سه‌باره‌ت به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.، گۆواری گزینگ،ژماره‌ی 18، زستانی 1998
تێبینی : ئه‌م باسه‌ی خواره‌وه له مانگی مای ساڵی 1997 نووسراوه.به دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه و بابه‌تی سه‌باره‌ت به تاریخی دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه،که‌سێک هه‌م له گۆواری گزینگ و هه‌م له گۆواری ڕوانگه‌دا (ژماره‌ی 11، ئۆکتۆبری 2002 ) به‌شێکی زۆری ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌و دوو نووسینه کورتانه دا شیته‌ڵ کراونه‌ته‌وه به ناوی خۆی به خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد فرۆشتبووه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هێما به‌سه‌رچاوه بکا و بۆ شوێنه ونکه له‌په‌ڕاوێز دا نووسیبووی: " تا ئێستا گه‌لێک که‌س له ناوی کۆمه‌ڵه‌یان کۆڵیوه‌ته‌وه و زۆربه‌شیان له سه‌ر ئه‌وه ساغ بوونه‌ته‌وه که (ژ.ک) کورتکراوه‌ی (ژیانه‌وه‌ی کورده). بۆ نموونه بڕوانه: ( پێداچوونه‌وه - گه‌شتێک به نێو بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد له کوردستانی ئێران، که‌ریمی حسامی، سوید- 1996، ل 170 )، ( سه‌باره‌ت به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. حه‌سه‌نی قازی، گزینگ، ژماره 18، زستانی 1988، ل 46- 47)، جێی سه‌رنجه کاک حه‌سه‌نی قازی له‌م وتاره ی دا گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی که ژ.ک. به‌کورتکراوه‌ی (ژیانی کورد)بزانێ! که‌چی له ژماره 19ی گزینگ، به‌هاری 1998، ل 19، ستوونی 1) دا له ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی کورت دا کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستانی نووسیوه. پێشتریش له ژماره 17ی گزینگ دا بابه‌تێکی به ناوی " بۆچوونێک سه‌باره‌ت به تاریخی دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد"ه‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه!" ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ی ژماره‌ی 19،ل 19، ستوونی 1، ئی من نییه به‌ڵکوو بۆچوونی نووسه‌ری بابه‌ته‌که‌یه که ئه‌من له زمانی ئینگلیسییه‌وه وهرمگێرابوو و ده‌ستم تێوهرنهدابوو و وه‌ک خۆی دامنابوو. وابزانم له ساڵی 2003 یان 2004 بوو ئه‌و که‌سه پێوه‌ندی پێوه‌کردم و داوخوازی هێندێک یارمه‌تی و سه‌رچاوه‌ی ده‌کرد. ئه‌من پێم ڕاگه‌یاند واباشه به‌ر له هه‌موو شت ددان بهگزییهکهی دابنێ، به‌ڵام ملی نه‌دا و خۆی له یارمه‌تیدانی من بێ به‌ش کرد.
لێره دا ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بکه‌م له‌و دواییانه دا یه‌ک دوو به‌ڵگه‌ی دیکه‌ش ده‌ست که‌وتوون ڕاستینه‌ی نێوی ژ.ک. به‌و جۆره‌ی له‌م نووسینه‌دا هاتوون داده‌گرنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌گرم بۆ ده‌رفه‌تێکی دواتر.
گۆواری گزینگ، ژماره 18، زستانی 1998 (1376)
سه‌باره‌ت به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی " ژ.ک "
حه‌سه‌نی قازی
له ژماره‌کانی گۆڤاری نیشتمان و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه که به ده‌سته‌وه‌ن، له په‌خشانه‌کاندا ڕوون نابێته‌وه دوو ده‌نگی /ژ/ و /ک/ سه‌ره‌تای کام ووشه‌ی کوردین؟ داخودا /ژ/ سه‌ره‌تای ووشه‌ی "ژیان"، "ژیانه‌وه" یان "ژیاندنه‌وه" یه؟ ئایا /ک/ سه‌ره‌تای ووشه‌ی "کورد"ه یان "کوردستان" ؟ و ئه‌و پرسیاره‌ش دێته گۆڕێ بۆچی کۆمه‌ڵه له "چاپه‌کانی" دا نێوی ته‌واوی خۆی نه‌هێناوه؟ ڕه‌نگه ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و شێوه کاره نهێنییه‌ی که کۆمه‌ڵه‌ی له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵسووڕان و چالاکییه‌کانیدا بوویه‌تی و زۆر له ئه‌ندامانیشی یه‌کتریان نه‌ناسیوه.
له‌و سه‌رچاوانه‌ی وا له به‌ر ده‌ست نووسه‌ری ئه‌م باسه دان ناوی کۆمه‌ڵه ئاوا هاتووه:
1- ڕوزڤێڵت ی کوڕ 1947 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد) 1
2- وه‌دیع جو وه‌یده 1960 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد)
3- ئیگلتن ی کوڕ 1963 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
4- تۆما بوا 1964 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
5- عه‌زیزی شه‌مزینی 1985 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
6- حه‌سه‌نی ئه‌رفه‌ع 1966 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
7- هێمن 1974 ( ''"""""")
8- کریس کۆچێرا 1979 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
9- ڕیچارد. ئا، مۆبلی 1979 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
10- قادری موده‌ریسی 1981 ( """"")
11- مه‌حموودی مه‌لا عززه‌ت 1984 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان)
12- جه‌ماڵ نه‌به‌ز 1985 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
13- که‌ریمی حیسامی 1985 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
14- قادری موده‌ریسی 1985 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد)
15- ڕه‌حیمی قازی 1985 ( جمعیت احیا‌ء کرد/ کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
16- فه‌ریده‌ی کووهی که‌ماڵی 1986 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
17- عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو 1988 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
18- ڕوزڤێڵت ی کوڕ 1988 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کوردستان)
19- عه‌بدولسه‌تتار شه‌ریف 1989 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان)
20- عه‌بدولقادری ده‌باغی?? 19( """"")
21- ژیگالێنا 1988 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی کوردستان)
22- م.ر. جهلائی پوور 1986 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی کوردستان)
23- د. گوڵمرادی مرادی 1992 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان)
24- نه‌وشیروان ئه‌مین 1993 (""""")
25- ب. یاسین 1995 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
26- ع. هه‌ژار 1963 / 1964 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
27- که‌ریمی حیسامی 1996 (کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
28- جه‌لیلی گادانی 1996 ( """"")
29- ع. مه‌ردوخ 1996 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
30- غه‌نی بلووریان 1997 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
31- حامیدی گه‌وهه‌ری 1997 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد)
32- عه‌لی عه‌بدووڵا 1969 ( کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد)
33- عه‌بباسی وه‌لی 1995 ( """""")
وه‌ک له‌و لیسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ڕا ده‌رده‌که‌وێ نێوی کۆمه‌ڵه به پێنج جۆر باس کراوه و له سه‌ر نێوی کۆمه‌ڵه ته‌نێ له نێو نووسه‌ره لاوهییهکاندا 2 باس و موناقه‌شه دروست بووه و تا ئه‌و جێیه‌ی ئه‌من ئاگادار بم ته‌نێ نووسه‌رێکی کورد 3 ویستوویه به پێی بۆچوون ئه‌و نێوه ساخ کاته‌وه.
ته‌نیا به‌ڵگه‌یه‌کی نووسراو که ده‌کرێ پشتی پێ ببسترێ و نێوی کۆمه‌ڵه‌ی به ته‌واوی نووسیوه و ئه‌و گرێیه یه‌ک لا ده‌کاته‌وه بڵاوکراوه‌ی " ڕێگا" یه که له ساڵی 1327ی هه‌تاوی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر (ئۆکتۆبر- نۆڤامبری 1948) نزیکه‌ی دوو ساڵ دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بڵاو کراوه‌ته‌وه‌و له بن سه‌ردێڕی "ڕێگا" دا نووسراوه:ارگانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورده. له‌و بڵاوکراوه‌یه هه‌ر دوو ژماره بڵاوکراوه‌ته‌وه؛ ژماره‌ی "طلیعه" و ژماره‌ی 1 و له سه‌ر ووتاری ژماره 1 دا به فارسی " علت تشکیل حزب ژیانی کرد" شی کراوه‌ته‌وه
.
ئه‌و بڵاوکراوه‌یه به ده‌ستپێشخه‌ری غه‌نی بلووریان و محه‌مه‌دی شاپه‌سندی وه‌ڕێکه‌وتووه و عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی و حه‌سه‌نی قزڵجی ش بڕیاری هاوکاری کردنیان داوه که دواتر هه‌ر به دوو نووسراوه‌ی حه‌سه‌نی قزڵجی و غه‌نی بلووریان ده‌رچووه.
سێ که‌س له‌وناوانه‌ی سه‌ره‌وه چ پێش له دامه‌زرانی کۆمار له سه‌ر وبه‌ندی چالاکی کۆمه‌ڵه دا و چ دوای دامه‌زرانی حیزب له هه‌ڵسووڕێنه‌رانی چاپه‌مه‌نی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوون و به له‌به‌رچاو گرتنی مه‌ودای زه‌مانی واته له ساڵی 1948 که ده‌مێکی هێنده زۆر به سه‌ر نه‌مانی کۆمه‌ڵه دا تێنه‌په‌ڕیبوو ده‌بێ نێوی ته‌واوی کۆمه‌ڵه‌یان له زه‌یندا بووبێ، بۆیه زۆر وێده‌چێ ' ژ.ک.' کورته‌ی دوو ووشه‌ی ' ژیانی کورد' بێ.
کاک غه‌نی بلووریان له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا 4 ده‌نووسێ : " له سیته‌ک چاومان [ خۆی و شاپه‌سندی] به مامۆستا "حه‌سه‌نی قزڵجی"، "عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی" وه " سه‌ید محه‌مه‌دی [ محیێدین دروسته] سه‌مه‌دی که‌وت. سه‌ید محه‌مه‌د [ محیێدین] ماڵی له سلێمانی بوو و جار جار ده‌هات سه‌ری ئێمه‌ی ده‌دا... دوای ئاماده بوونی چاپخانه‌که [ مه‌به‌ست ده‌زگای ڕۆنیۆ و شتی ئه‌وتۆیه، چونکوو نووسخه‌ی ماکی " ڕێگا" که له به‌ر ده‌ست دایه به پیتچنی نییه به‌ڵکوو به تایپ ڕایتر نووسراوه‌ته‌وه- تێبینی نووسه‌ری ئه‌م باسه]،له پێشدا چه‌ند به‌یاننامه‌ی حیزبی مان پێ چاپ کرد و پاشان له سه‌ر ده‌رکردنی گۆڤارێک ساخ بووینه‌وه و ناوی "ڕێگا"مان بۆ هه‌ڵبژارد. هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان‌مان ده‌ر نه‌کرد و " ڕێگا" مان بۆ ئه‌و قۆناخه هه‌ڵبژارد و ناوی " ئۆرگانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد" مان له سه‌ر دانا ئه‌وه بوو که دوژمن ووریا نه‌بێته‌وه و دیسان دژی کۆنه دێمۆکڕاته‌کان ڕانه‌په‌ڕێ و خه‌ڵک تووشی گیروگرفت نه‌کا... کاتی چاپکردنی ڕێگا، چونکه ئاماده نه‌بووین بڵاوکراوه‌ی شێخ له‌تیف چاپ بکه‌ین، زه‌بیحی ناکۆکی له‌گه‌ڵ په‌یدا کردین و ئیتر ئاماده نه‌بوو یارمه‌تیمان پێ بکات."
ئێستا که ناوی کۆمه‌ڵه ساخ بووه‌وه به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکێک سه‌ری ئه‌و باسه دادهکووژێنم. له ساڵانی 1960 له کاتی په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری له خوارووی کوردستان، قسه و باسی کوردایه‌تی و جارجار که‌فوکوڵی ساویلکانه‌ش له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر باو بوو. یه‌ک له‌و که‌سانه‌ی له تافی منداڵییه‌وه به شێوه‌ی خۆی شانی دابووه به‌ر کوردایه‌تی، هه‌ر ئه‌وکه‌سه‌ی که له نیشتمانی ژماره 2 دا ( خه‌زه‌ڵوه‌ری 1322، ل. 18) وه‌ک مناڵێکی بوێژ په‌سنی دراوه و پارچه شێعرێکی بڵاوکراوه‌ته‌وه که به‌م به‌یته ته‌واو ده‌بێ: " قومریا گه‌رچی ایسته مندالی/ جوان دههونیوه شعر و هه‌لبه‌ستان"، ئه‌گه‌رچی له باری ئه‌ده‌بییه‌وه خزمه‌تی هه‌بوو، به‌ڵام له لایه‌ن کۆڕوکۆمه‌ڵی سیاسییه‌وه وه‌خۆ نه‌ده‌کرا، و براده‌رێک جارێکیان ده‌یگوت: " فڵانه‌که‌س ئێستاش هه‌ر ژ.ک. ه، به‌ڵام ووشه‌کانی لێ گۆڕاوه، " ژیانی کورد"ی لێبووه به ژن و کۆنیاک.
مای 1977
په‌راوێزه‌کان
1- دیاره له‌و لیسته‌یه ده‌کرێ زیاد بکرێ، به‌ڵام هۆی جۆربه‌جۆر ناوهێنانی کۆمه‌ڵه نیشانه‌ی گوێنه‌دان و به گرینگ دانه‌نانی ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوه له لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه‌یه و لێره‌شدا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبی ئیگلتن ناوهکهبه ئاڵوگۆڕکردنه‌وه له‌و وه‌رگیراوه.
2- ویلیا‌م ئیگلتن ی کوڕ له کتێبه‌که‌یدا The Kurdish Republic of 1946 له پانووسی لاپه‌ڕه‌ی 34 به دروستی ده‌ڵێ: " زۆربه‌ی سه‌رچاوه ئینگلیسییه زمانه‌کان سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵه، ووشه‌ی " ژیان"یان به "جه‌وان" وه‌رگێڕاوه که ئه‌و ده‌می ناوی حیزبه‌که ده‌بێ به " کۆمیته‌ی جه‌وانانی کورد"، به‌ڵام ووشه‌ی کوردی بۆ young جه‌وان ه نه‌ک "ژیان". مه‌به‌ستی ئیگلتن زیاتر ئاماژه‌یه به نووسینێکی ڕوزڤێڵت، به‌ڵام بۆخۆشی به هه‌ڵه " کۆمه‌ڵه"ی به
committee وه‌رگێڕاوه.
3- کاک که‌ریمی حیسامی له کتێبه‌که‌یدا " پێداچوونه‌وه، ستۆکهۆڵم، 1996، لاپه‌ڕه‌ی 170 ده‌نووسێ : " له‌باری ناوی کۆمه‌ڵه‌وه له هیچ سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی کۆمه‌ڵه دا ئه‌م دوو پیته‌ی (ژ.ک.) ڕوون نه‌کراونه‌وه و نه‌نووسراوه که مه‌به‌ست له‌و دوو پیته چییه؟ نووسه‌رانی کورد و بێگانه هه‌ر که‌س به سه‌لیقه‌ی خۆی جۆرێک به کاری هێناوه ...... به‌ڕای من " کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد" ڕاست بێ، چونکه له سه‌رده‌می حکوومه‌تی په‌هله‌ویدا کورد به‌ره‌و نه‌مان ده‌چوو،لهئاویلکهی ژیان دا بوو. بۆیه ' کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد' ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌و ده‌می کورد و کوردستان پتر ڕێک بکه‌وێ.
4- بڕوانه: غه‌نی بلووریان، ئاڵه‌کۆک " به‌سه‌رهاته‌کانی سیاسی ژیانم"، ستۆکهۆڵم، 1977، ل. 81، 82 ، 95
* په‌راوێزێکی تایبه‌تی بۆ بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه له ڕوانگه دا. من ئه‌سڵی بڵاوکراوه‌ی " ڕێگا"م له ئارشیڤی تایبه‌تی که‌ریمی حیسامی دا دیتووه و کۆپی بڵاو کراوه‌ی " ڕێگا" که له کتێب و جێگه‌ی دی، به تایبه‌تی له تاراوگه‌ی ئوڕووپا چاپ کراون سه‌رچاوه‌یان نوسخه‌کانی ئارشیڤی ئه‌و خودالێخۆشبووهن.
No comments:
Post a Comment