تێلێڤیزیۆنی مانگۆڵه‌ی کوردی ؛ هاوپرسه‌کی له گه‌ڵ دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور مامۆستای کامیونیکه‌یشنز له زانکۆی تۆرانتۆ- کانادا
تێلێڤیزیۆنی مانگۆڵه‌ی کوردی ؛ هاوپرسه‌کییه‌کی دیکه له‌گه‌ڵ دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
خوێنه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێز: ئه‌مه دووه‌م هاوپرسه‌کییه له گه‌ڵ دوکتور حهسهنپوورکه له هاوینی ساڵی2004 له ستودیۆی تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ له دهندرلوێ بۆ به‌رنامه‌ی ڕوانگه ئاماده کراوه و له 8 و 10ی ئووتی 2004 له تێلێڤیزیۆنی ڕۆژه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه .نێوه‌رۆکی به‌رنامه‌که وه‌کوو خۆی ڕاگوێزراوه‌ته‌وه ئێره و به ئاگاداری مامۆستا حه‌سه‌نپوور لێره دا بڵاو ده‌کرێته‌وه
قازی : بینه‌رانی خۆشه‌ویست له ڕوانگه‌یه‌کی دیکه دا به‌یه‌که‌وه‌ین. له ڕوانگه‌ی ئه‌مجاره دا له گه‌ڵ ڕێزدار دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور باسی تێلێڤیزیۆنی مانگۆڵه ، و زمانی تێلێڤیزیۆن و هه‌ر وه‌ها به گشتی باسی ده‌وری تێلێڤیزیۆن و کاریگه‌ری وی له سه‌ر کومه‌ڵگه‌ی کورد ده‌که‌ین.
ڕێزدار حه‌سه‌نپوور جارێکی تر زۆر به خێر بێی بۆ ڕوانگه. ئێوه له ساڵی 1995 له زانکۆی ئازادی بێرلین [ فڕای یونیڤڕسێتێت] ، باسێکتان پێشکێش کرد به نێوی : " ستهیتلێس نه‌یشن،ز کڤێست فۆر ساڤرنیتی ئین دێ سکای " واته ویستی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌ت بۆ حاکمییه‌ت له ئاسمان دا" ، دیاره وابزانم ئه‌و زاراوه‌یه‌ی حاکمییه‌ت له ئاسمان دا ئێوه داتان هێناوه. با لێره‌وه ده‌ست پێبکه‌ین به بۆچوونی ئێوه په‌یدا بوونی ساتاڵایت ، په‌یدا بوونی تێلێڤیزیۆنی مانگۆڵه ، گه‌رچی ناڕاسته‌وخۆش بێ، به‌ڵام چه‌شنێک حاکمییه‌ته بۆ کوردان ؟
حه‌سه‌نپوور : به‌ڵێ ! ئه‌و تێکنۆلۆژییه تازه‌یه ده‌سه‌ڵات ده‌دا به هه‌ر زمانێک ، به هه‌ر گرووهێک ، هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ، هه‌ر گه‌لێکی بێده‌سه‌ڵات بێ. زمانی کوردیش سه‌رکوت کراوه. له سه‌ده‌ی بیست دا یه‌کێک له‌و زمانانه‌یه - من زمانێکی ترم پێ شک نایه که زیاتر له زمانی کوردی سه‌رکوت کرابێ - ، که‌له نێو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یدا که دوای شه‌ڕی جیهانی ئه‌وه‌ل پێک هاتن ، له تورکییه به تایبه‌تی ، دوایه ئێران ، دوایه سوورییه ، دوایه عێراق سه‌رکوت کرا. هه‌ر وه‌ها کولتووری ، فه‌رهه‌نگی گه‌لی کوردیش زۆر سه‌رکوت کرا ، نه‌ک هه‌ر زمانه‌که‌ی، به‌ڵکوو شته‌کانی تریشی ، وه‌ک شێوه‌ی ژیانی ، هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی ، شێوه‌ی جلوبه‌گ ده‌به‌ر کردن ، فۆلکلۆری کوردی گشتی ئه‌وانه سه‌رکوت کران. شێوه‌یه‌کی سه‌رکوتکردنی گه‌لی کورد و تواندنه‌وه‌ی ئه‌وه بوو، که به ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی گه‌لی کورد سه‌رکوت بکه‌ن. بۆ وێنه: له تورکییه و ئێران ڕێگه‌یان به زمانی کوردی نه‌ده‌دا له ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی دا دهکاربهێندرێ. جا بۆیه کاتێک که له ساڵی 1995 مێد تیڤی په‌یدا بوو ، ئه‌ویش به تایبه‌تی به شێوه‌ی مانگۆڵه بڵاوکردنه‌وه‌ی ، که له سنووره‌کان تێده‌په‌ڕی، له ناوچه‌یه‌کی گرینگی دنیایێ ، له باکووری ئه‌فریقاوه بگره تا ئوڕووپا و تا ئاسیای ناوه‌ندی بڵاو ده‌بووه‌وه، ئه‌وه گۆڕانێکی گرینگ بوو له زمانی کوردی دا، هه‌ر وه‌ها دیاره له سیاسه‌ت و له کولتووریش دا ، به‌ڵام باسه‌که‌ی من له‌و نووسراوه تایبه‌تییه دا زۆرتر له سه‌ر زمانی کوردی بوو.
قازی : ئێوه دواتریش هه‌ر به‌رده‌وام بوون له سه‌ر لێکۆڵینه‌وه و نووسین له‌و بواره‌دا . وابزانم نووسراوه‌یه‌کی دیکه‌شتان هه‌یه له سه‌ر مێد تیڤی به نێوی : " ساتاڵایت فووتپرینتس ئه‌ز نه‌شناڵ بۆردرز " واته " ڕچه‌ی مانگۆڵه وه‌کوو سنووری نه‌ته‌وه‌یی ". له‌وێدا زیاتر باسی چیتان کردووه ؟
حه‌سه‌نپوور: له‌وێشدا تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ر ئه‌و باسانه کراوه.ئه‌و نووسراوه‌یه له ژماره‌یه‌کی تایبه‌تی گۆڤارێک دا بڵاو بووه‌وه به زمانی ئینگلیسی که زۆرتر باسی تورکییه بوو، که له‌وێدا من ئه‌و باسه‌م کرد و به عزه که‌سێکی که له‌وێدا شتیان نووسیبوو زۆریان پێ ناخۆش بوو که من ئه‌و چه‌مکانه‌م ده‌کار هێناوه. و ئه‌وه‌ی که باسی ده‌وری مێد تیڤی م کردووه . به دوای ویشدا به‌عزه باسێکی تر هه‌بوو ، له درێژه‌ی وی‌دا من وڵامی که‌سێکم داوه که ڕه‌خنه‌ی گرتبوو له من و پێی وابوو نابێ باسی ئه‌و تێلێڤیزیۆنه له تورکییه له چوارچێوه‌ی چه‌مکی ساڤرنیتی ( حاکمییه‌ت ) دا بکرێ و ئه‌وه‌ی پێ خۆش نه‌بوو که من کوتوومه ئه‌و تێلێڤیزیۆنه وه‌ک تێلێڤیزیۆنێکی نه‌ته‌وه‌یی کار ده‌کا. ئه‌و له ڕوانگه‌یه‌کی کهماڵیستییهوه پێی خۆش نه‌بوو که من ئه‌و باسانه‌م کردووه. به دوای ویشدا له زۆر جێی تر دا من شتم له سه‌ر مێد تیڤی نووسیوه. له گۆڤارێک دا که باسی ڕادیۆ ده‌کا " کامیونیتی ڕه‌یدیۆ – ئینتر ڕه‌یدیۆ-ی پێ ده‌ڵێن. دوایه له کتێبێک دا له سه‌ر میدیای تاراوگه که له ساڵی 2003 دا بڵاو بووه‌ته‌وه باسێکم هه‌یه ، ئه‌وه ئاخر شته که له‌و بواره دا نووسیبێم . ناوی کتێبه‌که " میدیا ئاف دیاسپۆرا " یه، واته میدیای تاراوگه ، له‌وێدا دیسان باسی مێد تیڤی م کردووه.
قازی : ڕێزدار حه‌سه‌نپوور ، ئێوه له یه‌که‌م نووسینی خۆتاندا له‌وباره‌یه‌وه له جێگایه‌کدا ده‌ڵێن : مێد تیڤی – که وه‌کوو یه‌که‌م ساتاڵایتی کوردی ده‌ستی به کار کرد – له نه‌بوونی ئاکادێمی زمانی کوردی‌دا وه‌کوو ئاکادێمی زمان وایه . گه‌لۆ ئه‌و ته‌سبیته‌ی ئێوه له سه‌ر ئه‌ساسی سۆز و هۆگری بوو یان به پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی گه‌یشتنه ئه‌و ئاکامه‌ی که مێد تیڤی ده‌وری ئاکادێمی زمان ده‌گێڕێ ؟
حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه هه‌م به پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی ، که من چووم مێدتیڤی م چاو لێکرد و ستودیۆکه‌م دی و له گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه دوام که کاریان تێدا ده‌کرد ، و هه‌م به پێی به‌رنامه‌کانی به تایبه‌تی. له ڕووی به‌رنامه تێلێڤیزیۆنییه‌کانی ساڵی 1995، ئه‌وه‌نده‌ی که من دیتمن ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ها له ڕوانگه‌ی تێئۆریشهوه. له ڕوانگه‌ی تێئۆرییه‌وه ئه‌گه‌ر چاوی لێبکه‌ین ، تێلێڤیزیۆن ئامرازێکی تاڕاده‌یه‌ک تازه‌یه. به‌عزه تایبهتێتێکی هه‌یه که له‌هیچ ئامرازێکی تر دا نابیندرێ. بۆ وێنه له نووسین دا ئێمه هه‌ر هه‌ستی دیتن و چاو ده‌کار دێنین ، گوێمان ده‌کار نایێنین کاتێک شتێک ده‌خوێنینه‌وه. به‌ڵام له ڕادیۆ دا، ته‌نیا گوێ و هه‌ستی بیستن ده‌کار دێنین ، یانی هه‌ستی دیتن ده کار نایه وه‌ختێکی گوێ ده‌ده‌ینه ڕادیۆ. به‌ڵام ، تێلێڤیزیۆن ته‌واوی ئه‌وانه تێکه‌ڵ ده‌کا. له تێلێڤیزیۆن دا ئێمه ده‌بیستین ، ده‌توانین چاو له تێلێڤیزیۆنه‌که نه‌که‌ین به‌ڵام هێشتا ببیستین ، وه‌ک ڕادیۆ ده‌کاری بێنین ، دیاره ده‌توانین چاویشی لێبکه‌ین. زمانه‌که‌ی ، زمانی قسه کردنه ، دواندنه به شێوه‌یه‌کی زاره‌کی. له‌وه‌ش ده‌رچێ، تێلێڤیزیۆن نووسینیشی تێدایه، ته‌واوی ئه‌وانه تێکه‌ڵ ده‌کا. ئه‌وه که هیچ ، زۆر که‌س ده‌توانن چاو له تێلێڤیزیۆن بکه‌ن . که‌سێکی نه‌خوێنده‌واریش بێ ده‌توانێ چاو له تێلێڤیزیۆن بکا و تێی بگا. به‌ڵام که‌سێکی نه‌خوێنده‌وار بێ، کتێبێکی بده‌یه ده‌ستی ناتوانێ تێی بگا که چییه؛ نازانێ چی تێدا نووسراوه. بۆیه تێلێڤیزیۆن ئامرازێکی یه‌کجار گرینگه، ئامرازێکی گشتی یه که زۆر که‌س ، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار ده‌توانێ تێی
بگا، سه‌رباقی ئه‌وه‌ی که تێلێڤیزیۆن له بنچینه دا ئامرازێکی زاره‌کییه، ئامرازێکی زاره‌کی که به تێکنۆلۆژییه‌کی زۆر پێچه‌ڵپێچ دوان و لێدوان به‌ڕیوه ده‌با و ئه‌و تایبهتێتییهشی هه‌یه که ده‌کرێ نووسینیشی زۆر تێدا ده‌کار بێندرێ.
جا ئه‌و مێد تیڤی یه‌ی که من له ساڵی 1995 دا دیتم ، دیار بوو زۆربه‌ی نووسینه‌کانی به کوردی بوو ، به کوردیی کرمانجی و به ئه‌لفووبێی لاتین یا ڕۆمی، ئه‌وه‌ش تا ساڵی 1995 که نووسین له تورکییه‌ی قه‌ده‌غه بوو به کوردی – ئه‌گه‌ر یه‌که‌تی سۆڤییه‌ت له به‌ر چاو نه‌گرین - ، به‌شه‌کانی تری کوردستان زۆرتر به سۆرانی بووه و به ئه‌لفووبێی عه‌ڕه‌بی _ کوردی، مێدتیڤی که هاته گۆڕێ ، بۆ ئه‌وه‌ڵ جار ئامرازێکی ڕاگه‌یاندنی تێلێڤیزیۆنی و ده‌نگی، زاره‌کی و ڕه‌نگی ئه‌و سێ شتانه‌ی ده کار هێنا، شێوه‌ی کرمانجی و ئه‌لفووبێی لاتین . ئه‌وه‌ش گۆڕانێکی گرینگ بوو. من که له چوارچێوه‌ی گۆڕانه‌کانی زمانی کوردی له‌و سه‌رده‌مه دا چاوم له مێد تیڤی ده‌کرد ، ئه‌وه وه‌ک کانگایه‌کی داڕشتنی زمانی بوو ، یانی لێره دا مێد تیڤی سیاسه‌تێکی زمانی هه‌بوو. ئه‌وه‌ی که کام له‌هجه بایه‌خی زۆرتری پێبدرێ ؟ کام شێوه نووسین بایه‌خی پێبدرێ ؟ ئه‌وه لایه‌نێکی بوو که وه‌ک له‌نگوێج پلهنینگ ، یا به‌رنامه دانان بۆ زمان ، ئه‌و ده‌وره‌ی ده‌گێڕا. هه‌ر وه‌ک کوتم ئه‌وه له ته‌واوی سنووره‌کانی کوردستان تێپه‌ڕی، سنووره‌کانی تێک دا، واته هه‌رکه‌س ساتاڵایتی هه‌با چ له ئوڕووپا و چ له ئه‌فریقا ، چ له ئاسیای ڕۆژئاوا ده‌یتوانی هاوکات له گه‌ڵ خه‌ڵکی تر ئه‌و به‌رنامانه به زمانی کوردی ببینێ.
قازی : باشه مامۆستا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵاواردنێک بکه‌ین! به پێی بۆچوونی ئێوه کارتێکه‌ری هه‌ره گرینگی ساتاڵایتی کوردی له‌و سه‌روبه‌ندی دا چ بوو ؟
حه‌سه‌نپوور : ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که کارتێکه‌رییه‌که‌ی زۆرتر سیاسی بوو تا زمانی . هه‌ر بۆیه‌ش ده‌وڵه‌تی تورکییه ته‌نیا ده‌وڵه‌تێک بوو که به ته‌واوی هێزی خۆی حه‌ولی دا مێد تیڤی سه‌رکوت بکا، ته‌نانه‌ت به ده‌کارهێنانی هه‌ڕه‌شه و زه‌برو زه‌نگ ، هه‌روه‌ها ده‌کار هێنانی هێزی دیپڵۆماتیک.زه‌خت هێنان بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئینگلیستان که ئیجازه‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ی دابوو به مێد تیڤی ، و هه‌ر وه‌ها گوشار بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌کانی تر. تورکییه هێزی ئابووری خۆی ده کارهێنا بۆ وه‌ی نه‌هێلێ مێد تیڤی له هیچ بانکێک له ئوڕووپایێ دا حیسابی هه‌بێ. هێرشی برده سه‌ر خه‌ڵک له کوردستان و له تورکییه ، به تایبه‌تی له کوردستان زه‌بر و زه‌نگی ده‌کار هێنا بۆ ئه‌وه‌ی پێش به ئه‌وانه‌ی بگرێ که ئامرازی وه‌رگرتنی تێلێڤیزیۆنیان به ساتاڵایت ده‌کڕی و بۆ وه‌ی ئه‌و ئامرازانه تێک بشکێنێ. ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و ئامرازانه ده‌فرۆشن سه‌رکوت بکا. جا بۆیه کارتێکه‌ری مێد تیڤی ڕاستییه‌که‌ی زۆرتر سیاسی بوو ، نه‌ک زمانی.
قازی : ئه‌گه‌ر له هه‌ر دووک لاوه ته‌ماشا بکرێ ، یانی چ له ڕوانگه‌ی کورده‌کانه‌وه که ده‌ستیان وه ئامرازێکی ئاوا ، تێکنۆلۆژییه‌کی نوێ ڕاگه‌یشتبوو و چ له ڕوانگه‌ی ههمبهرهکهیانهوه - دیاره لێره دا مه‌به‌ستم رێژیمی ترکییه یه - که نکووڵی له‌هه‌بوونی ئه‌و زمان و ئه‌و کولتووره ده‌کا. به بۆچوونی ئێوه په‌یدا بوونی ساتاڵایت بۆ هه‌ردووکیان ده‌سپێکی گۆڕانێکی ڕیشه‌یی بوو ؟
حه‌سه‌نپوور: ئا ! من پێم وایه. به‌و مه‌عنایه‌ی که تا ئه‌و وه‌خت ، ئه‌و ئامرازه ، ئامرازی تێلێڤیزیۆن و ڕادیۆ له تورکییه هه‌ر بۆ سه‌رکوتکردنی زمانی کوردی و هه‌ر وه‌ها تواندنه‌وه‌ی گه‌لی کورد ده‌کار ده‌هێندرا. مێد تیڤی ئه‌وه‌ی تێک دا. وه‌های تێک داوه، ئه‌وده‌می که ساڵی 1995 بوو ، ئێستا که ساڵی 2004 ه ، نۆ ساڵ دوایه ده‌وڵه‌تی تورکییه‌ی خۆی ئێستا مه‌جبوور بووه ، دیاره پێی خۆش نییه ، به‌ڵام مهجبووه بووه چه‌ند سه‌عاتێک به‌رنامه دانێ.
قازی : وه‌ک ده‌زانین ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی ئاوا کاردانه‌وه‌ی زۆر پۆزیتیڤ و ئه‌رێیی هه‌بووه ، دیاره وه‌کوو ئه‌زموونێک لایه‌نی کز و لاوازیشی هه‌بووه. به بۆچوونی ئێوه لاوازییه‌کانی ساتاڵایتی کوردی ئه‌و ده‌می چ بوو ؟
حه‌سه‌نپوور : مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرینگ له ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی دا ئه‌وه‌یه که تا چ ڕاده‌یه‌ک دێمۆکراتیکه ؟ تاچ ڕاده‌یه‌ک ڕێگا ده‌دا بیر وڕای جۆراوجۆری تێدا باس بکرێ. چه‌ند که‌سێکی تر دوای من باسی مێد تیڤی یان کردووه، زۆربه‌یان ده‌یانه‌وێ بڵێن ، یانی کوتوویانه که مێد تیڤی – دیاره ده‌وڵه‌تی تورکییه‌ش هه‌ر وای گوتووه - ته‌نێ بۆچوونی لایه‌نێک و ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسی – مه‌نزووریان پ‌ک‌ک یه - ده‌ربڕیوه ، ئه‌وان ئاوایان چاو لێکردووه. شتێکی که من له نووسراوه‌کانی خۆمدا نووسیومه ، به به‌راوه‌رد کردنی مێد تیڤی له گه‌ڵ تێلێڤیزیۆنه‌کانی تر، ته‌نانه‌ت تێلێڤیزیۆنی وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکایێ ، یا ئینگلیستان یا تێلێڤیزیۆنی وڵاته ئوڕووپاییه‌کان ، من باسی ئه‌وه‌م کردووه که مێد تیڤی ڕیگه‌ی داوه به بیرورای جیاواز زۆرتر له‌وان . ڕاستییه‌ک هه‌یه؛ سه‌رباقی ئه‌وه‌ی که ئیدیعا ده‌کرێ که له وڵاته ڕۆژئاواییه‌کان ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی ، جا چ ڕۆژنامه و گۆڤار بێ ، چ تێلێڤیزیۆن و ڕادیۆ ، ڕێگه ده‌ده‌ن گشت ڕێبازی فکری و سیاسی تێیاندا بڵاو بێته‌وه ، ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که کراون – لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر کراوه - ، ده‌یسه‌لمێنن ، له هیچکام له‌و وڵاتانه دا هیچ مێدیایه‌ک نابیندرێ که ئاوا ئاواڵه بێ بۆ گشت ڕێبازێک.
بۆ وێنه: ڕێبازی چینی کرێکار. سه‌ر باقی ئه‌وه‌ی چینی کرێکار له‌و وڵاتانه ئیمکاناتی هه‌یه، یه‌که‌تی کرێکارانی هه‌یه، ڕاسته ته‌واوی ئه‌وانه هه‌ن به‌ڵام زۆر که‌م هه‌ڵده‌که‌وێ که له‌وانه دا لێکدانه‌وه‌ی کرێکاری له ڕووداوه‌کانی دنیایێ بکرێ. زۆرتر یا ڕوانگه‌ی لێبێراڵی یه ، یان ڕوانگه‌ی ئی کۆنسێرڤاتیڤ و موحافه‌زه‌کاره. ڕوانگه‌ی تر، ڕوانگه‌ی فێمێنیستی نییه ، ڕوانگه‌ی مارکسیستی نییه ، ڕوانگه‌ی سۆسیالیستی نییه ، ته‌نانه‌ت ڕوانگه‌ی یه‌که‌تی کرێکاری و ئه‌وانه‌شی تێیاندا نابینی. ڕوانگه‌ی ئانارشیستی هه‌ر نییه به یه‌کجاری. جا بۆیه من باسی ئه‌وه‌م کرد که مێد تیڤی زۆرتر کراوه‌وه‌یه، به تایبه‌تی له باری کولتووری کوردییه‌وه. هه‌واڵه‌کانی مێد تیڤی ، به‌شی هه‌واڵی زۆر یه‌ک خه‌تی سیاسی تێدا بوو، یه‌ک ڕوانگه‌ی سیاسی تێدا بوو. به‌ڵام به‌رنامه‌کانی تری کراوهوهتر بوو. ئه‌وه لێکدانه‌وه‌ی من بوو له‌و وه‌ختی دا.
قازی : مامۆستا دوای داخرانی مێد تیڤی ، ساتاڵایتی دیکه‌ی کوردی ده‌ستیان به کار کرد. ماوه‌یه‌کی کورت ساتاڵایتێکی کوردی هه‌بوو له ئوڕووپا ، دواتر له باشووری کوردستان دوو ساتاڵایتی کوردی ده‌ستیان به چالاکی کرد ، پاشان مێدیا تیڤی ومـێزۆپۆتامیا تیڤی و ئێستا ئه‌وه چه‌ند مانگێکه تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ هاتووه‌ته دنیای مانگۆڵه‌ی کوردییه‌وه. نازانم ئێوه به‌رنامه‌کانی ئه‌وانه‌تان هه‌موویان دیوه یان نا ؟ ده‌کرێ لێکدانه‌وه‌یه‌کی گشتی بکه‌ن له سه‌ر ئه‌و ساتاڵایتانه هه‌موویان ؟
حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ، من حه‌ولم داوه ئه‌و گۆڕانانه‌ی که له‌وکاته‌وه په‌یدا بووه ، وه‌دوای بکه‌وم و سه‌ره‌ده‌ری لێ ده‌رکه‌م . دیاره فرسه‌تی وهم نه‌بووه هه‌موان زۆر باش چاو لێبکه‌م. به‌ڵام حه‌ولم داوه بزانم باری ئێستا چییه ؟ ڕاسته‌که‌ی وه‌زع ته‌واو گۆڕاوه. ئیستا چوار تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایت هه‌یه ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێرانیشی لێ زیاد که‌ین که ڕۆژێ 3 سه‌عاته ده‌بێته پێنج دانه. ئه‌وه‌ش دیاره به‌و مه‌عنایه‌یه که ئێستا ڕۆژ تیڤی به ته‌نێ نییه.ده‌بێ زۆر وشیار بێ بزانێ ئه‌وانیدی چ ده‌که‌ن؟ هه‌ر وه‌ها کوردستان تیڤی و کورد ساتیش ده‌بی وابکه‌ن ئاگایان له‌وانی تر بێ. ده‌مه‌وێ بڵێم ....
قازی : مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه بڵێی ئێستا بینه‌ر به‌دیلی هه‌یه ؟
حه‌سه‌نپوور: ئا ! به‌دیل هه‌یه، ئه‌وه‌ش مه‌عنای ئه‌وه‌یه که به‌رنامه‌کان ده‌بێ زۆر باش بن بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر وه‌رگرێ. جاران هه‌رچی بینه‌ری کورد بوو چاوی له مێد تیڤی ده‌کرد و دوایه له مێدیا تیڤی. ئێستا وا نه‌ماوه. بینه‌ری تێلێڤیزیۆنی ئێستا ته‌واو دابه‌ش بووه. بینه‌ری تێلێڤیزیۆنی کورد هه‌م له وڵات ، هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی وڵات. جا بۆیه ئێستا مه‌سه‌له ته‌نیا چه‌ندێتی نییه . ئه‌وه‌ی که چه‌ند سه‌عات به‌رنامه هه‌یه، ڕۆژ تیڤی چه‌ند سه‌عات به‌رنامه‌ی هه‌یه ؟ یا چه‌ند جوور به‌رنامه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه ؟ مه‌سه‌له‌ی چۆنێتی ش هه‌یه. چونێتی ئه‌و به‌رنامانه گرینگه، – که ئه‌وه زمان ده‌گرێته‌وه ، ناوه‌رۆکی سیاسی و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێته‌وه - ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی مۆسیقا بێ ، چ سازێک له‌و به‌رنامه‌یه دا هه‌یه ؟ کێ ئه‌و سازانه ده‌کار دێنێ ؟ گۆرانیبێژه‌که کێیه ؟ ته‌واوی ئه‌وانه ئێستا ده‌ورێکی زۆر گرینگ ده‌گێڕن. ئێستا بینه‌ری کورد ته‌نیا له به‌ر مه‌به‌ستی سیاسی نییه که چاو له تێلێڤیزیۆنی کوردی ده‌کا. ئێستا مه‌سه‌له‌ی چۆنێتیش هه‌یه که چی لێوه‌رده‌گرێ !
قازی : له به‌ر ئه‌وه‌ی پشکی جۆر به جۆری له به‌ر ده‌ست دایه ، بۆیه ؟
حه‌سه‌نپوور: وایه ! پشکی جۆر به جۆری هه‌یه! ئه‌وانه‌ی کوردستان دیاره یه‌کیان تێلێڤیزیۆنی یه‌که‌تی نیشتمانی و ئه‌ویتر ئی پارتی دێمۆکراته. دیاره ڕێبازی سیاسی ئه‌و دوو حیزبانه له‌واندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. بینه‌ری کورد وه‌ک بینه‌ری گشت وڵاتانی دنیایێ زۆر تێگه‌یشتووه ، زۆر باش تێده‌گا دنیا چۆنه. زۆر باش ده‌زانێ جیاوازییه‌کان کامانه‌ن. ئه‌وانه‌ی که ئه‌و به‌رنامه تێلێڤیزیۆنییانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن ، ده‌بێ بزانن که له گه‌ڵ بینه‌ری زۆر وشیار و تێگه‌یشتوو ڕووبه‌ڕوون.
قازی : پێم خۆش بوو هێندێک له‌باری نه‌زه‌رییه‌وه بدوێی .پێوانه‌ی هه‌ره کاریگه‌ر له وڵاتانی ئوڕووپایی و کانادا بۆ ئاگاداربوون له بۆچوونی بینه‌ران و هه‌ڵسه‌نگاندنی دیتنیان چییه ؟
حه‌سه‌نپوور :ئه‌و باسه له مێژه کراوه که بینه‌ر حاکمییه‌تی هه‌یه. باسی ده‌سه‌ڵاتی بینه‌ر ده‌که‌ن. من خۆم زۆر پێم وانییه که ئه‌وه وابێ. ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بینه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی تێلێڤیزیۆنی پێ خۆش نه‌بێ، - جاران دهیکووژاندهوه و یا ده‌چووه سه‌ر کاناڵێکی دی – ئێستا نزیکه‌ی 100 کاناڵی له به‌ر ده‌ست دایه و چاو له جێیه‌کی دی ده‌کا. له به‌ر وه‌ی ده‌ڵێن هه‌ر تێلێڤیزیۆنێکی بینه‌ری نه‌بێ، مه‌جبووره به‌رنامه‌که‌ی بگۆڕێ ، یا لای با یا باشتری کا. من بڕوام به حاکمییه‌تی بینه‌ر نییه. چونکه زۆر شتی تر ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی به‌ینی بینه‌ر و به‌ینی تێلێڤیزیۆن پێچه‌ڵپێچ ده‌کا. له‌و وڵاتانه به‌عزه ڕێکخراوه‌یه‌ک هه‌ن که کاریان ئه‌وه‌یه بزانن هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ی چه‌ند بینه‌ری هه‌یه ؟ ئه‌و بینه‌رانه‌ی چاو لێده‌که‌ن ته‌مه‌نیان چه‌نده ؟بینه‌ری گه‌نجن ؟ منداڵن ؟ بێنه‌ری ته‌مه‌ندارن ؟ ژنن ؟ پیاون ؟ له باری چینایه‌تییه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندن ؟ هه‌ژارن ؟ یا هه‌رچۆنێکی هه‌ن. شێوه و مێتۆد و تێکنۆلۆژی لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به بینه‌ر زۆر پێشکه‌وتووه.
له تێلێڤیزیۆنی کوردی دا ئێمه شتی وامان نییه ! به‌ڵام ، دیسان ڕێگه‌ی هه‌یه، خه‌ڵک ته‌له‌یفوون ده‌که‌ن ، ده‌کرێ له ڕۆژنامه‌کاندا شت بنووسن . نامه ده‌نووسن ، ئیمهیل ده‌نێرن. به‌وانه ڕا ده‌کرێ تا ڕاده‌یه‌ک بزانین که بینه‌ر چۆن فکر ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئه‌و شێوانه‌ی که له‌و وڵاته ڕۆژئاواییانه باو بوون ، ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌کار بێنین زۆر باش ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن بینه‌ران ده‌ڵێن چی ؟
قازی :شێوه‌که‌ی چۆنه ؟ چ ده‌که‌ن ؟ چۆن ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی بینه‌ران هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ ؟
بۆ وێنه بابڵێین تێلێڤیزیۆنی ئیکس و ئیگرێک له وڵاتی بریتانیا یان له وڵاتی کانادا به چ ڕێگه‌یه‌ک دا ده‌توانن بزانن فڵان به‌رنامه ڕه‌یتینگی له سه‌ره‌وه‌یه و چۆن ئه‌وه دیاری ده‌که‌ن ؟
حه‌سه‌نپوور : جاران ڕێگایه‌کی ئه‌وه بوو ته‌له‌یفوونیان ده‌کرد. . له کاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌ک دا ته‌له‌یفوونیان ده‌کرد بۆ جێگای جۆاروجۆر لێیان ده‌پرسین ئه‌و به‌رنامه‌یه ته‌ماشا ده‌که‌ن یان نا ؟ یا چ به‌رنامه‌یه‌ک چاو لێده‌که‌ن ؟ لازم نه‌بوو له ته‌واوی خه‌ڵک پرسن. به شێوه‌ی ئاماری ده‌یانکرد. ئامار عیلمێکی زۆر پێشکه‌وتووه مه‌به‌ستم ستاتێستیکس ه. به‌و شیوه‌یه نموونه‌یان وه‌رده‌گرت له سه‌دایه‌کی بینه‌ران . ئاوا حیسابیان ده‌کرد که بۆ هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک چه‌ند بینه‌ر هه‌یه ؟ دوایه ئه‌وه‌یان زۆر به‌ربڵاوتر کرد. پرسیاری دیشیان ده‌کرد . تۆ که خه‌ریکی ئه‌و به‌رنامه‌یه ده‌بینی ژنی یا پیاوی ؟ ته‌مه‌نت چه‌نده ؟ له کوێ ده‌ژی؟ ئێستا ئه‌ڵبه‌ته تێکنۆلۆژی تازه لێره‌وپاش ڕێگه ده‌دا به‌وه‌ی که به شێوه‌یه‌کی ئێلێکترۆنیک ئه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندرێ. ئه‌و که‌سانه‌ی که چاو له تێلێڤیزیۆن ده‌که‌ن ده‌زگایه‌ک له سه‌ر تێلێڤیزیۆن داده‌نێن که بزانن چه‌ند که‌س چاو له‌وه ده‌کا. تێکنۆلۆژییه‌که ئێستا زۆر گۆڕاوه؛ به‌ڵام بنچینه‌که‌ی ئامار وه‌رگرتنه له‌وه‌ی که چه‌ند که‌س چاوی لێده‌که‌ن.
قازی : بێینه سه‌ر نێوه‌رۆکی به‌رنامه‌کانی ئه‌و ساتاڵایته کوردیانه. به گشتی چۆنیان ده‌نرخێنن ؟ پێتان وایه ئه‌و باس و بابه‌تانه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری دا هه‌ن ئه‌وانه له تێلێڤیزیۆنه‌کاندا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه ؟
حه‌سه‌نپوور : ئه‌من پێم وایه ، تێلێڤیزیۆنه کوردییه‌کان ، ئه‌وانه‌ی که باسیان ده‌که‌ین، ڕاستییه‌که‌ی زۆر لایان نه‌داوه له‌و ڕێبازه‌ی که ڕۆژنامه‌کانی کوردی هه‌یانبووه. ئه‌وانیش زۆریان لا نه‌داوه له ڕێبازی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی که له‌و وڵاتانه دا بووه، له عێراق ، له تورکییه ، له ئێران و سوورییه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که هێشتا ئێمه ناتوانین بڵێین ئامرازێکی ڕاگه‌یاندنی گشتیمان هه‌یه که به ڕاستی ، ته‌واو ڕێبازی جۆراوجۆر و بۆچوونی سیاسی جیاوازی تێدا ڕه‌نگ بداته‌وه و ڕێگه بدا به هه‌موان !
قازی : مه‌به‌ستم ته‌نێ بابه‌تی سیاسی نه‌بوو. مه‌به‌ستم بواره‌کانی دیکه‌یه ، وه‌کوو لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی. گه‌ڵۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی که له ساتاڵایتهکاندا ڕه‌نگ ناداته‌وه چییه ؟
حه‌سه‌نپوور : مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که چ ڕێبازێک ڕه‌نگ ناداته‌وه ؟
قازی : نا ! مه‌به‌ستم ڕێباز نییه !
حه‌سه‌نپوور : مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که چ کێشه‌یه‌ک ، چ بابه‌تێک ڕه‌نگ ناداته‌وه ؟
قازی : به‌ڵێ !
حه‌سه‌نپوور : بۆ وێنه قه‌تڵی نامووسی ، زه‌بروزه‌نگ له ژنان . خۆکوژی ژنان که زۆر باوه له چه‌ند پارچه‌ی کوردستان، که ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش دیتراوه. مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه تێلێڤیزیۆن به چ شێوه‌یه‌ک باسی ئه‌و جۆره بابه‌تانه ده‌که‌ن ؟
قازی : به‌ڵێ ! چۆنی باس ده‌که‌ن و به بۆچوونی ئێوه شتی که‌باسی ناکه‌ن چییه و ئه‌وه‌ی ده‌بێ باسی بکه‌ن چییه ؟
حه‌سه‌نپوور: من پێم وایه زۆر شت باس ناکه‌ن. یه‌کیان ئه‌و نموونه‌ی که هێنامانه‌وه؛ زه‌بروزه‌نگ له ژنان، ئه‌وجۆره‌ی که پێویسته باسی ناکه‌ن. زۆرتر له ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستی یه‌وه چاوی لێده‌که‌ن.
قازی : دیاره لێره دا ئه‌من ده‌بێ به‌رگرییه‌ک بکه‌م له ڕۆژ تیڤی. له ڕۆژ تیڤی دا به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه که له لایه‌ن ژنانه‌وه ئاماده ده‌کرێ و سه‌باره‌ت به دۆزی ژنانه ! له‌و به‌رنامه‌یه دا ئه‌و شتانه‌ی که گۆیا له کۆمه‌ڵگه‌دا بڤه‌نه زۆر به ڕاشکاوی دێنه گۆڕێ.
حه‌سه‌نپوور : ده‌زانم ! له پێشداش به‌رنامه‌ی وا هه‌بووه له تێلێڤیزیۆنه‌کانی تریشدا. به‌ڵام ئه‌وه کافی نییه. به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی ژنان بۆ باسی کێشه‌یه‌کی ئاوا گرینگ به‌س نییه ، به‌ش ناکا. ده‌بێ له ته‌واوی به‌رنامه‌کاندا [ ئه‌وه ڕه‌نگ بداته‌وه] . بۆ وێنه هه‌ر له ژنێریکی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ڕوانگه دا ( ته‌مه‌شای مۆنیتۆر ده‌کا ) ، من ئێستا نازانم ده‌بیندرێ یان نا ؟ ئا ، ئه‌وه‌تا؛ له وێ ژنێکی تێدایه منداڵێکی له باوه‌ش گرتووه ، له‌ولاش ژنێکی تێدایه هه‌ر وا ڕاوه‌ستاوه، بێکار و بێبار، هه‌ر وا له‌وێ ڕاوه‌ستاوه که کابرای وێنه‌هه‌ڵگر وێنه‌یه‌کی لێ هه‌ڵگرێ ، بزانێ ژنێکی کورد چۆنه ؟ به‌ڵام پیاوێک له‌وێ دانیشتووه ! ئه‌وه‌ی که ژن له گه‌ڵ منداڵ هه‌میشه [ به‌یه‌که‌وه‌ن]، ئێمه له زمانی کوردی‌دا ده‌ڵێین ژن و منداڵ . وه‌ها ئه‌وانه پێکه‌وه‌ن که گۆیا ژن ناتوانێ هیچ کارێکی دی بکا بێجگه‌له‌وه‌ی منداڵی گه‌وره بکا. با بۆ وێنه ڕۆژ تیڤی حه‌فته‌ی ده به‌رنامه‌ی هه‌بێ سه‌باره‌ت به ژنی کورد ،ئه‌گه‌ر ژنی کورد ئاو نیشان دا باش نییه. ده‌بێ بینه‌ری ڕۆژ تیڤی ، بیروڕای خۆی ده‌ربڕێ که ئه‌وه شتێکی باش نییه. ئێمه ژنمان هه‌یه له پارلمان دان ، هه‌م له ئوڕووپایێ ، هه‌م له تورکییه ، له‌یلا زانامان هه‌یه ، ژنی وامان هه‌یه دوکتورن ، مامۆستای مهدرهسهکانن، مامۆستای زانکۆن ، ژنی موهه‌ندیسمان هه‌یه، ژنی وامان هه‌یه فه‌رمانده‌ی عه‌سکه‌رییه، ژنی وامان هه‌یه له سیاسه‌ت دایه. کاتێک ژنی کورد ئاوایه، بۆچی له " ڕوانگه " دا ، ژن له گه‌ڵ منداڵێک ، بێده‌سه‌ڵات ، که کاری هه‌ر ئه‌وه‌یه ، بۆ ئاوا نیشان ده‌درێ ؟
قازی :با شه ئه‌م دیمه‌نه ده‌کرێ ئه‌وه‌ی لێ بخوێندرێته‌وه ؟ ناکرێ ئه‌وه‌ی لێ بخوێندرێته‌وه که دایک منداڵی خۆی خۆش ده‌وێ و منداڵی خۆی ده باوه‌ش گرتووه ؟
حه‌سه‌نپوور :نا ! ناکرێ. ئه‌وه به ڕاستی ناکرێ. چونکه له کورده‌واریدا من پێم وایه تا ئێستاش کولتوورێکی ته‌واو پیاومه‌زنانه (پاتریارکاڵ) هه‌یه. کولتوورێکی دژی پیاومهزنیشی تێدا په‌یدا بووه. ئه‌وه ئه‌و به‌شه‌ی کولتووری کورد که ژنی کورد و هه‌ر وه‌ها تا ڕاده‌یه‌کیش پیاوی کورد خه‌بات ده‌که‌ن له دژی پیاومه‌زنی و ئه‌و باسانه‌یان هێناوه‌ته گۆڕی ، ئه‌وه له‌وان وه‌دوا که‌وتووه. ئه‌وه نیشان نادا.
دیاره ژن منداڵی خۆی خۆش ده‌وێ، بابیش منداڵی خۆی خۆش ده‌وێ. به‌ڵام بۆچی ئه‌وه هه‌ر ژنه که له‌گه‌ڵ منداڵ [نیشان ده‌درێ ] ؟ قه‌تت بیستووه بڵێن پیاو و منداڵ ؟ من که نهم بیستووه بلێن پیاو و منداڵ. هه‌میشه ژن و مناڵ . ئه‌و ژن و مناڵانه. ژن و مناڵیان هه‌میشه وه‌ده‌رناوه. کۆبوونه‌وه‌ی پیاوان ڕێیان نه‌داوه ژن و منداڵ بێن. ئاوا نه‌بووه که منداڵ ڕێ ناده‌ین. ژنیشیان ڕیگا نه‌داوه.
قازی: باشه ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وه گرێ بده‌ینه‌وه له ساتاڵایتهکان ، له مانگۆڵهکان ! چۆنی ده‌توانین گرێ بده‌ینه‌وه ؟ به بۆچوونی ئێوه وه‌کوو که‌سێکی پسپۆڕ چ لایه‌نێکی دیکه هه‌یه که ده‌بێ زیاتر گرینگی پێ بدرێ ؟
حه‌سه‌نپوور : به‌رنامه‌کان ته‌نیا گرینگی ده‌ده‌ن به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی. دروسته که گه‌لی کورد زوڵمی لێده‌کرێ، ژێنۆسیدی لێکراوه، زمانه‌که‌ی ده‌کووژرێ، کولتووره‌که‌ی ده‌کووژرێ. به‌ڵام باسی وه‌ی ناکه‌ن ، گرینگی به وه‌ی ناده‌ن [ که کورد ] له ناو خۆیدا زوڵم و زۆری لێده‌کرێ. باسی وه‌ی ناکه‌ن جووتیاری کورد چ به‌ڵایه‌کی به سه‌ر هاتووه له پڕۆسه‌ی له ناوبردنی چوارهه‌زار گوندی کوردستان له تورکییه، چوار هه‌زار گوندی کوردستان له عێراق. بنچینه‌ی ژیانی کورد له دێهاتدا ، له گونده‌کاندا تێک دراوه ، شێواوه.
له پڕۆسه‌ی ئه‌نفال دا له‌و قه‌تڵ و کوشتاره‌ی له کوردستانی تورکییه دا کراوه ، ئه‌من ئه‌ویش به ژێنۆسید داده‌نێم . ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک کردوویه له کوردستاندا. ژیانی وانه چییه ؟ بۆ ئێمه له‌و تێلێڤیزیۆنانه دا باسی وه‌ی نابیستین که ژیانی جووتیاری کورد چۆنه ؟ به ژن و پیاوه‌وه. باسی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان ، چینی کرێکار له کوردستان ده‌کرێ؟ کۆمه‌ڵگه‌ی کورد گۆڕاوه. کرێکاری کورد چ پێوه‌ندییه‌کی هه‌یه له گه‌ڵ کرێکارانی تر له‌و وڵاتانه ؟ ئێستا که ئه‌و گشته خه‌ڵکه له دێهات ڕا ئاواره‌ی شاره‌کان بوون ژیانیان چۆنه ؟ دیاربه‌کر ئێستا جێگایه‌که که خه‌ڵکێکی زۆری له گونده‌کانی کوردستانی تێدایه. به‌ڵام له نێو ئه‌و شاره‌ش دا ، له پێشدا خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی نێوشار که جووتیار نه‌بوون ده‌ژین . پێوه‌ندی وانه چییه ؟ پێوه‌ندی خه‌ڵکی کوردی ئیستامبوڵ ، شارێکی هه‌ره گه‌وره‌ی کورده، به‌و مه‌عنایه‌ی که کوردێکی زۆری تێدایه ! به‌غداش کوردێکی زۆری تێدا . ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وانه‌ش ده‌کرێ، زۆرتر باسی شتی تر ده‌کرێ. ژیانی ئابووری وانه ، چه‌وسانه‌وه‌ی وانه ، ئه‌و شتانه زۆر که‌م باس ده‌کرێ.
قازی: ڕێزدار حه‌سه‌نپوور ئێوه پێویستی هاوکاری ئه‌و مانگۆڵه کوردییانه چۆن ده‌بینن ؟
له وڵاتێکی وه‌ک کانادا ، یان ئه‌مریکا وه‌ک ئاگادارن دوو ده‌زگای تێلێڤیزیۆنی که له‌وانه‌یه به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیش بپارێزن به‌ڵام، به جۆرێک هاوکاری له گه‌ڵ یه‌کدی ده‌که‌ن.
حه‌سه‌نپوور : پێم وایه زۆر پێویسته ئه‌و هاوکارییه ببێ.
قازی : زیاتر له چ زه‌مینه‌یه‌ک دا ؟
حه‌سه‌نپوور : له بواری ئه‌وه‌یدا که ته‌جره‌به‌ی یه‌کتری لێک بده‌نه‌وه. بڵێن ئێوه تهجرهبهتان له‌و بابه‌ته دا چییه ؟ بینه‌ری ئێوه ده‌ڵێن چی ؟ بینه‌ری ئێمه ئاوا ده‌ڵێن . له سه‌ر نێوه‌رۆکی به‌رنامه‌کانیش ده‌کرێ بیروڕا ئاڵوگۆڕ که‌ن. ڕۆژ تیڤی ئه‌و ئیمکاناته‌ی نییه که کورد سات و کوردستان تیڤی هه‌یانه. ئه‌وان ئه‌و ئیمکاناته‌ی که ڕۆژ تیڤی هه‌یه‌تی نیانه_ گه‌رچی ئه‌وانیش ئیمکانی ئه‌وه‌یان هه‌یه له گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێوه‌ندییان هه‌بێ _
، به‌ڵام جیاوازی ئاوا هه‌یه له نێو ئه‌و تێلێڤیزیۆنانهدا. ئه‌و جووره هاوکارییانه و زۆر هاوکاری تر ده‌توانێ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی یه‌کتری بده‌ن له باری کولتووری و زمانی و له بواری تێکنیکی تێلێڤیزیۆنیشهوه ده‌ستکه‌وتیان هه‌بێ. هه‌ر وه‌ها، ئه‌وانه ده‌بێ پێوه‌ندییان هه‌بێ له گه‌ڵ تێلێڤیزیۆنی گه‌لانی تر که وه‌ک گه‌لی کوردن ، وه‌کوو گه‌لی باسک. مێد تیڤی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی هه‌بوو. بۆ وێنه تێلێڤیزیۆنی باسک یارمه‌تی ده‌دا به مێد تیڤی. یا، گه‌له بوومییه‌کانی کانادا ، ئه‌مریکا و ئوسترالیا، ئی سوێد. ئه‌وانه گه‌لی وان که ده‌وڵه‌تی خۆیان نییه به‌ڵام ، ئێستا ده‌ستیان گه‌یشتووه‌ته تێلێڤیزیۆن، به تایبه‌تی تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایت.
تێلێڤیزیۆنی وڵاته ڕۆژئاواییه‌کان یا ئی ئێران ، عێراق و تورکییه زۆر که‌م باسی گه‌له بوومییه‌کانی کانادا ، ئه‌مریکا ، ئه‌مریکای لاتین یا ئوسترالیا ده‌که‌ن. به‌ڵام تێلێڤیزیۆنی ئه‌و گه‌له بوومیانه به‌رنامه‌ی زۆر باشیان هه‌یه. تێلێڤیزیۆنه کوردییه‌کان ده‌کرێ ئه‌و به‌رنامانه وه‌رگرن و بڵاویان که‌نه‌وه . ڕۆژ تیڤی ، کوردستان تیڤی یا کوردسات نابێ هه‌رچاویان له تێلێڤیزیۆنه گه‌وره‌کانی ئه‌مریکا و ئینگلیستان بێ . ده‌بێ پێوه‌ندی دابنێن ، هاوفکری بکه‌ن و یارمه‌تی وه‌رگرن له تێلێڤیزیۆنی ئه‌و گه‌لانه‌ی که ده‌وڵه‌تیان نییه ، گه‌لی بێده‌وڵه‌ت.
قازی: پێشتر گوتتان که کارتێکه‌ری هه‌ره گرینگی ساتاڵایت له سه‌ر کومه‌ڵگه‌ی کوردی له باری سیاسییه‌وه بووه . ئه‌ی شوێندانانی ئه‌وانه له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ؟
حه‌سه‌نپوور : له لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه ده‌وری زۆر گرینگ‌یان گێڕاوه ، به‌ڵام هێشتا زه‌حمه‌ته بگوترێ که ئه‌و ته‌ئسیره چ بووه. ته‌ئسیری ساتاڵایت له باری سیاسییه‌وه فه‌وری بوو.مێدتیڤی که هاته گۆڕێ ، ده‌وڵه‌تی تورکییه ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی بێته گۆڕێ واته ئه‌و کاته‌ی که بۆ تاقیکردنه‌وه به‌عزه به‌رنامه‌یه‌کی بڵاو ده‌کردوه له دژی ده‌ست به‌کار بوو. به‌ڵام مێد تیڤی کاری خۆی کرد. ده‌وری سیاسی ساتاڵایت زۆر ئاشکرا بوو. له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه وا به هاسانی لێک نادرێته‌وه. به‌ڵام، من پێم وایه له‌و بابه‌ته‌شه‌وه ده‌ورێکی گرینگی گێڕاوه. بۆ وێنه له باری مۆسیقاوه من پێم وایه تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایت ده‌ورێکی گرینگی گێڕاوه، هه‌روه‌ها له‌وه‌یدا که هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی ، ئی ناوچه جیاوازه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک تێکه‌ڵاو بێ. شێوه‌ی جلوبه‌گ ، به تایبه‌تی جلوبه‌رگی ژنان گۆڕانی تێدا په‌یدا بووه. تێکه‌ڵاوبوونی به‌شه جیاوازه‌کانیان پێوه دیاره. پێم وایه له‌و بابه‌تانه‌وه ده‌کرێ بڵێین ئه‌و ته‌ئسیرانه ئێستا به‌دی ده‌کرێ. دیاره من ئیمکانم نه‌بووه زۆری لێبکۆڵمه‌وه، خۆم تێیدا بم . نازانم زیاتر له‌وه چ ده‌ورێکیان هه‌بووه.
قازی : ئێوه وه‌کوو پسپۆڕێکی کامیونیکه‌یشنز پێتان وایه ئه‌و مانگۆڵه کوردییانه به چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانن له تێئۆری تازه له‌و بواره دا که‌لک وه‌ربگرن ؟
حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه‌ی بڵێم که تێئۆری میدیا و تێلێڤیزیۆن زۆر پێشکه‌وتووه. دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م. لێکدانه‌وه‌ی میدیا ، له پێشداش هه‌بووه ، ئی فیلم و ڕۆژنامه و هه‌ر وه‌ها کتێب ، به ڵام دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، دیپارتمانی لێکۆڵینه‌وه‌ی کامیونیکه‌یشنز -لێدوان و دواندن و ئه‌وه ئه‌گه‌ر بکه‌ین به کوردی _ ، ئه‌وانه زۆر په‌یدا بووه. له ئه‌مریکایه ئه‌وه‌ل ئه‌وه په‌یدا بوو، دوایه له کانادا و وڵاته ئوڕووپاییه‌کان. زانیارییه‌کی یه‌کجار زۆر هه‌یه.ئێستا تێئۆری میدیا و کامیونیکه‌یشنز زۆر پێشکه‌وتووه. مێتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ش زۆر هه‌یه. گۆڤارێکی یه‌کجار زۆر هه‌یه. لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به تێلێڤیزیۆن و ڕادیۆ زۆر هه‌یه. چه‌ند ئێنساکلۆپیدیا ( دایره‌تولمه‌عاریف) هه‌یه. من خۆم پێنج نووسراوه‌م هه‌یه له دایره‌تولمه‌عاریفی تێلێڤیزیۆن دا که له ساڵی 1997 له ئه‌مریکا بڵاو بووه‌ته‌وه.
قازی :ئه‌و نووسراوانه له سه‌ر چن ؟
حه‌سه‌نپوور: یه‌کیان باسی زمان و تێلێڤیزیۆنه به گشتی. ئه‌ویتر باسی ساب تایتڵینگ یان ژێر نووسه له تێلێڤیزیۆن دا. باسێکی تریان ئه‌وه‌یه که له جیاتی ساب تایتڵینگ له تێلێڤیزیۆن دا ، ڤۆیس ئۆڤر بکرێ، واته به‌رنامه‌یه‌کی که به زمانێکی تره ، ئێمه ده‌مانه‌وێ بیکه‌ینه کوردی ، له جیات ئه‌وه‌ی له ژێره‌که‌ی بنووسین به قسه ده‌یڵێین .
قازی : ده‌نگی ئه‌سڵی کز ده‌کرێ و ده‌نگه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌خرێته سه‌ری .
حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ. پێنج نووسراوه‌ی ئاوام له‌وێدا نووسی که له یه‌کێکیاندا باسی تێلێڤیزیۆنی کوردیشم کردووه. زۆر باسی تێئۆریک هه‌ن ، ئه‌وانه‌ی که له کاری میدیا دان ، له کاری تێلێڤیزیۆن دان ، ده‌توانن به خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه و باس لێیان ڕابێن.
له کاناڵێکی تێلێڤیزیۆنی دا ده‌بێ شتێک دروست بکرێ ، پێوه‌ندییه‌ک دروست بکرێ له گه‌ڵ ئه‌و جۆره زانیارییانه. شت بخوێندرێته‌وه و بنووسرێ. خۆتان ده‌توانن له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته شت بنووسن و له گۆڤاره‌کاندا بڵاویان بکه‌نه‌وه.
قازی: ئێوه باسی ژێرنووس واته سابتایتڵینگ تان کرد. بۆ تێلێڤیزیۆنی کوردی پێتان وایه کاتێک به‌رنامه‌یه‌ک به شێوازێک له کوردی پێشکێش ده‌کرێ ، به شێوازێکی دیکه له سه‌ر شاشه بنووسرێ ؟ یان بۆ وێنه ئه‌گه‌ر فیلمێک بڵاو ده‌کرێته‌وه به زمانی ماک بێ و سابتایتڵی هه‌بێ ، ئه‌وه چۆن ده‌بینن ؟
حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه‌ش بۆخۆی زۆر مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسییه. به‌عزه وڵاتێک که ده‌یانه‌وێ زمانی خۆیان بپارێزن وه‌ک فه‌ڕانسه ، ئه‌وان ژێرنووسیان زۆر پێ باش نییه. ئه‌وان فیلمه‌که ده‌که‌نه فه‌ڕانسه‌یی. ئه‌و فیلمه‌ی که له تێلێڤیزیۆن دا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، چ به‌ڵگه‌یی بێ ، چ فیلمی سینه‌مایی بێ پێیان خۆشه بیکه‌ن به زمانی فه‌ڕانسه. به‌عزه وڵاتێک وه‌ک سوێد ژێرنووسیان پێ باشه، چونکه زۆر ده‌ربه‌ستی وه‌ی نین ، پێیان وا نییه زمانی سوێدی به‌وه‌ی له ناو ده‌چێ. جا له کوردی‌دا دیسان ده‌بێته مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی. ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک به کرمانجی بێ، ئه‌من پێم وایه هیچ ئیرادی نییه ژێرنووسی سۆرانی هه‌بێ یا پێچه‌وانه‌ی وه‌ی بێ. ئه‌وه دوو له‌هجه‌کان لێک دوور ناکاته‌وه.
قازی: کاتمان که‌م ماوه. وه‌ختابوو شتێکی زۆر گرینگم له‌بیرچێ لێتان پرسم. به‌ڵام ، وه‌بیرم هاته‌وه، ئه‌ویش شێوه‌ی پێوه‌چارانه به خه‌به‌ر و ده‌نگووباس له‌و ساتاڵایته کوردییانه‌دا. ئێوه پێتان چۆنه ؟
حه‌سه‌نپوور: لێیان ڕازی نیم له هیچکامیان .
قازی : بۆ ؟
حه‌سه‌نپوور: پێم وایه ڕێبازی سیاسی و حیزبایه‌تی زۆریان تێدایه.
قازی: له‌باری زمانی خه‌به‌رییه‌وه چۆنن ؟
حه‌سه‌نپوور: له باری زمانییه‌وه دیسان زۆر جیاوازن. ڕاستییه‌که‌ی ئێستا ناتوانم شتێک بڵیم که له سه‌ر هه‌رچواریان بێ.
قازی : پێشتر باسی ئه‌وه‌تان کرد که پێوه‌ندی تێلێڤیزیۆن له گه‌ڵ بینه‌ران پێوه‌ندییه‌کی زاره‌کییه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه پێتان وایه خه‌به‌ر ده‌بێ کورت بێ ، ڕسته ساده بێ ؟ چۆن بێ ؟
حه‌سه‌نپوور: له‌وباره‌یه‌وه‌ش ئه‌و کاناڵانه‌ی هه‌مانه لاسایی شێوه‌ی داڕشتنی ئه‌و خه‌به‌رانه ده‌که‌نه‌وه که له تێلێڤیزیۆنی ترکییه، ئێران و عێراق دا هه‌یه، که ئه‌وانیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر لاسای وڵاته ڕۆژئاواییه‌کان ده‌که‌نه‌وه.له گێڕانه‌وه‌ی خه‌به‌ر دا ، خه‌به‌ر هه‌ر خه‌به‌ر نییه. له‌و وڵاتانه ئێستا زۆرتر دووبه‌شی له‌یه‌ک جوێ ده‌که‌نه‌وه. لێکدانه‌وه‌ی خه‌به‌ر له خه‌به‌ر جوێ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه ده‌کرێ تاڕاده‌یه‌ک تێکه‌ڵ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که خه‌به‌ره‌که ده‌بیستێ، هه‌م فرسه‌تی وه‌ی هه‌بێ بزانێ ڕووداوه‌که چییه و هه‌م تا ڕاده‌یه‌ک لێکدانه‌وه‌ی تێدابێ.له تێلێڤیزیۆنه‌کاندا له باری زمانییه‌وه جیاوازی ناوچه‌یی و حیزبی تیدا هه‌ست پێده‌کرێ. تێلێڤیزیۆنی کوردسات به‌عزه وشه‌یه‌ک ده‌کاردێنێ که ئه‌ویتر ده‌کاری ناهێنێ.ئه‌وه له چاپه‌مه‌نییه‌کانیشدا تا ڕاده‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێ.
قازی : پێتان وایه زمان ئه‌و بواره بێ که ساتاڵایتهکان بتوانن هاوکاری یه‌کتری بکه‌ن ؟
حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ به‌تایبه‌تی له‌و بواره دا ده‌بێ هاوکاری بکه‌ن.
قازی : ئیدی کاتمان نه‌ماوه. زۆر سپاس بۆ به‌شداریتان ، هیوادارم له لێکۆڵینه‌وه و له ژیانی خۆتاندا هه‌میشه سه‌رکه‌وتوو بن.
حه‌سه‌نپوور: منیش زۆر مه‌منوونم به‌و ده‌رفه‌ته‌ی که داتانمێ قسه له‌گه‌ڵ ئێوه و بینه‌ران بکه‌م.
قازی : زۆر سپاس ! بینه‌رانی خۆشه‌ویست لێره دا ده‌گه‌ینه کۆتایی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ڕوانگه‌ش. هه‌تا ڕوانگه‌یه‌کی دیکه ماڵتان ئاوا بێ !
No comments:
Post a Comment