هاوپرسه‌کی له گه‌ڵ زانا و بیرمه‌ندی ئێرانی داریوشی ئاشووری سه‌باره‌ت به کاره‌کانی له بواری وه‌رگێڕان و فه‌لسه‌فه دا
هاوپرسه‌کی له گه‌ڵ داریووشی ئاشووری زانای ئێرانی
مامۆستا ! زۆر به‌خێر بێن بۆ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ و به‌رنامه‌ی ڕوانگه !
ئاشووری : زۆر سپاسی لوتفتان ده‌که‌م. منیش خۆشحاڵم که لێره‌مه !
قازی: به‌ر له هه‌موو شت له‌وه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین. ئه‌من له یه‌کێک له نووسینه‌کانی ئێوه دا خوێندمه‌وه ، سه‌باره‌ت به ره‌چه‌ڵه‌کی خۆتان ده‌ڵێن که سه‌رده‌مایه‌ک باب و باپیری ئێوه له کوردستانه‌وه هاتوونه‌ته قه‌زوێن، و ئه‌مه‌ش به پاڵپشتی شه‌جه‌ره‌نامه‌یه‌ک ده‌ڵێن که له ماڵه خۆتان دیتووتانه و مامتان ڕایگرتووه.
پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه، گه‌لۆ ئه‌و پێوه‌ندییه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به گشتی عه‌لاقه‌یه‌کی تایبه‌تیتان سه‌باره‌ت به کوردان تێدا پێک بێ ؟
ئاشووری : هه‌ڵبه‌ت وه‌ک ده‌زانی ، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه چه‌ندین وه‌ج له‌مه‌وبه‌ر و من له سه‌ر کو‌لتوور و زمانی کوردی ، ئاشکرایه شتێک نازانم یان شتێکی زۆر که‌م ده‌زانم. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و به‌پرسیارییه له سه‌ر پاشناوی ئاشووری ، که ئه‌وه له کوێوه هاتووه ، و دواتر زانینی ئه‌وه‌ی که له کوردستان پاشناوی ئاشووری فره‌یه ، و ئه‌وه‌ش که مامم له ده‌ستخه‌ته‌کانی دا نووسیبووی که جه‌دی گه‌وره‌ی ئێمه چه‌ندین وه‌ج له‌مه‌وبه‌ر له کوردستانه‌وه کۆچی کردبوو بۆ قه‌زوێن دیاره به‌پرسیاری و جۆره هه‌ستێک ده‌ورووژێنێ له ئینساندا.
ئه‌و هه‌ستی هاوخوێنییه، هاوڕهگهزبوونهش ، به هه‌ر واتایه‌ک بێ هه‌یه. دیاره جگه له‌وه‌ش که ئێمه وه‌کوو ئێرانی جیاوازییه‌ک له نێوان خۆمان و کوردان دا نابینین و کوردان له خۆمان ده‌زانین وه‌کوو ئێرانی، جا ئێستا ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین ڕیشه‌ی ڕه‌گه‌زی ، به‌ڵام ریشه‌ی زمانی ، کولتووری هاوبه‌ش ده‌نێوماندا هه‌یه و ئه‌و پێوه‌ندییانه هه‌ن.
قازی : به‌ڵام، هه‌ر له هه‌مان نووسیندا ، له جێیه‌کدا ده‌ڵێی هه‌بوون که‌سانی ئه‌وتۆ که ئێوه‌یان به ئاسۆری داناوه! ئیواش هه‌بوون کوتوویانه ئه‌وه ده‌بێ " عاشووری بێ ! جۆره‌یه‌ک پێوه‌ندی به عاشووراوه ! هێندێکیش ئێوه‌یان به بنه‌جوو داناوه. ده‌کرێ ئه‌وانه هێندێک زیاتر ڕوون که‌نه‌وه ؟
ئاشووری ! به‌ڵێ ، دیاره ئه‌وه‌ی که ئاشووری ئێمه له کوێوه دێ پرسیاری ده‌ورووژاند. دیاره یه‌که‌م شتی که به زه‌ینی زۆر که‌س دا ڕاده‌برد ئه‌وه بوو که ئاشووری به واتای قه‌ومی ئاشووری بێ که مه‌سیحینه و زمانی خۆیان هه‌یه که له کۆکی بنه‌ماڵه‌ی زمانانی سامی یه. و هێندێک له ئاسۆرییه‌کانی ئێرانیش وا ده‌زانن من له وانم و له گۆڤارێک دا – دیاره من له ئینترنێت دا دیتم - که له هه‌ولێری کوردستان بڵاوده‌بێته‌وه و به زمانی عه‌ره‌بی یه، نووسه‌رێکی ئاسۆری دوای گێڕانه‌وه‌ی بارودۆخی قه‌ومی ئاشوور و باسی هێندێک له‌و زوڵمانه‌ی لێیان کراوه ، وه‌کوو خزمه‌ته کولتوورییه‌کانی به که ئه‌وان به قه‌ومه‌کانی دراوسێیان کردووه، نێوی ئه‌و نووسه‌ره ئاسۆرییانهی باس کردبوو که به زمانی عه‌ره‌بی نووسیویانه ، یان به زمانی دیکه ، له وانه به زمانی فارسی ، و باسی منیشی کردبوو وه‌کوو نووسه‌رێکی ئاسۆری. هه‌رچۆنێک بێ نێوه‌که پرس له زه‌ینی خه‌ڵک دا ساز ده‌کا. هێندێکانیش گوتوویانه پێیان وابووه که کۆکی ئێمه یه‌هوودییه.
کاتێک له باوکم ده‌پرسی ئاشووری له کوێوه دێ ؟ ده‌یگوت له قه‌ومی ئاشووری کۆنه‌وه، که دیاره ئه‌من پێم وایه ئه‌وه بۆچوونێکی دروست نه‌بوو. پاشان سه‌رهه‌نگ گۆلریزێک هه‌بوو ، خه‌ڵکی قه‌زوێن ، که دۆستی باوکم بوو له تافی منداڵیم دا هامووشۆی ماڵی ئێمه‌ی ده‌کرد. ئه‌و کتێبێکی نووسی له مه‌ڕ قه‌زوێن و سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه به‌نێوبانگه‌کانی قه‌زوێن و له وانه بنه‌ماڵه‌ی ئاشووری. ئه‌و ئاشووری به 'عاشوورا' وه لکاندووه و ئه‌من پێم وابوو ڕه‌نگه نزیکترین و ئاقڵانه‌ترین بۆچوون ئه‌وه بێ. به‌ڵام کاتێک به ڕه‌چه‌ڵه‌کی کوردی بنه‌ماڵه‌ی خۆمانم زانی ، گومانم چوو به‌ره‌وه ئه‌وه‌ی که ئێمه له بناوانه‌وه ده‌بێ له بنه‌ماڵه‌ی ئاشوورییه‌کانی کوردستان بین. نزیکه‌ی 4- 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له کالیفۆرنیا تووشی ئاغای عه‌لی ئاشووری هاتم که کورده ، له وێ فیلۆلۆژی خوێندووه ،واته زمان‌ناسی مێژوویی و له‌وێ ده‌رس ده‌ڵێته‌وه. لێم پرسی به بۆچوونی تۆ ئه‌و ئاشوورییه‌ی ئێمه له کوێوه دێ ؟ ئه‌و گوتی له ئاسر، هه‌ر له هه‌مان ئاته‌ش و ئازه‌ر له فارسی‌دا..
قازی: ئاگر یا ئاور ، له کوردی‌دا !
ئاشووری : به‌ڵێ ! به باوه‌ی من له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه به‌جێ یه که ئه‌و ئاشووری یه له ڕیشه‌ی ئاسر بێ !
قازی : ئه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ئێوه به جووله‌که‌کان له کوێوه ئاو ده‌خواته‌وه ؟ بڵێی له به‌ر هۆی سیاسی و له ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵکناسی نه‌بێ ؟
ئاشووری : هۆی سیاسی هه‌یه ! چونکوو من یه‌ک دوو جار سه‌باره‌ت به ئیسراییلیش نووسیومه. ته‌نانه‌ت له سه‌ر شه‌ڕی ساڵی 67 ی عه‌ره‌بان و ئیسراییل . له ڕاستیدا مه‌قاله‌یه‌کم نووسی به دژی هه‌ستی دژی جووله‌که له نێو ڕووناکبیرانی ئێرانی دا . دیاره ئه‌وه‌ش ئه‌و گومانه‌ی به هێز کردووه.
قازی : باشه ئاغای ئاشووری ، ئه‌گه‌ر ده‌کرێ هێندێک باسی به‌رهه‌مه‌کانتان بکه‌ن. هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م پرسیاره ده‌که‌م ئه‌وه‌یه ڕه‌نگه به‌شێک له بینه‌ران له گه‌ڵ ئه‌ده‌بییاتی فارسی ناسیاوبن و بتوانن شوێنی بگرن ، به‌ڵام زۆر که‌سیش ڕه‌نگه له‌و کارانه‌ی ئێوه له بواری زانستی دا کردووتانه ئاگادار نه‌بن.
ئه‌گه‌ر ده‌کرێ هێندێک به ورده ڕیشاڵ باسی نووسینه‌کانتان بکه‌ن ! وابزانم ئێوه له ته‌مه‌نێکی زۆر که‌م، له نوێ جه‌وانییه‌وه ده‌ستتان کردووه به لێکۆڵینه‌وه؛ ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی که هێشتا له خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی بوون .
ئاشووری: به‌ڵێ! ئه‌من ئه‌و کاته‌ی هێشتا 19- 20 ساڵان بووم ، ده‌ستمکرد به مه‌قاله نووسین و دوایه کاری لێکۆڵینه‌وه و نزیکه‌ی 22 ساڵان بووم که له دامه‌زراوه‌ی دائیره‌تولمه‌عاریفی فارسی دا له به‌ر کار نرام، له خزمه‌ت خودالێخۆش‌بوو دوکتور موساحیب و له لای وی فێری کاری دائیره‌تولمه‌عاریفی بووم . له نێوان ساڵانی 1338 – 1342 ی هه‌تاوی دا له زانکۆی تاران ده‌مخوێند. کتێبی فه‌رهه‌نگی سیاسیم ئاماده کرد که هێشتاش به نێوی "دانیشنامه‌ی سیاسی ....
قازی : ئه‌مه‌یه ؟
ئاشووری : نا ! ئه‌مه نییه ، به‌داخه‌وه ئه‌و کتێبه‌م نه‌بوو بۆتان بێنم. به نێوی " دانیشنامه‌ی سیاسی " یه سه‌باره‌ت به زاراوه ، قوتابخانه و رێکخستنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که هێشتاش وه‌کوو کتێبی ده‌ستاوێژ ، هێشتاش ساڵێ جارێک له ئێران چاپ ده‌کرێ. دیاره ئه‌و سه‌روبه‌ندی تافی لاوێنیم بوو و له چالاکی سیاسی دا بووم، ئه‌ندامی حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی میلله‌تی ئێران ( هێزی سێیه‌م )، به رێبه‌ری خه‌لیلی مه‌لێکی بووم.
زۆر به ئه‌ده‌بییاتی سیاسییه‌وه خه‌ریک بووم ، له‌وه‌ش ده‌رچێ ، ئه‌و بابه‌ته‌ش که ده‌مخوێند، به‌شی حوقووق و زانسته سیاسییه‌کان و ئابووری بوو. دیاره زۆرم حه‌ز له سیاسه‌ت و باسوخواسی سیاسی و ئه‌ده‌بییاتی سیاسی ده‌کرد و سرنجم ده‌دایه و مه‌قاله‌ی شیکارانهم ده‌نووسی سه‌باره‌ت به بابه‌ته سیاسییه‌کان له چاپه‌مه‌نییه‌کانی ئه‌و سه‌روبه‌ندی دا. هه‌ڵبه‌ت به‌شێکی زۆریشیان سانسۆر ده‌کران و ئێمه‌ش به توندی تووشمان به تووشی ده‌زگای سانسۆری ئه‌و زه‌مانییه‌وه ده هات. به‌ڵام پاشان ورده ورده مرخی دیکه‌شم تێدا پێک هات ، هه‌ر له تافی نوێ جه‌وانییه‌وه زۆرم حه‌ز له ئه‌ده‌بییات ده‌کرد ، شێعری فارسیم زۆر پێ‌خۆش‌بوو و ده‌مخوێنده‌وه. هه‌ر وه‌ها حه‌زم له فه‌لسه‌فه بوو، و به‌ره به‌ره زیاتر کێشرامه نێو ئه‌و بواره. دیاره سه‌روبه‌ندێک کۆمه‌ڵناسیش بۆ من سرنجڕاکێش بوو و زیاتری پێوه خه‌ریک بووم. ته‌نانه‌ت له زانگه‌ی حوقووقی زانکۆی تاران ده‌رسی کۆمه‌ڵناسیم ده‌گوته‌وه، چه‌ند ساڵ دواتر، هه‌ر وه‌تر ده‌رسی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له زانکۆی تاران، له زانگه‌ی حوقووق به هاوکاری خودالێخۆش‌بوو دوکتور عینایه‌ت .
قازی: حه‌میدی عینایه‌ت ؟
ئاشووری : به‌ڵێ حه‌میدی عینایه‌ت ! عه‌رزت بکه‌م یه‌کێک له‌هۆیه‌کانیش هه‌ڵبه‌ت توند‌و تێژ بوونی که‌شوهه‌وای سیاسی و نه‌لوانی چالاکی سیاسی بوو ، ئه‌وه‌ش هۆیه‌ک بوو بکێشرێمه بواری فه‌لسه‌فه و هه‌ر له‌و ده‌مییه‌وه که له زانگه‌ی حقووق ده‌رسم ده‌خوێند ده‌ستم کرد به وه‌رگێڕانی ئه‌و کتێبه‌ی " ئاوای گوت زه‌رده‌شت " ی نیچه ...
قازی : به داخه‌وه ئه‌ویشمان لێره نییه !
ئاشووری : له ئینگلیسییه‌وه. هه‌ڵبه‌ت زۆر ساڵ له‌وه‌پێش،وابزانم له ساڵی 1328ی هه‌تاوی دا وه‌رگێڕانێک له‌و کتێبه به قه‌ڵه‌می که‌سێک به نێوی حه‌میدی نه‌ییری نووری ده‌رکه‌وت. ئه‌و ده‌می ئه‌من 15-16 ساڵان بووم. هه‌واڵێکی پان ئێرانیستم هه‌بوو که به‌و کتێبه‌ی ده‌زانی و زۆری پێ خۆش بوو، دیاره له ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌وه !
قازی: له به‌ر نێوی زه‌ردشت ؟
ئاشووری : ئه‌و ده‌می ئه‌و کتێبه‌م ده‌خوێنده‌وه، واته وه‌رگێڕانی حه‌میدی نه‌ییری نووری و زۆریش چێژمان لێوه‌رده‌گرت. پاشان من تووشی وه‌رگێڕانی ئینگلیسی کتێبه‌که هاتم و له ته‌مه‌نی 22 – 23 ساڵاندا ده‌ستم کرد به خوێندنه‌وه‌ی له به‌ر به‌پرسیاری هه‌م له سه‌ر زه‌رده‌شت و هه‌م له سه‌ر نیچه . پاشان کوتم باشتره ده‌ست بکه‌م به وه‌رگێڕانی بۆ ئه‌وه‌ی باشتری لێ تێبگه‌م وبه‌و پێیه هاتمه نێو مه‌یدانی وه‌رگێڕانی کاره‌کانی نیچه، که هه‌مان کتێبی یه‌که‌م ، واته ئاوای گوت زه‌رده‌شت پژارکردنی 6 ساڵی پێچوو. به‌ڵام دواتر به سه‌ر یه‌که‌وه من 25 ساڵ کارم له سه‌ر ئه‌و کتێبه کردووه. 5 جار له سه‌ر ڕا بژارم کردووه‌ته‌وه ، تا شتێکی وای لێ ده‌ربێ ، که به باوه‌ڕی من ده‌بوو ده‌ربێ، بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستی زه‌وق و توانایی من دا بێ. هه‌ڵبه‌ت دیاره له‌و نێوه‌ش دا ، کۆ کردنه‌وه و وه‌سه‌ریه‌ک نانی ئه‌زموون و خۆ په‌روه‌رده کردن ...
قازی : له سه‌ر ئه‌و کتێبه تایبه‌تییه دواتر هێندێک قسه ده‌که‌ین. به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌گه‌ر بکرێ ،به کورتی باسی سه‌رمقه‌ستی کاره‌کانی دیکه‌شتان بکه‌ن !
ئاشووری : هه‌ڵبه‌ت ئه‌من ، مرۆیه‌کی بزۆزم و ئه‌گه‌ر دڵم پێوه بێ به دووی بواری جۆر به جۆر دا ده‌چم. له‌وانه دۆزی کو‌لتوور و کولتوورناسی بۆ من زۆر گرینگ بوو و سه‌روبه‌ندێک سرنجی منی ڕاکێشا. عه‌رزت بکه‌م ؛ کتێبی " ناساندنه‌کان و چه‌مکی کو‌لتوور " ، که ئه‌مه‌ی ئێره بژارکردنی سێیه‌مه ، به‌رهه‌می ئه‌و زه‌مانه‌یه که من مرخم بۆ ناسینی کو‌لتوور و نێوه‌رۆکی کو‌لتوور هه‌بوو و دوایه هه‌ر له‌وده‌مییه‌وه ده‌ستم کرد به کارکردن له سه‌ر تێرمینۆلۆژی و زاراوه سازی، به‌کاری وه‌رگێڕان و خوێندنه‌وه و سه‌روکارهه‌بوون له گه‌ڵ بواری زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، هه‌ستم کرد به ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی زمانی خۆمان . له ساڵی 1353ی هه‌تاوی که له دامه‌زراوه‌یه‌ک به نێوی "بنکه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانسته مرۆییه‌کان " دا کارم ده‌کرد – که یه‌ک له دۆسته‌کانم دایمه‌زراندبوو – چوومه سۆراغی کتێبێکی ده‌ستاوێژ که ئی یونێسکۆ بوو له‌و بواره دا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ریبگێڕمه سه‌ر زمانی فارسی به نێوی : دی دیکشنری ئاف دی سۆشڵ ساینسس..
قازی : قامووسی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ...
ئاشووری : کاتێک ویستمان ئه‌و کاره وه‌ربگێڕین ، هه‌ستمان پێ‌کرد و گوتمان ئه‌ی له گه‌ڵ تێرمینۆلۆژی و زاراوه چ بکه‌ین ؟ پاشان ده‌ستمان کرد به کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که کرابوون. ئه‌وه‌ی کرا دوایه بڵاوکراوه به نێوی " وشه‌کانی فه‌لسه‌فه و زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان" که له دوو به‌رگی ئینگلیسی – فارسی و ، فه‌رانسه - فارسی دا بڵاو کراوه. به دوای وی‌دا ئه‌من هه‌ر وا ساڵه‌کانی دواتریش به‌رده‌وام بووم که ئه‌م " فه‌رهه‌نگی زانسته مرۆییه‌کان" ی لێکه‌وته‌وه که ، به‌رهه‌می کار و تێکۆشانی شه‌خسیی منه.
کۆ کردنه‌وه سه‌ر یه‌کی ئه‌وه‌ی له فارسی دا کراوه و ئه‌و کهمووکووڕیانهی هه‌مانه و ژماره‌یه‌کی زۆریش وشه‌ی تازه له فارسی دا هه‌یه که پێشتر نه‌بووه و وه‌کوو هاوتاکانی ئه‌و وشانه که من خۆم ده‌کارم هێنان که، ئێستا به‌شێک له‌وان بوون به به‌شێک له زمانی گشتی فارسی.
قازی: ئێوه خۆتان داتان ڕشتوون و ده زمانی خه‌ڵک دا جێی خۆیان کردووه‌ته‌وه ؟
ئاشووری : هه‌ڵبه‌ت له‌و دواییانه دا ساڵی ڕابردوو دیسان چاپێکی تازه له‌م کتێبه له ئێران بڵاو بووه‌ته‌وه که، وشه‌ی زیاتری تێدایه. به داخه‌وه نه‌مبوو که بیهێنمه خزمه‌تتان.
هه‌ر وه‌ها له بواری دیکه‌شدا، بابه‌تی زمانی و زمان‌ناسی و گیروگرفته‌کانی زمانی فارسی.
قازی: له سه‌ر زمان هیوادارم بکرێ له به‌رنامه‌یه‌کی دیکه دا به دوورودرێژی قسه بکه‌ین.
ئاشووری : هه‌رچۆنێک بێ ئه‌م کتێبه‌ی " تێفکرینه‌وه‌ی زمانی فارسی" که له خزمه‌تتان دایهبهرههمی ئه‌و تێڕامانانه‌یه له سه‌ر کێشه‌ی زمان، په‌ره‌پێدانی و گیروگرفته‌کانی زمانی. که به بۆچوونی من یه‌کێک له مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئێمه‌یه.هه‌ر وه‌تر له به‌ر مرخم بۆ شێعرله لایه‌که‌وه و ، فه‌لسه‌فه له لایه‌کی دیکه کۆمهڵهمهقالهیهکم له بواری زمان دا، له ڕاستی دا زیاتر لایه‌نی فه‌لسه‌فی زمان و هه‌ر وه‌ها مه‌سه‌له‌ی شێعر و نێوه‌رۆکی شێعر و دوایه ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له به‌ستێنی جۆر به جۆر دا نووسیبوو که ئه‌وانه هه‌موویان له‌م کتێبه‌ی دا که ئێستا له‌به‌ر ده‌ستتانه به نێوی " شێعر و ڕامان" کۆ کراوه‌ته‌وه.
قازی : جگه له‌وانه‌ش چه‌ند کتێبی دیکه‌ی نیچهتان وه‌رگێڕاوه !
ئاشووری : به‌ڵێ ! من چوار کتێبی نیچه‌م وه‌گێڕاوه : ئاوای گوت زه‌رده‌شت ، ئه‌وپه‌ڕی باش و خراپ ، ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی ئه‌خلاق و، ئاوا بوونی بته‌کان .
قازی : ئه‌مه ئه‌وه‌ی هه‌ره دوایییه ؟
ئاشووری : به‌ڵێ ! هه‌ر وه‌ها له ماکیاڤێلی " شه‌هریار"م وه‌رگێڕاوه. له شێکسپیر ، مه‌کبێس .به‌رگێکم له حه‌وت به‌رگ له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی کاپلێستۆن وه‌رگێڕاوه به نێوی
"فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵمان له سه‌ده‌ی 19 دا ".
قازی: ته‌نێ بهرگێکتان لێوه‌رگێڕاوه ؟
ئاشووری : به‌ڵێ ، بهرگێکیانم وه‌رگێڕاوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه کۆکراوه‌یه‌کی بهوردهڕیشاڵه، به گشتی ده به‌رگه. به‌رگی حه‌وته‌می که فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵمانه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م دا ، من وه رمگێڕاوهته سه‌ر فارسی. هه‌روه‌ها هێندێک کاری دیکه‌شم وه‌رگێڕاوه. ئوتۆپیای تۆماس مۆڕ که، به نێوی " ئارمانشه‌هر" دواتر بڵاو کراوه. ئێستا زاراوه‌ی ئارمانشه‌هر ده زمانی فارسی دا جێی خۆی کردووه‌ته‌وه.
قازی: ده‌کرێ پرسیاربکه‌م ئێوه به پله‌ی یه‌که‌م له چ زمانێکه‌وه وه‌رده‌گێڕن ؟
ئاشووری : له ئینگلیسی ڕا ! به‌ڵام دواتر له به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌یلم تێدا پێک هات بۆ وه‌رگێڕانی کاره‌کانی نیچه، له ئاڵمانیشه‌وه وه‌رده‌گێڕم. ئه‌وه‌نده فێربووم که بتوانم له ده‌قی ماک که‌لک وه‌ربگرم و ئێستا له ڕاستیدا له هه‌ر دووک زمانه‌وه وه‌رده‌گێڕم.
قازی: ئینگلیسی و ئاڵمانی ، ئه‌ی فرانسه‌یی ؟
ئاشووری : به‌ڵێ ! جارجار بۆ به‌یه‌کگرتنی ده‌قه‌کان.
قازی: باشه ! ئاغای ئاشووری ، تا ئه‌و جێیه‌ی وه‌بیرم بێ – ئه‌و سه‌روبه‌ندی له ئێران ده‌ژیام – یه‌ک له کاره‌کانی ئێوه که له کۆڕوکۆمه‌ڵی ڕووناک‌بیری ئێران دا ئه‌و زه‌مانی ده‌نگێکی زۆری داوه، ڕه‌خنه‌یه‌ک بوو که له سه‌ر کتێبی " غه‌ربزه‌ده‌گی" جه‌لالی ئال ئه‌حمه‌د نووسیتان. پێم خۆشه داواتان لیبکه‌م، له پێشدا نێوه‌رۆکی "غه‌ربزه‌ده‌گی" ئال ئه‌حمه‌د باس بکه‌ن. دوایه نێواخنی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی له سه‌رتان نووسی.
چونکوو ئه زه‌مانی وه‌ک ئێستا ئیستیبدادی سیاسی به سه‌ر ئێران دا زاڵ بوو و ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی که ئێوه لێتان گرت ، له کۆڕوکۆمه‌ڵی ئه‌و ده‌می دا که له ژێر کارتێکه‌ری بیر‌و ڕای چه‌پ دا بوون، یان زۆر ڕادیکاڵ بوون، پێشبینی نه‌ده‌کرا بۆچوونێکی ئاوا هه‌بێ !
ئاشووری : کتێبی ئال ئه‌حمه‌د بره‌وی دا به زاراوه‌ی غه‌ربزه‌ده‌گی له ئێران دا. به‌ڵام ئه‌و زاراوه‌یه ئی ئال ئه‌حمه‌د خۆی نه‌بوو. ئه‌و زاراوه ئی ئه‌حمه‌دی فه‌ردید بوو که گۆیا فه‌یله‌سووف بوو و ئه‌هلی فه‌لسه‌فه بوو، و ئال ئه‌حمه‌د به قسه‌ی خۆی له دمی وی قۆستبووه‌وه. ئال ئه‌حمه‌د پیاوێک بوو که پێشینه‌ی چالاکی سیاسی له حیزبی تووده دا هه‌بوو و دوایه ره‌وتی هێزی سێیه‌م و له‌وانه. به‌ڵام، پێی خۆش بوو وه‌ک نووسه‌ر له سه‌ر پێی خۆی بێ. مرۆیه‌کی به‌جۆش و به‌پرسیار بوو، به‌ڵام مایه‌یه‌کی زانستی ئه‌وتۆی نه‌بوو له هیچ بوارێک دا. ته‌نێ ڕه‌نگه ئه‌ده‌بییاتی فارسی باش زانیبێ. به‌ڵام له بابه‌ت زانسته مرۆییه‌کان، زانستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی زانیارییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بوو. ئه‌و سه‌ردێڕه‌ی غه‌ربزه‌ده‌گی ئه‌وی به‌ره‌و خۆی ڕاکێشا و ، ئه‌وه سه‌روبه‌ندێک بوو که‌م تا زۆر له، هه‌موو وڵاته‌کانی دنیای سێیه‌می شه‌پۆلێک که‌وتبووه رێ بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌رخۆ و بادانه‌وه سه‌ر گه‌وهه‌ر و ئه‌ساله‌تی خۆ. ئه‌و شه‌پۆله ئێرانیشی گرته‌وه واته، به ته‌نیشت شه‌پۆلی جووڵانه‌وه‌ی فیکری چه‌پ، جووڵانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش به نێوی گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆ و بادانه‌وه سه‌ر گه‌وهه‌ر و ئه‌ساله‌تی خۆ و له‌وانه هاته گۆڕێ که ، کاره‌کانی شه‌ریعه‌تیش له‌و سه‌روبه‌نده دا وه‌بره‌و که‌وت . ئه‌و له ڕاستی دا یه‌كێک له پێشه‌نگانی ئه‌و تێزه‌ی گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆ بوو که دیاره دواتر شوێنی زۆر گرینگیشی له سه‌ر کۆمه‌ڵگه دانا.
قازی: به‌ڵام ئه‌و زه‌مانی که ئێوه ره‌خنه‌تان له سه‌ر غه‌ربزه‌ده‌گی نووسی، شه‌ریعه‌تی هێشتا ئه‌و جۆره‌ی که ده‌بێ نه‌ناسرابوو !
ئاشووری : له شانۆ دا بوو، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌نده به‌رز نه‌ببووه‌وه. له ڕاستیدا شه‌ریعه‌تی له دوای مردنی زۆر بره‌وی په‌یدا کرد. به‌ڵام ئه‌وده‌میش هه‌بوو، له حوسێنییه‌ی ئیرشاد دا قسه‌ی ده‌کرد بۆ جه‌وانانی موسڵمان که ده‌چوونه ئه‌وێ و گوێیان لێ ڕاده‌گرت ، به‌ستێنی نفووزی هه‌بوو و ئه‌و به‌ستێنه تا ده‌هات هه‌راوتر ده‌بوو.
کتێبی ئال ئه‌حمه‌د به‌شێکی له گۆڤارێک دا به نێوی " کهیهانێ ماه " دا بڵاو بووه‌وه که ئال ئه‌حمه‌د بانگه‌وازی ئێمهمانانیشی کردبوو هاوکاری بکه‌ین. من و گرووپێک له نووسه‌رانی وه‌جی نوێ، ئێمه‌ش نووسینمان ده‌دایه. به‌ڵام هه‌ر له به‌ر چاپی ئه‌و مه‌قاله‌یه ، گۆڤاره‌که، له ژماره‌ی دووه‌م ڕا ڕاگیرا و ئیتر بڵاو نه‌بووه‌وه و دواتر ئال ئه‌حمه‌د ئه‌وی به نهێنی چاپ کرد و من خۆم له زانکۆ نزیکه‌ی 50 نوسخه‌یه‌کم لێ فرۆشت. به‌ڵام کاتێک خوێندمه‌وه دیتم لاوازی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه، چ له باری زانیاری مێژوویی ، چ له باری زانیاری جوگرافیایی و ، چ ئه‌و چه‌مکانه‌ی ده‌کاریان ده‌هێنێ. له ڕاستی دا به شێوه‌یه‌ک له ژێر کارتێکه‌ری هه‌مان مارکسیزم- لێنینیزم و ئه‌و بیرانه دایه که له حیزبی تووده‌ی وه‌رگرتووه زۆر به بانهکی، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا زۆر به هه‌ڵپه و له هێندێک ڕووه‌وه زۆر ڕووهه‌ڵماڵاوانه بۆ مه‌سه‌له‌که چووبوو. که من مه‌قاله‌یه‌کم له سه‌ر نووسی ...
قازی : واته هه‌ڵێنجاوه‌ی بیره‌که‌ی ئه‌وه‌بوو که ڕۆژئاوا و ماشینیزمی به گشتی به‌رپه‌رچ ده‌داوه ؟
ئاشووری: به‌ڵێ ! جۆره‌یه‌ک ڵێڵی. ڕوانگه‌یه‌ک بوو پڕله ناکۆکی. له گشت ئه‌و سه‌روبه‌نده دا. له وانه بۆچوونه‌کانی شه‌ریعه‌تیش. ئه‌وانه له لایه‌که‌وه باسی ئه‌ساله‌ت و گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆ و خۆمانه‌یان ده‌کرد و له‌وقسانه. که ئه‌من نازانم ئێمه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌رچی؟ بۆ وێنه ئال ئه‌حمه‌د خۆی ، پیاوێک بوو که ژیانی مۆدێرنی ده‌کرد، کۆت و شاڵواری ده‌به‌ر ده‌کرد، ئۆتۆمۆبیلی هه‌بوو، شێوه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی، شێوه‌ی ژیانی ؛ ته‌نانه‌ت له بواری ئه‌ده‌بی ، له شێوازی نووسینی دا ، لاسای سێلینی فرانسه‌یی و ژان- پۆل سارتر و ئه‌وانه‌ی ده‌کرده‌وه و زۆریشی پێخۆش بوو به مۆدێرن دابندرێ.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه پێی خۆش‌بوو له ئاست نه‌ریت وه‌فادار بێ و هێندێک شتی به ڕواڵه‌ت ڕه‌چاو ده‌کرد. به‌ڵام به قووڵی له باری تێئۆری و فه‌لسه‌فی ، نه ده‌یتوانی مه‌سه‌له‌ی کولتووری دوروست بهێنێته گۆڕێ و نه‌ده‌یتوانی ڕوونی بکاته‌وه که چی ده‌وێ !
له ڕاستی دا مه‌سه‌له‌کانی زۆر بانهکی ده‌هێنا گۆڕێ، بۆ وێنه ئه‌گه‌ر شۆرباو بخۆین ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌یین یان ئێرانین ، و ئه‌گه‌ر سووپ بخۆین ڕۆژئاوا لێیداوین و بووینه فه‌ڕه‌نگی. که‌م تا زۆر، باسه‌کان ئاوا بوو. ڕه‌نگه لێره دا من هێندێکی پێوه بنێم و ساده‌ی که‌مه‌وه، به‌ڵام شتێکی ئاوا بوو. من که کتێبه‌که‌م خوێنده‌وه دیتم ئه‌وه‌نده ناکۆکی بنه‌ڕه‌تی فیکری و که‌م مایه‌یی زانستی تێدایه که هه‌ر ئه‌و ده‌می مه‌قاله‌یه‌کم له سه‌ر نووسی و دام به سیرووسی تاهباز که له گۆڤاری ئاڕه‌ش دا که ئه‌و ده‌می بڵاوی ده‌کرده‌وه چاپی کا.
به‌ڵام ئه‌و چاپی نه‌کرد، بڕێکیش ڕه‌نگه له ترسی ئال ئه‌حمه‌د نه‌یده‌وێرا چاپی کا. تا کوو ئه‌وه‌ی که جارێکیان ئال ئه‌حمه‌د پێی گوتم تۆ ده‌ترسی مهقالهکهت چاپ که‌ی! منیش گوتم نا و ، له بڵاڤۆکێک دا که خۆم بڵاوم ده‌کرده‌وه به نێوی " بهررێسییێ کێتاب " بڵاوم کرده‌وه، ئه‌و زه‌مانی زۆری ده‌نگ داوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هێشتا کۆمه‌ڵگه‌ی ڕووناکبیریی ئێمه نه گه‌ێشتبووه ئه‌و ئاسته‌ی که بزانێ مه‌نتقی مه‌سه‌له‌کان چییه ؟ واته ئه‌وانه‌ی که دژی ئال ئه‌حمه‌د بوون ، پێیان خۆش بوو ئه‌من شتێکم له دژی نووسیوه و وه‌کی باوه ده‌ڵێن ئال ئه‌حمه‌دم شێلاوه و ، ئه‌وانه‌ش که لایه‌نگری ئال ئه‌حمه‌د بوون ، دیاره بوونه دوژمنی من که بۆچی ئه‌وه‌م نووسیوه، بێ ئه‌وه‌ی ورد ببنه‌وه له‌وه‌ی که بنچینه‌ی قسه‌کانی من چییه ؟ و ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و ده‌یکا له سه‌ر چ بناوانێکه ؟
به داخه‌وه هێشتا نه‌گه‌یشتبووینه ئه‌و ئاسته له گه‌شه‌ی فیکری. له ئاکامدا مه‌قاله‌که‌ی من ورده ورده بزر بوو و چوو، به‌ڵان غه‌ربزه‌ده‌گی مایه‌وه و شوێنێکی زۆر گه‌وره‌ی دانا، تا ئه‌وه‌ی که دوای سه‌روبه‌ندی شۆڕشی ئیسلامی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دیسان هاته‌وه گۆڕێ و ئه‌وه باس کرا که فڵانکه‌س زه‌مانی خۆی مه‌قاله‌یه‌کی ئاوای نووسیوه.
هێشتا ئال ئه‌حمه‌د زیندوو بوو که من ئه‌و مه‌قاله‌یه‌م نووسی، و تازه دوایه هێندێک که‌س گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ڕابردوو و هه‌ستیان پێکردکه له‌کاتی خۆیدا قسه‌ی ئاوا کراوه. به‌ڵام که‌س گوێی نه‌داوه‌تێ و به هێندی نه‌گرتووه.
هه‌ڵبه‌ت من خۆم دواتر له گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی فه‌ردید ناسیاوییم په‌یدا کرد و ماوه‌یه‌ک له ژێر ته‌ئسیری فیکری وی‌دا بووم و چوومه نێو ئاڵقه‌ی فکری وییه‌وه، هه‌ر به‌و مانایه‌ی غه‌ربزه‌ده‌گی ، به‌ڵام فه‌ردید ئه‌و چه‌مکه‌ی به ره‌نگ و ڕوویه‌کی فه‌لسه‌فی یه‌وه ده‌هێنا گۆڕێ، دیاره به ده‌ستاوێژ و پاڵدانه‌وه به قسه‌ی مارتین هایدگێر فه‌یله‌سووفی ئاڵمانی که دیاره سرنجی منی زیاتر ڕاده‌کێشا. ئه‌من سه‌لماندبووم که ئال ئه‌حمه‌د و کتێبی ئال ئه‌حمه‌د چه‌ند بێمایه‌یه و پڕه له ناکۆکی و چه‌نده دیاریی نییه له ڕاستی دا چییه .
قازی : ئێوه پێوه‌ندی شه‌خسیتان نه‌بوو ؟ ئه‌وکاته‌ی له هێزی سێیه‌م یان حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی میله‌تی ئێران دا له گه‌ڵ ئاغای مه‌لێکی بوون ؟
ئاشووری : ئه‌وان ئی سه‌رده‌می به‌ر له 28ی گه‌لاوێژ بوون. ئه‌وده‌می ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبهکهوتم ساڵی 1336ی هه‌تاوی بوو. دوای 28ی گه‌لاوێژ بوو. ئه‌و کاته ئال ئه‌حمه‌د ئیتر چالاکی حیزبایه‌تی نه ده‌کرد. به‌ڵام له گه‌ڵ مه‌لێکی دۆست بوو و زۆری ڕێز لێ ده‌گرت و هامووشۆیان هه‌بوو و ئه‌وانه !
قازی: به‌ڵام له هه‌وڵی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی ئێران دا که ئێوه یه‌ک له دامه‌زرێنه‌رانی بوون ، به‌ڕێزیشیان له گه‌ڵ بوو ؟
ئاشووری : به‌ڵێ ئال ئه‌حمه‌د له گه‌ڵ بوو. له جێ‌دا له راستی دا له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک که له ماڵی ئال ئه‌حمه‌د دا کرا بیری دامه‌زراندنی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه هاته گۆڕێ- ئێستا ئه‌گه‌ر چاکم له بیر مابێ – ڕه‌نگه یه‌که‌م جار من گوتبێتم که ئێستا له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌کمان واژۆ کردووه دژی ئه‌و کۆنگره‌ی نووسه‌رانه‌ی که شابانوو ده‌یه‌ویست پێکی بهێنێ ..
قازی : له چ ساڵێک دا ؟
ئاشووری : له ساڵی 1346ی هه‌تاوی. ده‌یانه‌ویست له کۆنگره‌یه‌ک دا بانگهێشتنی نووسه‌رانی جیهانی بکه‌ن. ئێمه به‌یاننامه‌یه‌کمان ده‌ر کرد و گوتمان له‌و بارودۆخه خنکێنه‌رانه دا که ئێمه‌ی نووسه‌ری ئێرانی ناتوانین شته‌کانمان بڵاو که‌ینه‌وه، شته‌کانمان بنووسین، مانای کۆنگره‌یه‌کی ئاوا چییه ؟
ده‌قی ئه‌و به‌یاننامه‌یه من نووسیم. واژۆمان کرد و بڵاومان کرده‌وه. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی له به‌رچاویان گرتبوو نه به‌سترا. پاشان ئێمه گوتمان باشه ئێستا که ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌مان به ده‌ست هێناوه با بێین کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی ئێران دامه‌زرێنین ، و کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی ئێرانمان دامه‌زراند. ئال ئه‌حمه‌دیش له گه‌ڵ بوو و له دامه‌زرێنه‌رانی بوو، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو ببێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ده‌بیران، ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌و کێشه زۆره‌ی که له نێوان وی و بێهئازین دا هه‌بوو.
قازی : له سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی له سه‌ر غه‌ربزه‌ده‌گی ئال ئه‌حمه‌د نووسیتان ، گه‌لۆ تا ئێستاش هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانتان پێ قه‌بووڵه یان هێندێک په‌ڕه‌تان پێداوه ؟
ئاشووری : دیاره که هێندێک په‌ره‌ی پێدراوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له سه‌ر که‌مووکووڕی زانیارییه‌کانی گوتراوه، له سه‌ر جێی خۆیه‌تی.
قازی : له سه‌ر جێی خۆیه‌تی !
ئاشووری : به‌ڵام. من ئه‌و زه‌مانی هێشتا ده چوارچێوه‌ی ڕوانگه‌ی مارکسیستی دا ڕه‌خنه‌م ده‌گرت. من خۆم ماوه‌یه‌ک ڕاکێشرامه نێو مه‌سه‌له‌ی غه‌ربزه‌ده‌گی و هێندێک شتم نووسی. دواتر به‌وه گه‌یشتم که دنیای سێیه‌م چییه ! بارودۆخی دنیای سێیه‌م. واته غه‌ربزه‌ده‌گی ئال ئه‌حمه‌د و ئه‌و ویست و هه‌وایه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆ و گشت ئه‌وانه هه‌بوو، بۆ من چووه بن مه‌سه‌له‌ی بارودۆخی ڕووناک‌بیری دنیای سێیه‌می که له دژی باودۆخێک ڕاده‌سێ و به‌رده‌وام به دوای به‌رپرسی بێچاره‌یی ، به‌دبه‌ختی و داماوی خۆی و کۆمه‌ڵگه‌که‌ی و قه‌ومه‌که‌ی دا ده‌گه‌ڕێ . ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی دنیای سێیه‌می و لێ تێپه‌ڕینی، ئه‌وانه مه‌سه‌له‌ی ڕۆژئاوایان بۆ من زۆر ڕوونتر کرده‌وه و له ئاکام دا دوای ساڵانی دوورودرێژ ده‌توانم بڵێم له ده‌رده ڕۆژئاوا تێپه‌ڕیوم و له کۆڵم بووه‌ته‌وه. هه‌وڵم دا باشتر له ڕۆژئاوا بگه‌م ، باشتر له مۆدێرنیته بگه‌م. ئیدی ئه‌و ده‌می ئه‌وه واتای ئه‌وه بوو نه‌ک له ڕۆژئاوا ، به‌ڵکوو له مۆدێرنیته باشتر تێبگه‌م.
هه‌ڵبه‌ت به شۆڕشی ئیسلامی و قه‌یران لێدراوی قووڵی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران ، ده‌زانین که ئه‌و باسه‌ی مۆدێرنیته زۆر به گه‌رمی له ئێران ده‌کرێ و گه‌نگه‌شه‌یه‌کی زۆری له سه‌ره. دیاره من خۆم یه‌ک له‌و که‌سانه بووم که پێشه‌نگی هێنانه گۆڕی ئه‌و چه‌مکه بوون.
له ڕاستی دا ئێمه له‌م ڕۆژگاره‌دا دنیای ڕۆژئاوا له ژێر نێوی دنیای مۆدێرن دا باشتر ده‌ناسین و ته‌نێ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌ریت و مۆدێرنیته وئه‌و چه‌مکانه هه‌م له ڕووی کۆمه‌ڵناسی و هه‌م له ڕووی فه‌لسه‌فی و تێئۆرییه‌وه بۆ ئێمه زیاتر پێگه‌یون.
له ئاکام دا ، ئه‌من ده‌توانم بڵێم ئه‌و چوارچێوه ڕه‌خنه‌یییه‌ی له‌و مه‌قاله‌یه‌دا هێنابوومه گۆڕێ هه‌ر بڕ ده‌کا، به‌ڵام له ڕووی تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتوویی بابه‌ته‌که ، ئێستا باشتر له‌وان تێده‌گه‌م.
قازی : ئێستا با بێینه‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئاوای گوت زه‌رده‌شت ! له ڕاستی دا بیره‌کانی فه‌یله‌سووفی ئاڵمانی فرێدریش نیچه. ئه‌من نووسراوه‌یه‌کی کورتی ئێوه‌م له‌وباره‌یه‌وه خوێندووه‌ته‌وه به نێوی " نیچه و ئێران " ، له وێدا ده‌ڵێن نیچه لای بهسندبووه له جیات ڕۆمییه‌کان ، ئێرانییه‌کان به سه‌ر فه‌رهه‌نگی یۆنانییه‌کاندا سه‌رکه‌ون ، ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌کان سه‌ر که‌وتبان، بارودۆخی دنیا به جۆرێکی دیکه ده‌بوو. پرسیارم ئه‌وه‌یه ئه‌نگێزه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئێوه بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌کانی نیچه ڕابگوێزنه سه‌ر زمانی فارسی چ بووه ؟
ئاشووری : ئه‌نگێزه‌ی بنه‌ڕه‌تی من له سه‌ره‌تاوه ته‌نێ به‌پرسیاری بوو ئیتر! بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و زهردهشتهی نیچه چییه ؟ تا ئه‌و ده‌می ئێمه پێمان وابوو که زه‌رده‌شتی نیچه له ڕاستی دا پێوه‌ندییه‌کی به زه‌رده‌شتی ئێرانییه‌وه هه‌یه. کاتێک من له گه‌ڵ ئه‌وکتێبه دا بوومه هاوده‌م و به ساڵان کارم له سه‌ر کرد و هه‌روا به‌رده‌وام بووم و ، خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و مرۆیه هه‌ر زیاتر بوو.وه‌رگێڕانی ئاوای گوت زه‌رده‌شتی نیچه بۆمن ئه‌زموونێکی زۆر جێی لێ فێربوون و زۆر ئافرێنه‌ر بوو، چونکوو زمانی ده‌قه‌که هه‌م شاعیرانه‌یه و زمانی فارسیش توانای شاعیرانه‌ی باشی هه‌یه ، له به‌ر نه‌ریت و مێژووی خۆی و ئه‌وه بۆ من ئه‌زموونێکی زۆر چاوڕاکێش بوو.ئه‌و تیکهڵاوییه منی زیاتر ڕاکێشا به‌ره‌و نیچه و به ته‌نیشت ئه‌ویشه‌وه هه‌ڵبه‌ت چونکوو حه‌زم له فه‌لسه‌فه بوو، نووسینی فه‌یله‌سووفه‌کانی دیکه‌شم ده‌خوێنده‌وه. هه‌ر وه‌ها به ڕیگه‌ی فه‌ردید دا له گه‌ڵ کاره‌کانی هایدگێر یش ناسیاویم په‌یدا کرد . به‌ڵام مرخی من بۆ نیچه هه‌ر له سه‌ر جێی خۆی بوو و له ڕاستی دا ده‌توانم بڵێم کارتێکه‌رییه‌کی قووڵی له سه‌ر من دانا. واته شێوه‌ی هێرمێنوتیکسی نیچه‌یی؛ ئه‌و تهفسیرناسییهی نیچه‌یی که ده‌چێ ده‌ق شیده‌کاته‌وه، یان ته‌نانه‌ت ده‌روونناسی نیچه‌یی و هه‌روه‌تر مێتافیزکس له ڕوانگه‌ی نیچه‌وه، زۆر کاریگه‌ر بوون له سازدانی بناخه‌ی زه‌ینی من له بواری فکری و فه‌لسه‌فییه‌وه. ئه‌و مرخه هه‌ر مایه‌وه، بووه هۆی وه‌رگێڕانی دووه‌مین کتێبی ، سێیه‌مینی و چواره‌مینی ، کتێبێکی پێنجه‌می ویم له به‌ر ده‌ست دایه که جارێ ته‌واوم نه‌کردووه.
قازی: ئێوه له مه‌قاله‌که‌تان دا زۆر به وردی باس ده‌که‌ن بۆ وێنه ده‌ڵێن نێچه له چه‌ند جێ‌دا وشه‌ی پێڕسییهنی ده‌کار هێناوه و چه‌ند جار پهرسر، ته‌نانه‌ت قسه‌ی له سه‌عدی گێڕاوه‌ته‌وه و باسی حافزیشی کردووه. هێندێک ئه‌وانه لێکاڵا بکه‌نه‌وه!
ئاشووری: عه‌رزت بکه‌م ئه‌و مه‌قاله‌یه نووسینێکه من بۆ ئێنسکلۆپێدیای ئێرانیکام نووسی که ، وه‌ک ده‌زانن ئاغای دوکتور یارشاتر سه‌رنووسه‌رێتی و له لایه‌ن زانکۆی کۆلۆمبییا له نیۆیۆرک بڵاو ده‌کرێته‌وه. من خۆم له‌وێ ساڵێک کارم ده‌کرد وه‌ک ئێدیتۆر و ئه‌و مه‌قاله‌یه‌م به پێشنیاری ئه‌وان نووسی. له سه‌ر بناوانی کۆکراوه‌ی نووسیبهکانی نیچه که دوو که‌سی ئیتالیایی بژاریان کردووه. له سه‌ر بنه‌مای ئیندێکسی وی له گشت کاره‌کانی نیچه دا هه‌رچی له سه‌ر ئێرانی و ئێرانییه‌ت بوو ، هێنامه ده‌رێ ، به تایبه‌تی باسێکی زۆر گرینگی سه‌باره‌ت به زه‌رده‌شتی ئێرانی و زه‌ردشتی نیچه یه که ئه‌و دوانه کێنه !
قازی : ئه‌وان له یه‌ک جیاوازن ؟
ئاشووری : به‌ڵێ! جیاوازییان یه‌کجار زۆره. نیچه بۆخۆی ئه‌وه ده‌ڵێ و منیش له‌و مه‌قاله‌یه دا باسم کردووه که له ڕاستی دا ئامۆژگارییه‌کانی زه‌رده‌شتی نیچه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی زه‌رده‌شتی یه‌که‌مه. ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شتی یه‌که‌م دنیا له سه‌ر بنچینه‌ی باش و خراپ دا ده‌نێ و شه‌ڕی دوولایه‌نه‌ی باش و خراپ، ئه‌و دێ ده‌ڵێ نا ؛ دنیا له سه‌ر بنچینه‌ی باش و خراپ نییه، له ڕاستی دا ئه‌وه ئه‌و بایه‌خه ئینسانییانهن که ئێمه له سه‌ر دنیا ، کار وبار و شته‌کانی داده‌نێین.
له ڕاستی دا بنچینه‌که‌ی له سه‌ر مێتافیزیکسێکه که له سه‌ر ئه‌خلاق داندراوه و به درێژایی مێژووی به‌شه‌ر وا داندراوه که ، مه‌سیحییه‌تیش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌یه، ئه‌فلاتوون و مێتافیزیکسی یۆنانیش هه‌ر له سه‌ر هه‌مان بنچینه داندراوه، نیچه ده‌یه‌وێ ئه‌وه وێران بکا و له ڕاستی دا سیمای زه‌رده‌شتی ئێرانی وه‌ک ئینگلیسی ده‌ڵێن وه‌کوو ئیکۆنێک نیشان ده‌دا و به یه‌ک له دامه‌زرێنه‌رانی میتافیزیکسی داده‌نێ و ده‌ڵێ : ئه‌و زه‌رده‌شته ده‌بێ ئه‌وه‌لین که‌سێک بێ فێر بێ ، که ئامۆژگارییه‌کانی هه‌ڵه بوون . جا باسێکی به‌ربڵاوی مه‌قاله‌که‌ی من ئه‌وه‌یه پێوه‌ندی نێوان زه‌رده‌شتی نیچه و زه‌رده‌شتی ئێرانی چییه ؟ دوایه شوێنگێڕی ئه‌وه‌م کرد که نیچه بۆچوونی له سه‌ر ئێرانییه‌کانی که‌وناران چ بووه ؟ چونکوو نیچه یۆنانی زۆر چاک ده‌ناسی و فیلۆلۆگ بوو، مێژوو و زمان‌ناسی مێژوویی وئه‌وانه‌ی زۆر چاک ده‌زانی. له ئاکام دا پێوه‌ندی هه‌بوو له گه‌ڵ ئێرانی هه‌خامه‌نشی و ئه‌وانه، به ڕیگه‌ی نووسراوه یۆنانییه‌کان دا و زۆریش په‌سنی ئێرانییه‌کانی داوه، په‌سنی شارستانییه‌ت و کولتووری ئێرانی ، به تایبه‌تی له هه‌مبه‌ر مێتافیزیکسی یۆنانی دا. له به‌ر ئه‌وه‌ی که کولتووری ئێرانی ئه‌ساله‌ت ده‌دا به زه‌مان و مێتافیزیکس له ڕاستی دا ئه‌ساله‌ت له زه‌مان وه‌رده‌گرێ و ئه‌ساله‌ت ده‌دا به بێ زه‌مانی. له‌و بابه‌ته‌شه‌وه په‌سنی زه‌رده‌شت و په‌سنی کولتووری ئێرانی ده‌دا و ، ته‌نانه‌ت له جێیه‌ک دا به ئاوات ده‌خوازێ و ده‌ڵێ: بریا له جیات رۆمییه‌کان ، ئێرانییه‌کان به سه‌ر یۆنان دا زاڵ بووبان. چونکوو دوای ئه‌وه‌ی که رۆمییه‌کان زاڵ بوون ، دوایه مه‌سیحییه‌ت هات و به ڕێگه‌ی ئیمپراتۆری ڕۆم ئه‌وه به سه‌ر یۆنان دا زاڵ بوو. له ڕاستی دا ئاواتێکی ئه‌وتۆی هه‌یه.
له ڕێگه‌ی گۆته‌وه حافزشی ناسیوه. چونکوو وه‌ک ده‌زانی گۆته زۆری حه‌ز له حافز کردووه. ته‌نانه‌ت له "دیوانی ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی" خۆی دا زۆر په‌سنی حافز ده‌دا.
نیچه‌ش حافزی ده‌ناسی و زۆری په‌سن داوه. له زۆر جێگه‌ش نێوی گۆته و حافزی به یه‌که‌وه هێناوه و ، من له مه‌قاله‌که‌دا باسم کردووه، ته‌نانه‌ت ، شێعرێکی بۆ حافز نووسیوه به نێوی : له" ئاوخۆره‌وه‌یه‌ک " ه‌وه سه‌باره‌ت به‌مه‌ی په‌رستی حافز.
قازی: وا دیاره نیچه مه‌شرووبی ئه‌لکۆلی نه‌خواردووه‌ته‌وه .
ئاشووری: ڕاسته نه‌یخواردووه‌ته‌وه، ڕه‌نگه له به‌ر بارودۆخی له‌شساخی خۆی. له جێیه‌کیش بڕگه‌یه‌ک له سه‌عدی له ده‌ستخه‌ته‌کانی دا هه‌یه. من پێم وایه ئه‌وانه‌ی له ئێمرسۆن وه‌رگرتووه. به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئێرانی ده‌وره‌ی ئیسلامی هیچی نه‌گوتووه. جگه له ئاماژه‌یه‌کی کورت به ئیسماعیلییه، پێرۆیانی حه‌سه‌نی سه‌باح نه‌بێ چی دیکه‌ی نییه.
قازی: ئاغای ئاشووری ! من نووسینێکی دیکه‌ی ئێوه‌شم دیوه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه سازی دا. ئه‌وه‌نده‌ی من لێی تێگه‌یشتم ئێوه له وێدا شیکردنه‌وه‌که‌تان به پێی مۆدێلی چه‌مکی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه له ئوڕووپایه. ده‌کرێ ئه‌وه هێندێک ڕوون که‌نه‌وه؟
ئاشووری : به‌ڵێ ! باسی مانای نه‌ته‌وه و ناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یه‌ک له‌و دمه‌ته‌قه گه‌رمه بنه‌ڕه‌تییانه یه که ده‌نێو ئێمه دا هه‌یه، به‌تایبه‌تی ده نێو قه‌ومییه‌ته‌کانی ئێرانی دا که خاوه‌نی ناسه‌ی زمانی، کولتووری تایبه‌تی خۆیانن؛ وه‌کوو کورده‌کان، ئازه‌ربایجانییه‌کان، به‌لووچه‌کان و تورکه‌مه‌نه‌کان و هتد. ئه‌من نزیکه‌ی 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مه‌قاله‌یه‌کم نووسی به نێوی : "ئێران له ئیمپراتۆری ڕا به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه" و ، حه‌ولم دا ئه‌و تێپه‌ڕبوونه مێژووییه شی بکه‌مه‌وه که مانای چییه ؟ به باوه‌ری من یه‌ک له هه‌ڵه بنچینه‌ییه‌کان له سه‌ر واتای نه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه که، ئێمه پێمان وایه شتێک به نێوی میله‌تی ئێران شتێکی ئه‌زه‌لی یه له مێژوو دا هه‌بووه و تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه. بۆ وێنه ئێرانییه‌کانی چاخی هه‌خامه‌نشیش میلله‌تی ئێران بوون ، یان ئی چاخی سه‌لجووقیش میلله‌تی ئێران بوون. سرنج ناده‌ینه سه‌ر ئه‌وه که ئه‌م چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یه، چه‌مکێکی به ته‌واوی مۆدێرنه و، له ڕاستی دا وشه‌ی میلله‌ت بۆخۆی هاوتایه‌که بۆ وشه‌ی ناسیۆن له زمانی فرانسه‌یی دا یا بۆ وێنه نه‌یشن له زمانی ئینگلیسی دا. له زمانی ئینگلیسی و هه‌موو ئه‌و زمانه مۆدێرنانه‌ش دا ، بۆوێنه ئێستا که ده‌گوترێ بریتیش نه‌یشن یان فرێنچ نه‌یشن و وه‌ک ئه‌وانه ، ئه‌مه مێژووییه‌کی به لایه‌نی هه‌ره زۆره‌وه له دوو سه‌ده زیاتر نییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاڵوگۆڕه‌کان و پێشکه‌وتنه‌کانی دنیای مۆدێرن. هه‌م پێشکه‌وتنی فکری که له سه‌ده‌ی 16 به‌م لایه‌وه په‌یدا بووه ، و هه‌م چه‌مکه‌کانی حوقووقی – سیاسی نوێ . ورده ورده مه‌فهوومی فه‌رمانفه‌رمایی و به شۆڕشی فرانسه چه‌مکی فه‌رمانفه‌رمایی گه‌ل و چه‌مکی میلله‌ت په‌یدا بوون.
قازی : مه‌به‌ستت له فه‌رمانفه‌رمایی سۆڤێرنتی یه ؟
ئاشووری : به‌ڵێ سوڤێرنیتێ و ساڤرێنتی. پاشان به شۆڕشی پێشه‌سازی قۆناخێکی گه‌شه سه‌ندنی زۆر گرینگ په‌یدا ده‌بێ که ژێرخانێک یان ئینفراستراکچرێکی دیکه‌ی ئابووری تازه دێ و جێگه‌ی ئابووری گوندی – شوانی ده‌گرێته‌وه و یه‌که نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌ست ده‌که‌ن به فرچک گرتن وئه‌و یه‌که نه‌ته‌وه‌ییانه ده نێو خۆیان دا چه‌شناوچه‌شنییه‌کی فره زمانی _ ئێتنیکی یان هه‌یه. بۆ وێنه له فرانسه کاتێک شۆڕشی فرانسه کرا، ده‌ڵێن 17 زمان هه‌بووه. هه‌ر ئێستاش هه‌ڵبه‌ت چه‌ندین زمان هه‌نه، به شێوه‌ی زۆر که‌مڕه‌نگتر؛ زمانی ئاڵزاسی، زمانی پرۆڤانس، زمانی برۆتاین و زمانی دیکه له فرانسه. یان له ئاڵمان ئه‌وانه هه‌بوون.
به‌ڵام، ئه‌م چه‌مکه‌ی مۆدێڕنی نه‌ته‌وه پشت ده‌به‌ستێ به جۆره‌یه‌ک له یه‌کپارچه‌یی که، ته‌نانه‌ت، دوایه به په‌یدا بوونی بیری ڕاسیستی ، ئه‌و قسه‌یه هاته گۆڕێ که له جێ‌دا میلله‌ت ته‌نانه‌ت ڕاسێکه ، ڕه‌گه‌زێکه. ڕه‌گه‌زێکه به کولتوورێک ، مێژوویه‌ک ، زمانێک و ، نه‌ریتێکه‌وه. هه‌مووی یه‌که و ئه‌گه‌ریش چه‌شناوچه‌شنی تێدا ده‌بیندرێ ، ئه‌وه داسه‌پێندراوه یان لاوه‌کییه. له زاتی خۆی دا شتێکی یه‌ک پارچه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه.
ئه‌و چه‌مکه‌ی ناسیۆن زیاتر ئی سه‌ده‌ی 19 یه که له سه‌ر بناوانی نهتهوهمۆدێرنهکانی ئوڕووپا ، وه‌کوو ئاڵمان و فرانسه شکڵی گرت و له هه‌ناوی ڕا ناسیۆنالیزمی نوێ ده‌رکه‌وت.
ئه‌وه‌ش پشت ده‌به‌ستێ به یه‌کپارچه‌یی میلله‌ت.
پاشان ئه‌و چه‌مکه مۆدێڕنه‌ی میلله‌ت پێوه‌ندی هه‌یه به چه‌مکی مۆدێڕنی ده‌وڵه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه چه‌مکی ده‌وڵه‌ت _ میلله‌ت یان میلله‌ت _ ده‌وڵه‌ت مان هه‌یه. نه‌یشن _ سته‌یت ، ئێتا _ ناسیۆن . لێره دا میلله‌ت هه‌مان کۆمه‌ڵی ئینسانییه که له سه‌رزه‌وینێکی دیاری دا ده‌ژی و قه‌واره‌ی ده‌سته‌ڵاتی له مه‌ڕ خۆی ساز ده‌کاکه نێوی ده‌وڵه‌ته و له ئاکام دا پێوه‌ندییه‌کی ته‌واو ئۆرگانیک هه‌یه له نێوان میلله‌ت واته، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له سه‌رزه‌وییه‌ک دا ده‌ژین و ده‌وڵه‌ت. پاشان ئه‌و ده‌وڵه‌ته مۆدێڕنه وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی، یان هه‌ر ئه‌و ڤۆلێنتێ ژێنێرالی ڕۆسۆ. به پڕۆژه‌یه‌ک که ده ڕاستی دا ئه‌و شته‌ی که هۆمۆژێنیتهیه واته، یه‌کده‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ببێ به به‌شێک له‌و. بۆیه ، بۆ وێنه ئێمه له ئاڵمان و فرانسه ده‌بینین که ئه‌و پڕۆژه‌یه جووڵانه به‌ره‌و یه‌کده‌ستی ، به‌ره‌و هۆمۆژێنیتهی نه‌ته‌وه‌یی. فرانسه‌یی بوون وه‌ک چه‌مکێکی یه‌کپارچه‌یی مێژوویی _ کولتووری _ زمانی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دا ساز ده‌بێ.
له ئاڵمانیش هه‌ر وه‌تر. جا بۆیه زمانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێڕن خاوه‌نی فۆنکسیۆن و کارکردی نوێ بوو ئیتر. ئه‌ڕته‌شی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی ، ده‌زگای بۆرۆکراسی نه‌ته‌وه‌یی ، هه‌ر وه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی و په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی که یه‌كێک له تۆوه گرینگه‌کانی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنی نه‌ته‌وه‌ییه.
په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی یان ئێدوکاسیۆن ناسیۆناڵ، فێرکردن و بارهێنانی گشتی نه‌ته‌وه‌یی. دیاره ئه‌وه پێویستی به زمانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. بۆیه زمانی ئیل – دۆ – فرانس که نێوه‌ندی فرانسه‌یه و پاریس نێوهندێتی؛ ئه‌و زمانه به‌ره به‌ره به درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ی دوایی به خۆ دا هات و دوایه ئه‌ده‌بییات و کولتووری مۆدێڕنی فرانسه به‌وه‌وه ساز بوو. ئه‌وه بوو به زمانێکی ناسیۆناڵ که ، بۆرۆکراسی ، ئه‌رته‌ش و فڵان و بههمان و وه‌ک عه‌رزم کردی ئێدیکاسیۆن ناسیۆناڵ پشتی پێ ده‌به‌ست.
قازی : به‌ڵام ئه‌و مۆدێله له‌و وڵاتانه‌ی دا که له نێوان دوو شه‌ڕی جیهانی دا گۆیا وه‌ک ده‌وڵه‌ت _ نه‌ته‌وه پێک هاتوون ، له ڕاستی دا له زۆر جێگه دابه‌زاندنی ئه‌و بیره ، به مانای نکووڵی کردن بووه له زۆر ناسه‌ی ئه‌وتۆ که ناسه‌ی کولتووری _ مێژوویی له مه‌ڕ خۆیان هه‌بووه. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر نموونه‌ی ئێران و ترکییه له به‌رچاو بگرین !
ئاشووری : به‌ڵێ ئاوایه ! یانی له کۆمه‌ڵه ئوڕووپاییهکانێش دا، بۆ وێنه له ئاڵمانیش زمان زۆر بوون ، یان شێوه زمان ، له‌وێدا دیالێکتی زۆر و زه‌وه‌ند هه‌بووه و ته‌نانه‌ت هێندێک زمان له لکی زمانانی سڵاوی ، ئه‌وانه هه‌بوون ، به‌ڵام زۆریان بۆ هێنان نه‌مێنن. به تایبه‌تی له سه‌روبه‌ندی نازیسم دا ئه‌و زۆردارییه زۆر توند و تیژ بوو.
ته‌نانه‌ت ، وشه‌ی لاتینیشیان له زمانی ئاڵمانی ده‌ر کرد. بوێنه له جیات تلێفۆن ، فهرنشپرێشریان دانا ، یان فهرنزێن بۆ تێلێڤیزیۆن. ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ی که جۆره‌یه‌ک ناسه‌ی یه‌کپارچه‌یی کولتووری _ زمانی میلله‌ت داده‌ڕێژێ ئی ئه‌و سه‌روبه‌ندییه.
دیاره له ئێران و ترکییه و جێگه‌ی دیکه‌ش ئه‌وه قه‌وما. ئه‌وه له ژاپۆنیش ڕوویدا، ژاپۆنێکی که خۆی مۆدێڕن کرد . ژاپۆنییه‌کان توانییان شۆڕشی پیشه سازی بکه‌ن و ژێرخانێکی یه‌کپارچه‌ی پیشه‌سازی نه‌ته‌وه‌ییان دامه‌زراند. زۆر به هێزێکی ئاسنین توانی ئه‌وه بکا. دیاره له‌وێشدا زمانی جۆر به جۆر ، ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌زی جۆر به جۆر هه‌بوو به‌ڵام، ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه ده‌بێ هه‌موو هه‌ڵبوه‌شێن و له شتێکی یه‌کگرتوو دا به نێوی ناسیۆن بتوێنه‌وه.
دوایه وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی ساز بوو.
به‌ر له وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی به‌سترانه‌وه‌ی قه‌ومی هه‌بوو. له ئێران دا ئێمه شتێکمان نه ده‌ناسی به نێوی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی، یان وشیاریی ترکی ، یان وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی ژاپۆنی ، یان وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی فرانسه‌یی فه‌رق ناکا.
ئه‌و وشیارییه نه‌ته‌وه‌ییه له گه‌ڵ ئیدێئۆلۆژی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن و ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن و ده‌وڵه‌تی ناسیۆناڵی مۆدێڕن و ئه‌ڕته‌شی مۆدێڕن و کۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی مۆدێڕن په‌یدا ده‌بێ..
قازی : په‌یدا ده‌بێ ، رێ ده‌ر ده‌کا بۆ جێگه‌ی جیاواز ، ڕاده‌گوێزرێته جێگه‌ی جۆر به جۆر و ئاکامی جۆربه‌جۆریشی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
ئاشووری : به‌ڵێ، ئه‌و مۆدێله ده‌گوێزرێته‌وه بۆ شوێنی دیکه، وه‌ک ئێران و ترکییه و جێگه‌ی دیکه. به‌ڵام، ئه‌وانه دوو ئیمپراتۆری بوون. ئه‌وه‌ی که ئیمپراتۆری وڵاتی ترکییه‌وه مابووه‌وه و ئه‌وه‌ی له ئێران مابووه‌وه. ئه‌وانه پاشماوه‌ی ئیمپراتۆریانن که ده نێو خۆیان دا چه‌شناوچه‌شنی قه‌ومی – زمانییان هه‌بووه و ئه‌و فره چهشنییه پێشتر به شتێکی خۆڕسکی داندراوه، به‌ر له‌وه‌ی که چه‌مکی یه‌کپارچه‌یی ناسیۆن دابێ.
ئه‌وه‌ی که کورده‌کان ده‌کرا به کوردی بدوێن ، ترکه‌کان به ترکی و هه‌ر که‌سێک به هه‌ر زمانێکی پێی خۆش با.دیاره زمانێکی کو‌لتووریی زاڵ یان زمانی ده‌وڵه‌تی زاڵیش هه‌بووه . بۆ وێنه زمانی ترکی زمانی ده‌ربار بووه، زمانی دیوه‌خان بووه، به‌ڵام له هه‌مان کات دا فارسیش له‌وێ نفووزی زۆر بووه له به‌ر ئه‌ده‌بییاته‌که‌ی. جا له به‌ستێنی کولتووری ئێرانیش دا ، زمانی فارسی و ئه‌ده‌بییاته‌که‌ی وه‌کوو زمانی پێوه‌ندی بووه ده نێو ئه‌و به‌ستێنه کولتوورییانه دا. ئاساییه که ئه‌وان زمانێکی پێوه‌ندییان پێویست بووه له ژێر سێبه‌ری ئیمپراتۆرییه‌ک دا.
قازی : هیوادارم بکرێ له مه‌ڕ زمان له به‌رنامه‌یه‌کی دیکه دا بدوێین . به‌ڵام ئێستا به‌ره به‌ره کاتمان ته‌واو ده‌بێ . دوایین پرسیارم ئه‌وه‌یه ، ئه‌و جۆره‌ی له‌م قسانه‌ی دا له‌م به‌رنامه‌یه دا کردتان و هه‌ر وه‌ها خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێیی هێندێک له نووسینه‌کانتان بۆ من ده‌ر ده‌که‌وێ ئێوه دژی کولتووری ڕۆژئاوا نین و به کولتوورێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی داده‌نێن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می که‌ونارای سه‌رزه‌وی ڕۆژهه‌ڵات به کارێکی له‌بار نازانن. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ ئه‌و لایه‌نه هێندێک زیاتر ڕوون که‌نه‌وه !
ئاشووری ! به‌ڵێ ئه‌وه ته‌بیعی یه. کولتووری زاڵی جیهانی ئه‌مه‌یه. ئێمه ئێستا له ژێر ڕووناکایی پرۆژێکتۆری ئه‌وتۆ دانیشتووین که ڕۆژئاوایین ، واته ئی دنیای مۆدێڕنن، له هه‌مبه‌ر دووربینی ئه‌وتۆ دانیشتووین که ئی دنیای مۆدێڕنن ، ته‌نانه‌ت ، زمانی ئه‌و زاراوهیانهی که ئێستا ده‌کاریان دێنین ، زمانی ئه‌و زاراوهیانهیه که له ژێر گوشاری دنیای مۆدێڕن دا به درێژایی ئه‌و سێسه‌د ساڵه‌ی دوایی له زمانی فارسی دا شکڵیان گرتووه و هه‌ر وه‌ها له هه‌موو زمانه‌کانی دنیا دا.بۆیه حاشا کردن له مۆدێڕنیته شتێکی بێ مانایه، نه مه‌عقووله. ئه‌م کۆت و شاڵوارهی ده به‌رمان کردووه ، ئه‌و خۆراکه‌ی ده‌یخۆین ، هه‌موو شتێکمان ئی ئه‌م دنیا مۆدێڕنه‌یه ئیتر. ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره گیایانه‌ش که ئه‌م ڕۆژگاره ده‌یخۆین و له زه‌مانی پێشوو دا قه‌ت ده‌ستمان پێیان ڕانه‌گه‌یشتووه ، ئه‌وانه هه‌مووی ئی دنیای مۆدێڕنن.
هه‌ر چۆنێک بێ نکووڵی کردن له مۆدێڕنیته شتێکی بێ مانایه و هیچ جۆره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک به‌ره‌و دوا نالوێ. له جێ‌دا به شێوه‌یه‌کی زۆر ڕوون ئێمه ئه‌وه‌مان له ئێران دا ته‌جره‌به کردووه. به شۆڕشی ئیسلامی بڕیار وابوو ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ژیانی باوکه گه‌وره‌کانمان. به‌ڵام، دیتمان که ئه‌وه هه‌ڵناسووڕێ، ته‌نانه‌ت ، شۆڕشی ئیسلامی به پێچه‌وانه‌ی ویست و مه‌یلی خۆی ، ئاراسته‌ی زۆر شتی خێراتر کرد بۆ، چوون به‌ره‌و مۆدێڕن بوون.
له ئاکام دا ته‌نێ ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه که چۆن له‌و مۆدێڕنیته‌یه چاک تێ بگه‌ین، به دروستی ده‌کاری بێنین و دروست به پێی پرێنسیپه‌کانی بجووڵێینه‌وه . بۆ نمونه ، هۆی ئه‌وه‌ی که من وه‌دووی زمان که‌وتم ئه‌وه بوو که دیتم لێره دا کهمووکووڕییهکی گه‌وره و بۆشاییه‌کی گه‌وره‌مان هه‌یه.
تا ئه‌و زه‌مانه‌ی که زمانی من وه‌ک زمانێکی وه‌دواکه‌وتووی دنیای سێیه‌می یه، ئه‌من ناتوانم وه‌کوو ئینسانێکی مۆدێڕن بیر بکه‌مه‌وه. ئه‌من ناتوانم ڕامانی مۆدێڕن به دروستی وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانی خۆم. به‌و پێیه وه‌دووی که‌وم واته ئه‌و تێکۆشان و دیسیپلین و مه‌نتیقه‌ی که پێویسته به‌ڕێوه‌ی به‌رم.
قازی: دیاره بێ ئه‌وه‌ی مرۆ له باری ده‌روونییه‌وه خۆی به که‌م دابنێ !
ئاشووری : هیچ پێویست ناکا ! ئینسان که ده‌یه‌وێ ببێته شتێک و ئیراده‌ی خۆی به‌و ئاراسته‌یه‌دا به‌ره‌و پیش به‌رێ، باشتر وایه له جیات ئه‌وه‌ی دابنیشێ و هه‌ست به که‌مبوون بکا،یان هه‌ستی بهخۆفشینی بێ مانای هه‌بێ، یان بییه‌وێ نکووڵی له ڕاستییه‌کان بکا، ده‌بێ ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بناسێ و بڵێ من له کوێم له‌و ته‌وه‌ره‌ی تایبه‌تمه‌ندییان دا .
جێگه‌ی من له کوێیه ؟ چم هه‌یه ؟ و چم نییه ؟ و ده‌مه‌وێ چ بم ؟
له ئاکام دا به پێی ئه‌و بجووڵیته‌وه. له ڕاستی دا ویژدانی ڕووناکبیریی مۆدێڕن و ویژدانی ڕاسیونێلی مۆدێڕن ئه‌وه‌ی له ئێمه ده‌وێ. کاتێک ئه‌وه‌مان بوو ، ئیتر ئێمه مۆدێڕنین ، دیاره ئه‌وه ده‌ره‌جه‌ی هه‌یه ، ئه‌من ناتوانم وه‌کوو فه‌یله‌سووفێکی ئاڵمانی شت بنووسم ، پێویستیش ناکا وه‌ک ئه‌و بنووسم.
قازی : ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بییه‌وێ به فارسی بنووسێ، هه‌ر وایه !
ئاشووری : ڕاسته ئه‌ویش ئه‌و گرفتارییه‌ی هه‌یه !
قازی : زۆر سپاس مامۆستا ئاشووری بۆ به‌شداریتان له به‌رنامه‌ی ڕوانگه دا و هاتنتان بۆ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ ! هیوادارم بکرێ له سه‌ر زمانیش به‌رنامه‌یه‌ک ساز ده‌ین !
ئاشووری : حه‌تمه‌ن. قوربانی ئێوه ، منیش زۆر سپاستان ده‌که‌م.
قازی: بینه‌رانی خۆشه‌ویست ! لێره دا ده‌گه‌ینه کۆتایی ئه‌م ئاڵقه‌یه‌ی ڕوانگهشمان . هه‌تاکوو ڕوانگه‌یه‌کی دیکه لای ئێوه‌مان خۆش !
تێبینی: ئه‌م هاوپرسه‌کییه‌ی سه‌ره‌وه ڕۆژی سێشه‌مۆ 08.05.2007 کراوه و شه‌مۆ 26ی مه‌ی و دووشه‌مۆ 28ی مه‌ی له تێلێڤیزیۆنی ڕۆژه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه.
No comments:
Post a Comment