کێو وشاخ و ده‌شتی خۆشن بۆ دڵم: ئاگوستا گودهارت، دۆستێکی گه‌وره‌ی گه‌لی کورد
" کێو و شاخ و ده‌شتی خۆشن بۆ دڵم "
ئاگوستا گودهارت ، دۆستێکی گه‌وره‌ی گه‌لی کورد
حه‌سه‌نی قازی
ئاگوستا گودهارت له Suwalki که ئێستا ده‌که‌وێته باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی له‌هیستان و له‌نزیک سنووری لیتوانیا هه‌ڵکه‌وتووه له 8ی ژووییه‌ی 1884 دا له دایک بووه. کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 12ی خولی 12ی خۆی بۆ مانگی دیسامبری 1920 ئاوای ده‌ناسێنێ : " ..... دایکوبابی جۆرج و کاری گودهارت هێشتاش له Wezjney Suwalki ده‌ژین. ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی بێته ئه‌مریکا له مه‌دره‌سه‌کانی له‌هیستان دا خوێندی. له ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا هات بۆ ئه‌مریکا و له پیتسبورگ، له فیلادێلفیا نیشته‌جێ بوو. له ساڵی 1907 له نه‌خۆشخانه‌ی سه‌نت جۆنز په‌روه‌رده‌ی دی و له ساڵی 1910 په‌روه‌رده‌ی نه‌خۆشه‌وانی ته‌واو کرد. له مانگی سێپتامبری 1911، له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه داوای لێ‌کرا وه‌ک میسیۆنێر بچێته کوردستانی ئێران. گودهارت له ساڵی 1912 دا ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکای به جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ی به ڕێگه‌ی ڕووسییه دا بچێته سابڵا‌غ و له 19ی مانگی ئاوریلی ساڵی 1913 گه‌یشته ئه‌وێ." له چاپه‌مه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات و شوێنی دیکه‌ش دا شوێنی له دایکبوونی وه‌ک ڕووسیا ، ئه‌ڵمان، له‌هیستان و ته‌نانه‌ت ڕۆمانییا ش باس کراوه. به‌ڵام هۆی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌ی به خه‌ڵکی ڕووسییه داندراوه ئه‌وه‌یه ئه‌وسه‌روبه‌ندی ئه‌و ناوچه‌یه به‌شێک له ئیمپراتۆری ڕووسییه بووه. ئاگوستای گه‌نج له گه‌ڵ دایکوبابی هاتوونه ئه‌ڵمان و ئه‌و توانیویه خۆی بگه‌یێنێته ئه‌مریکا و له‌وێ خوێندوویه و بووه به نێرس.
دوایه بووه به ئه‌ندامی کلیسای لوتێری و به دامه‌زرانی میسیۆنی کوردستان، یه‌که‌م ئه‌ندامی ئه‌و میسیۆنه بووه که وه‌کوو نه‌خۆشه‌وان ( په‌رستار ) هاتووته سابڵاغێ. لویس. ئولسن فاسوم ی نه‌مر و دوکتور ئێدمان و هاوسه‌ری که سوێدیی ئه‌مریکایی بوون له 6ی سێپتامبری ساڵی 1911 دا گه‌یشتوونه‌ته سابڵاغێ، به‌ڵام ئاگوستا له ڕێی هاتنی دا بۆ کوردستان ماوه‌یه‌کی زۆر له ڕووسییه له به‌ر کێشه‌ی پاسپۆرت و ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌ڕای هاووڵاتێتی ئه‌مریکایی هه‌ر به ڕووسییهییان داناوه، داوای دانی خه‌رج و موخاریجی پاسپۆرتی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌یان لێکردووه و دواجار نامه‌ی بۆ تێزاری ڕووسییه نووسیوه و توانیویه له‌و گۆنگه‌ڵه ڕزگاری بێ و وه‌ک له سه‌ره‌وه دا باس کرا له 19ی ئاوریلی 1913 گه‌یوه‌ته سابڵاغێ.
هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا هاتووه." گودهارت دوای ماوه‌یه‌کی کورتی که گه‌یشته شوێنی مه‌به‌ست له چوار چێوه‌ی چالاکی نێوخۆیی میسیۆنه‌که دا ده‌ست به‌کار بوو. ماڵێکی بۆ بێوه‌ژنانی کورد و خه‌ڵکی به‌ساڵداچوو پێکه‌وه نا و به‌م پێیه بناغه‌ی ماڵی گه‌لیی پیرانی دامه‌زراند.ئه‌و هه‌ر وه‌ها ده‌ستێکی باڵای هه‌بوو له دامه‌زراندنی شوێنی حاواندنه‌وه‌ی منداڵانی بێ دای‌و باب له ته‌ورێز و له‌وێ منداڵێکی بێ دایوبابی له جه‌نابی پیتمان که میسیۆنێرێکی پرێسبیتێری بوو وه‌رگرت، به نێوی مووسا بۆ ئه‌وه‌ی بیبا بۆ سابڵا‌غ وله‌وێ له‌و ماڵه‌ی منداڵانی بێ دایوباب که هاوکاره‌که‌ی مێتا فۆن دێر شولنبێرگ دایمه‌زراند بحاوێته‌وه. مووسا به‌ر له‌وه‌ی میسیۆنێره‌کانمان ناچار بن سابڵا‌غ به جێ بهێلن مرد. گودهارت دوای ئه‌وه‌ی به چاکی فێری زمانی کوردی بوو، به به‌ربڵاوی خزمه‌تی ده‌رمانی به خه‌ڵک ده‌کرد و یاریده‌ی دوکتور ئێدمانی ده‌دا و هێندێک جاریش، ئه‌گه‌ر ئێدمان له‌وێ نه‌بووبایه سه‌ربه‌خۆ نه‌خۆشی خه‌ڵکی چاره ده‌کرد.جگه له‌وه له نێو ژنانی کورد دا ده‌ستی کرد به ئامۆژگاریی ئینجیلی.یای گودهارت له گه‌ڵ فاسوم و شولنبێرگ تا 11 ی فێڤرییه‌ی 1916 له سه‌ر خزمه‌تی خۆیان له سابڵا‌غ به‌رده‌وام بوون، له‌و به‌رواره دا ناچار بوون له به‌ر شه‌ڕ و قات و قڕی ئه‌وێ به جێبهێڵن.( دوکتور ئێدمان و هاوسه‌ره‌که‌ی له یه‌که‌م هێرشی ترکه‌کان دا له 2ی دێسامبری 1914سابڵاغیان به جێهێشت.) میسیۆنێره‌کان له گه‌ڵ 7 منداڵی بێ دایوباب و یای شه‌مۆییل له 21ی فێڤرییه گه‌یشتنه ته‌ورێزێ ، ئه‌وان هه‌تا 2ی ژووییه‌ی 1916 له ته‌ورێز مانه‌وه و له‌و تاریخه دا به‌ره‌و ئه‌مریکا وه‌ڕێ که‌وتن و له 1ی ئووت گه‌یشتنه‌وه نیۆیۆرک.....
دوای سێ مانگ حه‌سانه‌وه یای گودهارت له Preston Retreat له فیلادێلفیا درێژه‌ی به خوێندن دا و له به‌شی مامانی دا دیپڵۆمی تایبه‌تی وه‌رگرت. دوای ئه‌وه ماوه‌یه‌ک وه‌ک نێرسی تایبه‌تی کاری کرد و به ته‌نیشته‌وه هێندێک کاری میسیۆنێری ده‌کرد. له ماوه‌ی مانگه‌کانی مای و ژووه‌نی ساڵی 1920، ئه‌و به‌شێکی کاتی خۆی ته‌رخان کردبو گه‌شت و کۆبوونه‌وه پێک هێنان له به‌رژه‌وه‌ندی میسیۆنه‌که‌مان دا. له مانگی سێپتامبره‌وه ئه‌و هه‌موو کاتی خۆیان ته‌رخان کردووه بۆ سه‌ردانی کۆمه‌ڵی عیباده‌تکاران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و له‌وێ باسی کاره‌کانی میسیۆن له کوردستان ده‌گێڕێته‌وه و وێنه‌ی سابڵا‌غ و ده‌ور وبه‌ری به ئاماده‌بووان نیشان ده‌دا. گودهارت به‌و کاره‌ی توانیویه دۆستێکی زۆر بۆ میسیۆنه‌که‌مان په‌یدا کا و دراوێکی زۆری بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه کۆ کردووه‌ته‌وه که ئێمه به هیواین له سابڵا‌غ دایمه‌زرێنین. هه‌ر که خه‌به‌ری مردنی فاسوم به ئه‌مریکا گه‌یشت، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌مان حه‌ولی دا پێوه‌ندی به گودهارته‌وه بکا. کاتێک پێی گوت: " ده‌توانێ ده‌ستبه‌جێ بچییه لای هاوکارانمان که ئێستا بۆ ده‌ستگای " وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" کار ده‌که‌ن وڵامی گودهارت ئه‌وه بوو
" ئه‌من زۆری پێ خوشحال ده‌بم بچم.".... له 7ی نۆڤامبر، جارێکی دیکه وه‌ک میسیۆنێر دیسان ڕاسپارده‌ی درایه و له 10 نۆڤامبری 1920 له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له هه‌ڵسووڕاوانی " وه‌فریاکه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" له نیۆیۆرکه‌وه به که‌شتی وه‌ڕێ که‌وت."
یای گودهارت له ماوه‌یه‌کی که‌م له نێو دڵی خه‌ڵک دا جێی خۆی کرده‌وه و خزمه‌تی زۆری به باشکردنی بارودۆخی له‌شساخی خه‌ڵک کرد. نه‌ک هه‌ر له سابڵاغێ به‌ڵکوو له سندووس و ناوچه‌ی سه‌رده‌شتیش. میسیۆنی کوردستان له نه‌غه‌ده‌ش ده‌رمانگه‌یه‌کی کرده‌وه. گود هارت به ماوه‌یه‌کی که‌م فێری زمانی کوردی بوو و له وێنه‌یه‌ک دا که‌له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک سه‌رۆک عه‌شیره‌تی کورد کێشاویه‌تی و ده‌بێ ئی سه‌روبه‌ندی خولی سێیه‌می مانه‌وه‌ی له کوردستان بێ ده‌رده‌که‌وێ وه‌ک ژنێکی به
ئیراده و باوه‌ڕ به‌خۆ، بزه‌ی له سه‌ر لێوانه و هه‌ست به‌هیچ ترس و دڵه‌ڕاوکه‌یه‌ک ناکا.
له‌و ژمارانه‌ی کوردستان میشێنری دا که به‌ده‌سته‌وه‌ن نووسین و ڕاپۆرتی گودهارت له ئاست میسیۆنێره‌کانی دیکه که‌متره، به‌ڵام له که‌م ڕاپۆرتیشدا هه‌یه باسی نه‌کرابێ. کاتێک گودهارت چووه‌ته سه‌ردانی لادێیان له هه‌موو جێیه‌ک به گه‌رمییه‌وه بهپیلییهوه چوون.
له به‌ر بارودۆخی شه‌ڕ وله‌دوای داگیرکردنی سابڵاخ به ده‌ستی سپای عوسمانی، پێوه‌ندی میسیۆنێره‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به نێوه‌نده‌که‌یان له ئه‌مریکاوه پچڕاوه و له‌وماوه‌یه دا ئه‌وه‌نده له نێو خه‌ڵک دا خۆشه‌ویست بوون سه‌ره ڕای ده‌مارگرژی مه‌زه‌بی، خه‌ڵک نه‌یانهێشتووه چه‌تیان له کاری بکه‌وێ و له ڕۆژی ته‌نگانه‌دا وه‌ک چۆن ئه‌وان یارمه‌تی خه‌ڵکیان داوه، خه‌ڵکیش وه‌فریایان هاتوون. له مانگی فێڤرییه‌ی 1916 فاسوم و گودهارت سابڵاغیان به‌جێ هێشتووه. هیچ پێوه نه‌بوون له‌کاتی ته‌نگانه دا خه‌ڵک به جێبهێلن به‌ڵام ئه‌و ده‌رچوونه‌یان به بێ خواستی خۆیان بووه و ئه‌و ڕاستییه به جوانی له نووسینه‌کانیان ڕا ده‌رده‌که‌وێ.
له ساڵانی شه‌ڕ دا حه‌ولی میسیۆنی کوردستان ئه‌وه بووه هه‌تا زووتره خۆیان بگه‌ێننه‌وه سابڵاغێ و له‌و ماوه‌یه دا ئه‌گه‌رچی له نزیکه‌وه له‌وێ نه‌بوون به‌ڵام دڵیان له‌وێ بووه. بێگومان نووسینێکی فاسوم سه‌باره‌ت به قه‌تڵی عامی خه‌ڵکی سابڵا‌غ وده‌وروبه‌ری به‌لگه‌یه‌کی مێژوویی به‌نرخه بۆ ئاسته کردنی ئه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یه.(بڕوانه تێبینی کۆتایی.) له ساڵی 1919 دیسان میسیۆن به مه‌به‌ستی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی چالاکییه‌کانیان ئه‌و جار به ژماره‌یه‌کی زۆرتره‌وه وه‌ڕێ که‌وتوون : ئێل.ئو. فاسوم، جۆرج باشیمۆن و هاوسه‌ری ، ئاڵما فاسوم، ئاننا شوێنهوود و دواتر ئاگوستا گودهارت. پێنج که‌سی یه‌که‌م که ویستوویانه به ڕێگه‌ی هه‌رمه‌نستان دا خۆیان بگه‌یێنه کوردستانێ له‌وێ گیر ده‌که‌ن و ئیدی له‌به‌ر نه‌بوونی ڕێگه له هه‌رمه‌نستان، له چوار چێوه‌ی چالاکییه‌کانی ئاژانسی ئه‌مریکایی "وه‌فریاکه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" دا ده‌ست به‌کار ده‌بن، فاسوم ده‌بێ به فه‌رمانده‌ی گشتی ئه‌و فریا که‌وتنه، ئاننا شوێنهوود یارمه‌تی هه‌تیو و په‌نابه‌ران ده‌دا و ئاڵما فاسوم وه‌ک نه‌خۆشه‌وان کار ده‌کا. ئاگوستا گودهارتیش ده‌گاته ئه‌سته‌نبووڵ و هه‌ر چاوه‌ڕێی هاوکارانی ده‌کا چۆن رێگه‌یه‌ک ببیننه‌وه و بگه‌نه شوێنی مه‌به‌ستیان سابڵا‌غ. له‌و ماوه‌یه دا که لهئهستهبووڵ ژیاوه چه‌ندین نامه‌و نووسینی له کوردستان میشنێری دا بڵاو کراوه‌ته‌وه که تێیاندا سۆز و خۆشه‌ویستی و هه‌ر وه‌ها هه‌ستی پێزانی خۆی له ئاست کوردان به ڕاشکاوی ده‌رده‌بڕێ. له ئه‌سته‌نبووڵ له‌و ماوه‌یه دا ساڵێ (1920 – 1921 )له لای مسته‌فای قازی (شه‌وقی) درێژه‌ی داوه به زیاتر فیڕبوونی زمانی کوردی و له‌هه‌مان حاڵ دا بانگه‌وازییه‌کی زۆری کردووه بۆ ئه‌وه‌ی میسیۆنه‌که‌یان له ساڵی کۆتایی خوێندنی مسته‌فای قازی دا یارمه‌تی دارایی پێ بکه‌ن.له‌به‌شێک له نامه‌یه‌کی دڕێژ دا که بۆ ئێن.جه‌ی.لور، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌یانی نووسیوه و له کوردستان میشنێری ، ژووه‌نی 1921، ژماره‌ی 6 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه هاتووه:
"لێره ( له‌ئه‌سته‌نبووڵ) و له ئێران ده‌ڵێن ئه‌مریکا تاقه هیوای ئێمه‌یه، و ئێمه چۆن باوه‌ڕ به خوڵای خۆمان ده‌که‌ین ئاواش باوه‌ڕ به ئه‌مریکا ده‌که‌ین. ئه‌من لێره هێندێک کوردم دۆزیوه‌ته‌وه که فکریان گۆڕاوه و یه‌کێک له‌وان مامۆستای منه و ده‌رسی کوردیم پێ ده‌ڵێ. بابی قازی و مه‌لایه. ئه‌و کوڕه ئه‌گه‌ر وه‌ک قازیش نه‌بێ وه‌ک مه‌لا له دایک بووه. به‌ڵام ئهوبۆی ده‌رکه‌وتووه مه‌ڵا درۆزنێکی باشه، قازیش که‌متا زۆر هه‌ر وایه. ئه‌و سابڵاغی به‌جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ی بچێ بۆ ئه‌ڵمانێ. و هیوای وابوو له‌وێ بۆخۆی ببێ به پیاوێک. ئه‌و هه‌ستی کرد پێداویستی به پاره‌یه و ته‌نیا رێگه‌یه‌ک بۆ وی ئه‌وه بوو بێته‌وه لای بابی له ئه‌سته‌نبووڵ. لێره بابی بیری کرده‌وه به هه‌بوونی مه‌لاکانی دیکه لێره به ده‌ستی ئینسانی چاکی ده‌سپێرێ و پێی گوت پاره‌ی بۆ ده‌نێرێ. بابی پاره‌ی بۆ نارد، مسته‌فای قازی توانی له سه‌وتاری له شاری حه‌یده‌رپاشا بچێته زانکۆ، و ده‌ستی کرد به خوێندنی پژیشکی. بابه پیره‌که‌ی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی لێوه‌رگرت مسته‌فا ئاغای لاو، به‌وجۆره‌ی له سابڵاغێ به‌نێوبانگه، هاوینێ بۆ سه‌ردان بچێته‌وه سابڵاغێ.
ئه‌وکاتی ئێمه تازه له‌وێ چالاکییه‌کانمان ده‌ست پێ‌کردبوو، مسته‌فای قازی ده‌هاته مه‌دره‌سه میسیۆنه‌که‌ی ئێمه و له‌لای مێتا فۆن دێر شولنبێرگ ده‌یخوێند. مێتاش وه‌ک هه‌موو ئه‌ڵمانییه‌کان ئینجیلی به ده‌رس ده‌گوته‌وه. جا بۆیه کوڕه‌که گوێی له هێندێک ڕاستی ده‌بوو. قازی پیر [ مه‌به‌ستی قازی له‌تیفه]، پێی خۆش نه‌بوو کوڕه‌که‌ی بخوێنێ، چونکوو له‌وه ده‌ترسا زۆر بزانێ، جابۆیه ده‌رسی مه‌لایه‌تی پێ خوێند ، و پێی وابوو به‌و شێوه‌یه له میسیۆنه‌که‌ی ئێمه‌ی دوور ده‌خاته‌وه. به‌ڵام ئه‌و دوور نه‌که‌وته‌وه. مسته‌فا گاڵته‌ی به هه‌موویان ده‌هات و وه‌ک کوڕه‌کانی دیکه هه‌ر هاتووچووی میسیۆنه‌که‌ی ئێمه‌ی ده‌کرد. له به‌هاری ساڵی 1914 بابی بیری کرده‌وه باشترین ڕێگه ئه‌وه‌یه له مسته‌فا گه‌ڕێ جارێکی دیکه بچێته‌وه ئه‌سته‌نبووڵ،بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی چیدی کاره‌کانی میسیۆنی ئێمه کاری تێدا نه‌کا. مسته‌فا چووه‌وه ترکییه وکاتێک شه‌ڕ هه‌ڵئاییسا و گه‌یشته ئه‌و په‌ڕی خۆی ئه‌و بانگ کرا بۆ خزمه‌تی عه‌سکه‌ری بۆ نێو ئه‌ڕته‌ش و دیسان که‌وته به‌ر کارتێکه‌ری ئه‌ڵمانییان. ئه‌فسه‌ره‌کانی ئه‌ڵمانی بوون و مه‌سیحی باش بوون. ئه‌و له نه‌به‌ردی Kermounche دا بریندار بوو،و دیسان هاته‌وه ئه‌سته‌نبووڵ. هه‌ر که چاک بووه‌وه دیسان ده‌ستی کرده‌وه به خوێندن. ده‌زانی ئینسانییه‌ت له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا وه‌ک یه‌ک وایه! ئه‌م شاره‌ش
( ئه‌سته‌نبووڵ) نیشانه‌کانی دوای شه‌ڕی پێوه دیاره، خودا ده‌زانێ ڕه‌نگه به‌ر له شه‌ڕیش وه‌زع لێره خراپ بووبێ. له‌به‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه دا مسته‌فا لێره زه‌ماوه‌ندی کرد. کاتێک لێم پرسی بۆچی له‌و ته‌مه‌نه‌دا ژنی هێناوه وڵامه‌که‌ی ئه‌وه بوو، " بۆ ئه‌وه‌ی ببمه پیاوێکی باشتر و به گه‌له‌که‌م نیشان بده‌م کوردێک ده‌توانێ که‌سێکی به‌ئه‌خلاق بێ. زه‌حمه‌ته مرۆ ئینسانێکی باش بێ له کاتێکدا مه‌سیحییه‌کانیش باشتر له موسوڵمانه‌کان نین." ئه‌من نازانم ئه‌و پیاوه به‌سته‌زمانه و ژنه‌که‌ی چۆن ده‌توانن بش خوێنن و کاریش بکه‌ن و خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن. ئێستا ساڵی هه‌شته‌می خوێندنێتی و ئه‌وه ده‌بێ ئاخر ساڵی بێ له زانکۆی پژیشکی دا. ژنه‌که‌ی که وه‌ک مامۆستا کاری ده‌کرد کاره‌که‌ی له کیس داوه، و ئه‌ویش بۆ خۆی وه‌ک مامۆستا حه‌وتووی سێ ڕۆژ له مه‌دره‌سه‌ی ئێرانییه‌کان کار ده‌کا. ساڵێکی دیکه‌ی پێده‌چێ تا دیپڵۆمهکهی وه‌ربگرێ. ده‌ی ئێستا ئێمه وه‌ک میسیۆنێک بۆ کوردان ده‌توانین بۆ که‌سێکی وه‌ک ئه‌و پیاوه لێقه‌وماوه چ بکه‌ین؟ یارمه‌تی پێبکه‌ین یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ پێت خۆشه بۆچوونی من بزانی – ئه‌من پێم وایه ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستمان دێ ده‌بێ یارمه‌تی پێ بکه‌ین. ته‌جروبه‌ی من له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قازی، و هه‌موو خه‌ڵکی دیکه له‌سابڵاغ پێم ده‌ڵێ که ئێمه‌ی میسیۆنێره‌کان قه‌رزداری ئه‌وانین بۆ ئه‌و چاکه‌یه‌ی له ساڵانی 1915 و 1916 دا له‌گه‌ڵیان کردین.
ئه‌من له ئێوه و گشت ئه‌و که‌سانه‌ی به ده‌ردی مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه‌ن داوای یارمه‌تی ده‌که‌م.ئه‌من داوخوازی دۆعای خێر و درێژکردنی ده‌ستی یارمهتتیتان لێده‌که‌م بۆ ئه‌وخێزانه قازییه. ئێمه ته‌نێ حه‌وجێمان به 250 دۆڵاره. ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌و یارمه‌تییه بکه‌ن و دۆعای به‌خێری له‌گه‌ڵ نه‌بێ. دراوه‌که نابێ به هیچ پشتیوانییه‌ک له‌و پیاوه. ئه‌دی دۆستانی خۆشه‌ویست. ئێمه پێدوایستیمان به دۆعای خێری ئێوه گشت ئینسانی باش هه‌یه که بتوانن بۆمان بنێرن له ژێری سایه‌ی باریته‌عالا دا. له‌و ڕۆژه گه‌وره‌یه دا که له‌به‌ر ده‌رگای خوڵای یه‌کتر ده‌بینن با ئه‌و قسانه‌مان پێ بێ: " ئه‌ی خزمه‌تکاری باش و وه‌فادار، ده‌با خۆشی خوڵات له دڵی بگه‌ڕێ." ئه‌من دڵنیام ئێوه دۆعا بۆ کوردان ده‌که‌ن و کار ده‌که‌ن بۆ ڕزگاری ڕوحیان. به سلاو بۆ گشت دۆستانی میسیۆنه‌که‌مان.له خزمه‌تی خوڵای دا، ئاگوستا گود هارت"
مانه‌وه‌ی میسیۆنێره‌کانی کوردستان له هه‌رمه‌نستان زۆری پێچووه و ته‌نانه‌ت کاره‌ساتی مردنی ئێل.ئو. فاسوم یش بووه‌ته ده‌ردی گران له سه‌ر دڵیان. به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ له مانگی ژووه‌نی 1921 دا گه‌یشتوونه‌ته سابڵا‌غ. که ده‌چن چ ببینن؟ به سه‌ر خانوونی ڕووخراو، مه‌دره‌سه‌ی ڕووخراو،ده‌رمانگه و کلیسای خاپوورکراو دا ده‌چن و له سه‌ڕ ڕا هه‌موو شت له سیفره‌وه ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه. دوای ماوه‌یه‌کی کورت ئاگوستا گودهارتیش ده‌گاته‌وه لای هاوکارانی له سابڵا‌غ و له به‌ر زانینی زمان و ناسیاوی به‌ربڵاوی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و به‌تایبه‌تیش له نه‌مان و نه‌بوونی فاسوم دا وه‌ک پاڵپشت و دنه‌ده‌رێکی گه‌وره بووه بۆ هاوکارانی. به‌ڵام ئه‌وجاره‌ش میسیۆنێره‌کان تووشی به‌ڵای لا به‌لا دێن. به‌ده‌م کێشه‌ی سمایلاغای شکاک له گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران و هێرشی له‌شکره‌که‌ی بۆ سه‌ر سابڵا‌غ له 6ی ئۆکتۆبری 1921 جارێکی دیکه بنکه‌که‌یان تاڵان و خاپوور ده‌کرێ و له‌و کاره‌ساته دا جۆرج باشیمۆن که زمان‌زان و که‌شیشێکی خه‌ڵکی ئالزاسی فه‌رانسه که ئه‌و ده‌می سه‌ر به ئه‌ڵمان بووه له به‌ر شڕه خۆری تاڵانچییان به به‌رچاوی هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه ده‌کووژرێ. ئاگوستا گودهارت دوای ئه‌وه‌ی میسیۆنێره‌کان به هه‌زار ده‌ردیسه‌ر خۆیان ڕزگار ده‌که‌ن و خۆیان ده‌گه‌یێنه ته‌ورێزێ به‌سه‌رهاتی هێرشی سمایلاغای شکاک بۆ سه‌ر سابڵا‌غ، کووژرانی جۆرج باشیمون و ڕزگار بوونی خۆیان له نووسراوه‌یه‌کی دڕیژ دا به نێوی " خوێنی شه‌هیدان" له گۆواری The Atlantic Monthly خولی 130. مانگی ژووییه‌ی 1922 دا بڵاو کردووه‌ته‌وه و له به‌شێکی دا ده‌نووسێ:
" .....ئه‌من وه‌بیرم دێ ده‌نگی ناڵی ئه‌سپی سواران له سه‌ر سه‌نگفه‌ڕشی به‌ر ده‌روازه‌که‌مان ده‌هات، و بیرم ده‌کرده‌وه بڵێی که‌نگێ هێرشمان بکه‌نه سه‌ری. هێنده‌ی پێنه‌چوو. له پڕ گوێم له ته‌قه و گرمه‌یه‌کی زۆر بوو، و به‌ر له‌وه‌ی ده‌رگا بکه‌ینه‌وه، له ڕێسمهیان برد و چه‌ندین کورد هاتنه حه‌وشه‌ی خانووبه‌ره‌که‌مانه‌وه.به تفه‌نگ سێره‌یان لێگرتبووین و خه‌نجه‌ریان له که‌لانی بهرپشتێنهوه لێ ههڵکێشابووین، و یه‌ک به‌خۆیان هاواریان ده‌کرد ' عه‌شیره‌ت،عه‌شیره‌ت'، ' پووڵ --- زێڕ '. ئه‌وان هه‌ڵیان ئه‌شکاوته سه‌ر هه‌موو ژووره‌کان، ده‌ستیان کرد به شکاندنی که‌لوپه‌ل و ده‌رگه‌ی شکافهکانیان تێکده‌شکاند فه‌ڕش و مافووره‌یان ده‌دڕاند، هه‌رچێکی به‌دڵیان با هه‌ڵیان ده‌گرت و له ئه‌سپه‌کانیان بار ده‌کرد. ئه‌من حه‌ولم دا به گژیان دابێم، و پێم وابوو ئه‌گه‌ر بڵێم ' ئه‌مریکایی'، 'ئه‌مریکایی' له‌و ووشه چادووییه ده‌پرینگێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌و ووشه‌یه شێتێتی ئه‌وانی زیاتر کرد. هه‌مووی چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌کی برد و بۆی ده‌رچوون، و هێنده‌ی پێنه‌چوو ده‌سته‌یه‌کی دیکه لێمان وه‌ژوورکه‌وتن. کاتێک پێیان زانی ئه‌وی شتی قیمه‌تی بووبێ نه‌ماوه و تاڵان کراوه،به زۆری کراسه‌که‌یان له‌به‌ر داکه‌ندم. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم به‌ده‌سته‌وه نه‌ده‌دا، به قۆنداغه تفه‌نگان دایان گرتم تا ئه‌وه‌ی که‌وتم و نیوه بێهۆش بووم.
کاتێک بڕێک هۆشم هاته‌وه به‌رخۆم ،سه‌رم ده‌گێژه‌وه ده‌هات، جه‌واهێر یه‌ک لهکراسهکانی خۆی له ده‌وره‌وه پێچام - ئه‌وان کراسی جه‌واهێریان لێ نه ئهستاندبو، چونکوو پێیان بوو چ قیمه‌تی نییه. بیری ئاڵۆز و په‌شێوم پێێدهگوتم هه‌سته هه‌تا ئیدیکه نه‌هاتوون. ئه‌من نازانم سه‌عات چه‌ند بوو، سه‌عاته‌که‌م دزرابوو و زه‌مان چ مانایه‌کی نه‌بوو. هێندێک ته‌ق و تۆق که‌م ببوو، به‌ڵام کاتێک له ده‌روازه‌وه ته‌ماشای ده‌ره‌وه‌م کرد، دیتم خیابانه‌که له سواره‌ی کورد جمه‌ی ده‌هات.ئه‌وان له به‌ر ده‌رگای خانووی حاکمی شاری کۆببوونه‌وه، حه‌ولیان ده‌دا تێکی ڕووخێنن. ئه‌گه‌رچی خانووه‌که‌ی دیکه‌مان هه‌ر سه‌د یاردێک دوور بوو، ده‌تگوت هێنده دووره نایگه‌مێ. ئه‌من نازانم چون توانیمان خۆمان ده‌رباز که‌ین: ئێستا حه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌بیر خۆمی بهێنمه‌وه. به ده‌سته‌کوته و خۆ تێکوتان به نێو کۆڕژن و حیله‌ی ئه‌سپان و خۆ کۆم کردنه‌وه بن دیوار و بن دیوار، ئاخره‌که‌ی خۆمان گه‌یانده ده‌روازه‌ی خانووه‌که‌ی دیکه. کورده‌کان ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی خۆیان بوون وا وێده‌چوو هه‌ستیان به ئێمه نه‌کردبێ.
ئه‌وه‌ی له‌وێ دیتم به زه‌حمه‌ت ده‌توانم بیگێڕمه‌وه. ده‌روازه‌که کرابووه‌وه‌و پاشماڵه‌که له به‌رده‌م ده‌رگاکه به مردوویی ده‌بیندرا. دوو ژنی گه‌نج له ماڵه‌کا دا به‌ڕووتی حه‌ولیان ده‌دا خۆیان ده‌رباز که‌ن و بێرو به‌وێدا هه‌ڵده‌هاتن و دوو سه‌ربازی کورد ڕاوه‌دوویان ده‌نان. یه‌ک له‌وان قژی قوربانییه‌که‌ی خۆی گرتبوو و ڕای ده‌کێشا، کاتێک ئه‌من غارم دا سه‌ری و به زۆر حه‌ولم دا ژنه‌که‌ی له ده‌ست ڕاپسڵهکێنم، جه‌واهێریش که‌وته نێو دووه‌که‌ی دیکه‌وه و وه‌ک موعجیزه‌یه‌ک بووبێ توانیمان ژنه‌کانیان له ده‌ست ڕزگارکه‌ین و ڕۆیشتن. باشیمۆن کووژرابوو و خانمی باشیمۆنیش له هیچ کوێ دیار نه‌بوو.هیچ کاتی ئه‌وه نه‌بوو مرۆ بیری لێ بکاته‌وه چ قه‌وماوه. ئێمه هه‌ستمان ده‌کرد ده‌بوو ده‌ستبه‌جێ ئه‌وێ به‌جێ بهێلین، و ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ین تێداده‌چین، و له‌وانه‌یه زۆر خراپتریشمان به سه‌ر بێ. به‌ختی جه‌واهێری به‌سته‌زمانیش ئه‌وه بوو حه‌ول بدا کراسێک شتێک بۆ دوو ژنه‌که بدۆزێته‌وه خۆی پێ داپۆشن، و توانیمان به کۆڵانێکی ته‌نگه‌به‌ر یان ده‌ربه‌ند دا خۆمان ڕزگار که‌ین. ئێستا شه‌قامه‌کان هێندێک هێورتر ببوونه‌وه،--- دانیشتووانی شاری یان هه‌موو مرد بوون یان ده‌نێو ماڵان‌دا خۆیان حه‌شار دابوو – و له‌شکری کورده‌کانیش سه‌رقاڵی ده‌رباز کردنی ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی بوون تاڵانیان کردبوو. له شه‌قامه‌کان مه‌یت که‌وتبوون و ئێمه ده‌بوو به‌سه‌ریان دا باز بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی تێپه‌ڕین.له سابڵا‌غ چۆمێک هه‌یه به‌ده‌وری لایه‌کی شاره‌که‌دا قه‌ف ده‌خواته‌وه، ئێمه ده‌بوو به‌ره‌و چۆمه‌که بچین، به‌و هیوایه‌ی لێی بپه‌ڕینه‌وه و له‌و به‌ری له نێو ڕه‌وه‌زه به‌ردان دا داڵده‌یه‌ک بۆ خۆمان ببینینه‌وه. ئه‌وه بێ فایده بوو.
له شوێنێکی مه‌یدان ئامال. یان ڕووبه‌رێکی ته‌خت دا ، له‌ده‌وری شاری ته‌په‌یه‌کی پچووک هه‌یه له‌و جێیه‌ی ڕاکه ئێمه‌ی لێبووین ده‌مان دی سه‌رۆکی کورد بنکه‌ی سه‌ره‌کی خۆی له‌وێ داناوه. و له‌وێ به‌شی وی له ماڵانی تاڵانی له سه‌ر یه‌ک کۆ کرابوونه‌وه. ئه‌من پێشتر جارێک چاوم به سمکۆ که‌وتبوو، ئه‌و ده‌می که هێنده فرووسماوی شه‌ڕ نه‌بوو. ئه‌و ده‌می ئه‌و به فهڕانسهیهکی ڕه‌وان قسه‌ی له گه‌ڵ کردین و داوای کرد بنکه‌یه‌کی میسیۆنه‌که‌مان له نێو خه‌ڵکی بنده‌ستی وی‌دا دامه‌زرێنین، به‌ڵکوو خوێنده‌وار بن و ڕێگه‌ی شارستانییه‌ت فێر بن. له‌و دیداره‌مان دا ئه‌و زۆری په‌سنی ئه‌مریکاییه‌کان دا. به وه بیر هاتنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی ئێمه بڕیارماندا ههنگاوێکی به مه‌ترسی و ترسێنه‌ر هه‌ڵبگرین – بچینه لای سه‌رۆک خۆی و داوای لێبکه‌ین بمان پارێزێ. ئه‌گه‌ر قسه‌مان بشکێنێ، له‌وانه‌یه بمانبه‌نه حه‌ره‌مسه‌رای یه‌کێک له فه‌رمانده‌ره‌کانی و ئه‌گه‌ریش ده‌سته‌به‌ری پاراستنمان بێ دیاره ئه‌وه به مانای ساخ و سڵامه‌تی ته‌واومان نابێ؛ چونکوو زێهنییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی له دۆخی هه‌ره باشی خۆیدا ڕاڕایه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌چینه لای ئه‌ویش، له‌وانه‌یه چاره‌نووسێکی خراپ چاوه‌ڕێمان بکا.
قاچ وقولمان له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوچکه به‌ردان دا ڕۆیشتبووین بریندار ببوو و خوێنی لێوه ده‌هات، پشتمان، له‌به‌ر ئه‌و لێدان و کوتانه‌ی خواردبوومان شین هه‌ڵگه‌ڕابوو. و له‌به‌ر بایه‌کی ساردی که ههڵیکردبوویه هه‌ڵده‌له‌رزین.دڵمان پڕ بوو له خۆفی ئه‌وشتانه‌ی دیتبوومان و به‌رده‌وام ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بوو هه‌ر ئانێک ده‌توانێ دوایی ژیانمان بێ، جا بۆیه هیچ به ده‌رد و ئازاری به‌ده‌نی خۆمان نه‌ده‌زانی. ئه‌گه‌ر بڕیارمان دابوو بچینه لای سمکۆ وه‌نه‌بێ به زانیاریی بڕیارێکی ئه‌وتۆمان دابێ: چونکوو هه‌ر ده‌ستێک به‌ره‌ولای ئێمه هاتبا وه‌ک مه‌رگ ده‌چوو، و چوونی یه‌کسه‌ریش به‌ره‌و چادری سه‌رۆک ده‌کرا ڕیگه‌یه‌کی دیکه بێ بۆ کووژرانمان. به‌ڵام ئه‌گه‌رئه‌و کاته‌ی له‌شه‌قامه‌کان بووین مردن نزیک بوو، ئیدی ئه‌وه هه‌ره نزیک که‌وتبووه‌وه کاتێک پێمان نابووه ئاڵقه‌ی ئه‌و کورده دڕانه‌ی که مه‌یدانه‌که‌یان داگرتبوو. جا ئه‌و ده‌می ئه‌گه‌ر مه‌رگ هاتبا وێده‌چوو ئیدی دهچنگی داباین و ئه‌وه ده‌بوو به دوایین ئانی ئه‌و هه‌موو وه‌حشه‌ته‌ی به چاوی خۆمان دیتبوومان. هه‌ر که ئێمه لهتهپهکه وه‌سه‌رکه‌وتین، ئه‌و ته‌ختاییه‌ی ڕووبه‌ڕوومان وه‌به‌رچاو که‌وت که به خواره‌وه‌ی دا چۆمی سابڵاغێ ده‌خوشێ، له‌وێ سه‌ربازه گیراوه ئێرانییه‌کانم دی که [ کورده‌کان] پهڵپهلیان کردبوون و وه‌پێش خۆیان دابوون و به ته‌قه‌ی موسهلسهلان سلاریان ده‌کردنه‌وه. ئه‌وان گشتیان تا قه‌د پشتێندیان ڕووت بوو و پێ خاوس بوون. هێندێکیان ملیان خوارکردبووهوه و به سه‌ر عه‌رزییه‌وه پان ببوونه‌وه، له کاتێکدا ئاوری خێرای چه‌کان له راست و چه‌په‌وه دایگرتبوون. ئه‌وانی دیکه‌ش به ڕیز به پێه‌وه ڕاگیرابوون و مه‌رسییه‌ی 'موحه‌ڕه‌م'!! یان سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانیان ده‌گوت. هه‌ر به ده‌م چڕینه‌وه موسه‌لسه‌ل وه‌ک داسێکی نه‌بیندراو هه‌ڵی ده‌دورین.موسه‌لسه‌له‌که ئه‌وه‌نده به خێرایی ده‌ته‌قێندرا که له ده‌سترێژێک دا ژماره‌یه‌ک سه‌ربازی کوردیشی پێکا که له به‌ره‌وه‌ی هێڵه‌که ڕاوه‌ستابوون.بیرلێ کردنه‌وه‌شی زه‌حمه‌ته مرۆ ئه‌وه‌نده خه‌مسارد بێ له ئاست هاوڕێی خۆی و به‌وشێوه‌یه له خوێنیان گهوزێنێ.
ئه‌من نازانم کاتێک ئه‌وه‌م دیت چون توانیم له سه‌ر لینگان خۆم بگرم.خۆفێکی ئه‌تۆ دایگرتبووم، که نه له هۆش خۆم ده‌چووم و نه ده‌متوانی لێی ڕزگار بم. هه‌ر له‌و ده‌مه دا سمکۆ له چادره‌که‌ی هاته ده‌رێ.هه‌تا ئه‌و ده‌ستی به قسه کردن کرد ده‌تگوت بۆ من سه‌ده‌یه‌ک تێپه‌ڕیوه. نه‌مده‌زانی ژیان یان مه‌رگ چاوه‌ڕێمان ده‌کا؟ ئه‌و که‌مێک قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردین و داوای لێبوردنی لێ‌کردین بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌رمان هاتبوو، و گوتی" ئه‌وه شه‌ڕه". کاتێک فه‌رمانی دا به سه‌ربازه‌کانی ئێمه به‌رنه‌وه شوێنی خۆمان و یاریده‌مان بده‌ن له دڵم دا دۆعام بۆ کرد و سپاسم کرد.
ئێمه‌یان برده خانووی گوومرگێ و شه‌وێ له‌وێ له ئه‌نبارێکی خاڵی داماینه‌وه. کێشکچییهکیشیان له به‌ر ده‌رگا دانابوو، و ئێمه تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ستمان به هێمنی ده‌کرد.یه‌کجار زۆر سارد بوو، هێچمان نه‌بوو به خۆمانی داده‌ین جگه له په‌توویه‌کی چڵکن نه‌بێ که دۆزیمانه‌وه. زۆر له‌وه شڕتر بوو که کوردێک له گه‌ڵ خۆی بیبا و پڕی وورده‌واڵه بوو. به خۆشییه‌وه له گۆشه‌یه‌کی ئه‌نباره‌که هێندێک لۆکه‌ی نهڕێسراوی لێ‌بوو، و ئێمه ده‌نێوی دا کزکۆڵهمان کرد. زۆر نیگه‌ران و په‌رۆشی خانمی باشیمۆن بووین، به‌ڵام نه‌مانده‌توانی بچینه ده‌رێ و به‌دوویدا بگه‌ڕێین. چونکوو ڕۆژ ڕۆژی تاڵان بوو، و شه‌وه‌که‌ش شه‌وێکی خۆشی بوو بۆ کوردی چڵێس، و له‌و ڕۆژه دا به هه‌زاران وه‌حشتی به‌د ناو کران. سه‌رمای ئه‌نباره‌که،نیگه‌رانیمان له چاره‌نووسی خانمی باشیمۆن، و ترسمان له ساخی و هێمنی خۆمان و ئهودهردو ئازاره‌ی ئه‌و ڕۆژه چێشتبوومان، هه‌مووی گۆشارێکی لهزێدهبوو بۆ سه‌ر له‌شمان و نه‌مان توانی بحه‌سێینه‌وه و خه‌ومان لێ نه‌که‌وت.
ئه‌و ده‌می بوو که بیستم ئاغای باشیمون تووشی چ چاره‌نووسێک هاتووه. باشیمۆن باوه‌ڕییه‌کی زۆر تایبه‌تی به کورده‌کانی نێو شاری هه‌بوو. به هه‌ڵکه‌وت وانه‌ی ئینجیلی دانی به‌یانی ئه‌و ڕۆژه به‌شی 1،43ی Isaiah ده‌بێ:
' ئێستا له به‌ر ئه‌و خوڵایه بپاڕێوه که تۆی ئافراندووه، ئه‌ی یه‌عقووب، و ئه‌وه‌ی تۆی له‌کڵ ده‌رهێنا، ئه‌ی ئیسرائیل، ترست نه‌بێ، چونکوو ئه‌من ئه‌تۆم کڕیوه‌ته‌وه، ئه‌من به نێوی خۆت بانگت ده‌که‌م؛ ئه‌تۆ ئی منی' ئه‌گه‌ر ئه‌و ئایه‌تانه ئاسووده‌ییه‌ک بوون بۆ وی، پێشبینییه‌کی پێغه‌مبه‌رانه‌ش بوون سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی وی،چونکوو سه‌عاتێک دوای ئه‌وه چووه‌ته‌وه لای ئافهرێنهندهی خۆی. کورده‌کان لێی وه‌ژوور ده‌که‌ون، وه‌ک هه‌موو کوێیه‌کی دیکه، داوای پوول و دراو ده‌که‌ن. ئاغای باشیمۆن حه‌ول دهداحاڵییان کا هیچ دراوی نییه؛ له‌ڕاستیشدا سندووقی میسیۆنه‌که‌مان چه‌ندین حهوتووبوو هیچی وای تێدا نه‌بوو. ئه‌وان به هه‌موو ماڵه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێن،هه‌موو شت سه‌روبن ده‌که‌ن، ئاخره‌که‌ی ده‌ڕۆن و هه‌موو شتی قیمه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن. چه‌ند ده‌قیقه‌ی پێ ناچێ دوای ڕۆیشتنی ده‌سته‌ی یه‌که‌م ، دووپیاو خۆیان به ماڵه‌که دا ده‌که‌ن. کاتێک ده‌بینن هه‌رچی که‌لوپه‌ل و شتی به‌رچاو هه‌بووه بردراوه و داوا ده‌که‌ن" خه‌زێنه‌ی شاراوه" یان پێ نیشان دا. ئاغای باشیمۆن له گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌نه نهوومی سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به دووی خه‌زێنه‌که دا بگه‌ڕێن، و که هیچ نابیننه‌وه له ڕقان ته‌قه‌ی لێده‌که‌ن. باشیمۆن ئه‌وه‌نده ده‌ژی که خۆی بگه‌یێنێته قاتی خواره‌وه و له‌وێ له به‌رده‌م هاوسه‌ره‌که‌یدا گیان ده‌سپێرێ.هه‌ر به بوونی تاقه پێاوێک که له ماڵێ‌دا بووه و کووژراوه، دوو کورده‌کان ده‌ست ده‌که‌ن به‌و هێرشه‌ی پیسه‌ی که من و جه‌واهێر شاهیدی بووین.
سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی دواتر ئێمه بڕیارمان دا بگه‌ڕێن بزانین خانمی باشیمۆن چی به‌سه‌رهاتووه، ڕفێندراوه یان بڵێی له جێیه‌ک خۆی شاردبێته‌وه؛ و زوو توانیمان بیبینینه‌وه. جه‌واهێر به هه‌ڵه‌داوان هات و هه‌رای کرد خانمی دیتووه‌ته‌وه. جێیه‌که‌ی پێ نیشان داین. له پشته‌وه‌ی باغچه‌که، خانمی باشیمۆن له بن تۆپه‌ڵه زبڵێک کزوولکه‌ی کردبوو و به‌ته‌واوی خۆی شاردبووه‌وه. ئه‌و له کاتی هێرشی دوو پیاوه کورده‌که‌دا هه‌ڵاتبوو،و بیستوچارسهعات له‌وێ خۆی حه‌شار دابوو ، له ترسان زمانی به‌سترابوو، له سه‌رمان نه‌یده‌توانی له جێی خۆی بجووڵێته‌وه. هه‌رچۆنێک بوو هێنامانه‌وه نێو ماڵێ و هه‌رجۆرێک بوو هێندێک شتی شڕمان په‌یدا کرد و پێماندادا. هێندێک له دۆسته خۆجێییه‌کانی ئێمه که ماڵیان تاڵان نه‌کرابوو ئه‌وه‌نده‌یان جلوبه‌رگ پێیداین که بکرێ خۆمان داپۆشین.
له شوێنێک هێندێک وه‌سیله‌مان په‌یدا کرد بۆ ئه‌وه‌ی چێشتی پێ ساز که‌ین. له ئه‌نباره‌که دا چه‌ند قوتووی به‌تالی دار که‌وتبوونه‌وه، هه‌ر چۆنێک بوو له وان تابووتێکمان بۆ باشیمۆن ساز کرد.
بۆ ئه‌وی شه‌وێ زۆربه‌ی کورده‌کان ڕۆیشتبوون، و ئه‌و تاڵانه‌ی کۆیان کردبووه‌وه له گه‌ڵ خۆیان بردبوویان. ئێستا خه‌ڵکی شاری به ترس و خۆف ورده ورده ده‌هاتنه نێو خیابانان، له که‌سوکاری خۆیان ده‌گه‌ڕان و حه‌ولیان ده‌دا دیسان هه‌وساری ژیان به‌ده‌ست بگرنه‌وه.ده‌سته‌یه‌کی پچووکی کوردی هه‌ر له نێو شاریدا مابوووه وه‌ک ده‌سته‌ی پشتیوان بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری له برینداران بکه‌ن؛ به‌ڵام ئیدی خه‌ڵکیان جاڕز نه‌ده‌کرد. له ڕاستیدا که‌س نه‌مابووه جاڕزی که‌ن جگه له ئامۆزا کورده‌کانی دانیشتووی شاره‌که نه‌بێ.هه‌ر ئێرانییه‌کی له شاری دا دۆزرابووه‌وه کووژرابوو؛ کووژراوه‌کانی سه‌ربازخانه، نه نێژرابوون و ته‌رمیان له قه‌راغ چۆمی وه‌سه‌ر یه‌ک نرابوو،ئه‌و جۆره‌ی ده‌رکه‌وانه‌که‌ی من بژاردبووی کووژراوه‌کان ژماره‌یان حه‌وسه‌د که‌س بوو،له هه‌مانکاتدا له سه‌ر خیابانێ ته‌رمی پیاوان و که‌لاکی ئه‌سپان که‌وتبوون و سه‌گه‌ڵ تێ‌یان وهرووکابوون و ده‌یانخواردن. ژنان ئه‌تک کرابوون، و منداڵان بێ باب و برسی له گۆڕێ مابوونه‌وه. هه‌موو ماڵێک، چ ئی کوردان یان چ ئی ئێرانیان ساف ساف تاڵان کرابوون. خانووبه‌ره‌که‌ی ئێمه شتێکی وای تێدا نه‌بوو، به‌ڵام تێک و پێک درابوو، مێز و کورسییه‌کانمان تێک شکێندرابوو و کاغه‌ز به‌هه‌موو لایه‌ک دا بڵاو ببووه‌وه، دیواره‌کانیش تێک ڕووخێندرابوون له حه‌وڵێک دا بۆ دۆزینه‌وه شتی شاردراوه‌ی وه‌ک پووڵ یان جه‌واهێرات.ئه‌من چوومه خواره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانم داخودا ئه‌و جێیهیان دۆزیوه‌ته‌وه که چهمهدانهکانمم لێ شاردبووه‌وه. ئه‌وه‌ی له گۆشه‌یه‌کدا داندرابووه دۆزیبوویانه‌وه و قفڵه‌که‌یان شکاندبوو، به‌ڵام ئه‌ویدیکه‌یان که گڵهبانم کردبوو بۆ نهبیندرابووهوه و ده‌ستی لێ نه‌درابوو.
بۆ ڕۆژی دواتر ( یه‌کشه‌مۆ، 9ی ئۆکتۆبری 1921) ئێمه ڕێوڕه‌سمێکی ساده‌مان ساز کرد بۆ ناشتنی ته‌رمی ئاغای باشێمۆن. هیچ که‌سێکی خۆجێیمان ده‌ست نه‌که‌وت یارمه‌تیمان بدا بۆ ئاماده کردنی مه‌یته‌که بۆ ناشتن. چونکوو ئه‌وان پێیان وابوو ئه‌گه‌ر ده‌ستیان وه له‌شی مردووی مه‌سیحییه‌ک بکه‌وێ گڵاو ده‌بن. به‌ڵام ئاخره‌که‌ی ئێمه چهندکهسێکمان ڕازی کرد قه‌بر هه‌ڵکه‌نن و تابووته‌که هه‌ڵگرن بۆ شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی یه‌کجاری. یه‌ک له ئینجیله‌کانی خۆمان دۆزییه‌وه که ساخ مابوو، وله ڕووی ویمان خوێنده‌وه و ڕێوڕهسمهکهمان به‌ڕێوه برد.
بۆ دوای نیوه‌ڕۆ هه‌ستمان کرد ئیدی مه‌ترسی نه‌ماوه و چهمهدانهکهمان له ژێر گڵ ده‌رهێنا، ئه‌و پارچه‌یه‌ی شاردبوومه‌وه به بڕین و دورینی به‌شی کراسی هه‌موومانی کرد. ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی پێمان ده‌کرا خانووه‌که‌مان ههڵوهژارد و دوایهدهستمان کرد به بیرکردنه‌وه که چۆن له شاری بڕۆین. ئێواره ده‌رنگانێک ئه‌و سه‌رۆکه کورده‌ی له شاریدا مابووه‌وه بۆ به‌رپرسیارێتی کاروباری برینداران زانیبووی ئه‌من حه‌کیمم و زۆر به ڕێزه‌وه لێی ڕائهسپاردبووم نه‌خۆشه‌کانی تیمار بکه‌م.
ئێستا ئه‌من ئه‌رکم ئه‌وه بوو، نزیکه‌ی سی و چه‌ند کوردێکی که بریندار ببوون تیمار بکه‌م، و له‌وماوه‌یه دا به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه له گه‌ڵمان جووڵانه‌وه. پۆلێک کێشکچی له به‌ر ده‌رگای خانووه‌که‌مان داندرابوون و کێشکیان ده‌کێشا، به‌ڵام ئێمه به کرده‌وه وه‌ک زیندانی وان بووین. هه‌موو داوخوازێکمان بۆ ئه‌وه‌ی مۆله‌تمان بده‌ن له شاری ده‌رکه‌وین به ئه‌ده‌به‌وه به‌رپه‌رچ ده‌دراوه، له کاتێکدا ئه‌و ده‌سته کێشکچییه کورده‌ی له به‌ر ده‌رگایان دانابوو، پارێزگارییه‌کی باش بوون بۆ ئێمه، به‌ڵام حه‌وشه‌که‌مان به‌رده‌وام پڕ بوو له پیاو، به ڕواڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بێنه لای حه‌کیم، به‌ڵام له ڕاستیدا مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوو چاوێک له ژنانی مووکاڵ بله‌وه‌ڕێنن. ئه‌وان له به‌ر زانستی ده‌رمانی رێزی منیان ده‌گرت، به‌ڵام ده‌بوو ژنه‌کانی دیکه له‌ماوه‌ی ڕۆژ دا له ژووره‌کانی که‌له حه‌سارێوه نه‌دیو بوون بشارمه‌وه.
وه‌زعی خانمی باشیمۆن له به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌وی یه‌که‌م له ده‌رێ مابووه یه‌کجار خراپ بوو، و له به‌ر ترسی به‌رده‌وامی ئێمه و خۆخواردنهی وی له به‌ر کووژرانی مێرده‌که‌ی نه‌ک باشتر نه‌ده‌بوو، هه‌تا ده‌هات خراپتر ده‌بوو؛ ئاخره‌که‌ی بڕیارمان دا دیسان غیره‌ت وه‌به‌ر خۆمان بنێین و هه‌ڵێین.
یه‌کێک له دراوسێ کورده‌کانمان خاوه‌نی دێیه‌کی نزیک شاری بوو. ئه‌و هه‌میشه دۆستێکی زۆر باشی ئێمه‌و زۆر له‌گه‌ڵمان گه‌رم بوو، بۆیه داوامان لێکرد له‌و حه‌وله‌مان دا یارمه‌تیمان پێ بکا، ئێمه ئه‌وه‌نده شتهکهمهی هه‌مان بوو له پرێسکه‌ی چکۆڵه چکۆلهمانهوه پێچاو له شه‌وی سێزده‌ی ئۆکتۆبر پیاوه‌کانی دۆسته‌که‌مان به‌دزی شته‌کانیان بۆ ڕاگوێستین، شه‌وی دواتر ئاماده بووین بڕۆین. ڕۆژی دواتر ئه‌من بۆ دوا جار چوومه لای سه‌رۆک، بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تمان بدا له شاری ده‌رکه‌وین.به‌خت یار بوو، دوکتورێکی سوریانی په‌یدا کرابوو، و بێگومان کورده، که پێکێشی ئێمه بۆ ڕۆیشتن ماندووی کردبوو، ڕه‌زایه‌تی دا سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرین و بڕۆین و ته‌نانه‌ت چه‌ند کێشکچییهکیشی له‌گه‌ڵ خستین بۆ به‌ڕێکردنمان. ئیدی وه‌ڕێ که‌وتنمان هێنده‌ی نه‌برد. دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌وی ڕۆژێ به پێیان به‌ره‌و یه‌که‌م گوند، که چه‌ندین میل دوور بوو ڕێگه‌مان داگرت. ئه‌و هه‌ست به ئاسووده‌یی کردنه‌ی له کاتێکدا به قه‌راغ شاری دا تێده‌په‌ڕین له گێڕانه‌وه نایه.
ده‌تگوت له جههننهمێکهوه ڕزگاریمان بووه و به‌ره‌و ڕووناکی ڕۆژێ ده‌رۆین. ئێمه له قه‌راغ چۆمی ته‌رمی کووژراوانمان ده‌دی که له سه‌ریه‌ک داندرابوون، ئه‌وانه‌ی له سه‌ر شه‌قامه‌کان مابوونه‌وه سه‌گ خواردبوونی، ته‌رمی سه‌ربازه‌کانیش که‌ڵپی گورگیان گه‌یشتبوویه. ته‌نیا سه‌رمای هه‌وا پێشی زیاد بوونی بۆنی گه‌نیوی ده‌گرت. ئه‌من یه‌ک یان دوو ته‌رمم دی که پۆلیسه کورده‌کان ده‌یانبرد بیاننێژن گوریسیان دهملیان کردبوون و ڕایانده‌کێشان، هه‌ر که چاوم به‌و دیمه‌نه که‌وت هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌و حه‌وتوویه دا ڕابرابوو هاته‌وه به‌رچاوم. ته‌قه‌ی به‌سامی تفه‌نگ له گوێم دا ده‌زرینگایه‌وه و حیله و هه‌ڕوگیفی ئه‌سپان له کۆڵان و شه‌قامان و قیژه‌و هه‌رای ژنانم له شه‌وی یه‌که‌م دا وه‌بیر ده‌هاته‌وه. دیسان ئه‌و مه‌یدانه‌م ده‌هاته‌وه به‌رچاو که تێیدا سه‌ربازه ئێرانییه‌کان به ده‌ستڕێژی موسهلسهلان سلار ده‌بوونه‌وه.
بۆ چه‌ند سه‌عاتان ئێمه ڕێگامان بڕی، له کاتێکدا کێشکچییهکانمان به ئه‌ده‌به‌وه به ته‌نیشتمانه ئه‌سپیان ده‌ئاژۆت و چاویان له ئاسۆگان بڕیبوو نه‌کا دوژمنێک خۆی مات دابێ. کاتێک گه‌یشتینه ئه‌و گونده‌ی که پرێسکهکانمان بۆ ناردبوو، ئیدی کێشکچییهکانمان ئیزن دا و وامان پێ باشتر بوو خۆمان به ته‌نێ تووشی مه‌ترسی سه‌ر ڕێگه بین تا ئه‌وه‌ی ئه‌وانمان له گه‌ڵ بێ. ئێمه به هه‌موومان بیست تمه‌نمان پێ بوو – دراوێکی که‌م که خۆشبه‌ختانه له چهمهدانهکهمدا حهشارم دابوو، -- و ئه‌وه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی گوێدرێژێکی پێ به‌کرێ بگرین بۆ ئه‌وه‌ی پرێسکه و ئه‌وه‌ی پێمان بوو لێی نێین. به‌کرێ گرتنی گوێدرێژ له ئێران، به‌کرێ گرتنی لێخوڕه‌که‌شی له‌گه‌ڵه، جابۆیه بوونی وی وه‌ک ئه‌وه وابوو خزمه‌تکارێکی پیاومان له‌گه‌ڵ بێ. چوار ڕۆژان به ده‌شت و هه‌ورازان دا کوتامان و به‌ره‌و باکووری سابڵاغێ چووین. ڕیگه‌که هه‌تا بڵێی ناخۆش بوو هه‌ر هه‌نگاوێک دوو هه‌نگاومان هه‌ڵده‌گرت که‌وشه خۆماڵییه‌کانمان له پێمان که بلۆقیان ده‌رکردبوو ده‌که‌وتن، به شه‌له شه‌ل ده‌ڕۆیشتین و ئه‌وه‌نده فل ببووین به زه‌حمه‌ت ده‌مانتوانی له گه‌ڵ گوێدرێژه‌که ڕێ ده‌رکه‌ین. کاتێک شه‌و داهات،له‌په‌نایه‌ک له قه‌راغ ڕێگاکه له ده‌وری یه‌ک کزوولکهمان کرد‌و چه‌ند په‌تووه شڕه‌یه‌کی که پێمان بوو به خۆمان دادا. خاوه‌ن گوێدرێژه‌که‌ش بێر و به‌وێ دا له کروکاش دابوو له گیاوگۆڵی ده‌وروبه‌ر چه‌ند قولێک بۆ حه‌یوانه‌که‌ی بڕنێ. له‌و به‌رزاییه دا و له‌و وه‌رزه دره‌نگه‌ی ساڵدا شه‌وانه زۆر سارده، و ئێمه‌ش چ ئاگرمان نه‌بوو خۆی له به‌ر گه‌رم که‌ینه‌وه. سه‌رما، ماندوویی و له پێ که‌وتنمان،و ترسێکی لێڵ و نادیار که ده‌شتی خاڵی ده‌یخولقێنێ چ مه‌جالی حه‌سانه‌وه‌یان نه‌ده‌داین.
ڕۆژی چواره‌م گه‌یشتینه بۆکانێ، دێیه‌کی که هێندێک گرینگی هه‌بوو، له‌وێوه خزمه‌تی پۆستی بۆ ته‌ورێز هه‌بوو.ئێمه سه‌رۆکی ئه‌وێمان دیته‌وه که حاجییه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌به‌رچاو ده‌هات و کۆمه‌ڵێک نۆکه‌ر و خزمه‌تکاری ته‌وه‌زه‌ل ده‌وره‌یان دابوو. ئه‌و باسی ئه‌مریکاییه‌کانی بیستبوو، و کاتێک زانی ئێمه کێین،ئه‌وپه‌ڕی په‌ژاره‌ی خۆی نیشان دا. بردینیه ماڵی خۆی و له ئهندروون جێیان داینێ،له لای ئه‌ندامانی ژنی خێزانه‌که. خه‌به‌ری گه‌یشتنمان به بۆکان و ساغ بوونمان زۆر زوو به گوێی حاکمی ته‌ورێز و دۆسته‌کانمان له‌وێ گه‌یشتبوو. ئێمه بیستمان به زوویی فایتوون و ده‌سته‌یه‌ک له سه‌ربازانی حاکمی ته‌ورێز ده‌گه‌نێ بۆ بردنمان.. بۆیه ئه‌و ماوه‌یه له ماڵی خانه‌خوێیه موسڵمانهکهمان ماینه‌وه. ده‌حه‌ساینه‌وه و خۆمان بۆ سه‌فه‌ر ئاماده ده‌کرد. ژماره‌یه‌ک له ڕدێن سپییه‌کانی دێیه‌که هاتنه لامان و سی و پێنج تمه‌نیان به دیاری بۆ هێنابووین که ئه‌وان بۆ خانمه‌کان ( بۆ ئێمه یان) کۆ کردبووه‌وه___ به نیشانه‌ی حورمه‌ت دراوه‌که‌یان له سه‌ربه‌ری ده‌ستیان دانابوو و دایان به ئێمه. له گه‌ڵ کۆڵێک دۆعا و پاڕانه‌وه هیوادارا بوون ئه‌وه له سه‌فه‌ره‌که‌مان دا به‌شمان بکا.مێهره‌وانی ئاوا ساده‌ی ئه‌وخه‌ڵکه شوێنێکی زۆری له سه‌ر کردین بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی شێواومان له سه‌ر ژیان هێندێک ببووژێته‌وه. کاتێک، ده ڕۆژ دواتر،ئێمه باری فایتوونێک کراین که له‌ته‌ورێزه‌وه بۆ هه‌ڵگرتنی ئێمه هاتبوو، هێندێک هه‌ستی خۆشی و برینداری تێکه‌ڵی یه‌کدی ببوون."
ئه‌وه به‌شێک بوو له‌و به‌سه‌رهاته‌ی که ئاگوستا له ته‌ورێز بۆ 'ئێلگین گراسکلۆس' ی گێڕاوه‌ته‌وه. کورته‌ی ئه‌و نووسراوه‌یه له کتێبی ' Kurdistan In The Shodow of History ' ی سوزان مه‌یسێلاس و مارتین ڤان بڕاونێسن یش دا هاتووه. به‌ڵام دیار نییه ڤان بڕاونێسن بۆچی هێندێک به‌شی نووسینه‌که‌ی ڕانهگوێستووه ؟ ڕه‌نگه له به‌ر دڵی کوردان ئه‌وه‌ی کردبێ و پێی وابووبێ هه‌موو شتێک بۆ گێڕانه‌وه نابێ.
میسیۆنێره‌کان ماوه‌یه‌ک له ته‌ورێز گیرساونه‌ته‌وه و له‌وێش کاریان کردووه . له‌و ماوه‌یه دا گودهارت به نامه‌یه‌ک خه‌به‌ری کووژرانی قازی له‌تیفی بۆ دوکتور مسته‌فای قازی له ترکییه نووسیوه. دوکتورمستهفای قازی له نامه‌یه‌ک دا که بۆ ئێن. جه‌ی. لۆر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵاتی نووسیوه و له کوردستان میشنێری ژماره9، سێپتامبری 1922 دا چاپ کراوه له‌گه‌ڵ شتی دیکه ده‌نووسێ : " .... ئه‌من تازه نامه‌یه‌که‌م له یای گودهارته‌وه پێگه‌یشتووه که ده‌نووسێ بابم کووژراوه. دیاره ئه‌وه بۆ من خه‌به‌رێکی زۆر ناخۆشه. ئه‌من دۆعا ده‌که‌م ئه‌وه به ڕزگاری وڵاتی ئێمه ته‌واو بێ. ئه‌و یه‌کجار زۆر دۆستی میسیۆنێره‌کان بوو...."
دیسان میسیۆنێره‌کان له سابڵا‌غ ده‌ست به‌کار بوونه‌ته‌وه و ئه‌وجاریش ئاگوستا گودهارت بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو کاره‌ساتانه‌ی به چاوی خۆی دیتبوونی کاری له سه‌ر بکا و تۆزکاڵێکیش له خۆشه‌ویستی گه‌لی کورد له دڵی دا که‌م بێته‌وه چووه‌ته‌وه سابڵاغێ . له‌و خوله‌دا، جگه له گودهارت، هاننا شوێنهوود، ئێمیلا ئه‌نده‌رسۆن و دوکتور هێرمان شالک و هاوسه‌ر و دوومنداڵه‌کانی و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ئاڵما فاسوم که دواتر چووه‌ته کرماشان و ماویه‌ک دواتر مارتا داڵ (میزداڵ خانم) یش هاتوونه‌ته سابڵاغێ. ئێمیلا ئه‌نده‌رسۆن له ڕاپۆرتی سه‌فه‌ری " یاڵاوا " که له سابڵاغه‌وه نووسیویێتی و له کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 1، خولی 17، ساڵی 1925 دابڵاو کراوه‌ته‌وه ئاوا باسی خۆشه‌ویستی گود هارت ده‌کا.
" ( یاڵاوا ) له سه‌عات 11.20 ده‌قیقه‌ی سه‌ر له‌به‌یانی، 9ی دیسامبر، میس گوودهارت، خات خانم که به‌هاری ڕابردوو نه‌خۆشێک بوو له نه‌خۆشخانه‌که‌مان،مینا،قهرهواشهکهمان،که یه‌کێک بوو له هه‌وه‌ڵین نه‌خۆشه‌کانمان، و ئه‌من به‌ره‌و یاڵاوا وه‌ڕێ که‌وتین، دێیه‌ک که نزیکه‌ی پێنج سه‌عات لێره‌وه دووره.ئێمه سه‌عات 1:40 ده‌قیقه له چایخانه‌یه‌ک لامان دابۆ ئه‌وه‌ی نانی نیوه‌ڕۆ بخوێن که بریتی بوو له نان و په‌نیر و چه‌ند ئیستیکانێک چاشمان له سه‌ر خوارده‌وه. له چایخانه‌که‌وه به‌و لاوه، دیمه‌نی ده‌ورو به‌ر جوان بوو و ئه‌من بۆ جاری یه‌که‌م له کوردستان داری chisarم دی. ده‌مه‌و ڕۆژئاوا گه‌یشتینه یاڵاوا. دیمه‌نێکی ئه‌وه‌نده جوان بوو نه‌بێته‌وه!
ئێمه زۆر مێهره‌وانانه وه‌رگیریان، ئه‌گه‌رچی خانه‌خوێیه‌کان به ته‌واوی بۆ من نه‌ناس بوون. ئه‌ولاوئه‌ملای ده‌موچاویان ماچ کردم و شێوه‌ی ئاسایی میوانداری به‌ڕێوه‌چوو" به‌خێر بین "، " سه‌رچاوان هاتن" ، "ئێوه عه‌زیزی ئێمه‌ن".
میس گوودهارت ناسیاوی کۆنی تازه کرده‌وه و دوای خواردنی شیوێکی زۆر به‌تامی پڵاو، مریشک، ماست، ترشیات ، مره‌با، ڕۆنی که‌ره و شه‌ربه‌ت ( که ئه‌من دڵم بۆی ناچێ) ژنانی دێیه‌که هاتن بۆ ئه‌وه‌ی چاویان به حه‌کیم خانم بکه‌وێ. کاتێک باسی ده‌رد و ژانه‌کانی خۆیان ته‌واو کرد، شێخزاده که خانه‌خوێمان بوو، داوای لێکردن گۆرانیمان بۆ بڵێن و ئه‌وانیش گوتیان. ئێمه وه‌رگێڕاوی کوردی سروودی ئایینیمان له‌گه‌ڵ خۆمان هێنابوو، جا بۆیه ئه‌و گۆرانی چڕینه‌ی ژنه‌کان ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ ڕه‌خساندین ئێمه‌ش سروودیان بۆ بڵێین، و دوای ئه‌وه خانمه خانه‌خوێیه‌که‌مان به‌ڕێی کردن.
ئێستا ئیدی کاتی ئه‌وه‌بوو خۆمان بۆ خه‌وتن ئاماده که‌ین. پێویست نه بوو له سه‌ر عه‌رزی بنووین، که دیاره ئه‌وه ئاساییه ئه‌گه‌ر مرۆ نوێن و بانی خۆی له گه‌ڵ خۆیدا نه‌هێنێ، به‌ڵام له سه‌ر ته‌ختی دار نووستین که هه‌ر کامه‌یان نزیکه‌ی سێ پێ به‌رز بوون. دوو به‌رماڵ به په‌نجه‌ره‌کانه‌وه ههڵاوسران بۆ ئه‌وه‌ی کاتێکدا ئێمه له خه‌و دا ده‌بین سه‌رما نه‌یه‌ته نێو ژووره‌که. ئه‌من زۆر چاک نووستم به‌ڵام که خه‌به‌رم بووه‌وه سه‌رم زۆر خراپ ده‌ئێشا. دوای به‌رچایی به نان،ڕۆنی که‌ره، هه‌نگوین، په‌نیر و شیری دا‌غ، چه‌ند پیاوێک بۆ دیده‌نیمان هاتن. ئاغاکه ( خاوه‌نی دێیه‌که) جه‌نابی فاسومی زۆر چاک ده‌ناسی، کاتێک پیاوه‌کان ڕۆیشتن ده‌سته‌یه‌ک له ژنان هاتنه ژوورێ. یای گودهارت زۆربه‌ی ده‌رمانی ئاسایی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، وه‌کوو کوینین، ئاسپیرین،لاگازاتیڤ و ده‌رمانی کرمان بۆ ئه‌وه‌ی بیدا به‌وانه‌ی که پێویستییان پێی بوو. ئه‌وانی دیکه‌ش ئامۆژگاری کران بێنه شاری بۆ مهریزخانهی ئه‌مریکایی.
به‌رله‌وه‌ی وه‌ڕێکه‌وین یای گودهارت به‌شی 13-1 :5 ئینجیلی مه‌تای بۆ نزیک له بیست ژنان خوێندوه و نوێژی کرد، و دوای ئه‌وه ماڵاوایی‌مان له خانه‌خوێیه‌کان و دۆسته‌کانمان کرد و له سه‌عات نزیک ده‌ونیوی سه‌رله به‌یانی به‌ره‌وماڵ هاتینه‌وه.ئه‌من خۆشحاڵ بووم له‌وه‌ی ڕۆژی پێشوو دیمه‌نی ده‌وروبه‌رم له ئاسمانێکی ساو دا دیتبوو، ئێستا ئاسمان هه‌وری بوو بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ور ئه‌وه‌نده چڕ بوون ئێمه هه‌ر مه‌ودایه‌کی که‌می پێش خۆمان ده‌بینی. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی بیر خستمه‌وه که جاروبار خودای له ژوور چۆنمان ڕێنوێنی ده‌کا. له‌وانه‌یه تاریک بێ و ئێمه نه‌توانین ڕێگه ببینین جگه له چه‌ند ههنگاوێکی به‌رده‌ممان نه‌بێ، به‌ڵام به ده‌م ڕۆیشتنه‌وه بۆ مان ده‌رده‌که‌وێ هه‌رچه‌ندیش تاریک بێ هه‌میشه ئه‌وه‌نده ڕووناکایی بۆ نانه‌وه‌ی هه‌نگاوی دواتر هه‌یه . دروود بۆ نێوی پیرۆزی.
ئه‌من هیوادارم ئه‌و سه‌فه‌ره‌مان بۆ یاڵاوا سه‌ره‌تایه‌ک بێ بۆ کارکردنمان له دێیه‌کان، و له ئێستاوه ئێمه ده‌توانین هه‌موو حه‌وتوویه‌ک سه‌ری هێندێک له دێیه‌کان بده‌ین. بپاڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌کانی گه‌وره‌مان به فێڕۆ نه‌چێ، زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه ڕه‌نگه یه‌که‌م جار بێ گوێچکه‌ی دڵیان به ئینجیل ئاشنا ده‌بێ. خودای له ژوور له وزه‌ی دایه له‌و نه‌ته‌وه‌یه خه‌ڵکێک بۆ ناوی خۆی دروست کا. ئێوه‌ش ده‌توانن به ڕێگه‌ی پاڕانه‌وه و باربوو کردن به‌شی خۆتانی تێخه‌ن"
ژماره‌ی 1ی خولی 16ی کوردستان میشنێری، ژانڤییه‌ی 1924 ، نامه‌یه‌کی دوور‌و درێژی یای گودهارتی بڵاو کردۆته‌وه که بۆ قه‌شه مۆلینگی نووسیوه و تێێدا باسی چوونه‌وه‌ی خۆی بۆ سابڵاغێ ده‌کا دوای ئه‌و کاره‌ساته‌ی له ساڵی 1921 به‌سه‌ریان هاتبوو. نامه‌که‌ی له 28ی ژووییه‌ی 1923 له ته‌ورێزه‌وه ناردراوه و گودهارت له به‌شێکی دا ده‌نووسێ: " هێندێک له ئێوه [ مه‌به‌ستی خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری یه ] ڕه‌نگه وه‌بیرتان بێ ئه‌من به‌سه‌رهاتی هه‌ڵاتنی خۆمانم له سابڵاغێ له 1ی فێڤرییه‌ی ساڵی 1916 دا باس کردبوو. ئێمه دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژێکی ته‌واو به‌ڕێوه بووین و هێندێکمان له چۆمی جه‌غه‌توو که‌وتین زۆر به په‌رۆشه‌وه بووین ئه‌و گوێدڕیژانهی که‌لوپه‌له‌کانمان لێ بار کردبوون زووتر بگه‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگه ته‌ڕه‌کانمان بگۆڕین. سه‌عات دوازده خه‌به‌رمان بۆ هات هه‌موو باروبه‌ندیلی سه‌ر پشتی گوێدرێژه‌کانیان لێ دزیوین. جا بۆیه ئێمه ده‌بوو به شه‌و سه‌عاتی 12 وه‌ڕێ که‌وین به‌ڵکوو له جێیه‌ک هێندێک جلوبه‌رگمان ده‌ست که‌وێ. بیستمان سه‌رۆکی ده‌سته‌ی چه‌ته‌کان پیاوێکه که ئێمن له سابڵاغه‌وه ده‌مناسی، وله لای ڕووسه‌کان به سه‌مسامه شێته ( گه‌وج) به‌نێوبانگ بوو. ڕووسه‌کان له سابڵاغێ خه‌ریکی تاڵان‌کردنی خه‌ڵک بوون و سهمساموسهلتهنهش ( نێوی ئاوا بوو) به‌و شه‌وه ئێمه‌ی ڕووت کردبوو. بۆ به‌یانی ڕا کاتێک زانیم ئه‌و له دێیه‌که‌یه چوومه لای و ده‌بینم ئه‌وه به‌که‌یفی خۆی پاڵی لێداوه‌ته‌وه و خه‌ریکی چا فڕ کردنه. به نیشانه‌ی ئیحتیرام یهکپێ له به‌رم هه‌ڵستا به‌و قسانه به‌خێر هاتنی کردم : " نازانی ئه‌من چه‌نده قه‌رزداری جه‌نابی به‌رێزتانم خانم دوکتور. به ڕاستی به هاتنی خۆتان گه‌وره‌تان کردم. ئه‌من ده‌مه‌وێ سپاست بکه‌م که ئه‌تۆ له مردن رزگارت کردم. ڕووسه‌کان ده‌یانه‌ویست له ورمێ له دارم دهن، به‌ڵام کاتێک کۆنسوولی ڕووسییه له سابڵاغه‌وه تیڵگرافی کرد که دوکتور خانم ده‌ڵێ سه‌مسام پیاوێکی ئاوا و ئاوایه
ڕزگارم هات" . ئه‌و جار نۆره‌ی من بوو وڵامی بده‌مه‌وه؛ پێم گوت " ده‌زانی چییه، چه‌ته‌کانت هه‌موو میسیۆنی ئه‌مریکاییان ڕووت کردووه و ده‌بێ هه‌موو ئه‌وشتانه‌مان بۆ ببژێرییهوه که له کیسمان داوه. ئه‌وه درۆکه‌ی به‌ڕوویدا ههڵشاخاندهوه. له جێی خۆی دهناشیت بێ ئه‌وه‌ی مته‌قی له به‌ر بێ. دوایه زۆر به له‌سه‌ره‌خۆیی گوتی، " باشه ژووره‌که‌تان له کوێیه ؟ ده‌مه‌وێ بێم و چاوم به ساحێب ( فاسوم) بکه‌وێ"
دوایه به‌رده‌وام ده‌بێ و ئاوا باسی هاتنه‌وه‌ی بۆ سابڵا‌غ ده‌کا. " خه‌به‌ری گه‌یشتنمان بۆ سابڵاغی خێرا به هه‌موولایه‌کدا بڵاو بووه‌وه. له پێشدا خانمه‌کانی ماڵی مهلاعهبدولڕهحمان هاتن بۆ دیده‌نی و به‌خێرهێنانه‌وه‌م. خوشکی ژنه‌که‌ی ئێستای یه‌کێک له هه‌وه‌ڵین نه‌خۆشه‌کانم بوو له ساڵی 1913، و ئه‌وان هه‌میشه دۆستی زۆر گه‌رم وگوڕی من و میسیۆنێره‌کانی دیکه بوون، نه‌ک هه‌ر ژنه‌کان، به‌ڵکوو پیاوه‌کانیش. ئه‌و که‌سه‌ی به دوای ئه‌واندا هات مه‌لاکه‌ریم بوو، که له ڕابردوو دا کێشه‌یه‌کی زۆری بۆ سازکردبووین، به‌ڵام ئێستا بێ میسیۆن و میسیۆنێره‌کان هه‌ڵ ناکا. جا ئه‌گه‌ر ڕێوڕه‌سمێکی دۆعا و پاڕانه‌وه و عیباده‌تمان هه‌بێ ئه‌و دێ و له کورسی پێشه‌وه دا داده‌نیشێ. نزیکه‌ی سه‌عات چوار برا و ئامۆزای دوکتور مسته‌فا [ی قازی] هاتن. براکه‌ی هیوای ده‌ربڕی که ده‌بێ ئه‌من خه‌به‌ری خۆشم له دوکتور مسته‌فاوه پێ بێ و ئه‌وه‌ش که ئهوچبڕ ئیدی دراوی بۆ نانێرێ. بابی دوکتور مسته‌فا به‌هه‌ڵه کووژرا بوو، هه‌ر وه‌ک چۆن قه‌شه باشیمۆن که به هه‌ڵه کووژرا. ئه‌و برایه‌ی دوکتور مسته‌فا پێوه‌یه به‌شه‌ماڵی براکان و خوشکه‌کانی له دوای نه‌مانی بابی بکاته ئی خۆی و ده‌ستبڕێکی ژیری لێ ده‌رده‌چێ. ئه‌و ئێواره‌یه له شاری دا دوو زه‌ماوه‌ند هه‌بوو و هه‌موو شاره‌که له ماڵێ ده‌رکه‌وت بوون بۆ به‌شداری له‌و به‌زمه‌دا. ئێمه چاوه‌ڕێ حه‌سانه‌وه‌یه‌کی باشمان ده‌کرد چونکوو زۆر ماندوو بووین. هێندێک خه‌ڵکی هه‌ژار هاتن داوای ده‌رمانیان ده‌کرد. پۆلێکی دیکه له ژنان هاتن وه‌ک ده‌یانگوت: " مندالهکانمم" پێشان بده‌ن [ واته یای گودهارت مامانیان بووه] ئێستا هێندێکیان 10، 9، و 8 ساڵانه بوون و هێندێکیشیان ته‌مه‌نیان دوو ساڵه. یه‌ک له منداڵه دووساڵهکان پێم ده‌ڵێ دایه خانم. ئه‌و منداڵه به‌سته‌زمانانه، زۆریان باسی دایه خانم بیستووه، به‌ڵام قه‌ت چاویان پێی نه‌که‌وتووه، و ئه‌و دایه خانمه‌ش ئه‌وه نه‌بوو که ئه‌وان له زه‌ینی خۆیاندا پێیان وابوو ده‌بێ ببێ.ژنه‌کان پێیان سه‌یره چۆن ئه‌من ده‌توانم به‌ر له‌وه‌ی شه‌و دابێ حه‌مام بکه‌م چونکوو تازه سه‌عات 7 بوو. ئه‌وان بۆ حه‌مام کردن ڕۆژێکیان پێ ده‌وێ و ڕاستت بوێ ئه‌منیش پێویستیم به ڕۆژێک حه‌مام کردنه. جه‌واهێر پێی گوتن ئێمه هه‌موومان تا سه‌عاتێکی دیکه حه‌مام ده‌که‌ین، و ئه‌وان ده‌ڵێن جا چۆن ده‌کرێ مرۆ به سه‌عاتێک خۆی چاک بشوا. ئه‌وان هه‌موویان ده‌چنه حه‌مامی ده‌رێ یان له شوێنێک که ئاوی خوڕی هه‌بێ وه‌ک نێو چۆمی حه‌مام ده‌که‌ن و له‌وێ ئاو به سه‌ر خۆیاندا ده‌که‌ن.
ئێستا 3ی مانگی ئووته، ده‌زانی که ئێمه له ئێران هاوینان له ده‌ره‌وه ده‌نووین، یان له‌سه‌ر بانی یان له حه‌وشه. ئێمه لێره له حه‌وشه ده‌نووین و ده‌بێ سه‌عات پێنجی به‌یانی له خه‌و هه‌ستین. جا بۆیه ئه‌م به‌یانییه هه‌موومان له گه‌ڵ گایه‌کان هه‌ستاین و ئه‌وان ئی هه‌ره دوایین که له ماڵێ ده‌رده‌کرێن. دوێنێ شه‌وێ هێندێک له دۆسته‌کانی حاجی هاتن بۆ دیده‌نیمان و هێندێک خه‌به‌ری دنیای ده‌ره‌وه‌یان پێگه‌یشت. ئێمه هیچ خه‌به‌ڕێکی ته‌ورێزمان پێ نه‌بوو. بۆ ئێمه باش نییه هیچ خهبهڕیکی ئه‌وێ بزانین. سه‌ری قسان هاته‌وه سه‌ر هێرشی دووساڵ له‌مه‌وبه‌ری سمکۆ و نێوه‌رۆکی قسه‌کان شتێکی ئاوا بوو. " باشه ئێوه هه‌مووتان بۆ نه‌چوونه فڵان و فیساره گوند"؟ پێویست نه بوو بچن بۆ ته‌ورێزێ . باشه بۆ ئێوه زووتر نه‌ده‌هاتنه‌وه؟ که‌نگێ دوکتورێکی باشمان بۆدێ و که‌نگێ مه‌دره‌سه‌یه‌کی باش بۆ کچه‌کانمان ده‌که‌نه‌وه؟ یه‌ک له حاجییه‌کان گوتی : " بۆ کوێت پێ خۆشه کچه‌که‌م به‌ره. ساڵی سه‌د تمه‌نت ده‌ده‌مێ"، یه‌کی دیکه‌یان پرسی : " ئه‌مریکا چ له سمکۆ ده‌کا له به‌ر کوشتنی ساحێب ( باشیمون)" یه‌ک له حازران باسی کرد:" ئه‌دی ئه‌و پیاوه‌ی ساحێب ( باشیمۆن)ی کوشت ته‌قه له لاقی کرا. ئه‌سپه‌که‌ی کووژرا، به‌ڵام بۆ خۆی وه‌به‌ر نه‌هات. نازانم بۆ نه‌کووژرا؟ ......."
ڕاده‌ی خۆشه‌ویستی گه‌لی کورد له لای یای گود هارت بێ سنوور بووه. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریکا له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کلیسای Gethsemane Lutheran Church له فیلادێلفیا که پشتیوانی بوون له به‌شێک له قسه‌کانیدا که له ژماره‌ی 4ی ، خولی 18ی کوردستان میشنێری، ئاوریلی 1926 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه ده‌ڵێ: "میسیۆنی کوردستان و کورده‌کان یه‌کجار زۆر بۆمن عه‌زیزن. ئێستا له‌لام خۆشه‌ویستترن له پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. ئه‌من پێم خۆشه ئێوه باش بزانن، ڕاسته ئه‌من ئێستا له ئه‌مریکام، به‌ڵام دڵ و فیکر و زیکرم به‌رده‌وام له کوردستانه.....بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌یه‌کتان له کاری خۆمان له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه بۆبگێڕمه‌وه باسی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی خۆمتان بۆ ده‌که‌م. ئه‌من له 13ی مانگی ئووتی ڕابردوو [ ئووتی 1925 ] ئه‌رکم پێ ئه‌سپێردرا بچمه ناوچه‌یه‌ک به نێوی سه‌رده‌شت. جێیه‌کی پچووک و زه‌نوێره، به‌ڵام دێیه‌که ده‌مارگرژی تێدایه، و له سنووری ترکییه [ مه‌به‌ست عوسمانی یه] نزیکه.له پێشدا هێندێک بۆم زه‌حمه‌ت بوو غیره‌ت وه‌به‌ره خۆم نێم و بچمه ئه‌وێ چونکوو ده‌یانگوت " هه‌تا ئێستا ژنێکی سپی پێی ده‌وێ نه‌ناوه" ئه‌من پێم وایه مه‌به‌ستیان له ژنی ئوڕووپایی یان ئه‌مریکایی بوو چونکوو کورده‌کان له ڕه‌گه‌زی قهوقاسین! که گه‌یشتمێ بۆ ماوه‌یه‌ک دڵه ڕاوكیم هه‌بوو و هه‌ستم به نیگه‌رانی ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته زۆر زوو ڕه‌وییه‌وه. ئه‌من هێندێک له بنه‌ماڵه‌ی قازی شاره‌که‌م ده‌ناسی جا بۆیه هیچ مه‌ترسیم له سه‌ر نه‌بوو. له‌وێ بۆ هه‌رکوێیه‌ک چووبام هه‌میشه پێنج شه‌ش سه‌ربازم له‌گه‌ڵ بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دهشچوومه ده‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی هێندێک ئه‌سپه‌که‌م رابهێنم، ئه‌و پیاوانه له‌گه‌ڵم بوون. له هیچ نه‌ده‌ترسام ده‌مزانی حاکمی شاره‌که و کارمه‌نده‌کانی ئاگایان لێمه. به‌ڕاستی ئه‌وه بۆ من ته‌جروبه‌یه‌کی راسته‌قینه بوو. چونکوو بۆ یه‌که‌مجار له ماڵێکی موسڵمان بووم، ئه‌وه‌ی له‌وێ چاوم پێی که‌وت، ڕه‌نگه جارێکی دیکه قه‌ت نه‌یبینمه‌وه، ئه‌من پێشتر قه‌تم به‌وه نه‌ده‌زانی. ئه‌من له‌و ماڵه‌دا زۆرشتم ته‌جروبه کرد و فێریان بووم و له نزیکه‌وه له ژیان و که‌سایه‌تی موسوڵمانان گه‌یشتم که پێشتر قه‌ت نه‌مده‌توانی پێیان بزانم. له کاتێکدا له‌وێ بووم له‌نێو ماڵێ مامان و نه‌خۆشه‌وان بووم. دواتر گشت چیرۆکی ئه‌و سه‌ردانه‌تان به ورده ڕیشاڵ بۆ ده‌گێڕمه‌وه.کاتێک کاره‌کانم ته‌واو بوو و زانیم کاتی ئه‌وه هاتووه بگه‌ڕێمه‌وه بنکه‌ی میسیۆنه‌که‌مان له سابڵاغێ، خاوه‌ن ماڵه‌که 50 تمه‌نی باربووی نه‌خۆشخانه‌که‌مان کرد و ده‌ستێک جلوبه‌رگیشی وه‌ک دیاری دابه‌خۆم. ڕۆیشتن له‌و ماڵه زۆر زه‌حمه‌ت بوو چونکوو ده‌یانه‌ویست تا زستانێ له‌وێ بمهێڵنه‌وه و ئه‌گه‌ر مابامه‌وه ئێستا له ئه‌مریکا نه‌ده‌بووم. ئه‌من خۆشحاڵم که گه‌ڕامه‌وه سابڵاغێ و ئێستا لێره له گه‌ڵ ئێوه‌م.
ئه‌من ده‌مه‌وێ باسێ لایه‌نێکی دیکه‌ی داهاتی نهخۆشخانهکهمانتان له سابڵاغێ بۆبکه‌م. زۆر جاری وا هه‌بووه ئێمه که‌سێکمان عه‌مه‌لییات کردووه له بری حه‌قده‌ست بزنێکی داوینێ ( بایی نزیکه‌ی 80 سێنت تا دوو دۆلاره). یه‌که‌م ساڵی که له بنکه‌که‌مان کارم ده‌کرد ئه‌من 8 بزن و 80 مریشکم وه‌رگرت. مریشکێک به 10 سێنته و 4 هێلکه به سێنت و نیوێکه. ئه‌گه‌ر هه‌رزانی بێ ده‌کرێ پێنج هێلکه به دوو سێنت ده‌ست که‌وێ.
ئه‌ی دۆستانی من، تکایه پشتی کاره‌کانی میسیۆنی کوردستان بگرن. ئه‌من ده‌زانم زۆر له کورده‌کان قه‌دری ئه‌و کاره‌ی که ئێمه ده‌یکه‌ن ده‌گرن و سپاسمان ده‌که‌ن. ئه‌من ده‌زانم ڕۆژێک دێ ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێوه ئێستا دۆعایان بۆ ده‌که‌ن ئه‌وانیش دۆعا بۆ ئێوه بکه‌ن..... به‌رهه‌م پێده‌گا."
ئاگوستا گودهارت له ساڵی 1926 دێته‌وه ئه‌مریکا. به داخه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌کانی دواتری کوردستان میشنێری له به‌ر ده‌ست دانین نازانین ئه‌وکاته‌ی ساڵی 1926 بۆ پشوو هاتووه‌ته‌وه ئه‌مریکا دوایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه سابڵاغێ یان نا.
پێڕستێکی موسافیرانی که‌شتی که لای خانمی کاره‌ن تێریلی خوارزازایهتی نیشان ده‌دا که ئاگوستا گودهارت له 16ی ئووتی 1940 له بومبای هێندووستان سواری که‌شتی بووه و له 24ی سێپتامبری 1940 گه‌یشتووه‌ته‌وه نیۆیۆرک؛ ئه‌وه‌ش ده‌یسلمێنێ له هیندووستانیش خزمه‌تی به خه‌ڵک کردووه.
به پێی قسه‌ی ئه‌و ، 'پووره گودی' وه‌ک ئه‌و نێوی ده‌با له ساڵی 1954 حه‌وڵێکی زۆری دا بۆ ڕزگارکردنی هێندێک له خزمه ئاڵمانییه‌کانی و توانی له ئه‌مریکا په‌نابه‌رییان بۆ وه‌ربگرێ و بیانباته ئه‌وه وڵاته.
ئاگوستا گودهارت ساڵانی پیری له فیلادێلفیا به تاقی ته‌نیا له گه‌ڵ پشیله‌که‌ی 'بلاکی' ژیاوه و دواتر خزمه‌کانی له نیۆیۆرکه‌وه باریان کردووه بۆ فیلادێلفیا و له‌وێ ئاگاداری‌یان لێکردووه.
له 12ی ژووه‌نی سالی 1977 لێکۆله‌ره‌وه‌ی ماندوویی نه‌ناس مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور دوای حه‌ول و ته‌قه‌لایه‌کی زۆر توانیویه ئاگوستا ببینێته‌وه و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ بکا. به‌خۆشییه‌وه شریتی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه به‌ده‌سته‌وه‌یه و له داهاتوو دا ده‌یهێنینه سه‌ر کاغه‌ز.
ڕه‌نگه ئه‌م وێنه‌یه دوایین وێنه‌ی ئاگوستا بێ، که له جێژنی کریسمه‌سی ساڵی 1984 هه‌ڵگیراوه
ئاگوستا گودهارت، ئه‌و جۆره‌ی که به‌ساڵداچووان له سابڵاغێ ده‌گێڕنه‌وه له‌وێ به " میسکوتات خانم " به نێوبانگ بووه. پاشناوی بنه‌ماڵه‌که‌یان له Suwalki له بنه‌ڕه‌ت دا "Gudat" بوو، ته‌نانه‌ت خوشکێکی چکۆڵه‌تریMinnie که ئه‌ویش نێرس بووه، و له ئه‌مریکا ژیاوه پاشناویGudat ی به‌کار هێناوه. به‌ڵام دیاره له ئه‌مریکا ئاگوستا پاشناوی خۆی کردووه به Gudhart. ئه‌و شه‌ش زمانی به ڕه‌وانی زانیوه: له‌هیستانی، ڕووسی، ئاڵمانی، ئینگلیسی، کوردی و ترکی. ئاگوستا گودهارت له ته‌مه‌نی 102 ساڵیدا دوای خزمه‌تێکی درێژی دڵپاکانه به گه‌لی کورد و مرۆوایه‌تی له 2ی فێڤرییه‌ی ساڵی 1985 ماڵاوایی له ژیان کردووه‌و له گۆڕستانی دۆڵی هانتینگدۆن Huntingdon له ده‌ره‌وه‌ی فیلادێلفیا دوور له کوردستان نێژراوه.
تێبینی: ئه‌و نووسراوه‌یه به که‌لک وه‌رگرتن له‌هێندێک له ژماره‌کانی گۆواری " کوردستان میشنێری" نووسراوه و ئاگاداری له سه‌ر ساڵانی دوایی ژیانی ئاگوستا گودهارت و وێنه‌کانی سه‌رده‌می دوایی ژیانی به سپاسه‌وه له خوارزازای خانمی کاره‌ن تێڕیڵ Karen Terrill که پێوه‌یه کتێبێک له سه‌ر ژیانی بنووسێ وه‌رگیراوه.
سه‌رنووسی ئه‌م باسه به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌ییه که نه‌مر فاسوم له سابڵا‌غ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردی داناوه.
به خۆشییه‌وه نووسراوه‌که‌ی فاسوم له‌مه‌ڕ قه‌تڵی عامی خه‌ڵکی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری له لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی قازییه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و له ژماره‌ی 71ی گۆڤاری مهاباد، فێڤرییه‌ی 2007، لل 5 و 6دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. به‌ڵام تاریخی ئه‌و کوشتاره به به‌راوردی ساڵی کۆچی مانگی له گه‌ڵ ساڵی زایینی 1916یه نه‌ک 1917، نووسینه‌که‌ی ئیل.ئو.فاسومیش له سه‌ر ئه‌و قه‌تڵی عامه ئه‌وڕاستییه دا ده‌گرێته‌وه که ئه‌و کوشتاره له به‌رایی ساڵی 1916 دا بووه.
No comments:
Post a Comment