هێندێک تێبینیی زمانی 11 ماندوو
هێندێک تێبینیی زمانی 11
حه‌سه‌نی قازی
ماندووبوون، ماندوو، ماندوویی، ماندوێتی، ماندوو نه‌بوونی، ماندوو نه‌بی!
ئه‌مڕۆژانه، دوای ساڵه‌های ساڵ چاوم به دیداری دۆستێکی له‌مێژینه و به‌وه‌فا ڕوون بووه‌وه و له‌گه‌ڵ باس و خواسی هه‌مه‌چه‌شنه و فره لایه‌نه قسه هاته سه‌ر زمان و ئه‌و هاوڕێیه گوتی له جێیه‌ک بیستوویه زاراوای "ماندوونه‌بی" له بناوانه "مانی نه‌بی" بووه وله سه‌ر زمان ئاڵوگۆڕی به سه‌ر هاتووه و دووده‌نگی /د/ و /وو/ جێگه‌ی ده‌نگی /ی/ یان گرتووه‌ته‌وه. مه‌به‌ستیش له‌و بێژه‌یه ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه‌ی ڕووی ئه‌و قسه‌یه‌ی تێده‌کرێ وه‌کوو"مانی" پێغه‌مبه‌ری به سه‌ر نه‌یه. دیاره بۆ من په‌ژراندنی ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه بڕێک ئه‌سته‌مه، به برادهرهکهمم گوت هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕای خۆم سه‌باره‌ت به‌و زاراوه‌یه له وێبنووسی ڕوانگه دا بنووسم.
ئه‌من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئاواڵناوی "ماندوو" شی بکه‌ینه‌وه له دوو بڕگه‌ی مان + دوو پێک هاتووه وواتای حه‌قیقی ئه‌و زاراوه‌یه یانی "له دوا نهمێنییهوه"،" له خه‌ڵکی دیکه وه‌دوایه نه‌که‌وی" ئه‌گه‌ر که‌سێک زۆر به ڕێگه دا بڕوا، یان له‌به‌ر پیاده‌ڕۆیی زۆر شه‌که‌ت بووبێ له وانه‌یه له خه‌ڵکی دی جێ بمێنێ و له دوایه بمێنێته‌وه، بۆ تێهه‌ڵهێنانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه و بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی وه‌به‌ر بێته‌وه ده‌کرێ پێی بڵێین "ماندوو نه‌بی" و له به‌ردوامی ده‌کارهێنان دا واتای به خێر هێنانی به خۆیه‌وه گرتووه بۆ وێنه له‌م ڕسته‌یه دا" ماندوو نه‌بوونی له میوان کردن = میوان به‌خێرهێنان، یه‌ک له خه‌سڵه‌ته باشه‌کانی کوردانه".
له شێوازی سه‌رووی کوردی دا "وه‌ستان" هاوواتای "ماندوو بوون" و "ماندوێتی" یه. له شێوازی نێوه‌ڕاستیش دا "هێندێک جار " وه‌ستان" بۆ ده‌ربڕینی شه‌که‌تی گیانله‌به‌ری جگه له ئینسان ده‌کارده‌کرێ.
من پێم وایه مانییهتی و به کۆنه‌وه نووسان هۆی پێوه‌ندی دانی ئه‌و زاراوه‌یه به " مانی" یه‌وه بێ، ده‌نا، ئه‌گه‌ری پێک هاتنی وشه‌ی ماندوو له مان + دوو، زیاتر ڕێی تێده‌چێ.
1 comment:
زانیار
به‌ریز کاک حه‌سه‌ن
ده‌رباره‌ی ئاوه‌لناوی 'ماندوو' ئه‌بی بلییم که ماندوو پاش گورانکاری بوته مانی، به‌لام ئه‌و هاورییه‌ی جه‌نابت ریوراست پیچه‌وانه‌که‌ی پیکاوه. به واتایهکیتر، ماندوو بوته ماندی و پاشان بوته مانی، وه‌ک چون زیندوو بوته زیندی و ئئستاش له هه‌ندی زاراوه‌ی نیوان سنه و کرماشان پیی ئه‌لیین زینی. له زوربه‌ی کاته‌کاندا و به‌تایبه‌ت له ئاوهلناوه کردارییه‌کاندا 'وو' ی شیوه‌زاری سورانی له کرمانجی باکووردا و به تایبه‌ت له ئه‌رده‌لانی و بهدرهییدا ده‌بنه 'ی'. وه‌ک مردوو/مری، نانت خواردووه/نانت خوارییه، کاره‌که‌ت کردووه/کاره‌که‌ت کرییه،و هتد.
به کورتی، بیردوزهکهی ئه‌م گورانه دهنگناسانهیه به‌م شیوه‌یه‌یه:
'دوو' ده‌بیته 'دی' که ئه‌ویش ده‌بیته 'ی'. بو نموونه، نانم خوادووه (سلیمانی)، نانم خواردیه (هه‌ولیر)، نانم خواردگه و نانم خوارگه (سنه)، نانم خواریه (ناوچه‌ی نیوان سنه و کرماشان). هه‌ر به هه‌مان شیوه‌ش، ماندوو (سلیمانی)، ماندی (هه‌ولیر)، مانی (نیوان سنه و کرماشان). هه‌ر وه‌ک جه‌نابتان ده‌زانن، پیتی'د' له زوربه‌ی کاته‌کاندا له ده‌ربریندا ون ده‌بی وه‌ک قه‌ره‌داغی/قهرهئاغی، هه‌مه‌دان/هه‌مه‌ئان، هه‌ندی/هه‌نی و هتد.
زور سوپاس بو جه‌نابت و ویبلاگهکهتان. هیوادارم هه‌ر به‌م شیوه‌یه به‌رده‌وام بن
Post a Comment