Wednesday, November 30, 2011

چەند تێبینی سەبارەت بە میدیات و تۆر عابدین ، پرۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن




چەند تێبینی سەبارەت بە میدیات و تۆر عابدین ، قسەکانم بۆ کردنەوەی سیمپۆزیۆمی میدیات، میدیات ٦-٨ ی ئۆکتۆبری ٢٠١١

مارتین ڤان بڕاونێسن ، زانکۆی ئوترێخت
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی

ئەمن زۆری پێ خۆشحاڵم کە بانگ کراوم بۆ ئەم سیمپۆزیۆمە و ئەوە شانازیەکە بۆ من کە قسەکانی سەرەتای کردنەوەی ئەم سێمپۆزییەمە بکەم و یەکەم پانێل بەڕێوە بەرم. تا ماوەیەکی نیزیک تا ئەو دواییانەش، ئەمن پێم وابوو ، ناکرێ دەرفەت بدرێ سیمپۆزییۆمێکی ئاوا لە ترکییە بەڕێوە بچێ کە جەخت لە سەر فرە چەشنی ئێتنیکی و دینی ئەم شارە و ناوچەی میدیات دەکا و، ئێستا ئەمن خوشحاڵم کە شاهیدی گۆڕانی گەورەم لە وێژمانی گشتی لە ترکییە، وێژمانێک بە دوور لە قسەی نێوبەتاڵی بوونی نەتەوەیەکی یەکدەست و بەرەو ناسینی فرە چەشنی وەکوو سەرچاوی فەخر و شانازی.
ئەگەر ڕێگام بدەن پێمخۆشە بە کورتیش بێ باسی ئەوەتان بۆ بکەم کە چۆن میدیات یارمەتی کردم بۆ دیسان بیر لێکردنەوەی ئەو تەسەورەی من هەمبوو سەبارەت بە ناسێنەی خەڵکی ئەم هەرێمە. هێندێک لە ئێوە ڕەنگە ئەمن لەبەر نووسینەکانم سەبارەت بە کۆمەڵ و مێژووی کورد بناسن،من لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٧٠کانەوە دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لەو بوارانە دا.چەند سەردانێکی کە ئەو زەمانی لە میدیاتم کرد یارمەتی کردم ئەو چوارچێوەیەی کە دەبوو تێیدا لە دینامیکی کۆمەڵایەتی و کولتووری گشت هەرێمی ترکییە و دراوسییەکانی بڕوانم دیاری بکەم. ئەو دەمی، زۆر کەس لە ترکییە هەڵگری ئەو خەیاڵە خاوە بوون کە هەر کەس لە ترکییە بێ ترکە، لەنێو ئەوانە دا هێندێک لەو کوردانەش کە من ئەو دەمی چاوم پێیان کەوت.دیارە دەمزانی ئەو خەیاڵە خاوە لە لایەن بزووتنەوەیەکی کوردی یەوە کە خەریک بوو سەرهەڵێنێ دەڕەوێتەوە و دەخرێتە ژێر پرسیار.بەڵام لە هەمان کات دا،من بۆخۆشم بۆچوونێکی زۆر ساویلکانەم هەبوو سەبارەت بە ناسێنەی ئێتنیکی ڕۆژهەڵاتی ترکییە و، پێموابوو بەشێوەی سەرەکی دوو گەل، واتە ترکەکان و کوردەکان لە ووڵات دا هەن و، تەنێ چەند کۆمەڵگەیەکی کەمی مەسیحی لە ووڵات دا ماونەتەوە. لە میدیات و تۆرعابدین بە گشتی،من تێگەیشتم کە چلۆنایەتی ئێتنیکی لەوێ زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە من دەمزانی و، کۆمەڵگەی ئاوای موسوڵمانی عەڕەبزمانی محەلەمی و، کۆمەڵگەی مەسیحی کوردزمان و عەڕەبزمان بەتەنیشت سوریانی ئارامی زمان و، ئێزیدی و هەر وەها کوردانی سوننی لە ناوچەکە دا دەژین. لەوەش زیاتر،زۆربەی کۆمەڵگەکان ئەو بیرەوەرییانەیان هەر پاراستبوو کە لە ڕابردوو دا سەر بە دینێکی دیکە جیا لەو دینەی بوون کە ئێستا هەیانە: مەسیحییەکان بە شانازییەوە ئاماژەیان دەکرد بەمانەوەی پاشماوەی پەرستنی ئاور و هەتاوی کەونارا و، محەلەمییەکانیش بەوەیان دەزانی کە دەنێو باب و باپیرانیان دا مەسیحیش هەبوون.ئەمن چەند کەسم دی کە بۆچون و تیۆری لە مەڕ خۆیان هەبوو سەبارەت بە کۆمەڵگە جۆر بە جۆرەکان و،ووشیارییەکیان لە خۆیانەوە نیشان دەدا کە دەزانن دین گۆڕین و زمان گۆڕان و گۆڕینی ناسێنەی ئێتنیکی لە هەرێمەکە دا باو بووە.
شتی هەرەگرینگی کە من لێی تێگەیشتم و بۆ ئەوە قەرزداری ئەم هەرێمەم ئەوەیە کە ناکرێ بە باشی لە بارودۆخی هیچ کۆمەڵگەیەکی ئێتنیکی یان دینی بەسەری خۆی و بە جیا لە ئەوانیدی بکۆڵدرێتەوە. مێژووی هەرێم – و ئەوە لە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وایە – بریتی یە لە مێژووی بە یەکگەیشتنەوەی کولتووران؛ هەر کۆمەڵگەیەی لە کەلەپووری کولتووری خۆی دا بیرەوەرییەکی پاراستووە کە لە بەیەکگەیشتنەوە لەگەڵ کولتوورەکانی دی،دینەکانی دی و زمانەکانی دیکەوە هاتووە. ئەو بەیەکگەیشتنەوە کولتووریانە پێویست ناکا دۆستانە بووبن؛ گرژی و کێشەش بەشێکی زاتین لە بەیەکگەیشتنەوەی کولتووری. هەموو کۆمەڵگەیەک بیرەوەری کێشەی لە گەڵ دراوسێیەکانی خۆی هەیە؛ ڕووداو نامەی نووسراو و نەریتی زارەکی پڕن لە چیرۆکی شەڕ، تاڵان، خوێنڕێژی و ڕاوەدوونان. بەڵام هەمان ئەو کۆمەڵگەیانەی تێک هەڵدەچوون لە هەمان کاتدا لە یەکدی شتیش فێر دەبوون و شتیشیان قەرز دەکرد؛ ئەوان کەلوپەل و بەرهەمیان دەگۆڕییەوە. هاوپەیمانێتی سیاسی زۆر جار لە چوارچێوەی سنووری ئێتنیکی تێدەپەڕاند و، هەر وەها ژن و ژنخوازیش، هەر نەبێ جار و بار.لە بەرایی سەدەی بیستەم دا، ئێمە هێندێک کورد و هێندێک سوریانی دەبینین ( بەتایبەتی ئێستا من چیرۆکی هاو پەیمانی و دۆستایەتی نێوان ڕێبەری مەسیحی شەمعوون حەننا حەیدۆ و عەلیکێ باتێ م وەبیر دێتەوە، کە هەر دووکیان جەردەی زۆر بە نێوبانگ بوون و پێوەندی زۆر نیزیکیان زۆر جار دەبووە هۆی ئەوەی بە گژ کورد و هەر وەها سوریانی دیکە دا بێن.) ئەو هاوپەیمانییانە تەنێ بە ڕێگای پیاوی ئازا و شەڕکەر نەدەکران؛ ژنانیش پردێکیان لە نێوان کۆمەڵگەکان دا ڕایەڵ کرد بوو. ئەوە ڕاستە کە هیچ کام لە کۆمەڵگەکانی هەرێم ئەوە پەسند ناکا کچان لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەی خۆیان مێرد بکەن، بەڵام ژنووشوویی ئاوا هەبووە و ئێستاش هەیە، چ دڵخوازانە یان ڕەنگە، زۆر جاریش دڵنەخوازنە ( بە پێچەوانەی ویست و ئیرادەی ژنانی جێی باس و بنەماڵەکانیان) و؛ ڕەنگە لە بەر ئەوەی ئەوە دایکەکانن کە منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن،نەک باوکەکانیان، ئەو جۆرە ژن و ژنخوازییەی نێوان گرووپان کاناڵی زۆر کاریگەربووبن بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری.
نەریتی کریڤایەتی یان ڕێوڕەسمی هاو دایکوباوکایەتی نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە کێشە و پێوەندیی نێوان گرووپی زۆر لە نیزیکەوە بە یەکتری بەستراونەتەوە.کریڤ بریتی یە لە پیاوێک، کە لە ڕێوڕەسمی خەتەنەی کوڕێکی موسوڵمان یان ئێزیدی دا، منداڵەکە لە سەر کۆشی ڕادەگرێ لەکاتی عەمەلییایەتەکەدا. پێوەندی نێوان پیاویک و کریڤەکەی، کە دایکوباوکایەتی خودا لە کولتوورە مەسیحییەکان دا وەبیر دەهێنێتەوە،ڕایەڵ کردنی پێوەندییەکی خزمایەتی هەڵبژێردراوە کە خەڵک زۆر پتەوتر لە هەر جۆرە پێوەندییەکی خوێنی بە یەکتری دەبەستێتەوە. هەر بۆیە، دایکوباوکان هەبوونی پیاوانی دەسترۆیشتوو و جێی ڕێزیان وەک کریڤی کوڕەکانیان بەلاوە پەسندە،کە تەنانەت لە ڕووی توانایەکییەوە دەش کرێ سەر بە گرووپە نەیارەکان بن. زۆر لە باوکانی موسوڵمان کریڤی ئێزیدی یان مەسیحییان هەڵبژاردووە و، باوکانی ئێزیدیش کریڤی مەسیحی یان موسوڵمان و، ئەو ڕەسمە بووتە هۆی ساز بوونی پردی هاوپێوەندی لە دەرەوەی سنوورە ئێتنیکی و دینییەکان. [٢] لە بەسەرهاتەکانی توندوتیژی بە کۆمەڵ دا، وەکوو کوشتاری بە کۆمەڵی ساڵی ١٩١٥، زۆر نموونەی ڕزگار کردن و پاراستنی خێزانە مەسیحییەکان هەن لە لایەن کوردی موسوڵمانەوە کە پێوەندی کریڤایەتییان لە نێو دا هەبووە.

فرە چەشنی دینی و ئێتنیکی

تۆرعابدین یەک لە نێوەندە هەرە کۆنەکانی شارستانییەتی مەسیحییە لە ناوچەیەکی بەربڵاوتر دا- سەبارەت بەوە لە پانێلەکانی دیکەی ئەم سیمپۆزیۆمە دا زیاتر دەبیسین - و خەڵکی ئارامی زمان ڕەنگە سێ هەزار ساڵ بێ کە لەو ناوچەیە دا ژیاون.[٣] بەر لە مەسیحایەتی و ئیسلام، دینی دیکەش لێرە هەبوون و وەک خەڵکی خۆجێیی بە خۆشحاڵییەوە ئاماژەی پێ دەکەن ئەو دینانە ڕچەیەکی مادییان لە پاش بە جێماوە: چەندین دەیر و کلیسا لە سەر وێرانەی پەرستگەی کە تەرخان بوون بۆ پەرستنی ئاور یان هەتاو دروست کراون. ڕچەی کەمتر ئاشکرای دینەکانی پێشوو بێ گومان لە فۆلکلۆر و باوەڕی فۆلکلۆری دا ماوەتەوە. بە درێژایی مێژوو، ئێمە دەبیسین خەڵک دەستیان لە دینی خۆیان هەڵگرتووە و دینێکی دیکەیان وەرگرتووە.
لە بەراییەکانی سەدەی شازدەهەم و لە سەردەمی زاڵبوونی عوسمانییەکان دا، میدیات شاری سەرەکی ناحییەی تۆر بوو و دانیشتوانی بریتی بوون لە وەرزێرانی مەسیحی و عەشیرەتی کۆچەر یان نیوە کۆچەر، کە زۆربەیان ڕەنگە ئێزیدی بووبن. شی کردنەوەی یەکەم بەڵگەکانی باجی عوسمانییەکان لە هەرێمی بەربڵاوتر دا،لەلایەن نەجات گوێیونچ و ۆلفگانگ هێوترووت، دەیسەلمێنێ کە ئەو ناحییەیە لە زۆر ڕووەوە جیاواز بووە- لە ڕووی دانیشتوو و شێوەی کشتوکاڵ – لە ناوچەکانی دراوسێی خۆی.
[٤] دانیشتووەکانی لە چاو ناوچەکانی دی زۆر دامەزراوتر بوون و، زۆربەی حاسڵاتیان بەرهەمی زۆری گەنم و جۆ بووە و ناوچەکە بەتایبەتی بە نێوبانگ بووە بۆ ساز کردنی شەڕاب. ئەو ناوچەیە داهاتێکی زۆر زیاتری داوە بە دەوڵەت لە چاو ناوچە دراوسێکانی.دانیشتووانی کۆچەر یان نیوەکۆچەر بە سەر سێ لق و پۆپی عەشیرەتی دا دابەش دەکران، کە دوو لەوانە بەڵگەی باج نێویان دەنێ چاڵکی (جەماعەتی چاڵکی) و ئەوی سێیەمیان شقاقی. گۆێیونچ و هێوترووت ناوی چالکی ( بە ئارامی چاڵکۆیۆ) وا لێک دەدەنەوە کە ئاماژە بێ بە ئێزیدییەکان؛ بەڵام سەرنجڕاکێشە باس بکرێ کە یەکێک لە لق و پۆپە چاڵکی یەکان چەندین عەشیرەتی چکۆڵەتر لە خۆ دەگرێ کە محەلەمی ن.[٥] بەڵگە باجییەکان هیچ باسی ئەوە ناکەن کە ئەو گرووپە عەشیرەتییانە بە چ زمانێک قسەیان کردووە یان دینیان چ بووە. ئەوان باجی ئیسپەنجە و باجی جزیەیان نەداوە کە لە هەموو مەسیحییەکان وەردەگیرا، بەڵام لە بواری باج لێوەرگرتن دا دەوڵەتی عوسمانی جیاوازی نەدەخستە نێوان موسوڵمانانی سوننی و ئێزیدەکان یان فرقەکانی دیکە.
شەڕەفنامەش کە مێژووی بنەماڵە کوردە فەرمانڕەواکانە و بەرەو کۆتاییەکانی سەدەی شانزدەهەم نووسراوە، زانیارییەکی زۆر و بەکەلکمان لەمەڕ دانیشتووانی میدیات لە بەر دەست نانێ. شەرەفخان باسی تۆر وەکوو یەکێک لە ناوچەکانی میرنشینی حسن کەیفە دەکا و نێوی سێزدە عەشیرەتی ئەو میرنشینە ڕیز دەکا، کە دە نێویان دا شقاقی و چاڵکی دەبیندرین، بەڵام باسێکی زۆری ئەو عەشیرەتانەمان بۆ ناکا، جگە لەوەی نەبێ کە شقاقییەکان لە بەرەو ڕۆژهەڵاتیش هەن، لە بەشی فینیکی میرنشینی جزیرە.[٦] شەڕەفخان، نووسەری شەڕەفنامە، پێکێشی دەکا کە زۆربەی کوردەکان موسوڵمانی سوننی قورس و هاوپەیمانی وەفاداری دەوڵەتی عوسمانی بوون و، جا دەکرێ ئەو بە ئانقەستە ژمارەی ئێزیدییەکانی دە نێو عەشیرەتە کوردەکان دا کەم کردبێتەوە.( بەو شێوەیەی کە دەکرێ ئێمە لە نووسینی نووسەرانی دواتر وەکوو ئەولیای چەڵەبی تێبخوێنینەوە، دەوڵەتی عوسمانی لە ئێزیدییەکان و فرقەکانی دیکە بە گومان و لێیان دڕدۆنگ بوو).
بۆ ئاگاداری زیاتر لە سەر دین و کولتووری گەلەکانی ئەم هەرێمە، ئێمە دەبێ پشت ببەستین بە زانیاریی ڕێبواری دواتر، کە پشتڕاستی دەکەنەوە تۆرعابدین لە ڕاستیدا مووزەخانەی نەریتە زیندووەکانی دینی بووە. ڕێبواری هەرمەنی پۆلۆنیالی سیموەن، کە لە دەور و بەری ساڵی ١٦٠٠ی زایینی دا سەری لە دیاربەکرەکەی داوە، هێندێک زانیاری دەدا سەبارەت بە فرقەیەکی نهێنی بە ناوی شەمسی، کە نە موسوڵمان بوون و نە مەسیحی و ناوەکەیان دەگەیێنێ کە ئەوان هەتاویان پەرستووە. دوای ئەوەی حاکمێک ویستوویە بە زۆری بیانکا بە مەسیحی یان موسوڵمان زۆریان خۆیان وەک هەرمەنی ناساندووە و هێندێکێشیان داڵدەیان بردووە بۆ ووڵاتی سوریانییەکان، کە ڕەنگە مەبەست لە تۆرعابدین بووبێ.[٧] ڕێبواری جۆر بە جۆری سەردەمی دواتریش باسی شەمسییەکانیان کردووە، کە قسەکانیان بەشێکی یەکتر ناگرێتەوە بەڵام دەیسەلمێنێ ئەوان بۆ ماوەی درێژ وەکوو کۆمەلگەیەکی جوێ لە هەرێمەکە دا ماونەتەوە.شەمسی زۆر بە ووردی باوەڕ و رێوڕەسمەکانی خۆیان لە خەڵکی لاوەیی دەشاردەوە؛ هێندێکیان لە گەڵ کلیسای ئۆرتۆدۆکسی سوریانی کەوتن یان (دواتر) لە گەڵ کلیسای کاتۆلیکی سوریانی و، وا وێدەچێ ئەوانی دیکەن دەنێو ئێزیدیان دا توابێتنەوە.[٨]

تێکەڵاوێتی ئێتنیکی و دەوڵەت نەتەوەی مۆدێڕن

لە سەدەی ١٩هەمدا، بیری دەوڵەت نەتەوەی یەکدەست وەکوو شێوەی هەرە مۆدێڕنی ڕێکخراوی سیاسی لە ئوڕووپای ڕۆژئاواوە بە بەشەکانی دیکەی دنیا دا بڵاو بووەوە. موزاییکی ڕەنگاوڕەنگی کۆمەڵگەی زۆر وزەوەندی جیاوازی ئێتنیکی و دینی کە بە تەنیشت یەکترییەوە دەژیان دەکرا لە لایەن ئیمپراتۆرە بەراییەکان کە هەرێمەکە بەشێک بوو لێیان، جێیان بکرێتەوە و وەخۆ بکرین. ئیمپراتۆری عوسمانی ڕێوشوێنێکی ئاوای بۆ کۆمەڵگەی مەسیحییەکان ڕەچاو کرد بوو کە لە شێوەی میلەتی خۆسەر و خۆ بەڕێوەبەر دا ڕێک بخرێن ( ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە بەسترابوونەوە)، کە قەوارەی دەستەڵاتی نێوخۆییان هەبوو و، هەر وەها لە گەڵ گرووپە عەشیرەتییەکانیش بە کۆمەڵ دەجووڵایەوە. لە هەر دوو نموونە دا، زۆربەی کات شێوەی فەرمانڕەوایی ناڕاستەوخۆ لە گۆڕێ دابوو، ئەگەرچی قزڵباش (عەلەوییەکان) و یەزیدییەکان زۆر جار ڕاو دەنران، ئەوەش بە ئاسایی بۆ ووڵامدانەوەی ئەگەری 'سەرهەڵدان ' ی ئەوان و دەستگێڕانەوەیان لە دانی ماڵییات بوو ؛ هێندێک جاریش، دەوڵەوت وەک موسوڵمانەکان لە گەڵیان دەجووڵاوە( و هەرە بەرچاو ئەوە بوو، خاوەی لێ دەئەستاندن) و حەولی نەدەدا بیانتوێنێتەوە یان دینیان پێ بگۆڕێ.
نوخبەکانی مۆدێرنکار دەیانەویست ترکییە بکەن بە دەوڵەت نەتەوەیەکی مۆدێڕن ، ئەگەرچی، هیچ لە گەڵ جیاوازی و تێکەڵاوێتی دەریان نەدەبرد و دانوویان نە دەکوڵا. نەتەوە ساز کردن، وەکوو جێگای دیکە لە سەر بنەمای نکووڵی کردن لە جیاوازی و بەربەرەکانی بۆ بانگەشەی بیری ڕەچەڵەکی هاوبەش هەڵنرا بوو.هەر وەک بیرمەندی فەڕانسەیی ئێرنێست ڕێنان لە ووتارە بەنێوبانگەی دا ' نەتەوە چییە ' دا گوتی، گرووپێک لە خەڵک نەتەوەیەک پێک دەهێنن چونکە ئەوان دەیانەوێ ببنە یەک و، بیرەوەری هاوبەش یارمەتی دەکا بە شکڵ پێدانی ووشیارییەکی نەتەوەیی هاوبەش؛ بەڵام ڕێنان لێی زیاد کرد تەنانەت گرینگتر لە بیرەوەری هاوبەش، ئەوەیە کە ئەوان بڕیار بدەن کە هێندێک شت لە بیر بەرنەوە. [٩] لە بیربردنەوەی کێشە توندو تیژەکان و بێزاری و نەفرەتی ڕابردوو پێششەرتێکە بۆ وێنا کردنی نەتەوەیەکی خالیس و یەکدەست.
مۆدێڕنکارانی ترکی سەرەوبەندی ترکانی گەنج و کەمالیستی بە هەموو ڕێگایەک حەولیان دا نکووڵی لە فرە چەشنی بکەن.دەرپەڕاندنی گرووپی هەرەئاشکرای جیاواز، هەرمەنییەکان، لە ئانادۆڵی،بە ڕێگای دوورخستنەوە(تهجیر) و کوشتاری بە کۆمەڵ،فکری ساز کردنی دەوڵەت نەتەوەیەکی یەک دەستی ترکی ڕەخساند. [١٠] گرووپێکی دیکە کە مەترسییەکی توانایەکی بوو لە سەریەکێتی نەتەوەیی،کوردەکان، کران بە نیشانەی سێرەی تواندنەوە و ئەوە گەیشتە لە نێو بردن و نەهێشتنی خۆسەری و جوێیەتی کولتوورییان. چەندێک لە چاکسازییە بەراییەکانی سەردەمی کۆمار خەسڵەتی هەنگاوی بە پلانیان هەبوو بۆ لەبیربردنەوە: قانوونی یەکخستنەوی پەروەردە ( تەوهیدی تەدریسات کانونو) کۆتایی دا بە نەریتی فێر کردنی حوجرەو مەدرەسەکان و بەشێکی گەورەی لە زانستی نەریتی وەلانا و،لە بیرەوەری گشتی کۆمەڵی دەر هاویشت ، هەر وەها زمانە ناترکی یەکان وەلا نران کە ئەو جۆرە پەروەردەیە بەو زمانانە دەکران. چاکسازی ئەلفوپێتکە، کە گشت نووسینەکانی سەردەمی عوسمانی بۆ وەچەی نوێ کردە شتێکی دەست پێرانەگەیشتوو، ڕەنگە هەنگاوی هەرە گەورەی لەبیربردنەوەی ڕێک خراو بێ کە شانی وەبەر درابێ و لە هیچ کوێی دیکەی جیهان نموونەی نەبووە. بە پاک کردنەوە و ئەستڕینەوەی بیرەوەرییەکان، تیۆرییە ناسیۆنالیستیەکانی مێژوو و زمان دەکرا زۆر بە هاسانتر وەگەڕ بخرێن بۆ ساز کردنی بیرەوەری هاوبەشی تازە، لە سەر بنەمای بنەچەکەیەکی هاوبەشی خەیاڵی ئاسیای نێوەندی.
لەوەتا نەمانی نەتەوە سازی کەماڵیستی، ئەو بیرەوەریانەی کە لە مێژبوو سەرکوت کرابوون جارێکی دیکە لە ووشیاریی گشتی دا سەرهەڵدێننەوە.موسوڵمانانی خۆپارێز، عەلەوییەکان، کوردەکان و گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکە، لەوانە کەمایەتییە نا موسوڵمانەکان، گشتیان خەریکی دیسان دۆزینەوەی مێژووەکانیان و نیشان دانی ناسێنەی گرووپی خۆیان و پێوەندییەکانیان لە گەڵ کۆمەلگەکانی دیکەن. پڕۆسەی دیسان دۆزینەوە و لە خاک دەرهێنانی ڕابردووی سەرکوتکراو هەر وەها بیری کۆنیشی تەشەنا کردووەوەتەوە و خەسارەکانیشی هێناوەتەوە ڕوو؛هەموو کۆمەڵگەکان ڕەنجیان کێشاوە،ئەگەرچی بە شێوەی جیاواز و، هەموویان داوخوازی ئەوە دەکەن ڕەنجەکانیان ددانی پێدا بهێندرێ. دمەتەقەی سەبارەت بە جێنۆسایدی هەرمەنیان هەم بۆ ترکەکان و هەم بۆ هەرمەنییەکان بە کول و ژانە؛ زۆرکەس بۆیان ئاستەمە لە گەڵ ڕاستی ڕووبەڕوو بن، بەڵام کۆمەڵ ووردە ووردە خەریکە ئامادە دەبێ بە کراوەیی ئەو ڕاستەقینانە باس بکا. لە تۆرعابدین هەرمەنی زۆر کەم بوون جگە لەوانەی نەبێ کە لە شوێنی دیکەوە ڕایان کرد بوو بۆ ڕزگار بوون لە کوشتار، بەڵام سوریانییەکانیش بوونە قوربانی ئەو زەبر وزەنگەی کە لە ماوەی ساڵانی شەڕ دا بەدژی کۆمەڵگەکەیان کرا.بەرفرەوانی ڕاستەقینەی سەیفۆ، ئەو ناوەی کە سوریانییەکان لەو زەبر وزەنگەیان ناوە کە دژی کۆمەڵگەکەیان کراوە،بیروڕای گشتی بە هەراوی هێشتا پێی نازانێ و جێی مشتومڕە لە نێو پسپۆڕان دا و،بێگومان زانیاری سەبارەت بەوە لە ساڵانی دادێ دا زیاتر وە ڕوو دەکەوێ.[١١]
بیرەوەرییەکانی کەمتر بە کول و ژان ئێستا زۆر هاسانتر قسەیان لێوە دەکرێ و، ئەوە جێگای هۆمێدە کە دەبینن چلۆن هەم ئیدارەی ئاکەپە و هەم ئەو شارداریانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەدەپە دان حەولیان داوە نیشان بدەن کە کەمایەتییە نا موسوڵمانەکان جێگایەکی مەشڕووعیان هەیە لەو موزاییکە کولتوورییە دا. بێگومان وتووێژەکانی ترکییە بۆ ئەندامەتی لە یەکێتی ئوڕووپا دا و بەڵێنی داهات بە ڕێگای توریسمەوە دەوری خۆیان بووە بۆ ئەو حورمەتەی کە ئێستا سەبارەت بە کەلەپووری مەسیحی لە ڕۆژهەڵات و لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵی نیشان دەدرێ. بەڵام ئەوە نەدەکرا بە بێ ئەو گۆڕانە گرینگانەی کە لە ووشیاری گشتی ترکییە دا ڕوویان داوە،قەبووڵ کردنی لە زێدەی فرەچەشنی و تێگەیشتن لەوەی کە تێکەڵاوییەتی سەرچاوەی لاوازی نییە،بەڵکوو، بە پێچەوانە، ئاوێنەیەکە لە دەوڵەمەندیی کولتووری ڕابردوو و سەرچاوەیەکی بەنرخە بۆ پێشە ڕۆژ.

کۆچ کردن لە تۆر عابدینەوە، هەندەران و، مانەوەی کولتوورەکان

کۆچ کردن لەتۆرعابدینەوە لایەنێکی گرینگی مێژووی ئێرەیە بە درێژایی سەدەی بیستەم . گشت ئەو کۆمەڵگەیانەی ئێستا لێرە دەژین ڕۆیشتنی زۆر لە ئەندامانی خۆیان لێرە دیتووە، کە ئەوە لاوازی کردوون، بەڵام ئێستا لە هەندەران دەستەی زۆر باش ڕێکخراوی ئەو پاتراوانە هەن کە لەوانەیە یاریدەی ژیانیان بدەن.
یەکەم شەپۆلی کۆچ کردن لە ئاکامی شەڕی هەوەلی جیهانی دا قەوما، دوای ڕێکەوتن لە سەر سنووری نێوان ترکییە – سووریە و ئەو کاتەی فەڕانسە دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەی جزیڕێی سووریە دامەزراند.مەسیحییەکانی سەر بە کلیسای جیاواز تەمایان گرت لەو بەری سنوور لە ژێر فەرمانڕەوایی فەرانسە دا بژین. لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٢٠دا، سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی شێخ سەعید لە ترکییە بوو بە هۆی ڕاکردنی عەشیرەتە کوردەکان بۆ ئەو بەری سنوور ( لە وانە تەنانەت ئەو عەشیرەتانەش کە گوێڕایەڵییان لە حکوومەت کرد بوو بۆ دژایەتی ئەو هەستانەوەیە). قامیشلۆ و گوندەکانی دەور و بەری بوون بە ئاوێنەیەک لە دیمەنی تۆرعابدین: ئێمە کۆمەڵگەی وەک یەک لە هەر دوو بەری سنوور دەبینین، بەڵام دوای هەشتا ساڵ یان زیاتر لە ژیانی لە یەک جیا، ئەو کۆمەڵگەیانە تا ڕادەیەک لە یەکتر دوور کەوتوونەتەوە و بێرەوەرییەکانیان سەبارەت بە ڕابردووی هاوبەش جیاوازە. [١٢]
لە دوای کۆتایی هاتنی ئینتیدابی فەڕانسە، لووزەوی کۆچبەران لە تۆرعابدینەوە بەرەو بەیرووت گۆڕا، پێشوەچوونی ئابووری و دەرفەت خەڵکی بەرەو لوبنان ڕادەکێشا. رەنگە لە پێشدا ئەوە سوریانییەکان بووبن کە بە هەژمارێکی زۆر چوونە وێندرێ،لەبەر ئەوەش بەرەو ئەوێ ڕادەکێشران چونکە لوبنان وەک دەوڵەتێک مەسیحییەکان تێیدا باڵا دەست بوون، بەڵام ماوەیەک دوای ئەوان کوردەکان و محەلەمییەکانیش لە تۆرعابدینەوە بە دوایان دا چوون. ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لە تۆرعابدین بە تەنیشت یەکترەوە ژیا بوون لە لوبنان لەیەک جیاواز بوون و هەر کامەیان چوونە نێو بەشی جیاوازی بازاری کار لە لوبنان. سەرنجڕاکێشە، لەو دەوروبەرە عەڕەبزمانە دا، محەلەمییەکان زۆر جار بە کورد داندراون و، ئێستا، کوردە لوبنانییەکانی دیکەش، محەلەمییەکان بە بەشێک لە گرووپی خۆیان دەزانن ئەگەرچی ئەوان بە جیاواز خۆیان ڕێک خستووە. [١٣]( لە جێگای دیکە لە هەندەران،محەلەمییەکان پێداگری دەکەن لە سەر ناسێنەی عەڕەبی خۆیان و خۆیان لە کوردەکان جیا دەکەنەوە.)
لە ساڵانی ١٩٦٠، کۆچ کردنی هێزی کار بۆ ئەڵمان زۆر گرینگی پەیدا کرد. دیسان، سوریانییەکانی خەڵکی تۆرعابدین بەڕێژە خیرا بوون بۆ کەلک وەرگرتن لەو دەرفەتە، بە بەراورد کردن لە گەڵ کۆمەڵگەکانی دیکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵی.هەرکە یەکەم دەستە لە کۆچبەران جێ پێی خۆیان لە ئەڵمان قایم کرد،ئەوان دەستیان کرد بە یارمەتیکردنی دۆست و خزمەکانی خۆیان بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە لایان و، ئاکامی ئەو پرۆسەیەی زنجیرەی کۆچ کردنە گەیشتە ئەوەی ژمارەیەکی گەورە لە سورییانییەکان لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا ماڵیان دانا و دامەزران. زۆر خەڵکی دیکە لە تۆرعابدینەوە چوونە ئەستەنبووڵ. ڕۆیشتنی ئەو هەموو خەڵکە کۆمەڵگەکەیانی لە ووڵاتی بنەجێی خۆیان لاواز کرد.لەنێوەڕاست ساڵانی ١٩٧٠ کاتێک من سەری هەرێمەکەم دا،باسی زۆر کێشەم بیستن سەبارەت بە زەوی، سەبارەت بە کچی سوریانی کە ڕفێندرابوون و لە پیاوی موسوڵمان مارە کرابوون،لەمەر دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و،لەمەڕ چاولێهەڵبواردنی پۆلیس. ئیدی لە زۆربەی ووڵاتانی ئوڕووپای ڕۆژئاوا دەبەر کارنانی هێزی کار ڕاگیرا بوو و، بۆیە خێزانە سوریانییەکان دەستیان کرد بە داوای پەنابەری و هۆی ئەوەشیان بە خراپ بوونی بارودۆخی هێمنایەتی دەبەستەوە. تەنانەت لە ساڵانی ١٩٨٠ کان و ١٩٩٠ کاندا زۆر خراپتر بوو، کاتێک کە کێشەی نێوان پ.ک.ک و دەوڵەت زۆر لە گوندنشینانی ناچارکرد گوندەکانیان بەجێ بێڵن.[١٤]
ئەمن بەر لە ساڵی ١٩٨٠ش، بە تەواوی لەو باوەڕە دابووم کە کۆمەڵگەی سوریانی بریاری داوە کە چ داهاتوویەکی لە تۆرعابدین نییە و جگە لە خەڵکی پیر نەبێ،هەموو کەس دە فکری ئەوە دا بوو بە جۆرێک خۆی بگەیێنێتە ئوڕووپای ڕۆژئاوا و لەوێ دامەزرێ.گەلۆ دوای ژیانێکی بەلانی کەمەوە سێ هەزارساڵە،ئیدی سۆریانی لە تۆرعابدین بزر دەبن هەر وەک چۆن شەمسی بێشتر بزر ببوون؟ ژمارەی کۆچبەرانی سوریانی لە سوێد، هۆلەند،ئەڵمان و سویس بەخێرایی زیادی دەکرد و ئەوان کۆمەڵگەی شیاوی دەوام هێنانیان ڕێک دەخست و بە ووردی لە بیری پاراستنی نەریتە دینی و کولتوورییەکانیان دا بوون. بە هەبوونی کلیسا و قەشە بە کردەوە لە گشت ئەو گەڕەکانەی کە خەڵکەکەیانی لێ دامەزراوە، هەبوونی دەیر لە هۆلەند،ئەڵمان و سویس،هەبوونی
کۆمەڵەکان، زنجیرەیەک چاپەمەنی چاپکراو و لە سەر تۆڕی ئینترنێت و وێستگەیەکی تێلێڤیزیۆنی مانگیلە، وا وەبەرچاو دێ کە مانەوە و ژیانی سوریانییەکان وەک کۆمەڵگەیەکی دینی-ئێتنیکی دەستەبەر کرابێ.[١٥] ژمارەی هەرە زۆری سوریانییەکانی تۆرعابدین ئێستا یان لە ئەستەنبووڵ یان لە هەندەران دەژین،بەڵام بە ووردی هەر لە بەر بوونی دیاسپۆرایەکی بەهێز، بەئێروو و یەکپارچەیە کە ڕەنگە بکرێ ئامادەییەکی بەردەوامی سوریانییەکان لە تۆرعابدین هەڵبسووڕێ. ئێستا کە ئاشتی گەڕاوەتەوە هەرێمەکە و، بە پشتیوانی سیاسەتەکانی حکوومەت کە ئێستا زۆر زیاتر لە بەرژەوەندی ناموسوڵمانەکان دایە تا ڕابردوو،خەڵک دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ گوندە بنەجێیەکانی خۆیان- لە زۆر نموونە دا بۆ پشووی هاوین و بۆ زۆر کەسی دیکەش بۆ هەمیشە. کۆمەڵگەی پچووکی دێیەکان لە ڕووی ئابوورییەوە ناتوانن لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن،بە تایبەتی کاتێک کە دەبێ پەروەردەی مۆدێڕن و خزمەتی لەشساخی رێک بخرێ، بەڵام ئەوەش بە ووردی ئەو بوارەیە کە دیاسپۆرا دەتوانێ خۆی تێوەردا و پشتیوانی بکا لە ژیانی سوریانییان لە گوند.
ئاسۆگی دڵنیایی لە مانەوە و ژیانی کولتووری ئێزیدی لە تۆرعابدین زۆر ڵێڵترە.ئێزیدییەکان کە نە موسوڵمانن و نە مەسیحی، تەنانەت زیاتر لە کەمایەتییەکانی دیکە لە ژێر چەوسانەوە و زۆرداری دا بوون،لەوانە گوشاری توند بۆ ئەوەی لە دینی خۆیان دەست هەڵگرن و ببن بە موسوڵمان یان مەسیحی. زۆر لەوان لە بەر ئەو گوشارانە گوندەکانی خۆیان بەجێ هێشت و حەولیان دا ناسێنەی دینی خۆیان بشارنەوە لەو شارانەی دا کە لێیان دامەزران.زۆر لە ئێزیدییەکان کە باوەریان بەوە نەمابوو ئیدی چبڕ لە ترکییە دا داهاتوویەکیان هەبێ،حەولیان دا بۆ کۆچ کردن بۆ ئوڕووپای ڕۆژئاوا و، لە ساڵانی ١٩٨٠ کاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێزیدەییەکان لە ئەڵمان داوخوازی پەنابەریان کرد، کە هێندێکیان خەڵکی تۆرعابدین بوون. [١٦]کۆبوونەوەی کۆچبەرانی ئێزیدی تەنێ لە چەند شارێکی ئەڵمان و، هاتنی ژمارەیەک لە دەستەڵاتدارە دینیە زاناکانی ئێزیدی بۆ ناویان لە عێراقەوە بە دوای ساڵی ١٩٩١ دا بووە هۆی زیندووبوونەوە و ژیانەوەی کولتووری ئێزیدی و یەکەم حەولدان بەرەو بە سیستم کردنی سیستمی باوەڕی ئێزیدی لە هەندەران، وا وێدەچێ ئەوە لەمەڕ ئێزیدییەکان زۆر لە سوریانییەکان ڕاستتر بێ،کە هەبوونی دیاسپۆرا نەک هەر بووە هۆی مانەوە بەڵکوو بووە هۆی مۆدێرن کردنی دینەکەشیان.[١٧] لە سایەی هەبوونی دیاسپۆرای ئێزیدی دا مرخ و سەرنجی نێونەتەوەیش لە مەڕ وان و حەولدان بۆ پاراستنی مافەکانیان وەکوو کەمایەتییەکی دینی زیادی کردووە، کە ئەوەش ڕەنگە بتوانێ یارمەتی بکا بە باشتر بوونی وەزعیان لە ترکییە.گوندێکی ئێزیدی کە پێشتر بە دانیشتووانی چۆل کرابوو و کوروجوەکان لە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا لێیان داگیر کرد بوون ئێستا بە ڕەسمی دراوەتەوە بە خاوەنە قانوونییەکانی،کە لەوان چەند کەسێکیان لە ئەڵمانەوە گەڕاونەتەوە گوندەکە. [١٨] وا وێدەچێ هەر نیشانەیەکی زۆر کەمی ئێزیدییەکان لە هەرێمەکە دا مابێ و، تەنانەت ئەوەندە کەمەش بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کۆمەڵگەی ئێزیدی لە هەندەران.

ئاسۆگی داهاتوو

زۆر زووە بۆ ئەوەی مرۆ بگاتە ئەنجام لێ دەرخستنێک، بەڵام هەلومەرجی گۆڕاو لە ترکییە، کە لە بەر سێبەری دا گرووپە جیاوازە ئێتنیکی و دینییەکان نەک هەر ئازادن بۆ نیشان دان و پێداگری لە سەر هەبوونی خۆیان و شایی پێکردن بە کولتوورەکانیانەوە، بەڵکوو ڕەخسانی ئەو دەرفەتەش کە بە ئاشکرا باسی ڕووداوە بە کول و ئێشەکانی ڕابردوو بکرێ کە بەساڵان بێدەنگەیان لێ کرابوو،هۆن بۆ گەشبینی. بێگومان لەو پێواژۆیە دا جارجار باش دەدرێتەوە سەر بۆچوونە ملهوڕانەکانی پێشوو و،چەوساندنەوە و زۆرداری لە کەمایەتییەکان بۆ هەمیشە کۆتایی پێ نایە.
بەڵام تا ئێستا بە ناسین و سەرنجدانە سەر فرەچەشنی دەوڵەمەندیی کولتوورەکان لە ترکییە دەستکەوت زۆر بووە؛هۆیەکی دیکە بۆ خۆشبینی ئەوەیە کە خەڵک نەک هەر سەرنج دەدەنە سەر کولتووری خۆیان و پاشخانی بنەماڵەی خۆیان بەڵکوو سەرنجێکی ڕاستەقینەشیان داوەتە سەر کولتوورەکانی دیکەش. وەک نموونەیەک ئەمن دەمەوێ باسی کتێبێک بکەم کە لە لایەن ووتارخوێنەرەوەی دوای من لەم پانێلە دا نووسراوە، ئەویش سیاسەتمەداری کورد ئاڵتان تان ە.[١٩] ئەو کتێبە تێڕوانینێکی گشتی بەکەلکە سەبارەت بە مێژووی هەرێم و عەشیرەتە کوردەکانی تۆرعابدین و ناوچە دراوسێیەکانی،بەڵام سەرنج دەداتە سەر حەشیمەتی مەسیحیش، سەر محەلەمی و ئێزیدییەکانیش و هەر وەها کوردە سوننییەکانیش. هەمان مرخ و سەرنجدانی بەربڵاویش سەبارەت بە هەموو گرووپە دینی و ئێتنیکییەکانی هەرێم بە بەڵگەوە لە چاپەمەنییەکانی شاردارییەکان لە هەرێم دا دەبیندرێن. ئەوە هیوا دەدا سەبارەت بە داهاتوویەک کە تێێدا هیچ تاقە گرووپێک لافی مەزنێتی و سەردەستی بە سەر ئەوانیدی دی دا لێ نەدا و، تێیدا هەرێمەکە و کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بە موڵکی هاوبەش و بە بەرپرسیارەتی هاوبەش دابندرێ.

[١] ئەمن پێم خۆشە سپاسی ئاندروو پالمر،هێلێن مور ڤان در بێرگ و نەوڕەس ئاتتۆ بکەم بۆ ڕادەربڕینیان سەبارەت بە نوسخەیەکی پێشووتری ئەم ووتارە. بەڵام بەرپرسیارەتی ئەم دەقە بەم جۆرەی لە سەرەوە دا پێشکێش کراوە بە تەواوی لە سەر شانی منە.

[٢] سەبارەت بەو ڕێوڕەسمە بڕوانە:
Ayşe Kudat, 'Ritual kinship in Eastern Anatolia', Anthropological Quarterly 44, 1971, 37-50; Ayşe Kudat Sertel, Kirvelik, Ankara: Ayyıldız Matbaası, 1974.
ئەو ڕاستییەی کە لە هێندێک هەرێمان 'کریڤۆ' ناوێکی باوە بۆ هەرمەنیان یان ئێزیدییان دەیسەلمێنێ کە ئەو جۆرە پێوەندییە بە تێپەڕاندنی سنوورە دینییەکان چەندە باو بووە.

[٣] Andrew Palmer, Monk and mason on the Tigris frontier: the early history of Tur `Abdin, Cambridge: Cambridge University Press, 1990.

[٤] Nejat Göyünç and Wolf-Dieter Hütteroth, Land an der Grenze: Osmanische Verwaltung im heutigen türkisch-syrisch-irakischen Grenzgebiet im 16. Jahrhundert, Istanbul: Eren, 1997.
بەداخەوە ئەو نەخشە ووردانەی لەگەڵ ئەوکتێبە خراون، لە ترکییە لە بەر دەست دانین. ئەوانە بە جوانی خەسڵەتی تایبەتی مێدیات نیشان دەدەن.

[٥] Göyünç and Hütteroth, op.cit., pp. 212-4.
چالکی یان چێلکان ئێستا کۆنفێدراسیۆنێکی گەورەی عەشیرەتین، کە گشت ئێزیدییەکانی خەڵکی تۆرعابدین و زۆر لەوانەی لە جزیرەی سوورییە دەژین سەر بەو کۆنفێدراسیۆنەن – بەڵام کۆنفێدراسیۆنی عەشیرەتی دیکەی ئێزیدیش هەیە کە ناوی دیکەیان هەیە. ئەو بەڵگانەی گوێیەنچ و هوێترووت لێیان کۆڵیوەتەوە باسی ئەوە دەکەن کە لە سەدەی ١٦هەمدا کۆنفێدراسیۆنی چاڵکی دەکرێ گرووپی نا ئێزیدیشی تێدا بووبێ،

[6] Sharaf Khan Bidlisi, Sharafnameh, ed. M. `Abbasi, Tehran 1343/1964, pp. 196, 201 [in the Turkish translation: Şeref Han, Şerefname, trl M. Emin Bozarslan, Istanbul: Yöntem, 1975, pp. 190, 194].
یەکێک لە عەشیرەتە کوردەکانی ناوچەی حسن کەیفە کە شەرەفخان باسیان لێوە دەکا موحەلەبی یە، ڕەنگە ئەوە هەڵەیەکی خوێندنەوە بووبێ و ووشەکە محەلەمی بووبێ و ئەوەش لە نهێنی ڕەچەڵەکی ئێتنیکی ئەو عەشیرەتە زیاد دەکا.


[٧] Hrant D. Andreasyan, Polonyalı Simeon’un seyahatnamesi (1608-1619), Istanbul: İ.Ü.Ed.Fak. yayınları, 1964, p. 100.


[٨] ڕاپۆرتی ڕێبواران سەبارەت بە شەمسی بەشێوەیەکی بەکەلک لە لایەن ڕاشۆ دۆنێف لە سەری نووسراوە و لە ئینترنێت دا هەیە:
Racho Donef, 'The Shemsi and the Assyrians', Sydney: 2010; available online at http://www.atour.com/bn/authors/pdf/DrRachoDonef-TheShemsiAndTheAssyrians-Shamsia.pdf.


[٩] ووتاری ڕینان لە ساڵی ١٨٨٢ لە سۆربۆن پێشکێش کرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو دەناو لێکۆلەرەوانی ناسیونالیسم و دەناو ناسیونالیستان دا. بۆ وەرگێڕانێکی تازەی ئینگلیسی بڕوانە:
Ernest Renan, 'What is a nation? [trl by Martin Thom]', in: Homi K Bhabha (ed.), Nation and narration, London: Routledge, 1990, pp. 8-22.
تێبینی وەرگێڕی کوردی: ئەم نووسینەی ئێرنست ڕێنان لە لایەن ئەم وەرگێڕەوە کراوەتە کوردی و لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆواری ' ڕەهەند' دا چاپ کراوە


[١٠] The role of the ‘Armenian question’ in the emergence of a Turkish national awareness is emphasized in a study by Taner Akçam, Türk ulusal kimliği ve Ermeni sorunu, Istanbul: İletişim, 1992.

[١١] یەکەم لێکۆڵینەوە سەرەکییەکان لەمەڕ سەیفۆ بە زمانی ئینگلیسی لە لایەن نووسەری ئاواوە کراوە کە بە توندی پشتی کۆمەڵگە مەسیحییەکان دەگرن بڕوانە:
Sébastien de Courtois, The forgotten genocide: Eastern Christians, the last Aramaean Piscataway, NJ: Gorgias Press, 2004, and David Gaunt, Massacres, resistance, protectors: Muslim-Christian relations in Eastern Anatolia during World War I, Piscataway, NJ: Gorgias, 2006. Earlier overviews include Yves Ternon, Mardin 1915: anatomie pathologique d'une destruction, Paris: Centre d'histoire arménienne contemporaine, 2002, pp. 167-78. See also the extract from a still untranslated book about the events of 1915 by the last Chaldean bishop of Mardin in Andrew Palmer’s contribution to the present volume.

[١٢] لە لێکدانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی سەرچاوەی ئاڕشیوی و نەریتی زارەکی سەدا ئالتوغ نیشانی داوە کە چۆن کۆمەڵگە جۆر بە جۆرە ئێتنیکی و دینییەکانی جزیرەی سووریە - جەختی لێکۆڵینەوەکەی لە سەر هەرمەنییەکان،سوریانییەکان و کوردەکان بووە – ڕووداوە گرینگەکانی سەروبەندی ١٩٤٠- ١٩١٥ یان بە جیاواز دەبیر دا ماوە و وێدەچێ هێندێک لە ڕووداوەکانیان لە بیرەوەری خۆیان پاک کردبێتەوە، بڕوانە:
Seda Altuğ, 'Sectarianism in the Syrian Jazira: Community, land and violence in the
memories of World War I and the French mandate (1915-1939)', Ph.D. dissertation, Utrecht University, 2011.

[١٣] Farah W. Kawtharani and Lokman I. Meho, 'The Kurdish community in Lebanon', The International Journal of Kurdish Studies 19/1-2, 2005, 137-160; Ahmad Muhammad Ahmad, Akrâd Lubnân wa tanzîmhum al-ijtimâ`î wa'l-siyâsî, Bayrut: Maktabat al-Faqîh, 1995.

[١٤] سەبارەت بەو هۆکارانەی بوونە سۆنگەی کۆچ کردن لە تۆرعابدینەوە بڕوانە:

Yakup Bilge, Süryanilerin kökeni ve Türkiyeli Süryaniler, Istanbul: privately published, 1991, pp. 128-35; Sabri Atman, Asurlar, Süryaniler, Istanbul: Kaynak, 1997; Naures Atto, 'Hostages in the homeland, orphans in the diaspora. Identity discourses among the Assyrian/Syriac elites in the European diaspora', Leiden: Leiden University, 2011, Chapter 4.


[١٥] Tuma Bar Şawme, Avrupa'da Süryaniler I (İsviçre); Avrupa'da Süryaniler II (Almanya), Södertälje: Nsibin Yayınları, 1992-1994; Heidi Armbruster, 'Homes in crisis: Syrian Orthodox Christians in Turkey and Germany', in: Nadje Al-Ali and Khalid Koser (eds), New approaches to migration? Transnational communities and the transformation of home, London: Routledge, 2002, pp. 17-33; Jan Schukkink, 'De Suryoye, een verborgen gemeenschap. Een historisch-antropologische studie van een Enschedese vluchtelingengemeenschap afkomstig uit het Midden-Oosten' [The Suryoye, a hidden community. A historical-anthropological study of a refugee community in Enschede originating from the Middle East], PhD dissertation, Amsterdam: Vrije Universiteit, 2003; Atto, ‘Hostages in the homeland, orphans in the diaspora.’ .

[١٦] Robin Schneider (ed.), Die kurdischen Yezidi: ein Volk auf dem Weg in den Untergang [The Kurdish Yezidis: a people on the road to annihilation], Göttingen: Gesellschaft für Bedrohte Völker, 1984; Johannes Düchting and Nuh Ates, Stirbt der Engel Pfau? Geschichte, Religion und Zukunft der Yezidi-Kurden [Is the Peacock Angel dying? History, religion and future of the Yezidi Kurds], Köln: Komkar, 1992.

[١٧] Banu Yalkut-Breddermann, 'Der Wandel der yezidischen Religion in der Diaspora' [The transformation of Yezidi religion in the diaspora], in: Gerdien Jonker (ed.), Kern und Rand: religiöse Minderheiten aus der Türkei in Deutschland, Berlin: Das Arabische Buch, 1999, pp. 51-64; Philip Kreyenbroek, 'Religious minorities in the Middle East and transformation of rituals in the context of migration', in: Robert Langer, Raoul Motika and Michael Ursinus (eds), Migration und Ritualtransfer: religiöse Praxis der Aleviten, Jesiden und Nusairier zwischen Vorderem Orient und Westeuropa, Frankfurt am Main: Peter Lang, 2005, pp. 35-50; Robert Langer, 'Yezidism between scholarly literature and actual practice: from 'heterodox' Islam and 'syncretism' to the formation of a transnational Yezidi “orthodoxy”', British Journal of Middle Eastern Studies 37(3), 2010, 393-403; Philip Kreyenbroek (in collaboration with Z. Kartal, Kh. Omarkhali, and Kh. Jindy Rashow), Yezidism in Europe: Different Generations Speak about their Religion, Wiesbaden: Harrassowitz, 2009.

[١٨] Johannes Düchting, ‘Die Yezidi und ihre Asylrechtliche Behandlung in Deutschland’, undated paper (2006?), pp. 8-9. Online at www.yeziden-colloquium.de.

[١٩] Altan Tan, Turabidin'den Berriyê'ye: aşiretler, dinler, diller, kültürler, Istanbul: Nûbihar, 2011.

No comments: