Friday, February 6, 2009

چرای ژیانی ڕێبوارێکی ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و کۆماری کوردستان کووژایه‌وه‌



نه‌مر‌ مامه‌قاله‌ی ده‌بباغی له‌ نێوان نه‌مران محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ هاوار و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دا .هه‌رسێکیان له‌ غه‌ریبایه‌تی له‌نده‌ن ماڵاواییان له‌ کورد و کوردستان کرد. ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ ئارشیڤی تایبه‌تی ئه‌نوه‌ری سوڵتانی وه‌رگیراوه‌
وێنه‌گر:شێری له‌یزر

چرای ژیانی رێبوارێکی ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و کۆماری کوردستان کووژایه‌وه‌.

به‌داخ وپه‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئێوارێ دره‌نگان ئاواڵێک‌ خه‌به‌ری کۆچی دوایی کاک قادری ده‌بباغی پێدام . ده‌بباغی سه‌رله‌به‌یانی جومعه‌ 6ی فێڤرییه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی له‌نده‌ن له‌ غه‌ریبایه‌تی ماڵاوایی له‌ ژیان کرد و دلێ خزم و دۆست و ناسیاوانی تووشی په‌ژاره‌ کرد.
مامه‌ قاله‌ی ده‌بباغی له‌ تێکۆشه‌رانی له‌مێژینه‌ی کورد و نووسه‌ری چه‌ند بابه‌ت سه‌باره‌ت مێژووی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکافه‌. یه‌که‌م شتی به‌بیستنی ئه‌و خه‌به‌ره‌ به‌ زه‌ینم داهات وه‌‌ بیر هاتنه‌وه‌ی نووسراوه‌یه‌کی هه‌ژار بوو سه‌باره‌ت به‌ پاکی و دڵئاواڵه‌یی ئه‌ندامانی ژێکاف له‌ ئاست یه‌کتری. بۆ ڕێزلێنان له‌ بیره‌وه‌ری قادری ده‌بباغی با ئه‌و ڕستانه‌ی هه‌ژار له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌ جارێکی دیکه‌ به‌یه‌که‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌:
" جارێک له‌ زه‌نبیل میوان بووم و خه‌ریک بووم بڕۆم. له‌و ده‌مه‌ دا ده‌سته‌یه‌ک مرید هاتن، سه‌ید گوتی ڕاوه‌سته‌ قسه‌م هه‌یه‌. سۆفیه‌کی پیر ده‌ستی ماچ کرد. سه‌ید لێی پرسی: " سۆفی تۆش بوویه‌ کۆمه‌ڵه‌؟" گوتی: " قوربان خوا به‌ نسیبمان کا. به‌ خوا من ده‌ستی باپیرتم گڵاو کردووه‌، بوومه‌ مریدی بابت، ئێستاش مریدی تۆم، قه‌تم ده‌ست له‌ خه‌راپه‌ کاری و دزی به‌رنه‌داوه‌. به‌ڵام له‌ سایه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌موو خراپه‌یه‌کم وه‌لا ناوه‌. زه‌مان زه‌مانی محه‌مه‌دی مه‌هدیه‌...
خۆم لاوێک بووم له‌ ته‌مه‌نی بیست و دوو ساڵی دا، ده‌گه‌ڵ براده‌رێکی حیزبی به‌ ناوی " عه‌بدولقادر ده‌باغی" ڕام ده‌بوارد. زۆر جار ده‌چوومه‌ ماڵیان و ده‌گه‌ڵ عه‌بدولقادر و خوشکه‌کانی بێ ته‌قیه‌ گه‌مه‌مان ده‌کرد. ڕۆژێک یه‌کێک پێی گوتم: " خۆشی له‌ خۆت، ده‌گه‌ڵ ئه‌و خوشکه‌ جوانانه‌ی ده‌باغی دا که‌یف ده‌که‌ی". باوه‌ڕ که‌ تا وای نه‌گوت نه‌م زانی خوشکه‌کانی جوانن یا ناشیرین. له‌و ساوه‌ ته‌رکی ماڵی ده‌باغیم کرد وهه‌رچی کردیان نه‌چوومه‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ چاوی خه‌یانه‌ت بڕوانمه‌ خوشکی برای حیزبیم – چێشتی مجێور ڵ.72 "
داوای سێبووری بۆ خزم وکه‌س کاری مامه‌ قاله‌ی ده‌بباغی و هه‌موو ڕێبوارنی ڕێبازی ناسێنه‌خوازی کورد ده‌که‌م.
حه‌سه‌نی قازی
6ی فێڤرییه‌ی 2009

No comments: