ناوزڕاندن ، بێ ڕێزی و بوختان لە کتێبی "هەژاری مرۆڤ و دەور وبەری" دا
ناوزڕاندن ، بێ ڕێزی و بوختان لە کتێبی "هەژاری مرۆڤ و دەور وبەری" دا
بەشی یەکەم
حەسەنی قازی
کاک شێرکۆی هەژار بەندی ١٣ی بەرگی یەکەمی کتێبەکەی بۆ باسی " پێشەوا- هەژار" تەرخان کردووە. ئەمن حەول دەدەم لە دوو نووسراوە دا سەبارەت بە هێندێک شتی لەو چەند لاپەڕەیە دا هێناویەتە گۆڕێ بدوێم. یەکیان باری ئەخلاقی و ئەویتر لایەنی سیاسییە کە قسەی دیکەشی لێ دەبێتەوە. بەو هیوایەی بکرێ بە بۆچوونەکەی دا بێتەوە و لەمەو دوا بە پاڵپشتی بەڵگە شت بنووسێ.
نووسەر وا دەنوێنێ نێولێنانی بە "شێرکۆ" لە لایەن پێشەواوە بە شانازییەک بۆ خۆی بزانێ و لەو بارەیەوە دەنووسێ: ".... ناو لێ نانی کوڕی دەدا بە پێشەوا، پێشەوا دەڵێ نێوی بکە بە " شاە قەلەندەرماز"!، یا شتێکی تری لەو بابەتە. هەژار قەبووڵی ناکا
_ ئەدی ئەتۆ نەتکوت بە مەیلی خۆت نێوی بنێ؟، دە ئەمن وای نێو دەنێم.
_ بەڵێ کوتم، بەڵام ئەمن چووزانم ئەتۆ شتی وا دوور و درێژ و ناخۆشم بۆ دەبینیەوە.
_ چاکە، نێوی بکە بە "شێرکۆ"، بە نێوی مامی سەرداری گەورەی کوردان سەلاحەددینی ئەییووبی.
_ ئەوەیان بەڵێ، بە سەر چاوم.
ئیدی بەو جۆرە ناوی نووسەری ئەم دێڕانە بووە بە " شێرکۆ". هەژار – زۆر بە داخەوە- ڕێزنانی لەو ناونانەی پێشەوا بە زوویی خستە لاوە و ئەو ناوەی بە کار نەدەهێنا.... " و دوایە دەنووسێ: "بۆ پێویستیی ئاگاداری نەتەوەی کورد لە ژیانیی خێزانیی گەورە پیاوانی، کە پێشەوا حەتمەن وا بوو و هەژاریش کە لای بەشێکی گرنگ وا دادەندرێ، من دواتر دەگەڕێمەوە سەر باس"
بەڵام کاتێک مرۆ سەر لەبەری ئەو بابەتە دەخوێنێتەوە دەردەکەوێ نووسەر بەو قسەیەی خۆی وەفادار نییە و تەنێ بە پاڵپشتی دەنگۆ و قسەی بێ بەڵگەی نێوماڵان، کە ڕۆژانە بە هەزاران قسەی وا لە مەجلیسان ئاڵ و گۆڕ دەکرێن و کایەک دەکرێ بە کێوێک یان شتێکی نەبوو دەکرێ بە "ڕاستی"گۆیا دەیەوێ پەردە لە سەر شتی بڤە هەڵداتەوە.
بەر لە هەموو شتێک کاک شێرکۆ دەبێ ئەوەی لە لا ڕوون بێ کە نە پێشەوا قازی محەمەد و،نە هیچ کەسایەتییەکی گەورەی کورد نابێ لە سەر کار و کردەوەی خزمانیان داوەرییان لە سەر بکرێ.بەڵام بییەوێ و نەیەوێ بە هێنانە گۆڕی باسی بێ بناخە و بێ بەڵگە لە مەڕ پێشەوا و هێندێک شتی کە لەو نووسینە دا دەیگێڕێتەوە بێ ڕێزی بە پێشەوا و خۆشەویستی وی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کورد دەکا. پێشەوایەک کە هەر بە ڕاگەیاندنی یەکەم کۆماری کوردستان بووە بە ڕەمزێکی پتەوی ناسێنەی کوردی و هیچ حەوڵێک چ لە ناوەوە و چ لە دەورەوی کورد، سەری لە دارو بەردیش دا ناتوانێ ئەو هەڵکەوتەی لێ بئەستێنێتەوە.
لەو باسەی دا " ڕۆژێکی هاوینێکی ١٩٧٠ – ١٩٧٣ لە بەغدا" لە مەڕ ئەو قسانەی لە نێو گیوی موکریانی و کەسێک لە مەجلیسەکە و دوایە "هەژار" دا ئاڵوگۆڕ کراون بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەو پشت بە قسەی زارەکی دەبەستێ بە خۆشییەوە بەڵگەی نووسراو بەدەستەوەیە دەیسەلمێنێ ئەو دەنگۆیەی ئەو دەمی وەدووی گیوی موکریانی خراوە بە تەواوی بێ بناخە بووە و ئەوەش نامەیەکە هەر ئەو سەروبەندی واتە ساڵی ١٩٣٣ یەک لە میسیۆنێرە ئەمریکایییەکان لە مەڕ ئەو ڕووداوەی نووسیوە. لێرە دا ئەوەشی لێ زیاد کەم ئەو شێوەیەی کاک شێرکۆ باسی حاڵەتی قسەکردن و دەست تێکوتانی گیوی موکریانی لە کەلەکەی کەسانی دەوروبەری کردووە زۆر وە ڕاست دەچێ،چونکە ئەمن ئەوەم لە چەند کەسێکی دیکەش کە گێویان لە نزیکەوە دیوە، بیستووە.
ئەوەی کە لە زمان هەژارەوە نووسیویە، تەنێ لە قسە هەڵبەستنێک بەو لاوە هیچی دیکە نییە، چونکە لەو دەمەیدا کە خەستەخانەی شێروخورشیدی مەهاباد دامەزراوە تەنیا ژنێکی ئوڕووپایی لەوێ کاری کردووە و ئەویش لە بەر ئەوەی ژیانی هاوسەری لەگەڵ پیاوێکی کورد پێک هێناوە دەستی لە کلیسا و کۆمەڵەکەیان بەر داوە و هیچ ڕێی تێناچێ ئامادە بووبێ لە عەینی کاتدا لەگەڵ چەند کەسێک پێوەندی دڵداری هەبێ. کە وابێ هەم ئەو قسەیەی لە زمان هەژارەوە دەیگێڕێتەوە و هەم ئەوەی کە نووسەر دەڵێ هەژار، خۆی "پێ ڕاناوە"، هەر لە خانەی قسەڵۆک دا دەمێنێتەوە و بۆ خوێنەرەوەی وردبین و مووقەڵێش جێی باوەر نییە.
نووسەر ئیدیعا دەکا " پێشەوا زۆر لە گەڵ ئەولادیدا زبر بووە" ئەوەش بە پێی ئەوەی " خەڵکی سابڵاغ پێشەوایان دیتووە کە بە تێهەڵدان کوڕەکەی لە بازار پێش خۆ داوە" ئەو قسەیەی نووسەر هیچ بناغەی نییە، لە بەر ئەوەی تا ئێستا ئەوەی لە سەر پێشەوا نووسراوە، چ لە لایەن کوردانەوە و چ لە لایەن هەر بێگانەیەکی کە چاویان پێی کەوتبێ، باسی لەسەرەخۆیی و قووڵومەندی پێشەوایە و هیچ وێ ناچێ کەسێک بەو خوو و خدەیەوە لە گەڵ منداڵەکانی و تاقە کوڕەکەی زبر بووبێ. لێرە دا چەند نموونەیەک سەبارەت بە لەسەرەخۆیی و مەتانەتی پێشەوا دەگێڕمەوە.
ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت کە لە مانگی سێپتامبری ١٩٤٦ لە سابڵاغ چاوی بە پێشەوا کەوتووە لەو بارەیەوە دەنووسێ:" ... لە سەرەخۆ و مەتین بوو. زۆر بە ئارامی قسەی دەکرد و زۆر زووش کاری دەکردە سەر ئینسان.." (ڕۆزڤێلت،کۆماری کورد لە مەهاباد،میدیل ئیست جورناڵ ژمارەی ٣، ساڵی ١٩٤٧). دوکتور قادری مەحموود زادە (ئاسۆ) سەبارەت بە کەسایەتیی قازی محەمەد دەنووسێ: لە میتینگێک دا " کاتێک جەنابی قازی محەمەد هاتە بەردەم خەڵک و دەیەویست قسەیان بۆ بکا. لەپڕ لە بەر خانووی شارەداری لە نێو ژمارەیەک خەڵکی چەکدار و تووڕە کاک حاجی ك.ب.ی مێردی پوورم بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە جنێو دان بە قازی محەمەد و قسەی ناشایستی پێ گوت و سووکایەتی پێکرد و ڕەخنەی توندی لێ گرت و داوای لێکرد لە شانۆ بچێتە دەرێ و کاری خەڵک بداتە دەست خۆیان، واتە هەر ئەو خەڵکەی کە بە تەمای ڕێبەریی داهاتووی ناوچە بوون. ئەمن لەو میتینگە دا لە دوومیتری لای ڕاستی خودالێخۆشبوو قازی محەمەد ڕاوەستابووم و بێ خەبەر لەو کاکە و برالەی کە لە پێشدا بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو، لەوێ واقم وڕمابوو. قازی محەمەد ژمارەیەک چەکداری لە خۆبوردووی بەدەورەوە بوو. بە کەمترین ئیشارەیەک لەوانەبوو لە پێش شارەداری حەمامی خوێن وەڕێ کەوێ. لەو دەمە ناسکە دا جەنابی قازی محەمەد بە لەسەرەخۆیی و مەتانەت و وریایییەکی زاتی کە لە کەسایەتی دا بوو، داینەواند و بێ ئەوەی نوتق بکا و یان وڵامێک بداتەوە لە گەڵ ئەو کەسانەی لەگەڵی هاتبوون بە ئارامی و ویقاری تەواوەوە چووەوە ماڵی خۆی و مەحکەمەی قەزاوەت لە تەنیشت مزگەوتی شا دەروێش. بەو کارە زانایانە و دووربینانەی خودالێخۆشبوو قازی محەمەد پێش بە هەرایەکی زۆر بە مەترسی گیرا... (خاطرات زندگی پر ماجرای دکتر آسو، چاپی یەکەم، ١٣٧٣ی هەتاوی. لاپەڕەی ١٤٠).
باشە کەسێک توانیبێتی ئاوا دەسەڵاتی بە سەر ئەعسابی خۆیدا هەبێ و نەپەشۆكێ چۆن دەکرێ لە گەڵ منداڵی خۆی زبر بووبێ؟ لە سەر کەسایەتیی پێشەوا لە جێگەی دیکەش دا شت نووسراوە، بەڵام ئەو دوو نموونەیەی سەرەوە لە لایەن دوو کەس کە لە نزیکەوە پێشەوایان دیتووە قسەی نووسەر کە لە سەر دەربڕێنێکی گشتی" خەڵکی سابڵاغ پێشەوایان دیتووە کە بە تێهەڵدان ئەو کوڕەی لە بازار پێش خۆ داوە" هەڵناوە، بنکۆڵ دەکا.
نووسەر ناوی کچی گەورەی پێشەوا " عیسمەت" ی بە هەڵە نووسیوە "مەعسووم" و ئەوەش ڕەنگە لە بەر ئەو قێزوبێزە بێ کە لە ناوی "مەعسووم" لە زەینی دا چەسپاوە. سەبارەت بە ڕێکەوتی لە دایکبوونی پێشەوا هەڵەی زەقی کردووە، بە پێی بابەتێک کە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا چاپ بووە پێشەوا لە ١١ی بانەمەڕی ١٢٧٩ی کۆچیی هەتاوی لە دایک بووە.( کوردستان، ژمارەی ٢٥، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٤). هەژاریش لە چێشتی مجێور دا دەنووسێ:" ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ هجری مانگی لە دایک بوم" بە بەراورد لە گەڵ ساڵی زاینیی پێشەوا لە ١٩٠٠ و هەژار لە ١٩٢١ لە دایک بووە و جیاوازیی تەمەنیان وەک نووسەر دەڵێ "٢٨" ساڵ نەبووە.
وەک لە سەرەوە باسم کرد، نووسەر بە هێنانە گۆڕێ ناوی چەند کەس لە بنەماڵەی پێشەوا کە چاکە و خراپەیان ناتوانێ هیچ پێوەندی بە وییەوە هەبێ، ناڕاستەوخۆش بێ ڕێزی بە بیرەوەری پێشەوا کردووە.
نووسەر دەڵێ بێوەژنی پێشەوا زۆر بە سەر ئەولادیدا زاڵ بووە و دوو کچی بە زۆر بە مێرد داوە بە جافەکان.ئەمن لە گەڵ مریەم خانمی قازی قسەم کرد و داوام کرد بێ پەردە هێندێک باسی ژیانی هاوسەریی خۆی لە گەڵ خودالێخۆشبوو سەرداری جاف بکا. بەپێچەوانەی قسەکانی نووسەر، نێوبراو پێی ڕاگەیاندم لە تەواوی ماوەی ژیانی هاوبەشیان دا کاک سەردار هەمیشە ئەو پەڕی ڕێزی لێناوە، زۆر جار کە سواری ماشین بوون بە حورمەتەوە دەرگای بۆ کردووەتەوە، دیارە وەک هەموو ژن و مێردێکی دیکە دمەقاڵەشیان بووە، بەڵام ئەوە قەت نەگەیشتووەتە بێڕێزی و ئەو قسەڵۆکانەی لێرە دا نووسەر بە زمان بەگزادە جافەکانەوە دەیکا (بێ ئەوەی ناویان بهێنێ) لە بوختانێک نەبێ زیاتر نییە.
من پێم وایە ئەو نووسراوانەی کاک شێرکۆ هەر نەبێ هەلی ئەوە دەڕەخسێنن، بە لێکدانەوەی قسەکانی هێندێک بابەتی کە باسیان لێوە دەکرێ بە ئاڕاستەیەکی دیکە دا بڕۆن و جنێو دان، سووکایەتی پێکردن و بۆختان بۆ هەڵبەستن بە هەر مەبەستێک بێ لە نووسینی جیدی دا کەم ببێتەوە؛ بۆیە دەمەوێ باسی ئەزموونی خۆم لە کەسایەتیی خودالێخۆشبوو سەرداری جاف بکەم. ئەمن هیچ هۆیەکی مەنتیقی و جێی قەبووڵ نابینم کاک شێرکۆ لە سەنگەری " کوردایەتییەوە" ئەو هەموو سووکایەتییە بکا. باشە ئەو شەرعییەتی ئەوە لە چی وەردەگرێ؟
سەرداری جاف کوڕی داودبەگی جاف ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد سەرۆکی بەگزادەی عەشیرەتی جاف بوو و لە نێو خەڵکی خۆی و کۆڕوکۆمەڵی دۆستانی دا مرۆیەکی خۆشەویست بوو.
بەدوای هەڵوەشانی ڕێژیمی پاشایەتی لە عێراق دا داود بەگ و بنەماڵەکەی و دواتر هێندێکی دیکە لە بەگزادەکانی جاف هاتنە ئێران، ماوەیەک لە کرماشان بوون و دواتر لە تاران ماڵیان دانا. حکوومەتی ئێران لە بەر بەرژەوەندیی خۆی و هەڵکەوتی جافەکان لە کوردستانی عێراق ڕێزی زۆری لێنان و منداڵەکانی داود بەگ و بەگزادەکانی دیکە لە تاران دەستیان بە خوێندن کرد.
ئەو ماوەیەی کە سەردار لە تاران لە زانکۆی حقووق دەیخوێند لە گەڵ زۆربەی خوێندکارانی کوردی سابڵاغی و سنەیی کە لە تاران بوون دۆستایەتیی نزیکی هەبوو. بەلانی کەمەوە ٦- ٧ کەس لە وانە کە ئەمن لە نزیکەوە دەیانناسم و ئێستا زۆربەیان ماون و لە سەرەوەی حەفتا ساڵانن، لە چالاکانی سیاسیی کورد بوون و دژی ڕێژیمی حەمەڕەزا شا خەباتیان دەکرد. ئەوان هەموویان دەیانزانی بنەماڵەی جاف پەنایان بۆ ڕێژیمی ئێران هێناوە،بەڵام سەرەڕای ئەوەش دۆستایەتییان لە گەڵ سەردار یەکجار زۆر خۆش بوو و پێم وایە ئەگەر زانیبایان لە ڕووی سیاسییەوە سەردار زەربەیەکیان لێ دەدا بێگومان دوورییان لێدەکرد،بەڵام هیچ دوور نییە لەو ساڵانە دا زۆریشی یارمەتی دابن و لەوانەیە لە داهاتوو دا لە بیرەوەریی هێندێک لەو کەسانە دا زانیاریی زیاترمان لەو ڕووەوە دەست کەوێ.
لە نەورۆزی ١٣٤٢ی هەتاوی ژمارەیەکی زۆر لە کوردان لە شارەکانی کوردستان و تاران کەوتنە بەر ڕاوەدوونان و گیران.یەک لەو خوێندکارانەی ڕزگاری بوو کاک حەمەدەمینی سیراجی بوو کە سەردار لە چنگ ساواکی ڕزگار کرد، شاردییەوە و کارهاسانی بۆ کرد بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیێنێتە کوردستانی عێڕاق، بڵێی چ هۆیەک جگە لە دۆستایەتی و سۆزی کوردایەتی دنەی سەرداری دابێ بۆ یارمەتییەکی ئەوتۆ؟ بڵێی ئەگەر ساواک پێی زانیبا کارێکی ئەوتۆی لێ قەبووڵ کردبا؟
دواتر جافەکان لە لایەن دەربارەوە زەوییان درایە و کاک سەرداریش بۆ خۆی لە دەربار دامەزرا، هەر وەک برادەری کۆچکردووم مستەفاخانی شێخ ئاغایی کە ئەویش لەگەڵ زۆربەی چالاکانی سیاسی دۆستایەتیی نزیکی هەبوو لە وانە دوکتور سادقی شەرەفکەندی کە دواتر لە سیاسەتەوە گلا.
دیارە لەو ماوەیەیدا کە جافەکان لە ئێران بوون، هەم لەگەڵ پاشماوەی عێلی خۆیان لە کوردستانی عێڕاق و لە بەغدا و هەم لەگەڵ جووڵانەوەی کورد و دواتر باڵەکانی بزووتنەوەی کورد لەوێ لە پێوەندیدا بوون. بە ڕووخانی ڕێژێمی شا و ئێعدامی بێ موحاکەمەی سالاری جاف،ئەوانیش چوونەوە عێڕاق و لە بەغدا ماڵیان دانایەوە و دەستیان کرد بە کڕوکاش بە دژی کۆماری ئیسلامی.
لەو ماوەیەی دا کە کاک سەردار لە بەغدا دەژیا، پێوەندییەکی چڕی لەگەڵ کوردەکانی ئەوێ واتە ئەو ڕۆشنبیرە کوردانەی لە بەغدا دەژیان هەبوو، لە وانە شکور مستەفا، محەمەدی مەلا کەریم و کێ وکێ. هەر وەها لەگەڵ کوردە ئێرانییەکانی کە لە ساڵی ١٩٨٣وە ئیتر ناچار بوون کوردستانی ئێران بە جێ بهێڵن و لە ناوچەئازادکراوەکانی کوردستانی عێڕاق دا بنکە بکەنەوە. دوای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانە بڕیاریان دا بچنە هەندەران دیسان لە بەغدا، سەرداری جاف کارهاسانی بۆ کردن و بەڕێی کردن بۆ ئوڕووپا. ئەو کەسانە حەق وایە بۆ خۆیان سەبارەت بەو چاکەیەی سەردار لە گەڵی کردوون بنووسن.
یەک لەو کەسانە ئێستا سکرتێری یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی ئێرانە.دوای تێڕۆری عیفەتی قازی لە سوێد لە ساڵی ١٩٩١ سەردار و هاوسەری و منداڵەکانیان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی و تازییە سەردانی سوێدیان کرد،لەوێ بەدوورودرێژی باسی بۆ کردم کە چۆنی یارمەتی ئەو تێکۆشەرە کوردانەی داوە و تەنێ گازندەی ئەوەی بوو کە هێندێکیان هەر کە گەیشتنە ئوڕووپا دەست دەکەنەوە بە ناو و ناتۆرە لێدانم کە فڵانەکەس بەعسییە و فیسارە، بە ڵام لە بەغدا بە لارەملی لە ماڵـم بوون و ئەوەی لە دەستم هاتووە یارمەتیم پێکردوون، ئەمن هیچ چاوەڕوانی پاداش نیم بەڵام ئەوانیش حەق نییە ئاوا سپڵە بن.
هێژا محەمەدی مەلا کەریم لە وان ساڵاندا زۆر جار گەورەیی دەکرد و کتێب و چاپەمەنیی کوردی بۆ دەناردم، ئەمنیش لە چوونەوەی کاک سەردار دا کۆڵێکم کتێب و چاپەمەنی بۆ خودالێخۆشبوو شکور مستەفا و بەڕێز محەمەدی مەلا کەریم نارد. لەو شوێنەی کە نووسەر باسی "ئەسنادی لانەی جاسووسی" دەکا،باسی سەرداریش هەیە.لەوڕاپۆرتە دا جوان دەردەکەوێ سەردار چەندە کەسایەتی و حورمەتی خۆی لە بەر بووە و ڕاپۆرتدەرە ئەمریکایییەکە بە ئاشکرایی ئەوە دەنووسێ.
ئەو چەند نموونانەی سەرەوە هەر بە سەری خۆیان دەیسەلمێنن ئەو سیفەتانەی کاک شێرکۆ، کە ڕەنگە لە بەر نەزانی و بوونی مەعلووماتی کەم، بۆ سەرداری جافی ریز کردوون چەندە لە ڕاستییەوە دوورن،ئەمن لێرە دا نامەوێ ئینکاری پێوەندیی عەشیرەتی جاف لە سەردەمای جۆر بە جۆر دا لەگەڵ ڕێژیمەکانی ئێران و عێڕاق بکەم، ئەوە مەبەستی ئەم نووسینە نییە، بەڵام دەمەوێ ئەو چاکانەی خودا لێخۆشبوو سەرداری جاف لەگەڵ تێکۆشەرانی سیاسی، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد، چ لە ئێران و چ لە عێڕاق،لە ماوەی ژیانی خۆیدا کردوونی وەبیر نووسەر بهێنمەوە.
ئەوە یەک لەو جۆرە ناوزڕاندنە گۆترەیییانەی کاک شێرکۆیە، کە تەواو بە ڕێچکەی نووسەری "چێشتی مجێور" دا ڕۆیشتووە و لە خوت و خۆڕایی هەستی خەڵک بریندار دەکا. نەمر هەژاریش لە چێشتی مجێور دا ئەگەر هاتووە لە نێو تایفە یان بنەماڵەیەکدا بێڕێزی بە کەسێک یان چەند کەس کردووە بۆ خەڵک هەڵفریواندن یەکیانی گەورە کردووەتەوە. لە ڕێزی پێشەوای کەم کردووەتەوە، باسی لە مەڕ حەمە حوسێن خان و سەدری گەورە کردووەتەوە، ڕووهەڵماڵاوانە باسی شەهید سولەیمانی موعینی کردووە و زۆری بۆختان بۆ هەڵبەستووە و لە موقابیل دا شەهید عەبدوڵای موعینی گەورە کردووەتەوە. هێرشی کردووەتە سەر ڕەحمەتی جەعفەرئاغای کەریمی، بەڵام بە چاکە باسی کا حەمەدی برای کردووە، زۆر نموونەی دیکەی ئاوا لە چێشتی مجێور دا دەبیندرێن کە جوان دەردەکەوێ بە موهەندیسی و بە زانایی کراون.
کاک شێرکۆ لە پەراوێزی ئەو بەندەی کتێبەکەیدا ڕەخنە لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێ کە بۆچی نوێنەری خۆی ناردووە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی سەرداری جاف و قسەکانی تێکەڵاوی کۆمەڵێک وشەی ئەوتۆ دەکا کە لەو ساڵ و زەمانە دا لە کەسێک کە بڕووسکەیەک ئاگاداری کۆدی کۆمەڵایەتی بێ ناوەشێتەوە. کاک شێرکۆ لەو ڕاستییە ئاشکرایە خۆی نەبان دەکا،کە دەکرێ کەسێک بەلای یەکێکەوە بێ نرخ بێ، بەڵام بۆ خەڵکی دیکە خۆشەویست و پیرۆز بێ. چماڕێوڕەسمی ناشتن تەنێ بۆ دەربڕینی هاوپێوەندی و بەشداری لە خەم و خەفەتی کەسی لە دەستچوو دا نییە؟
لەبەشی دووەمی ئەم نووسراوەیە دا چەواشە کردنی بۆچوونەکانی ڕەحمەتی دوکتور عەزیزی شەمزینی لە لایەن نووسەری " هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری " باس دەکەم.







