سێمینارێک سه‌باره‌ت به‌توندوتیژی دژ به‌ژنان
سێمینارێک سه‌باره‌ت به‌توندوتیژی دژ به‌ژنان
ئاماده‌کردنی : حه‌مه‌ی چه‌مه‌ک
تایبه‌ت به کوردیش پێرسپێکتیڤ
ئه‌م سێمیناره له لایه‌ن رێکخراوی ژنانی کورد له ئووپسالا و،به بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی توند و تیژی دژ به ژنان -25 ی نۆڤامبر- رێکخرابوو. سێمیناره‌که، که ماوه‌ی 3 سه‌عاتی خایاند،هاوکات له سه‌ر تۆڕی ئینتێرنێت بڵاو ده‌کرایه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای سێمیناره‌که‌دا،به راپۆرتێکی کورت و،خستنه به‌رده‌ستی چه‌ند ئامارێک سه‌رنجی ئاماده بووانی نیزیک و دوور، بۆ بارودۆخی ئێستای ژنانی جیهان راکێشرا و، ئه‌مجا بابه‌تی یه‌که‌م له لایه‌ن دوکتورمینووی عه‌لی‌نیاوه پێشکێش کرا.
مینووی عەلی نیا مامۆستای زانکۆیه له ئوپسالا وماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ،لیکۆڵینه‌وه‌ی تیۆری و مه‌یدانی کردووه ده‌رباره‌ی بابەتی جێندر(رۆڵی کۆمەڵایەتی چاوه‌ڕوانکراو له ژن و پیاو) و ناسیۆناڵیزم .
مینوو رای وایه ئامانجی توند‌و تیژی به‌رامبه‌ر به ژن،کونترۆڵکردنی جه‌سته‌ی ژنه. نموونه‌کانیش له کوردستانی باشووره‌وه ده‌هێنێته‌وه،که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی تێدا کردووه. له‌وێ، ئه‌و ژنانه‌ی که په‌نایان بۆ ماڵه پارێزراوه‌کان هێنابوو، هیچکامیان به دڵی خۆیان مێردیان نه‌کردبوو و، کچه‌کانی نێو شێڵتر‌ه‌کانیش،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌زۆره‌ملێ به‌شوو نه‌درێن، له ماڵ هه‌ڵهاتبوون. پیاوانی ژن‌کوژی به‌ندکراویش پاساوی پارێزگاری له نامووسیان ده‌هێنایه‌وه.
ده‌رباره‌ی ژنکوشتنی په‌نابه‌رانی کوردیش له سوێد، مینوو پێی وایه که بۆچوونی ده‌سه‌ڵات ،که هه‌مان بۆچوونی زاڵی نێو میدیاکانیشه،ئه‌وه‌یه که به به‌شێک له کولتووری خه‌ڵکه‌که حسێبی بکات و،به شتێکی نه‌گۆڕی بداته قه‌ڵه‌م. پێش له ساڵانی 2000،ده‌یانگوت مۆلتی کولتووریزمه‌و خۆیان لێ بێده‌نگ ده‌کرد ،ئێستا ده‌ڵێن جیاوازی کولتووره‌و پێکه‌وه ناگونجێین. ئه‌مه‌ش له‌راستیدا راسیزمێکی نوێیه، چونکه راسیزمی بیولۆژیکی له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی به‌ملاوه،به جارێک حه‌یای بۆ نه‌ماوه. کاردانه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره ناسیۆناڵیسته‌کانیش له‌وه ناواقعیتره: له کولتووری ئێمه‌دا شتی وه‌ها نییه
درێژه‌ی وتاره‌که‌ی مین‌و ئاوڕدانه بوو له پێگه‌ی ژن له لای ناسیۆناڵیسته‌کان،
به‌تایبه‌ت لای کورد که ناسیۆناڵیزمه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوخوێنی دامه‌زراوه. له‌وێدا ژن که منداڵ ده‌هێنێ،زامنکه‌ری بوون و به‌رده‌وامیی گه‌له‌و،سەمبۆلی نیشتمانه: دایکی نێشتمان . به‌ڵام ئه‌م پێگه به‌رزه‌ی پێی ده‌درێ، کۆمه‌ڵێک کاره‌ساتیشی بۆ ده‌خولقێنی: ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی له کاتی شه‌ڕدا، وه‌کو چه‌کێکه بۆ شکاندنی پیاوه‌کان. چونکه پیاوه‌کان ئه‌و جه‌سه‌ته‌یه‌ته‌نها به موڵکی خۆیانی ده‌زانن و، ده‌بێ هه‌ر ئه‌وان کونترۆڵیان به‌سه‌ریدا هه‌بێ(به هه‌مان شێوه له مه‌سه‌له‌ی له‌باربردنی منداڵدا، که ده‌بێ پیاو و ده‌سه‌ڵات و یاسا بڕیاری بدات، نه‌ک ژن خۆی ،خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی جه‌سته‌که).
ئیتر ئه‌و کۆنترۆڵکردنه درێژ ده‌بیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، ژن له‌گه‌ڵ کێ هه‌قی هه‌یه ببێته هاوسه‌ر و منداڵی ببێ و، تا چه‌ند ده‌رفه‌تی بدرێتی له ناو کۆمه‌ڵدا پێشبکه‌وێ، له چ مه‌یدان و مه‌ودایه‌کدا هاتوچۆ بکا. ئه‌وه‌بوو تا ساڵی 2007 یاسای عێراق ده‌رفه‌تی کوشتنی ژنی بە خێزان و عه‌شیره‌ته‌که‌ی ده‌دا.
عه‌لی‌نیا له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا وتی، له روانگه‌یه‌کی مێژووییه‌شه‌وه ،رابوردووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان رێگاخۆشکه‌ر بووه بۆ باڵاده‌ستی سیسته‌می عه‌شایه‌ری وپه‌ره‌سه‌ندنی توند‌و تیژی له پێوه‌ندییه‌کانی نێوان گرووپ و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا.
ئه‌و بزووتنه‌وه ناسیۆناڵیستییه‌ی کورده‌کان له ئه‌ستەنبۆڵ، که پێش شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م دروست ببوو و، ته‌نانه‌ت یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی کوردیشی دامه‌زراند، که‌وته به‌ر گورزی سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌و ،تاقه رێگای تێکۆشان بوو به بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری و، عه‌شیره‌ته‌کان بوون به ئاڵا هه‌ڵگری و،تا ناوه‌راستی 70کان، ئاغا‌و شێخ و مه‌لای دژ یان لانیکه‌م نامۆ به مافی ژنان ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ره‌کی بوون. ده‌نگی کۆمه‌ڵە‌ی مه‌ده‌نی خه‌فه کراو، پیاو بوون به‌سترایه‌وه به شه‌ڕ و توندوتیژییه‌وه. ئه‌مجا پارێزگاری له "نامووس" بوو به مه‌سه‌له‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی . خۆ به تایبه‌ت پیاوی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌یویست هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانینی خۆی، به توندوتیژیی نواندنی زیاتر بشارێته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ رێکخراوێک نه‌بوو که پشتیوانی له ژن بکات و،ته‌نها پشتیوان نیشتمان و عه‌شیره‌ت بوون.
ووتاری دووهه‌می سێمیناره‌که له لایه‌ن گوڵنار قوبادییه‌وه پێشکێش کرا. گوڵنار به‌شی سه‌ره‌کی ووتاره‌که‌ی ته‌رخان کرد بۆ باسکردنی ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی خۆی له بواری کارکردنی رۆژانه له سه‌ر کێشه‌ی ژنان له به‌شی خزمه‌تگوزاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی له کۆمۆندا.
خاوه‌ن ووتار له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی به تازه‌ترین پێناسه‌ی توند‌و تیژی دژ به ژن کرد که کۆنگره‌ی ژنانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بڕیاری له‌سه‌ر داوه: هه‌موو جۆره توند‌و تیژییه‌ک که ژن له به‌ر ژن بوونی رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها ئیشاره‌ی به ئامارێکی رێکخراوی جیهانیی ته‌ندروستی کرد که ساڵانه 3،5 ملیۆن ژن ده‌کوژرێن.گوتیشی له سوێد 46% ژنان له ته‌مه‌نی دوای 15 ساڵییه‌وه به جۆرێک تووشی توندوتیژی ده‌بن.
به بڕوای گوڵنار، توندوتیژیی دژ به‌ژن هه‌ر ده‌ستدرێژیکردنه‌سه‌ر یان کوشتن به بیانووی پاراستنی شه‌ره‌ف نییه، به‌ڵکوو مالی ژن خه‌ته‌رترین شوێنی کارکردنیه‌تی، که چی که‌س شاهیدی نییه ،خۆی و مێرد و منداڵی نه‌بێ. زه‌حمه‌ته که‌سیش هه‌ستی پێ بکا، چونکه له‌سه‌ره‌تاوه توندوتیژییه‌که رۆحییه‌و نادیار،که بووبه ئازاردانی فیزیکیش،هه‌ر ژنه‌که بۆ خۆی له ژێر کاریگه‌ریی پیاوه‌که دا و بۆ ئه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی لێهه‌ڵ نه‌وه‌شیته‌وه، بێدەن‌گیی لێده‌کا. مه‌به‌ستی پیاوه توندوتیژکاره‌که، کۆنترۆڵی هه‌مه لایه‌نه‌ی ژنه‌که‌یه وگۆیا بۆ چاکه‌ی ژنه‌که وا ده‌کا، به‌و بیانووه‌ی که هه‌ر ئه‌و ده‌زانی چ بۆ خێزانه‌که باشه.
له‌م جۆره توندوتیژییه‌دا تاوانباره‌که ئاشکرا نییه.خه‌ڵکیش ده‌ڵێن کێشه‌ی نێوان ژن و مێرده‌و، که‌س نازانێ خه‌تای کێیه. هه‌ربۆیه توندوتیژیی ناوماڵ،ئاسایی‌ترین و به‌رفراوانترین جوری توندوتیژییه. جا وه‌نه‌بێ له‌م مابه‌ینه‌دا هه‌ر ژنه‌که ببێته قوربانیی ، منداڵه‌کان و ته‌نانه‌ت خودی پیاوه‌که‌ش، باجی ئه‌م کرده‌وه‌یه ده‌ده‌ن: منداڵه‌که له یه‌که‌م کاردانه‌وه‌دا گۆشه‌گیر ده‌بێ و،دواتر ده‌ست ده‌کا به شه‌ڕاشۆیی و،له سه‌رده‌می گه‌نجیشدا ئه‌گه‌ری تووشبوونی به ماده ی نارکۆتیک زۆرتره‌و، سه‌ره‌ڕای بیموبالاتیی و که‌مته‌رخه‌میی،پێوه‌ندیشی له گه‌ڵ دایکوباوکیدا ده‌شێوێ. منداڵ خه‌سارباری یه‌که‌مه. ئه‌ی پیاوه تاوانکه‌ره‌که؟ ئه‌ویش له‌و ماڵه‌دا که به زه‌بری توندوتیژی نواندن باڵانسی راگرتووه، هیچکاتێک هه‌ست به ئارامی و ئاسایش ناکات، ده‌بێ به‌رده‌وام بیر له‌وه بکاته‌وه که چۆن باڵاده‌ستیی خوی بچه‌سپێنێ و چۆن دیفاعی لێ بکا.
گوڵنار له دووتوێی بابه‌ته‌که‌یدا، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو که ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵە‌ی پێشکه‌وتووی سوێدیشدا ،هێشتا ده‌رفه‌ته‌کان بۆ پێاو زیاتره وبۆ نموونه هه‌رچه‌ند مافی یه‌کسان بۆ سه‌رپه‌رشتی منداڵ به هه‌ردوو لا دراوه، به‌ڵام به کرده‌وه و له‌به‌ر باری ئابووری و رۆحی و کۆمه‌ڵایه‌تی ، ژن ناتوانی به یه‌کسانی سوود له‌و مافه‌ی خۆی وه‌ربگری. جا لێره‌وه ده‌ر ده‌که‌وێ که ژنی په‌نابه‌ر چه‌ند مافخوراوتره
به‌شی کۆتایی سێمیناره‌که بۆ پرسیارکردنی ئاماده‌بووان ته‌رخانکرابوو
و،هه‌لێک بوو بۆ زیاتر روونکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان و،تێیدا گوترا که ئه‌گه‌ر پیاوێکی سوێدی ژنه‌که‌ی بکوژێ،ده‌گوترێ به هۆی دڵپیسییه‌وه بووە، که‌چی ئه‌گه‌ر کوردێک بیکا ناوی ده‌نێن کوشتنی شه‌ره‌ف و، ده‌یخه‌نه پاڵ کولتووری نەتەوەکەوە. که‌سیشیان له خۆی ناپرسێ: باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مه کولتووره، بۆچی ته‌نها که‌مایه‌تییه‌کی له‌ڕاده به‌ده‌ر بچووک بوونه‌ته هه‌ڵگر و جێبه‌جێکه‌ری؟ که کێشه‌که‌ش بوو به‌وه‌ی که کولتووره یان کو‌لتوور نییه، کێشه‌ی ئه‌ساسی که نه‌هێشتنی کوشتنی ژنه ده‌خرێته لایه‌که‌وه‌و له‌بیر ده‌کرێ. بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رییه‌کیش، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک ددانی پێدا بهێنین: راسته ژن کوشتن لای ئێمه‌ی کوردیش هه‌یه‌و، ئه‌مجا هه‌نگاو هه‌ڵبێنین بۆ نه‌هێشتنی .ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێ ئێمه ژن کوشتنمان نییه و، ئه‌مه کولتووری عه‌ره‌به، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و سوێدییانه راستده‌کا که ده‌ڵێن ئێمه ژنکوشتنمان نییه ،ئه‌وه کولتووری په‌نابه‌ره‌کانه.
ئه‌وه‌ی بیه‌وێ گوێ له ده‌قی ووتار و پرسیار‌و وه‌ڵامه‌کان بگرێ، ده‌توانێ له‌م ئادرێسه‌ی خواره‌وه بیدۆزێته‌وه
http://bambuser.com/channel/KomeleiJinan/broadcast/1213114
سەرچاوە : ماڵپەڕی کوردیش پێرسپێکتیڤ
No comments:
Post a Comment