ناسیۆنالیزمی کورد، بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیموکراتیکه
دوکتۆر عه‌باس وه‌لی؛ ناسیۆنالیزمی کورد، بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیموکراتیکه
سازدانی: خه‌زاڵ ئوێزڤاریش
وه‌رگێڕ: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
عه‌باس وه‌لی، له شاری مه‌هابادی کوردستانی ئێران له دایک بووه. هه‌ر له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیه‌وه به بنه‌ماکانی سۆسیالیزم ئاشنا بووه و کتێبه‌کانی وه‌ک "مانیفێستی کۆمۆنیست" و "چ بکرێ "ی خوێندۆته‌وه. له‌زانکۆی نه‌ته‌وه‌یی ئێران زانستی سیاسی خوێندووه و به مه‌به‌ستی درێژه‌دان و بۆ وه‌رگرتنی ماستر و دکتۆرا رووی کردۆته بریتانیا و له زانکۆی وێڵز وانه‌ی وتووه‌ته‌وه. ساڵی 2005، له سه‌ر داوا و پێداگری سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی پێشووی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و جێگری سه‌رۆکی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نیچیرڤان بارزانی، له شاری هه‌ولێر زانکۆی کوردستانی دامه‌زراند. عه‌باس وه‌لی ساڵی 2008 پێوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تێکچوو و عێراقی به جێهیشت. پاشان وه‌ک مامۆستای میوان له به‌شی سۆسیۆلۆژی زانکۆی بوغازیچی ده‌ست به‌کار بوو.
سێ کتێبی به ناوه‌کانی "جمهووریه‌تی کوردستان"، "ئێرانی پێش کاپیتالیزم" و "بناغه‌کانی ناسیۆنالیزمی کورد" له لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی ئاڤێستاوه به تورکی چاپ و بڵاو بوونه‌ته‌وه. له‌م دیمانه‌یه‌دا، کۆمه‌ڵێک پرسیارمان ئاڕاسته‌ی عه‌باس وه‌لی کرد، وه‌ک؛ناسیۆنالیزمی کورد چییه؟ ئایا ویستی خۆسه‌ری ره‌نگدانه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کورده؟ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی هێشتا له رۆژه‌ڤدا ماوه؟ پرسی کورد به چ شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ ئه‌گه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی بیانه‌وێ، ده‌توانن په‌که‌که له ناوچه‌که ده‌ربکه‌ن؟ ئایا ئه‌ردۆغان ده‌توانێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکا؟ له کێشه‌ی کورددا، چه‌پی نێوه‌ند چ پێگه‌یه‌کی هه‌یه؟ گه‌لۆ شه‌ڕ ناسیۆنالیزم به‌هێز ده‌کا؟ جیاوازی نێوان ناسیۆنالیزمی نوێی تورک ده گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی که‌مالیستی له چی دایه؟ ئاخۆ به‌ده‌په (پارتیی ئاشتی و دیموکراسی) پارتییه‌کی ئازاده؟
ئه‌مه‌ی خواره‌وه به‌شی یه‌که‌می وتوێژی ئێمه‌یه له گه‌ڵ پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌باس وه‌لی که هه‌فته‌ی رابردوو له زانکۆی بۆغازیچی له گه‌ڵیدا ئه‌نجاممان دا:
ده‌توانن پۆرتره‌یه‌ک له بارزانی، تاڵه‌بانی و ئوێجاڵانمان بۆ وێنا بکه‌ن؟
بارزانی، تاڵه‌بانی و ئوێجاڵان هه‌ر یه‌که و به‌رهه‌می فه‌رهه‌نگێکی لێک نه‌چوون و جیاوازی زۆر سه‌ره‌کیان پێکه‌وه هه‌یه. هه‌ر سێکیان کوردن به‌ڵام له نێو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، نوێنه‌رایه‌تی سێ فه‌رهه‌نگی سه‌رکردایه‌تی جیاواز ده‌که‌ن. ئه‌م جیاوازییانه‌ش، له لایه‌ن لایه‌نگره جۆراوجۆره‌کانیانه‌وه دانی پێدا ده‌نرێ. به واتایه‌کی دیکه، لایه‌نگرانیان به گوێره‌ی جیاوازییه‌کان له فه‌رهه‌نگی سیاسی، پشت په‌رده و هه‌ڵوێستی ئه‌م سێ سه‌رکرده‌یه لێک جیا ده‌بنه‌وه.
ئه‌گه‌ر بڕواننه بارزانی، زیاتر سه‌رکرده‌یه‌کی کلاسیک ده‌بینن. جووڵانه‌وه، تێکۆشان و بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی بارزانیش کلاسیکه. له‌م جووڵانه‌وه‌یه‌دا، هێزێک که ئه‌رته‌ش و رێکخستنی سیاسی به یه‌که‌وه راده‌گرێ، پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانه. سه‌رکردایه‌تی و پێکهاته‌ی فه‌رمانده‌کان و هه‌روه‌ها نێوکی سه‌ره‌کی هێزی پێشمه‌رگه له عه‌شیره‌ی بارزانی یاخۆ عه‌شیره پێوه‌ندیداره‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که پێکهاتووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕواننه ئوێجاڵان، وێنه‌یه‌کی زۆر جیاوازترتان دێته به‌رچاو. بۆ وێنه، بڕواننه کاره‌کتێری ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیزم و رێکخستنی هێزی گه‌ریلا. پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی لایه‌نگره‌کانیشی جیاوازه؛ زۆربه‌یان ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ن که له ناوه‌ندی شاره‌کانی کوردستان ده‌ژین، له خوێندکارانی قوتابخانه‌کانی دیاربه‌کر و باتمان یاخۆ قوتابخانه هاوشێوه‌کانی ناوچه کوردنشینه‌کانی ئێران و عێراق پێکهاتوون. به‌ر له دامه‌زراندنی په‌ژاک، ئه‌گه‌ر له لیستی کوژراوانی په‌که‌که‌تان روانیبێ، له ناویاندا ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی کوردستانی ئێران ده‌بینن. پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه، زۆر جیاوازه له هی جووڵانه‌وه‌ی بارزانی.
ئه‌ی به نیسبه‌ت گه‌لی کورده‌وه؟
به‌ر له دامه‌زراندنی په‌که‌که، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی نفوزی سیاسی کورده‌کانی تورکیا، بارزانی و بزووتنه‌وه‌که‌ی بوون. ئه‌و سه‌رده‌مانه، بارزانی به لای ناسیۆنالیسته‌کانی کورده‌وه، زۆر واتای دیکه‌ی هه‌بوو. به‌ڵام ساڵی 1975، دوابه‌دوای نسکۆی بزوتنه‌وه‌ی بارزانی کاریگه‌رییه‌کانی که‌م بوونه‌وه و په‌که‌که ئه‌م بۆشاییه‌ی پڕ کرده‌وه. ساڵی 2003، پاش هه‌ڵوه‌شانی حکوومه‌تی سه‌دام حوسێن، ده‌سه‌ڵاتی کورد له عێراق به‌شێک له‌و نفوزه‌ی بۆ گه‌ڕاوه که له ده‌ستی دابوو، به‌ڵام هێشتا له پۆزۆسیۆنێک دا نییه ململانێ له گه‌ڵ په‌که‌که بکا.
به سه‌رنجدان به‌وه‌ی هێزه‌کانی گه‌ریلای په‌که‌که سه‌ر به ناوچه جیاوازه‌کانن، به‌ڕای من ئوێجاڵان و سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که، هه‌وڵیداوه پێوه‌ندییه‌ک دروست بکا له نێوان ئه‌وان و سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی رێکخراوه‌که‌ی. یانی ئه‌وله‌ویه‌تی سیاسه‌ته‌کانی سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که کێشه‌ی کورده له تورکیا نه‌ک کێشه‌ی کورد له ئێران و عێراق. ئه‌مه بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانیش راسته کاتێک که له لووتکه‌ی کاریگه‌رییدا، کوردی ئێران و تورکیا له هێزی پێشمه‌رگه دابوون. بارزانیش، نه‌ک به گوێره‌ی بارودۆخی کوردستانی تورکیا و ئێران، به‌ڵکو به گوێره‌ی سیاسه‌ته‌کانی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی هه‌ڵسووکه‌وتی کرد. ئه‌مه بۆ تاڵه‌بانی و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش راسته ئه‌و کاتانه‌ی که له ناو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌یدا، کورده‌کانی کوردستانی ئێران هه‌بوون.
ئه‌و سێ رێکخراوه، چه‌نده به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیشیان بجوڵێنه‌وه، دواجار پێتان وانییه بنکه و باره‌گاکانی په‌که‌که پێوه‌ندییان به بارزانی و تاڵه‌بانیه‌وه هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ ناتوانن په‌که‌که له ناوچه‌که ده‌ربکه‌ن؟
بارزانی و تاڵه‌بانی یان به گشتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ناتوانن گوشارێکی وا بخه‌نه سه‌ر په‌که‌که. هه‌م به هۆی بوونی هێزی دیکه‌ی سیاسی له ناوه‌وه و هه‌میش به هۆی باندۆڕی په‌که‌که به سه‌ر کوردستانی تورکیاوه. سه‌رله‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ له ناوچه‌کانی سه‌ر سنوور، له بواری سه‌ربازی و ئابووریه‌وه ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌یان ده‌بێ. پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان، شه‌ڕێکی درێژ و بێ ده‌سکه‌وتی له دژی په‌که‌که به‌ڕێوه برد. باجی ئه‌مانه، نه‌ک به ته‌نیا له رووی سه‌ربازی و ئابووریه‌وه، به‌ڵکو له بواری سیاسی و ئه‌خلاقیشه‌وه قورس بوو. جگه له‌مه، بارزانی و تاڵه‌بانیش له ده‌ره‌وه، دژی رژێمی سه‌دام خه‌باتیان کردووه. ئاگاداری ئه‌م ره‌وشه هه‌ن و تێی ده‌گه‌ن، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ن له گه‌ڵ په‌که‌که بگه‌نه رێککه‌وتن. ته‌نیا داخوازییان ئه‌وه‌یه به په‌که‌که بڵێن "ده‌توانن لێره بمێننه‌وه، به‌ڵام له رێگه‌ی بنکه‌و باره‌گاکانتان له هه‌رێمی ئێمه‌وه، هێرشی چه‌کداری مه‌که‌نه سه‌ر تورکیا." دیاره ئه‌مه ویستی وانه، له گه‌ڵ په‌که‌که ده‌گه‌نه رێککه‌وتن یا نا، ئه‌وه‌یان شتێکی تره. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌ین که په‌که‌که له رووی لۆجستیک و ماڵیه‌وه سه‌ر به بارزانی و تاڵه‌بانی نییه. ئه‌گه‌ر له من بپرسن، پێموایه په‌که‌که هیچکات پاره‌ی له‌وان وه‌رنه‌گرتوه. راست نیه که ده‌ڵێن په‌که‌که یارمه‌تی مادی له حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان یاخۆ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان وه‌رگرتوه
قسه‌کانتان سه‌رنج راکێشن. چونکه ده‌گوترێ تاڵه‌بانی و بارزانی یارمه‌تی مادیان پێشکه‌ش به په‌که‌که کردووه.
ئه‌و قه‌ناعه‌ته به ته‌واوی هه‌ڵه‌یه که پێی وایه په‌که‌که له رووی مادیه‌وه سه‌ر به بارزانی و تاڵه‌بانییه. ئه‌مه وێنه‌یه‌که میدیای دوژمنکارانه له تورکیا دروستی کردوه. ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم، به‌ر له رووخانی سه‌دام، په‌که‌که به هۆی مانه‌وه له‌و ناوچانه‌ی ساڵی 1991 له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاوا وه‌ک ئه‌مریکا و به‌ریتانیا به ناوچه‌ی ئه‌من ناسران، ناچار بوو پاره به یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی بدا. به تایبه‌ت باسی ئه‌و قۆناغه ده‌که‌م که په‌که‌که له گه‌ڵ پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان له شه‌ڕ دابوو. په‌که‌که بۆ پاراستنی به‌ره‌ی پشت و بۆ ئه‌وه‌ی له ئاسایش دابێ، ناچاری ئه‌م کاره بوو
ئه‌م زانیاریه له کوێوه دێ؟
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م زانیارییانه، به‌رپرسانی په‌که‌که‌ن. ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان که په‌که‌که له ناوچه‌ی ئه‌من سه‌قامگیر ببوو، له گه‌ڵ پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان به شه‌ڕ هات. به‌ڵام په‌که‌که له‌و ناوچانه درێژه‌ی به مانه‌وه دا که له ژێر کۆنتڕۆڵی یه‌کێتی نیشتیمانی دابوون. له پێناو مانه‌وه‌شدا، ناچار بوو پاره به یه‌کێتی نیشتیمانی بدا. یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له خاڵێکدا له گه‌ڵ په‌که‌که ناکۆکیان لێ په‌یدا بووه و ئه‌مه‌ش وایکردوه یه‌کێتی زه‌خت بۆ په‌که‌که بێنێ. هه‌ندێک که‌س که نه‌یانویستوه په‌که‌که هه‌م له گه‌ڵ سوپای تورکیا، هه‌م له گه‌ڵ پارتیی دێمۆکرات و هه‌م له گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتیمانی شه‌ڕ بکا و بۆ ئه‌وه‌ی له سێ به‌ره‌وه نه‌که‌ونه ناو شه‌ڕ، پێشنیاریان کردووه پاره بدرێ به یه‌کێتی نیشتیمانی. پاش ئه‌مه، سه‌رکرده‌یه‌کی په‌که‌که به منی گوت "ماندوو بووین هێنده‌مان پاره پێدان". له‌وانه‌یه مرۆڤ به بیستنی سه‌رسام بێ، به‌ڵام په‌که‌که پاره‌ی پێ داون و ئه‌ویش پاره‌یه‌کی زۆر. یه‌کێک له‌و هۆکاره سه‌ره‌کیانه‌ی ئه‌وکات په‌که‌که له چالاکیه‌کانی دا سه‌ربه‌خۆ بوو، هه‌ر ئه‌مه بوو. به‌ڵام ئێستا په‌که‌که له پێناو مانه‌وه‌یدا پاره نادا. په‌که‌که پێوه‌ندی به ئاسایشی هێزه‌کانی کوردستانی عێراقه‌وه نه‌ماوه. ناوچه‌کانیان له ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دایه.
ئێوه ده‌زانن چه‌نده‌یان پاره داوه؟
ده‌زانم ئه‌و ساڵانه ناچار بوون پاره بده‌ن، به‌ڵام نازانم چه‌ندیان پاره داوه یاخۆ تا چه‌ند به رێک و پێکی داویانه. ده‌رده‌که‌وێ تا به‌ر له ده‌رکه‌وتنی شه‌ڕ له گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، ئه‌و پاره‌یه‌یان به رێک و پێکی داوه. به‌ڵام پێموانییه دوای شه‌ڕ پاره‌یان دابێ. له‌و شه‌ڕه‌دا، په‌که‌که زه‌برێکی گه‌وره‌ی له یه‌کێتی دا و یه‌کێتی ناچار ما دان به‌و شکسته دابنێ. دیاره ئه‌گه‌ر تا ئێستا پاره بدا، ئه‌وه زۆر مایه‌ی سه‌رسوڕمانه. به‌ڵام زۆر راشکاوانه ده‌توانم بڵێم په‌که‌که له رووی مادییه‌وه گرێدراوی ئه‌وان نییه.
دوابه‌دوای کوژرانی 24 سه‌رباز له چوکورجا، بارزانی رایگه‌یاند "ئێمه له گه‌ڵ تورکیاین"، ئایا بارزانی له‌مباره‌وه روو راسته یاخۆ به هۆی پێویستی هه‌لومه‌رجه‌که ئه‌و په‌یامه‌ی راگه‌یاند؟
حکوومه‌تی فیدڕاڵی هه‌رێمی کوردستان یاخۆ پ‌د‌ک به رێبه‌رایه‌تی بارزانی، به مانه‌وه‌ی په‌که‌که له قه‌ندیل رازی نییه، به‌ڵام ته‌نگاون. له لایه‌که‌وه هۆکاری ئه‌خلاقی هه‌یه به هۆی ئه‌وه‌ی په‌که‌که کورده و له هه‌مان نه‌ته‌وه و هه‌مان ره‌گه‌ز پێکهاتوه، له‌م سۆنگه‌وه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، بوونی ئه‌وان له هه‌رێمه‌که ره‌ت ناکاته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ته‌نیا له رێگه‌ی به‌کار هێنانی توندوتیژیه‌وه ده‌کرێ په‌که‌که له ناوچه‌که دوور بخرێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی سه‌ر له‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی براکوژی. له شه‌ڕی براکوژی دا ته‌نیا زیان به خۆیان ده‌گا و مه‌سعود بارزانی زۆر راشکاوانه رایگه‌یاندووه جارێکی تر نایانه‌وێ له کوردستان شه‌ڕی براکوژی روو بدا. هه‌رچه‌ند رووی ئه‌م قسانه‌ی له یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش بێ، به‌ڵام سه‌باره‌ت به په‌که‌که‌ش راسته. لانیکه‌م ده‌توانن وای دابنێن. جگه له‌مه، من پێموانییه بیانه‌وێ په‌نا بۆ توند‌و تیژی به‌رن، چونکه ئه‌مه کاریگه‌ری زۆر نێگاتیڤی بۆ سه‌ر خه‌ڵک و به‌تایبه‌تی کورده‌کانی تورکیا و ئێران ده‌بێ. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، بیری ئه‌وه ئازاریان ده‌دا که پێوه‌ندییه سیاسی و ئابووریه‌کانیان له گه‌ڵ تورکیا زیانی به‌ر بکه‌وێ که تا ئاستێک پێشیان خستووه. ئه‌م ئه‌گه‌ره، هه‌م له ئێستا و هه‌م له داهاتوودا به شێوه‌یه‌کی جدی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه. به‌تایبه‌ت، پاش دابڕانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق، وا هه‌ست ده‌که‌م حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زیاتر له حکوومه‌تی تورکیا نزیک ده‌بێته‌وه.
بە بۆچوونی من، پ‌د‌ک، بە ڕواڵەت دێتە تەنیشت حکوومەتی تورکیا و دەڵێ " هەڵبەت کە ئەو مەسەلەیە دەبێ تەواو ببێ" بەڵام لە ڕاستیدا هەبوونی پ.ک.ک لە کوردستانی عێراق لە چوار چێوەی پرسێکی زۆر بەربڵاوتر دا دەبینێ یانی دەرخستنی مەسەلەی کورد لە تورکیا بۆ دەرەوەی خۆی. پ‌د‌ک دەزانێ مەسەلەی کورد بە دەرپەڕاندنی په‌که‌که لە چیاکانی قەندیل کۆتایی نایە. پ‌د‌ک ڕاستەو ڕاست موداخەلە ناکا بەڵام ئەگەر حکوومەتی تورکیا لێی بوێ ڕێگا دەدا بە جموجووڵی یەکەکانی ئەڕتەشی تورکیا لە دەرەوەی سنوور و ئەوەی بە ئاشکرا دەربڕیوە. بەڵام ئەمن بە تەواوی لەوە دڵنیام پ‌د‌ک باش دەزانی کە جموجووڵەکانی دەرەوەی سنوور هیچی وای لێ شین نابێ.
لێره‌دا مه‌سه‌له‌یه‌کی تر هه‌یه، ئه‌ویش رابردووی پێوه‌ندییه‌کانی پارتیی دێمۆکرات و پارتیی کرێکارانی کوردستانه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م رابردوویه پێکهاتوه له هه‌ڵنه‌کردن و دوژمنایه‌تی. نابێ ئه‌م دوژمنایه‌تیه‌ی نێوان په‌که‌که و په‌ده‌که له بیر بکرێ. هێشتاش له ناو په‌ده‌که‌دا فراکسیۆنێک هه‌یه که په‌که‌که به دوژمنی هه‌ره گه‌وره‌ی خۆی ده‌زانێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌م فراکسیۆنه تا چه‌ند توانای بڕیاردانی هه‌یه، ئه‌مه‌یان شتێکی تره. په‌که‌که‌ش ئه‌وه ناشارێته‌وه که جیاوازی زۆر گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسی له گه‌ڵ پارتیی دێمۆکراتی کوردستان دا هه‌یه. پێیان وایه پارتیی دێمۆکرات هێزێکی عه‌شیره‌یی و کلاسیکه. ئه‌گه‌ر چی ئه‌م تێڕوانینه بۆ رای گشتی باس ناکرێ، به‌ڵام فراکسیۆنی چه‌پی زاڵ به سه‌ر په‌که‌که‌دا، به چاوی رێکخراوێکی موحافزه‌کار و ته‌نانه‌ت پاشکه‌وتوو ده‌ڕوانێته پارتیی دێمۆکراتی کوردستان. له لایه‌کی دیکه‌وه، په‌که‌که پێوه‌ندی باشی له گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دامه‌زراندوه، سه‌رباری ئه‌مه‌ش حکوومه‌تی هه‌رێم، نه‌یتوانی قه‌ناعه‌ت به په‌که‌که بێنێ تا واز له خه‌باتی چه‌کداری بێنێ.
پێناسه‌تان بۆ ناسیۆنالیزمی کورد چییه؟
ناسیۆنالیزمی کورد، هه‌رچه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تیۆری ئابستراکت بێ، ئاماژه‌یه به واقعێکی سیاسی کۆنکرێت. ناسیۆنالیزمی کورد، ناوێکه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ کورده‌کان وه‌ک هاوڵاتی له ناو ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی دا بژین. به‌ڵام ئه‌و ناسیۆنالیزمه کورده‌ی ئه‌مڕۆ له تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا ده‌یبینین، زۆر جیاوازه ساڵی 1918، پاش دابه‌شبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی و لکانی پارچه‌کانی کوردستان به دوو ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی عێراق و سووریا، کورده‌کان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک یه‌کێتی سیاسی، دێمۆگرافی و جوگرافیان له ده‌ست دا. له‌و رێکه‌وته به‌دواوه، ناسیۆنالیزمی کورد ئامانجه‌کانی گۆڕدرا.
به رای من، دوابه‌دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، بزووتنه‌وه کوردییه‌کان، هیچکات سیاسه‌تێکی ناسیۆنالیستی و به‌رنامه‌یه‌کی پاڵپشت به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆیان له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێکی هاوبه‌ش له ناوچه‌که نه‌گرتووته به‌ر. سه‌ره‌تاکانی سه‌دساڵی بیسته‌م رێکخراوی خوێبوون و ساڵی 1946یش جمهوریه‌تی کوردستان دامه‌زران، به‌ڵام هاوسه‌نگی هێز له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی کورده‌کان به سه‌ریدا دابه‌ش بوون، هیوا و ئامانجه‌کانی ناسیۆنالیزمی کوردی گۆڕی.
ئه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد له تورکیا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
په‌که‌که به بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ که له گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی کورد یه‌ک ده‌گرێته‌وه، ده‌ستی به خه‌بات کرد، به‌ڵام ئه‌و ساڵانه‌ی له لوتکه‌ی هێز دابوو، واته له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان به دواوه، وازی له ئایدیای کوردستانی سه‌ربه‌خۆ هێنا.
له رۆژی ئه‌مڕۆدا، باسکردن له ناسیۆنالیزمی کورد له تورکیا، باسکردنه له خه‌باتی هه‌مه‌چه‌شن به ئامانجی جیا جیاوه. ئه‌مڕۆکه ناسیۆنالیزمی کورد به‌شێکه له‌و گوتار و پراتیکه‌ی له پێناو داننان به ناسنامه و مافه‌کانی کورد له ئارا دایه. له پشت ئه‌م پێناسه‌وه، مافه سڤیل و دیموکراتیه‌کان به‌دی ده‌کرێن: مافی شارۆمه‌ندی دێمۆکراتیک که له ده‌ستورێکی دێمۆکراتیانهدا گارانتی کرابێ، مافی ئازادی را ده‌ربڕین، په‌روه‌رده به زمانی زگماکی، مافی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێیی و هه‌روه‌ها مافی ناوچه‌یه‌کی خۆسه‌ر له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و یه‌کپارچه‌یی خاکی تورکیادا. به واتایه‌کی دیکه، ناسیۆنالیزمی کورد له رۆژی ئه‌مڕۆدا، بزووتنه‌وه‌یه‌کی دێمۆکڕاتیکه که له پێناو مافه سڤیل و دێمۆکڕاتیکه‌کانی کوردان خه‌بات ده‌کا.
ئایا ویستی خۆسه‌ری، یه‌کێکی دیکه له ره‌نگدانه‌وه‌کانی ناسیۆنالیزمی کوردییه؟
پێویسته خۆسه‌ری له گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی کورد تێکه‌ڵ نه‌کرێ. خۆسه‌ری، یه‌کێکه له فۆرمه دێمۆکراتیکه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێییی. بۆیه خه‌باتێک که له پێناوی خۆسه‌ریدا بکرێ، تێکۆشانێکی دێمۆکراتیانه‌یه. له‌ڕاستیدا، ده‌کرێ له تورکیا کار له سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه بکرێ. ده‌کرێ حاکمیه‌ت و یه‌کپارچه‌یی خاکی تورکیا خورت تر بکرێ. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی خۆسه‌ری له چوارچێوه‌ی پڕۆگرامێکدا بگونجێ، هه‌ندێک کێشه و گیر‌و گرفتی پێوه‌ندیدار به پڕۆژه‌که‌وه هه‌ن که پێویسته تیشکیان بخرێته سه‌ر
کێشه‌ی وه‌ک چی؟
کێشه‌ی سه‌ره‌کی له‌م پرسیاره‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه: ئایا مافه‌کانی خۆسه‌ری، ئه‌و کۆمه‌ڵگه کوردیانه ده‌گرێته‌وه که له ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو ده‌ژین، یاخود سه‌رجه‌م ئه‌و تاکانه‌ی کورد ده‌گرێته‌وه که به گۆشه و که‌ناره‌کانی تورکیادا بڵاو بوونه‌ته‌وه؟
من پێموایه له چوارچێوه‌ی تورکیادا، باشتر وایه مافه‌کانی خۆسه‌ری به هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد بدرێ که به‌و وڵاته‌دا بڵاو بوونه‌ته‌وه. چونکه ژماره‌یه‌کی زۆر کورد له شاره‌کانی ئه‌سته‌نبوڵ، ئانکاڕا، ئادانا و شاره گه‌وره‌کانی دیکه ده‌ژین
پرۆژه‌ی "خۆسه‌ری بۆ گه‌ل" چۆن کار ده‌کا؟
ده‌کرێ ماف به‌م هاوڵاتیانه بدرێ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک پێشووتر باسمان کرد، ده‌بێ به پێی ژماره‌ی دانیشتووانی خه‌ڵک بڕیار بده‌ین. ژماره‌ی دانیشتووانی کورد چه‌نده؟ ئه‌و کوردانه کێن؟ چی‌یان گه‌ره‌که؟ ناسنامه‌ی ئه‌م گه‌له چۆن پێناسه ده‌کرێ؟ پاڵ پشت به زمان یا خود پاڵ پشت به ئێتنیک، پاڵ پشت به هه‌موو شتێک یاخود هیچ شتێکه‌وه؟ پێویسته وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه، به دیالۆگێکی دێمۆکڕاتیانه له نێوان حکوومه‌ت و ئه‌و نوێنه‌رانه بدرێته‌وه که به شێوازێکی دێمۆکراتیک له لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه هه‌ڵبژێردراون.
ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، هه‌ر که‌س له تورکیا سه‌باره‌ت به پرسی کورد ده‌دوێ، به‌ڵام خۆ به خۆ و له ناو یه‌کتریدا قسه له سه‌ر مه‌سه‌له‌که ده‌که‌ن؛ تورک له گه‌ڵ تورک و کورد له گه‌ڵ کورد گفتوگۆ ده‌کا. دیالۆگێکی دێمۆکراتیانه له ئاستی گشتیدا به دی ناکرێ. تورکه‌کان له گه‌ڵ کورد دا مه‌سه‌له‌که تاوتوێ ناکه‌ن و به پێچه‌وانه‌وه کورده‌کانیش له گه‌ڵ ئه‌و تورکانه قسه ناکه‌ن که گرینگی به بابه‌ته‌که ده‌ده‌ن. له مه‌یدانی سیاسه‌ت و رای گشتیدا مه‌سه‌له‌ی کورد به ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆر پێناسه ده‌کرێ. به‌شداربووانی گفتوگۆکان سه‌باره‌ت به پرسی کورد، به به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆر، خۆ له چاره‌سه‌ری دێمۆکراتیانه‌ی کێشه‌که ده‌دزنه‌وه. له بری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به نوێنه‌رانی ئه‌و مرۆڤانه بڵێ تیرۆریست، پێویسته رێبازێکی دێمۆکراتیانه بگرێته به‌ر و بزانێ ئه‌وان چی‌یان گه‌ره‌که. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ حکوومه‌ت ده‌یکا، له ده‌ستدانی رێ و رێبازی چاره‌سه‌ری به شێوه‌یه‌کی دێمۆکراتیانه‌یه. کێشه‌ی کورد، به ته‌نیا یه‌خه‌ی ئه‌م حکوومه‌ته‌ی نه‌گرتووه، به‌ڵکوو کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی سه‌رجه‌م حکوومه‌ته‌کانی تورکیا بووه. له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری تورکیاوه، سه‌رجه‌م حکوومه‌ته‌کانی ئه‌م وڵاته به ئه‌نقه‌ست و به شێوه‌یه‌کی سیستێماتیک ویست و داخوازی گه‌لی کوردیان پشت گوێ خستووه.
به‌ڵام ئه‌م حکومه‌ته، له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه ده‌نگێکی به‌رچاوی پێدرا.
له روانگه‌ی زۆر که‌سی وه‌ک منه‌وه که له ده‌ره‌وه هه‌ڵبژاردنه‌کانیان شۆپاندوه، گومانی جدی هه‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له ژێر چ هه‌لومه‌رج و بارودۆخێکدا ئه‌نجام دراون. ناڵێم له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا فرت و فێڵ کراوه. مه‌به‌ستم ئه‌مه نییه، به‌ڵکوو ده‌مه‌وێ بڵێم به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کان و له کاتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌که‌دا، وێرای ئه‌و گوشاره‌ی له سه‌ر ناوچه‌که هه‌بوو، له رێگه‌ی کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ستی یاسایی و نایاساییه‌وه فه‌زایه‌کی نادادپه‌روه‌رانه خوڵقێنرا. جگه له‌مه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له ناوچه کوردییه‌کان ده‌نگه‌کانی ئاکه‌په زیاتر نه‌بوون به‌ڵکوو که‌متر بوونه‌وه.
به پێی ئه‌و ده‌نگانه‌ی به ده‌ستیان هێناوه، ده‌رده‌که‌وێ کورده‌کانیش به‌رده‌نگی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانن، ئایا ئاکه‌په دژی خۆسه‌رییه؟
پارتیی داد‌و گه‌شه‌پێدان، هیچ چه‌شنه خۆسه‌رییه‌ک په‌سند ناکا که سنووره‌کانی ئه‌و ناوچانه بگرێته خۆ. له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئاکه‌په دوابه‌دوای گۆڕینی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، له‌وانه‌یه پێداچوونه‌وه به هه‌ندێک مژار و له‌وانه خۆسه‌ری دا بکا، چونکه دانیان به بوونی مه‌سه‌له‌که داناوه و به‌و بڕوایه گه‌یشتوون ده‌رهه‌ق به پرسی کورد پێویسته کۆمه‌ڵێک هه‌نگاو به‌رز بکه‌نه‌وه. مادام کێشه‌یه‌ک بوونی هه‌بێ، دیاره چاره‌سه‌ریش بوونی هه‌یه. بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و چه‌شنه تا بڵێی لۆژیکانه‌یه، ته‌نیا شتێک که لێره‌دا پێویسته ئیراده‌ی سیاسییه.
باس له چ جۆره گۆڕانکارییه‌ک ده‌که‌ن؟ ئایا ئێوه پێشنیارێکی تایبه‌تتان هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی شارۆمه‌ندی له کۆکه ئێتنیکیهکهی هه‌ڵاوێردرێ، ئینجا ده‌توانین به‌ره‌و چاره‌سه‌ری هه‌نگاو بنێین. به مه‌به‌ستی قسه‌کردن له سه‌ر کاریگه‌رییه سیاسیه‌کانی ئه‌مه، پێویسته سه‌ر له‌نوێ پێناسه‌ی "شارۆمه‌ندی ده‌ستوری" له روانگه‌ی سیاسیه‌وه دابڕێژرێته‌وه. ئه‌م پێناسه نوێیه سیاسیه، نابێ پشت به هیچ ئێتنێکێک و له‌وانه ناسنامه‌ی ئێتنیکی تورک ببه‌ستێ. پێویسته وڵامی ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه: گه‌لۆ تورکیا وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه‌یه یاخۆ وڵاتی تورکه‌کانه؟ تورکیا ده‌بێ پێداچوونه‌وه به پێناسه‌ی گه‌لاندا بکا و دان به‌وه‌دا بنێ که وڵاته‌که‌ی ده‌وڵه‌تێک نییه پشتی به تاکه نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ستبێ
به ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تایبه‌تی شارۆمه‌ندیه‌وه، ده‌ستورێکی دێمۆکراتیی و نوێ، ده‌توانێ دوو ئامانجی گرینگ بپێکێ. یه‌که‌م، دروشمی "سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی تورکیا له بواری یاسایی و سیاسیه‌وه یه‌کسانن" جێگیر ده‌بێ و به‌دوای ئه‌ویش دا "له نێوان هاوڵاتیه یه‌کسانه‌کاندا جیاوازی زمان، ئێتنیکی و فه‌رهه‌نگی هه‌یه". هه‌روه‌ها ئه‌م جیاوازییانه ده‌بێ وه‌ک مافێکی سه‌ره‌کی دانیان پێدا بنرێ، رێزیان لێ بگیرێ و پارێزگاری‌یان لێ بکرێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، له پێناو ئازادی راده‌ربڕین، پاراستن و پێشکه‌وتندا، یاسایه‌کی دیاریکراو و چوارچێوه‌یه‌کی ئیداری پێویسته. ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌کی راشکاوانه، خۆسه‌رییه. له‌م واتایه دا، خۆسه‌ری ئاریشه‌یه‌که بۆ بونیادنانی چوارچێوه‌یه‌کی ئیداری و یاسایی پێویست له پێناو ده‌ربڕین و پارێزگاری له ناسنامه‌ی کورد.
بۆ نموونه، شارۆمه‌ندی بریتانیایی، ناسنامه‌یه‌کی ئێتنیکی نییه، چ سکۆتله‌ندی بێ، چ وێڵزی. له بریتانیا هه‌ر که‌س ده‌ڵێ من بریتانیاییم، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا سکۆتله‌ندییه‌کان پارله‌مان و وێڵزییه‌کان مه‌جلیسیان هه‌یه. بۆچی بهدهپهییهکان به 34 تا 36 نوێنه‌ره‌وه له دیاربه‌کر مه‌جلیسی خۆیان نه‌بێ؟ ده‌کرێ له‌و شوێنانه‌ی کورد زۆرینه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێیی دابمه‌زرێ. خۆیان سیاسه‌تی په‌روه‌رده و کێشه‌کانیان تاوتوێ بکه‌ن. ده‌کرێ هه‌ست به‌وه بکه‌ن پێویستیان به پێکهاته‌یه‌کی ته‌ندروستی، ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت سیسته‌می باجدانی جیاواز هه‌یه. بۆچی داننان به جیاوازییه‌کان هێنده گه‌وره‌و گرانه؟ ئه‌م جیاوازییانه روخێنه‌ر نین، بونیادنه‌رن. یه‌کسانی مرۆڤه جیاوازه‌کان له ڕوانگه‌ی یاساییه‌وه، نایه‌ته واتای له ناوچوونی ئه‌و جیاوازییانه‌ی پێکهێنه‌ری ناسنامهکانیانن .
به‌ڕای ئێوه ئه‌مه تا چه‌ند له واقع نزیکه؟
له‌وانه‌یه وا هه‌ست بکرێ شتێکی ئیدهئالیستییه، به‌ڵام به ڕای من وا نییه. چه‌ندین مۆدێلی هاوچه‌شن له دنیا دا هه‌یه. با له ده‌وروبه‌رمان بڕوانین و فێر بین. ئینجا جه‌ساره‌ت به خۆمان بده‌ین و له پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک هه‌نگاو، هێزی ئیراده بخه‌ینه روو. ئه‌وه‌ی راستی بێ، له‌و رێگه هه‌ڵبژێردراوه‌ی ئێستا دا شێوازێکی چاره‌سه‌ری نابینم که حیسابی له سه‌ر بکرێ. بۆ داننان به جیاوازییه‌کانی کوردان، پێشکه‌ش کردنی گه‌ڵاڵه‌ی خۆسه‌ری وه‌ک چاره‌سه‌رییه‌ک، لانیکه‌می ویستێکه که داوا بکرێ.
سه‌باره‌ت به کارکردی ده‌وڵه‌تی مودێرن له وڵاته دێمۆکراتیکه‌کان، پێویسته ئاماژه به گۆڕانێکی سه‌ره‌کی بکه‌ین. له کۆمه‌ڵگه دێمۆکراتیکه‌کاندا، له پراکتیکی سیاسه‌تی مودێڕن، هێزی ده‌سه‌ڵاتدار که سه‌رچاوه‌ی ئۆتۆریته‌ی سیاسی و مه‌شروعیه‌تی ده‌وڵه‌ت، ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیه، له کاروباری به‌ڕێوه‌بردنی حکوومه‌ت، واته کارکردی رۆژانه تا دێ که‌متر گرینگی پێ ده‌درێ. ده‌سه‌ڵاتداری، دان به پره‌نسیپه مه‌شرووعه‌کانی ده‌وڵه‌ت داده‌نێ، به‌ڵام ئه‌م پره‌نسیپه ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی کاروباری رۆژانه‌ی حکوومه‌ت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه، هیچ پێوه‌ندییه‌کی به کاروباری رۆژانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه نه‌ماوه که بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه پێویسته. مه‌شرووعیه‌ت له کۆمه‌ڵگه مودێڕنه‌کاندا، پره‌نسیپێکی ئابستراکت نییه له ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیدا، به‌ڵکو سه‌رچاوه‌که‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حکوومه‌ته. ئه‌وه‌ی حکوومه‌ت دێمۆکراتیک یان نادێمۆکرات نیشان ده‌دا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌که‌ی و تێگه‌یشتنی هاوڵاتیانه له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه. ئه‌مه ئیتر په‌یڕه‌وێکی سه‌ره‌کی و نه‌نووسراوی حکومه‌تێکی مۆدێرنه. ئه‌مڕۆکه، مه‌شرووعیه‌ت له ره‌وتی کارکردی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی ده‌نوێنێ.
باسی ئه‌وه‌تان کرد که نازانرێ کورده‌کان چی‌یان ده‌وێ، ئایا به‌ده‌په ویست و داخوازی کورده‌کان ناهێنێته زمان؟
به‌ده‌په، پارتییه‌کی سیاسییه و له رووی یاسایی و سیاسیشه‌وه، له ناو سیستمێکی به‌رته‌سکی هه‌ڵبژاردن دا ده‌ڕواته پێش. به‌ده‌په، له ناو کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆیدا، به هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌موو هێزی خۆی به کار ناهێنێ. به هۆی سیستمی له سه‌دا ده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و به‌ربه‌ستی حقوقی دیکه، به‌ده‌په هیچکات وه‌ک پارتییه‌کی سیاسی نه‌یتوانیوه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بێ. ئه‌مه دێمۆکراتیک نییه. بۆ نموونه به منیان گوتوه ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌و کوردانه‌ی له زێدی خۆیان ئاواره بوون، له تۆماری ده‌نگده‌راندا ناویان نه‌هاتووه. بۆیه بیستم که به شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیک خراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌وه و مافه دێمۆکراتیکهکانیان له رێگه‌ی نادێمۆکراتیانهوه لێ زه‌وت کراوه.
به‌ڕای ئێوه به‌ده‌په حیزبێکی ئازاده؟
به‌ده‌په ناتوانێ به ته‌واوی حیزبێکی ئازاد بێ. به‌ڵام ئه‌م ره‌وشه خۆیان نهیانخوڵقاندوه و ده‌ستی سیستمی سیاسی تورکی تێدایه. ئه‌م سیستمه، بۆ به‌ده‌په و رێکخستنه سیاسیه‌کانی تری کورد، زۆر هێلی سووری تێنهپهڕێنراوی دروست کردووه. سیستم له‌م وڵاته، پرسی کوردی له مه‌سه‌له‌ی سیاسی ده‌رخستووه و هێناویه‌ته ئاستی کێشه‌یه‌کی ئه‌منی. ئه‌مه‌ش دێته واتای گۆشه‌گیرکردنی مه‌سه‌له‌که له ژێرخانی سیاسی تورک و دروستکردنی په‌رژینی سوپا و ئاسایش به ده‌وریدا و به‌مجۆره بابه‌ته‌که خراوه‌ته رۆژه‌ڤی هێزه ئه‌منیه‌کان و سوپاوه. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک له مه‌یدانی سیاسه‌ت داببڕدرێ و میلیتاریزه بکرێ، سوپا و هێزه ئه‌منیه‌کانی تورکیا له رووی "یاسایی"ه‌وه به‌و کێشه‌وه خه‌ریک بوون.
له ئه‌نجامی هێرشی په‌که‌که بۆ سه‌ر چوکورجا، 24 سه‌ربازی تورک گیانیان له ده‌ست دا. به‌ڕای ئێوه ئه‌وه له هه‌مانکاتدا پرسێکی ئه‌منی نییه؟
گومان له‌وه دا نییه رووداوی دڵته‌زێن و ناخۆشی کوشتنی (24) سه‌ربازی تورک له چوکورجا، کاره‌ساتێکی مرۆیی و ئه‌خلاقییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ده‌لاقه‌یه‌کی سیاسییه‌وه لێی بڕوانین، ئه‌م رووداوه غه‌مباره، نیشانه‌یه‌کی به‌رچاوی پێداگری هێزه ئه‌منیه‌کانه بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی مه‌سه‌له‌که. پێویسته زۆر راشکاوانه بڵێم به کارهێنانی توند‌و تیژی به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجه سیاسییه‌کان شتێکی باش نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌که‌که مه‌حکووم بکرێ و ره‌خنه‌ی لێ بگیرێ که بۆچی ئه‌م کاره‌یان کردوه، له وڵامدا ده‌ڵێن "له گه‌ڵ حکومه‌تێکدا که هه‌ر جۆره ئاگربه‌ستێک ره‌ت ده‌کاته‌وه، ده‌توانین چی بکه‌ین؟". ده‌کرێ له گه‌ڵ په‌که‌که یاخۆ ستراتیژی ئه‌وان دا نه‌بی، به‌ڵام ناتوانین لۆژیکی ئه‌م هۆکارانه پشتگوێ بخه‌ین. ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌کی سیاسی هه‌بێ، ده‌کرێ ئه‌م توندوتیژییه رابگیرێ که رووداوی به‌م چه‌شنه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه. بۆ په‌سند کردنی ئاگربه‌ست، بێ سله‌مینه‌وه له ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندن و کاردانه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم، ئیراده‌یه‌کی سیاسی پێویسته. سیاسه‌تڤان و ده‌وڵه‌تمه‌دارانی تورک له ناو حکوومه‌ت و ده‌ره‌وه، له پاشه‌کشێ کردن، گۆشه‌گیرکردن و ده‌رهاویشتنی ئه‌م نه‌ته‌وه په‌رستیه ده‌ترسێن. حاڵی حازر، هیچ ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌دی ناکرێ، چونکه ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئاگربه‌ستی په‌که‌که په‌سند بکه‌ی، پێویسته دان به په‌که‌که دابنێی. کاتێک ده‌ڵێن "له گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان هیچ کارێک ناکه‌م"، ئه‌م قسانه دێنه واتای ره‌تکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێشنیارێکی ئاگربه‌ست. ئه‌مه‌ش رێگه بۆ به‌رده‌وامی توند‌و تیژییه‌کان و مه‌رگ خۆش ده‌کا. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کاته‌کان، شه‌ڕ دیارده‌یه‌کی دوو لایه‌نه‌یه. شه‌ڕ دوو لایه‌نه دروست ده‌بێ و دوو لایه‌نه‌ش راده‌وه‌ستێ. ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت به راستی ده‌یه‌وێ کۆتایی به کێشه‌ی کورد بێنێ و له چه‌ک دایببڕێ، پێویسته ئاگربه‌ست بپه‌ژرێنێ. سازش و هه‌ڵکردن، رێگایه‌که به‌ره‌و پێشه‌وه‌ت ده‌با و جگه له‌مه رێگایه‌کی دیکه به‌دی ناکرێ. حکوومه‌تی تورکیا له ده ساڵ له‌مه‌و پێشه‌وه ئه‌مه ده‌زانێ. کۆتایی هێنان به‌م کوشت و بڕه بێ مانایه، پێویستی به بوێری سیاسی، بیری ماقوڵ و هێزی ئێراده هه‌یه.
جارێکی تر دێینه‌وه سه‌ر پرسی په‌که‌که، به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێ سه‌باره‌ت به چاوپێکه‌وتنه‌کانی نێوان په‌که‌که و میت (ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا) پرسیارتان لێ بکه‌م. به بۆچوونی ئێوه، ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه نیشانه‌ی ئه‌وه نین که حکومه‌ت کێشه‌ی کوردی گواستۆته‌وه بۆ ره‌هه‌ندێکی سیاسی؟
ئێستاشی له گه‌ڵ دابێ زۆر که‌س و له‌وانه هێزه ئه‌منیه‌کانی تورک و که‌سایه‌تیه‌کانی سوپا له گه‌ڵ په‌که‌که چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ندێک له‌وانه له رای گشتیدا ئاشکرا بوون و به‌مجۆره له مه‌سه‌له‌که تێگه‌یشتین. ته‌نیا ئه‌مه هه‌ڵگری لۆژیکه که دوو لایه‌نی شه‌ڕ پێکه‌وه چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن. به لای منه‌وه هیچ مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه.
مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه چاوپێکه‌وتنی دیکه‌ش ئه‌نجامدراوه؟
به‌ڵێ. هه‌ر وه‌ک گوتیشم پێم سه‌یر نییه. ئه‌م چاوپێکه‌تنانه هیچ نائاسایی نین و له پشت ده‌رگا داخراوه‌کان و به نهێنی ئه‌نجام ده‌درێن. جا یان راسپێردراوی ده‌وڵه‌ت، یاخۆ نوێنه‌رانی سیاسی، ئه‌منی و سوپا یان له‌وانه‌شه مرۆڤی گرینگتر له نێو خودی حکوومه‌ت له گه‌ڵ په‌که‌که چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه، به شاردنه‌وه‌یان، دیاره چاوپێکه‌وتنه‌کان له سه‌ر بنه‌مایه‌کی دێمۆکراتیک پێک نایه‌ن. ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگه که پێوه‌ندی به وه‌ڵامدانه‌وه و شه‌فافیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه، ده‌رئه‌نجامی ئامانجدار بخوڵقێنێ،وێڕای نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و نهێنی بوونیشیان ده‌بنه هۆکارێک بۆ پیرۆزبایی. بار و دۆخێکی هاوشێوه نزیکه‌ی ده ساڵ له‌مه‌و پێش له ئینگلیستان ڕووی دا .حکوومه‌تی ئینگلیستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له سه‌ر کێشه‌ی ئیرله‌ند ده‌ست به دانوستاندن بکا، ناچار بوو ئه‌ڕته‌شی کۆماریخوازی ئیرله‌ند (ئای ئار ئه‌ی)بهێنێته نێوپڕۆسهکهوه. ئه‌و سیاسه‌ته پێویستییه‌کی مێژوویی بوو.حکوومه‌تی ئینگلیستان و ئای ئار ئه‌ی به ده‌یان ساڵ بوو، دوو لایه‌نه له یه‌کتریان ده‌کوشت. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی به ئای ئار ئه‌ی یان ده‌گوت " ڕێکخراوه‌یه‌کی تێڕۆریست"، به‌ڵام دانووستاندن هاته ئاراوه. حکوومه‌تی بریتانیا له پێناو سه‌قامگیربوونی ئاشتی ناچار بوو وه‌ک به‌رده‌نگ و لایه‌نێک دان به ئای ئار ئه‌ی دا بنێ. حکوومه‌تی ئینگلیستان به مه‌به‌ستی ئه‌نجام دانی وتووێژ ئیراده‌ی سیاسی و بوێری ئه‌خلاقی نیشان دا و دواتر چاوپێکه‌وتنه‌کانی خۆی له گه‌ڵ ئای ئار ئه‌ی وه‌ک پێداویستییه‌کی سیاسی ڕاگه‌یاند و گوتی ئه‌وه زیان به باڵاده‌ستی بریتانیا ناگهێێنێ. له راستیدا تورکیا له بارودۆخێکی زۆر خراپ‌دا نییه. له ناوچه‌که دا، زۆر وڵاتی دیکه هه‌ن که له ره‌وشێکی ناله‌بارتر دان. سه‌رده‌مانێک مارگارێت تاچێر قه‌ده‌غه‌ی کردبوو نوێنه‌رانی ئای ئار ئه‌ی له مێدیاکان دا ده‌ربکه‌ون، له کاتێکدا له تێلێڤیزیۆن دا قسه‌یان ده‌کرد ده‌نگیان ده‌بڕدرا. ئه‌نجام دانی ئه‌و کاره به ناو حکوومه‌تی بریتانیا نائاسایی و کرده‌وه‌یه‌کی نادێمۆکڕاتیانه بوو. مارگارێت تاچێر به جۆرێک خۆی فریو ده‌دا. کاتێک که تاچێر ڕۆیشت، هه‌موو که‌س ده‌یزانی ئه‌و سیاسه‌ته دژه دێمۆکڕاتیانه ناکه‌ونه خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی بریتانیا. ئه‌و سیاسه‌تانه ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و و گرووپێکی زۆر پچووک و موحافه‌زه‌کاری ناو پارتییه‌که‌ی دا بوون.
به‌راستی بێ فایده‌یه به به‌رده‌وامی باس له تیرۆریزم بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی کێشه کورد له ئارادا نه‌مێنێ. به‌ر له هه‌موو شتێک، کێشه‌ی کورد له تورکیا، داوایه‌کی دیموکراتیانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده و ئه‌گه‌ر به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتن ئه‌مانه گروپێکی تیرۆریستی نین که دوور له شارستانیه‌تی تورکیا له چیاکان ده‌ژین، ده‌توانن چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ ئه‌م کێشه‌یه بدۆزنه‌وه. پاشان کاره‌کته‌ره سیاسیه‌کانی کێشه‌ی کورد ده‌ناسن و له پێناو چه‌ک کردنی دا، ده‌بنه خاوه‌نی بوێری ئه‌خلاقی و یه‌کێتی سیاسی. ئه‌و کات بابه‌ته‌که له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی جیا ده‌که‌نه‌وه و راده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی ده‌که‌ن که له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌وه هه‌ڵبژێردراون. ئه‌گه‌ر تورکیا بانگه‌شه ده‌کا وڵاتێکی دێمۆکراتیکه، پێویسته چینی سیاسی تورک، جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێ پرسی کورد بخاته رۆژه‌ڤی سیاسیه‌وه و له رێگه‌ی دێمۆکراتیانهوه هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که بده‌ن.
پێتان وایه ئه‌ردۆغان توانایی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردی هه‌یه؟
ئه‌ردۆغان تا ئێستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی نیشان داوه. ئه‌ردۆغان، سه‌ره‌تا هه‌نگاوێک به‌ره پێشه‌وه به‌رز ده‌کاته‌وه، پاشان کت‌وپڕ دوو هه‌نگاو به‌ره‌و دواوه ده‌ڕوا. هه‌رچه‌ند من له‌وه تێده‌گه‌م که ئه‌ردۆغان له ژێر گوشارێکی قورس دایه. له لایه‌که‌وه باس له "کرانه‌وه به رووی کورد" دا ده‌کا، به‌ڵام به خه‌ڵک ناڵێ مه‌به‌ستی له‌م پڕۆژه‌یه چییه و چ ناوه‌ڕۆکێک له خۆ ده‌گرێ. به قسه کرانه‌وه به‌ڕووی کورد دا، فکرێکی بابه‌تیانه و ژێستێک بوو که نیازێکی پاکی له پشته‌وه بوو. چه‌نده‌ش باش بێ، هه‌موومان ده‌زانین نه‌بوو به ژێستێکی نیاز چاک و پڕۆگرامێکی سیاسی. به هه‌ڵه‌دا نه‌چووم ئه‌گه‌ر بڵێم، هیچکه‌س به ئه‌ردۆغانیشه‌وه، تا ئێستا ناوه‌ڕۆکی سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی کرانه‌وه به رووی کوردی روون نه‌کردووه‌ته‌وه. بۆیه پڕۆسه‌ی کرانه‌وه به خێرایی مرد و کفن کرا.
پێگه‌ی ئه‌ردۆغان تا بڵێی ناکۆکه. له لایه‌که‌وه، هه‌وڵده‌دا ریفۆرم له ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیدا ئه‌نجام بدا، ده‌سه‌ڵاتی نادێمۆکراتیانه‌ی ئه‌ڕته‌ش و ده‌زگای دادوه‌ری که‌م بکاته‌وه و ببێته قاره‌مانی دیموکراسی تورکیا. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ده‌یه‌وێ قاره‌مانی ناسیۆنالیستی تورک بێ. ئه‌م ناکۆکییه، ره‌وتی چه‌قبه‌ستووی دێمۆکراتیزهبوون له تورکیا چه‌توون تر ده‌کا. ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان ناسیۆنالیستێکی تورک نه‌بوایه و نیشتمان په‌روه‌ر بوایه، نه‌ده‌که‌وته ئه‌و دۆخه پڕ له ناکۆکیه و درێژه‌ی به ره‌وتی دێمۆکراتیزاسیۆن ده‌دا. به‌ڵام به‌م شێوه‌یه ئه‌سته‌مه به پلانی دێمۆکرتیزاسیۆن درێژه به قۆناغی حقوقی و سیاسی بدرێ. ناسیۆنالیسته‌کان، هه‌میشه سه‌باره‌ت به پرسیاری پێویسته جیهان چۆن بێ، که‌وتوونه داوی خه‌یاڵه‌کانیانه‌وه.
وه‌ک که‌سێک که له ده‌ره‌وه، شانۆی سیاسی تورکییهم شۆپاندوه، پێموایه ئه‌ردۆغان نایه‌وێ هێزی لایه‌نه ئه‌منیه‌کان سنووردار بکا. ده‌یه‌وێ ئه‌م هێزه بخاته کۆنترۆڵی حکوومه‌ت، واته بیخاته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه. ده‌یه‌وێ کێشه‌ی کوردیش بخاته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه و تا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، حکوومه‌ته‌که‌ی و پارتییه‌که‌ی تێدا نه‌بێ، نایه‌وێ چه‌ک دابنرێ. به بۆچوونی من، ئه‌مه به‌رده‌وامی کهونهشۆپی حکوومه‌ته‌کانی پێشووی تورکیایه و به کارهێنانی کێشه‌ی کوردیش وه‌ک ئامرازێک، نه‌ریتێکی زیانبه‌خش و مه‌ترسیداره. له حکوومه‌تی ئێستای پارتیی داد‌و گه‌شه پێدان دا، کێشه‌ی کورد زیاتر بۆته ئامراز، چونکه ئه‌ردۆغان، ئۆپۆزۆسیۆنێکی زۆر به‌هێزی نییه. هێزه پان ناسیۆنالیسته‌کان، نابنه هاوپه‌یمانێکی متمانه‌پێکراوی جه‌هه‌په (پارتی کۆماری گه‌ل)، له به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی تورکی نیشانی دا هێزی پان ناسیۆنالیسته‌کان چه‌نده ناجێگیرن. ئه‌و هێزانه، به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی ئابووری و سیاسی که‌م و زیاد ده‌بن. هاوکات له گه‌ڵ ناسه‌قامگیری له راده‌به‌ده‌ری میکانیزمه‌کانی ده‌سه‌ڵات، پشتیوانه‌کانیشی زۆر ناجێگیر و عاتیفین. سه‌قامگیری له تورکیا به‌رده‌وام له لایه‌ن هێزی دووهه‌مه‌وه دیاری کراوه. پێگه‌یان، په‌یوه‌ندی به سات و سه‌ودای سیاسی و هێزه سیاسیه‌کانی تری تورکیاوه هه‌یه.
عه‌باس وه‌لی؛ له سێ به‌شی رۆشنبیرانی کورد، زۆربه‌یان بێده‌نگن
پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌باس وه‌لی، مامۆستای به‌شی سۆسیۆلۆژی له زانکۆی بوغازیچی ئه‌سته‌نبوڵ، له به‌شه‌کانی رابردوودا، کێشه‌ی کوردی له تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا تاوتوێ کرد. له‌م به‌شه دا وڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی دایه‌وه
ئه‌مڕۆکه په‌که‌که پشت به چ ئایدیۆلۆژیایه‌ک ده‌به‌ستێ؟ بۆچی سیاسه‌تی کوردی ئازاد نییه؟ ئه‌گه‌ر په‌که‌که رێگه بدا، ئایا به‌ده‌په ده‌بێته حیزبێکی فره ره‌نگ؟ په‌که‌که بۆچی له گه‌ڵ رۆشنبیرانی کورد نه‌سازاوه؟ رۆشنبیری کورد کێیه؟ ئایا روشنبیری کورد هه‌یه دژی په‌که‌که نه‌بێ؟ سیاسه‌تی کورد له داهاتوودا چۆن شێوه ده‌گرێ؟ ئاخۆ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی له خۆسه‌ری ده‌کا؟ کورده‌کانی سوریا، مه‌سه‌له‌ی ئه‌مریکان یاخۆ تورکیا؟
ئه‌مه‌ش وڵامه‌کانی پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌باس وه‌لی :
جیاوازی ناسیۆنالیزمی نوێی تورکی له گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی که‌مالیستی له چی دایه؟
که‌ماڵیزم، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ربڕی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی تورکه، له هه‌مانکاتدا ئایدیۆلۆژیای به ده‌زگا بوونی ده‌وڵه‌ته، چونکه کۆماری دامه‌زراندوه. به‌ڵام ئه‌مه نایه‌ته ئه‌و واتایه‌ی ناسیۆنالیزمێکی ته‌ک ره‌هه‌نده. به‌ڕای من ئه‌ردۆغان و حیزبه‌که‌ی، تا ئێستا هه‌وڵیان داوه که‌متر له که‌ماڵیسته کلاسیکه‌کان خۆیان ناسیۆنالیست نیشان بده‌ن. له گه‌ڵ که‌ماڵیزم له ململانێیه‌کی دژوار دان که سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش ئایدیۆلۆژیا ئیسلامیهکهیانه.
ئیسلامچیه‌تی ئه‌ردۆغان، به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی رێکخراو و بزووتنه‌وه سیاسیه ئیسلامخوازه‌کانی ئه‌مڕۆ، ئیسلامچیه‌تیه‌ک نییه دژی رۆژئاوا بێ و له به‌رامبه‌ر ناسنامه‌ی ئێتنیکی رادیکاڵ بێ. پێناسه‌ی پارتیی داد‌و گه‌شه پێدان بۆ ئیسلام، زۆر جیاوازتره له پێناسه‌ی خومه‌ینی و ئیسلامخوازه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه موسڵمانه‌کان. ئیسلامی ئوممه‌ت یاخۆ شه‌ریعه‌ت نییه. ئیسلامه‌تی ئه‌ردۆغان، ئیسلامچیهتییهکی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه که له سه‌ر ژێرخانی ئابوورییه‌کی کاپیتالیستی لاگری بازاڕ و جه‌ماوه‌ر شێوه‌ی گرتوه. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له چوارچێوه‌ی حقوق، ئابووری و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرن دا جێبه‌جێ ده‌بێ. جگه له‌مه، ئاکه‌په نیشانی دا زۆر هه‌ستیارانه نزیکی مۆدێرنیته و ئیسلام ده‌بێته‌وه. چه‌مکی ئیسلامیانه‌ی ئه‌ردۆغان و تاقمه‌که‌ی، دژایه‌تی له گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی تورک‌دا ناکا. ئایدیۆلۆژیایه‌کی دهوڵهتخواویان هه‌یه، پێناسه‌یان بۆ نه‌ته‌وه له سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایینی نییه، به‌ڵکو له‌و پێناسه‌یه‌دا پشت به ئێتنیک و زمان ده‌به‌ستن. ئاکه‌په نیشانی داوه بڕوای به چه‌مکی هاوڵاتی عیلمانی، پلۆڕالیزم و به‌شداری سیاسی هه‌یه.
ئاخۆ ناسیۆنالیزمی نوێ له تورکیا، پشت ئه‌ستووره به شه‌ڕ؟
پێموانییه ئه‌م ناسیۆنالیزمه پشتی به شه‌ڕ به‌ستبێ. شه‌ڕ، له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ردۆغان و په‌که‌که زیاتر، بۆ پێیوه‌ندی نێوان ئه‌ردۆغان و هێزه ئه‌منیه‌کان گرینگه. به‌ڕای من، ئه‌ردۆغان بۆ به‌ربه‌ره‌کانی دژی شه‌ڕ پێویستی به بناغه‌یه‌کی سیاسی به هێز هه‌یه. نازانم ئه‌و شه‌ڕه‌ی به نیه‌تی چاره‌سه‌رکردنه یان نا، به‌ڵام ته‌نیا کاتێک جه‌ساره‌تێکی به‌مجۆره‌ی ده‌بێ که پشته‌وه‌ی متمانه‌ی پێ بکا و به دوژمنایه‌تی تورک تاوانبار نه‌کرێ.
کێن ئه‌وانه‌ی که‌سانی پشت ئه‌ردۆغان بێ متمانه ده‌که‌ن؟ ئایا چه‌پی نێوه‌ندی تورکیایه؟
له سیاسه‌تی تورکیا دا، که‌مته‌رخه‌می چه‌پی نێوه‌ند کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره و گرانه. گه‌لۆ تا ئێستا چه‌پی نێوه‌ند هیچ له ره‌وایی دان به وشه‌ی تیرۆریزم خراوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه؟ هیچکات ئه‌مه‌یان نه‌کردوه. به هیچ شێوه‌یه‌ک قسه له سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی به‌کارهێنانی ئه‌و سیاسه‌تانه نه‌کراوه که مۆری خۆیان له به‌رده‌وامی شه‌ڕو کوشت و بڕه‌کان داوه. پێم وا نییه هێزه‌کانی چه‌پی نێوه‌ند، خۆیان له‌و گوتاره زیانبه‌خشه‌ی پارتیی کۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په) به دوور گرتبێ. نازانن بۆچی؟ چونکه له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا، پێکهاته‌ی سۆسیۆلۆژی کۆمه‌ڵگه‌ی تورک گۆڕانی به سه‌ردا هات. له نێوه‌ندی شاره گه‌وره و گرینگه‌کان، چینێکی ناوینی نوێ به‌دیهات. به‌ها سیاسیه‌کان و تێڕوانینی ئه‌م چینه بۆ دنیا زۆر جیاوازه. هه‌ڵبه‌ت ئێستاش چینی ناوینی که‌مالیستی کۆن ماون که له ژێر باندۆڕی رۆژئاوا دابوون، به‌ڵام چیتر له نێوه‌ندی هێزی سیاسی تورکیا دا نین. ئه‌گه‌ر بڕواننه ئه‌مڕۆی تورکیا، ده‌بینن که ئه‌م چینه ناوینه کلاسیکه، له رێکخراوه سیاسیه کلاسیکه‌کان و نوێنه‌رایه‌تیه سیاسیه‌کان دا زۆر هه‌ست به بێ متمانه‌یی ده‌که‌ن. هه‌ست ده‌که‌ن که مه‌یدانه‌که‌یان له ده‌ست داوه و ژێر پێیان به‌تاڵ بووه. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی به لای چه‌پی نێوه‌نده‌وه، دژایه‌تی کردنی ئه‌ردۆغان و پارتیی داد‌و گه‌شه پێدانه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، له ئاکه‌په زیاتر رقیان له ئه‌ردۆغانه. له به‌ر ئه‌مه‌ش دژایه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌نگاو و سیاسه‌تانه ده‌که‌ن که له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه پێشنیار کرابێ. دژایه‌تیی کردنه‌وه یان داخستنی ده‌زگاکان ده‌که‌ن له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئاکه‌په کت‌وپڕ بڕیاری دانیشتن و رێککه‌وتن له گه‌ڵ به‌ده‌په بدا، چه‌پی نێوه‌ند بێ گوێدان به ده‌رئه‌نجامی وتوێژه‌کان، هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ئه‌ردۆغان. رێکخراو و هێزه‌کانی چه‌پی نێوه‌ند، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ستراتیژییان نییه. ئه‌م بارودۆخه، مه‌یلی کردنه ئامرازی کێشه‌ی کورد له ناو سیاسه‌تی تورکیدا به‌هێزتر ده‌کا.
که‌واته کێن ئه‌وانه‌ی به ئه‌ردۆغان بێ متمانه ده‌کرێن؟
ئه‌ردۆغان، له نێو بۆشاییه‌کدا ناڕواته پێش. له ناو گۆڕه‌پانێک دایه که جه‌هه‌په، مه‌هه‌په، ئه‌ڕته‌ش و هێزه ئه‌منیه‌کانی ده‌وڵه‌تی تێدایه و ئه‌م هێزانه تێگه‌یشتنی خۆیان هه‌یه بۆ پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم و به‌رژه‌وه‌ندیه میللیه جیاوازه‌کانی تایبه‌ت به خۆیان. پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌ردۆغان ده‌توانێ ببێته نوێنه‌ری گۆڕان و چاره‌سه‌ری؟ پێموانییه. لانیکه‌م به ته‌نیا ناتوانێ. ئه‌گه‌ر بڕیار بدا ئه‌م گۆڕانکارییه بکاته ئامانجێکی سه‌ره‌کی، پێویسته ئاگاداری پشته‌وه‌ی بێ. چونکه ئه‌گه‌ر ببێته پارچه‌یه‌ک له‌م پێڤاژۆیه، له مانایه‌کی مه‌جازیدا، له‌وانه‌یه خه‌نجه‌ر له پشتی بدرێ. ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه ئه‌مه له لایه‌ن فراکسیۆنێکی ناو پارتییه‌که‌ی خۆی ئه‌نجام بدرێ که به گوێره‌ی بۆچوونی خۆیان نه‌یانه‌وێ ئه‌ردۆغان به‌و راده‌یه دژی ئایدیۆلۆژیای کلاسیکی ده‌وڵه‌ت بێ. به بۆچوونی من، هه‌ر له به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش، ئه‌ردۆغان بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له به‌رامبه‌ر هێز و رێکخراوه لائیک و ناسیۆنالسیته‌کان، که‌وته رێبازێکه‌وه که کێشه‌ی کورد وه‌ک ئامرازێک به کار بێنێ. ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ له هه‌وڵی ئه‌وه دایه ده‌سه‌ڵاتی نادێمۆکراتیانه‌ی ده‌زگای دادوه‌ری و ئه‌ڕته‌ش که‌م بکاته‌وه، به‌ڵام ده‌زانێ ئه‌م هه‌نگاوه رادیکاڵانه، به وه‌ستان له پاڵ ئیسلامیه‌کان یاخۆ چه‌په‌کان ناکرێ و ته‌نیا پاڵپشت به بنه‌مایه‌کی ناسیۆنالیستی به‌هێز ئه‌نجام ده‌درێن. بۆ سه‌رخستنی هه‌موو ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا، ئه‌گه‌ر بڕواننه ئه‌نجامی بڕیاره‌کانی به‌کار هێنانی کێشه‌ی کورد، ده‌بینن ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌یان لێکه‌وتۆته‌وه. له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، مه‌سه‌له‌ی کورد له سیاسه‌تی تورکیا، له لایه‌ن حکومه‌ته جیاوازه‌کانه‌وه به‌رده‌وام وه‌کوو ئامرازێک به کار هاتووه و بۆته یاسای گه‌مه‌یه‌کی قڕێژ بۆ سات و سه‌ودای سیاسی. بۆیه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتداره سیاسی و رێکخراوه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی راشکاوانه یاخۆ به شاراوه‌یی په‌یڕه‌وی و پشتگیری لێده‌که‌ن. هیچکه‌س ئیراده‌یه‌کی سیاسی و بوێرییه‌کی ئه‌خلاقی نییه له‌مڕوه‌وه دژی ئه‌ردۆغان ده‌ربکه‌وێ و بیخاته ژێر پرسیاره‌وه. له تورکیا ده‌توانی سه‌باره‌ت به ئیسلام، ئه‌ڕته‌ش، کار، پرسی قوبرس یاخود مافه‌کانی ژنان ره‌خنه له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات بگری، به‌ڵام خاڵێکی قه‌ده‌غه‌کراو هه‌یه که ئه‌ویش پرسی کورده. له‌و هێڵه سووره‌ش به‌و لاوه‌تر، باسی رێککه‌وتنێک له ئارا دایه که بۆته هێڵێکی سوور. سه‌باره‌ت به ده‌رهاویشتنی پرسی کورد له قۆناغی دێمۆکراتی بووندا، یه‌کێتیه‌کی فیکری نه‌گۆڕ هه‌یه.
له ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په‌وه گوێمان له‌وه بوو "پرسی کورد هه‌یه" که له سه‌رده‌می "ئوێزال" به دواوه نه‌مانبیستبوو، میت و په‌که‌که چاوپێکه‌تنیان ئه‌نجامدا، گرووپی ئاشتی له ده‌روازه‌ی خابووره‌وه گه‌ڕانه‌وه... پێتان وانییه له قسه‌کانتاندا ئه‌مانه‌تان له به‌رچاو نه‌گرتووه؟
ئه‌ردۆغان، شتێکی هه‌یه که ماوه‌یه‌کی درێژه له تورکیا هیچ هێزێکی سیاسی نه‌یتوانیوه به ده‌ستی بێنێ. ئه‌ردۆغان سیاسه‌تی تورکیا له ناوه‌نده‌وه کۆنتڕۆڵ ده‌کا. به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ناوه‌ند و کۆنتڕۆڵکردنی، له سیاسه‌تی یه‌کگرتنی بیرۆکه‌ی مۆدێرندا زۆر گرینگه. له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان، حیزبه سیاسیه‌کان، هه‌ندێک جار به ته‌نیا و هه‌ندێک جار له رێگه‌ی دامه‌زراندنی کوالیسیۆن و رێککه‌وتنی سیاسی کورتخایه‌ن، هه‌وڵیاندا کۆنتڕۆڵی ناوه‌ند بگرنه ده‌ست، به‌ڵام نه‌یانتوانی. که‌چی ئه‌ردۆغان له‌مه‌دا سه‌رکه‌وت.
ئه‌ردۆغان، له سایه‌ی هێزێک که له ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه به‌ده‌ستی هێنابوو، چووه دیاربه‌کر و گوتی "له تورکیا پرسی کورد هه‌یه"، له شاری ماردین، له‌به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی، رێگه‌ی به کۆرسی دڵخوازانه‌ی زمانی کوردی له هه‌ندێک زانکۆ دا. ئه‌ردۆغان به‌م کارانه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ یاخۆ پێویسته گوێی لێ‌بگرن، په‌یامێکی به‌مجۆره‌ی دا: "من خاوه‌نی هێزێکم ده‌توانم پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی هه‌ره سه‌خت له تورکیا ده‌ست پێ بکه‌م که پێشتر هیچ سه‌رۆک وه‌زیرێک نه‌یتوانیوه بیکا. ئه‌م هێزه‌ش به گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆم به کار دێنم." ئه‌ردۆغان ئه‌م په‌یامه بۆ که‌سانێک ده‌نێرێ که پێویسته گوێیان لێ بێ و به‌ر له‌وه‌ی ته‌نیا په‌یامێک بێ، ده‌یه‌وێ له مه‌رجه‌کانیشی تێبگه‌ن.
ئه‌م بانگه‌وازه پڕ له متمانه‌یه‌ی، به کاره‌کته‌ری به‌هێز یاخۆ نیازێکی پاکی ئه‌ردۆغانه‌وه نابه‌ستمه‌وه، به‌ڵکو پێوه‌ندی به سه‌رمایه‌ی سیاسی پاڵپشت به پشتیوانی ناوه‌ند و پشتگیری چینی نێوه‌ندی نوێ هه‌یه که هه‌شت ساڵه ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتووه. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه، ته‌نانه‌ت بوو به هۆی ئه‌وه‌ی له ناو پارتیهکهیدا له لایه‌ن هه‌ندێک گرووپه‌وه پشتیوانی بێ مه‌رجی لێ بکرێ.
ئه‌گه‌ر ده ساڵ لهمهوپێش به منیان گوتبا "پۆلیسه‌کان هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ناوه‌نده سه‌ربازییه‌کان و ژه‌نه‌ڕاڵه تورکه‌کان به مه‌به‌ستی دادگایی له دادگای سڤیل قۆڵبه‌ست ده‌که‌ن" بڕوام نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چه‌ند ساڵ لهمهوپێش ئه‌مه‌م به چاوی خۆم بینی. ئه‌مه نیشان ده‌دا که ئه‌ردۆغان، له سه‌ر بنه‌مایه‌کی تۆکمه ده‌ڕواته پێش و پشتی به ده‌سه‌ڵات و پشتیوانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویست قایمه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌خنانه‌ی سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی ده‌سه‌ڵاتخواز و هه‌ڵوێسته‌کانی لێی ده‌گیرێ، دڵنیایه پشتیوانی لێده‌کرێ. بیستوومه له ناو پارتیه‌که‌ی خۆشی دا سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێسته ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌که‌ی له روانگه‌ی سیاسیه‌وه ره‌خنه‌ی هاوشێوه له ئه‌ردۆغان گیراوه.
ئه‌م زانیارییه‌تان له کوێ ده‌ست که‌وتوه؟
ناوی که‌س ناهێنم. نازانم راسته یان ناڕاست، به‌ڵام نامه‌وێ بڵێم له ناو ئاکه‌په‌دا فراکسیۆنێکی گه‌وره دژ به ئه‌ردۆغان هه‌یه. نه‌خێر، مه‌به‌ستم ئه‌مه نییه، به‌ڵکو بیستوومه له ناو ئاکه‌په‌دا، هه‌ندێک که‌سی گرینگ و پایه‌به‌رز پێیان وایه ئه‌ردۆغان هێزێکی زۆر گه‌وره‌ی قۆرخ کردوه. بۆ نموونه، له‌م دواییانه‌دا گوتیان که سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رفراوانی ناوبراو له به‌رامبه‌ر میدیا ره‌خنه‌ی لێ گیراوه. هه‌ندێک سیمای ناو پارتیی داد‌و گه‌شه‌پێدان، پێیان وایه هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌ردۆغان بونیادنه‌ر نین؛ له ئاخافتنه تایبه‌تیه‌کاندا، ئه‌مه به شێوازێکی پاوانخوازانه له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئایدیۆلۆژیای ئێستای په‌که‌که به چ شێوه‌یه‌ک پێناسه ده‌که‌ن؟
ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تێکه‌ڵیه‌ک بووه له مارکسیزم و ناسیۆنالیزم. ئه‌م دوو ته‌وه‌ره، له پێکهاته‌ی گوتاری ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که دا زیاتر شان به شانی یه‌کتر بوونیان هه‌بووه. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له قۆناغی نێوان ساڵانی 1984 بۆ 1994، مه‌یلی ناسیۆنالیزم زیاتر زاڵ بووبێ، ئه‌وا له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا، به تایبه‌ت پاش دابڕانی ئوێجاڵان له سووریا، بارودۆخه‌که گۆڕا. به‌ڵام گۆڕانی راسته‌قینه، دوابه‌دوای گیرانی ئوێجاڵان له فێڤرییه‌ی 1999 هاته ئاراوه. ئه‌م گۆڕانکارییه که به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی چه‌پ ده‌ڕۆیشت، به گوتاری کۆنگرا گه‌ل، گه‌یشته لووتکه‌ی خۆی. به بۆچوونی من، زاڵبوونی لایه‌نی مارکسیستی – سۆسیالیستی و وه‌رسوڕان به‌ره‌و چه‌پ شان به شانی کۆنگرا گه‌ل، له پارێزنامه‌ی عه‌بدوڵا ئوێجاڵان دا باسی لێوه کراوه و له زۆربه‌ی نووسراوه‌کانی دیکه‌یدا که له گرتووخانه نووسیویه‌تی، له سه‌ر هه‌مان رێباز رۆیشتووه‌ته پێش. ره‌وتی پێشڤه‌چوونی ئه‌م گۆڕانکارییه به‌ره‌و چه‌پ، ره‌گه‌زی ناسیۆنالیزمی له ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا که‌مڕه‌نگتر کرده‌وه. دوای کۆنگرا گه‌ل، له ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا که‌متر جه‌خت له سه‌ر کوردایه‌تی و ناسنامه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی کرایه‌وه و گوتاری رێکخراوکه به‌ره‌و سۆسیالیزم ئاڕاسته کرا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕانه، به راستی باش ئۆرگانیزه کرابا، له سه‌ر ژێرخانێکی قایم و سۆسیالیزمێکی دێمۆکراتیکی تیۆریزه کراو ئه‌نجام درابایه، ئه‌وا پشتگیریم لێده‌کرد. به‌ڵام ره‌وشه‌که به‌مجۆره نه‌ڕۆیشته پێش. به‌ڕای من، په‌که‌که زۆر گرینگیی به ژێرخانی تیۆری و فۆرموولاسیۆنی گۆڕانکارییه‌که نه‌دا. تێناگه‌م بۆچی په‌که‌که ناچار ما کاریگه‌ری زاڵبوونی لایه‌نی ناسیۆنالیزمی کورد که‌م بکاته‌وه و له سه‌ر بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم چڕ بێته‌وه. هیچ هۆکارێکی سیاسی جگه له ململانێی ده‌سه‌ڵاتی فراکسیۆنه‌کانی ناو رێکخراوه‌که له پشت گۆڕانکاریی له ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا نابینم. پێموایه کۆنگرا گه‌ل، له ئه‌نجامی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی باڵه‌کانی نێو سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که دروست بوو. حاڵی حازر، فراکسیۆنی ناسیۆنالیزم لاواز و چه‌پ براوه‌یه. ئێستا له ناو رێکخراوه‌که، له نێوان ئه‌م دوو ره‌وته‌دا هاوسه‌نگیه‌کی باشتر هه‌یه. وێده‌چێ دوابه‌دوای به‌رزکردنه‌وه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان وه‌ک که‌سی دووهه‌م پاش ئوێجاڵان، له نێوان باڵه‌کانی ناو رێکخراوه‌که له بۆچوونه‌کاندا سازشێک هه‌بێ
ئێوه ده‌ڵێن با په‌که‌که شێوازی کارکردنی به سیاسه‌ت دابگرێ. ده‌کرێ زیاتر ئه‌مه روون بکه‌نه‌وه؟
له به‌ر زۆر هۆکار وا ده‌ڵێم و ئه‌مه به ته‌واوه‌تی بۆچوونی خۆمه. به‌ڕای من په‌که‌که، پێویسته ریفۆرمی ناو رێکخراوه‌یی پێک بێنێ. گۆڕانی پراکتیکی و گوتاری په‌یڕه‌و کراو له لایه‌ن کۆنگرا گه‌له‌وه، هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و دواوه. پێموایه پێویسته په‌که‌که ئایدیۆلۆژیاکه‌ی مۆدێڕنیزه و به رۆژ بکا. له هه‌ندێک روانگه‌وه، ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که هێشتا له رابردوو دا ده‌ژی. له رۆژی ئه‌مڕۆدا، پره‌نسیپی سه‌ره‌کی رێکخراوه‌کان، خۆ پێناسه کردنه‌وه‌یانه له سه‌ر بنه‌ماگه‌لی دێمۆکراتیک. سه‌رکردایه‌تی، پێویسته له گرنگی دیموکراتیزه‌بوون تێ بگا و له پێناو دێمۆکراتیزه‌کردنی رێکخراوه‌که‌دا وه جموجوڵ بکه‌وێ
ئه‌م ده‌سته‌واژانه له کرده‌وه‌دا چۆن پیاده ده‌بن؟
زۆر ئه‌سته‌مه بڵێیت ئایدیۆلۆژیا و پێکهاته‌ی رێکخراوێکی سیاسی – چه‌کدار به چ شێوه‌یه‌ک دێمۆکراتیزه ده‌کرێ. خۆ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رییه‌کی سیاسییانه له رۆژه‌ڤ دابایه، له‌مباره‌وه ده‌متوانی به ورده‌کارییه‌کی زیاتر و راشکاوانه‌تر قسه بکه‌م. به‌ڵام شتێکی وا به‌دی ناکرێ. بۆیه نامه‌وێ ئێستا سه‌باره‌ت به رێفۆرمی ناو رێکخراوه‌که و دێمۆکراتیزه‌بوونی قسه بکه‌م.
گه‌لۆ له‌وه نیگه‌رانن ئه‌گه‌ر راشکاوانه قسه بکه‌ن زیان به په‌که‌که بگا؟
مه‌سه‌له، زیان گه‌یاندن به په‌که‌که نییه. هۆکاری دوودڵێم ئه‌مه نییه. زۆر که‌س به‌وانه‌ی ناو په‌که‌که‌شه‌وه لێره‌دا ده‌پرسن "کاتێک که په‌که‌که شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌کا، چۆن ده‌کرێ باسی ریفۆرم و دێمۆکراتیزه‌بوونی پێکهاته و ئایدیۆلۆژیا بکرێ؟" ئه‌م ئارگۆمێنته، خاوه‌نی لۆژیکێکی زۆر به هێزه. له‌مه زیاتر قسه ناکه‌م چونکه هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌ت به‌وه نادا. هۆکاری بڕیاری نه‌چوونه ناو ورده‌کارییه‌کان، ئه‌وه نییه که ئه‌م قسانه کێشه‌یه‌ک بۆ من دروست ده‌که‌ن. که‌سانی ناو رێکخراوه سیاسیه کوردیه‌کان، له مشتومڕی ریفۆرم تێده‌گه‌ن. ده‌مه‌وێ بڵێم، سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی دێمۆکراتیزاسیۆن و ریفۆرم، بێ ئه‌وه‌ی له قۆناغی سیاسی و سه‌ربازی دا بی، ئه‌گه‌ر له ئۆفیسی زانکۆ دانیشتووین و فکر پێشنیار ده‌که‌ین، با به هه‌ق ره‌خنه بگرین
ئایا له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که ستراتیژی خه‌باتی چه‌کداری رۆڵی خۆی بینیوه و ئیتر پێویست به سیاسه‌تێکی نوێ ده‌کا؟
به‌ڵێ پێموایه. هاوکات پێموایه سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که‌ش، له‌مباره‌وه دژی من ده‌رناکه‌وێ. هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی ده‌زانن شه‌ڕ و پێکدادان له به‌رامبه‌ر رێگاکانی تری تێکۆشان، ستراتیژییه‌ک نییه هه‌تا دوایی به‌رده‌وام بێ. زۆر هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که بڕوا نه‌کا خه‌باتی چه‌کداری، ستراتیژییه‌کی ئه‌به‌دییه. بۆیه ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک من داکۆکی له‌وه بکا که سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری تێپه‌ڕیوه، ئه‌وانیش له گه‌ڵی هاوبۆچوون ده‌بن. ئاماژه‌ی به‌هێز هه‌ن که نیشان ده‌دا له مێژه به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتوون. ئارگۆمێنته‌کانم نابێته مایه‌ی سه‌رسوڕمانی ئه‌وان.
هه‌م ئوێجاڵان و هه‌م قه‌ره‌یڵان ده‌ڵێن ئه‌وان لایه‌نگری شه‌ڕ نین به‌ڵکو ئاشتییان ده‌وێ. به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه په‌که‌که په‌ره به هێرشه‌کانی ده‌دا. بۆچی؟
نازانم. ته‌نیا که‌سێک که له نزیکه‌وه ئاگادار بێ له ناو په‌که‌که چی روو ده‌دا، ده‌توانێ وڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه. من ئێستا هیچ زانیارییه‌کم له سه‌ر ئه‌م مژاره نییه.
له گه‌ڵ ده‌سپێکردنی پێڤاژۆی ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی سڤیل و له کاتێکدا رای گشتی پشتگیری له چاوپێکه‌وتنه‌کانی میت – په‌که‌که ده‌کرد که ده‌رخه‌ری بوونی ئیراده بوو له پێناو به‌دیهێنانی ئاشتی، بۆچی 24 مرۆڤ کووژران و پێداگری له سه‌ر توند‌و تیژی کرا؟ ئایا له‌مباره‌وه هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌کتان نییه؟
پێم وانییه ئه‌مه رێگه‌یه‌کی بونیادنه‌ر بێ بۆ گه‌یشتن به بابه‌تێک. پێویسته بیر له‌و قسانه‌ش بکرێته‌وه که سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وت له گه‌ڵ پرسی کورد وه‌ک ئامرازێک له سیاسه‌تی تورکیا دا باسمان کرد. به کارهێنانی پرسی کورد وه‌ک ئامراز، له ململانێی ده‌سه‌ڵاتی نێو سیاسه‌تی تورکیا، به‌رده‌وام به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی کورتخایه‌نی سیاسی به‌دواوه بووه. به‌ڵام له سیاسه‌تدا، یاسایه‌ک هه‌یه به‌ناوی "یاسای ده‌رئه‌نجامه نه‌ویستراوه‌کان" که هه‌مووان به باشی ده‌یزانن. لۆژیکی کورت خایه‌نی نزیکبوونه‌وه له مه‌سه‌له‌که وه‌ک ئامرازێک، زۆربه‌ی کات ده‌رئه‌نجامی نه‌ویستراوی لێده‌که‌وێته‌وه که به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌م سیاسه‌ته پێش بینی ده‌که‌ن. پۆزۆسیۆنی ئه‌مڕۆی په‌که‌که، ده‌بێ وه‌ک ئه‌نجامی نه‌ویستراوی به ئامرازکردنی کورتخایه‌ن و بیرکردنه‌وه‌ی ساویلکانه‌ی سیاسه‌تی تورکیا ببینرێ.
بۆچی سیاسه‌تی کوردی ئازاد نییه؟
بۆ تێگه‌یشتن له‌م دۆخه پێویسته به شێوه‌یه‌کی جیاوازتر سه‌یری سیاسه‌تی کورد و مه‌سه‌له‌ی په‌که‌که بکرێ. له‌م ره‌وشه‌دا، گه‌ڕان به‌دوای مه‌سه‌له‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی به‌ده‌په و پارتییهه کوردیه‌کانی دیکه‌ی رابردوو، شتێکی بێ مانایه. بۆ تێگه‌یشتن له‌مه، پێویسته له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه بێیته ده‌ره‌وه که له لایه‌ن حکومه‌ت و میدیای ناسیۆنالیستیه‌وه بونیاد نراوه. ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا، وێنه‌یه‌کی جیاواز به دی ده‌که‌ی و له‌م وێنه‌یه‌شدا ئه‌م راستیانه ده‌بینی: په‌که‌که، رێکخراوێکه به دوو ناسنامه‌وه. له لایه‌که‌وه په‌که‌که‌یه‌ک هه‌یه که رێکخراوێکی سیاسیه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، په‌که‌که‌یه‌ک که جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیه. پارتیه سیاسیه‌کانی کورد، ده‌توانن دژی په‌که‌که وه‌ک رێکخراوێکی سیاسی ده‌ربکه‌ون و هه‌وڵ بده‌ن سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و پراتیکی خۆیان بپارێزن، به‌ڵام ناتوانن کار بکه‌ن ئه‌گه‌ر بێت و په‌که‌که وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پشتیوانیان لێ نه‌کا. ده‌بێ له نێوان ئه‌م دوو ناسنامه‌یه‌ی په‌که‌که دا جیاوازیه‌کی ورد دابنرێ و به داخه‌وه حکوومه‌تی تورکیا، رۆشنبیران و میدیای ناسیۆنالیستی تورک له‌م جیاوازییه تێناگه‌ن و نایبینن.
ده‌توانن په‌که‌که به "رێکخراوێکی تیرۆریستی" له قه‌ڵه‌م بده‌ن، ده‌توانن بڵێن "ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، مه‌سه‌له‌یه‌کی ئه‌ڕته‌ش و هێزه ئه‌منیه‌کانه" و به‌مجۆره بابه‌ته‌که بخه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌یه‌کی سیاسیه‌وه، به‌ڵام ناتوانن پاشگری "تیرۆریست"ی به بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بلکێنن. چونکه جوڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ناو گه‌لی کورد دا ریشه‌ی داکوتاوه . هیچ حکوومه‌تێک له دنیا دا، به گه‌لێک ناڵێ تیرۆریست. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بکا، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیداری کردووه که ده‌بێته هۆی پارچه‌بوونی وڵات له رووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. حکومه‌تێکی به‌م شێوه‌یه، ناتوانێ بانگه‌شه بکا له ناو گه‌لی کورد دا یان لانیکه‌م له ناو به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و گه‌له‌دا، مه‌شرووعیه‌تی هه‌یه. ئه‌مڕۆکه له تورکیا زۆر ئه‌سته‌م نییه بزانی په‌که‌که وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی کار ده‌کا که گه‌لی کورد به‌رده‌نگیه‌تی.
ئایا به‌ده‌په ده‌توانێ ببێته حیزبێکی فره ده‌نگ، ئه‌گه‌ر په‌که‌که رێگه بدا؟
من باسی ئیزن دان یاخۆ مۆڵه‌تم نه‌کردوه. من ته‌نیا باسی په‌یوه‌ندی پارتیهکانم کردووه له گه‌ڵ په‌که‌که وه‌ک رێکخراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ناو کۆمه‌ڵگای کورد دا ریشه‌ی داکوتاوه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌تان ئه‌مه بێ، به‌ڵێ، وا ده‌ڵێم. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا له ره‌وشێکدا دروست ده‌بێ که مه‌سه‌له‌ی کورد چه‌ک بکرێ، هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له رۆژه‌ڤی ئه‌منی ده‌ربهاوێ و بیخاته ناو قۆناغێکی دێمۆکراتیکه‌وه. له‌م روانگه‌وه، ده‌توانین به هۆی ئه‌وه‌ی په‌که‌که، هه‌وڵی داوه و ده‌یه‌وێ هێژمۆنی سیاسی و فه‌رهه‌نگی خۆی به سه‌ر ناوچه کوردییه‌کان دا بسه‌پێنێ، ره‌خنه بگرین. ئه‌وه‌ی راستی بێ من ئه‌و کاره‌م کردووه. سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی پاوانخوازانه له مه‌یدانی سیاسی و سڤیلی کورددا، ره‌خنه‌م له په‌که‌که گرتووه. له به‌رامبه‌ر وه‌ها ره‌خنه‌یه‌کدا، وڵامێکی به‌م چه‌شنه‌یان داوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت به خودی خۆشمیان گوتوه: "ئێمه ناچارین خۆمان بپارێزین، ئێمه هێزێکین له شه‌ڕ داین".
بۆچی په‌که‌که خۆی پاراست؟ بۆچی له گه‌ڵ رۆشنبیرانی کورد تێکه‌ڵ نه‌بوو؟
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، له قۆناغی تێکۆشان له به‌رامبه‌ر هێزێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی که هه‌ڕه‌شه له مانه‌وه‌ی ده‌کا، هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوو ده‌نوێنێ. په‌که‌که، ته‌نیا پێوه‌ندیدار به‌م هه‌ڕه‌شه و نهیارێتییه، ده‌توانێ پاساو بۆ هه‌ڵوێستی توند و پاوانخوازانه‌ی له بواری سیاسی و رای گشتی دا بێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ره‌وشی سیاسی گۆڕانی به سه‌ر دابێ، هه‌ڵوێستی پاوانخوازانه درێژه‌ی نابێ و له ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا فره‌چه‌شنی دروست ده‌بێ. ئه‌مه‌ش ده‌توانێ کاریگه‌ری بکاته سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کورد. هه‌ن ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی کورد ئه‌م هه‌ڵوێسته پاوانخوازانه‌یه په‌سند ناکه‌ن و دژایه‌تی ده‌که‌ن. هه‌ندێک له‌وان قسه‌یان کرد و رێزیان نه‌ما. بۆچی؟ هۆکاره‌که‌ی ئاشکرایه: قورساییان له ده‌ست دا چونکه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌لی کورد پێیان وابوو ئه‌وان وازیان له ئامانجه هاوبه‌شه‌کان و گه‌لی خۆیان هێناوه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری رۆشنبیران بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، چونکه پێیان وابوو قۆناغێکی هه‌ستیاره و ده‌بێ ئه‌وان بێده‌نگ بن. سه‌ره‌ڕای ره‌خنه، ناکۆکی و ته‌نانه‌ت دژایه‌تی پێیان باش بوو گۆمه‌که نه‌شڵه‌قێنن.
له نموونه‌ی باشووری کوردستاندا، رۆشنبیره‌کان له روانگه‌ی مێژووییه‌وه به‌شێک بوون له بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگری کورد. بۆیه‌ش گرێدراوی ئه‌و دوو پارتییه سه‌ره‌کییه بوون که پێشه‌نگایه‌تی خه‌باتیان ده‌کرد. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی دوو هێزی ئاماژه‌پێکراو، حکوومه‌تیان پێکهێنا، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری رۆشنبیران بوونه پارچه‌یه‌ک له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگاکانی حکوومه‌ت. له به‌ر ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی من له هه‌ولێر مه‌حاڵ بوو. سه‌رۆکی زانکۆ بووم، واته ئه‌رک پێ سپێردراوێکی فه‌رمی بووم. حکومه‌ت، له کاتی بڕیاردان و سیاسه‌ت گوزاری دا، ده‌یویست کاربه‌ده‌سته پایه‌به‌رزه‌کان خاوه‌ن پۆزۆسیۆن بن. به‌م شێوه‌یه، رۆشنبیره‌کانیش بێده‌نگ ده‌بوون و ملکه‌چی هێڵی ره‌سمی ده‌بوون. به‌ڵام من وام نه‌کرد. بیر‌و بۆچوون و تێڕوانینی خۆم هه‌بوو. من خۆم شته‌کان ئانالیز ده‌که‌م، هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنم و جێبه‌جێیان ده‌که‌م. به‌ر له بینینی رووداوێک، بۆچوونێکی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به رووداوه‌کان و قۆناغه‌کان به دی دێنم. وه‌ک رۆشنبیرێک پێموایه ده‌ربڕینی ئه‌م فیکرانه به‌رپرسیارێتێکی ئه‌خلاقیه له سه‌ر شانی من. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه، ئه‌ڕته‌شی تورکیا زستانی ساڵی 2008، سنووری به‌زاند و هێرشی کرده سه‌ر په‌که‌که، خوێندکارانی زانکۆکه‌م ئه‌م هێرشه‌یان پرۆتێستۆ کرد. کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت ڕاشکاوانه بێزاری خۆیان له به‌رامبه‌ر ئه‌م چالاکیانه ده‌ربڕی. پێیان خۆش نه‌بوو ئه‌م رووداوانه له هه‌ولێر بێنه ئاراوه. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون من وه‌ک سه‌رۆکی زانکۆکه، گوشار بۆ سه‌ر خوێندکاران بێنم و چالاکیه پرۆتستۆییه‌کان رابگرم. منێک که بڕوام به‌وه هه‌یه ئازادی راده‌ربڕین مافی هه‌ره سه‌ره‌کی و دێمۆکراتیکی تاکه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی دا، چۆن به خوێندکارانم گوتبا بێده‌نگ بن؟ ئه‌وه مافی خۆیانه به‌ره‌نگاری سیاسه‌تێک ببنه‌وه که پێیان وایه هه‌ڵه‌یه و زیانی لێده‌که‌وێته‌وه. ئێمه‌ش به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نابێ مافی ئه‌نجامدانی چالاکی پێشێل بکه‌ین جا فیکری پشت ئه‌نجامدانی چالاکیه‌که هه‌ڵه بێ یان راست. به‌ڕای من ئه‌گه‌ر ببیته کاربه‌ده‌ستێکی ده‌وڵه‌تیش، نابێ واز له بیری ره‌خنه‌گرانه بێنی. ئه‌وه ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌مان پێوه‌ندیی نێوان په‌که‌که و رۆشنبیران. نرخی هه‌ره گه‌وره به لای منه‌وه راستییه و ئه‌مه‌ش نابێ ببێته قۆچی قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی.
رۆشنبیری کورد کێیه؟
لێره‌دا ده‌مه‌وێ هه‌ڵاواردنێک بکه‌م. ده‌توانین ده‌رباره‌ی رۆشنبیرانی کورد و تورک قسه بکه‌ین. زۆر که‌س به‌م بواره‌وه سه‌رقاڵ بووه. به‌ڵام من که بمه‌وێ سه‌باره‌ت به چینی رۆشنبیری کورد قسه بکه‌م، مه‌به‌ستێکی دیکه‌م له پێناسه‌ی رۆشنبیری هه‌یه. چونکه رۆشنبیر کاره‌کته‌رێکی دیاریکراوی هه‌یه و ئه‌م کاره‌کته‌ره راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، پێوه‌ندی به پڕۆژه‌ی سیاسیه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر لێم بپرسن له تورکیا بۆ پێکهێنانی چ پرۆژه‌گه‌لێک کار ده‌که‌م، ئه‌وا پڕۆژه‌ی سیاسی من چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و دێمۆکراتیکی پرسی کورد ده‌بێ له پێناو کۆتایی هێنان به توند‌و تیژی بێ واتا، مه‌رگ و له‌ناوچوون. ئه‌وه‌ی که ئه‌م ئامانجه به چ شێوه‌یه‌ک به‌دی دێ، ئه‌وه باسێکی دیکه‌یه به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌که‌م کاره‌کته‌رێکی دێمۆکراتیک، مه‌ده‌نی و به‌هێزی هه‌بێ. کاره‌کته‌رێکی وه‌ها، به ئامانجی تاکه‌که‌سی له گه‌ڵ پڕۆژه هاوشێوه‌کانی تر له تورکیا په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێ و به‌مجۆره له پێناو هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و دێمۆکراتیکی پرسی کورد کۆمه‌ڵێک له مرۆڤه‌کان لێک کۆ ده‌بنه‌وه. ئه‌م مرۆڤانه، به مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به مردن و له‌ناوچوون له تورکیا و یارمه‌تیدان به چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد، له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌که‌دا ناسنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش پێکدێنن.
کاتێک باس له "رۆشنبیری کورد" ده‌کرێ، ئه‌و ناوانه زیاتر به مێشک ده‌گه‌ن که پێناسه‌یه‌ی "یاڵچین ئاکدۆغان"ی ئاکه‌په‌یی ده‌یانگرێته‌وه: "دێمۆکراته‌کانی دژ به په‌که‌که". ئایا له ناو رۆشنبیرانی کورد دا هه‌ن که‌سانێک دژی په‌که‌که بن؟
به‌ر له هه‌ر شتێ من له‌وه تێناگه‌م بۆچی رۆشنبیرێک ده‌یه‌وێ وه‌ک دژبه‌ر یان لایه‌نگری په‌که‌که له قه‌ڵه‌م بدرێ. سیاسه‌ت، بڕوایه‌کی ئایینی نییه. به بۆچوونی من، رۆشنبیره‌کان پێویسته به ویژدان بن، خوو بده‌نه راستی و ئه‌و فیکره له ناو به‌رن که ببنه دژبه‌ری په‌که‌که. که‌سێک که خۆی به رۆشنبیر پێناسه ده‌کا، ته‌نیا له سایه‌ی ئه‌مه‌دا، خۆی له پێگه‌یه‌کی سیاسی ره‌ها دا نابینێته‌وه. فیکری موتڵه‌ق و ره‌ها، له دۆگمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. پێوه‌ندی به راستینه‌ی دین و ئیمانه‌وه هه‌یه. دۆگم، بیرکردنه‌وه‌ی ره‌ها و پۆزۆسیۆنی سیاسی ره‌ها، دژی ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی لۆژیکانه‌یه. رۆشنبیرێک ته‌نیا له رێگه‌ی شۆپاندنی راستی و ئه‌قڵه‌وه، ده‌توانێ بڵێ پشتیوانی له پۆزۆسیۆنی په‌که‌که ده‌کا یان ره‌تی ده‌کاته‌وه. ئه‌مه بۆ هه‌موو سیاسه‌تێک وایه. له مه‌سه‌له‌ی ئه‌قڵدا، راستی یاخۆ چه‌وتیی ره‌ها بوونیان نییه. راستی رێژه‌ییه و ته‌نیا راستیه‌کی رێژه‌یی، ده‌توانێ رێبه‌ری ویژدانمان بێ. له تورکیا، بۆچوونێکی گشتی هه‌یه که پێی وایه رۆشنبیرانی کورد له نێوان به‌رداشی حکومه‌ت و په‌که‌که دان. به شێواز و میتۆدی جۆراوجۆریش بێ، هه‌ر دوو لا گوشاریان بۆ دێنن. به‌ڵام هه‌ر دوو لا به راده‌یه‌ک کرده‌وه‌گه‌لی دێسپۆت و دژه دێمۆکراتیکیان نییه که ده‌نگی رۆشنبیران کپ بکه‌ن. ناڵێم په‌که‌که رێکخراوی هه‌ره دێمۆکراته و له رابردوودا، ره‌خنه‌م له ئاڕاسته‌ی پاوانخوازنه و سه‌رکوتکه‌رانه‌ی په‌که‌که له بواری سیاسی، رۆشنبیری و گشتیه‌وه گرتووه. ئێستاش ره‌خنه له مه‌یل وچالاکی زیانبه‌خش به رۆشنبیری و رای گشتی ده‌گرم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمه‌وێ پڕۆژه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و دێمۆکراتیکی پرسی کورد له تورکیا پێشکه‌ش بکه‌م، واز له‌مه ناهێنم. به‌رپرسیارێتی و به‌ڵێنێکی ئاوا به فکرێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه ده‌بێ ئاراسته بکرێ؛ به‌ڵام ره‌خنه‌یه‌کی بونیادنه‌رانه نه‌ک روخێنه‌ر.
به بۆچوونی من، په‌که‌که به گوێره‌ی پێویست گرینگی به ئاوه‌زێکی ره‌خنه‌گرانه له بواری کارکرد و گوتاری دێمۆکراتیک له کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی نه‌داوه.ده‌نا هه‌وڵی نه‌ده‌دا له بواری رۆشنبیری و رای گشتیه‌وه، پاوانخوازی تاقی بکاته‌وه. به هه‌ڵه تێگه‌یشتنی په‌که‌که له سروشتی دێمۆکراتیکی رای گشتی مودێرن و پراتیک و گوتاری رۆشنبیری پێوه‌ندیدار به‌مه‌وه، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو. په‌که‌که جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زیندوو و کارتێکه‌ری دامه‌زراند، به‌ڵام نه‌یتوانی جوڵانه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیر دروست بکا. خاڵی لاوازی و که‌مایه‌سی گرینگی په‌که‌که هه‌ر ئه‌مه‌یه. ئاگاداری ئه‌مه هه‌ن و له کاتێکدا وازیان له هه‌ڵسوکه‌وتی پاوانخوازانه له به‌ستێنی رۆشنبیری گشتی نه‌هێناوه، هه‌وڵده‌ده‌ن بارودۆخه‌که له‌بار بکه‌نه‌وه. په‌که‌که ده‌بێ بزانێ پێدوایستی هه‌ره سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی ئاکتیڤ، بنه‌مایه‌کی دێمۆکراتی گشتی و بوارێکی فه‌رهه‌نگی زیندووه. ده‌بێ پشتگیری له‌م فه‌زا گشتیه بکا و بۆ سه‌ربه‌خۆ بوونیان هانیان بدا. هه‌وڵ بدا هێزه‌کانی له سه‌ربه‌خۆیی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دا به کار بێنێ. ئه‌م کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نییه دژی توند‌و تیژی یاسایی و نایاسایی ده‌توانێ ببێته به‌ربه‌ستێکی به‌هێز.
ئه‌مڕۆکه رۆشنبیری کورد به سه‌ر سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش بووه: که‌مینه‌یه‌کی لایه‌نگری په‌که‌که، که‌مینه‌یه‌کی دژبه‌ری په‌که‌که. ئه‌م دوو گرووپه چالاکن و ده‌نگیان هه‌یه. به‌ڵام له نێوان ئه‌م دوو گروپه که‌مینه‌یه‌دا، زۆرینه‌یه‌ک هه‌یه. ئه‌م زۆرینه‌یه بێده‌نگه و ئاکتیڤ نییه. له رای گشتیدا، شان به شانی ئه‌وانی تر ده‌رناکه‌وێ. سیفه‌تی "رۆشنبیری دێمۆکراتی کورد" به سه‌ر رۆشنبیرانی که‌مینه گرووپی دووهه‌مدا ساغ بۆته‌وه. ته‌نیا هۆکاری پێدانی ئه‌و سیفه‌ته، ئه‌وه‌یه که ڕاشکاوانه دژایه‌تی خۆیان له گه‌ڵ په‌که‌که دێننه زمان. بۆیه پێدانی نازناوی "دێمۆکڕات" سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاری سیاسی زۆر روون. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌یانه‌وێ ره‌خنه‌گر و سه‌ربه‌خۆ بن و ده‌یانه‌وێ ببنه به‌شێک له چاره‌سه‌ری نه‌ک له کێشه‌که، پێویسته واز له ناسنامه‌یه‌کی ئاوا بێنن.
به‌ڕای ئێوه په‌که‌که له‌م روه‌وه گۆڕانی به سه‌ر دادێ؟
په‌که‌که ده‌رکی به گرینگی رای گشتی، گوتاری رۆشنبیران وه‌ک نوێنه‌رانی ئه‌م بواره و ئافرێنه‌رانی ره‌وتی فه‌رهه‌نگی کردووه. هێمای ئه‌م ده‌رک پێکردنه، له هه‌ڵسوکه‌وتی میدیاکان و به تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆن و رۆژنامه‌کان ده‌بینرێ. هه‌ست به گرینگی بواری بینین و بیستن ده‌که‌ن له راگه‌یه‌نه‌ره مودێرنهکاندا. له‌وانه‌یه ئه‌م مه‌یله له بواره فه‌رهه‌نگیه‌کانی دیکه‌ش دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ. به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، پێشکه‌وتنه‌کان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه تا چ راده ئاماده بن واز له هه‌ڵوێستی پاوانخوازانه بێنن. ئه‌گه‌ر بواری خه‌باته فه‌رهه‌نگیه‌کانیان دێمۆکراتیزه نه‌که‌ن و له‌و بواره‌وه پێ‌داگر بن له سه‌ر پاوانخوازی، ئه‌و ناکۆکیه‌ی له سه‌ره‌وه باسکرا هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بێ و له به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کان ده‌بێته ئاسته‌نگ.
ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی کورد چۆن ده‌بینن؟ ئایا له هه‌ر به‌شه و 4 ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر داده‌مه‌زرێ؟
ئه‌سته‌مه وا بڵێین چونکه سیاسه‌ت شتێک نییه به وێناکردن ئه‌نجام بدرێ. به‌ڵام ده‌توانم به دڵنیاییه‌وه بڵێم ئه‌گه‌ر پرسی کورد له تورکیا به رێگه‌ی دێمۆکراتیک و له نێو که‌شوهه‌وای ئاشتیدا چاره‌سه‌ر بکرێ، زۆر له حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پڕ بایه‌ختر ده‌بێ و هێزه سیاسیه نوێیه‌کانی تورکیا، له پێناو زمانێکی سیاسی و پێشکه‌وتنی دێمۆکراتیانه ده‌بنه خاوه‌نی تێڕوانینێکی نوێ. سه‌قامگیرکردنی دێمۆکراسی له تورکیا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانی داهاتوو له شۆڕشی دێمۆکراتیک دوا نه‌مێنن. کلیلی ئه‌م پێشکه‌وتنانه، بیری ستراتیژی و ئیراده‌ی سیاسیه که مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ قۆناغێکی دێمۆکراتیک. ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانی سیاسی، بۆ دوور بوونه‌وه له‌و که‌سانه‌ی حه‌ز به سه‌رکه‌وتنی ئه‌مه ناکه‌ن و بگره نه‌فره‌تیشی لێده‌که‌ن، پێویسته جه‌ساره‌تێکی ئه‌خلاقی و ئیراده‌یه‌کی سیاسیان هه‌بێ. به‌ڵام لێره‌دا ئێمه قسه له سه‌ر سیاسه‌ت ده‌که‌ین و ده‌زانین که له نێو سیاسه‌ت دا حه‌زکردن و نه‌فره‌ت مانای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه.
ئاخۆ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا پشتگیری له خۆسه‌ری ده‌کا؟
ئه‌مریکا به‌و راستیه گه‌یشتوه که ناوچه‌که گۆڕدراوه، چیتر سۆڤییه‌ت نه‌ماوه و شه‌ڕی سارد کۆتایی هاتووه. سیاسیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ناوه‌نده‌کانی بڕیاری سیاسی له‌و وڵاته ده‌زانن تورکیا و ئه‌ڕته‌شه‌که‌ی رۆڵیان له ناوچه‌که گۆڕدراوه. به رای من، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ ئه‌و قۆناغه سیاسیانه‌ی ده‌بنه هۆی گۆڕانکاری له نه‌خشه‌ی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماده نییه. ئه‌مه‌ریکا، هه‌رگیز له هیچ به‌شێکی کوردستان پشتگیری له ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ناکا. به‌ڵام به ره‌زامه‌ندییه‌وه پێشوازی له چاره‌سه‌ری دێمۆکراتیانه‌ی پرسی کورد له ناوچه‌که و به تایبه‌تی له تورکیا ده‌کا.
تا ئێستا شاهیدی پشتگیری نه‌بووین. چ شتێک گۆڕاوه؟
ئه‌مه‌ریکا، دوابه‌دوای تورکیا دانی به‌و مۆرکه "تیرۆریست"یه دانا که له په‌که‌که درابوو، تاکوو بۆ ناساندنی به‌رخۆدانی کورد و په‌که‌که سوودی لێ وه‌ربگرێ. به‌ڵام ئه‌مه ژێستێک بوو که ده‌رئه‌نجامی راوێژ، رێزگرتن و داننان بوو به سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی تورکی له چوارچێوه‌ی توانا یاسایی و سنووره سیاسیه‌کانی خۆیدا. تورکیا هاوپه‌یمانێکی نزیکه له ناوچه‌که‌دا. ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانێکی سه‌ربازییه که له ناتۆ زیاتر نزیکتره. ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی و سوپا – ئه‌منیی ئێستا له تورکیا بگۆڕدرێ، ئه‌و مۆرکه زیانبه‌خشه‌ی به ناسنامه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کورده‌وه دراوه، رووبه‌ڕووی گۆڕان ده‌بێته‌وه. پێویسته ئاماژه به نموونه‌یه‌ک بکه‌ین، رێکخراوی موجاهدینی خه‌لقی ئێران، که له سه‌رده‌می حوکمڕانی رژێمی "شا"وه هه‌یه، رێکخراوێکی چه‌کدار و ئیسلامی – سۆسیالیست بوو. ئه‌م رێکخراوه که دژی ده‌وڵه‌ت، خه‌باتی چه‌کدرای راگه‌یاندبوو، هێرشی ده‌کرده سه‌ر سامان و پێرسۆنێلی ئه‌مه‌ریکا له ئێران. پاش کوشتنی پێرسۆنێله سه‌ربازی و سیاسیه‌کانی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئێران، ئه‌مه‌ریکا ئه‌و رێکخراوه نهێنیه‌ی خسته لیستی تیرۆره‌وه. پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، رێکخراوی موجاهدینی خه‌لق، بوو به ئه‌ندامێکی چالاکی ئۆپۆزۆسیۆنی چه‌کدار دژ به رژێمی ئیسلامی ئێران. سی ساڵ پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، یه‌کێتی ئه‌وروپا ناوی ئه‌و رێکخراوه‌ی له لیستی تیرۆر سڕیه‌وه و ئه‌مه‌ریکاش به شێوه‌یه‌کی جدی بیر له‌وه ده‌کاته‌وه ئه‌و رێکخراوه له لیستی تیرۆر بێنێته ده‌ره‌وه. واتا سه‌رجه‌م ناسنامه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌سه‌پێندرێن و له لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه ده‌گۆڕدرێن. ئه‌مه مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ریکا بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی دێمۆکراتیک له تورکیا، هه‌مان شت له سه‌ر په‌که‌که‌ش پیاده بکا
به بۆچوونی من، دیپلۆماته ئه‌مه‌ریکی و بریتانیاییه‌کان، له شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی تورکیا له گه‌ڵ پرسی کورد رازی نین. چه‌ندین ساڵ لهمهوپێش دیپلۆماتێکی بریتانیایی گوتبووی "چاوه‌ڕوێ بووین تورکیا له‌مڕوه‌وه زۆر جوامێرانه‌تر بجوڵێته‌وه." پێموایه، ئه‌مه‌ریکاییه‌کان سه‌باره‌ت به‌و ناسنامه‌یه‌ی به سه‌ر په‌که‌که‌یان دا سه‌پاندوه، چاوه‌ڕوانی ئاماژه‌یه‌کن له لایه‌ن حکوومه‌تی تورکیاوه
یانی ئه‌مریکا له سه‌ر کاغه‌ز، په‌که‌که به رێکخراوێکی تیرۆریست ده‌بینێ؟
به‌ڵێ، له ئێستا دا وا دیاره. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به‌رده‌وام بن له سه‌ر به‌کارهێنانی وشه‌ی تیرۆریست، پێوه‌ندی به تورکیا و هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته له مه‌ڕ پرسی کورد و کورده‌کانی تورکیاوه هه‌یه. ئه‌گینا په‌که‌که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌یی و گه‌ردونیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا چ ده‌گه‌یه‌نێ؟ هه‌ندێک باس له‌وه ده‌که‌ن که ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی هه‌یه له نێوان نوێنه‌ره سیاسیه‌کانی کوردستانی عێراق و رێبه‌رانی په‌که‌که له چیاکانی قه‌ندیل. نازانم ئه‌مه تا چه‌ند راسته، به‌س زانیارییه‌که له سه‌رچاوه سه‌ربه‌خۆکانی کوردستانی عێراقه‌وه به ده‌ستم گه‌یشتووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر راستیش بێ، جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ریکا چاوپێکه‌وتن بکا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ په‌که‌که بۆچی له‌وێیه و چ به‌رنامه‌یه‌کی هه‌یه، هه‌روه‌ها له هه‌لومه‌رجی جێبه‌جێ بوونی به‌رنامه‌کانیان سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا دڵنیا بێ. به هه‌ر حاڵ ئه‌وه هه‌ستی منه. به بۆچوونی من، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی له مه‌ڕ په‌که‌که نییه و پێویستیشی به‌وه نییه.
ئه‌گه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوین سه‌ر له‌نوێ شێوه بگرێ، ئایا بۆی هه‌یه ئه‌مه‌ریکا جوڵانه‌وه‌ی کورد پشتگوێ بخا؟
کورده‌کانی سووریا، به شێوه‌یه‌کی جدی و هه‌مه‌لایه‌نه ئه‌مه‌ریکا نا، به‌ڵکو تورکیا سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامیی سیاسه‌ته‌کانی له مه‌ڕ په‌که‌که ده‌خه‌نه ململانێوه. حکوومه‌تی تورک، رێگا نادا له قه‌یرانه‌کانی سووریادا، کورده‌کان رۆڵێکی گه‌وره بلیزن، ته‌نانه‌ت به پێی توانا شێوازێکی چاره‌سه‌ریی ده‌وێ که ئه‌وان تێیدا ماڕژیناڵ بن. له به‌ر ئه‌م هۆکاره، حکوومه‌تی تورکیا هێنده پێداگری له سه‌ر چاره‌سه‌رییه‌کی به‌له‌ز و خێرا ده‌کا. تورکیا، له پێناو به‌دیلێکی متمانه‌پێکراو بۆ سه‌قامگیری سووریای پاش ئه‌سه‌د، هه‌وڵی ناوبژیوانی ده‌دا. به‌م شێوه‌یه، سنووره ناوچه‌ییه‌کانی ده‌وروبه‌ری تورکیا له ژێر کۆنتڕۆڵ و متمانه‌ی خۆیدا ده‌بن. له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤ دا دوو حیسابی سه‌ره‌کی ده‌گرێته به‌رچاو؛ حیسابی یه‌که‌م له سه‌ر که‌مترین رۆڵی کورده‌کان له حکومه‌تدا دارێژراوه، دوههمیش، حکومه‌تێکی ناوه‌ندخوازی به هێز که ئه‌ڕته‌شی سوریاش پارچه‌یه‌ک له‌و بێ و له ژێر سایه‌یدا سه‌قامگیری له سیاسه‌تی سووریا دا پێک بێ. به‌مجۆره ناوچه سنوورییه‌کان بۆ چالاکی هێزه‌کانی کورد و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه په‌که‌که کراوه نابێ.
لایه‌نه‌کانی وه‌ها رێککه‌وتنێک کێ ده‌بن؟
حکوومه‌تی تورک، زۆر پێداگره له سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی سوریا، رووی له ئه‌سه‌د و حکوومه‌تی به‌عس وه‌ربسوڕێنێ. ئه‌گه‌ر ئه‌ڕته‌شی سوریا پشت له ئه‌سه‌د بکا، ئه‌وا سوریا وه‌ک ساته‌وه‌ختی گۆڕینی میسری لێ دێ و تا ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌ڕته‌ش، سیاسه‌ت ده‌خاته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه، سیاسه‌تی سوریا سه‌قامگیر ده‌بێ. به‌ڵام ئه‌ڕته‌شی سوریا تا ئێستاش پشتیوانی له ئه‌سه‌د ده‌کا. هه‌رچه‌ند هه‌ندێک به‌شی ناو ئه‌ڕته‌ش سه‌ری هه‌ڵدابێ، به‌ڵام هێشتا ئاستی ناکۆکییه‌کان، ئامار و ژماره‌کان قووڵ نه‌بوونه‌ته‌وه و دیاریکه‌ر نین. کۆتایی ئه‌مساڵ بۆمان ده‌رده‌که‌وێ چی روو ده‌دا.

تێبینی: ئه‌م وتوێژه‌ی دوکتور عه‌باسی وه‌لی له 3-11-2011 له ڕۆژنامه‌ی ئینترنێتی
T24.com.tr
دا بڵاو کراوەتەوە. ئەو ماڵپەڕە خۆی به‌سه‌ربه‌خۆ ده‌ناسێنێ. وا دیاره هاوپرسه‌کییه‌که به زمانی ئینگلیسی کراوه و دوایه وه‌رگێڕدراوه بۆ سه‌ر زمانی ترکی. به‌ڕێز سه‌لاحه‌دینی بایه‌زیدی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی له ترکییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته کوردیی سۆرانی و له 3 به‌ش دا له ماڵپه‌ڕی'ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ' دا بڵاوی کرده‌وه. سه‌رباسی چاوپێکه‌وتنه‌که به پێی ده‌قی ترکی له‌لایه‌ن وه‌رگێڕی کوردی یه‌وه داندراوه. ئێمه زۆر سپاسی به‌ڕێز بایه‌زیدی ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای داین ئه‌و بابه‌ته جارێکی دیکه له "ڕوانگه" دا بڵاو بکه‌ینه‌وه
1 comment:
Thanks for the great blog
Post a Comment