جووت ستاندارد بوون بۆ زمانی پێوه‌ر، دۆخی تێپه‌ڕینه نه‌ك مانه‌وه
ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
به‌شی دووه‌م
(3)
هه‌تا ئێره زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی ئه‌م وتاره ته‌رخان كرابوو بۆ داكۆكیی كردن له سه‌ر گرینگیی و پێویستیی ڕوانگه‌ی به‌رایی¬ده‌رانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌ی زمانی پێوه‌ر. ئێستا ده‌مانهه‌وێ به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر به پێوه‌ر كردنی زمانی كوردی و بۆچوونی دكتۆر ئه‌میر له‌ئه‌م باره‌یه‌دا بدوێین.
دكتۆر ئه‌میر له وتارێك دا ده‌نووسێ:
"... زمانی ڕه‌سمیی "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان" ده‌بێ به كام له‌هجه بێ؟ تا ئێستا دوو وه‌ڵام به‌و پرسیاره دراوه‌ته‌وه: 1ـ سۆرانی ته‌نیا له‌هجه‌ی ستاندارده و ده‌بێ ببێته زمانی ڕه‌سمی و 2ـ كوردی وه‌ك زمانی نۆروێژی دوو له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌یه و ده‌بێ، هه‌ر دوو له‌هجه سه‌ره‌كییه‌كه ڕه‌سمی بكرێن."
دیاره دكتۆر ئه‌میر له‌ئه‌م دوو وه‌ڵامانه به گژ یه‌كه‌میان¬دا دێته‌وه و ناوی "شۆڤینیسمی سۆرانی" له‌سه‌ر داده‌نێ و وه‌ڵامی دووه‌م وه‌كوو ڕێگاچاره‌یه‌ك بۆ پرسی به پێوه‌ركردنی زمانی كوردی په‌سند ده‌كا و سه‌رجه‌می بۆچوونه‌كانی وه‌كوو به‌ڵگه هێنانه‌وه بۆ پێ سه‌لماندنی ڕاستیی وه‌ڵامی دووه‌م و چه‌وتیی وه‌ڵامی یه‌كه‌م ئاڕاسته ده‌كا. ئێمه‌ش بۆچوونی خۆمان له‌مه‌ڕ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی به‌ڕێزیان به‌ئه‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕین:
یه‌كه‌م. دكتۆر ئه‌میر له وه‌ڵامی دووه‌م دا كه بۆخۆی لاگریهتی، ده‌ڵێ: كوردی دوو له‌هجه‌ی (مه‌به‌ستی دیالێكت یا زاراوه‌یه) ستانداردی هه‌یه و ئه‌م دوو شێوه‌زاره به شێوه‌زاری "سه‌ره‌كی" ناو ده‌هێنێ. دیاره به ستاندارد زانین و به سه‌ره‌كی دانانی ئه‌م دوو زاراوه‌یه ناچاره‌كیی به مانای به ناستاندارد و ناسه‌ره‌كی دانانی شێوه‌زاره‌كانی تری زمانی كوردی یه. ئه‌مه ئاڕاسته‌یه‌كه كه دكتۆر ئه‌میر به هۆیه‌وه لایه‌نه به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به توندی پێ تاوانبار ده‌كا و هه‌تا ئاستی به شۆڤێنیست دانانی ده‌چێته پێش. كه‌چی خۆی له‌ئێره‌دا به‌ئاگایانه یا نابه‌ئاگایانه ڕه‌چاوی كردووه و په‌ره‌ی پێ داوه. هه‌ر خودی زاراوه‌ی ناڕێكی جووت ستاندارد كه بووه به دروشمی سه‌ره‌كیی دكتۆر ئه‌میر و هاوبیرانی له هه‌ناوی خۆی دا هه‌ڵگری ئه‌م تێزه‌یه كه له ناو زاراوه‌كانی زمانی كوردی دا دووانیان ستانداردن و ئه‌وانی تر هه‌ر نه‌بێ هێنده‌ی ئه‌م دووه ستاندارد نین؛ دووانیان سه‌ره‌كین، ئه‌وانه‌ی دیكه هێنده‌ی ئه‌وانه سه‌ره‌كی نین. كه‌وایه ئه‌گه‌ر دكتۆر ئه‌میر مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ لایه‌نه به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به "شۆڤینیستی سۆرانی" ناودێر بكا، ئه‌وا ده‌كرێ هه‌ر له سه‌ر بنه‌مای بۆچوون و به‌ڵگه‌كانی دكتۆر ئه‌میر خۆی، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆیشی به جووت شۆڤینیسمی سۆرانی ـ بادینی ناودێر بكرێ. ئه‌گینا چ مانایه‌كی هه‌یه به سه‌ره‌كی زانینی یه‌كێك له زاراوه‌كان به شۆڤینیسم بزانین به‌ڵام به سه‌ره‌كی دانانی دووانیان به هه‌ڵوێستێكی زێده دیموكراتیک بزانین؟ هه‌ڵبه‌ت دكتۆر ئه‌میر له هه‌ندێك جێگه‌دا كه هه‌مان ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ی ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه لایه‌نگریی له به ڕه‌سمیی كردنی هه‌موو زاراوه‌كانی زمانی كوردی كردووه. پرسیاری من ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو زاراوه‌كان ده‌بێ ڕه‌سمیی و ستاندارد بكرێن، بۆچی هێنده له سه‌ر زاراوه‌ی "جووت ستاندارد" داكۆكیی ده‌كرێ؟ بۆچی ناڵێن چوار ستاندارد یان پێنج ستاندارد؟
دووه‌م. دكتۆر ئه‌میر ده‌ڵێ تا ئێستا دوو وه‌ڵام به‌ئه‌و پرسیاره دراوه‌ته‌وه. ئه‌م بۆچوونه، بۆچوونێكی وردبینانه و ته‌واو نییه. واقیعبینانه‌تر ئه‌وه‌یه بڵێین تا ئێستا چوار وه‌ڵام به‌ئه‌م پرسیاره دراوه‌ته‌وه. نازانم بۆچی نووسه‌ر باسی ئه‌م دوو وه‌ڵامه‌ی تری نه‌كردووه. ئه‌م دوو وه‌ڵامه‌ی تر ئه‌مانه‌ن:
وه‌ڵامی سێیه‌م. له‌ناو زاراوه‌كانی زمانی كوردی¬دا كوردیی سه‌روو له هه‌موویان زیاتر شیاوی به ستانداردبوون و به ڕه‌سمی بوونه.
وه‌ڵامی چواره‌م. گرینگ نییه كامه زاراوه بۆ به ڕه‌سمی بوون ـ یا بۆ هه‌ڵبژاردن وه‌کوو زاراوه‌ی هاوبه‌ش ـ په‌سند ده‌کرێ، هیچ دهمارگرژییهك له‌ئه‌م باره‌یه ده گۆڕێ‌دا نییه. به‌ڵام بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی به ستاندارد كردنی زمانی كوردی یه‌كێك له‌ئه‌م زاراوانه هه‌ر ده‌بێ هه‌ڵبژێردرێ.
ئه‌م دوو وه‌ڵامه‌ی دوایێش وه‌كوو دوو وه‌ڵامه‌كه‌ی پێشوو زه‌مینه‌ی عه‌ینی و زه‌ینی بۆ هاتنه ئارایان هه‌بووه و به كرده‌وه‌ش هاتوونه گۆڕێ. دكتۆر ئه‌میر خۆی ده‌ڵێ له ناو زاراهوكان¬دا دووانیان سه‌ره‌كین. له‌ئه‌م دوو زاراوانه ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان داوای به ڕه‌سمیی بوونی هه‌بێ، بێ گومان ئه‌وه‌ی تریش ـ هه‌ر به‌ئه‌و به‌ڵگه‌یه كه ئه‌ویش یه‌كێك له زاراوه سهرهكییهكانه ـ ئه‌و داوایه‌ی هه‌بووه و به‌ئه‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی سێیه‌م گووراوه. وه‌ڵامی چواره‌میش به‌ئه‌م شێوه‌یه جێگه و پێگه‌ی خۆی دۆزیوه‌ته‌وه: كه‌سانێك هه‌بوونه، زیادتر له‌ئه‌وه‌ی هه‌ستیارییان له سه‌ر فڵانه زاراوه‌یه و توانایییهكان و پتانسیه‌له‌كانی هه‌بێ، هه‌ستیارییان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی یه‌ك زاراوه بۆ به ڕه‌سمی بوون بووه واته خه‌می فڵانه دیالێکته‌یان نه‌بووه به‌ڵکوو خه‌می زمانی ستانداردی کوردی و له‌ئه‌م ڕێگایه‌وه خه‌می یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان له‌به‌ر بووه.
دیاره ئێمه وه‌ڵامی لایه‌نگری چه‌ند ستاندارد بوونیشمان هه‌ر وێڕای ئه‌و وه‌ڵامه‌ی لایه‌نگری دوو ستاندارد بوونه له خانه‌ی دووه‌م¬دا جێگیر كرد، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه دكتۆر ئه‌میر هه‌ندێك جار له ئه‌مه‌یانه‌وه باز ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی تر و هه‌ندێك جاریش ده‌بێته‌وه به لایه‌نگری دوو ستاندارد.
كه‌وایه ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ شیكارانهتر بۆ وه‌ڵامه‌كان بچین و دوو ستاندارد و چه‌ند ستاندارد به دوو وه‌ڵامی جوداواز بزانین، ئه‌وكات سه‌رجه‌م پێنج وه‌ڵاممان ده‌بێ.
به پێویستی ده‌زانم هه‌ر له‌ئێره‌دا زۆر به ئاشكرا و به ڕوونی رایبگه‌یێنم كه من لایه‌نگری وه‌ڵامی چواره‌مم و به شیاوترین ئاڕاسته‌ی ده‌زانم.
به‌ر له‌ئه‌وه‌ی به‌رنامه و گه‌ڵاڵه‌کانی پێشنیاركراوی خۆم بۆ به ستاندارد كردنی زمانی كوردی و هه‌روه‌ها به‌رگرتن له پێشێل بوونی مافی زمانیی به‌شێك له خه‌ڵكی كورد به هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له زاراوه‌كان بهێنمه ئاراوه، به پێویستی ده‌زانم شایه‌تێكی مێژوویی و تیۆریک بۆ به ناڕاست زانینی ئاڕاسته‌ی دوو ستاندارد یا چه‌ند ستاندارد بهێنمه‌وه.
سی. ئه‌ی. فێرگۆسۆن زمان ناسێكی ناسراو و جێگای باوه‌ڕه که له ساڵی 1962دا وتارێکی به ناوی هۆكاری زمان له پێشكه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی دا بڵاو كرده‌وه . فێرگۆسۆن له‌ئه‌م وتاره‌دا باسی سێ ئاستی جوداوازی زمانی ستانداردی كرد. ئه‌م ئاستانه بریتین له ستانداردی سیفر (st 0)، ستانداردی یه‌ك (st 1)، و ستانداردی دوو (st 2). ستانداردی سیفر له ڕوانگه‌ی فێرگۆسۆنه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی زمانێكه كه له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌ی به‌ستانداردبوونی تێ نه‌په‌ڕاندووه. گۆڕان و جۆراوجۆریی زاراوه‌كان له‌ئه‌م جۆره زمانانه‌دا، دۆخی زمانه‌كه‌یان ئاڵۆز و پڵۆز كردووه و زمانه‌كه‌یان تووشی په‌رژی و پشێوی كردووه. ستانداردی یه‌ك خۆی به چه‌ند توێژی جوداواز دابه‌ش ده‌بێ. توێژی یه‌كه‌م ستانداردی تاك‌مۆداڵه (unimodal)، توێژی دووه‌م ستانداردی دوومۆداڵه (bimodal) و توێژی سێیه‌م ستانداردی چهندمۆداڵه (multimodal). زمانی ستانداردی ئاستی یه‌كی تاك مۆداڵ، زمانێكه یه‌ك نۆرمی هه‌یه به‌ڵام ئه‌و نۆرمه به ته‌واوی و له گشت لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگادا وه‌رنه‌گیراوه، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی وه‌رگیراوه. زمانی ستانداردی ئاستی یه‌كی دوومۆداڵ زمانێكه دوو نۆرمی هه‌یه كه ئه‌م دوو نۆرمانه له‌باری جوگرافیایییهوه یا له باری ده‌وری فه‌رهه‌نگی و ئایینییانه‌وه له‌یه‌ك جودا بوونه‌ته‌وه.
زمانی ستانداردی ئاستی یه‌كی چهندمۆداڵیش هه‌ر دۆخێكی هاوشێوه‌ی دۆخی ئه‌وه‌ی پێشووی هه‌یه ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه چه‌ندین نۆرم جێگای دوو نۆرمه‌كه ده‌گرنه‌وه.
ستانداردی دوو له ڕوانگه‌ی فێرگۆسۆنه‌وه، زمانی ستانداردی نموونه‌یی یه. له‌ئه‌م ئاسته‌ی زمانی ستاندارددا نۆرمێكی تاك هه‌یه و ئه‌و نۆرمه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاشه‌وه وه‌رگیراوه. له‌ئه‌م ئاسته‌دا جوداوازیی نێوان زاراوه‌كان و جۆره‌كانی جوگرافیایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زمانی زاره‌كیی و زمانی نڤیساریی زۆر كه‌مه. فێرگۆسۆن بۆ ئه‌م ئاستانه نموونه‌شی هێناوه‌ته‌وه. باسی زمانی كوردیشی كردووه. مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بكه‌ن ئه‌و زمانناسه ناسراوه، زمانی كوردی له كام ئاست دا جێگیر كردووه.
نموونه‌ی باس كراوی فێرگۆسۆن بۆ ستانداردی دوو، زمانی سوێدی یه. فێرگۆسۆن ده‌ڵێ له زمانی سوێدی¬دا جوداوازییهك له نێوان زمانی نووسین و زمانی زاره‌كیدا هه‌یه به‌ڵام زۆر كه‌مه و خه‌ریكه كه‌متریش ده‌بێته‌وه. له‌ئه‌م زمانه‌دا هیچ كام له زاراوه جوگرافیایییهكان جوداوازییهكی زۆریان له‌گه‌ڵ ستاندارده‌كه نییه. نموونه بۆ زمانی ستانداردی ئاستی یه‌كی دوو مۆداڵ بریتی یه له هه‌رمه‌نی. ئه‌م زمانه دوو نۆرمی جوداوازی جوگرافیایی هه‌یه كه بریتین له هه‌رمه‌نیی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌رمه‌نیی ڕۆژئاوا. نموونه‌یه‌كی تر زمانی یۆنانییه. به‌ڵام یۆنانی به شێوه‌یه‌ك دوومۆداڵه و هه‌رمه‌نی به شێوه‌یه‌كی تر. گوتمان بنچینه‌ی جوداوازییهكه له زمانی هه‌رمه‌نی دا هه‌ڵكه‌وتی جوگرافیایی یه به‌ڵام بنچینه‌ی ئه‌م جوداوازییه له زمانی یۆنانی¬دا ئه‌و ده‌وره فه‌رهه‌نگییه یه که هه‌رکام له‌ئه‌و نۆرمانه هه‌یانه. یه‌كێك له نۆرمه‌كان له گوت وبێژ و ئاخافتنی ڕۆژانه‌دا كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێ و یه‌كێكیشیان بۆ نووسین. زمانی كوردی له ڕوانگه‌ی فێرگۆسۆنه‌وه نموونه‌یه‌كه بۆ ستانداردی سیفر. گوتمان ستانداردی سیفر له‌جێ دا زمانێكی ناستاندارده. فێرگۆسۆن ده‌ڵێ جۆاروجۆریی زاراوه‌كان له زمانی كوردی دا زۆره و سه‌رباری ئه‌وه‌ش هیچ كام له زاراوه‌كانی زمانی كوردی له ناو كورده‌كان دا وه‌کوو زاراوه‌ی ڕه‌سمی یا هاوبه‌ش به گشتی وه‌رنه‌گیراوه.
حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موومان سه‌رنجی ئه‌و خاڵه بده‌ین كه فێرگۆسۆن ده‌وری نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی نووسی. ئه‌م كتێبه له هه‌ل ومهرجێكدا نووسراوه كه له وڵاتی عێراق حكومه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم تازه به ده‌سته‌ڵات گه‌یشتبوو و مه‌لا مسته‌فا بارزانی تازه گه‌ڕابووه‌وه بۆ باشووری كوردستان و ده‌ستگاكانی ئۆتۆنۆمی هێشتا به ته‌واوی له كوردستان دا جێگیر نه‌ببوون. ئه‌و بۆچوونه‌ی فێرگۆسۆن، ته‌عبیرێكی ناڕاست بۆ دۆخی ئه‌و سه‌رده‌می زمانی كوردی نه‌بووه. به‌ڵام دواتر ئه‌و دۆخه چه‌ند جار گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات. دوای سه‌قامگیر بوونی ڕێژه‌یی ده‌ستگاكانی ئۆتۆنۆمیی له باشووری كوردستان دا، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌گه‌رچی خۆیان به کوردیی سه‌روو ده‌دوان به‌ڵام به‌رچاوڕوونیی بارزانیی نه‌مر هانی دا هه‌تا داكۆكیی له‌ئه‌و نه‌ریته بكا كه به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی له زه‌مانی شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مره‌وه له باشووری كوردستان دا به ڕه‌سمیی ناسرابوو. به‌گوێره‌ی هه‌ندێك به‌ڵگه كه له‌به‌رده‌ست¬دا هه‌ن دوای به ده‌سته‌ڵات گه‌یشتنی حیزبی به‌عس له عێراق به‌عسییه‌كان به هه‌ر ده‌لیلێك كه بۆخۆیان پێی گه‌یشتبوون، ویستیان هه‌ندێك كه‌سایه‌تی له ناو شۆڕشی كورددا بهێننه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه هه‌ردوو زاراوه‌ی كوردیی سه‌روو و كوردیی ناوه‌ڕاست له كوردستانی عێراق به ڕه‌سمیی بناسرێ. مه‌لا مسته‌فا زۆر به توندی به گژ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا چووبووه‌وه و نه‌یهێشتبوو ئه‌و پرۆژه‌یه سه‌ر بگرێ. ئه‌م دۆخه بۆ زمانی كوردی له ناو هێزه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان¬دا هه‌تا ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991، كهموزۆر چه‌سپابوو. دوای ساڵی 1991 كه پارێزگای دهۆكیش تێكه‌ڵ به ناوچه ئازاده‌کانی كوردستان بوو، له‌به‌ر ویستی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه هێژمۆنیی سیاسیی هێزه‌كانی كوردی باكوور ماوه‌یه‌ك بوو ڕوو له زیادبوون دا بوو، دۆخی زمانی كوردی له دۆخی ستانداردێكی ئاستی یه‌كی تاك مۆداڵه‌وه نه‌ختێك بۆ لای ستانداردی ئاستی یه‌كی دوومۆداڵ چوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و گوێزرانه‌وه‌یه بۆ لای دوومۆداڵیهتی به ته‌واوی ڕووبدا؛ چونكه ئێستاشی له‌گه‌ڵ¬دا بێ له باشووری كوردستان دا جێگه و پێگه‌ی كوردیی ناوه‌ڕاست له گشت زاراوه كوردییه‌كان به‌هێزتره. به‌ڵام به‌ئه‌م گوێزرانه‌وه‌یه دۆخی زمانی كوردی له باری ستاندارد بوونه‌وه به‌ره‌و پێش نه‌چوو، به‌ڵكوو به‌ره‌و دواوه چوو. چونكه به گوێره‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ی فێرگۆسۆن، ئاسته‌كانی زمانی ستاندارد له زیادتر پێشكه‌وتووه‌وه بۆ كه‌متر پێشكه‌وتوو به ڕیز بریتین له: 1ـ ستانداردی دوو 2ـ ستانداردی ئاستی یه‌كی تاك‌مۆداڵ 3ـ ستانداردی ئاستی یه‌كی دوومۆداڵ 4ـ ستانداردی ئاستی یه‌كی چه‌ندمۆداڵ 5ـ ستانداردی سیفر.
قسه‌ی من ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی دکتۆر ئه‌میر پرۆپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کا بچه‌سپێ ئه‌وا به گوێره‌ی ریزبه‌ندییه‌که‌ی فێرگوسۆن زمانی کوردی به‌ره‌و زیادتر ستاندارد بوون ناچێ به‌ڵکوو بۆ لای که‌متر ستاندارد بوون یا ته‌نانه‌ت دیسان بۆ لای دۆخی ستانداردی سیفر ده‌چێته‌وه.
ئه‌و ڕاستییه‌ش جێگای ئاماژه‌پێکردنه ئه‌و قسه‌ی دکتۆر ئه‌میر که ده‌ڵێ زمانی کوردی ئێستا زمانێکی دوو ستاندارده - وه‌کوو ته‌وسیف – ئه‌گه‌ر دۆخی زمانی کوردی له هه‌موو به‌شه‌کان له‌به‌رچاو بگرین نه‌ک هه‌ر له باشوری کوردستاندا، قسه‌یه‌کی ڕاسته. چه‌وتیی هه‌ڵوێستی دکتۆر ئه‌میر له‌ئه‌و جێگایه دایه که داکۆکیی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کا ئه‌و دۆخه هه‌ر ده‌بێ ئاوا بمێنێته‌وه و نابێ بۆلای تاک ستاندارد بوون بچێ یا بڵێین نابێ بۆ لای تاک ستاندارد بوونی ببه‌ین. به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ین که ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌یه‌کی زانستی و ئوسوولی ـ به بێ ئه‌وه‌ی مافی ئاخێوه‌ران به زاراوه جۆراوجۆره‌کانی زمانی کوردی پێشێل بکه‌ین ـ زمانی کوردی به‌ره‌و دۆخی تاکستانداردی ببه‌ین. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕاستییه بوو که له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره دا گوتمان پرسیاری دروست له‌مه‌ڕ ستانداردی زمانی كوردی یا زمانی كوردیی ستاندارد ئه‌وه نییه بڵێین "زمانی كوردی تاك ستاندارده یا جووت ستاندارد؟" به‌ڵكوو پێویسته پرسیاره‌كه ئاوه‌ها ڕێك بخرێ: "زمانی كوردی بۆ به ستاندارد بوونی زیادتر ده‌بێ تاك ستاندارد بێ یا جووت ستاندارد؟ ئه‌و "ده‌بێ"یه پێویستیی هه‌ڵوێستێکی نۆرماتیڤ و بهراییدهرانهمان پێشان ده‌دا که بۆ به‌رێوه بردنی پرۆژه‌ی زمانی پێوه‌ر لازمه و که‌سانێکی وه‌ک دکتۆر ئه‌میر خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن.
دیاره زمانی كوردی ئه‌وه‌ی ده باران دا نییه ببێ به ستانداردی دوو؛ چونكه گوتمان له ستانداردی دوودا مه‌ودای نێوان ستانداردی هه‌ڵبژێردراو له‌گه‌ڵ باقی زاراوه‌كان و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زمانی زاره‌كیی زۆر كه‌مه. ئه‌مه‌ش ده‌زانین زاراوه‌کانی زمانی کوردی ئهوهێنده له‌یه‌ک نزیک نین. به‌ڵام هه‌وڵی گشتیی ئێمه ده‌بێ له‌ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بێ كه زمانی كوردی بگه‌یێنین به هه‌واری ستانداردی ئاستی یه‌كی تاك‌مۆداڵ. ئه‌م كاره كارێكی له‌توانابه‌ده‌ر و نه‌گونجاو نییه. جگه له‌ئه‌وه‌ی گونجاوه یه‌كجار زۆریش پێویسته.
ئه‌و تێزه كه ده‌ڵێ یه‌كێك له هۆكاره‌كانی یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌كیه‌تی زمانه و هه‌ندێك له نووسه‌رانی كورد ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه ،تێزێكی ڕاسته و به ناحه‌ق كه‌وتووه‌ته به‌ر ته‌وس و پلاری ئه‌م نووسه‌رانه.
فێرگۆسۆن ئه‌گه‌ر ئێستا بمابایه، ڕه‌نگبوو ئیتر زمانی كوردیی له‌ناو خانه‌ی ستانداردی سیفردا جێگیر نه‌كردبایه. زمانی كوردی له‌ئه‌و سه‌رده‌می ڕا تا ئێسا پێش كه‌وتووه. هه‌ڵبه‌ت وا هه‌بووه دوای ئه‌و پێشكه‌وتنه نه‌ختێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دواوه، به‌ڵام دیسان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر حولله‌مه‌ره‌سێ یا ئه‌و ستاندارده سیفره‌ی فێرگۆسۆن باسی لێ ده‌كا. ئه‌وه جێگای خۆشحاڵی یه.به‌ڵام وه‌ک چۆن زمانی کوردی بۆی هه‌بووه بۆ دواوه یا بۆ پێشه‌وه بچێ ئاوه‌هاش بۆی هه‌یه هێنده‌ی دیکه‌ش به‌ره‌و پێش بچێ. ئالهئێرهدایه كه ده‌ڵێین دۆخی جووت ستاندارد بۆ زمانی پێوه‌ر دۆخی تێپه‌ڕینه نه‌ك مانه‌وه.
ئه‌و جووت ستاندارده‌ی دكتۆر ئه‌میر باسی ده‌كا هه‌مان ئه‌و دوو مۆداڵهیه كه فێرگۆسۆن لێی ده‌دوێ. ئه‌گه‌ر بێت و هاودهنگییهك له‌سه‌ر ئه‌وه ساز نه‌بێ که یه‌كێك له زاراوه كوردییه‌كان بۆ به‌ڕه‌سمیی بوون (یا بۆ به هاوبه‌ش بوون) هه‌ڵبژێردرێ، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه له‌سه‌ر ئه‌وه مكوڕ و پێ‌داگر بین كه هه‌موو زاراوه‌كان خاوه‌نی جێگه و پێگه‌یه‌كی هاوئاست و هاوشان بن، ئه‌وا دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ستاندارده سیفره‌كه‌ی فێرگۆسۆن، واته بێ ستانداردی. زۆر سه‌یره ئێمه باسی ستاندارد بكه‌ین و خۆمانی بۆ بكوتین به‌ڵام ئاكامی به‌كرده‌وه‌ی خۆكوتانهكهمان گه‌یشتن به دۆخێكی ناستاندارد بێ.
پرسیارێك كه ڕه‌نگه بێته گۆڕ و زه‌ینی خوێنه‌ر ختووكه بدا ئه‌وه‌یه كه چ جوداوازییهك له نێوان ستانداردی سیفر و ستانداردی ئاستی یه‌كی چه‌ندمۆداڵ له باسه‌كه‌ی فێرگۆسۆن دا هه‌یه؟ چونكه له هه‌ر دووكیان دا هیچ كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر یه‌كێك له زاراوه‌كان نییه. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ فێرگۆسۆن زۆر به ڕوونی به بنج¬وبناوانی ئه‌م باسه‌دا نه‌چووه‌ته خوار و به وردی شه‌ن وكه‌وی نه‌كردووه. من حه‌ز ده‌كه‌م مه‌زنده‌یه‌ك بۆ دیاری كردنی ئه‌و جوداوازییه بكه‌ین و باسه‌كه له باری تیۆرییه‌وه نه‌ختێك په‌ره پێبده‌ین.
ده‌سته‌واژه‌ی زمان یا زاراوه‌ی ستاندارد (جگه له‌ئه‌و پۆلێن كردنه‌ی فێرگۆسۆن) له دوو مانای به‌ربڵاو و به‌رته‌سك دا ده‌كار ده‌كرێ. له مانا به‌رته‌سكه‌كه‌ی دا زمان یا زاراوه‌ی ستاندارد واته زمان یا زاراوه‌یه‌ک كه ڕێساكانی كۆكراونه‌ته‌وه و باسه ڕێزمانییهكانی پێوه‌ندی دار به‌ئه‌و زمان یا زاراوه‌یه به وردی شه‌ن وكه‌و كراون و به‌شی بێڕێسا و به‌شی ڕێساداری له یه‌ك جودا كراونه‌ته‌وه و به‌کارهێنه‌رانی ئه‌و زمان یا زاراوه‌یه بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه و گرفته زمانییه‌کان بۆ سه‌ر ئه‌و ڕێسا کۆکراوانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه . ئه‌وانه‌ی گوتمان هه‌ر به‌ته‌نیا پێوه‌ندیی به دیوی ناوه‌وه‌ی زمان یا زاراوه‌یه‌که‌وه هه‌یه. به‌ڵام زمان یا زاراوه‌ی ستاندارد له مانا به‌ربڵاوه‌كه‌ی دا زمان یا زاراوه‌یه‌كه كه هه‌م ستاندارد بێ (به مانا به‌رته‌سكه‌كه‌ی) و هه‌م به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی، له‌ناو سیسته‌مێکی چهندزمانی یا چه‌ند زاراوهییشدا ڕه‌سمی یا ڕهسمیتر بێ. واته له‌ئێره‌دا مه‌رجێك به مه‌رجه‌كانی زمانی ستاندارده‌وه زیاد ده‌كرێ كه پێوه‌ندیی به دیوی ده‌ره‌وه‌ی زمان واته لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانییه‌وه هه‌یه.
ئێستا وای دابنێن زمانێك بۆ نموونه خاوه‌نی چوار زاراوه‌یه. ئه‌و چوار زاراوه‌یه ده‌توانن ئه‌و دۆخانه‌ی خواره‌وه‌یان هه‌بێ:
یه‌كه‌م. هه‌ر چواریان به مانا به‌رته‌سكه‌كه‌ی زاراوه‌ی ستاندارد، ستاندارد بن؛ واته ڕێسای هه‌موویان كۆ كرابێته‌وه و به شێوه‌یه‌كی شیكارانه لێك درابێته‌وه، به‌ڵام هیچ كامیان به مانا به‌ربڵاوه‌كه ستاندارد نه‌بن؛ واته هیچ كامیان بۆ ده‌كار كران،به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمیی سه‌ره‌تیی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا نه‌بێ.
دووه‌م. ئه‌و چوار زاراوه‌یه به مانای به‌رته‌سك ستاندارد بن و یه‌كێكیشیان له‌چاو ئه‌وانی تر ڕه‌سمی بێ. واته یه‌کێکیان به مانا به‌ربڵاوه‌كه‌ی ستاندارد بێ.
سێیه‌م. ئه‌و چوار زاراوه‌یه ته‌نانه‌ت به مانا بهرتهسكهكهش ستاندارد نه‌بن.
فێرگۆسۆن به ڕاشكاوی ئاماژه‌ی به‌ئه‌م بابه‌ته نه‌كردووه، به‌ڵام ئێمه وه‌كوو په‌ره‌پێدان و زیاده‌خستنه‌سه‌رێك بۆ تیۆری فێرگۆسۆن ده‌توانین بڵێین دۆخی یه‌كه‌م دۆخی زمانێكی ستانداردی ئاستی یه‌كی چهندمۆداڵه. دۆخی دووه‌م دۆخی زمانێكی ستانداردی ئاستی یه‌كی تاك‌مۆداڵه و دۆخی سێیه‌م دۆخی زمانێكه به ستانداردی سیفر.
ئه‌و زیادكردنه به تیۆری فێرگۆسۆنمان بۆیه به پێویست زانی هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه داكۆكیی بكه‌ین كه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جارێ بۆ به ستاندارد كردنی یه‌كێك له زاراوه‌كانی زمانی كوردیش به مانا به‌ربڵاوه‌كه‌ی پێك نه‌هاتووین، هه‌تا ئه‌و پرسه چاره‌سه‌رییه‌كی زانستی و بێ قڕه‌ی بۆ ده‌دۆزرێته‌وه هه‌موو لایه‌ك هه‌ر نه‌بێ بۆ ستاندارد كردنی زاراوه‌كانی زمانی كوردی به مانا به‌رته‌سكه‌كه‌ی هه‌وڵ بده‌ین و ئه‌و هه‌وڵه بكه‌ین به پێشه‌كییه‌ك بۆ ستاندارد كردنی دواتر و زیادتری زمانه‌كه‌مان به مانا به‌ربڵاوه‌كه‌ی. جگه له‌ئه‌مه به هێنانه گۆڕی ئه‌م باسه پرسێكی سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌ش واته پرسی جوداوازیی نێوان زمانی ستاندارد و زمانی ڕه‌سمیش وه‌ڵامی پێ ده‌درێته‌وه. ئه‌گه‌ر به مانا به‌رته‌سكه‌كه‌ی باسی زمانی ستاندارد بكه‌ین ئه‌وا زمانی ستاندارد و زمانی ڕه‌سمی جوداوازییان هه‌یه. له‌ئه‌م ڕوانگه‌یه‌وه زمانێك بۆی هه‌یه ستاندارد بێ (واته ڕێساكانی كۆكرابێتنهوه و لایه‌نه نادیاره ڕێزمانییهكانی لێك درابێتنه‌وه، به‌ڵام ڕه‌سمی نه‌بێ و به پێچه‌وانه بۆی هه‌یه ڕه‌سمی بێ (واته له‌لایه‌ن سیسته‌مێكی سیاسییه‌وه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری ئیدارییه‌وه هه‌ڵبژێردرابێ و له‌چاو زمان یا زاراوه‌کانی تر قان و سه‌ره‌تی پێ درابێ) به‌بێ ئه‌وه‌ی ستاندارد بێ (واته كاری وردی ڕێزمانی و زمانه‌وانی له‌سه‌ر ئه‌و زمانه كرابێ). به‌ڵام به گوێره‌ی مانا به‌ربڵاوه‌كه ناكرێ بڵێین زمانێك ستاندارده به‌ڵام ڕه‌سمی نییه.
دكتۆر ئه‌میر جگه له زمانی كوردی كه پێی جووت ستاندارده، چه‌ند نموونه‌ی تریش ده‌هێنێته‌وه كه گوایه تاك ستاندارد نین و ده‌خوازێ بڵێ زمانی كوردیش ئه‌گه‌ر تاك ستاندارد نه‌بوو، ئه‌وا سه‌یر نییه و نموونه‌ی تریش له گوێن ئه‌مه له وڵاتانی تر ده گۆڕێ دا هه‌ن. به گشتی ده‌كرێ ئه‌و نموونانه‌ی دكتۆر ئه‌میر وه‌كوو نموونه‌ی ترازاو له دۆخی تاك ستاندارد ده‌یانهێنێته‌وه به چوار به‌ش پۆلێن بكه‌ین:
یه‌كه‌م. وڵاتی وه‌ك سویس كه چه‌ندین زمان تێی دا ڕه‌سمی یه.
دووه‌م. نموونه‌ی وه‌ك عه‌ره‌بی كه گوایه یه‌ك زمانه و چه‌ندین ستانداردی هه‌یه.
سێیه‌م، نموونه‌ی وه‌ك فارسی كه گوایه سێ زاراوه‌ی ستانداردی هه‌یه. فارسیی ده‌ری (له ئه‌فغانستان) فارسی تاجیكی (له تاجیكستان) و فارسی ئێرانی (له ئێران).
چواره‌م. نموونه‌ی وه‌كوو ئه‌رمه‌نستان و نۆروێژ و ئاڵبانی كه زمانه‌كه‌یان جووت ستاندارده.
پێویسته ئه‌و نموونانه به ڕیز بخه‌ینه به‌رباس:
یه‌كه‌م. دۆخی چه‌ند ستاندارد بوونی زمان له وڵاتێكی وه‌ك سویس و به‌راورد كردنی زمانی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه (قیاس مع الفارق)ه. له‌ئه‌م وڵاتانه‌دا چه‌ندین زمانی جودا ڕه‌سمین به‌ڵام ئه‌وه‌ی له كوردستان دا جێگای مشت ومڕه چۆنیه‌تیی په‌یوه‌ندیی سازكردنی ڕه‌سمیی له نێوان زاراوه‌كانی یه‌ك زمانه نه‌ک له نێوان چه‌ندین زماندا. ئه‌گه‌ر له سویس كاربه‌ده‌ستان هاتبان و له ناو زمانه ڕهسمییهكانیش¬دا له هه‌ر كامه‌یان چه‌ندین زاراوه‌یان به ڕه‌سمی بناسیبایه ئه‌وكات دكتۆر ئه‌میر ده‌یتوانی دۆخی زمان له‌ئه‌و وڵاته وه‌كوو سه‌رمه‌شق بۆ كوردستان هه‌ڵبژێرێ. سویس نموونه‌یه‌كی ئیجابی بۆ دانانی سیاسه‌تێکی چهندزمانی یه كه دكتۆر ئه‌میر و هاوبیرانی باسی لێ ده‌كه‌ن. نموونه‌ی سه‌لبیش له بواری دانانی سیاسه‌تی زمانیی هه‌ڵه له وڵاتانی چه‌ندزمان له ڕوانگه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌وه ئێرانی زه‌مانی ڕه‌زا خان و توركیای زه‌مانی مسته‌فا كه‌ماڵه. دیسان له‌ئێره‌ش¬دا ئه‌و به‌ڕێزانه نه‌یانتوانیوه دوو گوته‌زا له‌یه‌ك جودا بكه‌نه‌وه. سیاسه‌تی زمانیی ئه‌و دوو كه‌سه خاوه‌نی دوو به‌ش بوو. به‌شی یه‌كه‌م سه‌قامگیر كردن و خزمه‌ت كردنی زیادتری زاراوه‌ی ستاندارد له ناو زاراوه‌كانی زمانی خۆیان بوو. واته ڕه‌زا شا له ئێران دا جۆرێك له فارسی واته فارسیی ستانداردی له به‌رانبه‌ر جۆره‌كانی تری هه‌ر ئه‌و زمانه په‌ره پێ دا و مسته‌فا كه‌مالیش جۆرێك تركی واته تركیی ستانداردی له‌به‌رانبه‌ر جۆره‌كانی تری زمانی تركی بره‌و پێدا. به‌شی دووه‌می سیاسه‌ته‌كه‌یان ئه‌وه بوو زمانه‌كانی تریان جگه له فارسی و تركی سه‌ركوت و یاساغ كرد. هه‌ڵه‌ی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه به‌شی یه‌كه‌می سیاسه‌ته‌كه‌یان نه‌بوو به‌ڵكوو به‌شی دووه‌می بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه بۆ زمانه‌كانی تریش هاتبان له ناو جۆره جۆراوجۆره‌كانی هه‌ر زمانێك¬دا یه‌كێکان بكردبا به ستانداردی ئه‌و زمانه (به فه‌رزی مه‌حاڵ) ئه‌و كاره‌یان نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی ڕه‌خنه و لۆمه نه‌ده‌بوو بگره شیاوی پێهه‌ڵگوتنیش بوو. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه مێژوو پێی سه‌لماندووین ئه‌و شێوه حكوومه‌تانه بۆ زمانی خۆیان هه‌میشه هۆگر و بره‌وپێده‌ری تاك ستاندارد بوونه، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی به هه‌ر هۆكار و ده‌لیلێك ناچار بوون ددان به زمانه‌كانی تریش¬ دابهێنن له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و زمانانه زۆر تامه‌زرۆیانه هۆگری دۆخی جووت‌ستاندارد یا چهندستاندارد بوونه. نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاویان سه‌ددام بوو كه خه‌ریك بوو دۆخی جووت‌ستاندارد به سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌می شۆڕشی كورددا بسه‌پێنێ كه سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش زۆر ڕاشكاوانه و وشیارانه ئه‌و مه‌راقه‌ی لێ پووچه‌ڵ كرده‌وه.
دووه‌م. دكتۆر ئه‌میر له‌مه‌ڕ زمانی عه‌ره‌بی و ستانداردهكانییهوه ده‌ڵێ:
"عه‌ره‌بی چه‌ند له‌هجه‌ی ستانداردی هه‌یه. ستانداردی به‌غدایه‌ی هه‌یه، قاهیره‌ی هه‌یه، مه‌راكیشی هه‌یه، لوبنانی هه‌یه، دیمێشقی هه‌یه"
نموونه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كه دكتۆر ئه‌میر باسی لێ ده‌كا ته‌واو بهپێچهاونه، به دژی بۆچوونی ئه‌و و به قازانجی بۆچوونی لایه‌نی به‌رانبه‌ریه‌تی. عه‌ره‌بی قاهیره و مه‌راكیش و لوبنان و دیمێشق و به‌غدا كه ڕه‌نگه له قسه‌كردنی ڕۆژانه‌دا هیچ كامیان له یه‌ك حاڵی نه‌بن گشتیان بۆ نووسین یه‌ك زمانی ستانداردیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی دكتۆر ئه‌میر له ستانداردی به‌غدا و قاهیره و... ستانداردی نووسینه، ئه‌وا به هه‌ڵه چووه.به شاهیدیی ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زای زمانی عه‌ره‌بین ئه‌و بیست و چه‌ند وڵاته عه‌ره‌بییه، گشتیان یه‌ك زمانی نووسینی ستانداردیان هه‌یه. جۆراوجۆریی زاراوه‌كان له زمانی كوردی دا زیادتر له جۆراوجۆریی زاراوه‌كانی زمانی عه‌ره‌بی نییه. جوگرافیای كوردستانیش هێنده‌ی جوگرافیای وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان هه‌راو نییه. چۆنه عه‌ره‌به‌كان به‌ئه‌و هه‌موو به‌ربڵاوییه له زاراوه و له جوگرافیادا توانیویانه له‌سه‌ر ستانداردێك پێك بێن به‌ڵام ئێمه‌ی كورد ناتوانین؟
سێیه‌م. ئه‌گه‌ر جوداوازیی ستانداردی فارسیی ئه‌فغانستان و ستانداردی فارسیی ئێرانمان له‌به‌ر چاو بێ، ئه‌وا ناتوانین له‌گه‌ڵ دوو ستانداردی كوردی واته كوردیی سه‌روو و كوردیی ناوه‌ڕاست هه‌ڵیسه‌نگێنین. جوداوازیی ستانداردی فارسیی ئه‌فغانستان و ستانداردی فارسیی ئێران وه‌كوو جوداوازیی نێوان بنزاراوهكانی موكریان و سلێمانی له چوارچێوه‌ی یه‌ک زاراوه دایه. له جێگایه‌كی تر كه‌سێكی تر نموونه‌ی ستاندارده‌كانی ئینگلیزیی بریتانیایی و ئه‌مریكایی و ئوستراڵیایی هێناوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ دۆخی دوو ستانداردبوونی زمانی كوردی هه‌ڵسه‌نگاندووه، له‌ئێره‌ش دا وه‌كوو نموونه‌ی فارسی، دۆخی جووت ستاندارد بوون یان چه‌ند ستاندارد بوونی ئینگلیزی له‌گه‌ڵ هی كوردی جواداوازیی هه‌یه. ئه‌و دۆستانه‌ی به شێوه‌ی پسۆڕانه كار له‌سه‌ر بابه‌تی زمان و زمان ناسیی ده‌كه‌ن نابێ فریوی (اشتراك لفظی) هه‌ندێك له وشه و زاراوه‌كان بخۆن. ئه‌و دوو یا چه‌ند ستاندارد بوونه‌ی له فارسی یا له ئینگلیزی¬دا هه‌یه جوداوازیی ستاندارده‌كانیان وه‌كوو جوداوازیی ئه‌و كوردیی سه‌روویه وایه كه له باكووری كوردستان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردیی سهروویهی له باشووری كوردستان هه‌یه. یا وه‌كوو جوداوازیی ئه‌و كوردییه ناوه‌ڕاسته وایه كه له كوردستانی باشوور هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردیی ناوه‌ڕاسته‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه.
چواره‌م. به‌هێزترین به‌شی به‌ڵگه‌ی دكتۆر ئه‌میر باس كردنی نموونه‌ی وه‌ك زمانه‌كانی هه‌رمه‌نی و نۆروێژی یه كه به ڕاستی دوو ستانداردیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م زمانانه لێكۆڵینه‌وه بكه‌ین به‌ئه‌م ئاكامه ده‌گه‌ین كه ڕاسته ئه‌و زمانانه هه‌تا ئێستا تاك ستاندارد نین به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان نه‌ختێك وردتر و به‌ربڵاوتر بكه‌ین به ڕاستییه‌كی دیكه‌ش ده‌گه‌ین كه به‌داخه‌وه دكتۆر ئه‌میر كهموزۆر باسی نه‌كردووه و به‌لای¬دا نه‌ڕۆیشتووه. ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه له هه‌موو ئه‌و سێ چوار وڵاته‌ی ئه‌و دۆخه له گۆڕێ¬دا هه‌یه، له‌ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایێدا، پاش ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاتانه سه‌رنجیان بۆ ئه‌م ڕاستییه ڕاكێشراوه كه ئه‌م دۆخه دۆخێكی له‌بار نییه و خه‌رج و زه‌حمه‌تێكی زیادیی تێده‌چێ، ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌م له‌ناو خه‌ڵكه‌كه و هه‌م له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كانیان ساز بووه كه زمانه‌كه‌یان به‌ره‌و تاكستاندارد كردن ببه‌ن. هه‌ر له جێ¬دا كاتێك دكتۆر ئه‌میر له‌ناو ئه‌م هه‌موو وڵاته‌ی جیهان¬دا دوو سێ نموونه ده‌هێنێته‌وه كه زمانه‌كه‌یان دوو ستاندارده، ئه‌مه به‌ئه‌و مانایه یه كه گشت وڵاته‌كانی تر زمانه‌كه‌یان تاك ستاندارده. بۆچی ئێمه‌ی كورد ده‌بێ پشت ده ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه بكه‌ین و ئه‌زموونی دوو سێ وڵاتێك ده‌كار بكه‌ین كه خه‌ڵكه‌كه‌ی لێی په‌شیمانن و شایه‌تیی بۆ ناسه‌ركه‌وتوو بوونه‌كه‌ی ده‌ده‌ن؟
ئه‌م باسه ده‌توانێ ده‌روویه‌كی له‌بار بێ بۆ هێنانه‌به‌رباسی ئه‌و گه‌ڵاڵانه‌ی قه‌راره بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی به ستاندارد كردنی زمانی كوردی پێشنیاریان بكه‌ین.
8.حه‌سه‌نپوور،ئه‌میر،شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌كانی.به‌شی یه‌که‌م وه‌رگیراو له:
http://ruwange.blogspot.com
9.بڕوانه بۆ:سارلی،ناصر قلی،زبان فارسی معیار،انتشارات هرمس،تهران، 1387،ص‌ص97-93 . ناو و نیشانی وتاری فێرگۆسۆن به‌ئه‌م چه‌شنه‌یه:
C.A.Ferguson,The Language Factor in National Development,1962,pp 267-71, Sociolinguistics Perspectives
10.گوت‌وبێژی ناسری سیینا له‌گه‌ڵ ئه‌میری حه‌سه‌نپوور،نه‌وزادی هرۆری و حه‌سه‌نی قازی. وه‌رگیراو له:
http://ruwange.blogspot.com
تێبینی :ئه‌م نووسراوه‌یه به‌ڕێز ڕه‌هبه‌ری مه‌حموودزاده بۆ ڕوانگه‌ی ناردووه. ئه‌گه‌رچی بۆچوونه‌کانی له گه‌ڵ ڕوانگه ناته‌بایه به‌ڵام وه‌کوو خۆی بڵاو کراوه‌ته‌وه
No comments:
Post a Comment