Thursday, February 18, 2010

زمانی کوردی زمانێکی " تاک- ستاندارد"، " جووت ستاندارد" یا " هاوبەش" ؟: چەند ووردە سرنجێک بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکییەوە




" زمانی کوردی زمانێکی " تاک- ستاندارد"، " جووت ستاندارد" یا " هاوبەش" ؟:
چەند ووردە سرنجێک بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکییەوە"

مستەفای ئەحمەد زادە

سەرەتا سپاس بۆ کاک حه سه نی قازی که به راستی ئه و بۆنه جیهانییه‌ی کرده ڕۆژەڤی فەیس بووکی کوردی و له سه‌ر ڕاسپارده ی به‌ڕێزی، وێنه‌ی پڕۆفایلی به‌شێکی زۆر له دۆستان بوو به لۆگۆی جیهانی ئه‌و روژه.
١. هەر چەند پێم خۆش بوو باسەکە له سەر فەلسەفەی دیاریکرانی ئەو ڕۆژە، وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بوخلێتەوە، بەڵام دیاره دەرباز بوون لەو موناقەشەی ئەو دواییانه له سەر زمانی "تاک ستاندارد" و "زمانی جووت ستاندارد" نەدەکرێ و نە زەروورەتی هەیە. بۆیە ئەمنیش به کورتی هێندێک وورده سرنجی خۆم له سەر ئەو بابەتە دێنمە گۆڕێ.

٢. بەڕێزان لە فەیس بووک دا باسیان له سەنگی زمان کردووه له سازدانی یەکێتی نەتەوەیی یا ناسنامەی نەتەوەیی دا. ئەوە باسێکی زۆر گرینگ و له هەمان کات دا ئاڵۆزە و بگره پۆلیمیکێکی زۆر کۆن و لە مێژینەیە. بەڵام تێگڕای بیرمەندان وتیۆریسیەنەکانی پسپۆڕ له بواری ناسیۆنالیسم دا، زمان به فاکتۆڕێکی سەرەکی دەزانن. ئەمن ئەگەرچی پێم وا نييه که زمانی ستاندارد يا هاوبەش ته نیا فاکتۆڕێک بێ که هەستی نەتەوەیی هاوبەش ساز کا يا نەتەوەیەکی پێ سازکرێ، به ڵام پێم وايه که زمانێکی مه فهوومي هاوبەش که گشت کۆمەڵگە زاراوه یی و زمانییەکانی نێو نەتەوەیەکی لێ تێ بگا، زەروورەتێکە بۆ گەشەی هەمە لایەنەی نەتەوەیی ، سياسی و زانستی له داهاتوو دا.

٣.کوردی زمانێکی "تاک ستاندارد" يا "جووت ستاندارد"؟ پرسيار ئەوەیە!

ئاوڕێکی خێرا وه پڕۆسەی زەق بوونەوەی "مەسەلەی زمان" له نێو کورد دا، دەری دەخا که بەشێکی هەرە زۆری هەڵس و کەوتی ڕووناکبیرانی کورد لە گەڵ دیوی ناوەوەی کێشەی زمان له نێو کورد دا، ده کرێ بخرێتە چوارچێوەی هەوڵێکی دوور و درێژ که دەکرێ نێوی لێ بنێین "پارادايمی زمانی يه کگرتووی کوردی". بزوتنه وه ی رووناکبيری کوردستان، له بەشێکی زۆری رابردووی خوی دا، قوڵی له "پروژه" ی هەڵبەستنی زمانی یەکگرتووی کوردی هەڵماڵی.پێم وايه پێويست ناکا زۆر له سەر تایبەتمەندییەکانی ئه م پاراديمە برۆين، چونکە هەموو لایەک شاره زای ئەو قۆناغەین. دەمێنێتەوە ئەوەی لێ زیاد کەین کە نوێنەرانی پارادایمی زمانی یەکگرتووی کوردی ، بۆ وێنە مامۆستا هەژار، بە نیاز بوون بە تێکەڵ کردن و لێک دانی زاراوەکانی زمانی کوردی زمانێکی نوێ "هەڵبەستن" یا (construct) بکەن. ئەم "پڕۆژه" یە وەک هەموو لایەک دەزانین ئامانجەکانی نەپێکا و سەرنەکەوت و ئەوڕۆ ئەوەندەی ئەمن بزانم، کەسی وەدوو ناکەوێ. هەڵبەت دەبێ، جەخت بکەینەوە کە پارادیمی ناوبراو، زۆر جیاواز بوو لەو پڕۆژەیەی کە ماوەیەکە لە لایەن هێندێک نووسەر و سیاسەتوانی باشووری کوردستان دێتە بەر باس، کە دەکرێ ئەو پرۆژە نوێیە بە پڕۆژەی " پاڕادیمی زمانی ستاندارد یا فەرمی" ناوزەد بکەین.

٤."پارادايمی زمانی ستاندارد يا فه رمی کوردی" چەترێکە دەتوانین ئەو نووسەر و سیاسەتمەدارانەی بخەینە بەر سێبەری کە دوای هەرەس هێنانی پڕۆژەی " زمانی یەکگرتووی کوردی" لە دەوری ئامانجی بە فەرمی کردن و ستاندارد کردنی زمانی کوردی خۆیان ساز داوە. مەبەستیش لە بە ستاندارد و فەرمی کردنی زمانی کوردی، زۆرتر ئەوەیە کە لە زاراوەی سۆرانی و کورمانجی، زاراوەی سۆرانی بکرێتە زمانی ڕەسمی و حکوومی و ئیداری. دیارە وەک ئاماژەم پێ دا، لێرە ئامانج جیاوازە لە وەی دە " پڕۆژەی زمانی یەکگرتوو" دا دیتمان. لەوێ هیچ کام لە زاراوەکان هەڵنەداوێردران، لێرە یەکیان هەڵدەبژێردرێ و ئەوی دی پشت گوێ دەخرێ. ئەگەر حەولی " زمانی یەکگرتوو" حەولێکی ئولترا مۆدێڕنیستی ڕووناکبیران بوو، "پڕۆژەی زمانی فەرمی" لە لایەن زۆر کەسەوە بە پڕۆژەیەکی ئیقتیدارتەڵەبانەی داسەپاو لە لایەن بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسییەوە دادەنرێ!

٥. پارادايمی "زمانی جووت ستاندارد يا بێ ستاندارد"ی کوردی، که دەکرێ بە دەس پێشخەری یا بزووتنەوەیەکی بزانین کە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەنگاری " پڕۆژەی زمانی فەرمی " دەبێتەوە. لایەنگرانی ئەو پاڕادیمە. بە هێنانە گۆڕی تێڕم گەلێکی لە وێنەی " دێمۆکڕاسیی زمانی" یا " زمانی دێمۆکڕاتیک" هەوڵ دەدەن پێش بەو دیاردەیە بگرن کە پێی دەکوترێ " لینگویساید" و خەریکە بە دەستی " شۆڤێنیزمی سۆرانی" بە وەرگرتنی ستاتویەکی لێگاڵ، لە کوردستانیش ڕوو بدا. مامۆستایان ئەمیری حەسەنپوور، حەسەنی قازی، جەعفەری شێخەلئیسلامی و... لە دیارترین لایەنگرانی ئەم بۆچوونەن.زۆرتر لە سەر ئەم باسە ناڕۆم، چون بە تەواوی نووسراوە و بۆچوونەکانی ئەو بەرەم نەخوێندووەتەوە؛ لە کورتی ببڕینەوە ئەم پاڕادیمە بە نیازە " نیزیکبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی" لە زمان هەبێ و لە سەر ئەو ئەساسە کە یەکیەتی نەتەوەیی پێویستی بە داسەپاندنی یەکێتی زمانی نییە، لایەنگری لانی کەم " جووت ستاندارد" بوونی زمانی کوردییە.

٦.دیارە ئەرکێکی زۆر بۆ بەشداربووانی زێدە هێژای باسی پێوەچاران بە زمانی کوردییەوە، ئەوەیە کە بەر لە هەموو شتێک جوغرافیای مێژوویی و فکری ئەو هەوڵانە سەبت و داکیومێنت کرێن، کە ئێستاشی لە گەڵ بێ ڕووناکبیرانی کورد لە گەڵ زمانی کوردی ئەو هەوڵانەیان داوە. دیارە ئەمن پسپۆڕیی و موتاڵای پێویستم لەو بوارە دا نییە، بەڵام لە بەر ئەوەی باسەکە گرینگییەکی زۆری هەیە و وێدەچێ دیالۆگ لەو بوارە دا تەسک نەکرابێتەوە بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە. پێم خۆشە پێشنیاری خۆم بێنمە گۆڕێ. هەڵبەت زۆر بە کورتی.
هیوادارم بتوانم لە داهاتووش دا باسێکی تەسەلتر لە ووتارێک دا پێشکێش بکەم. بۆیە بە کورتی لە چەند ڕستەیەک دا پێشنیارەکەی خۆم دێنمە گۆڕێ، هەڵبەت وێڕای وەبیر هێنانەوەی وەی کە ئەوە شتێک نییە جگە لە سەردێڕێک یا پێشنیارێک بۆ ورووژاندنی باسێکی زیاتر. ئەو سەردێڕە ئەوەیە:

٧.ڕوانگەی " زمانی هاوبەش"
دەکرێ لە باتی، هەڵس و کەوتێکی تیۆریک و کۆمەڵایەتی لە لایەک و نیزیک بوونەوەیەکی سیاسی – ستراتێژیک لە لایەکی دیکەوە، نیزیک بوونەوەیەکی تەجروبی – تاریخی مان بۆ زمانی کوردی و پێوەچاران بەو زمانەوە هەبێ. ڕوانگەی تەجرووبی – مێژوویی بەو واتایەیە کە کورد و زمانەکەی وەک کەیسێکی تایبەت چاو لێ بکەین کە بەدەر لە پێشوەچوونێکی هێڵەکی ( خطی) ، ڕێبازی تایبەتی پێشکەوتنی خۆی بڕیوە. بە واتایەکی دیکە، لێرە دا تەجروبەی پێوەچارانی کورد بە زمانەکەیەوە، و هەر وەها گەشە کردنی زمانی کوردی بۆخۆی ، بەشێکی تاقانەی تایبەت بە کورد و تەنیا تایبەت بە کورد سەیر بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە بە ووردی و بە مێتۆدێکی تاریخی – تەجروبی، ئاوڕ لە " پڕۆسەی ساغ بوونەوە"ی زمانی کوردی بدەینەوە. پڕۆسەیەکی کە بێ شک لە ڕەوتێکی مێژوویی دا و لە ئاکامی لۆژیک و داینەمۆیەکی زۆر ئاڵۆز، بەڵام "دەروونزاد" دا گەشەی کردووە و گەیشتووەتە ئەم ڕۆژە. ئاوڕدانەوە لەو لایەنە زۆر تایبەتەی زمانی کوردی، پێویستییەکی زۆر جیدی یە و یارمەتیدەر دەبێ بۆ وەی کە " پڕۆسەی ساغ بوونەوە و گۆڕانی زمانی کوردی" و بە دەس هاتنی ئەو زمانەی کە ئەوڕۆ زمانی زۆربەی میدیا و ڕۆژنامەکانە،قەت بە داسەپاندنی بێ بەزەییانەی بێگانان بە سەر کورد دا نەشوبهێندرێ. بە واتایەکی دیکە، ئەمن وای بۆ دەچم کە لە پەنا " پڕۆژە" گەلێکی وەک " زمانی یەکگرتوو" و " زمانی فەرمی " دا، پێویستە ئەو ڕاستییەش سرنجی بدرێتێ کە لە کوردستان دا " پڕۆسە" یەکی لە سەرەخۆی بیچم گرتنی زمانی کوردیشمان هەبووە کە گووراوی کوورەی بەرخوەدان لە بەرامبەر ناسیونالیسمی باڵا دەست دابووە و لە ژێڕەوە ڕا بووە و نێوچاوان تاڵ و تاسەباریش نەبووە.خەڵک نەک وەک غەیریەتێکی داسەپاو، بەڵکوو وەک " دەسکەوت" ێکی بە نرخی بزووتنەوە و بەرەنگاری خۆیان لێیان ڕوانیوە. ئەم زمانەی باسی دەکەم، دەکرێ نێوی لێ بنێین "زمانی هاوبەش". ئەمن پێم وایە بە تایبەت پێویستە کە زۆر بەڕێزان، مامۆستایان و چالاکانی " بزووتنەوە یا دەستپێشخەری" ڕوانگەی " زمانی جووت ستاندارد"ی کوردی ئاوڕ لەم لایەنەش بدەنەوە. دەڵێن هەمیشە ڕێگایەک لە مەعبەینێ دا هەیە، ڕێگای سێهەم. ئەمن باوەڕم بەو ئەسڵە هەیە. بەو پێیە دەکرێ مرۆ، لە بابەت کێشەی زمانی کوردییەوە، بیر لە گەڵالەیەکی سێهەمیش بکاتەوە، کە لەو گەڵالەیە دا، وێڕای بە ڕەسمی ناسینی مافی گەشە و خوێندن و ڕاگەیاندن بۆ هەموو زاراوەکان، لە هێندێک بواری تایبەتی دا، نەک بە شێوەیەکی بەرین، " زمانی هاوبەش" مان هەبێ! ببوورن کە درێژە دادڕیم کردووە!

* زۆر سپاس بۆ بەڕیز ئەحمەد زادە کە مافی پێ داین ئەم نووسینەی لە دیواری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکەوە ڕابگوێزینە ڕوانگە

1 comment:

Anonymous said...

زور به ریز کاک حه سه نی قازی
سپاسی زه حمه ت و ماندووبونی جه نابت ده که م.
هه ر بژین و شاد بن
مسته فا ئه حمه دزاده