مێتا فۆن دێر شولنبێرگ به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنی منداڵانی بێ دایوباب له سابڵا‌غ
به‌ر له شهر مووسای پچکۆڵانه لای ئێمه ئاگاداریی لێده‌کرا،ئێستا له کوێیه؟
مێتا فۆن دێڕ شولنبێرگ به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنی منداڵانی بێ دایوباب له میسیۆنی کوردستان
" خوڵا باریته‌عالا، ڕه‌حمان و ڕه‌حیم
هه‌رچی چاک و لازمه لێت ته‌ڵه‌ب ده‌که‌ین
چاوت له وه‌ته‌نم بێ
دایم زیادی بکه
سڵامه‌تی وڕهحهتی
هه‌میشه بیده، وه‌ته‌نی باپیرم " *
حه‌سه‌نی قازی
چالاکییه‌کانی ده‌وره‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له سابڵا‌غ و ده‌ور و به‌ری له سێپتامبری ساڵێ 1911 تا11 ی مانگی فێڤرییه‌ی 1916 به‌رده‌وام بوو و له‌و تاریخه دا میسیۆنێره‌کان ناچار بوون سابڵا‌غ به‌جێ بهێڵن. یای مێتا فۆن دێر شولنبێرگ که مامۆستایه‌کی خه‌ڵکی ئه‌ڵمان و سه‌ر به کۆمه‌ڵه‌ی لووتیری هێرمانسبورگ بوو له ژانڤییه‌ی ساڵی 1913 گه‌یشته سابڵا‌غ و له پێگه‌ی میسیۆنی کوردستان ده‌ستی به‌کار کرد. به پێی نووسراوه‌یه‌کی کوردستان میشنێری : ژماره 12، ساڵی 12. دیسامبری 1920،یای شولنبێرگ" یه‌که‌م ماڵی منداڵانی بێ دایوبابی له سابڵا‌غ دامه‌زراند. ئه‌و ئهنواخانهیه زۆر زوو 4 منداڵی وه‌خۆ کرد، به‌رله هه‌لئایسانی شهر ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه گه‌یشته 10 منداڵ، کاتێک میسیۆنێره‌کان له مانگی فێڤرییه‌ی 1916 دا ناچار بوون سابڵا‌غ به جێ بهێڵن حه‌وت لهومنداڵانهیان له گه‌ڵ خۆیان برد بۆ ته‌ورێز "
به‌داخه‌وه له ژماره‌کانی به‌رده‌ستی کوردستان میشنێری ساڵانی 1911 – 1912 و 1915دا چ زانیارییه‌ک سه‌باره‌ت به ژییاننامه‌ی وی ده‌ست ناکه‌وێ. (ژماره‌کانی ساڵانی 1913 – 1914 له به‌رده‌ست دانین).
یای مێتا ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوان بووه به‌ڵکوو له گه‌ڵ یای ئاگوستا گودهارت که له‌به‌ر کێشه‌ی پاسپۆرت له ڕووسییه گیری خواردبوو به‌یه‌که‌وه سه‌فه‌ر بکه‌ن. له‌و نامه‌یه‌ی خواره‌وه دا بۆ کوردستان میشنێری **که وێده‌چێ له 9ی نۆڤامبری 1912 له ئه‌ڵمانه‌وه نووسیبێتی باسی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی خۆی ده‌کا:
" یای مێتا فۆن دێڕ شولێنبێرگ له به‌رواری 9ی نۆڤامبر بۆ برامان لامارتین ده‌نووسێ __ ئێستا که خه‌ریکم ئه‌و نامه‌یه‌تان سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ره‌که‌مان بۆ ئێران بۆ ده‌نووسم، نامه‌یه‌کم له یای گودهارته‌وه به‌ده‌ست گه‌یشتووه ده‌ڵێ نه‌خۆشه و دوکتور پێی وایه تووشی نه‌خۆشی سه‌تڵوجه‌م بووه و هه‌تا دوو حه‌وتوو سه‌فه‌ری لێ قه‌ده‌غه کردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه یه‌که‌م سه‌فه‌ره ده‌یکه‌ین، له چه‌ند ڕوویه‌که‌وه به‌تایبه‌تی بۆ وی باش ده‌بێ ئه‌گه‌ر بتوانین به یه‌که‌وه سه‌فه‌ر بکه‌ین. دوکتوره‌که له‌وانه‌یه ته‌شخیسی هه‌ڵه بێ ( دوکتوره ڕووسییه‌کانی لادێیان زۆر جێگای باوه‌ڕی نین)؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر یای گودهارت به‌ڕاستی سهتلوجهمی گرتبێ، ئه‌وه زۆر جێی مه‌ترسییه مرۆ زوو ده‌ست به سه‌فه‌ر بکا، به تایبه‌تی له به‌ر توف بوونی زستانی ئێران و نه‌بوونی گه‌رمایی له ماشێنه‌کانیان دا به ده‌رگا و په‌نجه‌ره چهپرهکهکانیانهوه. دیسانیش شانسی ئه‌وه هه‌یه سه‌فه‌ر بکا و که‌وا بێ ئه‌گه‌ر هاوسه‌فه‌رێکی له‌گه‌ڵ بێ بۆ وی زۆر خۆش ده‌بێ. بۆیه ئه‌من وا به باش ده‌زانم ئه‌گه‌ر بکرێ له کۆتاییه‌کانی حه‌وتووی دابێ دا به‌ره‌و Wizajug بچم له نزیکه‌وه یای گودهارت ببینم و ڕه‌نگه بتوانم چه‌ند ڕۆژێک له سه‌ری ڕاوه‌ستم.
ئه‌من و یای گودهارت ماوه‌یه‌که نامه‌یه‌کی زۆرمان له‌گه‌ڵ یه‌کتری ئاڵوگۆڕ کردووه و له سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتووین سه‌فه‌ره‌که‌مان له سه‌ره‌تای حه‌وتووی داهاتوو دا ده‌ست پێبکه‌ین، له تاریخی 13ی مانگ له وه‌رشه‌و چاومان به یه‌کتری بکه‌وێ. هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌من له نیوه‌ی دووهه‌می دیسامبر دا چوومه وه‌رشه‌و؛ ئه‌گه‌رچی هێندێک به‌فر هه‌بوو و ههواپێو ده‌ره‌جه‌ی دووی ژێر به‌سته‌ڵه‌کی نیشان ده‌دا، به‌ڵام هه‌وا ئارام و له‌بار بوو بۆ سه‌فه‌ر کردن. ئه‌مساڵ به زوو ده‌رکه‌وتن هیوا دارم بتوانین له هه‌وایه‌کی خۆشی که له کۆتاییه‌کانی پاییزێ له ئێران هه‌یه که‌لک وه‌ربگرین. بێ ئه‌ملاوئه‌ولا پاییز جوانترین وه‌رزی ساڵ و باشترین وه‌خته بۆ سه‌فه‌ر کردن.ژانڤییه و فێڤرییه مانگی ڕاسته قینه‌ی زستانن که به‌فری قورس ده‌بارێ و هه‌وا باوبۆرانه.
واوێده‌چێ ئێستا ئێران به‌ڕێژه ئارام بێ، ڕۆژنامه‌کان زۆر که‌م باسی ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها کوردی کۆچه‌ریش به هاتنی زستان کۆچ ناکه‌ن و داده‌مه‌زرێن جا، بۆیه ڕێگاو بان سڵامهتتره بۆ سه‌فه‌ر کردن. گه‌وره‌مان یای گودهارتی له مه‌دره‌سه‌ی چاوه‌ڕوانی دا ڕاگرتووه به‌ڵام، ده‌کرێ دڵنیا بین " بیر له ئارامی وی ده‌کاته‌وه" مافی ئێمه‌یه داوخوازێکی ئه‌وتۆمان له عه‌ڕشی به‌رزی هه‌بێ. من پێم خۆشه ده‌ستبه‌جێ بچم و ئاگاداری لێ بکه‌م به‌ڵام، هێشتا پاسپۆرتم وه‌رنه‌گرتووه و باروبنهشم به ته‌واوی نه‌پێچاوه‌ته‌وه. وا وێده‌چێ له‌و جێیه‌ی ئێستا یای گودهارتی لێیه چاکی ئاگاداریی لێ ده‌کرێ. جا بۆیه پێی ڕاده‌گه‌یێنم ئه‌من جومعه‌ی دابێ ده‌گه‌مێ و ئه‌ویش ماوه‌ی ده‌بێ وڵامم بداته‌وه.......
دڵسۆزتان بۆ خزمه‌تێکی گوێڕایه‌ڵانه
مێتا فۆن دێر شولنبێرگ "
له ژماره‌ی 6 و 7 ی کوردستان میشنێری، ساڵی 6. مارس و ئاوریلی 1915 که به‌یه‌که‌وه بڵاو بوونه‌ته‌وه، سه‌رۆکی ئه‌و کاتی" کۆمه‌ڵه‌ی لووتیری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" ئێن.جه‌ی. لۆر نامه‌یه‌کی کورتی شولنبێرگی بڵاو کردووه‌ته‌وه:
" نامه‌یه‌ک له یای شولنبێرگهوه. له به‌رواری 26ی نۆڤامبری [ 1914] خوشکمان مێتا فۆن دێڕ شولنبێڕگ، ئه‌م نامه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی نووسیوه وه‌ک وڵامێک بۆ په‌یامێکی تێلگرافی سه‌رۆک لۆر که ئامۆژگاری میسیۆنێره‌کانی کردبوو بێتوو مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ بکا بگه‌ڕێنه‌وه ماڵێ: __
تێلێگرافهکهتان بۆ ئێمه له‌م سه‌روبه‌نده ناخۆش و پڕ له کێشه‌و هه‌رایه دا دڵگه‌رمییه‌ک بوو بۆئێمه. بارودۆخی ئێره به‌پێی قسه‌ی کاربه‌دستان تا ڕاده‌یه‌ک ههڕهشاوییه، و گشت خێزانه ناکورده‌کان تا ئه‌وجێیه‌ی هه‌ڵده‌سووڕێ خه‌ریکن شار به‌جێ ده‌هێڵن یان به‌جێیان هێشتووه. خه‌ڵکی سه‌ڵت،هه‌ڵبه‌ت ده‌توانن تا ده‌می کۆتایی چاوه‌ڕوان بن، جا بۆیه جارێ پێویست ناکا ئێمه مڵکه‌که‌مان و ماڵی ' منداڵانی بێ دایوباب' مان چۆل که‌ین. دوکتور ئێدمان و خێزانه‌که‌ی ئه‌وه خۆیان ئاماده ده‌که‌ن هه‌رچی زووتره ئێره به‌جێ بهێڵن. ئه‌وانی دیکه‌مان حه‌ول ده‌ده‌ین ئاماده بین بۆڕۆیشتن هه‌رکاتێک پێویست بکا. ئه‌گه‌ر پێویست بکا تێلگرافتان بۆ لێ ده‌ده‌ین. ئێمه هه‌موومان باشین و باوه‌رمان به پاراستن و توانایی خوڵای هه‌یه.
دڵسۆزتان له خزمه‌تی خوڵای دا.
مێتا فۆن دێڕ شولنبێرگ
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 3ی، ساڵی 7 خۆیدا، دیسامبری 1915 نامه‌یه‌کی دڵته‌زێنی مێتا فۆن دێر شولنبێرگی که له 10ی نۆڤامبری ئه‌و ساڵه دا له سابڵاغه‌وه نووسیویه بڵاو کردووه‌ته‌وه: یای مێتا ده‌نووسێ:
" دایکه‌کانی پچکۆڵه‌کانی ئێمه
بێده‌نگی باڵ ده‌کێشێ به سه‌ر بێت ئانیا دا ( بێت ئانی). له‌وکاته‌وه، که له 23ی مانگی ئووت سێت ی ) Seth ) پچکۆڵانهمان به‌جێی هێشتین، هیچ مهلۆتهکهیک هیچ داوخوازێکی له سه‌رده‌می ئێمه نییه. به‌ڵام بیره‌وه‌ری ئه‌وان هێشتا له‌به‌رچاومانه و له‌گه‌ڵمانه؛ تیشکی بوونی ئه‌وان که ڕێپێڵگهمان ڕوون ده‌کاته‌وه له‌وانه نییه قه‌ت بزر ببێ. جگه له‌وه ئه‌گه‌ر خوڵا بییه‌وێ، زۆر مهلۆتهکهی پچووکی دیکه‌ی بێچاره دێنه ده‌رگای ئێمه و ده‌بێ به ئه‌وینه‌وه وه‌ریان بگرین و به‌خێویان که‌ین.
ئه‌مڕۆ ئه‌من ده‌مه‌وێ هێندێک چیرۆکی ئه‌وکه‌سانه بۆ دۆستانی خۆشه‌ویستی میسیۆنه‌که‌مان بگێڕمه‌وه که به‌وپه‌ڕی خه‌مساردییه‌وه منداڵه شێرهخۆرهکانی خۆیان له‌کۆڵ خۆیان ده‌که‌نه‌وه و فڕێیان ده‌ده‌ن __ واته دایکان.
ئه‌من بۆخۆم به شه‌خسه له‌گه‌ڵ گشتیان ناسیاویم په‌یدا کرد، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا یه‌کێکیان خۆی له منداڵی خۆی کرد به‌ساحێب. چاردهڕۆژ دوای هه‌ڵگرتنه‌وه و وه‌خۆ کردنی مریه‌می پچکۆڵانه، ژنێکی گه‌نجی ساخ و تۆکمه‌ی خه‌ڵکی یه‌کێک له دێیه‌کان له مزگه‌وت سه‌روسۆراغی کچه پچکۆڵانه‌که‌ی کردبوو، مێرده‌که‌ی، که زڕبابی منداڵهکهبوو، له قه‌راغ چۆمی فرێی دابوو ئه‌وکاته‌ی که منداڵه‌که هه‌ر چه‌ند ڕۆژێک بوو هاتبووه دنیایێ، و له‌وێ دۆزرابووه‌وه و هێنابوویانه شاری.له سه‌ره‌تاوه دایکه‌که زۆر تووڕه بوو که بیستبووی خزمه‌تکاره‌که‌ی ئێمه هه‌ڵیگرتووه‌ته‌وه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و دڵدانه‌وه‌ی ئێمه‌ی په‌ژراند کاتێک تێمانگه‌یاند ئه‌وه کارێکی زۆر باشتر بووه له‌وه‌ی هه‌ر وا له‌وێ به‌جێ بهێلدرێ و سه‌گ بیخۆن ( لێره سه‌گ گه‌وره، حه‌یوانی نیو دڕهندهنه و ناچارن خوردوخۆراکی خۆیان له کۆڵانان په‌یدا که‌ن) ده‌ی ئه‌و ژنه ده‌بوو چ بکا؟ ده‌رگای ماڵی مێردی ئێستای به‌سه‌ر منداڵه‌که دا داخرابوو. جا بۆیه ژنه‌که گه‌ڕاوه لای مێرده‌که‌ی به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت چاوێکیش له منداڵه‌که‌ی بکا.
ئه‌من له گه‌ڵ دایکی مارتا Martha دواتر ناسیاویم په‌یدا کرد، له به‌هارێ، کاتێک کورده‌کان، به به‌رده‌وامی په‌نایان ده‌هێنا بۆ حه‌وشه‌که‌ی ئێمه. له سرته‌ی یه‌کێک له ژنه‌کاندا نێوی پچکۆڵانه‌که‌ی خۆم وه‌به‌ر گوێیان که‌وت و زۆر زوو له‌گه‌ڵ " شتێکی" سمیتانی گه‌نج ئاشنا بووم که مرخێکی زۆری نیشان ده‌دا سه‌باره‌ت به ئه‌و کچه چکۆلهیهم که وه‌خۆم کردبوو. له یه‌که‌م مانگی ژیانی دا ، ئه‌و پچکۆڵانهیه نێوی " خانم" ی ( به ئه‌ڵمانی "Hausfrau ") لێنرابوو. دایکه‌که‌ی بۆخۆشی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به سیغه مێردی کردبوو ( شێوازێک له زه‌واجی کاتی که له ئێران قانوونییه) به عه‌سکه‌رێکی سه‌ربازخانه‌ی ترک ببووه خانم، دوایه ئه‌و زه‌واجه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، کاتێک پاش دوومانگ مێردی گه‌نج لێره ده‌ڕوا.
چه‌ند ڕۆژ دوای ئه‌وه دوو ژن له دیوه‌که‌ی من وه‌ژوورکه‌وتن، یه‌کێکیان قۆنداغه مه‌لۆتکه‌یه‌کی دامێ، که هێنده‌ش خاوێن نه‌بوو، ئه‌وی دیکه‌یان پێی گوتم " پێشکێش بۆ تۆ " ( واته ئه‌وه دیارییه‌که بۆ تۆ). هه‌ڵبه‌ت ئه‌من له هۆی ئه‌وه‌م پرسی و بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌ی دیارییه‌که‌ی داومه‌تێ دایکی منداڵه‌که‌یه، هیچ ماڵی نییه، هیچ خزم و که‌سوکار و رێوجێی نییه و ئێستا له‌لای ئه‌و ژنه‌ی له‌گه‌ڵی هاتووه ده‌مێنێته‌وه. دوایه ژنه به قوڵپی گریانه‌وه، پێی گوتم ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ی لێ وه‌رنه‌گرم، ناچار ده‌بێ بیکووژێ. به پرس و ڕا له گه‌ڵ ژنی کوردی دیکه، بۆمان ده‌رکه‌وت، ئه‌گه‌ر بۆجارێکیش بێ ژنه‌که ڕاست ده‌کا. نێوی دایکه‌که سارا شێته ( شێت یانی " گه‌وج"). ئه‌و پێشتر سێ منداڵی دیکه‌ی هه‌بووه، و هه‌مویانی له چۆمی دا خنکاندووه. ئه‌من ئه‌و پچکۆڵانهیهم به خۆشحالییه‌وه وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌وه‌شم له دایکه‌که‌ی حاڵی کرد ئیدی چ حه‌قی به‌سه‌رییه‌وه نامێنێ. ئه‌ویش قه‌بووڵی کرد. هه‌ڵبه‌ت، چیرۆکه‌که لێره ته‌واو نابێ. ڕۆژی دواتر ژنێکی گه‌نجی رێکۆپێکم لێ په‌یدا بوو که ده‌یگوت دشی دایکه‌که‌یه، و گشت ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و به‌منی گوتووه هه‌ڵبه‌ستراون، و براکه‌ی، واته بابی منداڵه‌که، له سه‌ربازییه و له ماوه‌ی چه‌ندین ڕۆژی دیکه دا ده‌گه‌ڕێته‌وه. به چه‌ند پرسیارێک تاقیم کرده‌وه بۆم ده‌رکه‌وت درۆ ده‌کا و دوای ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه له گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ی که ئیدیعای ده‌کرد دشی بێ هاتنه‌وه، ئێمه له نێو خۆماندا بڕیارمان دا چیدیکه گوێ له قسه‌کانیان نه‌گرین هه‌تا بابه‌که دێته‌وه. بۆ به‌یانی ڕا که به‌رچاییمان ده‌کرد پیرێژنێکی کوردمان لێ په‌یدا بوو که له دێوه هاتبووه و تاڕاده‌یه‌ک بێ ئه‌ده‌بانه نانخواردنه‌که‌ی پێ بڕین. ئه‌و هه‌ر هێندێک پینه‌و په‌ڕۆی ده‌به‌ر دابوو و قژی سه‌ری قرژ ببووه‌وه و گۆپاڵێکی گه‌وره‌شی به‌ده‌سته‌وه بوو. له ده‌رگاکه‌وه که کرابووه‌وه ده‌مانتوانی چوار ژنی دیکه‌ش ببینین که ههرسهرو سه‌کوتێکی ئاوایان هه‌بوو. ژنه‌که ده‌یقیژاند وهه‌ڕه‌شه‌ی ده‌کرد . " کوڕه‌که له کوێیه؟ کوڕه‌که‌م ده‌وێته‌وه." کاتێک من به ئارامی لێم پرسی:" کامه‌یان؟ ئه‌من چوار کوڕم هه‌ن" ئه‌و هێندێک هێور بووه‌وه به‌ڵام دیسان هه‌ر پێکێشی ده‌کرد: " گورج که بمده‌وه، درهنگهمه." ئه‌من پێمگوت بۆ ئه‌وه ده‌بێ له پێشدا ساحێب ( گه‌وره‌ی ئێره) ببینی" دیسان گوتی: " ساحێب کییه ؟ ئه‌من درهنگهمه، کاتم نییه" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کاتی هه‌با و نه‌با ده‌بوو ئه‌وه قه‌بووڵ کا و به‌یه‌که‌م وڵامی به‌گوڕی " ساحێب" هه‌ر پێنج ژنه‌کان گورج له حه‌وشه وه‌ده‌رکه‌وتن و بزر بوون. ئه‌من نازانم ئه‌و پیره‌ژنه زیاتر له 10 شایی (5 سێنتی) له سارا وه‌رگرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی بێ هه‌ڕه‌شه له ئێمه بکا یان نا چونکوو لێره درۆ زۆر هه‌رزانه. له دوای ئه‌و ڕووداوه ئیدی ئێمه هێچمان له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌و که‌یسه دا نه‌دیتووه.
کاتێک دوو کوڕ Seth ی پچکۆڵانه یان هێنا ئێره، ژنێکی کوردمان لێ په‌یدا بوو. ئه‌و ژنه پێشتر له لای ئێمه بوو و زۆر به مێهره‌وانی له‌گه‌ڵی جووڵابووینهوه.ئه‌و پێی گوتین ئه‌و به‌ته‌واوی ئاگاداری و به‌خێو کردنی Seth وه ئه‌ستۆی خۆی ده‌گرێ، هه‌روه‌ها پێشی گوتین که چوار ڕۆژ له‌وه پێش کچێکی پچکۆڵانهی بووه، به‌ڵام دوێنێ مێرده‌که‌ی له‌ماڵێ ده‌ری کردووه، وگوتوویه بۆ خۆی ئاگاداری له منداڵه‌کان ده‌کا، و جا بۆیه ئه‌و هاتووه‌ته شاری به‌ڵکوو بتوانێ گوزه‌رانی خۆی دابین بکا.ئێمه حه‌ولمان دا کاری جۆر به جۆری پێ بسپێرین، به‌ڵام بۆمان ده‌رکه‌وت به‌ته‌واوی ناله‌باره، بۆیه، دوای سێ ڕۆژان ناچار بووین جوابی که‌ین.به‌ڵام دوایه بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌وه نموونه‌یه‌کی زۆر باش ڕێک خراوه له لایه‌ن دایکێکه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کوڕه‌که‌ی ببینێ. و له به‌ر لانکی کوڕه ههرپچووکهکهی ( seth ی پچکۆڵانهی ئێمه) زۆر فرمێسکی ده‌ڕژاند بۆ ئه‌و سێ منداڵه‌ی به‌جێیهێشتبوون. ئه‌وه‌ی که ئه‌و ژنه حه‌ولی دا، ئه‌و سێ ڕۆژانه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ به قازانجی بگه‌ڕێته‌وه، هیچ جێی تێڕامان نییه؛ له‌م وڵاته دا، کرده‌وه‌ی ئه‌وتۆ له " دووربینی و ئیحتیا‌ت" نه‌بێ زیاتر نیین. ئێستا، که مه‌لۆتکه‌که‌ی له کۆڵ خۆی کردووه‌ته‌وه، بێگومان به‌زوویی دیسان مێردێکی دیکه ده‌کاته‌وه.
ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه چیرۆکی ژیانی ژنانی کورده. به‌هیچ جۆریش ڕێزپه‌ڕ نییه. چاره‌نووسی کچان به‌ته‌واوی به ده‌ست بابه‌کانیان، یان براگهورهکانیانه، و دواتریش به ده‌ست مێرده‌کانیان. کچێکی پچووکی پێنج ساڵه‌ی که ناسیاوی ئێمه‌یه به شانازییه‌وه به خۆی ده‌ڵێ " فرۆشراو" ( واته دراوی به ده‌سگیران گرتنی دراوه) و به شانازییه‌وه داوی ئه‌و به‌رمووره ڕه‌نگاوڕه‌نگانه ڕادانێ که وه‌ک دیاری نیشانه کردنی پێی دراوه.له‌نێو ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاران دا له‌هه‌موو شوێنێک ئه‌و نادڵنیایی و ناڕوونییه ده‌بێندرێ واته گۆڕانی له‌پڕی چاره‌نووس. له کاتێکدا که به هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی به‌رزتر بۆ ئێستا نازانن، هیچ هیوایه‌کیشیان به داهاتوو نییه. ده‌بێ ئه‌وه چ ئیمتیازێکی گه‌وره بێ بۆ ئێمه که بتوانین تێشکێکی که‌می ڕۆژیش بێ بگرینه نێو ئه‌و ژیانه تاریکانه! ئه‌دی بزانن ئێمه چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندین به به‌روارد کردن له‌گه‌ڵ خوشکه کورده‌کانی خۆمان! ئه‌وه بۆچی وایه؟ خوێنهرهوهکانم هه‌موویان وڵامه‌که‌ی ده‌زانن.
مێتا فۆن دێڕ شولنبێرگ
ساوجبولاغ، 10ی نۆڤامبری 1915
له‌نامه‌یه‌ک دا که نه‌مر یای ئاگوستا گودهارت له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه بۆ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌یان ئێن. جه‌ی. لۆری نووسیوه و له‌ژماره 6ی ساڵی 13، ژووه‌نی 1921 دا بڵاو کراوه‌ته باس ده‌کا یای مێتا فۆن دێڕ شولێنبیرگ له سابڵا‌غ ده‌رسی زمانی ئاڵمانیشی گوتووه‌ته‌وه. گودهارت ده‌نووسێ: ئه‌وکاتی ئێمه تازه له‌وێ [ سابڵا‌غ ] چالاکییه‌کانمان ده‌ست پێ‌کردبوو، مسته‌فای قازی ده‌هاته مه‌دره‌سه میسیۆنه‌که‌ی ئێمه و له‌لای مێتا فۆن دێر شولنبێرگ ده‌یخوێند. مێتاش وه‌ک هه‌موو ئه‌ڵمانییه‌کان ئینجیلی به ده‌رس ده‌گوته‌وه. جا بۆیه کوڕه‌که گوێی له هێندێک ڕاستی ده‌بوو. قازی پیر [ مه‌به‌ستی قازی له‌تیفه]، پێی خۆش نه‌بوو کوڕه‌که‌ی بخوێنێ، چونکوو له‌وه ده‌ترسا زۆر بزانێ، جابۆیه ده‌رسی مه‌لایه‌تی پێ خوێند ، و پێی وابوو به‌و شێوه‌یه له میسیۆنه‌که‌ی ئێمه‌ی دوور ده‌خاته‌وه. به‌ڵام ئه‌و دوور نه‌که‌وته‌وه. مسته‌فا گاڵته‌ی به هه‌موویان ده‌هات و وه‌ک کوڕه‌کانی دیکه هه‌ر هاتووچووی میسیۆنه‌که‌ی ئێمه‌ی ده‌کرد....."
دوکتور هێرمان شالک که له ساڵی 1924 نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ڕێک و پێکی له سابڵا‌غ دامه‌زراند، له نووسراوه‌یه‌کی دا ده‌ڵێ ئه‌وکاته‌ی له بیرلین خه‌ریکی خوێندن بووه،یه‌که‌مجار مێتا فۆن دێڕ شولنبێرگ پێوه‌ندی پێوه کردووه و داوای لێکردووه بێته ڕیزی " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات".
له چاوپێکه‌وتنێک دا که مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له 12ی ژوه‌نی ساڵی 1977 له فیلادێلفیا له گه‌ڵ گودهارتی کردووه، ئه‌و دیسان باسی یای مێتا ڤۆن دێر شولنبێرگ ده‌کا و ده‌ڵێ: " میسیۆنی لووتێری هێرمانسبۆرگی ئه‌ڵمانی هاوکاری له‌گه‌ڵ ده‌کردین و هاوکارێکمان هه‌بوو به نێوی خوشکه مێتا فۆن دێر شولنبێرگ که به‌سه‌ر ئه‌نواخانه‌ی منداڵانی بێ دایوباب ڕاده‌گه‌یشت و یارمه‌تی کاری وه‌رگێڕانیشی ده‌دا" دیاره مێتا سیستر ( نه‌خۆشه‌وان) نه‌بووه، به‌ڵکوو مامۆستا بووه. به‌داخه‌وه له ژماره‌کانی به‌رده‌ستی "کوردستان میشنێری " دا هیچ وێنه‌ی مێتا ڤۆن شولنبێرگی تێدا نییه که له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته بڵاوی بکه‌ینه‌وه. ته‌نێ وێنه‌ی "مووسا" بڵاو ده‌که‌ینه‌وه که یای گودهارت له سه‌ر ڕێی هاتنی له ته‌ورێز وه‌خۆی ده‌کا و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێ و له سابڵا‌غ له ئه‌نواخانه‌ی یای مێتا فۆن دێر شولێنبێرگ دایده‌مه‌زرێنێ.
* به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌ویی که نه‌مر فاسوم بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردی نووسیوه
** ئه‌و ژماره‌ی " کوردستان میشنێری" به‌ڕێز Karen Terrill له به‌رده‌ستی ناین، به‌داخه‌وه به‌رواری ساڵ و مانگی ده‌رناکه‌وێ
No comments:
Post a Comment