فره‌وێژیی دوای مردووان
فره‌وێژیی دوای مردووان
به بۆنه‌ی کۆچی دوایی سه‌ید عوبه‌یدیلای ئه‌ییووبیان و چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ک
حه‌سه‌نی قازی
ڕۆژی شه‌مۆ 6ی خه‌رمانان کاک سه‌ید عوبه‌یدیلای ئه‌یووبیان دوای ته‌مه‌نێکی درێژ سه‌ری نایه‌وه و دۆستان و ناسیاوانی خۆی خه‌فه‌تبارکرد.له‌و چه‌ند بابه‌تانه‌ی سه‌باره‌ت به کۆچی دوایی وی له‌و یه‌ک دوو ڕۆژه دا لێرو له‌وێ بڵاوکراونه‌ته‌وه،له مه‌ڕ که‌سایه‌تی،چالاکی و کاره‌کانی نه‌مر ئه‌ییووبیان گه‌لێک فره وێژی کراوه.ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنی له کۆمه‌ڵی کورده‌واری دا هێشتا قسه‌ی بێ بنه‌ما ،به پێی سۆز یان به زانایی و بۆ خزمه‌ت به ئامانجی تایبه‌تی هه‌ر بره‌وی هه‌یه.ئه‌من نه‌م ده‌ویست گورج دوو رۆژ دوای کۆچی دوایی سه‌ید عوبه‌یدیلا ئه‌م بابه‌ته بڵاو بکه‌مه‌وه. به‌ڵام بڵاو کرانه‌وه‌ی ده‌قی چاوپێکه‌وتنێک له گه‌ڵ به‌ڕێزی که چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش کراوه ڕێگای دا گه‌رماوگه‌رم ئه‌م باسه بێته ئاراوه.
یه‌ک له‌و شتانه‌ی له‌و نوووسینانه دا ده‌بیندرێن گه‌وره کردنه‌وه‌ی ده‌وری وی له کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک دایه ، ئه‌گه‌ر له جێ‌دا ده‌ورێکی ئاوای هه‌بووبێ. له ژماره‌ی 2ی گۆڤاری نیشتمان،خه‌زه‌ڵوه‌ری 1322ی هه‌تاوی، لاپه‌ڕه‌ی18 دا، شێعرێک له بن سه‌ردێڕی "مناڵێکی بوێژ" بڵاو کراوه‌ته‌وه و گه‌ڕێنه‌نده‌ی نێشتمان سه‌باره‌ت به‌و پارچه شێعره نووسیویه: " دیمه‌ن و هه‌وای نیشتمانی کورد ته‌بیعه‌ته‌ن زه‌وقێکی ئه‌ده‌بی که مه‌خسووسی کورده له دڵی گه‌وره و پچووکی کوردستاندا ئیجاد ده‌کا. ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ی ژێروو هۆنراوه‌ی مناڵێکی 14 و 15 ساڵانه‌ی کوردیی موکوریانی یه، بزانن چه‌نده شیرن و جوان هۆنراوه‌ته‌وه. ئایا نه‌ته‌وه‌یێکی مناڵی هێنده نیشتمانپه‌روه‌ر و خوێن گه‌رمی هه‌بێت دوژمنه‌کانی ئه‌بێ چه‌نده بێ مێشک و نه‌زان بن که هێشتاش هه‌ر به هیوای که‌لک لێ سه‌ندنی (استثمار) ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بن و ددان به حه‌قی مه‌شڕووعی دا نه‌هێنن." ئه‌و پارچه شێعره هه‌شت به‌یته و به‌یتی ئاخری ئاوایه: "قومریا" گه‌رچی ئێسته منداڵی / جوان ده‌هۆنێوه شێعر و هه‌ڵبه‌ستان"، ئه‌وه یه‌که‌مین و دوایین شوێنه‌واری به‌ڕێزێتی له ئۆرگانی ژ.ک. دا، ئاوێ بێنه و ده‌ستان بشۆ. له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا به پێی زانیارییه‌ک که له‌لایه‌ن مه‌لاعه‌بدوڵای داوودی( مه‌لا عه‌بدوڵای حه‌جۆکێ) سه‌رۆکی قوتابخانه‌ی گه‌ڵاوێژ له ژماره‌ی 19ی کوردستان (6ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1324) نووسراوه هاتووه: که سه‌ید عوبه‌یدیلا ته‌هازاده له گه‌ڵ دوو مامۆستای دی له پۆلی ئه‌و قوتابخانه‌یه ده‌رسیان گوتووه‌ته‌وه. سه‌باره‌ت به ده‌وری سه‌ید عوبه‌یدیلا له درامای " دایکی نیشتمان" دا ئاگاداری جیاواز به‌ده‌سته‌وه‌یه. بۆ نموونه غه‌نی بلووریان له "ئاڵه‌کۆک" دا باسی 12 که‌س ده‌کا که له‌و نمایشته دا ده‌وریان گێڕاوه،به‌ڵام ئه‌و لیسته‌یه نێوی سه‌ید عوبه‌یدیلای تێدا نییه.
ماڵپه‌ڕێکی کوردی که خۆی به لایه‌نگریی له داوخوازی ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌زانێ و حه‌وڵ ده‌دا بۆ له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی دۆزی کورد و تا ئێستا چه‌ندین نووسینی بۆ له‌قاودانی قانعی فه‌رد بڵاوکردووه‌ته‌وه، ئێستا هاتووه به بۆنه‌ی کۆچی دوایی کاک عوبه‌یدیلا چاوپێکه‌وتنێکی که چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له گه‌ڵی کراوه بڵاو کردووه‌ته‌وه ،که سه‌رتاپای چه‌واشه کردنی مێژووی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکافه و له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا تاوانی ئه‌وتۆ وه‌پاڵ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د دراوه که تا ئێستا هیچ دوژمنێکی داخ له دڵ قسه‌ی ئه‌وتۆی نه‌کردووه.
مه‌سه‌له‌ی بوونی ژ.ك. به حیزبی دێمۆکرات، پێوه‌ندی له گه‌ڵ شووڕه‌وی، گیرانی زه‌بیحی و 4 که‌س له هاوڕێیانی ، به‌ربوونیان له زیندان ، ده‌وری زه‌بیحی له ژ.ک. و حیزبی دێمۆکرات دا دوای به‌ربوونی له زیندان، هه‌تا ئێستا له سه‌ری نووسراوه و به‌شێکی زۆرله لایه‌نه‌کانی ڕوون کراوه‌ته‌وه.بڵێی هه‌ڵسووڕێنه‌ری ئه‌و ماڵپه‌ڕه ئه‌و شتانه‌ی نه‌دیبێ؟ بڵێی چاپه‌مه‌نی و کۆرو کۆمه‌ڵی کوردی که به‌چاک یان به به خراپ له دژی قسه‌کانی قانعی فه‌رد هه‌ڵوێستیان ده‌ربری، له ئاست ئه‌و تاوانانه‌ی که له‌و چاوپێکه‌وتنه دا سه‌ید عوبه‌ید وه‌پاڵ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د داوه بێده‌نگ بن؟ بڵێی حیزبه دێمۆکراته‌کان که به حه‌ق یان به ناحه‌ق خۆیان به درێژه‌ده‌ری ڕێبازی کۆماری کوردستان ده‌زانن له‌وباره‌یه‌وه بڵێن چێ؟ بڵێی په‌ژاک که بکه‌ری ئه‌و چاوپێکه‌وتنه خۆی له ژێر په‌رده‌ی لایه‌نگری له‌وان ده‌شارێته‌وه و بۆ شوێنه‌وونکه به تاریف کردنی سه‌ید عوبه‌ید له په‌ژاک کۆتایی به چاوپێکه‌وتنه‌که هێناوه. ئاماده بێ به‌رپرسیی تاوان هه‌ڵبه‌ستن بۆ قازی محه‌مه‌د بخاته سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی؟
ووڵامی ئه‌و پرسیارانه هه‌ڵده‌گرین بزانین له دنیای واقعی و مه‌جازی دا چۆنیان پێوه ده‌چارێن. لێره دا پێم خۆشه چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ک له نه‌مرعوبه‌یدیلای ئه‌ییووبیان بگێڕمه‌وه و، به‌شێک له هه‌ست و کوڵی وی له ئاست "کوردایه‌تی" بخه‌مه ڕوو .له سه‌ر ده‌می ڕێژیمی شا له ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کابینه‌ی موسه‌دیق، له ناوچه‌ی موکریان کاروچالاکی سیاسی تاڕاده‌یه‌ک نیوه ئاشکرا به ڕێوه‌ده‌چوو، دواتریش له سه‌روبه‌ندی چاکسازی زه‌ویوزار له زه‌مانی شا دا هه‌ر وا بوو.له هیچ کام له‌و سه‌روبه‌ندانه دا هیچ لایه‌ک، نه ئه‌وانه‌ی خۆیان به "کۆمۆنیست" و "چه‌پ" داده‌نا و نه ئه‌وانه‌ی که به گشتی " کوردایه‌تیان " ده‌کرد، کاره‌کان و قسه‌کانی سه‌ید عوبه‌یدیان به جیدی وه‌رنه‌ده‌گرت. دیاره به وه‌رگێڕانی چریکه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند [ چریکه ووشه‌یه‌که نه‌مر سه‌ید عوبه‌ید بۆ "به‌یت"ی داتاشیوه] بۆ سه‌رزمانی فارسی و پێشکێش کردنی به زانکۆی ئه‌ده‌بییاتی ته‌ورێز وه‌کوو پایاننامه‌ی ده‌ره‌جه‌ی لیسانس، ده‌توانین بڵێن سه‌ید عوبه‌ید له دوای خودالێخۆش‌بوو دوکتور محه‌مه‌دی موکری یه‌که‌م که‌سه له سه‌ر به‌یتی کوردی شتی بڵاو کردبێته‌وه. له‌و ڕووه‌وه ڕچه‌شکێن بوو و به دوای وی‌دا له زانکۆی ته‌ورێز و جێگای دیکه‌ش زۆر چت له سه‌ر ئه‌ده‌بییاتی زاره‌کی کوردی بڵاو بوونه‌وه.
من له چه‌ند بۆنه دا له نیزیکه‌وه خودالێخۆش‌بوو سه‌ید عوبه‌یدم دیتووه و ته‌نانه‌ت حه‌ولم دا بۆ پێش فرۆش کردنی یه‌کێک له کتێبه‌کانی که له خواره‌وه چێرۆکه‌که‌ی ده‌گێڕمه‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کان و ئه‌وانه‌ی کاری ته‌شکیلاتیان ده‌کرد وه‌خۆیان نه‌ده‌کرد، هه‌میشه به پێچه‌وانه‌ی ته‌وژمی ئاو مه‌له‌ی ده‌کرد، ئه‌و ده‌می که گوێزرابووه‌وه بۆ زانکۆی ئیسفه‌هان جارێک به سه‌ردان هاتبوو بۆ تاران و له‌و ماوه‌یه دا چه‌ند جارێک چاوم پێی که‌وت، به شێوه‌یه‌ک حاڵه‌تی پارانۆیا و دڕدۆنگی له قسه‌کانی و له ئاکاری به‌دی ده‌کرا.ڕێستۆرانێکی ئازه‌ربایجانی له خیابانی ئه‌سته‌نبووڵی تارانی پێ باش بوو بۆ نان لێ خواردن و چه‌ندیان جار من و چه‌ند که‌سی دیکه له‌وێ چاومان پێی که‌وت و نانمان له‌گه‌ڵ خوارد. پێکێشی ده‌کرد جگه له ڤۆدکا که ڕه‌نگی سپییه نابێ هیچ مه‌شرووبێکی دیکه بخورێته‌وه، چونکه له‌وانه‌یه ژارمان بۆ تێکه‌ن و سه‌ده‌مه‌مان پێ بگا. که له خواردن و خواردنه‌وه ته‌واو ده‌بووین ده‌یگوت ده‌بێ هه‌تا به‌ر ده‌رگای ماڵ له گه‌ڵتان بێمه‌وه و شه‌وه و له شاری غه‌ریبین. له گه‌ڵمان ده‌هات، ئه‌وجار ئێمه تا به‌رده‌رگای ئه‌و هوتێله‌ی لێی دابه‌زیبوو ده‌چووینه‌وه. چاکم وه‌بیر دێ جارێکیان تا ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تی پێ بێنین که هیچ کێشه‌یه‌ک نییه و هه‌ر که‌س ده‌توانێ بچێته‌وه شوێنی خۆی وه‌ختابوو تاو هه‌ڵبێ. له تاران له ماڵی خزمێکمان کورێکی مێرمنداڵ کاری ده‌کرد که له دێیه‌کی کوردستانه‌وه هێنابوویان و نێوی "کاکه مه‌م" بوو. سه‌ید عوبه‌ید که ئه‌وه‌ی بیست به‌ڕاستی شاگه‌شکه بوو، له تاران که‌سێک بێ و نێوی "کاکه‌مه‌م" بێ، ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌و شوێنه‌ی بوو که به‌یتی "مه‌م و زین" و وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی له سه‌ری دانابوو.له به‌ر دژایه‌تی بیروڕای چه‌پی، ئه‌وده‌می زۆر جار ده‌یگوت " کۆمۆنیزم ئیسلامی عه‌سره" ئه‌وه‌ش وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌ک له کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ردووکیان. ئه‌وکاته‌ی که کتێبی "سوڵتان سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی" نووسیبوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خه‌رجی چاپی ئاماده بکا، قه‌بزی پێش فرۆشی ئاماده کردبوو،
ئه‌من نیزیکه‌ی 50- 100 قه‌بزم وه‌رگرت و به‌ڵێنیم دایه به زوویی خوردیان که‌مه‌وه. له سه‌فه‌ر و سه‌ردانێک دا بۆ دیوه‌خانی یه‌ک له ئاغاوه‌تی به نێوبانگی ده‌ورو به‌ری بۆکان که ژماره‌یه‌کی زۆر له مه‌جلیسه‌که دا بوون ، قه‌بزی پێش فرۆشم له نێو هێندێک له حازران دا بڵاو کرده‌وه و ژماره‌یه‌کی چاکم لێ فرۆشت، به‌ڵام له پڕ یه‌ک له ئاماده بووان که دیاربوو ئه‌زموونی باشی له کاک عوبه‌ید نه‌بوو، گوتی داده‌ی ئه‌وقه‌بزانه‌م ده‌نێ، ئه‌من تازه پووڵم داوه به‌ڵام قه‌بزی خۆم ده‌درێنم، چونکه بێ ئه‌وه‌ی کتێبه‌که‌م دیبێ، ده‌زانم چی نووسیوه، بێ گومان حه‌ولی داوه ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌کی خۆی به‌رێته‌وه سه‌ر سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی و له پێش چاوی هه‌موان قه‌بزه‌که‌ی ذڕاند.
ئه‌و ده‌می کاک عوبه‌ید له به‌ر سوێی زۆری بۆ زمانی کوردی دروشمێکی هه‌بوو، ده‌یگوت " به‌کوردی جنێویشت پێ بده‌ن هه‌ر خۆشه"، په‌تیگه‌رییه‌کی ئاوای له زماندا ده‌کرد هه‌ر نه‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر له ته‌ورێز ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وی که زه‌مانێک ئاڵای پاک کردنه‌وه‌ی زمانی فارسی له ووشه و بێژه‌ی عه‌ڕه‌بی هه‌ڵکرد بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆڕوکۆمه‌ڵێکی له ده‌وری خۆی کۆ کردبووه‌وه و به به‌رده‌وامی به بڵاو کردنه‌وه‌ی ووشه و بابه‌تی تازه‌کووره‌ی که دایڕشتبوون حه‌ولی بڵاوبوونه و جیگیر بوونی ده‌دان، کاری په‌تیگه‌ری ڕه‌حمه‌تی ئه‌ییوبیان له زمانی کوردی دا به‌ته‌واوی تاقانه بووه و ئه‌وه‌ی دایڕشتووه که‌م واهه‌یه که‌سی دیکه به‌کاری هێنابێ.
هه‌ژاری موکریانی له قه‌سیده درێژه‌که‌ی " به‌ره‌و موکریان " دا یه‌ک دوو لاتاوی به سه‌ید عوبه‌ید و برای هه‌ره گه‌وره‌ی که یه‌کێک له کادره هه‌ڵسووڕاوه‌کانی سه‌رده‌می کۆمار و وه‌زیری بێهداری حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان بووه، داداوه. دیاره ئه‌وه له سه‌روبه‌ندێک دابوو که شه‌هیدی نه‌مر دوکتور سادقی شه‌ڕه‌فکه‌ندی، برای هه‌ژار، له گه‌ڵ خوشکی سه‌ید عوبه‌ید زه‌واجی کردبوو. سه‌ید عوبه‌ید که به‌و چه‌ند به‌یته شێعره‌ی هه‌ژار زۆر تووڕه ببوو و وڵامیشی بۆ نووسیبووه‌وه، له به‌ر ذردۆنگ بوونی خۆی ئه‌وه‌ی به کاکه و براله‌ی ساواک داده‌نا،ده‌یگوت ته‌ماشای دوژمن له لایه‌که‌وه کارێکی ئاوا ده‌کا هه‌ژار شێعری ئاوا بۆ ئێمه دانێ و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه برایه‌که‌ی خوشکی من بخوازێ. کاک سادقی شه‌ره‌فکه‌ندیش دیاره نه‌ک له‌و پێوه‌ندییه دا که باسی سه‌ید عوبه‌ید ده‌هاته گۆڕێ. ده‌یگوت بابه ئه‌و هه‌ر (ژ.ک.) ه، قه‌دیم ژیانی کورد بووه به‌ڵام ئێستا لایه‌نگری ژن و کۆنیاکه.کورد ده‌ڵێن دوای مردووان ڕه‌حمه‌ت چاکه و منیش ئه‌م نووسینه به ڕه‌حمه‌ت ناردن بۆ ڕه‌وانی پاکی کاک عوبه‌ید کۆتایی پێ ده‌هێنم.
دووشه‌مۆ 30ی ئووتی 2010
* وێنه‌ی نه‌مر سه‌ید عوبه‌یدیلای ئه‌ییووبیان له تۆڕی فه‌یسبووک به سپاسه‌وه له مه‌کۆی کاک سۆرانی یاهوو وه‌رگیراوه
2 comments:
کاکە حەسەن گیان، سوپاست دەکەم بۆ نووسینی ئەو بابەتە و لە پێداگریت لە سەر ڕاستنووسی و بەخودانەکردنی مرۆی پڕڕەهەند
ناسری سینا
ده‌ست خۆش کاک حه‌سه‌ن، به‌راستی ده‌بێ ئه‌و باوه نه‌شیاوه له نێو ئێمه‌ی کورددا بنه‌بڕ بکرێ که دوای مردنی هه‌ر که‌وێک به حه‌ق و ناحه‌ق به شان و باڵیدا هه‌ڵده‌ڵین. سه‌رکه‌وتوو بی
حامید درودی
Post a Comment