Thursday, August 26, 2010

مێژوو، ڕاستی و به‌ڵگه‌



مێژوو، ڕاستی و به‌ڵگه‌

دوکتور هاشمی ئه‌حمه‌د زاده‌
سه‌رۆکی نێوه‌ندیی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له‌ زانکۆی ئێگزێتر- بریتانیا

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا و دوابه‌دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری لڤین لەگەڵ “مێژوونووسێک”دا، کۆمەڵێک بابەتی جۆراجۆر لە میدیای کوردیدا وەک دژکردەوەیەک بە ناوەرۆکی ئەم چاوپێکەوتنە بڵاوبوونەوە کە لە زۆر بارەوە سەرنجڕاکێشن.1

ئەم بابەتانە لەلایەن ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی و تەنانەت ڕێبەرانی سیاسییەوە ورووژێندران و هەوڵی سەرەکی وێدەچێت ئەوە بووبێت کە قسەکانی ئەو “مێژوونووسە” وەدرۆ بخەنەوە و بڵێن ئەم کابرایە ڕاست ناکات و بە واتایەکی تر مێژوو چەواشە دەکات. کابرای “مێژوونووسیش” وەک بڵێی “بەڵگەی ڕاستگۆیی” لە زانکۆیەیکی ڕۆژاوایی، هەڵبەت دیار نییە کام زانکۆ، لە گیرفاندا بێت، بە غروورێکی زۆرەوە پۆزی “ئاکادێمیک”بوون لێدەدات و قسە لە “دەهەزار سەنەد” بە “ئەمریکایی، ئینگلیز و عەرەب و فارسەوە” دەکات کە “ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک لە ساڵی ١٩٦٠ کە عەشیرەتەکان لە دەشتی هەولێر دەستیان پێکرد، ساواک وتی دەبێت مەلا مستەفا ببێت بە رەمزی ئەم شۆڕشە و ساواک حیمایەتی ئەم شۆڕشەی کرد”. هەبوونی ئەم “سەنەدانە” کە “مێژوونووس” هەموویانی بینیوە ئەو باوەڕەی لا درووست کردووە کە ڕاستی هەر لای ئەوە و ئەو “مێژوونووسە و قسەیەکی تازەی پێیە” و “لەوانە نییە مێژوو بە دڵی دەسەڵات بنووسێتەوە”. بە باوەڕی من بۆ مرۆڤێکی شارەزا بە باسی مێژوویی و تیۆرییەکانی، هەر ئەم ئاماژە کورتە بەو چاوپێکەوتنە بەسە بۆ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر نائاکادێمیبوونی ئەم شێوە ڕوانینە. من لەم وتارە کورتەدا هەوڵ دەدەم باس لە پێوەندیی نێوان بەڵگە، ڕاستی و مێژوو بکەم و تیشک بخەمە سەر چلۆنایەتیی کارکردی ئەم پێوەندییە لە ڕوانگەی باوترین تیۆرییەکانی مێژوونووسییەوە لە چل ساڵی ڕابردوودا.

2 مەبەستی سەرەکی من لەم کارە ئەوەیە بە ئاماژەکردن بە تایبەتمەندییەکانی باوی لێکۆڵینەوەی ئاکادێمیک و دەستکەوتە تیۆرییەکانی ئەم بوارە، بەر بە هەژاریی تێگەیشتنی مێژوویی و تێگەیشتن لە مێژوو وەک دیسیپلینێک بگیرێت. 3 پێویست بە گوتن ناکات کە بە هیچ شێوەیەک مەبەست ئەوە نییە مافی هیچ کەسێک لە دەربڕێنی بیر و بۆچوونی خۆیدا پێشل بکرێت و ئازادیی دەربڕینی بیر و ڕا پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگرە.
بەڵام ئەو کاتەی قسە لەسەر ئاکادێمیکبوون دەکرێت دەبێ هەموو مەرجەکانی شێوازی و هزری و ئەخلاقیی کاری ئاکادێمیک ڕەچاو بکرێن و لادان لەم مەرجانە و شێواندنی بنەماکانی کاری لێکۆڵینەوە نابێت چاوپۆشییان لێ بکرێت. بەمجۆرە مەبەستی ئەم نووسینە تەنیا پارێزگارییە لە دیسیپلینەکانی کاری لێکۆکۆڵینەوە و وەبیرخستنەوەیان.

مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردووەوە یەک لەو بوارانە بووە کە سەرنجی گەلێک لێکۆلەرەوەی بیانی و ناوخۆیی ڕاکێشاوە و لەم بارەوە گەلێک لێکۆڵینەوە لە ئاستی جۆراجۆردا کراون و بڵاو بوونەتەوە. وەک نموونە مرۆڤ دەتوانێ ئاماژە بە وادی جوەیدە، ڕۆبێرت ئولسۆن، مارتین ڤان بڕاونێسن، جەمال نەبەز، دێنیز ناتالی، کەمال مەزهەر، لازارێڤ، بورهان یاسین، دێیڤید ڕۆمانۆ، ئەنوەر سوڵتانی، عەبباس وەلی، حەسەن قازی، کریس کۆچێرا، مەحموودی مەلا عیززەت، ژیرارد شالیان، دێیڤید مەکداوڵ و ... بکات.

لە توێژینەوەی هەموو ئەم کەسایەتییانە دا ئاماژەی ورد بە شۆڕشی کورد لە دەیەی شێستی سەدەی بیستەمدا کراوە و لە بەرهەمی زۆر لەم لێکۆلەرەوانەدا کۆمەڵێک بەڵگە و سەنەدی مێژوویی کە لە ناوەندە ئارشیڤی و زانستییەکانی ڕۆژاوادا پارێزراون وەک سەرچاوە کەڵکیان لێ وەرگیراوە. تێکڕای ئەم لێکۆلەرەوانە بۆچوون و لێکدانەوەی خۆیان بە کەڵکوەرگرتن لە بەڵگەگەلی مێژوویی دەسلمێنن و زۆربەشیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی دونیادا دەرسیان گوتووەتەوە و هێندێکیان ئێستاش هەر خەریکی ئەم کارەن. بۆ لێکۆلەرەوەیەکی جیددی کە بیەوێت لە بارەی ئەم دەورەیە لە مێژووی کورد لێکۆڵینەوە بکات خوێندنەوەی سەرجەمی ئەم کارانە وەک پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر خۆی دەسەپێنێت و هیچ سەرپەرشتیارێکی ئاکادێمی ئیزن بە خوێندکارەکەی نادات بە بێ ئاگاداریی لەم سەرچاوانە لە هەمان بواردا لێکۆڵینەوە بکات. بە واتایەکی تر شەرتی سەرەکیی لێکۆڵینەوە لە هەر بوارێکدا ئەوەیە کە لێکۆلەرەوە شارەزایی تەواوی لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی بەر لە خۆی هەبێت و بە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بەو کارانەی کە کراون پێش بە دووبارەبوونەوە بگرێت و دواجار جیاوازییەکانی شێوازی و تیۆری و سەرچاوەیی خۆی لەگەڵ توێژینەوەکانی بەر لە خۆی دەستنیشان بکات و بڵێت کە چ شتێکی نوێ دەخاتە سەر لێکۆڵینەوەکانی پێشتر. ئەم کارە تا ڕادەیه‌ک گرنگە کە لە هەموو لێکۆڵینەوەیەکی جیددیدا هەر لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکەدا بەشێک تەرخان دەکرێت بە پێداچوونەوەی ئەدەبییاتی (literature review) پێشوو لەبارەی بواری لێکۆڵینەوەکەدا. لێرەدا پرس ئەوەیە بۆچی هیچ کام لەم لێکۆلەرەوانەی پێشتر ئاماژەم بە ناوەکانیان کرد، لە بارەی شۆڕشی کورد لە دەیەی شێستی سەدەی ڕابردوودا شتێکیان نەگوتووە کە لەگەڵ “لێکۆڵینەوەی تازەی” “مێژوونووسی” تازەپێگەیشتووی میوانی گۆڤاری لڤین یەک بگرێتەوە. تۆ بڵێی هەر ئەم مێژوونووسە دەستی بەم بەڵگانە راگەیشتبێت و ئەوانی تر لە بینینیان بێبەش بووبن؟ بەرهەمی بەپێز و توانایی سەلمێندراوی لانی کەم هێندێک لە ڵیکۆلەرەوانی ئاماژەپێکراو وەڵامێکی نەرێنی بەم پرسە دەداتەوە. کە واتە دەبێ ڕاز و ڕەمزی ئەم “دۆزینەوە” “تازە” و بێوێنەیە چی بێت کە “مێژوونووسی” ئێمە توانیبێتی پێشکەشی “مێژوو”ی بکات؟ دەبێت کام پالپشت و ڕێنیشاندەری تیۆریک و شێوازیی و بابەتییانە ئەم ئاستە لە دڵنیایی بە “مێژوونووسی” ئێمە بەخشیبێت کە ئاوا مێژوو بخوێنێتەوە و تاجی “سەربەخۆیی” و “بێلایەنی” لەسەر خۆی بنێت؟ ئایا کتێبی کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا کە کەمال مەزهەر نووسیوێتی و بە پاڵپشتی “سەدان هەزار بەڵگەنامەی نهێنی” دەڵیت کە “مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد بە خەباتی بارزانی و بارزانییەکان ڕازاوەتەوە” دەبێ چ جیاوازییەکی بەڵگەییانەی هەبێت لەگەڵ ئەو بەڵگانەی کە “مێژوونووسی” ئێمە قسەیان لێوە دەکات؟ ئایا ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە لە هەڵوێست و دەرەنجامی ئەم دوو کەسە لە خوێندنەوەی ئەم بەڵگەنامانە ئەو ڕاستییە ناسەلمێنێت کە جیاوازیی ئەنجامەکان نەک لەسەر بنەمای بەڵگەنامەکان بەڵکو لەسەر بنەمای شێوە خوێندنەوەی بەڵگەنامەکانە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستە ئاوڕێکی خێرا لە تیۆرییەکانی مێژوونووسی بدەینەوە تا بۆمان دەرکەوێت ئەوە نەک “بەڵگەنامەکانن” کە بە تەنیایی “ڕاستی”ی مێژوو بۆ ئێمە دەسەلمێنن، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری ترن کە خوێندنەوەی جیاواز لە “بەڵگەنامەکان” بەسەر “مێژوونووسدا” دەسەپێنن. لەبەر تایبەتمەندیی نووسینی وتار و پێویستیی بەرتەسککردنەوەی بابەت هەوڵی سەرەکی ئەوەیە کە تەنیا باس لەو ڕێبازە سەرەکییانەی مێژوونووسی بکرێت کە لە هەلومەرجی ئێستادا لە ناوەندە ئاکادێمییەکانی ڕۆژاوادا باون و لە باسکردنی دیرۆکی مێژوونووسی و بنجوبنەوانی خۆ بپارێزرێت. باس لەسەر مێژوو وەک دیسیپلینێک و جیاوازیی ئەم دیسیپلینە لەگەڵ جۆرەکانی تری گێڕانەوەدا پێشینەیەکی زۆر کۆنی هەیە. لە کاتێکدا لە شێوازە جۆراجۆرەکانی گێڕانەوەی وەک ئەفسانە، گۆرانی، فۆلکلۆر، حەکایەت، شیعر، بەیت و حەیراندا جێپێی مێژوو بە بەردەوامی دیارە، مێژوو بۆخۆی وەک دیسیپلینێک هەر لە سەرەتای ئامادەیی مێژوونووسان لە بەستێنی گوتاریدا بانگەشەی سەربەخۆیی و جیاوازیی خۆی لە دیسیپلینەکانی تر کردووە. مێژوونووسی یۆنانی، توسیدید، نزیکەی دووهەزار و پێنجسەد ساڵ لەمەوبەر لە کتێبەکەی خۆیدا سەبارەت بە شەڕی پێلۆپۆنیزدا دەڵیت کە شاعیران و کەسانی تر گێڕانەوەی هەڵە و خەیاڵی لەم شەڕە تۆمار دەکەن و مەبەستی ئەو لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوەیە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئەمیندارانە تۆمار بکات. ئەگەر ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ جیاکردنەوەی گێڕانەوەی مێژوویی لە شێوەکانی تری گێڕانەوە دابنێین، لەم ماوە دوور و درێژەدا ئەم باس و خواستە لەسەر سرووشتی گێڕانەوە و بێلایەنبوونی هەردەم بەردەوام بووە. لەڕاستیدا مێژوو وەک بوارێکی ناسین هەر لە سەردەمی ئانتیکەوە گرێدراوی هەلومەرجی ژیانی مرۆڤ بووە و بۆ ئاراستەکردنی ئەم دیسیپلینە ڕێبازی جۆراجۆر و زۆر جاران دژبەیەک بەکار هێندراون. بەڵام ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت پێشینەی ئەم باسانە و شێوەی ڕەنگدانەوەیان لە تیۆرییەکانی مێژوونووسیی ئەم سەردەمدا بە سانایی لەو باس و خواسانەدا ببینێتەوە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەئارادا بوونە.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە زانکۆکانی ڕۆژاوا باسی لەمێژینەی پێناسە و چیبوونی مێژوو گوڕ و تینێکی زیاتر لە جارانی بەخۆیەوە بینیوە و پرسگەلی مێژوو هونەرە یان زانست، مێژوو گێڕانەوەی “ڕاستییەکان”ە یاخود گێڕانەوەی خەیاڵئامێزی ڕووداوەکانە، زیاتر خراونەتە بەرباس.
بەگوێرەی زانینناسیی پسپۆڕانی مێژوو و تیۆرییە ڕێنوێنەکانی هەر مێژوونووسێک، وەڵامی ئەم پرسیارانە لە یەکتر جیاوازن. لە دەیەی شێستی سەدەی بیستەمدا دوو کتێبی بەناوبانگ لە بارەی پرسی لێکۆڵینەوەی مێژوویی بڵاو بوونەوە کە هەتا ئێستاش دوو جەمسەری جیاواز لە زانستی مێژوودا نوێنەرایەتی دەکەن و کەم مێژوونووس و خوێندکاری بواری مێژوو توانیوییانە خۆیان لە پێکهاتە تیۆرییەکانی ئەم دوو بەرهەمە ببوێرن. تەنانەت ئەو کەسانەیش کە دواتر قسە و بۆچوونێکی نوێیان هێنایە بەستێنی مێژوونووسی، بەشێک لە باسەکانیان تەرخانی پەژراندن یان بەرپەرچدانەوەی ناوەرۆکی ئەم دوو کتێبە کردووە. کتێبی یەکەم، مێژوو چییە؟ (؟What is History)، بەرهەمی ئی. ئێج کار بوو کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوبۆوە. کاکڵەی بۆچوونی ئی. ئێچ. کار ئەوەیە کە هەر نووسراوەیەک لەسەر مێژوو لە هەنگاوی یەکەمدا دەرەنجامی ئەو سەردەمەیە کە نووسینەکە تێیدا بەرهەم هاتووە. کەسایەتیی و تایبەتمەندییەکانی مێژوونووس بۆ ئی. ئێچ. کار ئەوەندە گرنگن کە بە باوەڕی ئەو مرۆڤ بەر لە خوێندنەوەی هەر بەرهەمێکی مێژوویی دەبێت سەرەتا لە خودی مێژوونووسەکە بکۆڵێتەوە و بزانێت کێیە و لە چ سەردەمێکدا ژیاوە. هەرچەند بۆ ئی. ئێچ. کار “ڕاستی”ی مێژوویی شتێکە بوونی هەیە، بەڵام دواجار ئەو لە ئاست دۆزینەوەی ئەم “ڕاستییە”دا بۆچوونێکی یەکجار ڕێژەییانەی هەیە و گومان دەخاتە سەر بەرهەستبوون و بێلایەنبوونی دۆزینەوەی “ڕاستی”.

بە باوەڕی کار ڕووداوی مێژوویی هەتا ئەو کاتەی لەلایەن مێژوونووسێکەوە لێی نەکۆڵدرێتەوە و بنکۆڵ نەکرێت نابێتە فاکتی مێژوویی، ئەگەرچی لە دەرەوەی زەینی مێژوونووسدا ئامادەییشی هەبووبێت. کار جیاوازییەک لە نێوان فاکت و بەڵگەدا دادەنێت. بە باوەڕی کار دروستە کە فاکت وەک شتێکی سەربەخۆ بوونی هەیە، بەڵام فاکت بە تەنیایی ناتوانێت وەک بەڵگە بۆ باسێکی تایبەت دەکار بێندرێت. تەنیا کاتێک مێژوونووس لە فاکتێک دەکۆڵێتەوە و وەک پاڵپشتی خوێندنەوە و ڕاڤەیەکی دیاریکراو بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکاری دێنێت، فاکتەکە دەبێت بە بەڵگەیەک و یارمەتیدەری باسێک و پاڵپشتی بۆچوونێک.
کارتێکەریی بیر و باوەڕی مارکسیستیی ئی. ئێچ. کار لەسەر مێژوونووسیی ئەو بە ئاشکرایی دیارە و هەر بۆیەشە لێکدانەوەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەر سەردەمێک لایەنێکی گرنگی مێژوونووسیی ئەو پێک دێنێت.

شەش ساڵ دوای بەرهەمەکەی ئی. ئێچ. کار کتێبێکی تر لەسەر مێژوونووسی بڵاو بووەوە بە ناوی کردەی مێژوو (The practice of History) لە نووسینی سێر جێفری ئیلتن. لە ڕوانگەی ئیلتنەوە مێژوونووس توانایی دۆزینەوەی ڕاستیی هەیە و دەتوانێت بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو ڕاستیی بەرهەست و بێلایەنانەی ڕووداو یاخود کەسایەتییەک دەستنیشان بکات. هەروەها ئیلتن پێیوایە مێژوونووس بە پشتیوانیی سەرچاوە مێژووییەکان دەتوانێت خۆی لە کارتێکەریی ئایدۆلۆژیا دەرباز بکات و لایەنی ڕاستەقینەی ڕووداوێکی مێژوویی ئاشكرا بکات. هەڵبەت، سەرەڕای ئەم باوەڕە، ئیلتن دواجار پێیوایە ڕاستی وەک قەڵایەک وایە و مێژوونووس تەنیا دەتوانێت لە قەڵای ڕاستی نزیک بێتەوە، بێ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی قەڵاکە داگیر بکات.

خاڵی گرنگ لە باوەڕی ئیلتندا ئەوەیە کە فاکتی مێژوویی لە دەرەوەی زەینی مێژوونووسدا بە شێوەیەکی سەربخۆ ئامادەیە و مێژوونووس ئیمکانی دۆزینەوەی ئەم فاکتە مێژووییەی هەیە. بۆچوونی کار و ئیلتن سەرەڕای جیاوازییە بنەڕەتییەکانیان وەک دوو بۆچوونی باو لە مێژوونووسیدا خاوەنی پێگەی دیار و بەرچاون. مێژوونووسیی بەراوردی وەک یەک لە قوتابخانەکانی مێژوونووسی، زۆرجاران بە بەراوردکردنی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجامدراو بەپێی ئەم بۆچوونانە هەوڵ دەدات زیاتر لە ڕاستەقینەی مێژوویی نزیک ببێتەوە.

لە کۆتایی شێستەکانی سەدەی بیستەمەوە کۆمەڵێک تیۆریی تازەی وەک نیشانەناسی، پاشبنەماخوازی، مێژووخوازیی نوێ و ماتریالیزمی فەرهەنگی، لە بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکاندا سەریان هەڵدا و بیر و بۆچوونی کەسانی وەک لویی ئالتوسێر، ڕۆلان بارت، میشێل فوکۆ، ژاک دێریدا و ژاک لاکان کاریان کردە سەر ڕەوتی مێژوونووسی و پرسی دەستنیشانکردنی ڕاستیی ئەو شتانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە. ڕەوتی پۆستمۆدێرنیزم بەر لە هەر شتێک دۆزینەوەی ڕاستیی لە مێژوودا خستە ژێر پرسیار و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕاستی بە شێوەیەکی ئابستراکت بوونی نییە و بەمجۆرە سەرجەم باس و خواستەکانی لەمەڕ دۆزینەوەی ڕاستی و بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، لە ڕوانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە بەرپەرچ دراوە.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئی. ئێچ. کارەوە جۆرێک لە ڕاستیی ڕێژەیی دەیتوانی چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی مێژوونووسان بێت، ئەوە بۆ پۆستمۆدێرنیستەکان شتێکە لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکان و هەر “ڕاستییەک” دواجار گێڕانەوە و ئاکامی پێشفەڕز و باوەڕە ئایدۆلۆژییەکانی مێژوونووسە کە لەژێر کارتێکەریی ئێستا نەک ڕابردوودا شکڵ دەگرێت. بۆ مێژوونووسێکی پۆستمۆدێرن مێژوو هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ گێڕانەوەی خەیاڵئامێزدا نییە و دەقێکی مێژوویی دەکرێت وەک دەقێکی ڕۆمانی و داستانی بخوێندرێتەوە و دابەشکردنی سەرچاوەکان بە دەستی یەکەم و دوهەمیش شتێک نییە کە ئەوان، واتا پۆستمۆدێرنیستەکان، هیچ باوەڕێکیان پێی هەبێت و بایەخێکی بۆ دابنێن. بنەما سەرەکییەکانی ئەم شێوە تێگەیشتنە لە دیاردەکان دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی پێکهاتەخوازەکان بە ڕۆلی زمان وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ کە ژێدەرەکانی نەک لە دەرەوەی خۆی بەڵکو لەناو هەناوی خودی زماندانە. بە واتایەکی تر دالەکان بەپێی مدلولەکانیانەوە پێناسە ناکرێن، بەڵکو ئەوە پێوەندیی و جیاوازیی دالەکان لەگەڵ یەکترە کە ئافرێنەری مانایە و ڕەوتی لەبننەهاتووی دالەکان هەردەم وەک ژێدەری یەکتر لە جووڵەدایە. پاشبنەماخوازەکان هەنگاوێکی تریش لە باوەڕی بنەماخوازەکان چوونە پێش و هاتنە سەر ئەو باوەڕەی کە مانای وشەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە و مرۆڤ قەت دەستی بە دوایین مانا ڕاناگات و ئەوە خوێنەرەوەیە کە لە دەرەوەی مەبەستی نووسەر بە خوێندنەوەی خۆی مانا بە وشە و دەق دەبەخشێت. بە پێی ئەم بۆچوونە ئەوە خوێندنەوەی مێژوونووس لە بەڵگەنامەکانە کە مانایەکی تایبەت بە دەقێک یاخود بەڵگەنامەیەک دەبەخشێت. هەوڵی نووسینەوەی مێژوو لەم ڕوانگەیەوە تەنیا بۆ ئافراندنی کارتێکەریی واقیعە نەک نیشاندانی خودی واقیع، شتێک کە لە چوارچێوەی باوەڕی پاشبنماخوازییەوە ئیمکانی نییە.

لە ئی. ئێچ. کارەوە بۆ سێر جێفری ئیلتن و دواتر لە ئەوانەوە بۆ پۆستمۆدێرنیستەکانی وەک فرانسوا لیۆتار و هایدێن وایتەوە باس و خواستی زانینناسانە هەر بەردەوام بووە و دەبێت. یەک لەو پسپۆڕانەی بواری مێژوو کە توانیوییە لەبەرامبەر بۆچوونەکانی کار و ئیلتن و پۆستمۆدێرنیستەکان هەڵوێست وەرگرێت و وەک وەڵامێک بۆ سەرجەم پرسگەلی ورووژێندراو لەلایەن ئەوانەوە خۆی دەربخات ڕیچارد جێی. ئیڤەنسە کە پڕۆفیسۆری مێژوویە لە زانکۆی بێربێکی بریتانیا. ئیڤەنس لە کتێبی داکۆکیکردن لە مێژوو (In defence of History)دا کە لە ساڵی ١٩٩٧ بڵاوی کردەوە ئاوڕ لە سەرجەم تیۆرییە باوەکانی مێژوونووسیی پێش خۆی دەداتەوە و هەوڵ دەدات بە شیوەیەک کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای نوێ لەسەر ڕەوتی مێژوونووسیی هاوچەڕخ ئاراستە بکات. کتێبی داکۆکیکردن لە مێژوو لە ماوەی بیست و سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر بڵاوبوونەوەیدا بووەتە بابەتی زۆر دمەقاڵە و خوێندنەوەی جیاواز. داکۆکیکردن لە مێژوو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ڕێبازێک لەنێوان دەمارگیریی ئەوپەڕڕێژەییانەی پۆستمۆدێرنیستەکان و ئەزموونخوازیی مێژوونووسیی نەریتی. ئیڤەنس ئاماژە بەوە دەکات کە مێژوونووس نابێ پێیوابێت کە مانای دەق و بەڵگەنامە و مەبەستی نووسەر شتگەلێکی ڕوون و ئاشكران. بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا پێیوایە دواجار دەق جۆرێک چوارچێوەی شرۆڤە بەسەر خوێنەرەوە یاخود مێژوونووسدا دەسەپێنێت و بواری ڕاڤەکردن بە شێوەیەکی ڕەها کراوە نییە. بە بەراوردکردنی بۆچوونی ئیڤەنس لەمەڕ پۆستمۆدێرنیزم و مێژوونووسیی ئەزموونخوازانەی نەریتی، دەبینین کە ئەو پتر هەوڵی بنکۆڵکردنی بنەما فکرییەکانی پۆستمۆدێرنیزم دەدات و دژ بەو بۆچوونانە دەوەستێتەوە کە گومان دەخەنە سەر باوەڕکردن بە مێژوو وەک دیسیپلینێکی هزری و ڕۆشنبیری و لە ڕەوتی مێژوونووسیدا بانگەشەی ڕێژەییبوونی لەڕادەبەدەر دەکەن. هەڵبەت ئیڤەنس سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بۆچوونی ئەوپەڕڕێژەییانەی پۆستمۆدێرنیستەکان لە بواری مێژوونووسیدا باس لە کارتێکەریی ئەرێنی ئەوان دەکات لەسەر دەستەبەرکردنی ڕێ و ڕێبازی زیاتر بۆ نووسینەوەی مێژوو. بە باوەڕی ئیڤەنس ئەوەی کە تیۆریسیەنە ئەدەبییەکانی پۆستمۆدێرنیست مێژوو وەک ئەدەبییات دەبینن هاندەرێکی بەکەڵکە بۆ مێژوونووسان بۆ ئەوەی مێژوو باشتر و جوانتر بنووسنەوە.

لەسەر بنەمای ئەم باسانە دەکرێ مرۆڤ پرسیار بکات شێواز و مێتۆدی لێکۆڵینەوەی ئەو “مێژوونووسەی” دەڵێت “قسەی تازەی پێیە” کامانەن و دەبێ باوەڕە تیۆریکەکانی ئەو چی بن؟ ئەو پرسیارگەلەی کە “مێژوونووس” هەوڵی بەرسیڤدانەوەیان دەدات کامانەن؟

لە چاوپێکەوتنەکەی “مێژوونووس” لەگەڵ گۆڤاری لڤیندا ئاماژە بە هیچکام لە بەو بابەتانە ناکرێت و وێدەچێت “مێژوونووس” بە بڕیارێکی پێشوەخت زیاتر سەرقاڵی وەڵامدانەوە بێت تا ئاراستەکردنی پرسیار، وەک شەرتی سەرەکیی گەڕان بە دوای وەڵامدا. گرفت ئەوەیە ئەو کەسەیش کە وتووێژەکەی ئەنجامداوە بە شێوەیەکی پڕۆفیشنال پرسیارەکانی ئاراستە نەکردووە و تەنانەت گومانیشی نەخستووەتە سەر وەڵامەکان و نەیپرسیوە کە “مێژوونووس” لە کوێ دەخوێنێت و بۆ ئێستا دەڵێت خوێندکاری دکتۆرایە لە کاتێکدا پیستر وەک “دکتۆر” خۆی ناساندووە؟

شەرتی پێویست بۆ وتووێژێکی پڕۆفیشنال ئاگاداریی تەواوی ئەو کەسەیە کە وتووێژەکە ئەنجامدەدات لەگەڵ بابەت و ئەو کەسەی کە وتوێژەکەی لەگەڵ دەکرێت. ئاست و شێوەی پرسیارەکان بە داخەوە ئەمە نیشان نادەن کە وتووێژکەری گۆڤاری لڤین زانیاریی پێویستی لەبارەی بابەتی چاوپێکەوتنەکە و کەسی وەڵامدەرەوەدا هەبێت.
پرسیارێک کە مرۆڤ دەکرێت لە “مێژوونووسی” بکات ئەوەیە کە ئامانجی ئەو لەم دەربڕینانە چییە؟ ئایا خوێندکارێکی دکتۆرا بەر لەوەی تێزەکەی پێشکەش بکات بۆی هەیە “دۆزینەوەکانی” ئاوا بە ئاسانی لە چاوپێکەوتنێکدا بڵاو کاتەوە؟ ئایا :مێژوونووس” لەو زانکۆیەی لێی دەخوێنێت پێی نەگوتراوە دەبێ فۆڕمێکی تایبەتیی لێژنەی “ئێتیک” واتا ئەخلاقی پر بکاتەوە کە تێیدا پێداویستتییە ئەخلاقییەکانی لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتن بە وردی دەستنیشان کراون؟ 4 هەروەها تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر خۆڕانانی “مێژوونووس” بە دۆزینەوەی بەڵگەوە، مرۆڤ دەکرێت کۆمەڵێک پرسیاری تر ئاراستەی ئەو بکات: ١. گەلۆ ئەم بەڵگانە بوونیان هەیە؟ ئادرێسی ئەم بەڵگانە کوێیە؟ ئایا بەر لە “مێژوونووس” هیچ کەسی تر دەستی بەم بەڵگانە ڕاگەیشتووە؟

خوێندنەوەی کەسانی تر لەم بەڵگەنامانە چی بووە و بۆچی خوێندنەوەی “مێژوونووس” لە هی ئەوانی تر جیاوازە؟ “مێژوونووس” چ هەوڵێکی داوە بۆ دەستنیشانکردنی ڕاستی و درووستیی ئەو بەڵگەنامانەی ئاماژەیان پێ دەکات؟ پێوەندیی ئەو بەڵگەنامانەی “مێژوونووس” ئاماژەیان پێ دەکات و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بە ناوەرۆکی ئەوانەوە بەستووەتەوە بە یەکترەوە چییە؟ ئەو بەڵگەنامانە لە چ فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا نووسراون؟ لێکدانەوە و شیکردنەوە و ڕاڤەی “مێژوونووس” لەو بەڵگەنامانە بەپێێ کامە تیۆریی خوێندنەوە بەڕێوەچووە؟

مرۆڤ ناتوانێت پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕووداو و فاکت و مانای فاکت دەستنیشان بکات و دەقاودەق وەک بەڵگەیەک بۆ پالپشتی باسێک دەکاری بێنێت. ئەوەی کە مێژوونووس دەیکات دواجار دۆزینەوەی فاکت و دواتر ڕاڤەکردنی فاکتە. بێ گومان هەر ڕاڤەکردنێکیش لەژێر کارتێکەریی ڕاستەوخۆی زەینی مێژوونووسدایە و لە سەردەمی ئێستاشدا هەبوونی تیۆری و دیسیپلینی جیاواز لەمەڕ ناسینی ڕابردوو دەبنە هۆی ڕوانینێکی چەندڕەهەندی لە دیاردە و ڕووداو و بەڵگەنامەکانی ڕابردوو. لیۆپارد ڤان ڕانک کە وەک باوکی مێژوونووسیی پڕۆفیشنالی ڕۆژاوا ناسراوە، باس لە پێداویستیی دۆزینەوەی پێوەندیی ناوخۆی فاکتەکان بە یەکترەوە دەکات و ئەمە بە ئەرکێکی سەرەکی مێژوونووس دادەنێت.

بە واتایەکی تر ئەرکی میژوونووس لە بارێکەوە دەبێتە دۆزینەوەی فاکتەکان و دواتر تاوتوێکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن وەک بەڵگە دەکار بێن و لەوەش گرنگتر گرێدانی فاکتێکی دیاریکراوە بە فاکتەکانی ترەوە. تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر کەڵکوەرگرتن لە دەقی نووسراو وەک بەڵگەیەکی مێژوویی، دەبێ ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە دەق لە کاتی بەرهەمهاتنیدا بۆخۆی شێوەیەک لە خوێندنەوەی واقیع بووە نەک خودی واقیع و گوزەری زەمەن بەسەر دەقدا دەبێتە هۆی دابڕانی پتری لە سەردەمێک کە تێیدا بەرهەم هاتووە. بەمجۆرە مێژوونووس دواجار ناتوانێت جگە لە ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی دەق و سەپاندنی خوێندنەوەی خۆی بەسەر دەقدا شتێک بکات.

سەرەڕای هەموو ئەو بەڵام و ئەگەرانە وێدەچیت ڕەوتی باوی مێژوونووسی لە سەردەمی ئێستادا مێژوو وەک بابەتێکی ئەزموونی سەیر بکات و خوێنەرەوەی مێژوو دواجار چاوەڕوانیی جۆرێک لە بەرهەستی و بێلایەنی لە مێژوونووسی تەنانەت هەڵوەشێنەوەخوازیش بکات. خوێندنەوەی وردی سەرچاوەکان و هەڵکۆلێنی ڕابردوو بە مەبەستی ساغکردنەوە و داڕشتنەوەی ڕاستی، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو فاکتۆرەکانی کارتێکەر لەسەر ڕەوتی ناسین، ئەو چاوەڕوانییەیە کە هۆگرانی تێگەیشتن لە مێژوو لە مێژوونووسیان هەیە.

کاتێک “مێژوونووس” زۆر بە سانایی بڕگەیەکی گرنگ لە مێژووی کورد زۆر ناشیانە بە بڕیاری دەزگایەکی سیخوڕیی وڵاتێکی تر دەبەستێتەوە، نیشانی دەدات هیچ تێگەیشتنێکی لەسەر پێششەرت و هەلومەرج و پێداویستییەکانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی نییە.

ئاماژە بە ساڵی ١٩٦٠ وەک سەرەتای بڕیاری ساواک بۆ هەلگیرساندنی شۆڕشێک و تەنانەت دەستنیشانکردنی سەرۆک و ڕەمزی ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن ساواکەوە، تەنیا دەتوانێت لە چوارچێوەی تیۆریی پیلاندا (conspiracy) مانا بکرێتەوە. مرۆڤێکی وشیار بە لێکدانەوەی پێشینەی ئەم شۆڕشە و تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و ناوچە و ناونەتەوەیی و دواتر ڕەوت و ڕێبازی شۆڕشەکە، هۆکارەکانی سەرهەڵدان و تێکشکانی ئەم بزووتنەوەیە ڵێک دەداتەوە و پەنا بۆ ئەو دەربڕینە ساکار و پیلانکارانەیە نابات.


سەبارەت شیوازی لێکۆڵینەوە و ئەو سەرچاوانەی “مێژوونووس” کەڵکیان لێ وەردەگرێت پرسیارێکی تریش دێتە ئاراوە. ئایا لێکۆڵینەوەی “مێژوونووس” هەر گرێدراوی بەڵگەنامەکانە یاخود چاوپێکەوتن لەگەل کەسانی جیاوازیش بەشێکە لە شێوازی لێکۆڵینەوەکەی؟ لە سەفەرە بەردەوامەکانی “مێژوونووسەوە” بۆ وڵاتانی جۆراجۆر و فڕینی پەیتاپەیتای لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و سازدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆر کەس و ناکەسدا وا وێدەچێت کارەکەی پتر لە چوارچێوەی مێژووی زارەکیدا بێت. ئەمەیان ئیتر کاری لێکۆڵینەوە زیاتر ئاڵۆز دەکات. مێژووی زارەکی (oral history) بۆخۆی هەڵگری یاسا و ڕێسای خۆیەتی و هیچ کەس ناتوانێت دەربڕینی کەسێکی تر بەبێ پۆلێنکردن و دەستنیشانکردنی پێگە و شوێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت دەروونی و سەلامەتیی ئەو کەسە، وەک بەڵگە و پاڵپشتی بۆچوونێک بە خوێنەرەوە بفرۆشێت. ئەگەر دەربڕینە تۆمارکراوەکانی ئەو خەڵکانەی چاپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە وەک سەرچاوە و بەڵگە کەڵکیان لێ وەرگیرێت، دەبێ “مێژوونووس” دەرفەتی بیستن و بینینی ئەو دەربڕینانە بە شێوەیەکی جەماوەری بڕخسێنێت و بۆ نموونە لە کتێبخانەیەکی گشتی یان ناوەندێکی پاراستن و ئارشیڤکردنیان دابنێت بە جۆرێک کە هەر کەسێک بخوازێت، دەستی بەو سەرچاوانە ڕابگات. لەوەش گرنگتر شێوازی شیکردنەوە و گرێدانی دەربڕینەکانی کەسێکی دیاریکراوە بە سەرجەم ئەو زانیارییانەی لەم بارەوە لە ئارادان.

هەر دەربڕینێکی ڕابردوو، چ بە شێوەی نووسراو و چ بە شێوەی زارەکی، ناتوانێت ڕاستەوخۆ و بەبێ دەستنیشانکردنی هەلومەرجی هاتنە کایەی ئەو دەربڕینە، وەک بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونێک دەکار بێت. با وەک نموونە سرنجێک لەم دەقەی خوارەوە بدەین:
“خوێنڕێژ، ئاژاوەگێڕ، شیوێنەر و سەرهەڵدێڕ؛ دز و ڕێگر؛ خەڵکێکی نەخۆش و شەیتان؛ بەدکردار و گەندەڵ؛ بێبەزەیی؛ بەدوور لە هەر چەشنە مرۆڤایەتییەک؛ حاشاکەرانی عەقڵ؛ بەڵام نژادێکی ئازا و نەترس، لەڕادەبەدەر میواندۆست، بێوێنە لە ڕاستی و شەڕەفدا، ڕاستگۆ و سازگار، لەخۆبایی و خۆهەڵکێش وەک سەرچاوەی هەموو چاکی و جوانییەک”. 5
ئەمە بیر و باوەڕی کابرایەکی ئینگلیسییە بە ناوی ئێلی بانیستر سۆن لەسەر کوردان کە لە کتێبەکەیدا، بەرەو مێزۆپۆتامیا و کوردستان بە جلوبەرگی گۆڕدراوەوە، باسی دەکات. ئایا ئەگەر کەسێک بێت و بە پشتیوانی ئەم قسانە بڕوانێتە کوردان و بڕیاریان لەسەر بدات و پاساوەکەی ئەوە بێت کە ئەم قسانە بۆچوونی نووسەرێکی ئینگلیسین، دەکرێت وەک مێژوونووس سەیری بکەین؟ ئایا مێژوونووس نابێت ڕوونی کاتەوە ئەم کابرایە کێ بووە و کەنگێ و بۆچی ئەم قسانەی کردووە؟ سۆن سەرەتا وەک کارمەندێک لە کۆمپانیای نەوتی ئێران-ئینگلیس لە کرماشان دەست بەکار دەبێت و هەر لەوێش زمانی فارسی بەباشی فێر دەبێت و دواتر فێری زمانی کوردییش دەبێت و لە ساڵی ١٩١٢دا کتێبەکەی، بەرەو مێزۆپۆتامیا و کوردستان بە جلوبەرگی گۆڕدراوەوە، چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە ساڵی ١٩١٣دا دەکرێتە جێگری کۆنسولی بریتانیا لە قەسری شیرین و دواتر دێتە هەلەبجە و دەست دەکات بە کاری سیخوڕی و پێوەندیگرتن بە عەشیرە کوردەکانەوە.

لە ساڵی ١٩١٩ دەبێتە کاربەدەستی سیاسی لە سلێمانی و دوو ساڵ دواتر تووشی نەخۆشیی سیل دەبێت و دەگەڕێتەوە بریتانیا و دواجار لە کاتی سەفەرێکی بۆ بریتانیا لە ساڵی ١٩٢٣ لە تەمەنی چل و یەک ساڵیدا دەمرێت. ڕەنگە ئەو زانیارییانە یارمەتیدەر بن بۆ تێگەیشتن لە قسە پڕ کۆنتراستەکانی سۆن، بەڵام ئەگەر ئەم قسانە نەخرێنە نێو چوارچێوەی گوتاری مەزنتر و بەربڵاوتری ڕۆژهەڵاتناسییەوە دیسان خوێنەرەوە تووشی هەڵە دەکەن. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بزانێن کە سۆن ئەم قسانەی لە کتێبی حاجی زەینەلعابدینی شیروانی بە نێوی بوستان السیاحە وەرگرتووە کە بە زمانی فارسی خوێندووییەتەوە و ڕاڤەی کردووە. 6 ڕۆژهەڵاتناسی ی ئیدوارد سەعید دواجار لەسەر لێکدانەوەی ئەم چەشنە دەربڕینانەی ڕۆژاواییەکان لەسەر ڕۆژهەڵات بەرهەم هاتووە. سەعید بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییەکانی میشێل فوکۆ لەمەڕ زانست و دەسەڵات و چلۆنایەتیی ئافراندنی ناسنامەی ڕۆژاوایی بە یارمەتیی سەپاندنی ناسنامەیەکی تایبەت بەسەر “ئەوانی تر”ی ڕۆژهەڵاتیدا، بەرهەمێکی ئاوا مەزن دەخوڵقێنێت کە لە کاتی بڵاوبوونەوەیەوە لە ساڵی ١٩٧٨ هەتا ئێستا، یەک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هزری و ئەزموونیی هەموو لێکۆلەرەوانی جیهانە و وەک بەرهەمێکی ڕچەشکێن ناوبانگی دەرکردووە. خوێندنەوەی هەر سەرچاوەیەکی مێژوویی بەبێ گرێدانی بەرهەمەکە بە هەلومەرجی نووسین و ئێپێستیمی بەرهەمهاتنی ناتوانێت یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتنی دەقێکی تایبەت و مێژووی ئەم دەقە یاخود بەڵگەیە. ناسین و تێگەیشتن لە گوتاری باوی سەردەمێکی دیاریکراو و زانینی بنەما تیۆریکەکانی لێکدانەوە و شرۆڤەکردن پێداویستیی سەرەکیی مێژوونووسین. ئەگەر مرۆڤ خاوەنی ڕوانینێکی ئەوپەڕمێژوویی نەبێت و هەموو فاکتۆرەکانی کارتێکەر لەسەر واقیع و شکڵگرتنی زەینی مێژوونووس لەبەرچاو نەگرێت ناتوانێت خوێندنەوەیەکی هەمە لایەنەی لە دەقێکی دیاریکراو هەبێت و پێوەندیی ئەم دەقە بە کۆدەق و دەقگەلی ترەوە بدۆزێتەوە. کاتێک مرۆڤ دەبینێت مێژوونووسێک نکۆڵی لە مێژووی گەلێک دەکات، دەبێ هۆکارەکانی ئەمجۆرە بۆچوونە نەک لە دەقدا بەڵکو لە سیاسەت و گوتارێکی ئایدۆلۆژیکی تایبەتدا ببینێتەوە.

هەر بۆیە کاتێک دەبینین کە مێژوونووسێکی وەک هاگ تریڤۆر-رۆپێر پێیوایە ئافریقا کیشوەرێکی بێ مێژوویە و ئافریقییەکان وەک عەشیرەیەکی بەربەری سەماکاری گۆشە پەرتەکانی گۆی زەوی سەیر دەکات، دەبێ لە سەرجەم پڕۆژەی کۆلۆنیالیزم تێبگەین هەتا دەربڕینێکی ئاوا بخەینە نێو چوارچێوەی گوتار و کردەوەی کۆلۆنیالیستییەوە. لە دەرەوەی گوتاری کۆلۆنیالیستی و ڕۆژهەڵاتناسانەدا ئەستەمە مرۆڤ لەوە تێبگات کە چۆن مێژوونووسێکی وەک گێرتوور هێمێلفارب مێژوو تەنیا بەو خەڵکانە ڕەوا دەبینێ کە خاوەنی سیاسەتی بەرز لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدان و باسکردن لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بە مێژوو دانانێت و وەک شتێکی بێبایەخ سەیری دەکات. وێدەچێت بۆچوونەکانی “مێژوونووس”ی ئێمەش هەر شتێک بن لەو جۆرە دەربڕینانە کە دواجار لە سەرچاوەی سیاسەت و گوتارێکی ئایدۆلۆژیکی تایبەتەوە ئاو دەخۆنەوە. ئەگەر مرۆڤ بۆچوونەکانی هاک تریڤۆر-رۆپێر و هێمێلفارب بە ڕوانینێکی کۆلۆنیالیستی و ڕۆژهەڵاتناسانە دابنێت، دەبێ کەمێک بیر بکاتەوە چ ناوێک و قوتابخانەیەک بۆ “مێژوونووس”ی خۆمان بدۆزێتەوە. ئەو ناوە هەر چییەک بێت مێژوونووسی نییە. ڕەنگە قسەکەی ئی. ئێچ. کار لەمەڕ گرنگیی ئاگاداربوون لەسەر مێژوونووس بەر لە خوێندنەوەی بەرهەمەکەی لێرەدا زۆر بەکڵک بێ و لەوانەشە بۆچوونی فوکۆیش کە دەڵێت مێژوو گێڕانەوەیەکە بە دڵی دەسەڵات یارمەتیدەرمان بێت بۆ تێگەیشتن لە مەبەستە شاراوەکانی “مێژوونووس” لە ئاراستەکردنی “لێکۆڵینەویەکی” ئاوادا. “مێژوونووس” لە ڕابردوودا بە ئافراندنی کەسایەتیی خەیاڵیی وەک “ڕووناک یاسین” نیشانی داوە کە دەستێکی باڵای هەیە لە پەنابردن بۆ جێگیرکردنی خەیاڵاتی خۆی بەجێگای واقیع. ئەمەش ڕەنگە مرۆڤ بە فێڵێکی پۆستمۆدێرنیستیی دابنێت، بەڵام ئاستی نزمی نووسینەکانی “مێژوونووس” و نەبوونی هیچ نیشانەیەک لە تیۆری و شێوازی نووسینی پۆستمۆدێرنیستی، لەم شانسەشی بێبەری دەکات.

لە کۆتاییدا هەست دەکەم پێویستە ئاماژەیەک بەو دەرفەتانەی بۆ “مێژوونووس” لەلایەن سیاسەتمەدارانی کوردەوە ڕەخسێندراون بکەم. لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر جاران بیستوومانە و بینیومانە کە ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی کورد لەگەڵ ئەم “مێژوونووس”ەدا دیداریان هەبووە و چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە. زۆر جاران دوای بڵاوبوونەوەی چاپێکەوتنەکان لە لایەن “مێژوونووس”ەوە، دەنگۆی ئەوە ساز بووە کە قسەکانیان چەواشە کراون و ئەوان وایان نەگووتووە و “مێژوونووس”یش وەڵامی داونەوە کە دەقی قسەکانی ئەوانی بە تۆمارکراوی لایە و دەتوانێ بڵاویان کاتەوە. پرسیارێک کە بۆ من لێرەدا دێتە پێش ئەوەیە کە دەبێ چ شتێک بووبێتە هۆکاری ئەوەی “مێژوونووس” ئاوا بە ئاسانی دەستی بە سیاسەتمەدارانی کورد ڕابگات و ئەوانیش ئاوا بە سینگفراوانی وەڵامی پرسیارەکانی بدەنەوە، و ئەگەر پشت بە قسەکانی “مێژوونووس” خۆیشی ببەستین، پێشنیاری پارەیەکی زۆریشی پێبکەن؟ ئایا ئەوە چ ڕازێکە کە “مێژوونووس” دوای ئەو هەموو قسە و باسەی لەسەری دەکرا، ببێتە میوانی ڕێبەرانی سیاسیی کورد و هەمدیسان دەرفەتی بدرێتێ ژیاننامە و بیرەوەرییەکانی ئەوان بنووسێتەوە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەگەر مێژوو پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ دەستەبەرکردنی ناسنامەی نەتەوەیەک بێت، کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و لە هەمان کاتدا لەتوکوتکراو، زیاتر لە هەر نەتەوەیەک پێویستی بە نووسینەوەی مێژووی خۆیەتی. لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردان بۆ تێگەیشتن لە هەموو ئەو فاکتۆرانەی ڕۆلیان لە هەلومەرجی زۆر جاران تاڵی ژیانی کورداندا هەبووە پێداویستییەکی بێئەملاولایە. ئەگەر ئەمڕۆ بەشێکی گرنگ لە مێژووی کورد و کوردستان ئاوا بێڕێزی پێ دەکرێت، مەترسی ئەوەمان لەبەرە سبەینێ دێیڤید ئیروینگێکمان لێ پەیدا بێت و حاشا لە ئەنفال و هەلەبجە و قاڕنێ و قەڵاتان و دەرسیمیش بکات.

پەراوێز و ژێدەر

1) ئەم چاوپێکەوتنە لە دوو بەشدا و لە ژمارەکانی ١٣٤ و ١٣٥ی گۆڤاری لڤین لە ڕێکەوتی ٣/٨/٢٠١٠ و ١٠/٨/٢٠١٠دا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوەی کە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا ناوی ئەم “مێژوونووس”ە زیاتر لە ڕادەی پێویست کەوتووەتە سەر زمانان، هەستم کرد وا باشتر بێت تەنیا وەک “مێژوونووس” ئاماژەی پێ بکەم و ئەمەش ئاماژەیە بە قسەی خۆی کە دەڵێت “من مێژژوونووسم”. هەڵبەت من لە هەموو شوێنێکدا کە ئاماژە بەو دەکەم وشەی مێژوونووس دەخەمە ناو نیشانەی گواستنەوە (“”).

2) بۆ نووسینی ئەم وتارە کەڵکم لەو سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
ماڵپەڕی دەوڵەمەند و یەکجار بەپێزی ئەنستیتوی لێکۆڵینەوەی مێژوویی زانکۆی لەندەن:
Institute of Historical Research، University of London، School of Advanced Study
ئەو سێ کتێبەی خوارەوەش سەرچاوەی سەرەکیی ئاماژەکانی ئەم نووسراوەن بە تیۆرییەکانی مێژوونووسییەوە.
1)Richard J. Evans، In Defence of History، London: Granta Books، 1997.
2) E. H. Carr، What is History?، London: Penguin، 1986.
3) Geoffrey R. Elton، The Practice of History، Oxford: Blackwell، 2002.

3) بۆ دڵنیاکردنەوەی خوێنەرەوەی ئەم وتارە لە پیشە و کاری نووسەری ئەم دێڕانە، ڕەنگە پێویست بێ ئاماژەیەکی چەند وشەیی بە تێکەڵاویی خۆم لەگەڵ بواری مێژوو و باسگەلی مێژوویی سەبارەت کوردستان و کورد بکەم. ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە کە هەر کەسێک هات و گوتی لە فڵان زانکۆی ڕۆژاوایی لێکۆلەرەوەیە و خەریکی نووسینی تێز و لێکۆڵینەوەیە، بێ ئەوەی بە ڕوونی ئادرێسی شوێنی خوێندن و چالاکییەکانی بڵێت، جێگای متمانە نەبێت. من دوای خوێندنی ڕۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی ئوپسالای سوید و وەرگرتنی بەکالۆرێس و ماستر لە ساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ دەستم بە قۆناغی دکتۆرا کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ دکتۆراکەم وەرگرتووە و تێزەکەشم لەلایەن زانکۆی ئوپسالاوە هەر لەم ساڵەدا بڵاو بووتەوە.

دوای شەش ساڵ وانەگوتنەوە لە زانکۆی ئوپسالا لە ساڵی ٢٠٠٥وە لە زانکۆی ئێگزێتری بریتانیا وەک مامۆستای زانکۆ کارم کردووە و یەک لەو وانانەی بە بەردەوامی گوتوومەتەوە دەرسێکی سی کرێدیتی بووە بۆ خوێندکارانی قۆناغی ماستر و دکتۆرا بە ناوی “کوردەکان: مێژوو و سیاسەت”.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سەرجەم چل کەس ئەم دەرسەیان لەگەڵ من خوێندووە و هەر خوێندکارەی دوو وتاری چوارهەزار وشەیی وەک ئەرکی سەرکەوتن لەم دەرسەدا نووسیوە و هەمووی ئەم وتارانەش بە پێوەری ئاکادێمیک نووسراون و ڕاستەوخۆ باسیان لە بوارێکی مێژوو و سیاسەتی کوردی کردووە. بۆ کەسانێک بیانەوێت پتر لەسەر ئەم وانەیە لە زانکۆی ئێگزێتر زانیاریی وەرگرن دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی زانکۆ بکەن و ئامانج و تایبەتمەندییەکانی ئەم وانەیە لە نزیکەوە بخوێننەوە.


4) بۆ زانیاریی خوێنەرەوە دەبێ بڵێم کە لە زانکۆکانی ڕۆژاوادا کۆمیتەیەک هەیە بە نێوی کۆمیتەی ئێتیک و هەر خوێندکارێک کە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات و دەیەوێت کاری مەیدانی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدات دەبێ ئەم فۆڕمە پڕ کاتەوە و بەڵێن بدات پابەند بێت بە شەرت و مەرجەکانی ئەخلاقی لێکۆڵینەوە.

5) Ely Bannister، Soane، To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise، London: Elibron Classics، 2005، p. 367.

6) حاجی زەینەلعابدینی شیروانی، ناسراو بە مەستعلی شا، لە ساڵی ١١٩٤ی کۆچیی مانگیی لە قەفقاز لەدایک بووە و یەک لە ڕێبەرانی فیرقەی دەروێشانی نێعمەتوڵڵایی بووە. شیروانی کتێبی بوستان السیاحەی لە ساڵی ١٢٤٧ی کۆچیی مانگییدا بۆ محەممەد شای قاجار نووسیوە و دواتر کتێبەکە لە ساڵی ١٣١٠ی کۆچیی مانگییدا لە تاران چاپ بووە.




ئه‌م نووسراوه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگ، بڵاوکراوه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی – ڕه‌خنه‌یی، ژماره‌ی 45. چوار شه‌مۆ 25ی ئووتی 2010 وه‌رگیراوه‌. "فه‌رهه‌نگ" ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ هه‌ولێر ده‌ری ده‌کا.

No comments: