ئی تۆم یا خوڵا================ هێندێک ئاگاداریی تازه سه‌باره‌ت به عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی
ئی تۆم یاخوڵا
هێندێک ئاگاداریی تازه سه‌باره‌ت به عه‌زیزوڵا خانی زه‌ندی
حه‌سه‌نی قازی
له چاپه‌مه‌نی کوردی دا سه‌باره‌ت به‌ده‌وری سیاسی و پله‌ی خوێنده‌واری عه‌زیزوڵا خانی زه‌ندی که له ساڵی 1942ی زایینی مه‌ڕامنامه‌ی "حیزبی ئازادیی کوردستان"ی نووسیوه ( بڕوانه وتاری ئه‌م نووسه‌ره: 'سه‌باره‌ت به "حیزبی ئازادیی کوردستان' و عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی' وێبنووسی ڕوانگه، شه‌مۆ 11ی ئووتی 2007) هه‌ر وا بێ به‌ڵگه و سه‌نه‌د چه‌ند شت نووسراوه (1)،(2)
به‌ڕێز دوکتور یاسین سه‌رده‌شتی ش له نووسراوه‌یه‌ک دا (چه‌ند ڕاستییه‌کی مێژوویی سه‌باره‌ت به حیزبی ئازادیی کوردستان، له ماڵپه‌ڕی ئێلێکترۆنی دیمانه دا [ 2006.09.21 ]) (3) -- که به‌داخه‌وه ئه‌و ماڵپه‌ڕه ئیدی ئێستا چالاکی نه‌ماوه،به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه ئارشێڤهکهی له ئینترنێت دا هه‌ر ماوه -- ، له گه‌ڵ شی کردنه‌وه‌یه‌کی دوور و درێژی مه‌ڕامنامه‌ی حیزبی ئازادیی کوردستان له‌مه‌ڕ عه‌زیزی زه‌ندی ده‌نووسێ: " دامه‌زرێنه‌ری حیزبه‌که عه‌زیزی زه‌ندی بوو؛ پاش ئه‌و په‌لاماره [ مه‌به‌ست ڕاگواستن و دوورخرانه‌وه‌ی زۆره ملی ژماره‌یه‌ک له تێکۆشه‌رانی کورده بۆ ناوچه دوورده‌سته‌کانی ئێران]، ناچار بوو ئێران جێبهێڵێت و بچێته ئاڵمان و تا ڕووخانی دیکتاتۆری ڕه‌زا شا ئاواره بێت. به‌وه‌ش په‌رده له سه‌ر قۆناغی یه‌که‌می تێکۆشانی حیزبی ئازادیی کوردستان داده‌درێته‌وه". دیاره به‌ڕێز دوکتور سه‌رده‌شتی ئاماژه به هیچ سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌یه‌ک ناکا بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه واته چوونی زه‌ندی بۆ ئاڵمان له‌وسه‌روبه‌نده دا، له کاتێکدا مه‌ڕامنامه‌که دوای په‌لاماره‌که بڵاو بووه‌ته‌وه و به پێی به‌ڵگه‌کانی ئاڕشیوی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری له هێرمانسبورگ ده‌رده‌که‌وێ (وه‌رگێراوی نووسینه‌که‌ی پڕۆفێسۆر تامکێ له درێژه‌ی ئه‌م باسه دا بخوێنه‌وه) عه‌زیزی زه‌ندی له8ی دیسامبری 1927 له گه‌ڵ دوکتور هێرمان شاڵک گه‌یشتووه‌ته هێرمانسبورگ و له کۆتاییه‌کانی مانگی فێڤرییه‌ی 1928 دا له بێرلینه‌وه به‌ڕێیان کردووه‌ته‌وه بۆ ئێران و ئه‌و سه‌فه‌ره کورته‌ی وی بۆ ئاڵمان هه‌رنه‌بێ 12 ساڵ به‌ر له ڕاوه‌دوونان و دوورخستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک خه‌ڵک له سابڵاغه‌وه بۆ شوێنه دوورده‌سته‌کانی ئێران بووه.(4)
لایه‌نێکی جێی تێڕامان له نووسینه‌که‌ی دوکتور سه‌رده‌شتی دا ئه‌وه‌یه، ' حیزبی ئازادی کوردستان'ئاوا نیشان ده‌دا که گۆیا چالاکییه‌کانی زۆر به‌ته‌کووز و سیستماتێک بووبن، به‌ڵام ئه‌و حیزبه له پڕێک هه‌ڵوه‌شابێته‌وه، له کاتێک دا تا ساڵی 1977 که مه‌ڕامنامه‌ی ئه‌و حیزبه له ئارشیوی ڕێکخراوی ئه‌سنادی میللی ئێران ده‌رکه‌وت (5)، شتێکی ئه‌وتۆ له سه‌ر ئه‌و حیزبه نه‌ده‌زاندرا و له‌چاپه‌مه‌نی سه‌روبه‌ندی ژێکاف و کۆماری کوردستانیش داسهبارهت به حیزبی ئازادیی کوردستان ئاماژه‌یه‌کی که‌م نه‌بێ هیچ نابینین.زۆر وێده‌چێ ئه‌و مه‌ڕامنامه‌یه به‌رله‌وه‌ی له نێو خه‌ڵک دا پێی زاندرابێ که‌وتبێته ده‌ست کاربه‌ده‌ستانی ئێران و له ئارشێڤ دا مابێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ک دوکتور سه‌رده‌شتێش ئاماژه‌ی پێ کردووه و ئه‌منیش هه‌ر وای بۆ چووم ( بڕوانه: سه‌باره‌ت به 'حیزبی ئازادیی کوردستان ' و عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی، وێبنووسی ڕوانگه) ئه‌و مه‌ڕامنامه‌یه بۆ ئه‌و سه‌روبه‌ندی هێندێک خاڵی چاوڕاکێشی تێدایه. به‌خۆشییه‌وه به بڵاو بوونه‌وه‌ی لێکۆلێنه‌وه‌یه‌کی پرۆفسۆر مارتین تامکێ مامۆستای تێئۆلۆژی زانکۆی گوێتینگن که به پاڵ پشتی به‌ڵگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری هێرمانسبورگی ی ئاڵمان به زمانی فه‌رانسه‌یی له گۆواری ژماره 5 ی
( Etudes Kurdes, Decémré 2002- Fevriér 2003 ) ئه‌نیستیتووی کوردی له پاریس بڵاو بووه‌ته‌وه، چلۆنایه‌تی سه‌فه‌ری زه‌ندی بۆ ئاڵمان و مانه‌وه‌ی کورتی له‌وێ به‌ته‌واوی ڕوون ده‌بێته‌وه. له‌درێژه‌ی ئه‌م باسه دا هه‌موو نووسینه‌که‌ی مارتین تامکێ لهوبارهیهوهبۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وه و هۆگرانی ڕاستیی مێژوویی وه‌رده‌گێڕین.
The Inter-Synodical Evangelic Lutheran Orient Mission Society( کۆمه‌ڵه‌ی هاوکۆیی ئه‌نجومه‌نی کلیسایی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات ) که له ساڵی 1911وه له سابڵا‌غ ده‌ستی به‌چالاکی کردووه،له ئۆکتۆبری 1910 یه‌وه له ئه‌مریکا ده‌ستی به بڵاو کردنه‌وه‌ی گۆوارێکی مانگانه کردووه به نێویThe Kurdistan Missionary . ژماره‌ی یه‌که‌می ئه‌و گۆواره له 10 ی ئۆکتۆبری ساڵی 1910 له شیکاگۆ بڵاو بووه‌ته‌وه و دواتر نێوه‌ندی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵه‌که بۆ شوێنی جۆربه‌جۆری ئه‌مریکا گوێزراوه‌ته‌وه و ئه‌و گۆواره بۆ ماوه‌ی 19 ساڵ واته تا ساڵی 1928هه‌ر به‌و ناوه بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌و ساڵه دا به هۆی سکاڵا و گازنی ده‌وڵه‌تی ئێران ناچار بووه نێوی بڵاوکراوه‌که‌ی بگۆڕێ و بیکا به The Orient Mission . پێش له هاتنی میسیۆنێره لوتێرییه‌کانی شارۆمه‌ندی ئه‌مریکا بۆ سابڵا‌غ ،میسیۆنی لوتێری هێرمانسبورگی ئاڵمانی له‌وێ کاری کردووه. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌وه ڕێک که‌وتوون له‌و به‌شه‌ی کوردستان به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات کار بکرێ ئیدی ئاڵمانییه‌کانیش له ژێر چه‌تر و نێوی ئه‌واندا کاریان کردووه.
ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه بانگه‌وازی ئاینیی مه‌سیحییه‌ت له نێو کوردان و به ده‌نگه‌وه هاتنی مه‌سیحییه‌کانی دانیشتووی موکریان بووه،به‌ڵام خزمه‌تی به‌رچاویان بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری، دانانی خوێندنگه‌ی کوڕانه و کچانه له مهاباد، کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م نه‌خۆشخانه له مهاباد، تیمارکردن و به ده‌نگه‌وه هاتنی ژماره‌یه‌ک لێقه‌وماوی گول که شار به‌ده‌ر بوون، به‌خێو کردنی هه‌تیوان و هه‌ر وه‌ها فیربوون و فیرکردنی زمانی کوردی بووه و ته‌نانه‌ت له چه‌ند سه‌رچاوه دا هاتووه که دوکتور ل.ئو،فاسوم ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردیشی بڵاو کردووه‌ته‌وه که تائێستا ئه‌وه به ته‌واوی ساخ نه‌کراوه‌ته‌وه و هیچ ژماره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ئه‌گه‌ر هه‌بووبێ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڕاستی ژماره‌کانی The Kurdistan Missionary سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره، ده‌وڵه‌مه‌ند و زۆر که‌م پێ زاندراوی مێژووی موکریانن.
میسیۆنێره‌کان گوزارشتی چه‌ند مانگانه وساڵانه‌ی به ورده ریشاڵیان به‌لانی که‌مه‌وه له سێ بوار دا بۆ ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له ئه‌مریکا ناردووه، سه‌باره‌ت به بارودۆخی له‌شساخی و خزمه‌تی ده‌رمانی، سه‌باره‌ت به کاروباری خوێندن و په‌روه‌رده و له‌مه‌ڕ بانگه‌شه‌ی ئایینی له نێو مه‌سیحی و کوردان دا و له ژماره‌کانی The Kurdistan Missionary ئه‌و گوزاریشتانه به ورده رێشاڵ بڵاو کراونه‌ته‌وه.
له ژماره‌کانی ئه‌و بڵاو کراوه‌یه‌دا، له ساڵانی 1925 – 1927 له زۆر جێگه باسی میرزا عه‌زیز ( عه‌زیزی زه‌ندی) کراوه. ئه‌و جگه له مامۆستایه‌تی له مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنی لوتێری له سابڵا‌غ وه‌کوو وه‌رگێر و وه‌عزده‌ریش کاری له‌گه‌ڵ میسیۆنێره‌کان کردووه. دوکتور هێرمان شاڵک که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی ئاڵمان بووه و به زه‌حمه‌تێکی زۆر له‌وسه‌روبه‌ندی دا که‌لوپه‌لی پژیشکی هێناوه بۆ سابڵاغێ و دوای دووجار خاپوور بوونی شوێنه‌کانیان ( 1916 و 1921 )، نه‌خۆشخانه‌یه‌کی به دوو به‌شی جیاوازی پیاوانه‌و ژنانه له‌وێ دروست کردووه‌ته‌وه و هاوینان بۆ که‌لکوه‌رگرتن له هه‌وای پاک و دیمه‌نی زه‌نوێری کوێستان بنکه‌ی چالاکییه‌کانی ڕاگوێستووه بۆ کوێستانی' کانیێ شێخان' له نزیک مهاباد، له پێوهندییهکانیدا زمانی ترکی به‌کارهێناوه و به پێی نووسینی کوردستان میشنێری وه‌عز دادان و قسه‌کانی هێندێک جار له لایه‌ن عه‌زیزی زه‌ندییه‌وه وه‌رگێڕدراون و به‌یه‌که‌وه خه‌ریکی وه‌رگێڕانی پاشماوه‌ی ئه‌ده‌بییاتی ئایینی مه‌سیحی بوون. له‌و باره‌یه‌وه N.J. Lohre سێکرێتێری به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری له ژماره‌ی 10، خولی 17ی کوردستان میشنێری، ئۆکتۆبری 1925 له باسێک دا به نێوی " چاخی نوێ(کتێبی پیرۆز ) به کوردی وه‌رگێڕدرا" ده‌نووسێ؟ : " به‌ر له چاپ ده‌رکه‌وتنی ئه‌و چوار ئینجیلانه‌ی که دوکتور فاسوم به کوردی وه‌ریگێڕابوون، ته‌نیا به‌شێکی به کوردی بڵاو ببووه‌وه واته ئینجیلی مه‌رقوسی پیرۆزکه ئۆرتزێن وه‌ریگێڕابوو،، نوسخه‌ی ئه‌وه هێشتا بۆ بڵاوکردنه‌وه ده‌ست ده‌که‌وێ. بێجگه‌له ئه‌وه میسیۆنێره ئه‌مریکاییه‌کانی میسیۆنی کارکردن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌و دواییانه دا ئینجێلێکیان به کوردیی ترکییه بڵاو کردووه‌ته‌وه بۆ به‌کارهێنانی له کاری میسیۆنی خۆیاندا له نێو کورده‌کان له ڕۆژئاوای ئاسیای پچووک.
ئێمه پێی خوشحاڵین خوێنه‌ره‌وه‌کانمان ئاگادار بکه‌ین دوکتور شالک، وه‌ئه‌ستۆی خۆی گرتووه درێژه بدا به وه‌رگێڕانی چاخی نوێ. له‌و کاره‌یدا باریته‌عالا یارمه‌تیده‌رێکی هه‌تابڵێی لێزان و زیره‌کی کوردی وه‌فریا خستووه به ناوی عه‌زیز، عه‌زیز پیشه‌ی کهوشدرووتییه. ئه‌و زمانی ترکی گه‌لێک باش ده‌زانێ، جا بۆیه دوکتور شاڵک، که هێشتا به‌ته‌واوی فێری کوردی نه‌بووه، ده‌توانێ ئه‌و به‌شانه‌ی که ده‌بێ وه‌رگێڕدرێن بۆ باس بکا. دوایه عه‌زیز ئه‌و وه‌رگێڕانه‌وه‌یه له ترکییه‌وه ده‌کاته کوردی. له‌م ژماره‌ی کوردستان میشنێری دا ده‌توانن وێنه‌ی عه‌زیز له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م دا
ببینن. وه‌رگێرانه‌که‌ی دوکتور شاڵک له لایه‌ن که‌سانی زانا و شاره‌زاوه له ته‌ورێز هه‌ڵسه‌نگێندراوه و ئه‌وان گوتوویانه عه‌زیز هه‌تابڵێی وه‌رگێڕێکی چاکه. له نامه‌یه‌ک دا که دوکتور شاڵک له 17ی مانگی ئاوریلی ئه‌مساڵ، 1925 بۆی نووسیوم ده‌ڵی ئه‌و هه‌تا ئێستا ده فه‌سڵی یه‌که‌می یه‌که‌م ڕیساله‌ی پاولی بۆ کۆرینتینهکان کردووه به کوردی."
دیسان کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 7-8ی، خولی 18ی خۆیدا، ژووییه، ئووتی 1926 نامه‌یه‌کی عه‌زیز ئه‌لمانی به سه‌ر دێڕی " نامه‌یه‌ک که له کوردێکه‌وه پێمان گه‌یشتووه" بڵاو کردووه‌ته‌وه. وه‌رگێڕاوی ده‌قی نامه‌که ئاوایه:
"نامه‌یه‌ک که له کوردێکه‌وه پێمان گه‌یشتووه
ساوجبولاغ، ئێران، 17ی ژووه‌نی 1926.
"بۆ باوکی ڕووحی خۆم و بێ هیچ لێبوردنێک. ته‌نانه‌ت له‌مه‌ڕ که‌شیشی دروست و به‌ڕاستیش ،به خوێنی پڕبایی عیسای مه‌سیح، خوڵا به قووه‌تی خۆی به‌ده‌سته‌ڵاتی کا. ئامین
ئه‌من. میرزا عه‌زیزی خه‌ڵکی ساوجبولاغم ، که 12 یان 13 ساڵه هه‌میشه به حه‌ول و قووه‌تی خۆڵای له میسیۆنه‌که‌ی ئێوه دا له گه‌ڵ ئاغای فاسوم و ئاغای باشیمۆن و دوکتور شاڵک کارم کردووه. ئه‌من تووشی گوناه هاتووم به‌ڵام بێ ئێمان نه‌بووم که به‌ڕێگه‌ی ئاغای فاسووم و کتێبی پیرۆز دا ده‌بینمه‌وه ( دیتوومه‌ته‌وه) [ تێبینی نووسه‌ر- یان ئیدیتۆری کوردستان میشنێری یان یای هاننا شوێنهوودfind یان کردووه به found ]. و به‌ڕێگه‌ی خوێنی به‌قیمه‌ت که خوڵا یان به هۆی مه‌ڕحه‌مه‌تی خۆی بۆ من و گشت گوناهکارانی دنیای ئاماده کردووه.له هه‌لومه‌رجی ئیمان و هیوا به ڕزگاری یه‌کجاری و کارکردن به‌پێی که‌لامی عیسای مه‌سیح، ئاماده کرا، و ئه‌من ڕزگاری خۆم تێدا دیوه‌ته‌وه.وه له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه دا که له‌گه‌ڵ عیسا له چه‌لیپا درام و به ئیمانه‌وه ،به‌ڵام ئه‌من غوسڵی ته‌عمید نه‌دراوم ( هاننا شوێنهوود ده‌نووسێ مه‌به‌ستێتی بڵی که غوسڵی ته‌عمیدی ڕه‌سمی هێشتا به‌ڕێوه نه‌چووه). هه‌ر وه‌ها ده‌توانم ئه‌مه‌ش بڵێم ئه‌من یه‌که‌م میوه‌ی کاری ئێوه‌م له نێو گه‌لی کورد دا، که له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ڕهشتتره [ چاره ڕه‌شتره ] و خراپه و بهڵاشیان له نه‌ته‌وه‌کانی دی زیاتره.
به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌وهه‌موو ساڵانه‌دا، ئێوه جارێکیش له منتان نه‌پرسیوه، و جارێکیش خۆشه‌ویستییه‌کتان به من نیشان نه‌داوه که بتوانێ یارمه‌تی به ئیمانی لاوازی من بکا و له که‌شیشایه‌تی ئێوه بوه‌شێته‌وه هه‌ر به‌وجۆره‌ی که له وه‌حی دا نووسراوه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م نامه‌یه بیوگرافی من نییه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویست بوو دوو،سێ ڕاستیی پچووکتان بۆ بنووسم که ئێوه‌ش وه‌ک ڕێبه‌رانی دیکه‌ی میسیۆنه‌که بزانن که یه‌که‌م میوه‌ی ئێوه بۆ کلیساکهتان به ئیمان و هیوا و خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌کرێ ڕابهێزێندرێ له خوینی به‌رخی خوڵای دا.
ڕاستی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه: که ئێوه له نوێژ و پاڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خۆتاندا، به‌تایبه‌تی بکرێ ئێمه‌تان ده بیر دا بێ. ڕاستیی دووهه‌م ئه‌وه‌یه که ده‌رسه‌کان و فێر کردن له میسیۆنی ئێوه دا بۆ هه‌موو میوه‌یه‌که!!، و ڕاستیی سێیه‌م ئه‌وه‌یه که له لایه‌ن ڕێبه‌رانی [ میسیۆن] له ئه‌مریکا خوشه‌ویستی نیشان بدرێ. به‌ڵام جارێکیش خۆشه‌ویستی، یان ئامۆژگاری یان سڵاو یان نامه‌یه‌کم له لایه‌ن ئێوه‌وه بۆ نه‌هاتووه و نه‌دیتووه. [ وه‌ک ئه‌وه وایه] ئه‌من له میسیۆنی ئێوه دا ده‌رسم دانه‌دابێ و وانه‌م نه‌گوتبێته‌وه. ئه‌و خوێندنه‌وه و ده‌رس دادانه - بۆچی بۆ من پێویسته؟ هه‌ر له‌به‌ر که‌لامی خوڵایه، که ئه‌من ده‌توانم یارمه‌تی بکه‌م به خوێنی پڕبایی عیسا به‌هه‌موو که‌س [له‌نێو] برا کورده‌کانم دا. ئه‌وه قه‌ت له په‌سندانی من بۆ خوڵای که‌م ناکاته‌وه که نیشانه‌ی ڕزگاریکه‌ری به ڕێگه‌ی که‌لامی خۆی و کوڕه‌که‌ی به‌ته‌واوی له دڵی من دا ماڵی کردووه.که وابوو گشت ئاواتی من ئه‌وه‌یه به غوسڵی ته‌عمیدی عیسای مه‌سیح مۆر بکرێم و بڕێک ئینگلیسی بزانم. ئه‌و شتانه هه‌میشه ئه‌منیان بێچاره ده‌کرد تا چوونم بۆ ورمێ و له‌وێ دوکتور زوێمێر و کلیساکهیانم دی.ئه‌من زۆر پێی خوشحال بووم و له ئیمانی خۆم دا زۆر به‌هێز بووم به‌و سه‌فه‌ر و به‌و کۆبوونه‌وه‌یه، و له‌و بڕوایه‌دام عیساش ڕه‌نجی بۆمن کێشاوه و هیوام به ته‌واوی پته‌و بوو که ئه‌گه‌ر بشمرم له نێو ناچم له به‌ر خوێنی وی. ئه‌گه‌ر ئه‌من کاتم هه‌بێ و دوکتور شاڵک ئیزنم بدا هه‌موو ئهوڕاستییانهتان به ڕاشکاوی بۆ ده‌نووسم، یان ئه‌گه‌ر خۆدا یاربێ له‌وانه‌یه له ئه‌مریکا یان لێره بتان بینم.
دڵپاکانه،
عه‌زیز مه‌جید ( ئه‌ڵمان [ی])
پاش نووسین: ئه‌من داواتان لێده‌که‌م به یای فاسووم [مه‌به‌ستی خوشکی لویس. ئولسن فاسومه که نه‌خۆشه‌وان بووه و ماوه‌یه‌ک له سابڵا‌غ خزمه‌تی کردووه - نووسه‌ر] بڵێن بۆچی دۆستی برای خۆی له بیر کردووه و بۆچی ئه‌و کاته‌ی له بیرچووه‌ته‌وه که ئه‌و له ساوجبولاغ بوو. وه‌بیری نایه ئه‌و چه‌ندی یارمه‌تی ده‌دام و له که‌سایه‌تی عیسای مه‌سیح دا چه‌ندی خۆش ده‌ویستم، ئه‌من برا له خۆبوردووه‌که‌ی وه‌بیر ده‌هێنمه‌وه و ده‌یهێنمه به‌رچاوی. "
یای هاننا شوێنهوود له په‌راوێزی نامه‌که‌دا ده‌نووسێ: ئه‌م نامه‌یه‌ی سه‌ره‌وه به‌و جۆره‌ی میرزا عه‌زیز دیکته‌ی کرد نووسراوه. لێروله‌وێ ئه‌من یارمه‌تیم کرد بۆ دیتنه‌وه‌ی هێندێک ووشه ئه‌و کاته‌ی خۆی ووشه‌ی لێی ده‌بڕا. ئه‌من پێی لێده‌نێم له‌وانه‌یه ئه‌و ووشانه له هه‌موو جێیه‌ک له جێی خۆیاندا نه‌بن یان ببن. باهیواداربین هه‌رچۆنێک بێ ئێوه له قسه‌کانی تێبگه‌ن و جاری دیکه له‌وانه‌یه په‌یف و ووشه‌ی خۆی تێر بکه‌ن. دڵپاکانه، هاننا شوێنهوود."
وه‌ک له ده‌قی ماکی نامه‌که،(ئینگلیسی) ده‌رده‌که‌وێ، میرزا عه‌زیز به کوردی بیری کردووه‌ته‌وه و به ئینگلیسی دایڕشتووه و یای هاننا شوێنهوود نامه‌که‌ی نووسیویه‌ته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستێکی زۆری تێوه‌ربدا. هاننا شوێنهوود بۆ ماوه‌ی نزیک 6 ساڵ له دوو سه‌روبه‌ندی جیاواز دا له سابڵا‌غ به‌رپرسی کاروباری خوێندن و هه‌ڵسووڕانی مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنه‌که بووه و له کوردستان میشنێری دا گه‌لێک گوزارشت و نووسینی وی بڵاو کراونه‌ته‌وه.
دوکتور شاڵک له ژماره‌ی 6ی، خولی 19یه‌می کوردستان میشێنێری، ژوئه‌نی 1927، له گوزارشتی خۆیدا بۆ چاره‌کی یه‌که‌می ساڵی 1927 له گه‌ڵ شتی دی‌دا ده‌نووسێ: "... له مه‌دره‌سه‌ی کچان، سێ کچی هه‌رمه‌نی و زێبده ده‌خوێنن، زبێده کورده و، کچی سه‌عیدی پاشماڵهمانه. له کاری مه‌دره‌سه دا ئه‌من ده‌بێ سه‌برم زۆر بێ چونکوو به‌تایبه‌تی میرزا عهزیزهکهمان ناتوانێ له وه‌ختی خۆی دا ده‌رسه‌کانی ده‌ست پێبکا و له کاتی خۆیدا ته‌واویان کا...."
له کورتکراوه‌ی ڕاپۆرتێکی دوکتور شاڵک دا سه‌باره‌ت به خانوو و نه‌خۆشخانه‌که‌یان له سابڵاغێ له ژماره‌ی 7ی ، خولی 19 یه‌می کوردستان میشنێری ، ژووییه‌ی 1927 ' له بن سه‌رنووسی ' نزا و پاڕانه‌وه له به‌شی ژنان ' دا هاتووه. " ده‌ی بڵێی ئێوه نزا و پاڕانه‌وه‌تان له به‌شی ژنانی نه‌خۆشخانه‌که‌دا پێ چۆن بێ؟ خه‌دیجه که ئاشپه‌زی پێشووی نه‌خۆشخانه بوو و ئێستا ژنی عه‌زیزه، یه‌که‌م کوڕی له نه‌خۆشخانه‌که‌ی ئێمه دا له دایک بوو. کاتێک منداڵه‌که به‌ر بووه‌وه ئه‌من له خه‌دیجه‌م پرسی چ نێوێک له منداڵه‌که‌ی ده‌نێ؟ ئه‌و وڵامی دامه‌وه نێوی ده‌نێین ڕه‌مه‌زان، چونکوو ڕه‌مه‌زان واته مانگی به‌ڕۆژوو بوون تازه ده‌ستی پێ‌کردبوو.ده ڕۆژ دوای له دایک بوونی منداڵه‌که، عه‌زیز گشت خزمه‌تکاره‌کان، نه‌خۆشه‌وانه خۆجێییه‌کان و ئه‌منی بانگهێشتن کرد بۆ نێوکبڕانێکی تایبه‌تی. ئێمه ناکرێ نێوی ئه‌وه بنێین غوسڵی ته‌عمید چونکوو دایک و بابی منداڵه‌که هێشتا موسوڵمانن. به‌ڵام ئه‌وه گوێزه‌بانه‌یه‌کی ته‌به‌ڕۆک بوو و له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا منداڵه‌که‌مان دا ده‌ستی خوڵای. ئینجیل له‌و باره‌یه‌وه زۆر به‌ڵێن پێده‌ره. " منداڵان ڕه‌نج که‌م ببینن و قه‌ده‌غیان لێ ده‌کا و ده‌ڵێ نه‌یه‌نه لای من، چونکوو شانشینی ئه‌رز و عاسمانان ئاوایه". گه‌لۆئێمه‌ش نابێ له‌و باوه‌ڕه دا بین کوربان [ قوربان]یش ئی ئه‌و منداڵانه‌یه که ئه‌و به‌ڵێنه خۆشه‌یان پێدراوه؟ به پێی داوخواز و ویستی عه‌زیز، ئه‌من ده‌بوو نێو له منداڵه‌که‌ی بنێم. ئه‌من نێوی کوربان [ قوربان ] م ( تێبینی نووسه‌ر: دیاره شاڵک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترکی زانیوه وشه‌که‌ی ئاوا ده‌ربڕیوه) پێشنیاز کرد که به مانای قوربانی کردن و خۆ به‌خت کردنه. هه‌موویان، به‌تایبه‌تی دایک و بابه‌که واته عه‌زیز و ژنه‌که‌ی، ئه‌وه‌یان پێ باش بوو. بۆیه قسه‌مان کرد، و منداڵه‌که‌مان به که‌ڕه‌می خوڵای ئه‌سپارد و پاڕاینه‌وه. ئه‌و رێوڕه‌سمی نزا و پاڕانه‌یه‌وه دۆخێکی دیکه‌ی هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنامه‌وه....."
وه‌ک له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا باسمان کرد پرۆفێسۆر مارتین تامکێ، مامۆستای تێئۆلۆژی و فه‌لسه‌فه له زانکۆی گوێتینگن له ئاڵمان له ژماره‌ی 5ی (Etudes Kurdes, Décembre 2002- Février 2003) گۆواری وه‌رزی ئه‌نیستیتووی کورد له پاریس نووسینێکی درێژی به ناویLes Documents d’archives de la Mission Allemande au Kurdistan considérés source d’informations sur l’historie de Kurdistan - به‌ڵگه‌کانی ئارشیڤی میسیۆنی ئاڵمانی له کوردستان وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگاداری سه‌باره‌ت به مێژووی کوردستان – به‌زمانی فه‌ڕانسه‌یی بڵاو کردووه‌ته‌وه. لهوبهڵگهیه دا به پشتبه‌ستن به ئا‌ڕشیڤی میسیۆنی هێرمانسبورگ له ئاڵمان چلۆنایه‌تی هاتنی عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی بۆ هێرمانسبورگ و مانه‌وه‌ی کورتی له‌وێ شی کراوه‌ته‌وه.وا ده‌رده‌که‌وێ پڕۆفێسۆر مارتین تامکێ له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه دا ئا‌ڕشیڤی ده‌وڵه‌مه‌ندی Society The Inter-Synodical Lutheran Orient Mission (کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری ئه‌نجومه‌نی هاوبه‌شی کلیسایی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات) و ئۆرگانه‌که‌ی 'کوردستان میشنێری' به‌کار نه‌هێناوه. بۆ نموونه، به پێچه‌وانه‌ی نووسینی به‌ڕێزیان له‌و ڕاپۆرتانه‌ی دوکتور هێرمان شالک که له نێوان ساڵانی 1924 – 1927 دا به‌رپرسی نه‌خۆشخانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری ئه‌مریکایی له سابڵا‌غ بووه و به دوور‌و درێژی له ژماره‌کانی The Kurdistan Missionary له ئه‌مریکا بڵاو بوونه‌ته‌وه، هیچ ئه‌وه ده‌رناکه‌وێ له نێوان میسیۆنی لوتێری هێرمانسبورگی ئاڵمان که دوکتور شالک له بناوانه‌وه سه‌ر به‌ئه‌وان بووه و ناوه‌ندی کاروباری میسیۆنێره لوتێرییه‌کان له ئه‌مریکا کێشه‌یه‌ک له گۆڕێ‌دا بووبێ. لهخوراوه ئه‌و به‌شه‌ی نووسینه‌که‌ی مارتین تامکێ سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ری عه‌زیزی زه‌ندی بۆ ئاڵمان که له زمانی فه‌ڕانسه‌ییه‌وه وه‌رگێڕدراوه وه‌کوو خۆی ده‌خوێننه‌وه:
"ئه‌و کورده‌ی که پێی ده‌گوترا " بێگانه‌یه‌ک له‌ئێرانه‌وه " که‌یسی میرزا عه‌زیز مه‌جید
له یادداشتێک دا که لهئارشێڤی هێرمانسبێرگ دا ده‌بیندرێته‌وه لیستی ئه‌و ئێرانییانه‌ی بۆ په‌روه‌رده هاتوونه‌ته ئه‌وێ نووسراوه. " نێوی شه‌ش خوێندکاری ئاسۆری که‌له‌و حه‌وزه‌ی عیلمییه‌یه وه‌رگیراون بۆ ئه‌وه‌ی ببنه قه‌شه ئاوایه: یوهانێس پێرا، پاولۆس ئه‌ڵماسخان، لوتر پێرا، فیلیپۆس یوهانێس پاشا، لازارۆس، ئاورێم تێئۆدۆر و پێرا، به دوای ئه‌مه‌دا یاداشتێکی کورتی دیکه ده‌بیندرێ که لێی نووسراوه : که‌سێکی کورد، عه‌زیزی مه‌جید خه‌ڵکی ساوجبولاغ له ساڵی 1927 له گه‌ڵ دوکتۆر شاڵک هات و ئه‌وه‌ش به ته‌نیشت ئه‌و تێبینییهوهیه که له سه‌ر به‌رگی ڕاپۆرتی میسیۆنی هێرمانسبورگ نووسراوه ، و له نێو دووکه‌وانه‌ی دا لێی زیاد کراوه ( که بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له‌م حه‌وزه‌یه مایه‌وه) دیاره ئه‌وه هه‌ر ئه‌و عهزیزمهجیدهیه که وه‌کوو میرزا عه‌زیز مه‌جید له یادداشتی یه‌که‌مدا باسی لێوه کراوه. باشه ئه‌و بۆ هات بۆ ئاڵمان ؟ له‌وێ چی کرد؟ و ئێمه سه‌باره‌ت به ئه‌و چ ده‌زانین؟دوای شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه میسیۆنی هێرمانسبورگ له ئێران له سه‌ره‌تاوه نه‌یتوانی چالاکی خۆی به هاوکاری له گه‌ڵ لوتێره ئه‌مریکاییه‌کان که له ساوجبولاغ ( مهابادی ئێستا، پێته‌ختی به‌نێوبانگی یه‌که‌م کۆماری کورت ته‌مه‌نی کوردی) کاریان ده‌کرد ده‌ستپێبکاته‌وه. ته‌نانه‌ت به‌ر له شه‌ڕیش،یه‌که‌م نێردراوی هێرمانسبورگ،که بۆخۆی که‌سێکی خه‌ڵکی ناوچه بوو، واته لازاروس یاورێ له به‌ر گرژی نێوان کورده‌کان و ئاسوڕییهکان له سه‌ر کار لابردرا.
وا ده‌زاندرا ئه‌گه‌ر هاوکارێکی خۆجێی هه‌بێ کاره‌کان باشتر ده‌ڕوا. ( دیاره ئیدی ڕێککه‌وتن له سه‌ر ئه‌وه نه‌کرا ئه‌و له سه‌ر کاره‌که‌ی دابندرێته‌وه). دواجار هیچ کام له حه‌وله‌کان سه‌ری نه‌گرت له به‌ر جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌مریکاییه‌کان و ئاڵمانییه‌کان سه‌باره‌ت به کاری میسیۆنێری. جا بۆیه دوای شه‌ڕ میسیۆنێر جۆرج باشیمۆن له به‌ر کار نرا به‌ڵام ئه‌و به‌ده‌ست " شۆڕشگێڕانی " کورد کووژرا. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا دوکتور شاڵک دوایین که‌سی به‌رپرس بوو که زیاتر هه‌ستی به‌سترانه‌وه به کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ئاڵمانی بکا تا ئه‌مریکاییه‌کان. دوکتور شاڵک بۆ ئیعتیراز به شێوه‌ی " سیستمی ئه‌مریکایی" میسیۆنه‌که‌ی به‌جێ هێشت و ئه‌وه‌ش بووه کۆتایی هاوکاری نێوان ئه‌مریکا و ئاڵمان.
دوکتور شاڵک به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ئاڵمان ( بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێ له سه‌ر کارکردن له‌گه‌ڵ هاوکاره ئاڵمانییه‌کانی به بێ ئه‌مریکاییه‌کان) له ڕاپۆرته‌کانی دا باسی کردبوو که کوردێک کاری بۆ ده‌کا. له ڕاپۆرتی ساڵی 1925/1926 دا باسی چلۆنایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌دره‌سه‌یه‌کی کوڕانه له لایه‌ن میسیۆنه‌که‌یانه‌وه ده‌کا و ده‌ڵێ میرزا عه‌زیز "مامۆستای کوڕه‌کانه " و خوێندنه‌که‌ش ههربریتییه له فێربوونی خوێندنه‌وه ( به‌فارسی) و نووسین و حیساب. سه‌باره‌ت به بابه‌تی دینیش کتێبێک به کار ده‌هێندرێ که هێندێک له داستانهکانهی ئینجیلی تێدایه و وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی. جا بۆیه سه‌یر نییه که قازی ناوچه قازیی عه‌لی داوای له دایکوبابان کردووه منداڵه‌کانی خۆیان له‌و مه‌دره‌سه‌یه بکێشنه‌وه چونکوو ترسی ئه‌وه هه‌یه زۆر به خێرا ببن به مه‌سیحی. هێندێک دواتر شاڵک که دێته سه‌ر باسی عه‌زیز ده‌نووسێ: " عه‌زیز گوێی نه‌دا قسه‌ی من و له‌گه‌ڵ ئاشپه‌زی پێشووی نه‌خۆشخانه‌که‌مان خه‌دیجه زه‌واجی کرد، شه‌وێک که هاتبووه‌وه،ده‌بینم له ده‌رگای ژووری خه‌وی دام و گوتی: ساحێب ده‌بێ لێم ببووری. ئه‌منیش به گاڵته‌وه پێم گوت له چیت ببوورم ؟، گوتی ده‌زانی، ئه‌وه هه‌ربه هه‌ڵکه‌وت قه‌وما. خه‌تای خۆم نه‌بوو. براکه‌م چوو بوو به دزی من ئه‌و ژنه‌ی لێ ماره کردبووم. ئێستا به پێی قانوون ماره بڕاوی یه‌کترین. ده‌بێ لێم ببووری، " زه‌واجێک که له پاشمله رێکخرابێ، ته‌واوه و چی له گه‌ڵ ناکرێ"
گوتم ئێ! ئه‌ی چۆن ژوورێک ببینه‌وه بۆ ژن و مێردێک؟،" له ڕاستیدا ئه‌من چم له دژی زه‌واجه‌که نه‌بوو، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌زیز هه‌ر مامۆستایه‌ک بوو و جگه له خه‌رجی خۆراک و به‌ڕێچوون،مانگێ ته‌نێ تمه‌نێکمان ده‌دایه، نه‌یده‌توانێ وه‌کوو که‌سێکی خێزاندار خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێ" دوکتور شاڵک هه‌ر به‌وه‌نده سه‌ری قسه‌کانی سه‌باره‌ت به زه‌واجی عه‌زیز داده‌کووژێنێ. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی میسیۆنه‌که هیچ مامۆستایه‌کی لێزانی دیکه‌ی له به‌رده‌ست دانه‌بوو بوونی عه‌زیز بۆ ئه‌و کچ و کوڕانه‌ی له مه‌دره‌سه‌که‌دا ده‌یاخوێند غه‌نیمه‌ت بوو. دوکتور شاڵک ده‌ڵێ ئه‌و کاری خۆی باش ده‌زانی و ئێمه باوه‌ڕییه‌کی زۆرمان به عه‌زیز هه‌بوو. له سه‌رێکی دیکه‌وه خێزانی میرزا عه‌زیز مه‌جید به ئه‌وه‌ی که عه‌زیز و ژنه‌که‌ی به خێرایی سێ منداڵیان بوو گه‌وره‌بووه‌وه.
دوکتورشاڵک ده‌ڵێ باسی هه‌لومه‌رجی خێزانیی میرزا عه‌زیز بووه هۆی نیگه‌رانی زۆری سه‌رۆکی میسیۆنی هێرمانسبورگ کارڵ ڕۆێبێلێن. بۆ ئه‌وان زۆر زه‌حمه‌ت بوو سه‌رچاوه‌یه‌کی دارایی بدۆزنه‌وه بۆ حاواندنه‌وه‌ی میوانه‌که‌یان. هه‌ر بۆیه‌ش ڕوێبێلێن، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری به‌رپرسیاری ئێران،وئێدیتۆری خه‌به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌که، هیچ چاره‌یه‌کی نه‌بوو جگه له بڵاو کردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک بۆ داوای یارمه‌تی و کۆکردنه‌وه‌ی پاره له لایه‌نگرانی میسیۆننهکهیان نه‌بێ . ئه‌و نووسی "له‌وانه‌یه پێویست بێ میرزا عه‌زیز مه‌جیدی کورد له ئاڵمان له لای دوکتور شاڵک بمێنێته‌وه. ئه‌و پیاوهچهند زمان ده‌زانێ و کاری زۆر به‌که‌لکی کردووه بۆ وه‌رگێڕانی ئینجل به کوردیی موکری. به بێ هاوکاری وی ئه‌و کاره هه‌ڵنه‌ده‌سووڕا. ئێستا دوکتور شاڵک ده‌یه‌وێ بیکاته هاوکاری خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ وه‌رگێڕانه‌که چاپ و بڵاو بێته‌وه."
روێبێلێن به روحییه‌تێکی به‌گوڕی میسیۆنێرییه‌وه نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێ که کۆمه‌ڵه‌که‌یان ئه‌و جۆره‌ی که پێویسته بیریان له هه‌موو پێداویستییه‌کانی میسیۆنێره‌کانی خۆیان نه‌کردووه‌ته‌وه و له‌وانه هه‌لومه‌رجی ژیانی میرزا عه‌زیز مه‌جید.
له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێ: " میرزا عه‌زیز بۆ خزمه‌ت به ئینجیل کاری کردووه، ئه‌وباوه‌ڕی پێ هێنا بوو و له ئێران ئه‌و په‌یامه‌ی به هاووڵاتییه‌کانی خۆشی ڕاگه‌یاندووه." ڕوێبێلێن ده‌یزانی که میرزا عه‌زیز مه‌جید که‌سێکه به نه‌ریتی میواندارێتی کوردی خووی گرتووه، هه‌ر بۆیه‌ش چاوه‌ڕێی ده‌کرد ئه‌و ڕێز و حورمه‌ته‌ی لێ بگیرێ که وه‌ک هاوکارێک لێی ده‌وه‌شێته‌وه.
روێبێلێن تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی جێبه‌جێکرد، بۆ وی ئه‌وه جۆره ئه‌ركێک بوو وه‌کوو خانه‌خوێی ئاڵمانی. ئه‌و ده‌نووسێ: " هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه‌یه که له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌ی [ میرزا عه‌زیز] له ئاڵمان ئاگاداری لێ بکه‌ین. بۆیه ئێمه داوای یارمه‌تی له ئێوه ده‌که‌ین، چونکوو بۆخۆمان کیسه‌مان به‌تاڵه. دۆستان و لایه‌نگرانی میسیۆنه‌که‌مان ئێمه حه‌ولی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ دابین کردنی پێداویستییه‌کانمان و داواش له ئێوه ده‌که‌ین ده‌ستمان بگرن و باربوومان بکه‌ن. هه‌رکه‌س چ یارمه‌تییه‌کی له ده‌ست دێ داوامان ئه‌وه‌یه بێ وه‌خران به ده‌نگ بانگه‌وازه‌که‌مانه‌وه بێ." به‌ڵام، پێداویستی به پاره کۆتایی نه‌هات ئه‌گه‌رچیش تاڕاده‌یه‌ک خه‌ڵک یارمه‌تییان کرد به کۆمه‌ڵه‌که. دواجار، هاوکاری دووقۆڵی دوکتور شاڵک و میرزا عه‌زیز ده‌بوو به‌ته‌واوی ڕابگیرێ چونکوو هێرمانسبورگ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی دارایی نه‌بوو بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و کاره.
ئه‌و خه‌رج و موخاریجه زیادییه‌ی که بۆ حاواندنه‌وه‌ی میوانه‌که‌یان له کوردستانه‌وه، که‌وتبووه سه‌رشانی به‌رپرسانی دارایی کۆمه‌ڵه‌که جاڕزی کردبوون، به‌شێکی ئه‌و جاڕزییهش تا ڕاده‌یه‌ک به هۆی ئه‌و بێ باوه‌ڕییه بوو که له ئاست میوانه‌که‌یان تێیاندا پێک ده‌هات.
3. میرزا عه‌زیز له هێرمانسبورگ
میرزا عه‌زیز له 8ی دیسامبری 1927 له‌گه‌ڵ شاڵک گه‌یشته هێرمانسبورگ له ئاڵمان. " ئێمه له میرزا عه‌زیز دا ساوجبولاغێکی موسڵمان ده‌بینین که ئینجیل وشیاری کردووه‌ته‌وه." ئه‌و ده‌یزانی چۆن به شێوه‌یه‌کی بڕیارده‌رانه یارمه‌تی بکا به دوکتور شاڵک بۆ وه‌رگێڕانی ئینجیل به کوردیی موکری، و واوێده‌چوو هه‌بوونی پێویست بێ بۆ ته‌واو کردنی ئه‌وه کاره. له ڕاستیدا شاڵک چاوه‌ڕێی ده‌کرد ئه‌و ماوه‌یه‌کی درێژتر له ئاڵمان بمێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یاریده‌ی بدا. شاڵک هیوادار بوو " ئه‌و کورده‌ی که له ئیسلام هه‌ڵبڕاوه و مه‌سیحییه‌ت شوێنی تێکردووه، دواجار به ته‌واوی دینی خۆی ده‌گۆڕێ."
ئه‌زموونی ژیان له غه‌ریبایه‌تی، له ئوڕووپا، له‌وانه بوو عه‌زیز هان بدا بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێکی ئه‌وتۆ بدا، ئه‌گه‌رچی شاڵک ده‌ڵێ: "ده‌یزانی عه‌زیز هێشتا به‌قووڵی به ڕه‌گ و ڕیشه‌ی کۆنی ته‌بیعه‌تی خۆیه‌وه گرێدراوه، و ئه‌و قسانه‌ی له به‌رچاوی موسوڵمانه هاودینه‌کانی دا کردبوونی هیوای ده‌دامێ ئاخری پێ لهوگوناهانه ده‌نێ که کردوونی و ڕێگه‌ی ڕزگاری هه‌ڵده‌بژێرێ. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش ئێمه هه‌موو جۆره مێهرهوانییهکمان له گه‌ڵ ئه‌و کورده نیشان دا. له هێرمانسبورگ، ئیمه خۆشه‌ویستی زۆرمان به‌و کورده نیشان دا، وه‌کوو دۆستێکی مه‌سیحییان. ئه‌و له ماڵی میسیۆن دا به خێر هێندرا و حاواندمانهوه، جلوبه‌رگی تازه‌مان بۆ کڕی و هه‌رشتێکی که پێویستی پێی هه‌بوو له به‌ر ده‌ستمان نا. ته‌نانه‌ت خاو و خێزانیشی که له ساوجبولاغ به جێ مابوون یارمه‌تیان پێ کرا و دیاری‌یان درایه"
داخودا، دوای ئه‌و هه‌موو میهره‌وانی و چاکه‌یه، ئه‌وه چاوه‌ڕانییه‌کی دروست نه‌بوو که ئه‌و به جۆرێک خۆی به‌ره‌و ڕاستیی دینی مه‌سیحییه‌ت بێ؟ هه‌ر وه‌ک ڕوێبێلێن ئاماژه‌ی بۆ ده‌کا " ئه‌و بێگانه‌یه‌ی له ئێرانه‌وه هاتبوو، به‌ڕواڵه‌ت زۆر مه‌منوون بوو بۆ گشت ئه‌و پشتیوانی و یارمه‌تیانه و وادیار بوو قسه‌ی خودا کاری لێکردووه"، به‌ڵام وا وێده‌چێ ئه‌و ئیدیعایه له‌و باره‌یه‌وه هێشتا هێندێک زیادی بووبێ. ڕۆژێکیان عه‌زیز داوا ده‌کا ئه‌و وه‌کوو میسیونێرێک په‌روه‌رده‌ی بکرێ و دوایه وه‌کوو میسیۆنێرێک بنێردرێته‌وه ئێران.به‌ڵام دیاره ئه‌و هێشتابه مه‌به‌ستی ڕاستیی کاربه‌ده‌ستانی هێرمانسبورگی نه‌ده‌زانی. داوخوازێکی ئه‌وتۆ نه‌ک هه‌ر بووه هۆی ورووژاندنی
دڕدۆنگی ئه‌وان، به‌ڵکوو خه‌رجێکی زۆریش بۆ ئه‌وان لێده‌که‌وته‌وه به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ماوه درێژه‌ی بۆپهروهردهکردنێکی ئاوا پێویست بوو.
"بۆیه‌ش ئێمه ده‌ستبه‌جێ داوخوازهکهیمان وه‌دوایه داوه و له جیاتی پشتیوانی ته‌واو که ئه‌و کورده داوخوازی کردبوو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرا و له ده‌ستمان ده‌هات داوخوازه مهعقوولهکانیمان پێک هێنا،" به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت ده‌بوو ئه‌وه‌شی پێبڵێین که په‌روه‌رده کردنی وی له حه‌وزه عیلمییهکهماندا هه‌ڵناسووڕێ، چونکوو ئه‌وه ماوه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری پێده‌چێ.... به‌ڵام پێشنیارمان پێ‌کرد ده‌کرێ وه‌ک مامۆستایه‌ک په‌روه‌رده‌ی که‌ین، و ئه‌و ده‌کرێ ببێ به مامۆستایه‌کی باش بۆ مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنێکه له ساوجبولاغ ."
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی میسیۆنی هێرمانسبورگ به خۆشییه‌وه ئه‌ویان له میسیۆنه‌که دا دامه‌زراند، و دوو له خوێندکارانی میسیۆنه‌که،که یه‌کیان ئینگلیسی زۆر باش ده‌زانی و ئه‌وی دیکه‌یان به ته‌واوی به سه‌ر زمانی ڕووسی دا زاڵ بوو ڕاسپێردران به‌تایبه‌تی ئاگاداری لێ بکه‌ن. " عه‌زیز بڵیمهتێکی زمانی بوو، جگه له چوار زمانی ڕۆژهه‌ڵاتی، ڕووسی و ئینگلیسیشی ده‌زانی. له هێرمانسبورگ، میسیۆنه‌که په‌روه‌رده‌ی زمانی ئاڵمانیشی بۆ دانا، و ئه‌و ئه‌وه‌نده خێرا فێری زمانی ئاڵمانی بوو که زۆر زوو ده‌یتوانی له گه‌ڵ ده‌ور و به‌ری به ئاڵمانی قسه بکا.
به‌ڵام وه‌رگێڕانی کتێبی پیرۆز له گه‌ڵ شاڵک هه‌ر له سه‌ره‌تا دا مابووه‌وه و نه‌ده‌چووه پێشێ. جا بۆیه‌کاربه‌ده‌ستانی هێرمانسبورگ دڕدۆنگی و گومانیان سه‌باره‌ت به‌وی وه‌ڕاست گه‌ڕا و له‌بۆچوونی خۆیان دڵنیا بوون. ئه‌وان " زۆر زوو هه‌ستیان پێ‌کرد که که‌سایه‌تی عه‌زیز بۆ میسیۆنێر بوون نه‌گونجاوه و ئه‌وه هێشتا ئه‌و جۆره‌ی که پێویسته له دڵی دا ڕیشه‌ی دانه‌کوتاوه. ئیدی له‌وکاته‌وه. ئه‌و دڕدۆنگییه هه‌ر له زیاد بووندا بوو. ئه‌وان ده‌یانگوت :
" ته‌بیعه‌تی توند و نه‌حاواوه‌ی ئه‌و که‌سه به زوویی وه‌ک ڕۆژی ڕووناک ده‌رده‌که‌وێ. گه‌لۆ ئه‌و ده‌ست له‌و خوویهی ده‌کێشێته‌وه یان ته‌نێ جاروبار خۆی ئاوا ده‌درده‌خا"؟ له هێرمانسبورگ بۆیان ده‌رکه‌وت: ته‌ماح و چڵێسی ته‌بیعه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و کورده‌یه. " به‌و په‌ڕی ده‌رد و ژانه‌وه بۆ مان ده‌رکه‌وت ئه‌گه‌رچی ئه‌و پیاوه زۆر ژیر و به‌هۆشه، به‌ڵام مه‌به‌ستی له بوونی له لایه‌ی ئێمه جگه له وه‌ده‌ست خستنی قازانجی مادی نه‌بێ هیچ شتێکی دیکه نییه.
گه‌لۆ ئه‌و نا ڕاستییه‌ی ئه‌و کابرایه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ژار هه‌ر بۆ ئه‌وه نه‌بوو بتوانێ له ئاڵمانی ده‌وڵه‌مه‌ند بمێنێته‌وه؟ که داڵده‌ی دابوو، جلوبه‌رگی جوانی دابوویه، باربووی کردبوو، په‌روه‌رده‌یه‌کی کورت به‌ڵام هه‌موولایه‌نه‌ی بۆ ڕه‌خساندبوو، ئه‌وانه‌ش گشتیان به نییه‌تی باش. به‌ڵام میرزا عه‌زیز له‌جیات ده‌ربڕینی قه‌درزانی له ئاست ئه‌و هه‌موو ده‌فریا که‌وتنه، له‌پڕ، گوتی ژانه‌زگێکی سه‌ختی هه‌یه و له‌وه ده‌ترسێ له " هه‌نده‌ران بمرێ" و گۆڕ غه‌ریب بێ، بۆیه داوا ده‌کا هه‌رچی زووتر بنێردرێته‌وه وڵاتی خۆی. و دیاره ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێکی باش بوو که خودا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی میسیۆنی هێرمانسبورگی ڕه‌خساندبوو. ڕوێبێلێن ڕاشکاوانه ده‌نووسێ" چ ده‌ستکه‌وتێکی بۆ میسیۆنه‌که‌مان و بۆخۆشی نابێ ئه‌گه‌ر ئێمه مانه‌وه‌ی ئه‌و کورده له ئاڵمان وه‌دره‌نگی خه‌ین، بۆیه پێوه‌ندیمان کرد به دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان له ئێران بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زعه‌که‌یان بۆ شی که‌ینه‌وه و بهوهخۆشحاڵ بووین بتوانین دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و نزیکه‌ی 3 مانگ له ئاڵمان بوو له کۆتاییه‌کانی مانگی فێڤرییه‌ی ساڵی 1928 دا بینێرینه‌وه وڵاتی خۆی."
شێوه‌ی ناردنهوهکهشی که‌سایه‌تی بووده‌ڵه‌ی میرزا عه‌زیز مه‌جیدی بۆ ئه‌و خوێندکاره به‌سته‌زمانه‌ی میسیۆنه‌که ده‌رخست که له‌گه‌ڵی چووه بێرلین بۆ ئه‌وه‌ی سواری ترێنی کا و بینێرێته‌وه و ده‌ڵێ عه‌زیز گیروگرفتێکی زۆری ساز کرد سه‌باره‌ت به موڵتنامهی سه‌فه‌ر و شتی دیکه‌ش.
ئه‌نجام ده‌رخستن
ڕوێبێلێن ده‌نووسێ: " له به‌ر ئه‌و نموونه‌یه، نابێ پێمان وابێ که ئێرانییه‌کان و کورده‌کان هه‌موویان ناڕاستن، و ئه‌و ڕووداوه پاساوێکه بۆ درێژه دان به کاره‌که‌مان" و بهلێکبهستنی کاری میسیۆنێری و ئه‌خلاق، درێژه‌ی پێده‌دا و ده‌ڵێ: " ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له نێو ئه‌واندا ئینسانی ڕاست و پاک زۆرن و نموونه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌و وه‌رگێرانه ڕۆشنکهرهوانهن که کراون.
به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆر که‌می هه‌بوو. ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بێگانه‌یه که‌وته‌وه ماوه‌ی نه‌ده‌دا به ئاکام ده‌رخستنی خۆشبینانه بۆ کاروباری میسیۆنه‌که له کوردستان. " ئهوئهزموونی پێوه‌ندییه له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری گه‌لی کورد قووڵایی ئه‌و گهندهڵییهیمان بۆ ده‌رده‌خا که موسوڵمانان له کوردستان تێیدا خنکاون و کاری گرانی میسیۆنی ئێمه له‌وێ نیشان ده‌دا. ته‌نیا باوه‌ڕی به ناوی به‌رزی که ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێ ئه‌سپاردووین و ڕێنوێنیمان ده‌کا، باوه‌ڕی به خۆشه‌ویستی وی که ده‌توانێ شوێن له سه‌ر دڵی ڕه‌ق ههڵگهڕاویش بکا، هانی ئهوانهدهدا که له میسیۆنی کوردستان دا کار ده‌که‌ن و وزه‌یان پێده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکی خۆیان له‌وێ به له‌سه‌ره‌خۆیی و به بێ دڵه‌ڕاوکێ ڕاپه‌ڕێنن."به‌ڵام ئه‌و قسانه هه‌ر ده‌ربڕینی گشتی بوون. له کرده‌وه‌دا، کاری میسیۆنی هێرمانسبورگ له کوردستان به تایبه‌تی به دوای ئه‌و ئه‌زموونه دا کۆتایی پێ هات".
وه‌ک لهسهرهوتر دا باس کرا تامكێ له لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا هیچ لایه‌کی له ئا‌ڕشیڤی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری ئه‌مریکا نه‌کردووه‌ته‌وه و کار‌و چالاکییه‌کانی ئه‌وانی به ئی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری هێرمانسبورگ داناوه، له کاتێکدا به پێی به‌ڵگه ده‌رده‌که‌وێ که له‌دوای ساڵی 1911، The Inter-Synodical Evangelic Lutheran Orient Mission Society به‌رپرسی کاری میسیۆنی بووه له سابڵاغێ.
ده‌کرێ له‌و زانیارییانه‌ی تا ئێستا له‌م نووسینه‌دا ده‌رمان خست بگه‌ینه ئه‌و ئاکامانه‌ی خواره‌وه.
1-عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی توانایی و به‌هره‌یه‌کی زۆری هه‌بووه بۆ فێربوونی زمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به ماوه‌ی سێ مانگ وه‌ک تامکێ ده‌ڵێ له زمانی ئه‌ڵمانی ڕاهاتبێ هێندێک جێگه‌ی گومانه، چونکوو له‌ڕاپۆرته‌کانی دوکتور شاڵک که له کوردستان میشنێری دا بڵاو کراونه‌ته‌وه و باسی ئه‌وی تێدایه (ئه‌و ژمارانه‌ی ئه‌من دیتوومن)، له هیچ کوێ ئاماژه‌ی به‌وه نه‌کردووه له سابڵا‌غ زمانی ئاڵمانی فێر کردبێ.
2- له وه‌رگێڕان دا وه‌نه‌بێ ته‌واو به ده‌قی ماک وهفاداربووبێ. وه‌ک خۆی له دوایین لاپه‌ڕه‌ی "ارشاد المذنبین" دا ده‌نووسێ: " هرچند ده اکثر مطالبدا مطابق تورات و انجیل شرح و بسطیکم پی داوه"
3- له دین وه‌رگه‌ڕانیشی جیگه‌ی گومانه، نه‌ک هه‌ر ئی ئه‌و به‌ڵکوو ئی دوکتور مسته‌فای قازیش که له‌گه‌ڵ میسیۆنێره‌کاندا ده‌پێوه‌ندی دابووه.
4- نێوبانگی 'ئه‌ڵمانی' به‌ر له‌وه‌ی له گه‌ڵ شاڵک بچێ بۆ ئاڵمان له به‌ر هه‌ستان ودانیشتن له گه‌ڵ ئه‌و،به‌خۆی داوه و یان وه‌دوای که‌وتووه. ئه‌و نامه‌ی که به ئینگلیسی لێره دا باسمان کرد به ناوی عه‌زیز مه‌جید (ئه‌لمان [ی]) ناردووه.
5- به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و قسانه‌ی له ئارشێڤی کۆمه‌ڵه‌ی هێرمانسبورگ له سه‌ری کراون، و ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش
که له‌نووسینی ئه‌م قه‌ڵه‌مه له "سه‌باره‌ت به حیزبی ئازادیی کوردستان" و عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی" دا هێمایان پێکراوه ( بۆ نموونه سێ به‌ڵگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له مه‌ڕ چالاکییه‌کانی له‌ته‌ورێز) ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی که ئه‌و زیاتر له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سیدا جووڵابێته‌وه زیاد ده‌بێ.
6- هاوکاری دواتری له گه‌ڵ ئاسۆری و ئه‌رمه‌نییه‌کان له‌ورمێ و ته‌ورێز له ساڵی 1942 له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ناسیاوی و تێکه‌ڵاوییه بووه که له‌ساڵانی کارکردن له‌گه‌ڵ میسیۆنی لوتێری له سابڵا‌غ پێکی هێناوه.
له تێبینییه‌ک دا که له ژێر نووسینی به‌ڕێز دوکتور یاسین سه‌رده‌شتی له ماڵپه‌ڕی داخراوی "دیمانه" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، خوێنه‌ره‌وه‌یه‌ک به نێوی ئه‌مین له 20060930 له گه‌ڵ شتی دی ده‌نووسێ: " ...زه‌ندی له تاران خۆی مه‌نسووب به خانه‌دانی [ که‌ریم خان زند ] ده‌ناساند.خاندان زند کارتێکیان دابوویه که تێیدا نووسراوه:" حسبنا الله و نعم الوکیل – گروه مرکزی خاندان زند – آقای دکتر عزیزالله زند؛ فرزند مرحوم مجید خان زند دارای شناسنامه شماره 222 از مهاباد ساکن تهران از خانواده زند شناخته شده است. رئیس گروه مرکزی امضاء – تاریخ صدور 4/4/29 شماره کارت 643 (حسبنا الله ونعم الوکیل – گرووپی نێوه‌ندیی خانه‌دانی زه‌ند – ئاغای دوکتور عه‌زیزوڵای زه‌ند، کوڕی خودالێخۆش‌بوو مه‌جید خانی زه‌ند هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ژماره 222ی مهاباد دانیشتووی تاران به بنه‌ماڵه‌ی زه‌ند ده‌ناسرێ. سه‌رۆکی گرووپی نێوه‌ندی ئیمزا – به‌رواری ده‌رخستن 4/4/1329ی هه‌تاوی ژماره‌ی کارت 643 )، هه‌ر وه‌ها عه‌زیزی زه‌ندی که له‌تاران پارێزه‌ری ده‌کرد تابڵۆیه‌کی هه‌ڵاوه‌سیبوو به‌و مه‌زموونه: حسبنا الله و نعم الوکیل – دفتر وکالت دکتر زندی وکیل دانشمند دادگستری و مفسر قران مجید و مبلغ اسلامی.
( حسبنا الله و نعم الوکیل- ده‌فته‌ری پارێزه‌ریی دوکتور زه‌ندی پارێزه‌ری زانای داد و لێکده‌ره‌وه‌ی قورئانی مه‌جید و بانگه‌شه‌ده‌ری ئیسلامی).ئێستا ئه‌و کارته و وێنه‌ی ئه‌و تابڵۆیه له‌لای منه،"
ئه‌و پرسیاره هه‌ر بێ وڵام ده‌مێنێته‌وه چۆنه وه‌زاره‌تی داد له‌و سه‌روبه‌نده دا ڕێگه‌ی داوه عه‌زیزوڵا خان خۆی وه‌کوو "دوکتور" بناسێنێ؟
مارسی 2009
تێبینی: تیتری سه‌ره‌کی ئه‌م نووسراوه‌یه له کتێبی "شێعرانی ڕووحانی" وه‌رگێراوه که فاسوم له ساڵی 1912
له‌سابڵاغ وه‌ریگێڕاوه، ئه‌من زۆر سپاسی به‌ڕێز مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور ده‌که‌م، که به‌شێک له چاپه‌مه‌نییه‌کانی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات و ژماره‌کانی گۆواری کوردستان میشنێری له به‌ر ده‌ست نام
په‌راوێزه‌کان:
1. بۆ وێنه بڕوانه: دوکتور جه‌ماڵ نه‌به‌ز له لاپه‌ڕه‌ی 70ی په‌راوێزی (90) ی کتێبه‌که‌یدا : گۆڤاری نیشتمان، زمانی حاڵی "کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمان" و ئیدیۆلۆژی هورده بۆرژوای رۆشنبیری ناسیۆنالیست له کوردستاندا،بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ئازاد- سوێد، 2597 ی ک- 1985 ف ده‌نووسێ: " دوکتۆر عه‌زیزی زه‌ندی له بنه‌ڕه‌تدا له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوردی کرماشانی بوو، کاتی خۆی له‌گه‌ڵ گه‌شتگه‌رێکی ئه‌ورووپایی که رێ ی که‌وتبووه کوردستان چووبوو بۆ ئه‌ورووپا و له‌وێ خوێندنی ده‌وره‌ی دوکتۆرای ته‌واو کردبوو. ئه‌و ئینجیلانه‌ی که له لایه‌ن میسیۆناره‌کانه‌وه په‌نجا ساڵیک له‌مه‌وبه‌ر به کوردی بڵاو کراونه‌ته‌وه وه‌رگێڕانی عه‌زیزی زه‌ندین. عه‌زیز باوکی میدیای زه‌ندی یه که ژنی گۆرانی بێژی ناسراوی کورد به‌هه‌شتی "حه‌سه‌ن زیره‌ک بوو"
2. یان : حامیدی گه‌وهه‌ری ' کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان'، ستۆکهۆڵم 1999، که له چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌که‌ی دا ئه‌و تیتره‌ی به ڕه‌حمه‌تی عه‌زیزوڵا خانی زه‌ندی به‌خشیوه. نه‌مر عه‌بدولقادری ده‌باغی له گۆواری گزینگ، ژماره‌ی 28، هاوینی 2000، سوید. هه‌ڵسه‌نگاندنێکی به نێوی 'ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست' له سه‌ر ئه‌و کتێبه نووسیوه و سه‌رسوڕمانی خۆی له 'دوکتور' بوونی زه‌ندی ڕاگه‌یاندووه و ده‌نووسێ: "... ئاخر چۆن کابرایه‌کی پینه‌چی له‌و گه‌رمه‌ی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌مدا له کوردستانه‌وه ده‌گاته ئاڵمان؟! به کام وه‌سیله و پاسپۆرت له‌و سه‌رده‌مه دا که کورد گوته‌نی: گۆشتی بر‌ژاو ده‌ر نه‌ده‌چوو،له نێوان چه‌ندین ده‌وڵه‌ت تێپه‌ڕی؟ .... ئاغای زه‌ندی له کام ڕێگا و به کام فڕۆکه ڕۆیشت؟.... چۆن له‌و ئاگربارانه دا ئه‌و له زانستگا قه‌بوڵ و چۆن له ماوه‌ی کورتی دوو ساڵدا، زمانی ئاڵمانی به شێوه‌یه‌ک فێر بووه که تێز یا ڕیساله‌ی دوکتورای پێ بنووسێ؟ ..."
3. بۆخوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌که‌ی دوکتور یاسین سه‌رده‌شتی بچووه ئه‌م نێونیشانه:
http://www.dimane.com/index.php?misc=search&subaction=showfull&id=1158861489&archive=1165008877&cnshow=news&start_from
4. بڕوانه: سید محمد صمدی، نگاهی بتاریخ مهاباد، انتشارات رهرو، 1373، لاپه‌ڕه‌ی 95 و 96.به‌ڕێز سه‌یید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی به پشت به‌ستن به بیره‌وه‌ری سێ که‌سی به ساڵداچووی خه‌ڵکی سابڵا‌غ له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێ: " له مانگی ڕه‌زبه‌ری ساڵی 1319ی هه‌تاوی هێندێک خه‌ڵكی مهاباد و ده‌وروبه‌ری که ژماره‌یان ده‌گه‌یشته نزیکه‌ی 60 – 80 که‌س له لایه‌ن حکوومه‌تی ڕۆژه‌وه گیران و دوایه دوورخرانه‌وه بۆ شیراز" دوایه نێوی نزیکه‌ی سی که‌س له‌وان ده‌نووسێ له‌وانه نێوی نه‌مران حوسێنی زێڕینگه‌ران (حوسێنی فرووهه‌ر)، سه‌ید پیره‌ی نیزامی، حه‌مه‌دی مه‌ولوودی (حه‌مه‌دی مه‌ولووده چرچی)، مه‌حموودی ڕه‌حمان مێرێ، برایمی فه‌همی و لێی زیاد ده‌کا:" سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌و که‌سانه بۆچی دوور خرابوونه‌وه و هۆی سه‌ره‌کی دوورخستنه‌وه‌یان زۆر زه‌حمه‌ته بکرێ مرۆ به‌ڵگه‌یه‌کی ڕوون و لێبڕاوی ده‌ست که‌وێ. گه‌لۆ هۆی سیاسی هه‌بووه؟ داخودا مه‌سه‌له‌ی قاچاغچێتی له گۆڕێ‌دا بووه؟ یان ته‌نێ ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی ویستوویه خه‌ڵکی ناوچه چاو ترسێن بکا ؟ ناکرێ وڵامی هیچکام له‌وپرسیارانه لێبڕاوانه بدرێته‌وه."
5- بڕوانه کتێبی: اسناد احزاب سیاسی ایران، سازمان اسناد ملی ایران – پژوهشکده اسناد، به کوشش بهروز طیرانی، 1367 شمسی [ 1977 زایینی] . له‌و کتێبه‌دا مه‌رامنامه‌ی حیزبی ئازادیی کوردستان که کاتی خۆی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی شه‌ڕی ئێرانه‌وه له کوردییه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر فارسی هاتووه. ئه‌من له نووسینێک دا سه‌باره‌ت به "حیزبی ئازادیی کوردستان " وعهزیزوڵا خانی زه‌ندی " ئه‌و ده‌قه‌م کرده‌وه کوردی. بۆخوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته ئێره دابگره

No comments:
Post a Comment