ئەوە کە میکانیزمێکی گشتی بۆ ئەوانە پێویستە با ئاماژە بە یەک شتی تریش کەین ئەویش لوڕە. مەسەلەی لوڕیش کەمێک پڕۆبلێماتیکە لە ئاستی مەسەلەی کوردستانا. زۆر جار ئێمەی کورد ئەڵێین لوڕەکان کوردن، ئەمە ئەگەر تەنانەت وەکوو مێژوو ڕاستییەکیشی تێدا بێ، هەڵگری بەشێک لە حەقیقەتیش بێ، لە ئێستا دا هەڵگری حەقیقەتی ناوەکی ئەو کۆمەڵگایە نییە. بەشی هەرە زۆری لوڕ ئەتوانین بڵێین زۆرینەی ڕەهای لوڕ پێیان وا نییە کورد بن، پییان وایە بۆخۆیان نەتەوەیەکی سەربەخۆن. ئێمە ئەبێ ڕێز لەم شتە بگرین ڕاستییەکەی هەوڵ نەدەین لوڕ بکەین بە ژێر مەجمووعەی کورد. ئەمە هەمان ئەو کارەیە کە فارسەکان لەگەڵ باقییەکە ئەیکەن. ئێمە نابێ تووشی هەمان ئەو شتە بینەوە. دواجار ئینسان ئەو شتەیە کە خۆی پێناسەی ئەکات. نەک ئەو شتەی کە مێژوو ئەیڵێت. مێژوو شتێکی وتووە بەڵام ئەکرێ ئەو مێژووە بگۆڕدرێت و لە پێناسەی تازە دا دوا جار نەتەوە هەمان هوشیارییە. یانی نەتەوە بونیانێکی زێهنی هەیە هەتاکوو ئەو شتە مێژووییە، ئەگەرچی ئەو بونیانە زێهنییە  لە ئاسمانەوە دروست نابێ، لە فەزایەکی خاڵی دا دروست نابێ، مێژووی لە پشتە بەڵام  بە هەر حاڵ ئێستە وەهایە. زۆر گرینگە کە ئێمە حەتمەن ڕێز لەو پێناسەیە بگرین کە لوڕەکان بۆ خۆیانی دائەنێن بە تایبەت  کە ئێستا دۆخێکیش دروست بووە کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی ئەتوانێت ئەو کێشە لە نێوان کورد و لوڕا دروست بکات کە بێتە هۆی سەرئێشەیەکی بێ حەد زۆر چون ئێمە ناوچەکانمان زۆر لێک گرێدراوە لەگەڵ لوڕەکانە ئەمە ئەو خاڵە بوو کە حەزم کرد عەرزی کەم.
بەڵام بۆ باقی نەتەوەکان کارەکە ئاسانترە وەکوو پێوەندی گرتن یانی تۆ هیچ کێشەیەکی سەرزەمینیت لەگەڵیانا نییە، کێشەی خاکت لەگەڵیانا نییە لەگەڵ بەشی هەرە زۆریانا. تەنانەت لەگەڵ فارسا ئێمە کێشەی خاکمان نییە لەهیچ شوێنێکەوە ئێمە خاکمان بەیەکەوە پەیوەست نییە وە دەکرێ تەنها دابنیشن لەسەر بەهاکان، لەسەر ئوسوول و پڕێنسیپەکان قسە بکرێت کێشەکان چارەسەر بکا. لەم نێوانەدا کورد لەبەر ئەو پۆتانسییێلە کە هەیەتی ئەتوانێ هاوکات کاتالیزۆرێک بێت بۆ لاچوونی کۆمەڵێک کێشەی نێوان ئەو نەتەوانەی تریش. بۆ نموونە عەڕەبەکان و لوڕەکان لە زۆر شوێنا کێشەیان هەیە، کێشەی خاکیان هەیە بەیەکەوە، کێشەی نەوتەکەیان هەیە بە یەکەوە. هەر دوو لا ئەڵێن ئەو نەوتە هی ئێمەیە. ئەم کێشە ڕەنگە کورد بتوانێ حەلیان بکات کە نەگاتە ئاستی تەقینەوە لە نێوانی ئەو دووانە. وە ئەگەر کورد بتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ ئەتوانێ پێشەنگایەتی ئەو بزووتنەوەی نەتەوە پەراوێز خراوەکان لە ئێرانا بکات و هاوکاتیش ئەمە بەرەی کوردستانیش زۆر بەهێزتر ئەکاتەوە.
قازی: مەسەلەیەک هەیە لێرە دا ئەویش ئەوەیە کە وەک دەزانین زۆر فارس ئەوە ڕەد دەکەنەوە کە بڵێن قەومێک یا نەتەوەیەک هەبێ بە نێوی فارس و دیارە ئەوەش لەو چوارچێوەیە دا دەڵێن لەو قالبەی دەوڵەت – نەتەوە دا کە دیارە شتێکی ئێرانی نییە لە دەرەوە ڕا هاتووە لەوێ دامەزراوە. دەزانین لە هێندێک وڵاتانی ئوڕووپایی کە دەوڵەت نەتەوە دروست بوو، مومکینە لە چەندین ئێتنی یان نەتەوە نەتەوەیەک دروست بووبێ کە زۆر جار نێوی ئێتنییەکی تایبەتی لەسەر نییە. و لە ئوڕووپا نموونەی وا زۆرە. لە ئێران ئەوە نەبووە بەڵام چونکوو هەڵگری ئەو داوخوازی دەوڵەت نەتەوە زمانی فارسی بووە، زۆر جار باسی ئەوە دەکرێ دەڵێن دەوڵەتی فارس، لە حالێک دا چەمکەکە هەرچەند کرچ و کاڵیش بێ کۆنسێپتێکی ئێرانییە. یانی ئەگەر چل و نیوچڵیش بێ ئەوانەی کە خۆیان بە ئێرانی دەزانن دە ڕاستیدا لە سەرەتای رێژیمی ڕەزا شا را ئەگەر تەماشا بکەی زوربەی ئەو مونەویر و ڕووناکبیرانەی کە بە فارسی بانگی دەوڵەتی ئێرانیان بەرز کردووەتەوە فارس نەبوون و تەنانەت لەوانەیە بە فارسی قسە کردنیشیان بۆ دژوار بووبێ. یانی ئەو هوویەتانەی کە هەن لە ڕاستیدا لە بەرانبەر ناسێنەی ئێرانیدا هەن. بۆ نموونە ئەو بەشەی کورد کە لە ئێرانە، بوونەکەی لە موقابیل هووییەتی ئێرانی دایە نەک هووییەتی فارسی وایە یان نا؟
حەسەنپوور: تەقریبەن ئێستا ئین هەمان بوون، یانی هووییەتی فارسی و هووییەتی ئێرانی ئین هەمان بوون. هەموو ئێلێمانەکانی هووییەتی ئێرانی بە جۆرێک لە جۆرەکان فارسییە. ئەوەی کە ئەوان ئەڵێن ئێمە قەوم نین، ئێمە میللەت نین، ئێمە ئێرانین ئێمە بێ شکڵ کردنەی خۆیان ئەمە هەر هەنگاوێکە، یا هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە هێژێمۆنی خۆیان بەسەر باقییەکەدا بهێڵنەوە و هەوڵ بدەن با بڵێین ئەو گەورە گێڕانەوەیە کە دروستیان کردووە لە ئێرانی مێژوویی، دەوڵەتی کۆنی ئێران ئەمە هەر بپارێزن و نەهێڵن لە ناو بچێت.
قازی: زۆر باشە کاتمان زۆر نییە بۆ ئەوەی بگەینە ئەو بابەتەی دیکەش، ئەو هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چۆن دەتوانێ پێوەندی و هاوکاری خۆی لەگەڵ هێزەکانی ناوەند بەهێزتر و پتەوتر بکا، دوایە دەگەینە ئەو کۆنگرەی " آزادی برای ایران" کە هێزە کوردەکانیش تێیدا بەشدار بوون، نەک وەکوو هاوپەیمانی بەڵکوو هەر هێزەی بۆخۆی و چەند ڕووناکبیریش بەشدار بوون. پێت وا هەیە ئەوە بتوانێ زەمینەسازی ئەوە بێ لە دۆخێکی دیکە دا، لە ئەگەری ئاڵۆگۆڕێکی کە دێتە کایەوە لە چوارچێوەی کۆمەڵی ئێران دا بتوانێ ڕێگا بکاتەوە بۆ ئەوەی مەرکەزیش لایەک بکاتەوە لە نەتەوەکانی غەیری سەردەست؟
حەسەنپوور: هەر ئەگەر لە کۆتایی پرسیارەکەی ئێوەوە دەست پێ بکەین ئەو لا کردنەوە ئەگەر ئێمە زێهنییەتەکە لەسەر بنەمای لاکردنەوەی ئەوان دا بنێین بێگومان قەت لا ناکەنەوە. سەردەست بوون و بندەست بوون پێگە بە مرۆڤەکان ئەبەخشێ و ئەم پێگە بە هەست و ناهوشیاری ئینسانا ڕۆ ئەچێت، ئینسان چ وەک تاک،وەک کۆمەڵگا، چ وەک کۆ. ئەم  مرۆڤە کە لەم پێگەیە دا ئەوەستێت دواجار پێگەکە ئەبێت بە بەشێک لە وجوودی، لە جەوهەری. جەوهەر دیارە مەبەستم ئەو شتە ئێسێنسیالیستییە نییە کە ئاپریۆری و پێشوەختە بێ بەڵکوو جەوهەر لەناو مێژووا دروست ئەبێت و ئەکرێ بشگۆڕێت. بەڵام دواجار ناتوانێ، بەسەختی ئەتوانێ واز لەم پێگەیەی خۆی بێنێت. بۆیە زۆر جار پێی وایە، هەر ئێستا تڕامپ تویتێکی کردووە، کۆمەڵێک قسەی کردووە کە گوتوویە ئەمن چەکم ناردووە بۆ کوردەکان و ئەوان نەیان داوە بە خۆپیشاندەران ئەسڵەن قسەیەکە هیچ بنەمایەکی ناتوانێ بێ، یانی لە عەرزی واقیعا ناتوانی تەرجومەی کەیتەوە.
ئەوە یەک دونیا کوردۆ فۆبیا دەستی پێکردووەتەوە خەریکن جنێو ئەدەن وەکوو ئەوە سەیری ئێمە ئەکەن کە ئەنەهوو  کورد وەزیفەی ئەمە بووە چەک بێنێت و بیبا و لە تارانا ببێ بە حەماڵی وان و بڵاوی بکاتەوە.
قازی: ئەوە لایەنێکی تایبەتی ئێرانییەکانن، هەموویان وا نین.
حەسەنپوور:  ئەمە تەنها نموونەیەکە بەڵام ئێمە لە هەموو ئاستەکانی تر ئەم شتەمان تا ڕادەیەک ئەزموون کردووە کاتێک کە بەر فارسێک ئەکەوین ڕێک وەکوو پێوەندی نێوان ژن و پیاوێک وایە. وەکوو چۆن پیاو زۆر جار ئامادە نییە دان بنێ بە بە مافی ژنێکا و ئەگەر ژنێک زۆر لە سەر مافی بڕوا پێی ئەڵێ کاکە ئیتر زۆر ڕوودار بووە، ئەوانیش زۆرجار ئاوا بە ئێمە ئەڵێن. ئەو شتە زۆربەی هەرە زۆری ئێمە، نەوەی ئێمە لانی کەم بەر ئەم شتە کەوتووین و ئەزانین کە چۆن ئەوان لە پێگەی سەردەستەوە ئەم کارە ئەکەن. بۆیە یانی واقیع بین بین، گرینگترین کار کە ئێمە ئەتوانین بیکەین، لە ئێمە گرینگترین شت کە ئەتوانێت ئەم ڕەوتی سەردەست و بندەستە تێک بدا دروستکردنی هاوسەنگی هێزە. ئەم هاوسەنگی هێزە ڕووبەری زۆر زۆری هەیە لە ڕووبەری با بڵێین زمانی و بەرهەمهێنانی کتێب و نووسراوەوە بگرە یانی ڕووبەری کولتووری و فکرییەکەیەوە بگرە هەتا کوو ڕووبەری ئابووری و تەنانەت ڕووبەری سەربازی و هەموو شتێکی تریش. هەموو ئەو شتانەی کە ژیانی مرۆڤ دروست دەکات ئەبێ هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی هێز تا ڕادەیەک دروست بکەین و ئەم هاوسەنگییەی کە ئێستا هەیە، ئەم ناتەوازوونییەی کە ئێستا هەیە  تا ڕادەیەک تێکی بدەین. بۆیە تەنها ئەوە نییە کە بڵێین لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە ئەکرێ ئەمشتە دروست بکرێ بەڵام بەو مەعنییە نییە کە دیالۆگ بێ سوودە. هەر ئەم ساڵانە بە هۆی دیالۆگەوە ئەو نیوە هاوسەنگییەکی پچووک لە ناو میدیا دا دروست بووە، هاوسەنگیش نییە،  نیوە هاوسەنگییەکە، تا ڕادەیەک ئێمە لەو بندەستییە دەرهاتووین میدیا و سۆشیاڵ میدیا و ئەمانە  دەست خەڵکی پەراوێز کەوتەش کەوتووە، تا ڕادەیەک وەزعەکە گۆڕاوە.

قازی: زۆر باشە ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەی بە ناوی " کنگرە برای آزادی ایران " کرا دیارە پێشتر کاری بۆ کراوە، دیارە ئەمن شتەکانی پشتەوەی ناتوانم بخوێنمەوە بەڵام بە گوێرەی ئەوەی کە هەموو پانێلەکانم تەماشا کرد لە میدیا دا بۆم دەرکەوت کە عەڕەبەکان قورساییەکی تایبەتییان هەبوو لەو کۆبوونەوەیە دا و ئەوجار شتێکی کە بۆ من چاوڕاکێش بوو وەکوو چاودێڕێک ئەوە بوو کە هیچ عەکسولعەمەلێکت نەدەدی وەختێک کەسانی نا فارس زۆر بە ڕاشکاوی داوای خۆیان دەهێنا گۆڕێ، هەر وەها کوردەکان و بەتایبەتیش قسەکانی بەڕێز ئاودانان کە بە بۆچوونی من زۆر زۆر ڕێکوپێک بوو و بەشێوەیەکی وابوو کە لە فۆرومێکی ئاوا دا پەژاکی دەناساند بە ئێرانییەکان. بەڕێزت چۆنی هەڵدەسەنگێنێ، دیارە هەم لە لایەن پادشایی خوازەکان و هەم لە لایەن خەڵکی دیکەش کە ئیحتیمالەن  بانگ نەکرابوون یان بە هۆی دی ئەو کۆنگرەیە هێندێک خراوەتە ژێر پرسیار کە ئەوە فاینانسەکەی کێ دەیدا و لەو جۆرە قسانە. بەڵام بە گشتی پێت وا نییە کە ئەو دەستپێشخەرییە کارێکی پۆزیتیڤ و باش بوو؟
حەسەنپوور: بێگومان،رەنگە وەک جەنابتان وتتان ئێمە زانیاری تەواومان لەبەر دەست نەبێ کە بتوانین پشتەوەی شتەکە بخوێنینەوە بەڵام من بۆخۆم چەند جارێک لە چەند کۆبوونەوەیەکا لێرە لە ئوڕووپا بەشداریم کردووە کە  بەشێک لەو کەسانە بەڕێوەیان ئەبرد کە ئێستا ئەم فۆرومە یان ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانیان بەڕێوە بردووە. کەسانی وەکوو ڕەزای عەلیجانی و ئەوانە سالانێکە دەستیان کردووە بە هەوڵێک بۆ ئەوەی ئەوها کارێک ئەنجام بدەن و زیاترین خەڵک لەدەوری یەک کۆبکەنەوە.
بەشێک لەمە قەناعەتێکە کە لای ئەوان دروست بووە، قەناعەتێک کە ناتوانن کەس ئیگنۆر کەن، ناتوانن کەس پشت گوێ بخەن. تازە ئیتر ئەو دنیا نەماوە کە بتوانی بە تاکە هێزێک یا بە تاکە نەتەوەیەک، چووزانم تاکە خەڵکێک، تاکە ڕەوتێکی فکری هەموو شتێک ئاڕاستە بکەیت و بیبەتە پێشەوە و دواجار هەموو کارەکانیش ئەنجام بدەی. مەجمووعەیەک کە ئەم کۆنگرەی " آزادی برای ایران" یان بەڕێوە برد بەم قەناعەتە گەیشتوون و ئەمە قەناعەتێکی زۆر زۆر باشە یانی ئینسان ئەتوانێ پێشوازی لەمە بکا. مەجمووعەیەکی تریان لە ڕاستییا ئەو کەسانە بوون کە پێشتر زۆر نزیک بوون لە ڕەزا پەهلەوی بەڵام لەوێ خواردیان بە بونبەست، ئێستا لە نەتیجەی ئەو وەزعەی کە لەوێ حاکمە خواردیان بە بونبەست یا دەر کران ئەو کەسانەی کە جەوانترن و گەنجترن و با بڵێین زیاتر ئینسانی توندن ئەمانیان دەرکرد کەسانی وەک شەهریار ئاهی و ئەوان دەر کران. بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەیانەوێت هاوسەنگییەک لە نێوان ئەوان و خەڵکی تریشا دروست بکەن، ئەو ئەنگیزە و پاڵنەرەشیان هەیە. بەدەر لەوەی کە ئێمە ئەنگیزەکان بخوێنینەوە کە هۆکاری ئەوە چییە ئەم کارەیان کردووە، خودی کارەکە بێگومان کارێکی پۆزێتیڤە و خۆزگە کەم و کەسرییەکانی چارەسەر ئەبوو، لەباتی ئەوەی تەنیا ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ بێت هەنگاوێکی کرداریش بگرنە بەر بۆ ئەوەی کە هەر بە هەمان شێوە لەوێ کاتیان دانا و کاتیان دا بە خەڵکی تر کە قسە بکات کە تا ئێستا بە دەگمەن بوو کە زۆرێک لەوانە حازر بن گوێگرن بۆ قسەی عەڕەبێک، بۆ قسەی کوردێک، بۆ قسەی تورکێک بۆ قسەی ئەمانە گوێ بگرن، چوارچێوەیەکیشیان دروست بکردایە کە هەموو ئەم کەسانە بیان توانیایە هاوسان و بەرابەر نوێنەرایەتییان هەبێ لەوەدا. ئەگەر ئەم هەوڵانە بەو ئاڕاستەیە دا بڕوا و بگاتە ئەو شوێنە کە هەنگاوی کرداری و ڕێکخراو بوونی لێ بکەوێتەوە بێگومان ئەتوانێ کاریگەری زۆر زۆر باشتریشی هەبێت لە داهاتووا.

قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز حەسەنپوور بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، زۆر سپاس.
حەسەنپوور: زۆرسپاس بۆ ئێوەش.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی دووشەمە ٦-ی نیسانی ٢٠٢٦ سەعات ٧ بەکاتی ناوەندیی ئوڕووپا بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە لە مەکۆی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/8MkumdToq6A?si=ITzsNLCivk3t5I5E













 

Tuesday, March 31, 2026

پەیامی بەڕێز ڕیوار ئاودانان بۆ ' کنگرە آزادی ایران' یەکشەمە ٢٩-ی مارسی ٢٠٢٦



بەشداری نوێنەری پەژاک سەرهێل لە پانێلی " ئێرانی بێ دووچاوکی، بەشداری و یەکتری زیاد کردن
دەسەڵات لە چەشناوچەشنی دایە
کۆنگرەی ئازادیی ئێران، ڕۆژی دووەم، ٢٩-ی مارسی ٢٠٢٦
دوکتور ئارام حیسامی لە ئەندامانی کۆمیتەی کۆئۆردیناسیۆنی کۆنگرە: ئێستا ئاخرین وتاری ئەم بەشە
ڕیوار ئاودانان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی و وتەبێژی پارتیی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)

بە سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسانەی بۆ جوانی لە خەبات و بەرخوەدان لە پێناو ئازادی، دێمۆکڕاسی و بەرابەریدا گەڕاون و بە ڕەنج و خوێنی خۆیان ڕێگایەکی هەرمانیان بەرەو داهاتوویەکی ڕووناک نەخش کردووە.
ئێران لە سەروبەندێکی هەرە ئاڵۆز و یەکێک لە چارەنووس سازترین دەمە مێژووییەکاندا بەسەر دەبا. شەڕی هەموو لایەنە لە لایەکەوە و ئیرادەی مەزنی مەردم بۆ گۆڕێنێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەکی دیکەوە فەزایەکی هەرە ئالۆز و پڕ لە ترس و هیوای ئافراندووە.
ئەوەی کە ئێستا چ کەردەن و داهاتووی سیاسی ئەو سەرزەوییە چی لێ دێتەوە؟ پرسیاری زۆر گرینگ و شایانی سەرنجدانن. دەبێ بێ ئەوەی مرۆ بکەوێتە ئەو قالبە زەینییانەی کە هەن  و ئەو قالبە لاساییانە، لێگەڕانە بۆ پرسیاری ئاوا وڵامی دروست و چارەساز بدۆزینەوە.
ئێمە پارتیی ژیانی ئازادیی کوردستان (پەژاک) باوەڕمان وایە کە ئەنتگڕاسیۆنی دێمۆکڕاتیک لە نێوان هەموو سازمانەکان و ئەو کەسایەتییانەی کە خۆیان لە ئاست داهاتووی وڵاتەکەیان بە بەرپرس دەزانن، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بە سڵامەت لەو گەوە بە مەترسییەی مێژوویی تێپەڕن زۆر بە نرخە و ئەوپەڕی گرینگە. هەبوونی ڕوانگەیەکی کراوە،چەشناوچەشنی خواز، ڕەخنەگرانە و ڕەخنە وەرگرانە لەو ڕێبازە دا یارمەتیدەرمان دەبێ. ئەگەرچی ئێستا تێپەڕین لە جمهووری ئیسلامی وەکوو ئەسڵیترین کێشە لە بەردەم ئازادیی خەڵکی ئێرانە، بەڵام بەقەد ئەو بابەتەش نەخش کردنی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەورانی دوای جمهووری ئیسلامی هەتا بڵێی پێویستە. ئەوە هەنگاوەکانی هەنووکەی ئێمە هەوێنی فەردا و داهاتووی ئێمەن.
بۆیە ئەو جەرەیانانەی کە بە پێداگرییەوە هەوڵ دەدەن هەموو کێشەکانی بسپێرن بە سبەینێی دوای جمهووری ئیسلامی ناتوانن ڕوانگەیەکی پۆزیتیڤ لەمەڕ ئێرانێکی چەشناوچەشن خواز و دێمۆکڕاتیک بنەخشێنن. هەر چەند ناکرێ هەموو کێشەکان بە جارێک و هەنووکە چارەسەر بکرین بەڵام بەلانی کەمەوە دەبێ بیر لە پڕێنسیپ و پێوانەی هاوبەش بۆ چارەسەر کردنی کێشە ڕێشەدار وجیدییەکانی وڵات بکرێتەوە و هێندێک لانی کەم دیاری بکرێن بۆ ئەوەی بکرێ لە سەر بناغەی ئەوان مرۆ بگاتە پێکهاتنێکی گشتی و چەشناوچەشنی خوازانە بۆ گەیشتن بە هەنگاونانەوەی هاوبەش. لەو ڕێبازە دا دەبێ خۆمان بپارێزین لە پێش داوەری، هەڵسوکەوتی دووچاوکی لەگەڵ کردن و ئەو شەقڵانەی کە لە داوخوازەکانی ڕەوتە جۆرەبەجۆرە سیاسییەکان دەدرێ، بۆ ئەوەی بتوانین لە فەزایەکی سالم، دەنگ و بیری یەکتری بە باشی ببیستین و ئەو خاڵانەی تێیاندا هاوبەشین بدۆزینەوە.
ئێمە ناسێنە جۆر بەجۆرەکانی دانیشتووی ئێران دەبێ لە دید، ڕەنج و داوخوازەکانی یەکتر تێ بگەین. ئەو تابڵۆیەی کە پەرگالی بێ بەزەیی دەوڵەت- نەتەوە بەدژی چەشناوچەشنە ناسێنەییەکانی ئێران نەخشاندوویە دەبێ وەلا بنرێ. چونکە تابڵۆیەکی ئەوتۆ قەت نیشاندەری ڕاستی نەبووە و نییە.
ئەزموونی سەد ساڵەی دەوڵەت نەتەوە لە ئێران و خەبانی هێزەکانی دژ و بەرهەڵستکاری نیشانی داوە کە  نە ناوەندێتیی دەتوانێ کێشەکانی ئێمە چارەسەر بکا و نە لە ناوەند خۆ دزینەوە. ناوەند دەبێ شوێنێک بێ بۆ بەشداریی هەموان و بڕیاردان سەبارەت بە کێشە کەڵانەکانی وڵات. نەک ئەوەی ببێتە مەکۆیەک بۆ کۆ کردنەوەی هێز. ناوچەکانیش دەبێ بە خۆ بەڕێوەبەریی خۆیان لە مەیدانی سیاسەت دا بێ پسانەوە و چالاکانە ئامادە بن و بتوانن بە پێی ناسێنە و داوخوازە ڕەواکانی خۆیان بڕیار بدەن و چالاکیان هەبێ.
لەو چوارچێوەیە دا بە بیروڕای پەژاک پەرگالی کۆماری دێمۆکڕاتیک دەتوانێ بژارێکی بەدڵ بۆ سەردەمای دوای جمهووری ئیسلامی بێ. ئەگەرچی ئێمە ئامادەین بۆ گەنگەشە و گفتوگۆ سەبارەت بە هەر پەرگالێکی دێمۆکڕاتیکی دیکە وەکوو پەرگالی فێدێڕال – دێمۆکڕاتیکیش. ئەوەی کە لە داهاتوو دا چ جۆرە پەرگالێکی سیاسی دابمەزرێ پێویستی بە گەنگەشە و گفتوگۆی ڕووناکە و ئەوە بەستراوەتەوە بە کراوە بوونیی فکریی هەموو لایەنەکان. دەبێ هێنانە گۆڕی هیچ بابەتێک بە بڤە، تابوو دانەندرێ و بە گەنگەشە و هەڵسەنگاندنی ئازادانەی هەموو پێشنیارەکان،  بیروڕاکان و بژارەکان دەرەتانی ئەوەیان هەبێ کە پێکهاتنێکی گشتی دێمۆکڕاتیکیان لەسەر بکرێ.
نوختەیەکی دیکە ئەوەیە کە بەبێ ئازادیی ژنان دێمۆکڕاسی تەنێ گاڵتەیەکی زمانییە. تا ئەو کاتەی کە ژنان نەبن بە خاوەنی لەش و ڕەوان و هزر و ڤیانی خۆیان و بە شێوەی هەرە ئازاد لەهەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداریی چالاکانە نەکەن هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێ. ئەگەر ئێرانی گنخاو و سەرەڕۆیانە هەمیشە لە ژێر کەڵەوەی، پیاومەزنی و بابمەزنی هەڵسوکەوتیی قەیومیانە بووە، بەڵام ئێرانی ئازاد و دێمۆکڕاتیک لێبڕاوانە بە هزری ژنان، ڤیان و بەشداری ژنانی ئەو سەرزەوینە دەمەیێ. شۆڕشی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی ئیسپاتێکی ڕۆشنە لەمەڕ ئەو حەقیقەتە.
بە باوەڕی ئێمە ئەزموونی دەوڵەتی مۆدێڕن لەو سەدەیەی دوایی ئێراندا نیشانی داوە کە ئەندازیاریی بەزەبروزەنگی کۆمەڵایەتی، وەلانان، فت کردن و سەرکوتکردنی ناسێنەکان و داسەپاندنی یەک زمان، یەک کولتوور، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا ویەک مەزهەب نەک ئەوەی چەسپێکی کاریگەر نییە بۆ بەیەکەوە بەستنی ناسێنە جۆر بەجۆرەکان و نابێتە هۆی ئەنتگڕاسیۆن بەڵکوو ئاکامێکی نییە جگە لەیەک هەڵپچڕان و قەڵشتی لە زێدە نەبێ.
پێداویستییەکی زۆر هەیە بە بەڕۆژکردنی پێوەندییە مێژووییەکان لەنێوان ناسێنەکان و ئێتنیکەکانی دانیشتووی ئێران دا. وشەی کلیلی ئەم کارە ئەنتگڕاسیۆن یان هاوپێوەندیی دێمۆکڕاتیکە. ئێران دەبێ ببێتە ماڵێکی هاوبەش و باوەشێکی کراوە و وەرگر بێ بۆ هەموو دانیشتووەکانی. ئێمە ئەو باوەشە ئاواڵە و وەرگرە بە ئەنتگڕاسیۆن یان هاوپێوەندیی دێمۆکڕاتیک ناوزەد دەکەین. بێتوو هاوپێوەندیی دێمۆکڕاتیک ساز بکرێ هەموو ناسێنەکان و کۆمەڵگەکانی ئێران بە ڕەزایەتی خاتری خۆیان و بە ئیرادەی ئازادی خۆیان پەیوەست دەبن بە کۆماری دێمۆکڕاتێک یان هەر مۆدێلێکی دێمۆکڕاتیکی سیاسی دیکە کە هەموو شارومەندان و کۆمەڵگە نەتەوەییەکانی ئێران لەسەری پێک بێن.
لە ڕوانگەی ئێمەوە پەژاک دیاریکردنی ستاتوسێکی سیاسی کۆنکرێت بۆ میللەتی کورد لە پەرگالی سیاسی و حقووقی ئێرانی داهاتوو دا یەکێک لە گرینگترین نێشاندەرەکانی دێمۆکڕاسی دەبێ. شێوازی بۆچوون بۆ ئەو بابەتە دەبێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە لە سەردەمی دوای جمهووری ئیسلامی دا تا چەند لە سەرەڕۆیی مێژوویی و زۆرداریی ناسێنەیی کە لە پەرگالی حوکمڕانی سیاسی ئێران دا نیهادینە بووە، تێپەڕیوین.
لە کۆماری دێمۆکڕاتیکی ئێراندا کە زەمینەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک و ماف بۆ هەموو ئێتنیکەکان هەبێ هیچ پێویستی بە چەک و پێک هەڵپڕژان نابێ. ئێمە وەک پەژاک هەر ئەوەندەی کە خۆمان لە ئاست داهاتووی سیاسی کوردستان بە بەرپرس دەزانین، هەر ئاواش دەمانەوێ ئامادەیی خۆمان بۆ شكڵ پەیداکردنی ئێڕانی نوێ و دێمۆکڕاتیک ڕابگەیێنین.
لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو کەسایەتییانە دەکەین کە بۆ ئەو گرفتەی کە لەمەڕ بەشداری پەژاک لە کۆنگرەی ئازادی ئێران دا پێک هات هەڵوێستی بوێرانە و دێمۆکڕاتیکیان لە خۆیانەوە نیشان دا و تەنانەت ژمارەیەک لەو کەسایەتییە هێژایانە خۆیان کێشایەوە لەبەشداری لەم کۆنگرەیە دا. کاردانەوەی ئەو خۆشەویستانە سەلماندی سەرەڕای ئەو میراتە قێزەوەنەی کە بە درێژایی سەدەیان مۆنۆپۆلیزم و سەرەڕۆیی مۆری خۆی لە فەزای سیاسی ئێران داوە بەڵام ویژدانە وشیارەکان،ڕامانە ئازادەکان و ڤیانە سەربەخۆکان هەرئاوا لە مەیدانی ژیاندا ئامادەن و هەر ئەوە پشتیوانییەکی مەزنە کە درێژە بدەین بە خەباتی خۆمان تا گەیشتن بە ئازادی و سەرکەوتن.
هەر بژی خەباتی دێمۆکڕاتیکی مەردمی ئێران
ژن، ژیان، ئازادی

چەپڵەی گەرمی بەشداران
تێبینی: ئەم وتارە لە فارسییەوە وەرگێڕدراوە                

Thursday, February 19, 2026

راپه رینی جوتیاریی سالی ١٣٣١ به ریوایه تی "حه مه ده مین شه شه"

راپه رینی جوتیاریی سالی ١٣٣١ به ریوایه تی "حه مه ده مین شه شه"

بو ماوه ی ٦ مانگ ئاغا ده سه لاتیان نەما بوو

پێشەکی: حەوتوونامەی پەیامی کوردستان کە یەکەم ژومارەی لە 20 ی رەشەمەی ساڵی 1383 لە مەھاباد ھاتە وەشان، یەکێك لە چاپەمەنیەکانی بەرھەمی کرانەوەی کەش و ھەوای سیاسی سەردەمی رێفۆڕمخوازی(2ی جۆزەردان) لە وڵات بوو . ئەو بڵاوکراوەیە ھەرچەند تەمەنێکی زۆر کورتی ھەبوو و زۆر بەدرەنگەوەش ھاتە رۆژەڤەوە بەڵام توانی سرنجی ھۆگرانی رۆژنامەوانی و خوێنەران بۆ لای خۆرابکێشێ و ببێتە خودان پلە و پایەیەکی شیاوی رێز لە پۆلێنی ژۆڕنالیسمی کورد دا. پەیامی کوردستان یەکێك لە لاپەڕەکانی تەرخان کردبوو بۆ ژانری مێژووی زارەکی . مێژووی زارەکی بە زانستی مێژوو نووسی سەردەم پشت ئەستوورە و ئامانجی گێڕانەوەی راستەوخۆی مێژوو لە زمان دەورگێڕانەوەیە . ھەروەك ئەو دیمانەیەی بەردەستتان . مێژووی ھاوچەرخی کورد پڕە لە کارێکتێرگەلێك کە لەگەڵ ئەوەی خاوەن خامە نین بەڵام خاوەن دەوری شیاوی نووسینەوەن ، خاوەنی ئەزموونی شیاوی راگوێزتنن . خاوەنی بیرەوەریگەلێکن کە تیشك دەخاتە سەر مێژوو، بەچاو روونی دەدا و سەرچاوە ساز دەکا . ئەو بەشە لە مێژووی ئێمە خاوەنی ھێندێك تایبەتمەندیە کە شێوازی مێژووی زارەکی دەتوانێ لە نووسینەوەی دا زۆر بەکەلک بێ . ھەر بۆیە وێڕای ئەوەی ئەو شێوازە مێژوو نووسیە لە کوردستان بێ ڕابردوو بوو بەڵام زۆر بە زوویی توانی جێگایەکی تایبەتی لە لای خوێنەرانی حەوتوونامەی پەیامی کوردستان بۆخۆی بکاتەوە . یەکێك لەو کەسایەتیانەی لە یەکەم ھەنگاو و یەکەم ژومارە دا کەوتە بەر سەرنجی بەڕێوەبەرانی پەیامی کوردستان حەمەدەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە حەمەدەمین شەشە بوو . دەکرێ بڵیێن حەمەدەمین شەشە یەکێك لە بەرچاوترین کەسایەتیە زارەکییەکانی (شفاھی) دەوەری موکریانە کە رۆڵێکی شیاوی نووسینەوەی دە رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی سەردەم دا ھەبووە . وتە سیاسیە تەنز ئامێزەکانی ئەو بەڕێز رەفرنسی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و لێدوان دا . ئەو لە زۆر بڕگەی دروشاوە مێژووی ناوچە دا دەوری گێڕاوە ، کە دەتوانین ئاماژە بە شۆرشی جوتیارانی چۆمی مەجیدخان و شاماتی مەھاباد و ڕاپەڕینی چەکدارانەی 46-47 لە دژی نیزامی پاشایەتی بکەین . ئەو وتوێژەی بەردەستان رەوایەتی کاك حەمەدەمین لە راپەڕینی جوتیارانی چۆمی مەجیدخان و شاماتە ، کە بە شوێن بڵاو بوونەوەی بیرەوەریەکەی مەلا محەممەد بەرزەنجی دا پێویستی دووبارە بڵاو بوونەوەی ھەست پێکرا .

روانگە وەبیرھێنانەوەی مێژووی ئەو ژیارە بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە و بە روانگەی پلۆڕاڵەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێ و ئامادەی بڵاو کردنەوەی را و روانگەی ھەموو لایەکە . ئەوەی تا ئێرە ھاتووە دوو رەوایەتن لە رووداوێك، تۆش دەتوانی لە ڕێگای ماڵپەڕی روانگەوە رەوایەتی خۆت بۆ ھەموان بگێڕێوە .

ماڵپەڕی داخراوی ڕوانگە کە لە مەهاباد ئامادە دەکرا

حەوتوونامەی پەیامی کوردستان لە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٨٣ هەتاوی / ١٠ مارسی ٢٠٠٥

لە راپەڕینی چینایەتیەوە تا خەباتی نەتەوایەتی

سەرەتا کاک حەمەدەمین باشتر خۆت بناسێنە و چەند لاپەڕەیەک لە ژیانی سیاسیتمان بۆ بگێڕەوە.

* ئەمن محەممەدئەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە حەمەدەمین شەشە، کوڕی پیاوێکی فەقیری بە ئیستیلاحی ئەودەمی ڕەشایی و قەرەم. ساڵی 1308 لە سندووس لە دایک بووم و دوایە هاتینە دێی حاجی حەسەن، کە هاتینە ئەوێ 15 ساڵانە دەبووم. هەتا ساڵی دیمۆکراتی کە قازی دەسەڵاتدار بوو، ئەمنیش هەر وا کاری جووتیاری و کرێکاریم دەکرد و شتێکم نەدەزانی و هەستم بە مەسەلەی میللی و کوردایەتی نەدەکرد. هەتا مەسەلەی قازی محەممەد و جەمهوورێکەی هاتە گۆڕێ. دوای ئەوە هەستمان بەوە دەکرد کە ئینسان دەبێ بۆ خۆی هەبێ و هەر میللەتێک دەبێ کار و باری خۆی بە دەستی خۆی بێ. ئەوانەی دەمیان لە سیاسەت وەردەدا، باسی ئەو جۆرە شتانەیان دەکرد. ئەوانەم گوێ لێدەبوو و زۆریشم پێ‌خۆش بوون! بەڵام خۆ مالک نەیاندەهێشت هیچ کەس بچێ یان بەحسێکی وا بکا و بزانێ. ئەگەر کەسێک ببا بە پێشمەرگەی قازی محەممەد، دەبوو ئیجازەی لە ئاغا وەرگرتبا، مەگەر خەڵکی شار با یان ئەوەی کە سەڵت بوایە وێرابای بچێتە نێو ڕیزی پێشمەرگەی قازی محەممەد، دەنا خەڵکی دێهاتی هیچ‌ کەس نەیدەتوانی ئیزهاری وجوود بکا و بڵێ ئەمن هەم و قازی چۆنە و چۆن نییە. هەتا قازی و کۆمار تەواو بوو، ئێمە هەر لەو شێوەیەدا بووین. نزیک ساڵی بیست و هەشت و ئەوانە بوو، جەوانەکان زۆر موتەئەسیفی ئەوە بووین کە حکوومەتێکی کوردی لەبەین چووە. تەمەنم بیست دەبوو، ڕۆژێک ڕەفیقێک بە نێوی قادر خەڵکی خێرئاوایە هات و پێی گوتم: دەڵێن مەلا بابەوەیسی تازەکەندی لەگەڵ سوڵتان ئاغای شێخ‌ئاغایی و چەند کەسی تر حیزبیان داناوە. گوتم با بچین. چووینە ماڵە مەلا باباوەیسی بابی ئەو مەلا جەسیمەی کە ئێستا لە داشبەندە. بڕێکی قسە لەگەڵ کردین و ناردینی بۆلای سوڵتانی شێخ‌ئاغایی و زۆر بە گەرمی وەریگرتین و زۆری پێ‌خۆش بوو. ئەوەڵیش بوو، موباریزە خۆش بوو... و ڕاپەڕینەکە خەڵکیی بوو. بەرامبەر بە زوڵم. زوڵمەکەش ئاشکرا بوو. وەک ئەگەر تۆ کابرایەک تاڵانت بکا یەکێك بێ و بڵێ وەرە بۆت بستێنمەوە .لەلای سوڵتان ئاغا داخیلی حیزب بووین . ئەوە کۆمیتەی مەحەللی بوو ، کۆمیتەی مەرکەزی لە مەھاباد بوو کە ئەو لەگەڵ تاران تەرەف بوو . لە کۆمیتەی مەحەللی دا سوڵتان و عەوڵا شێخ‌ئاغایی و حەسەنی میرخزری و ئەسەدی کاک ئاغازادە و سەید حەمەدەمین تووتاخاجی و مەلا ڕەحمانی پیرەبابی و... ئەندام بوون.

     سوڵتان ئاغای شێخ ئاغایی ( سوڵتانی حاجی باغر)

کومیتەی تاران سەر بە حیزبی توودە بوو؟

* بەڵێ.

ئێوە بە نێوی حیزبی دێموکرات کارتان دەکرد یا توودە؟

* ئێمە هەر بە نێوی توودە بووین و دیمۆکرات لە گۆڕێ‌دا نەبوو. لەگەڵ سوڵتان ئاغا دەستمان بەکار کرد پێیان گوتین: ئەوەی بکەن و ئەوەی بڵێن. بە زوویی تەواوی لاوەکانی دێهاتی شاماتیمان ئامادە کرد. زۆریش بێ‌ترس بووین. ئەوکات حیزبی توودە بڕێک ئازاد بوو. ئۆرگانیشی هەبوو ئۆرگانی جەمعییەتی میللی موباریزە با ئیستعمار. نازانم بۆ ئازاد بوون، دەیانگوت: دوای ئەوەی ڕووس پشتیوانیان لە کۆماری کوردستان و ئازەربایجان قەتع کرد، شا لە بەرابەر ئەوەدا، ئازادی فەعالییەتی بە حیزبی توودە وەک ئیمتیاز بە ڕووسان داوە. جا نازانم ڕاستە یان نا. ئێمە لە ساڵی 28 تا 29 شاماتمان بە تەواوی بۆ نێو موبارزە ڕاکێشا، ساڵی 29 ‌هەڵسووڕانی ئێمە دژی ئاغایان ئاشکرا بوو. هەر دوو لا وەدەست هاتن و ڕەعییەت جوابی مالیکیان نەدەداوە و بێگاریان نەدەکرد و بە کارگەریش خەڵک کاری بۆ نەدەکردن و ئاغا ڕوویان لە شاران کرد و بڵاو بوون.

ئەوە هەر لە ناوچەی شاماتی مەهاباد بوو یا لە جێی تریش؟

* هەر لە شامات بوو، لە جێی دیکەش فەعالییەت هەبوو، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو. چوون مارف‌ ئاغای شێخ‌ئاغایی بۆخۆی ئەندام بوو و کوڕی سمایل‌ئاغای بوو و مستەفاخانیش نەمابوو، حاجی حەسەن و خێرئاوا و تازەکەند و دێی مەلاش هەر ئی مستەفاخانی بوون، مەحموودئاغاش کە چکۆڵە بوو ئەویش کرابوو بە حیزبی. کڵاوێکی چکۆڵەیان لەسەر نابوو و پشتیوانی لە خەڵک دەکرد. خەڵکەکە هەموو دەیانگوت ئێمە ڕەعێتی مەحموودئاغایان و جوابی ئاغای دیکە نادەینەوە.

کاک حەمەدەمین! ئەو خەباتەی ئێوە دەتانکرد زۆرتر حاڵەتی چینایەتی هەبوو (یانی بە دژی ئاغایان) یان لایەنی میللی و نەتەوایەتیشی هەبوو؟

* زۆرتر جەنبەی تەبەقاتی هەبوو ئەسڵەن بەحسی کوردایەتی نەبوو. ئیدی نازانم لە دڵی خۆیان‌دا ئەو بەعزە کەسانەی سەرانی حیزب بوون ئەوەیان بووە یان نە. وەکوو ئەوانەی کومیتەی مەرکەزی کە لە سابڵاغ بوون. ڕەحیم سوڵتانیان و غەنی بلووریان و... سوورەی خوسرەوی و ئەوانە هەموو ئەندامی کۆمیتەی مەرکەزی بوون. ئەوانیش ڕابیت بوون لەگەڵ تاران. ئەوان لقێک بوون لە حیزبی توودەی تاران کە لە کوردستان کاریان دەکرد.

بەڵام کاک حەمەدەمین وەک ئەمن لەبیرم بێ، کە لێرە و لەوێ خوێندوومەتەوە یان لە ئەندامانی کۆنی حیزبی بیستوومە لەگەڵ ئەوەی کە بە حیساب تەشکیلاتی حیزب شاخەیەک بوو، یان بڵێین بەشێک بوو لە تەشکیلاتی حیزبی توودە لە سەراسەری ئێرانێ‌دا لەنێو ئەو کادڕانەی لە کە نێو دڵی حیزبی توودەدا جێگایان کردبۆوە کەسانێک هەبوون کە هەستی نەتەوایەتێکەیان زۆر بەهێز بوو و کادڕەکانی حیزبیان هاندەدا کە وردە وردە خۆیان سازکەنەوە بۆ ئەوەی کە حیزبی دیمۆکرات لە سەڕڕا و بنەمای فکری نەتەوایەتی بێننەوە و ئەو سەر بە حیزبی توودە بوونەیان زۆرپێ ناخۆش بوو. ئەتۆ کەسێکت لەبیرە باسی شتی وای بۆ کردبێ یا بەسەردارەتی حیزبی تودە ناڕازی بێ ؟

نا کەسم نەدی لە حیزبی توودە ناڕازی بێ ، ئەوەی تۆ دەڵێی ئەگەر ئەو ھەستە ھەبوو بێ لە دڵە خۆیان بووە و بارو دۆخ ئیجابی نەدەکرد کە ئەو شتە بڵێن .

بۆ وێنە غەنی بلووریان لە بیرەوەرییەکانی‌دا دەنووسێ کە ئەمن ساڵی 26 لەگەڵ چەند کەسی دیکە حیزبی دێمۆکراتم لەسەڕڕا زیندوو کردۆتەوە. دەڵێ: ساڵی 26 لەگەڵ چەند جەوانی دیکەی خەڵکی سابڵاغ حیزبی دیمۆکراتمان زیندوو کردۆتەوە.

جگە لە حیزبی توودە هیچ حیزبێک نەبوو و هیچ کەس چی نەکردووە. مادام لە دڵی خۆیان ئەگەر ئەو هەستە بووبێ وەک عەرزت دەکەم ئیمکانی نەبوو بیڵێن!

باسی کومیتێکی دیکە دەکەن بەنێو کومیتەی کۆمۆنیستی کوردستان پێم وابێ هەر ئەو میرزا غەفووری سوڵتانیان مەسئوولی بووە. ئەوەتان بیستبوو، لە جەریانی وی‌دا هەبوون؟

* لە پێوەندی لەگەڵ کۆمۆنیسم‌دا هەر دەیانگوت حیزبی توودە بەرەو کۆمۆنیستی دەڕوا ئێستا زۆری ماوە ببێتێ! دەیانگوت: کومۆنیسم گەورەترە لەوەی کە ئەمە بتوانین تێیدا هەڵسووڕێین.

شێوەی فەعالییەتی خۆتان چۆن بوو، چتان دەکرد؟

* هەروەک لە دەسپێک‌دا ئاماژەم پێکرد چالاکییەکەمان ئەوە بوو بەدزی زوڵم و زۆری مالیکان، خەڵکمان هاندەدا. ئێمە بۆ جووتیارەکان باسی شووڕەویمان دەکرد. هەمیشە حکوومەت و حیزبی شوورەویمان دەکردە نموونە بۆ خەڵک. باسی لێنین و مارکس و شۆڕشی چین‌مان دەکرد. ئەو کەسانە چۆن بوون و چیان کردووە. هەڵبەت ئێمەش هەر ئەوانەمان دەبیست. ئەوانەی ڕێنوێنی ئێمە بوون هەر ئەوەمان وەپێش دەکەوتن.

کاک حەمەدەمین! شێوەی تەشکیلات سازکردنەکەتان چۆن بوو! دەستەکانتان چۆناوچۆن بوو و چۆنتان سازماندەهی دەکردن؟

* ئەمن نازانم لە شاری مەهاباد و لە شارەکانی دیکەدا چۆن بووە، ئەمن لە دێهات کارم دەکرد. لە کادرێک لە ناوچەکانی شامات و چۆمی مەجیدخان کارم دەکرد. هەتا عەمبار و مەڵڵالەری دەچووم و تەواوی چۆمی مەجیدخان دەگەڕام. نامە و شتم دەبرد و نامە و شتم دەهێناوە. ئیعلامییەم دەبرد. شەونامەمان بڵاو دەکردەوە. ئێمە شانە شانە بووین. شانەی 5 نەفەرەکەی دیکە ئیرتیباتیان پێکەوە نەبوو. یەکتریشیان نەدەناسی. یەکێک لەو پێنج کەسە سەرشانە بوو. سەرشانەکان بە دوو حەوتە جارێکی کۆ دەبوونەوە، پێنجەکانی دیکە یەکتریان نەدەناسی. لە ئەوەڵەوە پێنجەکان یەکتریان نەدەناسی. ئێمە بەو شێوەیە فەعالییەتمان دەکرد. هەڵبەت هەر لە ترسی ئاغای دەنا لە دەوڵەت نەدەترساین.

کاک حەمەدەمین کە کۆبوونەوەتان دەبوو چ کەسانێک لە شارڕا دەهاتن؟

کە کۆبوونەوەمان دەبوو، بۆ شامات یا غەنی بلووریان دەهات یان سوورەی خوسرەوی. ئەم دوانە ڕابیت بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و کومیته‌ی محه‌للی شامات. سوڵتا‌ن ئاغا له‌ کومیته‌ی مه‌رکه‌زی‌دا عوزوییه‌تی هه‌بوو ده‌چووه‌ ئه‌ویش، له‌وێڕا کامیله‌ن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیرتیباتیان هه‌بوو.

دەوری جەنابتان لە کۆبوونەوەکانیان دا چ بوو؟ ئێوە وەکوو چی بەشداریتان دەکرد؟

* ئەمن بانگ دەکرامە، جەلەسەکان. وەلی چم نەدەزانی. بۆیەشیان بانک دەکردم فێری شت بم. بۆخۆشیان بەحسیان دەکرد لەسەر مەسەلەی ڕابردوو و لەسەر مەسەلەی لێنین... موباریزەش زۆر گەرم بوو، باسی موبارەزەشیان دەکرد کە چۆن بکرێ و چۆن نەهێنی بێ و چۆن ئینسان قایم بێ و چۆن دەبێ نەدۆڕێ و ئەو شتانەشیان هەموو مەتڕەح دەکرد.

شێوەی بەربەرەکانی ئاغاوەت و موڵکدارەکان لەگەڵ ئێوە چۆن بوو؟

گوزاریشی دەوڵەتیان دەدا دەنا هیچیان پێنەدەکرا. تەنها گوزارشیان دەدا. دوو سێ جار ئەمنیان پێوە کرد. جارێکی لەگەڵ سوورەی خوسرەوی هاتبوومە سەر جادە، هەمزە خەلیل و وان، ئاغای تاڵاوێ بوون، گوزارشیان لێدابووم. سەرهەنگ خاجەنووری لە میاندواو بوو، ئەمنی بانگ کرد شەو و ڕۆژێکی لە جێگا کۆترانی کردم، پریش بوو لە جیقنە ئێوارێ خاجەنووری هات و کوتی ئەتۆ حەمەدەمین شەشەی؟! گوتم بەڵێ: گوتی: بۆ لەگەڵ سوورەی خوسرەوی چوویە سابڵاغ؟ گوتم درۆیە دەکەن. گوتی درۆیە ناکەن. ئەتۆ و سوورەی خوسرەوی پێکەوە شەوێ لە ماڵە سوڵتان ئاغای شێخ‌ئاغایی بوون. بەیانیش لەوێڕا لەگەڵی چوویە سابڵاغ. گوتم ئەمن چوومەتە سابڵاغێ بەڵام لەگەڵ سوورەی خوسرەوی نەچووم. گوتی بۆ چوویە سابڵاغ؟ گوتم گاسنم بردووە سەری بکەم! ئەمن جووتیارم، کارم هەبووە... کاری شاریم هەبووە! گوتی: ئەتۆ لەگەڵ سوورەی خوسرەوی نەچووی؟ گوتم: نا. گوتی: بڵێ هەر سێ تەڵاقم کەوێ!! سوورەی خوسرەوی ناناسم! گوتم: هەرسێک تەڵاقم کەوێ سوورەی خوسرەوی ناناسم! هاتینەوە بە مەلا حەکیمم گوت: مەلا حەکیم تەڵاقێکی وام خواردووە و لەگەڵ سوورەی خوسرەوی چوومە ئەوێ. گوتی: قەیدێ ناکا سێ چوار مست گەنم بێنە بۆ من جێ‌بەجێ دەبێ! بەڵێ ئەوە شێوەی موباریزە بوو لەگەڵ مالیکان. وردە وردە ئەوی بۆلای مالکی دەچوو، شەوێ دەچووینە سەری، لێمان دەدا یان هەڕەشەمان لێدەکرد. دەمانگوت دەبێ لەگەڵ ئاغای ئیرتیباتت قەتع بێ.

بە شێوەی چەکداریش لەگەڵ ئاغایان روبەڕوو دەبوونەوە؟

* چەکمان لەکوێ بوو! نەمانبوو، چەک لە گۆڕێ‌دا نەبوو. زەمانی چەکی نەبوو. ئاوا ڕابرد هەتا هاتینە ساڵی. لە ساڵی بە جارێکی ئاغا شکان. خەڵکی فەیزوڵڵابەگی و بەگزادەش لە ئاغایان ڕاپەڕین و لە حەسار و ئەوانە دەریانکردن و لە بۆکانێیان کردن. ئاغایانی ناوچەی بۆکان هەموو لێکەوتن و ماڵە لێتانان (ماڵە برایم لێتانی) لە عەمبارێ ماڵە عەلیاریان دەرکرد. داشبەند و وشتەپە و ناچیتیش پاشان پاک کرانەوە.

ئێوە لە جەریانی کاری ئەوان دابوون، ئەو ڕاپەڕینە لە کوێڕا دەستی پێکرد؟

* هەمووی هەر لە شامات‌ ڕا دەستی پێکرد. ئەمما لە بۆکانیش کومیتەیەک بوو ئی جەبهەی میللی بوو. حاجی قاسم بوو، عەوڵا ئێرانی بوو.

حاجی قاسم کێ بوو؟

* خەڵکی بۆکان بوو. ڕاپەڕینەکان لەوێڕا بوو. ئەو پیاوی موسەددیقی بوو. توودەیی نەبوو و لە کاری ئێمەش ڕازی نەبوو. چون ئێمە تووندرەوتر بووین لە ئەوان. تابیعی حکوومەتێ بوون، حیزبی توودە هەم دژی شا بوو، هەم دژی موسەددیق.

لەگەڵ کۆمیتەی بۆکان هاوکاریتان هەبوو؟

* هاوکاریمان هەبوو بەڵام ئێمە و حیزبی توودە زەربەمان لەوان‌ دا. جارێک لە ساڵی ... ی‌دا ئیعلامییەکیان نووسی بە دژی شا و حکوومەتی سەرۆک وەزیر و لە عەمبارێ هەتا هاتینە چۆمی مەجیدخانی شامات و شاروێران و سندووس و شنۆ و لاجان قەرار درا هەموو لە یەک شەوی‌دا لە یەک ساعەتدا بڵاو کرێتەوە. بۆخۆم یەکێک لەوانە بووم کە کەلبەڕەزاخان و سەوزی بە عۆدەی من بوو. ئەمن نەمدەزانی کێی دیکەش دەچێتە کوێ و کەسیش نەیدەزانی کە ئەمن دەچمە کوێ. ئەوەندە بە من گوترا لەم دوو دێیانە ئەوانە بڵاو کەمەوە، هیچی دی! پێشم وانەبوو لە هیچ دێیەکی دیکەش بڵاو بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر هاتمەوە لە دێی ئێمەش بڵاو کرابۆوە. ئاوا نهێنی بوو، لە یەک شەویدا لە یەک ساعەتیدا لە هەموو شوێنێ بڵاو کرایەوە، لە بۆکان ڕا هەتا دەچێتەوە خانێ و شنۆیە.

ئەو ئیعلامییە ئی کومیتەی ئێوە بوو؟

* بەڵێ ئیعلامییەی حیزبی توودە بوو.

بۆ ڕاپەڕینی وەرزێڕانی چۆمی مەجیدخان زۆرتر کومیتەی بۆکان هاندەر بوو یان حیزبی توودە؟

* هەر حیزبی توودە دەیکرد لە پەنا ئەودا جبهەی میللیش. جبهەی میللی هێندە توندڕەو نەبوو، هەر تەرەفداری لە موسەددیق دەکرد و چی دیکە نەبوو.

کە وا بوو ئەم نەخشەیە حیزبی توودە کێشابووی؟

* بەڵێ، ئەو نەخشەیە حیزبی توودە کێشابووی.

کومیتەی محەلیی بۆکان چ دەورێکی هەبوو؟

* ئەوانیش تەرەفداریان لە موسەددیقی دەکرد. جارێک موسەددیق لە نوتقێکی‌دا ئیعلانی کرد؛ سەدی بیستی (دەو دووی) بگێڕنەوە بۆ کەشاوەرز. لە سەر ئەو مەسەلەی سەدی بیستەی حاجی قاسم لەگەڵ ئاغایان تێک‌چوو. ئەویش بە دژی ئاغایان دامەزرا. ئەویش هەر بەرعەلەهی مالیک و سەرمایەدار بوو. بەڵام جبهەی میللی بوون.

ڕاپەرین لە کوێڕا دەستی پێکرد و چی بەسەر هات؟

* لە مەنتەقەی بۆکان‌ڕا، فەیزوڵڵا بەگی و ماڵە موهتەدێکان و عەلیار و ئیلخانی‌زادەکان و ئەوانە لەگەڵ ئاغایانی محاڵی هەموو کوللەن لەشکریان کرد و دەوڵەتیش تفەنگی دانێ و سەربازیشی ڕەگەڵ خستن و ماشێنیشی دانێ.

چ ساڵێک بوو؟

ساڵی 1332 بوو. لە 25/12/31ی دەستی پێکرا. ئێمە لە شامات تاڵان کراین و دەرکراین. ئاغاکان کۆ ببوونەوە ئەمن پیاویشم ناردە لایان، گوتمان ئاغاکانی خۆمان بێنەوە و وەک جاران دادەنیشین وەک برایان، بێگاریشتان بۆ دەکەین. با لەگەڵ ئەو ئاغایانە و لەگەڵ دەوڵەت ڕێک‌نەکەون و خەڵکی تاڵان نەکەن. ئاغاکانی ئێمە نەهاتنەوە. سمایل‌ئاغا و مارف‌ئاغا ڕەگەڵ ئەوان کەوتن. پیاویان ناردبوو گوتیان: حەمەدەمین! ئێمە تۆمان بۆ نەجات نادرێ. ئەتۆ دەبێ بڕۆی ئێمە ماڵەکەشت نەجات دەدەین. خەڵکی دیش نەجات دەدەین. تەسمیمیان گرتووە ئەتۆ دەبێ بکوژرێی. ئەتۆ و شەریفی برایمی و قادری ئامینێ و مەلا ڕەحمانی پیرەبابی. ئەو چوارە دەبێ بکوژرێن، ئەوەیان قەتعییە. لە بۆکان دەستیان بە کوشتار کرد. خەڵکیان دەخنکاند، بە ئاوێیان دادەدان. لانک بە ئاوێ‌دا دەهات. لە بۆکان کوشتارێکی زۆریان کرد.

لە پێشدا ئەوان ئاغاکانیان دەرکرد؟

* بەڵێ ئەوان دەریانکردن و لە ساڵی ەوە ئاغا پەرێشان بوون.

چ ماوەیەکی خایاند تا هاتنەوە؟

نانا هەر لە بۆکانێ بوون. لە بۆکان کۆ ببوونەوە. نەچووبوونە هیچ‌کوێ. نیزیکەی شەش مانگ ساڵێکی خایاند.

یانی شەش مانگ ئاغا دەرکرابوون؟

* بەڵێ! یانی بێ‌ئیختیار بوون هیچ ئیختیارێکیان نەبوو. لە دێی لێشیان دابان دەبوو. هەرچی لەگەڵیان کردبان دەبوو.

حیزبی توودە چ هەڵوێستێکی هەبوو؟

* لە تارانێ‌ڕا دەستوور هەبوو. لە تارانیش حیزبی توودە پشت ئەستوور بوو. ستوونی پێنجەمی لە ئەرتەشی‌دا هەبوو. 28ی گەڵاوێژ کە موسەددیق لاچوو حیزبی توودەش غەیرە قانوونی بوو ئەو قودرەتەی نەما. پێش کودەتایە ئاغا هاتنەوە، نەگەیشتنە شاهەڵاتنێ هاتنەوە. کەمتر لە شەش مانگی کێشا بەڵام چ دەسەڵاتێکیان نەبوو دانشتبوون و بەو جۆرە هێرشیشیان بۆ خەڵکی نەدەهێنا، بەڵام پاش هاتنەوەی ئەرتەش و گیرانی موسەددیق، ئاغا ئەوەی نەدەبوو لەگەڵ رەعیەتیان کرد.

پێم وایە ساڵی 31 حیزبی توودە بە هێندێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات یا ئەوانەی دوایە بە نێوی حیزبی دێموکرات فەعالییەتیان کرد وەکوو کاک غەنی بلووریان و ئەوانە پێی گوتبوون دەبێ ئێوە ڕاپەڕینی جووتیارەکان بکەنە ڕاپەڕینی چەکدارانە.

ئەوە دوای 28ی جۆزەردان بوو. دوای 28ی جۆزەردان لە تارانێ موهەندیس شەریفی و عەبباسی و ئەوانە کە ئەندامی کومیتەی مەرکەزی بوون گیران، ئەفسەرەکانیش گیران و کومیتەی وێ لەبەریەک چوو و بڵاو بوو. ئەگەر لە سەرڕا هاتن تاڵان کراین ماڵە برایم لێتان و وانیان هێنا لەژێڵا ئەوانە تاڵان کران هەفتا هەشتا سەرێکیان گاڕان هەبوو هێنایان لە بازاڕی قەباغکەندی سوفێکیان لەگەڵ خستبوون دەستی بە فرۆشتنیان کرد و کەسیش ڕای‌نەدەگرتن. ماڵە برایم لێتانی لە زستانێ‌دا (25/12/1331) دەرکران. بەفرێکی زۆر لە مەنتەقەی‌دا هەبوو. لە لای داشبەند شەوێ دوو منداڵ لە سەرمان مردبوون. لە ترسی ئاغایان هیچ کەس نەیدەتوانی ڕایانگرێ. هاتنە گۆلێ و مەڵڵالەری. ڕەحیمی حەمە زێنیان کوشتبوو. مەلا شێخ‌عیزەددین لەوێ مەلا بوو ئەویشیان لەوێ دەر کرد، رەسوو تارانیان دەرکرد و چوونە گوێگجەلی پەنایان برد بۆ خانمە خانمێ. خانمە خانمێ ڕایگرتن و زۆر چاکی ڕاگرتن. ئاغایان زۆریان دەسەر کرد جوابی نەدانەوە. زۆر مەردانە ڕایگرتن. ماڵە برایم لێتانی هاتبوونە سارووقامیشی ماڵە سالاری قازی. برایمی باپیرئاغای و سوڵتان‌ئاغای حاجی‌لەکی نامەیەکیان ناردبوو بۆسالاری ئەگەر برایم لێتان (مامم بوو) و ئەو ماڵانە دەرنەکەی ئێمە دێین ئەتۆش دەگەڵ ئەوان تاڵان دەکەین و کوشتارتان لێدەکەین. گوتی ئەگەر سالار کاغەزەکەی خوێندەوە، لە سەر کاغەزەکەی گریا. گوتی ئەمنیش گوتم ئاغا بۆ دەگری. نیگەران مەبە. گوتی بێ‌دەسەڵاتی ئاوایە. ئێستا ئاوایان بۆ من نووسیوە. گوتی ئەمن گوتم تۆ بڵێی و نەڵێی دەزانم تۆ بە دێبۆکریان ناوەستی. ئێمەش حازر نین تۆ ئەو شەڕەی بۆ ئێمە بکەی. ئێمە لێرە دەڕۆین. تۆ هیچ نیگەران مەبە. جوابی خۆتیان بۆ بنووسە بڵێ ئەوە دەریاندەکەم. ئێمە ئەوە دەڕۆین. لەوێ‌ڕا هاتن، هاتنە میاندواوێ. برایمی عەوڵا یاوەری دێیەکی هەبوو بە نێوی یوزباش‌کەندی، لە قەراغ میاندواوێ، ماڵیان هاتە وێ. ئەوان لەوێ ئەو عەجەمانە ڕایانگرتبوون زۆر چاکیشیان ڕاگرتبوون. بە باوەشێکی گەرمەوە. بەعینوانی توودەییەک ڕاگیرابوون. عەجەمیش هەموو توودە بوون، دەگەڵمان بوون. فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان فەعالییەتی یەکجار زۆر بوو. ئەوانیش فەعالییەتیان دەکرد. ئەوجار هاتن بۆ تاڵانێ. سوارو تفەنگچێکانیان لەشکرێکی تەیار بوون. تەقریبەن پەنجا، شەست سوار و پەنجا شێست نیزامی لەگەڵ چەند ماشێن و هاتن بە دێهاتی‌دا. هاتن ماڵ ماڵ هەڵیاندەبژاردن. لەگەڵ هەموو کەسیشیان نەدەکرد. مەسەلەن دەیانزانی لەو دێیە کێ مەسئوول بووە و کێ خەڵکی هان‌داوە ئەو کەسانەیان دەردەکرد. لەوانە یەکیان ئەمن بووم و قادری ئامینێ. ئەو دوو سێ کەسە ڕۆیشتن و ئەمن هاتمە سابڵاغێ. ئەگەر ئەوانە هاتنە دە شاماتێوە ئەمن ڕۆیشتم، هاتمە سابڵاغێ دوایە هاتمەوە میاندواوێ. ئەگەر هاتمە میاندواوێ بۆیان گێڕامەوە چۆن بابە فەلەج و نەخۆشەکەم و سێ برا و دوو خوشکەکانیمان لە عارەبەی کەڵان نابوون و هێنابوویانن لە نێو کۆنە میاندواوێ لەنێو عەجەمان فرێیان دابوون. کوتبوویان ئەوان حەقیان نییە بێنە کوردستانێ، ئەگەر هاتمەوە لە دەرکی مزگەوتێ بوون. دوایە دوو حەجەم کە برا بوون، پیاوچاکیش بوون. مەشەدی حەسەن و حوسێن وەڵڵا نێو ماڵەکەیان دا بە ئێمە و کورسییان هاویشت و بەڕەو شتیان هێنا ئێمەیان لەبەر کورسێکەی دانا و ماڵات و ماڵمان تاڵان کرابوو هەموو بردرابوو. و بابیشم خوا عافووی بکا پیاوێکی بە جەرگ بوو گوتی ڕۆڵە لە ئێمە گەڕێ ئێمە لێرە بەئیرووین. بڕۆ بزانە ڕەفیقەکانت چ دەکەن. چ کارێکی دەکەن و فکر چییە. بچن ئەوەی بکەن تازە لە ئێمە گەڕێ. ئەمن چوومە مەهاباد ئەوانەی دەرکرابوون لە گەزەڵێن و دێی وەیساغا و تازەکەند و خێڕائاوا ڕا چووبوونە ئەوبەری کانی سارد، ئیدی هەر بە سەڵتی چووبوونە نێو عەجەمان. ماڵ و شتەکەیان لێ هەستاندبوون. ئێمە چووینە ژاندەرمەری بۆ شکایەتێ. لە ژاندەرمەری سەرگورد تەوەکوللی لێ‌بوو کە زۆر توودەیەکی تووند بوو. سەرگورد تەوەکوللی بۆ سبحەینێ دوو ماشێن ژاندەرمەی هێنا چووە نێو ئاغاکان کە لە شاماتی خڕببوونەوە. ئێمەش لەگەڵ ئەو چووین بەڵام هیچ ئیحتینایەکمان بە ئاغاکان نەکرد. پشتیوانێکمان لە لا بوو. ترسمان لە ئاغایان نەبوو نە لەبەریان هەستاین و نە بە هێندمان گرتن. بەڵێ لەوێ دانیشت هەتا هەموو ماڵەکەیان ئەستاندەوە. هەموومان بردەوە بەری عەجەمان. ماڵاتەکەمان بردەوە. ئەوەی تاڵان کرابوو. بۆیان هەستاندینەوە. چووینەوە سابڵاغێ لە خێرئاوایە کۆبوونەوە بوو لە ماڵە مستەفاخانی. ئاغا هەموو لەوێ بوون.

ئەفسەریشمان دەگەڵ بوون. ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان لە دوویان ناردم چوومە ماڵە ڕەحیمی سولتانیان. وەتاغێکی چکۆڵە بوو. گوتی حەمەدەمین ئەمشۆ هەموو لەوێن. هەموو لە وەتاغی ئاغای دەبن. دینامێتێکی هێنا. دینامێتەکە تەقریبەن دوو بست درێژایی بوو. کوتی سەری سیغارێی پێوەنێ. بەڵام بە پێنجا سانییە دەبێ لەوێ لاچی. دەنا تۆش لەنێو دەچی. ئیدی ئەگەر دە تەبەقەش بێ هەڵیدەتەکێنێ و خلاس دەبێ. بەڵێ ئەمیش هێنام و هاتمەوە مەهاباد و لەوێڕا پیاوێکم ناردە خێرئاوایە و گوتم بزانم شەوێ کێ نیگابانە. نیگابان و تفەنگداریان هەبوو. کە هاتنەوە پێیان گوتم نیگابان ڕەسوول پەریە. ڕەسوول پەریش یەکێک لە ڕەفیقەکانی خۆم بوو... ڕەسوول پەری گوتبووی بە حەمەدەمینی بڵێ بێ چ دەکا بکا! ئەمن چوومە ئەوێ لە نوێژی شێوان‌دا لە مەهابادێ ‌ڕا لە دوویان ناردم گوتیان عەمەلەکەی ئیجرا نەکا. جا نازانم هۆی چ بوو. شتەکەشم هەر مابوو پێم وایە دە ساڵانیشم زیاتر هەر پێبوو.

گوتت مەلا شێخ عیزەددینشیان دەرکرد. لەبەرچی دەریان کرد؟

* مەلا شێخ عیزەددین لەگەڵ خەڵکی ڕێککەوتبوو بە دژی ئاغاکان. داوەتێکی ماڵە باپیرئاغای قارەمانی بوو، مەلا شێخ عیزەددینیش گوتبووی ژنەکانتان مەنێرنە داوەتێ جوابیان مەدەنەوە ئاغاش گوتبوویان هەر دەبێ بێن. گوتبووی پێیان بڵێن ئێوە ژنەکانتان بێننە قەراغ داوەتێ، تەماشای داوەتێ بکەن ئێمەش داوەتێ دەکەین. نابێ ئەوان ژنی خۆیان لە ماڵێ‌دا بشارنەوە وژنی ئێمەش هەڵپەڕێنن! ئەوە بوو کە هاتنە سەر مەلا شێخ‌عیزەددینی و مەلا شێخ عیزەددینیان دەرکرد. و ڕەحیمی عەلی زێنێش پیاوێکی جەسوور بوو. ئەویش سوار بوو لێیان و دەمانچەیەکی بە دەستەوە بوو و خەڵکەکە دەورەیان دا. عالەمێکی زۆریان هێنابوو و هەر دێیەی پەنجا شێست نەفەریان هێنابوو ئەو ئاغایانەی ماڵە موهتەدی و ئێلخانی‌زادە و عەلیار و فەیزوڵڵابەگی و بەگزادە ئەوانە هەموو هاتبوون بە لەشکرەوە هاتبوون. ڕەحیمیش لێیان سوار ببوو بە دەمانچەکەی گوتی کوڕە لێم گەڕێن با ئەمن دەستێکی بگەینمە ئەو ئاغایانە. کوڕە کرمانج مەیەنە پێشێ لێم گەڕێن با ئەمن یەکێکی لەوانە بگوژم. ڕەسووقاچێ هەبوو بە تفەنگی لێیدا لەسەر سوارێ بەریداوە ئەوان تفەنگیان پێ‌بوو تفەنگی دەوڵەتێیان پێ‌بوو. ڕەحیم کوژرا.

بێجگە لەوی لەو کەسانەی هەڵسووڕێنەر بوون چ کەسانێک گیانیان لە دەست دا و کوژران؟

* لەلای ئێمە کوشتار نەبوو، هەرچی کرا لە بۆکانێ بوو.

کومیتەی حیزبی توودە لە بۆکان فەعال بوو؟

* حوسێنی فەتحەی یەکێک بوو لە مەسئوولانی حیزبی توودە لە بۆکان. ئەو لەگەڵ حاجی قاسم و وان کاری دەکرد. دوو سێ ساڵان گیرا. کە هاتن لەوێڕا بە مەڵڵالەری و ئەوانەدا هاتن ئیدی ئەوجار پاکسازیان دەکرد. هەر دێیەی دوو کەس و سێ کەسیان، دوو ماڵ، سێ ماڵیان دەردەکرد و تاڵانیان دەکرد. هەتا گەیشتنە شاماتێ. کە گەیشتنە شاماتێ وەک عەرزم کردن ئێمەشیان تاڵان و دەربەدەر کرد.

ئەو چەند ماڵە. ماڵمان چووە نێو عەجەمان. ماڵە سوڵتان ئاغاش دەرکرا. کە چوونە سەر سوڵتان ئاغای هەڵاتبوو. هەر کە دەیانەویست خەڵکی بگرن یەک‌ڕاست دەچوونە دەستەی سوڵتان‌ئاغا و عەوڵائاغا. جا دوایە دەهاتن دەستێکیان ڕە عالەمێ دەخست!

کاکە حەمەدەمین! دەگەینە دەوڕەی کوودەتای 28ی مورداد کە موسەددیقیان لابرد. ئەو کودەتایە چۆن لەنێو ئێوەدا ڕەنگی داوە و چ تەئسیرێکی لەسەر فەعالییەتەکانتان هەبوو و لە کەنگێوە نێوی حیزبی دێموکرات پەیدا بوو؟

* ئێمە کە لە ساڵی 32ی دەرکراین چووینە عەجەمستانێ، قەرار بوو موسەددیق دێیەکمان بۆ دروست بکا، لە پیرسندووسی لەنێو عەجەمان. لە کوردستانێ ڕایان نەدەگرتین و کەس وەخۆی نەدەگرتین.

ئەوە پێش کوودە تا بوو؟

* بەڵێ ئەوە پێش کۆدەتایە بوو. عەزیزئاغای خەلیفەلیان ئەو شامەی بە ئیجارە هەڵگرتبوو. شامی گادەرێ. گادەر زۆرە. ئەو ناردی لەدوامان کوتی لێرە دێیەکیان بۆ درووست دەکەم. بۆخۆیان خالیس لەو دێیە بن. نە کەسیان بێتە نێو و نە بچنە نێو کەسیش. ئێوە هەموو توودە دەبن و دەرکراون. وەرن بۆخۆتان لێرە دێیەکتان بۆ ساز دەکەم بۆخۆتان بیکێڵن و بۆخۆتان هەمەکارە بن کەس نەیەتە نێوتان. ئێمەش هاتینە وێ. ئەودەم بەو ماشێنە گەورانەیان دەگوت لۆری. دوو لۆری بۆ ناردین. پڕبوون لە عالەم هاتن بە سێڵاوێ‌دا ڕۆیشتین چووینە داشخانە. لە داشخانە قامیشمان کردە پەنا و چووینە لە قامیشانەوە و تەقریبەن نزیکەی بیست ماڵێکیش بووین. هەموو دەرکراوەکانی شاماتێ بووین. ماڵە سوڵتان‌ئاغای لەگەڵ ئێمە دەرکرابوون. سوڵتان لە سابڵاغێ ماوە. بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێ پێش ئەوە لە ساڵی 31ی سوڵتان شەش مانگ گیرا لە تەورێزێڕا بردیانە تارانێ. سوڵتان و حەسەنی میرخزری ئەوانە گیران. دوایە هاتنەوە لەوێش ئیختلافیان لێ پەیدا بوو لەگەڵ توودەییەکانی تارانێ. ئەوان ئازاد بوون هاتنەوە. جا ئەگەر ئێمە چووینە داشخانەی ماڵ و منداڵی سوڵتان ئاغاشمان لەگەڵ بوو. ئەوە هاتووینە دەهاوینێوە. هاوینی 32ی ڕۆژێکی لەدووی منیان نارد. قاوەخانەیەکی قامیشان لەوبەری پردێ بوو. ئەوەی ئێستا ئیدارەی فەرهەنگی لێیە. ئەوێ ئاوەدان نەبوو باغات بوو. چووینە ئەو قاوەخانەی دانیشتین. ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان و کەریمی حیسامی و سەدیقی عەلایی و سوڵتانی شێخ‌ئاغایی و ئەمن و ئەسەدی کاک ئاغازادە و سوورەی خوسرەوی بووین. ئەوانە گوتیان پاش نوێژی ئێمە لە باغی مکائیلی میتینگی دەدەین. کاتێک هەستاین کەریمی حیسامی گوتی کەس نەڕوا. گوتیان بۆ؟ گوتی با حەمەدەمین وەپێش کەوێ. گوتمان بۆ. گوتی با نەڵێن ئەوانە خۆ بە زۆرتر دەزانن. بە ڕواڵەت ئەمن وەپێش وان کەوم یانی فەرق و جودایەتیمان نیە. هەر یەکین و کەس لە کەس زیاتر نیە. بۆ خۆی ئەو مەسەلەی نیشان دەدا لە باغی مکائیلی میتینگ دەستی پێکرد. غەنی بلووریان وەسەر کورسێ کەوت. دەستی بە قسان کرد و خەڵکێکی زۆر لە باغی مکائیلی بوو ئەوەی ئێستا پاڕکە. لە جەنگەی قسان‌دا بووین. کە تەماشام کرد هەر چوار دەورەمان گیراوە و ژاندرمە و سەرباز، داری بێێان بری‌بوو جا وەرە لە نێومان کەون بە زووخاڵان! بۆشەر دەگەڵ نێزامیان! منداڵێک لەسەر دارێ بوو تفەنگی هەواییان هاویشتبوو و لە ئەو منداڵەی کەوتبوو و منداڵە کوژرا. ئێمە ملمان دەبەر ملی نان. غەنی بلووریان لە سوورەی خوسرەوی تووڕە بوو. خوسرەوی سەربازێکی گرت تفەنگەکەی لە دەست بادا و لە دەستی دەرهێنا. سەربازەکە لە عەرزێ کەوت. غەنی جنێوی بە سوورەی‌دا گوتی نامەرد! مەگەر ئێمە هاتووین شەڕ لەگەڵ سەرباز بکەین، ئەو تفەنگەت بۆچی لێ هەستاند. ئیدی سوورە تفەنگەکەی گرت وەک پللار هاویشتی بۆ ئەولای. سەید عەوڵا ئیسحاقی (ئەحمەدتۆفیق) لەگەڵ بوو بۆ لای کورەخانەیەک خۆی بە چۆمی دادا چووە سەر کوورەخانەکە و گوتی: بۆ هەڵدێن مەگەر شەڕی لێنینگڕادتان نەزانیوە؟! مەگەر فڵانو نەزانیوە. لێنین چی کرد و لێنینگڕاد چی کرد و فڵانی چی کرد؟! ئەوانەی زۆر بۆ گوتین کەس گوێی نەدایە. هەرکەس خۆی بە ئاوێ دادەدا و هەڵ‌دەهات. دوای بڵاوکردنی عالەمەکە جەنازەی کوڕەمان لەسەر شان دانا بۆ میتینگ‌دانی لەنێو سابڵاغێ. لە سابڵاغێ ژن و منداڵ وەدوامان کەوت. ئەو خیابانەی کە ئێستا خیابانی ئیمامێ، کە دەڕوا بەرەو چواررێی مەولەوی، ئەو خەیابانە کەسی دیکەی نەدەکێشا. شوعارەکان بە دژی شار و ئیستیعمار و فێئۆداڵ بوون. لە سەربازخانەی‌ڕا سێ تانگ هاتن جەماوەریان بڵاوە پێکرد. ئەوجار هەرکەس لاقی تەڕبوو دەگیرا!! چووینە ماڵە سڵەمان‌خانی ئەمیری خۆمان شاردەوە هەتا ئیشک بووینەوە. هێشتا نەبۆتە 28ی مورداد. ئەو موبارزە هەر هەبوو، هەروا دەهاتین و دەچووین دووبارە سازمان‌دەهیمان دەکردەوە. دەچووین شەوانە لە ماڵان‌دا کۆبوونەوەمان لەگەڵ خەڵکی ساز دەکرد. هەر لە ترسی ئاغا ئەوانەمان دەکرد. سازمان‌دەهێکمان کرد. لە بیست‌وشەشی موردادێ شا هەڵات. شا لە 26ی هەڵات و لە 28ی هاتەوە. ڕۆژی 27ی سابڵاغ مێتینگی دا. مامۆستا هێمن لەبیرم دێ رانک‌وچۆغێکی سپی لەبەردابوو ئەو دوو دەستە شێعری خوێندەوە. دەیگوت شای خائین دەبڕۆ بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ. هەروەها لاگری سوڵحە تەواوی ڕەنجبەری وشیاری کورد، مونتەزیری فورسەتێکە ڕەنجبەری هوشیاری کورد. غەنی بلووریانیش کورسی پێبوو هەر بڕێک دەڕۆیشت و لە وێ نوتقی دەکرد قەرار بوو ڕۆژی 28ی، ماڵە دەرکراوەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. بەمنیان گوت سبەینێ با هەرکەس بچێتەوە جێگای خۆی. ئەمنیش چوومەوە بە دڵ‌خۆشی ماڵ هەموو ساز بووین سبەینێ ماشێن بەرین ماڵە خۆمان بگوێزینەوە سەر جێ‌وڕێگا و جێ‌جووت و فڵانی خۆمان، لە نیوەشەوێ‌دا خەبەر درا گوتیان شا هاتەوە! موسەددیق گیرا، سەرلەشکر زاهیدی کودەتای کرد. ئیدی ئەوجار بەجارێکی ئی شاریش بلاو بوون و هەڵاتن. سوڵتان شێخ‌ئاغایی هاتە لای ئێمە لەوێ لە قامیشی‌دا شاردبوومانەوە. هەتا حەفتێکی نان‌ومان‌مان بۆ دەبردە وێ. لەوێ نانی دەخوارد. دوایە گوتمان لێرە ئاشکرا دەبی بڕۆ. ڕۆیی بۆ پایینێ. پایین لە خوارەوەی محالی شازادەیە، گەزە، چوو لەوێ لە گەزان‌دابوو. ڕۆژێکی کابرایەک هات نامەیەکی بۆ هێنام گوتی ئەو نامەیە ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان لە بادامێ لە ماڵە میرزاقاسمی بادامی داویانە بە من کە بیگەینمە سوڵتان‌ئاغا. نامەم لە گیرفانی نا و بە پێیان ملی ڕێم گرت و ڕۆیشتم ئاخر زۆریش دوور بوو چووم لە پایینی ماینێکم وەرگرت سواری بووم کوتیان برۆ ئەوە لە شەتی شووشەوانێیە. جا لاپ لە خوارێنە. ئەوە سوڵتان لەوێیە. نامەکەم برد و چووم و هەروا دەڕۆیشتم نەمدەزانی لە کوێیە. سوڵتان‌ووان منیان دیبوو، بەڵام نەیانناسی‌بووم. سوڵتان‌ئاغاش پیاوێکی دەگەڵ بوو بە ناوی حەسەن کاکیل. پیاوێکی باش بوو چووبووە فیستیوالێ لە رووسیەی. ئەویش هەر توودەیی بوو دەگەڵ خۆمان بوو.

ئەدی بۆ دەڵێن فەقەت کەریم حیسامی لە کوردان چووبوو بۆ فستیواڵ؟

حیسامی چوو بۆ فیستواڵی بوڵغارستان ئەوە ئی دوایە بوو. سوڵتان‌ئاغا دەڵێ حەسەن ئەو سوارە کاری بە ئێمەیە دەنا هیچ ئینسانێک بەوەیدا نایە، هەستە گۆرانێکی بڵێ ئەگەر هی ئێمە بێ دێ. ئەگەر کاریشی بە ئێمە نەبێ گوێ ناداتێ دەڕوا. حەسەنیش دەنگی زۆر خۆش بوو دەنگیشی چاک دەهات لانکۆڵی لانکۆڵێکی کوت. ئەمن لەنێو گەزی ماینم باداوە ڕاست ڕووم لەوان کرد. دابەزیم کاغەزەکەم‌دا بە سوڵتان‌ئاغا و پاش چاک‌وخۆشی و لێ‌پرسین، کاغەزەکەی سووتاند جا خوێندێوە. بە ئاوی پیوازێ نووسرابوو! دوایە گوتی حەمەدەمین پێیان بڵێ وەدووی کاری خۆیان کەون و لە کۆڵ ئێمە ببنەوە. ئێمە چیدیکە نابینە دەست‌نیشاندەی حیزبی توودە. ئەمن کوردستان ناکەمە خۆڵەمێشی ئەتۆمی بۆ خەڵکی تاران و تەورێزی



ئەوە ئەودەمی بوو کە هێشتا سازمانی ئەفسەرانی حیزبی توودە ئاشکرا نەبوو و نەگیرابوو؟

* نەخێر، ئێستا ئاشکرا نەببوو خوسرەوی ڕوزبە و ئەوانە مابوون. سەرهەنگ سیامەک و ئەوانە لە ئەرتەشێ‌ دابوون جا دوای وی خوسرەوی ڕوزبە گیرا.

لە چ کاتێک ڕا ئێوە بە نێوی حیزبی دێمۆکرات دەستتان بە تێکۆشان کردەوە؟

* لە دوای ٢٨ی موردادەوە کوڕەکان بڵاو بوون و بەشێک ڕویشتن بۆ عێراقێ، و هاتنەوە و ئەوجار ئێمە بە نێوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان فەعالییەتمان دەست پێکرد.

هەر بە شێوەی کۆمیتەکانی پێشوو، یا کۆمیتەکانی سابڵاغ و شامات؟

* نەخێر هەر ئەوە نەبوون. ئەوان هیچ نەخشێکیان نەبوو. ئەوجار لە سەرێ‌ڕا ئەسعەدی خودایاری هەبوو.

خەڵکی بیجار بوو؟

* نا خەڵکی ئێرە بوو. خەڵکی مەهابادێ بوو. ئەسعەدی خودایاری و سەدیقی ئەنجیری و حەمەدەمینی ئەحمەدی (حەمەسیس) کادر بوون و دەهاتن بۆ نێو ئێمە. کاک جەلیل گادانی هات کومیتێکمان لە شاروێرانی دامەزراند.کاک جەلیل ئەمنی کردە مەسئوولی کۆمیتەی شاروێرانی. کۆمیتێکمان دانا بە نێوی کۆمیتەی شین. ئەمن مەسئوولی ئەو کۆمیتەیە بووم.

سەرچاوە: پەیامی کوردستان ، ساڵی ٢٠٠٥

 

 

 

پەراوێزی من

ماڵاوایی کردن له‌ کاک حه‌مه‌ده‌مینی ئه‌حمه‌دپوور

 

نێوی کاک حه‌مه‌ده‌مینی ئه‌حمه‌د پوور له‌ مێژووی ڕاپه‌ڕینی وه‌رزێرانی موکریان تۆمار کراوه‌. له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ دا، هه‌زاران وه‌رزێری زۆڵم لێکراو، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگان کۆت و زنجیری کۆیلایه‌تییان پساند و بۆ داهێنانی دنیایێکی عادڵانه‌ که‌وتنه‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات. کاک حه‌مه‌ده‌مین و زۆر تێکۆشه‌ری دی وه‌ک کاک برایمی لێتانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌یان وه‌ڕێ خست و راپه‌ڕینه‌که‌ش ئه‌وانی وه‌ کڵپ و هۆڕ خست. راپه‌ڕین سه‌رکوت کرا و ئاغا و ده‌سته‌وده‌یاره‌که‌ی له‌ سه‌رما و ته‌ڕوقوڕیی سه‌ره‌تای به‌هارێ وه‌ده‌ریان نان و تاڵانیان کردن. ماڵباتی کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌ گوندی حاجی حه‌سه‌ن، له‌ شاماتێ، له‌ لای میاندواوێ بوو. چه‌ند ساڵ له‌وه‌ی پێش کاک حه‌مه‌ده‌مین ئاوا باسی ئه‌و رووداوه‌ی کرد:

ماڵه‌که‌میان له‌ به‌ر ده‌رکی مزگه‌وتی کۆنه‌ میاندواوێ فڕی دابوو، له‌وێ حه‌جه‌مان ماڵیان ئاوه‌دان بێ دوو پیاو هاتن که‌ نێویان مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن و مه‌شه‌دی حوسێن بوو، ماڵه‌که‌میان برده‌ ماڵه‌ خۆیان له‌ مدبه‌قی خۆیان کورسیان دابوونێ به‌ گه‌رم و گوڕی دایان نابوون...

به‌ڵام کاک حه‌مه‌ده‌مین قه‌ت سه‌ری بۆ زاڵمان دانه‌نه‌واند. دوای سه‌رکوت کرانی راپه‌ڕین و کوودێتای 28ی مورداد، درێژه‌ی به‌ خه‌بات دا و له‌ 1347 دا گیرا و بۆ ماوه‌ی چوار سال حه‌فس کرا. کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌ زیندان و ده‌ره‌وه‌ی زیندان فێره‌ خوێندن و نووسین بوو و هه‌م به‌ کوردی و هه‌م به‌ فارسی شتی ده‌نووسی. زۆری پێ خۆش بوو فێری زانست بێ و باشتر له‌ دنیایه‌ تێ بگا. ئه‌و باسانه‌ی کاک حه‌مه‌ده‌مین سه‌باره‌ت به‌ راپه‌ڕین و رووداوه‌کانی دی کوتوویه‌تی و نووسیوێتی رووناکییه‌کی زۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و مێژوویه‌. کاک حه‌مه‌ده‌مین و وه‌رزێرانی به‌شدار له‌ راپه‌ڕین رچه‌ شکێن بوون. پێشانیان دا که‌ مێژووی وڵات چی دی مێژووی خان و ئاغا و شێخ و ده‌سه‌ڵاتداران نییه‌.

ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور
٢٣-٢- ٢٠١٦

 

*لە بەراییەکانی ساڵی ٢٠١٦ ، خەبەری ناخٶشی کۆچی دوایی کاک حەمەدەمین شەشەم زانی و دەستبەجێ کاک ئەمیرم لێ ئاگادار کرد و ئەویش لە کاتێکدا بێ هەدادان، سەرەڕای باری جیسمی، لە سەر لێکۆڵینەوە بەنرخەکەی’ بزووتنەوەی وەرزێرانی موکریان ’ کاری دەکرد ئەو پرسەنامەیەی سەرەوەی نارد و داوای کرد بڵاوی بکەمەوە. حەسەن قازی

هێندێک زانیاری سەبارەت بە عەولا ئاغا، سوڵتان ئاغا و مارفاغایی شێخ ئاغایی



عەوڵاغای شێخ ئاغایی بە دەم بزووتنەوەی جووتیارانی موکریان ناچار ما ماڵی بگوێزێتەوە بۆ دێی گوێگجەلی لە سەر چۆمی جەغەتوو لە دەور و بەری میاندواو. بەرێزیان کارمەندی ئیدارەی دارایی و ئەگەر هەڵە نەکەم ماوەیەک سەرۆکی ئیدارەی دارایی میاندواو بوو. لە ساڵی ١٣٠١-ی هەتاوی لە دایک بووە و لەساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە تەمەنی ٩١ ساڵی دا وەفاتی کردووە.



سوڵتان ئاغای شێخ ئاغایی [سوڵتانی حاجی باغر] تێکۆشەڕێکی بەناوبانگی ناوچە مەهاباد و شامات بوو و سەرەڕای ئەوەی کە خاونموڵک بوو لایەنگری لە جووتیاران دەکرد و نەمر حەمەدەمین شەشە دا لەو بیرەوەریانە دا زۆر جار باسی دەکا. سوڵتانا ئاغا لە ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی لە دایک بووە و لە ساڵی ١٣٧١-ی هەتاوی لە تەمەنی ٦٩ ساڵی دا وەفاتی کردووە.



مارف ئاغای شێخ ئاغایی لە ساڵی ١٣٠٥ لە دایک بووە و لە زەمانی شا کە کەڵ بە موو بەند بوو لە ساڵی ١٣٤٢-ی هەتاوی لە تاران  کتێبی دیفاعیاتی خوسرەوی ڕوزبە لە دادگای نیزامی لە بڵاو کراوەکانی حیزبی تودەی دامێ و ڕەنگەی بۆ شوێنە ونکە گوتی ئەوە کتێبە بەڕێکەوت لە وەتاغی ئەو موسافیرخانەیە بوو کە لێی دەمێنمەوە. دواتر من ئەو کتێبەم لەگەڵ خۆم برد بۆ باشووری کوردستان و لەوێ لەگەڵ نەمر سمایلی شەریفزادە وەرمانگێرا سەر زمانی کوردی. مارف ئاغا لە ساڵی ١٣٨٩-ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە مەهاباد کۆچی دوایی کردووە. گڵکۆی ئەو بەڕێزانە لە مەهاباد لە ئارامگەی ڕووبەڕووی بداغ سوڵتانە. (ح.ق)

 تێبینی:
وێنەکانەکان ئەمن لەو نووسینەم زیاد کردووە. سپاس بۆ کاک سەلاح شەشە و کاک دیاکۆ و بۆ دۆستێک
کە هێندێک لەو وێنە و زانیاریانەی بۆ ناردبووم.