راپۆرتی جێرالد.ف.پ. دووهێر جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکا له ته‌ورێز سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان
راپۆرتی جێرالد.ف.پ. دووهێر جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکا له ته‌ورێز سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه بۆ فارسی: کاوه‌ی به‌یات*
له فارسییه‌وه بۆ کوردی: حه‌سه‌نی قازی
تێبینی: ئه‌م ڕاپۆرتانه‌ی جێڕاڵد دۆهێر له کتێبێک دا به نێوی " کردها و فرقه‌ء دموکرات آذربایجان" که له لایه‌ن کاوه‌ی به‌یات ڕا کراوه‌ته فارسی. لاپه‌ڕه‌ی 87 تا 117، وه‌رگێڕدراوه.نێوی سه‌ره‌کی ئه‌و به‌ڵگه‌یه بریتییه له:
Confidential U.S. State Department Central Files,Argentia,1945.1949,C1997
"به‌ڵگه نهێنییه‌کانی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان وه‌زاره‌تی کار و باری ده‌ره‌وه، فایله نێوه‌ندییه‌کان" له کتێبی ڕیچارد ئه‌ی.مۆبلی به نێوی "لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به پێوه‌ندییه‌کانی کۆماری مهاباد و کۆماری دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان" یش دا که‌لک له‌و ڕاپۆرتانه‌ی دوهێر وه‌رگیراوه.ئه‌من زۆرم حه‌ول دا بۆ په‌یدا کردنی ئه‌و ڕاپۆرتانه به زمانی ماک به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌متوانی په‌یدایان که‌م ، بۆیه له وه‌رگێڕانی فارسی که‌لکم وه‌رگرت.جێی ئاماژه‌یه ئه‌و کاته‌ی که کتێبه‌که‌ی موبلی بڵاو بووه‌وه ئه‌من به له‌به‌رچاوگرتنی نێوه‌رۆکی بابه‌ته‌که عینوانی " پێوه‌ندییه‌کانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازه‌ربایجان"م بۆ هه‌ڵبژاردبوو،ئه‌و ده‌می وه‌ک نووسه‌ری کتێبه‌که هه‌ستم پێ نه‌کرد بوو که حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان له نێو لێنان و نێو هێنانی خۆی دا قه‌ت " جمهوری" به‌کار نه‌هێناوه و له چاپه‌مه‌نییه‌کانی دا هه‌میشه وه‌ک " ملی حکومت " باسی خۆی کردووه. سه‌رباسی:" راپۆرتی جێرالد.ف.پ. دووهێر جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکا له ته‌ورێز سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان" له لایه‌ن وه‌رگێڕی کوردییه‌وه داندراوه.
سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریکا،تاران،ئێران، نهێنی
15ی ژانڤییه‌ی 1947 / 25ی به‌فرانباری 1325ی هه‌تاوی
ئاڵوگۆڕی سیاسی له نێو کورده‌کانی ئازه‌ربایجان له ساڵی 1946/1325
ئه‌م ڕاپۆرته جێراڵد ف.پ. دووهێر جێگری کۆنسوول له ته‌ورێز ئاماده‌ی کردوه‌ه
1- به‌شداریی کورده‌کان له شۆڕشی ئازه‌ربایجان دا
2- کۆماری مه‌هاباد
3- گۆڕانی هه‌ڵوێستی کورده‌کان له ئاست ئازه‌ربایجان و یه‌کێتی شووڕه‌وی
4- سه‌ره‌تای پێوه‌ندی کورده‌کان له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا
5- پێکهه‌ڵپڕژانی کورده‌کان و ئه‌ڕته‌شی حکوومه‌تی نێوه‌ندی
6- نێوانناخۆشی له زێده‌ی کورد و ئازه‌ربایجان
7- هۆی شکانی سیاسه‌تی شووڕه‌وی له مه‌ڕ کوردان
8- پێداویستی حکوومه‌تی ئێران بۆ هه‌بوونی رێبازێکی عاقڵانه له ئاست کورده‌کان
[ په‌یوه‌ستی یه‌ک تا چوار ]
1. به‌شداریی کورده‌کان له شۆڕشی ئازه‌ربایجان دا
هه‌ر که ئه‌ڕته‌شی سووری شووڕه‌وی له ساڵی 1941/1320ی هه‌تاوی هاته ناوچه‌کانی باکووری ئێران ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ئێران به سه‌ر عه‌شیره‌ته‌کانی ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجان دا به کرده‌وه نه‌ما.واته له هێندێک له دێیه کوردنشینه‌کانی که به ده‌وری شاری وه‌ک مه‌راغه،میاندواو، ڕه‌زائییه، شاپوور، خوێ و ماکۆ وه بوون و هاو ته‌ریبی که‌ناره‌کانی ڕۆژئاوا و باشووری ده‌ریاچه‌ی ڕه‌زائییه هه‌ڵکه‌وتبوون. فه‌رمانده‌ره‌کانی سه‌ربازگه‌کانی ئه‌ڕته‌شی سوور تا ڕاده‌یه‌ک حوکمیان له‌و ناوچانه ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی له چیاکانی ده‌وروبه‌ر و چه‌ند کیلۆمیتر دوورتر له ڕێگا سه‌ره‌کییه‌کان ده‌ژیان که به ده‌وری ده‌ریاچه دا پاپۆکه‌ی ده‌خوارده‌وه، جارێکی دیکه چوونه‌وه سه‌ر دۆخی شێوه‌ی نه‌ریتی ژیانی خێڵه‌کی خۆیان؛ ئه‌و شێوازه ژیانه‌ی که تا به‌ر له پێشڕۆیی ئه‌ڕته‌شی داگیرکه‌ری شووڕه‌وی، له دوو سه‌ده له‌مه‌و به‌ره‌وه به ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ڕیشه‌کێش کرابوو.
له درێژایی سێ ساڵی یه‌که‌می داگیر کردنی ئه‌و ناوچانه له لایه‌ن ئه‌ڕته‌شی شووڕه‌وییه‌وه، سۆڤییه‌تییه‌کان هێندێک هه‌نگاوی چڵ و نیوه‌چڵیان نایه‌وه بۆ په‌یدا کردنی جێپێیه‌ک بۆ خۆیان له نێو عه‌شیره‌ته کورده‌کان دا. تا نیوه‌ی دووهه‌می ساڵی 1945/ هاوین و پاییزی 1324ی هه‌تاوی سۆڤێتیه‌کان به‌رنامه‌یه‌کی چڕ و ڕێکوپێکیان بۆ دوور کردنه‌وه‌ی کورده‌کان له ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی وه‌به‌ر نه‌گرت، ئه‌وه‌ش وێده‌چێ له به‌ر ئه‌وه‌ی که کورده‌کانی ئازه‌ربایجان ئیدی به کرده‌وه له نیری فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌تی تاران ڕزگاریان ببوو و رێگایه‌کی ئاوایان وه‌به‌ر گرتبوو.
له پاییزی 1945/ 1324ی هه‌تاوی واته ته‌قریبه‌ن هاوکات له گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی هه‌نگاوه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولخانه‌ی شووڕه‌وی له ته‌ورێزێ بۆ ڕێکخستنی فێرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان که له ژێر سه‌رپه‌رستی موهاجیرێکی ئێرانی دا بوو به نێوی جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری،ژه‌نه‌ڕاڵ مایۆر ئاتاکیشییێڤ،یه‌كێک له هه‌ڵسووڕێنه‌رانی سیاسی که له باکۆ وه ناردرابوو ده‌ستی کرد به زنجیره‌یه‌ک سه‌فه‌ربۆ مه‌هاباد. ده‌سته‌یه‌ک له کورده‌کانی ئێرانی، عێڕاقی و سوورییه‌یی که له فکری دامه‌زراندنی کوردستانێکی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ دا بوون له‌وێ کۆ ببوونه‌وه. ڕێبه‌ری ئه‌و ده‌سته‌یه، قازیی محه‌مه‌د خاوه‌نموڵکێکی کورد و سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌کی به نێوبانگی ناوچه بوو که ده‌سته‌ڵاتی مه‌زه‌بی ئه‌وان له باکوره‌وه تا نیزیک سنووره‌کانی شووڕه‌وی درێژ ده‌بووه‌وه. ڕاکێشانی سه‌رنج و ڕێکه‌وتن له گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه بۆ وه‌کار که‌وتن وه‌کوو کاکڵی سه‌ره‌تایی بۆ پێک هێنانی " بزووتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی" کورد که ده‌بوو هاوکات له گه‌ڵ "حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی" ئازه‌ربایجان که پیشه‌وه‌ری و هاوکاره شووڕه‌وییه‌کانی ده ته‌داره‌کی دابوون، ئامانجی سه‌ره‌کی سه‌فه‌ره په‌یتا په‌یتاکانی ئاتاکیشیێڤ بوو بۆ مه‌هاباد. له به‌ر ئاڵۆزی نێو سیستمی عه‌شیره‌تی و دڕدۆنگی زۆرێک له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان سه‌باره‌ت به ئامانجه‌کانی شووڕه‌وییه‌کان بۆ پشتگیری له حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد، به‌رنامه‌ی ڕووسه‌کان له‌و مه‌ڵبه‌نده به به‌راورد کردن له گه‌ڵ ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان که هه‌ر چونێک بێ خاوه‌نی سیستمێکی ئیداری بوو، له گه‌ڵ دژواری به‌ڕه‌و ڕوو هات و به سستی پێش ده‌که‌وت.له ئازه‌ربایجان ئه‌و به‌رهه‌ڵسته‌ی له گۆڕێ دا بوو هه‌ر ئه‌وه‌بوو که سه‌ره داوی کاروبار له ده‌ست کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی ده‌ربهێندرێ، به‌ڵام له مه‌ڵبه‌نده کوردنشینه‌کان له جێ‌دا ده‌بوو حکوومه‌تێکی تازه دابمه‌زرێندرێ و ده‌سته‌ڵاتی تا بواری ئه‌وتۆ بگرێته‌وه که چه‌ندین ساڵ بوو هیچ جۆره ده‌سته‌ڵاتێکی ده‌ره‌وه‌ییان به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو.هاوکات له گه‌ڵ دامه‌زرانی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی پیشه‌وه‌ری، فیرقه‌یه‌کی دێمۆکڕاتی کوردیش دامه‌زرا به‌ڵام له کاتێکدا که ده‌سته‌ی پیشه‌وه‌ری که‌وته ژێر سه‌رپه‌رستی کۆمه‌ڵێک سه‌رۆکان که به‌شێک له‌وان بریتی بوون یان ده‌سته‌یه‌ک له موهاجیر‌انی ئێرانی که به ساڵانی دوور‌و درێژ له شووڕه‌وی ژیا بوون و ناسیاوییان هه‌بوو له گه‌ڵ فێرکرده‌کانی کۆمۆنیستی و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌شیان بریتی بوون له هاووڵاتیانی کۆماری ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی که له‌و به‌ری سنووره‌وه هاتبوون، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ده‌بوو رێبه‌رانی خۆی له نێو سه‌رۆکه‌کانی عه‌شیره‌ته سه‌ره‌کییه‌کان و سیمای ده‌ستڕۆیشووی مه‌زه‌بی کورد هه‌ڵبژێرێ که نه‌ک هه‌ر جیهانبینی سیاسی کۆمۆنیستییان به‌لاوه په‌سند نه‌بوو به‌ڵکوو له جێ‌دا تێشی نه‌ده‌گه‌یشتن. دواجار کۆمیته‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ سه‌رۆکایه‌تی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دامه‌زرا که جگه له قازیی محه‌مه‌د که رێبه‌ریی ئه‌و حیزبه‌ی به ئه‌ستۆوه بوو، بریتی بوون له خاوه‌نموڵکانی سه‌ره‌کی مه‌هاباد و ده‌ورو به‌ری، حاجی بابه شێخ پیاوی ئایینی سه‌ره‌کی ناوچه‌ی مه‌هاباد،ئه‌مه‌ر خان سه‌رۆکی به ده‌سته‌ڵاتی عه‌شیره‌تی شکاک و گرینگ‌ترین خاوه‌نموڵکی ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجان که له هه‌ڕه‌تی ده‌سته‌ڵاتی خۆیدا سه‌رپه‌رستی ده‌سته‌یه‌کی هه‌تا بڵێی زاڵم و تاڵانچی کوردیشی کردبوو و کۆمه‌ڵێکی دیکه له سیمای کۆنه‌په‌رستی وه‌ک ئه‌و. جگه له‌وه بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی کورده‌کان به‌ره‌و ئامانجه‌کانی شووڕه‌وی پێداویستی به شتێکی دیکه‌ش هه‌بوو که هه‌تا بڵێی له به‌ڵێنی ئازادی و به‌رابه‌ری و برایه‌تی له‌ژێر ڕێبه‌ریی جیهانی یه‌کێتی شووڕه‌وی پێویست تر بوو؛ هه‌ڵسووڕێنه‌رانی سیاسی شووڕه‌وی هه‌ستیان پێ کرد به بێ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام چه‌ک و چۆڵ و دراوی نه‌غه‌د هه‌ڵڕێژن،هیچ ڕێگایه‌کی دیکه نییه بۆ ڕاکێشانی هاوڕێیه‌تی کورده‌کان.
ڕێکخستنی حکوومه‌تی خۆجێیی کورده‌کان هێشتا له قۆناخه سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی دا بوو که شووڕه‌وییه‌کان به‌و ئاکامه گه‌یشتن کاتی ئه‌وه هاتووه له ته‌ورێز " حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان"ی پیشه‌وه‌ری له جێی حکوومه‌تی خۆجێیی ئێران دابنێن. شێوه‌ی پێک هاتن و به خۆداهاتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر – دیسامبری 1945 / سه‌رماوه‌زی 1324ی ئازه‌ربایجان و ڕوخانی سیستمی گۆیا " دێمۆکڕات" دوای ساڵێک ده‌بێته بابه‌تی ڕاپۆرتێکی دیکه. ته‌نیا ده‌وری چالاکی کورده‌کان له‌و شۆڕشه دا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر به‌شداری له زنجیره‌یه‌ک شه‌ڕ له ڕه‌زائییه که تێیاندا، ده‌سته‌کانی فیدایی فیرقه، کارگێڕانی ئه‌ڕته‌شی سوور و هێزی عه‌شیره‌تیی کورد له هێرش بۆ سه‌ر سه‌ربازخانه‌ی ئه‌ڕته‌شی ئێران دا ده‌ستیان دا ده‌ست یه‌کتری.گرینگی سه‌ره‌کی ئه‌و پێڤاژۆیه له مه‌ڕ وه‌زعی سیاسی کورده‌کان زیاتر له‌وه دا بوو که دامه‌زرانی کۆماری کوردستانی هاسانتر و خێراتر کرد. کاتێک سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کان دیتیان که سه‌ربازخانه‌کانی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی له جێ‌دا هیچ ده‌ست ناکه‌نه‌وه و یان خۆڕاگرییه‌کی که‌م له خۆیانه‌وه نیشان ده‌ده‌ن و ئه‌ڕته‌شی سووریش به ئاشکرا پشتیوانی ده‌کا له داگیر کرانی ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کان به ده‌ست سه‌رهه‌ڵداوانی فیرقه‌ی دێمۆكرات،ئه‌وانیش لێ بڕان که جگه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی خۆکوژانه له گه‌ڵ هێز و توانای شووڕه‌وی ، ته‌نیا ڕێگایه‌کی که بۆیان ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌ک که‌ون که شووڕه‌وییه‌کان بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی کورد له ژێر ڕێبه‌ری قازیی محه‌مه‌د دا به‌رپایان کردبوو.
2. کۆماری مه‌هاباد
له کۆتایی ژانڤییه‌ی 1946/ سه‌ره‌تای ڕێبه‌ندانی 1324ی هه‌تاوی واته ماوه‌یه‌کی کورت دوای خۆ دامه‌زراندنی ته‌واوی ته‌شکیلاتی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان به پشتیوانی چه‌ک و چۆڵی ئه‌ڕته‌شی سوور، قازیی محه‌مه‌دیش پێکهاتنی کۆمارێکی گه‌لیی کوردی، که نێوه‌ندی مه‌هاباد بوو ڕاگه‌یاند. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که ئه‌و ده‌وڵه‌ته مقاشی ده‌سته به قه‌ڵمڕۆی خۆی ڕاگه‌یاند ته‌واوی به‌شی ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ورمێی وه‌به‌رده‌گرت له‌وانه مه‌ڵبه‌نده‌کانی خوێ و ماکۆ له باکووری ده‌ریاچه و له نیزیک سنووری یه‌کێتیی شووڕه‌وی و، ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری مه‌هاباد به‌ره‌و باشوور به‌ره‌و مه‌ڵبه‌نده‌کانی سه‌رده‌شت – سه‌قز و به‌ره‌و ڕۆژئاوا تا میاندواو و له‌وانه ئه‌و سێ شارانه‌ی باسیان کرا. واته ئه‌و جۆره مه‌ڵبه‌ندانه‌ی کۆماری گه‌لیی کورد ئیدیعای ده‌کردن و له‌سه‌ریان له گه‌ڵ حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان تووشی کێشه بوو. حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان ده‌ستی له‌وه گێڕاوه ده‌سته‌ڵاتی کورده‌کان به سه‌ر ناوچه‌کانی ماکۆ،خوێ، شاپوور، ڕه‌زائییه و میاندواو دا به ڕه‌سمی بناسێ و به کرده‌وه "کۆمار"ی نێوبراوی به‌رته‌نگ کردووه به ناوچه‌یه‌کی پچووک له ده‌ور و به‌ری مه‌هاباد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قازیی محه‌مه‌د له جیات ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ به دووی جێبه‌جێ کردنی داوخوازه‌کانی کورده‌کان له‌و ناوچانه دا بێ سه‌ره‌تی دا به ڕێبازێک بۆ جێپێی خۆ پته‌و کردن له‌و شوێنانه‌ی قڕه‌یان له سه‌ر بوو و له‌و ناوه دا هه‌موو توانایی خۆی به‌خت کرد بۆ ئه‌و ئه‌زموونه نوێ و تازه‌یه له مێژووی کورد دا، واته ڕێکخستن و ته‌داره‌کی حکوومه‌تێکی کوردی که بریتی بوو له کابینه‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌ر، شوورایه‌کی قانوون دانه‌ر به ناوی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی و ئه‌رته‌شێکی یه‌کپۆشی ڕێکوپێک. هێندێک له خزمه‌کانی قازیی محه‌مه‌د، یه‌کێک له کوردانی خوێندووی ناوچه‌ی مه‌هاباد و ژماره‌یه‌ک له کوردی پاتراو له جێگای دیکه‌ی ئێران، عێراق و سوورییه ئه‌ندامانی کابینه‌ی کۆماریان پێک ده‌هێنا. هه‌ڵبه‌ت کابینه هه‌مووی له ژێر سیبه‌ری قازیی محه‌مه‌د دابوو که وه‌ک سه‌رکۆماری ئه‌و حکوومه‌ته ڕاگه‌یێندرا. هه‌یئه‌تی قانوون دانان که به‌ته‌شکیلاتی خۆی ده‌گوت هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی له ژێر سه‌رپه‌رستی حاجی بابه شێخ دا بوو که یه‌کێک له سیما مه‌زه‌بییه‌کانی به‌نێوبانگی کوردستانی نێوه‌ندییه. له به‌ر ئه‌وه‌ی قازیی محه‌مه‌د به یاره‌مه‌تی ڕاوێژکارانی شووڕه‌وی و دواتر خۆی به ته‌نیایی هه‌موو ده‌سته‌ڵاتی به ده‌سته‌وه بوو ئه‌و هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی یه زیاتر شێوه‌ی ته‌شریفاتی هه‌بوو.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و حکوومه‌ته مقاشی ده‌سته پشتی به سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کانی ئازه‌ربایجان له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕۆی مه‌هاباد به‌ستبوو _ به تایبه‌تی عه‌شیره‌ته‌کانی شکاک،به‌گزاده،هه‌رکی، زه‌رزا، دێبۆکری،مه‌نگوڕ، مامه‌ش،جه‌لالی و میلان _ ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی پانتایی ده‌سته‌ڵاتی له به‌راوه‌رد کردن له‌گه‌ڵ جه‌غزی ده‌سته‌ڵاتی فیرقه‌ی دێمۆکڕات زۆر به‌رته‌نگتر بێ.
پێکهێنانی ئه‌ڕته‌شێکی گه‌لیی کورد یه‌ک له ئه‌زموونه هه‌ره چاوڕاکێشه‌کان بوو که قازیی محه‌مه‌د شانی وه‌به‌ر دا.دیسیپلین و ڕێکخستن دوو نموونه له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ن که بۆ کورده‌کان بێگانه‌ن. ته‌جروبه‌ی ژاندارمه‌ری ئێران له چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا بۆ له به‌ر کارنانی هێندێک له کورده‌کان وه‌کوو به‌شێک له هێزی ئاسایی خۆی ئه‌و ڕاستییه داده‌گرێته‌وه؛ له کاتێکدا ئه‌وان بۆ جێبه‌جێ کردنی فه‌رمان و ڕاپه‌ڕاندنی هێندێک ڕاسپارده‌ی تایبه‌تی باش ده‌جووڵانه‌وه به‌ڵام هیچ فڕیان به سه‌ر دیسیپلینه‌وه نه‌بوو و نه‌یان ده‌توانی له‌گه‌ڵ ژیانی سه‌ربازخانه‌یی ده‌رببن. قازیی محه‌مه‌د هه‌ستی پێ کرد ئه‌و هێزانه‌ی له شاره‌کانه‌وه له به‌ر کارنراون له‌گه‌ڵ رێکخستن و دیسیپلین زیاتر ده‌گونجێن تا کورده عه‌شیره‌تییه‌کان،جا بۆیه ئه‌ڕته‌شه‌که‌ی وی زیاتر له "کوردی شاری"،" ئاسۆڕییه لادێیه‌کان" پێک هاتبوو له گه‌ڵ تێکه‌ڵاوییه‌کی که‌مڕه‌نگ له کوردیی عه‌شیره‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ڕووحییه‌ی جه‌نگاوه‌ری و بوێریش له نێو هێزه‌کانی دا هه‌بێ. چه‌ک و چۆڵ،پۆشاک و که‌ڕه‌سته‌ی سه‌ربازیی ئه‌و هێزانه شووڕه‌وییه‌کان دابینیان کرد.
دامه‌زرانی ستاسیۆنێکی ڕادیۆیی – ڕادیۆی مه‌هاباد- و بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردیش یه‌كێک له‌و تازه‌گه‌رییانه بوو که به یارمه‌تی ڕووسه‌کان هاته نێو ژیانی کوردی. به ته‌نیشت ئه‌و هۆیانه‌ی بانگه‌شه و پڕۆپاگانده‌وه،ئه‌ڕته‌شی سوور له دوای پاشه‌کشه له ئێران له مانگی مه‌ی 1946 / بانه‌مه‌ڕی 1325 ده‌زگایه‌کی ڕادیۆیی به‌هێزی دا به حکوومه‌تی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان که هه‌موو ئێواران به زمانی کوردیش به‌رنامه‌ی بڵاو ده‌کرده‌وه.
3.گۆڕانی هه‌ڵوێستی کورده‌کان له ئاست ئازه‌ربایجان و یه‌کێتی شووڕه‌وی
له فێڤرییه تا ئاوریلی 1946/ ڕێبه‌ندانی 1324 تا خاکه‌لێوه‌ی 1325 سه‌رانی کورد هه‌موو هه‌وڵی خۆیان کۆ کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌ته‌که‌یان بکه‌ن به حکوومه‌تێکی کارامه؛ ئه‌وان له مه‌ڕ کێشه‌ی زه‌وی و سنووری خۆیان له گه‌ڵ حکوومه‌تی ته‌ورێز و یان سه‌رنجدان به ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگ بێ شووڕه‌وییه‌کان به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان به دژی سه‌رهه‌ڵداوانی ئازه‌ربایجان به‌کاریان بهێنن، هیچ ده‌رفه‌ت یان ده‌رفه‌تی کافیان نه‌بوو.به‌ڵام له مانگی ئاوریل/ خاکه‌لێوه- بانه‌مه‌ڕ کاتێک ڕوون بووه‌وه ئه‌ڕته‌شی سوور ئیدی ئێران به جێ دێڵێ به بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌کانی خۆی له مه‌ڕ دامه‌زراندنی کوردستانێکی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ پێک هێنابێ یان چه‌ک وچۆڵی قورس و مۆتۆڕی دابێ به ئه‌ڕته‌شی کورد، سه‌رانی کۆماریش بۆ هێنانه گۆڕ و ده‌ربڕینی داوخوازه‌کانیان له مه‌ڵبه‌ندی ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجان، بوێری و ئازایه‌تییه‌کی زیاتریان په‌یدا کرد؛ ئه‌وان هیوادار بوون بتوانن به دوای ڕۆیشتنی ئه‌ڕته‌شی سوور له ناوچه، پشتیوانی ڕووسه‌کان بۆ وه‌سه‌رخستنی ئه‌و شوێنانه بۆ سه‌ر کۆماری کوردستان ڕابکێشن. له سه‌ره‌تای ئاوریل / نێوه‌ڕاست خاکه‌لێوه، دوای ئه‌وه‌ی کورده‌کان هه‌ستیان کرد ناتوانن له‌و ڕووه‌وه پشت به له‌سه‌رکردنه‌وه و پشتیوانی ڕووسه‌کان ببه‌ستن،له ئاست حکوومه‌تی ته‌ورێز هه‌ڵوێستی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یان وه‌به‌ر گرت و به کرده‌وه هێزیان نارده ئه‌و شوێنانه‌ی قڕه‌یان له سه‌ر بوو. هه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌وه‌ی کار بگاته شه‌ڕ و به‌یکدا کێشان،هاشمۆف جێگری کۆنسوول له ڕه‌زائییه قازیی محه‌مه‌د و چه‌ندێک له سه‌رۆکه ناسراوه‌کانی کوردی بانگ کرد و داوای لێکردن بۆ وتووێژ له گه‌ڵ پیشه‌وه‌ری، ژه‌نه‌ڕاڵ ئاتا کیشییێڤ و ژه‌نه‌راڵ کراسنیک سه‌رکۆنسوولی شووڕه‌وی بچنه ته‌ورێزێ. به کورده‌کان گوترا به‌له‌به‌رچاوگرتنی سه‌فه‌ری به‌م زووانه‌ی پیشه‌وه‌ری بۆ تاران بۆ وتووێژ له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی سه‌باره‌ت به دابێی ئازه‌ربایجان،رێکه‌وتن له نێوان ئه‌وان و حکوومه‌تی فیرقه‌ی دێمۆكڕات زۆر پێویسته.هه‌ر وه‌ها پێیان گوترا پیشه‌وه‌ری و نوێنه‌رانی دیکه‌ی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان ده‌بێ ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وه‌شیان هه‌بێ له جیات سه‌رانی کۆماری کوردستانیش تێکه‌ڵ به وتووێژه‌کان ببن.
له 23ی ئاوریل/ 3ی بانه‌مه‌ڕ له دوای هێندێک وتووێژ به ئاماده بوونی پیشه‌وه‌ری،کڕاسنیک، ئاتا کیشییێڤ، قازیی محه‌مه‌د و چه‌ند ڕێبه‌ی دیکه په‌یماننامه‌یه‌ک له نێوان حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان و کۆماری گه‌لیی کورد ئیمزا کرا. یه‌کتر ناسین و هاوڕێیه‌تی و هاوکاری دوولایه‌نه‌ی حکوومه‌ته‌کانی کورد و ئازه‌ربایجان له‌و په‌یماننامه‌یه دا جه‌ختی له سه‌ر کراوه و به سازان سه‌باره‌ت به جۆره‌یه‌ک له چاوه‌دێری هاوبه‌ش به سه‌ر شوێنه‌کانی جێی قڕه له ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجان دا، ده‌ست له‌وه گێڕدراوه به ئاشکرایی خۆ له دژایه‌تییه‌کانی له مه‌ڕ خاک و سنوور بدرێ.
4. سه‌ره‌تای پێوه‌ندی کورده‌کان له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا
تا به‌ر له وتووێژه‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجان له ته‌ورێز له مانگی ئاوریل/ خاکه‌لێوه - بانه‌مه‌ڕ بۆ کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولیی ئه‌مه‌ریکا دامه‌زراندنی هه‌ر جۆره پێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د یان سه‌رۆکه کورده‌کانی دیکه هه‌ڵنه‌ده‌سووڕا.هه‌ر جۆره حه‌ولێک بۆ سازکردنی دیدارێک له‌گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د له گه‌ڵ دژایه‌تی ئاشکرا به‌ڕه‌وڕوو ده‌بوو. به دوای ئیمزا کرانی په‌یماننامه‌ی 23ی ئاوریل/3ی بانه مه‌ڕ له ژێر گوشاری شووڕه‌وی،داوخوازیی دووهێر که جێگری سه‌رۆکی کۆنسوولخانه بوو بۆ وتووێژ کردن له گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د ده‌ستبه‌جێ په‌سند کرا. له ماوه‌ی دیدارێکی دۆستانه دا که زیاتر له سه‌عاتێکی خایاند،رێبه‌ری کورده‌کان به پێداگری له سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه،
نێوه‌رۆکی"بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد"ی به ته‌واوی ڕوون کرده‌وه:
ئه‌لف) ده‌وڵه‌تی تازه‌ی کوردی ئه‌گه‌رچی خۆی به کۆمارێک ده‌زانێ به‌ڵام به کرده‌وه جگه له خودموختاریی نێو خۆیی له نێوخۆی میلله‌تی ئێران دا شتێکی دیکه‌ی ناوێ، خودموختاریی فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ ناسینی زمانی کوردی، مافی گه‌لی کورد بۆ تێپه‌ڕبوون له‌و " تاک هێشتنه‌وه‌یه‌ی که له ڕابردووه‌وه ده‌وڵه‌تی ئێران به سه‌ری دا سه‌پاندوون"، خودموختاری ئیداریی له‌وانه به‌ڕێوه‌بردنی خۆجێیی کاروباری ماڵیات، بارهێنان و خوێندن و ئاسایشی گشتی له‌و خاڵانه بوون که ده‌بوو ده چوارچێوه‌ی خودموختاریی نێوخۆیی دا له به‌رچاو بگیرێن.
ب) حکوومه‌تی مه‌هاباد پێوه‌ندیی له گه‌ڵ کورده‌کانی عێراق،ترکییه و سوورییه نییه و هیچ مرخی له‌وه خۆش نه‌کردووه کوردستانێکی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنێ. ئه‌و قسانه‌ی قازی له گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا ڕایگه‌یاندبوو دژایه‌تی ته‌واوی هه‌بوو و درکێنه‌ری ئه‌وه بوو که هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و دواییانه‌ی شووڕه‌وییه‌کان هه‌موو جۆره هیوایه‌کی بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ئه‌وان به‌ره‌و جووڵانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ، له نێو بردووه.
پ)کورده‌کان پێشوازی ده‌که‌ن له سه‌رنجدانی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان سه‌باره‌ت به کاروباره‌کانی خۆیان.ئیده‌ئالی کورده‌کان له مه‌ڕ دێمۆکراسی له شێوه‌ی ئه‌مه‌ریکایی ئه‌و چه‌مکه‌یه به‌ڵام ئه‌وان به بێ هاوکاری و ڕاوێژی حکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ناتوانن ده‌ستیان به‌و ئیده‌ئاله ڕابگا.
ت) قازی ڕایگه‌یاند کورده‌کان له‌و دواییانه دا هه‌موو کێشه‌کانی خۆیان له گه‌ڵ حکوومه‌تی پیشه‌وه‌ری به‌لایه‌کدا خستووه، به‌ڵام له هه‌مان کات دا شێوه‌ی ده‌ربڕینی ده‌ی درکاند کورده‌کان له‌وه ڕازی نین ئه‌و ده‌وره که‌مایه‌تییه بگێڕن که له ناوچه کوردنشینه‌کانی ئازه‌ربایجان ده‌یاندرێتێ.
دوا جار قازیی محه‌مه‌د پێشنیازی کرد ئیزن ده‌دا به هه‌رکام له کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکا ئه‌گه‌ر بییه‌وێ سه‌ر له کوردستان بدا و خۆی به چاوی خۆی ببینه له‌وه‌تا دامه‌زرانی حکوومه‌تی مه‌هاباد چ پێشکه‌وتنێک کراوە. ئەو داوای کرد ڕۆژنامە نووسانی ئەمەریکایی لەو داوخوازەی وی ئاگادار بکرێن، بێنە نێو کوردەکان و ئەوەی دەیبینن لە چاپەمەنییەکانی ئەمەریکا دا بڵاوی بکەنەوە. دوایین قسەکەی وی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو،گوتی ئەگەر دەوڵەتی ئەمەریکا درێژە بدا بە لا کردنەوە لە کوردەکانی ئێران، دەشێ کوردەکان ئاوا هەست بە تاککەوتوویی نەکەن و چوون بەرەو دێمۆکڕاسی ڕاستەقینە بە هاسانتر دابنێن.
بە دوای چاوپێکەوتنی قازیی محەمەد لەگەڵ جێگری کۆنسوولی ئەمەریکا لە تەورێز، پێوەندی و تێکەڵاوی نێوان نوێنەرانی کوردەکان لە تەورێزێ و ئەندامانی کۆنسوولخانه‌ی ئەمەریکا زیاتر بوو و ئەو دەرفەتە بۆ کۆنسوولخانه هاتە گۆڕێ بە ووردییەکی زیاترەوە لەو ئاڵوگۆڕ و پێشوەچوونانەی لە ڕۆژئاوا و باشووری ئازەربایجان ڕوویان ده‌دا سه‌ر ده‌ربێنێ. له 23ی ئاوریله‌وه تا کۆتایی ئه‌و مانگه / 3 تا 10ی بانه‌مه‌ڕی 1325 کاتێک که پیشه‌وری و هه‌یئه‌تی ناردراوی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان بۆ وتووێژ له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی چوونه تارانێ [ده‌سته‌ی نوێنه‌راتی ئازه‌ربایجان و کوردستان له 8ی بانه‌مه‌ڕی 1325 (28ی ئاوریل 1946) تا 23ی بانه‌مه‌ر (13ی مه‌ی) له تاران بوون.ح.ق]، سه‌رۆکه کورده‌کان کۆنسوولگه‌رییان له سارد بوونه‌وه‌ی پێوه‌نده‌کانی نێوان خۆیان و دێمۆکڕاته‌کان
ئاگادار کرده‌وه؛ پێشهاتێک که بووه هۆی گوشار هێنانی قازیی محه‌مه بۆ سه‌ر پیشه‌وه‌ری که دوو نوێنه‌ری کوردیش له هه‌یئه‌تی ئازه‌ربایجان دا وه‌ربگرێ، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌می دڕدۆنگی کورده‌کان له مه‌ر ئه‌وه بڕه‌وێنێته‌وه نه‌کا دێمۆکڕاته‌کان به زه‌ره‌ری کورده‌کان هێندێک ئیمتیاز له ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی وه‌رگرن.
له کۆتاییه‌کانی ئاوریل تا سه‌ره‌تاکانی ژووییه/ سه‌ره‌تای خاکه‌لێوه تا نێوه‌ڕاستی پووشپه‌ڕ[ی 1325] له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که دڵئێشی نێوان کورده‌کان و دێمۆکڕاته‌کان زیادی کرد به‌ڵام هیچ پێکدادانێکی ئاشکرا له نێوان ئه‌و دوو حکوومه‌ته مقاشی ده‌سته دا ڕووی نه‌دا.له مانگی ژووه‌ن/ جۆزه‌ردان- پووشپه‌ڕ دا عه‌شیره‌ته کورده‌کان له شاره‌کانی شاپوور و خوێ نیزیکتر بوونه‌وه له هه‌مان کاتدا که حاکمییه‌تی خۆیان به سه‌ر دێیه‌کانی ئه‌و مه‌ڵبه‌ندانه دا به‌ڕێوه ده‌برد، [هه‌ر له‌و ماوه‌یه دا] حکوومه‌تی مه‌هاباد هێزه‌کانی خۆی نارده میاندواو و کارێکی وایان کرد سه‌ربازگه‌ی فیرقه‌ی دێمۆکڕات نه‌توانێ له ئه‌وپه‌ڕی باکووری ئه‌و دووچۆمه‌ی که ئه‌و شاره دابه‌ش ده‌کا بێته ده‌رێ. له ڕه‌زائییه که له به‌شی ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ورمێ هه‌ڵکه‌وتووه زێڕۆ به‌گ هه‌ڵسووڕاوی حکوومه‌تی مه‌هاباد قوتابیانی شاره‌که‌ی به دژی حکوومه‌تی دێمۆکڕاته‌کان هان دا.ئه‌گه‌رچی ئه‌و نائارامی و بشێوێنییه هێنده‌ی پێ نه‌چوو به‌ڵام گوشاری کورده‌کان به سه‌ر ڕه‌زائییه دا درێژه‌ی کێشا تا ئه‌وه‌ی که دوا جار،له پاییزی هه‌مان ساڵ دا گه‌یشته ترۆپکی خۆی کاتێک کورده‌کان به ته‌واوی ده‌ستیان به سه‌ر شاره‌که دا گرت. له‌وه‌و دواوه ڕه‌زائییه به ئاماده‌یی هێزه‌کانی ته‌ورێز و هێزه‌کورده‌کان،له ژێر ده‌سته‌ڵاتی هاوبه‌شی هه‌ر دوو لا دا بوو.
سه‌رنه‌که‌وتنی پیشه‌وه‌ری بۆ وه‌رگرتنی هیچ جۆره ئیمتیازێک بۆ کورده‌کان له ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی،به دوای به‌ستنی په‌یماننامه‌یه‌ک دا که دواجار له‌مانگی ژووه‌ن/جۆزه‌ردان له نێوان ئه‌و و موزه‌فه‌ری فیرووز دا سه‌باره‌ت به دابێی ئازه‌ربایجان ئیمزا کرا و پاشان ده‌ستگێڕانه‌وه‌ی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان له ڕه‌چاو کردنی په‌یماننامه‌ی 23ی ئاوریل ی/ 3ی بانه‌مه‌ڕی کوردستان و ئازه‌ربایجان- به تایبه‌تی خاڵه‌کانی له مه‌ڕ دابه‌شکردنی ده‌سته‌ڵات له‌شاره ڕۆژئاواییه‌کانی ئازه‌ربایجان له نێوان کورده‌کان و دێمۆکڕاته‌کان – هۆی سه‌ره‌کی زیده بوونی دوژمنایه‌تی بوو له نێوانیان دا.
له نێوه‌ڕاست مانگی ژووه‌ن / کۆتاییه‌کانی جۆزه‌ردان هه‌ستی دوژمنایه‌تی به دژی دێمۆکڕاته‌کان ئه‌وه‌نده وورووژا که ته‌نێ ده‌ستێوه‌ردانی ئاشکرای هاشمۆف جێگری کۆنسوولی شووڕه‌وی له ڕه‌زائییه و جێنشینه‌که‌ی عه‌لی ئه‌کبه‌رۆف پێشی به خوێنڕێژی گرت.ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی شووڕه‌وی له هه‌مان کات دا که پێشی به هێرشی کورده‌کان بۆ سه‌ر شاره‌کانی ژێر کۆنترۆڵی دێمۆکڕاته‌کان گرت،به‌ڵام به کرده‌وه‌ش هۆکارێکی کاریگه‌ر بوو بۆ هه‌ڵوه‌شانی ده‌سته‌ڵات و نفووزی شووڕه‌وی له نێو عه‌شیره‌ته کورده‌کان دا. هاشمۆف و عه‌لی ئه‌کبه‌رۆف (که وا بڵاو ببووه‌وه سه‌رپه‌رستی تۆڕی هه‌ڵسووڕاوانی ده‌زگای NKWD بێ له هه‌رێمه‌که دا) زۆر جار ئه‌گه‌ری هاتنه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی سووریا‌ن بۆ ئازه‌ربایجان به مه‌به‌ستی" دامه‌زراندنی نه‌زم و ئارامی له سه‌ر سنووره‌کانی شووڕه‌وی" وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ ترساندنی سه‌رۆکه کورده‌کان به‌کار هێنا.
له 16 و 17ی ژووییه/ 25-26ی پووشپه‌ڕ ئانگوس وارد (Angus Ward) له کارمه‌ندانی کونسوولیی سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریکا له تاران و جێراڵد دووهێر (Gerald Dooher) که جێگری کۆنسوولی کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا بوو له ته‌ورێز بۆ به‌راوه‌رد کردنی ئاستی ده‌سته‌ڵات و کۆنترۆڵی " کۆماری کوردستان" سه‌ریان له مه‌هاباد دا. ئه‌وسه‌فه‌ره به یارمه‌تی قازیی محه‌مه‌د مه‌یسه‌ر بوو که ئه‌و ده‌می خۆی له ته‌ورێزێ بوو.قازیی محه‌مه‌د ده‌سته‌یه‌کی گاردی ئاماده کرد که له‌گه‌ڵ ده‌سته ئه‌مه‌ریکاییه‌که که‌وتن تا پێش به‌وه بگرن له ڕێیه هیچ گرفتێکیان بێته پێشی.ئه‌و هه‌ر وه‌ها به‌رپرسانی حکوومه‌تی مه‌هابادی ئاگادار کرد که به‌ره‌وپیل هاتن و میوانداریی له‌و میوانانه به ته‌واوی ناڕه‌سمی بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری لێکدانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ نه‌یه‌ته گۆرێ که ئه‌و سه‌ردانه وه‌ک ناسینی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورده له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه.
له میاندواو ده‌سته‌یه‌ک له ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد به‌ره‌و پیڵی کۆنسوول وارد و جێگری کۆنسوول دووهێر هاتن و شاره‌داری مه‌هاباد و چه‌ند که‌س له ئه‌ندامانی حکوومه‌تی کوردستانیش له چه‌ند کیلۆمیتری مه‌هابادێ هاتن به پێشوازیانه‌وه و تا پێته‌ختی کوردستان هاوڕییه‌تی ئۆتۆمبیلی ئه‌مه‌ریکاییه‌کانیان کرد. له دوای نیوه‌رۆی ڕۆژی 16ی ژووییه/25ی پووشپه‌ڕ ژماره‌یه‌کی زۆر له کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی مه‌هاباد و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان به کۆمه‌ڵ دیداریان له کاربه‌ده‌سته ئه‌مه‌ریکاییه‌کان کرد وکاربه‌ده‌سته ئه‌مه‌ریکاییه‌کانیش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان درایه ئازادانه سه‌باره‌ت به بارودۆخی سیاسی هه‌رێمه‌که پرسیار بکه‌ن و لێی بکۆڵنه‌وه.ووڵامی زۆر له‌و جۆره پرسیارانه ڕاشکاو نه‌بوون و له‌و زانیارییانه هیچیان زیاد نه‌کرد که پێشتر کۆنسوولخانه‌ی ته‌ورێز له ڕێگای ئاساییه‌وه وه‌ده‌ستی خستبوون. به‌ڵام بۆ ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی جمهووری که وه‌ک رێنو‌ێنی کۆنسوول وارد و جێگری کۆنسوول دووهێر دیاری کرا بوو [ به ئه‌گه‌ری زۆر ده‌بێ مه‌به‌ست له مه‌نافی که‌ریمی بێ. ح.ق.]، ئاماده بوو زۆر به ڕاشکاوی و دڵپاکانه ووڵامی هه‌موو پرسیاره‌کان بداته‌وه.ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه پوخته‌ی ووڵامه‌کانی بوون:
ئه‌لف) له حکوومه‌تی مه‌هاباد دا ژماره‌یه‌ک ناسیۆنالیستی ده‌مارگرژ هه‌ن.بانگه‌شه‌ده‌ری سه‌ره‌کی کوردستانێکی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ ئه‌مانه‌ن به‌ڵام وورده وورده ئیدی قسه‌یان له لای قازیی محه‌مه‌د ناڕوا که ئێستا زیاتر له بیری ناوچه‌یه‌کی خودموختاری کورد دایه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران دا.
ب) ده‌سته‌یه‌کی میانه‌ڕۆ که له سیاسه‌تی ئه‌و دواییانه‌ی قازی بۆ وه‌رگرتنی لانی که‌می ئه‌و ئیمتیازانه‌ی خواره‌وه له حکوومه‌تی نێوه‌ندی پشتیوانی ده‌کا.
1- خودموختاری فه‌رهه‌نگی بۆ کوردستان، له وانه مافی خوێندن به زمانی کوردی له هه‌ر شه‌ش پۆلی سه‌ره‌تایی دا.
2- کوردستانێکی یه‌کگرتوو له نێوخۆی ئێران دا که ناوچه‌کانی پێشتر باسکراوی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، ناوچه‌ی مه‌هاباد،گشت ئه‌رده‌ڵان و شوێنه کوردنشینه‌کانی کرماشان و هه‌مه‌دانیش وه‌به‌ر بگرێ.
3- له‌شکرێکی نیزامی کورد به که‌لک وه‌رگرتن له ئه‌فسه‌رانی کورد.ئه‌گه‌رچی ئه‌وه به مانای ده‌ستگێڕانه‌وه نابێ له ده‌به‌رکار نانی ئه‌فسه‌ری تێکنیک زانی نا کورد بۆ خزمه‌ت له ستادی له‌شکرێکی ئاوا دا.
5. پێکهه‌ڵپڕژانی کورده‌کان و ئه‌ڕته‌شی حکوومه‌تی نێوه‌ندی
له ماوه‌ی ساڵی 1946 دا له نێوان هێزه‌کانی کۆماری کوردستان و یه‌که‌کانی ئه‌ڕته‌شی نێوه‌ندی که له سه‌قز و سه‌رده‌شت دامه‌زرابوون هێندێک پێکهه‌ڵپڕژانی په‌ڕاگه‌نده ڕوویدا. له مانگی ژووییه/پووشپه‌ڕ – گه‌لاوێژی ساڵی 1946 یه‌که‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی حکوومه‌تی مه‌هاباد که به هاتنی هێزی عه‌شیره‌تی له‌و په‌ڕی باکوور له خوێ وه ڕاهێزێندرابوون،پێوه‌ندی نێوان سه‌ربازخانه‌کانی سه‌قز و سه‌رده‌شتیان له گه‌ڵ ده‌ره‌وه بڕی و نه‌یانده‌هێشت ئازووقه و پێداویستیان پێ بگا. هه‌ر له‌و سه‌رو به‌نده دا بوو قازیی محه‌مه‌د سه‌فه‌ری کرد بۆ تاران و ده‌گوتری به ڕێکخستنی ئاگربه‌سێک،هه‌لومه‌رجی ئه‌وه‌ی پێک هێنا سه‌ربازخانه‌کانی نێوبراو جل‌و به‌رگ و ئازوقه‌ی پێویستیان پێ بگا – جگه له ڕێزپه‌ڕی چه‌ک و چۆڵ نه‌بێ –
ئاماده بوونی هێزێکی به‌ربڵاو له کورده‌عێراقییه‌کان له ژێر فه‌رمانده‌ری سه‌رهه‌ڵداوی شوره‌ویخوازی کورد،مه‌لا مسته‌فای بارزانی له ناوچه‌ی مه‌هاباد، یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی گرژی بوو له نێوان ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی و کورده‌کان دا.ئه‌گه‌رچی ئه‌و کوردانه ده‌یانگوت ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی قازیی محه‌مه‌دن،به‌ڵام شێوه‌یه‌کی خودموختاریان هه‌ڵده‌بژارد بۆ هێرش بۆ سه‌ر هه‌ر یه‌که‌یه‌کی نیزامی ده‌وڵه‌ت و ببوونه هۆی سه‌رئێشه‌یه‌کی زۆر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق واته ڕاگه‌یاندنی لێبوردنی گشتی بۆ گشت سه‌رهه‌ڵداوانی بارزانی – جگه له مه‌لا مسته‌فا و برایه‌که‌ی شێخ ئه‌حمه‌د نه‌بێ – گرینگی ئه‌وان که‌متر بووه‌وه.
6- نێوانناخۆشی له زێده‌ی کورد و ئازه‌ربایجان
له نێوه‌ڕاست مانگی ژووییه/ کۆتاییه‌کانی پووشپه‌ڕ تا ڕووخانی حکوومه‌تی سه‌ر به شووره‌وی له هه‌رێم له مانگی دێسامبر/ سه‌رماوه‌ز پێوه‌ندی نێوان کورده‌کان و به تایبه‌تی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کان له گه‌ڵ دێمۆکڕاته‌کانی ته‌ورێزێ به خێرایی ناخۆش ده‌بوو.له کاتێک دا کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولیی شووڕه‌وی له ئازه‌ربایجان له گوشاری خۆیان بۆ سه‌ر کورده‌کان زێده‌تر ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی پێش به تێکهه‌ڵچوونێکی ئاشکرا له نێوان ئه‌وان و دێمۆکڕاته‌کان دا بگرن، زۆرێک له سه‌رانی کورد ئیدی به ئاشکرایی ده‌ستیان له‌وه هه‌ڵگرتبوو وا بنوێنن دۆستی شووڕه‌وییه‌کانن و ڕاشکاوانه ده‌یانگوت ده‌یانه‌وێ پێوه‌ندی خۆیان له گه‌ڵ ڕووسه‌کان بپچڕێنن و سه‌رنجی ده‌وله‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌ولای خۆیان ڕاکێشن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه بگاته هاتنه‌وه‌ی حاکمییه‌ت و ده‌سته‌ڵاتی حکوومه‌تی نێوه‌ندیش. لیسته‌یه‌ک له‌و ڕووداوانه‌ی که ئه‌و ئاڵوگۆڕه له ڕێبازی کورده‌کان دا ده‌سه‌لمێنێ به شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
8ی ژووییه/ 27ی پووشپه‌ڕ ده‌سته‌یه‌ک که بریتی بوون له 300 سواره‌ی شکاک هاتنه نێو شاری خوێ یه - که له باکووری ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ڕه‌زائییه هه‌ڵکه‌وتووه - و داوایان له دێمۆکڕاته‌کان کرد نیوه‌ی ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کانی شار، له‌وانه ئیداری دارایی و شاره‌وانی(پۆلیس) به‌وان بسپێرن. ئه‌و داوخوازه‌یان به پێی یه‌کێک له خاڵه‌کانی په‌یماننامه‌ی مۆر کراوی نێوان کورد و ئازه‌ربایجان بوو له 23ی ئاوریل که تێیدا باسی به‌شدار کردنی کورده‌کان کرا بوو له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و شوێنانه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو دانیشتووی کوردیان هه‌بێ. به هاتنی هه‌ر ئه‌وه‌نده که‌سه له هێزی فیداییه‌کان له مه‌ره‌ند و ماکۆ وه بۆ خوێ یه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی شکاکه‌کان، وه‌زعه‌که ته‌واو گرژ و قه‌یرانی بوو، ته‌نێ دوای گه‌یشتنی ئاڵاوێردییێڤ جێگری کۆنسوولی شووڕه‌وی له ماکۆ بوو که کار نه‌یکێشایه تێکهه‌ڵچوون و له‌یه‌ک دان. ئه‌و داوای له کورده‌کان کرد بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتوون و به سه‌ربه‌ستراوی
تێی گه‌یاندن ئه‌گه‌ر ئاوا نه‌که‌ن ئه‌و کاره‌یان ده‌بێته هۆی خێراتر بوونی هاتنه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی سوور بۆ ئازه‌ربایجان. ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ی شووڕه‌وی شه‌پڵاغه‌یه‌کی ئاشکرا بوو له ده‌سته‌ڵاتی ئه‌مه‌ر خان، ڕێبه‌ری عه‌شیره‌ته شکاکه‌کان درا که ئیدی له‌و ده‌می به‌دواوه هیچ ته‌نه‌خی نه‌کرد له دژایه‌تی کردن له گه‌ڵ شووڕه‌وی.
20ی ژووییه/29ی پووشپه‌ڕ: چه‌په‌رێکی کورد له نامه‌یه‌ک دا بۆ کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی دێمۆکڕات له مه‌ره‌ند ڕایگه‌یاند له‌مه‌و دواوه کورده‌کان ئه‌و شاره به دوایین سنووری باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی کۆماری مه‌هاباد داده‌نێن.
22ی ژووییه/ 31ی پووشپه‌ڕ: بشێویی و نائارامی جیدی له ڕه‌زائییه په‌یدا بوو دوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێکی خۆجێیی له لایه‌ن دێمۆکڕاته‌کانه‌وه که به پێی شێوازی ئاسایی به "سه‌رکه‌وتنی" 99 له سه‌دی دێمۆکڕاته‌کان کۆتایی هات. قوتابیان و تاجره‌کان له مه‌یدانی شاری دا ده‌ستیان کرد به ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و به پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانی ڕێکخراوی ناوچه‌یی شاره‌وانی (پۆلیس) که ده‌بێ بڵاوه‌ی لێ بکه‌ن، به ڕێپێوان به‌ره‌و تێلگرافخانه چوون و داوایان له ته‌ورێز کرد ئاکامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ساخته‌یه به پووچه‌ڵ ڕابگه‌یێنێ. له 23ی ژووییه/ یه‌که‌می گه‌لاوێژ دا بازاری ڕه‌زائییه هه‌ر نه‌کراوه و دوای ئه‌وه‌ی که ڕه‌فیعی فه‌رمانداری ڕه‌زائییه ڕایگه‌یاند حاکمییه‌تی دێمۆکڕاته‌کان به سه‌ر ئه‌و شاره دا له ناو چووه، پیشه‌وه‌ری به ناردنی تێلگرافێک داوای لێکرد هه‌ڵبژاردنه‌که دووپاته کاته‌وه. چه‌ند حه‌وتوو دواتر یه‌ک له کورده ماقووڵه‌کانی ڕه‌زائییه پێی لێنا سه‌رانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌و شاره دا ده‌ستیان هه‌بووه له هاندانی ئه‌و نائارامییانه دا. [ زۆر وێده‌چێ مه‌به‌ست له‌وکه‌سه زێڕۆ به‌گی به‌هادوڕی بێ.ح.ق.]
4-12ی ئووت/ 13-21ی گه‌لاوێژ: له 4ی ئووت/13ی گه‌لاوێژ قازیی محه‌مه‌د پیشه‌وه‌ری ئاگادار کرد که کۆ کردنه‌وه و دابه‌ش کردنی دانه‌وێله له ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا به پێی ڕێوشووێنه‌کانی پێشووی حکوومه‌تی نێوه‌ندی ده‌بێ و نه‌ک ئه‌و ڕێوشوێن و ڕێسایانه‌ی له لایه‌ن حکوومه‌تی ته‌ورێزه داندراون.به‌ڕواڵه‌ت ده‌ست گێڕانه‌وه‌ی سه‌رانی مه‌زه‌بی کورد له ناسینی بڕکردنی ڕێسای دانه‌وێڵه‌ی دێمۆکڕاته‌کان که ئه‌وان پێیان وابوو له گه‌ڵ شه‌رعی ئیسلام ناگونجێ، هۆی ئه‌و هه‌نگاوه بوو. ڕاگه‌یاندنی پشتیوانی له‌و ده‌سته له خاوه‌نموڵکانه‌ی خوێ،شاپوور و ڕه‌زائییه که ده‌یانه‌ویست به پێی ڕێوشووێنی پێشوو مامڵه‌یان له گه‌ڵ بکرێ،هه‌نگاوی دواتری کورده‌کان بوو. له زۆرێک له دێیه‌کانی ئه‌و دووشوێنانه‌ی باس کران بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی یه‌ک له ده‌ی به‌رهه‌م که خاوه‌نموڵکه‌کان ده‌بوو له بری پشتیوانی کورده‌کان بیانده‌نێ، چه‌کدار دامه‌زرێندران.
له 9ی ئووت/ 18یی گه‌لاوێژ پیشه‌وه‌ری له دوای وه‌رگرتنی ڕاپۆرتێک له مه‌ر ئه‌وه‌ی هێزی چه‌کداری کورد له ده‌روازه‌ی شاره‌کانی شاپوور و ڕه‌زائییه دامه‌زراون، بۆ وتووێژ له گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د به په‌له چوو بۆ ڕه‌زائییه. به پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی کرا کورده‌کان په‌سندیان کرد هێزه‌کانی خۆیان له‌و شوێنانه لابه‌ن به‌ڵام له هه‌مان کات دا ڕێسای جێی په‌سندی خۆیان سه‌باره‌ت به کۆکردنه‌وه‌ی دانه‌وێله به‌ڕێوه‌به‌رن.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پیشه‌وه‌ری ماوه‌یه‌کی کورت دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ته‌ورێز به جێگری کۆنسوول دووهێری گوت کورده‌کان دوو ڕۆژ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی وی له ڕه‌زائییه ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌یان پێشێل کردووه.
15ی ئووت/ 24ی گه‌لاوێژ: به هاتنی هێزێکی سه‌ره‌کی له کورده بارزانییه‌کان بۆ یه‌کێک له دێیه گه‌وره‌کانی مه‌ڵبه‌ندی میاندواو، شه‌ڕی ئه‌عسابی قازیی محه‌مه‌د به دژی حکوومه‌تی ته‌ورێزێ گه‌یشته ئه‌و ناوچه‌یه‌ش. دێمۆکڕاته‌کان که چاوه‌ڕێ بوون سه‌ربازخانه‌که‌یان له میاندواوێ هێرشی بکرێته سه‌ری ده‌ستبه‌جێ هێزێکی یارمه‌تیده‌ریان که تانک و تۆپخانه‌ی سه‌حرایی شی هه‌بوو له قه‌راغ ئه‌و چۆمه‌ی مۆڵ دا که به‌شی کوردنشینی شاره‌که‌ی له به‌شی ئازه‌ربایجانی نشین جوێ ده‌کرده‌وه، به‌ڵام عه‌شیره‌ته کورده‌کان هیچ هه‌نگاوی دیکه‌یان نه‌نایه‌وه.
7- 20ی سێپتا‌مبر / 16- 29ی خه‌رمانان : بارودۆخی ورمێ ئه‌وه‌نده گرژ بوو که دواجار له 7ی سێپتا‌مبر / 16ی خه‌رمانان هێزێکی 500 که‌سی له چه‌کدارانی کورد به‌ره‌و ڕه‌زائییه جووڵان و پێشرۆییان کرد و ئه‌و دێیانه‌یان داگیر کرد که له چه‌ند کیلۆمیتری باشوور و ڕۆژئاوای شاره‌که هه‌ڵکه‌وتبوون. چڵێک پێشمه‌رگه‌ش هاته نێو ڕه‌زائییه و له کاروانسه‌رایه‌ک دا که به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی دێمۆکراته‌کان سه‌ربازخانه‌ی ئه‌رته‌شی ئێران بوو، دامه‌زران.چه‌ند ڕۆژدواتر چه‌ند سه‌د که‌س له عه‌شیره‌ته‌کانی ژێر فه‌رمانی ئه‌مه‌ر خانی شکاک هاتنه نێو شاری و له خه‌یابانه‌کان دا ده‌ستیان کرد به گه‌ڕان. له 30ی سێپتا‌مبر/ 8ی ڕه‌زبه‌ر زێڕۆ به‌گ،جێگری قازیی محه‌مه‌د له ناوچه‌ی ورمێ به زۆر چووه نێو مه‌قه‌ڕی فه‌رمانداریی ڕه‌فیعی و داوای کرد به پێی ڕێکه‌وتنێک که له 23ی ئاوریل/ 3ی بانه‌مه‌ڕ کرابوو، بۆ دامه‌زراندنی نوێنه‌رانی کورد و دانی نیوه‌ی کاروباری ئیداری به ئه‌وان،چوارچێوه‌یه‌ک دیاریی بکرێ. ڕه‌فیعی که ترسا بوو کاربه‌ده‌ستانی دیکه‌ی دێمۆکڕاتی له ورمێ بانگ کرد و به یه‌که‌وه په‌نایان برد بۆ تێلگرافخانه که له کۆنه‌وه به پێی ئه‌و نه‌ریته‌ی له ئێران دا هه‌بووه،جۆره‌یه‌ک " به‌ست نشینی" وه حیساب ده‌هات. له‌و قۆناغه دا هاشمۆف کۆنسوولی شووره‌وی له ڕه‌زائییه خۆی له کاره‌که وه‌ردا. له پێشدا فه‌رمانی دا به کورده‌کان شاره‌که چۆل که‌ن و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ستیان له‌و کاره گێڕایه‌وه به‌ڵێنی پێ دان بێتوو هێزه‌کانیان له ده‌ورو به‌ر ڕاگوێزن ، ئه‌و کێشه‌یه به شێوه‌یه‌کی ئاوا کۆتایی پێ ده‌هێنێ که ئه‌وان پێی ڕازی بن،یه‌که چه‌کداره‌کانی کورد کشانه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه‌ر خان ئاماده نه‌بوو تاکوته‌رای ژێر فه‌رمانی خۆی که به سه‌ر خه‌یابانه‌کان دا ده‌سووڕانه‌وه بکشێنێته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌ی بارگرژییه دا چه‌ند تێکهه‌ڵچوونێک له نێوان هێزه کورده‌کان و فیداییه دێمۆکڕاته‌کان له ده‌ور وبه‌ری ڕه‌زائییه دا قه‌وما که تێیاندا هه‌ر دووک لا خه‌ساریان پێ گه‌یشت.دوای چه‌ندین ڕۆژ وتووێژ که تێیدا کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولیی شووڕه‌وی له لایه‌ن حکوومه‌تی فیرقه‌وه ده‌دوان و ده‌سته‌یه‌ک له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی مه‌هاباد، دێمۆکڕاته‌کان قه‌بووڵیان کرد کورده‌کان وه‌ک هێزی هێمنی ئازه‌ربایجان ببزوونه‌وه و بۆ ئه‌و ئه‌رکه مووچه‌ی سابیتی مانگانه‌ش وه‌رگرن.
25ی سێپتا‌مبر/3ی ڕه‌زبه‌ر: ته‌نێ دوو ڕۆژ دوای ئیمزا کرانی ئه‌و ڕیکه‌وتننامه‌یه که به کرده‌وه هاشمۆف دای سه‌پاند بوو، کورده‌کان به دڕێژایی جاده‌ی شاپوور ڕه‌زائییه بازگه‌ی وه‌رگرتنی عه‌واریزیان دانا و له گشت ئه‌و که‌سانه‌ی به‌و ڕێگایه دا تێده‌په‌ڕین دراوێکی زۆریان ئه‌ستاند.کڕاسنیک سه‌رکونسوولی شوڕه‌وی له ته‌ورێز و ژه‌نه‌ڕاڵ کاویان سه‌رۆکی شاره‌وانی (پۆلیس) حکوومه‌تی ته‌ورێز له‌و جۆره که‌سانه بوون که به ده‌م سه‌ردانێک له ڕه‌زائییه به زه‌بری چه‌ک ئه‌وجۆره عه‌واریزه‌یان لێ ئه‌ستێندرا.
27ی سێپتا‌مبر/ 5ی ڕه‌زبه‌ر: ئه‌مه‌ر خان که ئیدی زۆر توند و ئاشکرا به دژی دێمۆکڕاته‌کان ده‌بزووته‌وه،په‌نبه‌یی فه‌رمانداری فیرقه‌ی له شاپوور ئاگادار کرد کورده شکاکه‌کان ده‌یانه‌وێ له سییه‌می هه‌مان مانگ/8ی ڕه‌زبه‌ر ئه‌و شاره به نێوی کۆماری مه‌هاباد به ده‌سته‌وه بگرن.ئه‌و ئۆلتیماتۆمه بووه هۆی کاردانه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی ڕووسه‌کان و حکوومه‌تی ته‌ورێز.هاشمۆف و زێڕۆ به‌گ له ڕه‌زائییه‌وه به هه‌ڵه‌داوان چوونه شاپوور و پیشه‌وه‌ری ژه‌نه‌ڕاڵ غوڵام یه‌حیای دانیشیان، فه‌رمانده‌ری هێزی نیزامی فیرقه‌ی له به‌ره‌ی زه‌نگان بانگ کرده‌وه.غوڵام یه‌حیا وه‌ک فه‌رمانده‌ری هێزه‌کانی فیرقه له به‌رانبه‌ر هێرشی موحته‌مه‌لی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی بۆ سه‌ر خه‌مسه (زه‌نگان)، له‌وێ دامه‌زرا بوو و ئێستا ناردرا بۆ شاپوور. زێڕۆ به‌گ و دانیشیان، وه‌ک فه‌رمانداری عه‌سکه‌ری هاوبه‌ش کۆنتڕۆڵی شاپووریان به ده‌سته‌وه گرت و هاشمۆفیش بۆ پێشگیری له‌مه‌ترسییه‌ک که له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی له شاپوور ده‌کرد چوو بۆ "زینده‌شت" مه‌قه‌ڕی ئه‌مه‌رخان.دوای سێ ڕۆژ وتووێژ له شاپوور و زینده‌شت که تێیدا هاشمۆف زۆر جار باسی ئه‌گه‌ری داگیرکرانه‌وه‌ی ئازه‌ربایجانی به ده‌ستی ئه‌ڕته‌شی سوور هێنا گۆڕێ، دوا جار ئه‌مه‌رخان ملی دا بێتوو سه‌باره‌ت به‌هه‌موو کاروبارێکی له مه‌ڕ کۆ کردنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه و هێمنایه‌تی ڕاوێژ به نوێنه‌ره‌کانی له شاپوور بکرێ، ئاماده‌یه ئه‌وێ بداته‌وه ده‌ست دێمۆکڕاته‌کان.
له 30ی سێپتا‌مبر/ 8ی ڕه‌زبه‌ر واته هه‌ر هه‌مان ڕۆژی که ئه‌و ڕێکه‌وتنه کرا،قه‌ومانی دوو ڕووداوی دیکه دوژمنایه‌تی ڕێبه‌ری شکاکه‌کانی له‌گه‌ڵ شووڕه‌وی و ئه‌و دێمۆکڕاتانه‌ی مقاشی ده‌ستی بوون ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش زیاتر کرد.
ڕووداوی یه‌که‌م ئه‌وه بوو که به گه‌یشتنی جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکا له ته‌ورێز،دووهێر بۆ شاپوور له سه‌ر ڕێگای سه‌فه‌ری خۆی بۆ ڕه‌زائییه،ڕووی دا.ئیزنی ئه‌و سه‌فه‌ره له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی دێمۆکڕات له‌ته‌ورێزدرا بوو،لێکدانه‌وه‌ی ئاستی له کورتی دانی ده‌سته‌ڵاتی دێمۆکڕاته‌کان له ناوچه کوردنشینه‌کانی ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجان له ئامانجه ڕانه‌گه‌یێندراوه‌کانی سه‌فه‌ری جێگری کۆنسوول بۆ ئه‌و ناوانه بوو و هه‌ر وه‌ها لێکدانه‌وه‌ی بۆچوون و ڕێبازی ڕێبه‌رانی کورد که وا گوازیش کرابوو هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له بازنه‌ی ده‌سته‌ڵات و نفووزی شووڕه‌وی ده‌رباوێژن و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ئێرانێ بسازێن. نوێنه‌رانی کورده‌کان له شاپوور و ڕه‌زائییه پێشتر له‌و سه‌فه‌ره ئاگادار ببوون و به‌و شێوه‌یه‌ی که دواتر ده‌رکه‌وت، ئه‌مه‌ر خان و سه‌رکرده‌کانی دیکه‌ی کورد په‌یامێکیان ئاماده کرد بوو سه‌باره‌ت به ده‌ڕبڕینی وه‌فاداری خۆیان له ئاست قه‌وامولسه‌لته‌نه به‌و مه‌رجه‌ی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی به‌ڵێن بدا له دابێ دا به شێوه‌یه‌کی باشتر له گه‌ڵ کورده‌کان هه‌ڵس و که‌وت بکا. له به‌ر ئه‌وه‌ی که به دوای سه‌رهه‌ڵدانی دێمۆکڕاته‌کان دا پێوه‌ندی نێوان کورده‌کانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و حکوومه‌تی تاران بڕا بوو،ئه‌و سه‌رۆکه کوردانه رێکه‌وتبوون که به هاتنی جێگری کۆنسوول دووهێر داوای لێبکه‌ن ئه‌و به‌ڵێنه‌ی وه‌فادار بوونیان به سه‌رۆکوه‌زیر ڕابگه‌یێنێ.به ڕواڵه‌ت ژه‌نه‌ڕاڵ دانیشیان و جێگری کۆنسوولی شووڕه‌وی هاشمۆف به‌و بابه‌ته‌یان زانیبوو بۆیه دانیشیان به دنه‌ی هاشمۆف ماشێنی جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکای له شاپوور ڕاگرت و به جێگری کۆنسوول دووهێری ڕاگه‌یاند؛"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بار و دۆخی ڕێگا تێک چووه" بۆی نییه درێژه به سه‌فه‌ره‌که‌ی خۆی بدا.به‌ڵام هاشمۆف به درێژ کرده‌وه‌ی ماوه‌ی بوونی خۆی له ده‌فته‌ری دانیشیان تووشی هه‌ڵه‌یه‌کیش بوو، ئه‌و هاتبووه ئه‌وێ که به دانیشیان بڵێ ماشێنی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان بگێڕێته‌وه،که له‌وێ تووشی جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکا و دیلمانجه‌که‌ی هات و ئه‌و ده‌می به بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانێ ئه‌وان ناسیویانه‌ته‌وه، به ده‌رگای پشته‌وه دا بۆی ده‌رچوو. زێڕۆ به‌گ که له کاتی ئه‌و ڕووداوه دا ئاماده بوو دواتر به جێگری کونسوولی گوت ئه‌و بۆخۆی له‌وێ بووه کاتێک هاشمۆف فه‌رمانی داوه به دانیشیان بۆ پێش‌گرتن له چوونی ئه‌و ئه‌مه‌ریکایی یه به‌ره‌و ڕه‌زائییه. ئه‌و ڕووداوه ته‌نێ بوو به هۆی دڵمه‌ندی و ناڕه‌حه‌تی هه‌رچی زیاتری ئه‌مه‌رخان و ڕێبه‌ره‌کانی دیکه‌ی کورد و کاتێک که جێگری کۆنسوول دووهێر دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌ورێز له زنجیره‌یه‌ک تێلگرافی کراوه‌ی بێ ڕه‌مز دا ده‌ستێوه‌ردانی کاربه‌ده‌ستانی شووره‌وی به ئاگاداری سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له تاران گه‌یاند، پیشه‌وه‌ری فه‌رمانی دا به ژه‌نه‌ڕاڵ دانیشیان بێته ته‌ورێز و بچێ بۆ کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و به شه‌خسه له‌و باره‌یه‌وه داوای لێ بوردن بکا.
هه‌ر ئێواره‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ی که پێشی درێژه‌دانی سه‌فه‌ری جێگری کۆنسوول دۆهێر گیرا،کاربه‌ده‌ستانی شووڕه‌وی هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌شیان کرد که بوو به بیانوویه‌کی قه‌ره‌بوونه‌کراو له پێوه‌ندی نێوان ئه‌وان و کورده‌کان دا.عه‌لی ئه‌کبه‌رۆف،سێکرێتێری جێگری کۆنسوول هاشمۆف بۆ نیشاندانی فیلمێک که له‌و دواییانه دا له ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی ئاماده کرابوو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ساز کرد؛ ئه‌مه‌رخان و ژماره‌یه‌ک له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کان میوانانی فه‌خری ئه‌و مه‌جلیسه بوون.به‌ڵام بابه‌تی ئه‌و فیلمه که سه‌رهه‌ڵدانی وه‌رزێرانی ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی به دژی خاوه‌نموڵکان نیشان ده‌دا له گه‌ڵ هێندێک شانۆی تاڵانکرانی ماڵی خاوه‌نموڵکان و سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری کرێکاران و وه‌رزێران به سه‌ر لایه‌که‌ی دیکه دا،به‌هیچ جۆر بۆ ئه‌و مه‌جلیسه له‌بار نه‌بوو.نیشان دانی ئه‌و فیلمه سه‌رۆکه کورده‌کانی ئه‌وه‌نده تووڕه کرد که هه‌ر کامیان له زومڕه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندترین خاوه‌نموڵکانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا بوون، که ده‌ستبه‌جێ له زینده‌شت کۆببنه‌وه و سوێند به قورئان بخۆن تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و جۆره تایبه‌تییه له
" دێمۆکراسی" شووڕه‌وییان له ئێران ڕیشه‌کێش نه‌کردووه هه‌دا نه‌ده‌ن. ده‌قی ئه‌و سوێندنامه‌یه بۆ مه‌هاباد ناردرا و قازی ش وه‌ک ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ئیمزای کرد.
7ی ئۆکتۆبر/15ی ڕه‌زبه‌ر: حه‌وتوویه‌ک دواتر جێگری کۆنسوول دووهێر دوای ئه‌وه‌ی له لایه‌ن پیشه‌وه‌ری و کاربه‌ده‌سته‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان متمانه‌ی درایه که گۆڵمه‌زه‌که‌ی شاپوور دووپاته نابێته‌وه،جارێکی دیکه حه‌ولی دا بچێته ڕه‌زائییه.ئه‌و جار له ڕێگایه چ وه‌ده‌ره‌نگ نه‌خرا و کێشه‌یه‌ک نه‌هاته پێشێ به‌ڵام له ڕه‌زائییه کاربه‌دستانی دێمۆکڕات هه‌موو حه‌ولی خۆیان دا که پێش به دیداری جێگری کونسوول و رێبه‌رانی کورد بگرن. ڕه‌فیعی فه‌رمانداری ڕه‌زائییه و عه‌لی ئه‌کبه‌رۆف جێگری کۆنسوولخانه‌ی شووڕه‌وی له ڕه‌زائییه هه‌موو هه‌وڵی خۆیان دا بۆ خزمه‌ت و میوانداری هه‌یئه‌تی ئه‌مه‌ریکایی له ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له‌و شاره دا جگه له سه‌ردانی ناڕه‌سمی ئه‌وان له مه‌قه‌ڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و دیداری چاوه‌ڕوان نه‌کراو له گه‌ڵ سه‌رۆکی عێلی مه‌نگوڕ نه‌بێ که داوای له جێگری کۆنسوول دووهێر کرد له چوونه‌وه‌ی دا بۆ ته‌ورێز، ئه‌ویش له گه‌ڵ خۆی له ماشینه‌که‌ی دا سوارکا و هاوڕێیه‌تی ئه‌و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته ده‌ریایه‌ک زانیاری سه‌باره‌ت به وه‌زعی سیاسی مه‌ڵبه‌نده کوردنشینه‌کان و به تایبه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی هاشمۆف و ئه‌ڵاوێردییڤ ی کۆنسووله‌کانی شووره‌وی له ڕه‌زائییه و ماکۆیان سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان دێمۆکڕاته‌کان و کورده‌کان له به‌رده‌ست ناین. سه‌رهه‌ڵهێنانی ئه‌مر خان وه‌کوو قسه‌وێژی کورده‌کانی ئازه‌ربایجان ئه‌گه‌ر چی پێشتر بۆخۆی قازیی محه‌مه‌دی وه‌کوو ڕێبه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ئێران به ڕه‌سمییه‌ت ناسیبوو،یه‌ک له‌و زانیارییه گرینگانه‌ی بوو که له‌و سه‌فه‌ره دا وه‌ده‌ست که‌وت.هاوکات له‌گه‌ڵ زێده‌بوونی تووڕه‌یی کورده‌کان له شووڕه‌وییه‌کان و دێمۆکڕاته‌کان،زێده بوونی هێندێ ناڕه‌زایه‌تی له قازیی محه‌مه‌دیش که به دامه‌زرێنه‌ری سه‌ره‌تایی هاوکاری کورد و دێمۆکڕات و شوڕه‌وی ده‌ژمێردرا، وه‌ڕوو که‌وت. دوو عه‌شیره‌تی دێبۆکری و مه‌نگوڕ به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به گشت بیری بزووتنه‌وه‌ی خودموختاری کوردستان دوژمنایه‌تییان ده‌کرد و به توندی پشتیوانی‌یان ده‌کرد له ڕێبازی ئاشکرای ئه‌مه‌ر خان بۆ دژایه‌تی له گه‌ڵ ڕووسان و دێمۆکڕاتان.
12ی ئۆکتۆبر/20ی ڕه‌زبه‌ر: ئه‌مه‌ر خان ووڵامی بانگهێشتنی پیشه‌وه‌ری نه‌داوه بۆ سه‌ردانی ته‌ورێزێ به‌ڵام له جیاتییان بۆ پاراستنی پێوه‌ندی خۆی له گه‌ڵ کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌و شاره به مه‌به‌ستی ڕاکێشانی هاودڵیی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان و هه‌ر وه‌ها ته‌نیا کاناڵی پێوه‌ندی نێوان کورده‌کان و حکوومه‌تی نێوه‌ندی نوێنه‌رێکی نارده ته‌ورێزێ.نوێنه‌ری وی که‌سێک بوو به نێوی عاکیف شه‌ریفی که یه‌کێک له‌سه‌رۆکه پچووکه‌کانی شکاک بوو و ئه‌و له دیدارێک دا له کۆنسوولخانه ئه‌و ڕاپۆرته زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ی پشت ڕاست کرده‌وه که له ته‌ورێزێ سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی دابێی کورده‌کان بڵاو ببووه‌وه؛ ئه‌وه‌ی که‌کورده‌کان پێوه‌ن به زوویی و به پێچه‌وانه‌ی گشت ئه‌و رێکه‌وتنانه‌ی که به‌و دواییانه له ژێر گوشاری شووڕه‌وی دا کرابوون، به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ڕه‌زائییه،شاپوور و خوێ به ده‌سته‌وه بگرن. ئه‌و له جێگری کۆنسوولی پرسی بێتوو ئه‌وان به ته‌واوی پێوه‌ندی خۆیان له گه‌ڵ شووڕه‌وییه‌کان ببڕن ده‌کرێ چاوه‌ڕوانی چ جۆره یارمه‌تییه‌ک بن له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا؟ جێگری کۆنسوول دووهێر پێی گوت تا ئه‌و کاته‌ی کورده‌کان خۆیان له حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران به دوور بگرن، نابێ به هیچجۆر دڵ به یارمه‌تی ئه‌مه‌ریکا خۆش که‌ن – به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ست له جیاوازی خوازی هه‌ڵگرن و ڕه‌وتی وه‌فاداری سه‌باره‌ت به حکوومه‌تی نێوه‌ندی وه‌به‌ر بگرن، ئه‌و ده‌می ده‌توانن چاوه‌ڕوان بن که له‌و هاوڕێیه‌تی و پشتیوانییه‌ی که ئه‌مه‌ریکا له به‌یاننامه‌ی تاران دا به‌ڵێنی به ئێران داوه به‌شیان به‌ر بکه‌وێ.
22ی ئۆکتۆبر/ 30ی ڕه‌زبه‌ر: نوێنه‌ری شکاک دیسان هاته‌وه کۆنسوولخانه و ڕایگه‌یاند ئه‌مه‌رخانی له نێوه‌رۆکی ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵ جێگری کۆنسوولی ئه‌مه‌ریکا باسیان لێوه کردووه ئاگادار کردووه‌ته‌وه و ئه‌و ئاماده‌یه به نێوی عه‌شیره‌ته کورده‌کانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا وه‌فاداری خۆی سه‌باره‌ت به حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران ڕابگه‌یێنێ به‌و مه‌رجه‌ی حکوومه‌تی نێوه‌ندیش له لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌سته‌به‌ر بێ له دابێ دا هه‌ڵسوکه‌وتێکی عادڵانه‌تری له ئاست کورده‌کان ده‌بێ و سیاسه‌ته سه‌رکوتکه‌ره‌کانی پێشوو له به‌رانبه‌ر عه‌شیره‌تان دا دووپاته نا‌بنه‌وه. عاکیف شه‌ریفی داوای ئه‌وه‌ی کرد سه‌فاره‌تخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له تاران پێشنیازی کورده‌کان به سه‌رۆکوه‌زیر قه‌وام ڕابگه‌یێنێ و ووڵامێک وه‌ربگرێته‌وه که بکرێ به هه‌موو سەرۆک عه‌شیره‌ته‌کان له هه‌رێم بگوترێ.
پێشنیازی کوردەکان بۆ تاران لە مەڕ ڕاگەیاندنی وەفادارییان ئاشکرایە کە لە پیشەوەری و کاربەدەستانی کۆنسوولیی شووڕەوی بە تەواوی شاردراوە ئەگەرچی ئەوان لە سەفەرەکانی جێگری کۆنسوول دووهێر بۆ مەڵبەندە کوردنشینەکان و سەردانی پەیتا پەیتای سەرۆکە کوردەکان لە کۆنسوولخانەی ئەمەریکا لە تەورێز ئاگادار بوون، بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە لە ڕادەی لە دەستچوونی دەستەڵاتیان بە سەر کوردەکان دا ئاگادار نەبوون. بە ڕوون بوونەوەی ئەوەی کە کێشەی نێوان حکوومەتی نێوەندی و دێمۆکڕاتەکان ڕێگایەکی هێمنانەی لە پێش نابێ گۆڕانی ڕێبازی کوردەکان بە خێرایی گرینگ بوو. دێمۆکڕاتەکان نە تەنێ نەیاندەتوانی بە پشتیوانی چالاکانەی عەشێرەتەکانی ڕۆژئاوا ئومێد ببەستن، بەڵکوو ئێستا کەوتبوونە بەر ئەو مەترسییەش کە ئەگەر ئەڕتەشی حکوومەتی نێوەندی بڕیار بدا بۆ پێشڕۆیی بەرەو ئازەربایجان، لە لای ڕۆژئاوش ڕا تووشیان بە تووشی دوژمنێکی مەترسیدارەوە ده‌بێ. بەڵام بەو ڕاوێژە گاڵتەجاڕانە ئاشکراییەی کە پیشەوەری لە دیداری لە گەڵ سەرکونسوولی بریتانیا لە تەورێز لە ١٩ی ئۆکتۆبر لە مەڕ پەیماننامەی ٢٣ی ئاوریلی نێوان کوردستان و ئازەربایجان دوا بوو، نیشانەی ئەوە بوو کە ئەو تەنانەت لەو دەمەش دا وێنەیەکی ڕاستەقینەی بار‌و دۆخی کوردستانی لە زەین دا نەبووە.
لە ٣ی نۆڤامبر/ 12ی خه‌زه‌ڵوه‌ر جێگری کۆنسوول دووهێر گه‌ڕاوه سه‌ر پۆستی سابیتی خۆی له سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له تاران و توانی ئه‌و وه‌زعه‌ی که له شکانی سیاسه‌تی شووڕه‌وی – دێمۆکڕاته‌کان له ئاست کورده‌کان ، که‌وتبووه‌وه، به وورده ڕێشالتر بۆ سه‌رۆکوه‌زیر قه‌وام لێکاڵاکاته‌وه.ئه‌گه‌رچی وا وێده‌چوو سه‌رۆکوه‌زیر له دڵ‌پاکی پێشنیازی وه‌فاداری ئه‌مه‌ر خان دردۆنگه، به‌ڵام په‌یامێکی شه‌خسی بۆ ڕێبه‌ری شکاک نارد و ڕایگه‌یاند وه‌فاداری کورده‌کان ته‌نێ له کرده‌وه‌ی ئه‌وان دا خۆی ده‌رده‌خا و شیاوی نرخاندن ده‌بێ بێتوو حکوومه‌تی نێوه‌ندی بڕیار بدا بۆ دابین کردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خۆی به سه‌ر ئازه‌ربایجان دا زۆر به‌کاربهێنێ . ئه‌و له‌و په‌یامه دا ئه‌وه‌شی زیاد کرد ده‌وڵه‌ت هه‌موو ده‌رفه‌تێک به کار ده‌هێنێ بۆ تێهه‌ڵهێنانه‌وه‌ی ئه‌و بێ عه‌داڵه‌تیانه‌ی له ده‌وره‌ی پادشایه‌تی ڕه‌زاشا دا له گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌کان کراوه و به پێشوازی هه‌لێکی ئه‌وتۆ وه ده‌چێ.
دواجار له 22ی نۆڤامبر/ ئه‌وه‌لی سه‌رماوه‌ز سه‌رۆکه‌کانی دێمۆکڕات له ته‌ورێزێ به‌ره به‌ره هه‌ستیان پێ کرد ئیدی له‌وه زیاترناکرێ به هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی شووڕه‌وی یه‌وه وه‌فاداری" هاوپه‌یمان"ه کوره‌ده‌کانی خۆیان دابین بکه‌ن. وا وه‌به‌رچاو دێ له‌و قۆناخه دا قازیی محه‌مه‌د له ژێر گوشارێکی زۆر دا،کۆمه‌ڵێک له سه‌رۆکه کورده‌کانی بانگ کردبێ بۆ مه‌هاباد تاکوو له ئه‌گه‌ری پێشرۆیی ئه‌ڕته‌شی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی دا سه‌باره‌ت به شێمانه‌ی عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ته‌ورێز بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕا و ته‌گبیر بکه‌ن.ئه‌مه‌ر خان چه‌په‌ری خۆی نارد بۆ کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ڕای ئه‌سپارد سه‌رگرتنی سه‌فه‌رێک له لایه‌ن کۆنسوول ساتن (Sutton ) بۆ مه‌هاباد له‌و کاته دا ده‌توانێ کاردانه‌وه‌یه‌کی باشی هه‌بێ و خۆڕاگری سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان له به‌رانبه‌ر دوایین گوشاری شووڕه‌وی دا،به‌هێز بکا. کۆنسوول ساتن ته‌ورێزی به‌ره‌و مه‌هاباد به‌جێ هێشت به‌ڵام هێشتا چه‌ند کیلۆمیترێک له شاری دوور نه‌که‌تبووه‌وه که ئه‌فسه‌رێکی ئازه‌ربایجانی ئه‌وی گه‌ڕانده‌وه.حه‌وتوویه‌ک دواتر عاکیف شه‌ریفی هاته کۆنسوولخانه و گوتی که قازیی محه‌مه‌د له ژێر گوشاری شووڕه‌وی دا داوای له عه‌شیره‌ته‌کان کردبوو که بۆ به‌رگری له ئازه‌ربایجان له گه‌ڵ دێمۆکڕاته‌کان بکه‌ون به‌ڵام سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان له ژێر ڕێبه‌ری ئه‌مه‌ر خان دا،ڕایانگه‌یاند بوو ئاماده نین له هه‌مبه‌ر ئه‌ڕته‌شی حکوومه‌تی نێوه‌ندی دا خۆڕاگری بکه‌ن،مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له ژێر ئاوری تۆپی ئه‌ڕته‌شی سوور دا ناچاریانکه‌ن بۆ مل وه‌به‌رهێنانی کارێکی ئه‌وتۆ. و کاتێکیش که ئه‌ڕته‌شی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی له سه‌ره‌تای دێسامبر/ نێوه‌ڕاست سه‌رماوه‌ز دا به‌ره‌و کوردستان وه‌جووڵه که‌وت، نه‌ک هه‌ر گولله‌یه‌کیش نه‌ته‌قێندرا، به‌ڵکوو کاتێک کاربه‌ده‌ستانی نیزامی تاران گه‌یشتنه میاندواو، قازی بۆخۆی ئاماده‌بوو خۆی ڕاده‌ستی ئه‌وان بکا.
7. هۆی شکانی سیاسه‌تی شووڕه‌وی له مه‌ڕ کوردان
هۆیه سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌مانی ده‌سته‌ڵات و نفووزی شووڕه‌وی ده نێو کورده‌کانی ئازه‌ربایجان دا ده‌کرێ له‌م خاڵانه داببیندرێنه‌وه:
ئه‌لف) جێگۆڕکێی نفووز و ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ڕته‌شی سوور به نفووز و ده‌سته‌ڵاتی چه‌ند هه‌ڵسووڕاوێکی شووڕه‌وی که جگه له قسه‌ی زل و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی نێوبه‌تاڵ – که بۆ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته شایی به‌خۆیه‌کانی کورد زۆر
ڕه‌ق بوون – چی دیکه‌یان له هه‌گبه دا نه‌بوو.
ب) وه‌به‌ر گرتنی جۆره شێوه‌یه‌کی بانگه‌شه و ته‌بلیغات له لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه که وه‌فاداری کورده‌کانی له ئاست سه‌رۆکه‌کانیان له به‌رچاو نه‌ده‌گرت.
پ) پێکێشی شووڕه‌وی له سه‌ر ئه‌وه‌ی که کورده‌کان له ئاست حکوومه‌تی ته‌ورێز ده‌وری که‌مایه‌تییه‌ک بگێڕن.
ت) ده‌ستقووچاوی شووڕه‌وی له دانی چه‌کوچۆڵی نیزامی به کورده‌کان.
ج) سه‌رنجی چالاکانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکایی له ئاست کورده‌کان.
ح) زانیاری له زێده‌ی سه‌رۆکه خوێنده‌واره کورده‌کان سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی لێبڕاوانه‌ی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له به‌رانبه‌ر په‌ره‌گرتنخوازی شووره‌وی.
خ) ناتوانایی شووڕه‌وییه‌کان بۆ پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌ی کوردستانی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ، که بووه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانن له تاقه هۆکاری ئیدێئۆلۆژی که‌لک وه‌رگرن، که ڕه‌نگ بوو توانیبای هانی کورده‌کان بدا بۆ درێژه‌دان به خۆڕاگری له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێران دا.
8- پێداویستی حکوومه‌تی ئێران بۆ هه‌بوونی رێبازێکی عاقڵانه له ئاست کورده‌کان
ده‌ستگێڕانه‌وه‌ی کورده‌کان له پشتیوانی له حکوومه‌تی ته‌ورێز له هه‌مبه‌ر پێشرۆیی ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و ئازه‌ربایجان له مانگی دیسامبری 1946 / سه‌رماوه‌زی 1325ی هه‌تاوی دا ئه‌گه‌رچی هۆکارێکی بڕیارده‌ر نه‌بوو له هه‌ڵوه‌شانی حکوومه‌تی دێمۆكڕاته‌کان،به‌ڵام بۆ سیاسه‌تی ڕاگه‌یێندراو له به‌یاننامه‌ی تاران [که له نێو هێزه زله‌کان ئیمزا کرابوو] سه‌باره‌ت به یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران به سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره ده‌ژمێردرێ. هێزه‌کانی ئه‌ڕته‌شی نێوه‌ندی ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئاسایی ش دا بۆ عه‌مه‌لییاتێک که به مه‌به‌ستی گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌کی ژیانی عه‌شیره‌ته کورده‌کان ده‌کرا، تووشی به تووشی خۆڕاگری و به گژ داهاتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه ده‌بوو؛ ته‌سلیم بوونی بێ ده‌ستکردنه‌وه‌ی ئه‌و دواییانه‌ی کورده‌کان له هه‌مبه‌ر تاران دا، ئه‌ویش به تایبه‌تی دوای نه‌بوونی چوار ساڵ ده‌سته‌ڵاتی حکوومه‌تی نێوه‌ندی له کوردستانی ئازه‌ربایجان و هه‌ر وه‌ها 9 مانگ حکوومه‌تی کۆماری کوردستان، به بێ گومان ڕووداوێکی ئه‌و په‌ڕی نائاسایی یه.حکوومه‌تی ئێران له ئاکامی ئه‌و وه‌ده‌ست خستنه‌وه‌یه‌ی سه‌هل و هاسانی ده‌سته‌ڵاتی خۆی له ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، ئیستا له هه‌ڵوێستێکی هه‌تا بڵێی باش دایه که سیاسه‌تێکی عاقڵانه‌ی کوردی وه‌به‌ر بگرێ به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی نه‌ریتی خۆی بۆ سه‌رکوتکردن و تاق خستنه‌وه‌ی کورده‌کان.
گرینگ‌ترین دلپه‌شێوی و نیگه‌رانی سه‌رۆکه کورده‌کان له کاتی تێفکرین و سه‌لاح و مه‌سڵه‌حه‌ت کردن له سه‌ر بچڕانی پێوه‌ندی له گه‌ڵ دێمۆکڕاته‌کان و خۆ ته‌سلیم کردن به ده‌سته‌ڵاتی تاران، ئه‌و ئه‌گه‌ره بوو که دیسان بکه‌ونه‌وه ژێر ده‌سته‌ڵاتی حکوومه‌تێکی عه‌سکه‌ری و ئه‌وه‌ش بگاته تاڵان کردنیان و جۆری دیکه‌ی زۆلم و زۆرداری. دوای وه‌رگرتنی به‌ڵێنی له سه‌رۆکوه‌زیر قه‌وام بۆ پێڕاگه‌یشتن به زوڵم و زۆری ڕابردوو بێتوو وه‌فاداری خۆیان له ئاست حکوومه‌تی نێوه‌ندی نیشان بده‌ن، کورده‌کان هاوکات حه‌ولیان دا بۆ ڕاکێشانی نییه‌تی باشی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستڕۆیشتوویی ئه‌خلاقی خۆیان به سه‌ر تاران دا ده کار بکه‌ن و، به شێوه‌یه‌ک له‌وه که‌لک وه‌ربگرن که بگاته سیاسه‌تێکی عادڵانه‌تر به‌رانبه‌ر به عه‌شیره‌تان و، به‌و پێیه بڕیاریان دا لایه‌نی که‌م کێشه‌تر هه‌ڵبژێرن. له به‌ر ئه‌وه‌ی داوخوازی کورده‌کان هاوکات بوو له گه‌ڵ هێنانه گۆڕی پێشنیازێکی هاو شێوه له لایه‌ن وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا،ئاله‌ن،سه‌فیری ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له تاران سه‌رنجی قه‌وامی بۆ سه‌ر به‌دڵ بوون و باشتر بوونی ڕێبازێکی ئازادتر له ئاست عه‌شیره‌ته‌کانی ئێران ڕاکێشا.ئه‌و شێوازه‌ی که به‌کرده‌وه بۆ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی له به‌رانبه‌ر کورده‌کان به دوای ته‌سلیم بوونی ئه‌و دواییانه‌ی ئه‌واندا ده‌بێته بابه‌تی گوزاریشتی دادێ.
په‌یوه‌ستی یه‌که‌م بۆ ڕاپۆرتی به‌رواری 15ی ژانڤییه‌ی 1947 / 25ی به‌فرانباری 1325 هه‌تاوی
به ناوی : ئاڵوگۆڕی سیاسی له نێو کورده‌کانی ئازه‌ربایجان له ساڵی 1946/1325 دا
که‌سایه‌تییه سیاسییه کورده‌کان
قازیی محه‌مه‌د سه‌رۆکی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد ته‌مه‌نی نیزیکه‌ی 45 ساڵه، خه‌ڵکی مه‌هاباده و سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌ڕێز و ده‌وڵه‌مه‌ندی کورده.ئه‌و له ده‌رسخانه‌ی ناوچه‌یی خوێندوویه به‌ڵام توانیوه له گه‌ڵ ناسیاو بوون به زمانی ترکی و شێوه‌زاری کوردی ناوچه‌ی خۆی تا ئاستێکی به‌رچاویش ئینگلیسی و ڕووسی فێر ببێ.
تا به‌ر له پێشڕۆیی ڕووسه‌کان،قازی له به‌ر پله‌وپایه‌ی مه‌زه‌بی خۆی له نێو کورده‌کانی باکووری کوردستانی ئێران دا به‌نێوبانگ بوو وهه‌م عه‌شیره‌ته جۆر به جۆره‌کان و هه‌م ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ڕێزیان لێ ده‌گرت.له کێشه و هه‌رای جۆر به‌جۆری کورده‌کان دا، ئه‌و وه‌کوو نێوبژیوان له نێوان عه‌شیره‌ته‌کان و حکوومه‌تی نێوه‌ندی دا ده‌جووڵاوه.
کاتێک که شووڕه‌وییه‌کان به دوای ڕێبه‌رێکی گورد داده‌گه‌ڕان که بتوانن وه‌ک پیشه‌وه‌ری له ئازه‌ربایجان که‌لکی لێ وه‌ربگرن ، قازی یان هه‌ڵبژارد که ئه‌و ده‌می ته‌نیا کوردێک بوو سه‌رۆک عه‌شیره‌ته جۆر به جۆره‌کانی باکوور حورمه‌تی بگرن. له‌و بڕگه‌یه‌ی ژیانی دا بوو که قازی له پله‌و پایه‌ی "پێشه‌وا"یه‌کی مه‌زه‌بییه‌وه گۆڕا بۆ بوون به پێشه‌وای کۆمارێکی کوردی.
له نیوه‌ی دووه‌می ساڵی 1945/پاییز-زستانی 1324ی هه‌تاوی ژه‌نه‌ڕاڵ ئاتاکیشییێڤ هه‌ڵسووڕاوی قه‌وقازی شووڕه‌وی، بۆ ڕاوێژ له گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان چه‌ند جار سه‌فه‌ری کرد بۆ مه‌هاباد. باوه‌ڕ وایه هۆی سه‌ره‌کی ناسینی قازی وه‌کوو ڕێبه‌رێکی سیاسی و پێشه‌وایه‌کی مه‌زه‌بی له لایه‌ن سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانه‌وه و قه‌بووڵ کردنی،له به‌ر پله و پایه‌ی وی له لای شووڕه‌وییه‌کان بوو،به‌و هیوایه‌ی بتوانن ژماره‌یه‌کی زۆر چه‌کوچۆڵی سووک و قورس وه‌ربگرن. پسپۆڕانی کاروباری کورد لێره له‌و باوه‌ڕه دان ئه‌و دژایه‌تییه‌ی که چلۆن سه‌رۆکه عه‌شیره‌ته ئه‌وپه‌ر خۆ ویست و تاکخوازی کورده‌کان ئاماده بوون حکوومه‌تێک که پشتی به شووڕه‌وی به‌ستبوو قه‌بووڵ بکه‌ن که ئامانجی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و سه‌رۆکانه به‌ته‌واوی دژ به‌یه‌ک بوو، ده‌بێ له چوارچێوه‌ی "خوار بوونه‌وه له به‌ر با"، به‌و مه‌به‌سته‌ی که پێش به ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی شووڕه‌وییه‌کان له کاروباری کورده‌کان دا بگێرێ، پاساو بدرێ.
قازیی محه‌مه‌د له‌ڕووی شان وپله و له‌سه‌ره‌خۆیی شه‌خسی له زۆرێک له‌و که‌سانه‌ی که له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی شووڕه‌وی له ئازه‌ربایجان بوون و ده‌سته‌ڵاته‌یان به‌ده‌سته‌وه بوو سه‌رتره - له‌وانه پیشه‌وه‌ری -. ئه‌و کوردێکی ئاسایی نییه، له شه‌ڕخۆازی ئاسایی، سه‌ر و قه‌ڵافه‌تی تابنی ددان پڕچه‌کی عه‌شیره‌تی که ئه‌و ڕۆژانه له خه‌یابانه‌کانی ته‌ورێز ده‌یبینین، نیشانێکی ئه‌وتۆ له وی‌دا نه‌بوو. کاتی قسه کردن زۆر له سه‌ره‌خۆ ده‌دوێ و ته‌نانه‌ت کاتێکیش که باوه‌ڕه سیاسییه‌کانی خۆی ئاوێته‌ی هه‌ست و سۆز ده‌کا ده‌نگی له ئاستێکی تایبه‌تی زیاتر به‌رز ناکاته‌وه.قازیی محه‌مه‌د خه‌تیبێکی کارامه‌یه و له به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌ربڕینی بیر‌و ڕا و بۆچوونه‌کانی خۆی دا دڵپاکییه‌کی زۆر زیاتری تێدا هه‌ست پێده‌کرێ له چاو هه‌ڵسووڕاوانی دیکه‌ی لایه‌نگری شووڕه‌وی وێناچێ قه‌ت له قوتابخانه‌ی پارتیی کۆمۆنیست دا په‌روه‌رده کرابێ.
قازی سه‌ره‌ڕای پێشینه‌ی مه‌زه‌بی خۆی به هیچ جۆر موسوڵمانێکی ده‌مارگرژ نییه.ڕێبه‌ری مه‌سیحییه‌کانی ئاسۆری له ته‌ورێز و هه‌ر وه‌ها سه‌رپه‌رستی میسیۆنی کاتۆلیکی فه‌ڕانسه له وێندرێ وه‌ک که‌سێکی "ساده" و "باش" باسی قازیی محه‌مه‌د ده‌که‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولیی بریتانیا له ته‌ورێز له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه نین و لێبڕاوانه ده‌ڵێن که قازی جگه له که‌سێکی ناڕاست و ده‌ستکردی شووڕه‌وی شتێکی دیکه نییه.به ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و جۆره داوه‌رییه ڕیشه‌ی له‌وه‌وه ئاو ده‌خواته‌وه که قازی به ڕاشکاوی دژایه‌تی له گه‌ڵ سیاسه‌تی بریتانیا ده‌کا و له دوو نموونه دا هه‌ڵسووڕاوانی کۆنسوولیی بریتانیا، به هه‌ڕه‌شه و توندوتێژییه‌وه، له مه‌هاباد ده‌رپه‌ڕێندران.
له‌وه‌یدا که قازیی محه‌مه‌د به پێی هه‌ل و مه‌رج ده‌جووڵێته‌وه هیچ گۆمانێک نییه، به‌ڵام ئه‌و هه‌لپه‌رستییه ڕه‌نگ وڕووی ئیدێئۆلۆژیکی نییه؛ ڕاستی و ذلپاکی یه‌کی ته‌واو له ده‌ربڕینی مێهر و خۆشه‌ویستی وی له ئاست گه‌لی کورد دا هه‌ست پێده‌کرێ. هه‌ر چۆنێک بێ ته‌قدیر و چاره‌نووسی شه‌ر ئه‌وی خسته به‌ره‌ی شووڕه‌وییه‌وه به‌ڵام وێناچێ له‌و وه‌زعه زۆر ڕازی بێ؛ زۆر جار به ئاشکرا نیشانی داوه که هه‌م نیسبه‌ت به شووڕه‌وییه‌کان و هه‌م قسه وێژه ئازه‌ربایجانییه‌کانیان بێ باوه‌ڕه.
محه‌مه‌دحوسێنی سه‌یفی قازی وه‌زیری شه‌ڕی کۆماری کوردستانی پشتیوان شووڕه‌وی. ئه‌و خه‌ڵکی مه‌هاباده و کوردێکی "شارستان"ییه؛ سه‌ر به به‌ڕێزترین بنه‌ماڵه کورده‌کانه. بابی شێخ محه‌مه‌دی سه‌یفی قازی !![مه‌به‌ست حه‌سه‌نی سه‌یفولقوزاتی قازی یه، وه‌رگێڕ] یه‌کێک له سه‌رۆکه مه‌زه‌بییه‌کانی کورده‌کانی باکووری سه‌ر به قازیی محه‌مه‌ده و ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد [ سه‌یفولقوزات له 27ی ژانڤییه‌ی ساڵی 1945 کۆچی دوایی کردووه.وه‌رگێڕ]. وا بڵاو بووه‌ته‌وه که محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی زۆر زیره‌که و وێده‌چێ خوێندنی به‌رزی هه‌بێ، که‌مێک ئینگلیسی و فه‌ڕانسه‌ییش ده‌زانێ.
ئه‌مه‌رخان ڕێبه‌ری عه‌شیره‌تی گرینگی شکاکه و بۆ ماوه‌یه‌ک وه‌زاڕه‌تی کۆماری کوردستان له مه‌هابادی به ئه‌ستۆوه بوو. ته‌مه‌نی نیزیک 55 ساڵه و هه‌میشه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی له شه‌ڕ دا بووه.به‌شێک له ساڵانی جه‌وانی خۆی له زێندانه سیاسییه‌کانی ڕه‌زا شا دا تێپه‌ڕاندووه و چه‌ند سالیش له ترکییه پاتراو بووه. هێشتا وه‌ک سه‌رکێشێکی ده‌سته‌مۆ نه‌بوو چاو لێده‌کرێ. کۆنسوولی بریتانیا له‌و باوه‌ڕه دایه که یه‌کێک له گرینگ‌ترین هۆیه‌کانی که قازیی محه‌مه‌د ده‌توانێ بۆ پاڵپشتی ئیدیعای خۆی له مه‌ڕ پاراستنی سه‌باتی سیاسی له هه‌رێم دا بیهێنێته گۆڕێ، ئه‌وه‌یه که تا ئێستا توانیویه‌تی وه‌فاداری ئه‌مه‌رخان به‌ره‌و خۆی ڕابگرێ.
ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی به قسه‌وێژی قازیی محه‌مه‌د له ته‌ورێز! [ تاران] داده‌ندرا.ته‌مه‌نی 50 ساڵه ( سه‌دری قازی ئه‌و ده‌می ته‌مه‌نی بڕێک سه‌ره‌وه‌ی 40 ساڵان بووه. ئه‌و له 18ی بانه‌مه‌ڕی 1281 [9ی مه‌ی 1902] له دایک بووه. ح.ق.).ئه‌گه‌رچی له مه‌هاباد له دایک بووه به‌ڵام له ته‌ورێز!! [تاران] ده‌ژی و له‌و شاره موڵکێکی زۆری هه‌یه[ سه‌دری قازی نه له تاران و نه له ته‌ورێز موڵکی نه‌بووه و له تاران له ماڵی کرێ دا ژیاوه.ح.ق.].خوێنده‌واری هه‌یه و له نێو کورده‌کانی باکوور ڕێزی زۆره. بۆ ماوه‌یه‌ک نوێنه‌ری کورده‌کانی مه‌هاباد بووه له مه‌جلیسی شووڕای میللی ئێران دا.
زێڕۆبه‌گ له سه‌رۆکه تازه پێداکه‌وتووه‌کانی عه‌شیره‌تی هه‌رکی و به ئه‌گه‌ری زۆر ناخۆشه‌ویستترین ڕوخساری حکوومه‌تی مه‌هاباده.ته‌مه‌نی نیزیک 40 ساڵه،مووی کاڵ و چاوی شینه.له‌و مانگانه‌ی دوایی دا زیاتر لای په‌سند بووه یونیفۆرمی ئه‌ڕته‌شی سوور ده‌به‌ر بکا تا جلوبه‌رگی فۆڕمی ئه‌ڕته‌شی کۆماری کوردستان. سه‌باره‌ت به پێشینه‌ی وی زانیارییه‌کی ئه‌وتۆ به‌ده‌سته‌وه نییه،ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌ک کوردی به نێوبانگ به نووسه‌ری ئه‌م ڕاپۆرته‌یان گوت زێڕۆبه‌گ له سه‌ره‌تاوه خزمه‌تکاری یه‌کێک له سه‌رۆکه‌کانی عه‌شیره‌تی به‌گزاده بووه که به مه‌یلی خۆی ماڵی گوێستبووه‌وه بۆ عێڕاقێ. به‌ڵام ماوه‌یه‌کی کورت دوای پێکهاتنی کۆماری مه‌هاباد ده‌ره‌جه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی پێدرا [ زێڕۆبه‌گی هه‌رکی ده‌ره‌جه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی نه‌بووه.ح.ق.] و به فه‌رمان وه‌رگرتن له کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولیی شوڕه‌وی له ڕه‌زائییه به‌نێوبانگه.
ڕه‌شید به‌گ و نووری به‌گ له سه‌رۆکه گرینگه‌کانی عه‌شیره‌تی به‌گزاده‌ن، که له ناوچه‌ی ڕه‌زائییه داده‌نیشن.
حاجی بابه‌شێخ ره‌ئیسی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی کۆماری کوردستان بوو و دوای قازیی محه‌مه‌د به گرینگ‌ترین ڕێبه‌ری مه‌زه‌بی کورده‌کانی باکوور ده‌ژمێردرێ. ته‌مه‌نی نیزیکه‌ی 65 ساڵه، رێشێکی درێژی سپی هه‌یه و هه‌تا بڵێی که‌سێکی شه‌ریف و به‌ڕێزه.
په‌یوه‌ستی دووه‌م بۆ ڕاپۆرتی به‌رواری 15ی ژانڤییه‌ی 1947 / 25ی به‌فرانباری 1325 هه‌تاوی
به ناوی : ئاڵوگۆڕی سیاسی له نێو کورده‌کانی ئازه‌ربایجان له ساڵی 1946/1325
په‌یماننامه‌ی 23ی ئاوریلی 1946ی کورد – ئازه‌ربایجان
ئه‌مه‌ی خواره‌وه وه‌رگێڕانێکی ناڕه‌سمی *ده‌قی په‌یماننامه‌ی نێوان حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئاه‌ربایجان و حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانه که له 23ی ئاوریلی 1946 له ته‌ورێز ئیمزا کراوه.
1-له‌و جێگایانه‌ی پێویست بزانرێ هه‌ر دووک حکوومه‌تی میللی نوێنه‌ر ده‌گۆڕنه‌وه
2- له ئازه‌ربایجان دا ئه‌و جێگایانه‌ی که دانیشتووانی کورد بن کاری ئیداراتی ده‌وڵه‌تی به کوردان ده‌بێ و هه‌ر وه‌ها له کوردستانیش له‌و جێگایانه‌ی که به‌شی زۆری دانیشتووان ئازه‌ربایجانی بن له ته‌ڕه‌ف مه‌ئموورانی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجانه‌وه ئیداره ده‌کرێ
3- بۆ حه‌ل بوونی مه‌وزووعی ئیقتیسادی له به‌ینی هه‌ردووک میلله‌تان کۆمیسیۆنێکی تێکه‌ڵاو داده‌مه‌زرێ و قه‌راری ئه‌و کۆمیسیۆنه به کۆششتی سه‌رانی ئه‌و دوو حکوومه‌ته ئیجڕا ده‌کرێ.
4- له کاتی پێویست دا له به‌ینی حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و کوردستان هاوکاری پێشمه‌رگه‌یی ده‌کرێ و ده‌بێ ئه‌وه‌ی لازم بێ بۆ کۆمه‌گی یه‌کتری ئه‌نجام بدرێ.
5- هه‌ر کاتێک پێویست بێ له گه‌ڵ حکومه‌تی تاران قسه بکرێ ده‌بێ موافیقی نه‌زه‌ری حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و کوردستان بێت.
6- حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان بۆ ئه‌و کوردانه‌ی که له خاکی ئازه‌ربایجاندا ده‌ژین تا ئه‌و ئه‌ندازه‌ی بتوانێ بۆ پێشکه‌وتنی زمان و ته‌ڕه‌قی پێدانی فه‌رهه‌نگی میللی وان هه‌وڵ ده‌دا. هه‌ر وه‌ها حکوومه‌تی میللی کوردیش بۆ ئه‌و ئازه‌ربایجانییانه‌ی که له خاکی کوردستان دا ده‌ژین بۆ پێشکه‌وتنی زمان و ته‌ڕه‌قی پێدانی فه‌رهه‌نگی میللی وان ئه‌و ئه‌ندازه‌ی که بتوانێ هه‌وڵ بدا.
7- هه‌رکه‌س بۆتێکدانی دۆستایه‌تی تاریخی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و کورد و له به‌ین بردنی برایه‌تی و دێمۆکڕاتی میللی و یا له‌که‌دار کردنی وان هه‌وڵ بدا هه‌ر دوو لا به یه‌ک ده‌ست ئه‌و مورته‌کیبانه به جه‌زای خۆیان ده‌گه‌یێنن.
ئه‌و په‌یماننامه‌یه له لایه‌ن حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان پیشه‌وه‌ری،پادگان،جاوید و بیریا و له لایه‌ن حکوومه‌تی میللی کورده‌وه قازیی محه‌مه‌د، محه‌مه‌دحوسێنی سه‌یفی قازی، سه‌ید عه‌بدوڵای گه‌یلانی،ئه‌مه‌ر خان له عێلی شکاک. ڕه‌شید به‌گی جه‌هانگیری له عێلی هه‌رکی و زێڕۆبه‌گی به‌هادوڕی له عێلی هه‌رکی ئیمزایان کردووه.
دووهێڕ
[ تێبینی وەرگێڕی کوردی:*مه‌به‌ست له وه‌رگێڕانی ناڕه‌سمی لێره دا وه‌رگێڕانه بۆ سەر زمانی ئینگلیسی. ئه‌و ده‌قه کوردییه‌ی سه‌ره‌وه له تێکستی دۆهێر را وه‌رنه‌گێڕدراوه، به‌ڵکوو له ده‌قێک وه‌رگیراوه که له ڕۆژنامه‌ی کوردستان (ژماره‌ی 45، 18ی بانه‌مه‌ڕی 1325 [ 8ی مه‌ی 1946] دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.گۆواری هه‌ڵاڵه لکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له بۆکان ئه‌و ده‌قه‌ی له کوردستان وه‌رگرتووه و له ژماره‌ی 3، بانه‌مه‌ڕی 1325 دا چاپی کردووه‌ته‌وه. ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان " ئۆرگانی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازربایجان له ژماره‌ی 190ی خۆی دا، یه‌کشه‌مۆ 15ی بانه‌مه‌ڕی 1325 ده‌قی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی به ناوی " آذربایجان ملی حکومت ایله کرد خلقی آراسیندا اولان قرار داد" بڵاو کردووه‌ته‌وه و ڕۆژنامه‌ی کوردستان سێ ڕۆژ دواترهه‌مان ده‌قی وه‌رگێڕاوه و بڵاوی کردووه‌ته‌وه.
به به‌راوه‌ردی ده‌قی آذربایجانی و کوردی ڕا ده‌رده‌که‌وێ که ده‌قی ماک به زمانی ئازه‌ربایجانی نووسراوه و وه‌رگێڕانه‌که‌ش زۆر وه شێوه نووسینی حه‌سه‌نی قزڵجی ده‌چێ. ته‌نیا جیاوازی له سه‌رناوی ئازه‌ربایجانی و کوردی دایه. به ئازه‌بایجانی نووسراوه: "په‌یمانی نێوان حکوومه‌تی میللی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد" و له کوردستان و هه‌ڵاڵه دا سه‌ردێڕی "مەتنی پەیمانی یەکەتی و برایەتی حکوومەتی میللی کوردستان و ئازەربایجان"ی بۆ داندراوه. ده‌نا وه‌کوو تر ده‌قه‌کان ته‌واو وه‌ک یه‌ک وان. به‌ر له ماده‌کان سه‌ره‌تایه‌ک نووسراوه و باسی ئاماده بوونی میرزا عه‌لی شه‌بسته‌ری سه‌رۆکی مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان و "نوێنەری کوردی شنۆ ئاغای قازیی محەمەدی خزری" له‌و دیداره دا ده‌کرێ به‌ڵام وادیاره ئه‌وان ئیمزایان نه‌کردووه. وێده‌چێ ده‌قێکی فارسی ئه‌و "قه‌رارداد"ه‌ش هه‌بووبێ .به‌ڵام هیچ گومان له‌وه دا نییه که ده‌قی ماک به ئازه‌ربایجانی بووه، ئه‌وه‌ش به پشت به‌ستن به‌و ده‌قه دەڵێین که له "کوردستان" و " هه‌ڵاڵه" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه."]
په‌یوه‌ستی سێیە‌م بۆ ڕاپۆرتی به‌رواری 15ی ژانڤییه‌ی 1947 / 25ی به‌فرانباری 1325 هه‌تاوی
به ناوی : ئاڵوگۆڕی سیاسی له نێو کورده‌کانی ئازه‌ربایجان له ساڵی 1946/1325
سەفەری کاربەدەستی کۆنسوولیی سەفارەتی [ئەمەریکا لە تاران] ئاگنوس وارد(Agnus Ward) وجێگری کۆنسوول دووهێر بۆ مەهاباد.
ڕاپۆرتی کۆنسوولی سەفاڕەت ئاگنوس وارد
سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ژووییە / 25ی پووشپه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی له گه‌ڵ جێگری کونسوول دووهێر ته‌ورێزم به مه‌قسه‌دی مه‌هاباد به جێ هێشت ئاغای دوێ سانت سوانو (de Saint Suaanue) له به‌رناساخی له‌و سه‌فه‌ره دا له‌گه‌ڵ نه‌بوو. له به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌فه‌ر له ته‌ورێزه‌وه بۆ مه‌هاباد ده‌بوو به ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆلی ئیداره‌ی کورده‌کان دا بکرێ و ئێمه ئاگادار کرابووین که حوکمی حکوومه‌تی ته‌ورێز له‌و ناوچانه دا هێنده‌ش به‌ڕێوه ناچێ، جێگری کۆنسوول له گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د ڕێبه‌ری کورده‌کانی باکوور ئاوا ڕێک که‌وتبوو که کاربه‌ده‌ستێکی کورد له ته‌ورێزه‌وه تا مه‌هاباد هاوڕێیه‌تیمان بکا. دوای ئه‌وه‌ی له ته‌ورێز وه‌ده‌ر که‌وتین له هیچکام له بازگه‌کانی پشکنیین ڕانه‌گیراین جگه له بازگه‌یه‌ک له نێوان مه‌راغه و بنا‌و له 130 کیلۆمیتری ته‌ورێز نه‌بێ. کێشکچی مه‌ئموور له‌و بازگه‌یه دا به ترکی قسه‌ی ده‌کرد به‌ڵام شتی چاوڕاکێش ئه‌وه بوو کاتێک زانیارییه‌کانی له‌مه‌ر ئێمه‌ی له ده‌فته‌ره‌که‌ی دا ده‌نووسی، له بنی لێوان به ڕووسی قسه‌ی ده‌کرد. له‌و قۆناخه دا له جاده‌ی سه‌ره‌کی لامان دا و دوای 12 کیلۆمیتر ئاژۆتن دیده‌نیمان کرد له مه‌راغه، له‌وێ پۆلیس زۆر به چڕی چاوی به سه‌رمانه‌وه بوو.
ماشێنه‌کانمان و ئه‌و ڕێستورانه‌ی نانمان لێ ده‌خوارد له لایه‌ن پۆلیسه‌وه گه‌مارۆ درا و جگه له‌و که‌سانه‌ی له ڕێستورانه‌که دا کاریان ده‌کرد ڕێگا به هیچ که‌س نه‌درا له ئێمه نیزیک که‌وێته‌وه. له خه‌یابانه‌کانی مه‌راغه نێزیکه‌ی 10 ژنمان دین که وه‌ڕووسان ده‌چوون و نیزیکه‌ی 6 تا 8 ژنی ڕووس ئامال که له په‌نجه‌ره‌وه ته‌ماشای ئێمه‌یان ده‌کرد. له‌میاندواو گه‌یشتینه مه‌ڵبه‌ندی ژێر کۆنترۆڵی کورده‌کان؛ دوایین هێزه‌کانی عه‌سکه‌ری و ئاسایشیی ئازه‌ربایجان له باکووری چۆمێک دامه‌زرابوون که به قه‌راغ لێواره‌ی باکووری میاندواو دا ده‌خوشێ. له میاندواو بۆ خواردنه‌وه‌ی چایی بانگ کراین بۆ مه‌قه‌ڕی پێشمه‌رگه کورده‌کان و به‌و په‌ڕی ئه‌ده‌به‌وه میواندارییان لێ کردین.له ڕاستیدا له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له قه‌ڵه‌مڕۆی کورده‌کان دا بووین به ئه‌وپه‌ڕی ئه‌ده‌به‌وه له گه‌ڵمان ده‌جووڵانه‌وه و زۆر به گه‌رمه میواندارییان لێ ده‌کردین.ڕێگای خۆمان درێژه پێدا به‌ره‌و مه‌هاباد و پێش ئه‌وه‌ی 15 کیلۆمیتری بمێنێ بۆ مه‌هاباد گه‌یشتینه پردی جه‌خه‌توو و له‌وێ له لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی کورده‌وه که له مه‌هاباده‌وه هاتبوون پێشوازیمان لێ کرا.شاره‌داری مه‌هابادیش ده نێو ئه‌و هه‌یئه‌ته دا بوو [ دیاره مه‌به‌ست مامه غه‌نی خوسره‌وی یه.ح.ق.].ئه‌گه‌رچی جێگری کۆنسوول دووهێر و من پێشتر جه‌ختمان کردبووه‌وه که دیداره‌که‌مان ڕه‌سمی نییه به‌ڵام ژماره‌یه‌ک له کورده‌کان پێکێشیان ده‌کرد که بێن بۆ دیداری ئێمه.دیدار و قسه له‌گه‌ڵ ئه‌وان زۆر به‌دڵ بوو و ئه‌وه یه‌که‌م جار بوو ئه‌من له گه‌ڵ کورده‌کان قسه‌م ده‌کرد.به پێچه‌وانه‌ی ته‌جروبه‌ی خۆم له شوێنه‌کانی نا کوردی ئازه‌ربایجان که ده‌متوانی ڕووسی به کار بهێنم و به‌و زمانه قسه بکه‌م، له قه‌ڵه‌مڕۆی کورده‌کان دا تووشی که‌س نه‌هاتم ڕووسی بزانێ.هه‌ڵبه‌ت له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له کورده‌کانی (ئێران و عێراق) ناسیاویم په‌یدا کرد که ئینگلیسییان ده‌زانی یان هێندێک کوردی (خه‌ڵکی سوورییه) که فه‌رانسه‌یییان ده‌زانی.
کورده‌کانی مه‌هابادم زۆر ناسیۆنالیست هاته به‌رچاو.له‌وه‌ی که له ئێران دا وه‌ک که‌مایه‌تییه‌کی له‌بیرکراو هه‌لسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ گله‌یی و گازه‌نده‌یه‌کی زۆریان هه‌بوو.له خراپ جووڵانه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی مه‌ده‌نی و نیزامی ئێرانیش نارازی بوون و ڕه‌خنه‌یان له‌وه ده‌گرت که ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ده‌ست ده‌گێڕێته‌وه له ساز کردنی خوێندنگه و ده‌رمانگه‌ی گشتی له ناوچه‌که‌یان.ئه‌گه‌رچی ئه‌من له هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆ دا نه‌بووم که ڕاستی و ناراستی ئه‌و قسانه هه‌ڵسه‌نگێنم به‌ڵام له گله‌یی و گازنده‌ی ئه‌وان له وه‌زعی ڕێگاکان تێ ده‌گه‌یشتم؛ شاڕێیانی سه‌ره‌کی نێوان شاپوور و ڕه‌زائییه که له ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ڕه‌زائییه هه‌ڵکه‌وتووه و شاڕێگای نێوان میاندواو و مه‌هاباد به لای ڕۆژهه‌ڵات دا، هه‌تا بڵێی له وه‌ز‌عێکی خراپ و دڵتاوێن دا بوون.ئاکامی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی کورده‌کان له ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی به‌شێوه‌ی بره‌و په‌یدا کردنی بۆچوونێک خۆی ده‌رخستوه که ئه‌گه‌ر له‌و هه‌رێمه دا ته‌شکیلاتێکی ئیداری ته‌نێ کوردی دابمه‌زرێندرێ، هه‌لومه‌رج له‌مه خراپتر نابێ به‌ڵکوو ئه‌گه‌ری باشتر بوونیشی هه‌یه. کورده‌کان گه‌لێکی شایی به‌خۆ،سه‌رسه‌خت و عه‌شیره‌تین؛له جێبه‌جێکردن و ڕاپه‌ڕاندنی کاروباری عه‌شیره‌تیی خۆیان دا که‌م و کورتییان نییه به‌ڵام من به هیچجۆر دڵنیا نیم له بوارێکی به‌ربڵاوتریش دا بتوانن ئه‌و تواناییه له خۆیانه‌وه نیشان بده‌ن.ئه‌و کوردانه‌ی من چاوم پێیان که‌وت سه‌باره‌ت به ئه‌و ته‌شکیلاته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که بتوانێ داوخوازییه‌کانی ئه‌وان پێک بهێنێ هاو ڕا نه‌بوون. ده‌سته‌یه‌ک له‌وان خوازیاری جۆره‌یه‌ک خودموختاری ده چوارچێوه‌ی ئێران دا بوون و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌شیان لایه‌نگری جوێبوونه‌وه‌ی ته‌واو له ئێران و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کورد بوون به تێکه‌ڵبوون و یه‌کایه‌تی له گه‌ڵ کورده‌کانی دراوسێ (له عێراق،ترکییه و سوورییه). بۆچونی من ئه‌وه‌یه که ئه‌وان بۆ گه‌یشتن به جۆره‌یه‌ک ئازادی پێداگری ده‌که‌ن،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه ته‌نێ له ڕێگای ده‌ست بردن بۆ چه‌ک مه‌یسه‌ر بێ. به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌ی ناکوردی له ماوه‌ی دیداری ئێمه له ڕه‌زائییه و مه‌هاباد، به ده‌ستمان گه‌یشت، کورده‌کانی باکووری ئێران که زۆربه‌یان سه‌ر به ڕێڕه‌وی سوننی ن نیزیکه‌ی 6000 پێشمه‌رگه‌ی دایمییان هه‌بوو.ژماره‌ی چه‌کداری نائاسایی زۆر دژواره بزاندرێ به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی گشت کورده‌کان له ته‌مه‌نی دوازده‌ساڵان به سه‌ره‌وه تفه‌نگچی کارامه‌ن و ته‌نانه‌ت ژنانیش کاتی لێده و بخۆ شان به شانی پیاوه‌کانیان شه‌ڕ ده‌که‌ن، ئه‌و ژماره‌یه ده‌بێ یه‌کجار زۆر بێ.
په‌یوه‌ستی چواره‌م بۆ ڕاپۆرتی به‌رواری 15ی ژانڤییه‌ی 1947 / 25ی به‌فرانباری 1325 هه‌تاوی
به ناوی : ئاڵوگۆڕی سیاسی له نێو کورده‌کانی ئازه‌ربایجان له ساڵی 1946/1325
سەفەری کاربەدەستی کۆنسوولیی سەفارەتی [ئەمەریکا لە تاران] ئاگنوس وارد(Agnus Ward) وجێگری کۆنسوول دووهێر بۆ مەهاباد.
ڕاپۆرتی جێگری کۆنسوول جێڕالد.ف.پ.دووهێر
دوای سه‌فه‌رێکی بێ ڕووداو له ئازه‌ربایجان و کوردستانی باکووری [ مه‌به‌ست باکووری کوردستانی ئێرانه.وه‌رگێڕ] له گه‌ڵ ره‌ئیسی ئیداره‌ی ته‌بلیغاتی کورد [ مه‌به‌ست له سه‌دیقی حه‌یده‌ری فاروقی یه- وه‌رگێڕ] که له لایه‌ن قازیی محه‌مه‌ده‌وه وه‌ک "گاردی فه‌خری" ئێمه دیاری کرابوو،نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 16ی ژووییه/ 25ی پووشپه‌ڕ گه‌یشتینه مه‌هاباد، پێته‌ختی کۆماری کوردستان. شاره‌داری مه‌هاباد [ مه‌به‌سته غه‌نی خوسره‌وی یه - وه‌رگێڕ] و ژماره‌یه‌ک له سه‌رکرده‌کانی کۆمار تا دێیه‌ک که له باکووری مه‌هاباد هه‌ڵکه‌وتووه به‌ره‌و پیلمان هاتن و تا مه‌هاباد له‌گه‌ڵمان بوون. به‌و په‌ڕی گه‌رمییه‌وه میواندارییان لێ کردین و کورده‌کان وه‌ک ئێمه داوامان کرد بوو ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵی خۆیان دا که سه‌رلێدانه‌که‌ی ئێمه له چوارچێوه‌ی ناڕه‌سمی دا بمێنێته‌وه.
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌ی گه‌یشتینه جێ، ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌رۆکه کورده‌کان، که زۆر خۆشحاڵ بوون له یه‌که‌م دیداری کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکایی له مه‌هاباد، له خانووبه‌ره‌یه‌ک دا که بۆ ئێمه ته‌رخان کرابوو هاتنه دیده‌نیمان و داب‌و شوێنی ئه‌ده‌ب و به‌خێرهێنانیان به‌جێ هێنا. شاره‌داری مه‌هاباد [ غه‌نی خوسره‌وی]، ره‌ئیسی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی [ حاجی بابه شێخی سیاده‌ت- وه‌رگێڕ] و ئه‌ندامانی کابینه له زومره‌ی ئه‌وانه دا بوون که هاتن بۆ دیتنی ئێمه.
ئه‌و که‌سانه‌ی هاتنه سه‌ر دانمان، به مه‌یل و ویسته‌وه ته‌نێ به‌وشه‌رته‌ی ئه‌وانه به ته‌واوی به نهێنی بمێننه‌وه، سه‌باره‌ت به وه‌زعییه‌تی سیاسی کوردستان، داوخوازی کورده‌کان و به‌رنامه‌ی کورت خایه‌ن و درێژخایه‌نی کۆمار قسه‌یان بۆ کردین. ئه‌وان جه‌ختیان ده‌کرده‌وه که نایانه‌وێ به‌شێک بن له ئازه‌ربایجانی دێمۆکڕات، به‌ڵکوو ده‌یانه‌وێ به‌هه‌بوونی خودموختاری فه‌رهه‌نگی و ئیداری به‌شێک بن له ده‌وڵه‌تی ئێران.چه‌ند که‌سێک گوتیان که دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کورد که سێ میلیۆن کوردی ترکییه، سێ میلیۆن کوردی ئێران، نیو میلیۆن کوردی سوورییه، یه‌ک میلیۆن و نیو کوردی عێڕاق و چاره‌که میلیۆنێک کوردی یه‌کێتی شووڕه‌وی وه‌به‌ر بگرێ، ئامانجی درێژخایه‌نی سیاسه‌تی کورده‌کان پێک ده‌هێنێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای خواردنی شێو، هه‌ر ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه سه‌رۆکی ئیداره‌ی بارهێنانی گشتی کۆمار [ ده‌بێ مه‌به‌ست له مه‌نافی که‌ریمی بێ - وه‌رگێڕ] که پێشتریش سه‌باره‌ت به کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ته‌ورێز هه‌ڵویستی زۆر دۆستانه‌ی گرتبوو، ڕای گه‌یاند هه‌ڵگرانی بیروڕای ئه‌وتۆ بریتین له تاکوته‌رای توندئاژۆی کورد ده‌نا قازیی محه‌مه‌د و لایه‌نگرانی ئاماده‌ن ئه‌و ئیمتیازه لانی که‌مانه‌ی خواره‌وه له ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی قه‌بووڵ بکه‌ن.
1. دامه‌زراندنی ئه‌ستانێکی کورد له چوارچیوه‌ی ئێران دا که ناوچه‌کانی کرماشان،هه‌مه‌دان،ئه‌رده‌ڵان و لوڕستان و له ئازه‌ربایجانیش گشت به‌شه‌کانی ڕۆژئاوا و باشووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ، له‌وانه شاره‌کانی خوێ، ماکۆ، شاپوور، ڕه‌زائییه و میاندواو وه‌به‌ر بگرێ.ئه‌و ئه‌یاله‌ته ده‌بێ له لایه‌ن ئه‌ستاندارێکی کورده‌وه که له لایه‌ن تارانه‌وه دیاریی ده‌کرێ، ئیداره بکرێ و ده‌بێ مه‌جلیسێکی ئه‌یاله‌تیشی هه‌بێ که له وێ هه‌ڵببژێردرێ.
2. خودموختاری فه‌رهه‌نگی،زیاتر به‌ومانایه‌ی که تا پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی ده‌رس گوتنه‌وه به زمانی کوردی بێ.
3. ئه‌ڕته‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بخر‌ێته سه‌ر ئه‌ڕته‌شی نێوه‌ندی و هه‌ر وه‌ک ئێستا له ژێر فه‌رمانی ئه‌فسه‌ره کوره‌کان – هه‌ر وه‌ها فه‌رمانده‌ری ئه‌ڕته‌ش له ئه‌ستان – دا بێ. ئه‌و کاره نابێته هۆی پێش‌گرتن له‌وه‌ی که ئه‌فسه‌رانی پایه به‌رزی ئێرانی له بواری تێکنیکی دا نه‌توانن وه‌کوو ڕاوێژکار له‌و له‌شکره کورده دا خزمه‌ت بکه‌ن.
هه‌ر هه‌مان سه‌رچاوه [ مه‌به‌ست مه‌نافی که‌ریمی یه - وه‌رگێڕ) پێی ڕاگه‌یاندین ئاسۆرییه‌کانی کوردستان و ده‌سته هه‌رمه‌نی و جووله‌که‌کانی هه‌رێمیش به هه‌موو هێزی خۆیانه‌وه پشتیوانی ده‌که‌ن له حکوومه‌تی مه‌هاباد.ئه‌و شتانه‌ی به‌ڕێزی کۆنسوول وارد له‌ماوه‌ی سه‌فه‌ریدا بۆ ڕه‌زائییه له حه‌وتووی ڕابردووه بیستبووی و ئه‌و قسانه‌ی ڕێبه‌رانی ئاشۆری له ڕابردوو دا بۆمنیان باس کرد، ئه‌و ئیدعایه‌ی کورده‌کان پشتڕاست ده‌کاته‌وه که ئاسۆرییه‌کان پشتیوانی‌یان لێ ده‌که‌ن.
له مه‌هاباد هه‌موو نیشانه‌کانی ده‌مان دی ئه‌وه‌ی ده‌رده‌بڕی که قازیی محه‌مه‌د و بزووتنه‌وه‌که‌ی نفووز و خۆشه‌ویستییه‌کی زۆریان هه‌یه له گشت کوردستان دا. گشت ئه‌و سه‌رکردانه‌ش که ئێمه قسه‌مان له گه‌ڵ کردن- سه‌رۆکی ناوچه‌ی سنه،بۆکان و سه‌رده‌شت –قازی یان وه‌ک ڕیبه‌ری سیاسی خۆیان قه‌بووڵ بوو. خه‌ڵکی مه‌هابادیش وه‌ک لایه‌نگرانی به گوڕی ئه‌و بزووتنه‌وه تازه‌یه هاتنه به‌رچاوی ئێمه.
ڕێگایان پێداین سه‌ر له هه‌موو شوێنێکی مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری بده‌ین.هێچ نیشانه‌یه‌کمان له کاردانه‌وه‌ی شووڕه‌وی به سه‌ر ئه‌و شاره دا چاو پێ نه‌که‌وت، له کاتێک دا ته‌ورێز و شاره‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان پڕن له هه‌ڵسووڕاوانی پۆلیسی نهێنی شوڕه‌وی NKVD، له مه‌هاباد یه‌کێکیشیان نه‌بیندرا. به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی بارهێنانی گشتی مه‌هاباد [ مه‌به‌ست مه‌نافی که‌ریمی یه] ڕایگه‌یاند له به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رانی کورد ئاماده نین له گه‌ڵ حکوومه‌تێک که وه‌کوو حکوومه‌تی ئێستای ئازه‌ربایجان که به تێڕۆر و تۆقاندنی شووڕه‌وی خۆی دا سه‌پاندووه، ده‌ر ببه‌ن، دژبه‌ری سه‌رسه‌ختی یه‌کگرتنه‌وه له گه‌ڵ ئازه‌ربایجانن.
ئه‌و شتانه‌ی له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان له چوون بۆ مه‌هاباد دیتمان. ئه‌و ڕاستییه‌ی داده‌گرته‌وه که کورده‌کان ده‌ست له‌و قه‌ڵمڕۆیه وه‌رده‌ده‌ن که حکوومه‌تی ته‌ورێز به ئی خۆی ده‌زانێ. له شاری میاندواو جگه له سه‌ربازخانه‌یه‌ک که له باکووری ئه‌و شاره دا له به‌ر ده‌ست هێزه‌کانی ئازه‌ربایجان دا بوو، شاره‌که به‌ته‌واوی له ژێر کۆنتڕۆلی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد دا بوو.
سه‌رانی کورد ڕایانگه‌یاند نایانه‌وێ له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی تووشی شه‌ڕ و هه‌را بن،مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هێرشیان بۆ بکرێ. ئه‌وه‌شیان ده‌درکاند تانک یان تۆپخانه‌ی قورسیان نییه به‌ڵام ده‌یان گوت ئه‌گه‌ر پێویستی به شه‌ڕێکی خۆ پاراستن بکا ده‌توانن ده‌یان هه‌زار چه‌کدار ڕێک بخه‌ن. کاتێک سه‌ری شاریمان دا، ڕێژه‌یه‌کی چه‌ند سه‌د پێشمه‌رگه‌مان بینی که به ڕواڵه‌ت له تێکهه‌ڵچوونه‌کانی ده‌ورو به‌ری سه‌قزدا به‌شدارییان کرد بوو.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شی هه‌ره زۆری هێزی چه‌کداری کورد له هێزی نائاسایی و نه‌ریتی پێك دێ، واته هه‌رکه‌سی که بتوانێ چه‌ک هه‌ڵگرێ.
ئه‌و دیداره ئه‌و باوه‌ره‌ی تێدا پێک هێناین کورده‌کان سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نیزیکتر له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هێندێک هیوادارییان هه‌یه.بۆ نیشاندانی هه‌ڵوێستی دۆستانه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به ئه‌مه‌ریکاییه‌کان هیچیان تێدا نه‌هێشته‌وه و داوایان له ئێمه کرد له زمان ئه‌وانه‌وه به هه‌ر ئه‌مه‌ریکاییه‌کی که بییه‌وێ سه‌ری کوردستان بدا، بڵێین هه‌میشه به‌ڕێزه‌وه وه‌ری ده‌گرن و پێ و قه‌ده‌می به‌خێر بێ.
No comments:
Post a Comment