جۆرج با شیمۆن ی به نا حه ق کووژراو
جۆرج باشێمۆن ی به ناحه‌ق کووژراو
حه‌سه‌نی قازی
" کوردستان قه‌دیم *
کێو و شاخ و ده‌شتی
خۆشن بۆ دڵم
جێی دایک و بابمه
ماڵی خوشک و برا
هه‌ر تۆزێکی و به‌ردێکی
بۆم مروارییه.... "
جۆرج باشیمون دوای شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه، له ده‌وره‌ی دووه‌می چالاکییه‌کانی " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" له گه‌ڵ هاوسه‌ری چوو بۆ سابڵاغێ. کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 10ی ساڵی 13، ئۆکتۆبری 1921 ئه‌م ڕاپۆرته‌ی خواره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی میسیۆنه‌که‌یان به قه‌ڵه‌می هاننا شوێنهوود بڵاو کردووه‌ته‌وه:
"یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی میسیۆن
میسیۆنی کوردستان له سابڵا‌غ له فۆڕمی ئه‌نجومه‌نی میسیۆن دا ڕێک خراوه‌ته‌وه وله چوار میسیۆنێران پێک دێ. جه‌نابی باشیمۆن، ئاڵما فاسوم، ئاگوستا گودهارت و هاننا شوێنهوود. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی ڕه‌سمی خۆی له 1ی ژووییه‌ی 1921 پێک هێنا. جه‌نابی باشیمۆن کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌ڕێوه‌برد. ئه‌و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری له ئه‌مریکا وه‌کوو سه‌رۆک و به‌رپرسی ماڵی ئه‌م پێگه‌یه دیاریی کراوه تائه‌و کاته‌ی یه‌ک له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی میسیۆن له ئه‌مریکاوه ده‌گاته ئێره.
هاننا شوێنهوود وه‌ک سکرێتێر هه‌ڵبژێردرا و داوای لێ‌کرا به‌کورتی ئه‌و ڕووداوانه بنووسێته‌وه که گه‌یشته ڕێکخستنه‌وه‌ی میسیۆنه‌که. چه‌ندین نامه‌ی که لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رییه‌وه ناردرابوون له لایه‌ن یای گودهارته‌وه خوێندرانه‌وه، ئه‌و هه‌ر وه‌ها باسی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی کرد که له‌گه‌ڵ ئاغای ڤایکری، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی " وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" بوویه‌تی سه‌باره‌ت به وه‌فریاکه‌وتنی کوردان.
دوای هه‌ڵسه‌نگاندن ودیاریی کردنی پێداویستییه‌کان، ده‌کرێ سه‌باره‌ت به شتێکی زۆر دیاریکراوتر بڕیار بدرێ.
له‌کاتی مردنی میرزا شه‌مۆییل دا بڕیارێک درابوو، ژن و منداڵه‌کانی له لایه‌ن میسیۆنه‌وه پشتیوانیان لێ بکرێ،له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا بڕیار درا ژنه و منداڵه‌کانی ئه‌مجار ده‌بێ له‌لایه‌ن میسیۆنه‌وه وه‌خۆ بکرێن. هه‌ر وه‌ها پێشنیارکرا ده‌ست بکرێ به خشت بڕین به مه‌به‌ستی دروستکردنی خانوو له دابێ دا.
له‌کۆتاییدا له‌لایه‌ن جه‌نابی باشیمۆنهوه دوعا کرا.
هاننا شوێنهوود."
جۆرچ باشیمۆن له سابڵاغه‌وه له‌به‌رواری 1ی ژووه‌نی 1921 نامه‌یه‌کی نووسیویه و له ژماره‌ی سه‌ره‌وه‌ی کوردستان میشنێری دا که باس کرا بڵاو کراوه‌ته‌وه:
له به‌شێک له نامه‌ی جه‌نابی باشیمۆن دا هاتووه:
" نامه‌یه‌ک به بێ سه‌ره‌تا و ڕه‌نگه به بێ کۆتاییه‌کی ته‌واو! به‌ڵام نامه‌یه‌ک له سابڵاغه‌وه. چونکوو ئاخره‌که‌ی به‌ڕاستیش ئێمه گه‌یشتینه ئه‌م شوێنه. خانمه‌کان [ شوێنهوود، ئالما فاسوم، ئاگوستا گودهارت ] دوای 16 مانگ و خانمی باشیمۆن و خۆشم دوای 7 ساڵ! ئێمه ئێستا لهمالێین، له خانووبه‌ره‌ی میسیۆن داین! ده‌بێ پێتان بڵێم ژیانی ئێمه و ڕێکخستنه‌که‌مان وه‌ک ئاوی چۆمی ده‌خوشێ به بێ هیچ جۆره ئاهه‌نگ و شێوازێک.
به دڵنیاییه‌وه ئێوه به‌ڕێگه‌ی نامه‌ی خانمه‌کانه‌وه له وه‌ڕیکه‌وتن و سه‌فه‌ره‌که‌مان بۆ ئێره ئاگادار ده‌بن. ئه‌من بهڕێگایهکهم ده‌زانی چونکوو به زستان سه‌فه‌رم پێدا کردبوو،ئه‌گه‌رچی جیاواز ده‌هاته پێش چاو کاتێک سه‌وازیی سه‌ری له بن به‌فر ده‌رده‌هێنێ. لهڕێگایه ، له هێندێک شوێن، زه‌وی وزار کێڵدرابوون. ئێمه سه‌عات 5ی ئێواره‌ی رۆژی شه‌مۆ 21ی مانگی مه‌ی [ 1921] له ته‌ورێزه‌وه به دوو " فایتوونان" وه‌ڕێ که‌وتین و کاروانی بار‌و بهندیلیشمان سه‌عات 3ی ئێوارێ وه‌ڕێ که‌وتبوو. له ڕێگا هه‌ر شه‌وه‌ی له کاروانسه‌را لامان ده‌دا به‌و ریزه‌ی خواره‌وه: گه‌وگان، خانییان، مه‌لیک که‌ندی و قه‌ره وێران که له‌وێ له‌چۆمی گه‌وره‌ی جه‌غه‌توو په‌ڕینه‌وه و له میاندواو مزڵمان کرد و ڕۆژی شه‌مۆ 28ی مانگی مه‌ی [ 1921] گه‌یشتینه سابڵاغێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ماڵێک نه‌بوو ئێمه وه‌ربگرێ بووینه میوانی ماڵی !!Mucallim Mochtaemeh ، که له‌وێ ده‌نووین و نان ده‌خۆین. دوای وتووێژێکی درێژ له‌گه‌ڵ ههرمهنییهکهی خه‌ڵکی سابڵاغێ، ئارمهناک تێر یوهانیسیان له ته‌ورێزێ، که برازای ئاغای بۆغوزه، ئه‌من له گه‌ڵی ڕێک که‌وتم خانووبه‌ره‌که‌ی بۆ ماوه‌ی ساڵێک به 450 تمه‌ن به کرێ بگرم. ئه‌و داوای 950 تمه‌نی ده‌کرد، ده‌بوو نیوه‌ی کرێکه پێشاوپێش بده‌م و دوایه نیوه‌که‌ی دیکه‌شم دایه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ده‌ستێک له‌خانووه‌که وه‌ردا و ئاماده‌ی کا. ئه‌وه ته‌نیا شتێکی بوو که ئێمه توانیمان په‌یدای که‌ین، و له‌و باوه‌ڕدانیم بکرێ به‌رله به‌هاری 1922 یان 1923 خۆمان خانوومان پێ دروست بکرێ. خانووبه‌ره‌که 12 دیوی به‌رده‌ستان ؛ سێ حه‌وشه و ئه‌نبارێکی هه‌یه که به هاسانی ده‌کرێ بکرێته چوار دیوی ته‌واو ئه‌گه‌ر ئێوه ئیزن بده‌ن خه‌رجی تێدا بکرێ. سێ دیوی سه‌ر دانهپۆشراویش له‌و خانووبهرهیهدا هه‌ن که ده‌کرێ بکرێته به‌شی ئه‌نواخانه بۆ منداڵانی بێ دایوباب. دیسان ئه‌گه‌ر ئێوه ئیزن بده‌ن خه‌رجی تێدا بکرێ. خانووه‌که‌مان زۆرله چۆمی نزیکه، و هه‌موو زه‌وی و شوێنی ده‌وروبه‌رمان کاول و وێرانه‌یه. به قیمه‌تێکی که‌م، ئه‌و به‌شه‌ی که ده‌گاته‌وه چۆمی [ ده‌توانین بکڕین]، ئه‌وه‌ش ده‌کرێ ببێ به باغچه‌یه‌کی خۆش. ئێستا 3 ژووری که لهنهوومی سه‌ره‌وه‌ن ئاماده‌ن، ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌یان تێگیراوه و دیواره‌کانیان سپیکاری کراون. سێ دیویش بۆ ژووری نووستن. ئه‌مرۆ دیوی نانخواردن ئاماده ده‌بێ. ژووری ده‌فته‌ر [ ئافیس] به ته‌واوی ئاماده‌یه. ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی له گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌دا بۆتان ده‌نێرم فۆڕم و هه‌ڵکه‌وتی خانووبه‌ره‌که و به‌شه جیاوازه‌کانی که به مه‌به‌ستی جۆربه‌جۆر ده‌کرێ به‌کار بهێندرێن نیشان ده‌دا.
حاکمی ئێستا میرزا ڕه‌بیع ئاغا ( که له‌قه‌بی عادلودهوله یه) پێی خۆشه فێری فه‌ڕانسه‌یی و ئینگلیسی بێ. هێندێک " قازی" دیکه یان کوره‌کانیان ئه‌وانیش پێیان خۆشه ئه‌و زمانانه فێر بن. جا بۆیه ئه‌من ده‌توانم ده‌ست بکه‌م به هێندێک کارکردن له گه‌ڵ گه‌وره‌ساڵان و کارکردن له گه‌ڵ گه‌نجتره‌کان ده‌شێ له مانگی ئۆکتۆبر ده‌ست پێبکه‌م. ئه‌گه‌ر هاننا شوینهوود ده‌ست بکا به کاری ئهنواخانهکهی منداڵانی بێ دایوباب، ئه‌من کوردێک لهبهرکاردهنێم بۆ کردنه‌وه‌ی فێرگه‌یه‌کی پچووک " مه‌کته‌ب" به‌ر له‌وه‌ی ئێمه " مه‌دره‌سه"، یان کالیج بکه‌ینه‌وه."
ن.ج. لۆر له کوردستان میشنێری ژماره‌ی 12. ساڵی 13، دیسامبری 1921 دا کوژرانی باشیمۆنی له سابڵا‌غ ڕاگه‌یاندووه وله به‌شێک له نووسینه‌که‌ی دا ده‌ڵێ:
"جه‌نابی جۆرچ. ئێچ. باشیمۆن کووژرا
له ڕۆژی 31ی ئۆکتۆبر په‌یامێکی ڕه‌مز که لایه‌ن جه‌نابی پیتمان له ته‌ورێز، ئێرانه‌وه ناردرابوو، خه‌به‌رێکی ناخۆشی بۆهێناین باشیمۆن رۆژی 7ی ئۆکتۆبر له ساوجبولاغ کووژرا." ئه‌وه زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له میسیونه‌که‌مان که تازه کاری خۆی ده‌ست پێکردبووه‌وه! له 10ی ئۆکتۆبری 1920، دامه‌زرێنه‌ر و ڕێبه‌ره‌که‌ی جه‌نابی ئێل، ئو، فاسوم، له‌به‌ر زۆرکارکردن و فل بوونی ئه‌عسابی له ئێریوان، هه‌رمه‌نستان مرد. سێ ڕۆژ که‌متر له ساڵێک، ڕێبه‌ری دووه‌م به‌ده‌ستی کوژه‌ران له نێو چوو. داخودا ده‌کرێ ئه‌وه مانای وابێ حه‌ق ته‌عالا حه‌وله‌کانی ئێمه‌ی لاپه‌سند نییه بۆ کردنه مه‌سیحی کورده‌کان؟ ........ فاسوم له گێڕانه‌وه‌ی باسی چوونه سه‌ر چیای ئاگری دا له گه‌ڵ باشیمۆن ئاماژه به‌وه ده‌کا چۆن کورده‌کانی ئه‌و هه‌رێمه خه‌ریک بوون باشیمۆن بکووژن چونکوو پێیان وابووه ئه‌و هه‌رمه‌نییه. به‌ڵام وشیاری فاسوم بووه‌ته هۆی ڕزگار بوونی. باشیمۆنیش له باسی چوونی چیای ئاگری دا هه‌ر هه‌مان شت باس ده‌کا.ئه‌وه ڕێکه‌وتێکی زۆر بێ به‌ختانه بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌روسیمای باشیمۆن زۆر وه خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات ده‌چوو، کورده‌کان پێیان وابوو هه‌رمه‌نییه. ئه‌وان لێی دڕدۆنگ بوون و پێیان وابوو حه‌ول ده‌دا ناسێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی له ژێر په‌رده‌ی شارۆمه‌ندی فه‌ڕانسه و چالاکی میسیۆنێری دا بشارێته‌وه. ئیمه هێشتا به ورده‌ڕیشاڵی ئه‌و جینایه‌ته نازانین، به‌ڵام، ئێستا هۆی ئاوامان به‌ده‌سته‌وه‌یه ده‌مانگه‌ێنێته ئه‌وه‌ی بڵێین وه‌ک کووژرانی سه‌یری دامان، ئه‌و کرده‌وه‌یه به‌ده‌ست کورده‌کانی سابڵا‌غ نه‌کراوه، به‌ڵکوو جه‌رده‌ی کورد کردوویانه که نه‌یان زانیوه قوربانییه‌که‌یان میسیۆنێر و که‌سێکی خێرخوازه. له‌نامه‌یه‌ک دا که و.و.پیت له کۆنستانتینۆپلهوه بۆ نووسیوم ئاگادارم ده‌کا له سه‌ر داوخوازی کۆمه‌ڵه‌ی ئێمه، لقی قه‌وقازی ڕێکخراوی " وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" فه‌رمانی دابوو پێداویستی و مهلزوومات له به‌ر ده‌ست میسیۆنێره‌کانی ئێمه بندرێ، تۆ بڵێی باشیمون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی له‌به‌رده‌ست دابووه کووژرابێ؟
ئه‌و ڕاستییه‌ی که حکوومه‌ت گشت ئه‌مریکاییه‌کانی له سابڵا‌غ کشاندووه‌ته‌وه، وێده‌چێ نیشانه‌ی ئه‌وه بێ له‌وێ ئاڵۆزییه‌ک هه‌یه و جێیه‌کی ناهێمنه بۆ بێگانان. له‌وانه‌شه ئیسماعیل پاشا!ی سمکۆ که له مانگی مارسی ئه‌وساڵدا ناچار بوو له‌شکره‌که‌ی له سندووس بکێشێته‌وه دیسان هه‌ڵه‌سوونی هێنابێته‌وه و سابڵاغی گرتبێته‌وه. ئه‌وه ده‌کرێ به‌دیلێک بێ. ئێمه ده‌بێ چاوه‌ڕێ بکه‌ین هه‌تا زانیاریی وردترمان ده‌ست ده‌که‌وێ ئه‌وده‌می به دڵنیاییه‌وه ده‌زانین ئه‌و تڕاژێدییه چۆن قه‌وماوه.
داخودا ئه‌وه ڕه‌وایه ئێمه لێگه‌ڕێین سێ میلیۆن و نیو کورد له به‌ر بوونی چه‌ند جه‌رده‌یه‌ک له ڕه‌نج و کوێره‌وه‌ری دا بژین؟ ئه‌گه‌ر به زمانی ئینسانی قسه بکه‌ین، ئه‌وه عادڵانه نییه........ئێمه که دروشمی "کوردستان بۆ عیسا"مان به‌رز کردووه‌ته‌وه داخودا ڕه‌وایه ڕێگه به خۆمان بده‌ین ده‌ست له میسیۆنه‌که‌مان هه‌ڵگرین که بناخهمان بۆی داڕشتووه؟..... ئێمه نابێ کاره‌که‌مان ڕابگرین ، به‌ڵکوو ده‌بێ به کورده‌کانی بسه‌لمێنین که دامان، فاسوم و باشیمۆن له پێناو ئه‌واندا مردوون..... ئێمه له‌و خه‌ساره مه‌زنه دا خۆمان به شه‌ریکی غه‌م و په‌ژاره‌ی خانمی باشیمون، که له‌کاتی کووژرانی مێرده‌که‌ی به لایه‌وه بوو، ده‌زانین هه‌روه‌ها کوڕه‌کانی ئادۆڵف و ئۆتۆ که له ئه‌ڵمان ده‌ژین و میسیۆنێره‌کانمان فاسوم [ئالما]، شوێنهۆڤد [ شوێنهوود] و گودهارت که ئێستا هه‌ڵاتوون بۆ ته‌ورێز........ له ژماره‌ی دابێ دا کورته‌ی ژیاننامه‌یه‌کی ئه‌و شه‌هیده‌مان بڵاو ده‌که‌ینه‌وه،
مهیڤیل. داکوتای باکوری.، 8ی نوڤامبری 1921
ن.ج.لور "
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 1ی، ساڵی 14، مانگی ژانڤییه‌ی 1922 دا ژیاننامه‌یه‌کی بهوردهڕیشاڵی باشیمۆنی به قه‌ڵه‌می ن.ج. لۆر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بڵاو کردووه‌ته‌وه، لێره دا هه‌مووی وه‌کوو خۆی ده‌گێڕینه‌وه:
" جه‌نابی جۆرج. ئێچ. باشیمۆن
باشیمۆن 42 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له Villers-Bretonneaux له نزیک شاری Amiens له دایک بوو. هێشتا ته‌مه‌نی که‌م بوو باب و دایکه کاتۆلیکهکهی له حه‌وزه‌یه‌کی علیمی پچووک petit Seminaire له‌به‌ر خوێندنیان نا به‌وهیوایه‌ی ببێ به قه‌شه. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌یلێکی زۆری تێدابوو بۆ خۆ گونجاندن له بواری دیکه دا، و مرخێکی که‌متری هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به که‌شیش، بۆخۆی به‌رپرسیاره‌تی په‌روه‌رده‌ی خۆی گرته ئه‌ستۆ. ئه‌ویش وه‌کوو ئێمانوێل دامان و فاسوم ئیستیعداد و تواناییه‌کی ڕێزپه‌ڕی هه‌بوو بۆ فێر بوونی زمان. جه‌نابی سترایکر له نووسینێکی دا سه‌باره‌ت به باشیمۆن ده‌ڵێ ئه‌و کاتی ناسیاوی له گه‌ڵی په‌یدا کرد باشیمۆن به ڕه‌وانی به فه‌ڕانسه‌یی، ئه‌ڵمانی، ئینگلیسی و ئیتالیایی قسه‌ی ده‌کرد و له ڕووسی، ترکی، هه‌رمه‌نی و بڕێکیش چینی تێده‌گه‌یشت.
دوای ئه‌وه‌ی له مانهایم ده‌رسی زمانی گوته‌وه، له شاری Metz له فه‌ڕانسه مه‌دره‌سه‌ی بێرلیتزی زمانانی کرده‌وه. له‌و مه‌دره‌سه‌یه دا ژماره‌یه‌کی زۆر له خوێندکاران بریتی بوون له ئه‌فسه‌رانی پایه به‌رزی ئه‌ڵمانی و له نێو ئه‌واندا سترایکر باسی ژه‌نه‌ڕاڵ فۆن ئێسترۆف ده‌کا و پڕۆفسۆر ڕۆبێلێنی کۆمه‌ڵه‌ی هێرمانسبورگ ده‌نووسێ یه‌ک لهوشاگردانه وه‌زیری شه‌ڕی ئه‌و دواییانه بووه. له‌و سه‌روبه‌نده دا باشیمۆن له گه‌ڵ ژنی دووهه‌می ماڵی پێکه‌وه نا، که بێوه‌ژنێکی پڕۆتێستانی خه‌ڵکی Chateau-Salins ی لۆره‌ین بوو. دوو کوڕه‌کانی باشیمۆن له نوێژی جه‌ماعه‌تی کلیسای لووتێری Metz دا ئاماده ده‌بوون. له‌و سه‌روبه‌نده دا بوو " تۆفان و هه‌ڵچوون" ی ژیانی ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌و ده‌ستیکرد به خوێندنه‌وه و قووڵبوونه بۆ به‌یه‌ک گرتن و به‌راوه‌رد کردنی دینی، و له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تێک که‌وت که به ئازادبیرانی هێرشکار) aggressive thinkers ) داده‌ندران. ئه‌و که هه‌لس و که‌وت له گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی به‌دڵ نه‌بوو بۆ به‌هێز کردنی ئیمانی دیسان له گه‌ڵ ده‌زگای میسیۆنی کلیسای خۆی، واته کلیسای نۆتردامی شاری مێتز که‌وت. به‌ڵام ئه‌و هه‌وای ئازادییه‌ی ههڵیمشتبوو و چاوی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی که کرابووه‌وه پێشی پێده‌گرت ئاشتی و ئارامی له کلیسای خۆی دا ببینێ بۆیه ده‌ستیکرد به هاموشۆی کلیسای لووتێری. دوای به‌ربه‌ره‌کانی و مله‌یه‌کی جیدی، که ته‌بیعه‌تی دڵنزمانه و پاکی وی ده‌رده‌خست، دواجار ئاشتی و ئارامی خۆی دیته‌وه. له ساڵی 1912 دا بوو به ئه‌ندامی ته‌واو له کلیسای لووتێری دا.
دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کلیسای لووتیری که‌وت نه‌ک هه‌ر هه‌موو شتی خۆی به‌ختی به دووداچوونی عیسا کرد، به‌ڵکوو هه‌موو ژیانی خۆی له سه‌ر خزمه‌ت کردن وه‌ک میسیۆنێرێک کۆ کرده‌وه. ده‌ستی له مه‌دره‌سه‌ی زمان که زۆر چاکی دامه‌زراندبوو هه‌ڵگرت، مامۆستا دیسان بووه به شاگرد. ئه‌و ئاماده‌یی نیشان دا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک میسیۆنێر بنێردرێ بۆ ئێران و له میسیۆنی ئه‌وێ خزمه‌ت بکا. به‌ر له‌وه‌ی بچێ بۆ ئه‌و پێگه‌یه له زانکۆی گوێتینگن په‌روه‌رده‌ی تێئۆلۆژی دی و له مانگی ژووه‌نی ساڵی 1914 له شاری هامبورگ پله‌ی مێسیۆنێرێتی درایه و ئه‌رکی پێ ئه‌سپێردرا. دوای ماوه‌یه‌کی کورت له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی به که‌شتی چوون بۆ کۆنستانتیۆپل ( ئه‌سته‌نبووڵ). له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باشیمۆن ئه‌ندامی 'Landwehr ' ( هێزی به‌رگری نیشتمانی)بوو، به هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ بانگ کرایه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ئه‌ڵمان، ئه‌وشه‌ڕه له 1ی ئووت [ ی 1914 ] هه‌ڵئایسا.
باشیمۆن و هاوسه‌ره‌که‌ی ئه‌و باروبهندیلهی پێیان بوو له ئه‌سته‌نبووڵ به‌جێیان هێشت و گه‌ڕانه‌وه ئه‌ڵمان. و له‌وێ به ڕێگه‌ی ئه‌و ناسیاوییه‌ی له گه‌ڵ وه‌زیری شه‌ڕی هه‌بوو، که پێشتر له مه‌دره‌سه‌ی زمان شاگردی بوو، له سۆلتان کرا به که‌شیشی که‌مپ بۆ یه‌خسیرانی شه‌ڕ: فه‌ڕانسه‌یی،ئینگلیسی، بێلژیکی و ئوستراڵیایی. له‌و کاره دا ئه‌و توانایی زمانه‌وانییه‌ی که هه‌یبوو زۆر به که‌لکی هات. لێره‌ش، هه‌ر وه‌ک له مه‌دره‌سه‌ی زمانه‌که‌یدا، هه‌ڵسوکه‌وتی به حورمه‌ت و خۆشه‌ویستانه‌ی کردییه خزمه‌تکاری هه‌ره باش بۆ ئه‌وانه‌ی ئاگاداری لێده‌کردن. له دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕ کرا به که‌شیشی نزاخوێنانی پڕۆتێستان له کلیسای فه‌ڕانسه‌یی له Heiligenstein، له‌وێ نۆ مانگی خزمه‌ت کرد به‌ر له‌وه‌ی خۆی ئاماده‌بکا بۆ چوون به‌ره‌و کاری میسیۆنێری. دیسان له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی دوو کوڕه‌کانیان ئادۆڵف و ئۆتۆ یان له ئه‌ڵمان به‌جێهێشت و له 11ی ژووه‌نی ساڵی 1920 له شتراسبورگهوه وه‌ڕێکه‌وتن و ڕۆژی 29ی ئه‌و مانگه گه‌یشتنه ئه‌سته‌نبووڵ وله‌وێ ئه‌و باروبهندیلهی خۆیان دۆزییه‌وه که له ساڵی 1914وه له ئه‌نباردا دایان نابوو. له 3ی ژووییه له ئه‌سته‌نبووڵه‌وه به‌ره‌و ئێریوان، هه‌رمه‌نستان وه‌ڕێکه‌وتن و له 20ی ژووییه گه‌یشتنه ئه‌وێ، ئه‌و شوێنه‌ی جه‌نابی ئێل. ئو. فاسوم، ئالما فاسوم و هاننا شوێنهوود له یه‌که‌م حه‌وتووی مانگی مارسی 1920وه له‌وێ بوون.له‌و سه‌روبه‌نده دا جه‌نابی فاسوم وه‌ک فه‌رمانده‌ری ناوچه‌یی ڕێکخراوه‌ی " وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" کاری ده‌کرد. ده‌زانین که فاسوم له 10ی ئۆکتۆبری 1920 له ئێریوان وه‌فاتی کرد. له ئێریوان باشیمۆن کرا به پشکنێری په‌روه‌رده‌ی گشتی.
له گه‌شته‌که‌یاندا له گه‌ڵ فاسوم بۆ سه‌رکه‌وتن له چیای ئاگری، له ڕۆژی 24ی ئووتی 1920 باشیمۆن یه‌که‌مجار چاوی به کوردان که‌وت. فاسوم له‌وباره‌یه‌وه له ڕاپۆرته‌که‌یدا ده‌نووسێ: " کورده‌کان له ناسێنه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هاوڕێکه‌ی من دڕدۆنگ بوون، ته‌نانه‌ت ئیدیعاشیان ده‌کرد ده‌زانن دایکی هه‌رمه‌نییه و له ئێریوان ده‌ژی.ئه‌وه بۆ من زۆر ناخۆش بوو، چونکوو له‌هه‌موو ئه‌و قسانه تێده‌گه‌یشتم که له نێوان خۆیاندا ده‌یانکرد."
ئێمه له خواره‌وه به‌شێک له‌و ڕاپۆرته‌ی باشیمۆن که هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته نووسیویه و له ڕۆژنامه‌ی "Friednesbote " دا بڵاو کراوه‌ته‌وه ده‌گێڕینه‌وه. " له ناکاو سوارێک ده‌رکه‌وت. له سه‌ر ئه‌سپه نهعاملاوهکهی هه‌ر وه‌ک هیندییه‌کی پێست سووری ئه‌مریکایی وه‌به‌رچاو ده‌هات، که ئه‌من له‌و کتێبانه دا دیتوومه که باسی هیندییه سووره‌کان ده‌که‌ن. ئه‌و زهنگاڵێکی ڕه‌شی هه‌ڵکێشابوو و بلووزێکی درێژی ده‌به‌ر دابوو و پێچی سه‌ریشی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بوو و تفه‌نگه‌که‌شی له لێوی زینی ئه‌سپه‌که‌ی ڕا شۆر کردبووه‌وه. یه‌که‌م کورد[ی که ده‌یبینم]. یه‌كێک له شاره‌زا تاتارهکانمان به په‌له چووه پێشی و بێگومان هاتنی ئێمه‌ی پێگوت و کورده‌که له گه‌ڵمان که‌وت. فاسوم حه‌ولی دا بیدوێنێ، و ئه‌من زۆر له نزیک ئه‌وانه‌وه ده‌م ئاژۆت بۆ ئه‌وه‌ی شتێک ببیسم. به‌ڵام کوردییه‌که‌ی زۆر لاواز بوو، زیاتر ترکی بوو تا کوردی."
سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌و گه‌شته باشیمۆن ده‌ڵێ:" ئه‌مه‌ر ده‌بێ هه‌تا سه‌ر چۆمی ئاراس له‌گه‌ڵمان بێ. بۆچی ئه‌و ده‌بێ بیانوویه‌ک ببینێته‌وه و به‌جێمان بهێڵێ؟ بۆچی ئه‌و ده‌ڕوا؟ بۆچی ئه‌و بۆ جاری دوویه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئیزن له‌من وه‌رده‌گرێ؟ ئێمه پێمان وابوو ئیدی ئه‌و ڕۆیشتووه، به‌ڵام جارێکی دیکه ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌یه‌وێ یه‌کێک له ئهنگووستیلهکانی خۆیم بداتێ، هه‌موو قامکه‌کانی ئه‌نگوستیله‌ی تێدایه. ئه‌من به چاو له فاسوم ده‌پرسم داخودا لێی وه‌ربگرم یان نا؟ دوایه ده‌ستم برده پێشێ و پێم گوت : " ئه‌تۆ دۆستی منی"، و فاسومیش قسه‌کانی منی بۆ وه‌رگێڕا و داوام لێکرد یان له سابڵا‌غ یان له ئێریوان بێ و سه‌ردانمان بکا.به‌ڵام ئه‌و چاره ڕارا و غه‌مباره بۆچی؟ یه‌که‌مجار دواتر ده‌بێ سه‌یرو سه‌مه‌ره بوونی جوڵانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ر بۆ من ڕوون بێته‌وه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ڕووداوی دیکه‌دا، که من هیچ گومانم نییه، ئه‌و لێی ئاگادار بووه به‌ڵام، بۆخۆی هیچ ده‌ستی تێیدا نه‌بووه. یه‌کێک له کورده‌کان ده‌بوو ئێمه بکووژێ! ئه‌وه ئه‌و کاره بوو که ئه‌مه‌ر هیچ ده‌ستی تێدا نه‌ده‌بوو. ئه‌و ده‌یزانی چ مه‌ترسییه‌ک له سه‌ر من هه‌یه چونکوو کورده‌کان ئه‌منیان به هه‌رمه‌نی داده‌نا، و به‌و ئاکامه گه‌یشتبوون ئه‌و گه‌شته له لایه‌ن منه‌وه به مه‌به‌ستی تایبه‌تی ڕێک خراوه."
باشیمۆنه‌کان [ باشیمۆن و هاوسه‌ری] و هاننا شوێنهوڤد[پاشناوی شوێنهوود به زمانی نۆڕوێژی – حه‌سه‌نی قازی ] له 8ی ژانڤییه‌ی ئێریوانیان به‌جێهێشت و له ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ 6ی فێڤرییه‌ی 1921 گه‌یشتنه ته‌ورێزێ.ئالما فاسوم دواتر چوو. باشیمۆن بۆ تاقیکردنه‌وه سه‌فه‌رێکی کرد بۆ ساوجبولاغ و له 29ی مارس گه‌یشته ئه‌وێ. دوای چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه له‌وێ گه‌ڕاوه ته‌ورێز بۆ ئه‌وه‌ی میسیۆنێره‌کانی دیکه‌ش له گه‌ڵ خۆی به‌رێ. له 28ی مانگی مه‌ی [1921] هه‌موویان گه‌یشتنه ساوجبولاغ. باشیمۆن له نامه‌یه‌ک دا به به‌رواری یه‌که‌می ژووه‌ن ده‌نووسێ:"نامه‌یه‌ک له ساوجبولاغه‌وه! ئێمه ئاخره‌که‌ی به‌ڕاستی گه‌یشتینه ساوجبولاغ! خانمه‌کان دوای 16 مانگ، ئێمه‌ش باشیمۆنه‌کان دوای حه‌وت ساڵ!"
نامه‌کانی دواتری باشیمۆن له ساوجبولاغه‌وه باسی ئه‌وه ده‌که‌ن خه‌ڵکی ئه‌وێ چه‌نده به هاتنه‌وه‌ی دۆسته‌کانیان، میسیۆنێره‌کان گه‌شاونه‌ته‌وه، دوایه دوای چوارمانگ کاری بێ پسانه‌وه ئه‌و په‌یامه پڕلهپهژارهیه ده‌گاتێ که باشیمۆن له 7ی ئۆکتۆبر به‌ده‌ست پیاوکوژان کووژراوه! ورده ڕیشاڵی ئه‌و تراژێدییه هێشتا به ده‌ست ئێمه نه‌گه‌یشتووه به‌ڵام، هه‌موو شت وا نیشان ده‌دا دۆسته ساوجبولاغییهکانمان هیچ سووچێکیان نییه له‌و تاوانکارییه خوێناوییه دا......
دوای نووسین: سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ژیاننامه‌یه بریتین له نووسینێکی جه‌نابی ئێبرهارد سترایکر که له
“ Evangelische Lutherischer Friedensbote our Elsasz-Lotheingen” دا له شتراسبوورگ بڵاوی کردووه‌ته‌وه، و هێندێک ئاماژه‌ی لێرولهوێی پرۆفێسۆر روێبێلن و نامه‌کانی باشیمۆن بۆ سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری.
-- ن.ج. لۆر "
جه‌نابی ن.ج.لۆڕ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له ژماره‌ی 2ی، ساڵی 14،فێڤرییه‌ی 1922. لاپه‌ڕه‌کانی 19، 21،20، 22 " کوردستان میشنێری" دا له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تایه‌کی کورتی خۆی ئه‌م ڕاپۆرته‌ی خواره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به کووژرانی باشیمۆن بڵاو کردووه‌ته‌وه . "کاره‌سات له سابڵا‌غ. ئاخره‌که‌ی زانیاریی ته‌واومان له میسیۆنێره‌کانمان له سابڵاغه‌وه به ده‌ست گه‌یشت. ئه‌و نامانه له بۆکان، ئێران له 22ی ئۆکتۆبری 1921، و ئه‌وانیدی له‌ته‌ورێزه‌وه له 8ی نۆڤامبری 1921 نووسراون هاو کات به ده‌ست من گه‌یشتن. هه‌ر له‌و پۆسته‌ی دا بۆم هات نامه‌یه‌کی ئاغای H.C.Jaquith یش هه‌بوو که‌تێیدا باسی ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌کا کاربه‌ده‌ستانی " ئاژانسی ئه‌مریکایی وه‌فریاکه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک" هه‌ڵیان هێناوه‌ته‌وه بۆ به ته‌نگه‌وه هاتن و ئاگاداریی له میسیۆنێره‌کانمان.ئێمه زۆر قه‌رزداری ئاغای جاکویت و ئه‌ندامانی "وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک"ین بۆ دانی یارمه‌تی ماڵی بهمیسیۆنێرهکانمان که له‌به‌ر تاڵانکران و وڕووتکرانیان پێنی یه‌کیشان نه‌بوو، هه‌ر وه‌ها زۆر سپاسیان ده‌که‌ین کاری چوونه‌وه‌ی خانمی باشیمۆن یان ڕێک خستووه و دراویان داوه‌تێ بۆ ئه‌وه‌ی پێی بگاته‌وه ئه‌ڵمان. سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی خانمی باشیمۆن ئاغای جاکویت له نامه‌که‌یدا ئاوا ده‌نووسێ: " ئه‌من ڕێگه‌مدا خانمی باشیمۆن ئێران به‌جێ بهێڵێ و بچێته‌وه ماڵی خۆی --- ئه‌ندامانی دیکه‌ی میسیۆنه‌که پێیان خۆش نه‌بوو فه‌رمان بدرێ یه‌کێک له ئه‌ندامانی میسیۆنه‌که‌ی خۆیان له ئێران بڕوا.به‌ڵام هه‌لومه‌رجی له‌شساخی خانمی باشیمۆن کارێکی وای کرد بڕیاربده‌م هه‌رچی زووتره ئێران به جێ بهێڵێ و ئه‌و به‌ڕێگه‌ی قه‌وقاس دا له گه‌ڵ ئاغای گرادرز، ئه‌ندامێکی میسیۆنی پرێسبێتێری له‌ته‌ورێز- وه‌ڕێ ده‌که‌وێ و بێگومان تا نێوه‌ڕاستی مانگی ژانڤییه ده‌گاته کۆنستانتینپۆل (ئه‌سته‌نبوڵ). ئه‌م نامه‌یه‌ی خواره‌وه یای شوێنهوود وورده ڕیشاڵی کاره‌ساتی سابڵا‌غ ده‌گێڕێته‌وه:
"ته‌ورێز. ئێران، 8ی نۆڤامبری 1921
جه‌نابی. ن. ج .لۆر، مه‌ی ڤیل. داکۆتای باکوور.
برای عه‌زیز لۆر:
............ وابزانم، ئێوه سه‌باره‌ت به‌و گێره‌و کێشانه‌ی هاتنه گۆڕێ ده‌نگۆیه‌کی زۆرتان بیستووه. وه‌ک لێره بۆمان باس ده‌که‌ن زۆر ده‌نگووباس له‌وباره‌یه‌وه گه‌یشتوونه ته‌ورێزێ و لێره‌وه به تێلگراف ئێوه‌یان لێ ئاگادار کردوون. دیاره ئه‌و ده‌نگۆیانه هه‌موویان ڕاست نین. هیوا دارم ئێوه ئه‌و تێلگرافانه‌ی ئێمه‌تان به ده‌ست گه‌یشتبێ بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ ڕاستی ڕووداوه‌کان بزانن. خانمی باشیمۆن حه‌ول ده‌دا ده‌رببا و ددان به جه‌رگیدابگرێ، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین به‌ته‌واوی جه‌رگی سووتاوه. له‌کاتێکدا به ته‌واوی چاو له قه‌یرانی سیاسی هه‌ڵنابوێردرێ، به‌ڵام وێناچێ که‌س پێی وابێ تێکهه‌ڵچوونه‌کان هه‌ر به سابڵا‌غ سنووردار بن. به‌ڵکوو ئێرانییه‌کان به‌ره‌و ناوچه‌ی سندووس ده‌چن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ دۆژمن.
له دوای نیوه‌ڕۆی شه‌شی ئۆکتۆبر [ ی 1921] یه‌که‌م تێکهه‌ڵچوون قه‌وما. سه‌ربازانی ئێرانی له چیایان خۆیان دامه‌زراندبوو و خه‌به‌رهات له‌شکری سمکۆ ( کورده شکاکه‌کان) به‌ره‌و شاری سابڵا‌غ دێن. شه‌وێ ته‌قه ده‌ستی پێ‌کرد. ته‌قه‌ی موسه‌لسه‌ل و زرمه‌ی تۆپان ده‌بیسترا و ئه‌وه تا لای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دوایی به‌رده‌وام بوو، و له‌و کاته دا سوارانی سمکۆ له چیاکانه‌وه ڕژانه نێو شاری.ده‌ستبه‌جێ تاڵان ده‌ستیپێکرد. ئه‌وان هه‌رچییه‌کی له ماڵه‌که‌ماندا هه‌بوو بردیان ته‌نانه‌ت کراس و جلوبه‌رگی به‌ریشمان، ته‌نێ هێندێک شڕه په‌ڕۆیان بۆ هێشتینه‌وه به‌ده‌نی خۆمانی پێ داپۆشین؛ جوڵانه‌وه‌یان ئه‌وه‌نده بێ به‌زه‌ییانه‌وه بوو له گێڕانه‌وه نایه، به قۆنداغه تفه‌نگان لێیان ده‌داین، به شه‌ق لێیان ده‌داین و قژی سه‌ریان ڕاده‌کێشاین و هتاد.
ئاغای باشیمۆن به ڕاده‌ستکردنی ئه‌و سندووقه‌ی دراوی تێدابوو و به دانی سه‌عاتی ده‌ستی خانمی باشیمۆن دێته نهوومی خوارێ به ژنه‌که‌ی بڵێ هه‌موو شت ڕۆیی و به‌و قسانه دڵخۆشی ده‌داته‌وه،" ئه‌وه هیچ نییه، به‌س نییه خۆمان ماویین." ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه ده‌سته‌یه‌کی دیکه دێنه نێو خانووه‌که و ئاڵۆزیی و تێکه‌ولێکه‌یی زیاتر به‌رده‌وام ده‌بێ.هه‌ر که خانمی باشیمۆن به‌ره‌و دیوی ئیداره دێ ده‌بینێ مێرده‌که‌ی به ئه‌سپایی له پلیکانه‌کانی نهۆمی سه‌ره‌وه ڕا دێته خوارێ و سێ پیاوی به دووه‌وه‌یه.به تێکچوونی ڕه‌نگی ڕووی مێرده‌که‌ی ڕا ده‌زانێ شتێکی جیدی قه‌وماوه، کاتێک ده‌نگی ده‌دا و قسه‌ی له گه‌ڵ ده‌کا ده‌بینێ ناتوانێ وڵامی بداته‌وه، به‌ڵام باشیمۆن حه‌وڵ ده‌دا به‌ره‌و وی بچێ و خۆی له‌سه‌رپێیان بگرێ له‌وێ به سه‌ر عه‌رزی دا ده‌که‌وێ. خوێن له شوێنی نزیک دڵییه‌وه فیچقه ده‌کا. دوایه چاوی وێک ده‌نێ، بۆ ماوه‌ی نزیک پێنج ده‌قیقه نه‌فه‌س ده‌کێشێ و ئیدی دڵی له کار ده‌که‌وێ. ئه‌و زۆر جار ئاواتی ئه‌وه بوو بێتوو بکوژرێ، پێی خۆش نییه ئه‌شکه‌نجه بدرێ، پێی خۆشه ڕوحی زوو ده‌رچێ، و به دڵنیاییه‌وه ئاواته‌که‌ی وه‌دی هات.
ماوه‌یه‌کی کورتی به‌رله‌وه‌ی لاتولووته‌که بێنه نێو خانوویه‌که، ئاغای باشیمۆن هاته جێی ئیداره و گوتی: "ئه‌من هه‌ر ئێستا ئه‌و نامیلکه‌یه‌ی فاسومم وه‌به‌ر ده‌ست هات" دوو ڕسته‌ی تێدابوو " عیسا، ئاشقی ڕوحی من" و ئه‌و پێی خۆش بوو هه‌موومان به‌یه‌که‌وه بیخوێنینه‌وه. ئه‌و ئینجیله گه‌وره‌که‌ی هێنا و کردییه‌وه به‌و هیوایه‌ی به‌شێک بدۆزێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی تێیدا بووین بگونجێ. کاتێک گه‌یشته به‌شی عیسا. 43:1 " مه‌ترسێ، چونکوو ئه‌من ڕزگارکه‌ری تۆم، به نێوی خۆت نێوت هه‌ڵده‌ده‌م، ئه‌تۆ ئی منی." ئه‌و به حاڵه‌تێکی ئاسووده‌یی و ڕه‌زایه‌ته‌وه‌چاوێکی لێ‌کردین و کتێبه‌که‌ی به‌یه‌که‌وه‌نا. ئه‌و ئینجیله گه‌وره‌یه یه‌که‌م شتی بوو به عه‌رزیدا که‌وت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌جۆرێک داوای پارێزگاری له ده‌سته‌ڵاتداران بکه‌ین، یای گودهارت، جه‌واهێر، یای فاسوم، و بۆخۆم له ده‌روازه‌ی ماڵه‌که‌مان ده‌رکه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان ڕزگارکه‌ین دیتمان ئه‌وه پاشماڵه‌که‌مان له خوێنی خۆیدا ده‌تلێته‌وه. ئه‌ویش گولله پێکابووی.خانمی باشیمۆن له هیچ کوێیه‌ک دیار نه‌بوو. ئه‌و له‌پێشدا داڵده‌ی بردبووه به‌ر ژووری پاشماڵه‌که و له‌وێوه خۆی گه‌یاندبووه که‌لاوه‌یه‌کی پشته‌وه‌ی خانووه‌که‌مان، له‌وێ کزوولکه‌ی کردبوو له گۆشه‌یه‌کی ئه‌و دیواره قوڕانه‌دا تا دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دواتر خۆی حه‌شاردابوو. ژنی پاشماڵه‌که‌مان دۆزییه‌وه و هێنایه‌وه نێو ماڵه‌که‌مان. له هه‌مانکاتدا، ئێمه به‌ده‌سته کوته به نێو لینگی ئه‌سپی سواران و به خیابانی ته‌نگه‌به‌ر دا، به پێی پێخاوس خۆمان گه‌یانده به‌رزاییه کی ئه‌سته‌می داوێنی شاخی ،له‌وێ سمکۆ به‌خێری هێناین و داوای لێبوردنی کرد له‌وه‌ی قه‌وماوه و ئه‌فسه‌رێکی له‌گه‌ڵ ناردین بمانباته شوێنێکی هێمن . ئه‌وێ ئیداره‌ی گوومرگی ئێران بوو، ماڵی ئه‌فسه‌ران که دانیشتووه‌کانی هه‌ڵهاتبوون.ئێمه تا دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دواتر له‌و شوێنه ماینه‌وه. هه‌ر دووک ڕۆژان گه‌ڕان به دووی خانمی باشیمۆن دا کرابوو و بۆ ڕۆژی دووهه‌م دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک که گه‌یشتینه‌وه ماڵێ، دێتمانهوه و هێنامانه ژوورێ. ئێمه له‌خۆشیان سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و په‌ژاره گه‌وره‌یه‌ی دایگرتبووین له‌کوڵی گریانمان دا.
له‌وێوه هه‌موومان چووینه‌وه ماڵی یای گودهارت و تا ڕۆژی جومعه‌ی دواتر که شارمان به‌جێ هێشت له‌وێ ماینه‌وه. ڕۆژی یه‌کشه‌مۆ، 9ی مانگ [ی ئۆکتۆبر] مه‌یتی باشیمۆنمان له گۆڕستانی هه‌رمه‌نیان، که حه‌سارێکی چکۆڵه‌ی کلیسایه‌کی کاولکراوه به ته‌نیشت Damman وه ناشت، که چه‌ندین ساڵ له‌وه پێش له بنکه‌ی میسیۆنه‌که‌مان دا کووژرابوو. یای گودهارت و یای فاسوم به یارمه‌تی چه‌ند که‌سی خۆجێیی، تابووتێکیان بۆ ساز کرد، به لێکبه‌ستن و به بزمارداکوتانی دوو قوتووی دار که له ئه‌نبار دا هه‌بوو. ئه‌و بۆچوونه‌ی موسڵمانان که ئه‌گه‌ر ده‌ستیان وه به‌ده‌نی مردووی مه‌سیحی بکه‌وێ گڵاو ده‌بن بووه هۆی ئه‌وه ئێمه سێ ژنه‌کان بۆخۆمان ته‌رمه‌که هه‌ڵگرین و له سه‌ر نێردیوانێکی دانێین و دوایه ئه‌و حه‌ماڵانه‌ی به‌کرێمان گرتبوون مه‌یته‌که‌یان برد بۆ ناشتن. یای گودهارت و یای فاسوم له گه‌ڵ مه‌یته‌که چوونه سه‌رقه‌بران، و له‌وێ پیاوێکی پیری که یارمه‌تییه‌کی زۆری دابووین و دڵداری ده‌داینه‌وه، ئاخره‌که‌ی گوتبووی،" ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه گڵاو بێ، با ئه‌منیش گڵاو بم" و یارمه‌تی کردبوون بۆ هه‌ڵێنانی مه‌یته‌که بۆ ئه‌وه‌ی له‌و تابووته ته‌نگه‌ی بنێن .له سه‌ر گۆڕی باشیمۆن یای گودهارت به کورتی و به کوردی ڕێوڕه‌سمی ناشتنی به‌جێ هێنابوو که چه‌ند که‌سیش له خه‌ڵکی خۆ جێیی بۆ به‌خاک ئه‌سپاردنه‌که له‌وێ ده‌بن.خانمی باشیمۆن هێزی ئه‌وه‌ی نه‌بوو له گه‌ڵیان بچێ بۆیه له ماڵێ مایه‌وه و ئه‌منیش له‌گه‌ڵی بووم. چه‌ند ڕۆژ دواتر که ئه‌و ئاهێکی به به‌ردا هاتبووه‌وه، ئێمه هێندێک له‌وگوڵانه‌ی له باغچه‌ی خانووه‌که‌ماندا مابوونه‌وه چنیمان و هه‌موومان به یه‌که‌وه چووینه زیاره‌تی گۆڕی باشیمۆن.
یه‌کشه‌مۆی به‌ر له مردنی باشیمۆن یه‌که‌م وه‌عزی خۆی به زمانی کوردی دادا.ئه‌و " دۆعانامه" یه‌ی به‌کارهێنابوو که کرابووه کوردی. میرزا که‌ریم که کاری له‌گه‌ڵ کردبوو بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌کان، له کاتی وه‌عز دانه‌که‌ی دا له‌وێ ببوو. باشیمۆن ڕۆژی به‌ر له مردنی خه‌ریکی وه‌رگێڕان و خوێندنی دۆعای "Werde munter mein Gemte " ببوو . ئێمه ڕۆژی دووشه‌مۆ کۆبوونه‌وه‌ی میسیۆن مان هه‌بوو و، پێوه‌بووم ڕۆژی شه‌مۆ گوزارشتێکتان سه‌باره‌ت به کۆبوونه‌وه‌که بۆ بنێرم. ئه‌و ده‌فته‌ری باسی کۆبوونه‌وه‌کانمان تێدا ده‌نووسی نه‌مابوو به‌ڵام، به‌خۆشییه‌وه ده‌فته‌ری ژمێریاری و حیسابمان هه‌ر ماوه.
به مێهره‌وانه‌ترین سڵاو له لایه‌ن هه‌موومانه‌وه، دڵسۆزتان له‌خزمه‌تی ئاغامان دا، (ئیمزا) هاننا. ک. شوێنهوود"
له‌و ڕاپۆرته‌ی شوێنهوود ده‌بێ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ڕاپۆرتی ئاغای جاکویت سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته زیاد بکه‌م که ده‌نووسێ: " .... ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ی ئێستای سمکۆ بۆ ده‌ست به‌سه‌ر داگرتن و کۆنتڕۆڵی هه‌رێمێکی به‌پیته که له نێوان سابڵا‌غ و ورمێ دایه. ئێرانییه‌کان به‌هێزێکی نزیک 800 که‌سییه‌وه سابڵاغیان به ده‌سته‌وه بوو له به‌رانبه‌ر سمکۆ دا که هێزه‌که‌ی نزیک 2500 کورد ده‌بوون و له چیاکانه‌وه هاتنه نێو شار، ماڵه‌کانیان تاڵان کرد و چه‌پاندیان، و که‌له‌وپه‌له‌کانیان کرده باری ئه‌سپ، یه‌ستر،که‌ڵ و گامێشان و له شاری ده‌رکه‌وتن."
ئێدیتۆری کوردستان میشنێری تێهه‌ڵکێشی ئه‌و نووسینه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ن.ج. لۆر وێنه‌ی گۆڕی ئێمانوێل دامان ی چاپ کردووه و ده‌نووسێ: " ماکی ئه‌م دیمه‌نه باشیمۆن به قه‌ڵه‌م کێشاویه‌ته‌وه و له گه‌ڵ ڕاپۆرتێک که سه‌باره‌ت به سه‌ردانی خۆی له ساوجبولاغ له فێڤرییه‌ی 1921 نووسیبووی بۆ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌مانی ناردبوو. ئه‌و دیمه‌نه که به‌قه‌ڵه‌م کێشراوه‌ته‌وه له لایه‌ن جه‌نابی ف.و.ڕیشتری کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لووتێری پیتسبورگ گه‌وره کراوه‌ته‌وه. ئه‌م شوێنه ئێستا و هه‌تاهه‌تایه شوێنێکی پیرۆزه بۆ مه‌سیحییه‌کانی لووتێری. خوێنی ڕێبه‌رانی شه‌هید هاواری خوڵای ده‌کا بۆ به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی به خه‌ڵکی نه‌دار و نه‌زان دا و هه‌ر وه‌ها له ئێمه‌شیان ده‌وێ، ئاڵاکه‌مان دانه‌نوێنین، به‌ڵکوو له سه‌رخه‌باتی ڕووناکی به‌دژی تاریکی دا به‌رده‌وام بین........."
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 8ی، ساڵی 14، مانگی ئووتی 1922، نامه‌یه‌کی یای ئاننا باشیمۆن، هاوسه‌ری جۆرج باشیمۆنی بڵاوکردووه‌ته‌وه که له 24ی فێڤرییه‌ی 1922 له ته‌ورێزه‌وه بۆ خانمی وی جێگری ئیدیتۆری گۆواره‌که‌ی نووسیوه و له به‌شێکی دا هاتووه: "خانمی وی خۆشه‌ویست. سپاس بۆ نامه جوانه‌که‌تان و هاوده‌ردی دڵپاکانهتان.ئێستا سه‌رده‌مێکی زۆر ناخۆشه بۆمن، ته‌نێ هه‌ستی ئه‌وه‌ی که خودا مێرده‌که‌ی منی له‌ده‌رد و په‌ژاره‌ی ئه‌م دنیا به‌ده به‌دوور ڕاگرتووه هێندێک سوکناییم ده‌داتێ. یای شوێنهوود سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی کووژرانی بۆی نووسیون، ئه‌منیش ئاره‌زووم ده‌کرد له گه‌ڵی بووبام. ئێستا زۆر هه‌ستی به ته‌نێ بوون ده‌که‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی گشت ژیانم له گه‌ڵ دایک‌و بابم و دواتر له گه‌ڵ مێرده‌که‌م ژیاوم و قه‌ت له نێو غهریبهیاندا نه‌بووم. ئه‌من عاده‌تم وا بوو هه‌موو دهردوکوڵهکانم بۆ مێرده‌که‌م بگێڕمه‌وه، هه‌ر شتێکی پچووک له ژیانماندا ڕووی دابا له‌گه‌ڵم باس ده‌کرد، ئه‌وشتانه‌ی که واوێدهچن مرۆ له‌لای خوڵای خۆی باسیان نه‌کا.چونکوو ئێمه ده‌بێ هه‌ر داوخوازی سێبووری لێ بکه‌ین. ئێستا وا هه‌ست ده‌که‌م چ هێزم تێدانه‌ماوه بتوانم چبڕ به‌رگه‌ی ده‌رد و کوێره‌وه‌ری چێشتن بگرم. ئه‌من وا نه‌بووم به‌ڵام دوای ئه‌و به‌ڵا گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌رم هات ئیدی هیچ سه‌برم نه‌ماوه......
یای شوێنهوود پێی خۆشه ئه‌من لێره بمێنمه‌وه، به‌ڵام لێره هیچ نییه بیکه‌م و هیچ نهخشهیهکیشم بۆ داهاتوو نییه. له‌پێشدا بۆ چه‌ند ڕۆژێک ده‌چمه لای جه‌نابی سترایکر، له شتراسبورگ ئێلساس، دوایه ده‌چمه لای براکه‌م و.هێدیک له ئاڵزاس، فه‌ڕانسه،جاده‌ی له‌وران.... به‌ڵام ناتوانم لای ئه‌و بمێنمه‌وه. ئه‌من نزیکه‌ی 20000 مارکم هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو شت زۆر گرانه، ئه‌وه ته‌نێ ده‌کاته 200 دۆڵار، نابێ کوڕه‌که‌م کوێره‌وه‌ری ببینێ و ده‌بێ درێژه به خوێندنه‌که‌ی بدا. ئێره [ئوڕووپا] هێندێک جیاوازه له ئه‌مریکا، لێره ناکرێ مرۆ هاوینان کار بکا و زستانان بخوێنێ. جا بۆیه ئه‌من پاره‌که ده‌ده‌م به‌وی. ئه‌من هیوام وا بوو ئادۆڵف کوڕه گه‌وره‌که‌مان له ئه‌مریکا وه‌ربگیرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌شیش ڕۆبێلێن له‌و باره‌یه‌وه بۆی نووسیوم زۆر جێی نائومێدییه. ئێستا ئه‌و کوڕه به‌سته‌زمانه ده‌بێ ببینێ بزانێ چ بکا کاری هه‌ره باشه، ته‌مه‌نی هه‌ر 22 ساڵه. کوڕه گهنجترهکهم که ته‌مه‌نی 16 ساڵه، ئێستا له لای برا پچووکهکهم که له دۆرتمۆند له وێستفالی ده‌رمانسازه ده‌ژی
ئه‌من هه‌رچییه‌کی هه‌م بوو له ده‌ستم دا، ناتوانم ماڵێک ببینمه‌وه و لێی بژیم.ئه‌من قه‌ت ئه‌وه‌نده نه‌دار نه‌بووم. ته‌نیا ڕێگایه‌کی بۆمن ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه کارداری ماڵان بکه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌وڵاتی من ده‌ست نادا، له به‌ر لۆمه‌ی دۆستان و خزمان. جا بۆیه خانمی وی، هیچ نازانم چم به‌سه‌ر دێ و له‌خۆم دڵنیا نیم. ئه‌من منداڵی هه‌ره گه‌وره له نێو 7 خوشک و برایان دا بووم، دایکم ئیزنی نه‌ده‌دام هاموشۆی که‌سی غه‌ریبه بکه‌م، وه‌ک دۆستی دایکم وابووم و بهمانگان خزمه‌تم ده‌کرد ئه‌وده‌می که نه‌خۆش بوو. زۆر جار بیرم لێده‌کرده‌وه زۆر باش ده‌بوو ئه‌گه‌ر شتێک فێر بووبام، به‌ڵام دایکه ئه‌و فکره‌ی پێ باش نه‌بوو و پێی زویر ده‌بوو. جا بۆیه هه‌تا ته‌مه‌نی 29 ساڵی له ماڵێ دا مامه‌وه و ئه‌و ده‌می له خۆم ڕادی به سهربهستراویی به دایکم و زڕبابم بڵێم باش ده‌بێ بتوانم بچمه ده‌رێ و له گه‌ڵ خه‌ڵکی غه‌ریبه ناسیاوی په‌یدا که‌م.هه‌ستم وا بوو که هه‌میشه ده‌توانم بگه‌ڕێمه‌وه ماڵێ، ئه‌گه‌ر پێم خۆش بێ. دوای مانگێک بڕیار درا بچمه ئینگلیستان بۆ لای خزمێکی دۆستێکم، خانمێکی ئینگلیسی، به‌ڵام له پێشدا ته‌نێ بۆ سه‌ردان. ئه‌من 6 مانگ و 8 ڕۆژ خه‌ریکی خوێندنی ئینگلیسی بووم به‌ر له‌وه‌ی وڵات به‌جێ بهێڵم. ئاغای باشیمۆن ڕۆژێک هاته لای دایکوبابم و خوازبێنی منی لێکردن. .... ئه‌من هێندێک فکرم کۆنه و ته‌مه‌نم بووه به 41 ساڵ، زۆر زه‌حمه‌ته له‌و ته‌مه‌نه دا مرۆ شتی نوێ فێر بێ.......
ئێستا پاسپۆرت و ویزام له سۆڤیێتییه‌کان وه‌رگرتووه. کۆنسوولی فه‌ڕانسه بۆی نووسیوم کۆنسوولی ئینگلیستان ئیجازه‌که‌ی بۆ وه‌رگرتووم و هه‌موو خه‌رج و تێچووشی داوه.هیوا دارم به زوویی لێره بڕۆم. ئه‌من زۆر خۆشحاڵ ده‌بم ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌ی کوردستان میشنێریم بۆ بنێرن. زۆر به‌داخه‌وه‌م مێرده‌که‌م نه‌یتوانی نامه‌ی زیاترتان بۆ بڵاو کردنه‌وه بۆ بنێرێ. ئه‌و زۆرشتی بۆ منداڵان نووسیوه.هه‌ر وه‌ها سه‌باره‌ت به گه‌شتی ئاگری، ئه‌وه چۆن له ڕۆژنامه‌یه‌کی فه‌ڕانسه‌ییدا ده‌رکه‌وتووه، ئه‌من نازانم، وابزانم به‌ڕێگای جه‌نابی سترایکر ڕا به ده‌ستیان گه‌یشتووه. ئه‌و ده‌می ئاغای فاسوم پێی خۆش نه‌بوو مێرده‌که‌م ئه‌و نووسینه‌ی ناردووه، و ده‌یگوت ئیدی شتێکی وا له‌وباره‌یه‌وه نامێنێته‌وه تا بنێردرێ بۆ ئه‌مریکا. ئه‌و نووسینه‌ی مێرده‌که‌م له مه‌ڕ یه‌که‌م سه‌ردانی بۆ ساوجبولاغ نووسیبووی کۆپیم کرد و ئیزنم لێ وه‌رگرت و بۆ جه‌نابی لۆرم نارد، به‌ڵام بۆ خۆی ئه‌و ڕاپۆرتی سه‌فه‌ره‌ی به قه‌د من پێ سه‌رنجڕاکێش نه‌بوو، ئه‌و هه‌میشه نیگه‌رانی ئه‌وه بوو نه‌کا فیزی به‌خۆیدا بێ، چونکوو ده‌یزانێ ده‌بێ زۆر کار بکا.تکایه ببوورن ئه‌گه‌ر ئینگلیسییهکهم باش نییه. ئه‌وه یه‌که‌مجاره به ئینگلیسی نامه ده‌نووسم.ئه‌من سکرێتێرهکهشم. که مێرده‌که‌م بوو له ده‌ست داوه. هیوادارم چاو له هه‌ڵه‌کانم هه‌ڵبوێری ، و زۆر ماندوو نه‌بووبی دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه.
خوڵا پشتیوانت بێ.
خوشکت له سێبه‌ری عیسا دا، ئاننا باشیمۆن. "
کوردستان میشنێری له ژماره‌ی 10ی ساڵی 15، ئۆکتۆبری 1923 بانگه‌وازێکی یای ئاننا باشیمۆنی بڵاو کردووه‌ته‌وه که له‌و سه‌روبه‌نده دا له ئارتور، داکۆتای باکووری، له وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ژیاوه و ئه‌و بانگه‌وازه ده‌یسه‌لمێنێ هیچی خراپی له هه‌مبه‌ر گه‌لی کورد له دڵدا نه‌ماوه:
" بانگه‌وازی خانمی ئاننا باشیمۆن
خوێنه‌ره‌وه خۆشه‌ویسته‌کان:
به خوێندنه‌وه‌ی دوا ژماره‌ی " کوردستان میشنێری" له‌وه ده‌ترسام، دیسان که‌سێک کووژرابێ که حه‌ولی داوه مه‌دره‌سه بۆ ژنان و کچانی موسوڵمان دابنێ.ئه‌من له به‌ر ئه‌وه ده‌ترسام نه‌کا ئێوه له پرێنسیپ دا ئیمانی خۆتان سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ی ئێمه له کوردستاندا ده‌یکه‌ین له ده‌ست بده‌ن.نازانم ده‌توانم وشه‌ی ئه‌وتۆ ببینمه‌وه ڕاسته‌وڕاست له گه‌ڵ دڵی ئێوه‌دا بدوێ؟ خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویست! ئه‌من ته‌نێ ده‌توانم ئه‌و ته‌فاهومه له ئێوه‌دا بورووژێنم به ئه‌رکی خۆتانی بزانن چاکه‌ی ئێمه په‌کی نه‌که‌وێ و ڕانه‌وه‌ستێ.
ته‌نێ خوڵا بۆخۆی ده‌زانێ بۆ چی دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێشتی کوێره‌وه‌رییه‌کی ئاوامان بێته ڕێ، به‌ڵام ئه‌من ده‌مه‌وێ به دڵنیاییه‌وه پێتان بڵێم ئه‌وه ته‌نێ ژماره‌یه‌کی که‌م له نێو ئه‌و گه‌له دابوون که تاڵان و کوشتوبڕیان ده‌کرد. ئه‌وانی دی که ئێمه کارمان له نێویان دا ده‌کرد، خه‌ڵکێکی ئارام و له‌سه‌ره‌خۆن که به‌ڕۆیشتنی ئێمه تازیه‌بار بوون. به‌ڵێن پێدانیان که ئێمه دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه ناویان و دوایه به‌جێ نه‌هێنانی، ده‌بێته هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دڵ و هه‌ناوی عه‌شیره‌تی موکری. ئێمه حه‌وجێیه‌کی زۆرمان به دوکتورێک هه‌بوو له پێگه‌که‌ماندا و ئێستا که‌سێک په‌یدا بووه که نزیکه‌ی دوو ساڵ چاوه‌ڕێی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و کوردستان وه‌ڕێ که‌وێ! بۆچی چاوه‌ڕوانییه‌کی ئه‌وه‌نده درێژ؟ چونکوو ئه‌وه‌نده دراوه به ده‌سته‌وه نییه ئه‌وی پێ بنێردرێ. ئه‌من له‌وباره‌یه‌وه زۆر به داخم. کاتێک بیر له‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی ده‌که‌مه‌وه که هه‌تا ئێستا وه‌ده‌ستمان هێناوه و ئه‌و باوه‌ڕییه‌ی که ئه‌و خه‌ڵکه سه‌باره‌ت به میسیۆنێره نهخۆشهوانهکانی ( نێرسه‌کان) ئێمه تێیاندا پێک هاتووه، دڵنیام ئێوه‌ش به‌ده‌نگمانه‌وه دێن. ئاغای باشیمۆن ئه‌و کاته‌ی مرد. تازه یه‌که‌م وه‌عزی خۆی به زمانی کوردی له ماڵه‌که‌ماندا دادابوو. ئه‌و ده‌یتوانی له‌گه‌ڵ گشت ئه‌و خه‌ڵکه‌ی نه‌خۆش بوون و به ئێش و ئازاره‌وه ده‌تلانه‌وه و له حه‌وشه‌ی خانووبه‌ره‌که‌ماندا که‌وتبوون به زمانی خۆیان بیاندوێنێ. ئێستا دوکتور شاڵک، که پێشتر له ترکییه کاری کردووه، هیچ دژوارییه‌کی ئه‌وتۆی نایه‌ته سه‌ر ڕێ. چونکوو ئه‌و زمانێکی ڕۆژهه‌ڵاتی فێر بووه وده‌توانێ ڕاسته‌وخۆ هه‌م کار بۆ جه‌سته بکا هه‌م بۆ روح. حه‌یف که خه‌رجی سه‌فه‌ر ئه‌وه‌نده گرانه به‌ڵام، خوێنه‌ره‌وه‌ی ئازیز، نیگه‌رانی ئه‌و چه‌ند دۆڵاره باربووه‌ی که پێشتر داوته مه‌به. ئه‌و باربوویهی تۆ به فیڕۆ ناچێ. له کوردستان مه‌رگی ئه‌و کرێکاره‌ی خزمه‌تی پێده‌کردن له لایه‌ن دۆسته‌کانمانه‌وه له‌بیر نه‌کراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌من گه‌نجتر بووبام، ئه‌من دیسان ده‌چوومه‌وه ئه‌وێ. به‌ڵام هه‌تا پێگه‌یه‌کی سهقامگرتوومان نه‌بێ، بۆ من ده‌ست نادا بچم. دوای چه‌ند مانگ سه‌فه‌ر کردن، له‌وه ده‌ترسم بارودۆخی لهشساخیم ڕێگه نه‌دا له سه‌ر سه‌فه‌ر به‌رده‌وام بم و ئه‌وه کارێکی ژیرانهنییه به‌و شێوه‌یه پاره به فیڕۆ بده‌م، به تایبه‌تی له کاتێکدا که زۆر دژواره کرێکاری به‌هێزی وه‌ک دوکتور شاڵک و جه‌نابی بێکر بدۆزرێنه‌وه. هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان ئه‌وه‌یه.ئه‌من هه‌رچی بووم له‌وێم به‌جێهێشت، خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویست کاتێک خۆشحاڵی شوکرانه‌ی خوڵای بکه بۆ شادییه‌که‌ت، کاتێک خه‌م داتده‌گرێ بیر له ژن و منداڵانی نه‌داری کوردستان بکه‌وه که نازانن بۆ یارمه‌تی و ئاسووده‌یی ڕوو له کێ بکه‌ن....... ئه‌من ده‌زانم ئێوه زۆر یارمه‌تیتان کردووه به ئه‌ڵمان و وڵاتانی دیکه.......
ده بڵا هه‌مووتان له په‌نای خوڵای دا بن.
__ ئاننا باشیمۆن
ئارتوور، داکووتای باکووری، 9ی سێپتامبری 1923.”
ن.ج. لۆر که بۆ ماوه‌ی درێژ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات بووه، له ژماره‌ی 11ی، ساڵی 15ی کوردستان میشنێری، مانگی نۆڤامبری 1923، له بابه‌تێکدا به نێوی " دیسان سابڵا‌غ" ئاماژه به نامه‌یه‌ک ده‌کا که یای گودهارت له 8ی ئووت [ی 1923] له سابڵاغه‌وه بۆی ناردووه. له‌و نامه‌یه دا یای گودهارت له گه‌ڵ شتی دیکه دا ده‌نووسێ :
"...... له‌وێوه چووینه نێو شاری بۆ قه‌برستانی هه‌رمه‌نییان له‌وجێیه‌ی قه‌بری باشیمۆنی لێیه. ئێستا حه‌ساره‌که که‌لاوه‌یه‌که. تکایه له خانمی باشیمۆن ئیزن وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌یته‌که بگوێزینه‌وه سه‌ر تهپكێ و له‌وێ کێلێک بۆ قه‌بره‌که‌ی دروست که‌ین.واوێده‌چێ ئه‌م شوێنه‌ی نزاخوێنانی هه‌رمه‌نی به‌و زووانه بفرۆشرێ و ئاکامی ئه‌وه‌ش ده‌بێته نه‌مانی قه‌بره‌کانی دامان و باشیمۆن هه‌ر دووکیان. ئێستا له سابڵاغێ زه‌وی زۆر هه‌رزانه. ئه‌و پارچه زه‌وییه‌ی ئێمه به 390 تمه‌نمان کڕی ئێستا هه‌ر 25 تمه‌ن ده‌کا. ئه‌گه‌ر ئێستا زه‌وی بۆ میسیۆنه‌که‌مان بکڕین، ده‌توانین جێیه‌کی به‌که‌یفی خۆمان به قیمه‌تێکی که‌م بکڕین."
له وڵامی پرسیارێکی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌دا سه‌باره‌ت به کلیسا و قه‌برستانی هه‌رمه‌نییان له سابڵاغێ، لێکۆڵه‌ره‌ی ورد و به وه‌ج مامۆستا محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی له نامه‌یه‌کدا له به‌رواری 8ی مه‌ی 2009 ده‌نووسێ:
"کلیسا له نزیک سه‌هۆڵخانه‌ی قه‌دیم ی مه‌هاباد، خه‌یابانی شاپووری پێشوو (جه‌مهووری ئیسلامی ئه‌وڕۆ)، بڕێک سه‌رتر له چوارڕێی ئازادی (چوارڕێی مزگه‌وتی هه‌باساغای) هه‌ڵکه‌وتبوو. ئه‌و کلیسایه له سێڵاوی ڕۆژی جومعه 9/5/1315ی هه‌تاوی = 31/7/ 1936ی زایینی تێک ڕووخا و ئیدی دوایه ساز نه‌کراوه. به‌ڵام قه‌برستانی مه‌سیحییه‌کان، دوو جێگا هه‌بوو: یه‌کیان نیزیک گوندی داره‌له‌ک، چون ئه‌و گونده ته‌واو مه‌سیحی نشین بوو، قه‌برستانه‌که‌ی گه‌وره بوو، کێل وبه‌ردی نووسراوی زۆر لێ بوو، که ئه‌وڕۆ وه‌ک قه‌دیم نه‌ماوه،قه‌برستانه‌که‌ی دیکه له پشت کێوی داشا مه‌جید، ته‌پکێک بوو، ئه‌وڕۆ بۆته ده‌وروبه‌ری ساختومانی دانیشگای ئازادی مه‌هاباد، خانووبه‌ره‌ی لێ دروستکراوه‌و هیچ شوێنه‌وارێک له قه‌برستانه‌که نه‌ماوه."**
ئه‌و گۆڕستانه‌ی که یای گودهارت له نامه‌که‌یدا بۆ ن.ج.لۆر باسی لێوه کردووه و داوای کردووه قه‌بری باشیمۆن بگوێزرێته‌وه ئه‌وێ ده‌بێ هه‌ر ئه‌و ته‌پۆڵکه‌یه‌ی پشت کێوی داشامه‌جید بووبێ که مامۆستا سه‌مه‌دی ئاماژه‌ی پێکردووه.
• به‌شێک له سروودێکی نه‌ته‌وه‌ییی که نه‌مر ئێل . ئو. فاسوم بۆ گه‌لی کوردی نووسیوه
• ئه‌و زانیارییه به‌نرخه‌ی مامۆستا سه‌مه‌دی جێگه‌ی ده‌ستخۆشانه‌یه و بێگومان به به‌شی خۆی یارمه‌تی ده‌کا به ساخکردنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی مێژوویی ناوچه‌یی.
1 comment:
It will help if when you come to persons names to write them in original english script in parenthesis as well for clarification. .... Abe
Post a Comment