Monday, August 27, 2007



دیسان سه‌باره‌ت به‌ ڕێزلێنان له‌ جیاوازی
حه‌سه‌نی قازی

به‌ سه‌رکوتکردن و رێگه‌ گرتن له‌ پێشکه‌وتنی شێوازێک له‌ شێوازه‌کانی کوردی و داسه‌پاندنی شێوازێک به‌ سه‌رئه‌وانی دیکه‌ دا،نه‌ زمانی یه‌کگرتوو دروست ده‌بێ و نه‌ هێمی پێوه‌ندییه‌کانی ناوخۆیی کوردی به‌ حه‌ولی ئه‌وتۆ پته‌و ده‌بێ. به‌ پێچه‌وانه‌، کرده‌وه‌یه‌کی زاڵمانه‌ی ئه‌وتۆ ده‌بێته‌ هۆی له‌ یه‌کدی پرینگانه‌وه‌ و مووله‌یه‌ک قڕژ بوونه‌وه‌ و هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵهێنانی زامێک که‌ نه‌ کۆلکه‌خوێنده‌وار ده‌توانن چاره‌سه‌ری که‌ن و نه‌ چ حه‌کیمێک لێیده‌وه‌شێته‌وه‌ ده‌رمانی کا. ڕاست به‌راوه‌ژووی کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ رێزلێنان له فره‌ چه‌شنی و هه‌موو چه‌شنی زمانی ده‌بێته‌ هۆی ته‌بایی زیاتر و باوه‌ڕی به‌یه‌کدی و هێزی یه‌کایه‌تی له‌ جیاوازیدا پته‌وتر ده‌کا.
ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ نووسخه‌ی "زمانی یه‌کگرتووی کوردی" به‌ زاڵ کردنی شێوازێک به‌ سه‌ر شێوازه‌کانی دیکه‌ی کوردی دا ده‌پێچنه‌وه‌، با که‌مێک له‌ ده‌وروبه‌ری خۆیان بڕوانن و ببینن چۆن ده‌ره‌تانی دێمۆکراتیک ڕێگه‌ی بۆ ڕه‌خساندوون وه‌کوو مامۆستای زمانی ماڵێ کار بکه‌ن. بۆچی بۆ منداڵه‌کوردێک له‌ سوێد ڕه‌وابێ له‌ سوێد به‌ شێوازی کوردیی سه‌روو یان نێوه‌ڕاست زمانی خۆی بخوێنێ، به‌ڵام له‌ وڵاتی خۆی له‌ جێیه‌کی وه‌کوو بادینان و هه‌ورامان ناچار بکرێ به‌ تۆبزی شێوازێکی دیکه‌ بخوێنێ.
سیاسه‌تدارێژانی سیستمی په‌روه‌رده‌ له‌ باشووری کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی وڵامی که‌ف و کوڵی بانه‌کی لایه‌نگرانی "زمانی یه‌کگرتووی کوردی" بده‌نه‌وه‌، وا باشه‌ وه‌بیر ئه‌و موهه‌ندیسانه‌ی تۆبزیکاری بهێننه‌وه‌، ئه‌و مافه‌ی له‌ سوێد بۆ منداڵانی کوردی به‌ ڕه‌وا ده‌زانن، بۆ منداڵانی کورد له‌ بادینان و هه‌ورامانیشی بسه‌لمێنن!

1 comment:

Anonymous said...

Pirr supas bo núsiraweket kak Hesen. Ziman díyardeykí surshtíye ke legell júlanewey komellga wéney xoy taze dekatewe. Yekem rolí giringí ziman le sedey éroda, karayí ziman le estí peywendí rojhane ú nawíní jílekan e. Éro komellgay Kurdí debét karasaní bo shéwazí peywendíyekaní xoy betaybet le régay medyay elektronik bikat. Bo rengdanewey samaní wéjhe ú candí zimaní Kurdí, Kurdan debét amerékí hawbesh bo peywendí ú tomarkirdiní zimanekeyan (zarawekaníyan) hebét. Yek shéwazí núsín detwanét régaxoshkerí tégeyéshtinékí gishtí le hemú zarewakaní zimaní Kurdí bét. Kurdistan le em este péwístí be shéwe núsíníkí yekgire ta zimanékí yekgirtú.

Legell rézim,
Dr. Dilan Rostam Roshani