چه‌ند کورته سه‌رنجێک له سه‌ر پڕۆژه‌ی کاک حه‌سه‌نی قازی له مه‌ڕ وه‌رگێڕان و په‌راوێز نووسینی به‌ڵگه‌کانی "کوردستان میشنێری"
چه‌ند کورته سه‌رنجێک له سه‌ر پرۆژه‌که‌ی کاک حه‌سه‌نی قازی له مه‌ڕ وه‌رگێران و په‌راوێز نووسینی به‌ڵگه‌کانی " کوردستان میشنێری"
سیاوه‌ش گۆده‌رزی
پێش هه‌موو شتێک، دهسگووشینێکی گه‌رمی کاک حه‌سه‌ن سه‌باره‌ت به‌م کاره گرینگه پێویسته، ئه‌مه‌ش له دوو باره‌وه، یه‌که‌م ئه‌وه وه‌رگێرانی کوردی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که له سه‌ر کورد نووسراون، پێویستییه‌کی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای ئارشیفی کوردیین، دووه‌م جارێکی دیکه کاک حه‌سه‌ن له‌م وهرگێڕانهیدا، تام و چێژێکی دیکه‌ی وه‌به‌ر زمانی کوردی کردووه‌و چه‌ند وشه‌یه‌کی نوێ به زمانی کوردی زێده کردووه، یه‌کێک له‌و وشه نوێیانه‌ی که زۆر وه‌به‌ر دڵی من هات "نه‌خۆشه‌وان" له بری "نێرس"ی ئینگلیزی، "پرستار"ی فارسی و "موزه‌مید"ی عه‌ره‌بی بوو.
چه‌ند کورته سه‌رنجێک:
یه‌که‌م،
وێنه‌کانی بڵاوکراوه له به‌ڵگه‌کانی " کوردستان میشنێری" یه‌کجار گرینگن، ئه‌و وێنانه بێجگه له ساقکردنه‌وه‌ی هێندێک که‌لێن و کوڵێنی میژووی، هه‌روه‌ها لایه‌نی کولتورسۆسیلۆژی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌و ده‌می کوردستان وه‌ک چۆنییه‌تی ژیان، جۆری جلووبه‌رگ نیشان ده‌دا، جۆری جلووبه‌رگی ژن، منداڵ و پیاوی کورد له وێنه‌کاندا پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان له جڤاکی کوردی‌دا نیشاندا ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له به‌رچاو بگرین، له‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستاندا کامێرای وێنه‌گرتن هێشتا نه‌هاتووه‌ته کوردستان یان به ده‌گمه‌ن کامێرا هه‌بووه، ئه‌وه گرتنی ئه‌و وێنانه له لایه‌ن میسیۆنهرهکانهوه یه‌کجار به‌بایه‌خ و گرینگن.
دووه‌م،
بێجگه له‌وه وێنه‌کان، میسیۆنهرهکان وێنه‌یه‌کی ڕاستی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و ده‌م به جۆرێکی دیکه وێنا ده‌که‌ن، له نامه‌کانی " کوردستان میشنێری" دا به وشه و تێکستیش باس له جۆری ژیان و گوزه‌رانی ئه‌و ده‌می کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی کراوه.
له کاتێکدا هه‌میشه کوردستان له‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایدا گیرۆده‌ی کێشه‌ی سیاسی بووه‌و بیجگه له سیاسه‌ت زۆر که‌م کێشه‌ی دیکه هه‌م له لایه‌ن بێگانه‌کان و هه‌م له لایه‌ن خودی کورده‌کان له نووسینه‌کان له سه‌ر کوردستان ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌کانی " کوردستان میشنێری" نرخێکی گه‌وره‌ی هه‌یه. بۆ نموونه له نامه‌یه‌کی ئالما فاسوم که له مه‌هاباده‌وه نووسراوه‌و و له ژماره‌ی 10ی ساڵی سێزده‌ی کوردستان میشنێری له ئۆکتۆبری 1921 بڵاو کراوه‌ته‌وه، هاتووه: "لێره ژنان کاری ده‌ستی زۆر جوان ده‌که‌ن، ده‌چنن، ته‌شی ده‌ڕێسن و هه‌موو جلوبه‌رگێک ده‌دروون. به‌ڵام دیاره جلوبه‌رگی ئه‌وتۆشیان هه‌یه که له کارگه ساز کرابێ. ئه‌وان زۆریان حه‌ز له به‌رموور، و شووشه و زێڕی خۆ پێ ڕازاندنه‌وه و خشڵ و جه‌واهێره. منداڵان زه‌نگوڵه‌ی پچوک له گۆێزینگ و مه‌چه‌کیان ده‌که‌ن، زۆریش شتی مووروو." له ڕاپۆرتێکی دیکه‌دا باسی جلووبه‌رگی کوردی و به‌راوردێک له نیوان جلووبهرک له ناوچه‌ی موکریان و کرماشان کراوه. "جلوبه‌رگی ئه‌وان له ئی ئێرانییه‌کان که زۆر شل وشه‌وێق له‌به‌ر ده‌که‌ن رێک وپێکتره. ژنان ده‌سماڵی زۆرگه‌وره له ده‌وری سه‌ریان ده‌پێچن، به‌ڵام هیچیان وه‌ک عه‌شیره‌تی سابڵاغێ پێچی جوان نابه‌ستن. لێره زیاتر ڕه‌نگی ڕه‌ش یان تیره و ته‌ڵخ ده‌به‌ر ده‌که‌ن و پشتێندیشیان چه‌ند قه‌د له ئی سابڵاغێ سووکتره.ئه‌وه سرنجرآکێشه مرۆ جیاوازی جلوبه‌رگی عه‌شیره‌ته جیاوازه‌کان ببینێ. زۆرێک له‌ژنان له گوندان که چاومان پێیان که‌وت وه‌ک ژنی ئێرانی کراسی کورت ده‌به‌ر ده‌که‌ن و له‌بنه‌وه داوێنێک که تا به‌ری پێیان دێ.لێره ژنان شه‌رمێون نین و له‌هه‌موو شوێنێک ده‌موچاویان کراوه‌یه."
سێهه‌م،
دیاره له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی میسیۆنهرهکان له نێو کوردان‌دا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ژیاون و زمان و کولتوری ئه‌وان به باشی فێر بوون به‌ڵام دیسانه‌که ئه‌وان نه‌یانتوانیوه له ڕوانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی خۆیان تێپه‌ڕ ببن و کورد و کولتوری کورد له ڕوانگه‌ی خودی کورده‌وه ببینن و شیڕۆڤه بکه‌ن. به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد بکه‌ن، میسیۆنهرهکان هه‌ر وه‌ک ڕۆژهه‌ڵاته ناسه ڕۆژئاواییه‌کانی دیکه، وێنه‌ی خه‌ڵکێکی چیایی و به‌دوور له فه‌رهه‌نگ (ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستیان فه‌رهه‌نگی ڕۆژئاوایه) له کورد نێشان ده‌ده‌ن و له به‌رانبه‌ریشدا کولتوری خۆیان به کولتورێکی ئینسانی و دوور له توند و تیژی پیشان ده‌ده‌ن. له نامه‌یه‌کی دیکه‌ی ئاڵما فاسوم دا هاتووه:
کورده‌کان هه‌تا بڵێی سرنجڕاکێشن. ته‌نێ پێیانخۆشه زۆر شه‌ڕ بکه‌ن.له‌وه‌تی ئێمه هاتووین ته‌واو له‌و نزیکانه‌ی ئێمه شه‌ڕێک قه‌وما. هه‌موو شه‌ڕه‌که له سهرکۆلکهیهکی دار هه‌ڵئاییسا." دواتر ئالما فاسۆن له درێژه‌ی نامه‌که‌یدا ئاواتی ئه‌وه ده‌خوازێ که ڕۆژێک کورده‌کانیش وه‌ک ئیندیانه‌کان ده‌سته‌مۆ ببن. دیاره وه‌ک ده‌زانرێ له ڕه‌وتی داگیرکردنی هه‌موو خاکی ئامریکای باشوور‌و باکوور له لایه‌ن ئوروپاییه‌کانه‌وه، چی کۆمه‌ڵکوژی و زوڵمێک ده‌رحه‌ق به ئیندیانه‌کان نه‌کراو به‌شێکی زۆری ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌ش به ناوی دینی مه‌سیحی و به مه‌سیحی کردنی ئیندایانهکان کرا.
چواره‌م،
میسیۆنهرهکان، له باس کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و به تایبه‌ت داب و نه‌ریت، چۆنییه‌تی هه‌ڵسووکه‌ت له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و خزم و دۆست و میوان و ته‌نانه‌ت پێگه‌ی منداڵ له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌دا ڕاپۆرتیان نووسێووهو ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ش بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی، ئێتنۆلۆژی و کولتور ئانترۆپۆلۆژی له سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کورد که‌ره‌سته‌ی خاوی باشن. له ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوه له " کوردستان میشنێری"دا هاتووه: "شاییدی ده‌ده‌م که کورده‌کان به گشتی گه‌لێکی نه‌جیب و به‌ئه‌ده‌ب، گه‌لێکی دێمۆکرات و ساده‌ن. له زۆر بارانه‌وه ئه‌وان له به‌ر که‌سایه‌تی خۆیان زۆر به‌رزترن له عه‌شیره‌ته بێ چاوه‌ڕوو و دوو ڕوویه‌کانی ئێران." له شوێنێکی دیکه‌ی هه‌مان ڕاپۆرتدا هاتووه: " میوان به‌خێرهێنان ڕه‌سمی کوردییه و به دڵی ئاواڵه‌وه له بن خێوه‌ته‌که‌ی یان کۆخهکهیدا جێت ده‌کاته‌وه، و سفره چهرمهکهیت له به‌رده‌می ڕاده‌خا، ڕێگه‌ت ده‌دا ده‌ستی له‌گه‌ڵ یه‌ک قاپ بنێی، هه‌رله‌و قاپه‌یدا بۆ خۆی نانی تێدا ده‌خوا. هه‌ر له‌و ئیستیکانهدا ئاو ده‌خواته‌وه که ئه‌تۆ ئاوی تێدادهخۆیهوه."
پێنجه‌م،
ڕاپۆرتی میسیۆنهرهکان له باری زماناسی کوردیشه‌وه زۆر گرینگن، زمانی کوردی له ڕابردوودا له باره‌ی خه‌زانه‌ی وشه به تایبه‌ت له ئاخافتنه ڕۆژانهیهکاندا ده‌وڵه‌مه‌ند بووه، وه‌ک له یه‌کێک له ڕاپۆرته‌کاندا هاتووه: ئه‌گه‌ر کوردێک تووشی قه‌سابێک بێ ده‌بێ پێی بڵێ: " قه‌ڵه‌و بی" ئه‌گه‌ر بگاته دروێنهوانێک که خه‌ریکی دروونی گه‌نم یان هه‌ر دانه‌وێڵه‌یه‌کی دیکه بێ ده‌بێ پێی بڵێ: " به به‌ره‌که‌ت بێ". ئه‌گه‌ر چاوی به وه‌ستا و فه‌عله بکه‌وێ که خه‌ریکی خانوو دروست کردنن ده‌بێ پێیان بڵێ: " خودا قه‌وتوو بدا". ئه‌مه نیشان ده‌دا که له ڕابردوودا زۆر بێژه له ئاخاڤتنی ڕۆژانه‌دا به‌کار هاتوون که ئیمڕۆکه که‌م به‌کار ده‌برێن یان به‌ته‌واوه‌تی له نێو چوون، ڕه‌نگه ئێستا له بری ئه‌و هه‌موو بێژه جوانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نیا بووترێ ماندوو نه‌بی یان ڕۆژ باش و ئیتر هیچی دیکه...
شه‌شه‌م،
له به‌ڵگه‌کانی " کوردستان میشنێری"دا زانیاری پڕبایه‌خ له سه‌ر کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی کورد و هێندێک ڕووداوی مێژووی هه‌ن که له باری مێژووییه‌وه گرینگن. وه‌ک ئه‌وه پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د لای کێ ئنگلیزی فێر بووه؟ مسته‌فای قازی "شه‌وقی" کێ بووه؟ سمکۆی شکاک که زمانی فه‌رانسای به باشی زانیوه، چۆن چه‌ند ساڵ به‌ر له ڕووداوی هێرش بۆ سه‌ر مه‌هاباد، داوا له میسیۆنهرهکان ده‌کا که بێنه کوردستان و قوتابخانه بۆ منداڵه هه‌ژاره‌کان بکه‌نه‌وه؟ هه‌ڵسووکه‌وتی سه‌رداری بۆکان له گه‌ڵ میسیۆنه‌ره هه‌ڵاتووه‌کان له شاری مه‌هاباد چۆن بووه؟ پێگه‌ی قازی فه‌تاح له مه‌هاباد چۆن بووه؟ میرزا مه‌جید عه‌زیز ئاڵمانی کێ بووه‌و چی کردووه؟ و هه‌روه‌ها هێندێک زانیاری نه‌بیستراو له سه‌ر میرزا سه‌عید خانی سنه یان کوردستانی و چیرۆکی به مه‌سیحی بوونی ئه‌و.
له سه‌ر ڕووداوه مێژوویه‌کانی مه‌هابادیش به هه‌مان شێوه زانیاری به‌نرخ هه‌یه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسی تاڵان‌کردنی مه‌هاباد له لایه‌ن له‌شکری سمکۆی شکاکه‌وه کراوه له هه‌مانکاتدا باسی ئه‌وه کراوه که چۆن سمکۆ داخ و که‌سه‌ری خۆی له تاڵانکردن و هه‌روه‌ها کوشتنی قه‌شه‌یه‌کی ئه‌ندامی میسیۆنه‌ری له مه‌هاباد به ناوی جۆرج باشیمۆن ده‌ربڕیوه، داوای لێبووردنی لێکردوون و دواتر گیانی میسیۆنهرهکانی له تاڵان و ده‌سدرێژی زیاتر پاراستووه.
ماوه‌ته‌وه ئه‌وه بڵێم، گرینگه ئه‌م به‌ڵگه گرینگانه، ته‌نیا له سه‌ر تۆڕی ئینترنێت نا به‌ڵکوو له کتێبێک‌دا کۆ بکرێته‌وه‌و چاپ بکرێن.
هه‌ربژی کاکه حه‌سه‌ن!29ی مارسی 2009،
ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانییه‌کان له باکووری کوردستان و تورکیه
No comments:
Post a Comment