Thursday, May 13, 2010

ناوزڕاندن، بێ ڕێزی و بوختان لە " هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری "دا




ناوزڕاندن، بێ ڕێزی و بوختان لە " هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری "دا

بەشی دووەم

نموونەیەک لە مێژوو نووسیی چەواشەی کوردی


حەسەنی قازی

وەک لە سەرەتای بەشی یەکەم دا نووسیبووم لایەنی سیاسی ئەو بەشەی کتێبی " هەژاری مرۆڤ" باسی دیکەی لێ دەبێتەوە،لێرە دا هێندێک درێژتر لێوەی دەدوێم و ئەوە لە ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی نووسەری "هەژاری مرۆڤ"ی تێدەپەڕێنێ و نموونەی میژوونووسیی چەواشە وەڕوو دەخا.
نووسەر لە درێژەی نەقڵەکانی بەندی "پێشەوا – هەژار " دا دەنووسێ: " جارێکیان " جەلال نەجیب بێتووشی" لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتەوە ( کە لە ساڵانێکی شێستدا لەوێ بوو)، لە نامەیەکیدا بۆ هەژار لە بەغدا، دەقی نامەیەک یا نووسینێکی تری دوکتۆر سەید عەزیزی شەمزینیی – کە بۆ کەسێکی تر بووە – نووسیبووە و داوای بیروڕای هەژاری دەربارەی ئەوە کردبوو، شەمزینی لەوە دا زۆر هێرشی بردبووە سەر پێشەوا (نووسیبووی کە قازی بە زیانی کورد لە گەڵ ئەمریکاییەکاندا سازاوە): "لێرەشدا لەگەڵ ئەوەی بەجوانی دەرناکەوێ سەرچاوەی ئەو قسەیەی وەپاڵ شەمزینی داوە چێیە، بەڵام بە پاڵپشتی وەرگێڕاوی کوردی تێزی دوکتورای ڕەحمەتی دوکتور عەزیزی شەمزینی کە لە بەر دەست دایە دەردەکەوێ هیچ دەربڕینێکی ئەوتۆی تێدا نییە سەبارەت بە "سازانی قازی لە گەڵ ئەمریکاییەکان بە زیانی کورد" ، بەڵکوو سەید عەزیز ئەوکاتەی کە تێزەکەی پێشکێش کردووە (ساڵی ١٩٥٤ یا ١٩٥٥ ) دەچوارچێوەی شێوەی باوی ئەو دەمی مێژوو نووسیی سۆڤێتی دا ئاماژەیەکی ئاوای کردووە: " لە دیسەمبەری ١٩٤٦ دا سپای ئێران بە سەرکردایەتی ی پسپۆڕ و ئەفسەرانی ئەمریکا هێرشی کردەسەر کوردستان و ئازەربایجان، ڕابەرانی هەر دو حزبی دیموکرات و هەر دو کۆماری کوردستان وئازەربایجان بڕیاری شەڕیان نەدا. ئەوان بە هێزە چەکدارەکانی خۆیان ڕاگەیاند کە نابێ لە گەڵ سوپای ئێران دا بەشەڕ بێن.کە هێرشی ئێرانیش دەستی پێ کرد، سەرانی کۆماری مەهاباد بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەکە لە ڕێگای محەمەد ڕەشیدخان،زێڕۆ بەگ، قەرەنی ئاغای مامەش و کەسانێکی ترەوە پەیوەندیان لە گەڵ ئینگلیزەکاندا دامەزراند" (دکتۆر عەزیز شەمزینی، جوڵانەوەی ڕزگاری ی نیشتمانی ی کوردستان، چاپی سێیەم،سلێمانی ١٩٩٨.وەرگێڕانی فەرید ئەسە سەرد، بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی ی کوردستان،لاپەڕەی ٢٢٤ )
شەمزینی لە دوولاپەڕە دواتر دا بەردەوام دەبێ و دەنووسێ: " ئەفسەرانی ئەمریکا لە داگیرکردنەوەی کوردستان و ئازەربایجان نەخشێکی گرنگیان هەبو. ئەمریکی یەکان داوایان لە قازی محەمەد کرد دەست لە پشتگیری سیاسەتی بریتانیا بێنێ و باداتەوە سەر پشتگیری کردنی سیاسەتی ئەمریکا.بەڵام قازی محەمەد کە پاش سەرکەوتنی کۆنە پەرستی و شکانی هێزە دیمۆکراتەکانی ئێران بە سیاسەتی بریتانیا پشت ئەستور بو،پێی وابو ئەگەر لە سەر پشتگیری کردنی ئنگلیز بەردەوام بێ، سەرۆکایەتی کۆماری ئۆتۆنۆم بۆخۆی دابین دەکا بە تایبەتی کە بریتانیا نیازی هەڵوەشانەوەی کۆماری نەبو بە مەرجێک رابەرانی کۆمار پشتگیری ی سیاسەتەکەی بکەن. لەم هەڵسەنگاندنەدا قازی محەمەد بە هەڵە دا چو چونکە ناکۆکی ی نێوان سیاسەتی بریتانیا و سیاسەتی ئەمریکا بە ئەندازەیەک بوو،ئەمریکا لایەنگرانی سیاسەتی بریتانیای بە دوژمنێکی سەرسەخت دادەنا. ئەمریکی یەکان بە ڕونی بۆیان دەرکەوت کە قازی محەمەد دەسبەرداری سیاسەتی ئنگلیز نابێ. لە بەر ئەوە بە فەرمانی باڵوێزی ئەمریکا لە تاران و بە پێی پێشنیاری جەنەڕاڵ شوارتسکۆف، قازی محەمەد و محەمەد حوسێن خان دەستگیر کران و پاشان درانە دادگەیەکی میلیتاری" ( هەر هەمان سەرچاوە لاپەرەی ٢٢٦ و ٢٢٧)
شەمزینی لە کۆتایی کتێبەکەیدا دەنووسێ: " ی- سەرکردەکانی کۆماری مەهاباد و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران [ دیارە ئەو دەمی ناوی حیزب هەر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بووە.ح.ق] بە هیچ شێوەیەک ماوەیان بە کەس نەدا ڕەخنەیان لێ بگرێ.ئەوان هەمو دیدێکی ڕەخنەگرانەیان بە دژی خۆیان دەزانی و لە بریتی[!]ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە و ڕێبازێکی ڕێکوپێکتر بگرنە پێش، گوناهی ئەوەیان دەخستە پاڵ ڕەخنەگران گوایە نۆکەری بریتانیا و ئەمریکان،ئەمەش بۆ لە کارخستن و بێ بەری کردنی ڕەخنەگران لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمار و حزبی دێمۆکرتی کوردستانی ئێران[ هەڵەکە دووپاتە بووەتەوە.ح.ق] دەکرا بە پەڵپ.( هەر هەمان سەرچاوە،لاپەڕەی ٢٤٩ و ٢٥٠) ئەم بڕگانەی کتێبەکەی دوکتور عەزیزی شەمزینی بە جوانی دەریدەخا، کە نووسەری "هەژاری مرۆڤ ودەوروبەری " هەروا لە گۆترە دەنگۆیەکی گێڕاوەتەوە و هیچ لەوە قووڵ نەبووتەوە شەمزینی لە مەڕ قازی محەمەد و کۆمار چی گوتووە؟

دیارە بە خوێندنەوەی ئەو بۆچوونانەی شەمزینیش مرۆ واقی وڕ دەمێنێ!چۆنە ئەوانەی ئەو تێزی دوکتورایەیان پەسند کردووە چبڕ لەوەیان نەکۆڵیتەوە نووسەر بۆ پاڵپشتی قسەکانی بەڵگەی چییە و بەوە ڕازی بوون بزووتنەوەی کورد لەو سەروبەندە دا بە فیتی سیاسەتی ئینگلیستان دابنێ. جگە لەوە شەمزینی لە زۆر جێی کتێبەکەیدا پشتی بە گێڕانەوەکانی "نەجەقولی پسیان" بەستووە ، کە نێوبراویش لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی ماوەیەک بەر لەوەی ئەم دنیایە بەجێ بهێڵێ لە چاو پێکەوتنێک دا گوتوویە " ئەو شتانەی سەبارەت بە محاکەمەی قازییەکانم نووسیوە لە بەر گوشارێک بوو کە ڕێژیمی پەهلەوی بۆی دەهێنام دەنا هیچ فڕییان بە سەر ڕاستییەوە نییە".
قسەکانی شەمزینی لە مەر دامەزراندنی پێوەندی سەرانی کۆماری مەهاباد لە گەڵ ئینگلیستان لە کاتی هێرشی ئێران بۆ سەر ئازەربایجان و کوردستان هەم جێی پێکەنین و هەمیش گریانە چونکە ئەو دەمی زیاتر لە ٦-٧ مانگ بوو حەمە ڕەشید خانی بانە کوردستانی ئێرانی بەجێ هێشتبوو و هیچ پێوەندییەکی بە مەهابادوە نەمابوو، زێڕۆبەگی بەهادوڕی لە دەوروبەری سەردەشت بە دژی هێزی ئەرتەشی ئێران شەڕی دەکرد و قەرەنی ئاغای مامەمیش هەر نەبێ ساڵێک پێش لەو ڕێکەوتە لە ژیان دا نەمابوو.
شەمزینی لە کاتی ئامادە کردنی ئوترووحەکەیدا دیارە لە بیری نەبووە کە لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا لەمەیدانی چوار چرا، چی گوتووە :"... براکانم دەزانن کە زۆر برای دیمان هەن ئێستاکەش لە ژێر زنجیری ئیستیعمار و ئیستیبداد و ئەسارەت دەناڵێنن و بە چاوێکی زۆر برسییەوە چاوەڕێی هیممەت و پیاوەتی ئێوە دەکەن! لە بەر ئەوە نابێ هیچ کوردێکی بەشەڕەف بەم ئازادییە کەمە ڕازی بێ بەڵکوو فەڕزە و پێویستە لە سەر هەموو کوردێک مازی و ڕابردووی ڕەشی لە بیر نەکا و بە هۆی عەزم و برایەتی و یەکیەتی و هێز و هیمەتی خۆیان لە ژێر ڕیاسەت و سەرپەرستی ڕەئیس جمهوورمان قازی محەمەد ئامادەین ئەو برا کوردە ئەسیرانەی دیمان کە حاڵی حازر لە ژێر زنجیری ئیستیعمار و ئەسارەت دا دەناڵێنن دەربێنین و خوێنی خۆمان لەو ڕێگایە دا بڕێژین و بەخۆمان نەڵێین ئازادین تا وەکوو کوردستانی گەورە بە تیشکی ئازادی ڕووناک دەکەینەوە.ئێمەش هەر فەردێک لە خانەوادەی نەهری حازر و ئامادەین بە روح و گیان و سەر وماڵمان و بە ڕوحێکی زۆر پڕ لە ئیخلاسەوە لەو ڕێیە دا خزمەت و فیداکاری بکەین.
و لە دوایە دا لە خوای عەزە وەجەل دەپاڕێینەوە کە خوا بە گەورەیی و عەزەمەتی خۆی عومری ڕەهبەر و ڕەئیس جمهوورمان قازی محەمەد درێژ و پایەدار کا کە بتوانێ ئەو ریسالەتە موقەدەسە گەورەیە کە دەستی پێ کردووە تەواو و بەرقەرار بکا و کوردستانی گەورە ئازاد کا و بەدەنگێکی بەرز هاوار دەکەین و دەڵێین هەر بژی ڕەهبەرمان ڕەئیس جمهووری کورد قازی محەمەد و هەر بژی کورد و کوردستانی گەورە و هەر بژی جەنەرالیسموس ستالین ڕەهبەر و پێشەوای ئازادی گیتی." ( ڕۆژنامەی کوردستان ژمارەی ١٣، ١١ی فێڤرییەی١٩٤٦، بە ڕێنووسی من)
هەر لەو ڕۆژە، واتە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی و بە دوای سەید عەزیز دا، زێڕو بەگی هەرکی لە نوتقی خۆی دا گوتبووی: " قسێکی دی کە بۆ ڕوون بوونەوەی بیری هەمووکەس بە پێویستی دەزانم عەرز دەکەم ئەوەیە: کە ئاغای حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی [باوکی سەید عەزیز] لە پاش شەهریوەری ١٣٢٠ کە کورد دەستیان بە ملە و موبارەزەی میللی کرد و ویستیان حەقی مەشڕووعی خۆیان بستێنن عیدەیەکی زۆر لە بەر چاوە نۆڕی کە لەویان هەبوو وەدووی کەوتن و دەیانویست بە پێشەوایی و پشتیوانی ئەو ئاغایە ڕەهنمایی بکرێن، بەڵا ئەو زاتە بە پێچەوانەی ئینتیزارات و چاوەنۆڕی هەموو کەس لە ساڵی ١٣٢١ هەڵستا چووە تاران و بە زیدی کوردان دەگەڵ کاربەدەستانی تارانێ بە تایبەتی دەگەڵ ستادی ئەڕتەشی ئێران خەریکی گفتوگۆ بوو و خەیانەتی بە کوردان دەکرد و سەد دەر سەد کاری کوردانی وەپاش خست پێویستم زانی ئەو زاتە بەنگۆ بناسێنم " ( کوردستان ژمارەی٢١، ٢ی مارسی ١٩٤٦)
دیارە ڕۆژنامەی کوردستان لە ژمارەی ١٥، ١٦ی فێڤرییەی ١٩٤٦ نوتقی زێڕۆ بەگی بە سانسۆرکردنی قسەکانی سەرەوە بڵاو کردووەتەوە، بەڵام ١٦ ڕۆژ دواتر واتە لە ژمارەی ٢١ دا هەموو قسەکانی ئەوجار بێ سانسۆر کردنیئەو تۆمەتەی زێڕۆ بەگ وەپاڵ سەید عەبدوڵا ئەفەندی داوە بڵاو کردووەتەوە. دوا بە دوای ئەوە بەپێی ڕۆژنامەی کوردستان ( ژمارە ٢٥، ١٧ی مارسی ١٩٤٦) " لە ڕۆژی ٩-١١-١٣٢٤ [ ٢٩ ژانڤییەی ١٩٤٦] ساتی ٢ی پاش نیوەڕۆ دا لە لایەن ئاغای حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی جێژنێکی زۆر جوان بە شانازی پێشەوای کوردستان گیرا و پاش وتارێکی زۆر لە لایەن برایانەوە، سەید عەبدولعەزیز ئەم وتارەی خوێندەوە: تەبریکی خانەدانی نەهری..." و وتارەکەش هەر نێوەرۆکی ئەو نوتقەیە کە سەید عەزیز لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار لە مەهاباد کردبووی.

ئەو نموونانەی سەرەوەم بۆ سەلماندنی ئەوە هێنایەوە کە بۆچوونی دوکتور شەمزینی لە کتێبەکەیدا لە ڕاستیدا بەرپەرچدانەوەی ئەو گومان و ذردۆنگیانە بووە کە ئەو سەروبەندی لە کۆماری کوردستاندا سەبارەت بە ڕەحمەتی حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی و هێندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی نەهری لە ئارا دابوون و ئەو کێشە و دووبەرەکاتییەی کە دوای چوونی بارزانی و هاوڕێیانی بۆ تاراوگە لەئازەربایجانی شووڕەوی لە نێو کوردەکاندا سەری هەڵدا و تا ئێستاش بە باشی لێی نەکۆڵدراوەتەوە و دیزە بە دەرخۆنە کراوە، ئەو دەرفەتەی بۆ پێک هێناوە تاوانی گوێڕایەڵ بوونی ئینگلیستان و هاوکاری کەسانی سەر بە بنەماڵەکەی لە سەر خۆیان وەلابەرێ و بێ بەدەستەوە دانی هیچ بەڵگەیەک قازی محەمەد بە سەرلە پێناوی سیاسەتی ئینگلیستان بناسێنێ. ئەوەش جگە لە تۆڵەکردنەوەی بنەماڵەیی نەبێ، شتێکی دیکە نییە و لە شیکردنەوەی بابەتیانەی ڕووداوەکانی ئەو سەرو بەندی کوردستان تەواو دوورە.

دوکتور ڕەحیمی قازی کە یەکێک لە کەسانی سەر بەلایەنێکی ئەو کێشەیە بووە و لە نووسینەکەی ڕا دیارە چاوی بە تێزی دوکتورای دوکتور عەزیزی شەمزینی کەوتووە. لە کتێبە دەستنووسەکەیدا، (قاضی محمد و جنبش رهایی بخش ملی خلق کرد، دەقی فارسی، ڕێکەوتی نووسینەوەی ١٩٨٦. وەرگێڕانی من) بەشێک لەو دەنگۆ و گومانانەی بۆ بەرپەرچ دانەوەی بۆچوونەکانی دوکتور شەمزینی، دیارە ئەویش هەر بە پێوانەی مێژوونووسی باوی ئەو سەروبەندی سۆڤییێتی دووپاتە کردووەتەوە و دەنووسێ: " لە ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٢ جاسووسانی ناسراوی ئینگلیستان لە عێراق وەکوو لاین لە کەرکووک ، ستابینگ و گۆڕ لە هەولێر و کارۆلین مید لە مووسڵ و ئیدیکە بە ئاگادار بوون لە تەنینەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە ناوچەی مەهاباد بێوچان جاسووس و دەستنێژانی خۆیان دەناردە ئەوێ.ئەوکەسانە بە تایبەتی لە بن پەردەی دینی دا چالاکیان دەکرد. یەکێک لەو دەستنێژانە کە ئیستعمارگەرە ئینگلیسییەکان لە عێڕاقەوە ناردبوویانە مەهاباد شێخ محەمەد سەدیقی گەیلانی ( ناسراو بە پۆشۆ)بوو کە سەر بە خانەدانی شێخەکانی نەهری بوو و ئەو خانەوادەیە لە ڕووی دینییەوە نفووز و دەستڕۆیشتووییەکی زۆریان لە نێو خەڵکی کوردستان دا هەبوو. محەمەد سەدیق بە پێچەوانەی داب و شوێنی باب و باپیرانی ببوو بە نۆکەری ئاڵقە لە گوێی ئینگلیس. نێوبراو لە مەهاباد لە ماڵی حاجی ساڵحی شاتری لێی دامەزرابوو. ئەو کەسانەی لە گەڵ شێخ هاتبوون بۆ مەهاباد ئەویان وەکوو " پێشەوای ئایینی کوردستان" و فەردێک لە " تایفەی پێغەمبەر" و " ئاڵاهەڵگری ئازادیی کوردستان" دەناساند و داوایان لە خەڵکی کوردستان دەکرد پێڕۆیی لە شێخ بکەن. محەمەد سەدیق تێدەکۆشا کە دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیستان وەکوو لایەنگر و پشتیوانی گەلی کورد نیشان بدا. ئەو بانگەشەیەکی هەموو لایەنەی بە دژی سۆسیالیسم و بیرووڕای کۆمۆنیستی وەڕێ خستبوو وهەوڵی دەدا بە کەلکوەرگرتن لە هۆکاری دینی خەڵکی کوردستان بە دژی یەکێتی شووڕەوی بئاورووژێنێ و لایەنگرانی سۆسیالیسم لە عەزابی خوڵای بترسێنێ. جگە لەوە، محەمەد سەدیق بۆ داپۆشینی مەبەستی سیخوڕی کردنی خۆی خۆی وەکوو لایەنگری دامەزراندنی " دەوڵەتی کوردستانی گەورە" دەناساند و تێدەکۆشا بەو شێوەیە هێندێک لە کۆڕ و کۆمەڵی نیشتمانپەروەر و ئایینی کوردستان بەرەولای خۆی ڕاکێشێ.
بەڵام شوێنەونکەی شێخ بە هیچ کوێ نەگەیشت. هێندەی پێ نەچوو کە هەموو بە نییەتی چەپەڵی شێخ و جاسووسییەکانیان زانی. تەنێ چەند سۆفییەک و ژمارەیەکی کەم لە موریدانی خانەدانی نەهری بە دەورێوە مابوون و کەس ڕووی تێ نەکرد. قازی محەمەد کە بە باشی دەیزانی شێخ بە چ مەبەستێک لە لایەن ئینگلیسییەکانەوە ناردراوە بۆ مەهاباد پەیامی بۆ نارد بێ هەرا و بە خشکەیی مەهاباد بە جێ بهێڵێ. خەڵکی مەهاباد بە ئیحتیرامی شێخانی نەهری کە لە ڕابردوو دا خزمەتی گەورەیان بە گەلی کورد کردبوو، نەیاندەویست شێخ محەمەد سەدیق بە ئابڕوو دۆڕاوی لە شار وەدەربنێن. جێی سەرنجە کە لە کاتی هاتنی دا بۆ مەهاباد زۆر بەگەرمی پێشوازی لێ کرابوو، بەڵام کەس بە ڕۆیشتنی نەزانی." (لاپەڕەی ٦٧ی دەستنووسی دەقی فارسی).

شێخ محەمەد سەدیق کوڕی سەید تەهای نەهری و نەوەی شێخ محەمەد سەدیق کوڕی شێخ عوبەیدیلا بووە. براکەی سەید ئەحمەد لە سەر دەمی کۆماری کوردستاندا بەرپرسی کۆمیتەی حزبی لە نەغەدە بووە و یەکێک لە زانیاریدەرەکانی ویلیام ئیگلتن بووە بۆ نووسینی کتێبەکەی " کۆماری کوردی سالی ١٩٤٦".بە پێی نووسینی ئیگلتن شێخ محەمەد سەدیق (شێخ پۆشۆ) یەكێک لەو کەسانە بووە کە لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ١٩٤١ لە لایەن شووڕەوییەکانەوە بانگ کران بۆ باکۆ.( کۆماری کورد لە ساڵی ١٩٤٦، دەقی ئینگلیسی، لاپەڕەی ١٨ ). هەر لەو کتێبە دا ئیگلتن بەردەوام دەبێ و دەنووسێ " " لە ساڵی ١٩٤١ شێخ عەبدوڵا هاتە نێو خاکی ئێران کە بنەماڵەکەیان لە دۆڵی مەرگەوەڕ زەوی و زاریان هەبوو. یەک لە خزمە گەنجەکانیشی، کوڕێکی سەید تەها لە ناوچەی ڕەزائییە بوو. ئەوە سەید محەمەد سەدیق بوو، کە بە شێخ پۆشۆ بە نێوبانگ بوو، ئەو نێوەشی بابی بە سەری دا بڕیبوو لە بەر ڕێز و خۆشەویستی بۆ ماڕشاڵFochی فەڕانسەیی لە ماوەی شەڕ دا. پۆشۆ لە سەرەتاوە دۆستایەتی و باوەڕی داگیرکەرانی ڕووسی بەرەولای خۆی ڕاکێشا و لە گەڵ ئەو دەستەیەی کە بانگ کرانە باکۆ چووە ئەوێ، بەڵام داوتر بە باشی زانی ئێران بە جێ بهێڵێ و بگەڕێتەوە عێڕاق.(هەر سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ٢٠). ئارچیباڵد ڕوزڤێڵت لە کتێبەکەی دا "سوێی زانین" دەنووسێ لە هاوێنی ساڵی ١٩٤٤ لە بەغدا زۆر جار چاوی بە شێخ پۆشۆ کەوتووە و بە وردە ڕیشاڵ باسی مودێلی جلوبەرگە کوردییەکەی دەکا. ( سوێی زانین، دەقی ئینگلیسی لاپەڕەی ٢٥٥). هەژاریش لە "چێشتی مجێور دا لە مەڕ شێخ پۆشۆدەنووسێ: "... جارێک باسی بەدفەڕی هێندێک نەجیم زادان بو،حوزنی گوتی: " من کە لە ئیدارەی گۆڤار بوم قەت نە چوبومە سەفارەتی بریتانیا،تەلەفون کرا کە سەفیر دەیەوێ بت بینێ.بردمیە پەنایەک و بە سرتە گوتی: کوردێکی زۆر گرینگی روسیەمان لە لایە،تۆ بیدوێنە و دڵخۆشی بدەوە.لە ژورێکی تایبەتی کوردەکەم دیت.خوایە من وەک ئەو کابرایە بناسم وایە.
- کاکە ناوت بە خێر؟
- مامۆستا حوزنی نامناسی؟ من عەمراغام،نۆکەری حاجی سەید عەوڵا،چەندم چایی بۆ داناوی؟
- تۆ و ئێرە چی؟
- بەدبەختی.سەید پۆشۆی سەید تەها هەڵی فریواندم: وەرە دەتکەمە کوردی روسیە و دەت بەم بۆ سەفیری بریتانیا و پوڵێکی باشت دەست دەکەوێ.وا لێرە وەک حەپسی وام و ئەوا لە ترسانیش زراوم چوە، دەخیلە ڕزگارم کە.
سەفیر لە دەرێ دەهات و دەچو.چاوەنۆڕی خەبەری خۆش بو. نوک و بەدم بۆگێڕایەوە.وەک بیست کەس قدیلکەی بدەن ملی لە پێکەنین نا:
- ئەو پۆشۆیە پتر لە بیست جاران دەستی بڕیوم،بەڵام دیسان فایدەی لێ دەبینم! پوڵێکم بۆ عەمەرئاغا ساند و ناردمەوە سنوری ئێران" ( چێشتی مجێور، لاپەڕەی ١٢٥و ١٢٦).

هەر لەو کتێبە دەستنووسە دا ذوکتور ڕەحیمی قازی دەنووسێ: " لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٦ لە نزیک مەهاباد یەکێک لە جاسووسانی ئینگلیسی بە نێوی ڕەسووڵ ناجی لە لایەن پێشمەرگەی کوردەوە گیرا. ئەو لە بەر سەنەد و بەڵگەیەکی زۆری کە لێی گیرا بوو ناچار بوو زۆر شت بدرکێنێ و ئعترافی لە سەر بکا. لە لێپرسینەوەکانی سەرەتایی دا ئعترافی کرد کە بەپێی ڕاسپاردەی ڕەئیسی ئیدارەی سیاسی ئینگلیس لە مووسڵ سەرهەنگ دوو کارونیل مید و سەروان گۆڕ لە هەولێر هاتووە لە گەڵ جاسووسانێک وەک کاک مامەندی کولیج، گوڵزار خانم، شیخ عەبدوڵای گەیلانی، ڕەشید بەگی حاجی ئاغا ئۆغڵی و تەها تەیر ئاغا چاوپێکەوتن بکا، فەرمانی مەئموورانی سیاسی ئینگلیسیان پێ ڕابگەیێنێ.
لە جێی خۆیدا وەبیر بهێندرێتەوە کە زۆربەی ئەو کەسانە خۆیان لە نێو رێزەکانی بزووتنەوەی کورد خزاندبوو و ماهییەتی خۆیان شاردبووەوە. لێرە دا بە تایبەتی مەسەلەی شێخ عەبدوڵای گەیلانی زۆر گرینگ بوو، چونکە ئەو
لە بەر خزمەتی باب و باپیرانی بە بزووتنەوەی کورد و پلەوپایەی دینی خۆی تا ڕادەیەک لە نێو خەڵک دا خۆشەویست بوو و وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هەڵبژێردرا بوو. نێو براو وەکوو ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان لە کۆبوونەوەکان و وتووێژەکانی کە لە گەڵ دەستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان کرابوون بەشداری کرد بوو. وەدەست کەوتنی لیستی ناوی ئەو کەسانە گرینگییەکی زۆری هەبوو. کۆمیتەی ناوەندی حزب و حکوومەتی نەتەوەیی کوردستان دەستبەجێ هەنگاوی پێویستی هەڵێناوە. شیخ عەبدوڵای گەیلانی و هەر وەها میرزا ڕەحمەتی شافیعی کە لە تاجرە گەورەکانی مەهاباد بوو ،پەنایان هێنابوو بۆ ماڵی قازی محەمەد ( مەحکەمەی قازی). پووچەڵ کرانەوەی ئەو پیلانە زەبرێکی گەورە بوو لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیس لە مەڕ کوردستان. ئینگلیسییەکانیش لەوە تێگەیشتن کە هەست و بیروڕای نیشتماپەرستانە و پێشکەوتنخوازانە لە نێو کوردەکاندا ئەوەندە بەهێزە کە ناتوانن لە ڕێگای دێمۆکڕاسی لای بدەن و بە دروشمی کۆنی یارمەتیدان بە " دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی گەورە" گەلی کورد هەڵفریوێنن.کۆلۆنیالیزمی ئینگلیس لە ڕێگای لەشکر کێشانەوە دەیەویست پێش بە بەخۆداهاتن و باڵا کردنی بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی گەلی کورد بگرێ. هەر بۆیەش ئینگلیستان هێزێکی زۆری هێنایە کوردستانی عێڕاق و هێزی خۆی لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران دامەزراند." ( لاپەڕەی ١٤١ی دەستنووسی فارسی، وەرگێڕانی من)
باسی ڕەسووڵ ناجی لە چەند سەرچاوەی دیکەش دا هاتووە. بۆ وێنە سەید محەمەدی سەمەدی لە زمانی سەعیدی هومایوونەوە دەنووسێ: " دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەمۆ ٢٥- ١١- ١٣٦٣ [ی هەتاوی] جەنابی سەعید خانی هومایوون کە یەکێک لە کەسایەتییە ئاگادارەکانی مەهابادییە، شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی بۆ باس کردم کە ئەوەی گوتی لێرە دا دەیگێڕمەوە: ڕووسەکان لە ساڵی ١٣٢٤[ی هەتاوی] لە شاری شنۆ کوردێکی عێڕاقییان بە سەنەد و بەڵگەوە گرت و دەرکەوت کە ئەو شەخسە بە قازانجی بریتانیا جاسووسی کردووە. ڕووسەکان نێوبراو دەدەنە دەست حکوومەتی ئەو کاتی مەهاباد. قازیی محەمەد هێندێک پرسیاری لێ دەکا و ئەو کەسەش پێ لە گوناحکاری خۆی دەنێ و دەڵێ ئێستا کە هەموو شتی من ئاشکرا بووە و دەستم ڕوو بووە،ئعتراف دەکەم کە ئەو کارە قێزەوەن و سووکەم کردووە تەنانەت ئیقرار دەکەم کە لە ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی [١٩٢٨] لە سەرهەڵدانی مەلاخەلیلی گۆڕەومەڕ دا بریتانیاییەکان مەئموورییەتیان پێ دام بچمە لای مەلا خەلیل و تێبکۆشم ئاوری شەڕ و دووبەرەکی خۆش بکەم. ئێستا پێی لێدەنێم کە شەرم دەکەم و پەشیوانم و بەڵێنی دەدەم تا ئەو ڕۆژەی زیندووم وەدوای کاری ئاوا نەکەوم. ( محەمەدی سەمەدی، نگاهی بتاریخ مهاباد، دەقی فارسی، لاپەڕەی ٩٢. وەرگێڕانی من.)
هەژار لە سەر ئەو ڕەسووڵ ناجییە دەنووسێ: "... هەر حوزنی گێڕایەوە کە لەهەولێر بوم،دەچومە دیدەنی حاکمی ئینگلیس،مەلایەکی لەباری کەڵەگەتم دیت لە دەرگای حاکم کز وێستابوم [!]. گوتی:
- سەید توخوا وا بکە حاکم ببینم، چەند ڕۆژە ڕێم نادا.
- حاکم لە جوابما گوتی:
- ئەوە مەلا خەلیلی گۆڕەومەرە،ئەوەی پێمان سپاردبو، باشی پێک نەهێنا، ئێستا داوای پوڵ دەکا.پێی بڵێ ئەگەر خۆی نەشارێتەوە پۆلیسی عێراق دەیگرن."
ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو پیاوە ممبارەکەی ئەو هەمو مەنگوڕەی بە کوژ دا و ماڵ وێران کرد، کێ ناردویە و ڕەسوڵ ناجی کە ئێمە لە سابڵاغ گرتمان و دەرکەوت جاسوسێکی گەورەی بریتانیایە و دامانە دەست روسان، لە خەزای مەلاخەلیل دا ڕاوێژکاری هەرە نزیکی بوە."( چێشتی مجێور، لاپەڕەی ١٢٦)

سەبارەت بە چارەنووسی دواتری ئەو ڕەسووڵ ناجی یە، لە بیرەورییەکانی زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی دا دەخوێنینەوە و ئەو دیدارە دەبێ لە ساڵی ١٩٥٣ یان ١٩٥٤ دا بووبێ. " مانەوەم لە تاشکەند ئەوەی باش بوو ناوە ناوە دەڕۆیشتمە (ڤریڤسکی) ئەو شوێنەی باوکم و منداڵەکانمی لێ بوون. ڕۆژانی پشوو دەڕۆیشتمە لایان، ڕۆژێکی یەک شەم چوومە لای باوکم بینیم پیاوێکی پیر لای باوکم دانیشتووە و نەمناسی،پیاوێکی ڕەق و لاواز بوو باوکم پێی گوت: ( کاک ڕەسووڵ ئەوەیە زرار)، ناوبراو چاک و چۆنیەکی گەرمی لێکردم ئینجا دوو بە دوو دانیشتین و قسەمان کرد لە قسەکانیدا دیار بوو پیاوێکی وشیار بوو لە ماوەی دانیشتنمان زۆر شتی مێژووییم لێ بیست، لە دواییدا زۆر بە وردی باسی گیرانی خۆی گێڕایەوە کە چۆن لە نەغەدە لە ساڵی (١٩٤٦) دەستگیر کراوە و بەڕێ کراوەتە سۆڤیەت،لە قسەکانی بەردەوام بوو گوتی:( لە ڕاستیدا من پیاوی ئینگلیزەکان بوم،لە زووەوە وەک کاربەدەستێکی شەریکەی نەوتی کەرکوک باوەڕپێکراوی ئەوان بووم پەیوەندیم بە زۆر کەسەوە هەبوو لە کوردستان، لە کاتێکا هێنامیان بۆ ئێرە هەموو شتێکم پێ گوتن، ئەوانیش بەریاندام، لەو کاتەی بیستم ئێوە هاتوون بۆ سۆڤیەت داوام لێ کردن بمبەن بۆ لای بارزانیەکان،مەلا مستەفا دەناسم ئەوانیش هێنامیان بۆ ئێرە)."(بیرەوەییەکانم لە ساڵانی ١٩٤٣ – ١٩٧٧ دا، زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، ٢١٥)

دوکتور ڕەحیمی قازی لە مەڕ حەولی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی پێوەندی لە گەڵ قازی محەمەد دەنووسێ: " لەیەکێک لە سەفەرەکانی قازی محەمەد بۆ تاران بۆ دیدار لە گەڵ قەواموسەلتەنە، عەبدوڵای ئێلخانیزادە کە سەر بە حکوومەتی ناوەندی و ڕەئیسی ستادی ئەڕتەشی ئێران بوو بە پێی ڕاسپاردەی جۆرج ئالێن سەفیری ئەمریکا لە تاران حەول دەدا قازی لە ئەمریکا نزیک کاتەوە. ئەو بە قازی دەڵێ بۆچی سەفەرێکی ئەمریکا ناکا؟ دیارە ئەوە قسەی شەخسی خۆی نەبووە، بەڵکوو بە پێی فەرمان و ڕاسپاردەی ئاغاکانی قسەیەکی وای کردووە*. سەبارەت بە حەولی ئەمریکا بۆ نزیکبوونەوە لە قازی بەڵگەیەکی دیکەش بەدەستەوەیە کە زۆر گرینگە. ڕۆژنامەی " پیکار زندگی"** کە لە تاران چاپ دەبوو، لە بەهاری ساڵی ١٩٥٥ بیرەوەرییەکانی کاربەدەستێکی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٤٧-١٩٤٦ چاپ کردووە کە تیێدا باسی چوونی ژەنەڕاڵ شوارتسکۆف ی ئەمریکایی بۆ لای قازی محەمەد لە تاران دەکرێ. شوارتسکۆف لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٦ بە پێی داوخوازی دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێران وەکوو ڕاوێژکاری گشتی هاتە ئێران و بە دەستەڵاتێکی بەربڵاو هەموو کاروباری ژاندەرمەری ئێرانی بە ئەستۆ وە گرت. کاتێک قازی لە تاران بوو. شوراتسکۆف ژەنەڕاڵ خوسەرەوانی فەرماندەی ژاندەرمەری گشتی ئێران دەنێرێتە لای و داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکا. ڕۆژنامەی " پیکار زندگی" وتووێژەکانی نێوان قازی و شوارتسکۆفی بە کورتی بڵاو کردووەتەوە و لە کۆتایی دا ئەو ئاکامەی لێ دەرخستووە: " ڕێبەری کۆمەڵە هیوایەکی گەورەی بە سەرکەوتن و پێشکەوتنی ڕووسییە هەبوو و وا وێنەدەچوو لە ئاڕەزوو و ئاواتی خۆی دەست هەڵبگرێ. لەو پوختەی ئەنجام لێ دەرخستنەی " پیکار زندگی " ڕا دەردەکەوێ کە هەموو حەولەکانی ئەمریکاییەکان بۆ ئەوە بوو کە قازی محەمەد لە یەکێتی شووڕەوی و دێمۆکڕاسی ڕاستە قینە دوور خەنەوە و بیکەن بە هەڵسووڕێنەری سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکانی ئەمریکا لە کوردستانی ئێڕان (* "نامە دنیا" ١٨ی دیسامبری ١٩٥٥، ** ئەم قسانە بە پاڵپشتی ڕؤژنامەی "کوردستان"ی چاپی باکۆ، ڕێکەوتی ٦ی ئاوریلی ١٩٥٥ نووسراون) ( هەر هەمان سەرچاوە، لاپەڕەی ١٤٤. وەرگێڕانی من).

دوکتۆر ڕەحیمی قازی لە پەراوێزی ئەو بەشەی کتێبەکەیدا دەنووسێ: " پێویستە شی بکرێتەوە کە لە هێندێک نووسین دا و، لەوانە کتێبی عەزیزی شەمزینی کوڕی سەید عەبدوڵای گەیلانی بە بێ هیچ بەڵگە و مەدڕەکێک دڵڕەشانە هێرشی کردووەتە سەر قازی." ( پەراوێزی لاپەڕەی ١٦٠ی دەستنووس،وەرگێڕانی من).

مرۆی وردبین بە خوێندنەوەی شیکردنەوەکانی عەزیزی شەمزینی و ڕەحیمی قازی بە باشی بۆی ساخ دەبێتەوە کە نەیەکەمیان دەتوانێ بیسەلمێنێ قازی محەمەد سەرلەپێناوی سیاسەتی ئینگلیستان بووە و نە ئەوی دووەمیان بەو شتانەی باسی کردووە دەتوانێ گۆیا "جاسووسی" ڕەحمەتی شێخ عەبدوڵای گەیلانی بۆ ئینگلیستان بسەلمێنێ.گریمان ئەوەش ڕاست بێ ڕەسووڵ ناجی مەئموورییەتی ئەوەی بووبێ چاوی بە شێخ عەبدوڵا بکەوێ و بۆچوون و سیاسەتی کاربەدەستانی ئێنگلیس لە عێڕاقی پێ ڕاگەیێنێ، بەڵام ئەوە بە هیچ جۆر مانای جاسووسی کردنی سەید عەبدوڵا بۆ ئینگلیستان ناگەیێنێ .
هەم پێشەوا قازی محەمەد و هەم شێخ عەبدوڵا ئەگەر تاکتیکی کار و خەباتیشیان جیاواز بووبێ،بەرلەهەموان سەرلە پێناوی کوردان بوون. پێشەوا قازی محەمەد بە فیداکردنی گیانی خۆی ئەوەی سەلماند و نەمر شێخ عەبدوڵا ئەفەندیش لە تەواوی ماوەی ژیانی خۆی لە دوای هاتنی بۆ خاکی کوردستانی ئێران کەس جگە لە چاکەی لە گەڵ خەڵکی نەدار و گەلی کورد چ خراپەیەکی لێ نەدیوە و کە وابێ لە ڕێبازی برا، باب و باپیری لای نەداوە و هەر نفووزی مەعنەوی ویش بوو کە توانی ژیانی سەید عەزیز لە مەرگی حەتمی لە زیندانی "سەنگەسەر" بپارێزێ.
هەڵسەنگاندنی ئیدیعا بێ بەڵگەکانی ڕەحمەتی عەزیزی شەمزینی سەبارەت بە سەرلەپێناوی قازی محەمەد بۆ ئینگلیستان و وڵامی بێ بەڵگەی ڕەحمەتی ڕەحیمی قازی بۆ بە جاسووسی ئینگلیستان دانانی کەسایەتییەکی خۆشەویستی وەک سەید عەبدوڵا ئەفەندی دەبێ وەچەی ئیستای کورد لە مەڕ نموونەیەک لە مێژووی سیاسی چەواشە کراوی وەخۆ بێنێتەوە. ئەگەر کاک شێرکۆی هەژار ڕیوایەتی هەڵەی لە بۆچوونی دوکتۆر عەزیزی شەمزینی نەکردبایە،ڕەنگ بوو لێخوردبوونەوەیەکی ئەوتۆ هەر بە زەینی منیشدا نەهاتبا.

10 comments:

Ruwange --- ڕوانگه said...

ده‌ ست خۆش کاکه‌ حه‌ سه‌ ن ئه‌ و میژووه‌ ده‌ بیت راست بکریته‌ وه‌ ئه‌ گه‌ ر ئه‌ کادیمیانه‌ جاره‌ کی تر بنووسرینه‌ وه‌ ده‌ بیت سه‌ رچاوه‌ کان په‌ یدا بکرین لۆ موسڵمانان حه‌ دیسه‌ کانی محمد هه ‌ندیکیان جیگای شکوگومانه‌ و هه‌ ندیکیان به‌ راستی و دروستی ناناسریت هه‌تا عائیشه‌ ی هاوسه‌ ری له‌ زۆر جیگا دژی هه‌ ندیک راوی قسه‌ ی کردووه‌ بۆ ئیمه‌ ش زۆر پیویسته‌ میژووه‌ که‌ وه‌ کو خۆی باس بکریت و به‌ دوای قسه‌ و قسه‌رۆکان نه‌ که‌ وین که‌ میژوو ئاوا نانوسریته‌وه‌ ببینه‌ چۆن له‌ شرق مروڤ ده‌کریته‌ بت و ده‌ په‌ رستریت پاشان که‌ تووشی هه‌ ڵه‌ ده‌ بیت چه‌ ند به‌ سه‌ختی ره‌ خنه‌ ی لیده‌ گریت . وای چه‌ ند خۆش بوو هه‌ ردوو نه‌ مران مامۆستایان ره‌ حیمی قازی و عه‌ زیزی شه‌ مزینی له‌ سه‌ رده می خۆیان ئه‌ و باسه‌ یان هه‌ ڵبسه‌ نگبا یه‌ بۆ به‌رژه‌ وه‌ ندی کورد و کوردستان نه‌ک بۆ به‌ رژه‌ وه‌ ندی خود . ئه‌ من لۆم ناچیته‌ وه‌ سه‌ ر یه کتر دوای ئه‌ وه‌ی چیشتی مجیوری مامۆستا هه‌ژار بووه‌ فعل ماضی ئه‌ و به‌ ریزه‌ بۆ تازه‌ دوای ئه‌و هه‌ موو ساڵه‌ و ئه‌ و هه‌موو نووسینه‌ به‌ بیری هاته‌ وه‌ ،گه‌لۆ نووسه‌ ری ھەژاری مرۆڤ و دە ور و بە ری له‌ و ریگایه‌ مه‌ به‌ ستی بووه‌ ئه‌و برینه‌ قه‌تماغ گرتووانه‌ بکولینه‌ ته ‌وه‌ یان بیره‌ وه ‌ری خۆی و یادگاری یه‌کانی خۆی بلاوبکاته ‌وه هه‌ ر چۆن بیت ماندوو بوونی ئه ویش خزمه‌ تیکه‌ بۆ ئه‌ و نه‌ وه‌ ی تازه‌ یه‌ ی که‌ حه‌ زده‌ کات شاره زای هه‌ ژار بیت . له‌ بیر ناکریت ئه‌ و کاته‌ی شه‌ مزینی ده ‌رباره ‌ی قازی نووسیوو ه‌ نه‌ قازی له‌ ژیان مابوو هه ‌تا دیفاع له‌ خۆی بکات نه‌ که‌سیش ئه‌و نووسینه‌ ی ئه‌و کاته ‌ی بینیبوو هه ‌تا ده‌ رباره‌ ی بنووسن پاشان شه ‌مزینی که‌و ته‌ باوه ‌شی مه‌لا مستافا و پاشان ئیبراهیم ئه‌ حمه ‌د هه‌ر ده‌ بیت وا بیری کردبیته و ه‌ و به‌ و شیوه‌ یه‌ تیزه‌ که‌ ی بنووسیت . هه‌ ندیک جار میژوو نووس به‌ ده‌ ست خۆی نی یه‌ بابه‌ ت ده‌ شیوینیت . سه‌ یری نووسینان بکه‌ ده‌ رباره‌ ی سولیمانی موعینی هه‌ تا حزبه‌ که‌ ی که‌ بۆی تێکۆشا و هه‌ وڵی زیندووکردنه‌ وه‌ ی بۆ ده‌ دا چه‌ ند به‌ ده‌ نگی یادی ئه‌ و پاڵه‌ وانه‌ ئه‌ و چۆنی یاد ده‌کا ته‌ وه‌ ئه‌ دی ئه‌ وه‌ میژوو چه‌ واشه‌ کردن نی یه‌ . ئه‌ دی لۆ نانووسن له‌ به‌ رژه وه‌ ندی کی بوو له‌ ناو بردرا .ئه‌ وه‌ هه‌ ر بۆ رازی کردنی دلی هاو په‌ یمانی شیوعیه‌ کانه‌ هه ‌نوو که‌ خه‌ ریکه‌ کاره‌ ساتی پشت ئاشان له‌ بیر ده‌ که‌ ن خۆ ئه‌ گه‌ ر ئه‌ و هاو په‌ یمانیه‌ نه‌ مینیت جاره‌ کی تر باسه‌ که‌ گه‌ رم ده‌ بیته‌ وه‌ و ره‌ نگه‌ شتی تازه‌ شی بۆ زیاد بکریت . ئه‌ تو سه‌ یر که‌ هه‌ نووکه‌ هه‌ موو نووسینیک ده‌ رباره‌ ی ئاشبه‌ تاڵی 1975 به‌ چ شیوه‌ یه‌ک ده‌ نووسریت و به‌ راوردی بکه‌ له‌ گه‌ڵ نامیلکه‌ ی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رکردایه‌تی کاتی ئابی 1976 حه‌ رد و عاسمانی فه‌ رقه‌ ئه‌ و کاته‌ ئه‌ وانه‌ ده‌ سه‌ڵاتیان نه‌ بوو . ده‌ سه‌ڵات میژوو به‌ هه‌ وه‌ سی خۆی ده‌ نووسیته‌وه‌ خۆزگه‌ وا نه‌ ده‌ بوو . هه‌ ر نووسینیک دیکومه‌ نتی له‌ گه‌ڵ بیت له‌ قسه‌ و فڵان گووتی چاکتره‌ ده‌ ستت خۆش و هیوادارم ئه‌ و دیکومه‌ نته‌ شاردراوانه‌ ی میژووی کورد ئاشکرا بکرین و بکه‌ ویته‌ به‌ رچاوی خوێنده‌ واری کورد

فەهد گەردەوانی
پێنجشەمۆ ١٣ی مەی ٢٠١٠

Ruwange --- ڕوانگه said...

Farhad Jahanmahan

Dast xosh kak Hassan.

Ruwange --- ڕوانگه said...

كاك حه سه نی به رێز
ئه وه ی كه له ئه ستێری لێلی سیاسه تی وڵاتانی رۆژ هه لات ،به كووردستانیشه وه بۆته سه رچاوه یه كی لێل بۆ شێواندنی مێژوو و سیاسه ت ،لێك هالان و تێكه ل
بوونی"دوو چه مكن:چه مكی "لایه نگری
و چه مكی جاسووسی"له زمانه كانی رۆژئاوا دا لایه نگری یا دۆستانی به پاشكۆی PHILE
ده ناسرێت و جاسووسی به ناوی
"SPIONAGE
ئه وه كه له مه یدانی سیاسه تی كورد دا كێ
جاسووسه و كێ "فیلی"كێ،سنوورێكی روونی بۆ دانه ندراوه..ئه گه ر باش بیر له و دوو چه مكه ش بكه ینه وه ده زانین كه جوداكرنه وه یان زۆر هاسان نی.با سنوورێك به ناوی مه سله حه تی نه ته وایه تی و ئازادی بریار و خۆ پاراستن له
وه پێش دانی مه سله حه تی لاوه كی ببێته بنه مایه ك ، دیسانیش ئه وه هه ر نادیاره كێ كێ یه
كریس كۆچارا كه بۆ خۆی یه ك له وانه یه كه ده بێ بناسرێ له نووسراوه یه ك دا بۆ میدل ایست و دوای چاپی كتێبه كه ی له سه ر كوردستان باسی ئه وه ده كات كه تا ئه و رۆش به شێكی زۆر له سه نه ده كانی ئارشیوی ده زگای ده وله تی ئینگلیس له سه ر كوردستان به نه هێنی راگیراون له به ر ئه وه ی كه ناوی هێندێك كه س و بنه ماله ی تێ دایه كه هێشتا مووچه خۆری ئینگلیسن

خەلیلی پێشنماز
جومعە ١٤ی مەی

Ruwange --- ڕوانگه said...

Naser Hessami

دەستخۆش کاک حەسەنی بەڕێز! لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەپێز بوو. هیوام خۆشیتانە

جومعە ١٤ی مەی ٢٠١٠

رامان said...

کاک حه‌سه‌ن وابزانم ئه‌و کتێبه‌ له‌ سه‌ر وێب هه‌یه.چۆن ده‌توانم وه‌ده‌ستی بێنم؟‌
من له‌ بازاڕ گیرم نه‌که‌وت وادیاره‌ چاپی کاغه‌ز نه‌بووه‌.

Ruwange --- ڕوانگه said...

Azad Mastani

har baji kak hassan

Ruwange --- ڕوانگه said...

Evin Abri

Her Bijii u Dest Xosh Kak Hassan'ii Bereez u Xoshewiist.

Ruwange --- ڕوانگه said...

Kak hessen bashe bê rastî qazi mhemed pishtgiri le înglis dekird ?yan be pêçewanewe? emin pem waye çunke shemzini tez u dukturakey le rusiyey ewkat wergirtuwe u rusiye u englisish diji yek bun u bo wedest hênanî deryay azad lew nawçeye mil milanêyan bu, ew babete ba bê karigari u layengiri le rusia nenusrawe.
Leser ewey ke shêrko ba bê bellge basi pêwendi nêwan amrika u qazî kirdo, eger tenanet serçawekey ew ktêbey shemzinish bê ewe disan ewe naselmênê ke wa buwe
Le nêwan bnemalley shemzini u qazi u tayefey nehrî çi giriftêk hebuwe? aya pêwendi be komari kurdistan le mehabad hebu yan pêshtirish bu?yan be dway da hat?
rasti kak hesen derdekewê ke edebiatî be bellge qse kirden u tomet lêdan u tawanbar kirdin zor kone u shêrkoy hejarish hênde dahenre niye lew besheda.

Shilér Bayezidi
Cum'e 14-i Mey

Ruwange --- ڕوانگه said...

Tahir Khadiv

desxosh kak hasan gian

Said said...

کاک حه‌سه‌ن ده‌ست خۆش
ماندوو نه‌بی و شیکرده‌نه‌ویه‌کی ورد و جوان بوو بۆ کتێبه‌که‌ی کاک شێرکو هه‌ژار و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ مێژه‌به‌ بێ به‌ڵگه‌ و به‌ شێوه‌ی زاره‌کی کۆمه‌ڵێک قه‌سه‌ له‌ سه‌ر کۆمار و پێشه‌وا بڵاوده‌که‌نوه‌ که‌ بێ ئه‌ساسه‌. ته‌نیا تێبینی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ سترۆکتوری وه‌تاره‌که‌ت که‌مێک ده‌ست تێوه‌ردابوو زۆر به‌ که‌لکتر ده‌بوو
دیسان ده‌ست خۆش سه‌عید شه‌مس