چاپی نوێی ئه‌تڵه‌سی زمانانی ژێر مه‌ترسی دنیا له‌لایه‌ن یونێسکۆوه. به بۆنه‌ی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایکی
چاپی نوێی ئه‌تڵه‌سی زمانانی ژێر مه‌ترسی دنیا له لایه‌ن یونێسکۆوه
به بۆنه‌ی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایکی، 21 فێڤرییه
ماڵپه‌ڕی یونێسکۆ ( ڕێکخراوی په‌روه‌رده‌یی، زانستی و کولتووری کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان)، دوێنێ 19ی فێڤرییه به بۆنه‌ی ڕۆژی نێو نه‌ته‌وه‌یی زمانی دایکی چاپی نوێی ئه‌تڵه‌سی ئێلێکتڕۆنی زمانانی ژێر مه‌ترسی دنیای بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌و که‌ره‌سته دیجیتاڵییه زانیاری ههرهتازه سه‌باره‌ت به نزیکه‌ی 2500 زمانی ژێر مه‌ترسی له سه‌رتاسه‌ری دنیا له‌به‌رده‌ست ده‌نێ و ده‌کرێ به یارمه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌کاری ده‌هێنن به به‌رده‌وامی زانیاری نوێی لێ زیاد بکرێ،هه‌ڵه‌کانی ساخ بکرێنه‌وه و زانیارییه‌کانی تازهکرێنهوه.
ئه‌و ئه‌تڵه‌سه که، به بۆنه‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایکی ( 21ی فێڤرییه) پێشکێش کراوه، ده‌رتانی لێگه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی چه‌ندین پێوانه و بابه‌تان ده‌ڕخسێنێ. و له لیسته‌که‌دا ئه‌و 2500 زمانانه له پێنج ئاستی جیاواز دا نیشان دراون. ئه‌و زمانانه‌ی هێزیان ده‌به‌ر داماوه، ئه‌وانه‌ی له دۆخێکی ساخ دانین، ئه‌وانه‌ی به لێبڕاوانه له مه‌ترسی دان،ئه‌وانه‌ی به جیدی له مه‌ترسی دان، ئه‌وانه‌ی له ئاویلکه‌دان دان و ئه‌وانه‌ی کپ بوون و کووژاونه‌ته‌وه.
هێندێک له‌و زانیارییانه‌ی له ئه‌تڵه‌سه‌که‌دا هاتوون به ڕاستیش ده‌بنه هۆی په‌شێوی، له نزیکه‌ی 6000 زمانی که ئێستا له دنیا دا هه‌ن، 200 زمانیان له ماوه‌ی ژیانی سێ وه‌جی ڕابردوو دا کپ بوون و کوێر بوونه‌ته‌وه، 538 یان له ئاویلکه دان دان، 502 یان به جیدی له مه‌ترسی دان، 632یان به لێبڕاوانه له مه‌ترسی له نێوچوون دان و 607یان له دۆخێکی ناساخ دان.
بۆ نموونه، ئه‌تڵه‌سه‌که ده‌ڵێ 199 زمان که‌متر له 10 ئاخێوه‌ریان هه‌یه و 178 زمانی دیکه له نێوان 10 تا 50 ئاخێوه‌ریان ماوه. ئه‌و زمانانه‌ی ئه‌تڵه‌سه‌که ئاماژه ده‌کا له‌ودواییانه دا کوێربوونهتهوه بریتین له زمانی ماکس ( له دوڕگه‌ی مه‌ن)، که له‌ساڵی 1974 دا به‌ته‌واوی کپ بوو کاتێک نێد مادرێل که دوایین ئاخێوه‌ری بوو بۆ هه‌میشه سه‌ری نایه‌وه، زمانه‌که‌ی دیکه ئاساکس ه ( له تانزانیا)، که له‌ساڵی 1976 دا کوێر بووه‌وه، زمانی ئوبیخ ( له ترکییه) که له‌ساڵی 1992 به مردنی دوایین قسه‌که‌ری تۆفیق ئهسهنچ نه‌ما، و هه‌ر وه‌ها زمانی ئه‌یاک ( له ئاڵاسکا، ده‌وڵه‌ته یهکگرتووهکلانی ئه‌مریکا) که له ساڵی 2008 دا به مردنی ماری سمیت جۆنز ئه‌و زمانه‌ش مرد.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یونێسکۆ کۆیچیرۆ ماتسورا له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: " مردنی زمانێک ده‌گاته بزر بوونی زۆر له شێوه‌کانی ئاشکرای که‌له‌پوورێکی کولتووری، به‌تایبه‌تی که‌له‌پووری له نرخ نه‌هاتووی ئه‌و نه‌ریت و ده‌ربڕینه زاره‌کییانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی قسه‌ی پێ ده‌کا- له شێعر و ئه‌فسانه‌وه بگره تا ده‌گاته مه‌ته‌ڵ و قسه‌ی نه‌سته‌ق. له‌نێو چوونی زمانان هه‌ر وه‌ها خه‌سارێکی گه‌وره شه بۆ تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵی ئینسانی له فره‌چه‌شنی بیۆلۆژیکی، چونکوو زمانان گوێزه‌ره‌وه و هه‌ڵگری زانستن سه‌باره‌ت به خۆڕسک و گۆی زه‌وی."
ئه‌و ئه‌تڵه‌سه له لایه‌ن 30 زمان‌ناسی خه‌ڵکی شوێنی جیاوازه‌وه ئاماده کراوه و ده‌یسه‌لمێنێ دیارده‌ی نه‌مان و کپ بوونی زمانان له هه‌موو هه‌رێمێک و له‌هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی جیاوازی ئابووری دا وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ. له شێوه ویشکاڕۆی سه‌حرای ئه‌فریقا، که به نزیکه‌ی 2000 زمان قسه ده‌کرێ( نزیکه‌ی یه‌ک له سێی زمانانی دنیا)، زۆر ڕێی تێده‌چێ له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی داهاتوو دا %10 ئه‌و زمانانه نه‌مێنن. ئه‌تڵه‌سه‌که ئه‌وه‌ش ده‌ست نیشان ده‌کا که هیندووستان، ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، بڕێزیل، ئه‌ندۆنێزی و مێکزیکۆ،ئه‌و وڵاتانه‌ی که چهشناو چه‌شنی هه‌ره گه‌وره‌ی زمانیان هه‌یه، هه‌ر ئه‌و جێیانهشن که ژماره‌ی هه‌ره زۆری زمانانی ژێر مه‌ترسییان تێدایه. له ئاوسترالیا، 108 زمان له ئاستی جۆربه‌جۆر دا ده مه‌ترسی دان. له وڵاتی مێترۆپۆلی فه‌ڕانسه، 26 زمان ده مه‌ترسی دان: 13 یان ده مه‌ترسی جیدی دان، 8یان به لێبڕاوانه ده مه‌ترسی دان و 5 یان دۆخیان ناساخه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ، ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌تڵه‌سه‌که له ئاستی جیهانی دا ده‌یخاته به‌رچاو، وه‌نه‌بێ ترسهێنه‌ر بێ. وڵاتێکی وه‌کوو پاپووا گینه‌ی نوێ که له سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه گه‌وره‌ترین چه‌شناوچه‌شنی زمانی تێدایه ( وا داده‌ندرێ له‌وێ به زیاتر له 800 زمان قسه بکردرێ)، له‌وێش به ڕێژه هێندێک زمان ده مه‌ترسی دان ( 88یان). هێندێک له‌و زمانانه‌ی که له ئه‌تڵه‌سه‌که دا وه‌ک زمانی خامۆش و کوێره‌وه‌بوو نیشان دراون ئێستا چاڵاکانه ده‌بووژێندرێنه‌وه، وه‌ک زمانی کۆرنیش ( کۆرنواڵ) و زمانی سیشێ ( له کاڵدۆنیای نوێ)، و ڕێی تێده‌چێ ئه‌و زمانانه دیسان زیندوو ببنه‌وه.
له‌وه‌ش ده‌رچێ، له سایه‌ی سیاسه‌تی باشی زمانی دا،ئێستا ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی چه‌ندین زمانی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی زیادییان کردووه، بۆ نموونه زمانی ئایمارای نێوه‌ندی و زمانی کۆچێوا له پێڕوو، مائۆری له نیو زیله‌ند، گاورانی له پاراگوای و چه‌ندین زمان له کانادا، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و مێکزیکۆ.
ئه‌تڵه‌سه‌که ئه‌مه‌ش نیشان ده‌دا له به‌ر هۆکاری ئابووری، سیاسه‌تی جیاوازی زمانی و دیارده‌ی کۆمه‌ڵناسانه، زمانێکی تایبه‌تی له‌وانه‌یه له ئاستی جیاوازی هێز و توانایی دا بێ.
کریستۆفر مۆسلی (Christopher Moseley ) ، که زمانناسێکی ئاوسترالیایی و ئێدیتۆری گشتی ئه‌م ئه‌تڵه‌سه زمانییه‌یه ده‌ڵێ : " ئه‌وه زۆر ساویلکانه و ئه‌وپه‌ڕی سهرچڵانهیه ئه‌گه‌ر بگوترێ زمانه زه‌به‌ڵاحه پێشووه‌کانی کۆلۆنیال، وه‌ک ئینگلیسی، یان فه‌ڕانسه‌یی یان ئێسپانیایی، زمانانی بکوژن، و زمانه پچووکتره‌کان قوربانینه. وانییه .لێره‌دا گه‌مه‌یه‌یه‌کی مووقه‌ڵێش له نێو هێزه‌کاندا هه‌یه، و ئه‌م ئه‌تڵه‌سه یارمه‌تی ده‌کا به خه‌ڵکی ئاسایی که ئه‌و هێزانه باشتر بناسن."
ساز کردنی ئه‌و ئه‌تڵه‌سه که ده‌کرێ دوولایه‌نه کاری له سه‌ر بکرێ، به یارمه‌تی دارایی نۆڕوێژ ئاماده کراوه و به‌شێکه له پڕۆژه‌ی یونێسکۆ بۆ پاراستنی زمانانی ژێر مه‌ترسی. یۆنێسکۆ لێره دا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌جووڵێته‌وه و هاسانکاری ده‌کا بۆ ده‌ستوێڕاگه‌یشتن به زانیاری و نه‌خشه، و وه‌ک فۆرومێک ده‌بزوێته‌وه بۆ گه‌نگه‌شه و لێدوان له‌و باره‌یه‌وه و ده‌رگای به‌ڕووی کۆمه‌ڵگه‌یان، پسپۆڕان و کاربه‌ده‌ستانی وڵاتاندا له سه‌ر گازی پشت و کراوه‌یه.
*ده‌قی نووسراوی ئه‌م ئه‌تڵه‌سه له مانگی مارس دا بڵاو ده‌کرێته‌وه.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی یونێسکۆ
وه‌رگێڕان: حه‌سه‌نی قازی له زمانی ئینگلیسییه‌وه.
وێبنووسی ڕوانگه: 20ی فێڤرییه‌ی 2009
No comments:
Post a Comment