دوکتور ئێدمان ی سوێدی، یه‌که‌م پژیشکی میسیۆنی لووتێری له سابڵا‌غ
وه‌ته‌نی باپیرم، کوردستان قه‌دیم
ده‌نگی زوڕنا و ده‌هۆڵ، هه‌وای پڕ ده‌کا
زه‌وی، مێشه، بڵیندی، قووڵ هه‌موو پێکه‌وه
ده‌خوێنن بۆو قه‌ومه‌ی که له‌نێویان دایه
له‌بیر ناچێ، زه‌حمه‌ت و خه‌میان کێشاوه
دوکتور ئێدمان ی سوێدی، یه‌که‌م پژیشکی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له سابڵا‌غ
حه‌سه‌نی قازی
گۆواری کوردستان میشنێری، له ژماره‌ی 3ی خولی یه‌که‌می خۆی له دیسامبری 1910 دا یه‌که‌م میسیۆنێره‌کانی که له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات ڕا ئه‌رکیان دراوه‌تێ بچنه سابڵاغێ ئاوا ده‌ناسێنێ: " میسیۆنێره‌کانمان جه‌نابی ئێل.ئو. فاسوم، که چه‌ندین ساڵ له پێگه‌ی کوردستانی ئێران کاری کردووه، ئه‌گه‌رچی پیاوێکی گه‌نجه و ته‌مه‌نی هه‌ر 30 ساڵه ئینسانێکی زۆر به ته‌جروبه و به باوه‌ڕه و به ته‌عه‌سوبی پیرۆز پشت گه‌رمه و هیوای زۆره. ئه‌و تاکوو ئێستا ته‌جروبه‌یه‌کی زۆری وه‌سه‌ریه‌ک ناوه، توانایی تێگه‌یشتنی زۆر باشه، و بیرێکی زۆر تیژی هه‌یه، وه‌ک زمانناسێک توانایی تایبه‌تیشی هه‌یه.ئێمه به حه‌ول و ته‌وکولی خوڵای چاوه‌ڕوانیمان له‌وی زۆره.
جه‌نابی دوکتور.ئێمانوێل ئێدمان، میسیۆنێرێکی پژیشکه و له‌گه‌ڵی ده‌چێ. دوکتور ئێدمان له‌وی پیرتره. له ساڵی 1857 له دایک بووه . له حه‌وزه‌ی عیلمی ئه‌نیستیتووه‌کان خوێندوویه‌تی،له‌به‌شی پژیشکی زانکۆی نیۆیۆرک بووه‌ته دوکتور وله حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی ئاگوستانا، له Rock Island ده‌رسی ته‌واو کردووه . 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له هیندووستان ده‌ستی به خزمه‌ت کرد و ئه‌وده‌می له گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی گشتی کلیسا کاری ده‌کرد. 7 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گه‌ڕاوه ئه‌مریکا و خزمه‌تی چه‌ندین کلیسایانی کردووه،له وانه کاری میسیۆنی له‌ماڵان.پیاوێکی به‌ئیمان و که‌سایه‌تییه‌کی به‌توانایه. ئێدمان سوێدییه و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کلیسایی ئاگوستانایه. جه‌نابی فاسوم به ڕه‌چه‌ڵه‌ک نۆڕوێژی و ئه‌ندامی کلیسای یه‌کگرتوویه.ئێمه به‌وه خوشحاڵین که ده‌توانین وێنه‌ی میسیۆنێره‌کانمان و ئه‌ندامانی خێزانیان بۆ خوێنه‌وه‌رانی کوردستان میشنێری بڵاو بکه‌ینه‌وه.
له ڕۆژی 6ی دێسامبری [1910] ئه‌و برایانه‌ی سه‌ره‌وه له Berwyn III چاویان به‌یه‌ک که‌وت بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر کاره‌که‌یان ڕاوێژ بکه‌ن ،له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێک که‌وتن تا ئه‌و جێیه‌ی بکرێ ئه‌وان تا مارسی 1911 ، به‌یه‌که‌وه سه‌فه‌ر بکه‌ن. له‌وماوه‌یه‌دا دوکتور ئێدمان له مه‌دره‌سه‌یه‌کی پژیشکی ده‌رس ده‌ڵێته‌وه، و له ده‌ورو به‌ری 1ی مه‌ی دا میسیۆنێره‌کان و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌یان به‌ره‌و ئوڕووپا وه‌ڕێ ده‌که‌ون و له‌وێوه میسیۆنێرێکیان له گه‌ڵ ده‌که‌وێ که له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی هێرمانسبورگ ڕا ده‌نێردرێ و دوایه ڕوو ده‌که‌نه پێگه‌ی میسیۆن له کوردستان و له نێو 2 میلیۆن کورد و خه‌ڵکی دیکه دا که له نێو کوردان دا ده‌ژین ده‌ست به‌کار ده‌که‌ن.
خانمی سارا کنانیشوو له گه‌ڵ چوار کوڕه‌کانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مریکا . ئه‌و پێی خۆشه دووکوڕه گه‌وره‌تره‌کان له کالێجی ئاگوستانا و له حه‌وزه‌ی عیلمییه‌یIII ، Rock Island له به‌ر خوێندن بنێ و دوایه ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێران بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی پێگه‌ی میسیۆن بدا له کوردستان.........
6ی دیسامبری 1910
جان تێلیین "
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 7ی خولی یه‌که‌می خۆی له ئاوریلی 1911 دا به‌کورتی ئاوا باسی سابڵا‌غ و سابڵاغییان ده‌کا : " کورده‌کانی سابڵا‌غ
له سابڵاغێ ئێمه سه‌ره‌فه‌جوو ( ده‌ستپێوه‌گر)ترین، به‌کارترین و له‌باری ته‌جاره‌ته‌وه به‌مرخترینی کوردانی هه‌موو کوردستان ده‌بینینه‌وه. گه‌نم چاندن و مه‌ڕداری سنعاتی سه‌ره‌کی وێنده‌رێن. ئه‌وان خوری، گه‌نم و به‌رهه‌می دیکه‌ی خۆیان بۆ ئه‌ستانه‌کانی دراوسێی هه‌م ئێران و هه‌م ترک و ڕووسییه ده‌نێرن و هێنانی که‌لوپه‌لی نێوماڵ و به‌رهه‌می بێگانه له‌و وڵاتانه‌وه،بووه به بازر‌گانییه‌کی ته‌واو گه‌وره. زۆر له‌کورده‌کان بوون به تاجری به‌کار و ده‌وڵه‌مه‌ند.
ئه‌وه له سابڵاغێ بوو که ئاغای دامان Damman ، که زمانناسێکی ئاڵمانی بوو له شه‌وی 16ی فێڤرییه‌ی 1907 دا به ده‌ست کورده‌کان کووژرا، ئه‌و بکوژانه له لایه‌ن خاوه‌نموڵکانی سه‌رهه‌ڵداو ڕا به کرێ گیرابوون بۆ تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه له حاکمی شاری و به‌و شێوه‌یه ده‌یانه‌ویست کێشه و هه‌رای بۆ ساز که‌ن. به‌ڵام بۆ ئیسپاتی ئه‌وه‌ی که گه‌لی کورد له‌و کاره وه‌حشیانه و خوێناوییه بێ به‌رییه، دوای ماوه‌یه‌کی کورت بکوژه‌کان به ده‌ست هاونیشتمانیان کوژرانه‌وه.با شوکرانه بژێری خوڵای بین کورده‌کان به یه‌کجاری ده‌ست له جه‌رده‌یی و کوشتن هه‌ڵبگرن، و ببن به گه‌لێکی بیرڕووناک و موته‌مه‌دین و مێهره‌وان. با حه‌ول بده‌ین ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان دا بیکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌م کاته دا و تا هه‌تاهه‌تایه باشتر بن."
کوردستان میشنێری له ژماره‌کانی خولی یه‌که‌م و دووه‌می خۆی ( 1911 – 1912 ) دا ورده ڕیشاڵی سه‌فه‌ری ئێل.ئۆ.فاسوم و دوکتور ئێدمان له ئه‌مریکاوه تا سابڵا‌غ ده‌گێڕێته‌وه، به‌تایبه‌تی لادانیان له هێرمانسبورگی ئاڵمان و ڕێک که‌وتن له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری هێرمانسبورگ له‌ئه‌ڵمان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که کاروباره‌کانی پێگه‌ی میسیۆنی لووتێری له سابڵاغێ له‌وه‌دواوه ڕاسته‌وڕاست له ژێر به‌رپرسایه‌تی " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" یان " میسیۆنی کوردستان" له ئه‌مریکا دا ده‌بێ. دوکتور ئێدمان له یه‌که‌م نامه‌ی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له ئه‌مریکا که له ژماره‌ی 1ی، خولی 2ی کوردستان میشنێری ئۆکتۆبری 1911 دا بڵاو بووه‌ته‌وه ئاوا ده‌نووسێ:
" نامه‌ی دوکتور ئێدمان
ئه‌وه‌ی خواره‌وه به‌شێکه له نامه‌ی برامان ئێدمان که به‌رواری 6ی سێپتامبری 1911 له سابڵا‌غ، ئێرانه‌وه نووسیوه و بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانمان بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه. برامان ئێدمان ده‌نووسێ: ----
ئێمه که ئێستا به سڵامه‌تی گه‌یشتووینه‌ته شوێنی مه‌به‌ستی دوورمان له ئێران، زۆر شوکرانه بژێری خوڵاین بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌فه‌ره‌درێژه‌مان به سه‌ر ده‌ریا و زه‌وی دا پارێزگاری لێ‌کردین. لێره دا هێندێک وورده‌ڕیشالی سه‌فه‌رکه‌مانتان بۆ باس ده‌که‌م........ له هێرمانسبورگ له ئه‌ڵمان، چاومان به زۆر دۆستی باش و رێکۆپێکی میسیۆن که‌وت. هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی که‌پێویست بوون بۆ گونجاندنی کاری ئه‌وان و خۆمان جێ به‌جێ کران و به‌و پێیه هه‌ر جۆره به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی که هێرمانسبورگ له ئێران هه‌یبێ ئێستا ده‌که‌وێته سه‌ر شانی ئێمه. ئه‌و ڕۆژه‌ی له هێرمانسبورگمان ڕابوارد بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له بیر ناچێته‌وه. له‌وێوه ئه‌من چوومه ئۆلاندو نزیکه‌ی حه‌وتوویه‌ک له لای ژن و منداڵه‌کانم بووم، که نزیکه‌ی 6 حه‌وتوو پێشتر گه‌یشتبوونه ئه‌وێ و ئه‌من که به‌جێم هێشتن جارێ تا ماوه‌یه‌کی دیکه‌ش له‌وێ ده‌مێننه‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه به‌ره‌و پێگه‌یه‌کی تازه‌ی میسیۆن ده‌هاتین وام پێ باشتر بوو ژن و منداڵه‌کانم جارێ له‌وێ بمێننه‌وه تا ئه‌وکاته‌ی له کوردستان ماڵێک پێکه‌وه ده‌نێین. جارێ لێره وه‌رزی خانوو دروستکردن نییه، و جگه له‌مه‌ش، ماوه‌یه‌کی پێده‌وێ هه‌تا شوێنێکی باش بۆ خانووبه‌ره سازکردن ببینینه‌وه.
له ئۆلانده‌وه به ڕێگه‌ی سوێد دا چوومه ستێتین له ئه‌ڵمان. له ستۆکهۆڵم چاوم به چه‌ند دۆستی کۆن که‌وت، به‌ڵام هه‌ر نیو ڕۆژ له‌وێ مامه‌وه. ئێمه ( فاسوم و ئێدمان) ڕۆژی 16ی ئووت له ستێتین وه‌ڕێ که‌وتین، به شه‌و وڕۆژ به تێرین به نێو ڕووسییه دا به‌ڕێوه‌بووین. له 26ی مانگی ئووت گه‌یشتینه جوڵفا، سنووری ئێران. گشت چه‌مه‌دان و باروبه‌ندیلمان له ڕووسییه دووجار پشکێندرا.
له جوڵفاوه بۆ سابڵاغێ به فایتوون چووین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه چه‌مه‌دان و شتیکی دیکه‌شمان پێ بوو که ده‌بوو له گه‌ڵ خۆمانیان بهێنین بڕیارمان دا به‌جێیان نه‌هێلین و هه‌موو شتێک له گه‌ڵ خۆمان به‌رین. تا 80 میلی – واته تا ته‌ورێزێ --- ڕیگا زۆر خۆش بوو، به‌ڵام هه‌ر ده‌بوو له هه‌ورازی گه‌وره وه‌سه‌رکه‌وین و بێینه خوارێ. له ڕێگایه به ته‌نیشت چیای ئاگری دا تێپه‌ڕین. لێره کاری گه‌وره‌ی خوڵامان له زه‌مانی نووحی نه‌بی دا وه‌بیر هاته‌وه.
له ته‌ورێز به‌و لاوه چ ڕێگه‌یه‌ک نه‌بوو. ده‌بوو وه‌سه‌ر هه‌وراز و ته‌پۆڵکان که‌وین، له چۆمی ده‌ین و زۆر به ئاسته‌م ده‌مانتوانی که‌لوپه‌له‌کانمان له سه‌ر ئاو ڕابگرین و ئاو نه‌یانبا. ئێمه چوار ئه‌سپمان پێ بوو، به‌ڵام چه‌ندین جار سه‌رسمیان دا. جارێک فایتوونه‌که‌مان له قوڕی چۆمی گیرا، سێ له ئه‌سپه‌کان له به‌ست چوون و ناچار بووین گه‌ڵ و گا په‌یدا که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی فاتوونه‌که له قوڕ ده‌ربهێنن. ئاخره‌که‌ی له شه‌وی 4ی سێپتا‌مبر دا به سڵامه‌ت گه‌یشتینه ئێره. وه‌ک ده‌بینن ئێمه نۆ ڕۆژان له‌و فایتوونه سست ئاژۆیه دا بووین و به‌و شێوه سه‌فه‌ر کردنه به ته‌واوی ماندوو بووین.
هه‌ر به گه‌یشتنمان چووینه ئه‌و خانوویه‌ی که چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر میسیۆنێرێکی ئه‌ڵمانی تێدا کووژرابوو. له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی که ئێستا له‌وێدا ده‌ژین زۆر به گه‌رمی وه‌رگیراین. زۆر شوکری خوڵای ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌سڵامه‌تی گه‌یشتینه جێ................
به باشترین سڵاو له لایه‌ن هه‌ر دوومانه‌وه،
دڵسوزتان، ئی. ئێدمان
له نامه‌یه‌کی دیکه دا که چه‌ند ڕۆژدواتر برامان ئێدمان بۆ دوکتور تيلیینی نووسیوه ده‌ڵێ: وا وێده‌چێ سابڵا‌غ شوێنێکی زۆر باش بێ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی لێ دروست بکرێ. و ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌ر بێتوو نه‌خۆشخانه‌که‌مان وه‌ڕێ بکه‌وێ ئه‌من ده‌توانم مووچه‌ی خۆم به ڕێگه‌ی ئه‌و حه‌قده‌سته‌ی له نه‌خۆشانی وه‌رده‌گرم دابین بکه‌م. ئێستا خانووبه‌ره‌یه‌کمان به‌کرێ گرتووه و شوێنێک هه‌یه که ژن و منداڵه‌کانم بێن و تێیدا بژین. هه‌ر سه‌رێکی ئه‌م خانووبه‌ره‌یه ده‌که‌ین به ده‌رمانگه.ئه‌من هێشتا هیچ ده‌رمانم نییه، و ده‌بێ چه‌ند ووشه‌یه‌کی کوردی فێر بم به‌ر له‌وه‌ی ده‌رمانگه بکه‌مه‌وه. پۆست هه‌موو ئێواره‌ی جومعان ده‌گاته ئێره و سه‌رله‌به‌یانی شه‌مۆیان لێره‌وه ده‌ڕوا."
هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا دوکتور جان تێلیین جێگری ئێدیتۆری کوردستان میشنێری بابه‌تێکی له‌مه‌ڕ گرینگی کاری میسیۆنێره پژیشکه‌کان نووسیوه و سه‌رنجی خوێنه‌وه‌ران و لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵه‌که‌یانی ڕاکێشاوه بۆ ئه‌وه‌ی زیادتر له دووی چالاکییه‌کانیان بده‌ن. دوکتور تێلیین له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسێ:
"گرینگی میسیۆنێره پژیشکه‌کان
سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، دوکتور ئێدمان ده‌توانێ به دڵنیایی و لێبڕاوانه بدوێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی 8 ساڵ کار کردنی هه‌یه له هیندووستان. له‌بابه‌تێک دا که دوکتور ئێدمان له مانگی ئاوریلی ڕابردوو له شیکاگۆ له سێیه‌مین کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌مان دا پێشکێشی کرد له گه‌ڵ شتی دیکه‌دا گوتی: " وه‌ک قاعیدییه‌ک میسیۆنێره پژیشکه‌کان له هه‌موو جیهاندا به گه‌رمی وه‌رده‌گیرێن و پێشوازییان لێ ده‌کرێ. ئه‌وان ڕێگه‌یان به‌ره‌و ئه‌و وڵاتانه‌ی که ده‌رگایان به سه‌ر خه‌ڵکی دیکه دا داخراوه کردووه‌ته‌وه.به‌تایبه‌تی له وڵاتانی موسوڵمان و له ناوماڵی هیندووان دا که به‌کاستی جۆر به جۆر دابه‌ش کراون. کاتێک که‌سێک نه‌خۆش ده‌که‌وێ و پێداویستی به یارمه‌تی میسیۆنێرێکی پژیشک هه‌یه، ئه‌و هه‌م له قه‌سری پادشا و هه‌م له که‌لاوه کۆنی خه‌ڵکی هه‌ژار دا وه‌ک یه‌ک پێشوازی لێ ده‌کرێ.هه‌ر که میسیونێرێکی پژیشک له‌وه دا سه‌ربکه‌وێ نه‌خۆشێکی هیندوو یان موسڵمان چاک بکاته‌وه ئیدی ده‌توانێ به ئازادی نه‌ک هه‌ر باسی نه‌خۆشییه‌کانی جه‌سته بکا، به‌ڵکوو ده‌توانێ له نه‌خۆشی ڕوح و ڕه‌وانیش بدوێ. ئه‌و کاته‌ی ئه‌من له ڕۆژهه‌ڵاتی هیندووستان میسیونێر بووم، له هه‌موو شارێک، ده‌رگای هه‌موو ماڵێک به‌ڕوومدا ئاواڵه بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک له‌و شاره یان له شارێکی دراوسێ ده‌رمانی لێوه‌رگرتبووم و له کاتی نه‌خۆشیدا وه‌فریایان که‌وتبووم. ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه له هیندووستان میسیۆنێرێک بۆی نییه بچێته نێوماڵی که‌سێک که سه‌ر به کاستی به‌رزبێ یان ماڵێکی موسوڵمان، به‌ڵام ئه‌من نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی که چوومه‌ته ئه‌و ماڵانه، به‌ڵکوو هه‌رکاتێکیش چووبم زۆر به گه‌رمی پێشوازیم لێکراوه. هه‌ر که له گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که ناسیاویم په‌یدا ده‌کرد، ژنان له ده‌ورم ده‌هاڵان و له سه‌ر هه‌موو شتێک پرسیاریان لێ ده‌کردم، ئه‌گه‌ر ده‌ستم کردبا به دواندنی دوو یان سێ که‌س له‌وان، له ماوه‌ی چه‌ند ده‌قیقه دا 20 یان 30 ژن و پیاوم له ده‌وری وه‌کۆ ده‌بوو. ئه‌و کاته‌ی ئه‌من له هیندووستان بووم، جاری واهه‌بوو خه‌ڵک له ڕێگایه‌کی دووری 200 میلییه‌وه ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمان وه‌ربگرن؛ ئه‌منیش هه‌ر ته‌نێ ده‌رمانم نه‌ده‌دانێ، به‌ڵکوو باسی عیسا و ڕزگاریشم بۆ ده‌کردن. ئه‌من هێندێکان ده‌ناسم به به‌ده‌نێکی ساغ و ڕوحێکی چاره‌کراوه‌وه له‌لای منه‌وه چوونه‌وه ماڵی خۆیان. هێندێک له‌وڵاتانی ئیسلامی بۆ ماوه‌ی زیاتر له 1200 ساڵ ده‌رگایان له سه‌ر میسیۆنێری مه‌سیحی گاڵه درابوو، به‌ڵام له هیندووستان میسیۆنێره‌کان ده نێو موسوڵمانه‌کان و هه‌ر وه‌ها هیندووه‌کانیشدا زیاتر له سه‌د ساڵه کاریان کردووه. و ساڵی ڕابردوو ، کاتێک حکوومه‌تێکی نوێ به سه‌ر سه‌رزه‌وییه ترکه‌کاندا دامه‌زرا، له‌وێش ئازادییه‌کی زۆرتر درا به میسیۆنێره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بچن و چالاکی بکه‌ن. .....
پێداویستی به میسیۆنی پژێشکی له سه‌رزه‌وییه موسوڵمانه‌کاندا هه‌تا بڵێی زۆره، و له هیچ کوێیه‌ک ئه‌و پێداویستییه ئه‌وه‌نده‌ی کوردستان گه‌وره نییه. بیری لێ بکه‌نه‌وه له وڵاتێک دا که 4 میلیۆن دانیشتووی هه‌بێ و هیچ دوکتوری نه‌بێ! باشه کێ وه‌فریای خه‌ڵک ده‌که‌وێ ئه‌وکاته‌ی ئه‌وان به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنن؟ کێ ده‌بێ قۆلێکی شکاو هه‌ڵبه‌ستێته‌وه یان ده فریای ژنێک یان منداڵێکی که بڕستی لێبڕاوه بکه‌وێ؟ له هه‌موو کوردستان دا نه‌خۆشخانه‌یه‌ک نییه؛ نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ره نزیک له ورمێیه، که 100 میل دووره‌یان له ته‌ورێز که 175 میل له سنوور دووره. بیری لێ بکه‌نه‌وه چۆن ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئێمه له وڵاتی خۆمان نه دوکتور و نه نه‌خۆشخانه‌مان هه‌بووبا، و ناچار بووباین بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تی ده‌رمانی بچینه وڵاتێکی دیکه! ئه‌وه له شوێنێکی ئه‌وتۆیه که ئێمه ده‌مانه‌وێ میسیۆنێکی ده‌رمانی دامه‌زرێنین و به‌و کاره‌مان جگه له‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ له ئێش و ئازاری خه‌ڵک که‌م بکه‌ینه‌وه به‌ڵکوو چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ین باوه‌ڕی خه‌ڵکیش به‌خۆمان وه‌ده‌ست بخه‌ین. ئیدی چبڕ ئه‌وه ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه نییه، به‌ڵکوو ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره، که هه‌موو میسیۆنه پژیشکییه‌کان له گشت جیهاندا، ڕێگه خۆش ده‌که‌ن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی ئینجیل و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی ئیماندارانی عیسایی. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین کارێکی ئه‌وتۆ ڕاپه‌ڕێنین ئێمه به‌لانی که‌مه‌وه پێداویستیمان به دوکتورێک هه‌یه. ده‌بێ له دوکتورێک زیاتر هه‌بێ، به‌ڵام کاره‌که ده‌کرێ به دوکتورێک ده‌ست پێ بکا، و ئێمه هیوادارین کاتێک نه‌خۆشخانه‌که‌مان وه‌ڕێ که‌وت ، زۆر پسپۆڕی ده‌رمانیی دیکه‌ش په‌یدا بن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بکه‌ن – ئێمه حه‌وجێمان به نێرسی ( نه‌خۆشه‌وان ) په‌روه‌رده دیتووش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌مان ده‌ست پێبکه‌ین. ئێمه ده‌بێ زمانی ئه‌وێش فێر بین و هه‌رچی خێراتر بتوانین نه‌خۆشه‌وانی خۆجێیی که پێداویستمان پێیانه په‌روه‌رده بکه‌ین _ هه‌ڵبه‌ت ، دیاره ئێمه پێویستیمان به نه‌خۆشخانه‌ش هه‌یه که ڕایه‌خی پێویست، ئامراز و که‌ره‌سته‌ی پێویستی پژیشکی، ده‌رمان و که‌لوپه‌لی پانسمان و برین پێچانه‌وه‌ی تێدا هه‌بێ. دیاره ئێمه به‌رله‌هه‌موان پێویستیمان به ئه‌وینی مه‌سیح، ئیمان، هیوا، له‌سه‌ره‌خۆیی و ده‌ربردن هه‌یه. ده‌با خوڵا یارمه‌تیمان پێ بکا بۆ دامه‌زراندنی ئه‌وکاره و له هه‌موو تێکۆشانه‌کانماندا پشتیوانمان بێ. ئامین.
جێگری ئیدیتۆر. جان تێلیین"
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 2ی خولی دووه‌می خۆی نۆڤامبری 1911 نامه‌یه‌کی دیکه‌ی دوکتور ئێ. ئێدمانی بڵاو کردووه‌ته‌وه. له‌و نامه‌یه‌دا ئێدمان مه‌به‌ستی خۆی له کاری خزمه‌تی پژیشکی زیاتر ڕوون ده‌کاته‌وه و ده‌نووسێ:
" نامه له میسیۆنه‌که‌مانه‌وه
ساوجبولاغ، کوردستان، ئێران
14ی ئۆکتۆبری 1911
بۆ هه‌موو دۆستانی میسیۆنی کوردستان.
ئێستا ئه‌وه نزیکه‌ی پێنج حه‌وتووه که ئێمه گه‌یشتووینه کوردستان. ئێمه خانوویه‌کمان به کرێ گرتووه و ئێستا ئه‌و په‌ڕی حه‌ولی خۆمان ده‌ده‌ین که هه‌رچی زووتره زمانی کوردستان فێربین. دیاره فێر بوونی ئه‌و زمانه وه‌نه‌بێ کارێکی زۆر هاسان بێ، چونکوو ئێمه نه‌کتێبێکی ڕێزمان، نه قامووس و نه مامۆستای باشمان هه‌یه. به‌ڵام ئێمه ئه‌وپه‌ڕی حه‌ولی خۆمان ده‌ده‌ین بۆخۆمان فێری بین و دوایه ئه‌و کتێبانه‌ی که پێویستی هه‌ره زۆریان پێ هه‌یه بنووسین. جگه له خوێندنه‌وه، ئه‌من له‌یه‌کێک له دیوه‌کانی ماڵه‌که‌ماندا ده‌رمانگه‌یه‌کم کردووه‌ته‌وه و هه‌موو ڕۆژێ هێندێک نه‌خۆش دێنه لامان. ئه‌من هێشتا ئه‌وه‌نده ده‌رمانه‌ی پێویسته نیمه جا بۆیه ناتوانم گشت ئه‌وکه‌سانه‌ی دێن ته‌داوی بکه‌م، به‌ڵام ئه‌وان ده‌بێ چاوه‌ڕێ بن تا ئه‌وه‌ی ئه‌من هێندێک ده‌رمانم ده‌ست ده‌که‌وێ. ئه‌من تائێستا ئه‌وه‌ی له ده‌ستم هاتووه کردوومه.هیوادارم که باری ده‌رمانه‌کان حه‌وتووی دابێ بگاته جێ. پیاوماقووڵی ئه‌م شاره هاتنه سه‌ردانمان له ماڵێ و به‌خێرهاتنیان کردین. واوێده‌چێ له حاڵی حازر دا به دۆستانه له‌گه‌ڵمان هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن. ئێمه هیوادارین بتوانین کارێکی باش بۆ خه‌ڵکی ئێره و شاره‌کانی ده‌وروبه‌ر بکه‌ین. پێویستی به یارمه‌تی پژیشکی و ده‌رمانی یه‌کجار زۆره، به‌ڵام پێویستی گه‌وره‌تر یارمه‌تی مه‌عنه‌وییه چونکوو ئه‌و خه‌ڵکه له تافی منداڵییه‌وه هیچ خه‌به‌رێکی خۆشیان سه‌باره‌ت به عیسا، ڕزگاریده‌ریان و ڕزگارکاریان نه‌بیستووه. لێره بوارێکی هه‌راو و کراوه بۆ کاری ده‌رمانی هه‌یه. ته‌نیا ئاواتم ئه‌وه‌یه که نه‌خۆشخانه‌یه‌ک و ده‌رمانی ته‌واومان له‌به‌ر ده‌ست دا بووبا، هیوادارم ئه‌وانه پێک بێن و کاره‌که‌مان په‌ره بستێنێ تا ئه‌وه‌ی که ببێ به دامه‌زراوه‌یه‌کی گه‌وره. به دڵنیاییه‌وه ئێمه لێره له نێو خه‌ڵک دا هه‌ر کارێکی له ده‌ستمان بێ ده‌یکه‌ین هه‌ر که‌هاتوو بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌که‌مان ئاماده‌بووین. تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ئه‌من ده‌زانم له ساوجبولاغ و هیچ شوێنێکی نزیک ئێره هیچ مه‌دره‌سه نییه. ئێمه ده‌بێ له پێشدا لێره له پێگه‌ی میسیۆنه‌که دا مه‌دره‌سه‌یه‌ک بکه‌ینه‌وه که بتوانین مامۆستاکانی له‌مه‌ڕ خۆمان په‌روه‌رده بکه‌ین و دوایه ده‌ست بکه‌ین به کردنه‌وه‌ی مه‌دره‌سه له دێیه‌کان. دیاره ئێمه له‌وه ئاگادارین ڕاپه‌ڕاندنی کارێکی ئاوا ماوه‌ی ده‌وێ. ئه‌من ده‌مه‌ویست زیاتر بنووسم، به‌ڵام نه‌خۆش هاتن و نامه نووسینیان پێ بڕیم. ئێستا کاتی پۆست ڕۆیشتنه و ئه‌من ده‌بێ نامه‌که‌م بۆ ئه‌م جاره دابکووژێنم. سڵاو ده‌که‌م له هه‌موو دۆستان له ماڵێ. ده‌با له ماڵێ له په‌نای خوڵای دابن و لێره‌ش بمانپارێزێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رێک له‌و ژیانه‌ی ئێستا و له ژیانی دنیای دیکه زیاد که‌ین.
دڵسۆزتان. ئی. ئێدمان"
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 4ی ،خولی 2ی له ژانڤییه‌ی 1912 دا به خوێنه‌ره‌وه‌کانی ڕاده‌گه‌ێنێ که دوکتور ئێدمان چووه‌ته‌وه سوێدێ بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی له گه‌ڵ خۆی به‌رێته سابڵاغێ و له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسێ:
"خه‌به‌رێکی خۆش
هه‌ر که گۆواره‌که‌مان له ژێر چاپ دابوو، خه‌به‌رێکمان له دوکتور ئێدمانه‌وه به ده‌ست گه‌یشت که چووه بۆ سوێد بۆ ئه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی به‌رێ بۆ سابڵاغێ. دوکتور ئێدمان له ستۆکهۆڵمه‌وه ده‌نووسێ:
" ئێمه زۆر به‌وه خۆشحاڵین که کاره‌که‌مان له سابڵا‌غ ده‌ستپێکێکی زۆر دڵخۆشکه‌ری هه‌بوو. له‌ماوه‌ی یه‌ک مانگی دوایی بوونم له‌وێ ئه‌من له ده‌رمانگه‌یه‌که‌م دا زۆر نه‌خۆشم ته‌داوی کردن. به‌ڵام ده‌رمانم لێ ته‌واو بوو و نه‌ده‌کرا هیچ ده‌رمانی دیکه‌م پێ بگا له به‌ر مۆڵدرانی ئه‌ڕته‌ش و سه‌ربازان له‌نێوان ته‌ورێز و سابڵا‌غ دا. ئه‌و بارودۆخه هه‌موو پۆست و پێوه‌ندی ئێمه‌شی هه‌ڵپساند و ڕێگه نه‌ده‌درا هیچ شتێک تێپه‌ڕێ. به‌ڵام، له سابڵا‌غ خۆی، ئێمه هیچ کێشه و گرفتێکمان نه‌بوو و خه‌ڵکی ئه‌وێ زۆر به‌وه خۆشحاڵن که ئێمه له‌وێ ده‌رمانگه‌یه‌کمان کردووه‌ته‌وه و هه‌ر وه‌ها به‌وه‌ش خۆشحالن که ئێمه مه‌دره‌سه‌یه‌کیش له‌وێ ده‌که‌ینه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من نه ده‌رمانم پێ ده‌گه‌یشت ، و نه هیچ نامه‌یه‌ک له ژنه‌که‌مه‌وه، و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستمان به بوونی ماڵێکه، له گه‌ڵ برا فاسووم ڕێک که‌وتین ئێستا باشترین ده‌رفه‌ت ده‌بێ بۆ من که بچم و ژنه‌که‌م بهێنم بۆ ئێران. ئه‌من چه‌ند حه‌وتوویه‌ک لێره ده‌مێنمه‌وه و حه‌ول ده‌ده‌م لکێکی کۆمه‌ڵه‌که‌مان لێره له ستۆکهۆڵم دامه‌زرێنم. کاتێک بگه‌ڕێمه‌وه ئێران له ستۆکهۆڵمه‌وه بارێکی باشی ده‌رمان له‌ته‌ک خۆمدا ده‌به‌م."
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 9ی خولی 2ی خۆی، له ژوه‌نی 1912 خه‌به‌ری گه‌یشتنی هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی دوکتور ئێدمانی بۆ سابڵاغێ ، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کی وی و ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی سه‌باره‌ت به کاروباری میسیۆنه‌که‌یان له بواری خزمه‌تی پژیشکی دا بڵاو کردووه‌ته‌وه و ده‌نووسێ :
"دوکتور ئێدمان گه‌ڕاوه‌ته‌وه سابڵاغێ. وه‌زعی باشه. ژن و منداڵه‌کانی هێشتا ده‌قیان به ئاووهه‌وای ئه‌وێ نه‌گرتووه: تایان دێتێ ، به‌ڵام وه‌نه‌بێ نه‌خۆشییه‌که‌یان جیدی بێ.
نامه‌یه‌کی دوکتور ئێدمان
ساوجبولاغ، کوردستان، ئێران
به ڕێگای ته‌ورێزێ دا، 25ی ئاوریلی 1912
بۆ خوێنه‌وه‌رانی کوردستان میشنێری
دۆستانی خۆشه‌ویست:___ ماوه‌یه‌کی درێژه ئه‌من هیچم بۆ گۆواره‌که نه‌نووسیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌فه‌ر دابووم. ئه‌من چوومه ئۆلاند بۆ ئه‌وه‌ی ژن و منداڵه‌کانم بێنم. له‌به‌ر گرژبوونی بارودۆخی سیاسی و کێشه‌ی نێوان ئێران و ڕووسییه، گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ سابڵاغی له‌وه‌ی زیاتر پێچوو که چاوه‌ڕوانم ده‌کرد؛ به‌ڵام دواجار ئێمه وه‌ڕێ که‌وتین و ئه‌وا ئێستا لێره‌کانه‌ین. ژنه‌که‌م و منداڵه‌کان له دوایین ڕۆژه‌کانی سه‌فه‌ره‌که‌ماندا هێندێک تا و له‌رزیان ده‌هاتێ، به‌ڵام ئێمه جومعه شه‌و، 19ی ئاوریل به‌سڵامه‌ت گه‌یشتینه ئێره. یه‌کێک له خزمه‌تکاره‌کانمان نیوه‌ڕۆژێک له سابڵاغه‌وه به پیلمانه‌وه هاتبوو.ئێمه زۆر به پێشوازیکردنی وی گه‌شاینه‌وه.ئێمه تازه له چۆمی په‌ڕیبووینه‌وه، چوار سه‌عاتمان پێچوو هه‌تا له‌وچومه ڕزگاریمان بێ، چونکوو چوار ئه‌سپه‌کانمان له قوڕوزه‌له‌قی نه‌رمی ته‌ڕکی چۆمه‌که‌دا چه‌قین و ئێمه ناچار بووین ژماره‌یه‌کی زۆر پیاو په‌یدابکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بێن و واگونه‌که‌ی ئێمه له قوڕی ده‌رکێشن. له‌به‌ر ئه‌و وه‌خرانه تاریکانمان به‌سه‌ر داهات و زۆر دره‌نگ وه‌خت گه‌یشتینه سابڵاغێ. و له شوێنێکه‌وه، دوای تاریک بوونی هه‌وا سوارێکی کوردمان وه‌دوو که‌وت ، که لێی پرسین ئێمه کێین و به‌ره‌و کوێ ده‌چین. خزمه‌تکاره‌که‌مان چه‌کی لێ کێشا و فه‌رمانی پێدا بڕوا به دوی کاری خۆیه‌وه. ئێمه چاوه‌ڕێمان ده‌کرد بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ملی نه‌دا و هه‌ر له‌گه‌ڵمان هات. له‌وماوه‌یه‌یدا که ئه‌من لێره نه‌بووم هێندێک بارگرژی و ناخۆشی له سابڵاغێ هاتبووه پێشێ و وا به‌باش زاندرابوو بۆ پاراستنی ئێمه چوار سه‌رباز له به‌ر ده‌رگای میسیۆنه‌که‌مان کێشک بکێشن. نه‌ک هه‌ر جه‌نابی فاسوم و مه‌سیحییه‌کان، به‌ڵکوو هه‌موو پیاوماقووڵانی سابڵاغیش زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیان لێ‌کردین. هه‌ر به‌گه‌ڕانه‌وه‌م ده‌ستم به‌کار کرده‌وه و به‌رپرسیاره‌تی ده‌رمانگه‌یه‌که‌م خسته‌وه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆم ،که له نه‌بوونی مندا لێره برا فاسوم به‌ڕێوه‌ی بردبوو.
ئه‌من ئێستا ئاواتم ئه‌وه‌یه خانووبه‌ره‌یه‌کمان هه‌بایه و توانیبامان به‌کاری بهێنین بۆ سازکردنی ماڵی لێ نیشته‌جێ بوون و نه‌خۆشخانه له ماوه‌ی هاوێنێ دا. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه بکه‌ین پێویستیمان به دراوی زیاتره. کارمان له هه‌موو بواره‌کاندا و له هه‌موو لایه‌که‌وه به‌ره به‌ره زیاتر ده‌بێ. له شاره‌کانی ده‌وروبه‌ریش نێوونێوبانگمان بڵاو بووه‌ته‌وه و خه‌ڵک ده‌مانناسن و، له‌هه‌موو لایه‌که‌وه خه‌ڵک ڕوو له ده‌رمانگه‌یه‌که‌مان ده‌که‌ن. ژماره‌ی لایه‌نگرانی کلیساش ورده‌ورده زیاد ده‌کا.
ئێمه حاڵمان باشه و باشترین ڕێز و سڵاوی خۆمان بۆ دۆستانی میسیۆن له ماڵێ ده‌نێرین. ئه‌من ده‌بوو هێندێک نامه‌یه‌کی درێژترم بۆ نووسیبان به‌ڵام، ئه‌مڕۆ ئیدی هیچ کاتم نییه. ده‌بڵا خوڵا پشتیوانی گشت ئه‌و کارانه بێ که ئێوه و ئێمه بۆ میسیۆنه‌که‌ی ده‌که‌ین!
دڵسوزتان،
ئی. ئێدمان"
کوردستان میشنێری، خولی 2. ژوه‌نی 1912. ژماره‌ی 9.
ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی دوکتور ئێدمان
له ڕۆژی چواره‌می مانگی سێپتامبری 1911 واژۆکاری خواره‌وه، دوای سه‌فه‌رێکی دوورودرێژ گه‌یشتمه سابڵا‌غ له کوردستانێ. لێره ئێمه ، جه‌نابی ئێل. ئۆ. فاسوم و من خانوویه‌کمان به کرێ گرت و ئاماده‌مان کرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین تێیدابژین تا ئه‌و کاته‌ی که ده‌توانین خانوویه‌کی له‌بار بۆ میسیۆنه‌که دروست بکه‌ین. هێندێک له کاربه‌ده‌ستانی شاری سه‌ریان لێداین و هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵمان یه‌کجار زۆر دۆستانه بوو. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌رکه تایبه‌تییه‌ی که به من ئه‌سپێردراوه کاری پژیشکی و یارمه‌تی ده‌رمانییه، هه‌رکه ده‌رمانم ده‌ست که‌وت ده‌ستم به کار کرد. له25ی سێپتامبری 1911 ده‌رمانگه‌یه‌کم له یه‌کێک له دیوه گه‌وره‌کانی خانووبه‌ره‌که‌مان دا کرده‌وه، که به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕێک خراوه، ئه‌وه‌ش نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر گه‌وره بوونی، به‌ڵکوو له به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌رگای جیاوازی خۆی هه‌یه و، پێویست ناکا نه‌خۆشه‌کان به ده‌رگای ماڵێ دا بێنه ژووره‌وه. له سه‌ره‌تاوه، هه‌ر ڕۆژه‌ی ته‌نێ چه‌ند نه‌خۆشێک ده‌هاتن به‌ڵام، ژماره‌ی نه‌خۆشان به‌ره به‌ره زیادی کرد.
له مانگی دیسامبر دا [ دیسامبری 1911] ئه‌من چووم بۆ ئۆلاند بۆ لای بنه‌ماڵه‌که‌م و، مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو زۆر زوو بگه‌ڕێمه‌وه سابڵاغێ. چه‌ندین هه‌لومه‌رجی له ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆم گه‌ڕانه‌وه‌می وه‌دره‌نگی خست.
یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌بوو. ته‌نانه‌ت کاتێک که من ئێرانم به جێهێشت، ده‌بوو به نێو ئه‌و ئه‌ڕته‌شه سه‌رهه‌ڵداوه دا تێپه‌ڕم که ته‌ورێزی گه‌مارۆ دابوو. دوای ئه‌وه ئه‌ڕته‌شی ڕووسییه هات و گشت ڕێگاکانی له تفلیسه‌وه تا ته‌ورێز داگیر کرد و ئه‌وه‌ش سه‌فه‌ر و هاتوچۆی زۆر دژوار ده‌کرد.
دووه‌م، ئه‌و دراوه‌ی که ده‌بوو سه‌فه‌ری پێبکه‌م نه‌گه‌یشتبووه ئۆلاندێ و، له‌هیچ کوێ دیار نه‌بوو. دوایه دراوه‌که دۆزرایه‌وه. سێهه‌م، زستانی ڕووسییه بوو به زستانێکی یه‌کجار زۆر سارد، بۆیه سه‌فه‌ر کردن له مانگی دیسامبر و ژانڤییه دا زۆر دژوار بوو. چواره‌م، ئه‌و کاته‌ی له سوێد بووم، ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌که‌مان بۆی نووسیم چاوه‌ڕێ بکه‌م تا ئه‌وکاته‌ی که نێرس ( نه‌خۆشه‌وان ) میس گودهارت، ده‌توانێ له‌گه‌ڵ ئێمه بکه‌وێ. جا بۆیه سه‌فه‌ره‌که‌مان وه‌دره‌نگی که‌وت و ئه‌من ئه‌و کاته‌م به‌کار هێناو حه‌ولم دا بۆ ڕاکێشانی سرنج و پشتیوانی دۆسته کۆنه‌کانم له سوێدێ له میسیۆنه‌که‌مان. ئه‌من چه‌نده له‌و کاره‌م دا سه‌رکه‌وتم ئاکامی دوایه ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌من له سوێدێ هێندێک یارمه‌تی ماڵیم کۆ کرده‌وه، و به‌ڵێنی یارمه‌تی زیاتریشم وه‌رگرت. له 25ی مارس (ی 1912) له ماریه‌هامن، ئۆلاند، وه ڕێ که‌وتین و دوای تێپه‌ڕین به فه‌نلاند، ڕووسییه، قه‌وقاس و، ئێران‌دا ماندوو و مردوو دوای سه‌فه‌رێکی درێژ دره‌نگی شه‌وێ له 19ی ئاوریل گه‌یشتینه سابڵاغێ. ئێمه هه‌موومان، ئه‌من، خانمی ئێدمان، و دوو منداڵه‌کانمان، ئێسته‌ر و ڕوودۆڵف، یه‌کجار زۆر خۆشحاڵ بووین که گه‌یشتووینه مه‌قسه‌دی خۆمان.
له نه‌بوونی مندا، جه‌نابی فاسوم _ ئه‌من ده‌بێ بڵێم دوکتور فاسوم _ [ لێره دا مه‌به‌ستی دوکتور ئێدمان له باری پژیشکییه‌وه‌یه، فاسوم دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ساڵی 1916 له کوردستان دوکتورای وه‌رگرت، ئه‌ویش نه‌ک له زانستی پژیشکی دا. تێبینی حه‌سه‌نی قازی] سه‌رپه‌رستی ده‌رمانگه‌یه‌که‌ی کردبوو و زۆر به جوانی ئاگاداری له نه‌خۆشان کردبوو. له‌وه‌تا گه‌ڕانه‌وه‌م، ئه‌من دیسان ده‌ستم به کاری پژیشکی کردووه‌ته‌وه و ژماره‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دێنه لامان ڕۆژانه زیاد ده‌کا. و جار‌و باره له دێیه‌کانی دیکه‌شه‌وه بانگ ده‌کرێین. ئه‌من ڕێسایه‌کی ئه‌وتۆم داناوه که بۆ ته‌دوای هه‌ر نه‌خۆشێک بڕه حه‌قده‌ستێک وه‌رده‌گرم، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت ڕێزپه‌ڕی زۆر له‌و ڕێسایه هه‌یه؛ له ڕاستیدا به پێداچوونه و ژماردنی " داهات" مان، ئه‌من ده‌بینم ته‌نێ یه‌ک له‌سێی نه‌خۆشه‌کان بڕه حه‌قده‌ستێکی زۆر که‌میان داوه. تاکوو ئێستا ئێمه 474 نه‌خۆشمان چاره کردووه، که له‌نێویاندا 151 که‌سیان حه‌قده‌ستیان داوه و 323 که‌سیان به خۆڕایی و بێ به‌رانبه‌ر چاره کراون. داهاتی ده‌رمانگه‌یه‌که 228 دۆڵار به لێ که‌مکردنه‌وه‌ی 100 دۆڵار واته 128 دۆڵار بووه.
ئه‌وه‌ی که ئه‌من ئێستا بۆ ده‌رمانگه‌یه‌که‌زۆرم پێویسته ده‌رمانه، و ئه‌من لیسته‌یه‌ک ده‌نێرم بۆ خه‌زێنه‌داره‌که‌مان له‌و شتانه‌ی پێویستیم پێیانه. به دڵنیاییه‌وه کاری هه‌ره‌باش ئه‌وه‌یه ده‌رمان له ئه‌مریکاوه بنێردرێ. پێداویستی دیکه‌ی هه‌ری یه‌کدابه‌دووی ئێمه بۆ کاری ده‌رمانیمان هه‌بوونی نه‌خۆشخانه‌یه. ئێمه هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیوه زه‌وییه‌کی باش بۆ دروستکردنی نه‌خۆشخانه و شوێنێک بۆ پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان په‌یدا که‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دراوه‌که‌یمان نییه. جێیه‌کی له‌بار بۆ پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان نزیکه‌ی 1000 دۆڵاری تێ ده‌چێ. ئه‌من پێداویستیم به بایی 400 دۆڵار ده‌رمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم کاره‌که‌م به باشی ڕاپه‌ڕێنم. هه‌ڵبه‌ت، ئێمه ده‌توانین دراوی ده‌رمانه‌کانمان به‌و حه‌قده‌سته‌ی له نه‌خۆشه‌کانی وه‌رده‌گرین بده‌ین؛ به‌ڵام ئێمه له پێشدا ده‌بێ بیانکڕین و دراوه‌که‌یان بده‌ین، به‌رله‌وه‌ی حه‌قده‌ستێکمان له نه‌خۆشه‌کان وه‌رگرتبێ.
ئێمه له باریته‌عالا ده‌پاڕێینه‌وه که دڵی ئه‌و که‌سانه وه‌خورپه بێنێ که‌ده‌یانه‌وێ یارمه‌تی ماڵیمان پێبکه‌ن که پێداویستی هه‌ره زۆرمان پێی هه‌یه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌رکه، و گشت کاره‌کانی دیکه‌مان.
خزمه‌تکاری خوڵای و ئێوه،
ئێ. ئێدمان"
له ژماره‌کانی 6 و 7ی کوردستان میشنێری دا، خولی 6، مارس و ئاوریلی 1915 خه‌به‌ری ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی دوکتور ئی. ئێدمان و هاوسه‌ری له چالاکییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بڵاوکراوه‌ته‌وه. دیاره له‌و نووسینه کورته‌ی پڕۆفسۆر ئێن. جه‌ی. لۆر سه‌رۆکی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵه دا هۆی سه‌ره‌کی ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌ی دوکتور ئێدمان به ڕوونی باس نه‌کراوه. ئێن. جه‌ی. لۆر ده‌نووسی:
"ده‌ست له کار کێشانه‌وه
جه‌نابی دوکتوری پژیشک ئی. ئێدمان، که یه‌کێک له یه‌که‌م میسیۆنێره‌کان بوو چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر له لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌که‌مانه‌وه نێردرا [ کوردستانێ] داوخوازی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی کردووه. له دوای لێدوان و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و داوخوازییه ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بڕیاری دا ئه‌و داوخوازییه بپه‌ژرێنێ، و درێژه دانی خزمه‌تی زیاتری وی له میسیۆنه‌که‌ماندا کۆتایی پێ بێ.
ئێمه زۆرمان پێ ناخۆشه که پێویستییه‌کی ئه‌وتۆ بۆ دوکتور ئێدمان هاتووه‌ته گۆڕێ که کاری خۆی وه‌ک میسیۆنێرێکی ده‌رمانی کۆتایی پێ بهێنێ. هیوادارین ئه‌و بتوانێ شوێنێکی ئه‌وتۆی کار ببینێته‌وه که به دڵی خۆی بێ و له‌وێدا له‌وزه‌ی دابێ به ده‌ستی کراوه و دڵی خۆش له خزمه‌ت باریته‌عالا دابێ.
له کاتێکدا دوکتور ئێدمان و یای ئێدمان خزمه‌تی خۆیان کۆتایی پێده‌هێنن، ئێمه پێمانخۆشه سپاسی دڵپاکانه‌ی خۆمان به‌وان ڕابگه‌یێنین بۆ گشت ئه‌وکارانه‌ی له پێناو ئامانجی میسیۆنه‌که‌ماندا کردوویانه.باشترین هیوایان بۆ ده‌خوازین له هه‌ر شوێنێکی که باریته‌عالا ڕێشانده‌ریان بێ.
له لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕا
ئێن. جه‌ی. لۆر، سه‌رۆک"
هه‌ر له‌و جووت ژماره‌یه‌ی کوردستان میشنێری دا ماکێنسن یه‌ک له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری " میسیۆنی کوردستان" باسی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی دوکتور ئێدمان ده‌کا و خوێنه‌ره‌وه‌ران ئاگادار ده‌کا میسیۆنه‌که‌یان ته‌نانه‌ت له " نه‌غه‌ده"ش لکێکی ده‌رمانگه‌ی کردووه‌ته‌وه. پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێ که یای گودهارت له‌و ده‌رمانگه‌یه کاری کردووه و بۆ ماوه‌ی درێژ له نه‌غه‌ده ماوه‌ته‌وه.
..... " کاری پژیشکی. کاروباری لکی خزمه‌تی ده‌رمانیمان به هه‌بوونی ده‌رمانگه‌یه‌ک و سه‌ردانی نه‌خۆشان له ماڵێ به‌رته‌نگ بووه، چونکوو تاکوو ئێستا نه‌کراوه نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ته‌واو دابمه‌زرێندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دوکتور ئێدمان له ڕاپۆرته‌که‌ی دا ده‌ڵێ زۆر له که‌سانی چینی باشتری خه‌ڵک [ له سابڵا‌غ] پشتیوانیان کردووه له کار و چالاکی ده‌رمانگه‌یه‌که‌و هه‌تا دێ ڕایه‌ڵه‌ی دۆستانی زیاتر و هه‌راوتر ده‌ته‌نێته‌وه. لکێکی ئه‌و ده‌رمانگه‌یه له نه‌غه‌ده‌ش دامه‌زرا که 28 میل له سابڵاغێ دووره. دوکتور ئێدمان ده‌ستی له‌کار کێشاوه‌ته‌وه‌به‌ڵام ئێمه ده‌بێ بۆ هه‌میشه سپاسی بکه‌ین بۆ ئه‌و کاره گه‌ورانه‌ی بۆ میسیۆنه‌که‌مانی کردووه له کوردستان له‌و هه‌لو مه‌رجه دژواره دا و له شه‌تومه‌رجێکی زۆر پاشکه‌تووی که له سه‌ره‌تای یه‌که‌م مانگه‌کانی بوونی وی له‌وێدا هه‌بوو...."
نه‌مر ئێل. ئۆ. فاسوم له باسێکی درێژ دا که له ژماره‌ی 11ی خولی 6ی کوردستان میشنێری له مانگی ئووتی 1915 دا بڵاو بووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ باسی ته‌نیا مانه‌وه‌ی خۆی و یای ئاگوستا گودهارت، ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانیان ئاماده نه‌بوون له ته‌نگانه دا خه‌ڵک به‌جێ بهێڵن و هه‌ر له‌و نووسراوه‌یه دا باسی ڕۆژی ڕۆیشتنی دوکتور ئێدمان له سابڵاغێ ده‌کا و له‌دوایین دیداری خۆشی له گه‌ڵ نه‌مر ئالێکساندر ئیاس کونسوولی ڕووسییه له‌سابڵاغ و دۆستی کوردان ده‌دوێ که دوازده ڕۆژ دواتر له میاندواو کووژرا و ئه‌و کوشتنه بێ به‌زه‌ییانه ده‌کرێ یه‌کێک له هۆکاره‌کانی کۆشتاری دڕندانه‌ی خه‌ڵکی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری به‌ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ڕووسییه‌ی قه‌یسری له فێڤرییه‌ی ساڵی 1916 دا بووبێ.
"..... شه‌ڕی ئوڕووپایی
تا ئه‌وکاته‌ی شه‌ڕ به ئوڕووپا به‌رته‌نگ بوو هێنده‌ی شوێن له سه‌ر کاره‌کانی ئێمه نه‌ده‌کرد. پۆستمان، ئه‌گه‌رچی فه‌له‌ج ببوو و ده‌رنگ ده‌گه‌یشتێ، به‌ته‌واوی نه‌بڕابوو. ئه‌وچه‌کی دراوانه‌ی له ئه‌مریکاوه ده‌گه‌یشتن ده‌کرا له بانکی ته‌ورێزێ خورد بکرێنه‌وه؛ و کاروانی تاجرانیش به به‌رده‌وامی ده‌هاتن، و که‌لوپه‌ل و پێداویستی ژیانیان ده‌هێنا و به‌و شێوه‌یه قیمه‌ته‌کان هێندێک له خواره‌وه‌ی ستانداردی ئاسایی دا بوون.
ئێمه تێلگرافێکی سه‌رۆکه‌که‌مان جه‌نابی لۆر مان پێگه‌یشت، که ئیزنمان ده‌دا بگه‌ڕێینه‌وه ماڵێ" ئه‌گه‌ر ژیانمان له مه‌ترسی دایه". ئێمه وڵامی تێلگرافه‌که‌مان بۆ نارده‌وه و ڕامان گه‌یاند " ساخین". به‌جێهێشتنی شوێنی کاری میسیۆنه‌که‌مان هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسی هه‌یه له ڕوانگه‌ی منه‌وه به‌هیچ جۆر پاساو نادرێ. و هاتبا و ئێره‌مان به‌جێ هێشتبایه ئێمه هه‌مووشتێکمان له کیس ده‌دا. ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بێ که ئێمه کاره‌که‌مان زۆر چاک ده‌سپێکردووه و ئه‌گه‌ر هه‌ڵاتبایه‌ین به‌ساڵان ده‌خایێنێ ئه‌وان شوێنگێڕی بکه‌ین و هه‌موو که‌س و هه‌موو شتمان له کیس ده‌دا. ئێمه لێره مڵک و که‌لوپه‌لی به‌نرخمان هه‌یه و هه‌روه‌ها ئامراز و که‌لوپه‌لی به‌رچاوی پژیشکی. ئێمه لێره ماینه‌وه و کارێکی باشمان کرد. ئێمه ئێستا باشتر له‌وه تێده‌گه‌ین له‌و کاته‌ی که لێره کێشه وهه‌را هه‌ڵئایسا.ئێمه به مانه‌وه‌ی خۆمان ژیانی به سه‌دان که‌سمان پاراستووه و له مردن ڕزگارمان کردوون. ئێمه خواردن و پۆشاکمان داوه به هێندێکی دیکه که‌ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌بایه‌ین له نێو ده‌چوون. و ئێستا به‌ری کاره‌که‌مان ده‌بینین و له کۆبوونه‌وه‌ی نزا و عیباده‌تماندا نزیکه‌ی 100 که‌س به‌شداری ده‌که‌ن. کار و خزمه‌ته‌کانمان پرێستیژێکی زیاتری په‌یدا کردووه. ئێمه ده‌رفه‌تی گه‌وره و به‌رزمان ده‌ست که‌وتووه به‌زه‌یی و ئه‌وینی خوڵای له ئاست مه‌زنمان عیسای مه‌سیح به نه‌داران، نه‌خۆشان و خه‌ڵکی که له ئاویلکه‌دان دا بوون نیشان بده‌ین.و ئه‌و کارانه‌ی ئێمه شوێنێکی هه‌تاهه‌تایی له سه‌ر خه‌ڵک به گشتی به‌جێ هێشتووه، که ئه‌من دڵنیام ئه‌وه ده‌بێ به پشتیوانییه‌کی گه‌وره بۆ میسیۆنه‌که‌مان له دابێ دا.
دوکتور ئێدمان ڕۆژی 2ی دیسامبر ( دیسامبری 1914 ) به‌جێی هێشتین. کاتێک هه‌وری شه‌ڕی ئاسیا له سه‌ران ده‌رکه‌وت ئه‌و له‌وه ده‌ترسا وه‌زعێکی ئه‌وتۆ بێته پێشێ که نه‌توانێ دواتریش ئێره به‌جێ بهێڵێ. ئه‌وبه ڕاستیش پلانێکی ئه‌وتۆی هه‌بوو که زووتر له‌وه بڕوا که ڕۆییشت، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌جووڵانی کاروانان به‌ره‌و ته‌ورێز ده‌رکه‌وتن و چوونی وی لێره تا دوویه‌می دیسامبر وه‌دره‌نگی که‌وت. ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ش سه‌عاتی دیکه لێره ماباوه، به‌هیچ جۆر نه‌یده‌توانی له شاری وه‌ده‌رکه‌وێ__ چونکوو شاره‌که هه‌ر ئه‌وی ڕۆژێ نزیکه‌ی سه‌عات چواری دوای نیوه‌ڕۆ داگیر کرا. بۆچه‌ندین حه‌وتووان ده‌نگۆیه‌کی ئه‌وتۆ بڵاو ببووه‌وه که‌ئه‌ڕته‌شێکی پێکهاتوو له ترکان و کوردان خۆی ئاماده ده‌کا بێته نێو ئه‌و به‌شه‌ی ئێران بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ڕووسه‌کان. ئه‌و ده‌نگۆیانه نیگه‌رانی و ترسێکی زۆریان له نێو تاجران دا ساز کرد و زۆریان شاره‌که‌یان به‌جێ هێشت. ئێمه له کاتی چوونی دا تا نزیکه‌ی میلێک و شتێکی وا له‌گه‌ڵی چووین و دوکتور ئێدمانمان به‌ڕێ کرد و، له گه‌ڕانه‌وه‌ماندا بۆ شاری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که هه‌ڵده‌هاتن، نیو به گاڵته و نیو به جیدی پێیان گوتین، " باشتروایه له‌گه‌ڵ ئێمه بێن، مه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شاری، له‌وێ ده‌کووژرێن" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌من گه‌ڕامه‌وه نێوشاری و چوومه‌وه دیوی کاره‌که‌م و کاری ئاسایی خۆم ده‌ست پێکرده‌وه.به‌ڵام ده‌بێ پێ له‌وه‌ش بنێم فکرم به‌سه‌رکاره‌که‌مه‌وه نه‌بوو. ئه‌من زۆر به‌داخه‌وه بووم ئاوا به‌تاقی ته‌نیا ماومه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌مه‌ی که دوکتور ئێدمان تازه ڕۆیشتبوو.ئه‌من هێندێک له‌وه نیگه‌ران بووم بڵێی دواتر چ ڕووبدا. له شوێنی خۆم هه‌ستام و چوومه حه‌وشه. له‌پڕ ده‌رکه‌وانه‌که‌مان پێی ڕاگه‌یاندم کونسوولی ڕووسییه دێ بۆ دیتنم [ مه‌به‌ست نه‌مر ئالێکساندر ئیاسه که به‌دوای دیداری فاسوم دا له سابڵا‌غ ده‌رده‌که‌وێ. تێبینی حه‌سه‌نی قازی]. کۆنسوول گوتی ئه‌وئێستا شاره‌که به‌جێ ده‌هێڵێ ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ ده‌توانێ له‌گه‌ڵ خۆی بمانبا. ئه‌و پێی ڕاگه‌یاندین تاچه‌ند سه‌عاتی دیکه 800 عه‌سکه‌ری ترک که نزیکه‌ی 600 کورد وچه‌ندین شێخیان له‌گه‌ڵه دێنه نێو شاری. بارودۆخه‌که زۆر جیدی و سه‌خت بوو به‌ڵام، ئێمه بڕیارمان دا نه‌ڕۆین و بمێنینه‌وه. کونسول ئامۆژگاری کردین بچینه لای کۆنسوولی ترک و داوخوازی لێبکه‌ین به‌هه‌موو جۆرێکی لوا‌و بمانپارێزێ به‌ڵام، باوه‌ڕ به قسه‌ی سه‌رزاره‌کی وی نه‌که‌ین و داوای لێبکه‌ین به نووسراو ئه‌و به‌ڵێنه‌مان بداتێ. ( ئه‌من بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و قسه‌یه‌ی ئیاس به گردبڕی ڕاسته، چونکوو هه‌موو وه‌عده و به‌ڵێنی ترکه‌کان هیچ ناهێنێ ئه‌گه‌ر به‌نووسراو نه‌بێ، و وه‌ده‌ستخستنی ده‌ربڕین یان به‌ڵێنێکی نووسراو له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌وده‌می هه‌ڵنه‌ده‌سوڕا). ئه‌من ده‌ستبه‌جێ چوومه کۆنسولخانه‌ی ترک و له‌وێ به‌هه‌موو جۆر ده‌سته‌به‌ر بوون به‌هیچ کلوه‌جێ هیچ مه‌ترسییه‌ک له گۆرێ‌دا نییه و ئه‌من ده‌کرێ بچمه لای دانیشتووانی هه‌رمه‌نی شاره‌که‌ش و له‌و باره‌یه‌وه ئاگاداریان که‌م که چاویان له‌من بوو بیانپارێزم. به‌ڵێنیشیان دامێ هه‌ر که ئه‌ڕته‌شی ترک هات ده‌نێو شارییه‌وه عه‌سکه‌ری ترک ده‌نێرن بۆ کێشک کێشان له‌ئێمه.........
No comments:
Post a Comment