ئاننا ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن میسیۆنێرێکی دیکه‌ی میسیۆنی کوردستان
ئاننا ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن میسیۆنێرێکی دیکه‌ی میسیۆنی کوردستان
حه‌سه‌نی قازی
"وه‌ته‌نی مه‌حبووبی *
کوردستانی بڵیند
ئه‌رزێکی پڕ یادگاری
له جه‌حێڵی من "
ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن (Emelia Enderson) میسیۆنێرێکی دیکه‌ی " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" بوو و له کوردستان میشنێری دا زۆر نامه و نووسراوه‌ی بڵاو کراوه‌ته‌وه. به‌ر له‌وه‌ی له سابڵا‌غ ده‌ست به‌کار بکا، له کرماشان و هه‌مه‌دان کاری ده‌کرد. له ژماره‌ی 5ی ساڵی 12ی کوردستان میشنێری مانگی مه‌ی ساڵی 1920 دا وێنه‌یه‌کی ئێمێلیا چاپ کراوه و له بنی دا نووسراوه:" یه‌کێک له میسیۆنێره‌کانی ئێمه له دابێیه‌کی نزیک دا".
یای ئه‌ندرسۆن له نووسینێکدا که له ژماره‌ی 7ی، ساڵێ 11ی کوردستان میشنێری، ژووییه‌ی 1921 بڵاو کراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ شتی دیکه ده‌نووسێ: " له مانگی مه‌ی ساڵی 1917، گوێم له ئاخاوتنێکی میسیۆنێر فاسوم گرت که باسی کارکردنی ده‌کردله کوردستان. قسه‌کانی و په‌یامه‌که‌ی زۆر به دڵی من بوو. ئه‌من نه‌مده‌زانی خه‌ڵک له هه‌نده‌ران و وڵاتی دووره‌ده‌ست پیداویستییه‌کی گه‌وره‌یان به یارمه‌تییه. هیچ فکرم له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه بچمه پێگه‌یه‌کی چالاکی له‌هه‌نده‌ران، چونکوو ئه‌و ده‌می بارودۆخی لهشساخیم ته‌واو نه‌بوو و رێگرم بوو. له‌و پێوه‌ندییانه دا که به نامه له‌گه‌ڵ فاسوم هه‌مبوو، پێشنیاری پێکردم ئه‌گه‌ر بمه‌وێ وه‌ک میسیۆنێر بنێردرێمه هه‌نده‌ران باش وایه بۆ په‌روه‌رده دیتن بچمه Moody Bible Institute له شیکاگۆ.له مانگی مه‌ی ساڵی 1918 دا له ئه‌نیستیتووی نێوبراو ده‌ستم به‌خوێندن کرد و ده‌بێ بڵێم ئه‌و مه‌دره‌سه‌یه به‌ڕاستیش لایه‌نگری ڕاستییه.ئه‌وان نه‌ک له‌باری دینییه‌وه مرۆ په‌روه‌رده ده‌که‌ن،به‌ڵکوو دهشینێرن بۆ چالاکی تایبه‌تی عیسایی و به‌و شێوه‌یه مرۆ چاوی به هه‌موو چینه‌کانی خه‌ڵک ده‌که‌وێ له " ئی خواره‌وه‌ی خواره‌وه " ڕا بگره " تا سه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌وه".ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌و ئه‌نیستیتووه بووم له ڕووی به‌ده‌نییه‌وه به‌هێزتر بووم و تا ئێستا نازانم نه‌خۆش بوون چییه.ده‌وره‌ی میسیۆنێریم بینی و له 21ی ئاوریلی 1921 دا خوێندنم ته‌واو کرد.
به‌ر له‌وه‌ی له ئه‌نیستیتووی موودی بایبڵ ده‌ست به خوێندن بکه‌م،بۆ ماوه‌ی 9 ساڵان له مه‌دره‌سه ده‌رسم ده‌گوته‌وه. ده‌زانم ئه‌و ئه‌زموونه‌ش به‌که‌لک ده‌بێ بۆ ناساندنی ئینجیل به کورده‌کان. ئه‌من شوکرانه بژێری خوڵام هانی داوم بڕیار بده‌م سه‌ری خۆم هه‌ڵگرم و بچمه ئه‌و په‌ڕی هه‌رێمان.
ئا. ئێمێلیا ئاندرسۆن."
له ژماره‌ی مانگه به‌راییه‌کانی ساڵی 1922ی کوردستان میشنێری دا چه‌ند نامه‌ی ئێمێلیا ئاندرسۆن بڵاو کراوه‌نه‌ته‌وه که به‌سه‌رهاتی سه‌فه‌ری خۆی به‌که‌شتی له ئه‌مریکاوه ده‌گێڕێته‌وه. له‌نامه‌یه‌کدا که له ژماره‌ی 1ی ساڵی 14ی کوردستان میشنێری، ژانڤییه‌ی 1922 بڵاو کراوه‌ته‌وه و له شارێکه‌وه له ده‌ریای عه‌ڕه‌بییه‌وه نووسیویه ده‌ڵێ: " به دڵنیاییه‌وه ئه‌من زۆری پێخۆشحاڵ ده‌بم کاتێک بگه‌مه ساوجبولاغ". به دوای ئه‌مه دا له نامه‌یه‌کدا که له‌به‌غداوه له 21ی دیسامبری 1921 بۆ جێگری سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌یان پرۆفسۆر وی ناردووه و له ژماره‌ی 4ی ساڵی 14 ی کوردستان میشنێری، ئاوریلی 1922 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه ده‌نووسێ: " به‌ڕێز ئاغای وی: -- ناتوانی بیهێنییه به‌رچاوی خۆت چه‌نده‌ی پێ تێکچووم کاتێک دوێنێ خه‌به‌ری مردنی جه‌نابی باشیمۆنم پێ گه‌یشت و ئه‌وه‌ی که نازانین خانمه میسیۆنێره‌کانمان له کوێن و چی‌یان به‌سه‌رهاتووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بێ که ده‌ڵێن ئه‌وان به‌ره‌و ته‌ورێز به‌ڕێوه‌ن. له 5ی نۆڤامبر هێشتا نهگهیشتووبوونه تهوڕێزێ و 10ی ئۆکتۆبر سابڵا‌غ، دوای ئه‌وه‌ی له‌شکری ئێران له ژێر فه‌رمانده‌ریی ژه‌نه‌ڕاڵێکی سوێدی له‌هه‌مبه‌ر سمکۆ شکا، که‌وته ده‌ست سمکۆ و له‌شکره‌که‌ی. ئه‌من زۆر دڵپه‌شێوی میسیۆنێرهکانمانم،دوێنێ شه‌وێ تێلگرافێکم بۆ یای گودهارت نارد. پێیان گوتم به دوو ڕۆژان وڵام وه‌رده‌گرمه‌وه...... ئه‌من لایه‌نگری ئه‌وه نیم ده‌ست له کاره‌که‌مان هه‌ڵگرین، وێده‌چێ باشترین کار ئه‌وه‌بێ لانیکه‌م جارێ ماویه‌ک له ده‌وروبه‌ری کوردستان بمێنینه‌وه، چونکوو هیچ پێویست به‌وه نییه مرۆ ڕاسته‌وڕاست خۆی باوێژێته نێو ئه‌و بشێوێنییه له کاتێکدا ده‌توانێ خۆی لێ بپارێزێ. پێم وایه زه‌مان بۆمان ده‌رده‌خا داخودا گه‌ڵاڵه کردنی پلانێک هیچ که‌لکی ده‌بێ یان نا. دڵسۆزتان له خزمه‌تی گه‌وره‌ماندا، _ ئێمێلیا ئه‌ندرسون."
له نامه‌یه‌کی دیکه ی دا یای ئه‌ندرسۆن که له 5ی ژانڤییه ی 1922 له به‌غداوه بۆ پرۆفێسۆر وی نووسیوه ده‌ڵێ:
" .... ئه‌من ئه‌مڕۆ له گه‌ڵ یه‌که‌م کچه کوردی خۆم قسه‌م کرد. ئه‌و یه‌کێک له‌و منداڵه بێ دایوبابانه بووه که له لای خانمی ستید گه‌وره بووه و به ئینگلیسییه‌کی زۆر جوان قسه ده‌کا. ئه‌و مه‌سیحییه و مه‌سیحییه‌کی زۆر بهگوڕیشه. ئه‌و و سێ کوردی دیکه و خانمی ستید له نێو کورده‌کان له که‌شی شیرین ( ناتوانم چاکی بنووسم) [ دیاره مه‌به‌ست قه‌سری شیرن ه - حه‌سه‌نی قازی] بانگه‌شه بۆ ئینجیل ده‌که‌ن. خانمی ستید داوای لێکردم له گه‌ڵی بچم بۆ ئه‌وێ. به‌ڵام ئه‌من پێم وایه ئه‌وه کارێکی ژێرانه نییه له ماوه‌ی زستانێ دا ده‌ست به ژیانێکی ئاوا پڕ له زحمه‌ت بکه‌م. ئه‌من چاوه‌ڕێی وڵامی یای گودهارت ده‌که‌م بزانم هه‌ل ومه‌رجی لای ئه‌وان چۆنه. به‌داخه‌وه پێم وایه هه‌تا پاییزێ ده‌بێ له به‌غدایێ بمێنمه‌وه، چونکوو هه‌تا ئه‌و ده‌می هیچ ده‌سته‌یه‌کی دیکه لێره‌وه وه‌ڕێ ناکه‌وێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بێکر بێ له دووم و له‌گه‌ڵ خۆیم به‌رێ. لێره ده‌ڵێن ئه‌من ناتوانم به ته‌نێ بچم. ئه‌گه‌ر ناچار به مانه‌وه بم له‌وانه‌یه دوایه بچمه لای خانمی ستید...... به‌ڵام جارێ هه‌مووشت ئه‌گه‌ر! ئه‌گه‌ر! و ئه‌گه‌ره!
دڵسۆزتان، ئێمێلیا، به ڕێگه‌ی کۆنسولخانه‌ی ئه‌مریکا له به‌غدا "
ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له نامه‌یه‌کی دی‌دا بۆ پرۆفێسۆر وی که له 19ی ژانڤییه 1922 له به‌غداوه ناردوویه ده‌ڵێ:" به پێی ئه‌و خه‌به‌رانه‌ی له ته‌ورێزه‌وه گه‌یشتوون " خانمی باشیمۆن حاڵی زۆر خراپه و به‌ته‌واوی ئه‌عسابی تێک چووه و وای داناوه به زوویی بچێته‌وه بۆ فه‌ڕانسه. هه‌موو خانمه میسیۆنێره‌کان دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتوونه ته‌ورێزێ خه‌ریکن جلوبه‌رگ و کراس بۆ خۆیان په‌یدا که‌ن.یای شوێنهوود له ته‌ورێز ئێستا بووه به به‌رپرسیاری شوێنی منداڵی بێ بێ دایوباب ، وادیاره ده‌بێ زۆر خێرا ته‌می ئه‌و به‌ڵایه‌ی به‌سه‌ریان هات له سه‌ری ڕه‌ویبێته‌وه. باسی ئه‌وه‌ش ده‌کرێ به‌ر له‌وه‌ی شه‌ڕ بکه‌وێته نێو سابڵاغێ و نه‌به‌رد ده‌ست پێبکا، میسیۆنێره‌کانی ئێمه ئاگادار کرابوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان گوێیان نه‌دابوویێ. ده‌گوترێ کورده‌کانی سابڵا‌غ لایه‌نی سمکۆیان گرتووه. دیاره هه‌رێمه‌که جارێ زۆر هێمن نییه، ئه‌من پێم وانییه هێمنیش ببێ تا ئه‌و کاته‌ی کورده‌کان وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک ددانیان پێدا ده‌هێندرێ و حکوومه‌تی خۆیان ده‌بێ. هیوا دارم و ده‌پاڕێمه‌وه ئاشتی و ئارامی زۆر زوو باڵ بکێشێ به سه‌ر هه‌موو هه‌رێمه‌که‌دا. ئه‌من هێشتا چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی خه‌به‌رێک له یای گودهارت ده‌که‌م. دوایین پۆست له ته‌ورێزه‌وه که‌متر له پێنج حه‌وتوو لهمهوپێش گه‌یشته ئێره،به‌و پێیه ده‌بێ حه‌وتووی دابێ خه‌به‌رێکی لێ ببیسم.
دوکتور پاکارد و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی حه‌وتووی ڕابردوو لێره‌وه به‌ره‌و کرماشان وه‌رێ که‌وتن. یای لام Lamme و من ته‌نیا میسیۆنێره‌کانی ئێرانین که لێره ماوینه‌ته‌وه. هیوادارین بتوانین لێره‌وه بهیهکهوبچین، چونکوو ئه‌و شوێنی کارکردنی ته‌ورێزه. وابزانم پێم نه‌گوتبووی یای لام فاسومه‌کان زۆر باش ده‌ناسێ و له‌گه‌ڵییان بووه ئه‌وکاته‌ی که کچه چکۆڵه‌که‌یان له [ ورمێ ] مرد......... "
به دوای ئه‌و نامه‌یه‌دا یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له نامه‌یه‌کی دیکه‌دا که له ژماره‌ی 5ی مانگی مه‌ی ساڵی 1922 ی کوردستان میشنێری دا بڵاو کراوه‌ته‌وه و له 2ی فێورییه ڕا له به‌غدا، مێزۆپۆتامیاوه بۆ جه‌نابی وی نووسیوه ده‌ڵێ:
" هیچم له یای گودهارته‌وه نه‌بیستووه.به‌دڵنیاییه‌وه پێم وابوو ئه‌م حه‌وتووه خه‌به‌رێکی لێ ده‌بیسم. دیسان تێلگڕاف ده‌نێرم، چونکوو یای لام ده‌یه‌وێ بڕوا، ئه‌من له‌وه بێزارم دوایین ده‌رفه‌ت له ده‌ست بده‌م بۆ چوونم،ئه‌گه‌ر ئه‌و به بێ من بڕوا، ده‌بێ دیسان لێره چاوه‌ڕێ بکه‌م هه‌تا ئهمرێکاییهکی دیکه په‌یدا ده‌بێ به‌ره‌و ئێران بچێ، چونکوو ته‌نانه‌ت یای لامیش نایه‌وێ به ته‌نێ سه‌فه‌ر بکا ئه‌گه‌رچی زمانیش ده‌زانێ....... له‌وانه‌بوو له‌بیرم چێ بنووسم که شای ئێران، تارانی به جێهێشووه و به‌ره‌و فه‌ڕانسه چووه. ئه‌و به پێناسه‌یه‌کی ساخته سه‌فه‌ر ده‌کا بۆ بۆمبای [ مه‌به‌ست له ئه‌حمه‌د شای قاجاره ]. ئێمه نازانین بۆ له ئێران ده‌ڕوا، هێوادارم شتێکی جیدی به دوودا نه‌یه. که‌س نازانێ له‌وڵاتێکی ئاوا دا چ ڕووده‌دا! یه‌کێک له ئاسۆڕییهکانی ئێره له ته‌ورێزه‌وه نامه‌یه‌کی بۆ هاتووه که تێیدا باس ده‌کرێ، سمکۆ تێک شکاوه، و ئاسۆڕییه‌کان پێوه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ورمێ. ئێمه لێره زۆر خه‌به‌ری ئاوا ده‌بیستین که یه‌کتری به‌رپه‌رچ ده‌ده‌نه‌وه. جارێک خه‌به‌رهات گوتیان سمکۆ ئه‌وه به‌ڕێوه‌یه ته‌ورێز بگرێ. تکایه له‌بیرتان بێ بۆ ئێمه‌ی په‌نابه‌ر بپاڕێنه‌وه که ماڵێکمان نییه پێی بڵێین ماڵی خۆمانه.
دڵسۆزتان ئێمێلیا."
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 6ی ساڵی 14، مانگی ژوه‌نی 1922 کۆپی کارتێکی پۆستی چاپ کردووه که ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن بۆ جه‌نابی لۆر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌یان له ئه‌مریکای ناردووه :
"کرماشان، ئێران، 19ی مارسی 1922.
ئاغای لوری خۆشه‌ویست
ته‌نێ چه‌ند دێڕێکت بۆ ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی ئاگادارت که‌م لێره به‌تێلگراف 2400 قڕانم به‌ده‌ست گه‌یشت که له ته‌ورێزه‌وه ناردرابوو. دوکتور مه‌کداوڵ ئه‌وه‌نده‌ی دراو دابوومێ پێی بگه‌مه ئێره. لێره [ کرماشان] له‌لای یای بورگس ده‌مێنمه‌وه و هه‌ر دووکمان بۆ نانخواردن ده‌چینه لای دوکتور پاکارد و هاوسه‌ره‌که‌ی.ئێره دیمه‌نێکی زۆر جوانی هه‌یه. ئێستا خه‌ریکی خوێندنی زمانی فارسیم. ئه‌و مامۆستایه‌ی هه‌مه هه‌ر ماوه‌یه‌کی کورت لێره ده‌بێ، و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستای زمانی کوردیم ده‌ست ناکه‌وێ، کاری هه‌ره باش ئه‌وه‌بوو ده‌ست به فێر بوونی فارسی بکه‌م، چونکوو ده‌ڵێن ئه‌وه یارمه‌تی ده‌کا به فێر بوونی زمانی کوردی.
ڕابی سه‌رگیس ( ئاسۆرییه) فاسومی زۆر باش ناسیوه. ئه‌و ڕای ئه‌سپاردووه ده‌توانم بچمه ماڵی وی، له‌وێ دیوی حاوانه‌وه و خۆراکم ده‌ده‌نێ و، هه‌ر وه‌ها ده‌توانێ ده‌رسی کوردیشم پێ بڵێ، به‌ڵام جارێ له سه‌ر ئه‌وه ساخ نه‌بوومه‌ته‌وه. ڕاده‌وه‌ستم تا ئه‌ومامۆستایه‌ی ئێستا ده‌ڕوا و دوایه له سه‌ر ئه‌و پێشنیازه بڕیار ده‌ده‌م.
وێڕای سڵاو، ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن، کرماشان، ئێران، به‌ڕێگه‌ی میسیۆنی ئه‌مریکاییدا "
کوردستان میشنێری هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی سه‌ره‌وه دا نامه‌یه‌کی دیکه‌ی یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووته‌وه که له 27ی مارسی 1922 له کرماشانه‌وه بۆ دۆستانی میسیۆنه‌که‌یان له ئه‌مریکای نووسیوه و به دوور‌و درێژی باسی سه‌فه‌ری خۆی له به‌غداوه بۆ کرماشان ده‌کا، له‌و نامه‌یه دا ئه‌و چیرۆکه ده‌گێڕێته‌وه که چۆن کاربه‌ده‌ستانی ئێرانیی به‌رتیلیان لێ ئه‌ستاندوون.... "...... کاتێک ئێمه نزیکه‌ی پێنج میل له سهرپێلهوه ( سه‌رپێڵی زه‌هاو) دوورکه‌وتبووینه‌وه پۆلیسی ڕێگا ڕایگرتین،گوتیان چی دی نابێ به‌ره‌و پێشتر بچن هه‌تا هه‌ر ماشێنه‌ی پاسه‌وانێکی له‌گه‌ڵ نه‌بێ، چونکوو حکوومه‌ت ئه‌وان به به‌رپرسیاری سڵامه‌تی و هێمنی هه‌موو ڕێبواران داده‌نێ، بێتوو چاویان به‌سه‌رمانه‌وه نه‌بێ و له به‌ر که‌مته‌رخه‌می ئه‌وان ڕووت بکرێن حکوومه‌ت ده‌یان کووژێ. به‌ڵام، ئه‌من پێم وایه ئه‌وه چیرۆکێک بوو هه‌ڵیانبه‌ستبوو، چونکوو له‌کۆتایی سه‌فه‌ره‌که‌ماندا که ههرچهندین میلێک ده‌بوو، داوای پێنج تمه‌نیان لێ‌کردین که بارته‌قای پێنج دۆڵاره. ئه‌من به‌وه ده‌ڵێم ڕووتکردنی سه‌رجاده. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا، به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه جێ دوو پاسه‌وانی دیکه‌شمان لێ په‌یدا بوون بۆ مه‌ودای میلێک له گه‌ڵمان هاتن، دوایه له‌کۆڵمان بوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بێینه نێو شاری....... " ... ئه‌من نازانم چه‌نده لێره ده‌بم. تێلگرافێکم نارد بۆ ته‌ورێز بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان که‌م گه‌یشتوومه‌ته ئێره، و له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکدا به بانکی شاهه‌نشاهیی ئێران دا دراویان بۆ ناردم. ڕۆژی یه‌که‌م هه‌موو خانووبه‌ره‌ی میسیۆنه‌که‌ی ئێره‌یان پێشان دام .( ئه‌و میسیۆنه‌ی له کرماشان کاری کردووه، سه‌ر به کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات نه‌بووه – حه‌سه‌نی قازی)دیتنی ئه‌و ئهنواخانهیهم که بۆ منداڵانی بێ دایوبابی کوردیان ساز کردووه و ئه‌و کارانه‌ی ده‌وێدا ده‌یکه‌ن زۆر به‌لاوه سه‌رنجڕاکێش بوو. له‌وێ مهدرهسهکیشیان هه‌یه و منداڵان فێر ده‌که‌ن به‌ن بڕێسن بۆ چنین.وای بۆ ده‌چم حاواندنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه وه‌نه‌بێ زۆر هاسان بێ به‌ڵام، میسیۆنێره‌کان هیوادارن کاتێک ئه‌و منداڵانه له‌وێ ده‌رده‌که‌ون بتوانن ببن به ڕێبه‌ری خه‌ڵکی خۆیان.
هه‌ر ئه‌مڕۆ میرزاکهمان ( مامۆستا) پێی گوتم ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو بووه‌ته‌وه که سمکۆ خه‌رێکی پێشکه‌وتنه، ئه‌و به‌ره‌و چ ئاڕاسته‌یه‌ک ده‌چێ ئه‌من نازانم، ڕه‌نگه ئێوه له ئه‌مریکا باشتر بزانن. مامۆستاکه هه‌روه‌ها پێی گوتم ئێران خه‌ریکه ئه‌ڕته‌شی خۆی ڕێک ده‌خاته‌وه و ئه‌و داوای لێکراوه ببێ به‌یه‌کێک له ئه‌فسه‌ره‌کانی ستادیان که نێوه‌ندی له هه‌مه‌دان ده‌بێ. نه‌خشه‌یان ئه‌وه‌یه ئه‌ڕته‌شێکی 100000 که‌سی ڕێک خه‌ن، و هه‌موو عه‌شیره‌ته‌کان چه‌ک بکه‌ن، و ته‌نێ ئه‌وانه‌ی له ئه‌ڕته‌شی ڕه‌سمیدا بن ده‌کرێ چه‌ک هه‌ڵگرن. ئه‌من پێم وایه ئه‌گه‌ر هه‌موو عه‌شیره‌ته‌کان چه‌ک بکرێن ئه‌وه کاری هه‌ره باشه که هه‌تا ئێستا له ئێران‌دا کرابێ ،چونکوو هه‌ر گێره و کێشه‌یه‌کی ئێستا ڕووده‌دا له بن سه‌ری ئه‌وان دایه.
موسوڵمانه‌کان ئێستا خه‌ریکی پیرۆزبایی جێژنی ساڵی تازه‌ی خۆیانن. له‌وماوه‌یه دا سه‌ری یه‌کتری ده‌ده‌ن و کاتێکی خۆش ڕاده‌بوێرن. یه‌ک دوو شه‌وی هه‌وه‌ڵێ ئاوریان کردبووه‌وه، و ئه‌و ڕێوڕه‌سمه وه‌بیری جێژنی 4ی ژووییه‌ی وڵاتی خۆمانی خستمه‌وه. ئاورکردنهوهکهیان زۆر خراپ نه‌بوو. نیوسه‌عات له به‌ر په‌نجه‌ره ڕاوه‌ستام و چاوم لێده‌کردن. ....... ئه‌من جارجار ده‌چم بۆ ئه‌سپ سواری. یه‌که‌م ڕۆژی که چووم، ئه‌سپه‌که خستمی و باسکی چه‌پم هه‌مووی داڕووشا. زۆر شوکرانه بژێر بووم به‌ساخی ڕزگارم بووه. خزمه‌تکاره کورده‌کان ئه‌سپه‌کانیان هێنابووه ده‌رێ بۆ ڕاهێنان. کاتێک من و یه‌کێک له خزمه‌تکاره‌کان به سواری گه‌یشتینه ده‌ره‌وه‌ی شاری له پڕ ئه‌و ئه‌سپه‌ی ئه‌منی له سه‌ر زینێ بووم هه‌ڵیگرتم، له پێشدا پێم ناخۆش نه‌بوو به‌ڵام که حه‌ولم دا ڕایگرم لاقم له ڕکێفێ هاته ده‌رێ و به‌ر بوومه‌وه، له‌جێی خۆم هه‌ستام پێده‌که‌نیم، خزمه‌تکاره به‌سته‌زمانه‌که زۆر ترسابوو پێی وابوو شتێکم به سه‌ر هاتووه. دوایه من سواری ئه‌سپه‌که‌ی وی بووم و ئه‌ویش به‌پێیان وه‌دووی ئه‌سپه‌که‌ی من که‌وت. کاتێک له ته‌پۆڵکه‌که سه‌رکه‌وتم کوڕه خزمه‌تکاره‌که و دووکوردی دیکه‌م دیت ئه‌سپه‌که‌یان ده‌هێناوه. کورده‌کان داوای ئه‌نعامیان لێده‌کردم که به سڵامه‌ت ڕزگاریم بووه، چه‌ند قڕانێکم له گیرفانی دابوو و یه‌کی دوو قرانم دانێ........ "
نامه‌یه‌کی دیکه‌ی یای ئه‌ندرسۆن له ژماره‌ی 7ی کوردستان میشنێری ژووییه‌ی 1922، بڵاو بووه‌ته‌وه که له 17ی ئاوریلی 1922 له هه‌مه‌دانه‌وه نووسیویه. ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ جه‌نابی ئێسپێلین نووسیوه و باسی سه‌فه‌ره پڕ له گێره‌و کێشه و زه‌حمه‌تی خۆی له کرماشانه‌وه بۆ هه‌مه‌دان ده‌کا، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که هه‌م ئه‌و ماشێنه‌ی سه‌فه‌ریان پێکردووه و هه‌م شۆفێره‌که‌ی زۆر چه‌پره‌ک بوون و ده‌نووسێ له گه‌رده‌نه‌ی " ئه‌سه‌داباد" به ناچاری بۆ خۆی ماشێنه‌که‌ی لێخوڕیوه و وه‌سه‌ری خستووه. " ..... ئه‌من به ته‌واوی شانازی به‌و ڕاستییه‌وه ده‌که‌م، یه‌که‌م ژنی ئه‌مریکاییم ماشێنی له گه‌رده‌نه‌ی ئه‌سه‌داباد لێخوڕیبێ و وه‌سه‌ری خستبێ و زۆر وێده‌چێ له نێو ژنانی ئوڕووپاییشدا یه‌که‌م که‌س بم." ..... هیچ خه‌به‌رم له میسیۆنێره‌کانی خۆمان نییه، ته‌نێ به‌ڕێگه‌ی پرسبیتێرییه‌کان یان یادداشتی کۆبوونه‌وه‌کانی پێگه‌ی ئه‌وان له ته‌ورێز شتێکیان لێ هه‌ڵده‌کڕێنم. پێم ناخۆش نابێ جار‌و بار یه‌ک دوو دێڕم بۆ بنووسن. به‌ڵام ئه‌و کاغه‌زانه‌ی بۆ من ده‌نێردرێن زۆر دره‌نگ به ده‌ستم ده‌گه‌ن ئه‌ویش له به‌ر سه‌فه‌ری هه‌میشه‌ییم، به‌ڵام بۆ هه‌ر کوێیه‌ک چوو بم هه‌میشه به تێلگراف ئاگادارم کردوون....."
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 8ی مانگی ئووتی 1922 دا نامه‌یه‌کی ئێمێلیا ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووه‌ته‌وه که به‌ر له چوونی بۆ هه‌مه‌دان له 7ی ئاوریلی 1922 له کرماشانه‌وه بۆ جه‌نابی. ئێچ. ماکنسن ی نووسیوه. له‌و نامه‌یه دا باسی سه‌ردانی تاقی ۆستانی کردووه و به پشت به‌ستن به کتێبێکی فارسی له سه‌ر مێژوو،چیرۆکی ئه‌و شوێنه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه، و سه‌باره‌ت به کرماشان خۆی ده‌نووسێ " ده‌ڵێن کرماشان هه‌زار ساڵ یان له‌وه پێشتر له‌تاقی ۆستان بووه و کاتێک عه‌ڕه‌به موسوڵمانه‌کان هێرشیان هێناوه و خه‌ڵکیان ناچار کردووه بێنه سه‌ر دینی ئه‌وان، ئه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان قه‌بووڵ نه‌کردووه خۆیان له چۆمی قه‌ره‌سوو هاویشتووه. دێیه‌که کاول کراوه و دواتر چوار میل دوورتر له شوێنی خۆی دروست کراوه‌ته‌وه. کرماشان سه‌رده‌مایه‌ک شووره‌ی بهدهورییهوه هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و دیوارانه له‌م سه‌ده‌یه دا ته‌عمیر کراونه‌ته‌وه،به‌ڵام ئێستا تێک ڕووخاون و بوونه که‌لاوه و زبڵ و زاڵ دایگرتوون. هیوا دارم یه‌کێک له میسیۆنێره‌کانی ئێمه که له‌پاراستنی پاک و خاوینی تێده‌گا جارێک ڕێی لێره بکه‌وێ و هه‌لومه‌رجی ئێره هه‌ڵسه‌نگێنێ.ئه‌من ئه‌و دیمه‌نه ده‌هێڵمه‌وه بۆ خۆت حه‌ول بده‌ی بیهێنییه به‌رچاوت. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم کرماشان له سه‌ر ڕێگای زیاره‌تی شوێنه پیرۆزه‌کانی موسوڵمانان له که‌ربه‌لا هه‌ڵکه‌وتووه‌و ده‌گوترێ ساڵانه سه‌دهه‌زار زیاره‌تکار پێیدا تێده‌په‌ڕن..." " .... ئه‌من زۆر به هه‌ڵپه‌وه پێم خۆشه زمان فێر بم و ئه‌وه‌نده سه‌باره‌ت به شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه فێر بم له وزه‌م دابێ ڕاسته‌وڕاست باسی عیسایان بۆ بکه‌م..... پێم وایه بۆم نه‌نووسی بۆ ده‌چمه هه‌مه‌دانێ. داوام لێکراوه له‌وێ یارمه‌تی بکه‌م به چالاکی " وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" تا ئه‌و کاته‌ی یای سوسی شێد، که له لایه‌ن "کۆمیته‌ی وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" له نیۆیۆرک له به‌ر کار نراوه له کۆتاییه‌کانی مانگی ئووت دا ده‌گاته جێ.... ئه‌من له ماڵی دوکتور پاکارد ده‌بم که‌پێشتر له ورمێ کاری کردووه. دوکتور پاکارد و هاوکاره‌کانی چاوه‌ڕوانی هه‌لومه‌رجی باش ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چالاکییه‌کانیان له ورمێ دابمه‌زرێننه‌وه.ئاواته خوازم هێندێک له میسیۆنێره پرێسبیتێرییه‌کان بتوانن یارمه‌تیمان بده‌ن. دوکتور پاکارد و هاوسه‌ری له دۆستانی کۆنی جه‌نابی فاسوم و خانمی فاسومن و یه‌کجار زۆر بیر له چاره‌نووسی کوردان ده‌که‌نه‌وه، ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ش کوردی ده‌زانێ بتوانێ به‌ڕه‌ی خۆی پێ لهقوڕاوێ ده‌رکێشێ. ئێمه ئێستا به هه‌ڵپه‌وه چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی دوکتور پاکارد له ته‌ورێزه‌وه ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاکامی کۆنفڕانسه‌که‌ی ئه‌وێ بزانین و دیاره له‌وێ چاوی به میسیۆنێره‌کانی ئێمه‌ش که‌وتووه. "
هه‌رله‌و ژماره‌ی کوردستان میشنێری دا ڕاپۆرتێکی به ورده ڕیشاڵی یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن سه‌باره‌ت به ئه‌نواخانه‌ی منداڵانی بێ دایوباب له هه‌مه‌دان بڵاو بووه‌ته‌وه که له19ی مانگی مه‌ی 1922 له هه‌مه‌دانه‌وه بۆ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌یان ن.ج . لۆری ناردووه. له ژماره‌ی 9، ساڵی 14، سێپتامبری 1922، ژماره‌ی 10، ساڵی 14، ئۆکتۆبری 1922، ژماره‌ی 11، ساڵی14، نۆڤامبری 1922 و ژماره‌ی 12، ساڵی 14، دیسامبری 1922 ی کوردستان میشنێری دا چوار راپۆرت و نامه‌ی دوور و درێژی یای ئاندرسۆن بڵاو بوونه‌ته‌وه که هه‌ر له هه‌مه‌دانه‌وه نووسیونی. له‌ژماره‌ی 12، دیسامبری 1922 دا ئیدیتۆری کوردستان میشنێری نووسراوه‌یه‌کی دوکتور ویگرامی به نێوی " کێشه‌ی کورد" بڵاو کردووه‌ته‌وه و له‌په‌راوێزی ئه‌و بابه‌ته دا ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه‌ی نووسیوه " ئه‌و وتاره که له ڕۆژنامه‌یه‌کی ئینگلیسییدا چاپ بووه یای ئه‌ندرسۆن بڕیویه و له هه‌مه‌دان، ئێرانه‌وه بۆ ئێمه‌ی ناردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه به‌ده‌ست پیاوێک نووسراوه بۆ خۆی له نزیکه‌وه له‌وێیه و ڕۆژنامه‌که به پسپۆڕێکی ئه‌و بابه‌ته‌ی ده‌زانێ،ده‌بێ بابه‌تێکی جێی سه‌رنج و شیاوی خوێندنه‌وه بێ له‌لایه‌ن گشت دۆستانی میسیۆنی کوردستانه‌وه."
له ژماره‌ی 3ی کوردستان میشنێری ساڵی 15. مانگی مارسی 1923 له ژێر سه‌ردێڕی " له پێته‌ختی مێدیای کۆنه‌وه" نامه‌یه‌کی یای ئه‌ندرسۆن که له به‌رواری 26ی نۆڤامبری 1922 له هه‌مه‌دانه‌وه بۆ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌یان لۆری ناردووه باسی شوێنه‌واری که‌ونارا له هه‌مه‌دان ده‌کا. هه‌رله‌و ژماره‌یه دا نامه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ پرۆفێسۆر وی که له به‌رواری 30ی دیسامبری 1922 دا نووسیویه بڵاو کراوه‌ته‌وه.له ژماره‌ی 5ی کوردستان میشنێری ساڵی 15، مانگی مه‌ی 1923 ئه‌وجار نامه‌یه‌کی ئه‌ندرسۆن بۆ خانمی وی که له به‌رواری 11ی فێورییه‌ی 1923 دا له هه‌مه‌دانه‌وه نووسیویه بڵاو کراوه‌ته‌وه. له ژماره‌ی 7ی کوردستان میشنێری ساڵی 15، مانگی ژووییه‌ی 1923 دیسان نامه‌یه‌کی یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن ده‌بینین که له به‌رواری 7ی ئاوریلی 1923 له هه‌مه‌دانه‌وه بۆ خانمی وی جێگری سه‌رنووسه‌ری کوردستان میشنێری نووسیوه. له ژماره‌ی 9ی کوردستان میشنێری ساڵی 15، سێپتامبری 1923 دیسان دوو نامه‌ی دوورودرێژی ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن بۆ بڕۆفێسۆر وی سه‌رنووسه‌ر و خانمی وی جێگری سه‌رنووسه‌ر که له به‌رواری 10ی ژووییه و 14ی ژووییه‌ی 1923 له هه‌مه‌دانه‌وه نووسیونی بڵاو کراونه‌ته‌وه، که له‌نامه‌ی یه‌که‌میاندا باسی ڕێوڕه‌سمی ده‌رس ته‌واو کردنی قوتابیان ده‌کاو ده‌ڵی دوو له‌و شاگردانه‌ی پۆلی ده‌یان ته‌واو کردووه برازای دوکتور سه‌عید خان ی ( کورد ) بوون. ژماره‌ی 12ی کوردستان میشنێری، ساڵی 15، دیسامبری 1923، کورته باسێکی یای ئێمێلیای بڵاو کردووه‌ته‌وه له مه‌ڕ سه‌ردانی چه‌ند ئه‌شکه‌وتان له ناوچه‌ی هه‌مه‌دان به نێوی " خرووس سینه". ئه‌و نامه‌یه‌ی له به‌رواری 4ی سێپتامبری 1923
له هه‌مه‌دانه‌وه ناردووه.
له ژماره‌ی 1ی ساڵی 16ی کوردستان میشنێری، ژانڤییه‌ی 1924 دیسان نامه‌یه‌کی ئه‌ندرسۆن چاپ کراوه که له هه‌مه‌دانه‌وه ناردوویه.هه‌رله‌و ژماره‌یه دا ڕاپۆرتی گه‌شتێک به هێندێک له دێیه‌کانی ده‌ور و به‌ری هه‌مه‌دان له 13ی سێپتامبره‌وه تا 4ی ئۆکتۆبری 1923به‌قه‌ڵه‌می فلۆرانس.ئی.مۆرای بڵاو کراوه‌ته‌وه. یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له‌و گه‌شته دا له‌گه‌ڵ بووه و ئه‌و ڕاپۆرته‌ی ناردووه بۆ کوردستان میشنێری.
ئیدی به‌ره‌به‌ره یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن به‌ره‌و شوێنی چالاکی سه‌ره‌کی خۆی که سابڵا‌غ بێ ده‌جووڵێ. کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 3ی ساڵی 16، مانگی مارسی 1924 نامه‌یه‌کی یای ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووه‌ته‌وه که له 19ی نۆڤامبری 1923 له ته‌ورێزه‌وه نووسیویه.له‌و نامه‌یه دا که ڕووی قسه‌ی له خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێرییه باسی سه‌فه‌ر له هه‌مه‌دانه‌وه به‌ره‌و ته‌ورێز ده‌کا به ڕێگه‌ی زه‌نگان و میانه دا و ئه‌وه‌ی که چۆن له میانه ماشێنه‌که‌یان په‌کی که‌وتووه و ناچار بوون باروبهندیلیان باری گوێدرێژان که‌ن و بۆخۆیان له سه‌رباران دانیشن و بهرهوتهورێز بچن. ئێمێلیا ده‌نووسێ: ".... له سه‌عات پێنجی ئێواره‌ی 30ی ئۆکتۆبر [1923] گه‌یشتینه ته‌ورێزێ. ئێمه هه‌موومان زۆر شه‌که‌ت بووین. لهڕێگایه سه‌رمام ببوو، حاڵم زۆر باش نه‌بوو به‌ڵام، شتێکی وا نه‌بوو به چه‌ند ڕۆژان چاک بوومه‌وه و ئێستا حاڵم زۆر باشه. یایه‌کان گودهارت، شوێنهوود و فاسوم یه‌که‌م شه‌وی که گه‌یشتمه ئێره‌کانێ هاتنه لام. به‌ڕاستی دوای ته‌قریبه‌ن دوو ساڵ وه‌دره‌نگی که‌وتن، به دیتنیان زۆر خۆشحاڵ بووم. دوکتور شالک چووه بۆ ئاستارا وه‌دوای که‌لوپه‌له‌کانی که‌وتووه، جا بۆیه ماوه‌یه‌ک دواتر چاوم پێی که‌وت. ئێمه زۆری پێ خۆشحاڵین که دوکتورێکمان له‌گه‌ڵه...... هه‌ر که دوکتور شاڵک بگه‌ڕێته‌وه هێوادارین به‌ره‌و سابڵا‌غ بچین. ئێوه ده‌بێ دوعامان بۆ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خودا بمانکا به پشتیوانێک بۆ ئه‌م وڵاته، به‌ڵام باربووش بده‌ن به‌و دۆزه، ده‌نا له وزه‌مان دا نابێ کار بکه‌ین. به بێ پشتیوانی ماڵی ئێوه و دوعا و پاڕانه‌وه‌تان ئێمه چمان له ده‌ست نایه.به بێ پشتیوانی ئێوه کاره‌که‌مان له به‌ست ده‌چێ. کورده‌کان گه‌لێکی یه‌کجار چاوڕاکێش و جێی هیوان. داخودا ئێوه‌ش ناتانه‌وێ له مهسیحاندنی کورده‌کاندا به‌شێکتان هه‌بێ؟ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ خوڵا ئه‌و دراوه په‌یدا ده‌کا که ئێوه ده‌یده‌ن. هه‌ر ئێستا وه‌خۆ که‌ون. وه‌دره‌نگی مه‌خه‌ن، چونکوو وه‌دره‌نگی خستن ده‌کرێ به مانای مه‌رگی که‌سێکی نه‌دار بێ. گشتی به خۆتان به‌ستراوه‌ته‌وه. داخودا ده‌تانه‌وێ له کوردستان که‌س به‌لای خۆتاندا ڕاکێشن؟
دڵسۆزتان، له خزمه‌تی باریته‌عالا دا __ ئێمێلیا. "
ئیدی ئه‌و جار نامه‌کانی یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له سابڵاغه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ن. له ژماره‌ی 5ی ساڵی 16ی کوردستان میشنێری، مانگی مه‌ی 1924 دا هاتووه:
" نامه له ئێمێلیا ئاندرسۆنه‌وه
سابڵا‌غ، ئێران، 10ی مارسی 1924
خانمی وی خۆشه‌ویست!
دوێنێ دوومانگ له‌مه‌و به‌ر بوو ئێمه گه‌یشتینه " ساوجبولاغێ". بۆمن هێشتا زۆر ئه‌سته‌مه باوه‌ڕ بکه‌م ئێمه لێره‌ین. ئه‌و ماوه‌یه سه‌رمان ئه‌وه‌نده قاڵ بووه که ده‌رفه‌تی بیرکردنه‌وه‌مان نه‌بووه، چ ده‌گا به ئه‌وه‌ی نامه بۆ ئێوه بنووسین. به‌ڵام ئه‌من له دڵه‌وه شه‌رمه‌زارم که له‌مێژه هیچ نامه‌م لێ نه‌نووسیون. بۆیه ئه‌مشه‌و بڕیارم دا هه‌رچۆنێک بێ نامه‌یه‌کی کورت بنووسم. چه‌نده کورت ده‌بێ نازانم چونکوو زۆرم قسه پێیه بۆت باس بکه‌م.
ئه‌مڕۆ دوکتور شاڵک یه‌که‌م عه‌مه‌لییاتی زگی کرد. ئه‌من و یای شوێنهوودیش له‌وێ بووین بۆ یاریده دانی. که ئێمه ده‌رکه‌وتین ئه‌و ژنه‌ی عه‌مه‌لییات کرا تازه وه‌هۆش ده‌هاته‌وه.دوای عه‌مه‌لییاته‌که بیستمانه‌وه حاڵی زۆر باشه. به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه دۆعای بۆ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خوڵا شه‌فای بدا. لێرهخزمهت کردن له بواری ده‌رمانی و پژیشکی دا
بوارێکی زۆر چاکه و ئه‌من پێم وایه که‌سێک له رووی به‌ده‌نییه‌وه یارمه‌تی خه‌ڵک بکا ده‌توانێ له ڕووی ڕوحییه‌وه چاکتر له گه‌ڵیان تێکه‌ڵ بێ. ئه‌من و یای شوێنهوود له‌وماوه‌یه دا هه‌ر به کاری ئاگا لێبوونی ماڵێ و دورمانه‌وه خه‌ریک بووین بۆ نه‌خۆشخانه‌که‌مان، بۆیه هیچ کاتی ئه‌وه‌مان نه‌بووه زمان بخوێنین. ئه‌من زۆری پێ خۆشحاڵم به‌شی ئه‌وه‌نده فارسی ده‌زانم به‌ڕه‌ی خۆمی پێ له قوڕاوێ ده‌رکێشم و له ڕاستیدا به‌جۆرێک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه له‌مپه‌ڕێکه له سه‌ر ڕێی فێر بوونی زمان . ده‌ستم پێکردووه چه‌ند ڕستان ده‌رخه‌م، به‌ڵام تا ئێستا کاتی ئه‌وه‌م نه‌بووه زمان بخوێنم.
وابزانم یای شوێنهوود باسی ئه‌وه‌ی بۆ نووسیون ئێمه 9ی ژانڤییه [ 1924] نزیکه‌ی سه‌عات 3 گه‌یشتینه سابڵاغێ. بۆ ماوه‌ی دووڕۆژان میوانی حاجی عه‌لی بووین. ئه‌وان زۆر له‌گه‌ڵمان مێهره‌وان بوون و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌دریان گرتین و یارمه‌تییان داین. یه‌که‌م ئه‌رکمان ئه‌وه بوو به دووی خانوویه‌کدا بگه‌ڕێین دواجار بڕیارمان دا ئه‌و خانووه بگرین که یای گودهارت تێدا ژیابوو، کاتێک ساڵی 1921 هاتبوو بۆ ئێره، ئه‌گه‌رچی ئه‌فسه‌رێکی ئێرانی و ژنه‌که‌ی له‌وبه‌ری دیکه‌ی خانووه‌که‌دا ده‌ژین. دیاره ئێمه هێشتا به ته‌واوی ساغ نه‌بووینه‌ته‌وه به‌ڵام، دوێنێ شه‌وێ خانم [ هاوسه‌ری ئه‌فسه‌ره‌که] هاته لامان و گوتی پێوه‌ن هه‌ر که ئه‌و ژوورانه‌ی به‌کرێیان گرتوون ئاماده بن لێره بگوێزنه‌وه، جا بۆیه هیوادارم دامه‌زرانمان زۆری پێ نه‌چێ. ئه‌من و یای شوێنهوود له خانووبه‌ره‌یه‌کی پێنج دیویی دا ده‌ژین، یای گودهارت له نه‌خۆشخانه دیوێکی هه‌یه و دوکتوریش [ دوکتور شالک] دیوه‌که‌ی له قاتی سه‌ره‌وه‌ی ده‌رمانگه‌یه به‌ڵام، ئه‌وان بۆ نانخواردن دێن بۆ خانووه‌که‌ی ئێمه. ئێمه کچه‌کان به نۆره ئاگامان له ماڵێ ده‌بێ و هه‌ڵی دهوهژێرین. ئه‌من له 11ی ژانڤییه‌وه تا کۆتایی ئه‌و مانگه ئه‌و بهرپرسیارییهم له سه‌ر شانی بوو، دوایه له مانگی فێڤرییه دا نۆره‌ی یای شوێنهوود بوو و ئێستاش یای گودهارت به‌رپرسی ئه‌و کاره‌یه. قادر، ئه‌و پیاوه‌ی باشیمۆن وه‌ک ئاشپه‌ز ڕایگرتبوو ئێستا ئاشپهزمانه. ئهوههتا بڵێی پیاوێکی بێده‌نگ و له‌سه‌ره‌خۆیه و دهستاویشی خۆشه. لێم سووره نازانی ئه‌و چی کردبوو کاتێک بیستبووی ئێمه دێینه‌وه. قادر له‌لای دوکتور وێنه‌تان کاری ده‌کرد به‌ڵام، کاتێک بیستبووی ئێمه دێین دوکتور وێنه‌تانی به جێهێشبوو و هه‌ر که گه‌یشتینێ ئاماده بوو خزمه‌تمان بکا. هه‌ر که بیستمان چی کردووه پێمان گوت ناتوانین لای خۆمان ڕای گرین بۆیه گه‌ڕاوه لای دوکتور وێنه‌تان. له‌و ناوبه‌ره دا دوکتور وێنه‌تان نامه‌یه‌کی نووسیبوو بۆ ته‌ورێزێ بۆ ئه‌وه‌ی چێشت لێنه‌رێکی بۆ بنێرن، جا بۆیه له کۆتایی مانگی ڕابردوو دا دوکتور وێنه‌تان پێی ڕاگه‌یاندین چێشت لێنه‌ره تازه‌که‌یان له ته‌ورێزه‌وه گه‌یشتووه‌ته جێ و ئێمه ده‌کرێ قادر ڕابگرینه‌وه، ئێستا له هه‌وه‌ڵی مانگی مارسه‌وه قادر وه‌ک چێشت لێنه‌ری ئێمه دامه‌زراوه. ده‌بێ هێندێک ئاڵوگۆڕی دیکه‌ش بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ته‌واو بحه‌سێینه‌وه. نازانم باسم بۆ کردووی یان نا ئه‌من کچێکی بێ دایوبابم وه‌خۆ کردووه که گۆیا کورده، واته بابی کورده و دایکی سریانییه. ئه‌و کچه زۆر پچووک بووه که له ورمێوه ڕایانکردووه. یای فاسوم [ ئاڵما فاسوم ] له ساڵی 1921 له سابڵاغێ وه‌خۆی کردبوو‌و له‌و ده‌مییه‌وه هه‌تا ئالما پاییزی ڕابردوو له مێرمانشکهوه گه‌یشتووه‌ته ته‌ورێزێ له گه‌ڵی بووه. ئه‌و کچه زۆر نه‌حاواوه‌یه و که‌متازۆر هیچمان له گه‌ڵی ده‌رنابه‌ین. ئامینه، ئه‌وکچه کورده‌ش که یای شوێنهوود وه‌خۆی کردووه یه‌ک له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌مانه؛ به‌ڵام، ئه‌و ئێره‌یی پێکبردنهی له‌م بنه‌ماڵه‌یه‌دا هه‌یه وه‌نه‌بێ که‌م بێ. ڕۆژێک پارچه‌م کڕی بۆ ئه‌وه‌ی کراسێکی گوڵدار بۆ ژنی پاشماڵه‌که‌مان بدرووم، و کراسه‌که خۆم دوریم. کچه‌که ئه‌وه‌ی زۆر له دڵی گران هاتبوو. ئه‌و چه‌ندین ڕۆژ بوو دم و له‌وسی تێک نابوو و هه‌ر له به‌ر خۆیه‌وه بۆڵه بۆڵی ده‌کرد، به‌ڕاستی نه‌مده‌توانی بزانم چییه‌تی، شه‌وێکیان که چاوه‌ڕێی شێو خواردن بووین ئه‌و چووبووه لای یای شوێنهوود و پێ گوتبوو،" خه‌جیج و ئامین منداڵی تۆن، واسکی منداڵی یای گودهارته و خاتوونیش منداڵی یای ئه‌ندرسۆنه، باشه ئه‌من منداڵی کێم؟ ". دوایه ئێمه بۆمان ڕوون بووه‌وه دم و له‌وس تێکنانی له به‌ر چی بووه. ئه‌من ده‌بێ سێ یان چوار منداڵی بێ دایوباب وه‌خۆ که‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئێره‌یی پێبردنهی له مێشکی بڕه‌وێنمه‌وه.
قسه‌کانم ئێستا بڕێک تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ بوو، با بێمه‌وه سه‌ر باسی دووحه‌وتووی یه‌که‌ممان له سابڵاغێ. ئێمه له 11ی ژانڤییه هاتین له‌م خانووبهرهیهوه،به‌ڵام له سه‌ره‌تاوه زۆر ئه‌سته‌م بوو هیچ ده‌ستی تێدهین له به‌ر هاتنی میوان و نه‌خۆش که هه‌ر به‌رده‌وام ده‌هاتن و ئه‌وه چه‌ندین ڕۆژ درێژه‌ی کێشا. له حه‌وتووی یه‌که‌ممان لێره دووجار بانگهێشتن کراین بۆ ماڵی میرزا غه‌فوور، جارێک بۆ شێوێ و جارێک بۆ نانی نیوه‌ڕۆ. به دڵنیاییه‌وه ئه‌وان خۆراکی هه‌ره خۆشی خۆجێیی ده‌ده‌ن به میوانان، و ئه‌گه‌ر مرۆ خۆراکی خۆجێیی پێ خۆش بێ ده‌ستاوی ماڵی میرزا غه‌فور ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش خۆشتره. ئه‌و خۆراکانه‌ی دایانینێ: پڵاو ( برینج)، که برینجی ئه‌م وڵاته به‌نێوبانگه، له گه‌ڵ خۆرشت ( گۆشت و سه‌وزی)، مریشک، یێرهلماسی سووره‌وه‌کراو، گۆشت، ترشیات، مره‌با، له‌واش ( نان) و دۆ. ڕه‌نگه شتی دیکه‌شیان له سه‌ر سفره بووبێ به‌ڵام، هیچی دیکه‌م وه‌بیر نایه‌ته‌وه. ئێمه هه‌موومان له سه‌ر عه‌رزی دانیشتین و حه‌ولماندا تا ئه‌و جێیه‌ی پێمانده‌کرێ به قامکان بخۆین، به‌ڵام ئه‌وکاره پێویستی به ڕاهاتنه. یای گودهارت زۆر چاکی ده‌زانێ. ئه‌وان چه‌ند که‌وچکێکیان هه‌بوو و ئه‌و که‌وچکانه ده‌فریامان که‌وتن.
له‌سه‌ره‌تاوه که‌متازۆر له‌لایه‌ن به‌رزترین کاربه‌ده‌ستی نیزامی ئێره گێره و کێشه‌مان بۆساز بوو. فه‌رمان درا به دوکتور شاڵک نابێ حه‌کیمی بکا هه‌تا دیپڵۆمهکهی ده‌گاتێ، دوای ده ڕۆژ و شتێکی وا، تێلێگرافێک گه‌یشتێ که نابێ ده‌ست له کاری ئێمه وه‌ربدرێ و چه‌تی تێبخرێ جا بۆیه ئێمه به‌و خه‌به‌ره زۆر گه‌شاینه‌وه و شوکری خودامان کرد. سه‌رهه‌نگ، که به‌رزترین کاربه‌ده‌ستی نیزامییه لێره، ڕۆژی 14ی ژانڤییه هات بۆ دیده‌نیمان، ئێمه حه‌ولماندا له دیوه چهپرهکه تاریک و چکۆڵهکهماندا میواندارییه‌کی باشی لێ بکه‌ین، و له ڕۆژی 19ی مانگ حاکمی شاری هات بۆ دیده‌نیمان. ئێستا میوانمان که‌متر بووه‌ته‌وه و ڕاستت بوێ ناکرێ بڵێم بۆ ئه‌وه به‌داخم چونکوو ئێمه هیچ کاتمان نییه میواندارییان لێ بکه‌ین. هه‌رکه هات و کاری دروومانمان بۆ نه‌خۆشخانه ته‌واو کرد ئیدی ئه‌وده‌می هێندێک کات بۆ خۆمان ده‌مێنێته‌وه. ئه‌من چه‌ند ده‌رسێکی ئینگلیسی ده‌ڵێمه‌وه و هه‌روه‌ها دوای نیوه‌ڕۆی یه‌کشه‌مۆیانیش پۆلێکی ده‌رسی ئینجیلم هه‌یه‌که زۆرم پێخۆشه. له پۆله‌که‌م دا سێ هه‌رمه‌نی و سریانییه‌ک هه‌بوون. ئێستا یه‌كێک له هه‌رمه‌نییه‌کان له‌م شاره ڕۆیشتووه به‌ڵام، هیوای ئه‌وه هه‌یه دواتر بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌من دڵنیام ئێوه نازانن ئێمه چ ده‌خوێنین. ئێمه دانییل ده‌خوێنین. ده‌زانم ده‌ڵێی: " خێری گیانی بێ ئه‌وه بیر له چی ده‌کاته‌وه؟" باشه بابۆت باسم بکه‌م ئه‌وه چون ڕوویدا. ئۆهانیس پێی گوتم که ئاغای ئۆ. ( حه‌وت ڕۆژی ئهدڤهتیست) ی کتێبی دانیلی زۆر جوان بۆ شیکردووه‌ته‌وه. هیچ میسیۆنێرکی دیکه قه‌ت باسی دانییل یان وه‌حی بۆ نه‌کردوون. جا بۆیه ئه‌من پێم گوتن " با دانییل بخوێنین". به دڵنیاییه‌وه تا ئێستا زۆرمان به دڵ بووه، به تایبه‌تی ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ که گه‌یشتینه ئه‌و جێیه‌ی سێ منداڵی عیبرانی له کووره‌ی داغی بووند ده‌خرێن. ده‌ی چ بوو ؟ گه‌وره‌م، ئه‌وه چوار پیاوان ده‌بینم به نێو ئاور دا ده‌ڕۆن، بێ ئه‌وه‌ی چ ئێشیان پێ بگا و سه‌روسه‌کوتی ئه‌وی چوارمیان وه کوڕی خوڵای ده‌چێ." ..........
دوکتور [ شاڵک] ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ 27ی ژانڤییه یه‌که‌م نوێژی جه‌ماعه‌تی به‌ڕێوه‌برد که به خۆمانه‌وه 27 که‌س بووین. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له نزا و پاڕانه‌وه دا ئاماده ده‌بن زیاد ده‌کا،تا یه‌کشه‌مۆی پێشوو 46 که‌س ئاماده بوون.....
ڕۆژی دووشه‌مۆ، 4ی فێڤرییه، دوکتور [ شاڵک ]، حاجی عه‌لی و ئه‌من چووین بۆ دێی خانه‌قا له دووی دوکتوریان ناردبوو بچێ بۆ سه‌ردانی نه‌خۆشێک. دێیه‌که لێره‌وه زۆر دوور نییه بۆیه ئه‌من سه‌فه‌ره‌که‌م به سواری ئه‌سپ زۆر به دڵ بوو. ئه‌یش! خه‌ڵکی فه‌قیری لادێکان، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وان نائاسووده ده‌ژین به‌ڵام کاتێک به شتێکی باشتر نازانن پێم وانییه زۆری گوێ بده‌نێ. دیوه‌کانیان تاریک و خه‌فه‌یه کونێکیان ده میچی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وا و ڕووناکی پێدا بێ، و ئه‌گه‌ر پێداویستی به ڕووناکی زیاتر هه‌بێ زۆر جار ده‌رگای دیوه‌که به ئاواڵه‌یی به جێ دێڵن. پیاوه نه‌خۆشه‌که تازه له نه‌خۆشی سه‌تڵوجه‌م هه‌ستابووه‌وه و له قوناخی مه‌ترسی ڕزگاری ببوو و بۆ ئه‌وه زۆر شوکرانه بژێر بووین. دوای ئه‌وه‌ی دوکتور ته‌ماشای نه‌خۆشه‌که‌ی کرد، له سه‌ر مه‌جوعمه شێویان بۆ هێناین که بریتی بوو له له‌واش، هێڵکه‌ی کوڵاو، مریشکی سووره‌وه کراو و شیری کۆڵاو؛ ئه‌و جۆره‌ی که ئه‌من شیر ده‌خۆمه‌وه! له کاتێکدا نانمان ده‌خوارد، پیاوانی دێیه‌که له ده‌ورمان کۆبوونه‌وه و ژماره‌یان ده‌رزنێک یان زیاتر ده‌بوو، ته‌نانه‌ت دهروێشێکیشیان ده نیو دابوو هاتبوو گۆرانی مان بۆ بڵێ، ئه‌وه به ده‌نگی بڵیند مه‌ڵێ به‌ڵام کاتێک ئه‌و ده‌ینه‌ڕاند ئێمه ده‌مانه‌ویست کونی گوێیمان بئاخنین. دوای نان خواردن دوکتور ده‌یه‌ویست وێنه‌یه‌ک بگرێ بۆیه ئێمه خۆمان ئاماده کرد. له‌و ماویه‌دا هه‌ر که‌سێکی که هه‌رجۆره ده‌رد یان ژانێکی هه‌بوو هات بۆ ئه‌وه‌ی دوکتور ته‌ماشایان بکا. جا بۆیه ئێمه بۆ چوونه‌وه ماڵێ وه‌دره‌نگی که‌وتین به‌ڵام گوێمان نه‌دایه. له پازده‌ی مانگی فێڤرییه، یای گودهارت، دوکتور [ شاڵک ] و ئه‌من چووین بۆ دێی چۆمه‌ڵان، دێیه‌کی که خه‌ڵکی ئێره ده‌ڵێن هه‌ر دوو سه‌عات له سابڵاغه‌وه دووره به‌ڵام، بڕێک که‌متر له سێ سه‌عاتی پێ چوو هه‌تا بگه‌ینه ئه‌وێ. له‌وێ ژنێکمان دی که زۆر زۆر نه‌خۆش بوو، دوای ئه‌وه‌ی دوکتور ته‌ماشای کرد گوتی ئه‌وه ده‌بێ بهێندرێ بۆ نه‌خۆشخانه،جا بۆیه ئێمه ده‌بوو به‌په‌له بگه‌ڕێنه‌وه شاری ده‌نا وه‌دره‌نگی ده‌که‌وتین. بۆ به‌یانی ڕا یای گودهارت و ئه‌من به دووی ژنه‌که دا چووین که بیهێنین بۆ شاری، ده‌بوو له سه‌ر برانکاردی دانێین و بیهێنین. به‌ڵام ئێمه هه‌تا شه‌مۆ دره‌نگانێک وه‌ڕێ نه‌که‌وتین، جا بۆیهشهوهکه هه‌مووی له‌وێ ماینه‌وه. دوو لێفه‌مان له‌گه‌ڵ خۆمان بردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی پێ داپۆشین، جا بۆیه شه‌وێ به کارمان هێنان و به خۆمان دادان _ جلوبه‌رگمان دانهکهندن به‌ڵام مێشووله هه‌دایان پێنه‌داین و هێرشیان ده‌کرده ئه‌و شوێنانه‌ی به‌ده‌نم که به‌ده‌ره‌وه بوو. به‌یانی که هه‌ستاین، خه‌ڵک خه‌ریکی ماشتنی به‌فری سه‌ربانان بوون. دوا جار ئێمه سه‌عات 9 وه‌ڕێکه‌وتین و نزیک سه‌عات یه‌کی نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه‌وه سابڵاغێ. به سواری ده‌هاتینه‌وه و زۆر له‌سه‌ره‌خۆ ده‌مان ئاژۆت. به‌ڵام پیاوه‌کان زۆر وێرکانه خۆیان به به‌رف و ئاو دا ده‌دا و ڕێیان ده‌رده‌کرد. ژنه‌که بۆ پێنجشه‌مۆی دواتر له کاتی نیوه‌ڕۆیه وه‌فاتی کرد. ئێمه دۆعامان کرد بۆ چابوونه‌وه‌ی، به‌ڵام باریته‌عالا گوێی نه‌دا به‌نزا و دۆعامان. ئه‌وه بڕیاری وییه جا بۆیه ئێمه به نائومێدی خۆمان په‌سنی ده‌ده‌ین.
ئه‌من ئێستا له دڵه‌وه ده‌ڵێم به‌ڕاستی پێم خۆشه لێرهکانهمه. ئێمه پێمان له گوناهانی میسیۆنه‌که‌مان له ڕابردوو دا ناوه، و ئێستا ئاوا هه‌ست ده‌که‌م پێ ده‌نێینه سه‌رده‌مێکی نوێی چالاکییه‌کانمان. داخودا ئێوهپشتی ئه‌و کاره‌ی ئێمه لێره ده‌یکه‌ین ده‌گرن؟ به بێ یارمه‌تی ئێوه کاره‌که‌مان ڕاده‌وه‌ستێ و وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێمه به بێ دراو ده‌سته‌وه‌ستانین.
دۆستانی خۆشه‌ویست، ئێمه داوخوازی خۆمان له‌ئێوه به نێوی ئه‌و که‌سه ده‌که‌ین که له پێناو گوناهانی هه‌موو دنیا دا مرد، که به ڕێگای باوه‌ڕی به‌ویدا ئه‌وان ( کورده‌کانیش) ژیانی هه‌تاهه‌تاییان به نسیب بێ. داخودا ئێوه ژیانی هه‌تاهه‌تاییان پێ ڕه‌وا ده‌بینن؟ دۆعامان بۆ بکه‌ن، ئێمه پێداویستیمان به دۆعای ئێوه هه‌یه، چونکوو ده‌ربردن و سه‌بری ئێمه‌ش وه‌نه‌بێ بێ کۆتا بێ.
دلسۆزتان له خزمه‌تی گه‌وره‌مان دا
ئه‌ی. ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن."
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 7ی ساڵی 16ی‌دا مانگی ژووییه‌ی1924 نووسێنێکی یای ئه‌نده‌رسۆنی سه‌باره‌ت به چیای " ئه‌لوه‌ند" بڵاو کردووته‌وه. با بزانین ئه‌و چۆن باسی ئه‌و کێوه ده‌کا:
" کێوی ئه‌لوه‌ند
کێوی ئه‌لوه‌ند یه‌کێک له به‌رزترین ترۆپکهکانه له ئێران، پێداههڵچوونی له شاری هه‌مه‌دانه‌وه شه‌ش سه‌عات ده‌خایێنێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ بێگانان هێندێک زیاتر ده‌کێشێ له به‌ر ئه‌وه‌ی عاده‌تیان به هه‌نگاو هه‌ڵهێناوه‌ی قایم و چیابڕین نییه. سه‌عات شه‌شی ئێواره‌ی دووشهمۆیهکی که مانگ زه‌وی ڕوون داگێڕابوو له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له کوڕهشاگرد مه‌دره‌سه‌ی ئێرانی، شاره‌زایه‌ک، پاسه‌وان و خزمه‌تکارێک گه‌شته‌که‌مان ده‌ست پێ‌کرد،و خواردن و نوێن و جلوبه‌رگیشمان له شه‌ش گوێدرێژان بار کردبوو و ئه‌وه‌نده‌ش کرابا خۆمان له سه‌ر باره‌کان داده‌نیشتین. نزیک سه‌عات 9 شێومان خوارد و ئه‌وه‌ش هێزی وه‌به‌رناین بۆ ئه‌و به‌شاخ ههڵگهڕانهیدا له به‌رمان بوو. نیوه‌شه‌وێ به دێیه‌کی کوردی‌دا تێپه‌ڕێن ( تاوڵی ڕه‌شیان هه‌ڵدابوو) ،سه‌گه‌لیان تووڕه بوون و هه‌ر پێمان ده‌وه‌ڕین، به‌ڵام " چه‌ق ولووریان له شاڵاو هێنان و گه‌ستنیان ناخۆشتر بوو" چونکوو هه‌رکه لێیان نزیک که‌وتینه‌وه کشانه‌وه و بۆی ده‌رچوون. ئێمه سه‌عات یه‌کی شه‌وێ گه‌یشتینه ته‌ختی ( قه‌د)ی سێیه‌م له‌وێ بۆ ماوه‌ی دووسه‌عات پشوومان دا، به دوای ئه‌وه دا دڕێژه‌مان دا به سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و دوندی شاخی و له سه‌ر کێوی ئه‌لوه‌ند تاوههڵاتمان بینی. به‌شاخ ههڵگهڕانهکهمان ئه‌سته‌م بوو و ده‌بوو ههرتاوه نا تاوێک ڕاوه‌ستین و پشوو بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ره‌و ژوورتر بچێن. سه‌رله‌به‌یانی ئاسمان هه‌وری پێوه‌بوو، بۆیه ده‌بوو له سه‌ر ترۆپکی شاخه‌که هێندێک چاوه‌ڕێ بکه‌ین هه‌تا تاو به‌ته‌واوی هه‌ڵدێ. تاو ههڵاتهکه هه‌تا بڵێی جوان بوو و دیمه‌نی ده‌وروبه‌ریش ئه‌وه‌نده دڵڕفێن بوو که له گێڕانه‌وه نایه.له‌وێوه ده‌مانتوانی بێستوون ببینین که بیست میل له کرماشانه‌وه دووره و هه‌روه‌ها ڕشته شاخی دیکه و دۆڵ و ده‌ره‌ی زه‌نوێری نێوانیانمان لێوه دیار بوو. هه‌تا بڵێی دیمه‌ن و به‌رجه‌وه‌ندێکی جوان بوو، ئه‌وه‌نده جوان و دڵڕفین که مرۆ ده‌بوو هه‌ر شوکرانه‌ی خودای بکا بۆ ئه‌وه‌ی سازی کردووه......... ئێمه به‌که‌متر له سێ ئه‌وه‌نده کاته‌ی که بۆ وهسهرکهوتمان پێ چوو بوو گه‌ڕاینه‌وه ته‌خته‌ی سێیه‌م. له‌وێ به‌رچاییمان کرد و هێندێکمان وێنه‌ی ده‌ورو به‌ر هه‌ڵگرت، سه‌عات ده‌ی به‌یانی به‌ره‌و ماڵێ وه‌جووڵه که‌وتین. سێ که‌سمان له‌وانی دیکه هه‌ڵبڕاین و چووین بۆ گه‌نجنامه که پێشتر باسیم بۆ نووسیون و دوایه له گه‌ڵ جه‌ماعه‌ت پاش خواردنی شێو و سووکه خه‌وێک یه‌کتریمان گرته‌وه.ته‌واو شه‌که‌ت ببووین و خوداخودامان بوو زووتر بگه‌ینه‌وه ماڵێ، هێندێک زوو به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه، و سه‌عات 4ی ئێواره گه‌یشتینه حه‌وشه‌ی میسیۆن. له‌وێوه سواری فایتون بووین چوونکوو ئیدی لاقمان له دوومان ڕانه‌ده‌کێشرا.سه‌باره‌ت به‌و کێوه دوو چیرۆک هه‌یه. یه‌کیان ئه‌وه‌یه که شه‌م کوڕی نوح پێغه‌مبه‌ر لێره نێژراوه و ئه‌وی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه کچێک به نێوی ئه‌لوه‌ند له دوندی ئه‌و شاخه‌وه خۆی هه‌ڵداشتووه و ژیانی له کیس داوه له به‌ر ده‌نگۆی خراپی که له‌سه‌ریان بڵاو کردووه‌ته‌وه. دیاره ئه‌من له ڕاستی هه‌ر دووکیان به گومانم. به‌ڵام هه‌میشه پێم خۆشه گوێم له ئه‌فسانه و نه‌ریتی خه‌ڵک بێ چونکوو هێندێکیان زۆر چاوڕاکێشن."
هه‌ر له‌و ژماره‌یه دا نامه‌یه‌کی دیکه‌ی ئێمێلیا هه‌یه که له 22ی ئاوریلی 1924 له سابڵاغه‌وه بۆ دۆستانی میسیۆنی نووسیوه و باسی ده‌رسگوتنه‌وه‌ی ئینجیل ده‌کا.
ژماره‌ی 10ی ساڵی 16ی کوردستان میشنێری، مانگی ئۆکتۆبری 1924 نامه‌یه‌کی زۆر دوور و درێژی یای ئا. ئێمێلیا ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووته‌وه که له 4ی ئووتی 1924 له سابڵاغه‌وه نووسیویه و له‌خواره‌وه به‌شی هه‌ره زۆری به‌یه‌که‌وه ده‌خوێنینه‌وه:
" ..... پێم وایه له دوایین نامه‌ی دا که بۆم ناردن له‌بیرم چوو بوو، جابۆیه له یه‌کشه‌مۆی جێژنی پاکه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م. سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆژه ئێمه کچه‌کان به‌یه‌که‌وه سروودمان خوێنده‌وه له پێشدا له خوار په‌نجه‌ره‌ی دوکتور [شالک]. ئه‌و ته‌نانه‌ت نه‌هات بۆ ته‌ماشا کردنیشمان به‌ڵام ، دوایه له ده‌وری مێزی نانی به‌یانی ته‌علیقی له ده‌نگه ناخۆشهکهمان دا. ئێمه سروودمان بۆ نه‌خۆشه‌کانیش خوێنده‌وه. سه‌رله‌به‌یانی ژماره‌یه‌کی زۆر له نزا و پاڕانه‌وه‌دا ئاماده بوون. دوای نیوه‌ڕۆیه سه‌رهه‌نگ ( به‌رزترین کاربه‌ده‌ستی نیزامی لێره) هات بۆ دیده‌نی مان. لێره هێندێک خه‌ڵک له مێشکی خۆیاندا پێیان وایه ئه‌وه جێژنی ئێمه‌یه بۆیه به ئه‌رکی خۆیانی ده‌زانن بێن بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌مان. ئێمه نامانه‌وێ ڕۆژه پیرۆزه‌کانمان ببن به کاتی هاتنی میوانان و میوانداری، به‌ڵکوو ده‌بێ کاتێک بن بۆ ئارامی و سهرلهبهرخۆ نان و بیرکردنه‌وه. ڕۆژی 24ی ئاوریل دوکتور شاڵک و هاننا له گه‌ڵ عه‌بدولخاله‌ق، ده‌رکه‌وانه‌که‌مان، ده‌ستیان به گه‌شته‌که‌یان کرد که وابزانم ئێستا ڕاپۆرتی ئه‌و سه‌فه‌ره‌تان به ده‌ست گه‌یشتووه. هه‌ر هه‌مان ئێوارێ ئه‌من نامه‌یه‌کی خانمی ل. ڕیچاردز، نی. سوزان جه‌ی. شێد م پێگه‌یشت که ده‌ڵێن ڕۆژی جومعه یان شه‌مۆیه دێن بۆ سه‌ردانمان. ئێمه ڕۆژی جومعه ده‌رکه‌وتین بۆ پێشوازیان [ لێڕه دا ئه‌ندرسۆن وشه‌ی پێشوازی به ئینگلیسی به کار هێناوه و نووسیویه: We went out to Peshwaz them - تێبینی حه‌سه‌نی قازی ]، به‌ڵام ئه‌وان نهگهیشتنێ، بۆیه ڕۆژی شه‌مۆ دیسان چووینه بهرهوپیلیان و نزیک سه‌عات پێنج له‌گه‌ڵ میوانه‌کانمان گه‌یشتینه‌وه ماڵێ.
ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ نوێژی جه‌ماعه‌تی ئاساییمان هه‌بوو. سه‌عات 2.30 چووینه دیده‌نی سه‌رهه‌نگ و دوای ئه‌وه چووینه ده‌ره‌وه‌ی شاری بۆ دیتنی جێژنی ڕۆژی دوای فه‌سح ( Passover ) که لێره جووله‌که‌کان پیرۆزی ده‌که‌ن. جۆره‌یه‌ک سه‌یران بوو و دوایه ئه‌وان هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی کوردی‌یان کرد. له‌وێوه چووین بۆ دیتنی گڕاوان، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و گڕاوانه هه‌ن. جار جار ده‌چین مه‌له‌یان تێداده‌که‌ین، ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، یای شوێنهوود مه‌له‌ی تێدا ده‌کا. دوای شێو خواردن چووینه سه‌ردانی حاکمی شار. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌ماڵ بین خه‌ڵک دێن بۆ سه‌ردانمان. ڕۆژی سێشه‌مۆ چووین بۆ دێی لاچین. ئێمه به ڕێگای خواره‌وه‌تر دا چووین بۆیه هه‌مووشت ئاسایی بوو. دوایین به‌شی سوارییه‌که زۆر خۆش بوو ئێمه به‌ته‌نیشت جۆگه و جۆبارێک دا ده‌مان ئاژۆت که هه‌ر دووک به‌ری دار بوون و شه‌پۆلی ئاوه‌که وششهیهکی خۆشی لێوه ده‌هات. له‌وێ نانمان خوارد. له نزیک سه‌عات سێ خه‌ریک بوو باران ببارێ بۆیه به ڕێگای کێوی دا هاتینه‌وه چونکوو ده‌یانگوت ئه‌وه ڕێگایه‌کی زۆر کورتتره. کاتێک گه‌یشتینه دوندی شاخه‌که باران دایکردێ و بایه‌کی توندی ده‌هات. ئه‌سپه‌کان نه‌یانده‌ویست ڕووه‌وه با و باران بچن جابۆیه چه‌ندین جار به‌ده‌وری خۆماندا سووڕاینه‌وه. ئێمه پێمان ناخۆش بوو که هه‌وا خۆشتر نه‌بوو چونکوو دیمه‌نی ئه‌وێ هه‌تا بڵێی جوان بوو. له وێوه ده‌مانتوانی ده‌ریاچه‌ی ورمێ و وابزانم به‌ڵای باکووره‌وه !!Sahen، و ئه‌و چیایانه‌ی که به‌لای باشووری ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌فر دایپۆشیبوون ببینین. سه‌رله‌به‌یانی چوارشه‌مۆ چووین بۆ دۆستاڵی که دێی کونسوولی ترکه. ئه‌وی ڕۆژێ یای گودهارت له ماڵێ ماوه وشێوێکی ههرهخۆشی ئاماده کرد به بۆنه‌ی جێژنی له دایکبوونی من _ ڕۆژی دواتر ڕۆژی له دایکبوونم بوو _ و هێندێک له دۆسته‌کانیشمان بانگ هێشتن کردبوو بێن و پاروویه‌ک نانمان له‌گه‌ڵ بخۆن. له دۆستاڵی زۆر خۆشمان لێ ڕابرد. له‌و دێیه ئه‌من ئه‌سپێکم به په‌نجا دۆڵار کڕی و پێی ده‌ڵێم ئه‌وه دیاریی ڕۆژی له‌دایکبوونمه. له هاتنه‌وه‌مان به‌ره‌و ماڵێ به ته‌نیشت خانه‌ی فه‌رهاد [ فه‌قره‌قا] دا تێپه‌ڕین. ئه‌وه دیوێکه که چه‌ندین ئه‌ستوون و حهوزۆکهشی هه‌یه که له به‌رد داڕێژراون. سه‌باره‌ت به‌و شوێنه چیرۆکێکی دڵداری ده‌گێڕنه‌وه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی نایزانم ، ده‌یهێڵمه‌وه بۆ جارێکی دیکه. له گه‌ڕانه‌وه‌ماندا ئه‌سپه‌که‌ی من له کاتی په‌ڕینه‌وه له جۆگه‌یه‌ک سه‌رسمی دا دیاره ئه‌منیش که‌وتمه خواره‌وه. ئه‌من بیستوومه ئه‌سپ قه‌ت پێ له سواره‌که‌ی نانێ، جا بۆیه له جێی خۆم هه‌ڵنه‌ستام تا ئه‌سپه‌که له سه‌ر لاقم لاچوو جا ئه‌وجار هه‌ستامه‌وه.گوێزینگم بۆ ماوه‌یه‌ک شین هه‌ڵگه‌ڕابوو و، سێ یان چوار ڕۆژ له دوای که‌وتنه‌که ئه‌سپه‌که‌ی من په‌یتا په‌یتا برینی ده‌رده‌کرد.یای گودهارت ده‌ستبه‌جێ گوتی ئه‌وه برینێکی کۆنه، جا ڕه‌نگه ئه‌من ههڵخهڵهتێندرابم به‌ڵام، هیوادارم له‌وه ده‌رسێک فێر بووبم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت باوه‌ڕ به دۆستانیش نه‌که‌م. ئێستا ئه‌سپه‌که‌م داناوه بیفرۆشم، چونکوو تازه قه‌ت بۆ سه‌فه‌ران له‌بار نابێ. و دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌سپێکی دیکه ده‌كڕمه‌وه. ئه‌من ئه‌و ئه‌سپه‌م بۆ گه‌شته‌کانی ئینجیلیم بوو له لادێکاندا. زۆرم پێ ناخۆشه بیفرۆشم، به‌ڵام چبکه‌م ئیتر بۆ خزمه‌ت له‌بار نییه.
له 2ی مانگی مه‌یه‌وه تا 30 مه‌ی هیچ شتێکی تایبه‌تی جێی سه‌رنج ڕووینه‌دا. له 16ی مانگی مه‌ی ئێمه هه‌موومان ، خزمهتکارهکانیشمان له‌گه‌ڵ، بۆ ڕۆژێک بانگهێشتن کرابووین بۆ دۆستاڵی. ئه‌من نه‌چووم چونکوو حاڵم باش نه‌بوو وهێندێک تام هه‌بوو. ئه‌وانی دی ملی رێگه‌یان داگرت و لێره سه‌عات 4ی ئێوارێ وه‌ده‌رکه‌وتن و تاو په‌ڕان گه‌یشتبوونێ.له‌و ماوه‌یه به ته‌نێ سه‌ری خه‌ڵکم ده‌دا و خزمهتکارێکێشم له‌گه‌ڵ خۆم ده‌برد. ده‌زانی ئه‌وه زۆر بۆ کوردی فێربوونی من باشه. له 28ی مانگی مه‌ی یای گودهارت و ئه‌من له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی قازی عه‌لی _ خزمه‌کانی _ له باینده‌رێ بۆ ڕۆژ و شه‌وێک بانگهێشتن کراین. نزیکه‌ی سه‌عات 3ی دوای نیوه‌ڕۆ له سابڵاغێ وه‌ده‌ر که‌وتین. سه‌فه‌ره‌که‌مان به سواری سه‌فه‌ری هه‌ره خۆش بوو، هه‌موو شت سه‌وزایی و شیناوه‌رد بوو و ئه‌و گوڵانه‌ی پشکووتبوون زۆر جوان بوون. سه‌عات و نیوێکمان پێ چوو. ههرکهگهیشتینێ چاییان له پێش داناین. هه‌ر که بڕێک هه‌وا فێنک بوو به ته‌نێ ده‌رکه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی بچمه سه‌رشاخی. یای گودهارتم له‌وێ به‌جێهێشت. ئه‌و حاڵی باش نه‌بوو _ خه‌ریک بوو هه‌ڵامه‌ت بیگرێ. ئیدی ئه‌من هه‌ر ڕۆیشتم، ڕۆیشتم، ڕۆیشتم کاتێک له دوندی شاخه‌که نزیک ده‌که‌وتمه‌وه ته‌ماشا ده‌که‌م ئه‌و مامۆستاکه‌شم دێ، بۆیه له سه‌ری ڕاوه‌ستام و به‌یه‌که‌وه چووینه دوندی کێوی. له‌وێوه دیمه‌نی زۆر جوانمان لێوه دیار بوو. ده‌ڵێم بڵێی من وتۆ که له‌ژیانی عیسایی خۆماندا وه‌سه‌رکه‌وتنی ترۆپکی شاخێک ته‌جروبه ده‌که‌ین چ ببینین؟ ئێمه ئه‌و ده‌می شتی هێنده جوان و دڵرفێن ده‌بینین که ناتوانین به زمان تاریفیان بکه‌ین............ کاتێک له شاخی هاتینه‌وه ده‌بینم نۆبه‌تێی مالارییا یای گودهارتی داگرتووه جا بۆیه ئه‌وی شه‌وێ زۆر که‌م نوستم. دوای نیوه‌ڕۆی پێنجشه‌مۆ گه‌ڕاینه‌وه سابڵاغێ.
نۆبهتێکه به‌ری دابوو به‌ڵام زۆری شه‌که‌ت کردبوو. دوای نیوه‌ڕۆی جومعه 30 مه‌ی، ئێدیسۆن، حاجی عه‌لی ومن چووینه پێشوازی یای مه‌کینی و ئێدوین ڕایت، میسیۆنێره‌کانی پرێسبیتێری که له ته‌ورێزه‌وه ده‌هاتن. زۆرم پێ خۆش بوو چاوم پێیان ده‌که‌وێ. ڕۆژی شه‌مۆیه نه‌چووینه جێیه‌کی تایبه‌تی. چووینه گڕاوان و دوایه داشامه‌جید، ئه‌و شاخه‌ی که له پشت گۆڕستانی شارییهوهیه، و دوایه گه‌ڕاینه‌وه ماڵێ. دوای ئه‌وه‌ی بڕێک حه‌ساینه‌وه چووینه سه‌ردانی حاکمی شاری. سه‌رهه‌نگ له شاری نه‌بوو. ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ یای مه‌کینی له نوێژی جه‌ماعه‌تی ئاسایی دا قسه‌ی بۆ ژنان کرد، و دوای وی ئاغای ڕایت بۆ جه‌ماعه‌تێکی زۆری که کۆوهببوون قسه‌ی کرد،به‌دوای ئه‌وه دا نانمان خوارد و دوایه چووین بۆ قوم قه‌ڵایێ، که به سواری له شارییه‌وه سه‌عات و نیوێک دووره. له‌وێش له پێشدا یای مه‌کینی قسه‌ی بۆ ژنان کرد و دوایه ئاغای ڕایت قسه‌ی بۆ هه‌موان کرد. ئێمه له هه‌وای فێنکی ده‌مه‌و ئێواره دا به قه‌راغ چۆمی دا هاتینه‌وه ماڵێ. دوای شێو خواردن چووینه ماڵی قازی مونعیم. ئه‌من له پێشدا قه‌ت نه‌چووبوومه ماڵی ئه‌وان، به‌ڵام زۆر به‌گه‌رمی وه‌ریانگرتین و ئه‌و سه‌ردانه‌م زۆر پێ خۆش بوو. ئه‌وان له‌وێ دێوجامهیهکیان پێشان داین که بۆ ڕاوی که‌و به‌کاری ده‌هێنن. وا وێده‌چوو زۆریان حه‌ز له په‌له‌وه‌ر بێ چونکوو حه‌وشه‌که‌یان پڕ بوو له مراوی و قاز و ته‌نانه‌ت قوویه‌کی کێویشیان هه‌بوو، و هێندێک ماسی گه‌وره‌ی جوانیش له حه‌وزی خانووبه‌ره‌که‌یان دا هه‌بوو. ڕۆژی دووشه‌مۆ به سواری چووین بۆ قازیاوا. بڕێک دره‌نگ وه‌ڕێکه‌وتین کوڕه‌کان ده‌یانه‌ویست بچنه ڕاوی بێچووه به‌رازان _ ئه‌وان چوونه نێو دارستان به‌ڵام کاتیان ئه‌وه‌نده نه‌بوو و به ده‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕانه‌وه. کاتێک هاتینه‌وه ماڵێ ده‌بینین دوکتور [شالک] و هاننا [ شوێنهوود] له سه‌فه‌ری چل ڕۆژه‌یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه. ڕۆژی سێشه‌مۆ چووین بۆ لاچین. لاچین دێیه‌کی چکۆڵه‌یه داری جوانی هه‌یه و ئاوێکی خوڕێنی پێدا دێ و ئه‌گه‌ر چاکم له بیر مابێ چل ماڵه. ئه‌و خێزانه‌ی ئێمه لێیان میوان بووین ژماره‌یه‌کی زۆر له میسیۆنێره پرێسبیتێرییه‌کانی ورمێ‌یان ده‌ناسی و زۆر به حورمه‌ته‌وه باسیان ده‌کردن. مه‌زنی ماڵه‌که باسی دۆستایه‌تی خۆی و مه‌سیحییه‌کانی ( هه‌رمه‌نی و سریانی) بۆ کردین و چۆن له سه‌رده‌می ته‌نگانه دا لێره په‌نای داون. کاتێک به‌جێمان هێشتن گوتیان دوعامان بۆ بکه‌ن. سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌مۆ له سه‌عات 5:45 میوانه‌کانمان ڕۆیشتن. هاننا و من به‌ڕێمان کردن. هه‌تا چه‌ند ڕۆژان جێیان زۆر دیار بوو به‌ڵام،له به‌ر ئه‌وه‌ی دوکتور شالک و هاننا هاتبوونه‌وه ئێمه سه‌رمان زۆر قاڵ بوو، دیاره کارمان زۆر نه‌بوو، به‌ڵام خه‌ریکی خوێندن و خوێندنه‌وه و میوان به‌خێرهێنان بووین.پێم وانییه ئه‌من زۆرم پێ بخوێندرێ، هه‌وا زۆر گه‌رمه و چ تاقه‌تێکی ئه‌وتۆم نامێنێ بۆ خوێندن.
با ئێستا هێندێک باسی ئاژهڵهکانمت بۆ بکه‌م. یه‌کیان کوڕه‌به‌شه یان گۆڕ ههڵکهنهیه که ئێدیسۆن، کوڕی دوکتور وێنه‌تانی سریانی پێی‌داوم.ئه‌و کوڕه‌به‌شه کاتێک هاته‌لای من هه‌ر بێچوویه‌ک بوو و به بوتلی خوراکمان ده‌دایه. ورده ورده گه‌وره بوو ئێستا ده‌توانێ له‌قاپێک دا نان و شیر بخوا. نێوی Topsy یه و له هه‌ر کوێیه‌ک بێ کاتێک بانگی ده‌که‌ین تۆپسی خێرا دێ بزانێ ئێمه چمان ده‌وێ. ئامین، کچه کورده‌که‌ی هاننا، ئاژه‌ڵی زۆر خۆش ده‌وێن و مرۆ هه‌ر ده‌بێ دانێشێ و ته‌ماشای بکا ئه‌وکاته‌ی به تۆپسییهوه ده‌چارێ. دوای بڕێک خه‌و و تێرخواردن تۆپسی کایه‌ی زۆر پێ خوشه و ده‌ست به سه‌رمه‌قولات لێدان ده‌کا، به‌ڵام زۆر جار ئامینه پاشقولی ده‌گرێ یان کلکی و ئه‌ویش به سه‌رسه‌ری خۆیدا هه‌ر ده‌سووڕێ و ده‌سووڕێ. ئێستا که ئێمه هاتووین بۆ کوێستان و لێره چادرمان لێداوه دنیا به که‌یفی تۆپسی یه چونکوو خۆی به ئازاد ده‌بینێ وله نێو چوار دیواران دا قه‌تیس نه‌کراوه. له سه‌ره‌تاوه که هاتینه ئێره پێم وابوو به‌جێمان ده‌هێڵێ و ده‌چێ بۆ دارستان و ئه‌من ئیدی قه‌تی نابینمه‌وه، به‌ڵام، ده‌زانێ نان و ڕۆنی له کوێیه و ناڕوا. شه‌وانه له سندووقێکدا ده‌یبه‌ستمه‌وه، چونکوو له‌وه ده‌ترسم ئه‌گه‌ر منداڵه‌کان له‌خه‌و دابن بیانخنکێنێ. دیاره تۆپسی ئه‌و به‌ستنه‌وه‌یه‌ی هیچ پێ خۆش نییه، به‌ڵام ئێستا فێر بووه شه‌وانه نابێ له‌و سندووقه بێته ده‌رێ. ئه‌ندامێکی دیکه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئاژه‌ڵه‌کانی من بێچووه به‌رازێک بوو، که ئێدیسۆن بۆی ناردبووم، به‌ڵام ، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆی ناردبووم مرد. ئه‌من پێم وایه، خزمه‌تکاره کورده‌کانمان له دڵی خۆیاندا هێندێک به‌وه خۆشحاڵ بوون، چونکوو لای ئه‌وان به‌رزای کێویی گڵاون. به‌ڵام، چه‌ند ڕۆژێکی پێ نه‌چوو دۆستێکی دیکه‌م بێچووه به‌رازێکی دیکه‌ی کێوی بۆ ناردم. ئه‌و ئێستا ئه‌وه به خێرایی گه‌وره ده‌بێ. به‌ڵام،ئه‌وه‌نده‌ی تۆپسی کایه ناکا. نێوی ویمان ناوه " “ Piggy. هه‌ر که بانگی ده‌که‌ین گورج دێته لامان. له ماڵێ تۆپسی و پیگی به ته‌نیشت یه‌کترییه‌وه ده‌خه‌وتن، ئێستا لێره تۆپسی له سندووقێک ده‌نێم و پیگیش له دارێکی نزیک ده‌به‌ستمه‌وه، دیاره ئه‌گه‌ر به‌نه‌که‌ی نه‌کرێته‌وه. هیوا دارین ئه‌و پاییزه کاتێک که‌بابێکی خۆشی گۆشتی بهرزامان هه‌بێ، دیاره ئه‌من قاشێکێشی لێ ناخۆم. دواتر دوو بێچووه ڕێویان بۆ هێنام . ئه‌و ڕێویانه زۆر زیره‌ک و له‌بنه‌وه‌بڕ بوون، چونکوو شه‌ش قه‌له‌موونه‌ی چکۆڵهمان له حه‌سارێدا هه‌بوو، ده‌توانی بزانی چ ڕوویدا، به‌یانییه‌ک خه‌به‌ریان بۆ هێنام پێنج قه‌له‌موونه نه‌ماون و ڕۆژێک دواتر ئه‌وی شه‌شه‌میشیان نه‌مابوو.ئێستا رێوییه‌که چێژی خواردنی قهلهموونهکانی هه‌ر له بن ددانی دایه، شه‌وێکیان چووبووه حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه وله‌وێش جێژنێکی خۆشی بۆ خۆی ساز کردبوو و به دوای ئه‌وه دا گیانی خۆی له سه‌ر دانا، دوکتور [ شالک] و یه‌کێک له خزمه‌تکاره‌کان ئه‌و ئه‌رکه‌یان ڕاپه‌ڕاندبوو.ئه‌و چۆن توانیبووی له حه‌وشه‌ی ئێمه‌وه ده‌رکه‌وێ، نازانم، پێم وایه ڕه‌نگه‌له به‌ر که‌مته‌رخه‌می خزمه‌تکاره‌کانمان بوو بێ. ئه‌وی دیکه‌یانم چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر دا به کوڕه چکۆڵه‌که‌ی دوکتور وێنه‌تان. عه‌لی، خزمه‌تکاره‌که‌مان گوتی ئه‌ویش له ماڵی وان گهندکاری کردووه بۆیه بردوویانه له بازار به قڕانێک فرۆشتوویانه که ده‌کاته ده سێنت. هێنده له‌مێژ نه‌بوو بێچووه کهروێشکێکیش له باغچه‌ی ئاژه‌ڵانی من زیاد ببوو، به‌ڵام تۆپسی ژیانی وی له ماڵی ئێمه دا زۆر زوو به کۆتا هێنا. نازانم بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بۆ کوێ‌یان بانگ کردم و چاوم به‌سه‌ریانه‌وه نه‌بوو، هه‌تا هاتمه‌وه که‌روێشکه به‌سته‌زمانه‌که چاره‌نووسی بڕابووه‌وه. ئه‌من باسی ئه‌سپه‌که‌م بۆ کردووی به‌ڵام، پێم وایه باسی ئه‌و جووته پێچووه مهیموونهم نه‌نووسیوه که به‌هاری ڕابردوو دایانمێ. کاتێک ئێمه هاتین بۆ کوێستانێ بۆئێره ئه‌وانم نارده حه‌وشه‌ی خانووی نه‌خۆشخانه. له‌وشه‌وانه‌دا یای گودهارت پێی گوتم. ئه‌و مه‌یموونانه هه‌تا بلێی سه‌ربه‌خۆن. به ته‌نێ سه‌ر ده‌که‌نه‌سه‌ر دیواری و لێی ڕاده‌کشێن، ده‌بێ بڵێم زۆر ناکۆمه‌ڵایه‌تین . ئه‌و بێچووه مه‌یموونانه بنه‌ماڵه‌ی قازی ناردبوویانن، له به‌ر ئه‌وه خۆیان له ئه‌وانی دیکه به گهورهتردهزانن.
له 7ی ژووه‌ن بۆ یه‌که‌مجار گێلاسمان هه‌بوو. واوێده‌چێ ئێمه گشتمان، ئه‌مساڵ زیاتر له باری ئاسایی چاوه‌ڕێی میوه بووبین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زستانێ مره‌بای میوه نه‌بێ هیچ میوه‌مان نه‌بوو. ئێستا ئێمه له سێ‌و، هه‌ڵووچه، قه‌یسی، کاڵه‌ک و سه‌وزه‌ی جۆر به جۆر چێژ وه‌رده‌گرین. هێندێکمان مره‌بای گێلاسی ناوه‌ته‌وه، و حه‌وتووی ڕابردووش ئه‌من هێندێک مره‌بای قه‌یسیم نایه‌وه.کاری دواترمان ویشککردنهوهی هێندێک قه‌یسی ده‌بێ بۆ زستانێ.
19ی ژووه‌ن هاننا و ئه‌من له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قازی عه‌لی چووینه باغی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بوو له چۆمێک بپه‌ڕینه‌وه وامان پێ باش بوو ئهسپهکانیشمان له‌گه‌ڵ خۆمان به‌رین بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ له شیناوه‌رد دا بۆ خۆیان بله‌وه‌ڕێن. هێشتا نه‌چووبووینه سه‌ر زینی ده‌ستیان کرد به هه‌ڵتۆز هه‌ڵتۆز و دوایه غارێکیان کرد نه‌بێته‌وه. دواجار دوویان قه‌مته‌ر کران به‌ڵام ئه‌وی سێهه‌میان که له هه‌موان هێورتر بوو به هیچ کلوه‌جێ نهدهگیراوه، به نێو باغی دا به دوویدا چووین، هه‌رچه‌ندی کردمان ملی نه‌دا وته‌واو ماندووی کردبووین و دوایه به‌ره‌و ماڵێ فیزماڵکی دایێ. کوردێک و یه‌کێک له خزمه‌تکاره‌کانمان دوانه‌که‌ی دیکه‌یان برده‌وه ماڵێ، به‌ڵام ئه‌وانیش یه‌کێکیان به بێ سوار گه‌یشتبووه‌وه ماڵێ. وا وێده‌چێ ئه‌سپه‌کانمان هه‌م خه‌ڵکی بێگانه و هه‌م خزمه‌تکاره‌کانی ئێمه بناسنه‌وه به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ کاتێک بۆ ڕاهاتن ده‌رده‌کرێن چۆنی پێیان خۆش بێ ده‌جووڵێنه‌وه. کاتێک هاتینه‌وه ماڵێ دوکتور [شاڵک] ته‌واو لێمان تووڕه بوو وگوتی جارێکی دیکه نایه‌ڵێ توخونی ئه‌سپه‌کان که‌وین _ به‌ڵام که‌یفی خۆمانه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بچینه جێیه‌ک! هاننا وڵامی داوه،" یه‌کێک له ئه‌سپه‌کان ئه‌سپی خۆمه، ده‌توانم هه‌رکاتێکی پێم خۆش بێ ده‌ریکێشم و پێ بڕۆم." هاننا و من هه‌میشه زۆر باشین له بڕیار دان دا به‌ڵام، که ده‌گاته کاتی جێبه‌جێکردنیان وا وێده‌چێ زۆر وه‌فادار نه‌بین له ئاست بڕیاره‌کانمان. ئه‌وجار بڕیارمان دا هه‌موو ڕۆژێ ماوه‌یه‌ک ئه‌سپ سواری بکه‌ین بۆیه ڕۆژی 21ی ژووه‌ن هاننا و من له گه‌ڵ عه‌بدولخاله‌قی [ دهرهکهوان] به سواری به‌ره‌و قازیاوا چووین. ئه‌وه دێیه‌کی پچووکه و پێم وایه هه‌ر 4 ماڵی تێدا ده‌ژی. ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ، 22ی ژووه‌ن، ئۆهانیس و ئه‌من چووین بۆ قوم قه‌ڵا بۆ ئه‌وه‌ی نوێژێکی جه‌ماعه‌ت رێک بخه‌ین. عهبدولخالهقیش له گه‌ڵمان هات. ئه‌من ئه‌سپی دوکتورم پێ بوو.هێشتا نهگهیشتبووینهدهرهوهی شاری ئه‌سپه‌که ده‌ستی به هه‌ڵتۆز هه‌ڵتۆز کرد. وابزانم ئه‌و سمکۆڵ و گڕنهیهی له به‌ر ئه‌سپه بۆرێک بوو که به‌دوای ئێمه دا ده‌هات.کاتێک گه‌یشتینه جۆگه‌یه‌کی ئاوداشتن، سواری ئه‌سپه بۆره‌که به نه‌رمه غارێک وه‌پێش که‌وته‌وه، جا ئه‌و ده‌می بریا لێره بایه‌ی و ئه‌سپه‌که‌ی منت دیبا نازانی چی ده‌کرد،جیفڕکی له ئاسمان ده‌دا. به‌ره‌و دوایه گه‌ڕاوه و له سه‌ر پاشوویه‌کی ڕاوه‌ستا ، سمکۆڵی له عه‌رز ده‌کرد و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک حه‌ولی ده‌دا بمخا. به‌ڵام ئه‌من وه‌ک زێروو پێیه‌وه نووسابووم. کاتێک هه‌ستم کرد بڕێک ئه‌هوه‌ن بووه‌ته‌وه تێیخوڕیم بۆ ئه‌وه‌ی له جۆگه‌که بپه‌ڕمه‌وه. له نێوه‌ڕاستی جۆگه‌ی ده‌ستی به سه‌ما کرد و دیسان سمکوڵی له قوڕ و زه‌له‌ق ده‌کرد. ئه‌وجار هه‌ر قوڕاو بوو وه سه‌ر و ڕووم ده‌پڕژا و له تۆقی سه‌رمه‌وه تا پێیانم ده‌تگوت له قوڕاویان هه‌ڵکێشاوم. دواجار هه‌ر چۆنێک بوو په‌ڕییه‌وه و ئه‌وه‌ش بڵێم هێنده‌ی نه‌مابوو بگه‌ینه قوم قه‌ڵایێ. له به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر پلانی چوونی ئه‌وێم دانه‌نابوو هیچ په‌یامێکم ئاماده نه‌کردبوو و وام دانابوو به ڕێگاوه شتێک له مێشکم دا ئاماده که‌م به‌ڵام، جیفڕک و هه‌ڵتۆز ههڵتۆزی ئه‌سپه‌که هه‌ر که وه‌ڕێکه‌وتین هه‌موو شتی له بیر بردمه‌وه و هه‌موو فکرم له سه‌ر ئه‌وه کۆ ببووه‌وه نهمخا.
یه‌که‌م کاری که به‌گه‌یشتنی قوم قه‌ڵا کردم ئه‌وه بوو هێندێک خۆم خاوێن که‌مه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی بشێ له نوێژی جه‌ماعه‌ت دا به‌شداریی بکه‌م. نزیکه‌ی بیست که‌س کۆببوونه‌وه. به‌ڕاستی دڵم بۆ ئه‌و خه‌ڵکه ژان ده‌کا چونکوو هه‌رکه‌سێکیان تێدایه که بتوانێ بخوێنێته‌وه. چه‌نده حه‌یفه ته‌نانه‌ت گۆیامهسیحییهکانیش ناتوانن ئینجیله‌کانیان بخوێننه‌وه. هێوا دارم پاییزێ بتوانین باشتر ئاگامان به‌سه‌ریانه‌وه بێ. ئه‌من باسی ئینجیلی یوحه‌نا:10 م کرد و ئۆهانیسیش وه‌ریده‌گێڕا سه‌رزمانی کوردی............
کاره‌که‌مان هه‌تا دێ زیاتر و چاوڕاکێشتر ده‌بێ.ئه‌من له گه‌ڵ چه‌ند که‌سی زۆر باش قسه‌م کردووه و زۆر خۆشه کاتێک مرۆ هه‌ست پێده‌کا ڕوحی خوڵای قسه‌کانی رێنوێنی ده‌کا....... له‌خوڵای ده‌پاڕێمه‌وه پشتیوانی هه‌مووتان بێ و ژیانێکی خۆش و به‌دڵی خۆتان ڕابوێرن.......
دڵسۆزتان ئاننا. ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن
ساوجبولاغ، ئێران، 4ی ئووتی 1924."
كوردستان میشنێری له به‌رده‌وامی بڵاو کردنه‌وه‌ی نامه وڕاپۆڕتی ئێمێلیا ئهندرسۆندا له ژماره‌ی 11ی ساڵی 16، مانگی نۆڤامبری 1924 وێنه‌یه‌کی یای ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووه‌ته‌وه له جلوبه‌رگی کوردی دا. هه‌ر له‌و ژماره‌یه دا نامه‌یه‌کی دیکه‌ی ئێمێلیا هاتووه که له 26 سێپتامبری 1924 له سابڵاغه‌وه بۆ گۆواره‌که‌ی ناردووه و تێێدا باسی به‌شداریی خۆی له کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی میسیۆنێره پرێسبیتێرییه‌کان له ورمێ ده‌کا وه‌کوو میوان و ده‌ڵێ له گه‌ڵ ئاغای کامبرله‌ند که له مووسڵه‌وه هاتووه بۆ به‌شداریی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا چووه بۆ ورمێ. له به‌شێکی ئه‌و نامه‌یه دا ده‌نووسێ: " سه‌رهه‌نگ ئیجازه نامه‌ی پێویستی داینێ و هه‌ر وه‌ها پاسه‌وانێکی ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ خستین و ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی له کۆڵ کردینه‌وه خزمه‌تکارێک له گه‌ڵ خۆمان به‌رین، و پاسه‌وانه‌که‌شی ڕائه‌سپارد له ڕێگایه له کامه مزڵان لا ده‌ین، ئه‌من جلوبه‌رگێکی که‌مم له‌گه‌ڵ خۆم هه‌ڵگرت و په‌توویه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وانه به‌خۆمی داده‌م. بار‌مان که‌م بوو و سه‌عات 6:30 به‌یانی وه‌ده‌رکه‌وتین. ئێره ڕۆژهه‌ڵاته! ئه‌من هه‌موو ئه‌و ئه‌رکی ئاگا لێبوون و چاوهدێرییهی به ملمه‌وه بوو به جێم هێشت و کاتێک گه‌یشتینه ده‌ره‌وه‌ی شاری نه‌فه‌سێکی ئاسووده‌ییم هه‌ڵکێشا.
بۆ نانی شه‌وێ بووینه میوانی ماڵی ئاغایه‌کی کورد له مه‌حمه‌د شه. کوڕی ئه‌و ئاغایه ساڵێک به‌رله‌وه‌ی کێشه وهه‌را ده‌ستپێبکا له مه‌دره‌سه‌ی ئاغای میولێر له ورمێ خوێندبووی. ئه‌و ئینسانێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو و به‌رده‌وام منی ده قسان گرتبوو.زۆر خۆشحاڵ بووم ئه‌و چووه دیتنی ئاغای کامبرله‌ند و هێشتی که‌مێک بحه‌سێمه‌وه.له‌بیرم چوو ئه‌وه‌ش بنووسم " لۆتی" ئه‌و کووده‌ڵه به‌رازه‌ی که هه‌ر خه‌ڵکی ئێره چه‌ند ڕۆژ پێشتر دابوویان به دوکتور، له گه‌ڵمان که‌وت بۆ مه‌حمه‌دشه. نازانم ئه‌و چۆن له شوێنی هاوینه‌مان له کوێستان ده‌رکه‌وتبوو و به دوومان دا هاتبوو و هه‌تا نه‌گه‌یشتینه مه‌حمه‌د شه نه‌مزانی ئه‌وه "لۆتی" یه...... ئێمه شه‌وێ له جێیه‌کی زۆر سه‌یر ماینه‌وه. ئاغای دێیه‌که وێده‌چوو کابرایه‌کی زۆر دڕنده بێ و ئه‌من زۆر ده‌ترسام. ئه‌و پاسه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمان بوو خه‌ریک بوو شه‌ڕێکی ته‌واویان له گه‌ڵ بکا له سه‌ر ئالیک بۆ ئه‌سپه‌کانمان. ئه‌و ده‌ستی دایه چوارپایه‌یه‌ک و خه‌ریک بوو له سه‌ری کوێخای ئاغاکه‌ی ڕاکێشێ. ئه‌من زۆر ترسام و داوام له پاسه‌وانه‌که‌مان کرد ده‌ست ڕابگرێ. دوایه ئاغا خۆی هات و ده‌یه‌ویست بزانێ ئه‌وه چ جۆره پیاوێکه ئێمه له گه‌ڵ خۆمان هێناومانه. ئاغا به دووی ئه‌فسه‌رێکی دا نارد که ناسیاوی بوو و پێگه‌که‌ی نزیکه‌ی نیوسه‌عات دوور بوو. ئه‌فسه‌ره‌که هات و دوای ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه کێشه‌که‌یان به‌لا دا کرد، هاته ژوورێ بۆ لای ئێمه و خۆی پێ ناساندین. ده‌یه‌ویست بچینه ئه‌و دێیه‌ش که ئه‌وی لێ ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام بڕیارمان دا جارێ نه‌ڕۆین هه‌تا جلوبه‌رگه‌کانی من ویشک ده‌بنه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕیگایه دهچۆمی که‌وتبووم. به‌ڵێنمان پێدا بۆ به‌یانی بۆ به‌رچایی بچینه لای. ئه‌من نێوی ئه‌و شوێنه‌م وه‌بیر نایه که ئه‌وی شه‌وێ نانمان لێ خوارد، به‌ڵام ده‌زانم زۆر زۆر ماندوو بووم و به ئه‌سته‌م ده‌متوانی خۆم ڕاگرم له‌کاتی نان خواردن دا خه‌وم لێ نه‌که‌وێ. ئه‌وی ڕۆژێ دوای نیوه‌ڕۆیه تووشی ئه‌فسه‌رێک و دوو سه‌رباز هاتین که له ورمێ وه به پێشوازمانه‌وه هاتبوون. سه‌رهه‌نگ له سابڵاغه‌وه تێلگرافی کردبوو سه‌باره‌ت به هاتنی ئێمه و ڕایگه‌یاندبوو ئێمه میوانین و ده‌بێ چاک میوانداریمان لێ بکرێ.
نازانی میسیۆنێره‌کانی ورمێ چه‌نده عهبهسابوون کاتێک ئێمه به پاسهوانهکهمانهوه له سه‌عات 11:45ی سه‌رله‌به‌یانی شه‌مۆ له حه‌ساره‌که‌یان وه‌ژوور که‌وتین. میسیۆنێره‌کان نه‌یان ده‌زانی ئێمه دێین ......"
دوایه یای ئه‌ندرسۆن له ورمێ ده‌چێته زیاره‌تی گۆڕی منداڵه‌که‌ی نه‌مر ئێل.ئو. فاسوم و له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسێ:
" ڕۆژی شه‌مۆ، 16ی ئووتی [1924] چووین بۆ کێوی سیر، ئه‌من گۆڕستانی سیر یشم دی ئه‌و شوێنه‌ی Althea Fossum ی لێ نێژراوه" [ تێبینی حه‌سه‌نی قازی : له ژیاننامه‌ی فاسوم دا که پێشتر له ڕوانگه دا بڵاو کراوه‌ته‌وه نێوی ئه‌و کچه‌ی فاسوم که کاتی کارکردنی باب و دایکی له ورمێ سه‌ری ناوه‌ته‌وه وه‌ک "ئالفیا" هاتووه. ئه‌مه‌ی ئێره ده‌بێ هه‌ڵه‌ی چاپی بێ]. پاشان ئه‌ندرسۆن له نامهکهیداباسی چوونی ته‌ورێز ده‌کا به سواری که‌شتی به سه‌ر ده‌ریاچه‌ی ورمێ دا و دوایه گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سابڵا‌غ و ده‌نووسێ: " دوکتور [ شاڵک]، هاننا [ یای هاننا شوێنهوود ] و گوودی [ یای ئاگوستا گودهارت] ڕێگای سه‌عات و نێوێک به‌ره‌وپیلمان هاتبوون. خۆراکیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوو و بۆیه له ڕێگا لاماندا و ئێمه‌ی ڕێبوار که به‌ڕێگادا هاتبووین بۆ جاری دووهه‌م شێومان کرد. ئه‌و میوانانه‌ی له گه‌ڵ من هاتبوون چه‌ند ڕۆژ لای ئێمه مانه‌وه، دوایه ئاغا و خانمی بڕاونینگ چوونه‌وه ورمێ و ئاغای کامبرلهندیش به‌ڕێگای سه‌قز و ڕه‌نگه سنه ، کرماشان و هه‌مه‌دان دا چۆوه مووسڵ. ئه‌و له‌سه‌ر کوردان کارده‌کا، جابۆیه ده‌بێ بۆی چاو ڕاکێش بووبێ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ خاکی کوردی ببێنێ.
له‌وه‌تا میوانه‌کانمان ڕۆیشتوون ئه‌من وه‌ک تاجرێکی ئه‌سیدی کڕانبێری سه‌رم قاڵه.ئه‌من هه‌ر نامه‌یه‌کم نووسیوه سێ یان چوار کارت، له‌هه‌مان کاتدا خه‌ڵک سه‌ریان لێداوم، به کاروباره‌کانم ڕاگهیشتووم، و دیوهکهمم ههڵوهژاردووه و ئه‌و جۆره‌کارانه. و مێشووله‌کانی دیوهکهشم زۆر به‌وه خۆشحاڵ بوون دیسان ده‌مبیننه‌وه و ده‌ڵێی به زیندوویی ده‌مخۆن. ڕۆژانی دووشه‌مۆ خه‌ریکی ده‌رس خوێندنم. له 18ی سێپتا‌مبر به‌ملایه‌وه 18 جار سه‌ردانی ماڵانم کردووه و یای شوێنهوودیش له زۆربه‌یاندا له گه‌ڵم بووه و 7 که‌سیش هاتوونه سه‌ردانم.....
دوێنێ ڕۆژێکی زۆر پڕ جموجووڵ بوو بۆ من. کچه‌که‌م ئه‌و پهرداغهی ئاوی پێ ده‌خۆمه‌وه به‌و خاولییه‌ی ده‌ست و ده‌موچاومی پێ ویشک ده‌که‌مه‌وه خاوێن ده‌کرده‌وه.لێی توڕه‌بووم گوتم ئه‌وه کاره ده‌یکا؟ پێی گوتم خاولییه‌که چڵکنه و ده‌یه‌ویست بیخاته نێو کیسه‌ی جلی چڵکن!!، ده ده‌قیقه‌ی دیکه ده‌بینم ئه‌وه خه‌ریکه ئاوی ئه‌و سهتڵهی که گه‌سکی تێههڵکێشابوو به فینجانه به‌رده‌که‌ی مندا دا ده‌کا که ئه‌من ددانمی تێدا خاوێن ده‌که‌مه‌وه. دوێنێ شه‌وێ به‌ر له‌وه‌ی بنووین پێمان زانی ئه‌و دوا لێوانه ئاوه‌ی خواردوومانه‌ته‌وه ئاوی چۆمی بووه به بێ ئه‌وه‌ی کوڵاندبێتیان. ئه‌و شتانه‌ت پێ چۆنه؟ ئه‌وه‌نده به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی تووکی سه‌رت قرژ بێته‌وه؟ ئهگهربییانهوێ فێر بن و مرۆ پێیان بڵێ زۆر خراپ نییه، به‌ڵام وا وێده‌چێ قه‌ت فێر نه‌بن. جا بۆیه پێت سه‌یر نه‌بێ که بڵێم تووکی سه‌رم سپی بووه. ئه‌من به‌ته‌واوی خۆم ئاماده ده‌بینم بۆ کاری ئه‌و ساڵ_ له مێژه ژانه سه‌رم نه‌بووه، کێش و تواناییم زیادی کردووه.ئێستا کێشم سێ پووت و حه‌ڤده گروانهکهیه. هه‌ر پووته‌ی سی وپێنج یان سی و شه‌ش پاونده و 40 گروانکهش پووتێکه، بزانم بۆت ده‌چێته‌وه سه‌ریه‌ک ئێستا کێشم چه‌نده! مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بوو نامه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده درێژ بنووسم، به‌ڵام کاتێک ده‌ست پێده‌که‌م، قه‌ت نازانم که‌نگێ ته‌واوی که‌م. جا بۆیه ئه‌تۆ ڕه‌نجی ئاکامه‌که‌ی ده‌کێشی. کاتێک ئه‌م نامه‌یه ده‌گاته ده‌ستتان، هێندێک له‌ئێوه ده‌ستتان پێکردووه بیر له کریسمه‌س بکه‌نه‌وه.ئێمه ده‌مانه‌وێ کریسمه‌سێکی ته‌واو بۆ خزمه‌تکاره‌کانمان ڕێک خه‌ین. ئه‌وان هه‌موویان زۆر موحتاجن و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگی ئه‌وه‌شیان نییه بیگۆڕن. ئێمه هه‌ر به‌خۆمان ئه‌وه‌مان له ده‌ست نایه، ڕه‌نگه ئێوه‌ش بتوانن یارمه‌تیمان بده‌ن به ناردنی یه‌ک دوو دۆڵارێک له باڵ نامه‌کانتاندا کاتێک نامه‌مان لێ ده‌نووسن.
ده‌بڵا خوڵا ئاگادار و پشتیوانی گشت لایه‌کتان بێ.
دڵسۆزتان له خزمه‌تی خوڵای دا، _ ئاننا. ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن."
له یه‌که‌م ژماره‌ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری دا، ژماره‌ی 1، ژانڤییه‌ی 1925 نامه‌یه‌کی کورتی ئیمێلیا چاپ کراوه که له 1ی دیسامبری 1924 له سابڵاغه‌وه بۆ دۆستانی میسیۆنه‌که‌یانی نووسیوه و بریتیه له نزا‌و پاڕانه‌وه‌ی ساڵی نوێ. له ژماره‌ی 2، ساڵی 17، فێڤرییه‌ی 1925 ڕاپۆرتی گه‌شتی یای گودهارت و یای ئه‌ندرسۆن بۆ دێی " یاڵاوه " به قه‌ڵه‌می ئێمێلیا بڵاو کراوه‌ته‌وه :
" یاڵاوه "
له سه‌عات 11.20 ده‌قیقه‌ی سه‌ر له‌به‌یانی، 9ی دیسامبر، یای گوودهارت، خات خانم که به‌هاری ڕابردوو نه‌خۆشێک بوو له نه‌خۆشخانه‌که‌مان ، مینا،قهرهواشهکهمان، که یه‌کێک بوو له هه‌وه‌ڵین نه‌خۆشه‌کانمان، و ئه‌من به‌ره‌و یاڵاوه وه‌ڕێ که‌وتین، دێیه‌که نزیکه‌ی پێنج سه‌عات لێره‌وه دووره.ئێمه سه‌عات 1:40 ده‌قیقه له چایخانه‌یه‌ک لامان دابۆ ئه‌وه‌ی نانی نیوه‌ڕۆ بخوێن که بریتی بوو له نان و په‌نیر و چه‌ند ئیستیکانێک چاشمان له سه‌ر خوارده‌وه. له چایخانه‌که‌وه به‌و لاوه، دیمه‌نی ده‌ورو به‌ر جوان بوو و ئه‌من بۆ جاری یه‌که‌م له کوردستان داری chisar م دی.ده‌مه‌و ڕۆژئاوا گه‌یشتینه یاڵاوه. دیمه‌نێکی ئه‌وه‌نده جوان بوو نه‌بێته‌وه!
ئێمه زۆر مێهره‌وانانه وه‌رگیریان، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به ته‌واوی بۆ من نه‌ناس بوون. ئه‌ولاوئه‌ملای ده‌موچاویان ماچ کردم و شێوه‌ی ئاسایی میوانداری به‌ڕێوه‌چوو" به‌خێر بین "، " سه‌رچاوان هاتن" ، "ئێوه عه‌زیزی ئێمه‌ن".
یای گوودهارت ناسیاوی کۆنی تازه کرده‌وه و دوای خواردنی شێوێکی زۆر به‌تامی پڵاو، گۆشتی مریشک، ماست، ترشیات ، مره‌با، ڕۆنی که‌ره و شه‌ربه‌ت ( که ئه‌من دڵم بۆی ناچێ) ژنانی دێیه‌که هاتن بۆ ئه‌وه‌ی چاویان به حه‌کیم خانم بکه‌وێ. کاتێک باسی ده‌رد و ژانه‌کانی خۆیان ته‌واو کرد، شێخزاده که خانه‌خوێمان بوو، داوای لێکردن گۆرانیمان بۆ بڵێن و ئه‌وانیش گوتیان. ئێمه وه‌رگێڕاوی کوردی شێعرانی ڕووحانی مان له‌گه‌ڵ خۆمان هێنابوو، جا بۆیه ئه‌و گۆرانی چڕینه‌ی ژنه‌کان ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ ڕه‌خساندین ئێمه‌ش سروودیان بۆ بڵێین، و دوای ئه‌وه خانمه خانه‌خوێیه‌که‌مان به‌ڕێی کردن.
ئێستا ئیدی کاتی ئه‌وه‌بوو خۆمان بۆ خه‌وتن ئاماده که‌ین. پێویست نه بوو له سه‌ر عه‌رزی بنووین، دیاره ئه‌وه ئاساییه ئه‌گه‌ر مرۆ نوێن و بانی خۆی له گه‌ڵ خۆیدا نه‌هێنێ، به‌ڵام له سه‌ر تهختیخهوی دار نووستین هه‌ر کامه‌یان نزیکه‌ی سێ پێ به‌رز بوون. دوو به‌رماڵ به په‌نجه‌ره‌کانه‌وه ههڵاوسران بۆ ئه‌وه‌ی بای هه‌وای تازه نه‌یه‌ته نێو ژووره‌که‌وه له کاتێکدا ئێمه له خه‌و دا ده‌بین. ئه‌من زۆر چاک نووستم به‌ڵام که خه‌به‌رم بووه‌وه سه‌رم زۆر خراپ ده‌ئێشا. دوای به‌رچایی به نان،ڕۆنی که‌ره، هه‌نگوین، په‌نیر و شیری دا‌غ، چه‌ند پیاوێک بۆ دیده‌نیمان هاتن. ئاغاکه ( خاوه‌نی دێیه‌که) جه‌نابی فاسوومی زۆر چاک ده‌ناسی، کاتێک پیاوه‌کان ڕۆیشتن ده‌سته‌یه‌ک له ژنان هاتنه ژوورێ. یای گوودهارت زۆربه‌ی ده‌رمانی ئاسایی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، وه‌کوو کوینین، ئاسپیرین،لاگازاتیڤ و ده‌رمانی کرمان بۆ ئه‌وه‌ی بیدا به‌وانه‌ی که پێویستییان پێی بوو. ئه‌وانی دیکه‌ش ئامۆژگاری کران بێنه شاری بۆ "مهریزخانهی ئه‌مریکایی" [له ده‌قی ئینگلیسی‌دا نووسراوه " مهریزخانهی ئه‌مریکایی" واده‌رده‌که‌وێ ئه‌و ده‌می هێشتا چه‌مکی " نهخؤشخانه" به‌کار نه‌هاتووه - حه‌سه‌نی قازی] به‌رله‌وه‌ی وه‌ڕێکه‌وین، یای گوودهارت مه‌تای 13-1 : 5 ی بۆ نزیک له بیست ژنان خوێندوه و نوێژی کرد، و دوای ئه‌وه ماڵاوایی‌مان له خانه‌خوێیه‌کان و دۆسته‌کانمان کرد و له سه‌عات نزیک ده‌ونیوی سه‌رله به‌یانی به‌ره‌وماڵ هاتینه‌وه.ئه‌من خۆشحاڵ بووم له‌وه‌ی ڕۆژی پێشوو دیمه‌نی ده‌وروبه‌رم له ئاسمانێکی بێ هه‌ور دا دیبوو، ئێستا ئاسمان هه‌وری بوو بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ور ئه‌وه‌نده چڕ بوون ئێمه هه‌ر مه‌ودایه‌کی که‌می پێش خۆمان ده‌بینی. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی بیر خستمه‌وه جاروبار خودای له ژوور چۆنمان ڕێنوێنی ده‌کا. له‌وانه‌یه تاریک بێ و ئێمه نه‌توانین جگه له چه‌ند ههنگاوێکی به‌رده‌ممان، ڕێگه ببینین به‌ڵام به ده‌م ڕۆیشتنه‌وه بۆ مان ده‌رده‌که‌وێ هه‌رچه‌ندیش تاریک بێ هه‌میشه ئه‌وه‌نده ڕووناکایی بۆ نانه‌وه‌ی هه‌نگاوی دواتر هه‌یه . سڵاو له نێوی پیرۆزی. هیوادارم ئه‌و سه‌فه‌ره‌مان بۆ یاڵاوه سه‌ره‌تایه‌ک بێ بۆ کارکردنمان له دێیه‌کان، و له‌مه‌ودواوه بتوانین هه‌موو حه‌وتوویه‌ک سه‌ری هێندێک له دێیه‌کان بده‌ین. بپاڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌کانی گه‌وره‌مان به فێڕۆ نه‌چێ، زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه ڕه‌نگه یه‌که‌م جار بێ گوێچکه‌ی دڵیان به ئینجیل ئاشنا ده‌بێ. خودای له ژوور له وزه‌ی دایه له‌و نه‌ته‌وه‌یه خه‌ڵکێک بۆ نێوی خۆی دروست کا. ئێوه‌ش ده‌توانن به ڕێگه‌ی پاڕانه‌وه و باربوو کردن به‌شی خۆتانی تێخه‌ن."
ئه‌وجار له ژماره‌ی 3ی ساڵی 17ی کوردستان میشنیری دا، مارسی 1925 باسی سه‌ردانی یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له دێی " ئیندرقاش" ده‌خوێنینه‌وه:
" ئیندرقاش"
سابڵا‌غ، ئێران، 22ی دیسامبری 1924
سه‌رله‌به‌یانی یه‌کشه‌مۆ، 14ی دیسامبر، ئه‌ڵاوێردی ( دارتاش)، دیگران، که‌یارمه‌تی ئه‌ڵاوێردی ده‌دا و من به‌ره‌و ئیندرقاش وه‌ڕێکه‌وتین که دێیه‌که به‌سواری سه‌عاتێک لێره دووره، بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ چه‌ند ماڵه مه‌سیحییه‌کی له‌وێ ده‌ژین نۆێژی جه‌ماعه‌ت به جێ بهێنین. ئه‌وه نزا‌و پاڕانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی بوو له به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژپێشتر له‌و دێیه ژنێکی گه‌نج مردبوو.
لای نیوه‌ڕۆیه بوو گه‌یشتینه ئه‌وێ و دوای تاقه‌ت کردنی ئه‌سپه‌کانمان چووین بۆ دیده‌نی ئاغا ( که مه‌زنی دێیه‌که‌یه)، و ئه‌وه‌ش یه‌که‌م ئه‌رکمانه کاتێک سه‌ری دێیه‌ک ده‌ده‌ین. کاتێک چاوه‌ڕێی نانخواردنمان ده‌کرد ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌ست که‌وت ئینجیل به‌و خه‌ڵکه بناسێنین. ئه‌من ئینجیل [ ئه‌و وشه‌یه‌ی به کوردی نووسیوه _ تێبینی حه‌سه‌نی قازی] و کتێبی شێعرانی ڕووحانی م به کوردی له هه‌گبه‌که‌م دا بوو. وه‌ک زۆربه‌ی خه‌ڵکی دیکه کورده‌کانیش به پرسیارن، بۆیه به‌سێ خانمی ئاغاژن لێی پرسیم هه‌گبه‌که‌م چی تێدایه و ئه‌من به‌و په‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه زارکی هه‌گبه‌که‌م کرده‌وه و کتێبکه‌م ده‌رهێنا که ژیان، چرا و هیوای منه و ئیزنم لێ وه‌رگرتن بۆیان بخوێنمه‌وه. ئه‌وان گوتیان باشه و ئه‌من مه‌تای به‌شی 21-5:1 م بۆ خوێندنه‌وه. که له‌نێو به‌یته‌کاندا ڕاده‌وه‌ستام قسه‌یان له سه‌ر ده‌کرد و ئه‌گه‌ر پێویست بووبا ئه‌ڵاوێردی قسه‌کانیانی ڕاست ده‌کرده‌وه و مانای ته‌واوی بۆ لێک ده‌دانه‌وه. دوای خوارنی شێوی مریشک، سووپ، نان، پیواز، په‌نیر، و دۆ ئێمه چووینه ماڵه هه‌رمه‌نییه‌ک و له‌وێ مه‌سیحییه‌کان بۆ نوێژی جه‌ماعه‌ت کۆببوونه‌وه. ئاڵاوێردی له‌وێ له ئینجیلی یوحه‌نا به‌شی 11 " سه‌رهه‌ڵهێنانی لازار" ی خوێنده‌وه و هێندێک به ترکی قسه‌ی له سه‌ر کرد، که ئه‌من لێی تێنه‌گه‌یشتم. هێندێک له کارته‌کانی مه‌دره‌سه‌ی یه‌کشه‌مۆیانم به‌کار هێنا که بۆمان ناردراون. ئێستا ئه‌و جوره کارتانه‌مان زۆرن و باش ده‌بێ ماوه‌یه‌ک بۆمان نه‌نێرن. ئێمه زۆر سپاستان ده‌که‌ین بۆ ئه‌و کارتانه‌ی ئه‌وساڵ ناردووتانه و ئه‌گه‌ر پێویستیمان به ئیدیکه هه‌بێ ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه. هه‌تا زیاتر زمان [ زمانی کوردی ] فێر ده‌بم ئه‌وه‌نده‌ش کاره‌که‌م له‌به‌ر دڵی خۆشتر ده‌بێ. بۆم له خوڵای بپاڕێنه‌وه ئه‌وه‌نده هۆشه‌مان وه‌به‌ر بنێ بۆ ئه‌وه‌ی زوو زمانه‌که فێر بین بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه بده‌ین که زۆریان پێداویستی به یارمه‌تی خوڵای هه‌یه...... زۆرمان دۆعا بۆبکه‌ن، دۆعا شتان ده‌گۆڕێ. "
له ژماره‌ی 5ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری، مانگی مه‌ی 1925 دا نووسینێکی ئێمێلیا ده‌خوێنینه‌وه که له 13ی فێڤرییه‌ی 1925 له سابڵاغه‌وه ناردوویه و له به‌شێکی دا ده‌نووسێ: " ..... له ڕۆژی کریسمه‌س به‌ملایه‌وه هه‌وای ئێره زۆر سارد بووه. جار جار گه‌یشتووه‌ته زیاتر له 20 ده‌ره‌جه‌ی سانتیگراد له‌ژێر سفر.ئه‌وه هه‌وایه‌کی نائاساییه بۆ ئه‌م وڵاته. ده‌بێ ئه‌وه بزانن که ئێزنگمان له ته‌نکه‌ی داوه. بڵێی ئێوه له‌ئه‌مریکا چ کهشوههوایهکتان بووبێ له‌و سه‌رما و به‌سته‌ڵه‌که‌ی ئێمه دا.
دوکتور شاڵک، ڕۆژێک بانگ کرا بچێته سه‌ر نه‌خۆشێک له دێی لاچین، که لێره‌وه به سواری سه‌عاته رێیه‌که. یای شوێنهوود و منیش له گه‌ڵی چووین ( هه‌رچۆنێک بێ ئه‌مڕۆ بیستمان ژنه نه‌خۆشه‌که چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر مردووه. به‌ئاسایی تا ئه‌و کاته‌ی که ئاماده ده‌بن بچن ده قه‌بره‌وه سه‌ری دوکتور ناده‌ن و سه‌رباقی ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانییان له دوکتور ئه‌وه‌یه چاکیان کاته‌وه).ڕۆژێکی خۆش بوو، تاو که‌وتبوو بۆیه زۆرمان سهرمانهبوو. ڕه‌خش که نێوی ئه‌سپه‌که‌ی منه ( خزمه‌تکاره‌که نێوی لێناوه مه‌حبووب واته خۆشه‌ویست)، به نێو به‌فر دا چاکی ڕێ ده‌ر ده‌کرد و چ کێشه‌ی بۆ ساز نه‌کردم، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌من زۆری شانازی پێوه‌ده‌که‌م.
سه‌ردانی ماڵان، میوانداری له خه‌ڵک، خوێندنی ده‌رسی کوردی، له جیاتییان ده‌رسی ئینگلیسی گوتنه‌وه، خوێندنه‌وه، جار جار بانگ ده‌کرێم بۆ نه‌خۆشخانه کاتێک عه‌مه‌لییاتێک بکه‌ن، نووسین و له‌گه‌ڵ شتی دیکه سه‌رقاڵی من پێک ده‌هێنن. مانگی ڕابردوو، سی و پێنج جار سه‌ردانم کرد. خه‌ڵکی دیکه‌ش جارجار له‌گه‌ڵم دێن و یای شوێنهوود بۆ زۆربه‌یان له‌گه‌ڵم بووه.ئێمه سه‌رمان له چه‌ند ماڵی زۆر هه‌ژار دا و ده‌ستی یارمه‌تیمان بۆ هێندێکان درێژ کرد. له نامه‌یه‌کی دیکه دا هێندێک باسی ئه‌و ئهزموونانهتان بۆ ده‌که‌م که له کاری شه‌خسی دا هه‌مبووه.
له‌وه‌تی هاتوومه سابڵاغێ هه‌ر پێوه‌بووم سه‌باره‌ت به‌و کچه بێ دایوبابهی که وه‌خۆم کردووه بۆتان بنووسم. نێوی سارا یۆسفه و ده‌بێ بڵێم ته‌مه‌نی شازده حه‌ڤده ساڵ ده‌بێ. له به‌ڵگه‌کانی ئه‌نواخانه دا هاتووه ئه‌و کورد و سریانی یه به‌ڵام، خۆی به توندی نکوولی له‌وه ده‌کا خوێنی کوردی ده‌به‌ر به‌ده‌نی دابێ ده‌ڵێ کاتێک هاتووه‌ته ئێره کچێکی دیکه‌ش له‌و ده‌مه‌دا له ئه‌نواخانه نێونووس کراوه که کورد و سریانی بووه وبه‌وشێوه‌یه مێژووی ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه تاقوجووت کراوه. ئه‌من یه‌که‌مجار له گه‌ڵ ئه‌و کچه له ئه‌نواخانه‌ی منداڵانی بێ دایوباب له هه‌مه‌دان ناسیاوییم په‌یدا کرد، دوایه ئه‌و ئهنواخانهیه گوێزراوه بۆ ته‌ورێز. به ئاگاداری له‌وه‌ی که " کۆمه‌ڵه‌ی وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" له حه‌وڵ دایه ماڵ بۆ ئه‌و کچانه ببینێته‌وه که له ئه‌وانی دیکه گه‌وره‌ترن، گرتمه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆم سارا وه‌خۆ که‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌می زانیبام که‌سایه‌تییه‌کی ئاوا ویشکی هه‌یه و ئه‌وه‌نده نه‌حاواوه‌یه، له‌وانه‌بوو ئێستا لێره نه‌بووبایه. به‌خۆ نازینی هێندێک له‌و خه‌ڵکانه و ئێره‌یی پێ‌بردنی ده‌وروبه‌ریان شتێکی زۆر ناخۆشه وئه‌و کچه نموونه‌ی هه‌ره خراپه له‌وباره‌یه‌وه که هه‌تا ئێستا ئه‌من دیتوومه. ئه‌گه‌رچی زۆرلایه‌نی باشیشی هه‌یه. زۆربههۆشه. له‌وه‌تی هاتووهتهئێره زۆر به‌ڕه‌وانی ده‌توانێ به کوردی قسه بکا به‌ڵام، وه‌نه‌بێ هه‌ڵه‌ش نه‌کا، و هه‌رچییه‌کی ئێمه به‌ئینگلیسی ده‌یڵێین لێی تێده‌گا و ده‌توانێ مه‌به‌ستی خۆشی به زمانی ئینگلیسی ده‌رببڕێ. ئه‌و چاکیش کار ده‌کا به‌ڵام به به‌رده‌وامی ده‌بێ یه‌كێک چاوی به‌سه‌ریانه‌وه بێ، ئه‌وه‌ش یه‌کێک له‌و شتانه‌یه تائێستا ئه‌من فێری نه‌بووم. کاتێک مرۆ پێیان ده‌لێ چ بکه‌ن، چۆنی بکه‌ن وکهنگێی بکه‌ن، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێده‌کا گشت ئامۆژگارییه‌کان ڕه‌چاو که‌ن. دوایه ڕه‌نگه، پێنج ده‌قیقه‌ی دیکه، ببینی ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌که‌ن که‌مرۆ پێی گوتوون بیکه‌ن. جا بۆیه مرۆ نابێ پێی سه‌یر بێ هه‌رکارێکی پێیان خۆش بێ له‌گه‌ڵی بکه‌ن، له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت له سه‌ر ئاورگ سه‌ریان دابهێنن له‌کاتێک دا چێشت له سه‌ری ده‌کوڵێ. ئێمه زۆر جار ده‌ڵێین، " ئه‌وه‌ی پێی نازانی سه‌ده‌مه‌ت لێ نادا" که ته‌واو قسه‌یه‌کی ڕاسته.ئه‌وه ته‌نێ ژماره‌یه‌ک له‌و گیروگرفته بێ ئهژمارانهیه که تووشمان به تووشیانه‌وه بووه. نه‌ک هه‌ر گیروگرفته‌کانی نێو بنه‌ماڵه‌که‌مان به‌ڵکوو گشت ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ی ته‌جره‌به‌یان ده‌که‌ین جێی لێ فێربوون و یارمه‌تیده‌رن و ددان به‌جه‌رگی خۆداگرتن و به‌حه‌وسه‌له بوونمان فێر ده‌که‌ن. جا بۆیهئێمهنابێ گله‌یی و گازند بکه‌ین، ئه‌گه‌رچی هێندێک جار واهه‌ست ده‌که‌م بڵێم " ئیدی به‌سه." ....
ئێستا دۆعام ئه‌وه‌یه و هه‌میشه ئه‌وه ده‌بێ ده‌با ژیانم ببێ به خالیسترین زێڕ.
__ دلسۆزتان ئاننا. ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن. "
ژماره‌ی 6ی ساڵی 17ی کوردستان میشنێری، مانگی ژووه‌نی 1925، بابه‌تێکی ئێمیلیا ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووه‌ته‌وه که له‌به‌رواری 26ی مارسی 1925 له سابڵاغه‌وه ڕووه‌و دۆستانی میسیۆنه‌که‌یان له ئه‌مریکای نووسیوه. له‌و نووسینه دا یای ئه‌ندرسۆن باس ده‌کا ئێستا مانگی ڕه‌مه‌زانه و له‌ومانگه دا هه‌ر به‌شه‌و ده‌توانین بچینه سه‌ردانی ماڵه موسڵمانه‌کان و ده‌بێ زیاتر سه‌ری ماڵه جووله‌که و هه‌رمه‌نییه‌کان بده‌ین و ده‌نووسێ: " ئه‌من هه‌رئێستا له نه‌خۆشخانه بووم بۆ یارمه‌تی دوکتور. یای گودهارت لێره نییه.جا بۆیه ده‌که‌وێته سه‌ر شانی من که یارمه‌تی بێهۆش کردنی نه‌خۆش بده‌م. ئه‌گه‌ر یای گودهارتیش لێره بێ ئه‌من جار جار ئه‌و کاره ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستی کراوه‌تر بێ بۆ یارمه‌تیدانی دوکتور. نه‌خۆشه‌که‌ی ئه‌وجاره کچێکی لادێی بوو، هه‌رایه‌کی ساز کردبوو نه‌بێته‌وه. هه‌ر که وه هۆش خۆی هاته‌وه هاواری ده کرد " کافر نیم" ( ئه‌من عیسایی و بێ ئیمان نیم) و " بۆ خاتری دین لێم گه‌ڕێ" ( یانی له‌به‌ر دین ، ده‌ستم له کۆڵ که‌وه) و له‌و قسانه. بۆ حه‌قده‌ستیش ده هێلکه‌ی له گه‌ڵ خۆی هێنابوو، که دوویان له ڕێگای شاری شکابوون. خه‌ڵکی ئه‌وتۆیه که مرۆ ده‌کرێ یارمه‌تییان پێ بکا چونکوو هیچیان نییه حه‌قده‌ستی حه‌کیمی پێ بده‌ن. ئه‌من پێم وایه چالاکی نه‌خۆشخانه و ده‌رمانگه‌که‌مان بێ ئه‌ملاوئه‌ولا کاری هه‌ره‌گرینگه.......
ئێستا ئه‌وه خه‌ریکه نۆره‌ی یه‌ک مانگه‌ی من بۆ ئاگالێبوونی ماڵێ ته‌واو ده‌بێ و ئه‌من به‌وه خۆشحاڵم. زۆربه‌ی خانووه‌که‌مان خاوێن کردووه‌ته‌وه.......
کاتێک کارێکی تایبه‌تی هه‌بێ بیکه‌ین ده‌بێ خۆمان له گه‌ڵ خزمه‌تکاره‌کانمان کار بکه‌ین چونکوو ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وانی به جێ بهێڵێن چه‌ندین حه‌وتووی پێ ده‌چێ هه‌تا ته‌واوی که‌ن. ئه‌وان زۆر بهکاوهخۆن و ئه‌گه‌ر که‌سێک بزانێ چۆن کات به فێڕۆ بدا ئه‌وه خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ن....... "
له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی چالاکییه‌کانی میسیۆنی کوردستان بۆ ساڵی 1925 که له‌لایه‌ن دوکتور هێڕمان شالک وه نووسراوه و له ژماره‌ی 7-8ی ساڵی 18ی کوردستان میشنێری مانگی ژووییه - ئووتی 1926 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه هاتووه: " ..... ڕۆیشتنی له‌پڕی یای ئه‌ندرسۆن، به بێ هیچ هۆیه‌کی شیاوی پێ ڕازی بوون بوو به هۆی کاردانه‌وه‌ی جیدی زۆرێک له ئێمه. ئێمه که درێژه‌مان به خزمه‌ت داوه به‌رعۆده‌یی خۆمان زیاتر تاقیکردووه‌ته‌وه و گه‌یشتووینه ئه‌و باوه‌ڕی له سه‌ر کار‌و ئه‌رکی خۆمان بمێنینه‌وه تا ئه‌و کاته‌ی که خوڵا بۆخۆی له سه‌ر کارمان لاده‌با..... "
به‌و قسانه را ده‌رده‌که‌وێ له نیوه‌ی دوویه‌می ساڵی 1925 دا یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن سابڵاغی به‌جێ هێشتووه. له ژماره‌کانی به‌رده‌ستی کوردستان میشنێری له مانگی ژووییه‌وه تا دێسامبر 1925 ئیدی هیچ نووسینی یای ئه‌ندرسۆن نابینین و له کوردستان میشنێری ش دا خه‌به‌ری ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی ناخوێنینه‌وه. وێده‌چێ له‌و قۆناخه دا تا ساڵی1928 هه‌ر له ئێران مابێته‌وه وده‌کرێ له سابڵاخه‌وه چووبێته‌وه هه‌مه‌دان و له گه‌ڵ میسیۆنێره‌کانی پرێسبیتێری که له‌وێ چالاک بوون کاری کردبێ. به پێی نووسراوه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌ی Mason City Globe-Gazette 2ی نۆڤامبری 1931،** یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له ساڵی 1928 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌مریکا و له‌وێ ماوه‌ی شه‌ش حه‌وتوو له کالێجی پرێسبیتێرییه‌کان په‌روه‌رده‌ی دیتووه دوای 3 ساڵ مانه‌وه واته له ساڵی 1931 دیسان چووه‌ته‌وه بۆ کاری میسیۆنێری له ئێران.
هه‌ر به پێی خه‌به‌رێکی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له 1ی ژووییه‌ی 1939 جارێکی دیکه بۆ سه‌ردان هاتووه‌ته‌وه ئه‌مریکا و دیسان له ژماره‌ی به‌رواری 25ی ژووییه‌ی ساڵی 1939 ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌دا دا هاتووه بۆ ماوه‌ی 7 ساڵی دیکه ده‌چێته‌وه ئێرانێ.ڕۆژنامه‌ی Waukesha Daily Freeman Newspaper له‌ژماره‌ی 20ی ئاوریلی 1948 دا ده‌نووسێ: " ئێران مانای جیاوازی هه‌یه بۆ خه‌ڵکی جیاواز، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی یای ئه‌ندرسۆنه‌وه ئێران ووڵاتێکه خه‌ریکه وشیار ده‌بێته‌وه و ده‌رفه‌تی زۆری تێدایه بۆ خزمه‌تی عیسایی". له ساڵی 1955 به‌ته‌واوی گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مریکا و خانه‌نشین بووه. ڕۆژنامه‌ی Mason City Globe-Gazette له ژماره‌ی به‌رواری 5ی سێپتامبری 1955 ی خۆیدا کورته هه‌واڵێکی له‌مه‌ڕ یای ئێمێلیا ئه‌نده‌رسۆن بڵاو کردووه‌ته‌وه:" ..... یای ئه‌ندرسون ئێستا خه‌ریکی پشوودانی به‌ر له خانه نشین بوونێتی دوای ئه‌وه‌ی 34 ساڵ وه‌ک میسیۆنێر له ئێران کاری کردووه.له ساڵی 1921 له لایه‌ن " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" وه چووه ئه‌وێ. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه کاره‌کانی له ئێران ڕاگرت و ئێستا له عێراق کار ده‌کا. یای ئه‌ندرسۆن له ساڵی 1931 له لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری میسیۆنه‌کانی هه‌نده‌رانی کلیسای برێسبیتێری ئه‌مریکاوه ناردرایه‌وه ئه‌وێ." هه‌ر ڕۆژنامه‌ی نێو براو له ژماره‌یه‌کی دیکه‌ی دا حه‌وتوویه‌ک دواتر واته له 12ی سێپتامبری 1955 وێنه‌یه‌کی یای ئه‌ندرسۆنی بڵاو کردووه‌ته‌وه و له ژێر وێنه‌که نووسیویه: " یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن له ئاڵبۆمه‌که‌ی دا ته‌ماشای وێنه‌یه‌کی خۆی ده‌کا که ساڵی 1924 له جلوبه‌رگی خۆجێیی [کوردی] دا کێشاویه. ئه‌و ده‌می له دێی ساوجبولاغ دڵی ئه‌ستانی کوردستانی ئێران بوو. سه‌روه‌ت و سامانی کوردێک به‌وه ڕا دیارێ ده‌کرێ که چه‌ند گه‌ز پارچه وه‌ک پشتێند له پشتی ده‌هاڵێنێ و چه‌ند قه‌ڕه پووڵ به ڕێشووی پێچهکهیهوه هه‌ڵداوه‌سێ." له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه ڕۆژنامه‌که رێپۆرتاژێکی دوور و درێژی سه‌باره‌ت به چالاکییه‌کانی یای ئه‌ندرسۆن له بن سه‌ردێڕی " ئه‌و میسیۆنێرهی له ماوه‌ی کوده‌تای سوور دا له تاران بوو" بڵاو کردووه‌ته‌وه و له به‌شێکی دا هاتووه: " ژێنێکی 65 ساڵه‌ی خه‌ڵکی پێشووی ئیۆوای باکووری له ئووتی 1953 له تاران بوو ئه‌وکاته‌ی وه‌ختابوو ئێران بکه‌وێته بازنه‌ی په‌رده‌ی ئاسنینه‌وه. ئێمیلیا ئه‌ندرسۆن له سهرکارلادرانی سه‌رۆکوه‌زیر دوکتور محه‌مه‌دی موسه‌دیقی به چاوی خۆی دی. ئه‌ندرسۆن ده‌ڵێ : " وڵاته‌که هه‌ر چه‌ند سه‌عاتێک مابوو بکه‌وێته نێو بازنه‌ی شووڕه‌وییه‌وه کاتێک لایه‌نگرانی محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی پێته‌ختیان له کۆمۆنیسته‌کان ئه‌ستانده‌وه.ئه‌ندرسۆن ساڵی 1921، دوای ئه‌وه‌ی 9ساڵ بوو له مه‌دره‌سه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌رسی ده‌گوته‌وه، وه‌ک میسیۆنێرێکی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات به که‌شتی به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست چوو.نزیکه‌ی شه‌ش مانگی پێچوو بگاته هه‌مه‌دانێ. ئێستا هه‌مان سه‌فه‌ر، به فڕۆکه به دوو ڕۆژان ده‌کرێ..... یای ئه‌ندرسۆن له ئێران کاری مامۆستایه‌تی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نواخانه‌ی منداڵانی بێ دایوباب، کاری کۆمه‌ڵایه‌تی، بانگه‌شه‌ی ئینجیل، یارمه‌تیده‌ری سێکرێتری میسیۆن و به‌رپرسی ماڵی و به‌ڕێوه‌به‌ری دارایی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ده‌کرد.
له ساڵی 1931 به‌م لایه‌وه چالاکییه‌کانی له چوارچێوه‌ی کاروههڵسووڕانی دهستهبهڕێوهبهی میسیۆنه‌کانی هه‌نده‌رانی کلیسای پرێسبیتێرییه‌کانی ئه‌مریکا دا بووه."
هه‌ر له‌و ڕێپۆرتاژه دا ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن باسی له سێداره درانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دیشی کردووه بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وڕاست نێوی بهێنێ و ده‌ڵێ: " له کوردستان پیاوێک له سێداره درا که مامۆستای زمان بوو" ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌که به ساڵانی 1923 – 1924 که پێشه‌وا له سابڵا‌غ لای میسیۆنێره‌کان زمانی ئینگلیسی خوێندووه و له هه‌مبه‌ر ئه‌وه دا ده‌رسی زمانی فارسی/ کوردی به شاگرده‌کانی مه‌دره‌سه‌ی میسیۆنه‌که گوتووه‌ته‌وه.
یای ئه‌ندرسۆن دوای ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نی 65 ساڵیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌مریکا و خانه نشین ده‌بێ، 24 ساڵ دواتر له 31ی دیسامبری 1979 له ته‌مه‌نی 88 ساڵی دا، له لوس ئانجلیس سه‌رده‌نێته‌وه.
* به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی که نه‌مر ل.ۆ. فاسوم بۆ گه‌لی کوردی داناوه.
** زۆر سپاسی یای کاره‌ن تێریل ( Karen Terrill ) ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بڕاوه‌ی چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی ناوچه‌یی ئه‌یاله‌تی Iowaی سه‌باره‌ت به یای ئێمێلیا ئه‌ندرسۆن و کۆپی به‌ڵگه‌ی وه‌فاتی ئه‌وی بۆ ناردم، هه‌ر وه‌ها حه‌ول دانه‌کانی خانمی کاترین لوندین (Catherine Lundeen) ئارشیویستی سه‌ره‌کی کلیسای لووتێری ئه‌مریکا له شیکاگۆ بۆ بۆ په‌یدا کردنی زانیاری سه‌باره‌ت به چالاکییه‌کانی یای ئه‌ندرسۆن له‌ماوه‌ی ساڵانی 1926- 1928 دا، جێگه‌ی سپاس و پێزانی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌یه. ئه‌و له نامه‌یه‌ک دا ده‌نووسێ: " وا وێده‌چێ تا به‌رله کرسیسمهسی 1925 ئه‌ندرسۆن هه‌ر له سابڵا‌غ بووبێ، به‌ڵام نه‌ک له به‌راییه‌کانی 1926 دا. ئه‌و تاساڵی 1928چی کردووه کاتێک به که‌شتی له میسره‌وه به‌ره‌و ئه‌مریکا هاتووه‌ته‌وه بۆ من نادیاره و وه‌ک ڕازێک وایه."
No comments:
Post a Comment