حوله‌مه‌ره‌سێ
حوله‌مه‌ره‌سێ
حه‌سه‌نی قازی
ڕه‌نگه تا ئێستا خوێنه‌ره‌وانی "ڕوانگه" نووسراوه درێژه‌که‌ی به‌ڕێز ڕه‌هبه‌ری مه‌حموودزاده :" جووت ستاندارد بوون بۆ زمانی پێوه‌ر، دۆخی تێپه‌ڕه نه‌ک مانه‌وه" یان که لێره له دووبه‌ش دا بڵاو کراوه، خوێندبێته‌وه. ئه‌م نووسراوه‌یه هه‌ر له سه‌ردێره‌که‌یه‌وه گرفتی هه‌یه. وا ده‌نوێنێ ئێستا شێوه‌زاره کوردییه‌کان چ ستانداردیان نییه و ئه‌گه‌ر هاتوو بوونه ستانداردیش ئه‌و ده‌می ئه‌و دۆخه قۆناخێکی تێپه‌ڕ و کاتییه، هه‌ر ئاوا نامێنێ و دواجار تاقه ستانداردی زمانی کوردی ساز ده‌بێ. به ستاندارد دانه‌نانی دوو شێوه‌زاری کورمانجی و سۆرانی وه‌ک ئه‌وه وایه ئه‌و پێشوه‌چوونه‌ی له‌وه‌تا له نووسین و چاپ دا تێیاندا کراوه نه‌بیندرێ و بابدرێته‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که ده‌ست به نووسرانیان کراوه و ئه‌وه‌ش حوله‌مه‌ره‌سێیه.
کاک ڕه‌هبه‌ر حه‌ولی داوه بۆچوونه‌کانی دوکتور حه‌سه‌نپوور سه‌باره‌ت به ڕاستیی دوو ستاندارد بوونی زمانی کوردی وه‌دوایه داته‌وه، به‌ڵام له دووتوێی باسه‌که‌ی ڕا ده‌رده‌که‌وێ نه‌چووه‌ته بناوانی بۆچوونه‌کانی و وای نیشان ده‌دا حه‌سه‌نپوور به پێداگرتن له سه‌ر جووت ستاندارد بوونی زمانی کوردی شێوه‌زاره‌کانی دیکه ده‌خاته پشت گوێ. لێره دا دوو پنکت ده‌بێ جه‌ختیان له سه‌ر بکرێ:شێوه‌زاره کوردییه‌کان ده‌رتانی یه‌کسانیان نه‌بووه بۆ پێشکه‌وتن.له‌کاتێکدا کۆد، پێوانه و ڕێسای کورمانجی و سۆرانی زووترکۆ کراونه‌ته‌وه، زیاتریان پێ چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌ره‌تانه بۆ که‌لوڕی، دملکی و هه‌ورامی نه‌ره‌خساوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه یه‌ک له شێوه‌زاره‌کان له‌ویدی نه به‌نرختر ده‌کا و نه‌باشتر. نوخته‌ی دی ئه‌وه‌یه که دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور بۆ جاری یه‌که‌م ڕاستی جووت‌ستاندارد بوونی زمانی کوردی به دوور ودڕێژی له کتێبه‌که‌ی دا: "زمان و ناسیۆنالیسم له کوردستان" له ساڵی 1992 شی کردووه‌ته‌وه و هاتنه‌وه گۆڕێی له به‌ر ئه‌وه‌یه له‌وساڵانه‌ی دوایی دا له باشووری کوردستان به ده‌رچوونی داوخوازینامه‌ی 53 نه‌فه‌ر ناقییس 1 دیسان هاته ڕۆژه‌وێ و حه‌سه‌نپوور به ڕه‌خنه‌کانی له‌و داخوازینامه‌یه یارمه‌تی کرد به ڕوون بوونه‌وه‌ی زۆر بابه‌تی که پێوه‌ندییان به زمان و ئازادییه‌وه هه‌یه.
به‌ڕێز مه‌حموودزاده له نووسینه‌که‌ی دا باس له‌وه ده‌کا نموونه‌ی پێوه‌چارانی زمانی له سویس بۆ تیشک خستنه سه‌ر بارودۆخی شێوه‌زاره کوردییه‌کان له جێگه‌ی خۆی دا نییه. چونکه له‌وێ باسی زمانی جیاوازه و له کوردستان قسه له سه‌ر له‌هجه‌ی جیاوازه. به‌ڕێز مه‌حموودزاده سه‌رنجی کافی نه‌داوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی که له باسی شێوه‌زاره کوردییه‌کان دا لایه‌نگرانی دووچاوکێتی زمانی هه‌میشه باسی ئه‌وه ده‌هێننه گۆڕێ ئه‌گه‌ر کورمانجی و سۆرانی ده‌ره‌تانیان پێبدرێ له یه‌کسانی دا بچنه پێشێ دواجار ده‌بن به دوو زمان و ئه‌مه‌ش کورد ده‌کا به دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز.ئه‌و بۆچوونه که‌ونارایه‌ی یه‌ک میلله‌ت، یه‌ک زمان زیاتر له هه‌موان گورزی له کورد و شێوه‌زاره‌کانی وه‌شاندووه.نموونه‌ی سویس به باشی ده‌یسه‌لمێنی که یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌توانێ چوار زمانی ڕه‌سمی و ستانداردی تایبه‌تی له مه‌ر خۆشی هه‌بێ چ ده‌گا به دوو یان چه‌ند شێوه‌زاری ستاندارد و ڕه‌سمی له مه‌ڕ خۆی. هیچ سویسیه‌کی که به ئه‌ڵمانیی سویسی قسه ده‌کا خۆی به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمان دانانێ. هیچ سویسییه‌کی فه‌ڕانسه‌یی ئاخێو یان ئیتالیایی ئاخێویش خۆی به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی فه‌ڕانسه یان ئیتالیا دانانێ. ئه‌وه له هۆله‌ند و بێلژیکیش هه‌ر ئاوایه. بێلژیکییه‌کی فڵامانی زمان زۆری لێ زه‌حمه‌ت دێ به زمانه‌که‌ی بگوترێ هۆله‌ندی ده‌نا به پێی قسه‌ی هاوڕێم مارتین فان بڕوانێسن جیاوازی هۆله‌ندی و فڵامانی هه‌ر به قه‌ده‌ر جیاوازی نێوان له‌هجه‌ی کوردیی مه‌هابادی و بۆکانییه.
دوایه کاک ڕه‌هبه‌ر ده‌ڵێ کاک ئه‌میر به‌شێک له بۆچوونه‌کانی به‌پاڵپشتی زمانناسیی بناخه‌گری گه‌ڵاڵه کردووه،به‌ڵام ئاماژه‌ی پێ ناکا ئه‌وه چ گرفتێکه؟ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه پێوه‌ری هێچکام له قوتابخانه زمانناسییه‌کان که لایه‌نی جیهانداپۆشیشیان هه‌یه به کار نه‌هێنین دیسان ئه‌وه له‌و ڕاستیه ناگۆڕێ که هه‌ر دووک شێوه‌زاری کورمانجی و سۆرانی ستانداردی له مه‌ر خۆیان په‌ره‌پێداوه و ڕۆنیشتوون و به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وامیش له ئاڵوگۆڕ دان. دوایه به‌ڕێزیان به قسه گێڕانه‌وه‌یه‌ک له فێرگۆسۆن باسی سێ قۆناخی ستاندارد بوون ده‌کا و ته‌نانه‌ت له جێیه‌ک دا ده‌ڵێ فێرگۆسۆن باسی زمانی کوردیشی کردووه. تا به‌ر له هه‌ڵوه‌شانی یه‌کێتی شووڕه‌وی لێروله‌وێ ئاماژه ده‌کرا لێنین له جێگه‌یه‌کدا وشه‌ی " کوردستان"ی به‌کار هێناوه و به‌وه ده‌یانه‌ویست پاساوی هه‌ر بۆچوونێکی دیکه بدرێ که باسیان لێوه ده‌کرد. ئێستا ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی به‌ڕێز مه‌حموودزاده‌ش که ده‌ڵێ فێرگۆسۆن باسی زمانی کوردیشی کردووه ئه‌من وه‌بیر ئه‌و قسه‌یه ده‌هێنێته‌وه.
له‌وه‌تا ده‌ربڕینی فێرگۆسۆن سه‌باره‌ت به چه‌مکی زمانی ستاندارد بۆچوونی دیکه‌ش هاتووه‌ته ئاراوه. له ڕوانگه‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی شێوه‌زارێک وه‌ک زمانی ڕه‌سمی یان به ستاندارد و پێوه‌ر دانانی له سه‌رحیسابی ده‌په‌راوێز خستنی شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی زمانێک بێ ئه‌و " ستاندارد"ه هه‌ر نه‌بێ باشتره چونکه له بن ئه‌و په‌رده‌یه دا مافی زمانی به‌شێک له کۆمه‌ڵ پێشێل ده‌کرێ و سه‌ره‌تی ده‌درێ به به‌شێک له ئاست به‌شێکی دیکه.
* حوله‌مه‌ره‌سێ،حوله‌سێ:برتییه له‌داکه‌وتن له پاش سه‌رکه‌وتن (هه‌نبانه بۆرینه)
1 comment:
زۆر بەڕێز کاک حەسەن
جێگەی خۆشحالییە کە گەنجی وەکوو کاک رەهبەر پەیدا بووون بە جییددی لە خەمی زمانەکەیاندان. سپاس بۆ تۆش کە بۆچوونەکانیان بڵاو دەکەیەوە. بەڵام هەروەک لێرەدا بۆ خۆت باس دەکەی، کاک رەهبەر مەحموودزادە لە هەندێک شوێندا ئامانجەکەی باش نەپێکاوە. هیوادارم خوێنەرەکان بە وردی ئەو شوێنانە ببینن کە تۆ ئیشارەت پێکردوون. لە کۆتاییدا خاڵێکی گرینگتان باس کردووە سەبارەت بە نووسینەکانی فرگیسۆن کە کاک رەهبەر پشتیان پێدەبەستێ. راستە کە فرگیسۆن یەکێک لە بلیمەتەکانی کۆمەڵناسی زمان بووە، بەلام هەر وەک بە دروستی باست کردووە، لە پاش فرگیسۆن ەوە زۆر تیۆری دیکە هاتوونە ئاراوە، ئەو تیۆرییانەی کە لە سەر ئەساسی تەجروبە و ئەزموونی چەند دەهەی رابردوو پەروەردە کراون. لەوانە بریتین لە کارەکانی جاشوا فیشمن، برنارد سپۆلسکی، ئەلێنا شۆهامی، ئامس ریسێنتۆ، تۆڤە سکوتنب کاگز، سو‌و رایت، ویل کیملیکا، مانیکا هەلر و هتد. بێجگە لەو توێژەرە سەرەکیانە کە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا بە سەتان کتێب و وتاریان لە سەر یاسا و پلاندانانی زمان بڵاو کردۆتەوە سەتان لێکۆلەرەوەی دیکە ئێستا لە دوو گۆڤاری گرینگی زانستیدا لە سەر ئەو بابەتە پەیتا پەیتا تۆژینەوەی نوێ بڵاو دەکەنەوە: (لانگوێج پالیسی) و (لەنگوێج پرابلمز ئەند لەنگویج پلەنینگ). یەکێک کە ئاگاداری ئەم توێژینەوە نوێیانە نەبێ زەحمەتە بتوانێ وەزعی کوردان هەر لە سەر ئەساسی نووسینە کۆنەکەی فرگیسۆن یان هۆگن بە دروستی لێکداتەوە. د. ئەمیری حەسەنپوور زۆر باش ئاگاداری ئەو چاپەمەنییە نوێیانەیە.
هەر راوەستاو بن!
جەعفەری شێخه‌لیسلامی
Post a Comment