هه‌وای خۆش و ڕووناک، ئاوی سارد و پاک، شوانان به هه‌زاران و سوحبه‌تانی چاک============لویس ئولسن. فاسوم میسیۆنێری کوردان
" هه‌وای خۆش و ڕووناک، ئاوی سارد و پاک، شوانان به هه‌زاران و سۆحبه‌تانی چاک "
ئێل.ئو. فاسوم میسیۆنێری کوردان
ئه‌گه‌رچی ئه‌م نووسراوه‌یه‌ی خواره‌وه تا ڕاده‌یه‌ک لویس. (لودویگ) ئولسن.فاسوم به خوێنه‌ره‌وه ده‌ناسێنێ، به‌ڵام له‌چاو ئه‌و خزمه‌ته گه‌ورانه‌ی ئه‌و ئینسانه فیداکار و دڵپاکه به گه‌لی کورد و به تایبه‌تی به ناوچه‌ی موکریانی کردووه،قه‌تره به‌ده‌ریایه. هه‌تا هه‌موو نووسینه‌کانی فاسوم وهرنهگێڕدرێنه سه‌ر زمانی کوردی قووڵایی کاره‌کانی بۆ وه‌جی ئه‌مڕۆ ده‌رناکه‌ون.
لایه‌نی هه‌ره زه‌قی ناسێنه‌ی کوردی نه‌بوونی بیره‌وه‌ری مێژوویی یان گه‌شاندنه‌وه‌ی نۆستاڵژی ڕابردوویه‌کی نه‌بوو یان هه‌ڵبه‌ستراوه، به‌ڵام که کارده‌گاته سه‌ر مێژووی ڕاسته‌قینه، که‌موکوڕیی و بێ ئاگایی جوانتر ده‌رده‌که‌وێ. له‌هه‌موو چاپه‌مه‌نییه‌کانی سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا که لێروله‌وێ دۆزراونه‌ته‌وه و ده‌خرێنه به‌ر چاوی وه‌جی ئێستا ئاماژه‌ی زۆر کورت نه‌بێ، (بۆ وێنه بڕاونه : "ده‌سته‌گوڵێکی جوان و بۆنخۆش له باغی نیشتمانپه‌روه‌ری، ژماره‌ی 3ی دیاری ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک بۆ لاوه‌کانی کورد، 1322ی هه‌تاوی) به کار و خزمه‌ته‌کانی میسیۆنێره لوتێره ئه‌مریکاییه‌کان له سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری نه‌کراوه. ئه‌گه‌رچێ له گه‌رمه‌ی چالاکی ژێکاف و له جه‌نگه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کورد دا هه‌ر هه‌شت نۆ ساڵێک له ده‌رکردنی میسیۆنێره‌کان له سابڵاغێ تێپه‌ڕیبوو.
ئه‌من به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم هیچ کوردێکی دانیشتووی سوێد نییه، به‌تایبه‌تی له سه‌روبه‌ندی جێژنی کریسمه‌س و سه‌ری ساڵ دا له کووچه‌و کۆڵانان گوێی له سروودی"stilla natt “ نه‌بووبێ، به‌ڵام ده‌توانم به دڵنیاییشه‌وه بڵێم که که‌م که‌س ده‌زانێ ئه‌و سرووده 97 ساڵ له‌مه‌و به‌ر کراوه‌ته کوردی و له نێوه‌ندی میسیۆنی کوردستان له سابڵاغێ خوێندراوه‌ته‌وه.
فاسوم، له جه‌نگه‌ی شه‌ڕوهه‌رای دنیاگره‌وه‌ی یه‌که‌م دا که هه‌رنه‌بێ به کووژرانی،7000 کوردی هه‌ژارله سابڵا‌غ و ده‌ور وبه‌ری ته‌واو بوو و ماڵوێرانی و برسێتی و قاتوقڕی به دوودا هات، له ڕاپۆرتێکدا که له 4ی مانگی مای ساڵی 1915 بۆ ئه‌مریکای ناردووه و له ژماره‌ی 10ی مانگی ژووییه‌ی 1915ی گۆواری کوردستان میشنێری دا بڵاو کراوه‌ته‌وه هه‌ستی پێزانی کورده‌کان له‌ئاست کار و خزمه‌ته‌کانی خۆیان ئاوا ده‌رده‌بڕێ: " ..... ئێمه له نێوخه‌ڵک دا له به‌ر ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی به لێقه‌وماوان،تاڵانکراون، هه‌ژاران و ئاواره‌کانی شه‌ڕمان کردووه به‌پرێستیژین و ڕێزمان لێده‌گرن. زۆر جاری واهه‌بووه بانگ کراوین بۆ یارمه‌تیکردنی موسڵمانی ده‌مارگرژی ئه‌وتۆ که له وه‌ختی دیکه دا هه‌ر قسه‌شیان له گه‌ڵ نه‌ده‌کردین، و ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی پێیان ده‌که‌ین بۆچوونێکی به‌ته‌واوی تازه‌ی له دڵیان دا له ئاست ئێمه‌ساز کردووه. خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که کاتی خۆی به‌شدارییان ده‌کرد له ڕاوه‌دوونانمان و له‌بنه‌وه حه‌ولیان ده‌دا لێره‌مان ده‌رپه‌ڕێنن، ئێستا ده‌ڵێن ئاماده‌ن یارمه‌تی ڕوحی و داراییمان پێبکه‌ن، و له چه‌ند نموونه‌یه‌کدا ئێمه ئه‌و یارمه‌تییانه‌مان لێ قبووڵ کردوون.
حاکمی ئێستا، که قازییه‌کی موسڵمانه [ مه‌به‌ستی قازی فه‌تتاح ه ] چه‌ندین جار پیاوه‌کانی خۆی ناردووه‌ته لای ئێمه و ئاماده‌یی نیشان داوه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک له ده‌ستی بێ یارمه‌تیمان بدا، پێویستیمان به هه‌رچێیه‌کی بێ بۆ مان دابین بکا،ئارد، گه‌نم، دراو و هتاد. ڕۆژێکیان شارۆمه‌ندێکی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاته حه‌ساری خانووه‌که‌مان و ده‌ستمان کرد به قسه کردن سه‌باره‌ت به خه‌ڵکی هه‌ژار و ئه‌و کوێره‌وه‌رییه‌ی ده‌یکێشن و ئه‌و له سه‌ر قسه‌کانی به‌رده‌وام بوو گوتی: " ئه‌من بیستوومه ئێوه یارمه‌تی نه‌داران ده‌ده‌ن، ها ئه‌وه هێندێک دراوت ده‌ده‌مێ بیده‌ی به خه‌ڵکی هه‌ژار، چونکوو ئه‌تۆ ده‌زانی کێ پێویستی پێیه‌تی." ئه‌من دراوه‌که‌م بژارد 18 قڕان بوو که ده‌کاته نزیکه‌ی دۆڵارێک و حه‌فتاوپێنج سێنت. له‌وه‌ش زیاتر گوتی: " خزمه‌تکاره‌کانت بنێره ماڵێ، ئه‌من 100 تمه‌نتان به قه‌رز بۆ ده‌نێرم به بێ سوود و سه‌له‌م تا ئه‌و کاته‌ی له دۆسته‌کانتانه‌وه له ئه‌مریکا دراوتان ده‌گاته ده‌ستی......"
نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ی ده‌یخوێننه‌وه دوکتور جان لیگرێ John Lygre، له دایکه‌وه نه‌وه‌ی فاسومه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی له ساڵی 1968 دا بڵاو کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام، دیاره لایه‌کی ئه‌وتۆی له‌و پێشوه‌چوونانه‌ی نێوکوردان که‌له زه‌مانی باپیرییه‌وه ڕوویانداوه نه‌کردووه‌ته‌وه.
9ی مارسی 2009
حه‌سه‌نی قازی
حه‌وزه‌ی تێئۆلۆژی (ئیلاهییات) لوتێر
ئێل.ئو.فاسوم
میسیۆنێڕی کوردان
نووسینی جان لیگرێ
ڕێکخراوی میسیۆنه‌کانی جیهانی لوتێری
ئاوریلی 1968
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
خشته‌ی نێوه‌رۆک
1-پێشه‌کی
2-ژیانی به‌رایی و خوێندن و په‌روه‌رده‌ی فاسوم
4- قه‌شه‌یه‌تی به‌رایی
5- ده‌نێو نه‌ستوورییه‌کان دا
7- شیکاگۆ و کار ده کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی لوتێری دا
11- فاسوم له ساوجبولاغێ
14- گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا
15- کارکردن له ئێریوان
16- ڕێزلێنان و قه‌در گرتن له فاسوم
پێشه‌کی
ئه‌م نووسراوه‌یه بیوگرافی ئێل. ئو. فاسومه. یه‌ک له میسیۆنێره هه‌ره سرنجڕاکێش و ده‌گمه‌نه‌کانی که له کلیسای لوتێری دا هه‌ڵکه‌وتووه. فاسوم له زۆر بارانه‌وه سرنجراكێش بوو،فیداکاری و خۆبه‌ختکردنی ته‌واوی له ڕێبازی خوڵای خۆی و وڵاتی خۆیدا یه‌ک له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی بوو. ئه‌م بیوگرافییه بۆ به‌کارهێنان له ده‌وره‌یه‌کی حه‌وزه‌ی ئیلاهییاتی لوتێری نووسراوه، به‌ڵام هۆی سه‌ره‌کی نووسینی به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌یه که ئێل.ئو. فاسوم له‌لای دایکه‌وه باپیری من بوو.ئه‌من قه‌ت ئه‌وم نه‌دی چونکوو ئه‌و بیست ساڵ به‌رله‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌من بێمه دنیاوه چاوی وێک نابوو و ماڵاوایی له ژیان کردبوو. دایکم، خانمی ئه‌ستر فاسوم لیگرێ، ته‌نێ منداڵیکی شێره‌خۆره بوو که ئه‌و مرد، به‌ڵام دایکم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆری سه‌باره‌ت به بابی کردووه، به گه‌ڕان به ووتاری گۆواران، نامه‌ی شه‌خسی، وێنه، شاییدی نامه و به‌ڵگه‌ی دیکه‌دا. ده ڕاستیدا ئه‌من ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌م له سه‌ر کاره‌کانی دایکم هه‌ڵناوه،و هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رچاوه‌ی ده‌ستی یه‌ک بۆ ئه‌م بیۆگرافییه بریتین له نامه‌ی شه‌خسی ئه‌گه‌رچی، هه‌ڵبه‌ت، سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ش که زۆر پشتی پێ به‌ستراوه ژماره‌کانی " کوردستان میشنێری"ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م بیوگرافییه بتوانێ به‌شێوه‌یه‌ک له شێوان له وه بیرهێنانه‌وه‌ی ئێل.ئو. فاسوم زیاد بکا، ئه‌وه له به‌ر ئه‌و هۆیه‌یه که خودا پیاوێکی وای لێ دروست کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئینسانه بێ که هه‌بوو.
ژیانی به‌رایی و خوێندن و په‌روه‌رده
به پێی به‌ڵگان، ئێل.ئو. فاسوم به‌ژنی پێنج فووت و نۆ ئینچ درێژ بووه، به‌ڵام له‌و وێنانه‌ی وی که هه‌مانه درێژتر وه‌به‌رچاو دێ، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه له‌به‌ر شێوه‌ی داهێنان و بیچمی قژی سه‌ری بێ. فاسوم چاو شین و مووکاڵ بوو و به پیاویکی زۆر قۆز داده‌ندرا. له ساڵانی خوێندنی ئاکادێمی دا چاویلکه‌ی به‌کار ده‌هێنا، به‌ڵام له وێنه‌کانی دواتر دا چاویلکه‌ی به چاوه‌وه نییه.له ساڵانی دواتر دا هێندێک قه‌ڵه‌و وه‌به‌رچاو دێ، به‌ڵام ئه‌وه قه‌ت نه‌یتوانی چه‌تێک له توانایی و وزه‌ی قووڵی دا بکا بۆ هه‌ڵسووڕان و ڕاپه‌ڕاندنی کاران.
فاسوم له 5ی ژووه‌نی 1879 له والینگفۆرد ( Wallingford) له ئه‌یاله‌تی ئیۆوا( Iowa) له‌دایک بوو. باب و دایکی کریستیان ئولسن و ئان (ئێریکسۆن) [ نۆروێژی بوون – وه‌رگێڕ] بوون. ئه‌وان له کلیسای ئێمانوێلی ڕۆژهه‌ڵات که له نۆ میلی والینگفۆرد هه‌ڵکه‌وتووه نێویان به‌گوێ دادا و غوسڵی ته‌عمیدیان کرد.نێویان لێنا لویس و نێوی نێوه‌ڕاستیشی بۆ ڕێزگرتن له باپیری، ئولێ ئێڤنسۆن لێی نراوه. لێره‌دا به‌جێیه پنکتێک ڕوون که‌مه‌وه. له به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی و سه‌نه‌د و کاغه‌زی دیکه دا نێوی یه‌که‌می وه‌ک لودویگ ئاسته کراوه. شیکردنه‌وه‌ی هه‌ره باشی له‌وباره‌یه‌وه ده‌توانم بیکه‌م ئه‌وه‌یه ده ڕاستیدا ئه‌و که هاته دنیاوه نێوی لویسی به گوێدا بانگ درا، به‌ڵام کاتێک زه‌ماوه‌ندی کرد ژنه‌که‌ی زۆر لای په‌سندتر بوو نێوی خۆی بگۆڕێ به لودویگ.ئه‌وه‌ش به نامه‌یه‌ک ڕا که له‌دوای خوشکی ئاڵما، به‌جێماوه به‌به‌ڵگه‌وه ده‌سه‌لمێندرێ.
وا دیاره ژیانی تافی منداڵی لویس زۆر خۆش بووبێ. ئه‌و منداڵێکی زۆر بزۆز بووه و هه‌میشه له حه‌وشه‌ی کێڵگه‌ی بابی له والینگفۆرد له هه‌ڵبه‌ز دابهزدابووه. مرۆ ناتوانێ به لێبڕاوی ئه‌وه دیاری بکا لویس که‌نگێ ده‌ستی کردووه به سه‌رخستنه سه‌ر یان گاڵته کردن و پێ ڕابواردن به‌خوشک و براکانی، چونکوو ئه‌و هه‌تا بڵێی کوڕێکی قسه خۆش و سواعبهتچی بووه و ڕه‌نگه له‌وباره‌یه‌وه وێنه‌ی زۆر که‌م بووبێ.وا وێده‌چی لویس وزه و ئه‌نێرژییه‌کی له بن نه‌هاتووی بووبێ، و بهلێکبهسترانی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه له هێزی خه‌یاڵ و بیری تیژی بووه به ئینسانێکی بوێری چاوڕهواننهکراو.
ئێمه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که بنه‌ماڵه‌ی لویس تا ساڵی1895 له‌و کێڵگه‌یه‌ی باسمان کرد ژیاون. نامه‌یه‌ک به ده‌سته‌وه‌یه ئاماژه‌یه‌کی کورت ده‌کا به‌و ڕاستییه‌ی که فاسومه‌کان له ساڵی 1887 له والینگفۆرد بوون کاتێک که کلیسای ئێمانوێلی ڕۆژئاوا دروست کراوه. لویس له 22ی ئاوریلی 1894 لایه‌ن پاستۆر ئێنگ له کلیسای ئێمانوێلی ڕۆژهه‌ڵات به ڕه‌سمی وه‌ک ئه‌ندامی کلیسا وه‌رگیراوه. له به‌هار یان هاوینی ساڵی 1895 هه‌موو بنه‌ماڵه‌که گوێستوویانهتهوه بۆ ئێلم سپرینگس (Elm Springs ) له ئارکانساس،له به‌ر ئه‌وه‌ی بابی لویس نه‌خۆشی روماتیسمی بووه. بنه‌ماڵه‌که سێ ساڵ له‌وێ ژیاون به‌رله‌وه‌ێ جارێکی دیکه باربکهنهوه بۆ والینگفۆرد.
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ی که فاسومه‌کان چوون بۆ ئارکانساس، لویس له کالیجی سه‌نت ئانسگار،Ansgar له ئیۆ وا ،Iowa نێو نووسی کرد، که ئه‌و ده‌می له نێو کالیجه‌کانی ئینجیلیی لوتێری دا کۆنترین کالیج بوو. لویس له کاتی خوێندنی له سه‌نت ئانسگار، هاوینان له سیلیندر، له ئیۆ وا ده‌رسی ده‌گوته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لویس قۆناخی'ئاسایی" و " ئاکادێمی" له سه‌نت ئانسگار خوێند، زۆر باش ئاماده بوو بۆ خوێندنی به‌رزتر کاتێک که له ساڵی 1899 له پۆلێکی یازده‌که‌سی دا خوێندنی کالیجی ته‌واو کرد. کالیجی سه‌نت ئانسگار، بێ گۆمان ڕێبازی ئه‌وه بوو یارمه‌تی بکا بۆ په‌روه‌رده‌کردنی پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه قه‌شه، جا بۆیه له‌وانه‌یه لویس به په‌روه‌رده‌یه‌کی باشی تێئۆلۆژییهوه له ساڵی 1899 چووبێته حه‌وزه‌ی عیلیمییهی لوتێری یه‌کگرتووی نۆروێژی له سه‌نت پاول بۆ درێژه‌دان به خوێندن. ئه‌و له ساڵی 1902 له‌وێ خوێندنی ته‌واو کرد و له‌مانگی مای دا پله‌ی قه‌شه‌یه‌تی درایه. له وێنه‌یه‌کی ساڵی 1909ی‌دا له پێش نێوی دوو تیپی D.D. ( دوکتوری ئیلاهییات) نووسراوه، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌و ده‌می هه‌ر ده‌ره‌جه‌ی B.D. ( لیسانسی ئیلاهیات)ی هه‌بووبێ.
به‌داخه‌وه، ئه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده زانیارییه‌یه که ئه‌من توانیومه سه‌باره‌ت به ژیانی به‌رایی و خوێندنی فاسوم گردوکۆی بکه‌م. ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن په‌ڕاگه‌نده و جاروبار له‌گه‌ڵ یه‌کدی ناگونجێن.هه‌رچۆنێک بێ، به‌پێی تێخوێندنه‌وه‌ی من ڕوون ده‌بێته‌وه که لویس کوڕێک بوو که ژینی پێ خۆش بوو و ئاوێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی شادی، باش – حاوانه‌وه و، ڕه‌زایه‌ت و ئاسووده‌یی بوو. به‌ڵام ئه‌و به‌هیچ جۆر خۆ له کن زۆر و له خۆ ڕازی نه‌بوو. چونکوو چالاک بوون و ده‌کار کردنی ئه‌وپه‌ڕی وزه و توانایی له هه‌موو شتێک دا و هه‌ر ئه‌رکێکی به ئه‌ستۆیه‌وه ده‌گرت خه‌سڵه‌تی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای وی بوون. له ژیان دا دروشمی ئه‌وه بوو،" ئه‌من ههڵدهپرووکێم به‌ڵام ژه‌نگ ناهێنم." له ژیانی دواتری دا ئه‌و ته‌بیعه‌ت و بۆچوونه زۆرجار به ڕآشکاوی ده‌رده‌که‌وێ و چه‌ند باره ده‌بێته‌وه،
قه‌شه‌یه‌تی به‌رایی
فاسوم له 10ی سێپتامبری 1902، له‌گه‌ڵ ئۆدین گرانگارد ( به پاشناوی ڕا ده‌رده‌که‌وێ که هاوسه‌ری فاسومیش ڕه‌چه‌ڵه‌کی نۆڕوێژی هه‌بووه - وه‌رگێڕ) ی خه‌ڵکی واوکۆن، له ئه‌یاله‌تی ئیۆوا زه‌ماوه‌ندی کرد. ئه‌وان یه‌که‌مجار له ترێنێک دا که به‌ره‌و ئێمێتسبورگ، لهئێۆوا ده‌چوو یه‌کتریان ناسی. ئه‌وه له سه‌روبه‌ندێک دا بوو که پیاوێکی وێچوو به نێوی فرانک لوند به‌ده‌وروبه‌ری ئۆدین دا ده‌هات. ئۆدین که گشت دۆسته‌کانی به دینا بانگیان ده‌کرد، ئه‌و ده‌می له مه‌دره‌سه‌کانی قالینگفۆرد و ده‌وروبه‌ری دا ده‌رسی ده‌گوته‌وه.لویس و دینا له نزیک واوکۆن له کلیسای یۆنانی ئۆلد وێست په‌ینت په‌یمانی ژنووشووییان به‌ست. ئه‌و وێنانه‌ی له ڕێوڕه‌سمی شاییه‌که‌یاندا هه‌ڵگیراون ده‌ریده‌خه‌ن شاییه‌کی زۆر گه‌وره‌یان کردووه و له دۆست و ناسیاوێکی زۆریان گێڕاوه‌ته‌وه، و باندی مووزیکی سێنتر سیتی زۆربه‌ی ئێواره‌که ژهنیویه و که‌شوهه‌وایه‌کی گه‌رم هه‌بووه.
فاسوم و دینا هه‌ر به دوای زه‌ماوه‌ند دا باروبه‌ندیلی خۆیان پێچاوه و چوون بۆ سڵایتۆن، له مینێسوتا، له‌وێ فاسوم بانگ کرابوو بێ و وه‌ک که‌شیش ده‌ست به‌کار بکا. دوو ساڵ ژیانیان له سڵایتۆن گه‌لێک خۆش و گه‌رم بوو. فاسوم توانایی گه‌وره‌ی قسه کردن و ده‌نگی خۆشی خۆی به‌کار ده‌هێنا بۆ ڕاکێشان و زیادکردنی ئه‌و ئیماندارانه‌ی سه‌ری کلیسایان ده‌دا له سڵایتۆن و سه‌قامگیرکردنیان. دیناش وێڕای ناسیاوی په‌یدا کردن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان خه‌ریکی په‌یدا کردنی که‌لوپه‌لی نێوماڵ و پێداویستییه‌کانی دی بوو بۆ ئه‌وه‌ی ماڵێکی ته‌یار و ئاسووده‌یان هه‌بێ. منداڵی یه‌که‌میان، ئالفیا، له مانگی ئووتی ساڵی 1903 له ماڵی قه‌شه‌ی ناوچه‌یی له سڵایتۆن چاوی به دنیا پشکووت.
کاتێک فاسوم له سڵایتۆن خزمه‌تی ده‌کردله هاوێنی ساڵی 1904، جه‌نابی مه‌له‌ک، که قه‌شه‌یه‌کی ئێرانی بوو هات بۆ سه‌ردانی. جه‌نابی مه‌له‌ک به مه‌به‌ستی یارمه‌تی وه‌رگرتن بۆ ئێرانییه نه‌ستورییه‌کان هاتبووه ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، داوای یارمه‌تی له فاسومیش کرد. فاسوم ئه‌وه‌ی زۆر وه‌به‌ردڵ که‌وت ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێ له نێو خه‌ڵکی هه‌ژار له‌وڵاتێکی دووره ده‌ست دا بانگه‌شه بۆ ئینجیل بکا، بۆیه له کلیسای سڵایتۆن ده‌ستی له‌کار کێشایه‌وه. ئه‌و له مانگی سێپتامبری ئه‌و ساڵه دا وه‌عزی ماڵاوایی له سلایتۆن دادا. له هه‌مان کاتدا دیناش خه‌ریکی فرۆشتنی که‌لوپه‌له‌کانی نێو ماڵیان بوو. ئه‌وان له 26ی سێپتامبری ساڵی 1904، سڵایتۆن یان به‌جێهێشت.
بۆ ساڵی دواتر به‌ڵگه‌کان هێندێک ناڕوونن، به‌ڵام ئه‌من وای بۆ ده‌چم له‌وماوه‌یه دا فاسوم و مه‌له‌ک بێرو به‌وێ، به کلیسای جۆر به جۆر دا گه‌ڕابن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ کارکردنیان ده‌نێو ئێرانییه‌کاندا. له 17ی مانگی ئووتی ساڵی 1905 له کلیسای ئۆڵد ئیست په‌ینت له واوکۆن ڕێوڕه‌سمی ماڵاوایی بۆ فاسوم به‌جێ هات، و له 31ی ئووت فاسوم، دینا، ئالفیا و مه‌له‌ک به که‌شتی به‌ره‌و ئێران وه‌ڕێ که‌وتن.
ده نێو نهستورییهکاندا
فاسوم و مه‌له‌ک له ورمێ ده‌ستیان به‌کار کرد، ئه‌و شاره له ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ورمێ هه‌ڵکه‌وتووه. له‌وێ ژماره‌یه‌کی زۆر نه‌ستوری هه‌بوون( که دامه‌زرانیان له‌و ناوچه‌یه ده‌گه‌ڕاوه سه‌ده‌ی سێیه‌م)، بۆیه کارێکی زۆر هه‌بوو که ده‌بوو بیکه‌ن ئه‌گه‌رچی له‌و سه‌روبه‌ندی دا میسیۆنێره پرێسبیتێرییه‌کان (Presbyterians ) یش چه‌ندین ساڵ بوو له‌وێ خزمه‌تیان ده‌کرد.فاسوم له‌وێ زۆر به‌گوڕ ملی ده‌به‌ر کارنا و نامه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ده‌نووسی بۆ ئه‌مریکا بۆ داوای دۆعای به‌خێر بۆکردنیان و پشتیوانی. کاره‌که‌یان پێشکه‌وت، به‌ڵام ئه‌و یارمه‌تییه داراییه‌ی پێیان ده‌کرا یه‌کجار که‌م بوو و به‌شی هیچی نه‌ده‌کرد. دوا جار جه‌نابی ئێم.ئۆ. وی له ئه‌مریکاوه ناردرایه ورمێ بۆ ئه‌وه‌ی لێی بکۆڵێته‌وه که کاروباره‌کان چۆن ده‌ڕۆن. له‌وێ وی بۆی ده‌رکه‌وت جه‌نابی مه‌له‌ک ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆیان ناردراوه خستوویه‌ته ته‌نکه‌ی باغڵی خۆیه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی فاسوم پێی بزانێ.( چونکو مه‌له‌ک بۆ خۆی به سه‌ر وه‌رگرتنی نامه و ئه‌و پۆسته‌ی بۆیان ده‌هات ڕاده‌گه‌یشت). ئیدی ئه‌و ده‌می مه‌له‌ک خۆی بزر کردبوو، و وێده‌چوو به‌ره‌و ئاڵمان تێی قووچاندبێ.
دینا له ورمێ له به‌ر ئه‌وه‌ی له نێو خه‌ڵکێکی غه‌ریب و به خووخده‌ی غه‌ریبه‌وه دا بوو ژیانێکی زۆر ناخۆشی هه‌بوو. ئه‌و به که‌سێکی سه‌یر داده‌ندرا چونکوو ڕه‌سم بوو ژنان له کووچه و کۆڵانان ته‌واو خۆیان داپۆشن. هه‌میشه که له گه‌ڵ ئالفیا له ماڵێ ده‌رده‌که‌وتن ده‌بوو بۆ پاراستنیان کێشکچییهکیان له‌گه‌ڵ بێ و قه‌تیان به‌ته‌نێ به جێ نه‌هێڵێ. ئه‌و حه‌ره‌سه جلوبه‌رگی عه‌سکه‌ریی ترکی ده‌به‌ر ده‌کرد چونکوو ئێرانییه‌کان زۆر زیاتر له ترکه‌کان ده‌ترسان و به‌وشێوه‌یه ئه‌گه‌ری حه‌ولی سهدهمهگهیاندن به دینا یان ئالفیا که‌متر ده‌بووه‌وه.
فاسوم ده‌ستیکرد به فێر بوونی زمانی کوردی و وه‌رگێڕانی بنه‌ماکانی ئایینی مه‌سیحییه‌ت ( catechism ). ئالفیا، که زۆر منداڵ بوو، یارمه‌تییه‌کی ته‌واو بوو بۆ فاسوم چونکوو ئه‌و ڕۆژانه له گه‌ڵ منداڵه ئێرانییه‌کان کایه‌ی ده‌کرد و زۆر زوو زمانه‌که‌یان فێر ببوو (تێبینی وه‌رگێڕ: نووسه‌ر ئه‌وه‌ی دیاریی نه‌کردووه مه‌به‌ستی له‌کام زمانه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی فارسی بێ بڕێک جێی گومانه، چونکوو له ورمێ ئه‌و ده‌می خه‌ڵک یان به کوردی یان ترکی ئازه‌ربایجانی، یان هه‌رمه‌نیی و ئاسوری قسه‌یان کردووه!).ئالفیا نۆروێژی و سوریانیشی به ڕه‌وانی ده‌زانی.
له‌پڕ کاره‌ساتێک قه‌وما، ئالفیای پچکۆڵانه تووشی نه‌خۆشی تیفۆس و بڕۆنشیت هات و له 3ی ئۆکتۆبری 1907 مرد. فاسوم له ماڵێ له دار تابووتێکی بۆ دروست کرد و له چیای سیر له ده‌ره‌وه‌ی ورمێ به خاکی ئه‌سپارد.ده‌بێ چه‌نده به‌په‌ژاره بووبێ که تاقه منداڵیان له وڵاتێکی نه‌ناسراوی،دڕنده و وه‌حشی و دوور له ماڵ و زێدی خۆیان له کیس بده‌ن!
دیناش تووشی نه‌خۆشی تیفۆس هاتبوو، ئه‌و هێنده به‌هێز و توف نه‌بوو که بۆ ژیان له وڵاتێکی ئاوا دووره‌ده‌ست دا پێویسته. کاتێک ئالفیا مرد ئه‌و نۆ حه‌وتوو بوو به جێ و بان که‌وتبوو.فاسوم لێبڕا باشتر وایه هه‌رچی زووتره بینێرێته‌وه ئه‌مریکا، و کچێکی هه‌تیوی سێزدهساڵه به نێوی شاکر[ه]ی له‌گه‌ڵ خست بۆ ئه‌وه‌ی له‌وسه‌فه‌ره دوورودرێژه دا هاوڕێیه‌تی دینا بکا چونکوو ئه‌و بۆ خۆی ئه‌و ده‌می نه‌ده‌کرا ده‌ست له هه‌موو شتێک هه‌ڵگڕێ و له‌گه‌ڵی بچێته‌وه. دینا و شاکر له 21ی مانگی مای ساڵی 1908 گه‌یشتنه‌وه په‌ینت گریک له ئیۆوا. دینا به‌رله‌وه‌ی بناوبیر بێته‌وه به‌گشتی بیست و یه‌ک حه‌وتوو به ده‌ست نه‌خۆشیی تیفۆسهوه ناڵاندبووی! هه‌تا زستانی دواتری پێ چوو که فاسوم بێته‌وه ئه‌مریکا و به‌یه‌ک شادوشوکر ببنه‌وه.
ژیان له شیکاگۆ و کار کردن له کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی لوتێری دا
فاسوم له 27ی نۆڤامبری 1908 ، بانگه‌وازێکی له لایه‌ن لوتێرهکانی ئێمائۆسی شیکاگۆ بۆ کارکردن به‌ده‌ست گه‌یشت. ئه‌وه بووه هۆی پێخۆشبوونی دینا و له لای خۆی بیری ده‌کرده‌وه " ئیدی ئێستا له‌مه‌ودوا هه‌ستمان وه‌ک یه‌ک وایه و ده‌توانین دیسان ماڵێک پێکه‌وه بنێین". به‌ڵام ئیدی تا ئه‌و ده‌مه دینا به‌وه ڕاهاتبوو له هه‌دانه‌دان و هه‌ڵپه‌ی مێرده‌که‌ی تێ‌بگا و قه‌بووڵیان بکا. جا بۆیه بڕیاری دا له شیکاگۆ هێنده خۆی به شتی مادییه‌وه نه‌به‌ستێته‌وه نه‌کا له پڕێکدا فاسوم دیسان سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێ و بار بکه‌ن. ئه‌وان زۆری پێگهشانهوه کاتێک منداڵی دووهه‌میان له 27ی ئۆکتۆبری 1909 له نه‌خۆشخانه‌ی خزمه‌تکارانی کلیسا له شیکاگۆ چاوی به دنیا هه‌ڵهێنا. ئه‌وان ئه‌و منداڵه‌شیان، بۆ ڕێزلێنان له‌بیره‌وه‌ری ئه‌و ئالفیایهی وا له چیای سیر له ئێران نێژراوه، نێو نا ئالفیا.
ئێمائۆس کۆمه‌ڵه‌یه‌کی زۆر پچووکی عیباده‌تکارانی نۆڕوێژی بوو، و فاسوم زۆر به سوێوه بوو ملی لێ بسوێ و په‌ره‌ی پێ‌بدا و گه‌وره‌تری کاته‌وه. ئه‌و وه‌ک هه‌میشه سه‌ری قاڵ بوو سه‌عات 11ی به‌یانی به زمانی نۆروێژی مه‌وعیزه‌ی ده‌کرد، له سه‌عات 2ی دوای پاشنوێژێ له مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیان ده‌رسی ده‌گوته‌وه، سه‌عات پێنجی ئێواران له کۆبوونه‌وه‌ی گه‌نجان دا به‌شداری ده‌کرد، و سه‌عات 8ی شه‌وێش له ڕێوڕه‌سمی دۆعا و پاڕانه‌وه به زمانی ئینگلیسی دا به‌شداری ده‌کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌رقاڵ بوونه چڕ و پڕه‌ی، هه‌میشه‌ش کاتێکی ده‌یته‌وه بۆ خوێندنه‌وه و فێر بوون. ده‌گێڕنه‌وه ئه‌و ته‌نانه‌ت کاتێک به ڕێگه‌ش دا ڕۆیشتووه یان سواری ترامواش بووه سه‌ری له سه‌ر کتێب هه‌ڵنه‌گرتووه.
خه‌مساردی فاسوم له ئاست ماڵی دنیایێ له به‌سه‌رهاتێکدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه که یه‌کێک له دۆسته‌کانی ، جان گرۆنلی گێراویه‌ته‌وه که پێشتر مجێوری کلیسا ده‌بێ و دواتر وه‌ک میسیۆنێر چووه‌ته چینێ. وا وێده‌چێ که فاسۆم و جان دۆستی گیانی به گیانی بوون و جان ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتووه کردوویه بۆ یارمه‌تیدانی فاسوم. جان زۆر به ئاواته‌وه ده‌بێ له کالیج درێژه به خوێندن بدا. شه‌وێکیان دوای داخستنی ده‌رگاکانی کلیسا و ته‌واو بوونی عیبادهت و پاڕانه‌وه به زمانی ئینگلیسی، جان ڕوو له فاسوم ده‌کا و ئاواته‌کانی خۆی بۆ پاشه‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ ده‌هێنێته گۆرێ. فاسوم له وڵامی دا ده‌ڵێ: " ئه‌من په‌نجا دۆڵارم له گیرفان دایه. ئه‌گه‌ر پێوه‌ی بچییه مه‌دره‌سه، ده‌بێ ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ تۆ بێ."
وا وێده‌چێ ئه‌وه ڕاست بێ ئه‌وکاتانه‌ی که فاسوم هێشتا که‌شیشی کۆمه‌ڵه‌ی ئێمائۆس بووه، سه‌فه‌ری کردبێ بۆ ئێدینبورگ له سکاتله‌ند له ساڵی 1910 بۆ به‌شداری کردن له کۆنفرانسی میسیونێری ئێدینبورگ دا. هێندێک شک و گومان له سه‌ر ئه‌وه هه‌یه که ئه‌و به شه‌خسه له‌و کۆنفڕانسه دا به‌شداری کردبێ. به‌ڵام ئه‌من پێم وایه ئه‌و بۆخۆی له‌و کۆنفڕانسه دا ئاماده بووه. له‌و کۆنفڕانسه دا نوێنه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕاڕه‌وی پرۆتێستان بۆ خزمه‌تی میسیۆنی له هه‌نده‌ران له ئێدینبورگ کۆده‌بوونه‌وه بۆ باسکردن له سه‌ر هه‌ڵبژاردنی شوێنی پێشکێش کردنی خزمه‌تی میسیۆنی له داهاتوو دا و بۆ بهرفرهوانکردنهوهی کاره‌که‌یان، ئه‌من پێم وایه فاسوم ببڕببڕ ده‌یه‌ویست له‌کۆنفڕانسێکی ئه‌وتۆ دا به‌شدار بێ. ئه‌و به‌شدارییه به ڕاگه‌یێندراوێک له لایه‌ن دوکتور جان نیوتۆن ڕایت وه پشتی ده‌گیرێ که له ژماره‌ی مارسی 1945ی " کوردستان میشنێری" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه: [تێبینی وه‌رگێر: وادیاره نووسه‌ر له‌وه ورد نه‌بووه‌ته‌وه که گۆواره‌که له‌و سه‌روبه‌نده دا ئیدی نێوی " کوردستان میشنێری" نا، به‌ڵکو " ئۆریانت می‌شن" بووه]
" کاتێک له کۆنفڕانسی جیهانی میسیۆنێری بووین، که‌شیش ماورێر و سه‌رۆکی میسیۆنی هێرمانسبورگ، پرۆفێسۆر. کارڵ روێبێلێن، جه‌نابی هۆێگبهری، پڕۆفێسۆر ئێم.ئۆ. وی و جه‌نابی ئێل. ئو. فاسوم له گه‌ڵ دوکتور رۆبێرت سپیر ومن خۆم کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان کرد و باسی چوون و کارکردنمان کرد له مه‌ڵبه‌ندی کوردی."
کۆنفڕانسی ئێدینبورگ بڕیاری دا کار کردن له هه‌رێمی کوردستان ( ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه و ڕؤژئاوای ئێران) به کلیسای لوتێری له ئه‌مریکا بسپێرێ. دیاره ئه‌وه ڕاسپارده‌یه‌کی هێندێک لێل بوو چونکوو له‌و سه‌روبه‌ندی دا ده نێو کلیسای لوتێری دا زۆر ئه‌نجومه‌نی کلیسایی هه‌بوون. فاسوم به‌ڕاستیش لایه‌نگرێکی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کێتی بوو ده‌نێو ئه‌نجومه‌نه‌کاندا و "کوردستان میشنێری" ژماره‌ی مانگی ژووییه‌ی 1924 قسه‌یه‌کی وی ده‌گێڕێته‌وه که گوتبووی: " به‌گشتی بڵێم، ئه‌من ده‌رگای هه‌موو ئه‌نجومه‌نێکی کلیسای لوتێری ئه‌مریکام به‌ڕوو دا کراوه‌یه، ئه‌من داوای یارمه‌تیم له هه‌رکامیان کردبێ، زۆر سه‌خی بوون." جا بۆیه فاسوم ده‌ستپێشخه‌ری کرد و له‌نێوان 6- 8 ی سێپتامبری 1910، له بێروین، له ئیلێنۆی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕێکخست، که که‌شیشه‌کانی نوێنه‌ری شه‌ش ئه‌نجومه‌نی کلیسایی به‌شدارییان تێدا کرد. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا " کۆمه‌ڵه‌ی هاوبه‌شی ئه‌نجومه‌نه‌کانی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" دامه‌زرێندرا. فاسوم و جه‌نابی لاماردین وه‌کوو دووئێدیتۆری :" کوردستان میشنێری" هه‌ڵبژێردران، یه‌که‌م ژماره‌ی ئه‌و گۆواره له مانگی ئۆکتۆبری ساڵی 1910 دا ده‌رکه‌وت.
مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی که که‌شیشێک یان میسیۆنێرێک له‌و کاته‌ی له پشوو دا بانگ ده‌کرێ ده‌ست له پشوودان هه‌ڵگرێ و خۆی به‌ختی ڕێگای خوڵای بکا هه‌میشه بابه‌تێکی سرنجڕاکێشه. سه‌باره‌ت به فاسوم ئه‌من پێم وایه ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه بلێین که بۆ وی گرینگ ئه‌وه بوو په‌یامی ئینجێل بگه‌یێنه‌ته خه‌ڵکی هه‌ره دوور له وڵاتی خۆی و له‌و پێناوه دا ئاماده بوو ده‌ست له‌هه‌موو شتی دی به‌ردا. سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته له زمان وییه‌وه زۆر شت نووسراوه. بۆ وێنه "کوردستان میشنێری" له ژماره‌ی سێپتامبری1919 ی خۆیدا له زمان فاسومه‌وه ده‌نووسێ:
" له دڵی مندا ئاواتی ئه‌وه‌ی که ببمه ڕاگوێزه‌رێکی په‌یامی ئینجیل و میسیۆنێرێک له‌و سه‌روبه‌نده‌ی دا که هێشتا له ته‌مه‌نی ده یان دوازده ساڵانه دا بووم چه‌که‌ره‌ی کردبوو. ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌مه‌نم له نێوان 15 و 17 ساڵانه دا بوو بیرم به‌ره‌و چین ده‌چوو، چونکوو له چه‌ندین بۆنان دا گوێم له قسه‌ی میسیونێران ببوو که باسی پێداویستی گه‌وره‌ی کرێکارانیان ده‌کرد له‌و وڵاته. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،ئاواتم ئه‌وه بوو بچمه جێیه‌کی ئه‌وتۆ که که‌سی نهچووبێتێ و پێداویستی به یارمه‌تی هه‌ره گه‌وره هه‌بێ."
و له‌و سه‌روبه‌نده‌ش که هێشتا له کۆمه‌ڵه‌ی ئێمائۆس له شیکاگۆ کاری ده‌کرد جارێکیان گوتبووی، " ئه‌من لێره له شیکاگۆ، ئه‌وه‌ندم وه‌عزی قسه‌کانی خوڵای داداوه که ده‌کرێ هه‌موو چین خڕی له دین وه‌رگه‌ڕێنێ!". ئه‌و هه‌ستی " بانگکرانه" له‌هه‌ستی "میسیۆن " هه‌بوونیشی دا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، به‌و جۆره‌ی که " کوردستان میشنێری" له ژماره‌ی مانگی ژووییه‌ی ساڵی 1924 دا ده‌یگێڕێته‌وه:
" ئه‌وه شتێکی زۆر جێی په‌ژاره‌یه کاتێک که‌سێک سنووری بیر و باوه‌ڕ و چالاکییه‌کانی، له نێوخۆی وڵات یان له هه‌نده‌ران هه‌ر له بوارێکی ته‌سک دا به‌رته‌نگ بکا، و ئه‌وه ببێته تاقه شتی پاڕانه‌وه و له خۆ بووردنی."
هیوا دارم گێڕانه‌وه‌ی قسه‌کانی فاسوم وه‌کوو خۆی ئه‌وه ڕوون بکاته‌وه بۆچی ئه‌وکارانه‌ی کرد و چی کرد. پێداویستی یه‌کجار زۆر و گه‌وره بوو، ڕه‌نگه ئه‌وه هۆی سه‌ره‌کی بووبێ که ئه‌و هه‌ستی کردبێ بۆ خزمه‌ت "بانگ کراوه". هه‌ر وه‌ها، ئه‌و هه‌میشه که‌سێکی سه‌ر به گۆنگه‌ڵ بوو، شوێنی غه‌ریب و خه‌ڵکی غه‌ریب و نه‌ناسراو بێگومان هه‌میشه ئه‌ویان به‌ره‌ولای خۆ ڕاده‌کێشا. و ئاواتی بۆ ئه‌وه‌ی بچێته جێیه‌ک که‌که‌سی نهچووهتێ ئه‌وه ده‌رده‌خا که بۆچوونی چه‌نده به‌رزه‌فڕانه بووه له ئاست هه‌رشت و هه‌موو شتێک دا. دوکتور ئێدمان و هاوسه‌ریشی که سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی کلیسایی ئاوگوستانا بوون به ده‌نگ بانگه‌وازه‌که‌وه هاتن، و بۆ زۆربه‌ی کاتی ساڵی دواتر فاسوم و ئێدمان له ئه‌مریکا جێیه‌کی وا نه‌ما سه‌ری پێدانه‌که‌ن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و یارمه‌تی وه‌رگرتن بۆ ئه‌و کاره هه‌موو لایه‌نه‌یه‌ی ئه‌وان به ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات دا له به‌ر خۆیان ڕۆنابوو. تا مانگی مارسی 1911، نزیکه‌ی هه‌شتسه‌د که‌س " کوردستان میشنێری" یان ئابوونه کردبوو. مانگی دواتر له گۆواره‌که دا داوخوازینامه‌یه‌ک بۆ یارمه‌تی جۆر به‌جۆر له که‌لوپه‌له‌وه بگره تا ئامراز و پێداویستیی ده‌رمانی بۆ ماڵی میسیۆنێری بڵاو کرایه‌وه.له سێیه‌مین کۆنفڕانسی کۆمه‌ڵه که که له نێوان 28- 30ی مانگی ئاوریل دا به‌سترا، به‌گشتی هه‌بوونی بوودجه‌یه‌کی 1500 دۆڵاری به ئامانج داندرا.
ئیدی ئه‌وجار وایان بڕیاردا دینا هاوڕێیه‌تی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی فاسوم نه‌کا له به‌ر ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و لێ پیس کردنی نه‌خۆشییه‌که‌ی. بۆ پێنج ساڵی دواتر دینا و ئالفیای کچی ده‌بوو له واوکۆن، لهئیۆوا بمێننه‌وه له کاتێکدا هاوسه‌ره‌که‌ی له‌و سه‌ری دنیا بوو.باشه دوو ئینسان له ڕیبازی خزمه‌ت به‌خوڵای دا چ فیداکارییه‌کی گه‌وره‌تر له‌وه ده‌توانن بکه‌ن؟ دینا هه‌رچی که‌لوپه‌لی نێوماڵی له شیکاگۆ وه‌سه‌ریه‌کیان نابوو فرۆشتی و به‌وه گه‌یشت که هه‌بوونی مادییات له ژیاندا شتی هه‌ره گه‌وره نییه.
فاسوم له ساڵی 1911 له پێنتکۆست له والینگفۆرد ماڵاوایی له دۆستان و خزمانی خواست و له واوکۆنیش له 16ی مانگی ژوه‌ن ماڵاوایی له دینا و ئالفیا کرد. ده‌بێ چ ده‌مێکی ناخۆش بووبێ! فاسوم له نیۆیۆرک له‌گه‌ڵ دوکتور ئێدمان و هاوسه‌ری یه‌کتریان گرته‌وه، و هه‌رسێکیان به‌یه‌که‌وه له 15ی ژووییه‌ی ساڵی 1911 له نیۆیۆرک سواری که‌شتی هه‌ڵمیی " عه‌ڕه‌بییه" بوون و وه‌ڕێ که‌وتن. ئه‌وان له پێشدا چوونه ئاڵمان له‌وێ له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی هێرمانسبورگ پێوه‌ندییان کرد که هه‌موو جۆره کاروبار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پێشووی خۆی له ئێران به‌وان ئه‌سپارد. یای ئاگوستا گودهارت خه‌ڵکی ڕووسییه [ یای گودهارت خه‌ڵکی ڕووسییه نه‌بوو، به‌ڵکوو به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی سنووری له‌هیستان – لیتوانیا بوو که ئه‌وده‌می به‌شێک بوون له ئیمپراتوری ڕووسییه و له ته‌مه‌نی 16 ساڵه‌یی دا چوو بووه ئه‌مریکا، له‌وێ خوێندبووی و ببووه شارۆمه‌ندی ئه‌مریکا – تێبینی وه‌رگێڕ) و یای مێتا فۆن دێر شولنبێرگ خه‌ڵکی ئاڵمان ده‌بوو له‌گه‌ڵیان که‌ون به‌ره‌و ساوجبولاغ، له کوردستان ، که ده‌بوو به نێوه‌ندی چالاکییه‌کانیان.
یای گودهارت، که نه‌خۆشه‌وانێکی په‌روه‌رده دیتوو بوو، له 18ی فێڤرییه‌ی 1912 له کلیسای ئینجیلیی ترینیتی له پیتسبورگ به ڕسمی ڕاسپارده‌ی کاری میسیۆنی پێ ئه‌سپێردرا، به‌ڵام تا19ی مانگی 1913ی پێ چوو بگاته ساوجبولاغ چونکوو له ڕووسییه له به‌ر کێشه‌ی پاسپۆرت ڕایان گرت، ئه‌وانی دیکه واته، فاسوم، دوکتور ئێدمان، هاوسه‌ری و یای مێتا فۆن دێرشولنبێرگ له 6ی سێپتامبری ساڵی 1911 گه‌یشتنه ساوجبولاغ.
له ساوجبولاغێ
کورد ڕه‌گه‌زێکی ئازا، جوامێر، سهرزیندوون له ڕه‌چه‌ڵه‌کی هیندوئوڕووپایی. ئه‌وان وه‌حشی، ناشارستانی و نه‌خوێنده‌وارن به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تا بڵێی به‌هۆشن و پێیان خۆشه فێربن.ئه‌وان نموونه‌ی خه‌ڵکێکی چیایین به‌وشێوه‌یه‌ی که له‌ئاست دۆستانیان وه‌فادارن وله که‌سی بێگانه دڕدۆنگن تا ئه‌وه‌ی که کابرا خۆی ده‌سه‌لمێنێ. سنعاتی سه‌ره‌کییان به‌خێوکردنی مه‌ڕوماڵات، ئه‌سپ و بزنه. ڕێگری به پیشه‌یه‌کی جێی شانازی ده‌زانن. له ڕاستییدا پیاوێکی کورد ناتوانێ له بنه‌ماڵه‌یه‌کی نه‌جیب کچ بخوازێ تائه‌وه‌ی که نهیسهلماندبێ دز و ڕێگرێکی سه‌رکه‌وتوویه. ئه‌و ده‌مه‌ی که فاسوم و ئه‌وان چوونه وێنده‌رێ کورد نزیکه‌ی چوارمیلیۆن و محه‌مه‌دی بوون سه‌ربه ڕاڕه‌وی سوننی ( که ده‌مارگرژ نین). سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رییان به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م عه‌شیره‌تییه، و له ماڵێ دا باب وه‌ک بابمهزنێک به‌ردی بناخه‌ی سیستمی عه‌شیره‌تییه.
له‌و زه‌مانیدا کوردستان بریتی بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه، باکووری عێراق و ڕۆژئاوای باکووری ئێران. له نێوان ساڵانی 1900 و 1910 دا شۆڕشی ئێران سه‌ری هه‌ڵدا و له‌و ڕووداوانه دا هه‌م کورده‌کان و هه‌م ترکه‌کان وڵاته‌که‌یان داگیر کرد تا ئه‌وه‌ی دواجار ڕووسه‌کان هێمنییان دابین کرده‌وه. له ده‌ورو به‌ری ساڵی 1911 سه‌رهه‌ڵدانێک به‌دژی ئه‌خلاقی سووک و ئه‌و خووخده کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له گۆڕێ‌دا بوون کرا.
فاسوم هاته شوێن و ده‌وروبه‌رێک که که‌شوهه‌وایه‌کی ئه‌وتۆ باڵی به‌سه‌ردا کێشابوو. ئه‌و ده‌می ساوجبولاغ به حه‌شیمه‌تێکی 10 هه‌تا 15 هه‌زار که‌سییه‌وه، گه‌وره‌ترین شاری کوردستان بوو. ووشه‌که بۆخۆی به‌مانای " سه‌رچاوه‌ی ئاوی سارده" چونکوو له نزیک شاره‌که کانیاوی کانگای لێیه. ساوجبولاغ له دۆڵێکی شاخاوی دا که زه‌وی به‌بڕشتی هه‌یه هه‌ڵکه‌وتووه، به‌ڵام کاتێک وه‌رزی زستان ده‌گاتێ داڵده‌یه‌کی که‌می لێیه بۆ خۆ پاراستن له به‌فر و بۆران. مرۆ ده‌بێ ئینسانێکی توف بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌خڵه‌تییه ده‌رببا له شوێنێکی ئاوا ناهه‌موار و بێ به‌هره دا.
یه‌که‌م " ئه‌نجومه‌نی میسیۆنێری" میسیۆنی کوردستان له 15ی نۆڤامبری ساڵی 1911 پێک هات. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا ئێدمان وه‌کوو سه‌رۆک بۆ ساڵی یه‌که‌م هه‌ڵبژێردرا و فاسومیش وه‌ک سکرێتیر و خه‌زێنه‌دار. ده‌بوو کۆمه‌ڵێک له عیباده‌تکاران ڕێک بخرێن که هه‌موو ڕۆژێ له سه‌عات ده‌ونیوی سه‌رله به‌یانی له ژووری ده‌رمانگه بۆ نزا و پاڕانه‌وه کۆببنه‌وه، و هه‌ر وه‌ها ده‌بوو مه‌دره‌سه‌یه‌کی یهکشهمۆیانهش به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ڕێک بخرێ. که‌لوپه‌لی خوێندن، دا‌و وده‌رمان و خانوویه‌کی که بۆ حاوانه‌وه ببێ ته‌نێ چه‌ند شتێک بوون له نێو ئه‌و شتانه‌ی دا که پێداویستییان پێ هه‌بوو. فاسوم ژماره‌یه‌کی زۆر نامه‌ی بۆ ئه‌مریکا نارد و داوخوازی دراو و دا‌و ده‌رمانی ده‌کرد ( چه‌ندێک له‌و نامانه‌م له به‌ر ده‌ست دایه).
کاروبار زۆر به سستی به‌ره‌وپێش ده‌چوون. تا ساڵی 1915 خزمه‌تی پژیشکی بریتی بوو له ساز کردنی ده‌رمانگه‌یه‌ک و چاره‌کردنی نه‌خۆشان له‌ماڵان، به‌ڵام هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له گۆڕێ‌دا نه‌بوو. کارێکی زۆر کرا بۆ حاواندنه‌وه‌ی هه‌تیوان و منداڵانی بێ دایوباب ( میسیۆنێره پرێسبێتێرییه‌کان له‌و بواره دا له کۆنه‌وه زۆر چالاک بوون). له مانگی مای ساڵی 1912 کۆمه‌ڵه‌ی عیباده‌تکارانی ئینجیلیی لوتێری کوردی ماڵه خوڵای دامه‌زرا، و ئه‌وه‌ش خۆی پێشکه‌وتنێک بوو.
ئه‌من پێشتر ئاماژه‌م به‌و ڕاستییه کرد که فاسوم ده‌ستی کردبوو به فێر بوونی کوردی و هه‌ر وه‌ها ده‌ستی کردبوو به هێندێک وه‌رگێڕان هه‌ر ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی که له نێوان ساڵانی 1906 و 1909 دا له ورمێ بوو. ئه‌و هه‌میشه تواناییه‌کی خۆڕسکی زمانیی هه‌بوو ، و کلیسا به که‌لک وه‌رگرتن له‌و به‌هره گه‌وره‌یه‌ی وی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ی پێ ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بوو. وه‌ک باس ده‌کرێ فاسوم به حه‌وت زمانی جیاواز وه‌عزی دادا: سوێدی، نۆڕوێژی، دانماڕکی، ئاڵمانی، کوردی، سوریانی و ئینگلیسی. ئه‌و هه‌ر وه‌ها یۆنانی، عیبری، فه‌ڕانسه‌یی و ترکیشی ده‌زانی، جابۆیه ده ڕاستیدا مرۆ ده‌توانێ بڵێ که ئه‌و زمانناسێکی لێوه‌شاوه بوو!
زمانی کوردی زمانێکی ئه‌ده‌بی یه و له له‌هجه‌ی جۆر به جۆر پێک دێ ، جا بۆیه بۆ فاسوم خۆی له خۆیدا ئه‌رکێکی گران بوو بڕیار بدا که کام له‌و له‌هجانه به‌کار بهێنێ.چونکوو جیاوازییه له‌هجه‌ییه‌کان زیاتر جیاوازی ته‌له‌فوز و ڕاوێژ بوون تا ئه‌وه‌ی که جیاوازی ڕێزمانی بن. تا نۆڤامبری ساڵی 1912 ئه‌و وه‌رگێڕانی ئینجیلی مه‌تا و تا فێڤرییه‌ی ساڵی 1913 ئینجیلی یوحه‌ننا و لوقاشی ته‌واو کرد. ئه‌و کاری ئاماده‌کردنی کتێبێکی خوێندنی سه‌ره‌تایی و کتێبی ئه‌ژماردنی ته‌واو کرد، کورته‌یه‌ک له بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌تی لوتێری وه‌رگێڕا، و هه‌ر وه‌ها، سروودنامه‌یه‌ک به نێوی شێعرانی ڕوحانی (Landstad Hymnbook ) ئاماده‌کرد که پێنج سروودیشی تیدا بوو بۆخۆی داینابوون . فاسوم هه‌ر وه‌ها ڕۆژنامه‌یه‌کی مانگانه‌ی پچووکیشی به‌نێوی " محه‌مه‌دایه‌تی" گردوکۆ ده‌کرد.
ده‌ستکه‌وتی ئاوا، گه‌وره‌یی فاسوم مان ده‌هێنێته به‌رچاو. ئه‌و ده‌بێ کرێکارێکی ماندوویی نه‌ناس بوو بێ بۆ ئه‌وه‌ی گشت ئه‌وکاره ئه‌ده‌بییانه ڕاپه‌ڕێنێ سه‌رباقی خه‌ریک بوون و سه‌رقاڵبوونی به بانگه‌شه‌ی ئینجیلی و دا‌و ده‌رمان و کاروباری ئیدارییه‌وه. فاسوم به‌ڕاستیش به دڵێکی نزم و خۆ بهکهمگرتنهوه ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هاتبا بۆ کورده‌کانی ده‌کرد، و ئه‌من له‌هیچ کوێیه‌ک نه‌مدیتووه ئه‌و گله‌یی و گازن بکا بۆ ئه‌و هه‌موو کاره‌ی که خستبوویه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی و ڕاده‌ی پێشکه‌وتنی چالاکی و کاروباره‌کانیان.
تا ساڵی 1916 میسیۆنه‌که له ساوجبولاغ ببوو به که‌ندووی چالاکی. نێوه‌ندی میسیۆنه‌که چه‌ندین خانووبه‌ره‌ی هه‌بوو. هه‌تیوخانه‌یه‌ک، کلیسایه‌ک، و دواجار نه‌خۆشخانه‌یه‌ک ئه‌وه سه‌رباقی ده‌رمانگه.به‌ڵام دراویان هێشتا زۆر که‌م بوو بۆ کاره‌کانیان و ئه‌وه له نامه‌یه‌کی فاسوم دا که به‌رواری (21ی دیسامبری 1915)ی پێوه‌یه ڕه‌نگ ده‌داته‌وه که داوا ده‌کا به په‌له سێ هه‌زار دۆڵاریان بۆ بنێرن.
هه‌لومه‌رجی سیاسی گشت ئه‌وانه‌ی گۆڕی. له ساڵی 1914 ڕووسه‌کان ورمێ یان داگیر کرد، به‌ڵام له یه‌کی ژانڤییه‌ی 1915 هێزه‌کانی خۆیان له‌وێ کێشاوه و شاره‌که‌یان دا ده‌ستی ته‌ڕاتێن و کوشتوبڕی کورده‌کان، ترکه‌کان و ئێرانییه‌کان.ڕووسه‌کان دوای پێنج مانگ دیسان هاتنه‌وه، به‌ڵام له ساڵی 1917 دیسان پاشه‌کشه‌یان کرد. شه‌ڕی ڕووسییه - ئێران! [ مه‌به‌ستی نووسه‌ر ده‌بێ شه‌ڕی ڕووسییه - ترکییه‌ی عوسمانی بێ – وه‌رگێڕ) له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1915 ده‌ستی پێ‌کردبوو، و فه‌رمان درا میسیۆنێره‌کان ئه‌وێ بهجێبهێڵن . بۆیه فاسوم و هاوکاره‌کانی له ژانڤییه‌ی 1916 ساوجبولاغیان به جێهێشت. ئه‌وان له‌وێوه چوونه ته‌ورێز و ماوه‌یه‌ک له‌وێ مانه‌وه و دوایه له پێنجی ژووییه له‌وێوه به‌ره‌و ئه‌مریکا هاتنه‌وه. ئه‌وه ده‌بێ هه‌ژانێک بووبێ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و زه‌حمه‌ته‌یان کێشابوو و له پڕێک دا ده‌بوو بڕۆن و هه‌موو شت له دوای خۆیان بهجێبهێڵن.
گه‌ڕانه‌وه بۆئه‌مریکا
فاسوم له 21ی سێپتامبری 1916 دا گه‌یشته نیۆیۆرک. سه‌یره زانینی به وورده ڕیشالی به‌سه‌رهاتی ژیانی فاسوم له نێوان ساڵانی 1916 – 1919 دا که‌موکوڕی زۆره، به‌ڵام ئه‌من حه‌ولی هه‌ره باشی خۆم ده‌ده‌م بۆ ساخکردنه‌وه‌ی به‌پێی ڕێکه‌وتی قه‌ومانیان.
هه‌ڵبه‌ت، یه‌کێک له هه‌ره شتهگرینگهکانی که به‌هاتنه‌وه‌ی ڕوویدا، شادوشوکربوونهوه به دینا و ئالفیا بوو. دینا له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: " ئیدی ئێستا دواجار مێرده‌که‌م هاتووه‌ته‌وه ماڵێ بۆ ئه‌وه‌ی له لامان بمێنێته‌وه." به‌ڵام دیاره ئه‌و له‌و بۆچوونه‌ی دا زۆر هه‌ڵه بوو ! هه‌رچۆنێک بێ، ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یان ده‌بێ هه‌تا بڵێی بووبێته مایه‌ی دڵ گه‌رمی و پێی گه‌شابێتنه‌وه.چونکوو پێنج ساڵ دووری له یه‌کتر به‌دڵنیاییه‌وه زۆر به درێژتر داندراوه، کاتێک هه‌رکامیان له‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری دنیا بوون و له هه‌لومه‌رجی نادیار دا ژیاون. له‌وانه‌یه فاسوم به ئیۆوا و ده‌ورو به‌ری دا گه‌ڕابێ و سه‌ری هه‌موو دۆسته کۆنه‌کان و پشتیوانانی خۆی دابێ، بێگومان دیناش هه‌میشه به‌لایه‌وه بووه و جاروبار بزه‌یه‌کیشی هاتووه‌ته سه‌ر لێوان. له ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه دا فاسوم ده‌بێ هێندێک کاری ئاکادێمی کردبێ. چونکوو ئێمه دیپڵۆمی ئاوامان به‌ده‌سته‌وه‌یه که نیشان ده‌ده‌ن لویس ئولسن فاسۆم له کالیجی ئۆسکالووسا ( له ئیۆوا) له 11ی ژووه‌نی
1918 ده‌ره‌جه‌ی لیسانی هونه‌ری پێدراوه و له 4ی ژووه‌نی 1919 کالیجی ئۆسکالووسا پی ئێچ دی پێداوه (Doctorem Philosophae ). فاسوم له ساڵی 1895 تا 1899 له کالیجی ئانسگار خوێندبووی و به‌ڕواڵه‌ت ئه‌وده‌می ده‌رجه‌ی لیسانسیان پێ نه‌دابوو ( له‌و سه‌روبه‌ندی دا وه‌سواسیان زۆر نه‌بوو)، به‌ر له‌وه‌ی له حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی یه‌کگرتووی لوتێری نۆروێژی دا درێژه به خوێندن بدا. فاسوم ده‌بێ به‌وه‌ی زانیبێ که ده‌توانێ به کتێبه‌که‌ی: ( A Practical Kurdish Grammar ) – ڕێزمانێکی کرده‌یی کوردی – له کالیجی ئۆسکالووسا پی ئێچ دییه‌که‌ی وه‌ربگرێ (ده‌ره‌جه‌ی دوکتورا)، گومان له‌وه دا نییه له پێشدا ده‌بوو ده‌ره‌جه‌ی لیسانس وه‌ربگرێ. سه‌باره‌ت به‌و ده‌ستکه‌وته زمانییه چاوڕاکێشانه، سی.سی.ئا. یه‌نسن له کتێبی " خوڵا له نێو سێبه‌ران دا" ئاوا ده‌نووسێ:
" [فاسوم] ئه‌لفوبێتکه‌یه‌کی له 28 تیپی ڕێنووسی عه‌ڕه‌بی و چواری فارسی بۆ زمانی کوردی دانا، ڕێزمانێکی بۆ زمانی کوردی نووسی. ئه‌وه له هه‌ره مه‌زنترین و به‌رزترینی ئه‌و یارمهتییانهیه
له لایه‌ن ئه‌ندامێکی کلیسای لوتێری ڕا به میسیۆنه‌کان کرابێ."
له هه‌مان کاتدا که فاسوم خه‌ریکی چاپکردنی کتێبه ڕێزمانییه‌که‌ی بوو، ئه‌و چاوه‌دێریشی ده‌کرد به سه‌ر چاپی وه‌رگێڕانی کوردی ئینجیله‌کان له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی ئینجیلیی ئه‌مریکاییه‌وه.جگه له‌و چالاکییانه ئه‌و به‌رده‌وام وه‌ک وهعزدهری میوانان بێره‌و به‌وێدا ده‌چوو و باسی ئه‌زموونه‌کانی خۆی بۆ خه‌ڵک ده‌کرد و داوخوازی پشتیوانی و یارمه‌تی زیاتری لێده‌کردن بۆ میسیۆنه‌که له کوردستان.
له‌و ساڵانه‌دا فاسوم له گه‌ڵ خاچی سووری ئه‌مریکاش له پێوه‌ندی دابوو. لهوسهروبهندهیدا که له دیس مۆینێس بوو کاتێکی زۆری له که‌مپی داج دا به‌خت کرد بۆ کار کردن له نێو ئه‌و عه‌سکه‌رانه‌ی له‌شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه گلابوون. بۆ نزیکه‌ی ساڵێک ( له نێوه‌ڕاست ساڵی 1918 تا نێوه‌ڕاستی 1919) نۆێنه‌رایه‌تی کۆمیسیۆنی لوتێری کرد که بۆ عه‌سکه‌ران و ده‌ریاپێوان له شاری نیویۆرک به هاوکاری له گه‌ڵ خاچی سوور ڕێک خرابوو.
له‌و ساڵانه‌دا دینا و ئالفیا له‌گه‌لی بوون و هه‌تا ده‌هات ئه‌وین و خۆشه‌ویستی ئه‌وان له ئاست فاسوم زیادی ده‌کرد.به‌ڵام له هه‌مان کاتدا دینا ده‌بێ هه‌ستی پێکردبێ که ڕۆژێک دێ فاسوم دیسان به‌جێیان بهێڵێ، چونکوو ئه‌و میسیۆنێرێک بوو تا سه‌ری ئێسقان ، و زۆربه‌ی کاتی ئازادی خۆی به‌خت ده‌کرد بۆ گێڕانه‌وه‌ی بارودۆخی کورده‌کان و ئه‌وه‌ی که زۆریان پێداویستی به ئینجیل هه‌یه. جا له‌به‌ر ئه‌وه بۆ دینا ڕاتلهکان و هه‌ژانێک نه‌بوو ئه‌و ده‌مه‌ی له نۆڤامبری 1919 دا فاسوم ڕایگه‌یاند ئه‌وه دیسان ده‌چێته‌وه بۆ کوردستان. به‌ڵام ئه‌وه ده‌بێ ئهزمۆۆنێکی دڵ تاوێن بووبێ بۆ دینا کاتێک فاسوم به‌جێی هێشتن. فاسوم و دینا له 18ی سێپتامبری 1917، کچێکی دیکه‌شیان ببوو به نێوی ئه‌ستر [ دایکی نووسه‌ر]، و ئه‌وه‌ی گوتبووی " ئێمه ئیدی بابه نابینینه‌وه، وا نییه؟" قسه‌یه‌کی پێغه‌مبه‌رانه بوو.
کارکردن له ئێریوان
ئاگربه‌ست و کۆتایی شه‌ڕ له ساڵی 1918 به مانای ئاشتی سیاسی بوو بۆ کوردستان و ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی خۆش کرد عه‌سکه‌ری ترک له‌و هه‌رێمه‌ی که ساوجبولاغیشی وه‌به‌ر ده‌گرت بکشێنه‌وه و به‌جێی بهێڵن. فاسوم، له‌و سه‌روبه‌نده دا، له ماڵێ، له ئه‌مریکا جه‌ختی ده‌کرد بۆ دامه‌زراندنی کالیجێکی عیسایی له مووسڵ ( نهینۆڤا) به‌و هیوایه‌ی کارێکی ئه‌وتۆ خزمه‌ت ده‌کا به ئامانجی میسیۆنه‌که‌یان له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک. فاسوم له به‌ر پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ خاچی سوور ده‌یتوانی هه‌ر به لاچوونی به‌ربه‌سته‌کانی زه‌مانی شه‌ڕ ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌که. ئه‌و له 19ی نۆڤامبری ساڵی 1919 بۆ جاری سێیه‌م له نیۆیۆرک سواری که‌شتی بوو به‌و هیوایه‌ی له ماوه‌ی نه‌بوونی له ساوجبولاغ دا روحانهتی خوڵای هه‌ر له‌وێ هه‌بووه و ئه‌و جاره‌یان پێوه‌ندیی له گه‌ڵ کورده‌کان هاسانتر ده‌بێ له به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌ڵستی زمانی شکاوه و نابێته ئاسته‌نگ له نێوانیان دا. فاسوم کتێبی ڕیزمانی کرده‌یی کوردی و که‌رسته چاپکراوه‌کانی دیکه‌ی زمانی له‌گه‌ڵ خۆی برد له کاتێکدا به که‌شتی به‌ره‌و کوردانی دووره‌ده‌ستی ده‌ئاژۆت، ئه‌و گه‌له‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌وان هه‌میشه له دڵ و هه‌ناوی دا بوو. له نامه‌یه‌کدا که له 23ی ئاوریلی 1920 فاسوم بۆ جه‌نابی یووهان میدتلهینی ناوچه‌ی ستانلی، له ویسکۆنسینی نووسیوه ده‌لێ:
" ئێمه وامان دانابوو له ماوه‌ی کریسمه‌سی 1919 دا بگه‌ینه شوێنی خۆمان [ ساوجبولاغ]، به‌ڵام له‌به‌ر هۆی گواستنه‌وه‌ی نارێکوپێک، و ئه‌و بهدشانسییهی که له ئۆدێسا، ڕووسییه، باڵشۆڤیکهکان ڕێگه‌یان به‌ستبوو، ئێمه تا یه‌که‌می مارس نه‌گه‌یشتینه تفلیس له قه‌وقاس. له قه‌وقاسیش، شه‌ڕ و پێکدادان له نێوان هه‌رمه‌نییه‌کان و تارتاره‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی ڕیگه‌ی چوونی بۆ کوردستانی ئێران لێ گرتووین. له‌و ناوه دا، له کاتێکدا چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین، ڕێگه بکرێته‌وه، ئێستا لێره خه‌ریکی کاری وه‌فریا که‌وتنین، به شێوه‌ی سه‌ره‌کی ده‌نێو ههرمهنییهکاندا و زۆرمان پێ خۆشه. لێره به هه‌زاران هه‌تیو و مندالی بێ دایوباب هه‌ن و ژماره‌ی په‌نابه‌ران ده‌گاته ده‌یان هه‌زار که‌س. له ڕێکخراوی ' کۆمیته‌ی ئه‌مریکایی بۆ وه‌فریاکه‌وتن له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک' دا ئه‌من به‌رپرسی ئه‌نباره‌کان، کاروباره‌کان، و به‌شی کڕینم له ناوچه‌ی ئێریڤان. ئه‌وه ئه‌زموونێکی گه‌وره‌یه و له‌داهاتوو دا بۆ کاره‌که‌م له کوردستان زۆرم به‌که‌لک دێ."
له‌و نامه‌یه‌وه بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێ که بارودۆخه‌که زۆر گرژ بووه. ترکه‌کان ئه‌ستانی ده‌وروبه‌ری ساوجبولاغیان داگیر کردبوو بۆ دژایه‌تی هه‌رمه‌نییه‌کان و سوریانییهنهستوورییهکان، و له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه مۆڵه‌ت درا به فاسوم له ناوچه‌ی ئێریوان به‌ولاتره‌وه بچێ که له‌وێ بۆ ئاژانسی وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیکی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کاری ده‌کرد. ڕه‌نگه ئه‌وه به‌دوای مه‌رگی فاسوم دا بووبێ که " کوردستان میشنێری" له ژماره‌ی مانگی مای ساڵی 1921ی خۆیدا ئه‌و خه‌به‌ره‌ی بڵاو کرده‌وه که میسیۆنه‌که، نه‌خۆشخانه‌که‌یان، کلیساکه و گشت که‌لوپه‌له‌کانی ناویان به‌ته‌واوی له ناوچوون. جابۆیه مرۆ تێده‌گا بۆچی مۆڵه‌ت به فاسوم نه‌درا که بچێته ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری ساوجبولاغ.
له‌و ماوه‌یه‌یدا که فاسوم له ئێریوان بوو پله‌ی هه‌ره‌گرینگی فه‌رمانده‌ریی ناوچه‌ی هه‌بوو. جگه له هه‌موو کاره بهوردهڕیشاله ئیدارییه‌کان که پێوه‌ندی به کاره‌که‌یه‌وه هه‌بوو، فاسوم وه‌ختێکی زۆریشی به‌خت کرد بۆ کاری ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ هه‌تیوه بێ دایوبابه‌کان و په‌نابه‌ران. بارودۆخێکی توف و ئاڵۆز بوو، به‌ڵام فاسوم به چاوی لێ فێربوون ته‌ماشای هه‌موو ئه‌زموونێکی ده‌کرد وه‌کوو دهربڕینکی ئیراده و مه‌به‌ستی خوڵای و هه‌موو ووزه و توانایی خۆی به‌و ئاڕاسته‌یه دا ده‌برد.
خه‌به‌ری ناخۆشی مردنی فاسوم له 10ی ئۆکتۆبری 1920، وه‌ک شۆکێکی به‌ئازار بوو بۆ هه‌موو لایه‌ک. به تایبه‌تی بۆ دینا و ئالفیا و ئه‌ستر که مێرد و بابی میسیۆنێری خۆیان زۆر که‌م دیبوو. فاسوم له وڵاتێکی دووره‌ده‌ست نێژرا له‌نێو خه‌ڵکیك دا که ئینجیلی عیسای مه‌سیحی به‌دیاریی بۆ هێنابوون.
هه‌لومه‌رجی چلۆنایه‌تی مردنی فاسوم هێندێک لێڵ و ناڕوونه. " کوردستان میشنێری " ده‌نووسێ ئه‌و له به‌ر " فلێتی عه‌سه‌بی و له‌رزلێ هاتن و نائارامی" له 10ی ئۆکتۆبر مردووه. گوزارێشتێکی دیکه ده‌ڵێ له‌کاتێکدا فاسوم به سه‌فه‌رێک چووه بۆ " ئاگری پچووک" (چیای ئاگری نزیکی یێریوانه) مردووه. به‌ڵام ئه‌وه وێناچێ ڕاست بێ ، چونکوو چوونی فاسوم بۆ " ئاگری پچووک" له یه‌که‌می سێپتا‌مبر دا بووه. ڕاپۆرتێکی دیکه ده‌ڵێ فاسوم له‌و سه‌فه‌ره دا به‌ده‌ست کورده‌کان کووژراوه، یه‌کی دی ده‌ڵێ ده‌رمانداو کراوه، له گوزاریشێکی دیکه دا ده‌نووسرێ ئه‌و به نه‌خۆشی بێری بێری [ نه‌خۆشی که‌مبوونی ڤیتامینی B1 له به‌ده‌ن دا ] مردووه.
ئه‌من ئه‌م ڕێوایهته له مردنه‌که‌ی به‌ڕاست ده‌زانم. فاسوم و جه‌نابی جۆرج باشیمۆن له 5ی سێپتا‌مبر به‌ره‌و چیای ئاگری له ئێریوان وه‌ده‌ر ده‌که‌ون. ئه‌وه هه‌ر وا سه‌فه‌رێکی گه‌ڕان و دیمه‌ن دیتن نه‌بوو، مه‌به‌ستی فاسوم ئه‌وه بوو حه‌ول بدا ئاشتییه‌ک له نێو کورده‌کان! و تارتارهکاندا ساز کا و پێکیان بهێنێته‌وه. فۆلێرتۆن ئێل. واڵدۆ له نووسینه‌که‌یدا به نێوی " کازیوه‌ی ئه‌رمه‌نستان" سه‌باره‌ت به‌و سه‌فه‌ره ده‌نووسێ:
" ئێمه به‌یه‌که‌وه چووینه شوێنێکی که‌س نه‌کێڵ و بهردهڕهقان که له ته‌شک و داوێنی ئاگری هه‌ڵکه‌وتووه و له‌وێ ئه‌و [ فاسوم] هه‌موو توانایی و ووزه، زانست و ته‌بیعه‌ت و خووخده‌ی نه‌ترسی خۆی به‌کار هێنا بۆ ئه‌وه‌ی وتووێژی دژواری نێوان تارتاره‌کان و کورده‌کان سه‌ر بگرێ. ئه‌و هه‌ر ئه‌و ده‌می نه‌خۆش بوو، به‌ڵام وێده‌چوو چاک بووبێته‌وه به‌ر له‌وه‌ی ئێمه به به‌رزاییه‌کانی چیای ئاگری دا هه‌ڵگه‌ڕێین.ئه‌من ناتوانم ئه‌و ئیراده ئاسنینه‌ی ئه‌و له‌خۆیه‌وه نیشان دا له بیر بکه‌م. له کاتێک دا سێ ڕۆژ بوو له به‌ر له‌رزو تایه‌کی که دهیهاتێ له بن میچێکی قوڕین دا له سیرباهان به‌جێ وبان که‌وتبوو، سه‌ری له سه‌ر باڵنجه‌که‌ی هه‌ڵده‌هێنا و به ڕووی کراوه و بزه‌ی سهرلێوانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی عه‌شیره‌تی قسه‌ی ده‌کرد که ده‌ستبه‌جێ ده‌یانتوانی بیکووژن."
جه‌نابی باشیمۆن له ژماره‌ی مانگی سێپتامبری 1921ی " کوردستان میشنێری" دا هێندێک وردهڕێشالی دیکه ده‌گێڕێته‌وه له‌و جێیه‌یدا که ده‌نووسێ: " ئێستا ئه‌من له‌و مه‌ترسییه‌ی له‌سه‌رمانه تێده‌گه‌م. یه‌کێک له کورده‌کان ده‌مانکووژێ.... کاتێک ده‌نووین بۆ خۆپاراستن له مێش و مه‌گه‌س ده‌رمان به‌کارده‌هێنین، له‌وانه‌بوو له تاوان بخنکێین... ئێمه ئاوی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی چۆمی خیزیمان ده‌خوارده‌وه."
ده‌گوترێ فاسوم و باشیمۆن ڕۆژی شه‌مۆ، 11ی سێپتا‌مبر گه‌یشتوونه‌ته داوێنه‌کانی خواره‌وه‌ی ئاگری، له 12ی سێپتا‌مبر تا 15000 فووتی دوندی چیاکه هه‌ڵکشاون، و له ڕۆژی دووشه‌مۆ 13ی سێپتا‌مبر به " ڕێپێوانێکی نائاسایی" به پێیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئێریوان.
که‌وابوو، نزیکه‌ی مانگێک ده‌که‌وێته نێوان چوونی بۆ چیای ئاگری و مردنه‌که‌ی. دوایین گوزاریشت سه‌باره‌ت به مه‌رگی فاسوم له یای هاننا شوێنهوودهوهیه که له دوایین ڕۆژه‌کانی ژیانی فاسوم دا پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌بووه. له نامه‌یه‌ک دا که شوێنهوود له 14ی ئۆکتۆبری 1920 دا نووسیویه ده‌ڵێ:
" ئه‌و له‌وه‌تا دوایین گه‌شتی بۆ ئاگری حاڵی باش نه‌بوو، به‌ڵام دوایین ناسازییه‌که‌ی له‌حه‌وتوویه‌ک له‌مه‌وبه‌ره‌وه له یه‌کشه‌مۆ شه‌وه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که وێده‌چوو وڕێنه بکا، نه‌یده‌توانی به‌ته‌واوی ڕسته‌یه‌ک ده‌ربڕێ.ئه‌وه تا ڕۆژی چوارشه‌مۆ به‌رده‌وام بوو کاتێک ته‌قینه‌وه‌ی قوتوویه‌کی قیلاو که دوکتور خه‌ریک بوو ده‌یکرده‌وه ده‌نگێکی ئه‌وتۆی لێ به‌رز بووه‌وه که‌بووه هۆی له‌رزینێکی توند وتیژی وی .هه‌موو پێیان وابوو هه‌ر ئه‌وده‌می ده‌مرێ، به‌ڵام دواجار ئارام بووه‌وه و به‌حاڵه‌تێکی بێهۆش چووه‌وه ده جێگاوه تا شه‌مۆ شه‌وێ که دیسان به‌ده‌نی وه‌له‌رزین که‌وته‌وه، و له به‌ره‌به‌یانی سه‌عاتی 6 چاوی به‌یه‌کجاری وێک نا."
یای ئاگوستا گودهارت پێی وایه فاسوم ده‌رمانداو کراوه. ئه‌وه‌ی خوشکی فاسوم، واته ئاڵما، که ئه‌و ده‌می بۆ خۆی له‌وێ بووه ده‌یگێڕێته‌وه ئه‌من پێم وایه له‌هه‌موو قسه‌کانی دیکه زیاتر وێده‌چێ. زۆر له‌وانه‌یه فاسوم له کاتی گه‌شته‌که‌ی دا بۆ ئاگری تووشی نه‌خۆشی وه‌ک بێری بێری هاتبێ و ماوه‌یه‌ک خۆی له‌به‌ر ڕاگرتبێ ( ڕه‌نگه ئه‌وه‌نده‌ی پێی کرابێ کاری ڕۆژانه‌ی هه‌ر کردبێ) تا ئه‌وه‌ی دواجار ئه‌وه گه‌یشتبێته نوخته‌یه‌ک که چی دی نه‌توانێ خۆی له‌به‌ر بگرێ. ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی توانیبێتی خۆی له به‌ر نه‌خۆشییه‌که ڕاگرتووه به‌ڵام ئیدی تووشی فلێتی ته‌واو و هاوکات هه‌ڵله‌رزین هاتووه. فاسوم له‌و وڵاته‌ی که خه‌ڵکه‌که‌ی زۆر خۆش ده‌ویست نێژرا.
گۆڕی نه‌مر دوکتور ئێل.ئو. فاسوم له یێریوان
سه‌رچاوه : کوردستان میشنێری، خولی سێزده‌هه‌م، دیسامبری 1921، ژماره‌ی 12
ڕێزڵێنان و قه‌در گرتنی فاسوم
فاسوم ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ی له پاش خۆی به‌جێهێشت. ئه‌وه‌نده ئه‌ده‌بییاته‌ی که له‌لایه‌ن وی ڕا بڵاو کراوه‌ته‌وه جێی سه‌رسوڕمانه ئه‌گه‌ر مرۆ وه‌بیر بهێنێته‌وه ئه‌و له کاتی مردنی دا ته‌نێ چل و یه‌کساڵان بوو. لیسته‌ی کاره‌کانی ئه‌وانه‌ی خواره‌وه وه‌به‌رده‌گرێ: ئه‌لفوپێتکه‌یه‌کی کوردی، زمانێکی نووسین بۆ کورده‌کان، قامووسێک، ده‌قێکی خوێندنی سه‌ره‌تایی، کتێبێکی جوگرافیا، کورته‌ی بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌تی لوتێر، کتێبی شێعرانی روحانی که به‌لانی که‌مه‌وه سه‌د سروودی تێدایه، ڕێوڕه‌سمی نزا وپاڕانه‌وه‌ی لوتێری، " محه‌مه‌دایه‌تی" ( به زمانی نۆروێژی)، و ڕێزمانێکی کرده‌یی کوردی. فاسوم گشت چاخی نوێ ( کتێبی پیرۆز) ( ئینجیله‌کان له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی ئینجیلیی ئه‌مریکاییه‌وه چاپ کران) به کوردی وه‌رگێڕا، " مێژووی ئینجیل" ی ڤۆگت، و " شیکردنه‌وه‌کانی سڤێردرۆپی" ( به سوریانی مودێڕن) وه‌رگێڕا. ئه‌و زۆر ریساله‌ی بڵاو کرده‌وه که ئه‌مانه وه‌به‌ر ده‌گرێ: " مێژوو و جوگرافیای کوردستان" و " گرینگی مه‌زنی کاری میسیۆنێری"، و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌یه‌کی مانگانه‌ی کوردیشی بڵاو کرده‌وه. بێگومان ده‌کرێ له‌و لیسته‌یه زیاد بکرێ، به‌ڵام ئه‌من پێم وایه ئه‌وکارانه ده‌یسه‌لمێنن ئه‌و ده‌بێ چه‌نده که‌سێکی هه‌ڵکه‌وتوو و ژیر و به‌توانا بووبێ که توانیویێتی له ماوه‌یه‌کی کورت دا ئه‌و هه‌موو ده‌سکه‌وتانه‌ی هه‌بێ.
و ئه‌وه ته‌نێ لایه‌نێکی کاره‌که‌یه‌تی، چونکوو فاسوم به ساڵان کاتێکی زۆریشی به‌خت کرد بۆ بانگه‌شه‌ی مه‌سیحییه‌ت، یارمه‌تی ده‌رمانی، و کاروباری ئیداری. ئه‌من هه‌ر وه‌ها ئاماژه‌م پێ‌کرد که چۆن ئه‌و به‌سه‌دان نامه‌ی نووسی بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ کاری میسیۆن، و هه‌ر کاتێک له ئه‌مریکا بووبا گه‌شتێکی زۆری ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو که‌س که توانیبای باسی ئه‌و کارانه بکا که پێویست بوون له کوردستان بکرێن. فاسوم کرێکارێکی ماندوویی نه‌ناس و ڕێکخه‌رێکی به‌توانا بوو. به‌ڵام خه‌سڵه‌تی هه‌ره هه‌ڵکه‌وتووانه‌ی ده‌بێ ئه‌وین و خۆشه‌ویستی وی بۆ خوڵای بێ. چونکوو ئه‌و به‌رده‌وام به دڵگه‌رمییه‌وه ده‌یگوت ئه‌وه‌ی ده‌یکا بۆ وه‌دیهێنانی ئیراده‌ی خوڵایه له هه‌رجێیه‌ک و هه‌رکاتی که هه‌ڵسووڕێ. به‌و ڕوحییه‌ته‌وه بوو که گشت ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵی ده‌بوون هێندێک زیاتر له قوڵایی کاره‌کانه‌وه ده‌چوون و زیاتریان زه‌حمه‌ت ده‌کێشا.
ئه‌من له کۆتایی دا ده‌مه‌وێ چه‌ندێک له‌و ڕێزلێنان و پێزانینانه‌ی به‌دوای مردنی فاسوم دا نووسراون لێره‌دا بهێنم. ئاغای فولێرتۆن والدۆ جێگری سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی (Philadelphia Public Ledger ) له ژماره‌ی مانگی ژانڤییه‌ی ساڵی 1922ی " کوردستان میشنێری" دا سه‌باره‌ت به فاسوم ده‌نووسێ:
" ئه‌و هیچی بۆخۆی نه‌ده‌ویست، هه‌موو شتی به‌ختی کاره‌که‌ی ده‌کرد. به‌ته‌نێ کاری ده که‌سانی ده‌کرد. ئه‌و پیاوه نموونه‌ی به‌رز و هه‌ڵکه‌وتووی نه‌ریتی میسیۆنێری ئه‌مریکا بوو، چ بۆ خۆ به‌خت کردن و چ بۆ ئه‌رک به‌جێهێنان، و چ بۆ خزمه‌ت به ئینسانییه‌ت و چ بۆ وه‌فاداری به ئاغا و سه‌روه‌ری خۆی خوڵای له ژوور."
ئاغای سی.سی.ئا. یه‌نسن له " خوڵا ده‌نێو سێبه‌ران دا" ده‌نووسێ:
" ئه‌و پیاوێکی زۆر به ئه‌زموون بوو. پڕ بوو له تین و گوڕی پیرۆز و هیوایه‌کی بوێرانه‌ی له دڵ دابوو. باوه‌ڕییه‌کی پته‌وی هه‌بوو. ئه‌و هه‌ستی به ئاماده بوونی خۆڵای خۆی ده‌کرد وبه پێزانیننه‌وه گوێڕایه‌ڵی چاو بهسهرهوهبوونی بوو. ئه‌و به‌هره‌داربوو و باش تێده‌گه‌یشت و بیری تیژ بوو. وه‌ک زمانناسێک تواناییه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو. توانایی و ئێنێرژییهکی بێ سنووری فیزیکی و خۆدهربردنی هه‌بوو. له هیچ نه‌ده‌ترسا. ئه‌و له جه‌نگه‌ی مه‌ترسی دا پێده‌که‌نی. وه‌ک ڕێبه‌ر له دایک ببوو."
چۆن ده‌کرێ نه‌وه‌یه‌کی وه‌ک من به هه‌بوونی باپیرێکی وه‌کوو فاسوم هه‌ست به شانازییه‌کی زۆر نه‌که‌م؟ ئه‌من به نووسینی ئه‌و بیوگرافییه یه‌کجار زۆر شت فێر بووم هه‌م بۆ ناسینی وی وه‌ک مرۆیه‌ک و هه‌م که‌سێک به ڕوحییه‌ی میسیۆنێرییه‌وه به گشتی. ئه‌گه‌ر قه‌ت که‌سێک بووبێ که ژیانی خۆی له ڕێبازی خزمه‌تی خوڵای دا به‌خت کردبێ له نێو گه‌لێک دا که عیسایان نه‌ده‌ناسی، ئه‌وه فاسوم بوو. کوا جێیه‌کی باشتر له ئێریوان، له ئه‌رمه‌نستان بۆ به ئارامی سه‌رنانه‌وه ده‌ست ده‌که‌وێ؟، ئه‌و شوێنه‌ی بای زستانی سه‌خت، به سه‌ر گۆڕی جه‌نابی ئێل.ئو. فاسوم، پیئێچ.دی. دا ویزه‌ی دێ
• به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که فاسوم بۆ کوردانی داناوه.
سپاس بۆ مامۆستای به‌ڕێز ئه‌میری حه‌سه‌نپوور و دوکتور جه‌عفه‌ری حهسنپوور که به‌شێک له چاپه‌مه‌نییه‌کانی "کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی لوتێری" یان داوه‌ته ده‌ستم. سپاس بۆ یای Karen Terrill خوارزازای Miss Augusta Gudhart (میسکوتات خانم) دۆستێکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی کورد، که نامیلکه‌ی دوکتور جان لیگرێ ی بۆ ناردم
No comments:
Post a Comment