حیزبی ئازادیی کوردستان و عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی
سه‌باره‌ت به " حیزبی ئازادیی کوردستان " و عه‌زیزوڵاخانی زه‌ندی
حه‌سه‌نی قازی
به‌رایی : خوێنه‌ره‌وه‌ی به‌ڕیز ئه‌م نووسراوه‌یه‌ی لێره دا پێشکێش ده‌کرێ له ساڵی 1998 واته زیاتر له 9 ساڵ به‌ر له ئێستا نووسراوه،به‌ڵام له به‌ر سه‌رقاڵی و که‌مته‌رخه‌می تا ئێستا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه. وه‌ک حه‌ولێک بۆ تیشک خستنه سه‌ر به‌شێک له مێژووی سیاسی کوردستان ده‌قه‌که وه‌کوو کاتی نووسرانی لێره دا بڵاو ده‌کرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به کاروخه‌باتی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له سه‌ر ده‌می حوکمی ڕه‌زا شای په‌هله‌وی دا ئه‌و زانیارییانه‌ی تاکوو ئێستا بڵاو بوونه‌ته‌وه پچڕ پچڕ‌و ئاڵۆزن ، ته‌نێ له‌و ساڵانه‌ی دواییدا بزووتنه‌وه‌ی سمکۆ له ڕوانگه‌یه‌کی نادوژمنانهوه له چه‌ند وتار و کتێبان دا تاوتوێ کراوه.
یه‌ک له‌و ڕه‌وتانه‌ی که زۆری له سه‌ر نازانین حه‌ولێکه به نێوی " حیزبی ئازادیی کوردستان"، که لێرو له‌وێ به کورتی ئاماژه‌ی پێکراوه. به خۆشییه‌وه له ساڵی 1367 ی هه‌تاوی (1977) له تاران –ئێران کتێبێک به نێوی: " اسناد احزاب سیاسی ایران" [به‌ڵگه‌کانی حیزبه سیاسییه‌کانی ئێران ] له لایه‌ن " سازمان اسناد ملی ایران – پژوهشکدهء اسناد " به کۆششی بهروز طیرانی( بێهرووز ته‌یرانی) بڵاو کراوه‌ته‌وه که چه‌ند به‌ڵگه‌ی له مه‌ڕ " حیزبی ئازادیی کوردستان " ی تێدایه. ڕێکخه‌ری ئه‌و کتێبه چ بۆچوون و لێکدانه‌وه‌یه‌کی له سه‌ر به‌ڵگه‌کانی ئه‌و حیزبه به ده‌سته‌وه نه‌داوه. له یه‌کێک له‌و به‌ڵگانه ڕا ده‌رده‌که‌وێ که دامه‌زرێنه‌ر و دمڕاستی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه که‌سێک بووه به نێوی " عه‌زیزی زه‌ندی" که له موکریان نێوبانگی به " عه‌زیز ئه‌ڵمانی"ڕۆیشتووه. سه‌باره‌ت به ژیان ، که‌سایه‌تی و به‌سه‌رهاتی عه‌زیز ئه‌ڵمانی له نووسراوه‌ی کوردی،فارسی و ئینگلیسی دا هێندێک ئاماژه و ئیشاره هه‌یه که لێره دا ده‌یانگێڕینه‌وه و ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که باس کران وه‌رده‌گێڕینه سه‌ر زمانی کوردی.
دوکتور ئه‌میر حه‌سه‌نپوور له وتارێک دا : " به‌سه‌رهاتی دوکتور مسته‌فای قازی". گزینگ ، ژماره 14 ، زستانی 1997 ده‌نووسێ : " میسیۆنی ئایینی
The Inter- Synodical Ev.Lutheran Orient Mission Society که بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ له سابڵا‌غ و ناوچه‌ی موکریان چالاکی بووه له ئامریکا چاپه‌مه‌نییه‌کی زۆری به زمانی کوردی و ئینگلیسی بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌و کتێبه کوردییانه‌ی ئه‌من چاوم پێکه‌وتوون ئه‌وانه‌ن .... ، کتاب ارشاد المذنین (ئامۆژگاریی گوناهباران) ( 1945 ، 248 لاپه‌ڕه ) . کتێبی ارشاد المذنین وه‌رگێڕه‌که‌ی " عه‌زیز زندیه مشهور به المانی " یه که له 7ی شه‌والی 1344 ( 1926) به خه‌تی خۆی نووسینه‌وه‌ی ته‌واو کردووه به‌ڵام بیست ساڵ دوایه له ئامریکا چاپ کراوه. عه‌زیز زه‌ندی خه‌ڵکی سابڵا‌غ بوو و ده‌ورێکی گرینگی بوو له فێر کردنی زمانی کوردی به میسیۆنێره‌کان و وه رگێڕانی ئه‌ده‌بییاتی ئایینی‌یان". گزینگ ژماره 14 ، لاپه‌ڕه‌ی 41
گۆڤاری توده " ارگان سازمان انقلابی حزب توده ایران در خارج از کشور" یش له ژماره 19 ( تیرماه 1349 ) – ژووه‌ن ، ژووییه‌ی 1970 – ده‌نووسێ : " له ساڵانی 39-1942
ڕێکخراوێکی پچووک به نێوی " حزب آزادی کوردستان" به ڕێبه‌ری دوکتور عه‌زیزی زه‌ندی پێکهات. له‌و ڕێکخراوه‌یه جگه له به‌یاننامه‌یه‌ک به بۆنه‌ی هاتنی ئه‌رته‌شی سوور بۆ سه‌رووی ئێران، که له‌ودا پیرۆزبایی کردووه له ڕزگاربوون له فاشیزم و داوای مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد ده‌کا، چ سه‌نه‌دێکی دیکه به ده‌سته‌وه نییه" . ل 10. [ به گێڕانه‌وه له گۆڤاری گزینگ ، ژماره 17 پاییزی 1977 ، لاپه‌ڕه‌ی 39]
غه‌نی بلووریان له بیره‌وه‌رییه‌کانی دا هێندێک باسی چالاکییه‌کانی " عه‌زیز زه‌ندی " ده‌کا و ده‌نووسێ : " .... " عه‌زیزی زه‌ند" مه‌هابادی به جێهێشت و چووه ته‌ورێز و له‌وێ نیشته‌جێ بوو. ناوبراو ده‌گه‌ڵ چه‌ند هاوفکری سیاسی خۆی لقی حیزبی تووده‌ی له ئازه‌ربایجان دامه‌زراند. به‌ڵام به دوای دروستبوونی " فیرقه‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربایجان" له ته‌ورێز،عه‌زیز زه‌ند و هه‌ڤاڵانی نێوی ڕێکخراوه‌که‌یان گۆڕی و تێکه‌ڵی فیرقه‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربایجان بوون. ئیتر ئه‌وسا عه‌زیزی زه‌ند کاری نه‌ما و چووه تاران و له‌وێ مایه‌وه. ئه‌و ڕه‌وته پیشان ده‌دا که " غه‌فووری مه‌حموودیان " و " عه‌زیزی زه‌ند" سه‌ر به‌و بیره سیاسییه بوون که " هاشم ئۆف " ویستوویه‌تی" . ئاڵه‌کۆک،
لاپه‌ڕه‌ی 55.
ئه‌رده‌شێری ئاوانێسیان یه‌کێک له که‌سایه‌تییه کۆمۆنیسته‌کانی ئێران له سه‌رده‌می ڕه‌زا شا و یه‌ک له دامه‌زرێنه‌رانی " حیزبی تووده‌ی ئێران " له بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیدا له باسی سه‌روبه‌ندی به‌ر له پێکهاتنی فیرقه‌ی دێمۆکرات باسی ڕێکخراوه‌یه‌ک ده‌کا به ناوی " سازمان زحمتکشان آذربایجان " – ڕێکخراوی زه‌حمه‌تکێشانی ئازه‌ربایجان – و ده‌نووسێ : " ڕێبه‌رانی ئه‌وان خه‌ڵکی به دۆڵاب و فێڵباز و له باری سیاسییه‌وه نه‌خوێنده‌وار بوون که هیچ ئامانجێکیان نه‌بوو جگه له پڕ کردنی گیرفانیان نه‌بێ، که‌سی هه‌ره سه‌ره‌وه‌یان به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م کابرایه‌ک بوو به نێوی قوڵییێف که مه‌علووم نه‌بوو له پێشوو دا چکاره بووه. ئه‌و چه‌ند ماشێنی باری هه‌بوو که سوور سوور دیار بوو له ڕێگه‌ی دزی و پاشه‌که‌وته‌وه وه‌ده‌ستی هێنابوو. سه‌رۆکه‌که‌ی
دیکه‌یان که‌سێک بوو به نێوی زه‌ند که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد بوو و پێشتر لای ئالمانییه فاشیسته‌کان کاری کردبوو. زه‌ند ته‌نانه‌ت جاسووسی ئاڵمانییه‌کانیش بووه . ئه‌وه‌ی ئاشکرابوو هه‌ر دووکیان شارلاتان و دز بوون " ..... " به هه‌مه حاڵ وابزانم له نێوه‌ڕاست ساڵی 1942 دابوو که ئه‌م ڕێکخراوه‌یه له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شا."
[ خاطرات اردشیر آوانسیان ، لل .210 ، 211 ]
تا ئه‌و جێیه‌ی ئه‌من بزانم له سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ش دا باسی " عه‌زیزی زه‌ندی " هاتووه. دوکتور جه‌ماڵ نه‌به‌ز له سه‌ره‌تای چاپکردنه‌وه‌ی 6 ژماره‌ی " نیشتمان " دا
هێندێک زانیاری نادروست له مه‌ڕ عه‌زیز زه‌ندی به بێ باسی سه‌رچاوه به ده‌سته‌وه ده‌دا له وانه خه‌ڵکی کرماشان بوونی و دوکتورا وه‌رگرتنی له ئورووپا ، که کاتی خۆی له نامه‌یه‌ک دا سرنجی به‌ڕێزیانم بۆ ئه‌مه و چه‌ند پنکتی دی نووسینه‌که‌یان ڕاكێشاوه ( بڕوانه په‌یوه‌ستی ژماره 4 )، هه‌ر وه‌ها کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز له چه‌ند راپۆرتێک دا له مه‌ڕ بارودۆخی ئازه‌ربایجان که له مانگه‌کانی مارس – ئا‌پریل – مه‌ی 1942 دا بۆ سه‌فیری بریتانیا له تارانی ناردووه له چه‌ند جێ‌دا باسی " عه‌زیزی زه‌ندی " ده‌کا ( بڕوانه په‌یوه‌ستی 1 ، 2 و 3 ی ئه‌م نووسراوه‌یه) .
- بۆ زانیاری له سه‌ر میسیۆنێره‌کان و The Kurdistan Missionaryبه پێی نووسراوه‌ی ئه‌م گۆڤاره بڕوانه نووسراوه‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپوور – حه‌سه‌نی قازی ، گۆڤاری گزینگ ، ژماره 14 ، زستانی 1997 – دوکتور " هێرمان شالک ی ئالمانی له ئاخر و ئۆخری ساڵی 1923 دا گه‌یوه‌ته سابڵا‌غ .
له نووسراوه‌یه‌کی ده‌ستخه‌ت دا هاتووه :" عه‌زیز زه‌ندی ده‌بێته گزیر و به‌رده‌ستی دوکتور شاڵک، جا چونکوو خه‌ڵک ئه‌و کاره‌ی به چاک نازانن هه‌ڵبه‌ستێکی وه‌های بۆ داده‌نێن: " عه‌زیز ئه‌ڵمانی توخمی شه‌یتانی – بۆ په‌نجا تمه‌نی بۆ به هه‌رمه‌نی " . هه‌ر ئه‌و ده‌ستخه‌ته لێی زیاد ده‌کا .... " دوکتور شاڵک زه‌ندی له گه‌ڵ خۆیدا برده ئاڵمان، وه نزیک به ساڵێک له‌و وڵاته دا مایه‌وه ، جا سه‌یر له‌وه‌دا بوو که ده‌یگوت له‌م ماوه کورته دا هه‌م دوکتورای حقووقی وه‌رگرتووه و هه‌م له گه‌ڵ ستالین و هیتلێر دا له باری سیاسییه‌وه باس و وتووێژی کردووه و زۆر جار ده‌یگێڕایه‌وه..... دیارییه‌کی تری
گه‌شته‌که‌ی ئاڵمانی ئه‌وه بوو که به‌ر له ڕۆیشتنی له گه‌ڵ دوکتور شاڵک (ی) مه‌سیحی بۆ ئه‌و وڵاته،نازناوی عه‌زیزوڵاخانی به خۆی دا بوو و له پاش گه‌ڕانه‌وه له ئاڵمان نازناوی " دوکتور" ی هه‌ڵبژارد.خودالێخۆش‌بوو زه‌ندی خوێنده‌وارییه‌کی که‌می هه‌بوو،به‌ڵام له سه‌ر ده‌رکی خانووه‌که‌ی دا که له شه‌قامی سه‌لسه‌بیل، چوارڕێی هاشمی تاران دا بوو تابڵۆیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌ڵئاوه‌سیبوو که تێێدا نووسرابوو: "دوکتور عه‌زیز زه‌ندی پارێزه‌ری زانای دادگوسته‌ری"
له سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌ستخه‌ت دا، وێڕای په‌سن دانی زۆری "عه‌زیز ئه‌ڵمانی" ئه‌و چه‌ند زانیارییانه‌مان ده‌ست ده‌که‌وێ : " عه‌زیز زه‌ندی ساڵی 1277 ی هه‌تاوی له دێی " قالوێی زه‌ندان" له دایک بووه، له ساڵی 1295 ، [ یانی ئه‌و کاته‌ی هه‌ژده ساڵان بووه] ماڵیان هاتووه‌ته سابڵا‌غ و خه‌ریکی کاری که‌وش دورین و پینه‌چێتی بووه"- هه‌ر له‌و ده‌ستخه‌ته دا هاتووه نێوبراو له " 20 ی تیری 1326 و1ته مانگی پووشپه‌ڕی 1326ی هه‌تاوی چووه‌ته تاران " .... " عه‌زیز زه‌ندی له 24ی پووشپه‌ڕی 1351 ی هه‌تاوی له تاران له ته‌مه‌نی 74 ساڵی دا کۆچی دوایی کردووه و له گۆڕستانی به‌هه‌شتی زه‌هرا قه‌تعه‌ی 3 ، ره‌دیفی 119 نێژراوه. "
له به‌ڵگه‌کانی " سازمان اسناد ملی ایران " که له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسراوه‌یه دا هێمای پێکرا ناوی " حیزبی ئازادیی کوردستان " دوو جۆر نووسراوه: " حزب آزادی کردستان" و " حزب آزادیخواهان کردستان" به‌ڵام به لێوردبوونه‌وه و به‌راوردی فاکته‌کان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و دوو شته هه‌ر یه‌کن و له به‌ر بێدیقه‌تی نێوه‌که دوو جۆر باس کراوه.
لێره دا ئه‌و سه‌نه‌دانه وه‌رده‌گێڕینه سه‌ر زمانی کوردی.ژماره‌ی به‌ڵگه‌کان بۆ چاکتر لهیهککردنهوهیان له لایه‌ن نووسه‌ری ئه‌م باسه‌وه داندراون.
به‌ڵگه‌ی ژماره 1
[ وه‌زیری شه‌ڕ بۆ سه‌رۆکوه‌زیر ، 20/بهمن 1322 = 10ی فێڤرییه‌ی 1944 ]
وه‌زاره‌تی شه‌ڕ، ستادی ئه‌ڕته‌ش ، ژماره 2119/7039/6 ، یاریخ 20/11/22
(10ی 2ی 1944 ) نهێنی ، ڕاسته‌وخۆ
جه‌نابی ئاغای سه‌رۆکوه‌زیر
ڕاپۆڕتی له‌شکری چواری کوردستان ده‌ڵێ به‌م زووانه حێزبی ئازادیی کورد له مهاباد پێک هاتووه و مه‌ڕامنامه‌ی حیزبی نێوبراو به زمانانی کوردی ، ئه‌رمه‌نی ، ئاسۆری نووسراوه به‌ڵام به پێی ئه‌و لێپرسینه‌وانه‌ی که سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته کراوه ، دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی شه‌خسێکی هیچ و پووچه که پێشینه‌ی له نێو کورده‌کاندا زۆر خراپه و تاکوو ئێستا له کاروباره‌کانی خۆی چ ئاکامێکی باشی وه‌رنه‌گرتووه، ته‌نێ له مهاباد چه‌ند که‌سێکی وه‌کوو خۆی که به گشتی خه‌ڵکی به‌ڕه‌ڵان له ده‌وری کۆبوونه‌ته‌وه و خه‌ریکی پرۆپاگاند و ته‌بلیغات ده‌نێو خه‌ڵک دان. به‌م پێیه چونکوو ئه‌و بابه‌ته تا ڕاده‌یه‌ک بایه‌خی هه‌یه و جارێ ئه‌رته‌شیش له مهاباد پادگانێکی نییه و له وانه‌یه ورده ورده ئه‌و کرده‌وه‌یه زه‌ینی خه‌ڵکی ساویلکه‌ی ئه‌و ناوه بشێوێنێ و گیروگرفت بۆ وڵات بخولقێنێ، تکایه ئه‌مر بده‌ن به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بکرێ پێش به کاروباره‌کانی حیزبی نێوبراو بگیرێ . ڕاپۆرتی ئه‌م بابه‌ته خرا به‌ر شه‌ره‌فی عه‌رزی خاوه‌نشکۆی هومایوونی شایشایانی . ئه‌مری شایانه شه‌ره‌فی ده‌رچوونی په‌یدا کرد که ده‌بێ پێش به کرده‌وه‌کانی ئه‌م شه‌خسه بگیرێ . هه‌روه‌ها ڕوونووسی وه‌رگێڕاوی مه‌رامنامه‌ی حیزبی نێوبراو که له لایه‌ن له‌شکری نێوبراوه‌وه گه‌یشتووه ، به په‌یوه‌ست بۆ ئاگاداری به‌رزی ئێوه ده‌نێردرێ
وه‌زیری شه‌ڕ – ئیبڕاهیمی زه‌ند[ ئیمزا]
[109042-2145 ]
به‌ڵگه‌ی ژماره 2
[ مه‌رامنامه‌ی حیزبی ئازادیی کوردستان ]
وه‌زاره‌تی شه‌ڕ – ته‌رجومه‌ی مه‌رامنامه‌ی حیزبی ئازادیی کوردستان
له زمانی کوردییه‌وه بۆ فارسی
[ تێبینی : ئه‌م مه‌تنه له ڕووی وه‌رگێڕاوی فارسییه‌وه دیسان کراوه‌ته‌وه کوردی ،بۆیه ده‌کرێ له گه‌ڵ ده‌قی زمانی ماک جیاوازی هه‌بێ – نووسه‌ری ئه‌م باسه]
بیسمیلاهیلره‌حمانه‌لره‌حیم
نیشانی حیزب : سێ گوڵه‌گه‌نم ، دوو خه‌نجه‌ری تێکپهڕیو ، سێ مانگ و ئه‌ستێره‌یه‌ک ، خودای به‌رز – 1942 – مه‌رامنامه
بیسمیلاهیلره‌حمانه‌لره‌حیم
ژیرانه نییه که هه‌ر حیزبێکی سیاسی که له دنیا دا پێک بهێنن و ڕێبازی خۆیان له پێشدا له پێش چاو نه‌گرن و مه‌به‌ست و مه‌رامی خۆیان به کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ئه‌و حیزبه له‌وێدا پێک هاتووه نیشان نه‌ده‌ن (1) چونکوو [له] ته‌شکیلاتی فرقه یان حیزب [دا] لێبڕاوانه هه‌موو به‌رژه‌وه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به ته‌واوی مانا مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گه‌زی و عیرقییهت و مه‌زه‌بی و هتد له به‌رچاو ده‌گیرێ. دوای ئه‌وه هه‌یئه‌تێکی سیاسی پێک ده‌هێنن و قه‌ده‌ری میلله‌ت له هه‌موو بارێکه‌وه به ده‌سته‌وه ده‌گرن. هه‌ر ئه‌ندازه‌ی که دامه‌زرێنه‌ری حیزب یان فرقه هێز و زانست و فکری زیاتر بێ و مێژووی عاده‌ت و مه‌عنه‌وییات و به تایبه‌تی سه‌روبه‌ندی مه‌ده‌نییه‌ت و زه‌مانی پێشکه‌وتن و داته‌پینی ئه‌و میلله‌ته باشتر له به‌ر چاو بگرێ زووتر ده‌گاته ڕزگاری میلله‌ت و شاڕێیانی مه‌به‌ست. ته‌بیعی یه که حیزب و کارمه‌ندانی حیزبه‌کان له شانۆی گیانبازی میلله‌ت دا ده‌ور گێڕی سیاسین و به‌ڵکوو دامه‌زرێنه‌ری حیزب ده‌سته‌به‌ری ژیانی میللی یه و هه‌ر چه‌ندی بناخه‌ی سیاسی باشتر دابنێ به خۆشبه‌ختی میلله‌ت ته‌واو ده‌بێ و له ڕاستیدا دامه‌زرێنه‌ری حیزب ده‌بێ به بوێری دنیا و بڵیمه‌تی زه‌مان.
به‌ر له‌مانه هه‌ر فرقه یان حیزبێک ده‌بێ مه‌سله‌ک و مه‌رامی تایبه‌تی هه‌بێ که له سه‌ر ئه‌و مه‌رام و مه‌سله‌که بتوانێ ببێ به ڕێنوێن و ڕێبه‌ری میلله‌تی خۆی.
ئێمه پێشتر گوتمان که ده‌بێ لایه‌نی مێژوویی و ڕه‌گه‌زی و میللی و سیاسی دامه‌زرێنه‌ری حیزب فره زۆر بێ تا ئه‌وه‌ی که له ڕه‌گه‌زی..... (2)
بتوانێ لایه‌نی ماکی ڕێشه‌ی خۆی بگرێ له‌م حاڵه‌ته دا ئاشکرایه مێژووی ڕه‌گه‌زی و سیاسی میلله‌تی کورد له زۆربه‌ی شوێنی دنیا زۆر زیاتر و دژوارتره.
چونکوو زۆر تایفه له ڕه‌گه‌زی مادی که‌وتوونه‌ته‌وه و له هه‌ر به‌شه‌ی ئاسیا دا بڵاو بوونه‌ته‌وه و جیاوازی زمان و عاده‌ت له نێوانیان دا په‌یدا بووه به تایبه‌تی میلله‌تی ئه‌رمه‌ن ته‌قریبه‌ن 19 سه‌ده له‌مه‌و پیش له عاده‌تی دینی ڕوویان وه‌رگێڕاوه و زاڵمه بێویژدانه‌کانیش به‌رده‌وام ئه‌و برایه‌یان که [له] ڕیشه‌یه‌کی له‌مێژینه‌ی خراپ پێک هاتبوون کرده قوربانی ئاره‌زوو و ئاواتی خراپی خۆیان. له‌مه‌ش زیاتر خاکی کوردستانیان به چه‌ند به‌ش دابه‌ش کرد و هه‌موویان تاڵان کرد. ته‌نانه‌ت ئه‌م میلله‌ته ڕه‌شید و له مێژینه و خاوه‌ن شارستانییه‌ته پێوه‌ندی میللی خۆی له ته‌ک براکانی دیکه‌ی له ده‌ست دا و تا بیست ساڵ له‌مه‌و پێش زۆربه‌ی میلله‌تی ئێمه‌یان که کورده‌کانی شاماتی سووریا و کورده‌کانی ئه‌رمه‌ن ، ڕۆم ، قارس ، بایه‌زید ، حاوه [!] و عێراقیان له گیانی برایه‌کانی خۆیان به‌ردا. چ ده‌گا به تایفه‌ی ئه‌رمه‌نی و تورکه‌کانی جوێ ڕه‌گه‌ز که ئه‌وان هه‌موویان له ڕیشه‌ی دروستی مادن و به هیچجۆر ئاریایی نین . که وابوو ته‌شکیلاتی حیزبی کوردستان له ئی میلله‌ته‌کانی دیکه هه‌تا بڵێی زه‌حمه‌تی زۆرتر بوو. دامه‌زرێنه‌ری حیزبی ئازادیی کوردستان عه‌زیزوڵای زه‌ندی دوای خوێندنی ته‌واو هه‌موو شوێنه‌کان و میلله‌ته‌کانی هاوڕه‌گه‌زی به چاوی خۆی دی و بۆ تێکه‌ڵاوی و پێکهێنانی حیزب هه‌موو بڕگه‌کانی میلله‌ت گه‌ڕا و سه‌ری له زۆربه‌ی خاکی ئورووپاش دا و ماوه‌ی 2 ساڵ له پێناو مه‌رامی ئازادی دا زه‌حمه‌تی کێشا . پاش ئه‌زموونی ئه‌وپه‌ڕی ئاسایی له تاریخی 1929 توانی حیزبی ئازادیی کوردستان دابمه‌زرێنێ. له ئاست دیکتاتۆری دا سه‌ره‌ڕای زیندان و مخاریجی زۆر ڕاپه‌ڕی و خه‌ریکی ته‌بلیغی ئازادی بوو بێ فه‌رق و جیاوازی دانان له نێوان کورد و ئه‌رمه‌نی و ئاسۆڕی و تورک (3) دا و
به گوێره‌ی مه سلهکی خۆی مه‌رامنامه‌که‌ی دوای په‌سندی ژیر و کۆنه‌ساڵانی ئازادی گه‌ڵاڵه کرد و ئه‌م مه‌ڕامنامه‌یه به چه‌ند زمانی ئه‌رمه‌نی ، کوردی ، تورکی [ئازه‌ربایجانی- نووسه‌ری ئه‌م باسه] و هتد بڵاو کراوه‌ته‌وه تا میلله‌ت و برایانی هاوڕه‌گه‌ز و ئازادیخواز که‌لکی لێوه‌ربگرن و ته‌شکیلاتی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان له سه‌ر بناغه‌ی ئازادیی گشتی و تاکه که‌سی دابنێن .
مه‌رامنامه
1- ڕێککه‌وتن و یه‌کییه‌تی گشتی بێ جیاوازی و فه‌رقی کورد و ئه‌رمه‌نی و تورک و ئاسۆڕی که له ته‌واوی سه‌رتاسه‌ری کوردستانی پێشوو دا نیشته‌جێن.
2- په‌ره‌پێدان و پێوه‌ندی مادی و مه‌عنه‌وی برایانی کوردستانی بێ له به‌ر چاو گرتنی جیاوازی زمان و جلوبه‌رگ و مه‌زه‌ب و سنووره‌کانی کوردستان و لورستانی قه‌دیم به حاڵه تی سه‌ره‌تایی خۆی .
3- دانه‌وه [ وه‌رگرتنه‌وه - نووسه‌ری ئه‌م باسه ] و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پاتراوانهی که ساڵانی کۆن به حوکمی ئیمپراتۆری عوسمانی دوورخراونه‌ته‌وه بۆ بولغارستان و ئاڵبانی و یوگسڵاوی و لیبی .
4- گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ش که له‌ئێران له زه‌مانی شاعه‌بباس تا ڕۆژی ڕووخانی په‌هله‌وی نێردراونه ویلایه‌ته دوورده‌سته‌کان.
5- په‌ره‌پێدان و بره‌و پێدانی زمانی کوردی و ئه‌رمه‌نی و تورکی (4) و دانانی مه‌دره‌سه له هه‌موو شاره‌کان و دێیه‌کان به زمانی کوردی و ئه‌رمه‌نی .
6- وه‌رگێڕان و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی هه‌نده‌ران که یارمه‌تین بۆ روحی ئازادی و به‌هێزکردنی ئازادیی گشتی و تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تی تا دوایین پشوو.
7- په‌ره‌پێدان و به‌هێزکردنی کۆبوونه‌وه‌کانی حیزبی ئازادی یان فرقه له ته‌واوی شاره‌کان و دێیه‌کان به ڕێگه‌ی وتاردان و به‌یانییه و بڵاوکراوه و ڕۆژنامه.
8- ته‌لقین و ده‌رسدادانی زانستی ئابووری و ژیانی به ئابڕوو به میلله‌ت بێ جیاوازی کورد و ئه‌رمه‌نی و تورک و ئاسۆڕی و پاراستنی که‌رامه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و میللی به هه‌موو مانایه‌که‌وه.
9- چه‌کدار کردن و ئاماده کردنی هۆ و ئامرازی به‌رگری کوردستان و خه‌باتی سه‌خت له ئاست دیکتاتۆری و فاشیستی.
10- ئاماده کردنی تاک تاکی میلله‌ت بۆ فیداکاری له جه‌بهه‌ی فاشیست [!]
(دژی فاشێستی – تێبینی نووسه‌ری ئه‌م باسه ) و بووژاندنه‌وه‌ی به‌وره‌یی مێژوویی میلله‌تی کورد و ئه‌رمه‌نی و ڕه‌گه‌زی مادی .
11- پاراستنی هێمنی و ئارامی و سازکردنی خۆشه‌ویستی و برایه‌تی و ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانی و ناهێمنی له ته‌واوی مه‌مله‌که‌ت دا بێ له به‌ر چاوگرتنی فه‌رقی زمان و عاده‌ت و مه‌زه‌ب .
12- پێکهێنانی مه‌جلیس و ئه‌نجومه‌نی ڕه‌نجده‌ران و کرێکاران له هه‌موو ویلایه‌ت و محاڵهکاندا به مه‌به‌ستی ئازادی و به‌رگری له [ئاست ] دیکتاتۆری و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی کاره خراپه‌کانی پێشوو.
13- پاراستن و ڕاگرتنی ئاسه‌وار و عاده‌تی میللی و مێژوویی کورد و کوردستان و برایانی دیکه و به تایبه‌تی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی مه‌مله‌که‌ت .
14- سهقامپێدان و ڕاستی و رێز و حورمه‌تی میللی و کۆمه‌ڵایه‌تی له ته‌ک دێمۆکراسییه‌کاندا بێتوو ئه‌وانیش ماف و ئازادی بۆ ئێمه قاییل بن .
15- ته‌بلیغ و فێر کردنی مه‌رامی دێمۆکراسی و ئازادیی موتڵه‌ق به پێی بنچینه‌کانی جمهوورییه‌ت به ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان.
16- به‌یه‌که‌و لکاندن و یه‌کگرتووکردنی گشت ڕه‌نجده‌ران و فه‌لاحان و کرێکاران و خاوه‌نموڵکان و ماڵداران به مه‌به‌ستی هاوکاری و په‌ره‌پێدانی کشتوکاڵ و زیادکردنی به‌رهه‌می زه‌وی و ماڵی و نیزامنامه‌ی ئه‌مه‌ش بگاته ده‌ست کاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار.
17- له نێوبردنی بێ‌کاری و نه‌داری و په‌رێشانی له نێو گشت میلله‌ت و چاره‌سه‌رکردنی پێداویستییه‌کانی میللی گرینگ‌ترین مه‌به‌سته .
18- یارمه‌تیی ماڵی به ته‌واوی ئه‌و دێیانه‌ی که خاوه‌نه‌کانیان بێهێزن و ره‌عییه‌ته‌کانیان نه‌دارن و ناتوانن له‌و نێعمهتانهی که خودا داویه به خاکی ئه‌وان که‌لک وه‌رگرن.
19- فرۆشتنی به‌رهه‌م و سامانی جووتێر و ڕه‌نجده‌ر به بایی گران و په‌یدا کردنی هۆی هه‌رزان بۆ کڕینی پێداویستییه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ی پێش بکه‌ون.
20- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئیمتیاز و قانوونه دیکتاتۆرییه‌کان و سه‌ره‌ڕۆیانه و دامه‌زراندنی شیرکه‌تی ته‌عاونی بۆ ئه‌وه‌ی جووتێر و فه‌ڵاح به ته‌واوی ئاسووده ببن.
21- [ ناردن و فرۆشتنی] به‌رهه‌م و داچێندراوی زه‌وینی و سه‌نعه‌تی و ته‌بیعی کشتوکاڵی و ڕه‌نجده‌ران بێ گومرگ و ته‌عره‌فه بۆ خاکی ده‌وڵه‌ته دێمۆکراسییه‌کان و ئازادیی ناردن و فروشتن .
22- وه‌ده‌ستهێنانی ئیمتیازی خاریجی بۆ دامه‌زراندنی فابریکان و تراکتۆر و پێداویستییه‌کانی دیکه‌ی سه‌نعه‌تی .
23- ئازادیی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی و قه‌ڵه‌می و زمانی هه‌موو میلله‌ته پچووکه‌کان و ڕێزگرتن له میللییه‌تی ئه‌وان .
24- هه‌موو قانوونه‌کانی مه‌مله‌که‌ت له بنچینه‌کانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌هره وه‌رده‌گرن و ره‌غبه‌ت دان به عاده‌ت و قانوونی مه‌زهه‌بی میلله‌ته‌کانی دیکه له‌و که‌یسانه‌ی دا که دژی قانوونی ئیسلامی یه.
25- پێکهێنان و دامه‌زراندنی مه‌دره‌سه‌ی پزشکی و کشتوکاڵی و حقووقی و مێژوویی خۆڕایی له هه‌موو مه‌مله‌که‌ت دا و دامه‌زراندنی مه‌دره‌سه‌ی به‌رز له غاڵبه‌ی شاره‌کان بۆ میلله‌ت بێ جیاوازی [ نێوان] هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و کورد و غه‌یری کورد.
26- بۆ په‌ره‌پێدانی ته‌جاره‌ت و پێشکه‌وتنی بناخه‌ی به‌ڕێچوونی میلله‌ت ده‌رهێنانی کانگا و دروستکردنی ڕێگای ئاسن و ڕێگای شۆسه و سازکردنی پێوه‌ندی [له نێو] گشت میلله‌ت و هاتووچووی ته‌جاره‌تی و ئابووری.
27- دامه‌زراندن و پێکهێنانی کلووب و تیاتور و سینه‌مای زۆر به مه‌به‌ستی ته‌ربییه‌ت و په‌روه‌رده‌ی لایه‌نی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی میلله‌ت.
28- بڵاو کردنه‌وه‌ی فره‌جۆری ڕۆژنامه و گۆڤاری ئازادی و میللی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کشتوکاڵی و ئابووری و ته‌جاره‌تی .
[109042-2145]
(1) له وه‌رگێڕانی فارسی دا " بده‌ن " – تێبینی بهروز طیرانی
(2) یه‌ک یان چه‌ند وشه له [ده‌قی] ماک که‌وتووه - تێبینی طیرانی
(3) ده‌بێ مه‌به‌ست له تورکی ئازه‌ربایجانی بێ- تێبینی نووسه‌ری ئه‌م باسه
(4) ده‌بێ مه‌به‌ست له تورکی ئازه‌ربایجانی بێ – تێبینی نووسه‌ری ئه‌م باسه
به‌ڵگه‌ی ژماره 3
[ جێگری وه‌زاره‌تی شه‌ڕ بۆ سهروکوهزیر ،
26/شه‌هریوه‌ر/ 1321 (17-9-1942 ) ]
وه‌زاره‌تی شه‌ڕ ، ئیداره‌ی ده‌فته‌ری عه‌سکه‌ری ، ژماره 7460 /19899 ،
به ته‌واوی نهێنی ، ڕاسته‌وخۆ
جه‌نابی ئاغای سه‌رۆکوه‌زیر
سه‌باره‌ت به پێکهاتنی حیزبی ئازادیخوازان له مهاباد و بیر‌و ئامانجی ئه‌م حیزبه له لایه‌ن سه‌یفوڵای نانه‌وازاده خوێندکاری مه‌دره‌سه‌ی عه‌سکه‌ری تاران که بۆ پشوودان چووه‌ته مهاباد ڕاپۆرتێکی جێی سرنج گه‌یشتووه که ڕوونووسهکهی له گه‌ڵ کۆپی نه‌خشه بۆ ئاگاداری خاتری به‌رزتان به په‌یوه‌ست پێشکێش ده‌کرێ. له‌م باره‌یه‌وه ئه‌مری پێویست به فه‌رمانده‌ری سپای ڕۆژئاوا دراوه که له‌مه بکۆڵێته‌وه و ئاکامه‌که‌ی گوزاریشت بکا
جێگری وه‌زاره‌تی شه‌ڕ [ئیمزا]
[په‌راوێز] : ئاغای مه‌لیکولکه‌لامی له
ئه‌ستانداری چواره‌م بنووسه له‌م باره‌یه‌وه
لێکۆڵینه‌وه ی ورد بکرێ و ڕاپۆرت بنێردرێ.30/6
[109058-1- 2345
به‌ڵگه‌ی ژماره 4
[ ڕاپۆرتی سه‌یفوڵای نانه‌وازاده خوێندکاری مه‌دره‌سه‌ی عه‌سکه‌ری سه‌باره‌ت به حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان ]
وه‌زاڕه‌تی شه‌ڕ ، نهێنی ڕاسته‌وخۆ ، تکایه ئیمزا بپارێزرێ.
ڕوونووسی ڕاپۆرتی خوێندکاری مه‌دره‌سه‌ی عه‌سکه‌ری تاران سه‌یفوڵای نانه‌وازاده
سه‌رۆکی به‌ڕێزی وه‌زاڕه‌تی شه‌ڕ – تاران
به حورمه‌ته‌وه به عه‌رزتان ده‌گه‌یێنێ ئه‌م فیداییه سه‌یفوڵای نانه‌وازاده خوێندکاری مه‌دره‌سه‌ی عه‌سکه‌ری تاران که ماوه‌ی مانگێکه بۆ پشوو دان چوومه ویلایه‌تی خۆم له شارستانی مهاباد و له‌و ماوه‌یه‌ی پشوو دا له مهاباد هێندێک شتم ده‌ستکه‌وتووه سه‌باره‌ت به حیزبی ئازادیخوازان.
له به‌ر ئه‌مه‌ی که ئه‌م فیداییه هه‌میشه نیشتمانپه‌روه‌ر و خێرخوازی ده‌وڵه‌تی ئێران بووم و هه‌ر وه‌ها له شاڕێیانی پێشکه‌وتن و شارستانییه‌تی ئه‌مڕۆیی دا شتێکی دیکه نییه و بیروڕای سیاسی و دینی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لسه‌فی و ئه‌خلاقی و وه‌ک ئه‌وان هه‌مووی به هۆی نیشتمانپهروهرییهوهیه و نامه‌وێ که‌سێک به دژی ده‌وڵه‌ت ده‌ست بداته کاروباری حیزبی ، بۆ ئاگاداریتان له بارودۆخ ئه‌م گوزاریشته‌ی سه‌ره‌وه[!!] تان به عه‌رز ده‌گه‌یێنم، نه‌خشه‌ی چاپی به ناوی نه‌خشه‌ی حیزبی ئازادیخوازانی کورد که به دژی ده‌وڵه‌ت ڕاپه‌ڕیون ئه‌من نه‌خشه‌ی نێوبراوم وه‌ده‌ست هێناوه و [ ئه‌م کۆپییهم] له ڕووی ئه‌و نه‌خشه چاپییه هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه و پێشکێشی خزمه‌تی مباره‌کی ده‌که‌م. یه‌که‌م ژماره‌ی نه‌فه‌ره‌کانی ئازادیخوازان که ئه‌م فیداییه له به‌ر بهپرسیاربونی خۆم تێکۆشاوم [بیزانم] یه‌کجار زۆره، به شێوه‌ی ئاشکرا که له سه‌ره‌تای ڕه‌شه‌مه‌ی 1320 (فێڤرییه‌ی 1942 ) تیاتوریان داوه سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئه‌منیه و ئه‌رته‌ش و تیاتوری سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی کورد و دروشمی کوردی و کاری دیکه‌ش که له به‌ر زۆربوونیان پێویستی به شه‌رح و به‌یان ناکا. به‌ڵام ئه‌م گوزارێشتانه عه‌ینی حه‌قیقه‌تن و ده‌کرێ وه‌زاڕه‌تی شه‌ڕ له مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته بکۆڵێته‌وه. تاکوو ئێستا هێندیك که‌س سه‌باره‌ت به بارودۆخی شاری مهاباد و ئازادیخوازان ڕاپۆرتیان داوه به مه‌رکه‌ز. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌وانه‌ی باس کران کتێبخانه‌یه‌کیان دامه‌زراندووه که به زمانی کوردی نێوی ( کتێبخانه‌ی ژیانی میللی ) یه . ئه‌م نێوه واته زیندووبوونه‌وه‌ی میلله‌تی کورد و ئێستا هه‌موو عه‌شیره‌ته‌کان و ئازادیخوازانی شاری مهاباد هه‌موویان تفه‌نگی بڕنوو ، تفه‌نگی جۆر به جۆر و ده‌مانچه و خه‌نجه‌ر و شمشیریان هه‌یه و ته‌نانه‌ت کاربه‌ده‌سته ناخۆجێییه‌کان ئه‌زییه‌ت ده‌که‌ن و هه‌موو شه‌وێ ماڵه‌کانیان تاڵان ده‌که‌ن. له به‌ر ئه‌و کاره پێویستانه‌ی که لێره هه‌مه ناتوانم خۆم بگه‌یێنمه مه‌رکه‌ز و ئه‌وانیش بۆخۆیان ده‌یانزانی که ئه‌م فیداییه ڕاپۆرت بۆ مه‌رکه‌ز ده‌نێرم، ئه‌وانه تا ئێستا نه‌یانهێشتووه که‌س له‌و قه‌زییه‌ی حیزبی ئازادیخوازان ئاگادار بێ ، خه‌یاڵیان وایه ئه‌م فیداییه له‌ناوبه‌رن تا کاره‌که‌یان ئاشکرا نه‌بێ و ڕازه‌که‌یان هه‌روا به نهێنی بمێنێته‌وه. جا بۆیه به خۆم ڕاده‌په‌ڕمووم ملکه‌چانه تکاتان لێ بکه‌م یه‌که‌م له کاری ئه‌وانه بکۆڵدرێته‌وه ، تا ئه‌وه‌ی نه‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شانی وڵات و له نێوچوونی که‌لوپه‌ل و سامانی ده‌وڵه‌ت.
[ 109058 – 1 - 2345 ]
به‌ڵگه‌ی ژماره 5
[ سه‌رۆکی شاره‌بانی [پۆلیس] مهاباد بۆ فه‌رمانداری مهاباد 2/آبان / 1321 (24 ئۆکتۆبری 1942)]
وه‌زاره‌تی کیشوه‌ر (نێوخۆ) ، ئه‌ستانداریی ئه‌ستانی چواره‌م ، ڕوونووسی شاره‌بانی مهاباد ، ژماره 129 ، تاریخ 2/8/21 [24-10- 1942 ]
فه‌رمانداری شارستانی مهاباد ، به گه‌ڕانه‌وه سه‌ر نووسراوه‌ی ژماره 1978 /26/7/21 ( 18 – 10 – 1942 ) ، به عه‌رز ده‌گه‌یێندرێ به‌و جۆره‌ی که لێپرسینه‌وه کراوه دوای شوڕشی شه‌هریوه‌رمانگی 1320خه‌ڵک بۆ پاراستنی خۆیان هێندێک ده‌سته‌یان له عه‌شیره‌ته‌کانی نێو شار و ده‌ره‌وه‌ی مهاباد پێک هێنا و دوایه ورده ورده بڵاوه‌یان کرد و ئێستا ته‌نێ ده‌سته‌یه‌ک له خه‌ڵکی مهاباد ماونه‌ته‌وه و خه‌ڵکی شاری و ده‌ره‌وه‌ی هه‌موویان چه‌کدارن و چه‌کی گه‌رم و سارد و تفه‌نگ و ده‌مانچه و خه‌نجه‌ریان هه‌یه - به‌ڵام پێکهاتنی حیزبی ئازادیخواز و نمایشت سه‌باره‌ت به ژاندارم ، ئه‌رته‌ش و سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی ، له تاریخی دامه‌زرانی شاره‌بانی یه‌وه نه‌بیندراوه که [گوزاریشت] بدرێ . و کتێبخانه‌یه‌کیش به ناوی ژیانی میللی ئێستا له مهاباد هه‌یه و هێندێک کتێبی کۆن و تازه‌ی هه‌یه که ئی عه‌بدوڵای فه‌یز ه ، که تاکوو ئێستا ته‌بلیغاتی ژاراوی ( مضره) به دژی ده‌وڵه‌ت نه‌بیندراوه و نێوبراویش جێی باوه‌ڕی که‌سان نییه که خه‌ڵک له ده‌وری کۆببنه‌وه و به ته‌بلیغاتی وی فروسماو بن.
سه‌رۆکی شاره‌بانیی مهاباد رهسهدبانی یه‌که‌م قادری
[ 109058 – 1 – 2345 ]
به‌ڵگه‌ی ژماره 6
[ ڕاپۆرتی فه‌رمانداری مهاباد. 3/آبان/1321 ( 25 ی ئۆکتۆبری 1942)
وه‌زاڕه‌تی کیشوه‌ر (نێوخۆ) ، ئه‌ستانداریی ئه‌ستانی چواره‌م، ڕوونووس
ڕاپۆرتی بهرفانداری مهاباد ، ژماره 2096 ، تاریخ 3/8/21 (25ی
ئۆکتۆبری 1942 ) ]
ئه‌ستانداریی ئه‌ستانی چواره‌م. نامه‌ی ژماره 149 که ده‌ستخه‌تی نهێنی ژماره 14290 ی له گه‌ڵ بوو و له لایه‌ن پایه به‌رز سه‌رۆکوه‌زیره‌وه ده‌رچوو بوو زیاره‌ت کرا، له ئاکامی لێکۆڵینه‌وه دا ئه‌وه‌ی له‌و ڕاپۆرته دا پێشکێشی پایه به‌رزی سه‌رۆکوه‌زیران کرابوو ئاشکرایه هه‌مانا چه‌کداربوونی خه‌ڵکی مهاباد له گه‌وره و چکۆڵه‌یه به تایبه‌تی خه‌نجه‌ر که به یه‌کێک له هۆیه‌کانی گوێڕایه‌ڵی و له به‌رچاو گرتنی ڕێساکانی مه‌زهه‌بی ده‌زانن. به‌ڵام باقی دیکه ئه‌گه‌ریش شتێک بووبێ دوای مانگی شه‌هریوه‌ر (خه‌رمانان) ی سالێ 20 تا ئاخری ئه‌مساڵ له گۆڕێ‌دا بووه ، بۆ وێنه نمایشت له لایه‌ن خوێندکارانه‌وه دراوه چونکوو ئه‌و زه‌مانی عه‌شیره‌ته‌کانیش له شار دا بوون، له کاروباره‌کانی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی له کاتی سزادانی دزان دا نێوی هاتووه‌ته گۆڕێ که له ڕاستی دا نمایشتی ئه‌خلاقی بووه ، له دامه‌زرانی حیزبی ئازادیخواز که مه‌سله‌کی ئه‌وان دژ به ده‌وڵه‌ت و ئه‌ڕته‌ش و ژاندارم بێ ، قه‌ت شتی وام پێ شک نایه. ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی ئه‌وتۆش پێک هاتبێ و مه‌سله‌کی ئه‌وانیان به پێچه‌وانه‌ی شئوونی ده‌وڵه‌ت دیبێ، ده‌ستبه‌جێ له لایه‌ن جه‌نابی قازی محه‌مه‌د و جه‌نابی سه‌دری قازی برای پچووکی به‌ڕێزیان پێشگیری کراوه و ته‌نانه‌ت سه‌دری قازی جارێکیان له هێندێکانیشی داوه. به‌نده خه‌ریکم ئیمان په‌یدا ده‌که‌م که قازی محه‌مه‌د و سه‌دری قازی له جومله‌ی ده‌وڵه‌تخوازانی دڵپاکن. به بوونی ئه‌وان هیچ حیزب و مه‌سله‌کی دژی ئه‌رته‌ش و ژاندارم پێک نه‌هاتووه و که‌س له خۆی ڕانابینێ هه‌ستی دژی ئه‌وتۆ ده‌ربڕێ . کتێبخانه‌ی
ژیان یش به‌م زووانه دامه‌زراوه و له [ئیداره‌ی] فه‌رهه‌نگ داوخوازی دامه‌زرانی قهرائهتخانهیان کردووه. هێشتا ئیزنی ئه‌وه‌یان نه‌دراوه‌تێ ، کتێبخانه‌که‌ش زۆره موخته‌سه‌ره و به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌شی شایسته‌ی پایه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بووه. شاره‌بانیش چ لێی دڕدۆنگ نییه . ڕوونووسی گوزاریشتی ژماره 139ی شاره‌بانی بۆ زیاتربوونی ئاگاداریتان به په‌یوه‌ست پێشکێش ده‌که‌م و له‌و دوومانگه دا که به‌نده شانازی فه‌رمانداری ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌م دراوه‌تێ له یارمه‌تیی مه‌عنه‌وی ئاغای سه‌رۆکی شاره‌بانی که که‌سێکی موسلیح و
به وه‌جه و له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت ئاشنایه به‌شم هه‌یه. له باری نه‌فسییه‌وه خه‌ڵک و عه‌شیره‌ته‌کانی مهاباد چاک [ده‌که‌م] و بۆ دڵ‌پاکی ، بۆ ده‌وڵه‌تخوازی و خزمه‌ت به نیشتمان ڕێنوێنییان ده‌که‌م و به سرنج و چاوبه‌سه‌ره‌وه بوونی ده‌سته‌ڵاتدارانی به‌رز هیوادارم سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بێ. کتێبخانه‌ی ژیانی میللی زیاتر له چل، په‌نجا ڕۆژ نییه کراوه‌ته‌وه ، له حالێک‌دا که ئه‌م فیداییه دوومانگه له مهابادم. به بوونی به‌نده لێره چۆن ده‌کرێ لێره خۆپێشاندانی ئه‌وتۆ بکرێ و به‌نده لێی ئاگادار نه‌بم و پێشی نه‌گرم و یان به عه‌رزتان نه‌گه‌یێنم.
فه‌رمانداری شارستانی مهاباد – سه‌ریعولقه‌له‌م
به‌ڵگه‌ی ژماره 7
[ 109058 – 1 – 2345 ]
[ وه‌زیری شه‌ڕ بۆ سه‌رۆکوه‌زیر ، 6 / بهمن / 1321 (21 ژانڤییه‌ی 1943 )]
وه‌زاڕه‌تی شه‌ڕ، ئیداره‌ی ده‌فته‌ری عه‌سکه‌ری، ژماره 16452/31182،
تاریخ 6 / 11 / 1321 ( 26 – 1 – 1943 )
جه‌نابی ئاغای سه‌رۆکوه‌زیر
به حورمه‌ته‌وه به گه‌ڕانه‌وه سه‌ر نامه‌ی ژماره ( 25018 -14 / 9 / 1321 ) (5ی دیسامبری 1942 ) سه‌باره‌ت به ڕاپۆرتی سه‌یفوڵا نێوێک له مه‌ڕ پێکهاتنی حیزبی ئازادیخوازان له مهاباد، سپای ڕۆژئاواش به پاڵپشتی ڕاپۆرتی فه‌رمانده‌ری تیپی 11ی سه‌قز ڕایگه‌یاندووه که کۆمیته‌ی نێوبراو له مهاباد پێک هاتووه و مه‌به‌ست له‌وه پێشگێڕه‌وه‌یی له ده‌ستدرێژی چه‌ته و شڕه‌خۆران بووه که ئه‌گه‌ر هاتوو له لایه‌ن تاڵانکه‌ران که‌وتنه به‌ر په‌لامار ، به‌رگری له خۆیان بکه‌ن. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتده‌ره‌که سه‌یفوڵای نانه‌وازاده دوژمنایه‌تی توندوتیژی بنه‌ماڵه‌یی له گه‌ڵ محه‌مه‌دی نانه‌وازاده دا هه‌بووه که زۆر جار کێشاویه‌ته شه‌ڕ و له یه‌کدان ، پێکهاتنی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ی به نێوی کۆمیته‌ی یه‌کگرتنی کورده‌کان گوزاریشت داوه.
وه‌زیری شه‌ڕ [ ئیمزا ]
[ 109058 – 1 – 2345 ]
*******
ئه‌و به‌ڵگانه چه‌ند لایه‌نێکی نادیاری سه‌روبه‌ندی دوای خه‌رمانانی 1320 (ئووتی 1941 ) مان بۆ ڕوون ده‌که‌نه‌وه. وه‌ک له " مه‌رامنامه‌ی حیزبی ئازادیی کوردستان " درده‌که‌وێ ،عه‌زیزی زه‌ندی له‌وێدا ده‌ڵێ ئه‌و حیزبه‌ی له ساڵی 1929 پێک هێناوه ،به لێبڕاوی ئه‌و تاریخه ده‌بێ 1939 بێ و له به‌ر وردنه‌بوونه‌وه‌ی ڕێکخه‌ری کتێب و هه‌ڵه‌ی چاپی ساڵه‌که تاق و جووت کرابێ. به‌ڵام وه‌کوو له به‌ڵگه‌کان ڕا ده‌رده‌که‌وێ مه‌رامنامه‌که 3 ساڵ دواتر واته له ساڵی 1942 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه .
نێوه‌رۆکی ئه‌و مه‌رامنامه‌یه سه‌ره‌ڕای هه‌لوێستی ناکۆک و دژ به یه‌ک لایه‌نی سرنج‌ڕاکێشی تێدایه : وه‌کوو پێویستی رێککه‌وتنی ئێتنیسیتییه جیاوازه‌کانی دانیشتووی کوردستان بۆ مه‌به‌ستی هاوبه‌ش ( ماده‌ی 1 ) ،
پێویستی په‌ره‌پێدان و بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێنده‌وای(ماده‌ی 5 و 6) ، باوه‌ر به نیزامی حکوومه‌تی جمهووری، ( ماده‌ی 15 ) ، و هتد.
مه‌سه‌له‌ی پێکهێنانی " حزب زحمتکشان آذربایجان" به به شداری عه‌زیزی زه‌ندی که له لایه‌ن ئاوانێسیان و بلووریان ( ئه‌وی دواییان ده‌ڵێ لکی حیزبی تووده) وه ئاماژه‌ی پێکراوه، وێده‌چێ دوای جێهێشتنی سابڵا‌غ له لایه‌ن عه‌زیزی زه‌ندی و نیشته‌جێ بوونی له ته‌ورێز بووبێ. چ به‌ڵگه‌یه‌کی جێی باوه‌ر له به‌ر ده‌ست دا نییه بیسه‌لمێنێ زه‌ندی له کار و چالاکییه‌کانی " کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد " دا به‌شداربووبێ، به‌ڵام ئه‌ندامه‌تی نه‌مر محه‌مه‌دی نانه‌وازاده هه‌م له " حیزبی ئازادیی کوردستان " و هه‌م له " کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد" دا به ته‌واوی ساخ بووه‌ته‌وه. ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 69 ، 30 پووشپه‌ڕی 1325 – 21 ی ژووییه‌ی 1946 سه‌باره‌ت به کارنامه‌ی سیاسی محه‌مه‌دی نانه‌وازاده ده‌نووسێ: " .... نانه‌وازاده ساڵی 1320 (1941) داخلی " حزبی آزادی کوردستان " بوو و سوێندی خوارد که بۆ ڕزگاری کورد و آزادی کوردستان له ظلم و زور له هیچ ڕووداوێک ڕوو وه‌رنه‌گێڕێ" .
سه‌یفوڵای نانه‌وازاده برا چکۆڵه‌ی شه‌هید محه‌مه‌دی نانه‌وازاده بووه و به پێێ یه‌ک له به‌ڵگه‌کان به هۆی کێشه و نێوان ناخۆشی له گه‌ڵ کاکی و بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه ڕاپۆرتی داوه. نێوبراو له سه‌رو به‌ندی ساڵانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره چالاکییه‌کی بووبێ ماوه‌یه‌ک – نزیک دووسال – زیندانی کێشا.
له به‌ڵگه‌کان ڕا ده‌رده‌که‌وێ به ڕووخانی حوکمی ڕه‌زاشا له سابڵا‌غ مه‌یل بۆ خوێندن و خۆێنده‌واری له گه‌شه کردن دا بووه و " کتێبخانه‌ی ژیانی میللی " دامه‌زراوه. بڵێی پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ساز کردنی ئه‌و کتێبخانه‌یه و دامه‌زراندنی " کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد" له ئارا دا بووبێ ؟
وه‌ک له ڕاپۆرتی " سه‌ریعولقه‌له‌م" ئاخرین فه‌رمانداری حکوومه‌تی نێوه‌ندی به‌ر له گه‌شه کردنی خه‌باتی " کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد" و " حیزبی دێمۆکراتی کوردستان " و دامه‌زرانی کۆمار ده‌رده‌که‌وێ ، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د نه‌ک به ڕواڵه‌ت به‌ڵکوو له بنه‌وه و به نهێنی وێڕای حه‌ول دان بۆ پێکهێنانی ته‌بایی گشتی کاروباری ناوچه‌ی به‌ڕێوه بردووه.
له پێوه‌ندی له گه‌ڵ به‌سه‌رهاتی عه‌زیزی زه‌ندی و " حیزبی ئازادیی کوردستان " دا ئه‌و نوختانه ڕوون ده‌بنه‌وه :
1- دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌کی ئه‌و " حیزبه" عه‌زیزی زه‌ندی و چه‌ند که‌سی ئه‌رمه‌نی و ئاسۆری بوون. نه‌مر قادری موده‌ریسی هێما ده‌کا به ناوی "ئارام" له میاندواو؛
2- له‌و کاتانه دا که بیر له کاری جیدی کراوه‌ته‌وه و پێوه‌ندی له گه‌ڵ رێژیمی نێوه‌ندی نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه ؛ عه‌زیزی زه‌ندی زیاتر خه‌ریکی ئاژاوه‌نانه‌وه و دژایه‌تی کاره‌کانی قازی محه‌مه‌د بووه. هه‌ربۆیه‌ش ناچار بووه له پێشدا سابڵا‌غ و دوایه ته‌ورێزیش به‌جێ بهێڵێ.
ئه‌و ڕاستییه‌ی که هیچکام له ئه‌ندامه ناسراوه‌کانی " حیزبی ئازادیی کوردستان " وه‌کوو : حوسێنی زێڕینگه‌ران ( فرووهه‌ر) ، محه‌مه‌دی نانه‌وازاده ، سه‌ید پیره‌ی نیزامی و حه‌مه‌دی مه‌ولوودی هاوکاریان له‌گه‌ڵ نه‌کردووه و هه‌موویان له دڵه‌وه له کاروباره‌کانی ژ.ك. ، حیزب و کۆمار دا به‌شدار بوون تاق که‌وتنه‌وه‌ی " عه‌زیز زه‌ندی " داده‌گرێته‌وه.
قسه‌ی سه‌ر زاران ئه‌وه‌یه که " عه‌زیز زه‌ندی" هه‌میشه به خراپه باسی قازی محه‌مه‌دی کردووه و پێی وابووه " به ناحه‌ق" جێی ئه‌وی
"داگیر" کردووه.
هه‌ر چونێک بێ ، حیزبی ئازادیی کوردستان " یش لاپه‌ڕه‌یه‌که له مێژووی خه‌باتی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ده‌کرێ "عه‌زیز ئه‌لمانی" ئه‌وه‌ی لێبوه‌شێته‌وه که به جڵه‌وکێشی ئۆپۆزیسیونی "سیاسی" ئه‌و سه‌ر و به‌ندی دابندرێ .
ئاپریلی 1988
په‌یوه‌سته‌کان
په‌یوه‌ستی 1
[ E 2185 /163 / 34 ]
کۆپی ژماره 8
8 ی ئاپریلی 1942
به‌شی دوویه‌م
نامه‌ی کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز کووک بۆ سه‌فیری بریتانیا له تاران – ئێران سێر. ئار. بولارد
(ژماره 7. نهێنی )
گه‌وره‌م ته‌ورێز 9 ی مارسی 1942
1- ...........
2- ..........
3- کلووب و کۆمیته " پرۆلێتارییه‌کان " هه‌ر به‌رده‌وامن له ترس و په‌ژاره نانه‌وه له نێو بیروڕای گشتی ته‌ورێز دا ، ئه‌گه‌رچی نیشانه‌ی ئه‌وتۆش به‌ده‌ره‌وه‌یه که په‌ره‌سه‌ندنی له پڕی چالاکییه‌کانیان خه‌ریکه داده‌مركێ، به‌شێک له به‌ر ده‌سته‌نگی ماڵی و به‌شێکیش له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن به زوویی [هێز]ی پۆلیسی ئێرانی لێیان وه‌خۆ که‌وێ. ئێستا ڕوون بووه‌ته‌وه که کلووبێکی سه‌ره‌کی هه‌یه که بووه به نێوه‌ندی سه‌ره‌کی ده‌رزه‌نێکی به شات و شووتی دێماگۆگ ( خه‌ڵک هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن ) . ئه‌وانه ته‌قریبه‌ن گشتیان ناوی ڕووسی – ئازه‌ربایجانی یان هه‌یه که به " ئۆف" کۆتایی دێ ، به‌ڵام له ژێر کۆنترۆڵی پارێزه‌رێکی گومانلێکراوی کورد دان به نێوی " زه‌ندی " و له گه‌ڕه‌که جۆر به جۆره‌کانی شاری دا چوار یان پێنج کلووبی سه‌ر به‌و نێوه‌نده سه‌ره‌کییه هه‌ن. ئه‌وانه‌ی نێوی خۆیان له‌و کلووبانه دا ده‌نووسن هه‌ر پێنج ریال حه‌قی ئه‌ندامه‌تی ده‌ده‌ن، و ئێرانییه‌کان لێبڕاوانه ده‌ڵێن خه‌رج و مخارجی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه ناکرێ به بێ یارمه‌تی له سه‌رچاوه‌ی دیکه‌وه هه‌ڵسووڕێ – هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان مه‌به‌ستیان ، له شوورهوییهکانه. هه‌ر وه‌ها ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه که ئه‌ندامان کارتێکیان ده‌درێتێ که به هه‌بوونی ئه‌و کارته ده‌توانن سه‌همییه‌یه‌کی زیاتری قه‌ند له دووکانێکی ته‌عاونی وه‌رگرن که له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی شووره‌وی یه‌وه پشتی ده‌گیرێ. ڕاستی وا وه‌به‌رچاو دێ ئه‌وه بێ که کاربه‌ده‌ستانی شووره‌وی کاروباری دارایی ئه‌و کۆمیته‌یه دابین ده‌که‌ن، به ڕێگه‌یه‌کی ئاوا دا که چ خه‌رجێک بۆ خۆیان هه‌ڵناگرێ. به‌رپرسی کاروباری بازرگانییان لێره قه‌ندی داوه به ڕێکخه‌رانی کلووبه‌که به قیمه‌تی عومده فرۆشێ [ بێ ئه‌وه‌ی چ قازانجی بخاته سه‌ری] ، و ئه‌وانیش ئه‌و قه‌ندانه به قیمه‌تی ئاسایی بازار [ به زێده کردنی قازانج] به ئه‌ندامه‌کانیان ده‌فرۆشنه‌وه و قازانجه‌که‌ی بۆ ڕاپه‌ڕاندنی خه‌رج و مخاریجی کلووب ( و بێ گومان بۆ خه‌رج و مخارجی شه‌خسیش ) به کار ده‌هێنن . له به‌ر هێندێک هۆ ڕووسه‌کان له‌و دواییانه‌دا ئه‌و ئیمتیازانه‌یان کێشاوه‌ته‌وه و زه‌ندی ئێستا پێی لێده‌نێ که باری داراییان زۆر لاوازه و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ پێی ناژین. ئه‌من له ڕاپۆرتی ژماره 6ی خۆمدا وه‌رگێڕاوی به‌رنامه‌ی به‌رزه‌فڕانه و هه‌تا بڵێی چه‌وت و چه‌وێڵی کلووبی سه‌ره‌کی [ نێوه‌ندی سه‌ره‌کی] م بۆ ناردن ، که به دڵنیاییه‌وه ده‌کرێ و ده‌بێ له لایه‌ن ڕێبه‌رانی ناوچه‌ییه‌وه گه‌ڵاڵه کرابێ ( و مرۆ ده‌توانێ بڵێ) به بێ یارمه‌تی "قه‌وقازییه‌کان" . ئه‌من چه‌ندین جار باسی ئه‌و کلووبانهم له گه‌ڵ هاوتا شووره‌وییه‌که‌ی خۆم هێناوه‌ته گۆڕێ ( دیاره ، هه‌ڵبه‌ت ، هه‌بوونی هه‌ر جۆره پێوه‌ندییه‌کی شووره‌وی له گه‌ڵ ئه‌وان به‌رپه‌رچ ده‌داته‌وه) و باسی که‌سایه‌تی لێنهوهشاوهی زۆر له ڕێبه‌ره‌کانی ئه‌وان و نوتقه گه‌وجانه گێچهڵاوییهکانیانی بۆ کردم که بۆ ئه‌ندامه‌کانیانی ده‌که‌ن .له کاتێکدا وشیارم کرده‌وه و پێم گوت ئه‌وانه دره‌نگ یان زوو گێجيڵێکی زۆر لێره ساز ده‌که‌ن ، ئێم. کولاگینکۆف گوتی: ، ئه‌گه‌ر پۆلیسێ ناوچه‌یی به‌ڵگه‌ی ڕاستی له سه‌ر ئه‌وان به ده‌سته‌وه‌یه، ده‌بێ سه‌رۆکه سه‌ره‌کییه‌کانیان بگرێ. ئه‌من له وڵامدا پێم گوت ، ئه‌من ده‌زانم پۆلیس کارێکی ئه‌وتۆ ناکا ئه‌گه‌ر له‌وه دڵنیا نه‌بێ که ڕووسه‌کان به‌وه ڕازین، و چه‌ند ڕۆژ دواتر پێی گوتم له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌نگی فه‌رمانده‌ری ڕووسی لێره قسه‌ی کردووه ، که ڕایگه‌یاندووه ئاماده‌یه پشتیوانی له کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی بکائه‌گه‌ر ئه‌وان داوخوازی پشتیوانییه‌کی ئه‌وتۆی لێ بکه‌ن. حه‌وتوویه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌من هه‌م ئه‌ستاندا ر و هه‌م سه‌رۆکی پۆلیسم له‌و باره‌یه‌وه ئاگادار کرد، به‌ڵام ئه‌وانم زۆر ڕاڕا هاته به‌رچاو و وابزانم له‌وه ده‌ترسێن ههنگاوێکی لێبڕاوانه هه‌ڵبهێننه‌وه. وای بۆ ده‌چم سه‌رۆکی پۆلیس بییه‌وێ شتێک بکا، ئه‌گه‌رچی ده‌زانێ پۆلیسه‌کانی زۆر ترسه‌نۆکن و جێی باوه‌ڕ نین، به‌ڵام ئه‌ستاندار به بیانووی جۆربه جۆر کات به سه‌ر ده‌با و نایه‌وێ هیچ بکا. له‌وانه‌یه ئه‌وان بیانه‌وێ خۆیان بپارێزن ئه‌گه‌ر ڕووداوێکی ته‌نگه‌تاو بێته گۆڕێ چ له ژێر په‌رده‌ی کاربه‌ده‌ستانی شووره‌وی یان ته‌نانه‌ت به خۆ شاردنه‌وه له پشت ئه‌م کۆنسوولخانه‌یه دا .چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر په‌یامهێنه‌رێکی نا ڕه‌سمی ئه‌ستاندار هاته لام ، پێی گوتم پێی خۆشه هێندێکان بگیرێن و ده‌یه‌ویست بۆچوونی من له‌وباره‌یه‌وه بزانێ. ئه‌من هه‌ر ده‌کرا ئه‌وه‌ی پێشتر گوتبووم دووپاته‌ی که‌مه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م لێ زیاد کرد کات هه‌روا ڕاده‌برێ به بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك هه‌ڵبگیرێ ، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ناڕازی بوونی به‌رده‌وامی ئێرانییه‌کان له‌و کلووبانهیه. دواتر ئاگادار بووم ئه‌ستاندار پێی وایه هه‌ڕه‌شه‌ی گرتن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی کۆمیته خۆی بشارێته‌وه و کلووبهکانیش دابخرێن .
...........
په‌یوه‌ستی 2
ئارشیڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا [ 34 / 163 /2880 ]
کۆپی ژماره 8
8ی مه‌ی 1942
به‌شی دووه‌م
نامه‌ی کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز کووک بۆ ده‌فته‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه
( ژماره‌ی 10 . نهێنی )
گه‌وره‌م ته‌ورێز 14ی ئاپریلی 1942
...... وا وه‌به‌ر چاو دێ کلووبه " دێمۆکراته‌کان " له حاڵی ئاویلکه دان دا بن ، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی که دوو له سه‌رۆکه‌کانیان ئاخره‌که‌ی ده‌رده‌ست کراون و گیراون – یه‌کیان به تاوانی دزێتی و وه‌رگرتنی ماڵی دزێتی . پارێزه‌ری فشه‌که‌ری کورد زه‌ندی ، دوای ئه‌وه‌ی که رووسه‌کان ده‌م له پووشیان کردووه ، ئێستا وه‌حه‌وله‌وه‌لا که‌وتووه و له به‌ر کاربه‌ده‌سته ئێرانییه‌کان و پیاوه ئایینیه‌کانی ئه‌رمه‌نی ده‌ست پان ده‌کاته‌وه و سواڵیان لێ ده‌کا. وه‌ک باس ده‌کرێ فکری هه‌ره تازه‌ی ئه‌وه‌یه که کورده‌کان و ئه‌رمه‌نییه‌کان له برایه‌تییه‌کی فه‌رهه‌نگی و سیاسی دا به یه‌ک بگه‌یێنێ، به‌ڵام ئه‌و سووکه‌ڵه‌یه لێره قه‌ت شه‌ڕ بۆ خۆی ساز ناکا.
...........
کووک
په‌یوه‌ستی 3
ئارشیڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا [ 34 /163 / 3166 ]
کۆپی ژماره 8
20ی مه‌ی 1942
به‌شی دووه‌م
نامه‌ی کۆنسوولی بریتانیا له ته‌ورێز کووک بۆ سه‌فیری بریتانیا له تاران- ئێران سێر. ئار. بولارد
(ژماره‌ی 11 ، نهێنی )
گه‌وره‌م ته‌ورێز 23ی ئاپریلی 1942
..................
2- بزووتنه‌وه‌ی گۆیا کلووبه " دێمۆکراته‌کان" ئێستا له ته‌ورێز له به‌ر چاوان ون بووه و نه‌ماوه، پاش خۆده‌رخستنی که‌م ، په‌ک که‌وتووانه و نابه‌دڵانه‌ی پۆلیسی ناوچه‌یی ئێره. دوای ئه‌وه‌ی که ڕێگه‌یان دا سه‌رۆکه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و کلووبانه خۆیان ده‌رباز که‌ن و خۆیان بشارنه‌وه، کاربه‌ده‌ستان ئه‌ندامێکیان گرتووه ، که ده‌مانچه‌یه‌کی به خه‌ڵکه‌وه نابوو، ئه‌وان [پۆلیس] ئه‌وه‌نده‌یان غیره‌ت وه‌به‌رخۆ نا تابڵۆ تازه ڕه‌نگکراوه‌که‌ی کلووب داگیر که‌ن. بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له دژی ئه‌وه چه‌ندین ئه‌ندام له نێوخۆی کلووبه‌که دا ته‌قه‌یان له خۆیان کرد، و پۆلیس بۆ چه‌ند سه‌عاتان له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێی ده‌کردن. دوایه ده‌سته‌یه‌ک مۆڵه‌ت دران له خانووی کلووب بێنه ده‌ره‌وه و ئه‌وانیش که سه‌رتا پا پڕچه‌ک بوون به‌ره‌و کۆنسوولخانه‌ی گشتی شووره‌وی چوون بۆ ڕاوێژ و داوای یارمه‌تیکردن ، به‌ڵام هاوتا شووره‌وییه‌که‌ی من ده‌ڵێ وه‌ری نه‌گرتوون و نه‌ی ویستووه چاوی پێیان بکه‌وێ. "دێمۆکراته‌کان" دوای ئه‌وه‌ی هه‌ست پێده‌که‌ن چیدی ده‌فه‌یان ده‌نگ نادا بڵاوه‌ی لێده‌که‌ن، و ڕووناکایی سه‌ره‌کی و ڕابه‌ر ، پارێزه‌ری فشه‌که‌ری نزمی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد به نێوی زه‌ندی له لایه‌ن ئه‌ستانداره‌وه هێندێک دراوی ده‌درێتێ که ئه‌وێ به‌ره‌و ره‌زائییه به جێ بهێلێ، به مێهره‌وانییه‌وه ئۆتۆبووسێکیشی له به‌ر ده‌ست ده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی دوو ژنه‌کان و هه‌ژده منداڵه‌کانی خۆی پێ بگوێزێته‌وه.
................................
ئێف. ئه‌ی.کووک
په‌یوه‌ستی 4
چه‌مال نه‌به‌ز : " گۆڤاری نیشتمان" چاپکردنه‌وه‌ی بنکه‌ی ئازاد 1985 .
نه‌به‌ز ده‌نووسێ و قسه‌که‌ی وه‌ڕاست ده‌چێ : " ئیگلتن له لاپه‌ڕه‌ی (133) ی کتێبه‌که‌ی دا لیسته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی "ژێکاف" ی کردووه که له نێو ئه‌وانه دا دوکتور عه‌زیزی زه‌ندیشی تێدایه .
ئه‌وره‌حمانی زه‌بیحی که خۆی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا به‌شدار بووه ، له لای من باسی (11) که‌سی کرد ، که له نێو ئه‌وانه دا نه عه‌زیزی زه‌ندی تێدا بوو ، نه میرحاج. " ( لاپه‌ڕه‌ی 33 )
دیسان نووسه‌ر درێژه‌ی پێده‌دا و ده‌ڵێ: " گۆڤاری " ڕۆژی نوێ" له ژماره‌ی (10) ساڵی یه‌که‌می ( 1ی کانوونی دووه‌می 1961 ) و لاپه‌ڕه‌ی (6) دا له باره‌ی دامه‌زراندنی "کۆمه‌له‌ی ژێکاف" ه وه ده‌بێژێ : " کاتێ که له‌شکری ئینگلیز هاته (سنه) وه ، وه له‌شکری سووریش هاته مه‌هاباد و ناوچه‌کانی که‌ی کوردستانه‌وه .... حیزبی ئازادی خوازی کوردستان بڕیاری دا که به‌رنامه‌ی خۆی بگۆڕێ ، وه نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکوو ناوی خۆشی گۆڕی و ناوی خۆی نا (ژ.ك) ژیانه‌وه‌ی کورد". که‌ی له‌شکری ئینگلیز هاتووه‌ته سنه ، و که‌ی له‌شکری سوور هاتووه‌ته مه‌هاباد ، "ڕۆژی کورد" باسی نه‌کردووه. به‌ڵام ئێمه ئه‌وه ده‌زانین که هه‌ر دوو له‌شکره‌که له ئابی 1941 دا هاتنه ئێرانه‌وه ، وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر باسمان کرد . له باره‌ی " حیزبی ئازادی خوازی کوردستان" وه که حیزبێکی نهێنی بووه ، زانیاریمان زۆر نی یه، هه‌ر هێنده ده‌زانین که ئه‌م حیزبه به سه‌رۆکایه‌تی دوکتور عه‌زیز زه‌ندی له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1939 دا له نێوچه‌ی موکریان دامه‌زرێنراوه. ئه‌م حیزبه هه‌تا مانگی ئابی 1941 ، واته ئه‌و کاته‌ی که له‌شکری سۆڤێت هاته ئازه‌ربایجان و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌ر مابوو. چونکه به‌یاننامه‌یه‌ک له‌م حیزبه به جێ ماوه که به‌خێرهاتنی له‌شکری سۆڤێت ده‌کا بۆ کوردستان ، که ئه‌مه‌ش هه‌ر له مانگی ئابی 1941 دا بووه. پاش ئه‌مه " حیزبی ئازادی خوازی کوردستان" به جارێک نێوی نه‌ماوه. ئه‌وڕه‌حمانی زه‌بیحی ، که خۆی یه‌کێک بووه له دامه‌زرێنه‌رانی " کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف " و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری "نیشتمان" ، له په‌نجاکاندا پێمی گوت که گوایه عه‌زیزی زه‌ندی به هۆی ئه‌وه‌وه که هێندێک له هاوکاره‌کانی به "ناپاک" یان داناوه ، دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه لێ ی ، و به‌وه "حیزبی ئازادی خوازی کوردستان" تێکچووه ... (لاپه‌ڕه‌ی 30 )
مامۆستا نه‌به‌ز سه‌باره‌ت به گۆڤاری " ڕۆژی نوێ" ده‌نووسێ : " گۆڤاری " ڕۆژی نوێ" گۆڤارێکی مانگانه بوو له سله‌یمانی له لایه‌ن پارێزه‌ر جه‌مال شاڵی یه‌وه ده‌رده‌چوو. یه‌که‌مین ژماره‌ی له نیسانی 1960 دا ده‌رچوو ، و دوا ژماره‌شی که ژماره شه‌شی ساڵی دووه‌می بوو ، له ئه‌یلوولی 61 دا ده‌رچوو. به هه‌مووی (18) ژماره‌ی لێ دره‌چوو ، ئه‌وجا ڕێژیمی قاسم دای خست. ڕۆژی نوێ یه‌کێک بوو له گۆڤاره باشه‌کانی کورد. شایانی باسه ئه‌و ووتارانه‌ی له باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه له ڕۆژی نوێ دا بڵاو ده‌کرانه‌وه ؛ به زۆری له لایه‌ن ئه‌و کورده ههڵاتووانهوه ده‌نووسران که پاش کوده‌تای قاسم (له 14/7- 1958 ) دا ڕایان کرد بۆ سله‌یمانی. وه‌ک
سمایلی ئیسحاقی [ عه‌بدوڵا ئیسحاقی دروسته] ( ئه‌حمه‌د تۆفیق) که یه‌کێک بوو له سه‌رکرده چالاکه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان له کۆتایی په‌نجاکان و سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا و یه‌كێک له ناحه‌زه سه‌رسه‌خته‌کانی قاسملوو."
له په‌راوێزی 90 ی کتێبه‌که‌ی دا له مه‌ڕ زه‌ندی مامۆستا نه‌به‌ز ده‌ڵێ: " دوکتور عه‌زیزی زه‌ندی له بنه‌ڕه‌تدا له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوردی کرماشانی بوو، کاتی خۆی له گه‌ڵ گه‌شتگه‌رێکی ئه‌وڕووپایی که ڕێ ی که‌وتبووه کوردستان چووبوو بۆ ئه‌وڕووپا و له وێ خوێندنی ده‌وره‌ی دوکتورای ته‌واو کردبوو. ئه‌و ئینجیلانه‌ی که له لایه‌ن میسیۆناره‌کانه‌وه په‌نجا ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بڵاو کراونه‌ته‌وه وه‌رگێڕانی عه‌زیزی زه‌ندین. عه‌زیز باوکی میدیای زه‌ندی یه که ژنی گۆرانی بێژی ناسراوی کورد به‌هه‌شتی حه‌سه‌ن زیره‌ک بوو." لاپه‌ڕه‌ی 69 و 70
No comments:
Post a Comment