قووڵکه،ئه‌شکه‌وت،دۆڵی هه‌ر وه‌بیرم دێ لێره‌بووم بۆڕاوێ، له‌وێ بووم بۆشه‌ڕێ هاننا شوێنهوود مامۆستای زمانی ئینگلیسیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
قووڵکه،ئه‌شکه‌وت،
دۆڵی هه‌ر وه‌بیرم دێ
لێره بووم بۆ ڕاوێ، له‌وێ بووم بۆ شه‌ڕێ *
یای هاننا شوێنهوود مامۆستای زمانی ئینگلیسیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
حه‌سه‌نی قازی
مێسیۆنێره‌کانی "کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌لات" له ساڵی 1911 وه له سابڵا‌غ دامه‌زران و تا ساڵی 1935 درێژه‌یان به چالاکییه‌کانیان دا. له‌وێ له ده‌وره‌ی جۆربه‌جۆری چالاکییه‌کانیاندا، ماڵی بێوه ژنان و پیران، ماڵی منداڵانی بێ دایوباب، کلیسا، ده‌رمانگه، نه‌خۆشخانه، مه‌درسه‌ی کچانه و کوڕانه‌یان دروست کرد‌و ته‌نانه‌ت له نه‌غه‌ده‌ش ده‌رمانگه‌یه‌کیان ساز کرد و به‌پێی ئیمکان و ده‌ره‌تانی ڕۆژ به‌ڕێوه‌یان برد.
ئه‌گه‌رچی له‌و ناوه دا، دووجار ناچار بوون به ساڵان چالاکییه‌کانیان ڕابگرن. جاری یه‌که‌م له سه‌ره‌تای ساڵی 1916 تا ساڵی 1921 و جاری دووه‌م له ئۆکتۆبری 1921وه تا ساڵی 1924. له به‌ڕایی ساڵی 1916له به‌ر بارودۆخی شه‌ڕ و قات قڕی به پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووی خۆیان سابڵاغیان به‌جێ هێشت و له ساڵی 1919 دیسان به مه‌به‌ستی درێژه پێدان به خزمه‌ت و کاره‌کانیان به‌ره‌و کوردستان وه‌ڕێ که‌وتن، به‌ڵام له به‌ر گیرانی ڕێگا و بان تا هاوینی ساڵی 1921ی پێچوو بگه‌نه‌وه سابڵاغێ و له‌وماوه‌یه دا ئه‌و هاوکاره‌یان که دنه‌ده‌ری سه‌ره‌کی کارکردن له نێوکوردان دابوو واته ئێل. ئو. فاسوم به ئاواتی ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یێنێته‌وه سابڵا‌غ له ئێریوان سه‌ری نایه‌وه و هاوکاره‌کانی دیکه‌ی به هه‌زار ده‌ردیسه‌ری چوونه‌وه سابڵاغێ و به‌سه‌ر کلیسا و ماڵی ڕووخاو دا که‌وتن. دیسان دوای ماوه‌یه‌کی کورت واته له حه‌وتووی یه‌که‌می مانگی ئۆکتۆبری ساڵی 1921به‌ده‌م کێشه و هه‌رای سمکۆ له گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی تاڵان کران و هاوکارێکی دیکه‌یان قه‌شه‌جۆرج باشیمۆن که زمانزانێکی گه‌وره‌ی به ڕه‌چه‌ڵک فه‌ڕانسه‌یی- ئاڵمانی بوو به ناحه‌ق و به‌هه‌ڵه کووژرا و ناچار بوون خۆیان ڕزگار که‌ن و بگه‌نه ته‌ورێزێ..
هه‌رچه‌ند کاره‌کانی ئه‌و میسیۆنێرانه له زۆر بوارانه‌وه خزمه‌تی زۆر گه‌وره‌ن به کۆمه‌ڵی کورده‌واری، به‌ڵام له مێژووی سیاسی کوردستان دا گرینگییه‌کی ئه‌وتۆ به کار‌و تێکۆشانه‌کانیان نه‌دراوه.(1) یه‌كێک له‌ومیسیۆنێرانه یای هاننا شوێنهوود بوو که جاری یه‌که‌م له ساڵی 1921 چووه‌ته سابڵاغێ و له بنکه‌ی میسیۆنه‌که‌دا به‌رپرسی کاروباری په‌روه‌رده و خوێندن بووه و له ژماره‌کانی "کوردستان میشنێری" دا زۆر گوزاریشتی به ورده ڕیشاڵی سه‌باره‌ت به خوێندن ، ژیانی خه‌ڵک، گه‌شته دوور‌و درێژه‌کانی به سواری ئه‌سپ به ناوچه‌کانی باکووری کوردستانی ئێران و ئازه‌ربایجانی خواروو دا بڵاو کردووه‌ته‌وه.
هاننا به ڕه‌چه‌ڵه‌ک نوڕوێژی بوو، بابی ئولاف کریستییان شوێنهوود قه‌شه‌ی لوتێری له ساڵی 1834 له ڤاردال له له نۆڕوێژله دایک بووه و دوایه موهاجه‌ره‌تی کردووه بۆ ئه‌مریکا بۆ ئه‌یاله‌تی ئیۆوا، دایکی ئینگا فرێمستاد ئاندرسۆن له نوڕوێژ له دایک بووه و له ئه‌مریکا مامۆستایه‌تی کردووه. هاننا 7 خوشکی له خۆی گه‌وره‌تری هه‌بووه و هه‌موویان له نوڕوێژ له دایک بوون و له‌گه‌ڵ دایکوبابیان هاتوونه ئه‌مریکا. هاننا کریستینا شوێنهوود تاقه کچی ماڵێ بووه که دوای ئه‌وه‌ی باب و دایکی چوونه‌ته ئه‌مریکا له 12ی دیسامبری 1878 له هوستۆن له ئه‌یاله‌تی مینێسۆتا له دایک بووه.
ڕۆژنامه‌ی " کوردستان مێشنێری" له ژماره‌ی 1ی، خولی 12ی مانگی ژانڤییه‌ی ساڵی1920 ی خۆیدا یای هاننا شوێنهوود ئاوا ده‌ناسێنێ : " ڕۆژنامه‌ی ناوچه‌یی له (Clear Lake ) له ئه‌یاله‌تی Iowa، ئه‌م بابه‌ته‌ی خواره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به یای هاننا شوێنهوود بڵاو کردووه‌ته‌وه به‌رله‌وه‌ی نێوبراو به‌ره‌و ئێران وه‌ڕێ که‌وێ: " یای هاننا شوێنهوود ئه‌م مانگه به‌ره‌و کوردستان وه‌ڕێ ده‌که‌وێ. یای هاننا شوێنهوود وه‌ک میسیۆنێرێک ده‌چێته ئه‌وێ به یارمه‌تی " میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی کلیسای لوتێری" یای شوێنهوود له هوستۆن، مینێسوتا ( Houston, Minn. ) له دایک بووه...... یای شوێنهوود له مه‌دره‌سه‌کانی کلێر له‌یک خوێندوویه. ئه‌و له ساڵی 1895 خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واو کرد. ساڵی دواتر ده‌ستی کرد به مامۆستایه‌تی کردن له مه‌دره‌سه‌کانی کلێر له‌یک دا و ده‌رسی به شاگردانی پۆلی شه‌ش ده‌گوته‌وه.دوایه بۆ ماوه‌ی ساڵێک له تامپسۆن، له ئه‌یاله‌تی ئیۆوا مامۆستایه‌تی کرد. دوای ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ندین ساڵان له کلێر له‌یک وانه‌ی مووزیکی ده‌گوت. له ساڵی 1910 دا دیسان له گه‌ڵ مه‌دره‌سه‌کانی کلێر له‌یک دا پێوه‌ندی په‌یدا کرده‌وه و تابه‌هاری ساڵی ڕابردوو به به‌رده‌وامی له‌واندا مامۆستایه‌تی ده‌کرد. پاره‌که بڕیاری دا ئیدی کۆنتراتی ساڵانه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌دره‌سه‌کان تازه نه‌کاته‌وه، چونکوو بڕیاری دابوو وه‌ک میسیۆنێر بچێ بۆ کوردستان. له‌وماوه‌یه دا به‌رپرسی به‌شی قۆناغی سه‌ره‌تایی بوو. له‌ماوه‌ی پشووی هاوینیش دا ئه‌و کاتی خۆی به فیڕۆ نه‌ده‌دا. هێندێک سه‌فه‌ری ده‌کرد،له ئه‌نیستیتووی جۆر به جۆر دا درێژه‌ی به خوێندن ده‌دا. ئه‌و ئه‌نیستیووانه‌ی که کاری تێدا کردوون بریتین له کالیجی هایله‌ند پارک، کالیجی دی نه‌شناڵ کیندرگارتن، شیکاگۆ و زانکۆی کۆلومبیا. له‌به‌ر په‌روه‌رده، ئه‌زموون و ڕێکوپێکی خۆی یای شوێنهوود وه‌ک فێرکاری منداڵان ته‌واو گونجاوه. دایکوبابان و منداڵانی کلێر له‌یک زۆریان پێ ناخۆش بوو ئه‌و پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ مه‌دره‌سه‌کان ده‌پسێنێ.
یای شوێنهوود وه‌کوو کرێکارێکی کلیسا، که‌سێکی به‌ئیمان و وشیاره . چه‌ندین ساڵان ئۆرگ ژه‌نی کلیسا بووه. ئه‌و هه‌ر وه‌ها به به‌رده‌وامیش له مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیان دا ده‌رسی گوتووه‌ته‌وه.له‌و ساڵانه‌ی دواییدا له پۆلێکی کچان له مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیان قوناخی پێشکه‌وتوو دا ده‌رسی داداوه.له‌ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوو دا ئه‌و یارمه‌تی قشه‌ی داوه له مه‌دره‌سه‌ی شه‌مۆیانیش، و له کاری ئاسایی دا به‌شداری کردووه. یای شوێنهوود به ساڵان سرنجی داوه‌ته سه‌ر کاری میسیۆنه‌کان له هه‌نده‌ران. جگه له به‌شداری چالاکانه له کاروباری کلیسا دا، پشتیوانی میسیۆنێرێکی خۆجێیی کردووه له چین .
چه‌ندین ساڵ بوو یای شوێنهوود بیری لێده‌کرده‌وه وه‌ک میسیۆنێرێک بچێته هه‌نده‌ران،به‌ڵام دڵساردکردنه‌وه و به‌رهه‌ڵستی دیکه له سه‌ر رێگه‌ی بوون. دوای زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه له کلیسای ناوچه‌یی لوتێری دا له فێڤرییه‌ی 1917، بڕیاری دا وه‌ک میسیۆنێر بچێته هه‌نده‌ران. جه‌نابی ئێل.ئو.فاسوم که تازه له میسیۆنی هه‌نده‌رانه‌وه گه‌ڕابووه‌وه و، دوکتور توولێسۆن، سێکرێتری کاروباری مه‌ڵبه‌ندی میسیۆنی لوتێری، له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا قسه‌که‌ری سه‌ره‌کی بوون.
بۆ ماوه‌یه‌ک یای شوێنهوود بڕیاری بۆ نه‌ده‌درا بچێته کام میسیۆن له هه‌نده‌ران. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی لوتێرییه‌وه بانگه‌وازێکی بۆ هات بچێ بۆ کوردستان،له دوای بیرکردنه‌وه‌ی ورد و دۆعا و پاڕانه‌وه، نێوه‌نده‌ی " میسیۆنی کوردستان" ی هه‌ڵبژارد. به هاوڕێیه‌تی له گه‌ڵ جه‌نابی، ئێل.ئو.فاسوم و ژماره‌یه‌کی دیکه له میسیۆنێره‌کان ئه‌و نزێک نێوه‌ڕاستی نۆڤامبر به‌ره‌و شوێنی کارکردنی ده‌چێ."
دیاره شوێنهوود و هاوڕێیانی له‌به‌ر بارودۆخی شه‌ڕ نه‌یانتوانی یه‌کسه‌ر بگه‌نه سابڵاغێ. ماوه‌یه‌ک له هه‌رمه‌نستان مانه‌وه و له چوار چێوه‌ی" ئاژانسی ئه‌مریکایی وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" که سه‌ر به ڕێکخراوه‌ی خاچی سوور بوو کاریان کرد و له‌و ماوه‌یه دا زمان‌ناس و دۆستی گه‌لی کورد ئێل.ئو. فاسوم که هه‌ر به سواربوونی که‌شتی له نیویۆرک ده‌ستی کردبوو به کوردی فێرکردن به هاوڕێیانی، له 10ی ئۆکتۆبری 1920 له ئێریوان سه‌ری نایه‌وه. له نامه‌یه‌ک دا که هاننا شوێنهوود له هه‌رمه‌نستانه‌وه بۆ سیکرێتری میسیۆنه‌که‌یانی نووسیوه و له "کوردستان میشنێری" دا بلاو بووه‌ته‌وه باسی ئه‌وه ده‌کا له‌و ماوه‌یه‌ی که له فاسوم دوور بووه و که‌س نه‌بووه ده‌رسی کوردی پێ بڵێ، بۆ خۆی هه‌موو ڕۆژێ به که‌لک وه‌رگرتن له کتێبه ڕێزمانه‌که‌ی فاسوم و له‌به‌ر کردنی شێعره‌کانی نێو کتێبی " شعرانی روحانی" حه‌ولی داوه کوردییه‌که‌ی پێش بخا. ته‌نانه‌ت له هه‌رمه‌نستان ڕۆژژێک تووشی دوو ژن هاتووه که سه‌ر به عه‌شیره‌تێکی کورد بوون و توانیویه چه‌ند ڕسته‌یان به کوردی له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕبکا.
یای هاننا له‌و ماوه‌یه‌ی له هه‌رمه‌نستان و کوردستان بووه، نامه و ڕاپۆرته هه‌موو لایه‌نه و به نێوه‌رۆکه‌کانی له ژماره‌کانی کوردستان میشنێری" دا بڵاو کراونه‌ته‌وه. نووسینه‌کانی له ڕوانگه‌ی داڕشتن و ئه‌ده‌بیشه‌وه زۆر چاوڕاكێشن. ئه‌ویش باسی تاڵانی بنکه‌که‌یان له سابڵا‌غ و کووژرانی هاوکاریان "جۆرج باشیمۆن" ی کردووه. جه‌نابی ئێن.جه‌ی.لۆڕ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له ژماره‌ی 2ی، خولی 14،فێڤرییه‌ی 1922. لاپه‌ڕه‌کانی 19، 20،21، 22 " کوردستان میشنێری" دا له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تایه‌کی خۆی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی بڵاو کردووته‌وه. "کاره‌سات له سابڵا‌غ. ئاخره‌که‌ی زانیاریی ته‌واومان له میسیۆنێره‌کانمان له سابڵاغه‌وه به ده‌ست گه‌یشت. ئه‌و نامانه له بۆکان، ئێران له 22ی ئۆکتۆبری 1921، و ئیدیکه که له‌ته‌ورێزه‌وه له 8ی نۆڤامبری 1921 نووسراون هاو کات به ده‌ست من گه‌یشتن. هه‌ر له‌و پۆسته‌ی دا بۆم هات نامه‌یه‌کی ئاغای H.C.Jaquith یش هه‌بوو که‌تێیدا باسی ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌کا که کاربه‌ده‌ستانی " ئاژانسی ئه‌مریکایی وه‌فریاکه‌وتنی ڕؤژهه‌ڵاتی نزیک" هه‌ڵیان هێناوه‌ته‌وه بۆ به ته‌نگه‌وه هاتن و ئاگاداریی له میسیۆنێره‌کانمان.ئێمه زۆر قه‌رزداری ئاغای جاکویت و ئه‌ندامانی "وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک"ین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی دارایی یان کردووه به میسیۆنێره‌کانمان که له‌به‌ر تاڵانکران و وڕووتکرانیان پێنی یه‌کیشان نه‌بوو، هه‌ر وه‌ها زۆر سپاسیان ده‌که‌ین که کاری چوونه‌وه‌ی خانمی باشیمۆن یان ڕێک خستووه و دراویان داوه‌تێ بۆ ئه‌وه‌ی پێی بگاته‌وه ئه‌ڵمان. سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی خانمی باشیمۆن ئاغای جاکویت له نامه‌که‌یدا ئاوا ده‌نووسێ: " ئه‌من ڕێگه‌مدا خانمی باشیمۆن ئێران به‌جێ بهێڵێ و بچێته‌وه ماڵی خۆی --- ئه‌ندامانی دیکه‌ی میسیۆنه‌که پێیان خۆش نه‌بوو فه‌رمان بدرێ یه‌کێک له ئه‌ندامانی میسیۆنه‌که‌ی خۆیان له ئێران بڕوا.به‌ڵام هه‌لومه‌رجی له‌شساخی خانمی باشیمۆن کارێکی وای کرد بڕیاربده‌م هه‌رچی زووتره ئێران به جێ بهێڵێ و ئه‌و به‌ڕێگه‌ی قه‌وقاس دا له گه‌ڵ ئاغای گرادرز، ئه‌ندامێکی میسیۆنی پرێسبێتێری له‌ته‌ورێز- وه‌ڕێ ده‌که‌وێ و بێگومان تا نێوه‌ڕاستی مانگی ژانڤییه ده‌گاته کۆنستانتینپۆل (ئه‌سته‌نبوڵ)." ئه‌م نامه‌یه‌ی خواره‌وه یای شوێنهوود وورده ڕیشاڵی کاره‌ساتی سابڵا‌غ ده‌گێڕێته‌وه:
" ته‌ورێز. ئێران، 8ی نۆڤامبری 1921
جه‌نابی. ئێن. جه‌ی.لۆر، مه‌ی ڤیل. داکۆتای باکوور.
برای عه‌زیز لۆر:
ئێمه چوار ژنه‌کان ( مه‌به‌ستی یای ئاگوستا گودهارت، یای ئاڵما فاسوم و یای باشیمۆن ه - حه‌سه‌نی قازی) له گه‌ڵ جه‌واهێر و چوار منداڵه‌کانی، دوێنێ شه‌وێ گه‌یشتینه ئێره، و دیسان داڵده‌مان هێناوه بۆ میسیۆنێره پرێسبێتیرییه‌کان، که ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێ بۆ ئاسووده‌یی و حاواندنه‌وه‌ی ئێمه ده‌یکه‌ن. ئه‌من له بۆکانه‌وه سه‌باره‌ت به ئه‌وه‌ی که چۆن دوای حه‌وتوویه‌ک له نه‌به‌رده‌که سابڵاغمان به‌جێهێشت بۆم نووسی.هاوکات له‌وێوه وڵاممان له جه‌نابی Pitman له ته‌ورێز نارد که به‌تێلگراف ئێوه ئاگادار بکا له مردنی جه‌نابی باشیمۆن. له بۆکانێ ئێمه ده ڕۆژان له ماڵی سه‌رداری موکری ماینه‌وه ( مه‌به‌ستی عه‌لی خانی سه‌ردار کوڕی محه‌مه‌دحوسێن خان، حاکمی سابڵاغه، که ترکه‌کان له ساڵی 1915 له مه‌راغه کوشتیان – حه‌سه‌نی قازی). که زۆر به ده‌رد و مه‌رگی ئێمه‌وه بوو به دڵدانه‌وه‌مان و جلوبه‌رگ پێدان و ئاماده‌کردنی ئه‌سپ بۆئه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌مان بکا. ئه‌وه هێندێک له ده‌رد و ژانی به‌شی یه‌که‌می سه‌فه‌ره‌که‌مانی که‌م کرده‌وه، که زیاتری ڕێگایه‌که به پێیان هاتین جگه له هێندێک جار نه‌بێ به نۆره سواری پشتی گوێدرێژێک ده‌بووین که هیچ باری نه‌بوو.
ئێمه به دوو ڕۆژان له بۆکانه‌وه گه‌یشتینه سایین قه‌ڵا، له‌وێ حاکمی ئێرانی له ماڵه خۆیدا جێی کردینه‌وه، له کاتێکدا چاوه‌ڕێی فایتوونمان ده‌کرد له مه‌راغه‌وه بێ و هه‌ڵمان گرێ. که حاکم هه‌ر به گه‌یشتنمان فه‌رمانی دابوو بۆ مان بێ.فایتوونه‌که پێنج ڕۆژی پێ چوو تا بگاتێ و به چوار ڕۆژان ئێمه‌ی گه‌یانده ته‌ورێز. ئه‌وکاته‌ی ئێمه له بۆکان بووین چه‌ندین که‌سی ده‌ستڕۆیشتووی کورد له‌وێ بوون. ئه‌وان زۆریان پێ ناخۆش بوو ئێمه بۆکان به‌جێ ده‌هێڵین و پێیان وابوو ڕۆیشتنی ئێمه بۆ نێوونێوبانگی کورده موکرییه‌کان باش نابێ. یه‌کێک له‌وان که ده‌یزانی ئێمه وه‌زعی ماڵی‌یان چۆنه، پڕێسکه‌یه‌کی که 36 تمه‌نی تێدابوو دا به یای گودهارت. ئێمه هیوادار بووین به گه‌یشتنی ته‌ورێزێ خه‌به‌ڕێک له ئێوه ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بزانین و ئه‌و دراوانه‌ی که له مێژه چاوه‌ڕێمان ده‌کرد به ده‌ستمان بگا. هه‌ر وه‌ها هیواداربووین تائێستا جه‌نابیBecker یش گه‌یشتبێته ئێره، به‌ڵام ناهومێد و ده‌م له پووش بووین. ئه‌م میسیۆنێرانه‌ی ئێره هیچیان له‌و باره‌یه‌وه نه‌بیستووه و ئه‌گه‌ریش له‌و مانگانه‌ی دواییدا پۆستمان بۆ هاتبێ به ده‌ستمان نه‌گه‌یشتووه.
میسیۆنێره‌کانی ئێره پێیان وایه له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی هێمنی مان جارێ به مه‌سڵه‌حه‌ته بۆ ماوه‌یه‌ک نه‌گه‌ڕێینه‌وه سابڵاغێ. بارودۆخی وڵاته‌که زۆڕ ئاڵۆزه و مرۆ نازانێ ده‌بێ چ بکا. ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان دێ ئه‌وه‌یه خۆمان بسپێرین به که‌ڕمی باریته‌عالا،به‌ڵکوو له‌م ته‌نگانه‌یه‌مان ڕزگار کا و ڕێمان نیشان دا تا ئه‌وه‌ی تۆز و خۆڵ ده‌ڕه‌وێته‌وه و جارێکی دیکه له ده‌ستمان دێ شوکرانه‌ی گه‌وره‌یی بکه‌ین له‌به‌ر ئامۆژگارییه به‌نرخه‌کانی.
وابزانم، ئێوه سه‌باره‌ت به ئه‌و گێره‌و کێشانه‌ی هاتنه گۆڕێ ده‌نگۆیه‌کی زۆرتان بیستووه. وه‌ک لێره بۆمان باس ده‌که‌ن زۆر ده‌نگووباس له‌وباره‌یه‌وه گه‌یشتوونه ته‌ورێزێ و لێره‌وه به تێلگراف ئێوه‌یان لێ ئاگادار کردوون. دیاره ئه‌و ده‌نگۆیانه هه‌موویان ڕاست نین. هیوا دارم ئێوه ئه‌و تێلگرافانه‌ی ئێمه‌تان به ده‌ست گه‌یشتبێ بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ ڕاستی ڕووداوه‌کان بزانن. خانمی باشیمۆن حه‌ول ده‌دا ده‌رببا و ددان به جه‌رگیدابگرێ، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین به‌ته‌واوی جه‌رگی سووتاوه. له‌کاتێکدا به ته‌واوی چاو له قه‌یرانی سیاسی هه‌ڵنابوێردرێ، به‌ڵام وێناچێ که‌س پێی وابێ تێکهه‌ڵچوونه‌کان هه‌ر به سابڵا‌غ سنووردار بێ. به‌ڵکوو ئێرانییه‌کان به‌ره‌و ناوچه‌ی سندووس ده‌چن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ دۆژمن.
له دوای نیوه‌ڕۆی شه‌شی ئۆکتۆبر [ ی 1921] یه‌که‌م تێکهه‌ڵچوون خۆی ده‌رخست. سه‌ربازانی ئێرانی له چیایان خۆیان دامه‌زراندبوو و خه‌به‌رهات که له‌شکری سمکۆ ( کورده شکاکه‌کان) به‌ره‌و شاری سابڵا‌غ دێن. شه‌وێ ته‌قه ده‌ستی پێ‌کرد. ته‌قه‌ی موسه‌لسه‌ل و زرمه‌ی تۆپان ده‌بیسترا و ئه‌وه تا لای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دوایی به‌رده‌وام بوو، و له‌و کاته دا سوارانی سمکۆ له چیاکانه‌وه ڕژانه نێو شاری.ده‌ستبه‌جێ تاڵان ده‌ستیپێکرد. ئه‌وان هه‌رچییه‌کی له ماڵه‌که‌ماندا هه‌بوو بردیان ته‌نانه‌ت کراس و جلوبه‌رگی به‌ریشمان، ته‌نێ هێندێک شڕه په‌ڕۆیان بۆ هێشتینه‌وه به‌ده‌نی خۆمانی پێ داپۆشین؛ جوڵانه‌وه‌یان ئه‌وه‌نده بێ به‌زه‌ییانه‌وه بوو له گێڕانه‌وه نایه، به قۆنداغه تفه‌نگان لێیان ده‌داین، به شه‌ق لێیان ده‌داین و قژی سه‌ریان ڕاده‌کێشاین و هتاد.
ئاغای باشیمۆن به ڕاده‌ستکردنی ئه‌و قوتووه‌ی دراوی تێدابوو و به دانی سه‌عاتی ده‌ستی خانمی باشیمۆن دێته نهوومی خوراێ به ژنه‌که‌ی بڵێ هه‌موو شت ڕۆیی و به‌و قسانه دڵخۆشی ده‌داته‌وه،" ئه‌وه هیچ نییه، به‌س نییه خۆمان ماویین." ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه ده‌سته‌یه‌کی دیکه دێنه نێو خانووه‌که و ئاڵۆزیی و تێکه‌ولێکه‌یی زیاتر به‌رده‌وام ده‌بێ.هه‌ر که خانمی باشیمۆن به‌ره‌و دیوی ئیداره دێ ده‌بینێ میرده‌که‌ی به ئه‌سپایی له پلیکانه‌کانی نهۆمی سه‌ره‌وه ڕا دێته خوارێ و سێ پیاوی به دووه‌وه‌یه.به تێکچوونی ڕه‌نگی ڕووی مێرده‌که‌ی ڕا ده‌زانێ شتێک جیدی قه‌وماوه، کاتێک ده‌نگی ده‌دا و قسه‌ی له گه‌ڵ ده‌کا ده‌بینێ ناتوانێ وڵامی بداته‌وه، به‌ڵام باشیمۆن له کاتێک دا حه‌وڵ ده‌دا به‌ره‌و وی بچێ و خۆی له‌سه‌رپێیان بگرێ له‌وێ به سه‌ر عه‌رزی دا ده‌که‌وێ. خوێن له شوێنی نزیک دڵییه‌وه فیچقه ده‌کا. دوایه چاوی وێک ده‌نێ، بۆ ماوه‌ی نزیک پێنج ده‌قیقه نه‌فه‌س ده‌کێشێ و ئیدی دڵی له کار ده‌که‌وێ. ئه‌و زۆر جار ئاواتی ئه‌وه بوو بێتوو بکوژرێ، پێی خۆش نییه ئه‌شکه‌نجه بدرێ، پێی خۆشه ڕوحی زوو ده‌رچێ، و به دڵنیاییه‌وه ئاواته‌که‌ی وه‌دی هات.
ماوه‌یه‌کی کورتی به‌رله‌وه‌ی لاتولووته‌که بێنه نێو خانوویه‌که، ئاغای باشیمۆن هاته جێی ئیداره و گوتی: "ئه‌من هه‌ر ئێستا ئه‌و نامیلکه‌یه‌ی فاسومم وه‌به‌ر ده‌ست هات" دوو ڕسته‌ی تێدابوو " عیسا، ئاشقی ڕوحی من" و ئه‌و پێی خۆش بوو هه‌موومان به‌یه‌که‌وه بیخوێنینه‌وه. ئه‌و ئینجیله گه‌وره‌که‌ی هێنا و کردییه‌وه به‌و هیوایه‌ی به‌شێک بدۆزێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی تێیدا بووین بگونجێ. کاتێک گه‌یشته به‌شی عیسا. 43:1 " مه‌ترسێ، چونکوو ئه‌من ڕزگارکه‌ری تۆم، به نێوی خۆت نێوت هه‌ڵده‌ده‌م، ئه‌تۆ ئی منی." ئه‌و به حاڵه‌تێکی ئاسووده‌یی و ڕه‌زایه‌ته‌وه‌چاوێکی لێ‌کردین و کتێبه‌که‌ی به‌یه‌که‌وه‌نا. ئه‌و ئینجیله گه‌وره‌یه یه‌که‌م شتی بوو به عه‌رزیدا که‌وت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌جۆرێک داوای پارێزگاری له ده‌سته‌ڵاتداران بکه‌ین، یای گودهارت، جه‌واهێر، یای فاسوم، و بۆخۆم له ده‌روازه‌ی ماڵه‌که‌مان ده‌رکه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان ڕزگارکه‌ین دیتمان ئه‌وه پاشماڵه‌که‌مان له خوێنی خۆیدا ده‌تلێته‌وه. ئه‌ویش گولله پێکابووی.خانمی باشیمۆن له هیچ کوێیه‌ک دیار نه‌بوو. ئه‌و له‌پێشدا داڵده‌ی بردبووه به‌ر ژووری پاشماڵه‌که و له‌وێوه خۆی گه‌یاندبووه که‌لاوه‌یه‌کی پشته‌وه‌ی خانووه‌که‌مان، له‌وێ کزوولکه‌ی کردبوو له گۆشه‌یه‌کی ئه‌و دیواره قوڕانه‌دا تا دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دواتر خۆی حه‌شاردابوو. ژنی پاشماڵه‌که‌مان دۆزییه‌وه و هێنایه‌وه نێو ماڵه‌که‌مان. له هه‌مانکاتدا، ئێمه به‌ده‌سته کوته به نێو لینگی ئه‌سپی سواران و به خیابانی ته‌نگه‌به‌ر دا، به پێی پێخاوس خۆمان گه‌یانده به‌رزاییه کی ئه‌سته‌می داوێنی شاخی، له‌وێ سمکۆ به‌خێری هێناین و داوای لێبوردنی کرد له‌وه‌ی قه‌وماوه و ئه‌فسه‌رێکی له‌گه‌ڵ ناردین بمانباته شوێنێکی هێمن . ئه‌وێ ئیداره‌ی گوومرگی ئێران بوو، ماڵی ئه‌فسه‌ران که دانیشتووه‌کانی هه‌ڵهاتبوون.ئێمه تا دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دواتر له‌و شوێنه ماینه‌وه. هه‌ر دووک ڕۆژان گه‌ڕان به دووی خانمی باشیمۆن دا کرابوو و بۆ ڕۆژی دووهه‌م دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک که گه‌یشتینه‌وه ماڵێ، ئه‌و دۆزرایه‌وه و هێنرایه نێوماڵێ. ئێمه له‌خۆشیان سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و په‌ژاره گه‌وه‌ره‌یه‌ی دایگرتبووین له‌کوڵی گریانمان دا. له‌وێوه هه‌موومان چووینه‌وه ماڵی یای گودهارت و تا ڕۆژی جومعه‌ی دواتر که شارمان به‌جێ هێشت هه‌موومان له‌وێ ماینه‌وه. ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ، 9ی مانگ [ی ئۆکتۆبر] مه‌یتی باشیمۆن مان له گۆڕستانی هه‌رمه‌نیان، که حه‌سارێکی چکۆڵه‌ی کلیسایه‌کی کاولکراوه به ته‌نیشت Damman وه ناشت، که چه‌ندین ساڵ له‌وه پێش له بنکه‌ی میسیۆنێکه‌مان دا کووژرابوو. یای گودهارت و یای فاسوم به یارمه‌تی چه‌ند که‌سی خۆجێیی، تابووتێکیان بۆ
وێنه‌ی گۆڕی ئێمانوێل دامان له قه‌برستانی هه‌رمه‌نییان له سابڵاغێ، که جۆرج باشیمۆن کێشاوییه‌ته‌وه و به خۆشی به ته‌نیشت دامانه‌وه هه‌رله‌وێ نێژراوه
ساز کرد، به لێکبه‌ستن و به بزمارداکوتانی دوو قوتووی دار که له ئه‌نبار دا هه‌بوو. ئه‌و بۆچوونه‌ی موسڵمانان که ئه‌گه‌ر ده‌ستیان وه به‌ده‌نی مردووی مه‌سیحی بکه‌وێ گڵاو ده‌بن بووه هۆیه ئه‌وه که ئێمه سێ ژنه‌کان بۆخۆمان ته‌رمه‌که هه‌ڵگرین و له سه‌ر نێردیوانێکی دانێین و دوایه ئه‌و حه‌ماڵانه‌ی به‌کرێمان گرتبوون مه‌یته‌که‌یان برد بۆ ناشتن. یای گودهارت و یای فاسوم له گه‌ڵ مه‌یته‌که چوونه سه‌رقه‌بران، و له‌وێ پیاوێکی پیری که یارمه‌تییه‌کی زۆری دابووین و دڵداری ده‌داینه‌وه، ئاخره‌که‌ی گوتبووی،" ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه گڵاو بێ، با ئه‌منیش گڵاو بم" و یارمه‌تی کردبوون بۆ هه‌ڵێنانی مه‌یته‌که بۆ ئه‌وه‌ی له‌و تابووته ته‌نگه‌ی بنێن .له سه‌ر گۆڕی باشیمۆن یای گودهارت به کورتی و به کوردی ڕێوڕه‌سمی ناشتنی به‌جێ هێنابوو که چه‌ند که‌سیش له خه‌ڵکی خۆ جێیی بۆ به‌خاک ئه‌سپاردنه‌که له‌وێ ده‌بن.خانمی باشیمۆن هێزی ئه‌وه‌ی نه‌بوو له گه‌ڵیان بچێ بۆیه له ماڵێ مایه‌وه و ئه‌منیش له‌گه‌ڵی بووم. چه‌ند ڕۆژ دواتر که ئه‌و ئاهێکی به به‌ردا هاتبووه‌وه، ئێمه هێندێک له‌وگوڵانه‌ی له باغچه‌ی خانووه‌که‌ماندا مابوونه‌وه چنی و هه‌موومان به یه‌که‌وه چووینه زیاره‌تی گۆڕی باشیمۆن.
یه‌کشه‌مۆی به‌ر له مردنی باشیمۆن یه‌که‌م وه‌عزی خۆی به زمانی کوردی دادا.ئه‌و " دۆعانامه" یه‌ی به‌کارهێنابوو که کرابووه کووردی. میرزا که‌ریم که کاری له‌گه‌ڵ کردبوو بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌کان، له کاتی وه‌عز دانه‌که‌ی دا له‌وێ ببوو. باشمۆن ڕۆژی به‌ر له مردنی خه‌ریکی وه‌رگێڕان و خوێندنی دۆعای "Werde munter mein Gemte " ببوو . ئێمه ڕۆژی دووشه‌مۆ کۆبوونه‌وه‌ی میسیۆن مان هه‌بوو، و ئه‌من پێوه‌بووم ڕۆژی شه‌مۆ گوزارشتێکتان سه‌باره‌ت به کۆبوونه‌وه‌که بۆ بنێرم. ئه‌و ده‌فته‌ری باسی کۆبوونه‌وه‌کانمان تێدا ده‌نووسین نه‌ما به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه ده‌فته‌ری ژمێریاری و حیسابمان هه‌ر ماوه.
به مێهره‌وانه‌ترین سڵاو له لایه‌ن هه‌موومانه‌وه، دڵسۆزتان له‌خزمه‌تی ئاغامان دا، (ئیمزا) هاننا. ک. شوێنهوود"
له‌و ڕاپۆرته‌ی شوێنهوود ده‌بێ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ڕاپۆرتی ئاغای جاکویت سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته زیاد بکه‌م که ده‌نووسێ: " .... ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ی ئێستای سمکۆ بۆ ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتن و کۆنتڕۆڵی هه‌رێمێکی به‌پیته که له نێوان سابڵا‌غ و ورمێ دایه. ئێرانییه‌کان به‌هێزێکی نزیک 800 که‌سه‌وه سابڵاغیان به ده‌سته‌وه بوو له به‌رانبه‌ر سمکۆ دا که هێزه‌که‌ی نزیک 2500 کورد ده‌بوون و له چیاکانه‌وه هاتنه نێو شار، ماڵه‌کانیان تاڵان کرد و چه‌پاندیان، و که‌له‌وپه‌له‌کانیان کرده باری ئه‌سپ، یه‌ستر،که‌ڵ و گامێشان و له شاری ده‌رکه‌وتن."
هاننا شوێنهوود له یه‌که‌م نامه‌یدا، که بۆ جاری یه‌که‌م هاتووه‌ته سابڵاغێ و له ڕۆژی جومعه 21ی مه‌ی 1921 دا بۆ ئێدیتۆری "کوردستان میشنێری" ئه‌وکاتی ئێم.ئۆ. وی ناردووه و له ژماره‌ی 9ی خولی سێزده‌هه‌می "کوردستان میشنێری" له مانگی سێپتامبری ساڵی 1921 دا بڵاو بووه‌ته‌وه ده‌نووسێ:
" برای عه‌زیز وی:---
یه‌که‌م ڕۆژی ئێمه له سابڵا‌غ --- چه‌ند سه‌عات له‌مه‌و به‌ر گه‌یشتینه جێ. ئاسته‌مه باوه‌ڕ بکه‌م که ئاخری توانیمان بگه‌ینه شوێنی مه‌به‌ست. ئێستا ئه‌وه سێ ڕۆژی ماوه ببێته ساڵ و نیوێک که‌ئێمه به که‌شتی له ئه‌مریکا ده‌رکه‌وتین.هیچ پێمان وانه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ی پێ بچێ هه‌تا ده‌گه‌ینه ئێره. سه‌فه‌ره‌که‌مان له ته‌ورێزه‌وه بۆ ئێره زۆر خۆش بوو.دیاره ڕیگه و بان، له هێندێک شوێنان زۆر ناخۆش بوو، و پرده‌که‌ی نزیک میاندواو به‌شێکی تێک ڕووخابوو، بۆیه ناچار بووین به گه‌می له‌چۆمی بپه‌ڕینه‌وه،هه‌موو شتێکیان له گه‌می نا، ئه‌سپ، فایتوون، عه‌ڕابه، له سه‌ر گه‌مییه‌کی ته‌خت....... له یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی سه‌فه‌ره‌که‌مان دا له هێندێک شوێن دیمه‌نی ده‌ریای ورمێ مان ده‌دیت. پێم سه‌یر بوو هێنده گه‌وره‌یه. ڕۆژی دووشه‌مۆ زۆری لێ نزیک که‌وتینه‌وه و گه‌یشتبوونه قه‌راغه‌کانی. نه‌متوانی پێش به وه‌سوه‌سه‌ی خۆم بگرم و بۆ مه‌له خۆم تێخست. ئاوه‌که‌ی زۆر سوێره. دوایه که گه‌ڕامه‌وه ئه‌و مزڵه‌ی له ڕێگا لێمان لادابوو ده‌بینم کونه‌گوێم پڕی خوێ یه. ئیمه زۆر شوکرانه بژێرین که به سه‌ڵامه‌ت گه‌یشتینه ئێره. و ئاخری له بنکه‌که‌مان داده‌مه‌زرێین.خانووه‌که ته‌عمیر کراوه‌ته‌وه. ئێستا خه‌ریکن په‌نجه‌ره له وژوورانه ده‌گرن که وه‌ک ژووری خه‌و به‌کاریان ده‌هێنین. ئێمه ده‌توانین هه‌ر نه‌بێ بچین ده‌و ژوورانه‌وه. ماوه‌یه‌کی پێ ده‌چێ هه‌موو خانووبه‌ره‌که ته‌عمیر بکرێته‌وه. جارێ بۆ ماوه‌ی کاتی له‌لای دراوسێی خانووه‌که‌مان ده‌ژین. سابڵا‌غ زۆر جیاوازه له‌و شارانه‌ی دیکه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین.له جێیه‌کی زۆر جوان هه‌ڵکه‌وتووه، چوار ده‌وره‌ی شاخه و چۆمێکی جوانی پێدا ده‌خوشێ . هه‌لبه‌ت خیابانه‌کانی به‌رده‌ڵان و سستن و له هێندێک شوێن جۆگه تا نێوه‌ندی شاری درێژ ده‌بێته‌وه. نازانین چه‌ندی پێ ده‌چێ تا میسیۆنێره‌کانی دیکه ده‌گه‌نه جێ.وای بۆ ده‌چم هه‌رنه‌بێ یای گودهارت به زوویی بگاته ئێره. هیوادارم به زوویی له ئه‌مریکاوه نامه‌مان بگاته ده‌ست. جگه‌له‌و نامانه‌ی نه‌بێ که کۆنسوولی ئێران له یێریوانه‌وه بۆی هێناین له‌و ده‌مییه‌وه هیچ نامه‌مان به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه."
به دوای ئه‌وه دا ئه‌م پارچه شێعره‌ی خواره‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕێگا و بان و دیتنی دیمه‌نی سابڵا‌غ بۆ جاری یه‌که‌م نووسیوه:
The Last Day of Our Journey
( By Miss H.C. Schonhood )
We are plodding along towards Soujbulak—
The mountains and valleys between
Are clad with flowers as beautiful
As ever our eyes have seen.
We are gathering a few of the choice ones
To press and send over the sea
To the dear ones we left in the homeland,
Who can not enjoy them as we
We have often been told of this country
By our brother we left by the way. *
And now we drink of its beauties
On this mild sweet day of May.
Now we climb the steep hill to the summit
The first view of the city to take,
Then drive down the valley in silence
The last stretch of our journey we make.
Oh, God of this wonderful nature
Will thou grant that while sojourning here
We may serve thee with heart, soul and spirit
In the steps of our own master dear.
دوایین ڕۆژی سه‌فه‌رمان
ئه‌وا ده‌ڕۆین به‌ره‌و سابڵا‌غ ڕێگه ده‌برێن
كێ‌و و چیا، دۆڵ و ده‌ره له نێواندا !
تا ئه‌و جێیه‌ی چاو بڕ ده‌کا
گوڵی جوانن دایپۆشیون
له‌و گوڵانه چه‌ند چڵێکی ده‌ستبژێریان
ده‌چنین و به ده‌ریا دا ده‌یانێرین
بۆ ئه‌و خوشه‌ویستانه‌مان
له وڵاتی خۆن جێمانهێشتن
زۆرمان باسی ئه‌م وڵاته که‌وته به‌رگوێ
به سوێوه بووین زووبینینین
بۆمه خۆشتره له ئێوه
سه‌دمخابن براکه‌مان ئه‌م وڵاته‌ی نه‌ده‌یته‌وه2
ئه‌و جوانییه‌ی بۆی باس کردین
به‌ڵام ئێستا ئێمه لێره
بۆنی خۆشی هه‌ڵده‌مژین
له‌و رۆژه خۆشه‌و شیرینه‌ی مانگی مه‌ی دا
ده‌ڕۆین به‌ره‌و دووندی شاخی
دیمه‌نی شار ده‌رده‌که‌وێ
ئۆغژنی دڵ، سۆمای چاوه
به بێده‌نگی له که‌ڵکێ ڕا داده‌کشێین
هێندن نامه‌وه بۆ شاری
ئه‌توو، ئافرێنه‌ری خۆڕسک
ده‌سته‌به‌ری ژیانمان به
ئه‌و ماوه‌یه‌ی لێره ده‌بین
به دڵ و گیان ، ڕوح و ڕه‌وان خزمه‌تکارین
وه‌فادارین به ڕێبازت، وه‌فا دارین
هاننا و ئه‌و کچه کورده‌ی وه‌ک کچی خۆی وه‌خۆی کردووه
وه‌ک پێشتر باسکرا، میسیۆنێره‌کانی بنکه‌ی سابڵا‌غ به ڕێکوپێکی ڕاپۆرتی چالاکییه کانی خۆیان له بواری جیاوازدا بۆ نێوه‌نده‌که‌یان له ئه‌مریکا ناردووه. ئه‌م ڕاپۆرته‌ی خواره‌وه‌ی یای هاننا شوێنهوود باسی بارودۆخی مه‌دره‌سه‌که‌یان ده‌کا.
"ڕاپۆرتی ساڵانه کاری په‌روه‌رده‌یی له سابڵا‌غ، ئێران . ڕاپۆرت بۆ ساڵی 1924 – ئه‌نجومه‌نی میسیۆن
ئه‌م ڕاپۆرته‌ی خواره‌وه باسی وه‌زعی کاره‌که‌مان له کۆتایی یه‌که‌م ساڵمانه له پێگه‌ی میسیۆن ئه‌و جۆره‌ی که وه‌به‌ر چاو دێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌نگه ئێوه هه‌ستی پێ نه‌که‌ن ئه‌من چه‌نده به نابه‌دڵی ئه‌و ئه‌رکه‌م خستووه‌ته سه‌ر شانم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته بنووسم. له‌وانه‌یه ئێوه هه‌ست پێ نه‌که‌ن بۆچی ئه‌من وای بۆ ده‌چم.ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و دژوارییه‌یه که ئه‌من هه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه‌تان بۆ ڕوون بکه‌مه‌وه که له نێوان ئێمه و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کاری مه‌دره‌سه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین له گۆرێ دایه.
با له پێشدا مه‌به‌ستی خۆمان له به‌کارهێنانی کاری مه‌دره‌سه وه‌ک یه‌کێک له چالاکییه‌کانی میسیۆنه‌که‌مان له‌به‌رچاو بگرین. هۆی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده که‌سه زۆره‌ی که ده‌ست ده‌دا فێری خوێندنه‌وه بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ بۆخۆیان له ووشه دآ ڕێگه‌ی ڕزگاری خۆیان ببینه‌وه. هۆی دووه‌م ئه‌وه‌یه که ده‌کرێ به ته‌نیشت ئه‌وه‌ی یه‌که‌مه‌وه باسی بکه‌ین، ئێمه فێری خوێندنه‌وه‌یان ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی شاگرده‌کان بخه‌ینه ژێر کارلێکه‌ری مه‌سیحییه‌ت.
با ئێستا مه‌سه‌له‌که له چاو ئه‌وانه‌وه ته‌ماشا بکه‌ین. به‌ڕاستی ئه‌وان په‌روه‌رده‌یان ده‌وێ؟ هه‌ڵبه‌ت، به‌ڵام نه‌ک له به‌ر هه‌مان هۆکاری که ئێمه ده‌ره‌تانی خۆێندنیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنین. ئه‌وان به دینه‌که‌یانه‌وه نووساون و به دڵنیاییه‌وه خۆ له هه‌ر و هه‌موو ئامرازێک ده‌پارێزن که مه‌به‌ستی جوێکردنه‌وه‌ی ئه‌وان له دینه‌که‌یان بێ. لێره، وه‌کوو شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران، مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنه‌کان به‌رته‌نگیان بۆ ساز ده‌کرێ و داوایان لێده‌کرێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌دره‌سه ده‌بێ ئیزنی ده‌سته‌ڵاتدارانیان هه‌بێ له تاران.
ئێران مه‌دره‌سه‌ی حکوومه‌تیی خۆی هه‌یه بۆ کوڕان و له‌و مه‌درسانه دا ئه‌وان شاگردی ئه‌وتۆ وه‌رده‌گرن که زۆر له‌وه هه‌ژزارترن بتوانن خه‌رج ومخاریجی خوێندن بده‌ن. ئێران هه‌ر وه‌ها مه‌دره‌سه‌ی تایبه‌تیشی هه‌یه بۆ کچان.
به زانینی ئه‌و هه‌لومه‌رج و ئه‌و دژوارییانه ئێوه له‌وتێده‌گه‌ن که بۆچی ئێمه به‌وهێنده کاره که‌مه‌ش که ده‌ستمان پێ‌کرد ڕازین. ئێمه له هه‌میشه زیاتر ده‌بێ ته‌نێ پشت به که‌ڕه‌می خوڵای ببه‌ستین که بابه‌ته‌که‌ی له ده‌ست دایه و ده‌توانێ ڕێگه‌مان نیشان دا چۆن ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی هه‌ڵده‌که‌ون بقۆزینه‌وه. دۆستانی عه‌زیز، دۆعامان بۆ بکه‌ن ئێمه له‌کاره‌که‌مان دا ئێمانێکی زیاترمان به ئینجیل و حه‌ول و ته‌وه‌کولی خوڵای هه‌بێ!
ئێمه هه‌لێکمان هه‌یه که پشتی پێ ببه‌ستین. ڕه‌نگه خوڵا ئه‌وه‌مان پێ ڕه‌وا ببینێ وه‌کوو ڕێیه‌ک بۆ نزیک بوونه‌وه. له سابڵاغێ چه‌ندین هه‌رمه‌نی هه‌نه به‌وه ڕازی نێن بچنه مه‌دره‌سه‌ی موسوڵمانه‌کان.جا ئه‌وه ئیمتیازێکه بۆ ئێمه که جێیان بکه‌ینه‌وه. ئێستا ئێمه 7 شاگردی هه‌رمه‌نی، دوو کوڕی چکۆڵه‌ی کوردمان له مه‌دره‌سه‌که‌ماندا هه‌یه، که بابه‌کانیان له‌لای ئێمه کار ده‌که‌ن، شاگردێکی پچووکی ئێرانی ( عه‌جه‌م ) یشمان هه‌یه. سه‌ر باقی ئه‌وانه دوو پیاوی لاوی کوردیش، له لای ئێمه فێری ئینگلیسی ده‌بن و له بری ئه‌وه زمانی ئێرانی (فارسی) فێری کوڕه‌کانی دیکه ده‌که‌ن. ئه‌و پیاوه لاوانه سه‌رله‌به‌یانیان وا زوو دێن که پێ ڕابگه‌ن له ڕێوڕه‌سمی عیبادهت و دۆعای نه‌خۆشخانه دا ئاماده بن وله‌خوێندنه‌وه‌ی ئینجیلیش دا به‌شداری ده‌که‌ن هه‌رکاتێک داوایان لێ بکرێ. له یه‌که‌م ڕۆژ دا ئه‌وان له دۆعا کردندا ئاماده بوون چونکوو به هه‌ڵکه‌وت له ژووری چاوه‌ڕوانی بوون که ئێمه له‌وێ پۆلی مه‌دره‌سه‌که‌مان ڕێک ده‌خه‌ین. ئه‌وان داوای مۆڵه‌تیان کرد ڕێگه‌یان بدرێ بێنه ژووری ده‌رمانگه که له‌وێدا به‌یانان عیبادهت و پاڕانه‌وه ده‌کرێ.
ئه‌و کچانه‌ی زمانی کوردی ده‌خوێنن ئه‌وانه‌ن که سه‌ربه خێزانی خۆمانن و چه‌ند کچێکی دیکه‌ش. ئه‌وه زۆر دڵساردکه‌ره‌وه‌یه ئێمه له هه‌لومه‌رجێکی ئاوا داین که نه‌مانتوانیوه کچانێکی زیاتر هان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بێن و بخوێنن چونکوو ئه‌وان که‌سانی هه‌ره که‌مته‌رخه‌می له‌گه‌ڵ کراون له‌م وڵاته دا.جگه له چه‌ند ڕێزپه‌ڕێک نه‌بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وان به قابیلی ئه‌وه‌ش داناندرێن که بخوێنن--- له ڕاستیدا هێندێک له‌وان هه‌ر به قابیلی ئه‌وه‌ش داناندرێن که بژین. پۆلێکی شه‌وانه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌و لاوه هه‌رمه‌نییانه‌ی که پێیانخۆشه فێری کوردی بن و ئه‌وه له سه‌ره‌تای پاییزیی ڕابردووه‌وه ده‌ستی پێکردووه. زۆربه‌ی ئه‌و لاوانه که‌وشدروون، که به‌ڕۆژ کاری خۆیان ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت هێندێک جار شه‌وانه‌ش. ئاماده بوونیان له سه‌ر پۆل زۆر ڕێک و پێک نییه. جاری وایه 5 تا 6 که‌س دێن و جاری واش هه‌یه ژماره‌ی به‌شدارانی پۆله‌که ده‌گاته 23 که‌س. ( بڵێی باوه‌ر بکه‌ن، ته‌نانه‌ت له نێو هه‌رمه‌نییه‌کانیشدا، که به خۆیان ده‌ڵێن مه‌سیحی، ده‌سته‌ی ئاوا هه‌ن که چه‌ت ده‌کاری میسیۆنه‌که‌مان ده‌خه‌ن له جیات ئه‌وه‌ی په‌ره به کاره‌کانی بده‌ن) له جیاتی ئه‌وه‌ی میسیۆن به شتێکی ئاوا دابنێن که ده‌گاته ژیانێکی ڕاسته‌قینه‌ی عیسایی، ئه‌وان له‌وه ده‌ترسن ئێمه له ئیمانی خۆیان به کلیسای گرێگۆری یان کاتۆلێکی دووریان خه‌ینه‌وه که ئه‌وان توند پێیه‌وه‌یان نووساون هه‌ر وه‌ک موسوڵمانه‌کان ده‌ستیان به ئیسلامه‌وه گرتووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه سپاسی ئه‌و چه‌ند که‌سانه ده‌که‌ین که واوه‌به‌ر چاو دێ هه‌تا ده‌چێ زیاتر و زیاتر مرخیان له کاری میسیۆنه و زۆر که‌م وایه له دۆعاخوانی دا به‌شداری نه‌که‌ن.سێ له‌و پیاوانه‌ی که دێنه پۆلی شه‌وانه، ئه‌وه‌نده له خوێندنه‌که‌یاندا چوونه‌ته پێشه‌وه که ده‌توانن بۆخۆیان ئینجیل بخوێننه‌وه که له کریسمه‌س دا کۆپی خۆیان وه‌رگرت. ئه‌وان له کۆبوونه‌وه‌ی دۆعا کردنی شه‌وانه دا هێنده‌یان پێ خۆشه سرووده کوردییه‌کان بخوێننه‌وه نه‌بێته‌وه.ئێمه هه‌موومان بزه‌مان دێتێ کاتێک مێگێردیش داوا ده‌کا سروودی ژماره 21 " ئی تۆم یا خوڵا" "I am Thine, O Lord!" بخوێنینه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و سرووده له رێوڕه‌سمی دۆعا خوێندنه‌وه دا نه‌خوێندرێته‌وه، ئه‌و کۆبوونه‌وه‌که وه‌دره‌نگی ده‌خا و هه‌ر داوای خوێندنه‌وه‌ی سروودی ژماره 21 ده‌کا.
حه‌وتووی ڕابردوو دوکتور شاڵک سه‌باره‌ت به کوڕه چكۆلهکانی مه‌دره‌سه‌که‌مان، که هه‌میشه له کۆتایی ڕێوڕه‌سمی دوعا و پاڕانه‌وه له خوڵای دا به‌شداری ده‌که‌ن، گوتی ئه‌وانه‌ی که که‌لک له‌و شتانه‌ی وه‌رده‌گرن و به‌و ڕێگایه دا فێری بوون به ڕاستیش پشتگه‌رمی و ئیلهامێکن بۆ ئێمه.
ئێستا به‌و شتانه‌ی بۆم باسکردن، هێندێک زانیاریتان ده‌ست ده‌که‌وێ سه‌باره‌ت به کاری په‌روه‌رده‌یی ئێمه له یه‌که‌مساڵی چالاکیمان لێره. ئه‌گه‌ر نێوی شاگرده‌کان بنووسم ڕه‌نگه شتێکی ئه‌وتۆ نیشان نه‌دا، به‌ڵام ئه‌من ئه‌و ژمارانه ده‌نووسم که قه‌ید کراون و ئه‌وه باش ده‌بێ بۆ به‌راوه‌رد کردن له گه‌ڵ ڕاپۆرته‌کانی داهاتوو دا.
ژماره‌ی شاگرده‌کان: شاگردی کوڕ، هه‌رمه‌نی 5، سوریانی 1، عه‌جه‌م (ئێرانی)1، کورد 2. به گشتی 9 شاگردشاگردی کچ: هه‌رمنی 3، سوریانی 1، عه‌جه‌م 1 ، کورد 5 گشتی 10 شاگرد
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له مانگی مارسی 1924، به سێ شاگردی کچ مه‌دره‌سه‌مان ده‌ست پێ‌کرد، چه‌ندین نێوانی تێکه‌وت و ئه‌وه‌ش کارتێکه‌ری خۆی هه‌بووه له سه‌ر پێشوه‌چوونی کاری مه‌دره‌سه. له‌وانه باسی هێندێکیان ده‌که‌م. ئه‌و سه‌فه‌ری که به‌هارێ کردمان، پشووی هاوینێ، پشووی کریسمه‌سی خۆمان، به دوویدا کریسمه‌سی هه‌رمه‌نییان و هه‌ر وه‌ها ماوه‌یه‌ک له به‌ر ساردی هه‌وا کلاسه‌کانمان دایر نه‌بوون. سه‌ره‌ڕای گیروگرفت و دژوارییه‌کان چ هۆیه‌ک نابینین له کاره‌که‌مان دڵ‌سارد بینه‌وه و ده‌زانین خوداوه‌ند ڕێنوێنمانه. به ئاگاداری له‌وه‌ی که ئه‌و ئێمه‌ی ناردووه‌ته ئێره، ئێمه دڵنیاین نه‌خشه‌که‌ی جێبه‌جێ ده‌بێ. ته‌نیا شتێکی که بیری لێده‌که‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه ده‌بێ ژیانی خۆمان به‌ختی وی بکه‌ین و ئه‌ویش به ڕێگه‌ی ئێمه دا ده‌توانێ ئازادانه کاره‌کانی به‌رێته پێشێ. ئه‌من له خوڵای ده‌پاڕێمه له ماوه‌ی ساڵی داهاتوو دا به شاگردی مه‌دره‌سه‌ی خۆییم ڕابگرێ تائه‌و کاته‌ی که من ده‌رسی خۆ بێبه‌شی، باوه‌ڕی و گوێڕایه‌ڵی فێر ده‌بم به شێوه‌یه‌ک که خزمه‌ته‌که‌م له ڕێبازی وی‌دا ئه‌وه‌ی بێ که ئه‌و ده‌یه‌وێ، ئه‌ی ئه‌وه چ خاوه‌یه‌کی گه‌وره‌یه....
دڵسۆزتان له ڕێی عیسا دا،
هاننا شوێنهوود "
هاننا شوێنهوود له نامه‌یه‌کیدا که له به‌رواری 8 ی فێڤرییه‌ی 1926 له سابڵاغه‌وه نووسیویه و له ژماره‌ی 4ی خولی 18ی کوردستان میشنێری، ئاوریلی 1926 دا بڵاو بووه‌ته‌وه به کورتی ئاماژه‌ی کردووه که قازی محه‌مه‌د ده‌رسی ئینگلیسی له لای خوێندووه و له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێ:
"یه‌کێک له کوڕه‌کانی قازی ( قازی شه‌رعی شاری) ده‌رسی ئینگلیسیم له لا ده‌خوێنێ و به‌ڵێنی پێداوم یارمه‌تیم پێبکا سه‌باره‌ت به ئاماده‌کردنی ئه‌و قامووسه کوردییه‌ی که ئه‌من ماوه‌یه‌ک زۆر له‌مه‌و پێش ده‌ستم پێکردووه.”
یای هاننا به‌ر له‌وه‌ی بۆ جاری دووهه‌م بێته‌وه سابڵاغێ له ته‌ورێز ماڵێکی منداڵانی بێ دایوبابی به‌ڕێوه‌بردووه و تا بگاته‌وه شوێنی مه‌به‌ست له‌وێ وه‌ک هاوکاره‌که‌ی دیکه‌ی یای ئاگوستا گودهارت یارمه‌تی کاره‌کانی میسیۆبێره پرێسبێترییه‌کانی داوه.
ڕه‌نگه درێژترین و سرنجڕاکێشترین نووسینی شوینهوود له "کوردستان میشنێری" دا باسی ئه‌و گه‌شته‌ی بێ که له‌گه‌ڵ دوکتور شالک و خزمه‌تکاره‌که‌یان عه‌بدولخاله‌ق، له سابڵاغه‌وه کردووه‌یه بۆ ورمێ و له‌وێوه بۆ ته‌ورێز و له ته‌ورێزه‌وه بۆ سابڵا‌غ. ئه‌و بابه‌ته به زنجیره له 6 ژماره‌ی "کوردستان میشنێری" له ژماره‌ی 8ی ئووتی 1924 تا ژماره‌ی 1ی ژانڤییه‌ی 1925 به نێوی" گه‌شتێکی چل ڕۆژه به ده‌وری ده‌ریای ورمێ دا، بیست و نۆ ڕۆژ له سه‌ر زینی ئه‌سپ"بڵاو کراوه‌ته‌وه.
هاننا شوێنهوود له 28ی ژووییه‌ی 1926 سابڵاغی به‌جێ هێشتووه، بۆ سه‌ردان و حه‌سانه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مریکا. ئیدی نازانین دوای ئه‌وه شوێنهوود چووه‌ته‌وه سابڵا‌غ یان نا.
شوێنهوود له یه‌کێک له نامه‌کانی دا ده‌ڵێ ئه‌و ڕۆژانه بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه و له‌وانه‌یه هێندێکیان له به‌ر ئه‌و گۆڵمه‌زانه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه له نێو چووبن. له ژماره‌کانی به‌رده‌ستی " کوردستان میشنێری" له نێوان ساڵانی 1921 – 1927 دا نزیکه‌ی 60 نامه، ڕاپۆرت و نووسینی شوێنهوود بڵاوکراونه‌ته‌وه.
له ساڵی 1936 بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ئاوگسبرگ له ئه‌مریکا کتێبێکی یای هانناشوێنهوودی به نێوی
My First Sunday School Book Grade One " یه‌که‌م کتێبی مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانی من پۆلی یه‌که‌م" بڵاو کردووه‌ته‌وه و گۆڤاری The Lutheran Orient Mission که درێژه‌ده‌ری کاری کوردستان میشنێری بووه له ژماره‌ی 1ی ساڵی 33، ژانڤییه‌ی 1945 دا ئه‌و زانیارییه‌ی سه‌باره‌ت به کتێبێکی دیکه‌ی هاننا شوێنهوود بڵاو کردووه‌ته‌وه.
" کتێبێکی نوێ به کوردی. ده‌ستنووسی کتێبێکی به نرخ، که له بنکه‌کانی میسیۆنی ئێمه که‌لکی لێوه‌رده‌گێرێ و له لایه‌ن یای هاننا شوێنهووده‌وه ئاماده کراوه، که به‌ساڵان مامۆستا بووه له بنکه‌ی میسیۆنی ئێمه ده‌نێو کورده‌کان دا. ئه‌و ماوه‌یه‌کی کورت به‌رله‌وه‌ی ماڵاوایی له ژیان بکا ئه‌و ده‌ستنووسه‌ی بۆ ئێمه ناردبوو.له‌به‌ر نه‌بوونی دراو ماوه‌یه‌ک نه‌مانتوانی ئه‌و کتێبه چاپ بکه‌ین. فێدراسیۆنی ژنانی میسیۆنێری کلیسای لوتێری له ئه‌مریکا به ده‌ستکراوه‌ییه‌وه ئاماده‌ییان نیشان دا که خه‌رجی چاپی ئه‌و کتێبه به ئه‌ستۆوه بگرن. ئه‌و کتێبه نزیکه‌ی 300 لاپه‌ڕه ده‌بێ و وێنه‌شی تێدایه. چاپکاران ئێستا به‌گه‌رمه خه‌ریکن چاپی ده‌که‌ن. ئێمه زۆر سپاسی ئه‌و فێدراسیۆنه ده‌که‌ین بۆ مرخ و ئاماده‌ییان بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی خه‌رجی ئه‌و کتێبه که پێویستییه‌کی زۆری پێ هه‌یه. له خودا ده‌پاڕێینه‌وه پشتیوانی خۆی له‌و حه‌وله زیاد بکا."
هاننا شوێنهوود له ساڵی 1938 له ته‌مه‌نی 62 ساڵی دا کۆچی دوایی کردووه و له گۆڕستانیClare Lake ، له له کاونتی Cerro Gordo له ئه‌یاله‌تی Iowa نێژراوه.
ئه‌یاله‌تی Iowa و ئه‌یاله‌تی Minnesota مینێسوتا له ئه‌مریکا ئێستاش به‌شێکی زۆر له دانیشتووانیان ئه‌و خه‌ڵکه‌ن که ڕه‌چه‌ڵه‌کی نۆڕوێژییان هه‌یه و له بۆنه و پشووه‌کانیان دا نه‌ریتی نۆڕوێژییان هه‌ر پاراستووه. ڕاوێژی ئینگلیسیی مینێسوتا ئێستاش کارلێکه‌ری ئه‌ژدادی نۆروێژی پێوه دیاره.
* به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که ئێل.ئو.فاسوم له سابڵا‌غ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردی داناوه.
(1)نووسه‌ری کورد به‌ڕێز عه‌بدوڵای سه‌مه‌دی یه‌کێک له نامه‌کانی هاننا شوێنهوودی که بۆ دۆستێکی خۆی نووسیوه له ماڵپه‌ڕی LOMSی وه‌رگرتووه و به شێوه‌یه‌کی زۆر جوان وه‌رگێڕاوه و به نێوی " نامه‌ی خاتوو هه‌ننا" بڵاوی کردووه‌ته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه یه‌که‌م کاری یای شوێنهوود بێ که وه‌رگێڕدرابیته سه‌ر زمانی کوردی
(2) مه‌به‌ستی هاننا ئێل. ئو.فاسوم ه که له 10ی ئۆکتۆبری 1920 له یێریوان سه‌ری نایه‌وه.
تێبینی: ئه‌م نووسینه به که‌لکوه‌رگرتن له ژماره‌کانی به‌رده‌ستی " کوردستان میشنێری" ئاماده کراوه. لێره دا جێی خۆیه‌تی سپاسی خانمی Catherine Eystad له ئه‌مریکا بکه‌م بۆ ئه‌و زانیارییانه‌ی سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌ی شوێنهوود و یه‌که‌م کتێبی چاپکراوی هاننا شوێنهوود بۆی ناردم. به‌ڕێزیان بۆره خزمایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌مر یای هاننا شوێنهوود هه‌یه. وێنه‌کان له ژماره‌کانی "کوردستان میشنێری"، ماڵپه‌ڕی LOMS و وێنه‌ی کێلی قه‌بری هاننا له ئینترنێت وه‌رگیراوه.
No comments:
Post a Comment