به‌ڵگه‌یه‌کی ویکیلیکس له مه‌ڕ دیدارێک له گه‌ڵ دوکتور قاسملوو
به‌ڵگه‌یه‌کی ویکیلیکس سه‌باره‌ت به دیداری کاربه‌ده‌ستێکی ئه‌مه‌ریکایی له گه‌ڵ دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو
ئه‌م به‌ڵگه‌ی له 1ی سێپتامبری 2011 له لایه‌ن ویکیلیکسه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه
ڕاپۆرت له سه‌فاره‌تخانه‌ی ئه‌مه‌ریکاوه له به‌غدا بۆ به‌شی پێوه‌ندیدار له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه
ڕاپۆرتی ژماره: 855 88 به‌غدا
به‌رواری ناردنی ڕاپۆرت : 16ی فێڤرییه‌ی 1988
بابه‌ت: بۆچوونه‌کانی ڕێبه‌ری کوردی ئێرانی
1.ته‌واوی ده‌قه‌که نهێنییه
2. کورته‌ی باس
3.قاسملوو گوتی پێوه‌ندی له گه‌ڵ تاڵه‌بانی باشه، ئه‌گه‌ر چی سیاسه‌تی قاسملوو بۆ بێلایه‌نی ته‌واو له نێوان تاڵه‌بانی و عێراقییه‌کان دا جار جار گرژی ساز ده‌کا. قاسملوو باوه‌ڕی به هه‌بوونی ئیتیلاف و هاوکاری له گه‌ڵ گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی دیکه‌ی ئێرانی هه‌یه، به‌ڵام له مه‌ر ڕه‌جه‌وی که ئه‌و وه‌ک 'ئاماتۆڕ' نێوی برد، پێده‌چێ مه‌یلێکی ئاوای بۆ هاوکاری تێدا نه‌بێ. کرده‌وه‌ی نیزامی به‌رته‌نگی ڕه‌جه‌وی له باکوور [ی عێراق] پێوه‌ندی نێوان قاسملوو و تاڵه‌بانی ئاڵۆز کردووه و، ئێستا ڕه‌جه‌وی چالاکییه‌کانی به‌ره‌و باشوور[ی عێراق] ده‌گوێزێته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌جه‌وی، قاسملوو هه‌میشه خۆی له‌وه ده‌پارێزێ له گه‌ڵ سه‌دام وێنه‌ی لێ هه‌ڵبگیرێ. قاسملوو بارودۆخی کوردستانی ئێرانی به ئارام باس کرد،له کاتێکدا پێی وابوو هه‌ل ومه‌رج له کوردستانی عێڕاق له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوو دا ( له ڕوانگه‌ی ده‌سته‌ڵاتی نێوه‌ندی له به‌غداوه ) " به توندی به‌ره‌و گرژی ڕۆیشتووه". سیاسه‌تی وێران کردنی گونده‌کان که عێراق به‌ڕێوه‌ی ده‌با به‌و ڕاده به‌ربڵاوه هێشتا له ئێران لاسای ناکرێته‌وه.
کۆتایی کورته‌ی باس.
4. دوای کۆتایی هاتنی کۆنگره‌ی ساڵی 1988ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران (حدکا)، سکرتێری گشتی عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو له چیایان هاته خوارێ بۆ ئه‌وه‌ی له 10 ی فێڤرییه چاوی به سه‌دام حوسێن بکه‌وێ. کاتێک قاسملوو دێ بۆ به‌غدا له به‌ر هه‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له کوردی ئێرانی له سوێد و فه‌ڕانسه به ئاسایی پێوه‌ندی به سه‌فیره‌کانی سوێد و فه‌ڕانسه‌وه‌ش ده‌کا، ئه‌و هه‌ر پێنج تا حه‌وت مانگ جارێک سه‌ر له به‌غدا ده‌دا.سه‌رۆکی سیاسی ( مه‌به‌ست له‌و کاربه‌ده‌سته ئه‌مه‌ریکاییه‌یه که ئه‌م ڕاپۆرته‌ی نووسیوه) داوای له سه‌فیری سوێد تۆره‌ن کرد چاوی به قاسملوو بکه‌وێ و ئه‌ویش له 12ی مانگی فێڤرییه میوانییه‌کی ساز کرد به سفره وخوانی نێوه‌ڕۆ که 6 سه‌عاتی پێ چوو. قاسملوو هه‌تا بڵێی که‌سێکی کراوه، مووقه‌ڵێش و، خۆش به‌یانه ، ته‌نانه‌ت به زمانی ئینگلیسش که ته‌نێ یه‌ک له‌و شه‌ش زمانانه‌یه که باشیان ده‌زانێ ( به دوای کوردی، فارسی،عه‌ڕه‌بی، فه‌ڕانسه‌یی، و چێکی دا [ دیاره ئه‌و گوزارشت نووسه، ترکی ئازه‌ری و بڕێک ئاسۆری له بیر کردووه]). له‌و میوانییه دا دوکتور قاسملوو به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌فته‌ره‌کانی حدکای له پاریس، ستۆکهۆڵم و به‌غداش له گه‌ڵ بوو ( عه‌بدوڵا قادری، ئیبراهیمی جۆرابچی [ نووسه‌ر پاشنێوی خودا لێخۆش‌بوو جۆرابچی به هه‌ڵه نووسیوه [جورابسکا] و، سه‌لام عه‌زیزی
داوخوازی پشتیوانی مه‌عنه‌وی
5.قاسملوو داوخوازییەکی پتەوی کرد بۆ "پشتیوانی مه‌عنه‌وی و سیاسی" ئه‌مه‌ریکا. ئه‌و ده‌ستنیشانی کرد سیاسه‌تی حدکا هه‌میشه بریتی بووه له دژایه‌تی توند به دژی تێڕۆڕیزم و خه‌ڵک به بارمته گرتن و نوسخه‌ی بابه‌تێکی دا به سه‌رۆکی سیاسی که ئه‌و له‌و دواییانه دا ( به ڕێگای نوێنه‌رێکه‌وه) له سیمپۆزیۆمێک له پاریس پێشکێشی کردبوو له مه‌ڕ تێڕۆریزم و له‌و نووسینه دا دژایه‌تی کردووه له گه‌ڵ تێڕۆریزم وه‌کوو ئامرازێکی خه‌باتی بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازییه شۆڕشگێڕییه‌کان. ئه‌و گوتی زۆری پێ سه‌یره سه‌رۆککۆماری ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان کاتی داوه بۆ چاوپێکه‌وتنی " کۆمه‌ڵێکی دواکه‌تووی که‌له‌کۆنی بنچینه‌گری ئه‌فغانی"، له کاتێکدا هیچ سه‌رنجێک ناداته سه‌ر "گرووپه دێمۆکڕاته ڕاسته‌قینه‌کان" که له پێناو " مافه مرۆ ناسراوه‌کانی جیهانی" دا شه‌ڕ ده‌که‌ن.
6.سه‌رۆکی سیاسی به نۆره‌ی خۆی رایگەیاند له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بیر‌و ڕای گشتی هه‌ستی هاوپێوه‌ندییان تێدایه له گه‌ڵ بارودۆخی کورد به‌ڵام له مه‌ڕ ئه‌و هه‌لومه‌رجه زۆر نازانن. ڕه‌نگه کارێکی باش بێ ئه‌گه‌ر قاسملوو هه‌وڵ له گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسان بدا له‌و باره‌یه‌وه بنووسن. قاسملوو گوتی ئه‌وه یه‌ک له‌و شتانه‌یه که کردوویه‌تی و ئه‌م جاره‌ی که له به‌غدایه حه‌وڵ ده‌دا ڤیزا وه‌ربگرێ بۆ هه‌واڵنووسی واشنگتن پۆست له پاریس جانتان ڕانداڵ [بۆ سه‌ردانی کوردستان]. قاسملوو گوتی ڕانداڵ ئێستا خه‌ریکه کتێبێک له سه‌ر کورده‌کان ده‌نووسێ و بۆ ئه‌و کاره‌ی چاوپێکه‌وتنێکی 14 سه‌عاته‌ی له گه‌ڵ قاسملوو کردووه. [ کتێبی جانتان ڕانداڵ:' دوای ئه‌و زانیارییه، چ لێ بووردنێک' که وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و فارسیش یه‌کێک له باشترین کتێبه ڕۆژنامه‌نووسییه‌کانه که له‌و ساڵانه‌ی دواییدا سه‌باره‌ت به کوردان نووسرابێ. تێبینی وه‌رگێڕی کوردی ]. قاسملوو زۆر له‌وه به داخ بوو که " سۆڤییه‌تیه‌کان هه‌میشه وای ده‌بینن که حدکا له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه پشتیوانی لێده‌کرێ و ئه‌مه‌ریکایه‌کانیش هه‌میشه گۆمانی ئه‌وه‌یان هه‌یه که سۆڤییه‌ت پشتیوانی له حدکا بکا" له کاتێکدا حدکا هیچ دۆستی نییه. " دۆستی ئێمه چیاکانن."
بارمته ئیتالیاییه‌کان
7. قاسملوو پێی لێنا که تازه چاوی به سه‌فیری ئیتالیا له به‌غدا، تۆسکانۆ که‌وتووه و به‌ڵێنی پێداوه ئه‌وه‌ی له توانای دابێ ده‌یکا بۆ ئه‌و سێ ئیتالیاییه‌ی له لایه‌ن یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان (ینک)ی تاڵه‌بانییه‌وه ڕفێندراون. ئه‌و گوتی له ڕابردووش دا جار و بار له مه‌ڕ ڕووداوی ئه‌وتۆ خۆی تێوه‌گلاندووه و له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتووه تاڵه‌بانی پێمل بکا بۆ به‌ردانی به بارمته گیراوان و، ئه‌و "به‌ته‌واوی دڵنیایه" که دیسان ئه‌وجاریش له‌و حه‌وله‌ی خۆیدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ.( ئه‌من وای لێ تێگه‌یشتم که ئه‌وه هه‌وه‌ڵ جاره ئیتالیاییه‌کان ڕوویان لێ ناوه و وابزانم پێشتر ئه‌و هیچ حه‌وڵیکی نه‌داوه بۆ ئازادی ئه‌و خه‌ڵکه مه‌ده‌نییانه.) قاسملوو بێزاری خۆی پێ وه‌نه‌شێرا له‌وه‌ی که ئاماده‌یی ده‌سته‌کانی دیکه بۆ به‌کارهێنانی تێڕۆریزم هه‌میشه سه‌رنجێکی زۆر زیاتری ده‌درێته سه‌ر تا حدکا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که حدکا " ڕێکخستنێکی زۆرجه‌ماوه‌ریتر و پته‌وتره".
پێگه‌ی پشتیوانی حدکا
8.قاسملوو گوتی 12-10 هه‌زار شه‌ڕکه‌ری چالاکی هه‌یه و له به‌ر نه‌بوونی ده‌ره‌تانی لۆجیستیکی "ناتوانێ له‌و ژماره‌یه زیاتر بحاوێنێته‌وه" به‌ڵام هه‌ر کاتێک پێویست بێ دەتوانێ " چه‌ندین هه‌زارکه‌س" زیاتر له‌و ژمارەیە وه‌گه‌ڕ بخا. ئه‌و ئیدیعا ده‌کا له نێو کورده ئێرانییه‌کان دا هیچ هێزێک نییه که بتوانێ رقه‌به‌ری ڕاسته‌قینه‌ی له‌گه‌ڵ بکا.
( " 80 له سه‌دی خه‌ڵک له پشتمن") و گالته‌ی به بارودۆخی عێراق کرد: ( له ئێرانێ هیچ شتێک وه‌ک ئه‌وه نییه که ته‌ها محیدین ێک (کورده) " جێگری سه‌رۆک کۆمار بێ یان کوردی ئاوای که پله‌ی وه‌زاڕه‌تیان هه‌بێ. هه‌ر وه‌ها ئه‌و ژماره زۆره "جاش" ه‌ش که لێره هه‌یه له‌وێ نییه ( جاش زاراوه‌یه‌کی نه‌رێنییه بۆ ئه‌و هێزه عه‌شیره‌تییه کوردانه‌ی که دراو له ده‌سته‌ڵاتی نێوه‌ندی وه‌رده‌گرن و به دژی کوردان شه‌ڕ ده‌که‌ن).
9.قاسملوو له داوخوازه‌که‌ی له ئه‌مه‌ریکا "بۆ پشتیوانی مه‌عنه‌وی و سیاسی" جه‌ختی کرده‌وه که ئه‌و داوای دراو یان چه‌ک و چۆڵ ناکا." هه‌ڵبه‌ت مرۆ هه‌میشه هه‌بوونی شتی زۆرتری پێ خۆشە، به‌ڵام ئێمه زۆرمان هه‌یه." ئه‌و ده‌ڵێ حدکا توانیویه‌ته، به درێژایی ساڵان ده‌ست به سه‌ر چه‌کێکی زۆری ئه‌رته‌ش و سپای پاسدارنی ئێران دا بگرێ. ئه‌و پێی خۆش نه‌بوو باسی سه‌رچاوه داراییه‌کانی خۆی بکا، به‌ڵام به ده‌م قسه کردنمانه‌وه بۆم ڕوون بووه‌وه هه‌م حدکا و هه‌م ینکه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ڕێگای وەرگرتنی بارانە لە ماڵی قاچاغ به‌ڕێچوونی خۆیان دابین ده‌که‌ن. قاسملوو گوتی ئه‌وان "ته‌نێ" سێ له سه‌د بارانه وه‌رده‌گرن له‌و که‌لوپه‌له‌ی لە عێڕاقه‌وه ده‌بردرێ بۆ ئێران له ئاست ئه‌و له سه‌دا بیسته‌ی که له لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه وه‌رده‌گیرێ. نموونه‌ی ئه‌و جۆره که‌لوپه‌له‌ی ده‌چێته ئێران له وانه ویسکی و ڤیدێئۆیه و ئه‌و که‌لوپه‌له‌ی ده‌چێ بۆ عێڕاق مافووره و پسته‌یه. پێشتر چا له عێڕاقه‌وه ده‌هات و شه‌کر له ئێرانه‌وه، به‌ڵام له‌و دواییانه دا هه‌م چا و هه‌م شه‌کر له عێڕاقه‌وه ده‌بردرێ بۆ ئێران.قاسملوو گوتی له‌و دواییانه دا پرسیاری له تاڵه‌بانی کردووه که له ڕووی داراییه‌وه چه‌ند ده‌توانێ به‌رگه بگرێ بێتوو له پڕ سه‌رچاوه‌ی دراوی وشک هه‌ڵێ و تاڵه‌بانی ووڵامی داوه‌ته‌وه" دوو مانگ"، له کاتێکدا قاسملوو ئیدیعا ده‌کا ئه‌و به‌لانی که‌مه‌وه "بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ" هیچ دژوارییه‌کی نابێ.
10. قاسملوو بارودۆخی کوردستانی ئێرانی به " ئارام" له قه‌ڵه‌م دا،له سه‌رده‌می دوای ساڵی 1980، واته ئه‌و کاته‌ی که حدکا کۆنتڕۆڵی خۆی به سه‌ر شاره‌کاندا له کیس دا و تاکتیکی شه‌ڕی خۆی له شه‌ڕی به‌ره‌ییه‌وه گۆڕی به شه‌ڕی پارتیزانی. ئێستا ئێرانییه‌کان شاره‌کان کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن به‌ڵام کۆنتڕۆڵی جاده سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاران ته‌نێ لە سه‌عات 8ی به‌یانییه‌وه تا پێنجی ئێوارێ به ده‌ست وانه، شه‌وانه کۆنتڕۆڵی جاده‌کان ده‌که‌وێته‌وه ده‌ست حدکا. قاسملوو گوتی سه‌باره‌ت به داهاتوو " خۆشبین"ه، چونکه پشتیوانی لێ کردنی له کوردستانی ئێران زۆر پته‌وه. ئه‌و گوتی ئاماده‌یه تا 25 ساڵ لە شاخه‌کان هه‌ڵ بکا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌و زووانه خومه‌ینی بمرێ " له‌وانه‌یه بشێوێنییه‌کی زۆر له تاران ساز بێ و، چلۆنایه‌تی ئابووری ئێران زۆر شپڕێوه. کاتێک لێم پرسی ئه‌و یان تاڵه‌بانی و بارزانی سه‌رزه‌وییه‌کی زۆرتریان له ژێر کۆنتڕۆڵ دایه قاسملوو ووڵامی داوه سێ ساڵ له‌مه‌وپێش ئه‌و ناوچه‌ی زیاتری له ژێڕ ده‌سته‌ڵات دا بوو، به‌ڵام ئێستا کورده عێڕاقییه‌کان ناوچه‌ی زیاتر کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن. گوتیشی ئه‌وه له به‌ر ئه‌وه نییه ئه‌و وه‌زعی خراپ بووبێ – به پێچه‌وانه وه‌زعی زۆر باشیشه - به‌ڵام زیاتر هۆی ئه‌وه‌یه بارودۆخی ڕێژیمی به‌غدا له کوردستانی عێراق له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوو دا " به توندی به‌ره‌و خراپی " چووه. قاسملوو ده‌ڵێ ئه‌و چه‌ند ساڵ له‌وه‌پێش ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕا بۆ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی و سه‌دام بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ شه‌ڕ ڕاگرن و به‌یه‌که‌وه وتووێژبکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و وتووێژانه به هیچ کوێ نه‌گه‌یشتن.
ناچار بوو مه‌قه‌ری سه‌رکردایه‌تی ڕاگوێزێ
11. قاسملوو پێی لێ ده‌نێ ئه‌و به‌و دواییانه ناچار بووه مه‌قه‌ری سه‌رکردایه‌تی خۆی له به‌ر بۆمبارانی خه‌ستی ئێرانییه‌کان ڕاگوێزێ. شوێنی پێشووی سه‌رکردایه‌تی – ئه‌و له سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ک که به داخه‌وه زۆر ڕوون و وورد نه‌بوو نیشانی دام- وێده‌چێ له نیزیک زێی پچووک بووبێ له‌وجێیه‌ی که به‌ره‌و عێڕاق لووزه‌و ده‌به‌ستێ ( به ته‌خمین 3601 ده‌رجه‌ی باکووری، 4520 ده‌رجه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی) . ئه‌و له‌وێنده‌رێ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی گه‌وره‌شی هه‌بووه که هه‌موو مانگێک دوکتورانی فه‌رانسه‌یی به نۆره کاریان تێدا ده‌کرد وحدکا زۆر جار تووشی هه‌لومه‌رجی نائاسایی ده‌هات و ده‌بوو له‌وێ هاوکات هه‌م برینداره‌کانی تاڵه‌بانی و هه‌م ئی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق وه‌ربگرێ. شوێنی نه‌خۆشخانه‌که ئیدی نه‌ده‌پارێزدرا چونکه ئه‌ڕته‌شی ئێران له لای ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌ڕته‌شی عێڕاق له لای ڕۆژئاواوه لێی نیزیک که‌وتبوونه‌وه و هێزه‌کانی تاڵه‌بانیش له پشته‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق به‌ره‌و ڕۆژئاواتر دامه‌زرابوون " هه‌موو که‌س هه‌مووکه‌سی تۆپ باران ده‌کرد." ئێستا ئه‌و گوێستوویه‌ته‌وه شوێنێک که نیزیکه‌ی 35 کیلۆمیتر به‌ره‌و باکووره ( به ته‌خمین 3620 ده‌رجه‌ی باکووری ، 4515 ده‌ره‌جه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی)، دیسان ڕاست له سه‌ر سنووری ئێران ،جا بۆیه قاسملوو ده‌ڵێ زۆربه‌ی کات له نێو خاكی ئێران دایه، به‌ڵام ئێره شوێنێکه که ئه‌ڕته‌شی عێڕاقیش هێندێک به‌ره‌و ڕۆژئاواتر لێی دامه‌زراوه. که وا بوو، وا وه‌به‌رچاو دێ ئێستا مه‌قه‌ری سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له شوێنێک بێ که ئی هیچ که‌س نییه و له‌وێ حدکا به ته‌واوی ده‌ستی ده‌ڕوا. قاسملوو ده‌ڵێ له‌و شوێنه نه‌خۆشخانه‌که‌ی دروست کردووه‌ته‌وه و دوکتوره فه‌ڕانسه‌ییه‌کان به‌رده‌وامن له سه‌ر هاتنیان بۆ ئه‌وێ.
12.قاسملوو سه‌باره‌ت به شه‌ڕی ماوه‌ت له سه‌ر چۆمی جۆگه‌سوور که له لای خوارووی مه‌قه‌ری پێشووی سه‌رکردایه‌تی وی هه‌ڵکه‌وتووه گوتی ، ئامانجی ئێرانییه‌کان ئه‌وه‌یه که ڕێگای به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات – ڕۆژئاوا بۆ تاڵه‌بانی بکه‌نه‌وه. ئه‌و لێی زیاد کرد بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تی تاڵه‌بانی،لە ڕۆژهه‌ڵاتی خوارووی ماوه‌ت هه‌ڵکه‌وتووه ( شوێنێک به ته‌خمین له دۆڵی چۆمی شلێر دا که له خوارووی ماوه‌ت له گه‌ڵ جۆگه‌سوور تێکه‌ڵ ده‌بێته‌وه، نیزیکه‌ی 3547 ده‌ره‌جه‌ی باکووری، 4540 ده‌ره‌جه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی). ئێرانییه‌کان ئه‌و به‌رزاییانه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه که‌به لای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌ڕواننه ماوه‌ت ،عێڕاقییه‌کانیش کۆنتڕۆلی ته‌پۆڵکه‌کانی ڕۆژئاوای باشووری ماوه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و، له‌وێ شه‌ڕی زۆر ڕوویداوه و هه‌ر وه‌ها له چیایه‌کی رۆژئاوای ماوه‌ت که به‌شێکی له بن کۆنتڕۆڵی ئێرانییه‌کان دایه. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه سه‌ر له به‌یانی قاسملوو له بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ کرا بوو که عێڕاقییەکان هه‌ر ئێستا ده‌ستیان کردووه به هێرشێکی تازه بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ری ئێرانییه‌کان له ڕۆژئاوای ماوه‌ت. به قسه‌ی قاسملوو ماوه‌ت بۆ خۆی ، وه‌ک "پێنجوێن" به ته‌واوی چۆل کراوه.
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی
13. قاسملوو ده‌ڵێ ئه‌و " دۆستێکی زۆر چاکی " تاڵه‌بانییه. لەو دواییانە دا داوای له تاڵەبانی کرد هێندێک خاویاری ده‌ریای خه‌زه‌ری بۆ بێنێ و کاتێک تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی بۆ هێنا به شۆخی به قاسملووی گوت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خاویارێکی زیاتر له‌وه‌ی ئێستا که به شێوه‌ی ئاسایی ئیزن ده‌درێ وه‌ده‌ست بهێنێ ده‌بوو به ڕێگای کاناڵی تایبه‌تییه‌وه ئه‌وه جێبه‌جێ بکا و ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێرانی زانیبایان ئه‌و خاویاره بۆ کێیه"جه‌ڵته لێی ده‌دان". قاسملوو پێی لێنا دیاره جاری وا هه‌یه زۆر بابه‌تی ناسک دێته گۆڕێ. بۆ وێنه، به‌و زووانه 52 عه‌سکه‌ری عێڕاقی ، که شه‌ش ئه‌فسه‌ریان له نێو دابووه، داڵده ده‌هێننه به‌ر حدکا و تاڵه‌بانی داوایان لێ ده‌کا ئه‌و عێڕاقیانه بدرێن به‌و. قڕه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دوو حه‌وتووی پێ ده‌چێ به‌ڵام قاسملوو پێکێشی ده‌کا که حدکا به گردبڕی له هه‌موو کاروبارێکی نێوان عێڕاقییه‌کان و کورده‌کان "لایه‌ک ناگرێ" و، دوا جار عه‌سکه‌ره‌کان و ئه‌فسه‌ره‌کان ڕاده‌ستی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق ده‌کاته‌وه. قاسملوو له قسه‌کانی دا له کاتێکدا به شێوه‌یه‌کی چاوڕاکێش کراوه بوو، به‌ڵام حه‌ولیشی ده‌دا ئه‌و ووشانه‌ی ده‌کاریان ده‌کا وورد بن و، هیچ ئاماده نه‌بوو باسی پێوه‌ندییه‌کانی خۆی له گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی بکا، هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێ به تانه‌وه ئه‌و بیره‌ی به‌رپه‌رچ ده‌داوه که "پ‌د‌ک"ی بارزانییه‌کان قه‌ت "پارتییه‌کی ڕاسته قینه" بووبێ. " ئه‌وان ته‌نێ عه‌شیره‌تێکن."
سه‌دام به‌رپرسیاره
14. قاسملوو چبڕ مه‌یلی ئه‌وه‌ی تێدا نه‌بوو باسی دیداری خۆی له گه‌ڵ سه‌دام بکا، یان ته‌نانه‌ت ڕاسته‌خۆ پێی لێ بنێ که دیدارێکی ئاوا هه‌ر کرا بێش ( ئه‌گه‌رچی له دیداری تایبه‌تی له گه‌ڵ سه‌فیری سوێد دا زۆر ڕه‌پ و ڕووتر قسه‌ی کرد بوو) ، له قسه‌کانی دا ئه‌و مه‌تۆڵه‌که فارسییه‌ی به شاهید هێناوه که ده‌ڵێ: " ئه‌گه‌ر بتوانی خودای ببینی ئیدی هیچ پێویست ناکا بۆ هاتنه ڕه‌دایێ له گه‌ڵ یه‌کێک له دوازده ئیمامه‌کان خۆت سه‌غله‌ت که‌ی."قاسملوو گوتی به پێچه‌وانه‌ی رێبه‌ری موجاهیدینی خه‌ڵق ڕه‌جه‌وی،"ئه‌و به گردبڕی هیچ پێی خۆش نییه" له گه‌ڵ سه‌دام وێنه‌ی لێ هه‌ڵبگیرێ یان هیچ بانگه‌شه و ته‌بلیغات سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ری بۆ به‌غدا بکرێ،چ ده‌گا به دیداری سه‌دام . " کاری ئاوا وه‌نه‌بێ له ئێران زۆر به دلێ خه‌ڵک بێ." کاتێک سه‌رۆکی سیاسی پێکێشی لێکرد که پێی بڵێ له نێو عێڕاقییه‌کان دا کێ به‌رپرسی کاروباری له مه‌ر کورده‌کانه، قاسملوو ووڵامی داوه سه‌دام. ئه‌و به‌رپرسیاری هه‌موو شتێکه. ئه‌و درێژه‌ی پێدا و گوتی: ئه‌وه به جێی خۆی بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کار‌و باری ڕۆژانه سێ که‌سی گرینگ له عێڕاق هه‌ن: سه‌دام، ( عه‌دنان خه‌یروڵا، وه‌زیری به‌رگری ، ئامۆزا و ئاواڵ زاوای سه‌دام)، که به‌رپرسیاری باشووره؛ و عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید زڕبرای سه‌دام که به‌رپرسی باکووره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، قاسملوو گوتی ئه‌و زۆر که‌م چاوی به عه‌لی حه‌سه‌ن که‌وتووه. به‌ڕواڵه‌ت له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به بینینی "خودا" پێویستی به که‌سی دی نییه.
تێکدانی لادێکان
15. سەرۆکی سیاسی کاردانه‌وه‌ی قاسملووی پرسی سه‌باره‌ت به کرده‌وه‌ی ڕووخاندنی لادێ کوردییه‌کان له لایه‌ن عێراقه‌وه. قاسملوو گوتی "زۆربه"ی گونده‌کان تێک ڕووخێندراون ، به‌ڵام وێده‌چوو سۆز نه‌یگرێ کاتێک باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد. سه‌رۆکی سیاسی لێی پرسی داخودا ئه‌و کرده‌وه‌یه ده‌رئه‌نجامی بووه‌ته هۆی زیاد بوونی ژماره‌ی پێشمه‌رگه و په‌نابه‌ران. ئه‌و ووڵامی داوه تێکدانی گونده‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بووته هۆی زیاد بوونی ژماره‌ی پێشمه‌رگه به‌ڵام نه ئه‌و و نه تاڵه‌بانی په‌نابه‌ره‌کانیان هان نه‌داوه که بچنه نێو خاکی ئه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ش له به‌ر دژوارییه‌کی زۆری که بۆ ناندان و ئاگاداری کردن له خه‌ڵک هه‌یه. ئاکامی ئاشکرای که‌مپه‌ینی ڕووخاندنی گونده‌کانی عێڕاق به بۆچوونی قاسملوو، تێکدان و نه‌هێشتنی نیزیک به‌ته‌واوی شێوه ژیانی کشتوکاڵی کورده‌کانی عێڕاقه. پیاوی کورد له عێڕاق ته‌نێ دوو ڕێگایان له به‌ره، یان بچنه شاره‌کان یان ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده موجه‌مه‌عه تازه دروستکراوانه دا بژین که له‌وێش ته‌نیا شتێکی که بتوانن پێی بژین " جاشایه‌تی" یه. قاسملوو گوتی ئێرانییه‌کان تا ئێستا له کۆی زیاتر له حه‌وت هه‌زار گوند له کوردستانی ئێران هه‌ر 25 گوندیان ڕووخاندووه ( و ئه‌و ده‌ڵێ که حه‌شیمه‌تی کورد له ئێران حه‌وت میلیۆنه). قاسملوو گوتی دیاره هه‌ر لایه‌ک ده‌یه‌وێ خوو و خده‌ی خراپ له لایه‌که‌ی دیکه فێر بێ. ئه‌و گوتی یه‌کێک له خووه خراپه‌کانی ئێرانییه‌کان به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی یه، هه‌ر دووک لا به‌کاری ده‌هێنن، ئه‌گه‌رچی عێڕاقییه‌کان زۆر زیاتری به‌کار ده‌هێنن. سه‌رۆکی سیاسی پرسیاری لێکرد به له‌به‌رچاوگرتنی ته‌بیعه‌تی ڕووت و قووتی زۆربه‌ی کوردستان، داخودا هێڕشی هیلیکۆپتێران و هێڕشی هه‌وایی دیکه کێشه‌یه‌کی جیدی بۆ هێزی پێشمه‌رگه ساز ناکا، قاسملوو گوتی نه ئێمه و نه کورده‌کانی عێڕاق زۆر له هیلیکۆپتێران نیگه‌ران نین. ده‌توانین خۆمان له ئاست ئه‌وان بپارێزین، به‌ڵام تۆپخانه موشکیله‌یه‌کی جیدییه بۆ ئێمه. دیاره چه‌کی کیمیاییش کێشه‌یه‌که.
بۆچوونی کورده‌کان سه‌باره‌ت به عێڕاق
16. قاسملوو وه‌نه‌بێ سه‌ری قسه‌کانی له ده‌ست ده‌ربچێ و ڕه‌خنه له عێڕاق بگرێ، به‌ڵام دیاره ئه‌و خۆی پێ ڕانه‌ده‌گیرا که به قسه‌ی تیژ به ئاشکرایی نه‌فره‌ت و بێزاری خۆی له عه‌ڕه‌بان و ڕێژێمی عێڕاق نیشان نه‌دا، ئه‌و به تایبه‌تی گوتی، به‌غدای یه‌گجار زۆر پێ ناخۆشه و ئه‌گه‌ر به‌گردبڕی پێویست نه‌بێ پێی تێ نانێ. ئه‌و به نابه‌دڵی پێی لێ نا که ئێران کۆمه‌ڵه‌یه‌کی زۆر له گۆڕانهاتووتر و دینامیکتره له عێڕاق.به حه‌سره‌ته‌وه گوتی :" به‌ڵێ له ورمێ خه‌ڵک ده‌توانن هه‌ر کاتێک بیانه‌وێ ده‌ست بده‌نه ته‌له‌فون و ته‌له‌فۆن بکه‌ن بۆ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و، ئه‌وان ئازادن بۆ سه‌فه‌ر کردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، به‌ڵام به دوای ئه‌وه دا به خێرایی دایگرته‌وه له چاو ئێران له عێڕاق ده‌ستێوه‌ردانێکی زۆر که‌متر هه‌یه له ئه‌خلاقیاتی تایبه‌تی خه‌ڵک دا و عێڕاق زۆر 'کراوه‌تره بۆ بیروڕای مۆدێڕن"، ئه‌و گوتی نه‌فره‌تی له شا کردووه، " به‌ڵام خومه‌ینی زۆر له شا خراپتره. قاسملوو له ساڵی 1979 دوو جار چاوی به خومه‌ینی که‌وتووه و به شێوه‌ی بێشه‌رمانه درۆی له‌گه‌ڵ کراوه ، قاسملوو به‌رده‌وام بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رسێکمان پێ بڵێ سه‌باره‌ت به عاده‌تی "ته‌قیه" له نێو شیعه دا ( بریتیه له درۆ و ته‌فره دان بۆ خزمه‌ت به مه‌به‌ستێکی به‌رزتر) وه‌کوو به‌شێکی جیانه‌کراوه له که‌سایه‌تی شیعه. سه‌رۆکی سیاسی به نۆره‌ی خۆی ڕایگه‌یاند که ئێمه خۆشمان له دواییانه دا چه‌ند ده‌رسێک سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته فێر بووین.
ڕه‌جه‌وی
17. قاسملوو رایگه‌یاند حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران پێویستی به هاوپه‌یمانی له گه‌ڵ گرووپه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هه‌یه، چونکه ئاشکرایه که ته‌نێ به سه‌ری خۆی ناتوانێ ڕێژێم بڕووخێنێ.ئه‌و په‌ژراندی که ڕێژیمی ئێران پشتیوانییه‌کی به‌ربڵاوی لێ ده‌کرێ ( ' به سه‌دان هه‌زار ئاخوند که به تێکقرمانی رێژێم بژیوی خۆیان له مه‌ترسی دا ده‌بینن") و ڕووخاندنی وه‌نه‌بێ کارێکی هاسان بێ. سه‌رۆکی سیاسی پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکرد داخودا ئه‌گه‌ری هاوپه‌یمانی له گه‌ڵ ڕه‌جه‌وی هه‌یه،چونکه هه‌رچۆنێک بێ ، قسه‌ی ئاوا هه‌یه که ئه‌و له باکوور [ی عێڕاق] عه‌مه‌لییاتی نیزامی کردووه. قاسملوو ڕه‌جه‌وی وه‌ک "ئاماتۆر"ێک نێوزه‌د کرد "که به‌و په‌ڕییه‌وه" 1200 شه‌ڕوانی هه‌یه، به‌ڵام ماشێنێکی پڕۆپاگانده‌ی زۆر باشی هه‌یه. ئه‌و گوتی ڕه‌جه‌وی له باکوور حه‌ولی چه‌ند کرده‌وه‌یه‌کی دا بوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی حدکا موجاهیدینی خه‌لق " له ئێران هیچ پێگه‌یه‌کی واقعی هێزیان نییه". قاسملوو جه‌ختی کرده‌وه " له ڕاستیدا ، له نێو گشت گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان دا، " ته‌نێ حیزبه‌که‌ی من خاوه‌نی هێزی گرینگه له نێوخۆی ئێران دا." قاسملوو گوتی کرده‌وه کانی ئه‌و دواییانه‌ی ڕه‌جه‌وی له باکوور کێشه‌ی بۆ حدکا ساز کردووه، چونکه جار وبار له گه‌ڵ هێزه‌کانی تاڵه‌بانی تێک هه‌ڵچووه. قاسملوو گوتی له‌وه‌و دواوه ئیدی ڕه‌جه‌وی له باکووره‌وه عه‌مه‌لییات ناکا و ئێستا گوێستوویه‌ته‌وه بۆ باشوور. ئه‌و گوتی " به ڕواڵه‌ت ڕه‌جه‌وی پێی خۆش نییه له گه‌ڵ هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک بکه‌وێ." " ڕه‌جه‌وی خه‌یاڵی گه‌وره‌ی له مێشکی دایه، پێی وایه له ووزه‌ی دایه گشتی به سه‌ری خۆی پێک بهێنێ."
کۆنگره‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران
18. له‌و نێوه دا، نوێنه‌ری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران له پاریس ( که بڕیاره له گه‌ڵ هاوڕێیه‌که‌ی ستۆکهۆڵمی له 15ی فێڤرییه بگه‌ڕێنه‌وه ئوڕووپا) گوتی " نیزیکه‌ی 200 نوێنه‌رانی حیزب له کۆنگره دا به‌شدار بوون و ئه‌و کۆنگره‌یه له بنکه‌ی نوێی سه‌رکردایه‌تی به‌ڕێوه‌چووه. پێشتر هه‌میشه کۆنگره‌کانی حیزب به دووساڵ جارێک ده‌گیران، به‌ڵام له به‌ر ئه‌و دژوارییانه‌ی که به‌شێکی زۆر له ئه‌ندامانی حیزب له گه‌ڵی ڕووبه‌ڕوون بۆ سه‌فه‌ر کردن له به‌شه دووره‌کانی کوردستانی ئێران و په‌ڕینه‌وه‌یان له سنوور بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تی له عێڕاق ئێستا بڕیار دراوه که کۆنگره‌ی داهاتوو تا سێ ساڵی دیکه نه‌به‌سترێ. قاسملوو له کاتێکدا له سه‌ر ته‌بیعه‌تی دێمۆکڕاتیکی حیزبه‌که‌ی و سیاسه‌ته‌کانی پێداگری ده‌کرد و دووپاته‌ی ده‌کرده‌وه( و شیکرده‌وه که مه‌به‌ستی له " دێمۆکڕاتیک" به مانا ڕۆژئاواییه‌که‌یه‌تی نه‌ک ڕۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ی) ئه‌وه‌شی ده‌په‌ژراند که هیچ ڕقه‌به‌رێکی نه‌بووه بۆ پله‌ی سێکرتێری گشتی. سه‌رۆکی سیاسی پرسیاری کرد داخودا هیچ له نوێنه‌رانی حدکا له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاوه له کۆنگره دا به‌شدار بوون، ووڵامی ئه‌وه بوو به‌ڵێ ئه‌وان له کۆنگره‌کانی پێشووتر دا به‌شدار بوون ، به‌ڵام هیچیان نه‌هاتن بۆ ئه‌م کۆنگره‌یه.
کۆمه‌ڵه
19. سه‌فیری سوێد واق وڕمانی خۆی له‌وه نیشان دا که دوو حه‌وتوو له‌مه‌وبه‌ر ڤیزایه‌کی توریستی بۆ سه‌ردانی سوێدی داوه به که‌سایه‌تییه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی کوردیی ئێرانی، شێخ عێزه‌دینی حوسێنی ، و ئێستا ئه‌و [له‌وێ] داوای په‌نابه‌ری ده‌کا. ئه‌و ڤیزایه له سه‌ر بانگه‌وازی زاواکه‌ی، به نێوی شه‌مسی ده‌رکراوه، که نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌یه له به‌غدا ( گرووپێکی پچووکی مارکسیستی کوردیی ئێرانی). قاسملوو گوتی شێخ حوسێنی گرینگییه‌کی ئایینی ئه‌وتۆی نییه و کۆمه‌ڵه‌ش زۆر گرینگ نییه.
20. قاسملوو له ساڵی 1930 هاتووه‌ته دنیاوه. له سه‌ره‌تاوه له ورمێ خوێندوویه‌و دواتر له کالیجی ئه‌مه‌ریکایی له تاران درێژه‌ی به‌خوێندن داوه.ئه‌و له پاریس ده‌ستی به خوێندنی زانکۆ کرد، به‌ڵام له به‌ر چالاکی شۆڕشگێڕانه له ئێران! [عێراق] ده‌ر کرا. له زانکۆی پڕاگ بورسێکی وه‌ده‌ست هێنا، و دواتر بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ له پڕاگ مامۆستای ئابووری بوو. کاتێک سۆڤێتیه‌کان له ساڵی 1968 هێرشیان کرده وێندرێ ئه‌وێی به‌جێ هێشت. تا ساڵی 1970 هه‌ر له هات و چوو دا بوو و له‌و ساڵه دا وه‌کوو ئابووری زانێک له وه‌زاره‌تی ته‌ختیت له به‌غدا دامه‌زرا و ده‌ڵێ له‌و ماوه‌یه دا پلانێکی ئابووری هه‌موولایه‌نه‌ی سه‌ره‌کی بۆ عێڕاق نووسیوه. باڵای مامنوێنجی یه و لاوازه، مووی ماش و برینجی بووه به‌ڵام وه‌ک لاوێک چوست و چالاکه. ئه‌و نه‌قڵی خۆش ده‌گێڕێته‌وه وهه‌میشه قسه‌کانی تیكه‌ڵاو ده‌کا به نوکته‌ی خۆش.
بۆ ئاگاداری نیوتن له‌لایه‌ن ئۆ سی / تی : پاڕاگرافی 20، دێڕی 4 لاببردرێ ، ڕاستکردنه‌وه‌ی به دوو دا دێ.
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
No comments:
Post a Comment