بۆچی له ئه‌مریکا زمانی ئینگلیسی ڕه‌سمی نییه؟
ئه‌و پرسیارانه‌ی زۆر جار سه‌باره‌ت به ئینگلیسیی ڕه‌سمی ده‌کرێن
نووسینی جه‌یمس کراوفۆرد، سه‌رۆکی ئه‌نیستیتووی زمان و سیاسه‌تی په‌روه‌رده
ژووییه‌ی 2006. پێداچوونه‌وه نۆڤامبری 2008
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
ئینگلیسی زمانێکی ڕه‌سمییه له زۆر ووڵاتان. بۆچی ئه‌وه له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌بێ بیرێکی جه‌نجاڵی و جێی مشت‌ومڕ بێ؟
هه‌تا ئێستا، هیچ ووڵاتێک ئینگلیسی به تاقه زمان به‌نێو نه‌کردووه، که ئه‌وه بووبێته هۆی به‌رته‌نگ کردنه‌وه‌ی قانوونی به‌کارهێنانی زمانانی دیکه له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که تێیاندا ئینگلیسی زمانێکی ڕه‌سمییه - وه‌ک کانادا، هیندووستان،فیلیپین و، ئه‌فریقای خواروو - به ڕه‌سمی دووزمانی یان فره زمانین. واته ئه‌وان به پێی قانوون جگه له ئینگلیسی مافی ئاخێوانی زمانه‌کانی دیکه‌ش ده‌پارێزن. هیچ کام له‌و ووڵاتانه جۆره‌یه‌ک له رێژیمی ته‌نێ ئینگلیسییان دانهساپاندووه به‌و شێوه‌یه‌ی که ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی ئینگلیسیی ڕه‌سمی پێشنیازی ده‌که‌ن
ئه‌وه ڕاسته که هێندێک له‌و ووڵاتانه‌ی که ئینگلیسی زمان نین سیاسه‌تی ده‌مکوتکه‌رانه‌ی زمانییان گرتووه‌ته به‌ر بۆ به‌رته‌نگ کردنی مافی خۆ ده‌ربڕینی که‌مینه‌کان. بۆ نموونه، ترکییه و سڵۆڤاکیا، به‌کارهێنانی کوردی و مهجارستانییان کردووه‌ته سێرهی ئامانجه‌کانیان و،ئاخێوانی ئه‌و زمانانه‌یان ڕاوه‌دوو ناوه. ئه‌و جۆره سیاسه‌ته توند وتیژانه له گه‌ڵ نه‌ریتی ئه‌مریکایی بۆ ڕێزگرتن له ئازادیی به‌یان و مافه مه‌ده‌نییه‌کان یه‌ک ناگرنه‌وه
داخودا دوو زمانه‌تی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نییه بۆ سه‌ر یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌ییی و، خه‌ڵک به‌پێی زمانان دابه‌ش ناکا؟
له سه‌رتاسه‌ری جیهان دا جوراوجۆرهتی زمانی ڕاستییه‌کی ژیانه و، ئه‌وه شێوه‌ی ئاسایی کاروباره‌کانه له گشت ووڵاتان جگه له چه‌ند ووڵاتی پچووک نه‌بێ. له ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش هه‌ر وابووه، که تێیدا به سه‌دان زمانی غه‌واره و خۆجێیی به ته‌نیشت ئینگلیسییه‌وه ژیاون. به پێی بوروی هه‌ژمار ئێستا له‌م ڕۆژگاره دا دانیشتوانی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به نزیکه‌ی 380 زمان قسه ده‌که‌ن
زمان وه‌کوو نیشانده‌رێکی جیاوازی ئێتنیکی، له کێشه ئێتنیکهییهکاندا ده‌ورێک ده‌گێڕێ. به‌ڵام کۆمه‌ڵه جۆراوجۆره‌کان پێویست ناکا کۆمه‌ڵه‌ی له یه‌ک دابڕاو بن.زمان‌ناسی کۆمه‌ڵایه‌تی جاشوا فیشمه‌ن له لێکۆڵینه‌وه‌ک دا که سه‌باره‌ت به 130 ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه کردوویه‌تی هیچ جۆره هۆکارێکی نه‌دیوه‌ته‌وه جۆراوجۆرهتی زمانی بووبێته هۆی کێشه و تێکهه‌ڵچوونی نێوخۆیی.له ئاست شوێنێکی وه‌ک کانادا، که جیاوازییه زمانییه‌کان ده سیاسه‌ته‌وه گلا، سویسێک هه‌یه، که تێیدا چوار ده‌سته‌ی زمانی به سه‌دان ساڵه به ته‌نیشت یه‌که‌وه له ته‌بایی دا ژیاون و به‌پێی قانوونه بنچینه‌ییه‌که‌یان مافی یه‌کسانیان هه‌یه
بۆچی له کانادا زمان بووه‌ته بابه‌تێکی گرژی ساز کردن ؟
کانادا نموونه‌یه‌کی باشه بۆ جه‌مسه‌ربه‌ندی که ده‌کرێ ئاکامی نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی بێ له سه‌ر بنه‌مای زمان له زه‌مانی چه‌ند وه‌چان دا. به‌ر له ساڵی 1969، شارۆمه‌ندانی فه‌ڕانسه‌یی زمان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ستانی کێوبێک [به زمانی فه‌ڕانسه‌یی] زۆر که‌م ده‌ستیان وه حکوومه‌ت ڕاده‌گه‌یشت. سیاسه‌ته‌کانی به کرده‌وه‌ی ته‌نێ ئینگلیسی ئه‌وانی کردبوو به شارۆمه‌ندانی پله دووی کانادا.دوو زمانه‌تی ڕه‌سمی، که له ساڵی 1969 په‌سند کرا، حه‌ولێکی وه‌ده‌رنگ که‌وتوو بوو بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی که‌مینه‌کان.به‌داخه‌وه،ئه‌و هه‌نگاوه زۆردرهنگ هه‌ڵهێندرایه‌وه و نه‌یتوانی جیاوازیخوازی کێوبێکییهکان له ساڵانی 1970کاندا دامرکێنێ.له وانه سیاسه‌تی ته‌نێ فه‌ڕانسه‌یی که دووچاوکێتی و فه‌رق وجیاوازی کردن بووه له گه‌ڵ ئینگلیسی زمانان
کێشه‌که له کانادا خۆی له خۆیدا له به‌ر جیاوازیی زمانی نییه،به‌ڵکوو له‌به‌ر به‌کارهێنانی زمانه وه‌ک ئامرازێک بۆ سه‌ره‌تی پێدانی ئێتنیکی.ئه‌و دیارده‌یه له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا که‌متر باو بووه،که تێیدا نه‌ریتێکی ئازادیخوازانه درێژه‌ی به مانی خۆی داوه و، قانوونی به‌رته‌نگ و پێشگێڕهوهی زمانی ڕێزپه‌ڕ بوون تا ئه‌وه‌ی وه‌ک بنه‌ما و قاعیده‌یه‌ک له گۆڕێ دابن. له ئاکام دا،تاکوو ئێستا ئه‌مریکاییه‌کان خۆیان له کێشه‌ی سه‌ره‌کی له سه‌ر زمان پاراستووه
مه‌سه‌له‌ی پێویستی هه‌بوونی زمانی ڕه‌سمی له مێژووی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کاندا پێشتر که‌نگێ هاتووه‌ته گۆڕێ؟
ئه‌مانه‌ی خواره‌وه هێندێک له بهروار و ڕووداوه سه‌ره‌کی و کلیلییهکانن
١٩٢٣-یەکەم قانوونی سه‌باره‌ت به زمانی ڕه‌سمی له ئاستی فێدێراڵ دا،لایحهیهک بوو بۆ ڕاگه‌یاندنی "ئه‌مریکایی" به زمانی ڕه‌سمی.ئه‌وه هێرشێکی گاڵته‌جاڕانه بوو بۆ سه‌ر ئه‌مریکاییه‌کان که زۆر زیاتر نرخیان بۆ نه‌ریته ئه‌ده‌بییه‌کانی ئینگلیسی داده‌نا تا ئی خۆیان.کۆنگره ئه‌و لایحهیهی به جیدی وه‌رنه‌گرت. به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه ئه‌وی ساڵێ له ده‌وڵه‌تی [ویلایه‌تی] ئیلێنۆی په‌سند کرا،نوێنه‌رانی ئه‌مریکایی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئیرله‌ندی ده‌رفه‌تێکیان وه‌ده‌ست هێنا بریتانیاییهکانی بورووژێنن.له ساڵی 1969،ئیلێنۆی به خشکه‌یی "زمانی ئه‌مریکایی" وه‌لانا و ئینگلیسی کرده زمانی ڕه‌سمی خۆی
١٩٨١-یه‌که‌م پێشنیاز بۆ ئه‌وه‌ی ئینگلیسی له سه‌رتاسه‌ری ووڵاتدا وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ڕابگه‌یێندرێ له لایه‌ن سه‌ناتۆر س.ئی. هایاکاوا (سه‌ر با پارتیی کۆماری له کالیفۆرنیا)، که دژبه‌رێکی به‌رچاو و به‌گوڕی په‌روه‌رده‌ی دووزمانه‌تی بوو، هاته گۆڕێ . ئه‌و بابه‌تێکی له پێشنیاز قانوونه‌که زیاد کرد به‌م نێوه‌رۆکه‌وه: " نه ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و نه هیچ ده‌وڵه‌تێکی دیکه قانوونێکی ئاوا دانانێن یان به‌ڕێوه‌ی نابن که پێویستی به به‌کارهێنانی زمانێکی دیکه جگه له ئینگلیسی هه‌بێ. ئه‌و ماده‌یه ده‌بێ هه‌موو جۆره، قانوون،ئامۆژگاری،ڕێسا، فه‌رمان، به‌رنامه و سیاسه‌ت دانان بگرێته‌وه."کۆنگره قه‌ت له سه‌ر ئه‌و پێشنیازه یان هیچ تێبینییه‌کی قانوونی دیکه بۆ ڕاگه‌یاندنی ئینگلیسی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ده‌نگی نه‌دا
١٩٩٦-له‌و ساڵه دا کۆنگره‌ی نوێنه‌ران بۆ جاری یه‌که‌م له سه‌ر ئینگلیسیی ڕه‌سمی ده‌نگی دا. کۆنگره‌ی نوێنه‌ران به 259 ده‌نگ له به‌رانبه‌ر 169 "قانوونی ده‌سته‌ڵاتی زمانی ئینگلیسی" په‌سند کرد.هه‌نگاوێک که به‌پێی وی ده‌بوو ئینگلیسی وه‌کوو تاقه زمان بۆ زۆربه‌ی سه‌نه‌دو به‌ڵگه‌ی فێدێرال. پێوه‌ندی و له بورای خزمه‌تی گشتی دا ده‌کار بکرێ.به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه له سه‌نای ئه‌مریکا به‌رپه‌رچ درایه‌وه و کۆمیته‌ی کاروباری حکوومه‌ت ڕاگه‌یاند به پێی ئه‌و قانوونه ناجووڵێته‌وه
٢٠٠٦- له‌و ساڵه دا سه‌نای ئه‌مریکا بۆ جاری یه‌که‌م له سه‌ر ئینگلیسیی ڕه‌سمی ده‌نگی دا. ماده‌یه‌کی لێ‌زیاد کراو که له لایه‌ن سه‌ناتۆر جه‌یمس ئینهایف (سه‌ر به پارتیی کۆماری له ئۆکلاهۆما) گه‌ڵاڵه کرابوو داوای ده‌کرد زمانی ئینگلیسی وه‌ک " زمانی نه‌ته‌وه‌یی" نێوزه‌د بکرێ و ده‌ستوێڕاگه‌یشتن به حکوومه‌ت به زمانه‌کانی دیکه به‌رته‌نگ بکرێ. ئه‌و پێشنیازه به 63 ده‌نگ له به‌رانبه‌ر 34 ده‌نگ دا په‌سند کرا له ته‌ک ههنگاوێکی به‌دیل دا ئه‌ویش به (59 ده‌نگ له هه‌مبه‌ر 39 ده‌نگ) که ڕایگه‌یاند : ئینگلیسی زمانی هاوبه‌ش و یه‌کخه‌ری ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانه"، به‌ڵام ئه‌و به‌دیله چ به‌رهه‌ڵستێک و به‌رته‌نگییه‌کی بۆ به‌کارهێنانی زمانی دیکه دانه‌ده‌نا. هیچکام له‌و پێشنیازانه نه‌بوون به قانوون ئه‌ویش له به‌ر لایحه‌ی به‌ربڵاو و هه‌موولایه‌نه‌ی چاکسازی کۆچکردن بۆ ئه‌مریکا، که ئه‌و پشنیاز بڕیارانه به‌و لایحهیهوه لکابوون و له دانیشتنی 109ی کونگره دا ده‌نگی نه‌هێناوه
ئه‌وه‌ی که له ڕابردوو دا ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا قه‌ت زمانێکی نه‌کردووه‌ته ڕه‌سمی له به‌ر ئه‌و راستییه نییه - تا ئه‌و دواییانه - که زۆربه‌ی ئه‌مریکاییه‌کان به ئینگلیسی قسه‌یان ده‌کرد و که‌س داوای ئه‌وه‌ی نه‌بوو که خزمه‌ته‌کانی حکوومه‌ت به زمانی دیکه‌ش پێشکێش بکرێن؟
نا به‌هیچجۆر. ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌رله‌وه‌ش که ببێ به ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له ڕووی زمانییه‌وه جۆراوجۆر بوو. له سه‌روبه‌ندی کۆلۆنیالی دا، ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ی که ده‌گه‌یشتنه ئه‌مریکا،ئه‌گه‌رچی هه‌مووشیان نا، به زۆربه‌ی زمانه ئوڕووپاییه‌کان قسه‌یان ده‌کرد. کۆیله ئه‌فریقاییه‌کان زۆر زمانی دیکه‌یان له گه‌ڵ خۆیان هێنا. له ساڵی 1664،کاتێک کۆنترۆڵی نیو نێدرلهند له ده‌ست هۆله‌ندییه‌کان ده‌رچوو وکه‌وته ده‌ست ئینگلیسییه‌کان – و بوو به نیۆیۆرک- له دووڕگه‌ی مانهاتان به 18 زمانی جۆر به‌جۆر قسه ده‌کرا،ئه‌و ژماره‌یه زمانه زۆر و زه‌وه‌نده خۆجێییه ئه‌مریکاییه‌کانی له گه‌ڵ نییه که له نیزیک ئه‌وێ قسه‌یان پێ ده‌کرا
کۆنگره‌ی کۆنتینێنتاڵ سه‌نه‌دی زۆر گرینگی به ئه‌ڵمانی و فه‌ڕانسه‌یی وه‌ڕگێڕا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته گرینگه‌کانی که‌مینه‌ی زمانی وه‌خۆ بکا و پشتیوانی ئه‌وان به‌ره‌و شۆڕشی ئه‌مریکا ڕاکێشێ. ژماره‌ی ئه‌ڵمانییه تازهماڵهن یه‌کجار زۆر بوو. به پێی سه‌رژمێری ساڵی 1790،ئه‌وان ڕێژه‌ی % 7 .8 دانیشتوانی 13 ده‌وڵه‌تی [ ویلایه‌تی] سه‌ره‌تایی ئه‌مریکایان پێک ده‌هێنا.له ماوه‌ی سه‌ده‌ی 19هه‌مدا به میلیۆنان ئه‌لمانی دیکه وه‌ک کۆچبه‌ر هاتن بۆ ئه‌مریکا. ئه‌مریکاییه ئه‌ڵمانییه‌کان له ویلایه‌تی وه‌کوو پێنسیلڤانیا،میسووری، ئۆهایۆ، ئیلێنۆی، میشیگان و، ویسکۆنسین " دوڕگه‌ی زمانی" یان له ده‌ره‌وه‌ی شاران ساز کرد بوو و، له‌و شوێنانه زمانه‌که‌یان تا نزیکه‌ی 5 وه‌چان بره‌وی هه‌بوو
دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریکا چۆنیان بیر له ده‌وری ئینگلیسی ده‌کرده‌وه؟
گشت دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریکا زاڵبوون و باڵاده‌ستی ئینگلیسییان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک ده‌زانی بۆ نه‌ته‌وه‌ی نوێ. به‌ڵام زۆربه‌یان له گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوون قانوونێکی تایبه‌تی بۆ زمان هه‌بێ. که‌سی ڕێزپه‌ڕ جان ئادامس بوو، که له‌ساڵی 1780 پێشنیاری پێکهێنانی " ئاکادێمییه‌کی ئه‌مریکایی کرد به مه‌به‌ستی پاراو کردن، باشتر کردن و دامه‌زراندنی زمانی ئینگلیسی"، ئاکادێمییه‌ک له گوێن ئاکادێمی فه‌ڕانسه‌یی و ئاکادێمی ئێسپانیایی. به‌ڵام له کۆنگره‌ی کۆنتینێنتاڵ دا ئه‌و نه‌خشه‌یه هیچی لێ شێن نه‌بوو. له نێو ڕێبه‌رانی سه‌ره‌تایی دا ڕێکه‌وتنێکی گشتی هه‌بوو که حکوومه‌ت، به تایبه‌تی له ئاستی فێدێڕاڵی دا،ده‌بێ هیچ ده‌وڕێک نه‌بینێ بۆ ڕێوشوێندانان بۆ قسه کردنی خه‌ڵک
له هه‌مانکاتدا. هێندێک قسه‌ی گشتی ئه‌وتۆ هاته گۆڕێ که له جیات ئینگلیسی – زمانی جۆرج شای سێیه‌م – ئه‌ڵمانی، فه‌ڕانسه‌یی، یۆنانی، یان عیبری بکرێته زمانی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام ، ڕاجر شێرمان که له کۆنگره‌ی کۆنتینێنتاڵ دا نوێنه‌ری کانێکتیکات بوو ئه‌و فکره‌ی له گۆڕێ دا بوو ئاوا گه‌ڵاڵه کرد: " بۆ هه‌موومان وا باشتر و ئاسووده‌تره ده‌ست له زمان نه‌ده‌ین، چۆنی بووه با وابێ و کارێکی وا بکه‌ین ئینگلیسی به یۆنانی قسه بکا
له ڕووی پراتیکییه‌وه، داخودا ئینگلیسی هه‌میشه زمانی حکوومه‌ت نه‌بووه له ئه‌مریکا؟
به‌ڵێ زۆربه‌ی کات ئاوا بووه به‌ڵام نه‌وه‌ک هه‌میشه. له‌جێێ خۆیدایه بگوترێ له ساڵی 1783، کاتێک ئه‌مریکاییه‌کان ئینگلیستانیان به‌چۆک داهێنا و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌ده‌ست خست، ئێسپانیا هه‌ر وه‌ک ده‌سته‌ڵاتێکی سه‌ره‌کی کۆلۆنیاڵ مابووه‌وه و، داوای نیوه‌ی خاکی ئێستای ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکای ده‌کرد. ئێسپانیایی له نێو ئه‌و ئوڕووپاییانه‌ی که یه‌که‌م جار له سه‌نت ئاگوستین، سانتا فێ و، هه‌ر وه‌ها ئا‌نتۆنیۆ، سان دییێگۆ، سان فڕانسیسکۆ ، زۆر شوێنی دیکه‌ی که له نێوان ئه‌واندا هه‌ڵکه‌وتبوون، زمانی ئیداره و حکوومه‌ت بوو
له ساڵی 1800، ناپلیۆن داوای خاکی لویزییانای کرده‌وه بۆ فه‌ڕانسه و، سێ ساڵ دواتر به ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی فرۆشته‌وه. کاتێک له ساڵی 1812 لوویزییانا له گه‌ڵ یه‌کێتی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌مریکا که‌وت،فه‌رانسه‌یی زمانان تێدایه زۆربه‌ی دانیشتوانیان پێک ده‌هێنا.کۆنگره داوای له ده‌وڵه‌ت کرد پێویسته سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی به زمانی ئینگلیسی بپارێزێ – به‌ڵام نه‌ک ته‌نێ هه‌ر به ئینگلیسی. هه‌تا دوای شه‌ڕی نێوخۆیی، هه‌م کاروباری پارلمان و هه‌م ئی دادگاکان به دوو زمان هه‌ڵده‌سووڕا. هێندێک له کاربه‌ده‌ستان وه‌ک فه‌رماندار ژاک ڤیلێر (1816-20) هه‌ر فه‌ڕانسه‌یی ده‌زانی
له به‌رایی ساڵانی 1830 یه‌کاندا، ده‌وڵه‌ته‌کانی [ویلایه‌ته‌کان] وه‌ک ئۆهایۆ، ئیندیانا، ئیلێنۆی، ئایۆوا، ویسکۆنسین و،میسووری قانوونه‌کان و په‌یامی فه‌رمانداره‌کانیان به ئه‌ڵمانی و هێندێک جار به زمانانی دیکه‌ش وه‌رده‌گێڕا، وه‌ک زمانی نۆڕوێژی و وێڵش. قانوونی بنچینه‌یی کالیفۆرنیا ئی ساڵی 1849 دیاریی کردبوو که ده‌بێ هه‌موو قانوون و بڕیارنامه‌کان وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانی ئێسپانیایی. له ساڵی 1857، ده‌وڵه‌تی مینێسۆتا قانوونی بنچینه‌یی تازه‌ی خۆی به ئینگلیسی، ئه‌ڵمانی،سوێدی،نۆروێژی و، فه‌ڕانسه‌یی بڵاو کرده‌وه. له ساڵی 1875، ده‌وڵه‌تی تێگزاس یش هه‌ر وای کرد و قانوونی بنچینه‌یی خۆی به ئینگلیسی، ئه‌ڵمانی، ئێسپانیایی و، چێکی بڵاو کرده‌وه. له قانونی بنچینه‌یی نیو مێگزیکۆی ساڵی 1912 دا جۆره‌یه‌ک له مافی زمانی بۆ ئێسپانیایی ئاخێوان له‌به‌رچاو گیرا بوو، له‌وانه ماده‌یه‌ک سه‌باره‌ت به پێویستی په‌روه‌رده کردنی مامۆستایانی جووت زمانه
به‌ڵام داخودا ئه‌وه ڕاست نییه که به‌رنامه‌ی یارمه‌تیی دان بۆ فێر بوونی زمان وه‌کوو په‌روه‌رده کردن به دوو زمان یه‌که‌مجار ته‌نێ له ساڵانی 1960 کاندا ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسا؟
نا وانییه. له ساڵی 1839. ئۆهایۆ یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت [ویلایه‌ت] بووکه قانوونێکی له مهر په‌روه‌رده به دوو زمانی په‌سند کرد و، به‌پێی ئه‌و قانوونه ئه‌گه‌ر دایکوبابان داوایان کردبا ده‌بوو هه‌م به ئه‌ڵمانی و هه‌م به ئینگلیسی ده‌رس به منداڵه‌کانیان بگوترێ.لووییزیاناش له ساڵی 1847 دا هه‌مان قانوونی په‌سند کرد، به‌ڵام جێی ئه‌ڵمانی، به فه‌ڕانسه‌یی گرته‌وه.تا سه‌ه‌رتای سه‌ده‌ی بیسته‌م، زیاتر له دوازده ویلایه‌ت و هه‌رێم قانوونی ئاوایان ڕه‌چاو کردبوو که ڕێگای ده‌دا به هه‌بوونی خوێندنگه‌ی دوو زمانه.له‌شوێنی دیکه‌ش زۆر جار ئه‌و ده‌رفه‌ته هه‌بوو به‌ڵام به بێ پشتیوانی و یارمه‌تی ده‌وڵه‌ت
ئه‌و لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی له ساڵی 1900 دا کرا ده‌ریخست که 600000 منداڵ له خوێندنگه سه‌ره‌تاییه‌کان، خوێندنگه‌ی گشتی و ناوچه‌یی دا به‌شێک یان گشت خوێندنیان به زمانی ئه‌ڵمانی به‌ڕێوه چووه. به پێی قسه‌ی مێژوونووس هاینز کلۆس ئه‌و هه‌ژماره زۆر له‌وه‌ش زیاتر بووه.ئه‌وه 4 له سه‌دی ئه‌و منداڵانه بوون که ئه‌و ده‌می له خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی دا نێونووسییان کردبوو - زیاتر له ڕێژه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی که ئێستا ده‌چنه پۆله دوو زمانه‌کان -ئی گشت ده‌سته زمانییه‌کان
داخودا ئه‌و کۆچبه‌ر و ماڵدانه‌رانه‌ی به‌ڕایی به به‌راورد کردن له گه‌ڵ ئه‌و غه‌وارانه‌ی که له ساڵانی دواتر له ئاسیا و ئه‌مریکای لاتینه‌وه هاتوون زیاتر پێیان خۆش نه‌بوو بخرێنه نێو مه‌نجه‌ڵی کوڵاندن و بتوێنه‌وه؟
ئه‌وه ڕوانگه‌یه‌کی قالبی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه که هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک پشت ڕاستی ناکاته‌وه. هه‌ر هه‌مان تاوانی بێ ئینسافانه وه‌پاڵ گۆیا "کۆچبه‌ری تازه" واته - ئیتالیاییه‌کان، جووله‌که‌کان، یۆنانییه‌کان و سڵاڤه‌کان درا – که له به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا گه‌یشتنه ئه‌مریکا. بۆ وێنه، له ساڵی 1911، کۆمیسیۆنێکی فێدێراڵ ئه‌و ده‌ستانه‌ی به‌وه تاوانبار کرد که به خێرایی "کۆچبهرهکۆنهکان" واته- ئه‌ڵمانییه‌کان، ئیرله‌ندییه‌کان و، سکاندیناڤییه‌کان فێری ئینگلیسی نابن
له ڕاستیدا، ئه‌مریکاییه ئه‌ڵمانییه‌کان،هه‌ر له زه‌مانی کۆلۆنیالییه‌وه و پێش سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مرێکا تا به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م،زۆر دڕتر بوون و زۆر سه‌رکه‌وتووتر بوون له پاراستنی زمان و کولتووری خۆیان دا له چاو ده‌سته ئێتنیکییه‌کانی دیکه. درێژه‌دان به ڕێبازی ئهڵمانایهتییان دۆیچتووم ( سیاسه‌تی "ناسینه‌ی ئه‌ڵمانی") له وه‌فاداری و گوێڕایه‌ڵی به ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ییه‌کی ئه‌مریکایی له سه‌ر بنه‌مای نرخی دێمۆکراتیک و نه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه ئێتنیکییه‌کان لێک به‌ستبوو. بێگومان ئه‌ڵمانی و زمانه کۆچبه‌ره‌کانی دیکه بۆ ماوه‌ی درێژتر خۆیان ده‌گرت و ده‌مانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و سیاسه‌تی دژی بێگانه و به‌رته‌نگ کردنانه‌ی له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه دا به‌ڕێوه‌چوون نه‌بایه‌ن
به بۆچوونی تۆ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که گشت زمانه‌کانی دیکه جگه له ئینگلیسی نه‌بێ به‌رته‌نگ ده‌که‌ن دنه‌یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی بووه یان خۆجێیی خوازی؟
ده‌توانین بڵێین هه‌ر دووکیان. قانوونه‌کانی به‌رته‌نگ کردنه‌وه‌ی زمانان قه‌ت سه‌باره‌ت به زمان خۆی نه‌بوون،له ڕاستیدا ئه‌و جۆره قانوونانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوون و نرخاندنی ئاخێوانی هێندێک زمانی تایبه‌تین – و فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ کردنیان پاساو ده‌ده‌ن
بۆ نموونه، له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا، ئه‌مریکاییه ڕه‌سه‌نه خۆ جێیه‌کان بوونه ئامانجی سیاسه‌تی ته‌نێ ئینگلیسی له خوێندنگه‌یه‌کاندا وه‌ک به‌شێک له حه‌وڵێک بۆ تێکدانی شێوه‌ی ژیانیان جه‌ی.ی.سی. ئاتکینز وه‌زیری کار‌و باری ئیندیانه‌کان، له ساڵی 1887 هۆی سه‌ره‌کی ئه‌و سیاسه‌ته ئاوا شی ده‌کاته‌وه: " ده‌رس پێگوتن و په‌روه‌رده کردنی لاوێکی ئیندیان به له‌هجه بابڕیانه و وه‌حشیانه‌که‌ی خۆی سه‌ده‌مه پێگه‌یاندنێکی پۆزیتیڤه لێی. یه‌که‌م هه‌نگاوی که ده‌بێ به‌ره‌و شارستانییه‌ت هه‌ڵگیرێ، فێر کردن و ئاگادار کردنی ئیندیانهکانه له ناجسنی و گه‌وجێتی درێژه دان به کرده‌وه وهحشیانهکانیان به ڕێگای فێرکردن و په‌روه‌رده‌یان به زمانی ئینگلیسی". له ڕاستیدا ئه‌وه یه‌که‌م هه‌نگاو بوو به‌ره‌و ژێنۆسیدی کولتووری.ئێستا به‌کرده‌وه هه‌موو زمانه‌کانی خه‌ڵکانی ڕه‌سه‌نی خۆجێی له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و کپ بوونیان لێ ده‌کرێ و، ئه‌وه‌ش خه‌سارێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌ر بۆ یارمه‌تیکردنی سووك کردنی ئه‌و کاره‌ساته بوو که له ساڵی 1990 و 1992 کۆنگره‌ی ئه‌مریکا قانوونی زمانه خۆجییه‌کانی ئه‌مریکای په‌سند کرد
گه‌لۆ ده‌سته کۆچبه‌ره ئوڕووپاییه‌کان قه‌ت ئه‌و جۆره زوڵمه کولتوورییه‌یان لێکراوه؟
زۆر به ده‌گمه‌ن،جار جار ڕه‌نگه زوڵمێکی ئاوایان لێ کرابێ. له ساڵی 1918، ئه‌و ترس و خۆفهی که زه‌مانی شه‌ڕ به‌دژی ئهمـریکاییه ئه‌ڵمانییه‌کان بڵاو ببووه‌وه گه‌یشته ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ئاوارته زمانه‌که‌یان له سه‌رتاسه‌ری میدوێست لێ قه‌ده‌غه بکرێ. به‌کارهێنانی زمانی ئه‌ڵمانی له خیابانێ، له کلیسیان، له قسه‌کردن به ته‌له‌فون و له ژیانی نێوماڵ و له خوێندنگه گشتییه‌کان به ته‌واوی به کارێکی ناقانوونی ڕاگه‌یێندرابوو
ته‌نانه‌ت دوای شه‌ڕیش، هێندێک له وێلایهتهکان به‌رده‌وام بوون له سه‌ر به‌رێوه‌بردنی قانوونی هه‌ر به ئینگلیسی له مه‌دره‌سه‌کاندا.ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و سیاسه‌ته ئه‌ڵمانی ئاخێوان بوون به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی له سه‌ر هه‌موو ده‌سته که‌مینه زمانییه‌کان هه‌بوو.قسه‌کردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی و به ڕه‌وا دانانی هه‌نگاوی ئه‌وتۆ وه‌ک به په‌سند زانینی ئینگلیسیی ڕه‌سمی له‌م ڕۆژگاره دا،خۆی به پێویستی یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕازێنێته‌وه. قانوونی هه‌ره توند له‌و باره‌یه‌وه ئه‌وانه‌ی بوون که ده‌رس دادان به زمانی لاوه‌ییان تا دوای پۆلی 8 قه‌ده‌غه کردبوو. قه‌ده‌غه کردنێکی که دواتر به‌پێی بڕیارێکی دادگه‌ی به‌رزی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له که‌یسی مەییێر لە هەمبەر نێبراسکا دا هەڵوەشێندراوە
به‌پێی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی سه‌باره‌ت به بیروڕای گشتی کراون داخودا ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک لایه‌نگریی له‌وه ناکه‌ن که ئینگلیسی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ڕابگه‌یێندرێ؟ داخودا ئه‌گه‌ر وابێ ده‌کرێ بگوترێ که زۆربه‌ی ئه‌مریکاییه‌کان ڕه‌گه‌زپه‌رستن؟
ووڵام ئاشه و ناشه، زۆر جارئه‌و ئه‌مریکاییانه‌ی که هه‌ر تاقه زمانێک ده‌زانن،کاتێک بۆ یه‌که‌م جار باسی مه‌سه‌له‌ی ئینگلیسیی ڕه‌سمی ده‌بیستن، ناتوانن لایه‌نه خراپه‌که‌ی ببینن. زۆر که‌س پێیان وایه،له به‌ر ئه‌وه‌ی ئینگلیسی له ووڵات دا باڵاده‌ست و زاڵه،ئیدی ئه‌وه به‌کرده‌وه زمانی ڕه‌سمییه، و ئه‌گه‌ر نییه، بۆچی نییه؟ ئه‌و کاردانه‌وه‌یه سه‌یر نییه چونکه - به به‌راورد کردن له گه‌ڵ زۆر له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه - ئه‌مریکاییه‌کان ئه‌زموونی زۆر که‌م و به‌رته‌نگیان هه‌یه له مه‌ڕ سیاسه‌ته زمانییه‌کان.به‌ڵام کاتێک کاردانه‌وه‌ی توانایه‌کی ڕه‌چاوکردن و به ڕسمی ڕاگه‌یاندنی ئینگلیسییان بۆ شی ده‌که‌یه‌وه، پشتیوانی ئه‌وان له ههنگاوێکی ئه‌وتۆ زۆر که‌م ده‌بێته‌وه
لایه‌نگری کردن و به په‌سند زانینی به ڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی ئینگلیسی، خۆی له خۆیدا،نابێ به ڕه‌گه‌زپه‌رستی دابندرێ. به‌ڵام بۆچوون و ڕوانگه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه - به تایبه‌تی له ئاست لاتینۆیهکان – له نیزیکه‌وه به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌وه گرێدراوه. گرووپی ئێنگلیسیی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان،یه‌که‌م ده‌سته و گه‌وره‌ترین ده‌سته‌ی ته‌نێ ئینگلیسی، له دڵی جموجووڵی ئه‌وانه‌وه پێک هات که حه‌ولیان ده‌دا بۆ به‌رته‌نگ کردنه‌وه‌ی هاتنی کۆچبه‌ران. دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆکی ئه‌و گروپه جان تانتۆن له ساڵی 1988 ناچار بوو ده‌ست له کار بکێشێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی یادداشتنامه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه که پڕ بوو له بێز و قێز و قسه‌ی قالبی به دژی ئێسپانیایی زمانه‌کان. تانتۆن له‌گه‌ڵ شتی دیکە نووسیبووی
گۆبێرنار ئێس بۆبلار واتە، "حوکم کردن دامه‌زران و ماڵدانانه." له‌م کۆمه‌ڵه‌یه دا که زۆربه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کا، داخودا ئه‌و قسه‌یه بڕ ده‌کا؟ داخودا ئه‌م زۆربهیهی ئێستا هه‌ر وا به ئاشتیانه ده‌سته‌ڵاتی سیاسی خۆی ده‌دا به گرووپێک که زیاتر منداڵی ده‌بێ؟... ڕه‌نگه ئه‌وه یه‌که‌م نموونه بێ که تێیدا ئه‌وانه‌ی دۆخینیان ناکه‌نه‌وه و توند گرێیان داوه ئه‌وانه‌یان به‌سه‌ردا بچێ که دۆخێنیان کردووه‌ته‌وه و ڕاناوه‌ستن
هه‌ر هه‌مان ساڵ له هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نێوخۆیی دا که بزووتنه‌وه‌ی ئینگلیسیی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان به‌ڕێوه‌ی برد% 42 له ئه‌ندامه‌کانی کاتێک پرسیان لێ کرا بۆچی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوه‌یه که‌وتوون له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ربڕینه بوون که ئه‌من ئه‌مریکایه‌کی به‌هێزم ده‌وێ و نامه‌وێ سه‌ر بۆ ئێسپانیایی زمانه‌کان شۆڕ کا که جێیان ئێره نییه و نابێ لێره بن
له‌م ڕۆژگاره دا زمانه کۆچبه‌ره‌کان زۆر به خێرایی بڵاو ده‌بنه‌وه.داخودا ئه‌و ڕه‌وته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نییه له سه‌ر پله‌ی زمانی ئینگلیسی وه‌ک زمانی هاوبه‌شمان؟
له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا ئینگلیسی به هیچجۆر هه‌ڕه‌شه‌ی له سه‌ر نییه. به دڵنیاییه‌وه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕێژه‌ی زیاتری هاتنی کۆچبه‌ران، با بڵێێن له چاو ساڵانی 1950کان،ئێستا زۆر ئاساییتره که مرۆ گوێی لێ بێ که خه‌ڵک به زمانه‌کانی دیکه قسه بکه‌ن.له ههژماردنێکی که ساڵی 2000 کراوه،نیزیکه‌ی یه‌ک له پێنجی دانێشتوانی ئه‌مریکا گوتوویانه له نێوماڵی خۆیان به زمانێک جوێ له ئینگلیسی قسه ده‌که‌ن – ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ش به مانای به ته‌واوی وه‌لانانی ئینگلیسی نه‌بووه.شتێکی دیکه‌ی، که ڕه‌نگه، که‌متر سه‌رنجی درابێتێ،ڕه‌وتێکی پێچه‌وانه‌یه به‌ره‌و زێده‌بوونی دووزمانه‌تی. له نێوان ساڵان 1980کان و ساڵی 2000 دا،ژماره ئاخێوانی زمانه که‌مینه‌کان دووقات زیادی کرد،به‌ڵام هه‌ر وه‌ها ژماره‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ش له نێو ئه‌و ده‌سته‌یه دا که" زۆر چاک" به ئینگلیسی قسه ده‌که‌ن زیاد بوو
بۆ منداڵانی کۆچبه‌ران،زانین وده‌سته‌ڵات به سه‌ر زمانی ئینگلیسی دا به‌تایبه‌تی به خێرایی ده‌چێته پێشێ.لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی درێژخایه‌ن سه‌باره‌ت به میردمنداڵان و کچانی ئیسپانیایی زمان و ئاسیایی ده‌ریخست که % 94 یان ئینگلیسی باش ده‌زانن، له کاتێکدا ته‌نێ %44 یان زمانی دایک وبابی خۆیان باش ده‌زانی؛ %72 منداڵانی وه‌چه‌ی دووه‌م گوتیان ئه‌وان پێیان خۆشه به ئینگلیسی قسه بکه‌ن
ئه‌م نموونه‌یه ئێستا چۆنه به به‌راورد کردن له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی ئینگلیسی فێربوون له ڕابردوو دا ؟
زانیاریی دێمۆگرافی (حه‌شیمه‌ت ناسی) که له سه‌رچاوه‌ی جۆربه‌جۆره‌وه وه‌رگیراون ده‌یسه‌لمێنن که کۆچبه‌ری ئه‌م ڕۆژگاره زۆر خێراتر له‌و ده‌ستانه‌ی که له ڕابردوو دا هاتوون زمانی ئینگلیسی فێر ده‌بن. بۆ نموونه، له هه‌ژماردنی ساڵی 1890 دا، رێژه‌ی ئه‌و دانیشتوانه‌ی ئه‌مریکا که به ئینگلیسی قسه‌یان نه‌ده‌کرد (%3.6 ی دانیشتوانی ئه‌مریکا) سێ هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌یه بووه له ساڵی 2000 واته (% 1.3 ). ئه‌و جیاوازییه له ویلایه‌تی وه‌کوو نیو مێگزیکۆ 65.1 له هه‌مبه‌ر 1.6 ،ئاریزۆنا (%28.2 له هه‌مبه‌ر %2.3 )، داکۆتای باکووری (% 11.8 له هه‌مبه‌ر %0.05)، ویسکۆنسین (% 11.4 له هه‌مبه‌ر %0.3 ) و، مێنێسۆتا ( %10.6 له هه‌مبه‌ر %0.4 ) بووه. ئه‌و زانیارییانه هه‌ر وه‌ها ده‌یسه‌لمێنین که ئێستا زمانانی جگه له ئینگلیسی له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان دا له ژێر هه‌ڕه‌شه دان. به بێ کارلێکه‌ری پڕکردنه‌وه‌ی موهاجه‌ره‌ت، زۆربه‌ی ئه‌و زمانانه به زوویی کپ و خامۆش ده‌بن
ئه‌و دیارده‌یه واته شوێندانانی ئینگلیسی،که به زمان گۆڕان به‌نێوبانگه، له نێوه‌ڕاست سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه زۆر به‌رچاو بووه. له‌به‌ر وه‌رگرتنی هه‌ژماری به‌رته‌نگی کۆچبه‌ران له نێوان ساڵانی 1924 و 1965 دا،ڕێژه‌ی دانیشتوانی له ده‌ره‌وه له دایکبووی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له % 14.7 له ساڵی 1910 داکشا بۆ % 4.7 له ساڵی 1970. به داکشان و که‌مبوونه‌وه‌ی هاتنی نائینگلیسی زمان. وه‌چه‌ی دووه‌م و سێیه‌می کۆچبه‌ران ده‌ستیان هه‌ڵگرت له قسه کردن به زمانی ئاباوئه‌ژدادی خۆیان. ئه‌و سه‌روبه‌نده واته 1924 تا 1965.له ڕووی زمانییه‌وه له مێژووی ئه‌مریکا دا جۆرواجۆریهتی هه‌ره لانی که‌می پێوه دیاره
ئێستا که ڕێژه‌ی ئه‌و ئه‌مریکاییانه‌ی له ده‌ره‌وه له دایکبوون گه‌یشتووه‌ته‌وه ئاستی نۆرمی مێژوویی خۆی - % 11.1 له ساڵی 2000 دا – هه‌ر ئاواش به‌کارهێنانی زمانانی نائینگلیسی له نێو کۆمه‌ڵگه ئه‌مریکاییه‌کاندا زیادی کردووه.بۆ زۆر که‌سی که به‌ر له ساڵانی 1980کان به ساڵدا چوو بوون و گه‌ڕابوونه‌وه، ئاستی ئێستای دوو زمانه‌تی " نائاسایی" یه. له ڕاستیدا، سه‌روبه‌ندی نائاسایی نێوه‌ڕاستی ساڵانی 1900 کان بوو
داخودا ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت به‌رنامه‌ی یاریده‌دان بۆ فێربوونی دووزمانان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه ئه‌وه ده‌بێته هۆی خێراتر بوونی فێربوونی ئینگلیسی ؟
هێندێک خه‌ڵک پێیان وایه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی به ئینگلیسی قسه‌ناکه‌ن بتوانن نامیلکه‌ی له‌مه‌ڕ پارێزه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی یان نامیلکه‌ی له‌مه‌ڕ ڕێنونی بۆ وه‌رگرتنی ئیزنی ئاژۆتن به زمانی زگماکی خۆیان بخوێننه‌وه، ئیدی هیچ شهوقێکیان نابێ بۆ فێربوونی ئینگلیسی. ئه‌و به‌رنامانه‌ی بۆ یاریده‌دانی فیر بوون دووزمانان هه‌ن به پێی بۆچوونی هێندێکان ئه‌و ته‌سه‌وره لای تاکزمانانی ئێسپانیایی ئاخێو یان چینی ئاخێو ساز ده‌که‌ن که ئه‌وه ته‌واو ده‌گونجێ هه‌ر به زانینی زمانه‌کانی خۆیان له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بژین،یان ده‌بنه هۆی هاندانی کۆچبه‌ران که له فێربوونی زمان دا ته‌نبه‌ڵ بن. له ڕاستیدا،هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی جێی باوه‌ر نه‌هاتووه‌ته گۆڕێ بۆ سه‌لماندن و له‌دوودانی ئیدیعای ئه‌وتۆ- ئه‌وه ته‌نیا قسه‌ڵۆک و ووڕێنه‌ی ئێتنیکین
ده‌رفه‌ت و یاریده دان بۆ دووزمانه بوون زۆر به‌رته‌نگه. به پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که له ساڵی 1995 کۆنگره‌ی ئه‌مریکا کردوویه‌تی له 400000 بڵاوکراوه‌ی ده‌وڵه‌تی فێدێراڵ ته‌نێ 265 یان – که‌متر له یه‌ک له ده‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که چاپخانه‌ی ڕه‌سمی حکوومه‌ت چاپی کرد بوون – به زمانی جوێ له زمانی ئینگلیسی بوون
داخودا منداڵان زووتر ئینگلیسی فێر نابن " ئه‌گه‌ر به ته‌واوی له ئینگلیسی دا بخنکێندرێن" ؟
ئه‌وه ئه‌و بۆچوونه بوو له پشت دهستپشخهرییهکانی ته‌نێ ئینگلیسی که له خوێندنگه‌کانی کالیفۆرنیا(1998)، ئاریزۆنا(2000) و، ماساچووسێتس (2002) وه‌خۆ کرا. ئه‌و قانوونانه به‌رنامه‌ی "تێداخنکانی بناغه‌یی" یان به‌و مه‌به‌سته دامه‌زراند که ته‌نێ له ماوه‌ی ساڵێک دا ئینگلیسی فێری منداڵانی کۆچبه‌ران بکه‌ن. به‌ڵام کاروبار به‌و شێوه‌یه‌ی نه‌خشه‌ی بۆ داندرابوو هه‌ڵنه‌سووڕاوه
لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی 5 ساڵانه، که به پێی داوخوازی پارلمانی کالیفۆڕنیا کرا، هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی نه‌دیته‌وه بیسه‌لمێنێ به‌رنامه‌کانی له ئینگلیسی خنکاندن دا ئاکامی ده‌رسیی فێرخوازانی ئینگلیسی له ویلایه‌ته که‌دا باشتر کردبێ. له نێوان ساڵانی 05-2004 دا، ته‌نێ % 9 ئه‌و خوێندکارانه وه‌ک ئینگلیسی زانی ڕه‌وان پۆلێن به‌ندی کراونه‌ته‌وه- ڕێژه‌یه‌ک که به‌کرده‌وه هیچ ئاڵوگۆڕێکی به سه‌ر دا نه‌هاتووه له‌وه‌تا په‌سند کردنی قانوونی تەنێ ئینگلیسییەوە
لێکۆله‌ره‌وه‌کانی زانکۆی ده‌وڵه‌تی ئاریزۆنا ڕایانگه‌یاندووه که %60 فێرخوازانی ئینگلیسی له ئاریزۆنا له ساڵی 04-2003 "هیچ ده‌ستکه‌وت" ێکیان له ئینگلیسی دا نه‌بووه، % 7 له ڕاستیدا ده‌ستیان لێ به‌رداوه؛ و هه‌موو ئه‌وانه هه‌ر له به‌رنامه‌ی ته‌نێ ئینگلیسی دا نێونووسییان کردبوو. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی زانکۆی ده‌وڵه‌تیی ئاریزۆنا ده‌ریخست جیاوازی نێوان ده‌ستکه‌وتی خوێندنی فێرخوازانی ئینگلیسی و خوێندکاره‌کانی دی ههرگهورهتر ده‌بێته‌وه
له ماساچووسێتس،زیاتر له نیوه‌ی خوێندکاران دوای سێ ساڵ خوێندن له پۆلی له زمانی ئینگلیسی خنکاندن دا هێشتا ئینگلیسی زانینیان به‌رته‌نگ بوو
داخودا ئه‌وه گرینگ نییه ئه‌و په‌یامه به کۆچبه‌ران بگه‌یێندرێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێ که زمانی ئێمه [ئینگلیسی] فێر ببن ؟
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که هه‌موو ڕۆژێ له گه‌ڵ ئاسته‌نگی زمانی به‌ڕه‌وڕوو ده‌بن – له سه‌ر کار ، له سووپرمارکێت. له نه‌خۆشخانه - له هه‌موو که‌سی دیکه چاکتر له گرینگی فێربوون و زاڵبوون به سه‌ر زمانی ئینگلیسی دا تێده‌گه‌ن له ئه‌مریکا.ئه‌وان هیچ پێویستییان به قانوونی ته‌نێ ئینگلیسی نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ ڕوون بێته‌وه. به پێی لێکدانه‌وه‌یه‌ک که له لایه‌ن (نێوه‌ندی ئێسپانیایی زمانی پێ‌و) کراوه، زۆربه‌ی هه‌ره به‌رچاوی لاتینۆیهکان له گه‌ڵ ئه‌وه دا بوون کۆچبه‌ره‌کان " ده‌بێ به ئینگلیسی قسه بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن که ئه‌وان به‌شێکن له کۆمه‌ڵی ئه‌مریکا." له کاتێکدا هه‌ر له‌و نرخاندنه دا % 92 گوتوویانه ئه‌وه " زۆر گرینگه" بۆ منداڵانی کۆچبه‌ران که ئینگلیسییان فێر بکرێ- ئه‌وه‌ش ڕێژه‌یه‌کی زیاتره له ووڵامی پێست سپێیه نائێسپانیایه زمانه‌کان (%87 ) یان ڕه‌شه‌کان ( %87
ڕێگای باشتر بۆ پێشخستنی پێویستیی فێربوونی ئینگلیسی چییه؟
بۆ زۆر له کۆچبه‌ره تازه‌تره‌کان. به‌رهه‌لست و ته‌گه‌ره‌ی هه‌ره گه‌وره له سه‌ر ڕێیان بۆ فێر بوونی ئینگلیسی که‌می پۆلی تایبه‌تییه بۆ فێرکردنی زمانی ئینگلیسی وه‌کوو زمانی دووه‌م . به‌رنامه‌ی فێدێرالی بۆ په‌روه‌رده‌ی گه‌وره‌ساڵان له ساڵی 2004 بۆ یه‌ک میلیۆن و یهکسهدههزار که‌س ته‌رخان کرابوو به‌ڵام داوای جێگا بۆ خوێندن زۆر له‌وه زیاتر بوو. به پێی ڕاپۆرتی ئه‌و دواییانه،زیاتر له 17000 که‌س له ڕیزی چاوه‌ڕوانی دا بوون بۆ به‌شداری له پۆله‌کانی گه‌وره‌سالان له ماساچوسێتس، 12000 که‌س له هوستۆن، 6000 که‌س له داڵاس و، 3000 که‌سیش له سیاتل چاوه‌ڕێ بوون بۆ تاقه مه‌دره‌سه‌یه‌ک که پۆلی ئه‌وتۆی هه‌بووه، ئه‌و به‌رنامانه‌ی فێربوونی زمانی ئینگلیسی که کتێبخانه‌ی گشتی نیویۆرک به‌ڕێوه‌ی بردوون ئه‌وه‌نده داواکاری زۆر بووه که خوێندکاران بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ربگیرێن ده‌بوو تیروپشک به‌رنه‌وه.ئه‌و کێشه‌یه‌ی له‌و ڕووه‌وه له گۆڕێ دایه ئاشکرایه: ئه‌و دراوه که‌مه‌ی که له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا فێدێڕالییهکانهوه دابین ده‌کرێ
قانوونه‌کانی ته‌نێ- ئینگلیسی هێچییان تێدانییه بۆ پێوه‌چاران و تێهه‌ڵهێنانه‌وه‌ی ئه‌و که‌مایه‌سییانه.ئه‌و جۆره قانوونه له جیات ئه‌وه‌ی یاریده‌ی کۆچبه‌ران بده‌ن بۆ فێربوونی ئینگلیسی، بهڕههڵست وته‌گه‌ره‌ی ئه‌وتۆ ده‌خه‌نه سه‌ر ڕێگای ئه‌وانه‌ی حه‌ول ده‌ده‌ن کارێکی ئاوا بکه‌ن. ناقانوونی کردنی به‌رنامه‌ی فێرکردنی دووزمانه‌تی که ئێستا له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه ڕه‌خساوه- و هه‌ر وه‌ها به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر له دادێ دا- ئاکامی نه‌رێنی لێ ده‌که‌وێته‌وه هه‌م بۆ فێر کردنی ئینگلیسی و هه‌م بۆ ئاشناکردنی کۆچبه‌ران بهوکولتوورهی تێوه‌ی هاتوون
بۆ ئاوایه؟ هه‌بوونی ده‌رفه‌رت و به‌رنامه‌ی خوێندن به زمانانی دی چۆن زمانی ئینگلیسی و له کو‌لتوور ڕاهاتن پێش ده‌خا؟
لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر و زه‌وه‌ندی زانستی ده‌یسه‌لمێنن په‌روه‌رده‌ی دووزمانه‌تی زۆر له به‌رنامه‌کانی ته‌واو ئینگلیسی بۆ فیرکردنی " ئینگلیسی ئاکادێمیک" به‌که‌لکتر و کاریگه‌رتره، واته ئه‌و جۆره لێزانی و لێ ڕاهاتنه‌ی که منداڵانی کۆچبه‌ران بۆ سه‌رکه‌وتن له خوێندنگه دا پێویستییان پێیه‌تی. له ئاکامدا، به شێوه‌یه‌کی چاوڕاکێش به‌که‌لکتره بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره به ده‌ستکه‌وتی خوێندنگه بدرێ به زمانی ئینگلیسی. جۆره‌یه‌ک له په‌روه‌رده‌ی دووزمانه‌تی، وه‌کوو به‌رنامه‌ی " زمانی دووانه"، قازانجێکی زێده‌شی تێدایه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی لێ ڕاهاتن له زمانه‌کانی دیکه‌ی که نه‌ته‌وه پێویستی پێیان هه‌یه
که‌ره‌سته‌ی ده‌نگدان به دوو زمانان، که له نیزیکه‌ی 500 ده‌سته‌ڵاتداریی فێدێراڵ له به‌ر ده‌ست دا بوون،به‌شداری سیاسیی زیاتری شارومه‌ندانی سه‌ر به زمانه که‌مینه‌کانیان سه‌لماندووه. پێویستی به ئاستێکی به‌رزی خوێنده‌واری له زمانی ئینگلیسی دا هه‌یه- به‌رزتر له‌و ڕاده‌یه‌ی که بۆ وه‌رگرتنی هاو وڵاتێتی پێویست ده‌کا - بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ له‌و کارانه‌ی که له ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن دا پێویستن سه‌رده ده‌ر بکا.له‌وه‌ش زیاتر، له ئه‌مریکا، که‌مینه‌ی زمانی خۆجێی و ڕه‌سه‌ن هه‌ن. له‌وانه پۆرتۆریکۆییهکان و ئه‌مریکاییه بوومییه‌کان، که ئینگلیسییه‌که‌یان تا ڕاده‌یه‌ک به‌رته‌نگه. یاریده‌ی زمانی له شوێنی ده‌نگدان دا ئه‌و شارومه‌ندانه ده‌کاته ده‌نگده‌ری ئاگادار و ده‌رفه‌تیان ده‌داتێ به‌شی خۆیان له دێمۆکراسی ئێمه بخه‌ن
پشتیوانانی پێویستی بوونی ئینگلیسیی ڕه‌سمی خۆیان له‌وه بێ ساحێب کردووه که شه‌قڵی "ته‌نێ ئینگلیسی" یان لێ شه‌ته‌ک بدرێ. گه‌لۆ ئه‌وان داوخوازیان له‌وان نه‌رمتره؟
له ڕاستیدا،ئه‌وه ڕێکخراوی ئینگلیسیی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان بوو که له ساڵی 1984 ئه‌و زاراوه‌یه واته "ته‌نێ ئینگلیسی" ساز کرد و دایهێنا، له جه‌نگه‌ی پشتیوانی له ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی هه‌ڵبژاردن له کالیفۆرنیا به نێوی " که‌ره‌سته‌ی ده‌نگدان ته‌نێ به زمانی ئینگلیسی" دا ئه‌وه‌ی به‌کار هێنا. ئیدی ئه‌و دروشمه ڕۆنیشت چونکه کورته‌ی ڕۆژه‌ڤی لایه‌نگرانی ئینگلیسیی ڕه‌سمی به باشی ده‌رده‌بڕێ: واته قه‌ده‌غه کردن یان به‌رته‌نگ کردنی به‌کارهێنانی زمانه‌کانی دیکه
بۆ نموونه، له دهستوورنامهیهک دا بۆ به‌ڕێوه بردنی به‌ربه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنی 1988 له ئاریزۆنا دیاریی کرابوو:" ئه‌م ویلایه‌ته هه‌موو کار و کرده‌وه‌کانی به ئینگلیسی هه‌ڵده‌سووڕێنێ نه‌ک به زمانێکی دیکه". ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌وه‌نده تیژپه‌ڕانه بوو ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی پارلمانیشی ده‌گرته‌وه ، که لێیان قه‌ده‌غه کرابوو له گه‌ڵ ده‌نگده‌رانیان جگه له ئینگلیسی نه‌بێ به هیچ زمانێکی دیکه قسه بکه‌ن.ئه‌و ده‌ستوورنامه‌یه به جیاوازییه‌کی که‌مه‌وه په‌سند کرا به‌ڵام دواتر به ناقانوونی داندرا و قه‌ت به‌ڕێوه نه‌چوو.ده‌نگده‌رانی ئاریزۆنا له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2006 دا جۆره‌یه‌کی که‌متر سنووردارتری ئینگلیسیی ڕه‌سمییان وه‌خۆ کرد
ئه‌و قانوونی ئینگلیسیی ڕه‌سمییه به‌چ شێوه‌یه‌ک قانوونی بنچینه‌یی پێشێل ده‌کا؟
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ساڵی 1988ی ئاریزۆنا له به‌ر ئه‌وه ئه‌و دهستوورنامهیهی هه‌ڵوه‌شانده‌وه چونکه ئه‌سڵی یه‌که‌می لێ‌زیاد کراوی قانوونی بنچینه‌یی که ئازادیی ڕاده‌ربڕین ده‌سته‌به‌ر ده‌کا پێشێل ده‌کا، هه‌روه‌ها ئه‌سڵی چارده‌هه‌م که ده‌سته‌به‌ری پاراستنی یه‌کسانی قانوونانه.دادگه‌ی به‌رزی ئاریزۆنا به‌وئاکامه گه‌یشت ئه‌و دهستوورنامهیهی ته‌نێ ئینگلیسی نه‌ک هه‌ر مافی مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌ت پێشێل ده‌کا به‌ڵکوو ڕێ له کاربه‌ده‌ستانی هه‌ڵبژێردراویش ده‌گرێ که بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن.به پێی بڕیاری دادگه، ئه‌و ده‌ستوورنامه‌یه مافی ئه‌و که‌سانه‌شی پێشێل ده‌کرد که ئینگلیسیی ئاخێو نه‌بوون یان ئینگلیسییه‌کی به‌رته‌نگیان ده‌زانی بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ " زانیاری به زمانی خۆیان وه‌ربگرن بێتوو ده‌ستڕاگه‌یشتن به که‌ره‌سته به دووزمانان هه‌بێ و ئه‌وه‌ش ده‌کرێ پێویست بێ بۆ دلنیا بوون له خزمه‌تی عادڵانه و کاریگه‌ری دا‌و و ده‌زگا حکوومه‌تییه‌کان"
حکوومه‌ت به بێ ئه‌وه‌ی هۆیه‌کی پێویستی به‌ده‌سته‌وه بێ ناتوانێ مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان به‌رته‌نگ بکا و، له‌و نموونه‌یه دا دادگه‌ی به‌رز پێی وابوو هیچ هۆیه‌کی گرینگی ئه‌وتۆ له ئارا دا نه‌بووه." مه‌به‌ستی لێزیادکراوی ئه‌سڵی قانوونی بۆ پێشخستنی ئینگلیسی وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش پێویستی به قه‌ده‌غه‌کردنێکی گشتی به‌کارهێنانی زمانی نائینگلیسی نییه.ئینگلیسی ده‌کرێ پێشبخرێ و گه‌شه‌ی پێ بدرێ به بێ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت یان حکوومه‌ته ناوچه‌ییه‌کان به‌کارهێنانی زمانانی دیکه قه‌ده‌غه بکه‌ن
دادگای هه‌ره‌به‌رزی ئه‌مریکا قه‌ت له‌و باره‌یه‌وه هیچ بریاری داوه؟
ئه‌و دادگه‌یه له ساڵی 1923 له بڕیارێک دا له مه‌ڕ په‌روه‌نده‌ی (مه‌ییر له هه‌مبه‌ر نێبراسکا) قانوونێکی ته‌نێ ئینگلیسی هه‌ڵوه‌شانده‌وه که ده‌رس گوتنه‌وه‌ی به زمانی لاوه‌یی له خواره‌ووی پۆلی هه‌شته‌م قه‌ده‌غه ده‌کرد.دادگه‌ی به‌رزی ئاریزۆناش له ساڵی 1988 دا هه‌ر به‌پێی هه‌مان بۆچوون قانوونه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. دادگه‌ی هه‌ره‌به‌رزی ئه‌مریکا له حوکمه‌که‌ی دا ڕایگه‌یاند: " ئاواتی داڕێژه‌رانی قانوون بۆ بره‌و پێدان به گه‌لێکی یه‌کده‌ستی که به‌هاکانی ئه‌مریکایی له مێشک دابێ و ئاوا ئاماده بکرێ که به‌هاسانی له‌و مشت‌ومڕ و لێدوانانه‌ی له سه‌ر کاروباری مه‌ده‌نی ده‌کرێن تێ‌بگا دیاره جێگای پێ زانیینه"
" به‌ڵام ئه‌و ڕێگا و ئامرازانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌کار کراون، به‌باوه‌ڕی ئێمه له سنووری ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی تێده‌په‌ڕێنن که به ده‌وڵه‌ت دراوه...تاک هێندێک مافی بنه‌ڕه‌تی هه‌ن که ده‌بێ بپارێزدرێن و ڕێزیان لێ بگیرێ.قانوونی بنچینه‌یی ده‌بێ باڵ به‌ر سه‌ر هه‌موان دا بکێشێ و بیانپارێزێ. ئه‌وانه‌ی که به زمانی دیکه قسه ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ش که به زمانی ئینگلیسی فرچکیان گرتووه. ڕه‌نگه ئه‌وه زۆر به‌که‌لک بووبا ئه‌گه‌ر هه‌موان هه‌ر ئێستا له قسه‌کردنی ئاسایی ئێمه تێگهیشتبایهن،به‌ڵام ئه‌وه ناکرێ به تۆبزی و به ڕێگای ئاوا دا که به پێچه‌وانه‌ی قانوونی بنچینه‌یی یه وه‌دێ بهێندرێ- ئه‌و ئامانجه‌ی دڵ پێی ده‌وێ ناکرێ به ڕێگای ئامراز و شێوازی قه‌ده‌غه پێش بخرێ
بێتوو ئینگلیسی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی وه‌خۆ بکرێ کارتێکه‌ری له ڕووی قانوونییه‌وه چۆن ده‌بێ؟
ته‌بیعییه، ئه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به‌ئه‌وه‌ی که ده‌قی قانوونه‌کان چۆن گه‌ڵاڵه کراون،که جیاوازییان یه‌کجار زۆره. له 23 قانوونی که له ئاستی ده‌وڵه‌تی دا سه‌باره‌ت به ئینگلیسیی ڕه‌سمی چالاکانه کاریان پێ ده‌کرێ، زۆربه‌یان بریتین له ته‌نێ ڕاگه‌یاندنی ساده - " ئینگلیسی زمانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تی (ویلایه‌تی)________ ه" ئه‌و جۆره ڕاگه‌یاندنانه، هیچ کارتێکه‌ری قانوونی‌یان نییه
جۆره‌کانی دیکه‌ی ئه‌وانه، وه‌کوو " گه‌ڵاڵه‌ی قانوونی یه‌کێتی زمانی ئینگلیسی" و " گه‌ڵاڵه‌ی قانوونی زمانی نه‌ته‌وه‌یی" ئه‌و پێشنیازانه‌ی که ئێستا نێردروان بۆ مه‌جلیسی نوێنه‌رانی ئه‌مریکا، بێتوو په‌سند بکرێن بهرهتهنگییهکی زۆر له سه‌ر ڕێی حکوومه‌ت پێک ده‌هێنن بۆ به‌کارهێنانی زمانانی دیکه. ئه‌و جۆره هه‌نگاوانه، له کاتێکدا ڕێگا ده‌ده‌ن به هێندێک ڕێز په‌ڕ بۆ به‌کارهێنانی زمانانی دیکه له بواری ئاسایشتی نه‌ته‌وه‌یی، ساخ وسڵامه‌تی گشتی، و بهدرهس گوتنه‌وه‌ی زمانانی لاوه‌یی دا، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و ماف و خزماتانهی که ئاخێوانی نائینگلیسی ئیستا که‌لکیان لێوه‌رده‌گرن ناهێڵن،له‌وانه ئه‌و ئه‌سڵانه‌ی له مه‌ڕ دووزمانه‌تی له قانوونی مافی ده‌نگدان دا له به‌رچاو گیراون
ئه‌و ئه‌سڵه لێ‌زیاد کراوه‌ی "زمانی نه‌ته‌وه‌یی" له قانوونی موهاجه‌ره‌ت، که له18ی مه‌ی سه‌نای ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا په‌سندی کرد، هه‌ر هه‌مان کارتێکه‌ری ده‌بێ.به‌پێچه‌وانه‌ی پێشنیازبڕیارهکانی مه‌جلیسی نوێنه‌ران ، ئه‌وه هیچ کام له قانوونه‌کانی هه‌نووکه‌یی پووچه‌ڵ ناکاته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ داڕێژراوه فه‌رمانی سه‌رۆککۆماریی 13166، که له ساڵی 2000 له لایه‌ن سه‌رۆک کلینتۆنه‌وه ده‌رچووه و له ساڵی 2001 سه‌رۆک بووش دایگرتووهتهوه پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه. ئه‌و فه‌رماننامه‌یه له دا‌و وده‌زگا فێدێراڵییهکانی ده‌وێ نێوه‌رۆکی به‌رنامه و پڕۆژه‌کانی خۆیان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ش که زمانی ئینگلیسییان به‌رته‌نگه شی بکه‌نه‌وه و له‌به‌ر ده‌ستیان بنێن
ئه‌و پێشنیارانه‌ی له مهر ئینگلیسیی ڕه‌سمی به‌رته‌نگی ساز ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ شتی دیکه بریتین له
قه‌ده‌غه کردنی زۆربه‌ی بڵاوکراوه فێدێڕاڵییهکان به زمانه‌کانی دیکه، بۆ نموونه، شیکردنه‌وه‌ی قانوونه ماڵیاتییه‌کان، حه‌قی بێ‌کاری به ساڵداچووان، یاریده‌ی ده‌رمانی، پاراستنی مه‌سره‌فکاران، رێسای عادڵانه‌ی خانووبه‌ره و قانوون وڕێسای له مه‌ڕ بازرگانی
قه‌ده‌غه دانان له سه‌ر به‌کارهێنانی بوودجه‌ی گشتی بۆ وه‌رگێڕانی دادخوازی مه‌ده‌نی یان دانیشتنه‌کانی له مه‌ڕ کاروباری به‌ڕێوه‌به‌ری؛ و
له نێوبردنی ده‌سته‌به‌رییه‌کانی دژی دووچاوکێتی و فه‌رق وجیاوازی له‌گه‌ڵ کردن بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ئینگلیسییه‌که‌یان به‌رته‌نگه، له‌و به‌رنامانه‌ی دا که له ئاستی فێدێڕاڵی دا بوودجه‌یان ده‌درێ، له‌وانه مافی دایکوبابان بۆ وه‌رگرتنی ئاگاداری له خوێندنگه‌یانه‌وه به‌و زمانه‌ی که ئه‌وان لێی تێده‌گەن
باشه داخودا هیچ شتێک نییه به لایه‌نگری له بیری یه‌کگرتووکردنی ئه‌مریکاییه‌کان به ڕێگای زمانێکی هاوبه‌ش دا بگوترێ؟
له نێو هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بوونی ئینگلیسیی ڕه‌سمی ده‌کرێ،ئه‌وه‌یان ره‌نگه له هه‌موویان دووڕوویانهتر بێ.له‌وه‌تا ده‌ستپێکرانی ئه‌و که‌مپه‌ینه له به‌رایی ساڵانی 1980کانه‌وه،کاردانه‌وه و ئاکامی سه‌ره‌کی ئه‌و که‌مپه‌ینه له یه‌ک دابڕاندنی کۆمه‌ڵگه‌کان بووه.کاتێک ئه‌و مشتومڕه هه‌ڵده‌گیرسێ، مێدیاکان باسی ده‌رکه‌وتنی کێشکێشانی زمانی ده‌که‌ن، کاتێک کاربه‌ده‌ستانی ناوچه‌یی و تاک وته‌را به ئه‌رکی خۆیانی ده‌زانن و ماف به خۆیان ده‌ده‌ن سیاسه‌تی فه‌رق جیاوازی له‌گه‌ڵ کردن به‌ڕێوه‌به‌رن،به به‌کارهێنانی دروشمی وه‌ک " ئێره ئه‌مریکایه - به ئینگلیسی قسه بکه!".پڕۆفێسۆر ستیڤن به‌نده‌ر له خوێندنگه‌ی حقووقی زانکۆی ئۆرێگۆن ئه‌م ڕووداوانه‌ی خواره‌وه‌ی به به‌ڵگه‌وه ئاسته کردووه دوای ئه‌وه‌ی مه‌جلیسی نوێنه‌رانی ئه‌مریکا له ساڵی 1996 لایحه‌ی ته‌نێ ئینگلیسی په‌سند کرد
خاوه‌نانی ڕێستوڕانێک، له یاکیما لە واشنگتن، ده‌ستیان گێڕاوه له میوانداریی کردنی ئه‌و موشته‌رییانه‌ی که به ئێسپانیایی قسه‌یان ده‌کرد و دروشمی ئاوایان هه‌ڵاوه‌سیبوو:" له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا،ته‌نێ ئینگلیسی ده‌ڕوا، ده‌نا بۆ ده‌ره‌وه ئامیگۆس
حاکمێک، له ئاماریلۆ ، تێگزاس،له دانیشتنێک دا بۆ بڕیاردان له سه‌ر ئه‌وه‌ی کێ سه‌رپه‌رستی منداڵه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه بگرێ، باوکه‌که یان دایکه‌که،ژنه‌که‌ی به ئازاردانی منداڵه 5 ساڵانه‌که‌ی خۆی تاوانبار کرد لە به‌ر ئه‌وه‌ی به ئێسپانیایی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرد. ئه‌و ووشداری دا به ژنه‌که وگوتی:" جوان ئه‌وه‌ت لا ڕوون بێ ، ئه‌و منداڵه ته‌نێ ده‌بێ به ئینگلیسی بدوێندرێ
پۆلیس له، یۆنکرس لەنیۆیۆرک ، شۆفێڕی لۆرییه‌کی که ئه‌مریکایی کووبایی بوو سزا دا هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی به ئینگلیسی ووڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی لێی ده‌کرا بداته‌وه
، له ئالاباما، هانتسڤیل پسپۆرێکی ماڵیات ده‌ستی لهوهگێڕاوه لیخۆشبوونی ماڵیاتی بۆ ئه‌و خاوه‌ن مڵکه کورهییانهی که ئینگلیسییه‌که‌یان ته‌واو نه‌بوو، په‌سند بکا
له جۆرجیا، له نۆرکراس کاربه‌ده‌ستان قه‌شه‌یه‌کیان سزا دا له به‌ر ئه‌وه‌ی به ئێسپانیایی کارتی بۆ ئیماندارانی ئێسپانیایی زمان ناردبوو به تاوانی گۆیا پێشێل کردنی فه‌رمانێکی ته‌نێ ئینگلیسی
خاوه‌نکاران له ئاستی سه‌رتاسه‌ری وولات دا ڕێسای ته‌نێ ئینگلیسییان له شوێنی کار داسه‌پاند، ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌وه و به مل سوون له ئامۆژگارییه‌کانی کۆمیسیۆنی ده‌رفه‌تی له‌به‌رکارنانی یه‌کسان
له‌کاتێک دا زۆر له ئینگلیسی ئاخێوان له‌وانه‌یه پێێان وابێ ئه‌وه هیچ کێشه‌یه‌ک نییه،ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌که‌ونه به‌ر سێرهی که‌مپه‌ینی ته‌نێ ئینگلیسی و به‌رته‌نگییه زمانییه‌کان ئه‌و کارانه به هێڕشکارانه و هه‌ڕه‌شه ده‌زانن.سه‌ناتۆر جان مەکین بۆ دژایه‌تی له گه‌ڵ ئه‌وجۆره قانوونه له ووڵایهتی خۆی له ئاریزۆنا پرسیاری کرد:" ئێمه بۆچی ده‌مانه‌وێ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌تۆ په‌سند بکه‌ین که به‌شێکی گرینگ له حه‌شیمه‌تی ئێمه به هێرشێکی ده‌زانن بۆ سه‌ر میراتی کولتووری خۆیان؟" ئه‌وه پرسیارێکه که بانگهشهدهر و پشتیوانانی ته‌نێ ئینگلیسی قه‌ت نه‌یانتوانیوه ووڵامی بده‌نه‌وه
بەو هه‌را و هه‌ڵچوونه‌ی که ئێستا له سه‌ر زمان هه‌یه، داخودا پێویست ناکا حکوومه‌ت سیاسه‌تێکی هه‌موولایه‌نه‌ی زمانی هه‌بێ؟
به‌ڵێ.به ووردی پێویستییه‌کی ئاوا هه‌یه، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا،قه‌ت سیاسه‌تێکی زمانی له ڕووی پلان و له ئاستی سه‌رتاسه‌ری دا نه‌بووه. جارجار سیاسه‌تی زمانی بووه - بۆ ووڵام دانه‌وه‌ی پێویستیی کاتی و ده‌ستبه‌جێ یان له به‌ر گوشاری سیاسی- ، زۆر جار سیاسه‌تی ناکۆک و ناله‌بار که له‌گه‌ڵ گۆڕانی کات و سه‌رده‌م نهگۆنجاون
ئه‌مریکاییه‌کان پێویستییان به سیاسه‌تێکی زمانی هه‌یه که تێێدا ئه‌و بایه‌خانه‌ی ئێمه له ئاست ته‌حه‌مولی ئێتنیکی، رێز و حورمه‌ت بۆ ئازادییه مه‌ده‌نییه‌کان و، دڵئاواڵه‌یی بۆ ڕووبه‌ڕووبوون له گه‌ڵ پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌مانه ڕه‌نگ بداته‌وه. فه‌رمانی ژماره 13166ی سه‌رۆککۆماری که داوا له دا‌و وده‌زگا فێدێڕالییهکان ده‌کا پێوه‌ندی خۆیان له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئینگلیسییه‌که‌یان به‌رته‌نگه باشتر که‌ن و زانیاریان له به‌رده‌ست بنێن، ههنگاوێکی پچووکه به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه. به‌ڵام ئامۆژگاری زۆر ڕوونتر و پته‌وتر پێویستن بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی کاریگه‌ر بوونی ئه‌و به‌رنامانه
ئێمه هه‌ر وه‌ها پێویستمان به سیاسه‌تێکی زمانی هه‌یه که زمان فێربوون به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ پێش بخا که له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی دا بێ.هه‌ڵبه‌ت،ده‌بێ له به‌هێزکردنی ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تان بۆ فێر بوونی ئینگلیسییه‌وه ده‌ست پێ بکرێ،به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته نابێ به‌ئه‌وه‌نده ڕازی بێ و له‌وێ ڕاوه‌ستێ.له‌و ئابوورییه‌یدا که ئێستا گۆی زه‌وی داپۆشیوه،هه‌ر ئینگلیسی به ته‌نێ تێر ناکا. ئه‌مریکا پێویستی به ته‌نێ ئینگلیسی نییه، به‌ڵکوو پێویستی به زێده‌یی ئینگلیسی هه‌یه - واته باش ڕاهاتن له زۆر زمانان بۆ به‌ره‌و ژووربردنی هێزی ڕقه‌به‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشتی نه‌ته‌وه‌یی – وه‌ک له‌و بڕیارنامه‌یه‌ی دا هاتووه که ئێستا چاوه‌ڕوان ده‌کرێ مه‌جلیسی نوێنه‌ران ده‌نگی له سه‌ر بدا
دواجار،ئێمه پێداویستیمان به سیاسه‌تێکه که نرخی زمانانی کۆچبه‌ران و که‌مینه خۆجێیه‌کان بزانێ، ئه‌وان نه‌ک وه‌ک "کێشه" یه‌ک به‌ڵکوو وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک ببینێ. له جیاتی ئه‌وه‌ی ئێمه به قانوونی ته‌نێ ئینگلیسی حه‌ول بده‌ین بۆ کپ کردنی جۆراوجۆری زمانی،ده‌بێ توانایی فره‌لایه‌نه‌ی فێربوون و به‌ره‌وپێشبردنی زمانان هان بده‌ین بۆ ته‌بایی کۆمه‌ڵایه‌تی،به هێزکردنی ده‌ربڕێنی کولتووری وڕه‌چاو کردنی پێداویستییه‌کانی نه‌ته‌وه
تێبینی:سه‌رنووسی باسه‌که له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه داندراوه. نووسه‌ربۆ گه‌ڵاله کردنی ئه‌م ووتاره ئاماژه‌ی به 59 ژێده‌ر و سه‌رچاوه کردووه که لێره دا وه‌رنه‌گێڕدراون : نێوی ماکی ئه‌م ووتاره بریتییه له
Frequently Asked Questions about Official English
By James Crawford, President Institute for language and Education policy
www.elladvocates.org
By James Crawford, President Institute for language and Education policy
www.elladvocates.org
No comments:
Post a Comment